بڕیارى زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغلو، تورکیا بەرەو کوێ دەبات؟
موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و سیاسهتی گشتی-زانكۆی سهڵاحهددین
پێشەکی
تورکیا دواى ڕووخانی دەوڵەتى عوسمانی، کاری لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی کرد و هەرچەندە نەیتوانی بگاتە ئەو ئاستەى کە لە سیستەمە دیموکراسییەکانی ڕۆژاوادا هەیە، بەڵام تا ڕاددەیەکی باش بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە، توانیی نموونەیەکی باش پێشکەش بکات و چەندان هەنگاو لە ڕووی بەرپاکردنی بنەماکانی دیموکراسیدا نایەوە و کەوتە پێش وڵاتانی ناوچەکە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا ژیانی سیاسی لە تورکیا دوور نەبووە لە ناسەقامگیریی سیاسی، بەتایبەت لە ساڵانى شەستەکان و هەشتاندا کە تێیدا دوو کودەتای سەربازی ئەنجام درا. هەر بۆیە ئەگەر چاوێک بە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سیاسیی تورکیادا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم وڵاتە لە ڕووی سیاسییەوە گونجاوە بۆ گۆڕانکاریی لەناکاو و نادیموکراسی. بەتایبەت لە پاش ساڵى ٢٠٠٢ کە حزبی داد و گەشەپێدان لە تورکیا گەیشتە دەسەڵات، ئاماژەکانی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ژیانی سیاسیی تورکیادا دەستى پێ کرد، چونکە لە ساڵى ٢٠١٧ ئاک پارتى بە سەرۆکایەتیی “ڕەجەب تەییب ئەردۆغان”، توانیی دەستووری وڵات هەموار بکات و سیسەمی سیاسیی تورکیا لە “پەرلەمانی”یەوە بۆ “سەرۆکایەتى” بگۆڕێت.
هەندێک پێیان وایە کە ئەم گۆڕانکارییە لە سیستەمی سیاسیی توركیادا سەرەتایەک بووە بۆ دیزاینکردنى سیستەمی سیاسیی وڵاتێک بۆ سەرکردەیەکی دیاریکراو؛ بۆیە دەتوانین بڵێین وەرچەرخانی سەرەکی و بنەڕەتی لە ژیانی سیاسیی تورکیا لە دواى ٢٠١٧وە دەستی پێ کرد و ئێستایش گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار. لەم چوارچێوەیەدا سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ “ئەکرەم ئیمامئۆغلو” لە ١٩ى ئازاری ٢٠٢٥ لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا و دواتر لە ٢٣ی هەمان مانگ بڕیاری زیندانیكردنی لەلایەن دادگهوە بۆ دەركرا. بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەم ڕووداوە خاڵێکی گرنگ بێت لە ژیانی سیاسیی تورکیا و، چاوەڕوان دەکرێت گەورە حزبى ئۆپۆزیسیۆن (حزبى کۆماریی گەل – جەهەپە) لە دژی دەسەڵاتى ئێستای تورکیا و ئەردۆغان، درێژە بە جووڵاندنی شەقام بدات. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا لەگەڵ گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان دەبێ بۆ سەر ژیانی سیاسی لە تورکیا.
لە بابەتی ئەم جارەمان هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی گشتى تیشك بخەینە سەر کاریگەریى ئەم ڕووداوانەى دوایی لەسەر ژیانی سیاسیی تورکیا.
ئایا ئۆپۆزیسیۆن ئەوەندە بەهێزە، ئاک پارتیى نیگەران کردووە؟
ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا، لە ساڵى ٢٠٠٢وە لە دەسەڵاتە و بە درێژاییی ئەم ماوەیە سەرۆکی حكوومەتی كابینە یەك لە دوا یەكەكانی ئاك پارتی بووە و، ئێستایش لە ساڵی 2014وە لە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بەردەوامە. بەم هۆیەوە ئەزموونێکی باشی هەیە لە پرۆسەکانی هەڵبژاردن و چۆنێتیی شکستهێنان بە نەیار و ڕکابەرەکانی؛ تا دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیى کۆماریش توانیی بەرەى دژی بە شێوەیەک تێک بدات کە نەتوانرێ شکستى پێ بهێنرێت و لەم چوارچێوەیەدا “ئەردۆغان” سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی ژینگەیەک کە تیایدا دیاریکردنى کەسایەتییەکی لاوازى وەکوو “کەمال کلیچدارئۆغلو”ی سەرۆکی پێشووى جەهەپە وەک ڕکابەرى خۆی مسۆگەر کرد، چونکە کلیچدارئۆغلو تا ئەو کاتە لە ٩ هەڵبژاردنی گشتی و شارەوانی و سەرۆکایەتیى کۆمار و ڕیفراندۆم بەرامبەر ئەردۆغان شکستى هێنابوو و نەیتوانیبوو سەر کەوێت. هەر لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیى کۆمارى ساڵى ٢٠٢٣ ئەردۆغان توانیی سەر بکەوێ و شکست بە کلیچدارئۆغلو بهێنێت، چونکە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیى ساڵى ٢٠٢٣، پێشبینى دەکرا ئەگەر لە جیاتی کلیچدارئۆغلو، ئەکرەم ئیمامئۆغلو کاندید بکرابایە، ئەوە بە ئەگەرێکی زۆر، شکستى بە “ئەردۆغان” دەهێنا.
کلیچدارئۆغلو دواى ئەم هەموو شکستە، بەتایبەت پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیى کۆماری و پەرلەمانی تورکیا کە لە ١٤ى مایسی ٢٠٢٣ ئەنجام درا و بە شکستى کلیچدارئۆغلو کۆتایی هات، دواجار جەهەپە بڕیاری ئەنجامدانی کۆنگرەى دا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵى ٢٠٢٣. لە ئەنجامی کۆنگرەکەیش کلیچدارئۆغلو لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی حزبەكەی دۆڕاندی و بەرامبەر “ئۆزگور ئۆزەل” شکستی هێنا. هەر دوای ئەم ڕووداوانە “جەهەپە” لە هەڵبژاردنەكانی شارەوانییەکانی ٣١ى ئازارى ٢٠٢٤ توانیی لەسەر ئاستى تورکیا حزبەکە بگەیهنیتە پلەی یەکەم.
