1

“چۆن خۆمان بناسین؟”

ناساندنی کتێب؛ دیوی تاریکی هۆگرانی ڕووناکی

قەرەنی قادری ١٥-٦-٢٠٢٣

چۆن خۆمان بناسین؟ چی بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بۆ ناو جیهانی دەروونی خۆمان بگەڕێینەو؟” چی بکەین باش و باشتر بین؟ هەروەها چۆن بتوانین بەهێز بین و … دەیان باس، پرس و خاڵی گرینگی تر لەو بوارەدا، کە نووسەر “دێبی فۆرد” لە کتیبی “دیوی تاریکی هۆگرانی ڕووناکی” (The Dark Side of the Light Chasers) زۆر وەستایانە باسیان لێوە دەکات و هەوڵ دەدات و یارمەتیمان دەدات تا دیوە شاراوەکانی دەروونمان ببینین.

لە ناوەڕاستی کتێبی “دیوی تاریکی هۆگرانی ڕووناکی”دا، ڕستەیەک رووبەڕووت دەبێتەوە و زەینت داگیر دەکات: “ئێمە وای بۆ دەچین کە بەرانبەر دونیا تووڕەین و بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانمان دەمانەوێ جیهان بگۆڕین، بەڵام ئەوە ئێمەین کە پێویستمان بە گۆڕانکاری و وەرچەرخانە.” ڕێک لێرەدا خاتوو “دێبی فۆرد” فێرمان دەکات کە چۆن ئاوڕێک لە خۆمان، دەروون و ڕابردووی خۆمان بدەینەوە؛ واتە فێرمان دەکات کە بەهێز بین. ئەم ڕستەیەی خاتوو دێبی، منی بۆ بۆچوونە گرینگەکەی لێڤ نیکۆڵایێڤیچ تۆڵستۆی (١٨٢٨-١٩١٠) گەڕاندەوە کە دەڵێت: “هەموو لە فکری ئەوەدان کە مرۆڤ بگۆڕن، بەڵام بەداخەوە هیچ کەس لە فکری ئەوەدا نییە خۆی بگۆڕیت!” پرسی خاتوو “دێبی فۆرد”یش لەو کتێبەدا ڕێک ئەوەیە، کە چۆن خۆمان بگۆڕین.

بۆ ئەوەی خۆمان بناسین، دەبێ بۆ ناو ناخی خۆمان شۆڕ ببینەوە و گشت لایەنەکانی دروونمان بەخەبەر بێنین و لەگەڵیاندا بدوێین؛ ڕێک لێرەدایە کە چەشنێک لە پەیوەندیگرتن لەگەڵ دەروون دێتە کایەوە.

خاتوو “دێبی فۆرد” لە کتێبەکەیدا هەوڵ دەدات خوێنەر لەگەڵ نیوەی تاریکی خۆی کە بە سێبەر ناوی دەبات، ئاشت ببێتەوە و، قبووڵی بکات، چونکە ئەو لایەنەیش “سێبەر” (لاوازییەکان و خراپییەکان) بەشێکن لە ژیانی تاک. هەروەها دەڵێت: “چۆن دەتوانرێ بەبێ ناسینی خراپەکە، باشەکە دەسنیشان بکەین، یان بەبێ ئاشنایەتی لەگەڵ نەفرەت و بێزاری، عیشق هەستی پێ بکرێ و، یان بەبێ هەستکردن بە ترس، ئازایەتی بناسین؟”

خاتوو “دێبی فۆرد”، ئاوا پێناسەی “سێبەر” دەکات؛ “سێبەر ڕوخساری جۆراجۆری هەیە: ترسنۆک، تەماح، تووڕەوتوند، ڕقهەڵگر، پیس، خۆپەسند، فێڵباز، تەمبەڵ، دەسەڵاتخواز، دوژمنکار، ناشرین، لێنەوەشاوە، بێبەها، عەیبگر، وردبین ….” شک لەوەدا نییە کە دەکرێت ئەم لیستە درێژتر بکرێتەوە و شتی تریشی وەسەر خەین؛ دووڕوویی، درۆزنی، هزری گەندەڵ، لووتبەرز، کەللەڕەق، چەقبەستوویی، تۆڵەئەستێن، دڵناسکی، تۆران و …!

ناسینی خۆمان بۆ ئەوەیشە کە بتوانین باشتر ژیانی خۆمان بەڕێوەبەرین؛ واتە بتوانین بە شێوەیەکی باش سەرکردایەتیی هەست و هزری خۆمان بکەین تا “تاک”ێکی باشمان لێ دروست بێت و ڕەفتاری خۆمان بە شێوەیەکی دروست میقات بکەین، کە لە ئاکامی ئەوەیشدا ژیان ڕێک دەخرێت.

هەروەها خاتوو “دێبی فۆرد” پێمان دەڵێت کە چۆن ئەو لایەنە خراپ و لاوازانەی خۆمان کە لە دەروونماندا خۆیان حەشار داوە، قبووڵیان بکەین و بە شێوەیەکی عەقڵانی سەرکردایەتیی دەروونی خۆمان بکەین و، لانی کەم لە دەست بەشێک لە شەپۆلی کەفوکوڵ و گرژیی دەروونی ڕزگارمان بێت و بگەینە لێواری ئارامی و بەهێزی!

گەشە و پەروەردەکردنی تاکەکەسی، بنەمای کاری خاتوو “دێبی فۆرد”ە کە لەم کتێبەدا بە باشی و روونی خۆی دەر دەخات، جا بۆ ئەوەی بگەین بەو گەشە و پەرەوەردەیە (تاکی بەهێز و کراوە)، “دەبێ بەڵێن بدەین، کە سەردانێکی قووڵی دەروونی خۆمان بکەین، وەردی بدەینەوە و بەڵێن بدەین، کە بەڵێنیشمان دا، دەبێ جێبەجێی بکەین؛ ئەمەیە سەرەتای ئاڵوگۆڕ.” یان دەڵێت: “دەزانم کە بۆ زۆربەی ئێمە قبووڵکردنی ئەم چەمکە زەحمەتە، چونکە فێریان کردووین کە هیچ کاتێک بابەتە نيگەتیڤەکان لەبارەی خۆمانەوە نەدرکێنین.” بۆیە دەڵێت: “با ڕێگە بدەین جیهانی دەروونمان خۆی دەربخات.” ڕێک لەبەر ئەوە خاتوو “دێبی فۆرد” دەڵێت: “هەڵەکردن، بەشێکە لە مرۆڤبوون.”

بەڵێ، هەڵە بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ. “بێنجامین فڕانکلین” (١٧٠٦-١٧٩٠) دەڵێت: “مرۆڤ، کانگای هه‌ڵه‌ و له‌بیرچوونه‌وه‌یه.‌” ژیانی بێ هەڵە، بوونی نییە. ئەوانەی پێیان وایە کە هەڵە ناکەن، بێ شک لە دەرەوەی جغزی ژیاندا دەخولێنەوە و تەنانەت دەوری کۆسپیش لە کۆمەڵگەدا دەگێڕن و نابنە سەرچاوە و داهێنەری شتی نوێ. هەر لەو بارەیەوە “ئه‌ڵبێرت ئه‌نیشتاین” (١٨٧٩-١٩٥٥) دەڵێت: “ئه‌گه‌ر که‌سێک هه‌ست به‌وه‌ بکات که‌ هه‌رگیز له‌ ژیانیدا هه‌ڵه‌ی نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌یە که‌ هیچ کاتێک له‌ ژیانیدا به‌ دوای شتێکی نوێدا نەگەڕاوە‌.”

کاتێک باس لە چەمکی ئەزموون، پێداچوونەوە، بەخۆداچوونەوە، چاکسازی، پاکسازی و ڕەخنە دەکرێت، ڕێک ئاماژە بەوە دەکات، کە زەمان گۆڕاوە و پێوەرەکانی دوێنێ بۆ ئەمڕۆ وڵامدەر نین. ئەگەر لە ژیانی مرۆڤدا هەڵە نەبا، بێ شک ئەزموون، پێداچوونەوە و بەخۆداچوونەوە مانایان نەدەبوو. لەبەر ئەوە هیچ حزب، کەسایەتی، سەرکردە و سیاسەتوانێک ناتوانێت خۆی لە دەرەوەی جغزی هەڵەدا ببینێتەوە، چونکە هەڵە بەشێکە لە ژیانی ئەوانیش.

بەڵام لە پاڵ دیتنی خاڵە لاوازەکان، “دێبی فۆرد” باس لە دیوی دیکەی “تاک”یش دەکات و ئاماژە بەوە دەدات: “نەک تەنیا ئیشکالییەتی نییە کە شتی باش لەبارەی خۆمانەوە بڵێین، بەڵکوو ئەم کارە زەروورییشە! ئێمە دەبێ تواناکان و دیارییەکانمان بناسین. ئیمە دەبێ فێر بین کە بەها بۆ کارامەیییەکانی خۆمان قایل بین و ڕێزیان لێ بگرین.”

بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ناخی خۆمان، دەبێ بوێر بین و بەسەر ترسدا زاڵ بین کاتێک ئامانجمان ئەوە بێت، کە ئەژدیهای دەروونمان بەخەبەر بێنینیان یان ئەوەتا ناخمان بکێڵین. “دێبی فۆرد” دەڵێت: “ئەگەر ترس بەسەرتاندا زاڵە، دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ناخی خۆتان و بوێریتان بدۆزنەوە.”

بۆیە دەڵێت: “بۆ گۆڕینی تێڕوانینمان، دەبێ سات بە سات بە دوای ڕابردووماندا بگەڕێین تاکوو لێکدانەوەیەکی وزەبەخش وەربگرین کە یارمەتیمان بدات بەرپرسیارەتی بگرینە ئەستۆ.” هونەر و وردیی خاتوو “دێبی” لەوەدایە کە پێمان ناڵێت بە ڕابردووە بژین، بەڵکوو بە ڕێگەی “لێکدانەوەیەکی ئەقڵانیی دەروون و ڕەفتارمان” بۆ ئێستا و داهاتوو بژین و پلانمان بۆیان هەبێت، کە ئەمەیشیان هەر بۆ گەشە و پەروەردەکردنی تاک دەگەڕێنێتەوە.

بەر لەوەی دەوروبەرمان بگۆڕین، پێویستە هەر لە سەرەتادا لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین و دەستێک بە هەناو و مێشکماندا بێنین. ناکرێت داوای ئاڵوگۆڕ لەو جیهانە ناڕێکەدا بکەین، بەڵام پلانمان بۆ ئاڵوگۆڕی هزریی خۆمان نەبێت!؟

کتێبی “دیوی تاریکی هۆگرانی ڕووناکی”، ٢٣٢ لاپەڕەیە و کاکە “تەحسین تەها”یش بەوردی و کوردییەکی ڕەوان کورداندوویەتی و، خوێنەر بە دوای خۆیدا ڕادەکێشێت.




هونەری جەنگ

 10, 12, 2020

ناوی كتێب: هونەری جەنگ

نووسینی: سوون تزوو

وەرگێڕانی بۆ فارسی: “دکتر محمد هادی مؤذن جامی” به ناوی “آیین و قواعد رزم سون تزو”

وەرگێڕانی له فارسییەوە بۆ كوردی: قەرەنی قادری

پێداچوونەوە و بەراوردكردن: تەحسین تەها

نەخشەسازیی بەرگ و ناوەوە: کاوە فاروق

له بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كتێبخانە گشتییەكان/ هەرێمی کوردستان ژمارەی سپاردنی (٢١٠ )ی پێ دراوە.

چاپی یەکەم: ساڵی ٢٠١٥

چاپی دووەم: چاپخانەی ڕۆژهەڵات- هەولێر – ساڵی ٢٠٢٠

 

پێڕست

پێشەکی …………………………………………..

بەشی یەکەم: لێکدانەوه‌ و داڕشتنی پلان …………………………………………

بەشی دووەم: هەڵگیرساندنی جە‌نگ ……………………………………………….

بەشی سێیەم: گەڵاڵه‌ و تەگبیری هێرشبردن ……………………………………

بەشی چوارەم: ڕێکخستن و ئامادەکاری ………………………………………..

بەشی پێنجەم: هێز و وزە‌ ………………………………………………………………

بەشی شەشەم: خاڵه‌ لاواز و بەهێزە‌كان ………………………………………..

بەشی حەوتەم: کرده ‌سەربازییەکان ………………………………………………

بەشی هەشتەم: فرەجۆریی تاکتیکەکان (نۆ گۆڕاو) ………………………..

بەشی نۆیەم: پێشڕەویی لەشکر (سەربازان) ………………………………….

بەشی دەیەم: تایبەتمەندی و شێوەکانی زەوی (تۆپۆگرافی) ……………..

بەشی یازدەیەم: جۆرەکانی زەوی (نۆ گۆڕەپان) ……………………………

بەشی دوازدەیەم: هێرش به ئاگر …………………………………………………..

