1

سێبەری درۆنەکان و تەڵەی 16 دۆلارەکە: شیکاریی ئاڵۆزییە دارایی و ئەمنییەكانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکوومەتی فیدراڵ لە کەرتی نەوتی کوردستاندا

نووسینی: د. بێستون محه‌مه‌د*

 

  1. پێشەکی و ڕوانگەی گشتی

لە ساڵی 2026دا، بەدیاریكراویش لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەكانی كەنداوی فارسی/ عەرەبییەوە، دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی ئێجگار هەستیار و ئاڵۆزەوە کە تێیدا ڕەهەندە ئەمنییە مەیدانییەکان و هاوکێشە ماتماتیکییە دارایییەکان بە شێوازێکی پێشبینینەكراو تێکەڵ بوون. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر بڕیاری دادگه‌ی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس (ICC) و ڕاگرتنی هەناردەکردنی فەرمیی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆڕیی سەرەکیی کوردستان–تورکیا بەرەو بەندەری جەیهان، هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەیانتوانیوە دەرچەیەکی کۆتایی و جێگیر و قەناعەتپێكراو بۆ هەموو لایەنەكانی ناو هاوكێشەكە بدۆزنەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، نوێنەرایەتیی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان (IOCs) كە گرێبەستیان هەیە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕان، پشكنین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە نزیكەی 10 كێڵگەی چالاكی نەوت لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندان جار بەیاننامە و کۆمەڵێک مەرجیان ئاڕاستەی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لە بەغدا کردووە، وەک مەرجی بنەڕەتی بۆ گەڕانەوە بۆهەناردەکردنەوەی نەوت بە بڕی زۆر و بە خستنە گەڕی هەموو تواناكانیان.

کێشەی سەرەکی و چەقی ئەم ئاڵۆزییە بریتییە لە دژیەكییە توندەكانی نێوان واقعی زانستی و لۆژیكی لە لایەك و ئامانج و تێڕوانینی یاسایی و داراییی بەغدا لە لایەک، لە پەراوێزی ئەو شكڵە واقعی و ئابوورییەی تایبەتمەندییەكانی گرێبەستەكان بۆ پەیوەندیی نێوان کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان و حكوومەت لە کوردستان دروستیان كردووە. بەغدا، لە ڕێگەی یاسای بوودجەی سێ ساڵەی عێراق و هەموارەکانییەوە، تێڕوانینێکی ناوەندیی ڕەق پەیڕه‌و دەکات کە تێیدا تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی، بە بڕی جێگیری ١٦ دۆلار دیاری کردووە. لە بەرامبەردا، کۆمپانیا بیانییەکان لەژێر چەتری گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێناندا (Production Sharing Contracts – PSC)  کار دەکەن، کە تێیدا مۆدێلی دارایی لەسەر بنەمای داینامیکی و فاکتەری ڕێژەیی داڕێژراوە، نەک نرخێکی جێگیری سەپێنراو. ئەم بەریەککەوتنەی ئەم دوو مۆدێلە جیاوازە، جیاوازییەکی قووڵی لە تێگەیشتن لە چەمکی قازانج و شایستە دارایییەکان دروست کردووە؛ بە شێوازێک کە نرخە خەمڵێنراوەکەی بەغدا بەتەواوی مۆدێلی ئابووریی کۆمپانیاکان دەهاڕێت و، قازانجیان نەک هەر کەم بۆتەوە بەڵکوو ڕەنگە لە ئێستادا و لەدوای تێپەڕبوونی چەند مانگێك بەسەر ئەم ڕێككەوتنەی ساڵی ڕابردوو، كۆمپانیاكان هەست بكەن كەوتوونەتە ناو تەڵەیەكی زیانی داراییی بەردەوامەوە.

جگە لەلایەنە ئابوورییەکە، ڕەهەندی ئەمنی هاتووەتە سەر هێڵ و هاوکێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. کۆمپانیاکان لە ئێستادا ناتوانن کارمەند و ئەندازیارە بیانییەکانیان بخەنە ژێر مەترسییەوە، کاتێک دەبینن دامەزراوە نەوتییەکان جاروبار دەبنە ئامانجی گرژییە هەرێمایەتییەکان. لەبەر ئەم هۆکارانە، گریمانەی بنەڕەتیی ئەم لێکۆڵینەوەیە (Research Hypothesis) لەسەر ئەوە دادەمەزرێت کە تەنیا هەموارکردنی دەقە یاسایییەکانی بوودجە بە شێوازێکی ڕووکەش و زارەکی لەلایەن بەغداوە نابێتە هۆکاری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی بڕی واقعییانەی نەوت، چونکە تا ئەو کاتەی پاراستنی فیزیکیی کێڵگەکان لە مەترسییە درۆنی و مووشەکییەکان زامن نەکرێت و، میکانیزمێکی ماتماتیکیی داینامیکی بۆ ناسینی تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان لەجیاتی تەڵەی 16 دۆلارەکە جێگیر نەکرێت و، کێشەی قەرزە کەڵەکەبووە یەک ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلارییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت، بەتایبەت كۆمپایایەكی وەک DNOی نەرویجی چارەسەر نەکرێت، بۆڕیی نەوتی کوردستان-تورکیا وەک هێڵێکی نیوەوشک و نیوەبەتاڵ دەمێنێتەوە و ئابووریی گشتیی عێراق و هەرێم لە بەدەستهێنانی داهاتی نرخە بەرزەکانی نەوتی جیهانی بێبەش دەبن.

  1. تەوەری یەکەم: سێ ڕەهەندە مەرجدارەکەی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ دەستپێکردنەوە

بەگشتی، بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەوەستاوە، بەڵام زۆر كەم بۆتەوە و هەندێك كێڵگە بەرهەمهێنانی تەواو لاواز بووە. کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان (IOCs) کە لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، ڕایان گەیاندووە کە پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت تەنیا پێویستی بە گڵۆپی سەوزی سیاسی نییە، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی سێ مەرجی بنەڕەتیی ستراتیژی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە. ئەم مەرجانە بۆ پاراستنی مانەوەی پڕۆژەکان و پاراستنی مافی یاسایی و داراییی وەبەرهێنەران داڕێژراون، کە بریتین لەم سێ ڕەهەندە گشتییەی خوارەوە:

مەرجی یەکەم: پاراستنی فیزیکی و ئەمنیی کێڵگەکان

سەرهەڵدانی جەنگی نوێ لە ناوچەکە و بەردەوامیی گرژییەكان كە قۆناغی یەكەم بریتی بوو لە جه‌نگێكی گەرمی چل ڕۆژەیی و قۆناغی دووەم جه‌نگێكی سارد و هەندێك جار گەرمی بەردەوام لەنێوان ئیسرائیل، ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەموو ئەمانە ژینگەیەکی ئەمنیی زۆر لێڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرهەم هێناوە. کەرتی وزە بەردەوام یەکەمین ئامانجی لێدانە تاکتیکییەکان بووە لەم جۆرە ململانێیانەدا. کۆمپانیا بیانییەکان لە پێشینەی مەرجەکانیاندا داوای پاراستنی تەواوی کێڵگە و بیرە نەوتییەکان لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەک دەکەن.

پشتبەستنی کۆمپانیاکان بەم مەرجە لە غەفڵەتەوە نەهاتووە؛ کێڵگەکانی وەک کۆرمۆر و چەندان دامەزراوەی تری وزە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی بوونەتەوە. ئەمەیش ترسێکی گەورەی لای ئەندازیاران و تەکنیککارە بیانییەکان دروست کردووە. بۆ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی، سەلامەتیی گیانیی ستافەکەی (Safety and Security Protocol) لەسەرووی هەموو داهاتێکی دارایییەوەیە. ئەوان داوا دەکەن حکوومەتی عێراق، لە ڕێگەی هێزە فیدراڵییەکان و سیسته‌می بەرگریی ئاسمانییەوە، هێڵێکی ئەمنیی جێگیر لە چواردەوری کێڵگەکان دروست بکات بۆ زامنکردنی ژینگەیەکی کاری سەلامەت؛ چونکە بەبێ ئەم پاراستنە هیچ ئەندازیارێکی نێودەوڵەتی ئامادە نییە بگەڕێتەوە سەر بیرە نەوتییەکان. ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ستافی تەكنیكی و بەڕێوەبردنی كۆمپانیا نەوتییە چالاكەكان، كۆنتڕۆڵی زۆربەی سێكتەرە باڵاكانیان كردووە.

مەرجی دووەم: میکانیزمی گه‌رەنتییپێدانی شایستە بەردەوامەکان

مەرجی دووەمی کۆمپانیاکان، پەیوەستە بە ئاییندەی داراییی پڕۆژەکانەوە. ئەوان داوای دانانی میکانیزمێکی ڕوون و شەفاف دەکەن بۆ گەرەنتیپێدانی بەردەوامیی شایستە دارایییە نوێیەکانیان لە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردندا. بەپێی یاسای بوودجەی فیدراڵی، داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم دەچێتە ناو ئەکاونتێکی بانکیی فەرمی لەژێر چاودێریی بەغدا و، فرۆشتنەکە لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ (SOMO)وە دەبێت.

کۆمپانیاکان لێرەدا ڕووبەڕووی کێشەی متمانەی دارایی (Financial Trust) دەبنەوە؛ ئەوان دەترسن نەوتەکە ڕادەست بکەن و هەناردە بکرێت، بەڵام بەهۆی ململانێ سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، یان بەهۆی ئاڵۆزییەکانی وەزارەتی داراییی فیدراڵەوە، پشکی داراییی مانگانەی ئەوان لە کاتی خۆیدا نەدرێت و پرۆسەی بەرهەمهێنان پەکی بکەوێت. بۆیە، ئەوان داوای دامەزراندنی سیسته‌می پشکی ئۆتۆماتیکی (Escrow Account) یان گەرەنتیی بانکیی نێودەوڵەتی دەکەن کە تێیدا لەگەڵ فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوتدا، پشکی کۆمپانیاکە بەبێ دەستێوەردانی سیاسی، ڕاستەوخۆ بڕواتە سەر ئەکاونتی بانکیی خۆیان.

مەرجی سێیەم: دۆسیەی قەرزە کەرەستەیی و کەڵەکەبووەکان

ئەم مەرجە قورسترین و گرێدراوترین بەشی کێشەکەیە. کۆمپانیا بیانییەکان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین تەنیا سەیری داهاتی داهاتوو بکەن بەبێ یەکلاکردنەوەی پاشکەوتی (پاشه‌كه‌وتی؟) داراییی ڕابردوویان. ئەوان داوای پابەندبوونی تەواوی بەغدا و هەولێر دەکەن بە پێدانی قەرز و شایستە کەڵەکەبووەکانی پێشوویان کە لە ماوەی ساڵانی کارکردنیاندا لەسەر حکوومەتی هەرێم ماوەتەوە.

لەم تەوەرەدا، هەڵوێستی کۆمپانیای نەوتی نەرویجی (DNO) وەک ڕوونترین و توندترین نموونە دەردەکەوێت. کۆمپانیای DNO، کە یەکێکە لە گەورەترین وەبەرهێنەرانی کەرتی نەوتی کوردستان و سەرپەرشتیاری سەرەکیی کێڵگەی تاوکێ و پێشخابوورە، بەفەرمی ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕییەوە ڕاگەیاندووە. بڕیاری ئەم کۆمپانیایە، جێگیرە تا ئەو کاتەی پرسی پارە دواخراوەکانی، کە بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەتەواوی چارەسەر دەکرێت. بۆ DNO، دەستپێکردنەوەی کار بەبێ وەرگرتنەوەی ئەم قەرزە گەورەیە، بە واتای سەرکێشییەکی دارایی و نادڵنیایی دێت کە پشکەکانی لە بۆرسە نێودەوڵەتییەکاندا تووشی داڕمان دەکات. ئەم قەرزە یەک ملیار دۆلارییە تەنیا ژمارەیەک نییە، بەڵکوو کۆی گشتیی خەرجییەكانی گەڕان، پشكنین و پەرەپێدانەکانی کۆمپانیاکەیە کە پێشتر لەسەر ئەرزی واقع ئەنجامی داون.

  1. تەوەری دووەم: جیاوازیی بنەڕەتیی مۆدێلی گرێبەستەکان وەكوو سەرچاوەی سەرەكیی ئاڵۆزییەكان

ڕەگی بنەڕەتیی تەواوی ئەم کێشە و چەقبەستوویییە، لە جیاوازیی قووڵ و بونیادیی نێوان فەلسەفەی گرێبەستە نەوتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) و تێڕوانینی یاساییی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە بەغدا سەرچاوە دەگرێت. ناتوانرێت لایەنی ئابووریی ئەم دۆسیەیە چارەسەر بکرێت، بەبێ تێگەیشتن لەوەی چۆن مۆدێلی گرێبەستەکان کۆنفلێکتی ڕاستەوخۆ لەسەر تێگەیشتن لە چەمکی شایستەی دارایی  (Entitlement)  دروست دەکەن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم (کە لە ساڵی 2007 دەرچووە)، کەرتی وزەی خۆی لەسەر بنەمای گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێناندا (Production Sharing Contracts – PSC) بونیاد نا. ئەم مۆدێلە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەو وڵاتانەدا بەکار دێت کە خاوەنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی پڕ لە سەرکێشین یان ژێرخانی وزەی پەرەنەسەندوویان هەیە. لەژێر چەتری گرێبەستی (PSC)دا، کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی (IOC) تەواوی لایەنی دارایی و تەکنیکی و سەرکێشیی دۆزینەوە و لێدانی بیرەکان لەسەر خەرجیی تایبەتیی خۆی لەئەستۆ دەگرێت. ئەگەر کۆمپانیاکە نەوتی نەدۆزییەوە، حکوومەت هیچ خەرجییەکی ناكەوێتە ئەستۆ و، کۆمپانیاکە هەموو زیانەكان دەگرێتە ئەستۆی خۆی. بەڵام ئەگەر نەوت دۆزرایەوە و بەرهەمهێنانی بازرگانی دەستی پێ کرد، کۆمپانیاکە مافی یاساییی هەیە کە ڕێژەیەکی بەرز لە نەوتی بەرهەمهاتوو بۆ خۆی ببات لەژێر دوو ناونیشاندا: یەکەم، نەوتی تێچوو (Cost Oil) بۆ بەدەستهێنانەوەی خەرجییە سەرمایەیی و لۆجیستییەکانی؛ دووەم، نەوتی قازانج      (Profit Oil)  کە وەک قازانجی پوختی وەبەرهێنانەکەی ئەژمار دەکرێت.

لایەکی تری هاوکێشەکە، ئەوەیە كە حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا مۆدێلێکی تەواو جیاواز پەیڕه‌و دەکات، کە بریتییە لە گرێبەستی خزمەتگوزاریی تەکنیکی (Technical Service Contracts – TSC). لەم جۆرە گرێبەستانەدا کە لە باشووری عێراق جێبەجێ دەکرێن، دەوڵەت خۆی خاوەنی تەواوی کێڵگە و ژێرخانەکەیە و سەرکێشیی دارایی ناکات و، کۆمپانیا بیانییەکە تەنیا وەک “بەڵێندەر” کار دەکات و بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی بەرهەمهاتوو، کرێیەکی جێگیری کەم (Fee per Barrel) وەردەگرێت کە زۆر جار لەنێوان 1.5 بۆ 4 دۆلاردایە.

کۆنفلێکتەکە کاتێک تەقییەوە کە بەغدا ویستی مۆدێلی جێگیری خۆی بەسەر گرێبەستەكانی هەرێمدا بسەپێنێت. حکوومەتی عێراق لە یاسای بوودجەدا بڕی تەنیا 16 دۆلاری جێگیری بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان دیاری کردووە. ئەم 16 دۆلارە بووەتە تەڵەیەکی دارایی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، چونکە سروشتی کێڵگەکانی کوردستان (تۆپۆگرافیای شاخاوی، قووڵیی بیرەکان و، پێویستی بە سیسته‌می بەرزکردنەوەی دەستکرد و پەمپی پێشکەوتوو) وای کردووە کە تێچووی ڕاستەقینەی دەرکردنی هەر بەرمیلێک نەوت ڕەنگە لەوە بەرزتر بێت.

لە هەندێك حاڵەتدا، ڕەنگە دیاریکردنی 16 دۆلار بە واتای ئەوە بێت کە کۆمپانیاکان نەک هەر ناتوانن نەوتی قازانج (Profit Oil) بەرن، بەڵکوو ناتوانن تەنانەت خەرجییەکانی بەگەڕخستنی ڕۆژانەیشیان (OpEx)  دابین بكەن. ئەم جیاوازییە گەورەیە وای کردووە، کۆمپانیاکان بەتەواوی بێقەناعەت بن بە بەڵێنەکانی بەغدا، چونکە کارکردن لەژێر سایەی ئەم 16 دۆلارە جێگیرە بۆ بەشێك لە كۆمپانیاكان كە هێشتا قەرزێكی زۆریان لەلای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە، بە واتای خۆکوژیی دارایی و ئیفلاسبوونی کۆمپانیاکان دێت لە بۆرسە جیهانییەکاندا. هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتی هەرێم بە ڕێژەیەكی زۆر و ڕاگرتنی کێڵگەکان لەم دۆخەدا، کورت دەبێتەوە لەوەی کۆمپانیاکان ناتوانن بەرهەمهێنان دەست پێ بكەنەوە کاتێک دەزانن بەغدا مۆدێلی گرێبەستەکانیان بەفەرمی ناناسێنێت و نرخێک دەسەپێنێت کە هاوسەنگیی ئابووریی پڕۆژەکان بەتەواوی تێک دەدات.

  1. تەوەری سێیەم: شیکاری ماتماتیکیی R-Factor و کاریگەریی لەسەر قەناعەتی کۆمپانیاکان

بۆ سەلماندنی هۆکاری سەرەکیی بێقەناعەتیی کۆمپانیاکان بە پێشنیازی بەغدا و دەرخستنی ڕەهەندە زانستییەکەی قەیرانەکە، دەبێت پەنا ببەینە بەر شیکردنەوەی هاوکێشەی ماتماتیکیی فاکتەری ڕێژەیی کە بە  R-Factor  ناسراوە. ئەم فاکتەرە لێدەر و ڕێکخەری سەرەکیی تەواوی مۆدێلی داراییی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردنە لە بەرهەمهێناندا (PSC).

فاکتەری R هاوکێشەیەکی ماتماتیکییە كە ڕێژەی دابەشبوونی نەوتی قازانج (Profit Oil Split) لەنێوان حکوومەت و کۆمپانیا دیاری دەکات، بەپێی ئاستی گەڕانەوەی وەبەرهێنانەکە. هاوکێشەکە بەم شێوازە دەنووسرێت:

      Cumulative Net Revenue

R=

      Cumulative Capital and Operating Costs

  • لێرانەدا Cumulative Net Revenue گوزارشت لە کۆی داهاتە کەڵەکەبووەکانی کۆمپانیا  دەکات لە سەرەتای پڕۆژەکەوە.
  •   Cumulative Capital and Operating Costs گوزارشت لە کۆی تێچووە کەڵەکەبووەکانی وەبەرهێنان دەکات.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم هاوکێشەیە لەسەر ئەرزی واقع، نموونەیەکی ژمارەییی تاقیکاری دەخەینە ڕوو: گریمان کێڵگەیەکی نەوتی لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکدایە کە کۆی داهاتی کەڵەکەبووی گەیشتووەتە $1,000,000,000 (یه‌ك ملیار دۆلار)؛  لە بەرامبەردا، کۆی گشتیی خەرجییە ڕاستەقینەکانی کۆمپانیاکە بۆ لێدانی بیرەکان و دروستکردنی وێستگەکان لەو کێڵگەیەدا بریتی بووە لە $800,000,000. (هه‌شت سه‌د ملیۆن دۆلار).

کاتێک ئەم ژمارانە دەخەینە ناو هاوکێشەکەوە:

R = ($1,000,000,000) / ($800,000,000) = 1.25

دەرەنجامی هاوکێشەکە پیشانی دەدات کە فاکتەری R یەکسانە بە1.25 . لە زانستی ئابووریی وزەدا، کاتێک فاکتەری R لە یەک گەورەتر دەبێت ($R = 1.25 > 1$)، بەو واتایە دێت کە پڕۆژەکە خەرجییەکانی خۆی دەرکردووەتەوە و توانیویەتی 800 ملیۆن دۆلاری خەرجکراو بگەڕێنێتەوە و، 200 ملیۆن دۆلاریش وەک داهاتی زێدە لە کێڵگەکەدا ماوەتەوە. لێرەدا، بەپێی یاسا و تێرمە جێگیركراوەكانی گرێبەستەکە، پشکی کۆمپانیاکە لە نەوتی قازانج بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کەم دەبێتەوە (بۆ نموونە لە %25ەوە دادەبەزێت بۆ %18)، چونکە سەرکێشیی دارایی لەسەر کۆمپانیاکە نەماوە و، لەبەرامبەردا پشکی حکوومەتی هەرێم لە قازانج، بەرز دەبێتەوە بۆ %82. ئەم مۆدێلە هاوسەنگی و دادپەروەری بۆ هەردوو لایەن زامن دەکات.

بەڵام تەڵەی 16 دۆلارەکەی بەغدا لێرەدا كەمیی دەستهاتی دارایی دروست دەکات. حکوومەتی فیدراڵ کۆمپانیاکەی ناچار كردووە کە تێچووی بەرهەمهێنان و دەرهێنان و هەناردەكردن بە بڕی جێگیری 16 دۆلار ئەژمار كراوە بۆ هەر بەرمیلێك. كەواتە لە واقعدا بەغدا ددان بەو 800 ملیۆن دۆلارە خەرجییە ڕاستەقینەیەدا نانێت، بەڵکوو لە ڕێگەی دەقە یاسایییەکانەوە کۆی خەرجییە ڕێپێدراوەکانی کۆمپانیاکه‌  کەم دەکاتەوە و بە دەستکردی دەیخاتە سەر ئاستی 400 ملیۆن دۆلار.

کاتێک خەرجیی ژێرەوەی هاوکێشەکە بە دەستکردی کەم دەکرێتەوە، هاوکێشە نوێیەکە بەم شێوەیەی لێ دێت:

R = ($1,000,000,000) / ($400,000,000) = $2.5

لەم دۆخەدا، فاکتەری R بە شێوەیەکی خەیاڵی و دەستکرد باز دەدات بۆ2.5  بەپێی یاسای گرێبەستەکە، کاتێک فاکتەری R دەگاتە سەروو 2، پشکی کۆمپانیا لە نەوتی قازانج لە %18 ەوە دادەبەزێت بۆ خوار %5 . لێرەدا کۆمپانیا بیانییەکە تووشی داڕمانی دارایی دەبێت؛ چونکە لە لایەک 400 ملیۆن دۆلار لە خەرجییە ڕاستەقینەکانی فەرامۆش کراوە و فڕێ دراوە، لە لایەکی تریشەوە پشکی قازانجی مانگانەی بەهۆی بەرزبوونەوەی دەستکردی فاکتەری R بۆ کەمترین ئاست دابەزێنراوە. ئەم شیکارییە ماتماتیکییە ڕوونی دەکاتەوە بۆچی کۆمپانیاکان بەتوندی چوونەتە ناو هێڵی بەرگری و، ڕەتی دەکەنەوە هەناردە دەست پێ بکەنەوە؛ چونکە تێچووی 16 دۆلاری جێگیر، هاوسەنگیی هاوکێشەی R-Factor  بەتەواوی تێک دەدات و، قازانجی فەرمیی کۆمپانیاکان دەگۆڕێت و ڕەنگە بگۆڕێت بۆ زیانیش.

