1

تخێڵبوون لە دیوەخانی “برا”دا، یان چالاکبوون لە مەیدانی سیاسەتدا؟

قەرەنی قادری

“سیاسەت” (politics) یانی بڕیاردانی کارناسانە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو تا لەو کۆڵانەوە بتوانرێت لە نێوان چەندان هاوکێشەی نزیک و دووردا بەرژەوەندی دابین بکرێت. بە واتایەکی تر، ئەو بڕیاردانە کارناسانە، بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە- کە ئەمەیشیان دەتوانێت بۆ بەرژەوەندیی تاک، گرووپ یان نەتەوەیەک بێت.دەتوانین سیاسەت بە مانای “پڕۆسەی بڕیاردان”یش ناو ببەین، هەروەها “ڕێکخستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی”ش مانای سیاسەت دەدات. واتە بەرژەوەندی لە کوێ بێت، دەبێ سیاسەت سێرەی لێ بگرێت و هەوڵی کەویکردنی بدات. بۆیە سیاسەت و سیاسەتوان دەبێ ئەوەنده‌ چالاکن بن، کاتێک بەرژەوەندی لە شوێن و دۆخێکی دیاریکراو تەواو دەبێت، دەبێ سیاسەتیش ئاڕاستەکەی بگۆڕدرێت و لە شوێنی تردا بەرژەوەندی دابین بکات.

ئەوەی لەو نێوەدا سەقامگیرە، “بەرژەوەندی”یە، بەڵام ئەوەی ناجێگیرە، “دۆست”، “دۆستایەتی” و “هاوپەیمانی”یە.”برا” یان “برایەتی” ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بنەماڵە، خێڵ و عەشیرەتەوە هەیە؛ واتە پەیوەندییەکی خوێنییە و، هیچ گرێدراوی سیاسەت نییە. بۆیە تەنیا دەکرێت “برا” یان “برایەتی” لە چوارچێوەی خوێن و خزمایەتیدا بخوێنرێتەوە، نەک لە مەیدانی سیاسەتدا. هێنانی ئەو دوو چەمکە بۆ ناو سیاسەت هەڵەیە و بەرژەوەندی دەخەسێنێت. “برا”، “برایەتی” یان “برایەتیی گەلان” دروشمێکە پەیوەندیی بە بەرژەوەندییەوە نییە، بەڵام سیاسەت (بەرژەوەندی) چەمکێکی عەقڵانییە و لە نێوان كۆمه‌ڵێك هاوکێشەدا چالاکە و، هەر هاوکێشەیەكیش بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆی سیاسەت لەڕەندە دەدات.

لە سیاسەت، خەبات و ئەدەبیاتی سیاسیدا شتێک نییە بە ناوی “برا” و، هیچ جێگەیەکی لەناو ئەو سێ چەمکەیشدا نییە: برایانی عەرەب، برایانی فارس و برایانی تورک! یان حیکایەتی برایەتیی گەلان!

برایەتی، یەکێک لە دروشمەکانی شۆڕشی فەڕەنسا (۱۷۹۹–۱۷۸۹) بوو. سێ دروشمەکەی شۆڕشی فەڕەنسا بریتی بوون لە: “ئازادی”، “بەرانبەری” و “برایەتی”، هەروەها دروشمی “برایەتی”ش کە وەکوو دوو دروشمی تر بۆ شۆڕشی فەڕەنسا واتە ناوخۆی وڵاتی فەڕەنسا بوو، باس لە پێکەوەبوون دەکات تا دەگەن بە ئامانج. گەرچی برایەتی یان برایەتیی گەلان دروشمێکی پیاوسالارانەیە، بەڵام ڕێک پەیوەندیی بە ناوخۆی فەڕەنساوە بووە، نەک نەتەوەکانی دەرەوەی جوگرافیای سیاسیی ئه‌و وڵاته‌.

هەروەها لە ساڵی ١٩١٧دا، بوو بە دروشمی سەرەکیی کۆمۆنیستەکان لە “شۆڕش”ی ئۆکتۆبه‌ری ڕووسیا (وڵاتێکی فرەنەتەوە)دا و، بۆ ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵان لە دار و دیواری شارەکانی یەکێتیی سۆڤیەت دەنووسرا. ڕێک بە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ردا، دروشمی “برایەتیی گەلان” خۆی خزاندە ناو ئایدیۆلۆژیاوە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە “سیاسەت” واتە بەرژەوەندییەوە نییە، بەڵکوو دروشمێکی ئایدیۆلۆژییە و بۆ سڕینەوەی چەمکی “نەتەوە” بەکار هێنرا.