بەشی سێزدەیەم: به‌كارهێنانی سیخوڕان ………………………………..

پێشەکی:

جەنگ له ڕەوتی مێژوودا، بەردەوام کێشه و ماڵوێرانیی بە دوای خۆیدا هێناوه‌. دەوڵەتان هاتن و چوون، سنووری جوگرافیی دەیان وڵات به‌ هۆی جه‌نگەوە‌ هەڵوەشێندرانەوه‌ و، دەیان خاك و وڵاتیش داگیر کران، هەروەها چه‌ند “وڵات” و “دەوڵەت”ێكیش بنیات نران. له‌ پاڵ ئەمەیشدا، توێژەران و کارناسانی سەربازی له‌ ڕەوتی ژیانی مرۆڤدا بیریان لەوە‌ کردۆ‌تەوە‌، که‌ چۆن کۆتایی به‌ جەنگ بێنن. هەندێکیش جەختیان لەوە‌ کردۆتەوە‌، که‌ چۆن بە ڕێگەی جەنگەوه‌ هاوکێشەکان بگۆڕن و، بەردەوام خەنجەر و شمشێریان بەڕووتی بەدەستەوه‌ بووه‌.

“کاڕڵ ڤۆن كلاوزفيتز” (١٧٨٠-١٨٣١) فەرماندە و بیرمه‌ندی سەربازی سەبارەت به‌ جەنگ دەڵێت: “جەنگ کردەوەیەکه‌ لەسەر بنەمای هێز، تا دوژمنانمان ناچار بکەین مل به‌ داخوازییەکانمان بدەن.” هەندێک له‌ کارناسانی کاروباری جەنگ دەڵێن: “هەر له‌ سەرەتای سەرهەڵدانی دەوڵەتەوه،‌ که‌ بۆ نزیکەی ٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوه‌، چالاکیی سەربازی له‌ زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا هه‌بووه‌.” کانۆی ئەندرسۆن دەڵێت: “له‌ ٣٥٠٠ ساڵ بەر له‌ زایین تا کۆتایییەکانی سەدەی بیستەم، نزیکه‌ی‌ ١٤ هەزار و ٥٠٠ جەنگ ڕوویان داوه‌ و، نزیکه‌ی‌ ٣ ملیارد و نیو کەس گیانیان لەدەست داوه. تەنیا ٣٠٠ ساڵ له‌ مێژووی مرۆڤدا، ئاشتی به‌رقه‌رار بووه‌.”

گەورەترین جەنگ که‌ له‌ مێژوودا ڕووی داوه‌، کۆمەڵه‌ جەنگێک بووه‌ که‌ به‌ “جەنگی سەد ساڵه” ناوی دەرکردووه‌؛ ئەو جەنگەی که‌ له‌ ساڵی ١٣٣٧ تا ساڵی ١٤٥٣ زایینی، له‌ نێوان فەڕەنسا‌ و بریتانیادا ڕووی دا. ئەو جەنگه‌ ئەوەنده‌ درێژخایەن بوو، که‌ فەڕەنسا‌ و بریتانیا هەر یەکە‌ی لەو ماوەیەدا، پێنج پاشای بەخۆیەوه‌ بینی. کورتترین جەنگیش له‌ مێژووی جیهان له‌ نێوان “بریتانیا” و “زەنگبار”دا ڕووی دا؛ دەگوترێت “له‌ ٣٨ تا ٤٥ خولەکی خایاندووه‌.” بریتانیا به‌ “کەڵکوەرگرتن له‌ کەرەسه‌ و دەرفەتەکانی، هەروەها به‌ سوودوە‌رگرتن له‌ خیانەتی هە‌ندێک له‌ زە‌نگبارییەکان”، دەستی بەسەر ئەو وڵاته‌ ئەفریقییە‌دا گرت.

بەڵام شارە‌زا و لێهاتوویە‌کی وەکوو “سوون تزوو” (٥٤٤-٤٩٦ پ. ز) سەرەڕای ئەوە‌ی که‌ له‌ مەیدانی جە‌نگ و گەڵاڵەکردنی هزری جەنگیدا بەتوانا بووه‌، بیری لەوه‌ کردۆتەوه‌ که‌ چۆن خۆی له‌ شەڕی درێژخایە‌ن بپارێزێت، یان تەنانەت چۆن بتوانێت بەبێ شەڕ، شارێک بگرێت. لەو بوارەدا فە‌لسە‌فه،‌ یەکێک بووه له‌ بنەماکانی کار و نووسینی ئەو. سوون تزوو، گەورە‌ترین کارناسی کاروباری سەربازی بوو له‌ سەردەمی حوکمڕانیی بنەماڵەی بەهار و پاییز له‌ “چین”.

مامۆستا تزوو به‌ هۆی لێهاتووییی خۆی و کۆکردنەوەی ئەزموونی پێشینانی خۆی له‌ جەنگدا و، لەژێر کاریگەریی فکری یەکەمین فەیلە‌سووفی چین “لائۆ زی” (٦٠٤ – ٥٣١ پ. ز)، که‌ بنیاتنەری فەلسەفەی “تائۆئیزم” واته‌ “ڕێوشوێن”ه‌، هەروەها له‌ سەردە‌می “کۆنفۆشیۆس” (٥٥١-٤٧٩)یشدا ژیاوه‌، توانی “هونەری جەنگ” بنووسێت. ناوبانگی سوون تزوو له‌ کاتی خۆیدا لە‌وەوە‌ دەستی پێ کرد که‌ به‌ لەشکرێکی ٣٠ هە‌زار کەسی، که‌ ئەوکات فەرماندە‌ی گشتیی هێزەکانی پاشا “وۆ” بوو، توانی لە‌شکری ٢٠٠ هەزار کە‌سیی سوپای وڵاتی “چوو” تێک بشکێنێت.

مامۆستا سوون تزوو له‌ مێژووی “چین”دا به‌ “کەسایەتیی پیرۆزی سە‌ربازی” باسی لێوه‌ دەکرێت. تزوو له‌ “هونەری جەنگ”دا، “یاسای گشتی و تاکتیکی سە‌ربازی” گە‌ڵاڵه‌ دەکات. بنەمای کاری سوون تزوو، خوێندنەوه‌ و ناسینه‌. بۆ خوێندنەوە‌ی دوژمن “هێرش بۆ سەر فکرەکانی ببه.” خاڵه‌ لاواز و بەهێزە‌کانی خۆت و دوژمنت بناسه‌، له‌ بنەما سەرەکییەکانی ئە‌م کتێبە‌یه‌، که‌ بەوردی باسیان لێوە‌ دەکات. بۆیه‌ بەڕوونی دە‌ڵێت: “نە‌ناسینی دوژمن و نە‌ناسینی خۆت، دەبێته‌ هۆی شکست له‌ هەر جەنگێکدا.” یان “ئە‌گەر دوژمنە‌کە‌ت باش بناسی، ئە‌وه‌ باش شەڕ دەکه‌یت و تووشی شکست نابیت.” بۆ خۆناسین و ناسینی دوژمن، سوون تزوو ڕوو له‌ بۆچوونەکانی “لائۆ زی” دەکات و، هە‌ر لەسەر بنەمای هزره‌ فە‌لسەفییە‌کانی ئە‌وە‌وه‌، دەچێته‌ ناو ناخی هێزەکانی خۆی و دوژمنە‌کانییەوه‌.

فە‌لسە‌فە‌ی تائۆ، بەتە‌واوی یارمە‌تیدەری “سوون تزوو” بووه‌ بۆ داڕشتنی ستراتیژی و تاکتیکی جە‌نگ؛ ناسینی هاوکێشەکان، داڕشتنی ستراتیژی، دەسپێکردنی جەنگ، ئاکامی جەنگ و له‌ کۆتاییدا، سەرکەوتن بە کە‌مترین تێچوو له‌ مەیدانی جە‌نگدا. بۆیه‌: “داگیرکردنی وڵاتێک بەبێ شەڕ و بەدیلگرتنی دوژمن بەبێ کوشتنی”، به‌ لووتکەی سەرکە‌وتن دادە‌نێت.

“هونە‌ری جە‌نگ” تەنیا باس له‌ ستراتیژی و تاکتیکی جە‌نگ (تاکتیکی ئە‌ڵماسی، تاکتیک بە‌بێ کەموکورتی، وەکوو ئە‌ڵماسی بێغە‌ش) ناکات، بە‌ڵکوو ڕێکوپێکی و دیسیپلینی ئاسنین له‌ کاری ڕۆژانه‌، له‌ “هونە‌ری جە‌نگ”دا بەرچاوه‌. بەشێکی دیکەی ئە‌م کتێبه‌ باس له‌ پە‌یوە‌ندیی گورجوگۆڵی نێوان فەرمانڕە‌وا و فە‌رمانده‌، فە‌رمانده‌ و سوپا دەکات و زۆر گرینگیی پێ دراوه‌. وێدە‌چێت لەژێر تیشکی بۆچوونەکانی “سوون تزوو” سەبارەت به‌ ڕۆڵی فەرمانده‌ له‌ شەڕدا بێت، که‌ “ژۆرژ بێنیامین کلێمانسۆ” (١٨٤١-١٩٢٩) سیاسە‌توانی فەڕەنسی دەڵێت: “جەنگ لەوه‌ گرینگتره‌ که‌ بەدە‌ست سەربازانی بسپێری”، چونکه‌ ستراتیژی دەبێ بە‌رژە‌وە‌ندیی گشتیی وڵات دابین بکات.

بە‌م حاڵە‌وه‌، ئەو دە‌رفە‌تەیشی بۆ فە‌رمانده‌ هێشتۆتە‌وه‌، که‌ بە‌تەواوی ملکەچی فە‌رمانە‌کانی فەرمانڕەوا نە‌بێت. هۆکاری ئە‌مه‌یشی بۆ ئاڵوگۆڕی بە‌ردەوام له‌ ژیاندا گەڕاندۆتەوه‌، که‌ دەبێ فەرمانده‌ بەگوێرە‌ی ئاڵوگۆڕی مەیدانی ڕەفتار بکات. هەر لەبەر ئەوە‌یه‌ مامۆستا تزوو دە‌ڵێت: “له‌ جەنگدا، دوو جار تاکتیکێک بە‌کار مە‌هێنه‌.” چونکه‌ هەر دۆخێك خوێندنە‌وەی تایبە‌ت به‌ خۆی و تاکتیکی گونجاوی دەوێت.

بە‌شی کۆتاییی کتێبەکه‌ پە‌یوە‌ندیی به‌ زانیاریی تایبە‌تە‌وه‌ هە‌یه‌، که‌ ئە‌ویش دەبێت به‌ ڕێگەی سیخوڕانەوه‌ (جۆرەکانی سیخوڕ) مسۆگە‌ر بکرێت، تا بتوانرێت زانیاریی زۆر ورد و جێی متمانه‌ بەدە‌ست بهێنرێت. گەرچی کتێبە‌که‌ ناوی “هونە‌ری جە‌نگ”ه‌، بە‌ڵام له‌ کاروباری بازرگانی و ئابوورییشدا سوود لەم کتێبه‌ وەردەگیرێت.

مرۆڤ، عه‌‌‌قڵ و کە‌رە‌سە‌ی جە‌نگ، تە‌وەری نووسینە‌کە‌ی “مامۆستا تزوو”وه‌. بۆیە ڕاشکاوانە و بوێرانە پێی وایە باشترین ستراتیژی ئەوەیە کە: “شارێک بە‌بێ جە‌نگ و به‌ کە‌مترین تێچوو بگریت.” هە‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ زۆر بەڕوونی دەڵێت: “شەڕکەرێکی لێهاتوو و شارە‌زا له‌ کاروباری سەربازیدا، سەربازەکانی دوژمن بە‌بێ شەڕ ناچار به‌ خۆبەدەستەوە‌دان دە‌کات و بە‌بێ گەمارۆ شارە‌کانیان داگیر دە‌کات و، بەبێ ئە‌وە‌ی حکوومە‌تە‌کانیان تووشی شەڕ بکات (جەنگێکی درێژخایەنی سەربازی) دەیانڕووخێنێت.” زانیاری، خوێندنە‌وه‌، لێکدانە‌وه‌، ناسینی خاڵه‌ لاواز و بەهێزەکانی خۆت و دوژمن، وشیاری، لێبڕاوی و دیسیپلین، ئەو چەمکه‌ گرینگانەن، که‌ سەرکەوتن مسۆگەر دەکەن.

پێویسته‌ ئاماژه‌ بە‌وه‌ بدرێت که‌ له‌ ئێران، کتێبی “هونەری جەنگ” لە‌لایە‌ن چە‌ند کە‌سێكەوه‌ کراوەته‌ فارسی، بەڵام من وە‌رگێڕانەکەی “دکتر محمد هادی مؤذن جامی” به‌ ناوی “آیین و قواعد رزم سوون تزو”م هەڵبژارد. هۆکارە‌کە‌یشی بۆ ئەوە‌ دەگەڕێته‌وه‌‌، که‌ “لە‌گەڵ دە‌قه‌ چینییەکە‌دا بەراوردی کردووه.”