  1. تەمەنی کێڵگەکانی نەوت و خولی ژیانی پڕۆژەکە

پێویستە تێگەیشتن لە فاکتەری R ببەسترێتەوە بە ڕەهەندی زەمەنی و خولی ژیانی کێڵگەی نەوتی  (Oil Field Lifecycle). گەیشتنی کێڵگەیەکی نەوتی بەو قۆناغەی کە داهاتی کەڵەکەبووی لە خەرجییەکانی زیاتر بێت و فاکتەری R تێیدا لە 1 تێپەڕ بکات، پڕۆسەیەکی کاتیی خێرا نییە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی درێژخایەنە کە لە پیشەسازیی جیهانیدا بە چەندان قۆناغی جیاوازدا تێ دەپەڕێت و بەتێکڕا 7 بۆ 12 ساڵ دەخایەنێت:

) قۆناغی گەڕان: 1-3 ساڵ) ── < (قۆناغی پەرەپێدان: 3-5 ساڵ) ──< (سەرەتای فرۆشتن: 5-7 ساڵ( ) ──< پێگەیشتن و هاوسەنگی R < 1: نزیكەی 7-12 ساڵ(

خولی ژیانی کێڵگە نەوتییەکان بەگشتی بەم چوار قۆناغە کاتییەدا دەڕوات:

  1. قۆناغی گەڕان و پشکنین (Exploration Phase) 1 بۆ 3 ساڵ: لەم قۆناغە سەرەتایییەدا کۆمپانیا بیانییەکان دەست دەکەن بە ڕووپێویی جیۆفیزیکیی دووڕەهەندی و سێڕەهەندی (Seismic Surveys)  و لێدانی یەکەمین بیرە تاقیکارییەکان. لەم ماوەیەدا داهاتی پڕۆژەکە سفرە، بەڵام خەرجییەکان زۆر بەرزن، بۆیە فاکتەری R یەکسانە بە سفر ($R = 0$).
  2. قۆناغی پەرەپێدان و دروستکردنی ژێرخان (Development Phase) 3 بۆ 5 ساڵ: دوای دڵنیابوون لە هەبوونی نەوتی بازرگانی، کۆمپانیاکە دەست دەکات بە لێدانی بیرە بەرهەمهێنەرەکان، دروستکردنی وێستگەکانی جیاکردنەوەی غاز و چارەسەرکردنی ئاو (Central Processing Facilities – CPF) و، ڕاکێشانی بۆڕییە ناوخۆیییەکان. خەرجییە سەرمایەیییەکان (CapEx) لەم قۆناغەدا دەگەنە لووتکە و هێشتا داهات سفرە و فاکتەری Rله‌ سفردا دەمێنێتەوە.
  3. سەرەتای بەرهەمهێنان و فرۆشتن (First Oil & Initial Production) 5 بۆ 7 ساڵ:  یەکەم دڵۆپە نەوت لە کێڵگەکەوە دەردەچێت و فرۆشتن دەست پێ دەکات. داهات دەست دەکات بە کەڵەکەبوون بەڵام چونکە خەرجییەکانی پێشوو زۆر گەورە بوون (وەک نموونەی 800 ملیۆن دۆلارەکە)، یەکەم داهاتەکان ناتوانن تەواوی خەرجییەکان پڕ بكەنەوە. لێرەدا فاکتەری R لەنێوان سفر و یەکدایە (0 < R < 1)، کە پێی دەوترێت قۆناغی گەڕانەوەی تێچوو (Cost Recovery) و، زۆربەی نەوتەکە دەچێت بۆ کۆمپانیا بۆ دانەوەی خەرجییەکانی.
  4. بەردەوامی لە بەرهەمهێنان و پێگەیشتنی تەواو (Mature Production & Payback) 7 بۆ 12 ساڵ:  کێڵگەکە دەگاتە ئاستی جێگیریی بەرهەمهێنان و ساڵانە داهاتی بەردەوام تۆمار دەکات. ئەمە بریتییە لەو قۆناغەی کە داهاتی کەڵەکەبوو دەگاتە 1 ملیار دۆلار و خەرجییەکان تێ دەپەڕێنێت و، فاکتەری R دەگاتە سەروو یەک  .(R = 1.25)

زۆربەی کێڵگە نەوتییە گەورەکانی هەرێمی کوردستان (وەک شێخان، تاوکێ و، ئەترۆش) ئێستا لە قۆناغی چوارەمدان؛ واتە تەمەنی بەرهەمهێنانیان لەنێوان 7 بۆ 12 ساڵدایە و گەیشتوونەتە قۆناغی پێگەیشتن (Mature Phase). لەم قۆناغەدا، کێڵگەکان پێویستیان بە خەرجیی زۆری بەردەوام (OpEx) هەیە بۆ پاراستنی پەستانی بیرەکان و ڕێگریکردن لە دابەزینی سروشتیی بەرهەمهێنان. کاتێک بەغدا نرخێکی نزم و جێگیری وەک ١٦ دۆلار دەسەپێنێت، ئەمە لەگەڵ واقع و تەمەنی کێڵگەکاندا ناگونجێت.

ڕاگرتنی درێژخایەنی هەناردەکردن لەدوای 2023 و بەردەوامیی ئەم دۆخە تا ساڵی 2026، زیانێکی جیۆلۆژیی گەورەی بەم کێڵگە پێگەیشتووانە گەیاندووە، چونکە داخستنی بیرە نەوتییەکان بۆ ماوەی درێژ، دەبێتە هۆی تێکچوونی پێکهاتەی هایدرۆدینامیکیی ناو حەوزە نەوتییەکان و نوقمبوونی بیرەکان لە ئاودا. ئەمەیش تێچووی دەستپێکردنەوەیان لە ئاییندەدا زۆر زیاتر دەکات و توانای بەرهەمهێنانی گشتییان کەم دەکاتەوە.

  1. دەرەنجام و پێشبینییەكان

لێکۆڵینەوەی زانستی و شیکاریی مەیدانیی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2026دا، دەیسەلمێنێت کە چارەسەری ڕاستەقینەی ئەم قەیرانە چەقبەستووە، لە دروشمە سیاسییە سەرپێییەکاندا کۆ نابێتەوە، بەڵکوو پێویستی بە دابینکردنی هاوکێشەیەکی دووڕەهەندی هەیە کە پێک هاتووە لە ئاسایشی فیزیکیی مەیدانی” و “دادپەروەریی ماتماتیکی لە شایستە دارایییەکاندا. فاکتەری ڕێژەیی (R-Factor) و خولی ژیانی کێڵگە نەوتییەکان پێوەرگەلێکی زانستیی بێلایەنن کە دەکرێت ببنە بنەمایەک بۆ نەهێشتنی تەواوی ئەم کۆنفلێکتە مۆدێلاتییەی نێوان بەغدا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.

پێشبینییەكان بۆ نیوەی دووەمی ساڵی 2026 ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامیی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیانی داراییی گەورەتر لە گەنجینەی گشتیی عێراق دەگەیەنێت لەچاو ئەو پارەیەی کە بەغدا دەیەوێت لە ڕێگەی تەڵەی 16 دۆلارەکەوە پاشەکەوتی بکات، بەتایبەت لە کاتێکدا کە نرخی نەوتی جیهانی لەژێر سێبەری گرژییەکانی گەرووی هورمزدادا لە سەروو 90 دۆلارەوە جێگیر بووە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، پێویستە بڕیاربەدەستانی بەغدا گۆڕانکاری لە مەرجە ڕەقەکانی یاسای بوودجەدا بکەن و مۆدێلێکی نەرم بۆ ئەژمارکردنی تێچووی بەرهەمهێنان پەسەند بکەن کە دان بە خەرجییە ڕاستەقینەکانی کۆمپانیاکاندا بنێت، كه‌ ڕەنگە ئەم بڕە پارەیە لەنێوان 24 بۆ 30 دۆلار بێت بەپێی فاکتەری Rی ڕەسەنی کێڵگەکان؛ لە بەرامبەردا مۆدێلەکە گه‌رەنتی دەکات کە پشکی شێری داهات و نەوتی قازانج بەفیعلی و بە ڕیژەی زۆر بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.

هاوکات، ڕێککەوتن لەسەر خشتەی پۆلێنکراوی دانەوەی قەرزە یەک ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلارییەکەی کۆمپانیاکانی وەک DNO و، دابینکردنی سیسته‌می بەرگریی ئەمنی بۆ پاراستنی کێڵگەکان لە هێرشی درۆنی، متمانەی وەبەرهێنانی بیانی بۆ کەرتی وزەی عێراق دەگەڕێنێتەوە. بەبێ ئەم وەرچەرخانە زانستی و هاوسەنگە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەسەر مانگرتنی ئابووریی خۆیان بەردەوام دەبن و بۆڕیی نەوتی کوردستان- تورکیا وەک هێمایەکی چەقبەستووییی دارایی و سیاسی بەبەتاڵی دەمێنێتەوە.

*دکتۆر بێستون محمد قادر، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا، مامۆستای زانکۆ لە بواری بەڕێوەبردنی نەوت و گاز. بواری سەرەکی توێژینەوە گرێبەستەکانی نەوت و گاز، جیۆپۆلۆتیکی وزە، بەڕێوەبردنی تەندروستی و سەلامەتی و ژینگە لە پڕۆسە نەوتییەکان، ژینگەی کاری کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکانی نەوت و بەڕێوەبردنی مەترسی و بەڕێوەبردنی سەرچاوەی مرۆیی سەوز.

سه‌رچاوه‌كان:




نامۆبوونی که‌لتووری لە کۆمەڵگه‌ی کوردستانیدا: قەیرانی شوناس لەنێوان نەریت و مۆدێرنیتەدا

کاربین عەبدوڵڵا/ ماستەر لە کۆمەڵناسی -زانکۆی کازان – ڕووسیا

پێشەکی

   کۆمەڵگه‌ی کوردستانی، بەهۆی ئەو وەرچەرخانە سیاسی و ئابوورییەی دوای ساڵی (٢٠٠٣)وە، چووە ناو قۆناغێکی نوێ. بۆ تێگەیشتن لەم وەرچەرخانە، سەرەتا با سەیری پاشخانی مێژووییی کۆمەڵگه‌کەمان بکەین: کۆمەڵگه‌ی ئێمە کە بۆ ماوەی  چەندان سەدە لەسەر بنەمای بونیادێکی گوندی-خێڵەکی، ئابوورییەکی خۆبژیوی کشتوکاڵی و سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی نیمچەجێگیر و نەریتی، خۆی بونیاد نابوو، هەروەکوو “مارتین ڤان براونسن” ئاماژەی پێ دەدات و دەڵێت: بونیادی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگه‌ی کوردی لەسەر بنەمای دڵسۆزیی کوێرانە بۆ سەرکردە نەریتییەکان وەستابوو؛ بە جۆرێک کە سەرەڕای گۆڕانکارییە سیاسییەکان، هێشتا توێژە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە، وەک جووتیار و ئاژەڵدارەکان، لەژێر هەژموونی هێزی ئاغا و شێخەکاندا مابوونەوە (ڤان براونسن، ١٩٩٩، ل١)؛ کاتێک ئەم کۆمەڵگه‌ نەریتییە بە شێوازێکی خێرا، چووە ناو جیهانگیریی که‌لتووری و بازاڕی ئازادەوە؛ بێ ئەوەی هیچ جۆرە زەمینەسازییەکی هزری، فەلسەفی و مەعریفیی پێشوەختە بۆ چۆنێتیی مامەڵەکردن و هەڵکردن لەگەڵ دەرهاوێشتەکانی ئەم گۆڕانکارییانە ئەنجام درابێت.

ئەم بازدان و وەرچەرخانە، جۆرێک لە دووانەییی که‌لتووریی هێنایە کایەوە: لە لایەکەوە، نۆرمە نەریتییەکان لە ڕێگەی دەزگه‌کانی وەک خێزان، خێڵ و ئایینەوە گوشاری پاراستنی توخمی که‌لتووری ڕابردوو، کۆدەنگیی ئەخڵاقی و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیی توند دەسەپێنن؛ لە لایەکی تریشەوە، شاڵاوی مۆدێرنیتەی تەکنەلۆژی و میدیایی لە ڕێگەی فەزای مەجازی و شاشەکانەوە، بەهاکانی تاکگەرایی، ڕێژەییبوونی ئەخڵاق و بوون بە کاڵای که‌لتووری بەکاربردن و “بەرخۆریزم” بڵاو دەبنەوە.

 مرۆڤی ئێمە  لە لایەکەوە شەپۆلی بەکاڵابوون و نمایشی مۆدێرن  سەرنجی ڕادەکێشن و، لە لایەکی تریشەوە کۆتوبەندە لۆکاڵییەکان ڕێگەی پێ دەگرن. ئەم  دژبەیەکبوونەی نێوان که‌لتووری ماددی و  ناماددی، کۆمەڵگه‌ی گەیاندووەتە جۆرێک لە بێپێوەریی کۆمەڵایەتی (ئەنۆمی)؛ ڕەوشێک کە تیایدا مرۆڤەکان متمانەیان بە بەها هاوبەشەکان نامێنێت.

لێرەوەیە مرۆڤی کورد ڕووبەڕووی ڕەوشێکی کۆمەڵایەتی-دەروونیی ئاڵۆز بووەتەوە، کە تیایدا نە دەتوانێت بەتەواوی دەستبەرداری ناسنامە و مێژووی ڕابردووی خۆی بێت و، نە دەیشتوانێت خۆی لە لێشاوی بێبەزەیییانەی مۆدێرنیتە و تەکنەلۆژیا بەدوور بگرێت. لێرەوەیە جۆرێک لە دابڕان و کەلێن لەنێوان نەوەکاندا دروست بووە؛ بە شێوەیەک کە ڕێنمایی و بەهاکانی “دایک و باوکان” چیتر ناتوانن وەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ ئاڕاستەکردن و ڕێپیشاندانی منداڵەکانیان کار بکەن.

 لەم سۆنگەیەوە، ئەم وتارە شیکارییە جەخت دەکاتە سەر شیکردنەوە و وەسفکردنی ڕەخنەییی ئەم ڕەوشە نوێیەی کۆمەڵگه و، بە هاوکاریی ڕوانگە و تێزە کۆمەڵناسییەکان هەوڵ دەدات کەلێن و لێکترازانەکانی شوناس لەنێوان چەکوشی نەریت و دەنووکی مۆدێرنیتەدا شەنوکەو بکات!

یەکەم: دیالێکتیکی نێوان که‌لتووری ماددی و ناماددی

دیالێکتیکی نێوان که‌لتووری ماددی و ناماددی، گوزارشت لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی کارلێک، کارتێکەر و کارتێکراو دەکات لەنێوان ژێرخانی ماددی و سەرخانی ناماددی (ئایدیۆلۆژیا، یاسا، ئەخڵاق و ئایین)ی کۆمەڵگەدا؛ ئەم گۆڕانە ڕەوشێکی دابڕاو یاخود جیا لەیەکتر نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی لێکئاڵاو و تێکچزراوە کە تیایدا هەر کایەیەکیان ئەوی تر تەواو دەکات و سەرلەنوێ دای دەڕێژێتەوە. لێرەوەیە “ئەنتۆنیۆ گرامشی” جەخت لەوە دەکاتەوە کە کایەی ماددی (ئابووری و تەکنەلۆژیا) و کایەی ناماددی (که‌لتوور و هۆشیاری) بەتەواوی لێکئاڵاون و لەناو یەک جەستەی لۆژیکیدا کار دەکەن (Gramsci, 1971).

لەم سۆنگەیەوە، دیالێکتیکی نێوان که‌لتووری ماددی و ناماددی لە کۆمەڵگه‌ی کوردستانیدا، گوزارشت لە ناهاوسەنگییەک دەکات کە تیایدا ئامرازە تەکنەلۆژییەکان و ژیانی ماددی بەخێرایی گەشە دەکەن، بەڵام هۆشیاریی ناماددی و دەزگه نەریتییەکان لەبری گۆڕانی هاوتەریب، کەوتوونەتە ژێر گوشاری خۆگونجاندن یان پەرچەکردار و بەرگریکردن. ئەم ناتەبایییە کارلێکەرە، وا دەکات کە پرۆسەی پێشڤەچوون لە ڕواڵەتە ماددییەکاندا چڕ ببێتەوە.

 بەها و توخمە مەعنەوییەکانی وەک یاسا و که‌لتوور بنچینەی ڕاستەقینەی ئاڕاستەکردنی گۆڕانن؛ کاتێکیش پاشماوە نەریتییەکان بەبێ نوێبوونەوە لەگەڵ ژیانی ماددیدا تێکەڵ دەبن، دەرەنجامە ماددییە هاوچەرخەکان ناکارا دەبن و دەشێوێنرێن.

لەم ڕوانگەیەوە، کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی ئەم ئاوێتەبوونە خێرایەی تەکنەلۆژیاوە، بازی داوەتە ناو ئەو ڕەوشەی کە “ئۆلریش بێک” (Beck, 1992) پێی دەڵێت “کۆمەڵگەی ڕیسک”؛ کە تیایدا ژیانی ماددیی نوێ تەنیا ئاسانکاری بەرهەم ناهێنێت، بەڵکوو مەترسیی نوێش دەخوڵقێنێت کە نۆرم و یاسا کۆنەکان کەرەستەی پێویستیان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.

کەواتە کاتێک کایەی دیجیتاڵی بەبێ گۆڕانی پێشوەختەی هۆشیاریی یاسایی و مەعریفی دێتە ناو کایە که‌لتوورییەکە، لەبری پێشکەوتن، فەزایەکی نوێ بۆ بەرجەستەبوونی قەیرانی شوناس و ڕەوشی بێپێوەریی کۆمەڵایەتی دەسازێنێت.

دووەم: نمایش و بەکاڵابوونی شوناس

​بەهۆی گۆڕان یاخود پاشەکشەی ڕۆڵی دەزگه‌کانی وەک خێزان و قوتابخانە —کە چیتر ناتوانن وەک سەرچاوەی یەکەم و تاقانە بۆ ئاڕاستەکردنی ڕەفتار و پێدانی بەها ئەخڵاقییەکان کار بکەن— فەزای دیجیتاڵی وەک یەکێک لە کارگە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی شوناس لە کۆمەڵگه‌ی کوردستانیدا دەرکەوت. ئەو گۆڕان یاخود پاشەکشەیەی دەزگه‌ی خێزان و قوتابخانە، لەبەر ئەوەیە کە خێزان و قوتابخانە لە گەیاندنی مەعریفە و ئافراندنی نموونەی باڵادا دووچاری سستی بوونەتەوە و پانتایییەکی گەورەی پەروەردەییی کایەی گشتییان بۆ شاشەکان جێ هێشتووە.

 لەم فەزایە نوێیەدا، که‌لتووری نمایش بە جۆرێک گەشە دەکات کە تیایدا پێوەرەکانی بەهای مرۆڤ لەسەر بنەمای “بوون”ەوە ( هزر و پیشە و ناوەڕۆک)، دەگۆڕێن بۆ بنەمای “دەرکەوتن و نمایشی جەستەیی”؛ بەمەیش شوناسی مرۆڤی کورد کەوتە ژێر کاریگەریی بازاڕێکی وێنەییی هاوردەکراوەوە، کە تیایدا پێناسەکردنی خود لە ڕێگەی خاوەندارێتیی کاڵا و وێناکردنی شاشەکانەوە ڕوو دەدات.

ئەم ڕەوشە بەتەواوی  هاوتایە و یەک دەگرێتەوە لەگەڵ تێزی کۆمەڵناسی فەڕەنسی “ژان بۆدریار”  سەبارەت بە کۆمەڵگه‌ی بەکاربردن و چەمکی “سیمولاکرا” (Baudrillard, 1998). بۆردیار پێی وایە لە سەردەمی مۆدێرنیتەی درەنگدا، مرۆڤەکان چیتر کاڵاکان بە مەبەستی بەکارهێنانیان ناکڕن، بەڵکوو بۆ ئەو “بەهای نیشانە و هێمایە” دەیانکڕن کە کاڵاکە پێیان دەبەخشێت. لە فەزای کوردیدا، شوناس خۆی بووەتە کاڵایەکی نیشانەیی؛ تاک بڕوانامە، جەستە، گەشت و شێوازی ژیانی خۆی دەکاتە نیشانەیەک بۆ نمایشکردن تا پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی پێ بسەلمێنێت.

ئەم گۆڕانکارییە پانتایییەکی وای ئافراندووە کە تیایدا سۆز و ئاگاییی تاکەکان بە ئاڕاستەی دابڕان لە ڕەوشی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە و بەرەو لاساییکردنەوەی کوێرانەدا دەچێت، کە لێرەدا واقع جێگەی خۆی بۆ “سەروو-واقع” چۆڵ دەکات؛ واتە ئەو جیهانە خەیاڵییەی شاشەکان دروستی دەکەن، لە واقعی سەر زەوی گرنگتر دەبێت.

ئەم ڕەوشە مرۆڤی کوردی ڕووبەڕووی نامۆبوونێکی که‌لتووری -کۆمەڵایەتی و دەروونیی قووڵ کردۆتەوە؛ بەو پێیەی دروستبوونی کەلێن لەنێوان توانای دارایی لە لایەک و  ئەو وێنا لۆکس و نموونەیییانەی لە ڕێگەی شاشەکانەوە دەخرێنە ڕوو لە لایەکی ترەوە، پرۆسەی دۆزینەوەی هاوسەنگیی پەک خستووە و زەمینەی بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکی و شڵەژانی ناسنامە خۆش کردووە. لێرەوەیە، کە فەزای مەجازی لە ئامرازێکەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێک کە هاوکارە لە بەکاڵابوونی شوناس و سستکردنی تایبەتمەندییە که‌لتوورییە لۆکاڵییەکان.

 سێیەم: بازاڕ و بەکاڵابوونی شوناس

لەپاڵ ڕەهەندەکانی نمایشی وێنەییدا، ئەم شەپۆلە نوێیە مرۆڤ ناچار دەکات شوناسی خۆی تەنیا لە ڕێگەی کاڵا، هێزی کڕین و شێوازی بەکاربردنەوە پێناسە بکات. ئەم ڕەوشە بەتەواوی لەگەڵ تێزی کۆمەڵناسی هاوچەرخ “ئەندریەس ڕێکویتز” دەگونجێت سەبارەت بە گۆڕانی که‌لتووری بەکاربەر.  ڕێکویتز پێی وایە لەم قۆناغەدا، بازاڕ و سیستەمی بەهاییی نوێ چیتر کاڵای گشتی و ستاندارد بەرهەم ناهێنن، بەڵکوو “کاڵا و خزمەتگوزاریی ناوازە و دەگمەن” بەرهەم دەهێنن کە تاکەکان ناچار دەکەن لە ڕێگەی کڕین و نمایشیانەوە، “ناوازەیی و جیاوازی”ی خۆیان بەسەر ئەوانی تردا بسەلمێنن (Reckwitz, 2017).

لێرەوەیە کە بەکاربردن دەبێتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی دانپێدانانی کۆمەڵایەتی؛ ئەمەیش جۆرێک لە بەکاڵابوون و نامۆبوونی لێ دەکەوێتەوە.

کەواتە، دەتوانین بڵێین: گەشەکردنی که‌لتووری بەکاربردن و بەرخۆری لە کۆمەڵگه‌ی کوردستانیدا، بووەتە هۆی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی شوناسی لۆکاڵیدا؛ بە شێوەیەک کە پێگەی تاکەکەس لە کارەکتەرێکی بەرهەمهێنەری ئابووری و که‌لتوورییەوە، بەرەو کارەکتەرێکی بەکاربەر و پاشکۆی لۆژیکی بازاڕ وەرچەرخاوە. کاتێک بەها و پێگەی مرۆیی لە ڕێگەی ئامرازە ماددییەکانی وەک مۆدێلی مۆبایل، جۆری ئۆتۆمبێل و شوێنی نیشتەجێبوونەوە پێوانە دەکرێت، جۆرێک لە درز و کەلێنی کۆمەڵایەتی و ململانێی نوێی چینایەتییش دروست دەبێت کە دواجار سەقامگیری و هاوسەنگیی  کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگه دەخاتە بەردەم مەترسییەوە. وەکوو بینیمان مرۆڤی ئێمە لە ڕێگەی کڕینی کاڵا و نیشتەجێبوون لە پرۆژە نیشتەجێبووە لۆکسەکاندا، هەوڵی بەدەستهێنانی شوناسێکی “تر” دەدات؛ کە دواجار ئەم کێبڕکێ ڕواڵەتییە، لە ناخدا نامۆبوونێکی دەروونیی قووڵتر و دابڕانێکی کۆمەڵایەتیی مەترسیدارتر بەرهەم دەهێنێت.

ئەگەرچی ئەم گۆڕانکارییە ڕواڵەتییانە ناتوانن پێداویستییە بونیادی و جەوهەرییەکانی هزر و که‌لتووری ناوخۆییی مرۆڤ پڕ بکەنەوە؛ به‌ڵام سەرەڕای ئەمەیش، گۆڕانی ئەم دیاردەیە بۆ پێداویستییەکی حەتمی، پەیوەستە بە گۆڕانی پێوەرەکانی دانپێدانانی کۆمەڵایەتی لە مۆدێرنیتەی درەنگدا؛ کە تێیدا پێگەی مرۆڤ چیتر گرێدراو نییە بە بەها ناوەکییەکانەوە، بەڵکوو تەنیا لە ڕێگەی توانای نیشاندانی هێزی کڕین و بەکاربردنەوە ڕەوایەتی و پەسەندکردنی کۆمەڵایەتی بەدەست دەهێنێت.

چوارەم: فرەڕەهەندیی شێوەکانی که‌لتوور و لێکترازانی شوناس

ململانێی نێوان توخمە که‌لتوورییەکان لە کۆمەڵگه‌ی کوردستانیدا، لە ڕەوشێکی جێگیردا نییە، بەڵکوو ئەم ململانێیە لە چوارچێوەی  چەندان توخمی که‌لتووریی جیاوازدایە کە تاکی کوردیان ڕووبەڕووی لێکترازانێکی قووڵی شوناس کردووەتەوە.

بۆ تێگەیشتن لەم ململانێ  و دژبەیەکبوونە ئاڵۆزە، دەکرێت پشت بە مۆدێلی فرەڕەهەندیی شێوەکانی که‌لتوور ببەستین (Sociology Bulletin, 2024)، کە کایە که‌لتوورییەکانی ناو ئەم واقعە لۆکاڵییە بەسەر سێ ئاستی سەرەکیدا دابەش دەکات:

ئاستی یەکەم: ئەم ئاستە بریتییە لە “که‌لتووری نەریتی”؛ کە گوزارشت لە دابونەریت، زمان و، ئەو ڕەفتارە مێژوویییانە دەکات کە نەوە دوای نەوە دەگوێزرێنەوە. لە واقعی هاوچەرخی کوردستاندا، ئەم که‌لتوورە نوێنەرایەتیی ئەو پاشخانە گوندی و خێڵەکییە دەکات کە هێشتا وەک کۆڵەکەی شوناسی ڕابردوو کار دەکات و، دەیەوێت ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و کۆدەنگییە بەهایییەکان بپارێزێت.

لە بەرامبەر ئەم جەمسەرە نەریتییەدا، که‌لتووری باو و که‌لتووری جەماوەری  دێنە کایەوە، کە لە ڕێگەی میدیای جەماوەری و فەزای دیجیتاڵییەوە (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ترێندە هاوردەکراوەکان) بەرهەم دەهێنرێن. ئەم دوو فۆڕمە هاوچەرخە، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و بەردەوام دەخەنە سەر ژیانی تاکی کورد؛ بە شێوەیەک کە شوناس زیاتر لە ڕێگەی لۆژیکی بەکاڵابوون و وێنە دیجیتاڵییەکانەوە ئاڕاستە دەکەن.

لەنێوان ئەم دوو جەمسەرە دژبەیەکەدا، “که‌لتووری باڵا” دەبینرێت، کە گرنگی بە هونەری باڵا، ئەدەبیات، شانۆ و فۆڕمە ئاڵۆزەکانی دەربڕینی هزری دەدات؛ بەڵام ئەم ئاستە مەعریفییە لەناو کایەی هاوچەرخی کوردیدا، لەنێوان جڵەوی نەریت و بازاڕی بەرخۆریزمدا پەراوێز خراوە و کەمترین بواری بۆ ڕەخساوە.