ئەوەی پەیوەندیی بە نەتەوەکان نەک گەلانەوە هەبێت، برایەتی نییە، بەڵکوو دۆستایەتییە و، ئەویش لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتییانە، دۆستایەتی، چارەسەرکردنی کێشەی نێوانیان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و دانوستان، هەروەها دراوسێیەتیی باش کە دەبێ پەیوەندییەکان ڕێک بخات. “ئابراهام لینکۆڵن” (١٨٠٩-١٨٦٥) گوتەنی: “گفتوگۆ لایەنی هەرە جوانی مرۆڤەکانە.” ئەم گفتوگۆیە دەبێ یەکێک لە پرەنسیپەکانی نێوان گرووپ، نەتەوە و دەوڵەتەکان بێت؛ کە ئەمەیشیان پەیوەندیی بە برایەتییەوە نییە، بەڵكوو دەچێتە خانەی عەقڵ و ناسینی پرس و کێشەکان.

سیاسەت، یانی بەرژەوەندی. ئەوە بەرژەوەندییە پەیوەندیی نێوان دوو یان چه‌ند هێزێك دروست دەکات، نەک برا و برایەتی. کەواتە برایەتی و سیاسەت دوو دیوی دراوێک نین و پێکەوە هەڵناکەن. چونکە ئەگەر سیاسەت لەسەر بنەمای برایەتی بێت، بەڵام لە شوێنێکدا بەرژەوەندی گەیشت بە کۆتایی، دەبێت برایەتییش کۆتاییی پێ بێت.

ئەوانەی بڕوایان بە چەمکی برایەتی هەیە، ئایا بڕوایان بەوه‌ هەیە کە سیاسەت یانی بەرژەوەندی؟ چونکە برایەتی و بەرژەوەندی دوو شتی جیاوازن. ئەگەر دوو شتی جیاواز بن. بێ شک تێڕوانینیش سەبارەت بە سیاسەت دەگۆڕدرێت.

برا و برایەتی پرسێکی خوێنییە و هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەت (بەرژەوەندی)یەوە نییە. بەڵام سیاسەت و کاری سیاسی (بەرژەوەندی)، پەیوەندییان بە عەقڵ و هاوکێشە سیاسییەکانەوە هەیە.

سیاسەت یانی بەرژەوەندی نەک برایەتی! برایەتی، چەمکی سەردەمی کۆمەڵگەی عەشایه‌یری و خێڵەکی بوو، کاتێک دوو سەرۆکعەشیرەت پەیمانی برایەتییان دەبەست؛ بێ شک ئەویش کاتی بوو، چونکە زۆر جار بەرژەوەندی، زۆر داب و تەکووزی لێ تێک دەدان.

کە بەرژەوەندی لە شوێنێک تەواو دەبێت، کۆتایی بە پەیوەندییەکان دێت و ئاڕاستەی سیاسەتیش دەگۆڕدرێت. ئەوانەی سیاسەت لەسەر بنەمای برایەتی دادەڕێژن، دۆڕاو، بچووک، چاولەدەست و سەرلێشێواوی مەیدانی سیاسەتن! لە سیاسەتدا شتێک نییە بە ناوی برا؛ ئەوەی هەیە، بەرژەوەندییە و بەس. جیهان، جیهانی بەرژەوەندییە نەک برا و برایەتی!

وەرە لە ماڵی خۆت برای خۆت بدۆزەوە!




بەرەو کۆتاییی تەمەنی دەوڵەتە ناوەندگەراکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

(جەنگی پازڵەکان)

نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی (1469-1527): “شێر بن، گورگان بڕەوێننەوە؛ ڕێوی بن، تەڵان بناسن! “

قەرەنی قادری

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەدان ساڵە- بگرە زیاتریش- بە شێوەیەکی چڕ (مرکزی/ دەوڵەتی ناوەندی) بەڕێوە دەچێت. دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی دەوڵەتی چڕ (شۆڤێنیست، ئیسلامی و نائیسلامی)، نکۆڵی و سەرکوتکردنە. لە سەردەمی نوێیشدا تورکیا، بنەماڵەی پەهلەوی، کۆماری ئیسلامی (حکوومەتی مەلاکان) لە ئێران، عێراقی کۆن و نوێ، هەر ئەو ڕێچکەیان گرتووەتە بەر و هەر بەو ئاڕاستەیەیشدا و بەپڕتاو ئەسپی سیاسەتیان لینگ دەدەن.