بێ گومان لە چوارچێوەی ئەم پێشهاتانە نیشاندەرێکی بەرچاو بەدی دەكرا، ئەویش بریتی بوو لەوەی جەهەپە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ڕێژەى دەنگەکانی زیادی دەکرد؛ هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئۆپۆزیسیۆن لە دوای نزیکەى بیست و سێ ساڵ توانیی جێگرەوە (بەدیل)ی ئەردۆغان بدۆزێتەوە. ئەم جێگرهوهیه تەنیا یەک ناو نییە بەڵکوو دوو ناوی گرنگە لەسەر ئاستى تورکیا: یەکەمیان، “ئەکرەم ئیمامئۆغلو”ى سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵە. ئەکرەم ئیمامئۆغلو سەرەڕاى گوشارەکانی دەسەڵات و ئاک پارتى لە هەڵبژاردنەکانی مایسی ٢٠٢٤ توانیی بۆ جاری دووەم، سەرۆکایەتیى شارەوانیی ئیستەنبووڵ بەدەست بهێنێت. جگە لەمە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی ٣١ى ئازارى ساڵى ٢٠١٩ کە تێیدا ئیمامئۆغلو سەرکەوتنی بەدەست هێنابوو، لەلایەن دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکانەوە هەڵوەشایەوە و، ئەوكات بڕیار درا كە هەڵبژاردنەکانی شارى ئیستەنبووڵ لە ٢٣ى حوزهیرانی ساڵى ٢٠١٩ دووباره بکرێتەوە؛ بەڵام سەرەڕاى دووبارەکردنهوهی هەڵبژاردنەکە ئیمامئۆغلو کە کاندیدی جەهەپە بوو، توانیی ڕێژەى (٥٤.٢٢%) و کاندیدی ئاک پارتى، بن عەلى یلدرم، (٤٥%)ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
بەم شێوەیە پەیامی خەڵکی ئیستەنبووڵ زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو، کەوا ئەوان لەمەودوا ئاک پارتییان ناوێ بۆ سەرۆکایەتیى شارەوانیی ئیستەنبووڵ. بەم پێیه ئیمامئۆغلو توانیی لە سێ هەڵبژاردنی شارەوانیدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بۆ یەکەم جار لە تورکیا لە دواى ساڵى ٢٠٠٢، شکست بە ئەردۆغان و حزبەکەى بهێنێت.
سەرکەوتنەکانی “ئیمامئۆغلو” ڕۆژ لە دوای ڕۆژ “ئەردۆغان” و ئاک پارتى و هاوپەیمانەکانی نیگەران کرد، چونکە کۆنترۆڵکردنى شارەوانیی ئیستەنبووڵ زۆر گرنگە و وەکوو بەڕێوەبردنى تورکیایەکی بچووک وایە. جگە لەمە با ئەوەیشمان لەبەرچاو بێت کەوا سەرۆکایەتیى شارەوانیی ئیستەنبووڵ لە مێژووى سیاسیی ئەردۆغاندا شوێن و پێگەیەکی مەعنەوی لەخۆ دەگرێت.
بەرامبەر ئەمە، ناوێکی دیکە هەیە کە وەکوو بەدیلی ئەردۆغان سەیر دەکرێت، ئەویش سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئەنقەرە “مەنسوور یەڤاش”ە . سەرەڕاى ئەوەى ئیمامئۆغلو بەراورد بە “یەڤاش” خاوەن پێگەیەکی جەماوەریی فراوانترە، بەتایبەت لەسەر ئاستى دەنگدەرى کورد، بەڵام ئەگەر ئیمامئۆغلو ڕێگریی لێ بکرێت خۆى کاندید بکات بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیى کۆمار لە تورکیا، ئەوە باشترین بژاردە “یەڤاش”ە. بۆیە بژاردەى یەڤاش تا ئێستایش هەر بەکراوەیی ماوەتەوە، چونکە ئەویش وەکوو ئیمامئۆغلو توانیی لە ئەنقەرە بەرامبەر بە کاندیدەکەی ئاک پارتى و ئەردۆغان دوو جار سەرکەوتن بەدەست بهێنێت؛ بەتایبەت لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ى ئازارى ساڵى ٢٠٢٤، یەڤاش توانیی (٦٠.٤٤%) و کاندیدی ئاک پارتى تورگوت ئالتنوگ (٣١.٦٨%)ى کۆی گشتیی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
ئەم ئەنجامە ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە ئاک پارتى لە ساڵى ٢٠٠٢وە بەم شێوەیە ڕووبەڕووی شکست نەبۆتەوە؛ لەبەر ئەم هۆکارهیە، دەکرێ بڵێین “یەڤاش” لە هەر کات و ساتێکدا یەکێکە لە جێگرهوه بەهێزەکانی ئەردۆغان.
ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا دواى ماوەیەکی دوورودرێژ توانیی لانی کەم دوو کەسایەتى ئامادە بکات بۆ ئەوەى یەكێكیان ببێتە جێگرهوهی ئەردۆغان، چونکە لە دوایین هەڵبژاردنەکانی شارەوانی کە لە ٣١ى ئازارى ساڵى ٢٠٢٤ ئەنجام درا، دواى نزیکەى بیست و سێ ساڵ جەهەپە توانیی لەسەر ئاستى تورکیا زۆرترین ڕێژەى دەنگ، کە بریتی بوو لە ڕێژەى (٣٧.٧٧%) کۆی گشتیى دەنگەکان، بەدەست بهێنێت و ببێتە حزبی یەکەمی تورکیا و ئاک پارتى بە ڕێژەى (٣٥.٤٩%)ى کۆی گشتیى دەنگەکان بووە حزبی دووەم لەسەر ئاستى هەڵبژاردنەکانی شارەوانیدا. بۆیە قۆناغی ئێستا بۆ ئۆپۆزیسیۆن بریتی دەبێت لە قۆناغی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى سەرۆککۆمارى تورکیا (ئەردۆغان).