لەم سۆنگەیشەوە، دەتوانین بڵێین: کێشەی سەرەکیی تاکی کورد لە ئێستادا ئەوەیە کە لەنێوان پاراستنی  که‌لتووری نەریتی (کە داوای پابەندبوون بە نۆرمە کۆنەکان دەکات) و لێشاوی فراوانی که‌لتووری باو و جەماوەری (کە مرۆڤ بەرەو بەرخۆریزم و دەرکەوتنی ڕواڵەتی دەبات) گیری خواردووە. بەو پێیەی هەر فۆڕمێکی که‌لتوور ڕەنگدانەوەی شێوازی ژیان و بیرکردنەوە و دەربڕینی شوناسی مرۆڤەکانە، کاتێک تاکی کورد ناتوانێت هاوسەنگی لەنێوان ڕەگ و ڕابردووی خۆی و توخمە که‌لتوورییە هاوردەکراوەکاندا بدۆزێتەوە، پرۆسەی نامۆبوون دەگاتە لووتکە و مرۆڤ لە ناخیدا دەبێتە بوونەوەرێکی لەتبوو. ئەم لێکترازانە ناوەکییەیش، نەوەی نوێی تووشی جۆرێک لە دوالیزمی یان دووانەییی ناسنامەیی کردووە؛ بە شێوەیەک کە تاک لە فەزای گشتی و لەسەر شاشەکان هاوچەرخ و ئازاد دەردەکەوێت، بەڵام لە ژیانی تایبەتیدا لەژێر کاریگەریی ترسی ڕەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی و سزای دەزگه نەریتییەکاندا دەژیت. ئەم ناتەبایی و دژبەیەکبوونە،  سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ شێوانی ڕەفتار و هەڵاتن لە واقعی ڕاستەقینە و، بەرزبوونەوەی ڕێژەی شڵەژانە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لەناو ئەم نەوەیەدا.

پێنجەم: دەرهاوێشتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی نامۆبوونی که‌لتووری

پڕۆسەی نامۆبوونی که‌لتووری لە کۆمەڵگه‌ی کوردستاندا، کۆمەڵێک دەرهاوێشتەی قووڵ و ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی ژیانی تاکەکەس و سیستەمی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگه بەجێ هێشتووە، کە دەکرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا بخرێنە ڕوو:

یەکەم: ڕەوشی بێپێوەری (ئەنۆمی)ی کۆمەڵایەتی: خێراییی وەرچەرخانە ماددییەکان و لێشاوی که‌لتووری بەکاربەر، بوونەتە هۆی سستبوونی کاریگەریی نۆرم و بەها ئەخڵاقییەکانی کۆمەڵگه‌ی خۆجێیی، بێ ئەوەی سیستەمێکی بەهاییی هاوچەرخ و مەدەنی بەتەواوی جێگەیان بگرێتەوە. ئەم بۆشایییە نۆرمی و بەهایییە، کۆمەڵگه‌ی گەیاندووەتە ڕەوشێک لە بێپێوەری، کە تیایدا تاکەکان تووشی دوالیزمی ڕەفتاری دەبن و پێوەرە ڕوونەکان بۆ جیاکردنەوەی ڕەفتاری پەسەند و ناپەسەند تێکەڵ دەبن. ئەم هەڵومەرجەیش زەمینە خۆش دەکات بۆ بەرزبوونەوەی دیاردەی لادان و تاوان و سستبوونی متمانەی کۆمەڵایەتی.

دووەم : کەلێن و  لێکترازانی نێوان نەوەکان: یەکێک لە دەرکەوتە هەرە دیارەکانی نامۆبوونی که‌لتووری، دروستبوونی درزێکی قووڵە لە پێکهاتەی خێزانی هاوچەرخی کوردیدا. بەهۆی ئەوەی نەوەی نوێ بەتەواوی لەناو ژینگەی دیجیتاڵی و که‌لتووری باودا دەژیت و گەورە دەبێت، زمان، پێوەر و جیهانبینیەک بەرهەم دەهێنێت کە جیاوازە لە پێوەرە که‌لتوورییەکانی نەوەی پێشوو (دایکان و باوکان).

ئەم دابڕانە تەنیا جیاوازیی تەمەن نییە، بەڵکوو لێکترازانێکی مەعریفی و نەریت و بەهایییە، کە توانای پەیوەندی و کارلێکی کۆمەڵایەتی  و لێکتێگەیشتن لەناو خێزاندا کەم دەکاتەوە و دەزگه‌ی خێزان لە ناوەندێکی پەروەردەیی و ئاڕاستەکەرەوە، دەگۆڕێت بۆ ناوەندێکی ململانێ یان بێدەنگیی نامۆکەر و لێکدابڕاو.

شەشەم: شوناسی لەتبوو؛ تاکی کورد لەنێوان شاشە جیهانییەکان و واقعە لۆکاڵییەکاندا

تاکی کورد – بەتایبەت گەنجان– لە واقعدا لەناو جۆرێک لە  شڵەژانی قووڵی شوناسدا دەژیت؛ لە هەمان کاتدا هاووڵاتیی دوو جیهانی دژبەیەکە. تاک لە فەزای گشتی، لایەنە پیشەیییەکان و لەسەر سەکۆ دیجیتاڵییەکاندا، وەک کارەکتەرێکی مۆدێرن، ئازاد و پەیڕەوکەر و بەکارهێنەری توخمی که‌لتووری جیهانی دەردەکەوێت و لە ژیان و مامەڵەی ڕۆژانەیشدا، لەژێر گوشاری توندی سیستەمی نەریتی، خێڵەکی و خێزانیدایە. ئەم لێکترازانە دەروونی – کۆمەڵایەتییە دەیسەلمێنێت کە پرۆسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا ڕووکەشێکی ماددی و تەکنەلۆژیی وەرگرتووە، لە کاتێکدا مرۆڤ و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بەبێ نەخشەسازییەکی پەروەردەیی و هزری، لەناو گێژاوی ناهاوسەنگیی نێوان نەریت و بازاڕدا جێ هێڵراون.

 کۆمەڵگه و نەتەوە تەنیا بە دەسکەوتە ماددییەکان پێش ناکەون، بەڵکوو ئەوە که‌لتوور و توخمە مەعنەوییەکانییەتی (زمان، بەها، دابونەریت، زانست و هونەر) کە دەبنە بناغەی دروستبوونی جۆری کەسایەتیی تاکەکان؛ لێبڕانی ئەم توخمە مەعنەوییانەیش وا دەکات پێشکەوتنەکان سنووردار و خەوشدار بن (میران، ٢٠١٨).

لەبەر ڕۆشناییی ئەم ڕوانگانەدا، دەتوانین بڵێین: کێشەی سەرەکیی نامۆبوونی که‌لتووری لە کوردستاندا تەنیا گۆڕانی شێوازی ژیان نییە، بەڵکوو دروستبوونی شوناسێکی لەتبووە کە نە دەتوانێت بەتەواوی پاڵپشت بە ڕەسه‌نایەتیی ڕابردوو، خۆی بونیاد بنێتەوە و، نە کەرەستەی هزری و دەزگه‌ییی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ ڕامکردن و هەزمکردنی مۆدێرنیتە بە شێوازێکی عەقڵانی. ئەم دژبەیەکبوونە بەردەوامە، دواجار جۆرێک لە شڵەژانی قووڵ و نامۆبوون لە خود بەرهەم دەهێنێت، کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێهیوایی، گۆشەگیری و شڵەژانە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی لەناو نەوەی نوێدا؛ چونکە تاک بەردەوام لە هەوڵێکی بێهوودەدایە بۆ ڕازیکردنی دوو جەمسەری دژبەیەک.

ئەنجام

لەم وتارە ئەکادیمییەدا تیشک خرایە سەر نامۆبوونی که‌لتووری و قەیرانی شوناس لە کۆمەڵگه‌کەماندا، وەک دەرەنجامێکی حەتمیی پێکدادانی نێوان که‌لتووری خۆجێیی  و جیهانگەرایی و مۆدێرنیتە. گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە بازدانی کتوپڕی کۆمەڵگەی کوردی لە بونیادێکی گوندی-خێڵەکییەوە بۆ ناو جیهانگیری و بازاڕی ئازاد بەبێ زەمینەسازیی هزری و که‌لتووری، جۆرێک لە “کۆمەڵگەی ڕیسک” و ناهاوسەنگیی بونیادی لەنێوان که‌لتووری ماددی و ناماددیدا بەرهەم هێناوە. لەژێر کاریگەریی ئەم بازدانە خێرایەدا، کایەی دیجیتاڵی لەبری ئەوەی ببێتە بزوێنەری پێشکەوتن، بووەتە فەزایەک بۆ بەکاڵابوونی شوناس؛ بە جۆرێک پێوەرەکانی دانپێدانانی کۆمەڵایەتی لە “بوون”ەوە وەرچەرخاون بۆ “دەرکەوتن و نمایشی وێنەیی” و، پێگەی مرۆیی تەنیا لە ڕێگەی توانای نیشاندانی هێزی کڕین و بەکاربردنەوە ڕەوایەتی بەدەست دەهێنێت.

ئەم ململانێیەی  نێوان توخمە که‌لتوورییەکان وای کردووە، مرۆڤی ئێمە لەنێوان چەکوشی “که‌لتووری نەریتی” و دەنووکی که‌لتووری باو و جەماوەریدا گیر ببێت، لە کاتێکدا کایەی که‌لتووری باڵا (مەعریفە و ئەدەبیاتی قووڵ) پەڕاوێز خراوە و ناتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیرێکی عەقڵانی بگێڕێت. دەرەنجامی ئەم ڕەوشەیش، کۆمەڵگەی گەیاندووەتە دۆخێک لە بێپێوەریی کۆمەڵایەتی، کە تیایدا توخم و نۆرمە که‌لتوورییەکانی کۆمەڵگه‌ی خۆجێیی سست دەبن و کەلێن و درزێکی قووڵ لەنێوان نەوەکان  دروست دەبێت.

لەسەر ئاستی دەروونییش، بووەتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ نامۆبوون لەناو نەوەی نوێدا؛ چونکە تاک بەردەوام لە هەوڵێکی بێهوودەدایە بۆ ڕازیکردنی دوو جەمسەری دژبەیەک کە هەم لەسەر شاشەکان ئازاد دیار بێت و هەم لە واقعدا لە ترسی سزای دەزگه نەریتییەکاندا بژیت.

 کەواتە  دەتوانین بڵێین: پرۆسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا، پرۆسەیەکی شێواو و ناهاوسەنگە، چونکە تەنیا لایەنی ماددی و تەکنەلۆژیی وەرگرتووە؛ لە کاتێکدا مرۆڤ و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بەبێ مانیفستۆ و نەخشەسازییەکی پەروەردەیی، هزری و ڕەخنەیی لەناو گێژاوی نێوان نەریت و بازاڕدا بەجێ هێڵراون.

بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، کۆمەڵگه‌کەمان پێویستی بە سەرلەنوێ کاراکردنەوەی کایەی “که‌لتووری باڵا” و بونیادنانی سیستەمێکی پەروەردەییی هاوچەرخ هەیە کە بتوانێت هاوسەنگی لەنێوان ڕەسه‌نایەتیی لۆکاڵی و مۆدێرنیتەدا دروست بکات، تا مرۆڤ لە خودێکی  بەکاربەرەوە، ببێتەوە بە خودێکی بەرهەمهێن و خاوەن شوناسی خۆی.

لیستی سەرچاوە:

یەکەم: سەرچاوە کوردییەکان

فان براونسن، مارتین (١٩٩٩)، ئاغا، شێخ و دەوڵەت، وەرگێڕانی کوردۆ.

میران، ڕەشاد (٢٠١٨)، پێشڤەچوون! کۆمەڵگه و نەتەوە و وڵات چۆن گەشە دەکەن، بە چی پێش دەکەون، ماڵپەڕی  گۆڤاری گوڵان.

دووەم: سەرچاوە بیانییەکان

Baudrillard, J. (1998). The Consumer Society: Myths and Structures. London: Sage Publications.

Beck, U. (1992). Risk Society: Towards a New Modernity. London: Sage Publications.

Gramsci, A. (1971). Selections from the Prison Notebooks. Formulations of the Relationship Between Material and Ideological Elements. New York: International Publishers.

Reckwitz, A. (2017). The Society of Singularities. Berlin: Suhrkamp Verlag.

Sociology Bulletin. (2024). The Multi-Dimensional Model of Cultural Forms and Identity Fragmentation in Developing Societies. Academic Press

Kagarlitsky, B. (2008). Empire of the Periphery: Russia and the World System. London: Pluto Press.

Sorokin, P. A. (1957). Social and Cultural Dynamics. Boston: Porter Sargent Publishers.




دیپلۆماسییەتی پراگماتیکیی ئەکتەرێکی نادەوڵەتی:  ڕەهەند و ئامانجەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆما و ڤاتیکان

 

پێنووس

لە کۆتایییەکانی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاوکێشە ئەمنییەکانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داڕشتووەتەوە. عێراق — کە دەکەوێتە نێوان هێزە کێبڕکێکارەکان — بووەتە گۆڕەپانێکی لاوەکیی ئەم ململانێیە. لە هەمان کاتدا، هەرێمی کوردستان لە ناوخۆدا لەبەردەم پرۆسەی چەقبەستووییی سیاسی، پێکهێنانی حکوومەت و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی خۆیدایە و، لەسەر ئاستی بەغدا و ناوچەکەیش ڕووبەڕووی چەندان ئاڵنگاریی سیاسی و ئابووری بووەتەوە.

هەر بۆیە سەردانی دوو ڕۆژەی (١٨ و ١٩ی ئایار)ی “نێچیرڤان بارزانی”، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆما و ڤاتیکان لە بۆشاییدا دروست نەبووە، بەڵکوو لەناو یەکێک لە ناجێگیرترین دۆخە هەرێمییەکانی ناوچەکە و لە کاتێکی هەستیاری ناوخۆییدا ئەنجام دەدرێت. کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئیتاڵی و دەوڵەتی ڤاتیکان (قەداسەتی پاپا ليۆى چوارده‌ پاپای ڤاتیکان، هەروەها کاردیناڵ پیێترۆ پارۆلین، سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان، سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا و ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە، ویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و…)، ڕووداوێکی دیپلۆماسیی پڕبایەخە بۆ هەرێمێکی نادەوڵەتی، کە دەیەوێت لەم ژینگە سەختەی جیۆپۆلیتیکی و پڕ لە ململانێیەدا وەک قەوارەیەکی سەقامگیر و ناوچەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیانی سیاسی و ئایینی لە عێراق و ناوچەکەدا دەربکەوێت.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە بۆچی ئێستا و بۆچی ئیتاڵیا؟

ڕەنگە نەخشە جوگرافییەکان پێمان بڵێن “ڕۆما” و “هەولێر” هەزاران کیلۆمەتر لێکەوە دوورن، لێ کاتێک پەردە لەسەر دۆسیەکانی ئاسایش، وزە، ئابووری و، پرسە که‌لتوورییەکان لا دەدەین، دەبینین ئیتاڵیا یەکێکە لە هاوبەشە نزیکەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا. ڕۆما بەوردی لە برینە مێژوویییەکانی ناوچەکە تێ دەگات و کێشەی کوردی زۆر باش خوێندووەتەوە؛ تا ئەو ڕاددەیەی ئێستا بووەتە زمانحاڵ و پێشەنگی دیپلۆماسیی وڵاتانی باشووری ئەوروپا، کاتێک بابەتەکە دێتە سەر پرسی عێراق.

ئەم سەردانە سێ تەوەری سەرەکیی لەخۆ گرتووە کە تەواوی ڕەهەندەکانی پەیوەندییەکانی هەولێر و ڕۆما دادەپۆشن و مەبەستەکانی گەشتەکە ڕوون دەکەنەوە:

یەکەم: ڕەهەندی ئەمنی و سەربازی (گۆڕانکارییە ستراتیژییەکان)

مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٦ وەرچەرخانێکی ستراتیژیی گەورەی تۆمار کرد. بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە، هاوپەیمانیی ناتۆ بڕیاری دا سەرجەم ستافی ئەرکەکەی لە عێراق، لە بەغداوە بگوازێتەوە بۆ فەرماندەییی هێزی هاوبەشی هاوپەیمانان لە ناپۆلی (Allied Joint Force Command Naples) لە ئیتاڵیا. هەرچەندە پاڵنەری سەرەکیی ئەم هەنگاوە پاراستنی گیانی هێزەکان بوو، بەڵام لێکەوتەیەکی بونیادیی قووڵی بەدوای خۆیدا هێنا: لەمەودوا ئیتاڵیا چەقی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆن و جووڵەکانی ناتۆیە لە عێراق.

لە لایەکی دیکەوە، ئیتاڵیا یەکێکە لە ئەندامە چالاکەکانی “هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش”. دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیتاڵیا دووەم گەورەترین وڵاتە کە هێزی بۆ ئەرکی ناتۆ لە عێراق دابین کردووە (بە زیاتر لە ١,٢٦٠ سەرباز)، کە کرۆکی ئەم جێگیرکردنە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ دەستی پێ کردووە و بارەگا سەرەکییەکەی لە هەولێرە. سەربازانی ئیتاڵی لەو سەردەمەی تارماییی داعش باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو، هاوکاریی پێشمەرگەیان کرد؛ کە ئەمە خۆی پردێکی ئەمنی و دیپلۆماسیی بەهێزی دروست کردووە و، پەیوەندیی نێوان پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئیتاڵیا مێژوویەکی سەرکەوتووی هەیە.

لەپاڵ ئەمانەدا، ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە کۆتاییی ئەمساڵدا (٢٠٢٦) هەمیشە لە ڕۆژەڤ و پلاندایە؛ بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا هەوڵی خۆی بدات و هەموو هێلکەکانی لە یەک سەبەتەدا حەشار نەدات. کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، مەبەست لێی دڵنیابوونەوەیە لە بەردەوامیی پشتگیرییە سەربازی، ڕاوێژکاری و، مەشقەکانی سوپای ئیتاڵیا، بەتایبەت کە مەترسییەکانی تیرۆر هێشتا بەتەواوی کۆتایییان نەهاتووە. بەدەستهێنانی بەڵێنی نوێ لە وەزیری بەرگری بۆ بەردەوامیی مەشق و ڕاهێنانەکان، یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا؛ کە ئەمە هەمیشە لە ئەجێندا و کاری سەرەکیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە. ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی تەنیا بەسەرکردنەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو دانوستانە لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کە ئێستا لەسەر خاکەکەی خۆیەوە جڵەوی ئەو ئەرکە سەربازییەی گرتووەتە دەست کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و دانەبڕاوی بە داهاتووی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

دووەم: ڕەهەندی سیاسی و ئابووری-بارزگانی 

لە کاتێکدا هەوڵێک هەیە بۆ لاوازکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکردنی سەرۆکی هەرێم لەلایەن لووتکەی دەسەڵاتی وڵاتێکی وەک ئیتاڵیا (کە ئەندامی کارای یەکێتیی ئەوروپا و کۆمەڵەی G7یە)، نامەیەکی ڕوونە بۆ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە، کە هەرێمی کوردستان هێشتا وەک ئەکتەرێکی سەرەکی، فەرمی و جێگەی متمانە لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو پەیامە بەگوێی دۆست و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا بدات کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای بوونی کێشەکان، ڕژدە لەسەر دۆزینەوەی ڕێگه‌چارەیەک.

لەپاڵ سیاسەتدا، پرسی نەوت و غاز و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان قسەی یەکەم دەکەن. وڵاتێکی وەک ئیتاڵیا کە بەردەوام تینووی سەرچاوەی وزەیە، لە ڕێگەی زەبەلاحێکی وەک کۆمپانیای ENIیەوە زۆرترین سەرمایەی لەسەر خاکی عێراق و کوردستاندا خستووەتە گەڕ. بەگوێرەی ئامارەکانی پەیمانگه‌ی ئیتاڵی بۆ لێکۆڵینەوە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان (ISPI)، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا عێراق بڕی ١٣.٣٪ی کۆی خواستی نەوتی خاوی ئیتاڵیای دابین کردووە؛ ئەمەیش عێراق دەکاتە چوارەم گەورەترین دابینکەری نەوت بۆ ئەو وڵاتە. ئەم ژمارەیە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و پێویستییە خێراکەی ئیتاڵیا بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە، گرنگییەکی زۆری پەیدا کرد. بۆ ڕۆما، سەقامگیری و توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان چەمکێکی گریمانەیی نییە، بەڵکوو گۆڕاوێکی ڕاستەوخۆیە لە هاوکێشەی ئاسایشی نەتەوەییی وزەی ئیتاڵیادا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر ژیرانە پرسەکانی بازرگانی و ئابووری دەخاتە پێش سیاسەتەوە، چونکە دەزانێت کاتێک بەرژەوەندیی ئابووریت لەگەڵ وڵاتێکدا گرێ دا، سیاسەتەکەیشیان خۆبەخۆ دەکەوێتە خزمەتتەوە. جێگەی ئاماژەیە لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئەنتۆنیۆ تایانی (Antonio Tajani)، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، لە ڕۆما لەگەڵ سەرۆک “مەسعوود بارزانی” کۆ بووەوە و جەختی لەسەر ئارەزووی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان کردەوە بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان لە کەرتەکانی وزە، ژێرخان، دەرمانسازی و خۆراکی کشتوکاڵی. بەیاننامەکەی ئەوکات بەڕوونی ئاماژەی بە کۆڕبەندێکی پێشووتری کارسازیی ئیتاڵیا-کوردستان دا و هاوبەشییەکەی بە هاوبەشییەکی ئابووریی گەشەسەندوو و هاریکارییەکی بەرهەمداری بەرگری وەسف کرد.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئیتاڵیا لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگی بە مۆدێلی پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان (SMEs)  دەرکردووە، ئەم سەردانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت ڕێگه‌ خۆش بکات بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و هێنانی تەکنه‌لۆژیای نوێی ئیتاڵی لە بوارەکانی شوێنەوارناسی، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و پیشەسازی بۆ هەرێمی کوردستان؛ کە ئامانج لێی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتە لە دەرەوەی کەرتی نەوت.

سێیەم: ڕەهەندی مرۆیی و ئایینی (پاپای ڤاتیکان)

دیدار لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، مەبەستی سەرەکی لێی دووپاتکردنەوەی پابەندیی هەرێمی کوردستانە بە پاراستنی فرەییی ئایینی و نەتەوەیی، بەتایبەت پاراستنی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمدا؛ هەروەها نیشاندانی ڕۆڵی هەرێم وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەرانی پێکهاتە جیاوازەکان دوای جه‌نگی داعش.

ڤاتیکان پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ ١٨٣ وڵاتدا هەیە و هێزێکی نەرمی کەموێنە وەک ناوبژیوانێکی ئەخلاقی لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا بەکار دەهێنێت. بۆ هەرێمێک کە میوانداریی ئاشووری، کلدانی و سریانییەکان دەکات، سەرنجی ڤاتیکان جۆرێکە لە داکۆکیکردن کە هیچ دامەزراوەیەکی دیکە ناتوانێت هاوشێوەی بێت. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک دیپلۆماتکارێکی باڵای ناوچەکە زۆر باش لە کۆد و گرنگییەکانی ئەو پەیامە تێ گەیشتووە و دەزانێت پاپا کاریگەرییەکی ڕۆحی و مەعنەویی گەورەی بەسەر بڕیاری سیاسیی وڵاتانی ڕۆژاوادا هەیە.

ستایشکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن پاپاوە بەهۆی پاراستنی کەمینە ئایینییەکان، ناوبانگی جیهانیی هەرێم وەک ”پایتەختی پێکەوەژیانی ئاشتییانە” لە ناوچەیەکی پشێو و ئاڵۆزدا بەرز دەکاتەوە. لە ڕێگەی ئەمەیشەوە، بارزانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕێکی جیهانیی وڵاتانی زۆرینە کاسۆلیکەوە دەبەستێتەوە؛ کە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی هاوسۆزیی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ بەربەست و کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا.

دیپلۆماسیی پراگماتیکیی تۆڕی: دۆکترینی نێچیرڤان بارزانی

ئەگەر قووڵتر سەرنج بدەینە شێوازی کارکردنی دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی، ڕووبەڕووی ستایلێکی دیپلۆماسی دەبینەوە کە کەموێنەیە و لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بە ”دیپلۆماسیی پراگماتیکیی تۆڕیی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان” پێناسە دەکرێت. نێچیرڤان بارزانی دەزانێت بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتی چەندە ئەستەمە لەنێوان دەوڵەتانی خاوەن سەروەریدا بەرژەوەندی و ئاسایشی خۆی بپارێزێت؛ بۆیە زۆر واقعبینانە هەنگاو دەنێت. لەبری ئەوەی بە دروشمی گەورە داوای ناواقعی لە دەوڵەتان بکات و دراوسێ و زلهێزەکان هەستیار بکات، ئەو لە دەرگه‌ی ئابووری، ئاسایشی هاوبەش و که‌لتوورەوە دەچێتە ژوورەوە و بە زمانێکی دیپلۆماسیی نەرم و هێمنانە بە ئەوروپا دەڵێت: ”ئێمە هاوبەشێکی بەسوود و جێی متمانەین بۆ ئێوە”.