شتێکی تریش که‌ له‌ کارە‌کەی “دکتر محمد هادی”دا سەرنجی منی ڕاکێشا ئەوه‌ بوو، له‌ هەندێک شوێندا بۆ تێگەییشتنی زیاتر له‌ پەیامەکەی “سوون تزوو”، کەڵکی له‌ کاری چە‌ند وەرگێڕێکی ئینگلیزیزمان وە‌رگرتووە‌ و له‌ پە‌راوێزی هە‌ندێک لاپەڕە‌دا نووسیونی. منیش لە‌و شوێنانەی که‌ تووشی ڕستەی قورس و تا ڕاددەیە‌ک ناڕوون دە‌بووم، له‌ وەرگێڕانی تێکستەکەدا پەنام بۆ دەبردن.

ئە‌رکی قورسی بەراوردکردن و پێداچوونە‌ی ئە‌م وە‌رگێڕانه،‌ کاری کاکه‌ “تەحسین تە‌ها بەهائەددین”ه، که‌ به‌ سەرنج و تێبینییه‌ وردە‌کانییە‌وه‌، هاوکارم بوو. بەڵام هە‌ر خۆم بە‌رپرسی کەموکورتییەکانی ئەم وەرگێڕانەم.

کورتەیەک لە چەند بەشی کتێبەکە

بەشی یەکەم

لێکدانەوه و داڕشتنی پلان

 میلیتاریزم [سەربازیگەری] (و شێوازی شەڕکردن)، گرینگییە‌کی ژیانی و فره‌ زۆری بۆ وڵات هە‌یه‌. ئەوه‌ چە‌قی سەرەکیی مە‌رگ و ژیانه‌ و ڕێگە‌یە‌که‌ له‌ نێوان مانەوه‌ و له‌نێوچووندا و، دەبێ به‌وردی تاوتوێ بکرێت تا هیچ شتێک فەرامۆش نە‌کرێت. لەبەر ئە‌وه‌، لەسەر بنە‌مای پێنچ هۆکار، لێکی بدە‌نە‌وه‌.‌ لەسەر بنە‌مای لێکدانە‌وه‌، بەراوردکردن و بارودۆخیان، به‌وردی ئه‌مانه‌ بخوێننە‌وه‌. ئەم هۆکارانه‌ بریتین له: یەکەم: تائۆ (ڕێوشوێن)، دووەم: ئاسمان. سێیەم: زەوی. چوارەم: فەرمانده‌. پێنجەم: یاسا و ڕێسا.

بەشی دووەم

هەڵگیرساندنی جەنگ

دەبێ ئەوه‌ بزانین، که‌ شەڕ به‌ مەرجێك بایه‌خی هه‌یه‌ كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتن كۆتایی بێت، بەڵام ئەگەر کاتی سەرکەوتنه‌كه‌ زۆر درێژه‌ بكێشێ، چەکەکان کول (و بێكه‌ڵك) و سەربازان دڵسارد (و ناڕازی و دواجار بێهیوا و زۆر ماندوو) دەبنەوه‌. (له‌ ئەنجامدا) کاتی هێرش بۆ سەر شار هێزیان نییه‌، یان تووشی شکست دەبن‌. درێژه‌كێشانی جه‌نگ، هیچ سوودێكی نییه بۆ وڵات‌.

بە درێژخایەنبوونی جەنگ و کەمیی سەرچاوەكانی وڵات، کاتێک که‌ چەکەکان لەکار دەکەون و، وره‌ دادەبەزێت و هێزی ئێوە کەم دەبێتەوە و خەزێنه‌ بەتاڵ دەبێت، حوکمڕانانی تری خۆجێیی، دەرفەتەکه‌ دەقۆزنەوه‌ و کەڵک له‌ بێهێزی و تەنگه‌تاویتان وەردەگرن و له‌ دژی ئێوه‌ دەجووڵێنەوه‌. پاشان، هیچ کەسێک، چەنده‌ زانا و عاقڵیش بێت، ناتوانێت ڕێ لەو ئاکام و ئەنجامانەی که‌ دواتر ڕوو دەدەن، بگرێت.

لەبەر ئەوه‌، ئەگەر ئێمه‌ سەبارەت به‌ پەلە و هه‌ڵه‌شه‌ییی ناعاقڵانه‌ له‌ شەڕ شتێکمان بیستبێت‌، بەڵام هەرگیز شایەتی زیرەکی له‌ دواکەوتن و گنخاندنی ئۆپەراسیۆن نەبووینه‌ (واته‌ کردەوەیەکی سەربازی و وشیارانه‌ و لێهاتووانه‌، نابێت زۆر بخایەنێت). بۆیه‌ درێژه‌كێشانی جه‌نگ، هیچ سوودێكی نییه بۆ وڵات‌.

بەشی سێیەم

گەڵاڵه و تەگبیری هێرشبردن

سەد سەرکەوتن له سەد شەڕدا، لووتکەی باڵادەستی و سه‌رتری نییه؛ لووتکەی باڵادەستیی سەربازی، تێکشکاندنی بەرگریی دوژمنه بەبێ شەڕ. بەو هۆیەوه، باشترین و گرینگترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بریتییه‌ له‌ بنبڕکردن (و هێرش بۆ سەر بنەمای جەنگ، یانی) گەڵاڵه و ڕێوشوێن (و ستراتیژیی دوژمن). دوای ئەوه (باشترین شێواز)، دابڕدابڕكردنی هێزەکانی دوژمن و ڕێگەگرتنه له‌ یەکگرتنەوەیان. دوایی، هێرشكردنه‌ بۆ سەر سوپای دوژمن له‌ مەیدانی شەڕدا و، (دواجار خراپترین شێواز)، هێرشبردن و گەمارۆدانی ئەو شارانەیه که‌ كه‌لوو [بورج] و شووره‌ [و چه‌په‌ر]یان هەیه.

 بەشی چوارەم

ڕێکخستن و ئامادەکاری

شەڕکەره لێهاتووەکانی سەردەمی کۆن، كه‌سانێك بوون که نه‌ك تەنیا سەر دەکەوتن، بەڵکوو بەسانایی سەرکەوتنیان مسۆگەر دەکرد، بەڵام ئەوه، نه‌ده‌بووه هۆی ناوبانگیان به ژیری، وشیاری، ئازایه‌تی و بەتوانایی. ئەوان بەبێ هەڵه له شەڕدا سەر دەکەوتن و، بێ شک هەڵەنەکردنیش سەرکەوتنی بەدوادا دێت. هەر لەبەر ئەوه، مانای لێزانی، سەرکەوتنه بەسەر ئەو دوژمنەدا که پێشوه‌خته‌ شكستی هێناوه‌. بۆیه شەڕکەری لێهاتوو، خۆی دەخاته دۆخێکەوه که‌ شکست ببێته مەحاڵ و، دەرفەتێک و چرکەیەکیش بۆ شکستپێهێنانی دوژمن لەکیس نادات.

بۆیه له شەڕدا، فەرماندەیەکی (ستراتیژیست و) براوه‌، تەنیا خوازیاری ئەو شەڕەیه که پێشوه‌خته‌ سەرکەوتنی تێدا مسۆگەر کردووه. بەپێچەوانەوه، کەسێک که پێشوه‌خته‌ شکستی هەڵبژاردووه، سەرەتا شەڕ دەکات و دواتر به‌ دوای سه‌ركه‌وتندا وێڵ ده‌بێت.




زەینەب خان – کچە کورد

ناوی کتێب: ديوانی زەینەب خان – کچە کورد (١٩٠٠-١٩٦٣)

ئامادەکردنی: حيکمەت حەمید مەلا ڕەئووفەفەندی خادم سوجادە

پێشەکی و پێداچوونەوە و ڕێکخستن: عەبدوڵڵا زەنگەنە

پێنووس

ئەو ديوانەی لێرەدا باسی دەکەین ديوانێکی شيعری ئاسایی نییە؛ بەرهەمێکی هزری نیشتمانی و نەتەوەیییە، پێش ئەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی بێت. ئەم ديوانە لە لایەن زەینەب خانی کچی مەلا ڕەئووفەفەندی مەحموودەفەندی خادم سوجادەوە نووسراوە، پێش زیاتر لە نیو سەدەیە. ئەم ئافرەتە لە ساڵی ١٩٠٠ لە کۆیە لەدایك بووە و لە قەڵای هەولێر زۆربەی ژیانی بەسەربردووە و خێزانی کەسێکی ناوداری شاری هەولێر بووە؛ هەر لە هەولێریش لە ساڵی ١٩٦٣ کۆچی دوایی کردووە. خوشکی گەورە و بەخێوکەری شاعيری گەورەی گەلەکەمان “دڵدار”ە، کە ئەم لە ساڵی ١٩١٨ لەدایك بووە وخاوەنی دەقی سروودی نیشتمانیی “ئەی ڕەقیب”ە. بنەماڵەیەکی ئەوەندە ڕۆشنبيربوونە، باوکیان لە ساڵی ١٩٠٦ زەینەبی کچی بە تەمەنی (٦) ساڵییەوە ناردووە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لە قوتابخانەی ڕوشدییەی کچان بخوێنێت.

ئەم ئافرەتە ڕۆشنبيرە چەندین زمانی زانیوە، لە سەردەمێکدا کەم پیاو هەبووە خوێندەوار و زمانزان بووبێت. زەینەب خان بۆتە قوتابخانەیەك بۆ دڵداری شاعير. لە خوێندنەوەی ئەم ديوانە، بۆمان دەردەکەوێت سەرچاوەی بيری دڵداری مەزن لە کوێوە هەڵقووڵاوە. هەر دڵدار خۆی دەڵێت: “زرووفی ئەوساکەی عائیلەوی، مامۆستای هەرە گەورەم بووە، هەروەها سوڵتەی دایکم و خوشکی لە خۆ گەورەترم، مورشیدم بوون.” دەڵێن “لە دوای هەر پياوێکی مەزن، ئافرەتێك هەیە”؛ دڵدار خێزانی پێكنەهێنابووو لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا جوانەمەرگ بوو؛ پێمان واییە زەینەبی “کچە کورد” وخوشکە گەورەی لە پشتی بووە.

ئەم ديوانە شيعرە، چەندین ساڵە ونبوو ئەمدەست و ئەودەستی دەکرد و نەگەیشتبوو بەر ديدی خوێنەری کورد. دوای دەیان ساڵ، بە هەوڵ و هیممەتی نووسەر “عەبدوڵڵا زەنگەنە” و بنەماڵەی ئەم خانمە بەڕێزە، ئەم بەرهەمە ساغکرایەوە و نەفەوتا و بڵاوکرایەوە. ئەم خانمە ڕۆشنبيرە توانیویەتی چەندین دەقی خۆی لە گۆڤاری گەلاوێژ لەژێر نازناوی “کچە کورد” به‌ چاپ بگه‌یه‌نێت. دەقه‌ شيعرییەکانی ئەوەندە نیشتمانپەروەرانە بووە، خانەوادەکەی لە ترسی حکوومەتە سەرکوتکەرەکانی عێراق نەیاندەتوانی بڵاوی بکەنەوە.

خوێندنەوەی ئەم ديوانە شيعرە سەرسامت دەکات. پرسیارت لا دروست دەکات چۆن ئافرەتێکی کورد لە کونجێکدا کە خەریکی ماڵ و منداڵی خۆی بووە لە ساڵی ١٩٤٠ شيعری بۆ “سەربەخۆییی کوردستان” نووسیوە. بۆ کەرکوك لە ساڵی ١٩٥٠ هەڵبەستێکی نووسیوە؛ بۆ کۆچی شێخ مەحموودی حەفيد لە ساڵی ١٩٥٦ هۆزانێکی پڕ لە سۆزی نووسیوه‌؛ بۆگەڕانەوەی  بارزانیی نەمر لە ساڵی ١٩٥٨ بە جوانترین دەقی شيعری بەخێرهاتنەوەی دەکات.

 لە ساڵی ١٩٣٢”بە فيدای نيشتمان بم”ی داڕشتووە و، بێ دوودڵی دەڵێت “کورد ميللەتێکی خاوەن عيزەتە – هەقی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێ – خەياڵیان خاوە دوژمنانی کورد – کورد هەر دەمێنێ وقەت نابڕێتەوە- ئەگەر بمانکەن بە چەند پارچەی تر – وەدەرمان بنێن بۆ ديوی مۆسکۆ-پشتيوان بە خوا وبەهێزی ميللەت – ئەم کوردستانە یەك دەگرێتەوە.”