لەبەر ئەم هۆکارەیە دەبینین کەوا ئۆپۆزیسیۆن سەرجەم تواناکانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەى یەکێک لە کاندیدەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیى کۆمار ئامادە بکات کە بڕیارە لە ساڵى ٢٠٢٨دا ئەنجام بدرێت ئەگەر بڕیارى هەڵبژاردنى پێشوەختە نەدرێت. ڕاستە ئێستا ئێمە لە ساڵى ٢٠٢٥ین بەڵام ئۆپۆزیسیۆن گوشار دەکات بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى پێشوەختە لانی کەم پێش ساڵى ٢٠٢٦ ئەنجام بدرێت، واتا پێش نزیکەى دوو ساڵ لە وادەى یاساییی ئەنجامدانی هەڵبژاردن؛ چونکە نایەوێ پێش ماوەیەکی کورت لە وادەى یاساییی خۆیدا ئاک پارتى بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات بۆ ئەوەى دەرفەتی خۆکاندیدکردنی ئەردۆغان هەڵکەوێت.
لەژێر ڕۆشناییی ئەم پێشهاتانەى سەرەوە ئەردۆغان بەڕاستى هەستى بەوە کرد کە ڕێژەى دەنگەکانی لەسەر ئاستی تورکیا کەمی کردووە و جگە لەمەیش دوو ڕکابەرى بەهێز بەرامبەرى دەرکەوتوون، بۆیە ناچار هەوڵ دەدات و کار بۆ ئەوە دەکات کە گەرەنتیى سەرکەوتنى خۆی و حزبەکەى لە هەڵبژاردنەکانی ساڵى ٢٠٢٨ بکات. بۆ ئەم مەبەستەیش دەتوانین بڵێین کە ئەردۆغان لە لایەک هەوڵ دەدات ئۆپۆزیسیۆن لاواز بکات و لە لایەکی دیکە کار بۆ گەرەنتیکردنی سەرکەوتنى خۆی و حزبەکەى دەکات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بە بەکارهێنانی سەرجەم ئامرازە دیموکراسی و نادیموکراسییەکان. لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین كەوا ئۆپۆزیسیۆن بەهێز بووە و جگە لەمەیش ئێستا زیاتر لە ناوێك وەكوو جێگرهوهی ئەردۆغان بەدەر كەوتووە.
هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی پێشهاتەکانی تورکیا
تورکیا سەرەڕاى ئەوەى وڵاتیکی گرنگە لە ناوچەکەدا بەڵام ناتوانێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان هیچ هەنگاوێک بنێت؛ بەتایبەت لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەر پێشهات و ڕووداوێک ڕوو بدات، ئەوە ڕاستەوخۆ کاریگەریى دهكاته سەر تورکیا؛ جگە لەمە لەسەر ئاستە ناوخۆیییەکە بەهۆی ناسەقامگیریی ئەمنی و ئابووری و سیاسییەوە بەردەوام ئەم وڵاتە بەدەست کێشە و گرفتە ناوخۆیییەکانەوە دەناڵێنێت.
بۆیە بە شێوەیەکی گشتى، دەکرێ هۆکارە دەرەکییەكان (هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان) و ناوخۆیییەكان کە بوونەتە هۆى دروستبوونى ئەو تابلۆیەى ئێستا لە تورکیا هەیە، بەم شێوەى خوارەوە بخەینە ڕوو:
أ. هۆکارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان
یەکەم: ڕووداوەکانی (٧)ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠٢٣ کە لەلایەن حەماسەوە لە دژی ئیسرائیل ئەنجام درا، خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ ناوچەکە، چونکە دواى ئەم ڕووداوە ئیسرائیل ستراتیژییەتى ڕووبەڕووبوونەوەى خۆی لە ناوچەکەدا گۆڕى و گرنگترین گۆڕانکارییش بریتی بوو لە پێداگریی تەلئەبیب بۆ لاوازکردنى پێگەى ئێران و کەمکردنى دهستڕۆیشتوویی (نفووز)ی لە ناوچەکە، بەتایبەت هێزە پرۆکسییەکانی نزیک تاران کرانە ئامانجی سەرەکیی ئێسرائیل و هەر یەک لە سەرکردەکانی پلە یەکی حەماس و حزبولڵا کرانە ئامانجی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل. لە ئەنجامی ئەم پێشهاتانە گۆڕانکارییەكی سەرەکی لە سووریا ڕووی دا کە لە ماوەى یازدە ڕۆژدا ڕژێمی بەعس لە سووریا ڕووخا.
ڕووداوەکانی سووریا لەلایەن بەرپرسانی تورکیا وەکوو سەرکەوتنێک لە بەرژەوەندیی ئەنقەرە وێنا کرایەوە، چونکە گرووپە چەکدارەکانی نزیک ئەنقەرە توانییان بگەنە دەسەڵات. ئەردۆغان و ئاک پارتى هەوڵیان دا ئەمە بکەنە دەستکەوتێک بۆ سیاسەتەکانی حکوومەتەکەی خۆیان، چونکە بابەتى پەنابەرانی سووریا لە تورکیا و بەگشتى سیاسەتى تورکیا بەرامبەر بە سووریا لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی تورکییەوە ڕەخنەى توندی لێ دەگیرا. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم ڕەخنانە ئاک پارتى ویستى ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سووری وەکوو وەڵامێک بۆ ئەم ڕەخنانە بەکار بهێنێت.
لە ئەنجامی ئەم خاڵەدا دەتوانین ئەوە بڵێین كه، پێشهاتەکانی دواى ٧ی ئۆکتۆبەر سەد لە سەد لە بەرژەوەندیی تورکیا نییە و تەنانەت ئەوە خەریکە لە سووریاش تورکیا کێشەى بۆ دروست دەبێت لەگەڵ ئیسرائیل؛ بەڵام ئەردۆغان و ئاک پارتى توانییان تا ئاستیکی باش ئەم ڕووداوانە وەکوو دەرفەتێک بخەنە ڕوو و ڕاى گشتیى تورکیا بەوە ڕازی بکەن کەوا ئەنقەرە سوودمەندی سەرەکییە لە سووریای دواى ئەسەد و، ڕووداوەکان لەم وڵاتەدا لە بەرژەوەندیی تورکیایە.