لە نێوه‌ندی ئەم سەردانەدا، یەکێکی تر لە تایبەتمەندییە دیارەکانی دۆکترینی دیپلۆماسییەکەی دەرکەوت، ئەویش فراوانکردنی بازنەی دۆستەکانێتی. ئەو تەنیا لە دەرگه‌ی کۆشکی سەرۆکوەزیران نادات، بەڵکوو دەچێتە ناو پەرلەمان، لەگەڵ گەورە بازرگانان دادەنیشێت و، تا دەگاتە ڤاتیکان. تەنانەت لەبەر ئەوەی ئیتاڵیا خۆی مێژوویەکی ئاڵۆزی لەگەڵ پرسی ناوچە ئۆتۆنۆمییەکانی وەک سیسیلیا (Sicily) و سەردینیا (Sardinia) هەیە، بارزانی بە زمانێک قسەیان لەگەڵ دەکات کە پرس و کێشە مێژوویییەکانی خۆیانیان بیر دەهێنێتەوە. هەروەها کەسایەتیی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی وا دەکات کە بۆ پرسە هەستیارەکانی وەک “مافی مرۆڤ” و “ئازادییەکان”یش لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، هەمیشە بە لۆژیک و سینگێكی فراوانەوە ئامادەیە بەرسڤیان بداتەوە.

لە ئێستادا کە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بەدەست ئاگری جەنگ و ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنن — لە قەیرانی ئۆکرانیاوە بگرە تا ئاڵۆزییەکانی ئێران — پەیامەکەی هەولێر زۆر سادە و کاریگەرە: ئێمە دوورگەیەکی ئارامین لەناو زەریایەک لە پشێویدا.

کۆبەند

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین لەم دۆخەدا — کشانەوەی هێزەکانی ئیتاڵیا، مەترسیی کشانەوەی ئەمریکا، پەرەسەندنی جەنگی هەرێمی و دروستبوونی گوشار لەسەر هاوبەشییە درێژخایەنەکان — پەیامی سەردانەکەی بارزانی بۆ ڕۆما دیپلۆماسی، خێرا و ستراتیژی بوو. ئامانجەکە دڵنیاییدان بوو بە ئیتاڵیا کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی جێی متمانەیە، لەگەڵ مسۆگەرکردنی ئەوەی پەیوەندییە ئابووری، سەربازی و ئەمنییەکان لەژێر گوشاری کورتخایەندا دانەڕمێن.

ئیتاڵییەکان زۆر باش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا، پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان گه‌رەنتییەکی زۆر زیاتری تێدایە تا مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسەتی هەڵبەز و دابەزی بەغدا. ئەم باوەڕەیش وای کردووە ئیتاڵی و ئەوروپییەکان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک سەردانیکەرێکی کاتی نەبینن، بەڵکوو وەک میواندار و هاوپەیمانێکی هەمیشەیی حیسابی بۆ بکەن؛ کە ئەمەیش مامەڵەکردنی لە ڕۆژە سەختەکاندا زۆر ئاسانتر کردووە.

ئەم سەردانە نیشانی دا کە هەرێمی کوردستان تەنیا لە بوارێکی جیۆپۆلیتیکیی ناوخۆییی عێراقیدا زنجیر نەکراوە، بەڵکوو دۆستێکی ستراتیژیی ڕۆژاوایە لە پاراستنی سەقامگیری، جه‌نگی دژی تیرۆر و، پاراستنی مافی مرۆڤ و کەمینەکاندا. گرنگیی گەورەی ئەم سەردانە لەوەدایە کە بەبێ ئەوەی تێچوویەکی سیاسیی گەورەی بوێت، قورساییی سیاسیی هەرێمی کوردستانی لەسەر ئاستی ئەوروپا دووپات کردەوە و هێزێکی نوێی دایە پێگەی دانوستانکاری هەولێر لە ناوخۆ و دەرەوەدا؛ سەرەڕای ئەو دۆخە سیاسییە ناوخۆیییەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە و مەترسییەکانی جه‌نگی ئێران و ئەمریکاش لە ناوچەکەدا.

بەکورتی، دیپلۆماسییەکەی نێچیرڤان بارزانی پشت بە هونەری ”دروستکردنی پرد لە دوای پرد” دەبەستێت، کە هەر پردێکیان تەنیا دیدارێکی وشک نییە، بەڵکوو بە دروستکردنی پەیوەندیی دووقۆڵی و فرەقۆڵی، هەرێمی کوردستان ئاوێتەی تۆڕی بەرژەوەندی و ئاسایشیان دەکات و، شوێنپێی کورد لە کیشوەری ئەوروپادا قایمتر دەکات تا ببێتە سەرمایەیەک بۆ داهاتوو.




حکوومەتی زەیدی؛ نەخشەڕێگەی نوێی شیعە لەنێوان مانۆڕی سیاسی و گرەوی مانەوەدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

دەسپێك

پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لەلایەن “عەلی زەیدی”یەوە، پێشهاتێکی نوێ و جێگەی ‌سەرنجە لە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتدا. زەیدی وەک کاندیدێکی نائاسایی و لەدەرەوەی چوارچێوە و نەریتە کلاسیکییەکانی ناوماڵی شیعە دەرکەوتووە؛ ئەمەیش ئاماژەیە بۆ گۆڕانی شێوازی بیرکردنەوەی جەمسەرە سیاسییەکان. لەگەڵ ‌ئەوەیشدا، ئەم پێشهاتە لایەنە شیعەکان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەکی ورد لەنێوان “داخوازییە ناوخۆیییەکان” و “هاوکێشە ئاڵۆزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا”. ئەم شرۆڤەیە تیشک دەخاتە سەر پاشخان و ڕەهەندە سیاسییەکانی دیاریکردنی “عەلی زەیدی” بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران، میکانیزمی کاری ئێستای هێزە شیعەکان و ئەگەرەکانی سەرکەوتن یان شکستهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا.

یەکەم: کابینەی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەمریكا

پاش پێنج ‌مانگ لە ناکۆکی و ململانێی‌ ناوخۆییی دوای هەڵبژاردن و، لە سایەی جۆرێک لە “ئاگربەستی سارد”ی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، عێراق چووە قۆناغی پێکهێنانی دەیەمین کابینەی حکوومەت لەدوای ٢٠٠٣. ئەم قۆناغە بە ڕاسپاردنی “عەلی زەیدی”، بازرگانێکی تەمەن ٤٠ ساڵان، دەستی ‌پێ کرد؛ کاندیدێک کە وەک وەڵامێکی ناچاریی هێزە شیعەکان بۆ گۆڕانی هاوکێشە هەرێمایەتی و دەرەکییەکان دەبینرێت. ئەم هەنگاوە، کە دوای دوو مانگ لە پێشێلکردنی وادە دەستوورییەکان و بە دەنگدانێکی “نیوەچڵ” تێ پەڕی، دەشێت وەک وەرچەرخان لە ڕەفتاری سیاسیی شیعەدا تەماشا بکرێت؛ بەتایبەت لەپاش ئەزموونی ڕاسپاردنی “مستەفا کازمی” بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەنێو گێژاوی لێکەوتەکانی تشرین و پەتای کۆرۆنادا (٢٠٢٠). تێپەڕاندنی حکوومەتی زەیدی، بەکردەیی “چەمانەوە بوو لەبەردەم گەردەلوولی گوشارەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ”دا؛ کە ئەمەیش لەم ئاماژانەی‌خوارەوەدا بەڕوونی دیارە:

* ترەمپ بەئاشکرا و لە هەژماری‌خۆیەوە لە “تروس سۆشال”دا، ڤیتۆی لەسەر “نووری مالیکی” هەبوو پاش ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن چوارچێوەی شیعییەوە؛ هاوکات ئیدارەکەیشی لە زنجیرەیەک بەیاننامەی وەزارەتی‌ دەرەوە و باڵیۆزخانەی بەغدادا، ناڕەزایەتییەکی قووڵی بەرامبەر “محەمەد شیاع سوودانی” نیشان دەدا. ئەم ناڕەزایەتییە بەتایبەت پاش ئەوە هات کە لە “جەنگی چل‌ ڕۆژەی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێراندا”، سوودانی نەیتوانی جڵەوی گرووپە چەکدارە وەلائییەکان بگرێت؛ ئەمەیش وای کرد چانسی نوێکردنەوەی ویلایەتەکەی لای ئەمریکییەکان لەبار بچێت و بەڕاشکاوی بێهیوای ‌بکەن و، ئەم پەیامەیش بە هێزە شیعەكان بگەیەنن (الشمري ، ٢٠٢٦). هەر ئەمەیش هێزە شیعەکانی ناچار کرد ناوی “عەلی زەیدی” وەک کاندید بۆ ئەمریکا پێشنیاز بکەن و ڕەزامەندیی پێشوەختەی بۆ وەرگرن.

* دیاریکردنی “عەلی زەیدی” وەک کاندیدێکی نائاسایی بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران، لادان بوو لە بژاردە سیاسییە باوەکان. کاتێک ڕژێمی پێشوو لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕووخا و بناغەی عێراقی نوێ داڕێژرا، عەلی فالح زەیدی (تەمەن ٤١ ساڵ) تەنیا قوتابییەکی قۆناغی ئامادەیی بوو. ئەو بەشێک ‌نییە لەو نەوە سیاسی و ڕێکخراوەیییەی کە خۆیان بە “باوکانی دامەزرێنەر”ی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەزانن، بەڵام لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، خۆی لەنێو جەرگەی یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانەکانی عێراقدا بینییەوە.

زەیدی، کە خەڵکی پارێزگای “زیقار”ە، پێشتر هیچ پۆستێکی فەرمیی نەبووە. کاندیدبوونی، بەرهەمی تەوافوقێکی ناچاریی ناوخۆیی و گوشاری واشنتۆن بووە بۆ تێپەڕاندنی کەسایەتییەکی “دوور لە تاران”. زەیدی لە دەساڵی ڕابردوودا وەک یەکێک لە سەرمایەدارە هەرە دیارەکانی عێراق ناسراوە. ئەو خاوەنی تۆڕێکی دارایی و خزمەتگوزارییە کە بریتین ‌لە: بانکی باشوور بۆ وەبەرهێنان، زانکۆی شەعب، کۆمپانیای نیشتمانیی هۆڵدینگ -سەرپەرشتیاری زنجیرە هایپەرمارکێتەکان-، چەندان ناوەندی پزیشکی و بازرگانی، لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی دیجلە (بڕوانە: الجزيرة نت، 2026). ئەم پاشخانەیشی بەتەواوی جیاوازە لە گوتاری باوی “شیعەی سیاسی” لە عێراقدا، کە هەمیشە سەرمایە ڕەمزی و سیاسییەکەی لەسەر چەمکەکانی وەک “جیهاد”، ئاوارەیی، بەرهەڵستکاریی ڕژێمی بەعس و جەنگی دژ بە قاعیدە و داعش بونیاد ناوە.

لەم چوارچێوەیەدا، یەکێک لە پەرلەمانتارە شیعەکان بەسەرسوڕمانەوە دەڵێت: “ڕەنگە زەیدی لە ژیانی سیاسییدا تەنانەت بەشداریی دەنگدانیشی نەکردبێت”، بەڵام پێی وایە چونکە ئەو “کوڕی بازاڕە”، دەشێت لەم‌ قۆناغەدا سەرکەوتوو بێت (شبكة 964، 2026). پاشخانی زەیدی وەک بازرگان و خاوەنکارێک، وای کردووە هێنانەپێشەوەی وەک سەرۆکوەزیران زیاتر وەک “دیزاینکردنی وێنەیەکی نوێی دەسەڵات” تەماشا بکرێت. ئەمە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ڕوخسارێکی مۆدێرن و بێلایەن بە جیهان، بەبێ ئەوەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە جەوهەری دەسەڵاتدا ڕوو بدات؛ چونکە هێشتا وەزارەتەکان لەسەر بنەمای “پشکپشکێنەی حزبی” دابەش دەکرێن و هێزە شیعە کلاسیکییەکان جومگە گرنگەکانی بڕیاریان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

لایەنە شیعەکان وەک “پردی ‌پەیوەندی” و ئامرازێکی “پراگماتی” سەیری زەیدی دەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ و وڵاتانی کەنداودا، کە لەم قۆناغەدا زیاتر گرنگی بە بازرگانی و دارایی دەدەن. بەهۆی ئەوەیشی زەیدی هیچ ئەزموونێکی ئەمنی و سەربازیی نییە، کۆنترۆڵکردنی بڕیاری ئاسایش لەلایەن هێزە شیعە چەکدارەکانەوە ئاسانتر دەبێت.

* بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، واشنتۆن مەرجی پێشوەختەی هەبووە کە نابێت شەش گرووپی سەرەکیی شیعە لە کابینەی زەیدیدا پشکیان هەبێت، كه‌ بریتین له‌: کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەییدولشوهەدا، بزووتنەوەی عەسائیب، ئەنساروڵڵای ئەوفیا و، کەتائیبی ئیمام عەلی. ئەمە لە کاتێکدا گرووپە چەکدارە شیعەکان خاوەنی ٨٠ کورسیی پەرلەمانین (الحرة، 2026)، لە کۆی دەوروبەری ١٨٧ کورسیی پێکهاتەی شیعە کە ١٦٣یان لەنێو “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا خۆیان ڕێک خستووە. لە پێکهێنانی حکوومەتیشدا ئەم خواستەی ئەمریکا لەبەرچاو گیرا و لە قۆناغی یەكەمی حکوومەتدا ئەم گرووپانە بەشدارییان پێ نەکرا.

* بزووتنەوەی عەسائیب کە یەکێکە لە دیارترین گرووپە چەکدارەکانی شیعە، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گوشارەکانی ئەمریکادا جۆرێک لە “نەرمیی پۆپۆلیستی” نیشان دەدات. سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە، لەوانەیش یاریدەدەری سیاسیی ئەمیندار، باس لە ئامادەییی خۆیان دەکەن بۆ “کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا” و ڕووکردنە کاری سیاسیی پەتی (العبودي، 2026). ئەم گۆڕانکارییە تاکتیکییە، ئامانجەکەی بەدەستهێنانی پۆستی باڵایە؛ چونکە چاویان لەوەیە “لەیس خەزعەلی” (برای قەیس خەزعەلی)، پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران وەرگرێت؛ ئەوەیش لە ڕێگەی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئەمریکاوە ئەنجام دەدرێت.

* سەرچاوە شیعەكان ئاشکرای دەکەن کە هۆکاری بەتاڵهێشتنەوەی ٨ پۆستی وەزاری لە کابینەی زەیدیدا، هەوڵێکی زەیدی بووە بۆ “خۆلادان لە پێکدادان لەگەڵ ترەمپدا”. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ڕاسپێردراوە بۆ “فڵتەرکردنی” ناوی وەزیرەکان، تا دڵنیا بن لەوەی هیچ کەسایەتییەکی سەر بە ئێران تێ ناپەڕێت. تەنانەت باس لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی دەکرێت چەند کاتژمێرێک پێش دانیشتنی پەرلەمان، کە تێیدا زەیدی لیستی کاندیدەکانی نیشانی تیمێکی دیپلۆماسیی ئەمریکی داوە بۆ وەرگرتنی “تیشكی سەوز” ( بڕوانە: شبكة 964، 2026).

* پێش ڕاسپاردنی زەیدی، ناوماڵی شیعە لە عێراقدا دابەش بووبوو بەسەر دوو جەمسەردا: یەکەمیان جەختی لە پێکهێنانی حکوومەت لە وادە دەستوورییەکاندا دەکردەوە تا دەوڵەت لە پەککەوتن و بۆشاییی دەستووری و یاسایی ڕزگار بکات. دووەمیشیان، بە پاڵپشتیی تاران، داوای دواخستنی پڕۆسەکەیان دەکرد تا کۆتاییهاتنی جەنگ. تاران دۆسیەی حکوومەتی عێراقی وەک “کارتێکی گوشار” بۆ سەر ئەمریکا دەبینی و، دەیویست لە ڕێگەی بۆشاییی سیاسییەوە دڵنیا بێتەوە کە بەغدا هیچ هەنگاوێکی دژبە بەرژەوەندییەکانی تاران نانێت (مركز الإمارات للسیاسات، 2026).

لە کۆتاییدا، ئاراستەی پێکهێنانی حکوومەت سەرکەوتنی بەدەست هێنا و پێکهێنانی کابینەکە لەژێر سێبەری “عەلی زەیدی”دا، عێراقی بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە بارمتەگرتنی تاران دوور خستەوە و لە هاوکێشەی جەنگی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێرانیش دەرهێنا، یان لانی کەم توانیی عێراق لەو چەقە مەترسیدارە دەرباز بکات. هەر ئەمەیش دەشێت هۆکار بێت کە ئێران پاش وڵاتانی دیکە و تەنیا لە ڕێگەی پەیامێکی سۆشیاڵ میدیاییی “عەباس عێراقچی” وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە، پیرۆزباییی ڕاسپاردنی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت بکات.

ئەم “خۆگونجاندنانەی” سەرەوە، ئاماژەیەکی ڕوونه‌ کە هێزە شیعەکان لە ترسی سزا دارایییە توندەکان و بۆ پاراستنی مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا، ئامادەن یەک هەنگاو لە ئەجێنداکانی تاران دوور بکەونەوە و بەرەو واشنتۆن هەنگاو بنێن. ستایشی ئاشکرای ترەمپ بۆ دیاریکردنی زەیدی و بانگهێشتکردنی بۆ کۆشکی سپی، دەشێت ئاماژەیەکی ڕوون بێت کە ئەم کابینەیە، کابینەی “ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا”یە لەسەر حیسابی “هەژموونی ئێران”.

دووەم: دەرفەتەكانی سەركەوتن و ئەگەرەكانی شكستی كابینەی زەیدی

ئەلف: دەرفەتەكانی سەركەوتنی حکوومەت

جگە لە سازانی ناوخۆیی، حکوومەتی نوێی عێراق لەسەر ئاستێکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی پێشوازیی لێ کرا؛ کە ئەمەیش یەکێکە لە ئەگەرە بەهێزەکانی گریمانەكردنی سەرکەوتنی “عەلی زەیدی”. پاشخانی دارایی و بازرگانیی زەیدی، هیوای ئەوەی لای چاودێران دروست کردووە کە بتوانێت عێراق لە قەیرانێکی خنکێنەری دارایی دەرباز بکات؛ بەتایبەت دوای ئەوەی جەنگی چل ڕۆژە هەناردەی نەوتی عێراقی بۆ نزمترین ئاست دابەزاند و وڵاتی خستە بەردەم مەترسیی مایەپووچبوونی خەزێنە و پەنابردن بۆ قەرزی دەرەکیی قورس.

لە یەکەم ئاماژەی ئەرێنیی واشنتۆن بۆ ئەم کابینەیە، “تۆم باراک”، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری عێراق، پەیامێکی گەرمی ئاراستەی زەیدی کرد و ڕای گەیاند: “سەرۆک ترەمپ و مارکۆ ڕۆبیۆ و ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەن لەنزیکەوە کار لەگەڵ ئێوە و حکوومەتەکەتان بکەن، بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان، کە خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق و شکستی تیرۆر بەدی بهێنێت” (توم براک، 2026). ئەم پەیامە نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن ئامادەیە “لاپەڕەیەکی نوێ” لەگەڵ بەغدا بکاتەوە، بەو مەرجەی زەیدی بتوانێت هاوسەنگییەکان بپارێزێت.

شان بە شانی ئەمەیش گرنگترین وەرچەرخان لە ڕەفتاری گرووپە وەلائییەکاندا دەردەکەوێت. ڕاوێژکارێک کە وەک نوێنەری سوودانی لە خولەکانی گفتوگۆدا لەگەڵ هێزە سیاسییەکان بەشدار بووە، بۆ کەناڵی “الحرة” ئاشکرای کردووە کە “هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەکردەیی دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای ناوبژیوانی هەرێمی و ناوخۆیی بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان؛ بەو ئومێدەی بگەڕێنەوە بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت یان بەدەستهێنانی پۆستی جێبەجێکردن لە قۆناغی داهاتوودا” (الحرة، 2026). ئەم گرووپانە درک بەوە دەکەن کە واشنتۆن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاودێریی پێکهاتەی حکوومەتە نوێیەکە دەکات، بەتایبەت ئەو پۆستانەی پەیوەندییان بە دۆسیە ئەمنی و ئابوورییەکانەوە هەیە.

سەرچاوە ئاگادارەکانی ناوخۆی شیعە باس لەوە دەكەن لای بەشێک لە هێزە چەكدارەکانی شیعە ئەو قەناعەتە دروست بووە کە بەرگریکردن لە بەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکادا بووەتە کارێکی “سەخت”. هەندێک لەو گرووپانەیش بەکردەوە دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای “دەرچەی سیاسیی واقعی”دا؛ بە جۆرێک ڕێگەیان پێ بدات بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ لە هاوکێشەی “چەک و دەسەڵات” بکشێنەوە، لە بەرانبەر پاراستنی پێگە و هەژموونی پەرلەمانی و سیاسیی خۆیان (الشرق الأوسط، 2026).

ئەم ئاماژانەیش دەرفەت دەدەنە زەیدی تاوەکوو بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، جڵەوی بڕیاری سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا بگرێتەوە دەست و وڵات لە بازنەی ململانێیەکی بێهوودە دەرباز بکات.

با: لەمپەرەكانی بەردەم كابینەی زەیدی و ئەگەرەكانی شكست

سەرەڕای ئەو کەشە گەشبینانەی لە سەرەتای ڕاسپاردنیدا دروست بوو، بەڵام حکوومەتەکەی “عەلی زەیدی” ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری (نه‌حه‌ددا)ی بنەڕەتی دەبێتەوە کە ڕەنگە تەمەنی کابینەکەی کورت بکەنەوە. ئەم بەربەستانە لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازدا کورت دەبنەوە، لەوانەیش:

*  تێپەڕاندنی وەزارەتەکان لەناو “چوارچێوەی‌ هەماهەنگی”دا، زیاتر لە “ڕێککەوتنێکی ناچاریی کاتی” دەچێت نەک ستراتیژییەکی درێژخایەن. دابەشکردنی پۆستەکان نەخشەیەکی نوێی لە ململانێ و هاوسەنگیی هێز لە ناوماڵی شیعەدا کێشا؛ بە جۆرێک هەندێک لە هێزە شیعەکان توانییان پۆستەکانیان مسۆگەر بکەن (وەک ڕەوتی حیكمە، نەهجی نیشتمانی و ڕێکخراوی بەدر)، بەڵام ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، سەرەڕای قورساییی “نووری مالیکی”، نەیتوانی لە گەڕی یەکەمی پێکهێنانی حکوومەتدا دەستکەوتێکی ئەوتۆی هەبێت. تەنانەت سەرباری ئامادەبوونی مالیکی لە هۆڵی پەرلەماندا، هیچ وەزارەتێکی لە پشکی ئەو تێپەڕ نەکرا.

هەندێکی دیکەیش لە هێزە شیعەکانی وەک “عەسائیب”، بەهۆی ڤیتۆی ‌ئەمریکاوە لە پەراوێزی چاوەڕوانیدان و هەندێکی تریش وەک هاوپەیمانییەکەی “موحسین مەندەلاوی” لە گەڕی یەكەمدا هیچ پۆستێکیان بەرنەکەوتووە. ئەم دۆخە وای کردووە ڕێک دوای دانیشتنی متمانەدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرەتاکانی لێکترازان لەناو “چوارچێوەی‌هەماهەنگی”دا دەربکەون و ئەو درزانە قووڵتر بن کە پێش دەنگدانە پەرلەمانییەکە هەبوون. لە لایەکی ‌دیکەیشەوە، متمانەدان بە ١٤ وەزیر و هێشتنەوەی ٩ وەزارەتی سیادی و گرنگ (وەک ناوخۆ، بەرگری و خوێندنی باڵا) بەهەڵپەسێردراوی، ئاماژەیەکی ڕوونە کە ناکۆکییە قووڵەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.

جگە لە ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی ناوماڵی شیعە، هەندێک لە هێزە سیاسییە شیعەکان چوونەتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە، لەوانەیش: “اشراقة كانون” و “حقوق”؛ ئەمەیش گوشارە پەرلەمانییەکان لەسەر زەیدی زیاتر دەکات (شبكة 964، ٢٠٢٦)، بەتایبەت پاش ‌ئەوەی پێشبینی دەکرێت بەهۆی بێبەشبوون لە پشکەکان، لە ڕۆژانی داهاتوودا لیستی سیاسیی دیکەیش بچێتە پاڵیان.

* دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان گەورەترین بەربەستە لەبەردەم سەرکەوتنی کابینەی زەیدیدا. بەپێی هەندێک زانیاریی بەردەست، حکوومەتی نوێ ڕووبەڕووی پێنج مەرجی توندی ئەمریکا بووەتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان “دەوڵەت و چەک”؛ ئەوانیش بریتین ‌لە: بەرتەسککردنەوەی بڵاوبوونەوەی چەکدارانی حەشد و چۆڵکردنی پێگەکانیان بۆ سوپا، ڕادەستکردنی چەکی قورس و درۆن بە سوپای عێراق، سنووردارکردنی چالاکییە ئابوورییەکانی “کۆمپانیای موهەندیس” (کە هی حەشدی شەعبییە)، دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە پۆستە ئەمنییەکان و دەرکردنی یاسا و ڕێنماییی قەدەغەکردنی چەکی نایاسایی (مركز الإمارات للسیاسات، 2026). یەکێک لە قورسترین مەرجەکانی واشنتۆنیش بۆ سڕینه‌وه‌ی ناوی گرووپە چەکدارەکان لە لیستی تیرۆر، “ڕادەستکردنی چەکە قورسەکان”ە، بەتایبەت مووشەکی دوورهاوێژ و درۆنەکان. هەرچەندە لایەنەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” داوای کاتیان کردووە، بەڵام ئەمریکا بە هەڕەشەی “بڕینی ناردنی دۆلار” و “ڕاگرتنی پاڵپشتیی تەکنیکی بۆ فڕۆکەکانی F-16” وەڵامی داونەتەوە (صحيح العراق، 2026). ئەمەیش بە واتای پەکخستنی تەواوی هێزی ئاسمانی و داراییی عێراق دێت.