ئێمە لێرەدا شيکارییەکی ئەدەبی و زمانەوانی ناکەین، بەڵام ئەو زمانەی ئەم ئافرەتە بەکاریهێناوە زمانێکی کوردیی یەكجار پاراو بووە؛ لە هاوشانەکانی پيرەمێرد و فایەق بێکەس و گۆران کەمتر نەبووە.

ديوانەکەی کە چاپکراوە، لە (١٩٠) پارچەشيعری کورت و درێژ و(٢٧) چوارين و (١٠) پارچەشيعری بۆ منداڵان پێکهاتووە. زۆربەی زۆری شيعرەکان مۆرکێکی نيشتمانپەروەری و سياسیی پێوە ديارە و، هەندێکیان ئایينی و ڕۆحانین و هەندێكیان بۆ کۆچی کەسانی خۆشەویستی خۆی و ناسراو داڕێژراون.  کۆتاییی ئەم ديوانە، چەندین وێنە و یادگاریی مێژووی خانەوادەی “دڵدار” و “زەینەب خان” لەخۆ دەگرێت.

شيعرەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠-١٩٦٣ بڵاو کراونەتەوە. گومانی تێدا نییە کە چەندین دەقی شیعریی تری فەوتا بێت یان هێشتا نەدۆزرابێتەوە. ئەم کتێبە لە (٣٣٦) لاپەڕە پێک هاتووە؛ ئێمە تەنیا لێرەدا هەندێكی کەم لە دەقە شيعرییەکانی دەخەینە ڕووی خوێنەر. ئەمانەی خوارەوە تەنیا چەند نموونەیەکن. لەبەر کەمیی پانتاییی نووسینمان، شيعرەکانیش هەندێکیان پارچە دەکەین:

یەکەم نموونە: لە “زەنگی تێکوشان” لە ساڵی ١٩٤٧، سۆزێکی لەڕاددەبەدەر دەردەبڕێت بۆ پێشمەرگە و کوردستان. منداڵ و هاوسەرگيریی خۆی لەو پێناوەدا بە لاوە دەنێت و دەنووسێت:

کوڕ و کچی کوردەواری، گوڵشەنی مێرگی وڵاتن

لە خەبات و تێکۆشانا، خوایە بۆنیان هەردەم خۆش بێ

هەتا مردن، قەت نەبيستم، شکستی هێزی پێشمەرگە

نیشانەی شەهيدبوونیانە، ئەو بەرگەی بە خوێن سوورپۆش بێ

چ شەرەفێکی گەورەیە، مردن لە ڕێی ئازادییا

کەسێ نییە، حاڵی نەبێ، مەگە بێفام و بێهۆش بێ

هەردەبێ بيستێنینەوە، خاکی زەوت و داگيرکراو

سەربەخستی قەت نایەتەدی، بەو کەسەی، سەری لە کۆش بێ

“زەینەب” بڕۆ چەك  هەڵگرە، شان بە شانی براکانت

منداڵ و شوو بە لاوە نێ، وڵات نابێ فەرامۆش بێ

دووەم نموونە: بە وشە جوان و کوردییەکەی، وێنەیەکی کوردایەتیی تێکۆشان دەکێشێت لە شيعری “سڵاو بێ سڵاو”. ئەم شيعرە لە ساڵی ١٩٣٩، هەر دەڵێی لە ڕۆژێ ئەمڕۆ نووسراوە:

سڵاو بێ لەو لاوانەی کورد، خاوەن بيری ئينسانی بێ

دەستێکی کتێب و قەڵەم، دەستێکی چەکی شانی بێ

کوورەی ئاگر، نەیسووتێنێ و ئەبەد بە ئاگر نەڵێ ئۆف

بەرەو لووتکە، چيا ببڕی و بە هەورازی زریان و ئۆف

بۆ ڕزگاریی قەومی کوردان، پەنجەی لەسەر سێرەی تفەنگ

بە شەو و ڕۆژی بەپێوە بێ، بۆ هەر لەحزە، ئامادەی جەنگ

سڵاو بێ لە لاوانی کورد، لاوانی ئازا و کۆڵنەدەر

لاوانی مەرد و بەجەرگ و نيشانەشكێنی تێکۆشەر

ئەوانەی ڕۆحيان دەبەخشن، تا کوردستان سەربەرز بێ

وەکوو نەتەوەی ئاریایی، کورد نموونەی سەر ئەرز بێ

“زەینەب” ببە، بەو پێڵاوەی لە پێی دەکەن بۆ ڕێی خەبات

ئەوانە نووری چاوی تۆن، کوردستانت دەدەن نەجات

سێیەم نموونە: شاعيرێکی دانسقەیە، هەستی بە ئازارەکانی کورد کردووە. ئەوەتا لە پێناوی کوردایەتی و کوردەواریدا،سڵی نەکردۆتەوە وئينگليزی بە داگيرکەر شوبهاندووە؛ لە ساڵی ١٩٢٨ ناونیشانی هۆزانەکەی “ئينگليزی داگيرکەر”ە. لە ساڵی ١٩٤٣ شيعرێکی نووسییەوە لەسەر “دەمکوژێ خەمی کورد”؛ یان لە ساڵی (١٩٤٧) باسی خۆخۆری و پارچەپارچەیی کورد دەکات لە هەڵبەستی “ئازاین بەڵام…”.چەند ڕۆژێك پێش مردنی بە شێرپەنجە لە ساڵی ١٩٦٣، بۆ “کوردی بێکەس” دەنووسێت. کەم کەس هەبووە لەو چەرخەدا بيری لە “کوردبوون” کردۆتەوە، کە هەڵبەستێکی تری شاعيرە لە ساڵی ١٩٤٦ نووسراوە. لە ساڵی ١٩٤٣ بۆ “ئاڵای کوردستان” بەم شێوەی هۆنيوەتەوە:

ئەو کوردستانەی بە خوێنی کوردان

ناڵەی گەیشتە عەرشی يەزدان

قبووڵی ناکا ديلی و ژێردەستی

گيانی دەبەخشێ لە ڕێی سەربەستی

ڕەوڕەوەی مێژوو چەندە پێش کەوێ

ئەو کوردستانە ئازادیی دەوێ

خاکی بەپيت وبەرەکەت وجوان

نەوت کانزایە بۆ خۆشیی ژیان

کەچی کوردستان خۆی لێی بێبەشە

ئازادیی ئێمە زەوت کراوە

ئەو مافەی  خودا بە ئێمەی داوە

لەوەتەی هەینە دەچەوسێینەوە

وەکوو ئەم مۆمەین قەت ناکوژێینەوە

باوەڕمان بە خودا وقودرەتی گەلە

دوژمن دەچێتە مێژووی مەزبەلە

ڕۆژێ دەبینین ئاڵای کوردستان

دەشەکێتەوە لە هەیبەت سوڵتان

چوارەم نموونە: هەڵبەستڤانێکی ئافرەت، هزرێکی ژنانە و نیشتمانپەروەرانەی هەبووە، دەگمەنە لەو سەردەمەدا نموونەی وەکوو زەینەب خان بدۆزينەوە. بەرپرسانە و نەبەردانە باسی لە پرسی ئافرەت کردووە کە دەگمەنە ئافرەتێک بەو شێوەیە تێکۆشابێت نەك لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو جیهان، لە سەردەمێکدا ژیاوە لە زۆربەی زۆری وڵاتانی ديموکراسی ژنان مافی دەنگدانیشیان لە هەڵبژاردنەکاندا نەبووە. یەكێكە لەو ژنانەی کە سڵی نەکردۆتەوە کە شان بە شانی براکانی لە پێناوی وڵاتەکەی تێ بکۆشێت. چەندین شيعری بۆ کچ و ژنی کورد تەرخان کردووە. لە ساڵی ١٩٣٠ پەیامێك بۆ “ژنانی مەرد” دەنێرێت:

ئەگەر دەتەوێ، گوڵی عومرت بم

خەمی نیشتمان، بخە سەرشانت

جێژوانی، چيا و چۆڵم ئی تۆ بێ

تفەنگ هەڵبڕە بۆ کوردستانت

ئەو کوردستانەی لە هەر چوار پارچە

بە چەقۆی دوژمن، لەتلەت کراوە

خەون و ئازادی ومافی ژیانمان

بێ دەستی خۆمان لە گۆڕ نراوە

دەبێ مشورێ بۆ حاڵمان بخۆین

دەست  لەناودەست ومردن بۆ ژیان

بە زەبری دوژمن، نابێ بڵێین ئۆف

چۆڕاوگەی خوێنمان بڕوا لە زيندان

چ گەمژەیەکە، دەڵێ بە تەنیا

هەر بەرخی نێرە بۆ سەربڕینە

ئەگەر مێ نەبێ، نێر لە کوێ دەبێ؟

ئەسڵی ئەم قسە، پڕ لە برينە

ژن شەوق و نووری، ئەم دونیایەیە

بەبێ ژن دونیا تاريك وچۆڵە

ئەوەی حورمەتی دایکی خۆی نەگرێ

یان خوشک و هاوسەر، بێگومان زۆڵە

ژن هەتاوێکە، ڕووناکی ئەدا

بە ئێرەو ئەوێ، بە هەموو زەمین

ئەگەر گەورەییی دڵی ژن نەبێ

بۆ مەرگی پیاوان، کێ دەگێڕێ شین

پێنجەم نموونە: “کچە کورد”ی شاعير خۆشەویستییەکی ڕاددەبەدەری بۆ سروشت و شار و گوندەکانی کوردستان هەبووە و، نموونەیەکی زۆر جوان لە پێکەوەژیانی ئایینی باس دەکات، لە “هەرمۆتە”ی گەڕەکی کريستیاننشینی کۆیە و لە ساڵی ١٩٣٠ دەنووسێت:

ئەگەر هەرمۆتە نەبێ، بەهار نایە لە کۆیە

بۆ کەنیسەی وێ دەڕۆین، هەم ئی من و ئی تۆیە

کچان بۆ بەزم و سەیران، دێن و دەسووڕێنەوە

هەموو بۆ بەختی خۆیان، لە خوا دەپاڕێنەوە

چەندە خۆشە هەرمۆتە، لە سەیران و بەهاری

هەموو یەك خانەوادەین، لە خاکی کوردەواری

شەشەم نموونە: زەحمەتە لێرەدا، هەموو کتێبەکە بخەینە ڕوو، بەڵام بێ گومان چەندین هەڵبەستی بەهێزی تری تێدا هەیە کە نەماتوانیوە بيخەینە پێش خوێنەران. پێشنيار دەکەین چەندین لەو هەڵبەستانە بخرێنە ناو وانەکانی خوێندنی قوتابیانی کورد و، هەندێکیان شایەنی ئەوەن بکرێنە سروودی نیشتمانی و، ئاوازی شياوی بۆ دابنرێت. لە کۆتاییدا دەڵێین، ئەم ئافرەتە هۆزانڤانە دەڵێی لە شيعری “ئەمڕۆ و بەیانی”دا داهاتووی کوردی خوێندۆتەوە، کە لە ساڵی ١٩٤٦نووسيویەتی. ئێمە لێرەدا دەیخەینە پێش خوێنەرانی ئازیز:

بەفيڕۆ مەدە گەنجی ئەو عومرە

پێشینان دەڵێن: بۆ ژیان بمرە

ئەم کوردەوارییەی ساڵەهای ساڵە

خەمی ورگیەتی ومێشکی بەتاڵە

ئەمڕۆکەم هەبێ شوکر و سابيرم

دەخۆم ودەنووم خۆم پاشا و ميرم

بير لە داهاتووو سبەينێ ناکا

بۆ سەربەخۆیی شۆڕش بەرپاکا

دەڵێ قەدەر ونەسيب وەهایە

هەرچی ڕوودەدا وا داندرایە

ئەگەر قەدەریش بيکا بە دەوڵەت

ئيتیفاق نەبن، دەبن بە دوو لەت

بەعزێ لەشکری دوژمن دەهێنن

هەتاکوو پشتی یەکتر بشکێنن

خيانەت نابڕێ لە خوێنی کوردان

بۆیە قەت نابنە هەتاوی ئاسمان

کێ دێ ئەم سيحرە بۆ من بەتاڵ کا

برا کە خوێنی برا حەڵاڵ کا؟!

|

شوێن و مێژووی بڵاوبوونەوە: هەولێر – ٢٠١٨- چاپخانەی ڕۆژهەڵات




پایە و بنەماکانی سیاسەتی گشتی

ناوی کتێب: پایە و بنەماکانی سیاسەتی گشتی

نووسینی: دکتر حه‌میدڕه‌زا مه‌لیك محه‌مه‌دی، مامۆستای زانستە سیاسییه‌كانی زانکۆی تاران

وەرگێڕانی: محەمەد کەریمخان، زانستگەڕی زانستە سیاسییه‌كانی زانکۆی تاران

بابەت: سیاسەتی گشتی، بەرنامەدانانی سیاسی

پوختەی كتێب

سیاسەتی گشتی، چوارچێوەی ژیانی ئێمە لەناو کۆمەڵگه‌دا دیاری دەکات؛ بۆیه پێویستە بەوردی کۆڵینەوەی بۆ بکرێت. لێرەدا ئەو زانستەی کە ئەم ئەرکەی لە ئەستۆ گرتووە، زانستی سیاسەتی گشتییە. لەناو ئەم زانستەدا دونیای سیاسەتەکان لە پێش لەدایکبوونیان و تا دوای نەمانیشیان دەدرێنە بەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە. ئەم سیاسەتانە لە لایەن دەوڵەت و دامەزراوە گشتییه‌ نادەوڵەتییه‌كانه‌وه‌ لە بوارە جۆراوجۆرەکان دانراون تاکوو ژیان شێوەی ئاسایی و ڕووەو پێشەوەی هەبێ، کێشە نەیێتە پێش کارکردەکانی ژیان و ئەگەر هاتە پێشیش بەئاسانی و بەبێ تێچووی زۆر چارە بکرێن. لەم كتێبەدا هەوڵمان داوە تاکوو پایە و چەمکە سەرەکییه‌كانی ئەم زانستە لەناو قاڵبی نووسینێک بەپێی ستانداردەکانی دەقی زانکۆیی پێشکەش بە خوێنەرانی تایبەتی و گشتی بکەین.