دووەم: هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتى لە ئەمریکا ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە بۆ سەر تورکیا. سەرەڕای ئەوەى ئەمریکا لەسەر ئاستی دامەزراوە فەرمییەکانەوە بەهێزە و ستراتیژیی درێژخایەنیان هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵوێست و تێڕوانینی سەرۆکی هەڵبژێردراو بەرامبەر بە تورکیا، ڕۆڵى سەرەکیی هەیە لە دیاریکردنى جۆر و شێوازى پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن. لەم چوارچێوەیەدا پاش ئەوەى “دۆناڵد ترەمپ” وەکوو سەرۆکی نوێی ئەمریکا هەڵبژێردرا، لە ڕێکەوتی (١٦)ى ئازارى ساڵى ٢٠٢٥ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان ترەمپ و ئەردۆغان ئەنجام درا؛ ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە زۆر گرنگ بوو چونکە بەپێی لێدوانە فەرمییەکان جەخت لەسەر ئەم خاڵانەى خوارەوە کرایهوە:
١. لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بابەتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان باس کراون.
٢. ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەى بە هاوکاریی نێوان دوو هاوپەیمان (تورکیا و ئەمریکا) کردووە و، ڕای گەیاندووە کە بڕواى بە درێژەدان بە پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو لا هەیە. ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت کەوا ئەردۆغان بەڵێنی ئەوەى داوەتە ترەمپ، کە ئەنقەرە و واشنتۆن وەکوو دوو وڵاتی هاوپەیمان دەمێننهوه و ئامادەییی ئەنقەرەى بۆ پەرەپێدان بەم پەیوەندییە نیشان داوە.
٣. خاڵێکی گرنگی دیکە کە لە پەیوەندییەکەدا باس کراوە بریتییە لەوەى کە ئەردۆغان بە ترەمپی ڕاگەیاندووە کەوا ئەنقەرە بەتەواوەتی پاڵپشتى لە هەڵوێستى ترەمپ دەکات دەربارەى کۆتاییهێنان بە جهنگى نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا. ئەمەیش خاڵێکی گرنگە بۆ سەرخستنى هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جهنگى نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا.
٤. دەربارەى سووریا، ئەردۆغان داواى لە ترەمپ کردووە یارمەتیی بدات بۆ ئەوەى بارودۆخەکە لە سووریا ئاسایی بێتەوە و دەسەڵاتی نوێی دیمەشق بتوانێ بەتەواوەتی کار و چالاکییەکانی خۆی ئەنجام بدات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لەم وڵاتەدا بە مەبەستى ئەوەى ژینگەیەگی لەبار بڕەخسێت بۆ گەڕانەوەى پەنابەرە سوورییەکان بۆ وڵاتی خۆیان.
٥. دەربارەى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، ئەردۆغان داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر، بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەبەرچاو بگیرێت؛ هەروەها ئاماژە بە خاڵێکی گرنگی دیکە کراوە کە ئەویش بریتییە لە کۆتاییهێنان بە سزاکانی ئەمریکا، كە له چوارچێوەى یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمریکا لە ڕێی سزاوە “کاتسا” (Countering America’s Adversaries Through Sanctions Act, CAATSA) کە لە سەردەمی سەرۆکی پێشووى ئەمریکا “جۆ بایدن” بەسەر ئەنقەرە سەپێنراوە. بەپێی ئەم سزایە کە لە ڕێکەوتى ٦ی نیسانی ساڵى ٢٠٢١ بەسەر تورکیا سەپێنراوە بەهۆی کڕینی تورکیا بۆ سیستەمی S-400ى ڕووسی، لە ئەنجامیدا تورکیا لە پرۆگرامی فڕۆکەى F-35 دوور خرایەوە و، هەروەها ئەمریکا بڕیاری دا فڕۆکەى جۆرى F-16یش نەفرۆشێتە تورکیا. ئەم یاسایە لە ساڵى ٢٠١٧وە لە ئەمریکا لەلایەن گۆنگرێسەوە دەرچووە بەڵام ترەمپ لە سەردەمی سەرۆکایەتیی یەکەمیدا نەیهێشت تورکیا لە چوارچێوەى ئەم یاسایەدا سزا بدرێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەم بابەتەیش لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا چارەسەر بکرێت. بەڵام با ئەوەیش لەبەرچاو بگیرێت کەوا ترەمپ بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابێت بەبێ بەرامبەر هەنگاو بنێت. واتا ئەگەر ئەم سزایە لەسەر تورکیا لا ببات، ئەوە بێ گومان بەرامبەر ئەمە داواى شتی تر لە ئەنقەرە دەکات؛ سەرەڕاى ئەوەى چەندان جار ترەمپ سەرسامیی خۆی بە ئەردۆغان ڕاگەیاندووە.
ئەوەى جێگهی سەرنجە، دواى تێپەڕینى تەنیا دوو ڕۆژ بەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى نێوان ترەمپ و ئەردۆغان و لە ڕێکەوتى (١٨) ئازاردا زانکۆی ئیستەنبووڵ بڕوانامەى بەکالۆریۆسی “ئیمامئۆغلو”ى هەڵوەشاندهوه؛ ڕۆژێکیش دوای ئەو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ (ئیمامئۆغلو) دەستگیر کرا و پاش چوار ڕۆژى تریش لە ڕێکەوتى ٢٣ى ئازار بڕیاری دادگه دەرچوو دەربارەى بەندکردنى ناوبراو. ئەمەیش دیارە ئەردۆغان قەناعەتى ئەوەى بۆ دروست بووە کەوا “ترەمپ – ئەمریکا”، بەهۆی پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە، پێویستیی بە تورکیا و بەتایبەت ئەردۆغان هەیە لەم قۆناغەدا؛ بۆیە هەنگاوەکانی ڕێگریکردن لە ئیمامئۆغلوی نایەوە.
سێیەم: وڵاتانی ئەوروپا لە لایەک سەرقاڵى جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینان و لە لایەکی دیکە بەهۆی هەنگاوە ئابووری، بازرگانی، ئەمنى و تەنانەت سیاسییهكانی ترەمپهوه تووشی شۆک بوون، چونکە ترەمپ، بەتایبەت لە بابەتى جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا گوشارێکی زۆرى کردۆتە سەر وڵاتانی ئەوروپا و، چەندان جار ڕای گەیاندووە کەوا بارگرانیی داراییی جەنگەکە کەوتۆتە ئەستۆی ئەمریکا. بۆیە لە هەلومەرجێکی ئاوادا وڵاتانی ئەوروپا نایانەوێ تورکیا بکەوێتە بەرەى دژى ئەوروپا، چونکە تورکیا هەم بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و هەمیش لەبەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، توركیا خاوەن پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگە.