لەم سەردەمەیشدا کە ئەمریکا “تالیبان”ی بۆ ئەفغانستان گەڕاندەوە، هەروەها تیرۆریست و “ئەلقاعیدە”یەکی سوننی (ئەحمەد شەرع) دەسەڵاتی لە سووریا بەدەستەوە گرت و، ڕۆژاوایش، بەتایبەتی ئەمریکا بەتەواوی پشتیوانیی لێ دەکەن، دیسان هەمان جەختکردنەوەیە لەسەر دەوڵەتێکی چڕ (شۆڤێنیست)، بەڵام بە “ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی”یەوە!؟

دەوڵەتی چڕ یانی دەوڵەتێکی یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک ئایین و یەک پایتەخت. لە دەوڵەت و دیمەنێکی ئاوای حوکمڕانیدا، شتێک بە ناوی “تولێرانس” (پێکەوەهەڵکردن) کە بنەمای گەشەی جڤاکە، نامێنێت و سیاسەت و حوکمڕانی بە یەک ئاڕاستە (نکۆڵی لەوانی تر)دا ڕەگاژۆیی دەکەن. دەوڵەتی چڕ، دەوڵەتی قەیرانە!

بنەمای سەرەکیی دەوڵەتی چڕ، لە یەکێتی لە یەکڕەنگیدایە، بەڵام دەوڵەتی ناچڕ، قسە لەسەر یەکێتی لە فره‌ڕه‌نگی دەکات. یەکەمینیان بنەماکەی لەسەر نکۆڵیکردن و سەرکوتکردنە، بەڵام دووەمیان ڕووی لە گەشە، هەڵدانی تاک و ڕەنگەکانە و، “تولێرانس”یش گەشە دەکات.

ئەمریکا دەبێ ئەوە باش بزانێت کە لە بواری سیاسییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر ناسەرکەوتووە. لە عێراق جەنگی بردەوە، بەڵام لە ٢٠٠٣وە تا ئێستا ئاشتی هەروا بەڕێوەیە. سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە شیعە، بەتایبەت کۆماری ئیسلامی، لە ناوچەکەدا هەم بۆ بەرژەوەندیی خۆی و هەمیش بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتە ئیسلامییە سوننەکان و ئیسرائیل سنووردار بکات و بیانخاتە پەراوێزەوە. بۆیە زۆر ئاسایییە کە پشتیوانیی حکوومەتۆکەی ئەحمەد شەرعی ئیسلامی- ئەلقاعیدەی سوننی بکات.

بەڵام هەم دەوڵەتانی ناوچەکە و هەمیش ڕۆژاوا، بەتایبەتی ئەمریکا، دەبێ ئەوە بزانن کە سەردەمی حکوومەتە ناوەندگەرا (مرکزی)یەکان بەسەر چووە و، هەر هەوڵێک لەو بارەیەوە قەیرانخوڵقێنە و ناوچەکە بەرەو پێکدادان و نائارامی دەبات و، قەیرانەکانیش دووقات دەبنەوە. ئەمریکا لە ٢٠٠٣وە لە “دەوڵەتسازی” و “نەتەوەسازی” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرکەوتوو نەبووە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فرەڕەنگە، لەبەر ئەوە سیاسەتێکی ڕەنگاوڕەنگی گەرەکە، نەک ناوەندگەرایی (یەک ڕەنگی)! 

 ئێمەی کورد، دەردی هاوبەشمان هه‌یه‌، كه‌واته‌ دەبێ پلانی هاوبەشیشمان هەبێت. هیچ ڕێگه‌یەکی ترمان لەبەردەمدا نەماوە، دەنا دەفەوتێین. واز لە هیستریای ناوچەگەرێتی و حزبایەتی (حزبی من) بێنن! گڕی ناکۆکی و جیاوازییەکان کز بکەنەوە و، واز لەو پەتایەیش (ڕەخنەگرتن لە هەموو کات و هه‌موو شتێک) بێنن. هەر بۆ وەبیرهێناوەیش بێت، ڕەخنەگرتن بۆ بەهێزبوونە نەک بۆ شکاندن، چەندبەرەکی، لێکترازان و دروستکردنی ڕق. پەسنیش بۆ دڵگەرمی و بەردەوامییە! با بۆ کارە باشەکان پەسنی یەکتر بدەین و بۆ که‌موکورتییەکانیش یەکتر ئاگادار بکەینەوە!

هەرێمی کوردستانیش بەر لە هەموو شتێک نەك تەنیا پێویستە پارێزراو بێت، بەڵکوو دەبێ بەهێزیش بکرێت. “بەهێزی” یان “هێز” لە چەندبەرەکی و لاوازیدا نییە، بەڵکوو لە یەکگرتوویی، پێکەوەهەڵکردن و کۆدەنگیدایە!

سەردەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردەمی قەیرانی حکوومەتی و دەوڵەتییە، بۆیە نائارامی و پێکدادان بەشێکە لەو قەیرانە. ئەمە قەیرانی گەشە نییە، بەڵکوو قەیرانی کۆمەڵێک گرفتی مێژوویی (ستراکچێر)ە لە ناوچەکەدا. ڕێک لەبەر ئەوە سیاسەت و هەوڵدان بە ئاڕاستەی بەهێزکردن یان چێکردنی دەوڵەتانی چڕ/ ناوەندگەرا، ناوچەکە بەرەو نائارامیی زیاتر دەبات. با ڕێگە بۆ دیپلۆماسی بکرێتەوە و تفەنگەکان (هێزی ڕەق)یش بێدەنگ بێت!




ئێمە و ئەوان؛ حوکمڕانی لە نێوان ئەرک و ئیمتیازدا

قەرەنی قادری

لە ئەوروپا و ئەمریکادا، حکوومەتەکان سەر بە  هاووڵاتیانن؛ واتە هەر چوار ساڵ جارێک بە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی ستاندارده‌وه‌، ڕێک لە کاتی دیاریکراوی یاسایی و تەواو دیموکراتییانەوە، هاووڵاتیانی ئەو دوو دەڤەرە حکوومەت و دامەزراوەکانی نوێ دەکەنەوە؛ واتە چاکسازیی بەردەوام (هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، ڕێک بەپێی ئەو کاتە بەڕێوە دەچێت، کە یاسا دەستنیشانی کردووە و کەسیش بۆی نییە یاری بە ئاکامەکانی هەڵبژاردن و کاتی دیاریکراوی پێکهێنانی یاساییی حکوومەتی نوی بکات). هەر بەو پێیە، هاووڵاتیان بەشێکی سەرەکین لەو پڕۆسەیە و شەقڵی خۆیان لە هەڵبژاردن، ئاکام و نوێکردنەوە دەدەن.

یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە لەو دوو ناوچەیەدا شۆڕش ناکرێت، ڕێک بۆ ئەو نوێکردنەوە و دەستاودەستکردنی هێمنانەی دەسەڵات دەگەڕێتەوە. هەم براوەی هەڵبژاردن و هەمیش دۆڕاوی هەڵبژاردن، زۆر بەڕێزن؛ دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن پیرۆزبایی لە براوەکە دەکەن و، براوەکەیش بەڕێز و سپاسەوە وڵامی خەنیمەکان (دۆڕاوەکان) دەداتەوە!

هەڵبژاردن گرێبەستە لە نێوان حزبە سیاسییەکان و هاووڵاتیاندا. واتە خزمەتگوزاری، ئاوەدانی، گەشەی جڤاک و پاراستنی ئازادییەکان (سەروەریی یاسا)، لە بەرانبەردا دەنگدانی هاووڵاتیانی بەدوادا دێت. لەو ناوچەیەدا، ڕای گشتی بەشێکی گرنگە لە سیاسەت و حوکمڕانی. لەوێدا، حوکمرانی ئەرکە، چونکە بەدەسەڵاتگەیشتووەکان بیر لە هاووڵاتیان دەکەنەوە. هەروەها دەسەڵاتی چوارەمیش (ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی) زۆر چالاکە. دیموکراسی و لیبرالیزمیش زۆر بەهێزن. بەرپرسیارێتی و وڵامدەری، دوو کۆڵەکەی سەرەکین لە حوکمڕانیدا.

له‌ مێژووی مۆدێرنی ئه‌م چه‌ند ده‌یه‌دا، شێوه‌یه‌ک له‌ حکوومه‌ت له‌ وڵاته‌ پێشکه‌وتووکانی ئەوروپا، ئه‌مریکا و شوێنه‌کانی دیکە پێک هاتووە‌، که‌ به‌ حکوومه‌تی Meritocracy، واته‌ حکوومه‌تی لێزان و لێوه‌شاوەکان ناوی ده‌رکردووه‌. له‌ حکوومه‌تی “لێزان و لێهاتووەکان”دا که‌سانی خاوه‌ن توانا و لێوه‌شاوه‌ به‌ڕێوه‌بەرن. مێژووی خزمه‌ت (ئەزموون) و پلەی خوێندەواری له‌ دامه‌زراوه‌ حکوومی و ناحکوومییه‌کان، هەروەها لێوه‌شاوه‌یییان بنه‌مایه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات. پله‌ی خوێنده‌واری و ئه‌زموون له‌ بواری کاروباری سیاسی، دوو کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کین بۆ شێوه‌ حکوومه‌تی Meritocracy، که‌ له‌مێژه‌ له‌ ئەوروپادا حوکمڕانی دەکات. ڕەگی ئەو شێوە حوکمڕانییەیش بۆ هزری “سوقرات” (٤٦٩-٣٩٩ پ. ز) و “ئەفلاتۆن” (٤٢٧-٣٤٧ پ. ز) دەگەڕێتەوە.