گرینگیی كتێبه‌كه‌

كتێبی بەردەست، زانستی سیاسەتدانانی گشتیی بە زمانێكی سادە و بە نموونەی بەرچاو ڕوون كردۆتەوە. سیاسەتە گشتییەكان كە کۆی ژیانی ئێمەیان لەناو كۆمەڵگه‌دا دەورە داوە، دەبێ بە قەڵەمێكی زانستی بنكۆڵ بكرێن. هەڵدانەوە و لێكدانەوەی ئەم كارە. پێویستی بە زانستی سیاسەتداڕشتن هەیە. ئەم زانستە سەروبنی سیاسەتەكان شی دەكاتەوە؛ لە ڕاستیدا زانستێكە پەیوەندیی بە دەوڵەت و دامەزراوە نادەوڵەتییه‌ گشتییه‌كانی كۆمەڵگه‌وە هەیە. ئەم كتێبە هەستاوە بە كۆكردنەوەی بنەماكانی ئەم زانستە بە شێوەیەكی پۆلێنبەندكراو بۆ كه‌سانی ئه‌كادیمی.

گرینگیی ئەم كتێبە بۆ زمانی كوردی لەوەدایە کە ڕەنگە بەشێک بێ لە هەڵبەستنی بناوانی جۆگەی سیاسەتی گشتی لە كوردستان. گرینگیی دیکەی لەوەدایە کە سیاسەتی گشتی لە وڵاتانی پێشكەوتوو و وڵاتانی هاوشێوەی كوردستان بە نموونە دێنێتەوە. واتا نموونەی ئایدیه‌ڵ و سەركەوتوو نیشان دەدات و نموونەی بەراوردكاریی لەجێ لە گەڵ وڵاتێكی دراوسێ دێنێتەوە. بۆ نموونە ئه‌مریكا و ئینگلیز وەك ئەوپەڕی سەركەوتووانی سیاسەتی گشتی و ئێران وەك وڵاتێكی هاوشێوە و تا ڕاددەیەک وێچوو لە ڕووی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی – فەرهەنگی لەگەڵ دۆخی گشتیی كوردستان بۆ كاری بەراوردكاری بە گرینگ زانراوە. بەو هیوایەی ئەم زانستە لە کوردستاندا بپشکوێ و پێش کەوێ و بەشی سیاسەتی گشتی و ئاییندەتوێژی، بە لێکۆڵینەوەکانیان هاوکاری دەوڵەتمەداران بن بۆ ئەوەی کارەکان بە شێوەیەکی زانستی و هەموولابینی بچنە پێش.

خوێنەرانی ئەم كتێبە

خوێنەرانی سەرەكیی ئەم وانانە خوێندكارانی بەكالۆریۆسی زانكۆكانن كە لە بەشەكانیان وانەی سیاسەتی گشتی دەگوترێتەوە. هەروەها ئەم كتێبە بۆ خوێندكارانی قۆناغەكانی سەرەوەتریش بۆ دووبارە خوێندنەوە و پۆلینكردنی بابەتەكان بەسوودە. هەروەها ئەم كتێبە بۆ دەوڵەتمەداران و بەرپرسانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان بەکەڵکە و پێویستە.

بەشەکان

پێكهاتەی ئەم كتێبە پێك دێت لە سێ بەشی سەرەكی كە بریتین لە بنچینەكانی سیاسەتی گشتی، پێداچوونەوە بە هەندێ بەشی سیاسەتی گشتی و، لە كۆتاییدا ئاسۆی داهاتوو و سیاسەتی گشتی دەدرێتە بەر باس و، هەر بەشێك بەپێی ناونیشانی خۆی چەند تەوەرێكی تێدایە. بەشی یەكەم پێك دێت لە حەوت تەوەر: تەوەری یەكەم، لە سرشتی سیاسەتی گشتی و بنچینە سەرەكییەكان دەكۆڵێتەوە. لەم بابەتە­دا چەرخەی سیاسەتەكان و قۆناغە جۆراوجۆرەكان دەدرێنە بەر باس و، دواتر هەر یەك لە قۆناغەكانی چەرخە دەبنە دەستمایەی بەشەكانی دیکە. بە جۆرێك كە لە تەوەری دوەم، دەستووری كاری سیاسەتدانان؛ تەوەری سێیەم، ڕێكخستنی سیاسەتەكان؛ تەوەری چوارەم، جێبەجێكردنی سیاسەتەكان؛ تەوەری پێنجەم هەڵسەنگاندنی سیاسەتەكان؛ تەوەری شەشەم، گۆڕینی سیاسەتەكان؛ تەوەری حەوتەم، كۆتاییی سیاسەتەكان شرۆڤە دەكرێن.

بەشی دووەمی كتێبه‌كه‌، پێداچوونەوەیەكە بۆ هەندێک بەشی گرینگی سیاسەتی گشتی. لەم بەشەدا هەوڵ دەدرێت خوێندكاران لەگەڵ بەشە سەرەكییەكانی سیاسەتی گشتی ئاشنا بن. گونجاندنی تەوەرەكان و هێنانی نموونەی خۆماڵی لەم بەشەدا، بابەتەكان بە شێوەیەكی هەستپێكراو دەداتە بەر دەستی ئارەزوومەندان. بە جۆرێك، تەوەری هەشتەم بۆ لێكوڵینەوەی سیاسەتی فێركاری؛ تەوەری نۆیەم، بۆ سیاسەتی تاوانی؛ تەوەری دەیەم، بۆ سیاسەتی ژینگەیی؛ تەوەری یازدەیەم، بۆ سیاسەتی خۆشگوزەرانی و تەوەری دوازدەیەم بۆ سیاسەتی ئابووری تەرخان كراوە.

 لە بەشی سێیەمدا، سەرنج دەدرێتە بەشی تەواوكاری لەژێر ناونیشانی داهاتووبینی و سیاسەتی گشتی. تەوەرەكانی ئەم بەشە بریتین لە سیاسەتتوێژی (توێژینه‌وه‌ له‌ سیاسه‌ت)، توێژینەوەکانی سیاسەتی لەناو مەیدانی كار و توانامەندكردنی زانستگەڕانی سیاسەتی گشتی.

پۆلێنبەندیی ئەم كتێبە بۆ سێ بەش و تەوەرە پەیوەندارەكان، یەكێكن لە تایبەتمەندییەكانی ئەم كتێبە كە بۆ فێركاری شیاوە. هەر تەوەرێك پێك دێت لە هەندێ شتی گرینگ و نموونەی سەرنجڕاكێش كە لەناو چوارچێوەیەك دانراون. هەروەها، لەناو هەر بابەتێكدا باسگەلێك لەژێر ناوی “بۆ باسكردن لەسەر پۆل” دیاری كراون كە بە ڕێنوێنیی وانەبێژان بە مەبەستی ئاشنابوونی ڕەهەندە جۆربەجۆرەكان و تێراوكردنی باسەكان بابەتێك لەناو پۆلدا دەپێژرێت. لە كۆتاییدا، دانانی بەشی دواییی كتێب كە تایبەتە بە توێژینەوەی سیاسەتی، داهێنانێكە كە گرینگی، جۆر و كارابوونی لێكۆڵینەوەكان فێری خوێندكاران دەكات.




ڕیشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكتاتۆری و دیموكراسی

(ڕۆڵی ده‌ره‌به‌گ و جووتیار له‌ بنیاتنانی جیهانی مۆدێرندا)

Social Origins of Dictatorship and Democracy: Lord and Peasant in the Making of the Modern World

برینگتۆن مۆڕ (Barrington Moore: 1913-2005 )

په‌رتووكی ڕیشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكتاتۆری و دیموكراسی كه‌ له ‌لایه‌ن “برینگتۆن مۆر”، كۆمه‌ڵناسی سیاسیی به‌ناوبانگی ئه‌مریكا، نووسراوه‌، هه‌ر له‌ كاتی یه‌كه‌م وه‌شانی خۆی له‌ ساڵی 1966 تاوه‌كوو ئێستاكه‌، به‌ هۆی جۆراوجۆره‌وه‌ گرنگی و نفووزێكی زۆری له‌نێو زانا و لێكۆڵه‌رانی زانسته ‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌یدا كردووه‌. ئه‌م په‌رتووكه‌ به‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ میتۆدی كۆمه‌ڵناسیی به‌راوردكاری-مێژوویی، به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ڕیشه‌ مێژوویییه‌كانی بارودۆخی سیاسیی جیهانی سه‌رده‌مدایه‌ و، چۆنێتیی گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ریتی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی ده‌خاته‌ به‌ر باس و لێكدانه‌وه‌‌.

ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌م په‌رتووكه‌ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ جۆراوجۆره‌كانی په‌ره‌پێدان و نوێبوونه‌وه‌ و، هه‌روه‌ها یاساكانی وه‌رچه‌رخانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی جیهان‌. بەڵام له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ڕۆڵی‌ ڕێبه‌ر و ڕژێمه‌ سیاسییه‌ تایبه‌ته‌كان بۆ په‌ره‌پێدان و نوێبوونه‌وه‌ و وه‌رچه‌رخان چیتر گرنگیی پێشوویان نامێنێت. به‌ بڕوای “برینگتۆن مۆر” ئه‌گه‌ر ڕوودانی شۆڕشێك په‌نجا ساڵیش وه‌پاش بكه‌وێت زۆر گرنگ نییه‌، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ناوبراوه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێگه‌ و شێوازی مۆدێرنیزاسیۆن و ده‌رهاوێشته‌ و ئاكامه‌ درێژخایه‌نه‌كانییه‌تی.

تیۆریی “مۆر”، له‌گه‌ڵ دوو ده‌سته‌ له‌ تیۆرییه‌كانی زاڵ و باوی سه‌رده‌مدا ناكۆكیی هه‌یه‌. ئه‌م دوو ده‌سته‌یه‌یش بریتین له‌ تیۆرییه‌كانی نیۆماركسیزم ده‌رباره‌ی په‌ره‌پێدان و دواكه‌وتوویی و تیۆرییه‌كانی په‌ره‌پێدانی هێڵی له‌نێو تیۆریسییه‌نه‌ ڕۆژاوایییه‌كاندا. به‌ ئاگاداربوون و چاوپێداخشاندنێك به‌م تیۆرییانه‌، باشتر ده‌توانین له‌ به‌ڵگه‌كانی “مۆر” تێ بگه‌ین. “مۆر” هۆكاره‌ ناوخۆیییه‌كانی په‌ره‌پێدان و دوواكه‌وتوویی، به‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م ڕه‌وشه‌ ده‌زانێت. هه‌روه‌ها “مۆر” پێكهاته‌ جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریی وڵاتان و ڕیشه‌ و ئاكامه‌ جۆراوجۆر و جیاوازه‌كانیان ده‌خاته‌ به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه‌. به‌تایبه‌ت شێوازه‌كانی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئابووریی چینه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان له ‌لایه‌ن چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، به‌ یه‌كێك له‌ ڕێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌ستنیشانكه‌ری مۆدێرنیزاسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تی  ده‌زانێت. به‌م پێیه‌ هه‌رچه‌نده‌ “مۆر” گرنگیی زۆر به‌ هۆكاره‌ ناوخۆیییه‌كانی په‌ره‌پێدان و نوێبوونه‌وه‌ ده‌دات، به‌ڵام هۆكاره‌كانی ده‌ستنیشانكه‌ر و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌‌، له‌ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریدا ده‌دۆزێته‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌ی “ماركس ڤیبه‌ر” و لایه‌نگرانی تیۆرییه‌كانی ناوبراو، هۆكاره‌ كه‌لتوورییه‌كان به‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هۆكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌زانێت؛ چونكه‌ “ڤیبه‌ر” لانی كه‌م یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ده‌ستنیشانكه‌ری سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌پێدانی سه‌رمایه‌داری له‌ ڕۆژاوا، له‌ پێكهاته‌ی بڕوایی و ئه‌خلاقیی ئایینی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌دۆزێته‌وه‌.