بەرامبەر ئەمە هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا هەر خۆیان ئەم جۆرە کێشانەیان هەیە دەربارەی شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن، بۆ نموونە لە ڕێکەوتى (٣١)ى ئازارى ساڵى 2025 دادگهیەکی فەڕەنسا قەدەغەى پێنج ساڵى خستە سەر خۆکاندیدکردنى سەرۆکی حزبی بەرەى نیشتمانی “مارین لو پین – Marine Le Pen” بۆ پۆستى سەرۆکایەتى لە فەڕەنسا کە بڕیارە لە ساڵى ٢٠٢٧ ئەنجام بدرێت. ئەو تۆمەتەى کە دراوەتە پاڵى، بریتییە لەوەى کە لە نێوان ساڵانى (٢٠٠٤-٢٠٠٧) ئەو پارەیەی کە لەلایەن یەکێتیى ئەوروپاوە تەرخان کراوە، لە شوێنی خۆی بەكاری نەهێناوە بەڵكوو بۆ بەرژەوەندیی حزبەکەى خۆی ئەم یارمەتییانەی بەكار هێناوە. ئەم ڕووداوەى فەڕەنسا زۆر نزیکە و هاوشێوەى کەیس و ڕووداوەکەى “ئیمامئۆغلو”یە، چونکە هەردووکیان لە ڕێگەى دادگهوە هەوڵ دراوە ڕێگرییان لێ بکرێت بۆ خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆمار لە هەردوو وڵاتدا. ئەم جۆرە ڕووداوانە بێ گومان هاندەرێکی باشە بۆ ئەردۆغان بۆ ئەوەى ئەویش وەکوو وڵاتێکی ئەوروپیی گرنگی وەکوو فەڕەنسا، ئەم جۆرە هەنگاوانە بنێت.
لە ئەنجامی ئەم خاڵەدا دەتوانین ئەوە بڵێین كه جگە لە سەرزەنشتێکی شەرمنانەى ئەوروپا کە لە ئەنجومەنى گشتیدا دانیشتنێکی تایبەت بە ناونیشانی “گوشارەکانی سەر دیموکراسی لە تورکیا و دەستگیرکردنى ئەکرەم ئیمامئۆغلو”ی ڕێک خست و تێیدا بەرپرسی فراوانبوون لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا “مارتا کۆس – Marta Kos” ڕای گەیاند، کەوا بە مەبەستى ناڕەزایەتیدەربڕین لەسەر دەستگیرکردنی ئیمامئۆغلو، بڕیاری داوە بەشدارى لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا نەکات و ئەو چاوپێکەوتنەى کە لەگەڵ “هاکان فیدان”، وەزیری دەرەوەى تورکیا هەیبوو، هەڵی وەشاندۆتەوە.
ب. هۆکارە ناوخۆیییەکان
لە لایەکی تر، دەتوانین گرنگترین هۆکارە ناوخۆیییەکانی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئێستای تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوە بخەینە ڕوو:
یەکەم: تورکیا پاش سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا و سەرهەڵدانی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و ناجێگیریی ئابووری لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی، ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی و ئابووری و بازرگانیی قووڵ بۆتەوە. ئەم قەیرانە ئابووری و دارایییەى ئێستاى تورکیا گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەمە کاریگەریى ڕاستەوخۆی کردۆتە سەر ئاستى ناوخۆی تورکیا. لەم چوارچێوەیەدا بەپێی ڕاپرسییەکی دەزگهی ئاسال بۆ توێژینەوە و ڕاوێژکاری (ASAL Araştırma ve Danışmanlık) کە لە ڕێکەوتی (١٥-٢٢)ى شوباتی ساڵى ٢٠٢٥ ئەنجامی داوە و تێیدا پرسیاری “گەورەترین کێشە لە تورکیا چییە؟” لە بەشداربووانی ڕاپرسییەکە کراوە، ئەنجامی ڕاپرسییەکە بریتی بوو لەوەى کە (٦١.٢%)ی بەشداربووان وەڵامی پرسیارەکەیان بەم شێوەیە داوەتهوه: “گەورەترین کێشە لە تورکیا، کێشەى ئابووری و گرانیی بژێۆى ژیانە.” ئەم جۆرە ڕاپرسییانە ئەوەمان بۆ دهردهخات کەوا قەیرانی ئابوورى لە تورکیا گەیشتۆتە ئاستێکی بێزارکەر و مەترسیدار و ڕاستەوخۆ کاریگەریى کردۆتە سەر هەڵوێستی تاکەکانی ناو کۆمەڵگه. بۆیە لە ئەنجامی ئەم خاڵەدا دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەیشتى بارودۆخی ئێستای تورکیا بەو ڕەوشەى کە تێیایە، بۆ کێشەى ئابوورى دەگەڕێتەوە، چونکە نیگەرانییەکی بەرچاو هەیە لەناو خەڵک دەربارەى کێشە ئابووری و دارایییەکانی و، جۆرە نادڵنیایییهك بەرامبەر بە دەسەڵاتى ئێستا لە بواری ئابووریی و دارایی سەرى هەڵداوە.
دووەم: بارودۆخی سیاسیی وڵات و پابەندنەبوون بە بنەماکانی دیموکراسی، خاڵێکی دیکەى ناوخۆیییە کە ناڕەزایەتییەکی زۆرى لێ کەوتۆتەوە. ئاراستەیەکی بەهێز و تا ڕاددەیەکیش کاریگەر بە پاڵپشتیى لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا سەرى هەڵداوە؛ تێیدا ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە وازى لە بنەماکانی دیموکراسی هێناوە و بەرەو حوکمڕانیی تاکەکەسی هەنگاوی ناوە. ئەمەیش واى کردووە ژینگەیەکی ناسەقامگیر دروست بێت و بۆتە هۆی ئەوەى متمانەى هاووڵاتی بە حکوومەت و سیستەمە سیاسییەکەى تورکیا لاواز بێت. لە ئەنجامی ئەم خاڵە دەتوانین بانگەشەى ئەوە بکەین کەوا لاوازیی متمانەى خەڵک بە دەسەڵات، بۆتە هۆکارى دروستبوونی جۆرە ناسەقامگیرییەکی سیاسی و ئابوورى و کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستى تورکیا. ئەمەیش خۆى لە خۆیدا یەکێک لەو هۆکارانهیه کە تورکیای گەیاندۆتەوە ڕۆژگارى ئێستا.