بەرپرسانی واشنتۆن چیتر بە لێدوانە دیپلۆماسییەکان ڕازی ‌نین. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دامەزراوەکانیان لە عێراق ڕووبەڕووی زیاتر لە ٦٠٠ هێرش بوونەتەوە؛ ئەمەیش وای کردووە ئیدارەی نوێ گوشار بخاتەسەر زەیدی تاوەکوو بە هەنگاوی مەیدانی، “جیابوونەوەی دەوڵەت لە میلیشیا” بسەلمێنێت. داواکارییەکانی ئەمریکا ڕاشکاون: دەرکردنی گرووپە وەلائییەکان لە جومگەکانی حکوومەت، بڕینی بوودجە و مووچەی ئەو هێزانە و، ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەوەی کە ئەم گرووپانە هیچ شەرعییەتێکیان لەناو دەوڵەتدا نییە  (The National, 2026). لەم به‌ینه‌یشدا وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی‌ کردووەتەوە کە واشنتۆن تەنیا چاوەڕێی “ئەنجامی بەرجەستە” دەکات. مامەڵەی داهاتووی ئەمریکا لەگەڵ بەغدادا، بەستراوەتەوە بە ئاستی بێبەشکردنی میلیشیاکان لە پارەی گشتی و دامەزراوەکانی دەوڵەت (الحرة، 2026).

لەم بەرانبەرەیشدا و لە لایەکی‌ دیکەوە، تاران بەنیگەرانییەکی زۆرەوە سەیری “ستایشی ترەمپ بۆ زەیدی” دەکات. “ئیسماعیل قائانی” لە پەیامێکی بڕاوەدا بۆ لایەنە شیعەکان، هێڵە سوورەکانی دیاری کردووە: “هیچ جۆرە سازشێک لەسەر چەکی گرووپەکان و پەیکەری حەشدی شەعبی ناکرێت.” قائانی هۆشداریی داوە بە حکوومەتەکەی زەیدی، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک بەرەو داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ حەسرکردنی چەک هەنگاو بنێت و پێویستە “هاوسەنگی” بپارێزێت (الحرة، 2026).

لە یەکەم تاقیکردنەوەی کردەییشدا بۆ حکوومەتی نوێ، “نازم سەعدی” سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بزووتنەوەی “نوجەبا” ڕای گەیاند کە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، تەنیا “چەکی بێسەروبەر و دەرچوولەیاسا” دەگرێتەوە، نەک “چەکی مقاوەمە”. ناوبراو جەختی ‌لەوه‌ کردەوە کە چەکی ئەو هێزانەی بەرگرییان لە عێراق و پیرۆزییەکان کردووە، بە هیچ شێوەیەک ناخرێتە خانەی پشێوی و پاشاگەردانییەوە (الشرق الأوسط، 2026).

بەم‌ جۆرەیش مانەوەی عێراق وەک گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی ئەمریکا و ئێران، سەربەخۆییی بڕیاری سیاسی لە زەیدی زەوت دەکات. هەروەها لەبەرامبەر هەڕەشەی سزای ئابووریی سەر بانکی ناوەندی و کۆمپانیای “سۆمۆ”، هێزە شیعەکان کەوتوونەتە دۆخێکی شڵەژاوەوە. ئەوان بەکارهێنانی هێز دژی گرووپە چەکدارەکان بە “خۆکوژی” و سەرەتای جەنگی ناوخۆ دەبینن. لە کۆتاییشدا ڕەنگە زەیدی ناچار بێت پەنا بۆ “مەرجەعییەتی نەجەف” ببات؛ وەک تەنیا هێزێک کە بتوانێت بە فەتوایەک یان هەڵوێستێک، چارەسەری پرسی چەکی گرووپەکان بکات و دامەزراوە دارایییەکانی عێراق لە تووڕه‌یی و سزاکانی واشنتۆن بپارێزێت.

*  عێراق لەناو قەیرانێکی خنکێنەری ئابووریدایە؛ پشتبەستنی ڕەها بە نەوت و تەشەنەسەندنی گەندەڵی بوونەتە هۆی لاوازیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان؛ ئەمەیش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زەیدی نەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا هیچ “موعجیزەیەک” پێشکەش ‌بکات. یەکەم وتاری زەیدی وەک سەرۆکوەزیران، کورت و پڕ بوو لە پەیامی نیگەرانی و هۆشداری؛ تێیدا تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک تەنگژەی بنەڕەتیی وەک: دۆخی شڵەژاوی دەوڵەت، قورسبوونی بارگرانییە دارایییەکان، قەیرانی خزمەتگوزارییەکان، قووڵبوونەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان و پاشەکشەی عێراق لە چوارچێوەی دەوروبەرە سروشتی و ناوچەیییەکەیدا. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەدەست میراتی قورسی بیرۆکراسی، ئاڵۆزیی کارگێڕی و گەندەڵییەوە دەناڵێنن (بڕوانە: واع، 2026).

هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی زەیدیدا، ئاژانسی “ڕۆیتەرز” ئاشکرای کردووە کە عێراق سەرقاڵی پەیوەندیکردنە بە سندووقی دراوی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەوەی قەرز بکات. بەپێی لێدوانی وەزیری نوێی نەوتیش، لە ماوەی یەک‌ مانگدا عێراق تەنیا ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە گەرووی هورمزەوە بۆ دەرباز کراوە؛ لە کاتێکدا پێشتر ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیلی لەم گەرووە ئاوییەوە هەناردە دەکرد.

*  لە دەرەوەی هۆڵەکانی پەرلەمان، “موقتەدا سەدر” وەک “هەڕەشەیەکی ئامادە” خۆی مەڵاس داوە. سەدر کە ئێستا ڕێبەرایەتیی “ڕەوتی نیشتمانیی شیعە” دەکات، بەتەواوی بنەمای “پشکپشکێنە” (خەڵتەی عەتار) ڕەت دەکاتەوە. ئەو مۆڵەتێکی ٩٠ ڕۆژەی بۆ چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دیاری کردووە (الشرق، 2026). ئەم مۆڵەتە وەک “ژماردنی پێچەوانە” دەبینرێت؛ ئەگەر زەیدی نەتوانێت لەم ماوەیەدا گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بکات، دەشێت سەدر شەقام بجووڵێنێت و کۆتایی بە تەمەنی حکوومەتەکەی بهێنێت، یان خۆی وەک جێگرەوە نمایش بكات.

کۆبەند

حکوومەتی عەلی زەیدی (٢٠٢٦) گوزارشت لە قۆناغێکی نوێی “پراگماتیزمی ناچاری”ی هێزە شیعەکان دەکات لە عێراق. دوای ساڵانێک لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی مانەوە لە ناوچەی خۆڵەمێشی، ناوەندی سیاسیی شیعە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە پاراستنی “مانەوەی دەسەڵات” و “سەقامگیریی دارایی”، پێویستی بە گۆڕینی ڕوخسار و زمانەوانیی سیاسی هەیە. لێرەوە، عەلی زەیدی وەک “کاندیدێکی زەروورەت” و “پردێکی پەیوەندی” لەنێوان تاران و واشنتۆندا هاتە کایەوە.

لەبەر ڕۆشناییی ئەو زانیاری و شیکارییانەی لەم پەیپەرەدا خرانە ڕوو، دەکرێت دەرەنجامەکان لەم سێ خاڵەدا کۆ بکەینەوە:

1_  سەرکەوتنی سەپاندنی کاندیدێکی بازرگان و دەرەوەی بازنەی ٢٠٠٣ (عەلی زەیدی)، نیشانەی پاشەکشەی نەوەی کلاسیکیی شیعە و سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا “بایەخی ئابووری و سەقامگیریی دەوڵەت” پێش “بایەخی ئایدیۆلۆژی و مێژوویی” دەکەوێت.

2_ حکوومەتی زەیدی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەكی قورسدایە. واشنتۆن لە ڕێگەی گوشارخستنە سەر بانکی ناوەندی و سۆمۆ و پەکخستنی تەکنیکیی فڕۆکەکانی F-16، حکوومەتی خستووەتە بەردەم بژاردەی یەکلایەنە: یان “دەوڵەتێکی بێمیلیشیا” یان “دەوڵەتێکی مایەپووچی گۆشەگیر”. لە بەرامبەریشدا، هێڵە سوورەکانی تاران و هەڕەشەی گرووپە چەکدارە وەلائییەکان، مەودای مانۆڕی زەیدییان بۆ کەمترین ئاست کورت کردووەتەوە.

3_  مانەوەی موقتەدا سەدر لە دەرەوەی حکوومەت و دیاریکردنی مۆڵەتی “٩٠ ڕۆژ” بۆ چاکسازی، وەک “بۆمبێکی چێنراو” لەژێر پێی کابینەی زەیدیدا دەبینرێت. ئەم مۆڵەتە وا دەکات حکوومەت نەتوانێت تەنیا بە بەڵێن و لێدوانی دیپلۆماسی کات بکوژێت، بەڵکوو ناچارە لە ناوەڕاستی کێڵگەی مینی “ئەمریکا-ئێران”دا، ئەنجامی بەرجەستە بۆ شەقام و بۆ تاران و بۆ واشنتۆنیش پیشان بدات.

لە كۆتاییدا حکوومەتی عەلی زەیدی گەورەترین و ڕەنگە “دوایین گرەوی” ماڵی شیعە بێت بۆ پاراستنی سیستەمی سیاسیی عێراق لە داڕمانێکی گشتگیر. سەرکەوتنی ئەم حکوومەتە، بەندە بە توانای زەیدی لە گۆڕینی عێراق بۆ “وڵاتێکی هاوبەش”؛ بەڵام ئەگەر زەیدی نەتوانێت ململانێی “چەک و دەوڵەت” یەکلا بکاتەوە، ئەوا کابینەکەی تەنیا دەبێتە “پردێکی لەرزۆک” کە وڵات بەرەو قۆناغێکی نادیارتر و پڕ لە پێکدادان پەلکێش دەکات.

سەرچاوەکان: 

براك، ت. (2026). منشور حول التنسيق مع حكومة علي الزيدي. [X] متاح على: https://2h.ae/GXsFZ تاريخ الاطلاع: 15 مايو 2026].

الجزيرة نت. (2026). من هو علي الزيدي المكلف برئاسة الحكومة العراقية؟. متاح على: https://2h.ae/qCmPN   [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].

الحرة. (2026أ). خاص بـ”الحرة”.. قاآني يطرح “ثلاثة شروط” على حكومة الزيدي. متاح على: https://2h.ae/zSXgQ  [تاريخ الاطلاع: 13 مايو 2026].

الحرة. (2026ب). العراق.. الزيدي يبدأ ولايته من دون حلفاء إيران. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/FmjNj [تاريخ الاطلاع: 15 مايو 2026].

الحرة. (2026ج). حكومة جزئیة في بغداد. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/XaXqz  [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].

الحرة. (2026د). خاص: واشنطن تحدد مطالبها من الحكومة العراقية. [على الإنترنت] متاح على:  https://2h.ae/CnzkW  تاريخ الاطلاع: 7 مايو 2026[.

شبكة 964 الإعلامية. (2026أ). الأميركان يدققون أسماء كابينة الزيدي.. زهراء لقمان متأكدة.  متاح على: https://2h.ae/tBOkH  [تاريخ الاطلاع: 15 مايو 2026].

شبكة 964 الإعلامية. (2026ب). كتلة حقوق تختار مقاعد المعارضة وتنتقد “الأعراف الخطيرة. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/oOdhB تاريخ الاطلاع: 15 مايو 2026].

شبكة 964 الإعلامية. (2026ج). خبر/تقرير إخباري حول تشكيل الحكومة. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/AcPPi  [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].

الشمري، ف. (2026). لقاء حول التطورات السياسية في العراق. [X] قناة العهد الفضائية، متاح على: https://2h.ae/sgAsX  [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].

صحيح العراق. (2026). منشور حول شروط واشنطن لتسليح الطيران العراقي. [X] متاح على: https://2h.ae/rQuej  [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].

صحيفة الشرق الأوسط (2026). بترايوس في بغداد… وضغط أميركي متزايد على الفصائل. متاح على الرابط: https://2h.ae/FUByt  ]تاريخ الاطلاع: 16 مايو 202 . (aawsat.com)[

العالم الجديد. (2026). المنهاج الوزاري للزيدي: عقل الدولة أم عبء التسويات؟ متاح على: https://2h.ae/edYiG  [تاريخ الاطلاع: 13 مايو 2026].

العبودي، ن. (2026). لقاء حول حصر السلاح بيد الدولة والعمل السياسي. [X] قناة العهد الفضائية، متاح على: https://2h.ae/rQuej   [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].

العربي الجديد. (2026). خاص | شروط أميركية قاسية وولاءات بوجه حكومة علي الزيدي.  متاح على: https://2h.ae/IlIGY ، تاريخ الاطلاع: 13 مايو 2026[.

قناة الشرق. (2026). العراق.. الصدر يدعو لحل الفصائل المسلحة وإبعادها عن الحكومة. متاح على:  https://2h.ae/dwytP  [تاريخ الاطلاع: 10 مايو 2026].

المدن. (2026). تمرير حكومة ناقصة في العراق.. دققها ترامب اسماً اسماً.  متاح علی: https://2h.ae/ZhcOy  [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].

مركز الإمارات للسياسات. (2026). التحديات أمام المرشح لرئاسة الحكومة العراقية الجديدة: علي الزيدي. متاح على الرابط: https://2h.ae/CthjA  [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].

مونت كارلو الدولية. (2026). العراق: اتفاق داخل الإطار الشيعي على خطة لنزع سلاح فصائل مسلحة. متاح على: https://2h.ae/aAhmF  [رابط التقرير] [تاريخ الاطلاع: 10 مايو 2026].

وكالة الأنباء العراقية (واع) (2026). خبر/بيان سياسي منشور على وكالة الأنباء العراقية. متاح على الرابط:
https://2h.ae/szTQS  ]تاريخ الاطلاع: 16 مايو 2026[.

The National. (2026). US facilities in Iraq have been hit more than 600 times since war with Iran started. [Online] Available at: [Link] [Accessed: 6 May 2026].




دیدى یاسا سەبارەت بە هەڵەى پزیشکى

د. ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

 

پێـشەکى

بوارى پزیشکی و دەرمان و ڕێگه‌کانى چارەسەرکردن، یەکێکە لە هەستیارترین و گرنگترین بوارەکانى ژیانی مرۆڤ، چونکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پاراستنی ژیان و تەندروستى و سەلامەتیى مرۆڤەکانەوە هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا، وەک هەر پیشەیەکی دیکە، کارى پزیشکی لە هەموو بارودۆخێکدا لە هەڵە بەدەر نییە، بەتایبەتی کاتێک کە بڕیارە پزیشکییەکان لەژێر گوشار، یان بەپەلە، یان لە ئەنجامى ناشارەزایى، یان بەهۆى کەمتەرخەمى، یان لە بارودۆخێکى ئاڵۆزی تەندروستیدا دەدرێـن.

دەبێ دان بەوەدا بنێین کەوا بابەتی “هەڵەی پزیشکی” یەکێکە لە بابەتە هەستیار و ئاڵۆزەکانی یاسا و بوارى تەندروستى، چونکە لە یەک کاتدا پەیوەندیی بە مافی نەخۆش لە پاراستنی تەندروستی و بەدەستهێنانی چارەسەری دادپەروەرانە هەیە و، لە هەمان کاتدا پەیوەندیى بە پاراستنى کارمەندانى تەندروستی (بەتایبەتى پزیشکەکان)ەوە هەیە لە بەرانبەر تاوانبارکردنیان بە شێوەیەکى نادروست لە کاتى پیادەکردنى پیشەکەیاندا؛ چونکە هەر زیانێک کە بە نەخۆش دەگات، بە مانای هەبوونی هەڵەی پزیشکی نییە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هەندێک لە ئاڵۆزکانە نەخوازراوەکان (المضاعفات غیر المرغوبة)، دەکرێت بەهۆی سروشتی جەستەى نەخۆش، یان کاریگەریی لاوەکیی چارەسەرکردن، یان مەترسییە پێشبینیکراوەکانى دەستێوەردانی کارى پزیشکی بێت.

بۆیە لێرەدا، زۆر گرنگە هەڵەى پزیشکى و ئاڵۆزکانە نەخوازراوەکان لەیەکتر جیا بکرێنەوە، چونکە دیاریکردنی چەمکی “هەڵەی پزیشکی” و مەرج و پێوەرەکانى، یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکان بۆ دڵنیابوون لە هەبوونى هاوسەنگی لەنێوان پاراستنی مافی نەخۆش و دابینکردنی ئاسایشی یاسایی بۆ پزیشک.

یەکەم: دەرکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخـۆش

دەرکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان ژمارە 4 بۆ ساڵى 2020 (لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە 256 لە 15/10/2020 بڵاو کراوەتەوە) هەنگاوێکى یەکجار گرنگ بوو، چونکە یەکەمین یاسا بوو لە هەرێمى کوردستان، بگرە لە عێراقیش، کە بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکانى نەخۆش و دەستەبەرکردنى مافەکانى لەنێو کەرتى تەندروستیدا بە هەرسێ جۆرەکەیەوە (کەرتى تایبەت و کەرتى گشتى و کەرتى تێکەڵاو)، دەربچێت.

لە ماددە (2)ى یاساکە هاتووە، دەرکردنى ئەم یاسایە هەوڵێکە بۆ بەدیهێنانى چەند ئامانجێک کە ئەمانەى خوارەوە گرنگترینیانن:

  1. پاراستنی ته‌ندروستیی گشتی له‌ ڕێگه‌ی پاراستنی مافه‌كانی نه‌خۆش و دیاریكردنی ئه‌ركه‌كانی؛هەروەها پاراستنی مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی هاووڵاتیانی هه‌رێم له‌ سوودوه‌رگرتنیان له‌ باشترین خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
  2. پاراستنی شكۆمه‌ندی و سه‌لامه‌تی و نهێنییه‌كانی نه‌خۆش و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی سوودمه‌ندبوون لە خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
  3. به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی نه‌خۆش ده‌رباره‌ی ماف و ئه‌ركه‌كانی له‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان؛هەروەها كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی مردن و په‌ككه‌وته‌یی و زیانه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
  4. پته‌وكردنی متمانه‌ی نێوان نه‌خۆش و کارمەندە تەندروستییەکان، کە هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ دەگرێتەوە كه‌وا پیشه‌ی پزیشكی و ته‌ندروستی به‌گوێره‌ی یاسا به‌ركاره‌كان پیاده‌ ده‌كه‌ن.

لەدواى تێپەڕبوونى پتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر دەرچوونى ئەم یاسایە، وەزارەتى تەندروستیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە بڕیارى ژمارە (9779) لە (07/06/2022) ڕێنماییى ژمارە 4 بۆ ساڵى 2022ی ده‌ركرد (لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە 287 لە 11/08/2022 بڵاو کراوەتەوە) کە تایبەتە بە ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان.

یەکێک لەو بابەتە گرنگانەى کە لە یاسا و ڕێنماییى ئاماژه‌پێکراو بە چەند ماددەیەکى یاسایى ڕێک خراوە، بریتییە لە بابەتى “هەڵەى پزیشکى”. لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: لەدواى تێپەڕبوونى زیاتر لە پێنج ساڵ بەسەر یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان، ئایا ڕێژەى ڕوودانى حاڵەتەکانى هەڵەى پزیشکى لە هەرێمى کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا لێژنەکانى لێکۆڵینەوە لە هەڵەى پزیشکى وەک پێویست ڕاستییەکان دەچەسپێنن؟ لە پێنج ساڵى ڕابردوودا چەند نەخۆش و بە چ شێوازێک قەرەبوو کراونەتەوە؟ ڕۆڵى دادگه‌کانى هەرێم لە چەسپاندنى هەڵەى پزیشکى و گێڕانەوەى ماف بۆ نەخۆشى زیانلێکەوتوو لە چ ئاستێکدایە؟

ئەم پرسیارانە، لەگەڵ چەندان پرسیاری تری هاوشێـوە، پێویستیان بە وردبینی و توێژینەوەیەکی قووڵ هەیە، تاکووو بگەین بە وێنەیەکی ڕاست و دروست لەو بارودۆخەی کە هەیە لەبارەی شێوازی مامەڵەی یاسا لەگەڵ هەڵەی پزیشکی. ئەمەیش لەبەر ئەوەیە کە زیادبوونی هەڵە پزیشکییەکان، لەگەڵ نەبوونی میکانیزمێکی کارا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، نەک تەنیا مافەکانی نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکوو کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی متمانەی هاووڵاتیان بە کەرتی تەندروستی، جێ دەهێڵێت.

دووەم: کێشەى پێناسەکردنى چەمکى “هەڵەى پزیشکى”

بە شێوەیکى گشتى، هەڵەی پزیشکی بریتییە لەو هەڵانەی کە لەلایەن کارمەندانى تەندروستییەوە لە کاتى پیادەکردنى کارى پزیشکى و تەندروستییەوە ڕوو دەدەن و دەبنە هۆکارێک بۆ تێکچوونی زیاتری دۆخی تەندروستیی نەخۆش. لە باوترین هەڵە پزیشکییەکان کە لەلایەن کارمەندانى تەندروستییەوە ئەنجام دەدرێن بریتین لە: هەڵەکردن لە پێدانى دەرمان، هەڵەکردن لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی یاخود درەنگ دەستنیشانکردنی، هەڵەکردن لە وەرگرتنی پێشینەی نەخۆشی یان رابردووی تەندروستیی نەخۆش- “التاريخ المرضي” یان “السيرة المَرَضية” -، هەڵەکانى پەیوەست بە نەشتەرگەرى، وەک: ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ بەشێکی هەڵەی جەستە یاخود جێهێشتنی کەرەستەی نەشتەرگەرى لەناو جەستەی نەخۆشەکە لەدواى تەواوبوونى نەشتەرگەرى یاخود ئەنجامدانی نەشتەرگەرى بە شێوەیەکی ناتەواو و نادروست یاخود پیسبوونى کەرەستەکانى نەشتەرگەرى، تێکەڵکردنی نەخۆشەکان، گواستنەوەی ناپێویستی خوێن، پێدانى چارەسەرى پزیشکى بەبێ ڕەزامەندیى نەخۆش یاخود بەبێ پێدانى زانیاریى تەواو و ورد لەسەر شێواز و جۆر و ماوەی چارەسەرییەکە بە نەخۆشەکە، هەروەها پێنەدانى زانیاریى تەواو بە نەخۆش بۆ چۆنێتیى مامەڵەکردن لەدواى وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى و هتد.

یاسادانەر لە هەرێمى کوردستان لە ماددە (1/یازدەیەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، پێناسەى هەڵەى پزیشکیى کردووە، کە تێیدا هاتووە: “هه‌ڵه‌ی پزیشكی: ئه‌و ئاڵۆزكانه‌ نه‌خوازراوانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی پیشه‌یی یان ته‌كنیكی یان ناشاره‌زایی یان پشتگوێخستن ڕوو ده‌دات و، له‌گه‌ڵ ڕێساكانی پیادەکردنى پیشه‌ی پزیشكی و چاره‌سه‌ری ناگونجێت و ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ زیانگه‌یاندن یان دروستبوونی په‌ككه‌وته‌یی یان مردنی نه‌خۆش.” هەمان ئەم پێناسەیە، بە هەندێک دەستکاریی سنووردار لە ڕووی داڕشتنەوە، لە ماددە (1/یازدەیەم) لە ڕێنماییى ژمارە 4 بۆ ساڵى 2022دا دووبارە کراوەتەوە.

بەپێی ئەم پێناسەیە، دەتوانرێت بگوترێت هەڵەی پزیشکی بریتییە لەو ئاڵۆزکانە نەخوازراوانەی کە نەخۆش لە ئەنجامی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و بەهۆی بڕیار یان ڕەفتارێکى کارمەندى تەندروستییه‌وه‌ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بە مەرجێک، ئەم دوو مەرجەی خوارەوە تێدا بێت:

  1. پێویستە کارمەندى تەندروستى لە کاتى ئەنجامدانى کارى پزیشکى،لە ڕووى پیشەیى یان تەکنیکییەوە کەمتەرخەم بووبێت، یاخود بەناشارەزایى یان بەبێ گرنگیدان و بە پشتگوێخستن کارە پزیشکییەکانى ئەنجام دابێت.
  2. پێویستە ئەو کارە پزیشکییەى کە لە مەرجى یەکەمدا ئاماژەی پێکراوە، لەگەڵ ڕێساکان و بنەماکانی پیادەکردنى پیشەی پزیشکی و چارەسەریدا نەگونجاو بێت. مەبەستیش لەم ڕێسایانە، هەروەک لە ماددە (1/دوازدەیەم) لە هەمان یاسادا هاتووە، ئه‌و ڕێسایانه‌ن كه‌ بۆ پیادەکردنى كاری چاره‌سه‌ری پزیشكی و ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمدا به‌ركارن.

ئەم جۆرە داڕشتنە یاسایییانەی کە بە شێوەیەکی لاستیکى و فراوان و ناڕوون داڕێـژراون، هەمیشە لە ئاستی جێبەجێکردندا سەرچاوەی کێشە و ناهاوسەنگى بوون. لە بنەڕەتدا، کاتێک یاسادانەر دەیەوێت بابەتێک بە شێوەیەکی کارا ڕێک بخات و چارەسەری بکات، پێویستە دەقە یاسایییەکە بە داڕشتنێکی ڕوون، دیاریکراو و دوور لە هەر جۆرە لێکدانەوەی جیاواز بنووسێت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر یاسادانەر نەیەوێت خۆی بە چارەسەرکردنی وردی بابەتێکەوە پابەند بکات، یان بابەتەکە لە ڕوانگەی تەکنیکی یان پراکتیکییەوە ئاڵۆز بێت، زۆر جار پەنا بۆ بەکارهێنانی دەستەواژە گشتی و لاستیکی دەبات؛ دەستەواژەیەک کە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە یەک مانا و لێکدانەوەیان هەبێت.