“مۆر” ده‌رباره‌ی ڕێگه‌ و شێواز و ئاكامه‌كانی مۆدێرنیزاسیۆن، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ تیۆریسییه‌نه‌كانی هاوچه‌رخدا ناكۆكه‌. “مۆر” ده‌یه‌وێ بڵێ كه‌ مێژووی چه‌ند سه‌ده‌ی دوایی، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ سێ ڕێگه‌ی گشتی بۆ مۆدێرنیزاسیۆن له‌ ئارادان‌: یه‌كه‌م شێواز، ڕێگه‌ی مۆدێرنیزاسیۆنی دیموكراتیك و سه‌رمایه‌دارانه‌ بووه‌. له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نوێ بوونه‌ته‌وه،‌ چینێكی نوێ به‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی ئابووری له‌ چینی ده‌سه‌ڵاتداری نه‌ریتی سه‌ری هه‌ڵدا و دروست بوو و، توانیی له ‌ڕێگه‌ی شۆڕشەوە‌ به‌شێك له‌و چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌ناو ببات، وه‌كوو: بریتانیا و فه‌ڕه‌نسا.

 دووه‌مین شێوازی مۆدێرنیزاسیۆنی وڵاتان له‌ ڕێگه‌ی شۆڕشی پارێزگارانه‌وه‌ بووه‌، كه له‌‌ ئه‌ڵمانیا و ژاپۆن ڕووی دا. له‌م شێوازه‌دا چینی سه‌رمایه‌داری بازرگان و پیشه‌ساز به‌ هۆی لاوازیی خۆی، ناچار بوو بۆ مۆدێرنیزاسیۆنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی نه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا، له‌گه‌ڵ چینی خاوه‌ن زه‌وی، هاوپه‌یمانی و هاوبه‌ندییه‌ك پێك بێنێت. بنه‌مای سه‌ره‌كیی ئه‌م شیوازه‌، پێكهێنانی به‌ره‌ و هاوپه‌یمانێتییه‌ له‌ نێوان ئه‌م دوو چینه‌دا‌؛ به‌ڵام ئه‌م شێوازه‌یش ڕێگه‌یه‌كی سه‌رمایه‌دارانه‌یه‌ و، له‌ كۆتاییشدا گه‌یشته‌ سه‌رهه‌ڵدانی فاشیزم و نازیزم.

ڕێگه‌ی سێیه‌می مۆدێرنیزاسیۆن له‌ ڕوانگه‌ی “مۆر”ه‌وه‌، شێوازی مۆدێرنیزاسیۆنی كۆمۆنیستییه‌. ئه‌م شێوازه‌ له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا ڕووی دا، كه‌ چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیان نه‌یانتوانیوه‌ مۆدێرنیزاسیۆنی پیشه‌سازی، له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خوا‌ره‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن. هه‌روه‌ها بیرۆكراسیی ده‌وڵه‌تییش ڕێگه‌ی له‌ گه‌شه‌كردنی گرووپه‌ بازرگان و پیشه‌سازییه‌كان گرتبوو. له‌ ئاكامدا چینی ناوه‌ڕاست گه‌شه‌ی نه‌سه‌ند تاوه‌كوو لانی كه‌م به ‌شێوازی ڕێگه‌ی دووه‌می مۆدێرنیزاسیۆن له‌گه‌ڵ ئه‌ریستۆكرات و خانه‌دانه‌ خاوه‌ن زه‌وییه‌كان هاوپه‌یمانێتییه‌‌ك پێك بێنێت. له‌ ڕوانگه‌ی “مۆر”ه‌وه‌، بۆ په‌ره‌پێدان و مۆدێرنیزاسیۆنی پیشه‌سازی، تێپه‌ڕین له‌ یه‌كێك له‌م سێ ڕێگه‌یه‌ به‌ ناچاری بووه‌ و بێجگه‌ له‌م سێ ڕێگه‌یه‌یش ڕێگه‌یه‌كی تر بۆ گۆڕانگاری و مۆدێرنیزاسیۆنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ئارادا نییه‌ و بوونی نییه‌. هه‌موو ئه‌م شێوازانه‌یش بۆ دۆزینه‌وه‌ی چۆنییەتی كه‌ڵه‌كه‌بوون و هەروەها به‌كارهێنانی زیاده‌ی ئابووریی و سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌.

به‌گشتی ئامانجی ئه‌م په‌رتووكه،‌ ڕوونكردنه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ سیاسییه‌كانی چینه‌ خاوه‌ن زه‌ویی و جووتیاره‌كانە له‌ نوێبوونه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ كه‌ ئابوورییان له‌سه‌ر بنه‌مای كشتوكاڵییه‌. له‌ ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه‌، پرسی سه‌ره‌كیی ئه‌م په‌رتووكه،‌ دۆزینه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی چۆنێتیی كاریگه‌ریی ئه‌م چینانه‌یه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی دیموكراسیی په‌رله‌مانی و، هه‌روه‌ها دیكتاتۆریی‌ چه‌پ و ڕاسته‌كانه ‌(واتا فاشیزم و كۆمۆنیزم).

ئه‌م په‌رتووكه‌ به‌سه‌ر سێ به‌شی سه‌ره‌كی و نۆ باسدا دابه‌ش كراوه‌، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:

به‌شی یه‌كه‌م: تیۆری

باسی یه‌كه‌م: ڕێگه‌ی مۆدێرنیزاسیۆنی دیموكراتیك

باسی دووه‌م: شۆڕش له ‌سه‌ره‌وه‌ و ڕێگه‌ی مۆدێرنیزاسیۆنی فاشیستی

باسی سێیه‌م: شۆڕشی جووتیاری و ڕێگه‌ی مۆدێرنیزاسیۆنی كۆمۆنیستی

به‌شی دووه‌م: ڕیشه‌ شۆڕشگێڕانه‌كانی دیموكراسیی سه‌رمایه‌داری

باسی چواره‌م: بریتانیا و ڕۆڵی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی دیموكراسی

  1. ڕۆڵی ئه‌ریستۆكراته‌كان له‌ دروستبوونی كشتوكاڵی بازرگانی
  2. ڕیشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ زه‌وی له‌ جه‌نگی ناوخۆییدا
  3. بزووتنه‌وه‌ی “دیوارهه‌ڵچنین” و له‌ناوچوونی چینی جووتیار
  4. سه‌ركه‌وتنی سه‌رمایه‌داری و حكوومه‌تی ئه‌ریستۆكراته‌كان

باسی پێنجه‌م: وه‌رچه‌خان و گۆڕانگاریی قۆناغ به‌ قۆناغ و شۆڕش له‌ فه‌ڕه‌نسا

  1. جیاوازییه‌كانی ڕێگه‌ی په‌ره‌پێدانی فه‌ڕه‌نسا و بریتانیا و هۆكاره‌كانی
  2. كاردانه‌وه‌ی ئه‌ریستۆكراته‌كان به‌ شێوازی كشتوكاڵی بازرگانی
  3. په‌یوه‌ندییه‌ چینایه‌تییه‌كان له‌ سه‌رده‌می ئیستیبدادی پاشایه‌تیدا
  4. هێرشی ئه‌ریستۆكراته‌كان و ڕووخانی ئیستیبداد
  5. ڕادیكاڵیزمی جووتیاری له‌ سه‌رده‌می شۆڕشدا
  6. بزووتنه‌وه‌ی جووتیاران له‌ دژی شۆڕش
  7. ده‌رهاوێشته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌رده‌می تیرۆری شۆڕش
  8. پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان

باسی شه‌شه‌م: جه‌نگی ناوخۆی ئه‌مریكا یاخود دوایین شۆڕشی سه‌رمایه‌داری

  1. ئایا له‌ نێوان كێلگه‌ كشتوكاڵییه‌ بازرگانییه‌كان و كارگه‌ پیشه‌سازییه‌كاندا پێكدادان حه‌تمی و ناچاری بوو؟!

2- كێشه‌ و گرفتی سێ ڕه‌هه‌ندی په‌ره‌پێدانی سه‌رمایه‌داری له‌ ئه‌مریكا

3- شیكردنه‌وه‌ی ڕیشه‌كانی جه‌نگی ناوخۆ

  1. شكستی حه‌زه‌ شۆڕشگێڕانه‌كان له‌ جه‌نگی ناوخۆدا
  2. واتا و چه‌مكی جه‌نگی ناوخۆ

به‌شی سێیه‌م: سێ ڕێگه‌ی مۆدێرنیزاسیۆن له‌ ئاسیادا

باسی حه‌وته‌م: لاوازبوون و ڕووخانی ئیمپراتۆرییه‌تی چین و، ڕیشه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی شێوازی مۆدێرنیزاسیۆنی كۆمۆنیستی

  1. سیسته‌می ئیمپراتۆڕی و چینه‌ باڵاكان له‌ چین
  2. ڕۆڵی ئه‌ریستۆكراته‌كان له‌ بازرگانیدا
  3. لاوازی و بێتواناییی ئه‌ریستۆكراته‌كان له‌ چوون به‌ره‌و كشتوكاڵی بازرگانی
  4. ڕووخانی سیسته‌می ئیمپراتۆری و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕخوازه‌كان
  5. سه‌رده‌می كۆمینتانگ و واتاكه‌ی

6- جووتیاران و شۆڕش

باسی هه‌شته‌م: ژاپۆن و فاشیزمی ئاسیایی

  1. شۆڕش له‌ سه‌ره‌وه‌: كاردانه‌وه‌ی چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ كۆن و نوێیه‌كان
  2. هۆكاری سه‌رهه‌ڵنه‌دانی شۆڕشی جووتیاری
  3. سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی میجی ده‌رباره‌ی كۆتاییهێنان به‌ پرسی زه‌وی و زار: خاوه‌ن زه‌وییه‌ نوێیه‌كان و سه‌رمایه‌داری
  4. ئاكام و ده‌رهاوێشته‌ سیاسییه‌كان: سروشتی فاشیزمی ژاپۆن

باسی نۆیه‌م: هیندستان و دیموكراسیی ئاسیایی

  1. په‌یوه‌ندیی هیندستان به‌ پرسی مۆدێرنیزاسیۆنه‌وه‌
  2. هیندستان له ‌سه‌رده‌می مه‌غۆله‌كان و، به‌ربه‌سته‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی دیموكراسی له‌و وڵاته‌دا
  3. پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی لادێیی و به‌ربه‌سته‌كانی شۆڕشی جووتیاری
  4. گۆڕانكارییه‌كانی هه‌ڵقووڵاو له‌ ده‌سه‌ڵاتداریی بریتانییه‌كان تاوه‌كوو ساڵی 1857
  5. سه‌رده‌می سه‌قامگیری و ئارامیی بریتانی: له‌ 1857 تاوه‌كوو 1947 یاخود به‌هه‌شتی خاوه‌ن زه‌وییه‌كان!

6- په‌یوه‌ندیی بورژوازی له‌گه‌ڵ جووتیاره‌كان له‌ ڕێگه‌ی سیاسه‌تی ناتوندوتیژییه‌وه‌

  1. شیكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی توندوتیژیی جووتیاری
  2. سه‌ربه‌خۆیی: وه‌رچه‌رخان و گۆڕانكاریی ئاشتییانه و، نرخ و به‌ها‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌

پاشكۆ: تێگه‌یشتن و دركی شۆڕشگێڕی و پاشڤه‌ڕۆخوازانه‌ (كۆنه‌خوازانه‌)

ناونیشانی په‌رتووك:

Barrington, Moore, (1966). Social Origins of Dictatorship and Democracy: Lord and Peasant in the Making of the Modern World, Beacon Press, Boston. ISBN0-8070-5073-3.