سێیەم: ژیانی سیاسی لە تورکیا لە ساڵى ٢٠٠٢وە کێشەیەکی سەرەکیی هەیە، ئەویش بریتییە لەوەى کە ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا و کاریگەرى نەبووە. واته لە ساڵى ٢٠٠٢وە تا هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانی ساڵى ٢٠٢٤، ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا و کاریگەر کە بتوانێ شوێنى حزبی دەسەڵاتدار بگرێتەوە، بوونی نەبووە، بەڵام لەم چەند ساڵەى ڕابردوودا قۆناغ بە قۆناغ ئاک پارتى ئەو پێگە جەماوەرییەى کە هەیبوو لەدەستی دا و، ئێستا بەراورد بە ساڵى ٢٠٠٢ لاواز بووە و تەنانەت گەیشتۆتە ئاستیک ناتوانێ بەبێ پاڵپشتیى مەهەپە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا گرنگترین پێشهات لە ژیانی سیاسیی تورکیا لە قۆناغی ئێستادا بریتییە لە سەرهەڵدانی چەند ناوێکی کاریگەر و گرنگ بۆ ئەوەى ڕکابەرایەتیى ئەردۆغان بکەن بە مەبەستى بەشداریکردن لە هەڵبژادرنى سەرۆکایەتیى کۆماری داهاتوو وەکوو بەربژێرێکی بەهێز. لە ئەنجامی ئەم خاڵەدا دەتوانین بانگەشەى ئەوە بکەین کەوا یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەردۆغان بریتییە لەوەى کەوا توانای ئەوەى هەبووە تا ئێستا، ڕێگری بکات لە دروستبوونی هاوپەیمانییەکى بەهێز لە دژی. بە دهستهواژهیهكی دیکە، ئەردۆغان جگە لەوەى کار دەکات هاوپەیمانیی بەهێز پێک بهێنێت بۆ ئەوەى وەک لایەنێکی بەهێز دەربکەوێت، لە لایەکی دیکەیش بەردەوام نەیهێشتووە هاوپەیمانییەتیی بەهێز لە دژی پێک بهێنرێت؛ بۆ نموونە ژینگەیەکی ئاواى ڕەخساند، كه پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیى کۆمار لە ١٤ى مایسی ٢٠٢٣ ئۆپۆزیسیۆنی ناچار کرد “کەمال کلیچدارئۆغلو” بەربژێر بکات کە زۆرینەى پێشبینییەکان لەگەڵ ئەوەدا بوون کلیچدارئۆغلو ناتوانێ سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
لەژێر ڕۆشناییی ئەم پێشهاتانە و لە ئەنجامی ئەم خاڵەوه، دەتوانین بانگەشەى ئەوە بکەین کەوا ئەوەى ئێستا لە تورکیا دەگوزەرێ بریتییە لە هەوڵەکانی لاوازکردنى ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیەکی گشتى و ڕێگریکردنە لە بەربژێرکردنی کەسایەتییەک كە بتوانێ ڕکابەرایەتیى ئەردۆغان بکات.
دواى بڕیارى بەندکردنى ئیمامئۆغلو، تورکیا بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟
دواى بڕیارى بەندکردنى ئیمامئۆغلو، لەسەر ئاستى تورکیا و بە سەرپەرشتیی جەهەپە لە چەندان شارى ئەم وڵاتە دەست کرا بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایەتى لە دژی ئەم هەنگاوەى حکوومەت و گەورەترین و فراوانترین خۆپیشاندان ڕۆژى شەممە ڕێکەوتی (٢٩)ى ئازاری ساڵى ٢٠٢٥ ئەنجام درا کە سەدان هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئیمامئۆغلو ڕاگەیاند. بەڵام پرسیارى سەرەکی لێرە ئەمەیە: “پاش بەندکردنی ئیمامئۆغلو، لە قۆناغەکانی داهاتوودا چی چاوەڕێی تورکیا دەکات؟” هەرچەندە وەڵامی ئەم پرسیارە سەختە بەڵام هەوڵ دەدەین لەژێر ڕۆشناییی پێشهاتە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییهكانهوه پێشبینیى قۆناغەکانی دوای بەندکردنی ئیمامئۆغلو بەم شێوەى خوارەوە بکەین:
یەکەم: جەهەپە دوای هەنگاوى حکوومەتى تورکیا سەبارەت بە دەستگیرکردن و دواتر دەرکردنی بڕیاری بەندکردنی ئیمامئۆغلو، وازی لە کاندیدکردنى ناوبراو بۆ پۆستى سەرۆکایەتیى کۆمار، کە بڕیارە لە ساڵى (٢٠٢٨) ئەنجام بدرێت، نەهێنا. هەر لەم چوارچێوەیەدا جەهەپە پێش دەستگیرکردنى ئیمامئۆغلو بڕیارى دیاریکردنى بەربژێری جەهەپە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا بۆ ساڵى ٢٠٢٨ى دابوو لە ڕێگەى هەڵبژاردنی پێشوەختە لەسەر ئاستى حزبیدا، بەڵام دوای دەستگیرکردن و بەندکردنی ئیمامئۆغلو، رێژەى بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە پێشوەختە فراوانتر بوو و ئەوانەى ئەندامی “جەهەپە”یش نەبوون بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە کرد و لە ئەنجامدا و بە بەشداریی نزیکەى (١٥) ملیۆن کەس، جەهەپە ڕای گەیاند کەوا بەربژێرى فەرمیی حزبەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیى کۆمار، ئیمامئۆغلویە. بۆیە ئەم بابەتە بۆ داهاتوو ئەوەمان پێ دەڵێت کەوا جەهەپە تا ئێستا دەستبەردارى گوشارەکان نەبووە و پێش ناچێت ئەوها بەئاسانی وازی لێ بهێنێت. بۆیە پێشبینى دەکەین تا دوا ساتەکان بابەتى ئیمامئۆغلو وەکوو گوشارێک لەلایەن جەهەپەوە دژی ئەردۆغان و ئاک پارتى بەکار بهێنرێت و، دووریش نییە لە کۆتاییدا ئەم بابەتە لە ڕێگەى دانوستاندنی نهێنییەوە لە نێوان “ئەردۆغان” و “ئۆزەل”ەوە یەکلایی بکرێتهوه؛ چونکە ئەردۆغان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆیش بێت ئاماژەى بەم دەرفەتی دانوستاندنه كردووە. هەروەها ئێستا باردۆخی یاساییی ئیمامئۆغلویش بەتەواوەتى یەکلایی نەکراوەتەوە. جارێ پرۆسەى دادگهییکردنەکە تەواو نەبووە کە پێشبینى دەکرێت نزیکەى شەش مانگی پێ بوێت، لە لایەکی دیکەیش تا ئێستا بڕیار لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نەدراوە؛ بۆیە دوور نییە ئەردۆغان کار بۆ کوشتنى کاتی زیاتر بکات و لە هەمان کاتیشدا ژینگەیەکی ئاوا لەبار بڕەخسێنێت بۆ ئەوەى ئۆزگور ئۆزەڵ خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیى کۆماری داهاتوو بەربژێر بکات، چونکە ئەگەر ئۆزەڵ هەڵەیەکی ئەوها بکات، چارەنووسەکە و ئەنجامەکەی هاوشێوەی کلیچدارئۆغلو دەبێت.