بە بۆچوونی ئێمە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامبوونی دیاردەی هەڵەی پزیشکی و نەبوونی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆی لە هەرێمی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو داڕشتنە یاسایییەى کە بابەتى هەڵەى پزیشکیى پێ ڕێک خراوە، چونکە ناڕوونیی دەقەکان، لەبری ئەوەی سنوور و پێوەرى ڕوون بۆ دیاریکردنی هەڵەی پزیشکی دابنێت، مەیدان بۆ لێکدانەوەی جیاواز و دژبەیەک خۆش دەکات.

 لەم سۆنگەیەوە، ئەم پرسیارانە خۆیان دەسەپێنن بۆ ئەوەى بۆمان بسەلمێنن کە هۆکارى سەرەکیى بنبڕنەکردن یان سنووردارنەکردنى دیاردەى هەڵەى پزیشکى بریتییە لە شێوازى ڕێکخستنى یاساییى ئەم بابەتە لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش و ئەو یاسایانەى کە لەپێش ئەویشدا بەرکار بوون:

  • مەبەست لە هەڵەی پیشەیی چییە؟ هەڵەی پیشەیی بە چ پێوەرێک لە هەڵەی ناپیشەیی جیا دەکرێتەوە؟
  • مەبەست لە هەڵەی تەکنیکی چییە؟ هەڵەی تەکنیکی بە چ بنەمایەک لە هەڵەی ناتەکنیکی جیا دەکرێتەوە؟ بێگومان، ئەگەر هەڵەی پزیشکی لە ئەنجامی هەڵەیەکی تەکنیکی بووبێت، ئەوا مانای ئەوەیە کە پزیشک سەرپێچیی لەو کۆمەڵە ڕێسا، پێوەر و بنەما هونەری و زانستییانە کردووە کە تا ڕاددەیەکی زۆر لە زانستە پزیشکییەکاندا جێگیر بوون و وەک سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ جێبەجێکردنی کارى پزیشکی ناسراون. ئەم بنەمایانە پێویستە لە کاتی دەستنیشانکردنى نەخۆشی، دانانی پلانی چارەسەرکردن، یان هەر جۆرە دەستێوەردانێکی پزیشکیدا، وەک ئەنجامدانى نەشتەرگەى ڕەچاو بکرێن. سەرچاوەی ئەمانەیش بریتییە لە زانیارییە پزیشکییە باوەڕپێکراوەکان، ڕێنمایی و پڕۆتۆکۆلە پیشەیییەکان و، ئەو شێوازە چارەسەرییانەی کە لە ڕووی زانستییەوە قبووڵکراون.

ئەم ڕێسا و پێوەر و بنەما هونەرى و زانستییانەیش دەقگەلێکی نەگۆڕ نین، بەڵکوو گەشەسەندوون کە لەگەڵ پێشکەوتنی زانیاری و کارى پزیشکی دەگۆڕدرێن. بۆیە، هەڵسەنگاندنی هەڵەی پزیشکی دەبێت بەگوێرەی ئاستی ئەو زانست و زانیارییە بکرێت کە لە کاتی ڕوودانى واقعەکەدا بەردەست بووە، نەک بەپێی ئەو پێشکەوتنانەی کە دواتر دێنە کایەوە.

  • پزیشکی شارەزا و پزیشکی ناشارەزا کێن؟ پێوەری دیاریکردنی ناشارەزایی چییە؟ ئایا تەنیا ئەوەی کە بابەتی نەخۆشییەکە لە چوارچێوەی پسپۆڕیی پزیشکدا بێت، بەسە بۆ ئەوەى پزیشک بە شارەزا دابنرێت، یان پێویستە مەرج و پێوەری تریش هەبن؟
  • مەبەست لە گرنگینەدان و پشتگوێخستن لە جێبەجێکردنی کاری پزیشکیدا چییە؟ پێوەری دیاریکردنی ئەم دوو دۆخە چییە و، بە کام مەرج دەتوانرێت ڕەفتارێکى پزیشکی وەک گرنگینەدان یان پشتگوێخستن هەژمار بکرێت؟
  • پێوەری هەڵسەنگاندنی ڕەفتارى پزیشک چییە؟ ئایا یاسادانەر،پزیشک بەپێی ڕەفتارى پزیشکێکی ئاسایی هەڵدەسەنگێنێت، یان بەپێی ڕەفتارى پزیشکێکی زۆر وریا؟ ئەم بابەتە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە هەڵەی پزیشکی تەنیا هەڵەیەکی ئاسایی یان مامەڵەیەکی ڕۆتینی نییە، بەڵکوو ڕووداوەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیان و سەلامەتیی مرۆڤەکانەوە هەیە. بۆیە، دیاریکردنی پێوەری هەڵسەنگاندن لەم بابەتەدا، نابێت بە شێوەیەکی ناڕوون یان گشتی جێ بهێڵرێت، چونکە جیاوازیی نێوان ئەم دوو پێوەرە دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر دیاریکردنی هەبوون یان نەبوونی هەڵەی پزیشکی هەبێت.
  • هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ڕێساکانی پیشە بەوە پێناسە کراون کە ئەو ڕێسایانەن بۆ جێبەجێکردنی کاری چارەسەری پزیشکی و تەندروستى لە هەرێمدا بەرکارن و پەیڕەو دەکرێن. بەڵام کاتێک قسە لەسەر وشەى “ڕێسا” دەکرێت، لە ڕوانگەی یاسایییەوە زۆر جار ئەو مانایە دەدات کە باس لە پێوەرێکی نووسراو، دیاریکراو و، بەردەست دەکرێت. لێرەوە ئەم پرسیارە بنەڕەتییە خۆی دەسەپێنێت: ئایا هەموو ڕێساکانى کارى و پیشەى پزیشکى نووسراونەتەوە؟ ئەگەر وا بێت، لە کوێ بەردەستن تاکوو لێژنەکانى لێکۆڵینەوە و دادگه‌کان بۆى بگەڕێنەوە و پشتى پێ ببەستن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتى بڕیارە پزیشکییەکان؟
  • خودی دەستەواژەی “ڕێساکانی پیادەکردنى پیشەی پزیشکی و چارەسەرى” ناڕوونە، چونکە نادیارە یاسادانەر کام جۆرە ڕێسای مەبەست بووە. ئایا مەبەست لێى ئەو ڕێنمایی و پێوەرانەن کە لەلایەن سەندیکا پزیشکییە تایبەتمەندەکانەوە دەردەکرێن؟ یان ئەو ڕێنمایی و پڕۆتۆکۆلانەن کە وەزارەتی تەندروستی دایدەنێت؟ یان ئەو بنەما و ئەحکامە یاسایییانەن کە لە خودی یاساکان و ڕێنمایییە فەرمییەکاندا هاتوون؟ یاخود مەبەست لێى ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەن کە لەلایەن ڕێکخراو و دامەزراوە پزیشکییە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکانەوە پەسند کراون؟ هەروەها، ئەگەر هیچ دەقێکی ڕوون لەم بارەیەوه‌ نەبێت، ئایا دەتوانرێت پشت بە عورفی پیشەیی لە بوارە پزیشکییەکاندا ببەسترێت؟

 

ئەم هەموو پرسیارانە تەنیا بابەتێکی تیۆریی سادە نین، بەڵکوو ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پاراستنی مافەکانی هەردوو لایەن، نەخۆش و کارمەندى تەندروستی هەیە، چونکە لە غیابی پێوەر و مەرجە ڕوون و دیاریکراوەکان، هەڵسەنگاندنی هەبوون یان نەبوونى هەڵەی پزیشکی دەبێتە بابەتێکی جیاواز بەپێی لێکدانەوەی تاکەکەسی، نەک بەپێی پێوەر و مەرجى یەکگرتوو و دیاریکراو. هەر بۆیە، تێبینی دەکرێت کە یاسادانەر لە یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆشدا، سەرکەوتوو نەبووە لە دانانی چوارچێوەیەکی یاساییی ڕوون و کارا بۆ دیاریکردنی مانا و سنوورەکانی چەمکی “هەڵەی پزیشکی”؛ بە شێوەیەک کە بتوانێت هەم ڕێگر بێت لە ڕوودانی ئەم جۆرە هەڵانە و، هەم کاتێکیش ڕوو دەدەن، میکانیزمێکی دادپەروەرانە و کارا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان دابین بکات؛ بە جۆرێک کە نەبێتە هۆی فەوتانی مافەکانی نەخۆش. ئەم لاوازییەیش تەنیا بابەتێکی تیۆری نییە، بەڵکوو لە واقعدا کاریگەرییەکانی دەردەکەون، چونکە کەم تا زۆر، لە ڕێگەی میدیاکانەوە، بەردەوام هەواڵ دەبینرێن و دەبیسترێن کە ئاماژە بە ڕوودانی هەڵەی پزیشکی دەکەن.

 

سێیەم: ڕێکارە یاسایییەکانى قەرەبـووکردنەوەى هەڵەى پزیشکى

بەپێى ماددە (4/یەکەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، نه‌خۆش یان شوێنگره‌وه‌ یاسایییه‌كه‌ی له‌ كاتی په‌ككه‌وته‌یی و، میراتگرى نەخۆش له‌كاتی مردنی نەخۆشدا، ده‌توانێت داوای زانینی هۆكاری په‌ككه‌وته‌یی یان مردنه‌کە‌ بكات. لەم بارەیەوە، دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی یان کارمەندى تەندروستیى تایبەتمەند، پابه‌ند ده‌بێت به‌ خستنه‌ڕووی ڕاستییه‌كان و پێدانی به‌ڵگه‌نامه‌ ته‌ندروستی و پزیشكییه‌كان بە نەخۆش یان شوێنگره‌وه‌ یاسایییه‌كه‌ی، یاخود میراتگرەکەى. هەر کاتێکیش گومانیان لە وەڵامى دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی یان کارمەندى تەندروستیى تایبەتمەند هەبوو یان پێى ڕازی نەبوون، ئەوا بۆیان هەیە سكاڵا پێشکەش بە وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بکەن و، پێویسته‌ له ‌ماوه‌ی حه‌وت (7) ڕۆژدا، ئەم سکاڵایە ئاڕاسته‌ی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت کە لە پزیشکانى پسپۆڕ پێک دێت.

هەر بەپێى ماددە (4/دووەم) لە هەمان یاسا، لەسەر لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ پێویستە ده‌ست به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكات لە ماوەیەک کە لە حەفت (7) ڕۆژ تێپەڕ نەکات و، هەروەها له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ سى (30) ڕۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و پیشه‌یی سه‌باره‌ت به‌ ناوەڕۆکى سكاڵاكه‌ ته‌واو ‌بكات و ڕاسپارده‌كانی بخاته‌ به‌رده‌م وه‌زیرى تەندروستی بۆ وه‌رگرتنی ڕێوشوێنی یاسایی به‌رانبه‌ر دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی یان کارمەندى تەندروستى لە ماوەیەک لە حەفت (7) ڕۆژ تێپەڕ نەکات. ئەمە جگە لەوەى، نەخۆشى زیانلێكه‌وتوو ده‌توانێت داوای وه‌رگرتنی وێنه‌یه‌كی ڕاپۆرتی كۆتاییی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بكات.

به ‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی قه‌ره‌بوویش، بەپێى ماددە (4/سێیەم) لە هەمان یاسا، نەخۆشى زیانلێكه‌وتوو ده‌توانێت له ‌به‌رده‌م دادگه‌ی تایبه‌تمه‌ند داوای یاسایی تۆمار بكات و، دادگه‌ ده‌توانێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناوەڕۆکى داواكه، پشت به‌ ڕاپۆرتی په‌سه‌ندكراوی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وەى وەزارەتى تەندروستی‌ ببه‌ستێت، یاخود پشت بە شارەزایانى تر لەم بوارەدا ببەستێت؛ بێ گومان ئەو شارەزایانەیش هەر پزیشکى پسپۆڕن و کارى پزیشکى پیادە دەکەن.

ئەگەر سەرنجێکى وردى ئەو چارەسەرە یاساکارییەى ماددە (4)دا بدەین کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەى پزیشکى دیاری کراوە، ئەوا تێبینى دەکرێت هیچى نوێى تێدا نییە و هەر هەمان شێوازى کۆنە بە داڕشتنێکى تازەوە نووسراوەتەوە کە بەهۆیەوە قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى هەڵەى پزیشکى ئەستەمە، چونکە سەلماندنى هەبوونى هەڵەى پزیشکى کارێکى یەکجار ئەستەمە، لەبەر ئەو هۆکارانەى کە لە سەرەوەدا ئاماژەمان پێی داوە.

یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی یاسادانەر لە عێراق بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، ئەوەیە کە زۆر جار بیرکردنەوەی یاساکاری لە چوارچێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکان دەسووڕێتەوە، نەک پێشگرتن لە هۆکارەکان؛ چونکە زۆربەی دەقە یاسایییەکان بەو ئاراستەیە دادەڕێژرێن کە چۆن دوای ڕوودانی کێشە، مامەڵە لەگەڵ لێکەوتەکانی بکرێت، نەک ئەوەی چۆن میکانیزمێکی کارا و پراکتیکی دابنرێت بۆ ئەوەی خودی کێشەکە لە بنەڕەتەوە ڕوو نەدات.

ئەگەر بەوردی بەنێو یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆشدا گوزەر بکەین، بەڕوونى دەبینین کە سەرەڕای ئەوەی یاساکە لە بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەی پزیشکی دوای ڕوودانی، هەندێک میکانیزمی فەرمیی داناوە، بەڵام دەقێکی ڕوون و کارای تێدا نادۆزرێتەوە کە میکانیزمێکی پراکتیکیی دانابێت بۆ ئەوەى ڕێگرى لە ڕوودانی هەڵەی پزیشکی بکات. بەم مانایە، یاسادانەر زیاتر خۆی بە چارەسەرکردنی لێکەوتەکان لە دوای ڕوودانیان سەرقاڵ کردووە، نەک بە چارەسەرکردنی هۆکار و سەرچاوەکانیان پێش ڕوودانیان.

لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە یاسادانەری ئێمە، نەک تەنیا لەم بابەتەدا، بەڵکوو لە هەموو بوارەکاندا، لە مۆدێلی “یاسادانانى وەڵامدانەوەیى” بکشێتەوە بۆ “مۆدێلی یاسادانانی پێشلێگرتن”، چونکە بنبڕکردنی هەر دیاردەیەک تەنیا لە کاتێکدا دەستەبەر دەبێت کە مامەڵە لەگەڵ هۆکارەکان بکرێت، نەک لەگەڵ ئەنجامەکان. بەگوێرەی ئەم بنەمایە، چارەسەری ڕاستەقینەی هەڵەی پزیشکی، لە زیادکردنی لێژنەی لێکۆڵینەوە یان توندترکردنی میکانیزمی قەرەبووکردنەوەدا نییە، بەڵکوو لە دروستکردنی سیستەمێکی کارایە بۆ پێشگرتن لە ڕوودانی هەڵە پزیشکییەکان.

بە بۆچوونی ئێمە، ئەو چارەسەرە یاساکارییانەی کە یاسادانەر لە یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆش لەمەڕ بابەتی هەڵەی پزیشکیدا پەسندی کردووە، لە بنەڕەتدا بیرۆکە و میکانیزمى کۆنن و دووبارە کراونەتەوە و، بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام بەکار هاتوون، بەڵام نەبوونەتە هۆی سنووردارکردنی ڕوودانى هەڵەى پزیشکى؛ چونکە ئاماژەکانى واقــعى ئێستا، بە شێوەیەکی ڕوون، پێمان دەڵێن کە دیاردەی هەڵەی پزیشکی هێشتا وەک کێشەیەکی بەردەوام لە هەرێمى کوردستان بوونی هەیە و میکانیزمە یاسایییە بەردەستەکان نەیانتوانیوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە:

  • بەدەگمەن بینیومانە لێژنه‌ى لێکۆڵینەوەى تایبەتمەند لە کەیسى هەڵەى پزیشکى،بڕیار بە هەبوونى هەڵەى پزیشکى بدات، چونکە ئەندامانى لێژنه‌ى لێکۆڵینەوە (کە ئەوانیش پزیشکن) ڕەنگە لە داهاتوودا تووشى هەمان هەڵەى پزیشکى ببنەوە، یان پەیوەندیی کەسی یان بەژەوەندییان هەبێت لەگەڵ پزیشکى تۆمەتبار بە ئەنجامدانى هەڵەى پزیشکى. هەر بۆیە ئەوەى لە واقعدا بەڕوونى هەستى پێ دەکرێت ئەوەیە: لە زۆربەى حاڵەتەکاندا، پزیشکەکان لە ڕێگەى لێژنه‌ى لێکۆڵینەوەوە، هەڵەى یەکتر پەردەپۆش دەکەن؛ کە ئەمەیش بۆتە هۆى ئەوەى تاوەکوو ئێستا مافى نەخۆشى زیانلێکەتوو لە ڕوودانى هەڵەى پزیشکى، وەک پێویست دەستەبەر نەکراوە.
  • بەپێى ماددە (9/یەکەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، پێویستە ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى پێكهاته‌ و ئه‌ركه‌كانی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه دەربکات‌.ئەم پەیڕەوە تاوەکوو ئێستا دەرنەکراوە؛ ئەمەیش ڕێگر بووە لە پێکهێنانى لێـژنەیەکى لێکۆڵینەوەى کارا لە چوارچێـوەى یاسادا.
  • بەپێى ماددە (3/دەیەم) لە ڕێنماییى ژمارە 4 بۆ ساڵى 2022، دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی پابەندکراون بە دڵنیاییکردن (التأمین) لە بەرانبەر هەڵەی پزیشکی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی داراییی نەخۆشی زیانلێکەوتوو لە حاڵەتی جێبەجێکردنی یاسای بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان. بە بۆچوونی ئێمە، بوونی ئەم دەقە یاسایییە لەم ڕێنمایییەدا، خەوشێکی یاساییی زەقە، چونکە ئەم یاسایە هێشتا بوونى نییە؛ ئەمە جگە لەوەى یاساکان لە کاتی دەرچوونیاندا، سنوور و مەودا و چوارچێوەی جێبەجێکردنی خۆیان بەڕوونی لەنێو دەقە یاسایییەکانى خۆیاندا دیاری دەکەن، نەوەک بە ڕێنمایییەک دیاری بکرێت کە هێشتا خودى یاساکە دەرنەچووە. ئەمە، جگە لەوەى یاساى بیمەى تەندروستى، پەیوەندیى بە قەرەبووکردنەوەى هەڵەى پزیشکییەوە نییە، چونکە ئامانج لە یاساى بیمەى تەندروستى، داپۆشینى تێچووى داراییى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى و چارەسەرى پزیشکییە، بەڵام قەرەبووکردنەوەى هەڵەى پزیشکى لە ڕێگەى بیمەوە، بەپێى ڕێساى تر دەبێت کە پەیوەستە بە بیمەکردن لە دژى بەرپرسیارێتیى مەدەنى. بۆیە، تێکەڵکردنی ئەم دوو چوارچێوە یاسایییە جیاوازە، لە ڕووی یاسایییەوە دروست نییە.
  • لە بوارە پزیشکییەکاندا، پزیشکەکان بەهۆی هاوبەشییان لە زانست و زمان و تێگەیشتنی تەکنیکییەوە، بەئاسانی لەیەکتر تێدەگەن، بەڵام لە بەرانبەردا، نەخۆش، ئەگەر خۆی لە بواری پزیشکیدا پسپۆڕ نەبێت، زۆر جار یاخود بەتەواوی لە ڕێکار و بڕیار و دەستێوەردانە پزیشکییەکان تێ ناگات، یان تێگەیشتنێکی سنوورداری دەبێت. ئەم جیاوازییەیش لە زانیاری و تێگەیشتن، ناهاوسەنگییەکی ڕوون لەنێوان هەردوو لایەن دروست دەکات؛ کە دەرەنجامەکەی ئەوەیە نەخۆش لە زۆر حاڵەتدا ناتوانێت بە شێوەیەکی کارا پارێزگاری لە مافەکانی خۆی بکات، بەتایبەتی لە کاتی وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختە بۆ  وەرگرتنى چارەسەری پزیشکى، یان کاتێک دوای دەستێوەردانی پزیشکی هەندێک ڕوونکردنەوەى پێ دەدرێت. هەر بۆیە، یاسادانەر، لە ماددە (3/پێنجەم-1) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، ده‌سكه‌وتنی زانیاریی ته‌واو له‌ پزیشكی چاره‌سه‌ركار و دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی، له‌باره‌ی پلانی چاره‌سه‌ری و جێگره‌وه‌كان و ئه‌گه‌ره‌كانی ئاڵۆز‌كان به ‌زمانێكی ڕوون و ئاشكرا بە مافێکى سەرەکیى نەخۆش هەژماری کردووە، بەڵام میکانیزمەکانى جێبەجێکردن و چاودێریکردنى ئەم مافە ڕوون نییە.
  • لەبەر ئەوەی تێگەیشتن لە بابەتە پزیشکییەکان بۆ کەسانی ناپسپۆڕ، لەوانە دادگه‌کان، زۆر جار کارێکی زەحمەت و ئاڵۆزە، بۆیە چاودێریی دادگه‌ى تایبەتمەند لە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکی بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی هەڵەى پزیشکى یان نەبوونی، لە ڕووی پراکتیکییەوە سنووردار دەبێت، چونکە دادگه ناچار دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی بابەتەکە پشت بە ڕاپۆرت و بۆچوونی پسپۆڕانی بوارى پزیشکیی تایبەتمەند ببەستێت و؛لێرەدا هەمان ئەو کێشانە سەر هەڵدەدەن کە لە لێژنەکانى لێکۆڵینەوەدا ئاماژەمان پێیان دا.
  • گەیشتن بە بەڵگە پزیشکییەکان یەکێکە لە ئاڵنگارییەکانى بەردەم سەلماندنی هەبوونى هەڵەی پزیشکی، چونکە زۆربەی بەڵگە بنەڕەتییەکانی ئەم جۆرە کەیسانە، وەک ئەنجامی پشکنینەکان، تۆمار و تێنووسەکانی نەخۆش، ڕاپۆرتە پزیشکییەکان و،بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار، لەژێر دەستی دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانى تەندروستیدان و بە دەستوخەت دەنووسرێنەوە و، لە غیابی هەبوونى سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی پارێـزراو، مەترسیی دەستکاریکردن یان گۆڕانکاری یان کەم و زیادکردنی بەڵگەکان لە ئارادایە. هەروەها، تا ئێستایش لە زۆرێک لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا، بەتایبەتی لە هۆڵەکانی نەشتەرگەری، میکانیزمەکانی چاودێری، وەک هەبوونى کامێرای چاودێرى بە شێوەیەکی سیستەماتیک، بوونیان نییە. لە دەرەنجامى هەموو ئەمانەدا، نەخۆش زۆر جار ڕووبەڕووی چەندان کێشەی پراکتیکی دەبێتەوە، لەوانە: دەستکاریکردنی بەڵگەکان، درەنگگەیشتن بە بەڵگە پێویستەکان، یان هەبوونی کەموکوڕی و ناتەواوی لەناو بەڵگەنامەکاندا؛ کە هەموویان دەتوانن ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنییان لەسەر توانای نەخۆش بۆ سەلماندنی مافەکانی هەبێت.
  • یەکێک لە لاوازییە بنەڕەتییەکانى پڕۆسەی کارکردنی لێژنەکانی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکیدا ئەوەیە کە،نەخۆش، یان نوێنەرە یاسایییەکەى و، لە حاڵەتی مردنیدا میراتگرەکانی، هیچ ڕۆڵێکی کارایان پێ نەدراوە و ناتوانن بە شێوەیەکی فەرمی ئامادەى دانیشتنەکانى لێکۆڵینەوە ببن. لە واقعدا، کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی ئەم لێژنانە زۆر جار لە چوارچێوەیەکی داخراو و دوور لە چاودێریی دەرەکی ئەنجام دەدرێن؛ بە جۆرێک کە شەفافییەت لە ئاستێکی زۆر سنوورداردا دەبێت و، تەنانەت پڕۆسەی لێکۆڵینەوەیش بە ڤیدیۆ تۆمار ناکرێت. کەواتە، نەخۆش هیچ دەرفەتێکی ڕاستەوخۆی نییە بۆ ئەوەی لەسەر بەڵگە و ڕاپۆرتەکان گفتوگۆ بکات و لێکدانەوەی خۆی پێشکەش بکات، یان تەنانەت لە حاڵەتی هەبوونی هۆکاری مەعقووڵ بۆ گومان لە بێلایەنی، داوای گۆڕینی ئەندامێک یان زیاتر لە ئەندامانی لێژنەکە بکات. بەم شێوەیە، پڕۆسەی لێکۆڵینەوە، لەبری ئەوەی وەک میکانیزمێکی شەفاف و دادپەروەرانە بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان کار بکات، ڕەنگە ببێتە ئامرازێکى ناشەفاف و یەکلایەنە کە تیایدا نەخۆش لە مافەکانى بێبەش دەکرێت.
  • زۆر جار مافى نەخۆش دەفەوتێت و ڕەفتارى کارمەندى تەندروستی بە هەڵە هەژمار ناکرێت،بە بیانووى ئەوەى کە، ئه‌وه‌ی ڕووی داوە دەچێتە ژێر بارى ئاڵۆزکانى ئاسایی، کە لە ماددە (1/دەیەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش پێناسە کراوە و، تیایدا هاتووە: “ئاڵۆزكانه‌ ئاسایییه‌كان (ماك): ئه‌و ئاڵۆزكانه‌ن كه‌ له‌وانه‌یه‌ له ‌كاتی چاره‌سه‌ر یان دوای چاره‌سه‌ر ڕوو بده‌ن و له‌ تۆماره‌ پزیشكییه‌كان باسیان لێوه‌ كراوه‌ و، ناچنه‌ ناو بازنه‌ی هه‌ڵه‌ی پزیشكییه‌وە.”
  • بەپێی میکانیزمە یاسایییەکان، لەو ڕۆژەی سکاڵاکە پێشکەش دەکرێت، لێژنەی لێکۆڵینەوە ماوەى  حەوت(7) ڕۆژى لەبەردەستە بۆ دەستپێکردن بە کارەکانی و، هەروەها ماوەی سی (30) ڕۆژی هەیە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە. بە بۆچوونی ئێمە، ئەم دوو ماوەیە لە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکیدا زۆرن و جێگه‌ی نیگەرانییە، چونکە ئەم دوو ماوەیە بەسە بۆ ئەوەی بەڵگە بنەڕەتییەکان بزر ببن، یان لەبیر بکرێن، یان دەستکاری بکرێن و ناوەڕۆکیان بگۆڕدرێت؛ بە شێوەیەک ببێتە هۆکارێک بۆ لاوازکردنی توانای نەخۆش لە سەلماندن و سەندنەوەى مافەکانی.
  • هەڵەى پزیشکى تەنیا بابەتێکى پزیشکى نییە، بەڵکوو بابەتێکى یاسایییە. لەمبارەیەوە، بەپێى ماددە (9/دووەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، پێویستە کارەکانى لێژنەى لێكۆڵینه‌وه‌ لە کەیسى هەڵەى پزیشکى‌ به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری داواكاری گشتی و سه‌ندیكاى پزیشکیى تایبەتمەند، كۆمه‌ڵه‌ په‌یوه‌نداره‌كان لە کاتى پێویستدا، ئه‌نجام بدرێت. هەرچەندە ئەم دەقە لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ فراوانکردنی بازنەی چاودێری و بەشداری لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوە، بەڵام لە واقعدا پرسیاری بنەڕەتى ئەمەیە: ئایا ئامادەبوونی ئەم لایەنانە بەتەنیا دەتوانێت بێلایەنی و شەفافییەت و پاراستنی مافی نەخۆش دەستەبەر بکات، لە کاتێکدا کە خودی نەخۆش یان نوێنەرە یاسایییەکەى لە پڕۆسەکەدا ڕۆڵێکی کارایان نییە؟ ئەمەیش ئەوە نیشان دەدات کە هێشتا هاوسەنگیی ڕاستەقینە لەنێوان لایەنەکان بەتەواوی دابین نەکراوە.