به‌شێك له‌و چه‌مك و واتا نوێیه‌ گرنگانه‌ی كه‌ له‌م په‌رتووكه‌ و له ‌لایه‌ن برینگتۆن مۆڕه‌وه‌ به‌كار هاتووه‌:

شۆڕشی پارێزگارانه‌ له ‌سه‌ره‌وه‌ڕا: (conservative revolution from above)

ده‌سته‌بژێره‌ خاوه‌ن زه‌وییه‌كان: (landed elite)

خاوه‌ن زه‌وییه‌ سه‌رمایه‌داره‌كان: ( capitalist-landlords)

سه‌رمایه‌داریی دیموکراتیک: ( democratic capitalism)

 كۆیله‌داریی كشتوكاڵی: (plantation slavery)

سیسته‌می كۆن:  (ancient regime)

فه‌زیله‌ته‌ جووتیارییه‌كان: ( peasant virtues)

خانه‌دان یاخود ئه‌ریستۆكرات: ( aristocratic )

بۆ دابه‌زاندنی په‌رتووكه‌كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی:

https://ia801700.us.archive.org/27/items/freeyace_gmail_077/077.pdf

بۆ دابه‌زاندنی په‌رتووكه‌كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی:

http://polisci2.ucsd.edu/foundation/04Moore1966.pdf

به‌رهه‌مه‌كانی نووسه‌ر:

  • Soviet Politics – The Dilemma of Power: The Role of Ideas in Social Change, Harvard University Press, Cambridge, 1950.
  • Terror and Progress, USSR: Some Sources of Change and Stability in the Soviet Dictatorship, Harvard University Press, Cambridge, 1954.
  • Political Power and Social Theory: Six Studies, Harvard University Press, Cambridge, 1958. Erweiterte Ausgabe: Political Power and Social Theory: Seven Studies, Harper & Row, New York, 1965.
  • Barrington Moore, Jr., Robert Paul Wolff, Herbert Marcuse: A Critique of Pure Tolerance, Beacon Press, Boston, 1965.
  • Social Origins of Dictatorship and Democracy: Lord and Peasant in the Making of the Modern World, Beacon Press, Boston, 1966. ISBN 0-8070-5073-3.
  • Reflection of the Causes of Human Misery and on Certain Proposals to Eliminate Them, Beacon Press, Boston, 1972.
  • Injustice: The Social Bases of Obedience and Revolt, M.E. Sharpe, White Plains, NY, 1978. ISBN 0-333-24783-3.
  • Privacy: Studies in Social and Cultural History, M.E. Sharpe, Armonk, NY, 1983.
  • Authority and Inequality under Capitalism and Socialism (Tanner Lectures on Human Values), Clarendon Press, Oxford, 1987.
  • Moral Aspects of Economic Growth, and Other Essays (The Wilder House Series in Politics, History, and Culture), Cornell University Press, Ithaca, NY, 1993.ISBN 0-8014-3376-2
  • Moral Purity and Persecution in History, Princeton University Press, Princeton, NJ, 2000. ISBN 0-691-04920-3.

 




نیشتمانسازی؛ خەرمانی دەسكەوتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان- عێراق (1992-2018)

كتێب: نیشتمانسازی؛ خەرمانی دەسكەوتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان-عێراق (1992-2018)، پرۆژەی سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیای پارتی
ئامادەكردنی: د. حوسامەددین عەلی مەجید و پەرویز ڕەحیم قادر
چاپچانە: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، 2018.