دووەم: جەهەپە گوشارەکانی خۆی لە دژی ئاک پارتى و ئەردۆغان زیاد کردووە بۆ ئەوەى بڕیار لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت. ئەم هەنگاوەى جەهەپە لەگەڵ ئەم بارودۆخەى کە ئێستا ئیمامئۆغلو تێیدایە، یهك ناگرێتهوه و هیچ لە بەرژەوەندیی ئیمامئۆغلو نییە، بەڵکوو ڕێک لە بەرژەوەندیی ئەردۆغانە چونکە یەکێک لە ڕێگەکانی سێبارە کاندیدبوونی ئەردۆغان ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەیە. بەڵام ئەردۆغان نایەوێ لە ئێستاوە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت بەڵکوو ئەو دەیەوێ پێش ٢٠٢٨ بە وادەیەکی زۆر کەم ئەم هەنگاوە بنێت. لە لایەکی دیکە “مومتازئەر تورک ئۆنە – Mümtaz’er Türköne” کە نووسەرێکی نزیکە لە “مەهەپە”، لە دوایین نووسینیدا لە پێگەى The Turkish Post لە ڕێگەی بابەتێكییەوە بە ناونیشانی “بە ناوی ڕژێمی دیکتاتۆر – Sözde Dikta Rejimi”، ڕای گەیاندووە جگە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هیچ بژاردەیەکی دیکە لە بەردەم لایەنەکاندا نەماوە و جەختیش لەسەر ئەوە دەکات کە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ساڵى ٢٠٢٦دا ئەنجام دەدرێت. بۆیە ئەگەر پێش بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پێشوەختە، کەیسی ئیمامئۆغلو یەکلایی نەکرێتهوه، ئەوە بەم بارودۆخەى ئێستا، ئیمامئۆغلو لە ڕووی یاسایییەوە ناتوانێت خۆی کاندید بکات، چونکە بڕوانامەکەى لەلایەن زانکۆی ئیستەنبووڵەوە هەڵوەشاوەتەوە. لە ئەنجامی ئەم خاڵەدا دەتوانین بڵێین جگە لە ئەردۆغان و ئاک پارتى، ئاراستەیەک لەناو جەهەپەیش هەیە کە لەگەڵ ئەوەدایە ئۆزەل خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان بەربژێر بکات. با ئەوەیشمان لەبەرچاو بێت کە ئەردۆغان لە ڕووی تێکدانی هاوپەیمانێتییەکانی لایەنى بەرامبەر و لاوازکردنى نەیارانی، زۆر بەئەزموونە و چەندان جار لەم کارەى سەرکەوتوو بووە.
سێیەم: جەهەپە بۆ ئەوەى گوشارەکانی زیاتر و کاریگەرتر بکات بڕیاری بایکۆتکردنی ئەو کۆمپانیا، دامەزراوە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی نزیك لە دەسەڵاتی داوە؛ تەنانەت جەهەپە کەمپینی بایکۆتکردنی کڕینی شتومەکی دا لە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتی (٢)ى نیسانی ساڵى ٢٠٢٥ كە تەنیا بۆ ماوەی یەك ڕۆژ بوو. لەوانەیە هەنگاوی ڕاگەیاندنی بایکۆتکردنی کڕینی شتومەکەکان لە قۆناغەکانی داهاتوودا فراوانتر بکرێت و بە شێوەیەکی بەردەوام هەندێ کۆمپانیا و دامەزراوە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی تر لەخۆ بگرێت؛ ڕهنگه بەمەیش نەوەستێت و هەنگاوی بوێرانەتر بنێن و بەرەو ڕاگەیاندنی مانگرتنی سەرتاسەرى هەنگاو بنێن. ئەگەر ئەمەیان پێ کرا، ئەوە بارودۆخی ئابووریى شلەژاوی تورکیا، زیاتر تێک دەچێت و دەبێتە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ داتەپینی ئابووریى وڵات. هەرچەندە نانەوەى ئەم هەنگاوە هەندێک قورس و سەختە بەڵام هەموو کاتێک وەکوو ئەگەرێکی کراوە دەمێنێتەوە.