هۆکاره‌که‌یشی ڕێک بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ له‌ کاتی هه‌ڵبژاردندا، کاتێک حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌رنامه‌ی کاریان بۆ چوار ساڵی داهاتوو پێشکه‌ش به‌ هاووڵاتیان ده‌که‌ن، کۆمه‌ڵه‌ که‌سی به‌توانایش له‌ناو حزبه‌که‌یاندا بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئاماده‌ ده‌که‌ن. چاوخشاندنێکی خێرا به‌ جوگرافیای سیاسیی ئەوروپا ئه‌مه‌ ده‌رده‌خات، که‌ وه‌زیر، جێگر و سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌م وڵاتانه‌ گشتیان سه‌رۆک و ئه‌ندامانی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانن، که‌ ئاڵقه‌ی سه‌ره‌کیی بەڕێوەبردنی وڵات له‌ده‌ست ئه‌وانە‌- بێ شک بە پەرلەمانیشەوە. له‌ بواری ڕاوێژکارییشدا له‌سه‌ر بنه‌مای “زیره‌کی، لێوه‌شاوه‌یی و توانایی”، که‌سه‌کانی خۆیان ده‌ستنیشان ده‌که‌ن و لە مەیدانی بیرکردنەوە و بڕیاردانیشدا دەوری زۆر گرنگ دەگێڕن و، ڕاوێژکارەکانیش دەبنە بەشێک لە پرۆسەی بڕیاردان!

به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌مه‌یشدا، سه‌رتاپای دامه‌زراوه‌ حکوومییه‌کان “به‌حزبی” ناکه‌ن، به‌ڵکوو لە ئاستی خوارەوەی دامه‌زراوه‌کاندا دەور بە که‌سانی پسپۆر، کارناسان، هه‌روه‌ها له‌ بواری ئابوورییشدا، شوێن بە ئه‌ندازیاران ده‌درێت. واته‌ که‌سێکی لێوه‌شاوه‌ و گونجاو بۆ شوێنێکی گونجاو.

بەڵام ڵە دەڤەری ئێمە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا)، جگە لە ئیسرائیل، هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە کەڕواوی و چەقبەستووە، سەر بە حکوومەتەکانن و چاویان لە لوتف و کەرەمی حوکمڕانەکانە. پێشینەی ئەمەیش بۆ سوڵتانەکان و خەلیفەکان دەگەڕێتەوە، کە دامەزرێنەری “چەشنێک حکوومەتی باوک یان دەسەڵاتداریی خێرخوازی” بوون، ئەویش بە مەبەستی مانەوەی خۆیان و کەسوکاریان لە دەسەڵاتدا. حکوومەتەکان لە دەڤەری ئێمەدا زۆر زل، سەرکوتکەر و دەوری باوک (نانبدە) دەگێڕن.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕای گشتی بەشێک نییە لە سیاسەت، بۆیە بەردەوام جەنگ، شەڕ و شۆڕش ڕوو دەدات و خەڵکیش بەردەوام بەدوای ڕێگەچارەی خێرادا دەگەڕێن. هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتریش، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ نموونە: “هەڵبژاردن” لە کۆماری ئیسلامی، سووریای سەردەمی ئەسەد و، عێراقی سەردەمی بەعسییەکان. تەنانەت ئێستایش لە ئێران بەشێکی‌ خه‌ڵك بیر لە گەڕانەوەی “بنەماڵەی پەهلەوی” دەکەنەوە! واتە بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ئێستا و داهاتوویان، بۆ دواوە دەگەڕێنەوە!

گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، لە تایبەتمەندییەکانی حوکمڕانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لە ناوچەی ئێمەدا، حوکمڕانەکان بیر لە گیرفان و شێوازی بەڕێوەبردنی خزمخزمێنە (Nepotism) واتە خزمسالاری دەکەنەوە. ڕێک لەبەر ئەوە، حوکمڕانی لە مەڵبەندی ئێمەدا ئەرک نییە، ئیمتیازە!