پێنووس 26, 09, 2018
یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی هەرێمی كوردستان تاوەكوو ئێستا، بەردەستنەبوونی زانیاری و ئاماری ورد و باوەرپێكراو بووە لە كەرت و سێكتەرە جۆراوجۆرەكانی حكوومەت. گرنگیی ئەم بابەتەیش هەر لە پرسی شەفافییەت و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی تاوەكوو پلاندانان بۆ پەرەپێدان و گەشە لە بوارە خزمەتگوزاری و ژێرخانە پیشەسازی و ئابوورییەكان و بەم پێیەیش ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەم بوارانەدا لەخۆ دەگرێت. خستنەڕووی ئەم بەرهەمە هەوڵێكی جددییە بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشایییە لە هەرێمی كوردستان. بۆیە ئەم كتێبە یارمەتیدەری هاووڵاتیان لە ئاگابوونیان بە پەرەسەندن و پێشكەوتنەكان و، هەروەها پاڵپشتیی سیاسەتداڕیژەران و توێژەران دەدات بۆ هەماهەنگیی نێوان كەرتە جۆراوجۆرەكان و دەستنیشانكردنی لاوازی و كەموكورییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، بەم پێیەیش پێداچوونەوە بە خاڵە لاوازەكان و بەهێزكردن و بەره‌وپێشبردنی كەرتە بەهێزەكان بۆ گەشەپێدانی ئابووری و پەرەپێدان لە هەموو سێكتەرەكاندا. لێرەدا هەوڵ دەدەین پوختەیەك لە ئامانج و ئایدیای ئامادەكاران لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ پێشەكی و ناوەرۆكی ئەم بەرهەمە گرنگ و پێویستە بۆ كوردستان بخەینە ڕوو.
لە پێشەكیی كتێبەكەدا هاتووە: حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 لە لایەن ئەنجومەنی نیشتیمانیی کوردستانه‌وه‌ دامەزراوە. ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ یەکەمین پەرلەمانی هەڵبژێردراو بووە بە شێوەیەکی دیموکراتی لە کوردستان و عێراق لە دوای دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین، بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە توندوتیژیيەکانی ڕژێمی بەعسی شۆڤینیى عێراق لە ساڵی 1991. حكوومەتی هەرێمی کوردستان شارەزایی و لێهاتووییی لە ماوەی کابینە یەک لە دوای یەکەکانيدا بەدەست هێناوە، بەتایبەتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003دا. دوو ئيداره‌ی جیای حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2006دا یەکیان گرته‌وه‌ بۆ پێکهێنانی کابینەی پێنجەم، کە سەرۆکوەزیرانی ئێستا، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی ڕابەرایەتیی دەکرد. کابینەی پێنجەم ڕێگەخۆشکەری چەندین پرۆژە و سیاسەتی بێهاوتا بووه،‌ کە پێشتر بوونیان نەبووه‌ وەک: دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی، گرتنه‌به‌رى سياسه‌تێكى ده‌ستپێشخه‌رانه‌ له‌ بوارى نه‌وت و گازدا، بنیاتنانەوەی ژێرخانی هەرێم، هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بانگهێشتكردنی سەرمایە و وەبەر‌هێنانی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ پڕۆژەکانی ئابووری، دارايى و گەشتوگوزار.
کابینەی شەشەم، حەوتەم و هەشتەم (سەرەڕای قەیرانی ئابووری و بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی بەغداوە و جەنگی دژی داعش) چەندین دەستکەوتی ستراتیژييان بەدەست هێناوە، کە گرنگترینیان پەرەپێدانی چەندین کەرتی ناوخۆن‌ وەك: نیشتەجێبوون، خوێندنی باڵا، پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز و گەشەی خێرای وەبەر‌هێنانی دەرەکی. کابینەکانی پێشوو چەندین پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و خزمەتگوزاريیە سەرەتایییەکانيان بۆ هاووڵاتیان فەراهەم كردوون وه‌ك: دابینکردنی بڕێكى باشى کارەبا، پەرەپێدانی ژێرخان و چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و پەروەردە، بەرزبوونەوەی بێوێنەى بەشی داهاتی تاکەکەس لە بەرهەمی خۆماڵيی گشتی و گەشەسەندنی ئاستی بژێوی ژیانى كوردستانيان.
هەروەها ئامادەكارانی ئەم كتێبە دەڵێن: ئامانجی ئەم كتێبە لە خستنەڕووی ئەم ئامار و زانیاریيانە ئەوەیە كە لە لایەك هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ڕاست و دروستی پلان و هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن كه‌ له‌ بوارى ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا هه‌ڵێنراونه‌ته‌وه‌. سەرباری ئەوەیش، گرنگیی ئەو ئامار و زانیاریيانە ئەوەیە بە بەراوردێكی ساكار و سادە لە نێوان ئامار و زانیاریی ساڵەكانی دروستبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاكوو ساڵی 2003، پاشان له‌ 2003‌وه‌ تا ئێستا، ئاستی ستەم و بێبەشكردنی گەلی كوردستان لە ڕابردوو بخرێتە ڕوو و، نیشان بدرێت كە له‌ سايه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا چ پێشكەوتن و گەشەسەندن و پەرەپێدانێكی پێوانەیی له بوار و كەرتە جۆراوجۆرەكانی ژیانی هاووڵاتیاندا و لە مەوادیەكی زەمەنیی كورتدا ڕووی داوه ‌و بە چ شێوەیەك وێنە و سیمای ژیانی گشتی و تایبەتیی كوردستانى گۆڕیوە.
پرۆژەی ئەم كتێبە كە لە لایەن “سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەكادیمیای پارتی” ئامادە كراوە، بە “میتۆدی بەراوردكاری” هەوڵی داوە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992 تاوەكوو ساڵی 2018، لە كەرتە جیاجیاكاندا بەراوردێك لە نێوان ئەم كەرتانە لەگەڵ پێش دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پاشان گەشەسەندنە جۆراوجۆرەكان بەپێی ئامار و زانیارییەكان بخاتە ڕوو. بۆ ئەم مەبەستە دوو مامۆستای زانستە سیاسییەكان و ئامادەكارانی ئەم كتێبە (د. حیسامه‌دین عه‌لی گلی و پەرویز ڕەحیم قادر) هەوڵیان داوە كە پێشكەوتنەكان لە ڕێگەی خستنەڕووی ئامار و زانیارییەكانی هەرێمی كوردستان بەراورد بكەن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و، هەروەها پێوەر و ستاندارە نێودەوڵەتی و جیهانییەكان بۆ كەرتە جۆراوجۆرە خزمەتگوزارییەكان، وەكوو پیشەسازی و كشتوكاڵ و پەروەرەدە و تەندروستی و ڕۆشنبیری و ئاوەدانكردنەوە و شارەوانی و گەشتوگوزار و هتد. لێرەدا بەكورتی پوختەیەك لە دوو نموونە لە سێكتەرەكانی ئەم كتێبە لە كەرتی پەروەردە و تەندروستی دەخەینە ڕوو.
یەكەم: كەرتی پەروەردە
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌گوێره‌ی یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 1992ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی هه‌رێمی كوردستان دروست بووه‌. له‌ ساڵانی ڕابردوو، ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ چه‌ندین هه‌نگاوی گەورەی ‌له‌ بواری به‌ره‌وپێشبردنی په‌روه‌رده ‌و فێركردن ناوه. بۆ نموونە، كاری سه‌ره‌كیی هه‌ر دوو كابینه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بریتی بووه‌ له‌ به‌رده‌وامبوونی خوێندن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستانى دوای كێشانه‌وه‌ی ده‌زگه‌ ئیدارییه‌كانی ڕژێمی به‌عس له ساڵی 1991؛ به‌ڵام كاری هه‌ر دوو كابینه‌ی سێیه‌م و چواره‌م به‌ هه‌ر دوو ئیداره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، بریتی بووه‌ له‌ ڕه‌خساندنی هه‌لی خوێندن بۆ هه‌موو منداڵێكى‌ هه‌رێمی كوردستان، هەروەها‌ گرنگیدان به‌ هه‌ر دوو پرۆژه‌ی خوێندنی ته‌وزیمی و نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری. له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی پێنجه‌مدا كاری سه‌ره‌كيی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده،‌ گۆڕانكارى بوو له‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و فێركردندا؛ گۆڕانكارى بوو له‌ پرۆگرامی خوێندن. له‌ كۆتاییی ساڵی 2009دا كە كابینه‌ی شه‌شه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى تێدا ده‌ستبه‌كار بوو، كاری سه‌ره‌كيی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بریتی بوو له‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ گۆڕانكاریى سیسته‌م و پرۆگرامی خوێندن و دانانی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ په‌روه‌رده‌ و فێركردن و ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكوڕییه‌كانی بواری په‌روه‌رده‌ و هه‌ڵمه‌تی نیشتمانی بۆ دروستكردنی بینای قوتابخانه‌ و گرنگیدان به‌ بواری خوێندنی پیشه‌یی.‌ له‌ كابینه‌ی حه‌وته‌می هه‌رێمی كوردستاندا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دڵنیاییی جۆریی خوێندنی كرده‌ دروشمی سەرەكیی خۆی و، چه‌ندین هه‌نگاوی گرنگی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندن نا‌يه‌وه‌. لێرەوە چەند نموونەیەك لە ئامار و زانیارییەكانی كەرتی پەروەردە بە مەبەستی بەراوردكردنی پێشكەوتنەكان لەم كەرتەدا دەخەینە ڕوو.
لە ساڵی 1991دا ژمارەی مامۆستايان لە قۆناغی بنەڕەتی و دواناوەندی (21,389) مامۆستا بوو، بەڵام ئەم ژمارەیە له‌ ساڵی خوێندنی 2003-2004دا گەیشتە (44,956) مامۆستا و، پاشان ساڵی 2016 ژمارەی مامۆستایان بووه‌ (126,112). ئەم ئامارە دەربڕی ئەوەیە كە پەرەپێدان لە كەرتی پەروەردە و فێركردن، يه‌كێ بووه‌ له‌و كه‌رتانه‌ى كه‌ جێگەی بایەخی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە.
هەروەها ژمارەی بینای قوتابخانە لە نێوان ساڵانی 1991-1992دا لە هەرێمی كوردستان (842) قوتابخانە بووە، بەڵام له‌ ساڵی 2003- 2004دا بە شێوەیەكی زۆر بەرچاو بەرز دەبێتەوە بۆ (2,972) قوتابخانە. پاشان بەرزترین ژمارەی دروستكردنی بینای قوتابخانە لە كوردستان تۆمار دەكرێت كە لە ساڵی خوێندنی 2015-2016دا بووە و، ژماره‌يان بووه‌ به‌ (5,275) قوتابخانە. جا ئەگەر ئەم ئامارانه لەگەڵ پارێزگه‌كانی تری عێراقدا بەراورد بكەین، دەبینین ئامارەكانی ڕاپۆرتی گەشەپێدانی مرۆییی وەزارەتی پلاندانانی عێراق كه له ساڵی 2014 دەرچووە، قووڵاییی قەیرانی پەروەردەی عێراق نمایش دەكات:
• پارێزگه‌كانی عێراق پێويستيان به (3762) قوتابخانه هه‌يه‌.
• دوو دەوامى و سێ‌ دەوامى له (7111) قوتابخانه‌دا هه‌يه‌.
• (791) قوتابخانه به قوڕ دروست كراون. ئه‌مه‌یش مشتومڕێكی ئێگجار زۆری‌ لەسەر ئاستی سیاسی و ڕاگەیاندن و وەزارەتی پەروەرده خۆى ناوه‌ته‌وه‌.
• زیادبوونی ڕێژەی ئه‌و قوتابخانانه‌ى كه به‌كه‌ڵكى خوێندن نايه‌ن و گونجاو نين بە هۆی خراپی و نيمچه‌داته‌پينى بيناكانيانه‌وه‌ و، ژماره‌يان له ساڵی خوێندنی 2010- 2011دا (1972) قوتابخانه بووه‌.
بۆ شیكردنەوەی ئەم قەیرانه قووڵەی پەروەردەی عێراق، دەكرێت ئاماژە بۆ بەشە بوودجەی ساڵانەی پەروەرده و خوێندن بكه‌ين كه‌ له (4%) تێپەڕ ناكات له تێكڕای بوودجەی گشتيى عێراق لە دوای ساڵی 2003وه، بەرانبەر به گرنگیدانێكی ئێكجار زۆر به هەر دوو كەرتی “بەرگری” و “ئاسایشی ناوخۆ” كه بەشە بوودجەكەيان دەگاته زیاتر له (50%) له بوودجەی گشتيى ساڵانەی عێراق. هەروەها دەكرێت بڵێین كە زیادبوونی بەشە بوودجەی خوێندن و پەروەرده له عێراق دوای ساڵی 2003، كاریگەرییەكی ئه‌وتۆی لەسەر باشتركردنی جۆر و ئاستی خوێندن بە بەراورد لەگەل جۆر و ئاستی خوێندن پێش ساڵی 2003 نەبووە، بەڵكوو دواكەوتنی عێراق خێراتر بووە؛ چونكه بەشه بوودجەی پەروەردە خۆى بە شێوەیەكی كارا و زانايانه بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكانی پەروەرده و خوێندن بەپێی ستراتیژیی بەروەرده‌ و خوێندنى حكوومەتی عێراق بەكار نه‌هێنراوه ‌و ناهێنرێت.
دووەم: كەرتی تەندروستی
ئامانجی سەرەكیی ئەم كەرتە‌، پێشکه‌شکردنی چاودێريی ته‌ندروستی و شیکردنه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروستی و بڵاوکردنه‌وه‌ی هۆشیاریی ته‌ندروستی و ژینگه‌یی و دابینکردنی ده‌رمان و پێداویستییه‌کان و ئامێره‌کانی پزیشکيی پێویسته،‌ بۆ پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزاريی ته‌ندروستی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی زانستيی کارمه‌ندان له‌ که‌رتی ته‌ندروستی و په‌ره‌پێدانی خوێندنی پزیشکی و ته‌ندروستی و هاندانی توێژینه‌وه‌ی زانستی.
سیسته‌می ته‌ندروستی پشت به‌ ته‌ندروستيی سه‌ره‌تایی ده‌به‌ستێت وه‌کوو بنکه‌یه‌کی سه‌ره‌کی و، خزمه‌تگوزاريی ته‌ندروستی دابین ده‌کات و پێداویستیی تاک و کۆمه‌ڵ به‌گوێره‌ى ستانداردى ته‌ندروستيی جیهانی و به‌پێی توانا ئاماده‌ ده‌کات، له‌ ڕێگه‌ی به‌رده‌وامبوون له‌ پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزاريی ته‌ندروستييه‌وه‌ بۆ هه‌موو ئاستێک (یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌م) به‌ جۆرێکی به‌رز و کارکردنی به‌ شێوازی ته‌واوکاری له ‌نێوان هه‌ر دوو که‌رتی گشتی و تایبه‌تدا.
لەم بوارەدا، بەپێی داتا و ئامارەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و بە هۆی باشتربوونی بارودۆخی سیاسی و ئاسایش و ئابووری و خوشگوزەرانیی خەڵك لە پاش ساڵی 2003وە لە هەرێمی كوردستان، ڕێژەی هیوا بە ژیان كە یەكێكە لە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی خوشگوزەرانی و پێشكەوتنی هه‌ر وڵاتێك بەرز بۆتەوە، بۆ نموونە لە ساڵی 2009دا لە هەرێمی كوردستان تێكرای ته‌مه‌ن (74.2) ساڵ بووه‌، بەڵام پێشبینی دەكرێت له‌ ساڵى 2020دا بەرز بێتەوە و بگاتە (75.4) ساڵ بۆ هەر دوو ڕەگەزى نێر و مێ. سەرەڕای ئەوەیش تێبینی دەكرێت بەرزبوونەوەی هیوا به‌ ژیان بۆ ڕەگەزی مێینە، كه‌ له‌ 2009دا (75.5) ساڵ بووه‌، له‌ 2020دا ببێته‌ (76.8) ساڵ. هه‌رچى ڕەگەزی نێرینەيه‌، تێبینی دەكرێت كە بەرزبوونەوەی پێشبینیی ژیان كه‌ 72.8 ساڵ بووه‌ له‌ 2009دا، بگاتە (73.9) ساڵ له‌ 2020دا. له‌ بەرانبەردا، دەبینین نیشاندەر (ئيندێكس)ەكانی بارودۆخی كۆمەڵگه‌ی عێراق به گشتی كەمترن به بەراورد لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا. بۆ نموونه، دەبینین له عێراق تێكڕای پێشبینیی ژیان (69) ساڵ بووه‌ له ساڵى 2011دا.
پێشكەوتنە تەندروستییەكان و هەڵمەتەكانی كوتان و پلانگه‌لى تەندروستی وایان كردووه،‌ ژمارەی لەدایكبووان بە بەراورد بە ژمارەى مناڵانی لەبارچوو ئێكجار به‌رز بێته‌وه‌؛ هەروا ڕێژەی ژیان و مانەوەی مناڵان بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا بگاتە بەرزترین ئاست. بۆ نموونە لە ساڵی 2010دا كۆی لەدایكبووانی منداڵانی تەندروست و ساغ لە هەرێمی كوردستان (138,393) منداڵ بووە، بەڵام (20,383) منداڵ بەنادروستی لەدایك بوون و مردوون یاخود نەژیاون. هەروەها پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2020 كۆی لەدایكبووان بەدروستی و بەزیندوویی بگاتە (148,169) منداڵ و، كۆی منداڵانی مردوو بگاتە (23,921) منداڵ. كەواتە پێشبینی دەكرێت كۆی لەدایكبووان (6) جار زیاتر بێت لە منداڵە مردووەكان. ئەم پێشاندەرە دەرخەری بەرزبوونەوەی پێوانەییی پێشكەوتنەكانە لە بواری چەندایەتی و چۆنایەتيی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستاندا كە كاریگەريی لەسەر هەموو بوار و كەرتەكانی دیكەدا دەبێت. بۆ نموونە، لە كۆی هه‌ر 1000 منداڵى تازه‌ له‌دايكبوودا، ژماره‌ى منداڵى نادروست و مردوو لەسەر ئاستی جیهانییشدا ده‌وروبه‌رى (40)ه‌، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەم ژماره‌يه‌ (28)ه. بەڵام لە عێراق ژماره‌ى مردنی منداڵ دەگاته (32)، هەرچەنده مردنی منداڵ لەنێو منداڵه تازە لەدایكبووەكاندا له (37 بۆ 32) منداڵ دابەزيوه‌ له هەر (1000) منداڵێكی تازە لەدایكبوو له نێوان ساڵانی (2007- 2011)دا.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نێوان ساڵانی 1991 تا ساڵی 2017 گرنگیی تایبەتی بە كەرتی تەندروستی لە هەر دوو بواری تایبەت و گشتی داوە. دەكرێت لەم بوارەدا بەراوردێكی بەرچاو لە نێوان ساڵی 1991 و ئێستادا بكرێت. بۆ نموونە ژمارەی نەخۆشخانەكان، ساڵی 1991، (26) نەخۆشخانە بووە، بەڵام لە ساڵی 2017دا ئەم ژمارەیە بۆ (76) نەخۆشخانە زیادی كردووە. ژمارەی بنكه‌ ته‌ندروستييه‌كان (PHCs) لە ساڵی 1991دا،‌ (178) بنكه‌ بووه ‌و بۆ (961) بنكه‌ بەرز بۆتەوە. ژمارەی قەرەوێڵەی نەخۆشخانەكان لە ساڵی 1991دا (3731) قه‌ره‌وێڵه‌ بووە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2017دا دەگاتە (7805) قەرەوێڵە. لە لایەكی ترەوە، ژمارەی قه‌ره‌وێڵه‌كانی كەرتی تایبەت (15) قه‌ره‌وێڵه‌ بووە لە ساڵی 1991دا، لە كاتێكدا له‌ 2017دا بووه‌ به‌ (1158) قه‌ره‌وێڵه‌. سەرباری ئەوەیش، ژمارەی ژووری نەشتەرگەری، لە (45) ژووری نەشتەرگەرییه‌وه‌ بۆ (240) ژووری نەشتەرگەری زیادی كردووە. هەروەها ساڵى 1991 ژماره‌ی پزیشكان (826) پزیشك بووه‌ و، له‌ 2017دا بووه‌ته‌ (6693) پزیشك. بێجگە لەمانەیش ژمارەی پزیشكەكانی ددان لە ساڵی 1991دا (144) پزیشك بوون، بەڵام لە ساڵی 2017دا ئەم ژمارەیە بۆ (1701) پزیشكی ددان بەرز بۆتەوە. لە هەمان كاتدا ژمارەی دەرمانسازەكان لە ساڵی 1991دا (48) بووە، بەڵام ساڵی 2017 ژمارەی دەرمانسازەكان بووه‌ته‌ (1035). جێگەی ئاماژەیە كە تاوەكوو ساڵی 1991 لە هەموو كوردستاندا تەنیا (1) نەخۆشخانەی 15 قه‌ره‌وێڵه‌ییی تایبەت هەبووه‌، بەڵام ساڵی 2018 ژمارەی نەخۆشخانە تایبەتییەكان لە هه‌رێمى كوردستاندا، بووه‌ به‌ (49) نەخۆشخانە.
سەبارەت بە نەخۆشخانە و سەنتەرە پسپۆرییەكان دەتوانین ئاماری گەشەكردنێكی سەرنجراكێش و جۆری بخەینە ڕوو؛ بەم واتایەى كە لە ساڵی 1991دا لە هەرێمی كوردستان هیچ سەنتەرێكی پسپۆری بوونی نەبووە، بەڵام ساڵی 2018 ئەم سەنتەرە پسپۆڕییانە ژمارەیان بەم شێوەیەیە: بۆ نموونە سەنتەرەكانی “چاندنی گورچیلە” و “سەنتەری شێرپەنجە” و “سەنتەری تەلاسیمیا” و “سەنتەری نەخۆشییەكانی شەكرە” و “سەنتەری شیانەوە” و “نەخۆشخانەی دەروونی” و “سەنتەری دڵ” لە پارێزگه‌كانی هەرێمی كوردستاندا دامه‌زراون و به‌سه‌ريه‌كه‌وه‌ ژماره‌يان دەكاتە (21) سەنتەری پزیشكيی پسپۆریی حكوومی یاخود گشتی. لە لایەكی ترەوە، لە ساڵی 1991دا هیچ سەنتەرێكی نا-حكوومی لە كوردستاندا نەبووە، بەڵام ساڵی 2018 ژمارەی سەنتەرە تایبەتەكان بووه‌ته‌ (68) سەنتەر.