چوارەم: لەگەڵ دەستگیرکردنى ئیمامئۆغلو، بەهای لیرەى تورکی بە شێوەیەکی خێرا بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزی، بەڵام لە ڕێکەوتى (١٩)ى ئازارەوە کە دەکاتە ڕۆژى دەستگیرکردنی ئیمامئۆغلو و تەنیا لە ماوەى سێ ڕۆژ، بانکی ناوەندیی کۆمارى تورکیا بۆ کۆنترۆڵکردنی بەهای لیرەى تورکی، نزیکەى (٢٦) ملیار دۆلاری خستۆتە بازار. ئەم پێشهاتانە ئەوەمان پێ دەڵێت کەوا قۆناغەکانی داهاتوو لە تورکیا، کێشەى ئابوورى و دارایی درێژەى دەبێت و لەگەڵ ناسەقامگیریی کەشوهەواى سیاسیی وڵات، بارى ئابووریى وڵاتیش بەرەو خراپتر دهچێت، چونکە خستنەڕووى نزیکەى (٢٦) ملیار دۆلاری ئەمریکی تەنیا لە ماوەى سێ ڕۆژدا بارگرانییەکی زۆرى بۆ سەر ئابووریی تورکیا دروست کردووە و، پێشبینییش دەکرێت لەگەڵ بەردەوامبوونی گرژی و ئاڵۆزییە سیاسییە ناوخۆیییەکانی تورکیا، ئابووریى تورکیاش بەرەو خراپتر بڕوات و لە قۆناغەکانی داهاتوودا ئابوورى وەکوو گوشارێکی سەخت و کاریگەر لە بەرامبەر ئەردۆغان بەکار بهێنرێت.
پێنجەم: ئاک پارتى بە دەستپێشخەریى مەهەپە، دووبارە هەوڵی داوە پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا دەست پێ بکاتەوە، بەڵام ئەوەى سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە پرۆسەى ئەم جارەیان ناوی “پرۆسەى ئاشتى” نییە بەڵکوو “تورکیایەکی بێ تیرۆر – Terörsüz Bir Türkiye”ه؛ واتا هەر لە ناوى پرۆسەکە وا دەردەکەوێت ئەمەى ئەم جارەیان زیاتر بۆ ڕاکێشانی دەنگی دەنگدەرى کوردە و فراوانترکردنی هاوپەیمانێتیی کۆمارە (Cumhur İttifakı)، چونکە بەپێی دوایین ڕاپرسییەکان، کۆى دەنگی ئاک پارتى و مەهەپە نزیکەى (٣٨%)ە؛ ئەم ڕێژەیەیش بەردەوام گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بۆیە ئەردۆغان دەیەوێ لە ڕێگەى پرۆسەى “تورکیایەکی بێ تیرۆر”وە دەم پارتییش بخاتە ڕیزەکانی هاوپەیمانێتیی کۆمارهوه.
لە ئەنجامی ئەم خاڵەدا بۆمان دەردەکەوێت کە پرۆسەى توركیایەكی بێ تیرۆر ئەم جارەیش لەوانەیە زۆر نەخایهنێ و نهتوانێت ئەنجامێکی باشی لێ بکەوێتهوه، چونکە ئهوهی ڕاستی بێت هەردوو لا متمانەیان بە یەکتر نەماوە و تەنانەت دەنگدەرى کوردیش تا ڕاددەیەکی بەرچاو بڕوای بەم هەنگاوانە نەماوە و لەوانەیە لە قۆناغی داهاتوودا، بەتایبەت دواى هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، ئەو نزیکبوونەوەى نێوان دەم پارتى و هەر یەک لە ئاک پارتى و مەهەپه کۆتاییی پێ بێت و سەرلەونوێ گرژییەکان سەر هەڵبداتەوە.
کۆبەند
پاکتاوکردنى نەیارەکانی ئەردۆغان لە گۆڕەپانی ژیانی سیاسیی تورکیدا، ئەنجامی ئەرێنیی لێ ناکەوێتهوه و دەبێتە هۆی دەستپێکی قۆناغێکی نوێ و پڕ لە کێشمەکێش و ناسەقامگیریی سیاسی و ئابوورى و دارایی و کۆمەڵایەتی. لەم چوارچێوەیەدا با ئەوەیش لەبەرچاو بگرین کەوا پێشهاتە ناوخۆیییەکانی تورکیا بەتەواوەتی لە خودی ناوخۆی کۆمەڵگەوه لەسەر ئاستى ناوخۆیی هەڵنەقووڵاوەتەوە، بەڵکوو پێشبینى دەکرێت کەوا دەستوەردانی دەرەکی و پاڵپشتیى دەرەکییش ڕۆڵێکی گرنگی هەبێ، بەتایبەت لە ئاراستەکردنى ڕووداوەکان؛ بۆ نموونە سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ، پەیامێكی تایبەت بە فەڕەنسای بڵاو کردهوه و تیایدا پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ “مارین لو پین”ى سەرۆکی حزبی بەرەى نیشتمانی لە فەڕەنسا ڕاگەیاند بەهۆی قەدەغەکردنی خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیى فەڕەنسا بۆ ماوەى پێنج ساڵ، بەڵام ترەمپ بە هەمان شێوە پاڵپشتیى لە ئیمامئۆغلو نەکرد. ئەمەیش خۆی پەیامێکی گرنگە کە لانی کەم بۆ قۆناغی ئێستا ئەمریکا پێی باشە ئەردۆغان لە دەسەڵات بمێنێتهوه. بەڵام وا پێ دەچێت لە هەمان کاتدا و بە شێوەیەکی نهێنی، ئەمریکا و هەندێک لایەنی دیکە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش هەبێ، چونکە ئەو هەڵمەتەى کە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە لە دژی ئەردۆغان و حکوومەت دەستی پێ کردووە، پێ ناچێت عەقڵییەتى جەهەپە بێت، لهبهر ئهوهی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەى قەیرانەکە لەلایەن جەهەپەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی باش و پرۆفیشناڵانە بەڕێوە چووە و، توانراوە پەیام بنێردرێتە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و، بەمەیش بابەتەکە لە ناڕەزایەتیدەربڕین لە دژی بڕیاری دەستگیرکردن و بەندکردنی ئیمامئۆغلو دەرچووە و فراوانتر بووە و دروشمەکانی وەکوو “دادپەروەرى” و “پاراستنى بنەماکانی دیموکراسی” و “باشترکردنى بارى ئابووری و هتد) بەرز کراونەتەوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، قۆناغەکانی داهاتوو بۆ تورکیا زۆر سەخت و پڕقەیران دەبێت و ناسەقامگیرییەکی بەرچاوی سیاسی درێژەى پێ دەدرێت و لە هەمووان مەترسیدارتریش ئەوەیە: “ئایا ئەردۆغان ڕازی دەبێ لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەى بهێنرێت؟“