چوارەم: پێشنیازەکان بۆ مامەڵەکـردن لەگەڵ هەڵەى پزیشکى

لە ئەنجامی ئەو باس و لێکۆڵینەوانەی کە لەم وتارەدا خرانە ڕوو، ڕوون دەبێتەوە کە بابەتی هەڵەی پزیشکی تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی یان پیشەیی نییە، بەڵکوو بابەتێکی ئاڵۆزی یاسایی و مرۆیی و کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە پاراستنی ژیان و سەلامەتیی جەستەیی و مافە بنەڕەتییەکانی نەخۆشەوە هەیە.

لەبەر ئەو لاوازی و کەلێنانەی کە لە چوارچێوەی یاسایی و میکانیزمە پراکتیکییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەی پزیشکیدا هەیە، پێویستە هەنگاوى ڕاستەقینە و کارا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بنرێن. لەم سۆنگەیەوە، چەند پێشنیازێکى یاسایى دەخرێنە ڕوو کە دەتوانن ببنە بنەمایەک بۆ باشترکردنی شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەی پزیشکی و پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان مافەکانی نەخۆش و پاراستنی کارمەندانى تەندروستی لە کاتى پیادەکردنى کارەکانیاندا:

  1. بەپێویستى دەزانین پێناسەی یاساییی هەڵەی پزیشکی بە شێوەیەکی ورد و ڕوون هەموار بکرێتەوە، بە جۆرێک کە هەموو مەرج و پێوەر و بنەماکانی دیاریکردنی هەڵەی پزیشکی بە شێوەیەکی ئاشکرا لەخۆ بگرێت و، دەقە یاسایییەکە بە جۆرێک دابڕێژرێت کە مەیدانی لێکدانەوەی فراوان یان هەڵگرتنی زیاتر لە یەک مانا نەهێڵێت؛چونکە ناڕوونی لە پێناسەی چەمکێکی یاسایى بەو گرنگییە، دەبێتە سەرچاوەی ناکۆکی لە جێبەجێکردن و هۆکارێک بۆ فەوتاندنی مافى زیانلێکەوتووان.
  2. پێویستە ڕێسا و بنەما سەرەکییەکانی پیادەکردنى کاری پزیشکی بە شێوەیەکی ڕوون و فەرمی دیاری بکرێن و بەردەست بن، بە جۆرێک کە هەموو پڕۆتۆکۆل و ڕێنمایی و پێوەرە بنەڕەتییە پەیوەندیدارەکان بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانە دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانى تەندروستى و لێـژنەکانی لێکۆڵینەوە و دادگه‌کان، ئاشکرا و ناسراو بن؛چونکە تەنیا لە کاتى هەبوونى پێوەر و مەرجى ڕوون و یەکگرتوو، دەتوانرێت کەمتەرخەمی، یان ناشارەزایی، یان هەر جۆرە لادانێکى پیشەییی تر بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ورد دەستنیشان بکرێت.
  3. هەتا ڕێسا و پێوەر و بنەماکانی پیادەکردنى کارى پزیشکى لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕوون و دیاریکراو و یەکگرتوو نەنووسرێنەوە، ئەوا هەمیشە هەڵسەگاندنى هەبوون یان نەبوونى هەڵەى پزیشکى لەژێر کاریگەریی ناڕوونی و لێکدانەوەی جیاواز و هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی دەبێت. لە دۆخێکی ئاوادا، کە نەخۆش بەهۆی لاوازیی میکانیزمی سەلماندن و ناڕوونیی پێوەرە یاسایییەکانه‌وه‌ناتوانێت بەئاسانی هەڵە بسەلمێنێت، ئەوا مەترسیی فەوتانی مافەکانی نەخۆشى زیانلێکەوتوو زیاتر دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، ئەگەر بارى ئێستا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ڕەنگە یاسادانەر ناچار بێت هەنگاو بەرەو مۆدێلێکی جیاواز بنێت، کە تیایدا بەرپرسیارێتیى دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی، نەک لەسەر بنەمای هەڵە، بەڵکوو لەسەر بنەمای زەرەر بونیاد بنێت. لەم مۆدێلەدا سەلماندنى ئەوەى نەخۆش لە ئەنجامى وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکىیه‌وه‌ زەرەرى پێ گەیشتووە، بەس دەبێت بۆ دروستبوونی مافی قەرەبووکردنەوە، بەبێ ئەوەی نەخۆشى زیانلێکەوتوو ناچار بێت هەڵەی تەکنیکی، پیشەیى یان کەمتەرخەمیی کارمەندى تەندروستى بسەلمێنێت. هەرچەندە ئەم ڕێکارە مۆدێلێکی ئاستبەرزە و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە فەلسەفەی بەرپرسیارێتیى مەدەنی، بەڵام لە دۆخێکدا کە سیستەمی هەنووکەیی ناتوانێت هاوسەنگیی دادپەروەرانە لەنێوان پاراستنی نەخۆش و بەرگریی کارمەندى تەندروستیدا دابین بکات، ئەم بیرۆکەیە دەتوانێت وەک بژاردەیەکی یاساکاری، جێی باس و لێکۆڵینەوە بێت.
  4. پێشنیاز دەکەین کەوا بابەتی “بەرپرسیارێتىییاساییی دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی” وەک بابەتێـکی سەرەکی لە پڕۆگرامەکانى خوێندنى هەموو کۆلێـژە پزیشکی و تەندروستییەکاندا جێگیر بکرێت و بخوێنرێت، چونکە زانیاریی تەکنیکی و پزیشکی بەتەنیا بۆ پیادەکردنى کار و پیشەی پزیشکی بە شێوەیەکی دروست و دادپەروەرانە و بەرپرسیارانە بەس نییە، بەڵکوو پێویستە کارمەندانی تەندروستی لە سنوور و ئەرک و دەرەنجامە یاسایییەکانی ڕەفتارە پیشەیییەکانیان ئاگادار بن. ئەم جۆرە فێرکردنە، ڕۆڵێکی گرنگى دەبێت لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی یاسایی و کەمکردنەوەی هەڵەی پزیشکی و چەسپاندنی کەلتووری بەرپرسیارێتى و ڕێزگرتن لە مافەکانی نەخۆش.
  5. لێژنەکانی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکی، بە شێوەیەکی تێکەڵاو و هاوسەنگ پێکبهێنرێن، نەک تەنیا لە چەند ئەندامێکى هەمان بوارى پزیشکی بێت، چونکە سپاردنی دیاریکردنی هەڵەی پزیشکی تەنیا بە گرووپێکی هاوپیشە، مەترسیى لایەنگیرى و نەبوونى شەفافییەت زیاتر دەکات. لەبەر ئەوە، باشتر وایە ئەم لێژنانە لە پزیشکێکی پسپۆڕ لە هەمان بوارەی پەیوەندیدار بە کەیسەکە و، چەند پزیشکێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی دامەزراوەی تەندروستیى پەیوەندیدار (باشتر وایە لە دەرەوەى پارێزگا بێت) و، نوێنەری داواکاری گشتی و، نوێنەری نەخۆش و، نوێنەری دامەزراوەی تەندروستیی پەیوەندیدار و، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و، لێکۆڵەرێکى دادى سەر بە ئەنجومەنى دادوەرى و، نوێنەری سەندیکای پزیشکیی تایبەتمەند و، نوێنەرى دەستەى گشتیى مافى مرۆڤ پێک بهێنرێن. ئەم جۆرە پێکهاتە پێشنیازکراوە، دەتوانێت زیاتر دڵنیایی لە بێلایەنی، شەفافییەت، فرەڕەهەندیی هەڵسەنگاندن و، پاراستنی هاوسەنگیی مافەکانی هەموو لایەنەکان دابین بکات.
  6. پەلە بکرێت لە دەرکردنى پەیڕەوى ڕێکخستنى پێكهاته‌ و ئه‌ركه‌كانی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وە، تاوەکوو کارەکانى ئەم لێـژنەیە لە چوارچێوەى یاسادا بە شێوەیەکى کارا ئەنجام بدرێت.
  7. بە شێوەیەکی ڕوون ڕێگرى لە هەبوونى دژیەکبوونى بەرژەوەندییەکان بکرێت؛بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەندامێک لە ئەندامانی لێژنەکە، هاوپیشەی نزیک، هاوکار، خزم، ناسیاو، یان کەسێک بێت کە هەر جۆرە پەیوەندییەکی کەسی، پیشەیی، ئیداری یان بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ پزیشک یان دامەزراوەی تەندروستیی پەیوەندیدار بە کەیسەکەوە هەبێت، چونکە بوونی ئەم جۆرە پەیوەندییانە، تەنانەت ئەگەر کاریگەریی ڕاستەوخۆشیان لەسەر بڕیارەکە نەبێت، خۆی بەتەنیا دەتوانێت گومان لە بێلایەنی و دادپەروەریی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە دروست بکات و متمانە بە ئەنجامەکانی لاواز بکات. لەبەر ئەوە، پێویستە هەموو ئەندامانی لێژنە پێش دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە، بە شێوەیەکی فەرمی بەڵێننامەى نەبوونی دژیەکبوونى بەرژەوەندییەکان پێشکەش بکەن و، هەروەها بۆ نەخۆش یان نوێنەری یاسایییەکەى مافی ئەوە دابین بکرێت کە لە حاڵەتی هەبوونی هۆکاری مەعقووڵ، داوای گۆڕینی هەر ئەندامێک بکات.
  8. کاتى ئەوە هاتووە دۆسیەی تەندروستیی نەخۆش بەئەلیکترۆنی بکرێت و لەسەر بنەمای سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی مۆدێرن و پارێزراو بەڕێوەببردرێت و هەر نەخۆشێک کۆدێکى ئەلیکترۆنیى تایبەت بە خۆى هەبێت و مێژووى تەندروستیى خۆى تێدا تۆمار کرابێت؛ بە شێوەیەک کە دەستکاریکردن، یان گۆڕانکاریکردن، یان سڕینەوە، یان هەر زیادکردنێکى ناڕەوا لە ناوەڕۆکەکەیدا بەئاسانی نەکرێت. ئەم دۆسیە ئەلیکترۆنییە، پێویستە هەموو زانیاری و بەڵگە بنەڕەتییە پەیوەندیدارەکان بگرێتەوە، لەوانە: ئەنجامی پشکنینەکان، زانیاریی پەیوەندیدار بە چۆنێتیی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکى، دەستێوەردانە پزیشکییەکان، تێبینی و تۆمارەکانی کارمەندانی تەندروستی، شێوازی وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختەى نەخۆش پێش هەر دەستێوەردانێکی پزیشکی و، هەر ڕاپۆرت یان بەڵگەنامەیەکی پزیشکیی تری پەیوەندیدار.

هەروەها، بۆ دابینکردنی شەفافییەت و پاراستنی مافى لایەنەکان، پێویستە نەخۆش یان نوێنەرە یاسایییەکەى و، هەروەها وەزارەتى تەندروستى و لایەنە چاودێرییە پەیوەندیدارەکانى دیكه‌، مافی گەیشتن بە ئەم دۆسیە ئەلیکترۆنییەیان هەبێت لە چەند حاڵەتێکى دیاریکراودا؛ بە جۆرێک ئەم سیستەمە نەک تەنیا ئامرازێک بێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، بەڵکوو ببێتە میکانیزمێکی گرنگ بۆ پاراستنی بەڵگەکان و دابینکردنی دادپەروەری لە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکیدا.

  1. بەزەروورى دەزانین کەوا هەموو کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە بە ڤیدیۆ تۆمار بکرێن و بە شێوەیەکی فەرمی بپارێزرێن، بۆ ئەوەى شەفافییەت لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەدا فەراهه‌م ببێت و، لە هەر کاتێکدا بزانرێت گفتوگۆکان لەسەر چ بنەمایەک کراون و، بە پشتبەستن بە کام بەڵگە و بە چ لۆژیکێکی پیشەیی و یاسایی ڕاسپاردەکان دەرکراون. ئەمە نەک تەنیا بۆ پاراستنی مافەکانی نەخۆش گرنگە، بەڵکوو بۆ پاراستنی خودی ئەندامانی لێژنە و دڵنیابوون لە دروستی و بێلایەنیی پڕۆسەکەیش گرنگییەکی زۆری هەیە. هەروەها، پێویستە ڕاسپاردە و ڕاپۆرتی کۆتاییی لێژنە، تەنیا لە شێوەی ئەنجامی گشتی نەبێت، بەڵکوو پێویستە بەڕوونی دیار بێتكه‌ لە بڕیارداندا پشتیان بە چ بەڵگەیەک بەستووە و، بەپێى چ بنەمایەکى یاسایی و پزیشکی گەیشتوونەتە ئەو بڕیارە.
  2. پێویستە ماوە یاسایییەکانی پەیوەندیدار بە کاری لێژنەی لێکۆڵینەوە کورت بکرێنەوە،بە شێوەیەک کە لەگەڵ سروشت و هەستیاریى کەیسەکانی هەڵەی پزیشکیدا بگونجێن. بۆیە، پێویستە لێژنە لە ماوەی دوو (2) ڕۆژ لە ڕێکەوتى پێکهێنانى فەرمیی خۆیدا دەست بە کاری خۆی بکات و یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات. هەروەها پابەند بکرێت کە لە ماوەی دە (10) ڕۆژدا لێکۆڵینەوەکان تەواو بکات و ڕاپۆرتی کۆتاییی خۆی پێشکەش بکات، مەگەر لە هەندێ حاڵەتدا کە پێویستی بە درێژکردنەوەی ماوەکە هەبێت بە هۆکارێکی یاسایی و ڕوون و ڕەوا.
  3. دەکرێت، بە مەرجی وەرگرتنی ڕەزامەندیی ڕوون و پێشوەختەى نەخۆش، کامێرای چاودێری لە ژووری نەشتەرگەریدا دابنرێت بۆ تۆمارکردنی پڕۆسەی دەستێوەردانی پزیشکی؛ بە جۆرێک کە بتوانێت لە کاتی پێویستدا وەک بەڵگەیەکی بابەتی بۆ دیاریکردنی چۆنێتیی ئەنجامدانی دەستێوەردانەکە و هەڵسەنگاندنی هەبوونی هەڵەی پزیشکی یان نەبوونی بەکاربهێنرێت. ئەم ڕێکارە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرزکردنەوەی شەفافییەت، پاراستنی بەڵگە، کەمکردنەوەی ناکۆکی لەسەر ڕووداوەکان و، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرپرسیارێتى و وریاییی پیشەیی هەبێت.

بەڵام، جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمە، پێویستە لە چوارچێوەی پاراستنی مافی تایبەتمەندی و شکۆى نەخۆشدا ڕێک بخرێت؛ بە جۆرێک کە تۆمارکردنەکە تەنیا بۆ مەبەستی یاسایی، چاودێری و هەڵسەنگاندنی کەیسە پەیوەندیدارەکان بەکار بهێنرێت و، دەستگەیشتن بەم تۆمارانە سنووردار و بە ڕێسا بێت، بۆ ئەوەی ئەم ڕێکارە لە ئامرازێکی پاراستنی دادپەروەرییه‌وه‌، نەگۆڕدرێت بۆ هۆکارێکی پێشێلکردنی تایبەتمەندی.

  1. کاتی ئەوە هاتووە کە کارمەندانى تەندروستى و دامەزراوە تەندروستییەکان،پابەند بکرێـن بە بیمەکردن لە دژی بەرپرسیارێتیى مەدەنییان لە بەرامبەر نەخۆشەکان؛ چونکە پێویستە میکانیزمێکی کارا و دڵنیابەخش بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان هەبێت. ئەم جۆرە بیمەیە دەتوانێت دڵنیایی لەوە بدات کە ئەگەر هەڵەی پزیشکی ڕووی دا و بەرپرسیارێتییەکە سەلمێنرا، نەخۆش لە ماوەیەکی گونجاودا بە مافە دارایییەکانی خۆی دەگات، بەبێ ئەوەی چارەنووسی قەرەبووکردنەوەکەی بە توانای داراییی کارمەندى تەندروستى یان دامەزراوەی تەندروستییه‌وه‌ ببەسترێته‌وه‌. هەروەها، ئەم میکانیزمە نەک تەنیا ئامرازێکە بۆ پاراستنی نەخۆش، بەڵکوو دەتوانێت کەلتووری بەرپرسیارێتى و وریاییی پیشەیی بەرز بکاته‌وه‌، چونکە کاتێک کارمەندانى تەندروستی و دامەزراوە تەندروستییەکان بزانن کە بەرپرسیارێتىی یاسایی و داراییی ڕاستەقینە لەپشت ڕەفتارە پیشەیییەکانیانە، ئەوا باشتر پابەند دەبن بە پێوەر و پڕۆتۆکۆل و ڕێساکانی پیشەیی. بۆیە، پابەندکردن بە بیمەی بەرپرسیارێتیى مەدەنی، نابێت وەک بارێکی ئیداری و دارایى سەیر بکرێت، بەڵکوو یەکێکە لە بنەماکانی دانانى سیستەمێکی مۆدێرن بۆ پاراستنی مافەکانی نەخۆش و دابینکردنی دادپەروەری لە بواری تەندروستیدا.
  2. لەبەر ئەوەی زانستی پزیشکی بە شێوەیەکی بەردەوام لە گەشەسەندن و نوێبوونەوەدایە و، ئەوەی ئەمڕۆ وەک بنەمایەکی زانستیی قبووڵکراو دادەنرێت، ڕەنگە لە داهاتوودا گۆڕانکاریی بەسەردابێت و شێوازى نوێتر و باشتر بێتە کایەوە؛ بۆیە نابێت مۆڵەتی کارکردنی پزیشکی بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بێ هەڵسەنگاندنی بەردەوام مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە مۆڵەتی پیادەکردنى پیشەی پزیشکی لە ماوەیەکی دیاریکراودا نوێ بکرێتەوە و، نوێکردنەوەکەیش بەستراو بێت بە جێبەجێکردنی چەند مەرج و پێوەرێكی پیشەیی و زانستی، نەک تەنیا بە تێپەڕبوونی کات و پێدانى ڕسووماتى نوێکردنەوە. لە گرنگترین ئەم مەرجانەیش: بەشداریکردن لە ڕاهێنان، وەرگرتنى کۆرسی نوێکردنەوەی زانیارییەکان، وەرگرتنی بڕوانامەى تر لە بوارى پسپۆڕیى خۆى، بەشداریکردن لە سمینار و کۆنفرانسە زانستییەکان، ئەنجامدانی توێژینەوە یان هەبوونی چالاکیی ئەکادیمی و پیشەیی و، هەڵسەنگاندنی بەردەوامی لێهاتوویى و توانا و شایستەییی پیشەیی.
  3. پێویستە میکانیزمێکی یاساییی تۆکمە و کارا بۆ پاراستنی هەواڵدەرەکان-ئەوانەی کە هەواڵ لە هەبوونی کەیسێکی گومانلێکراوی هەڵەی پزیشکی دەدەن، یان ئامادە دەبن وەک گەواهیدەر یان سەرچاوەی زانیاری لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەدا هاوکار و بەشدار بن- دابنرێت، چونکە لە غیابی پاراستنی یاساییی کارا، زۆر جار ئەم کەسانە لە ترسی گوشار، تۆڵەسەندنەوەی پیشەیی، زیانگەیاندنى کارگێڕى، یان تەنانەت گوشاری کۆمەڵایەتی، خۆیان لە هەواڵدان یان گەواهیدان دەدزنەوە. بۆیە، پێویستە یاسادانەر بە میکانیزمێکى کارا، نهێنیى ناسنامەى ئەم جۆرە کەسانە بپارێزێت و زانیاری لەسەریان بەردەست نەبێت و، هەروەها هەموو جۆرە ڕەفتارێکى تۆڵەسەندنەوە یان زیانگەیاندن بەرامبەریان بە شێوەیەکی یاسایی قەدەغە بکرێت. ئەم جۆرە میکانیزمە دەبێتە ئامرازێک بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان، چونکە زۆر جار زانیاریی سەرەتایی لەسەر هەڵەی پزیشکی، لەلایەن هەمان ئەو کەسانەوە دێت کە لەناو سیستەمەکەدان و ئەوەیان بە چاوی خۆیان بینیوە.

کـۆبــەنــد

چوارچێوەی یاساییى مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەبوونی هەندێک دەق و میکانیزمی فەرمی، هێشتا ناتوانێت بە شێوەیەکى کارا و دادپەروەرانە ئەم دیاردەیە بنبڕ یان سنووردار بکات. ناڕوونی لە پێناسە و پێوەرە یاسایییەکان و، لاوازیی میکانیزمەکانی لێکۆڵینەوە و، نەبوونى هاوسەنگیی ڕاستەقینە لە پاراستنی مافەکانی نەخۆش و کارمەندانى تەندروستى، هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەن کە چارەسەرە یاسایییە هەنووکەیییەکان بەشێک نین لە چارەسەر، بەڵکوو بەشێکن لە بەردەوامبوونى کێشەکە.

هەڵەی پزیشکی نابێت تەنیا بە دیدێکی پیشەییی داخراو سەیر بکرێت، چونکە ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا بابەتێکی یاسایی و مرۆیی و کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندیی بە ژیان و سەلامەتیی مرۆڤەوە هەیە. بۆیە، ئەگەر ئامانجمان بریتى بێت لە بنبڕکردن یان کەمکردنەوەى دیاردەى هەڵەى پزیشکى، ئەوا پێویستە لە بیرکردنەوەی کۆن و میکانیزمە ناچالاکەکان دوور بکەوینەوە و بە ئاراستەی سیستەمێکی ڕوونتر، شەفافتر و بەرپرسیارانەتر هەنگاو بنێین؛ چونکە ئەگەر وا نەکەین، هەڵەی پزیشکی هەر بەردەوام دەبێت و متمانەی هاووڵاتیانیش بە کەرتی تەندروستی کەمتر دەبێت.

سەرچاوەکان:

  1. یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان ژمارە (4) بۆ ساڵى (2020).
  2. ڕێنماییى ژمارە (4) بۆ ساڵى (2022) تایبەت بە ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان.
  3. بڕیارى وەزارەتى تەندروستیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ژمارە (9779) لە (07/06/2022).
  4. ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان، ژمارە (256) لە (15/10/2020).
  5. ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان، ژمارە (287) لە (11/08/2022).




وابەستەیی بە گەرووی هورمز: لاوازییەکی پێکهاتەیی لە ستراتیژیی هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا

شەهریار شێخلەر، توێژەر لە بواری سیاسەتی وزە- ماستەر لە بەڕێوەبردنی بیزینس- ستراتیژی و، هەروەها ماستەر لە بەڕێوەبردنی ئیجرائییە.

پێشەکی

عێراق بە ١٤٥ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوت، خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی سەلمێنراوی نەوتی خاوی جیهانە و، بە هەرێمی کوردستانەوە توانای ڕۆژانە بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٤،٥٠٠،٠٠٠ بەرمیل و هەناردەکردنی زیاتر لە ٣،٣٠٠،٠٠٠ بەرمیل نەوتی خاوی هەیە و، بەوەیش لە پلەی دوومی وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نەوت لەناو ڕێکخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت (ئۆپێک) دەوەستێت.

ئەو یەدەگە گەورەیە و توانای بەرهەمهێنان و داهاتی هەناردەکردنە، وای کردووە کە لە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و بە درێژاییی سەد ساڵی ڕابردوو ڕۆڵی نەوت وەک بڕبڕەی پشتی ئابووریی عێراقی زیاتر و بەهێزتر بێت داهاتی نەوت زیاتر لە ٩٣%ی کۆی داهاتی حکوومەت و زیاتر لە ٩٥%ی هەناردەکردنی وڵات پێک دەهێنێت. ئەم پشتبەستنە زۆرە بە یەک کاڵا، بۆتە ئەوەی عێراق لە ڕێزی ئەو وڵاتانە دابنرێت کە ئابووریناسان بە “ئابووریی کرێچی” ناوی دەبەن- ئابوورییەک کە دەوڵەت زۆربەی داهاتەکەی لە فرۆشتنی سەرچاوە سروشتییەکان (وەک نەوت، گاز و…) وەردەگرێت، نەک لە ڕێگه‌ی باج یان بەرهەمهێنانی ئابووری لە ناوخۆی وڵات. ئەم ئاستی وابەستەیییە لە چەند ڕووەوە لاوازیی پێکهاتەییی بەرچاوی لەناو ئابووریی عێراقدا دروست کردووە.

یەکێک لە لاوازییە جددییەکان، پەیوەندیی بە سیاسەتی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و پشتبەستنی زۆری بە ڕێگه‌کانی هەناردەکردنی دەریایی لە باشوورەوە هەیە، کە بەستراونەتەوە بە گەرووی هورمزەوە. هەر بەو ئاستەی داهاتی حکوومەت بە داهاتی نەوت گرێ دراوە، هەناردەکردنی زیاتر لە ٩٣%ی نەوتی عێراقیش تەنیا بە یەک ڕێڕەو پەیوەستە کە هەمیشە لەژێر مەترسی و هەڕەشەی داخراندا بووە. بەوهۆیەوە گرژییە جیۆپۆلیتیکییە ناوچەیییەکان، ململانێ سەربازییەکان و نائەمنیی دەریایی، ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە سەقامگیریی ئابووری و توانای داراییی عێراق دەکەن.

ململانێکانی ئەم دوایییەی ناوچەکە (لە ئازاری ساڵی ٢٠٢٦)، گەورەییی ئەم لاوازییەیان ئاشکرا کرد. پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەی کەنداو، هاتوچۆی تانکەرەکانی بە گەرووی هورمزدا ​​پەک خست؛ ئەمەیش بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٠% و، وەزارەتی نەوتی ناچار کرد ئاستی بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە و بە پشتبەستن بە خاڵی “فۆرس ماژۆر” (Force majeure)، بەرهەمهێنانی نەوت لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی کە لەلایەن بیانییەکانەوە بەڕێوە دەبردرێن ڕابگرێت.

ئەم بابەتە لێکۆڵینەوە لە لاوازییە ستراتیژییە شاراوەکانی ناو سیاسەتی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەکات و لەسەر سێ ڕەهەندی پەیوەندیدار بەیەکەوە توێژینەوە دەکات: لاوازییە تەکنیکییەکان، لاوازییە دارایییەکان و لاوازییە کارگێڕییەکان. هەروەها لێکەوتە بەرفراوانەکانی پشتبەستنی عێراق بە گەرووی هورمز شی دەکاتەوە و جێگره‌وه (به‌دیل)‌ی ستراتیژی پێشنیاردەکات کە توانای باشترکردنی ئاسایشی وزەی عێراق و خۆڕاگریی هەناردەکردنی هەبێت.

١. کرۆکی قەیرانی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق

مێژووی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، داستانێکی پڕ لە بژاردەی ئاڵۆز و هەڵەی ستراتیژییە، بەتایبەت پاش بەنیشتمانیکردنی کەرتی نەوت لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشوو. لە ڕووی مێژوویییەوە، عێراق پشتی بە دوو ڕێڕەوی سەرەکیی هەناردەکردن بەستووە: “تێرمیناڵی باشوور لە کەنداو”، “تێرمیناڵی نەوتی ئەلبەسرە و خورئەلئەمایە” و “هێڵی بۆڕیی عێراق-تورکیا” (ITP)  کە لە کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان دەڕوات. هەرچەنده‌ لە سەرەتادا، نەوتی کەرکووک لە ڕێگه‌ی بۆڕییەوە بۆ حەیفا (لە ئیسرائیلی ئێستا) و دواتر بۆ بانیاس دەگوازرایەوە، بەڵام زۆر خێرا و بەهۆی کێشە سیاسییەکانه‌وه‌ هەردوو بۆڕی وەلا نران و لە کۆتاییی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووە، ڕوو کرایە بۆڕیی نەوتی کەروکووک-جەیهان. هەڵبەت دواتر ئەو بۆڕییەیش وەستا و، لە ئێستادا بۆڕیی نەوتی کوردستان لە خۆڕماڵەوە وەک جێگرەوەی بۆڕییەکە کار دەکات.

١.١. ئاڵنگاری تەنگەبەری باشوور: زۆرینەی ڕەهای نەوتی خاوی عێراق-ڕۆژانە تاکوو ٤ ملیۆن بەرمیل و بەگشتی بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٣%ی نەوتی هەناردەکراوی عێراق (لە بارودۆخی ئاساییدا) بە تێرمیناڵە دەریایییەکانی پارێزگای بەسرەدا تێپەڕ دەبێت و ڕادەستی کەشتیگەلی کڕیار دەکرێت. لەوێیشەوە دەبێت کەشتییە تانکەرەکان بە گەرووی هورمزدا ​​بڕۆن، کە ڕێڕەوێکی تەسکە لەنێوان عومان و ئێراندا و نزیکەی لەسەدا ٢٠ی نەوتی دەریاییی جیهانی پێیدا تێپەڕ دەبێت. ئەم چڕبوونەوەی توانای هەناردەکردن لە ڕێگەی یەک خاڵی مەترسیلەسەری دەریایییەوە، وێنای لاوازییەکی ستراتیژیی نائاسایی دەکات. کاتێک ململانێی ناوچەیی لەم دوایییانەدا گەرووەکەی داخست، هەناردەی عێراق لە ماوەیه‌كی زۆرخێرا بەتەواوی ڕاوەستا و دواتر تەنیا کەمتر لە ١٠%ی و بەشێکی بە شێوازی نائابوورییانە دەستی پێ کردەوە.

سەرەڕای ئەوەیش، بەندەرەکانی باشووری عێراق، خۆیان هەڵگری کۆمەڵێک کێشە و ئاڵنگارین. توێژینەوە ئەکادیمییەکان “مەترسیی ئاسایشی گواستنەوە، لاوازیی توانای بەندەر و ڕێگه‌کان” و “ئاستی نزم لە بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی تەکنیکی”یان وەک کێشەی بەردەوام لەو بەندەرانە دەستنیشان کردووە.

١.٢. په‌ككه‌وتن (ئیفلیج)ی بۆڕیی کەرکووکجەیهان: ئەو بۆڕییە هەرچەند بە توانای سنووردار، بەڵام سەردەمانێک ڕێگه‌یەکی جێگره‌وه‌ی گرنگی دابین دەکرد و نەوتی خاوی کەرکووکی لەسەر دەریای ناوەڕاست ‌دەگواستەوە بۆ جەیهان. بەڵام ئەم بۆڕییە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ڕاددەیەکی له‌كار كه‌وتووه‌. هەرچەنده‌ لە ٢٠١٤وە بۆڕیی نەوتی کوردستان وەک جێگرەوەی ئەو بۆڕییە ڕاکێشراوە، بەڵام ئەویش ماوەیەک بەهۆی بڕیارێکی “ژووری ناوبژیوانیی بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریس” ڕاگیرا و دواتریش بەهۆی خواستی بەغدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەرگیز بەپێی پێویست و توانای بۆڕییەکە سوودی لێ وەرنەگیراوە.

بەبۆچوونی بەشێک لە شارەزایان “دوودڵیی بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، کەمتر پەیوەندیی بە ئاستەنگی تەکنیکی یان یاسایییەوە هەیە و زیاتر پەیوەندیی بە بەکارهێنانی پرسی بۆڕییەکەوە هەیە بە مەبەستی بەناوەندکردنی کۆنترۆڵی داهاتی نەوتی کۆی عێراق و سنووردارکردنی سەربەخۆییی ئابووریی هەرێمی کوردستان”.

١.٣. جێگره‌وه‌ دروستنەکراوەکان: لە ساڵانی ڕابردوو، حکوومەتەکانی عێراق چەندان جار بابەتی ڕێگەی جێگره‌وه‌یان بۆ هەناردەکردنی نەوت ورووژاندووە، بەڵام هیچ کامیان نەگەیشتوونەتە دۆخی کارلێکردن. عێراق هەرچەند لە ڕووی جوگرافییەوە بێجگە لە ڕێگەی کەنداو و تورکیا، بەهۆی دراوسێتی لەگەڵ سعوودیا، ئوردن و سووریا، دەیتوانی چەندان ڕێگه‌ی دیکەی جێگره‌وه‌ بۆ ڕێڕەوی هورمز بنیاد بنێت بەڵام بەهۆی نەبوونی ستراتیژییەتێکی نیشتمانیی گشتگیر، هەروەها کێشە و ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆ و لەگەڵ دراوسێکان، نەیتوانیوە پلانێکی ئابوورییانەی سەرکەوتووش دابڕێژێت.

بوودجەی پێویست بۆ ڕاکێشانی بۆڕییەکی جێگره‌وه‌ بۆ بەندەری بانیاس لە سووریا بە هەشت ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت کە هەم قەبارەی وەبەرهێنانەکە و هەم کێشە ئەمنی و جیۆپۆلیتیکییەکان، ڕێگر بوون لە دەستپێکردن و جێبەجێکردنی ئەو پلانە. بۆڕییەکی پێشنیارکراوی دیکە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن ساڵانێکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت بەڵام ئەویش بەهۆی جوگرافیا و تایبەتمەندییەکانی بەندەری عەقەبە ناتوانێت بەتەنیایی فریادڕەسی نەوتی عێراق بێت و، کاتێک دەتوانێت سوودمەند بێت کە لەگەڵ ڕێگه‌چارەکانی دیکە بەشێک بێت لە چارەسەری ئاڵنگارییەکان.

لەم دوایییانەدا عێراق ڕێککەوتنێکی سەرەتاییی لەگەڵ عومان ڕاگەیاند بۆ دروستکردنی بۆڕیی نەوتی خاو لە بەسرە بۆ بەندەری دوقم لە عومان، بە دەربازبوون لە گەرووی هورمز. پرۆژەکە سەرەتا توانای عەمبارکردنی 10 ملیۆن بەرمیل لە دوقم لەخۆ دەگرێت و نەوت بە کەشتی دەگوازرێتەوە تا تەواوبوونی ڕاکێشانی بۆڕییەکە. بەڵام پڕۆژەکە لە ڕووی ئیمکانی ئابوورییەوە پرسیاری جددیی لەسەرە. ڕێگه‌ی بەسرە بۆ عومان “بە شێوەیەکی بەرچاو درێژە و تێچووی زۆری دەوێت؛ ئەمەیش وای کردووە بە بەراورد بە جێگره‌وه‌کانی کورتتر و بەردەست، زۆر کەمتر پراکتیکی بێت” لە تورکیا، ئوردن، سووریا، ئیمارات و تەنانەت سعوودیاش. ئەمەیش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ شرۆڤه‌كاران پڕۆژەکە “کەمتر لەبارەی کارایی و زیاتر لەبارەی مانۆڕی ستراتیژییەوه‌” پێناسە بکەن و بەهۆی پاڵنەری سیاسی نەک پلانێکی ئابووریی دروسته‌وه‌ شرۆڤەی بکەن.

یەکێکی دیکە لە پلانەکانی ئێستا باس دەکرێت و وەکوو بەردی بناغەی ستراتیژیی هەمەچەشنکردنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەناسێنرێت، دروستکردنی بۆڕیی بەسرە-حەدیسەیە. ئەو بۆڕییە “بەسرە بە حەدیسە دەبەستێتەوە بە توانای پلانبۆداڕێژراوی 2.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا… و، درێژایییەکەی 700 کیلۆمەترە و نەوتی خاو دەگوازێتەوە بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی وڵاتانی دراوسێ وەک بانیاس لە سووریا، جەیهان لە تورکیا و عەقەبە لە ئوردن؛ هاوکات وەک هێڵی دابینکردنی نەوت بۆ پاڵاوگەکان لە سەرانسەری باشوور و ناوەڕاست و باکووری پارێزگاکانی عێراق کار دەکات.”

 ڕاستییه‌كه‌ی، ئەو پڕۆژەیە هەرچەند تۆڕێکی نیشتمانیی گواستنەوەی ناوخۆییی نەوت لە عێراق ساز دەکات، بەڵام کۆکەرەوەی پلانەکانی هەناردەکردن لە ڕێگه‌ی عەقەبە و بانیاسە، کە پێشتر خاڵە لاوازەکانی باس کرا. ئەوەیش پێویستیی بە چارەسەری کێشە سیاسی و ئەمنی و جیۆپۆلیتیەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق هەیە و، بێ ئەوانە چارەی کێشەکان ناکات.

٢. لاوازییە تەکنیکییەکان لە پێکهاتەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا

٢.١. چڕبوونەوەی ژێرخانی هەناردەکردن

یەکێک لە لاوازییە تەکنیکییە سەرەکییەکانی عێراق، وەک پێشتریش باس کرا، لە چڕبوونەوەی زۆری ژێرخانی هەناردەکردندایە لە باشووری عێراق و سەر کەنداو. سیاسەتی هەناردەکردنی عێراق بە پلەی یەکەم پشت بە تێرمیناڵەکانی باشوور و دامەزراوەکانی بارکردنی دەریایی دەبەستێت. ئەم چڕبوونەوەیە لەسەر یەک ڕێڕەو، بۆتە هۆی لاوازییەک کە تێیدا ڕاوەستانی هەناردەکردن لەو ڕێگه‌یە بە مانای ڕاوەستانی زۆربەی هەناردەکردنی گشتیی نەوتی عێراق دەبێت.

هەرچەنده‌ گفتوگۆکان سەبارەت بە هەمەچەشنکردنی ڕێگه‌کانی هەناردەکردن و ڕاکێشانی بۆڕییە جێگره‌وه‌كان لە ڕێگەی تورکیا، ئوردن و سووریاوە دەستی پێ کردۆتەوە بەڵام هێشتا لەسەرەتایە و تاکوو چارەسەر کاتی زۆری پێویستە. هەرچەندە هێڵی بۆڕیی هەرێمی کوردستان-تورکیا ڕێگه‌یەکی جێگره‌وه‌ لە بەندەری جەیهانەوە دابین دەکات، بەڵام ناکۆکیی سیاسی، سنوورداربوونی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لەو ڕێگه‌یەوە و تەنانەت تەحەددای ئاسایشی ناوخۆییی عێراق، ڕێگرن لەبەردەم بەکارهێنانی تەواوی توانای ئەو ڕێگه‌یە.

٢.٢. سنوورداربوونی توانای عەمبارکردن و گواستنەوە

لاوازییەکی تری تەکنیکی بریتییە لە کەمیی توانای عەمبارکردن (كۆگه‌كردن) و گواستنەوەی ستراتیژیی نەوتی خاو. لە کاتێک چڕیی ژێرخانی هەناردەکردن لە باشووری عێراقەوە لاوازییەکی مەترسیداری بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق پێک هێناوە، سنوورداربوونی توانای عەمبارکردنی پێویست بۆ کاتە هەستیارەکان، وەکوو وەستانی کاتیی هەناردەکردن، وای کردووە کە کارەکانی بەرهەمهێنان زۆر وابەستەی ڕەوتی بەردەوامی هەناردەکردن بێت.

لە ماوەی قەیرانی ئەم دوایییەی ناوچەکەدا و پاش ئەوەی هەناردەکردن لە باشوورەوە وەستا، توانای عەمبارکردنی نەوتی عێراق لە ماوەی تەنیا چەند هەفتەیەکدا گەیشتە سنووری خۆی؛ ئەمەیش وای کرد وەزارەتی نەوت بە پشتبەستن بە خاڵی فۆرس ماژۆر لە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەرکار، بەرهەمهێنان لە سەرانسەری کێڵگە نەوتییەکانی باشووردا کە لەلایه‌ن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بەڕێوە دەبردرێت ڕابگرێت، چونکە چیتر نەتوانرا نەوتی خاو بە شێوەیەکی کارا عەمبار بکرێت یان بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بگوازرێتەوە.

جگە لەوەیش، عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە پیربوونی ژێرخان و کێشەکانی چاککردنەوەی بۆڕییەکان و کەمیی کارەبا و وەبەرهێنانی تەواو لە تەکنەلۆژیای هەناردەکردنی مۆدێرندایە. ناکاراییی تەکنیکی، تێچووی کارکردن زیاد دەکات و لە کاتی باری نائاساییدا توانای چارەسەری کێشە لۆجستیکییه‌كانی نەوتی عێراق دادەبەزێنێت.

٢-٣. پشتبەستن بە کەشتیوانیی بیانی

پشتبەستنی زۆری عێراق بە کەشتیوانیی دەریایی لە ڕێگەی کەنداوەوە و نەبوونی کەشتیگەلی پێویست لەناو سیستەمی کەشتیوانیی نەوتی نیشتمانی، لاوازیی تەکنیکی زیاتر چڕ دەکاتەوە. گواستنەوەی دەریایی، زۆر هەستیارە بە ناسەقامگیریی جیۆپۆلیتیکی، ململانێ دەریایییەکان، هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان و مەترسییەکانی بیمە. ڕاوەستانی هاتوچۆی تانکەرەکان دەتوانێت بەخێرایی کارەکانی هەناردەکردن ئیفلیج بکات، تەنانەت ئەگەر دامەزراوە بەرهەمهێنانەکان بەکارایی بمێننەوە. بەڵام عێراق، نەك تەنیا پشتی بەو شێوازی گواستنەوەیە بەستووە، بەڵکوو سنوورداربوونی توانای عەمبارکرنی نەوتی خاوی عێراق و، هەروەها نەبوونی هیچ کەشتیگەلێکی گەورەی نەوتی لەناو کۆمپانیای تانکەری نەوتی عێراق، نەك تەنیا بۆتە هۆی ئەوەی کە عێراق نزیکەی تەواو لە بازاڕی گواستنەوەی نەوتی دەریاییی جیهانیدا نەمێنێت، بەڵکوو تەنانەت ناتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی کاتی نەوتی بەرهەمهاتوو، یان گواستەنەوەی نەوتی خاوی خۆی بۆ بەندەرەکانی کڕیاران؛ دۆخێک کە بێجگە لە کێشەکانی پشتبەستن بە کۆمپانیاکانی بیانی بۆ گواستنه‌وەی نەوت بە تێچووی بەرزتر، کاریگەریی هەر کێشەیەکی گرنگ لە کەرتی عەمبارکردن یان گواستەنەوە، ڕاستەوخۆ دەگوازێتەوە بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت و دەبێتە هۆی ڕاوەستانی بەرهەمهێنانی نەوت.

٣. لاوازییە دارایییەکان و دەرەنجامە ئابوورییەکان

٣.١. پشتبەستنی دارایی بە داهاتی نەوت

داراییی گشتیی عێراق تا ڕاددەیەکی زۆر بە داهاتی هەناردەکردنی نەوتەوە وابەستەیە. لە ئەنجامدا پچڕانی هەناردەکردن ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە سەقامگیریی دارایی و خەرجییەکانی حکوومەت و گەشەی ئابووری دەکات. بەپێچەوانەی ئابوورییە هەمەچەشنەکانەوە، عێراق خاوەنی سەرچاوەی داهاتی جێگره‌وه‌یه‌كی سنووردارە کە توانای قەرەبووکردنەوەی دابەزینی لەناکاوی داهاتی نەوتی نییە.

بەپێی شیکردنەوە و ڕیپۆرتەکان، پچڕانی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لە ساڵی ٢٠٢٦دا گوشاری داراییی توندی لەسەر سیستەمی بوودجەی عێراق دروست کردووە. داهاتی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، لە کاتێکدا پابەندبوونەکانی خەرجییە گشتییەکان بەبەرزی ماونەتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە مووچە و یارمەتییەکان و خەرجییەکانی کەرتی گشتی.

ئەم وابەستەیییە پێکهاتەیییە، ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییە فراوانەکانی ئابووریی کرێچییە کە سیاسەتی دارایی، زۆر زوو و توند بەرەوڕووی شۆکی دەرەکیی پەیوەست بە نرخ و داهاتی سامانە سروشتییەکان دەبێتەوە. لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکان بەبەردەوامی نیشان دەدەن کە پشتبەستنی زۆر بە داهاتی هایدرۆکاربۆن، خۆڕاگریی ئابووری لاواز دەکات و بەرکەوتن بە ناسەقامگیریی جیۆپۆلیتیکی زیاد دەکات.

٣.٢. پێویستی بە دراوی بیانی و مەترسییە دراوییەکان

هەناردەکردنی نەوت سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی یەدەگی دراوی بیانییه‌ بۆ عێراق. بۆیە پچڕانی هەناردەکردنی نەوت گوشارێکی ڕاستەوخۆ لەسەر سەقامگیریی دراو و نرخی ئاڵوگۆڕ و دابینکردنی پارەی پێویست بۆ هاوردەکردنی کاڵا و کەلوپەل لە دەرەوە دروست دەکات. کەمبوونەوەی داهاتی نەوت توانای بانکی ناوەندی بۆ سەقامگیرکردنی بەهای دیناری عێراقی و دابینکردنی داراییی هاوردەکردنی خۆراک و کاڵای پیشەسازی و بەرهەمە بەکاربەرەکان سنووردار دەکات.

پچڕانی درێژخایەنی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت، دەتوانێت ببێتە هۆکاری گوشاری هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراو و ناسەقامگیریی ئابووری بە قەبارەیەکی گەورە و مەودای کاریگەریی فراوانتر. هەروەها نادڵنیاییی دارایی، کاریگەریی نەرێنی لەسەر وەبەرهێنانی بیانی بەگشتی و بەتایبەت لە کەرتی وزەی عێراقدا دەکات، چونکە وەبەرهێنەران بەوردی و هەستیارییه‌كی زیاتره‌وه‌ لە مەترسییەکانی کارکردن و جیۆپۆلیتیکی دەکۆڵنەوە.

٣.٣. ئاستەنگەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان

هەروەها لاوازیی ستراتیژی لە سیاسەتی هەناردەکردندا پلانی وەبەرهێنانی درێژخایەن تێک دەدات. کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان کە لە عێراق کار دەکەن، پێویستیان بە ژێرخانی هەناردەکردنی پێشبینیکراو و سەقامگیریی سیاسی هەیە بۆ بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنان و فراوانکردن. پچڕانی جیۆپۆلیتیکی بەردەوام، نادڵنیایی زیاد دەکات و پابەندبوونەکانی وەبەرهێنانی درێژخایەن سست و لاواز دەکات.

ڕاگەیاندنی باری نائاسایی (فۆرس ماژۆر) لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کە لەلایەن بیانییەکانەوە بەڕێوە دەبردرێن لە کاتی قەیرانی ئەم دوایییەی هورمزدا، قەبارەی ئەو پچڕانی دامەزراوەیی و گرێبەستییەی دەرخست کە ڕووبەڕووی کەرتی وزەی عێراق بووەتەوە.

لە ئەنجامدا ڕەنگە مۆدێرنیزاسیۆنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی تەکنەلۆژی و فراوانکردنی بەرهەمهێنان لە عێراق زیاتر وەدوا بکەوێت؛ ئەمەیش توانای ڕکابەرییەکەی لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا زیاتر لاواز دەکات.

٤. لاوازییە کارگێڕی و دامەزراوەیییەکان

٤.١. لاوازی لە پلاندانانی ستراتیژی 

لاوازییە ئیدارییەکان بەشێکی دیکە لە هۆکارەکانی لاوازیی سیاسەتی هەناردەکردنی نەوتی عێراقن. حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق چەندان جار باسیان لە ستراتیژییەکانی هەمەچەشنکردنی هەناردەکردنی نەوت کردووە، بەڵام لە جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە و داڕشتنی پلانەکان بەهۆی خاوی و ناتەبایییه‌وه‌ بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو نەهاتۆتە دی. پلاندانانی ستراتیژیی درێژخایەن سەبارەت بە ڕێگه‌کانی هەناردەکردنی جێگره‌وه‌ و ئاسایشی وزە، زۆر جار بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی، گەندەڵی و پارچەپارچەبوونی بیرۆکراسی لە عێراق سەرکەوتوو نەبووە.

٤.٢. پارچەپارچەبوونی سیاسی و ئاڵنگارییه‌كانی حوکمڕانی

ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆیی، سیاسەتی هەناردەکردنی عێراق ئاڵۆزتر دەکات. گرژییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوت و دابەشکردنی داهات، توانای عێراقی لاواز کردووە بۆ بەکارهێنانی کاریگەریی جێگره‌وه‌كانی هەناردەکردنی لە ڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە.

چەندان شرۆڤەکار لە کاتی قەیرانی ئەم دوایییەی هورمزدا ​​ئاماژەیان بەوە کرد کە ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر توانای وه‌ڵامدانەوەی ستراتیژیی عێراقی بە ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکان سنووردار کردووە و، ڕێگر بووە لە فراوانبوونی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا.

هەروەها پارچەپارچەبوونی کارگێڕی، کاریگەریی لەسەر بەڕێوەبردنی گرێبەست، پەرەپێدانی ژێرخانی و، هەماهەنگیی وەبەرهێنانی بیانی هەیە. ئەم لاوازییانەی حوکمڕانی، کارایی و خۆڕاگریی کەرتی وزەی عێراق کەم دەکەنەوە.

٤.٣. گەندەڵی و ناکاراییی دامەزراوەیی

گەندەڵی هێشتا یەکێکە لە بەربەستە دامەزراوەیییە سەرەکییەکان کە کاریگەریی لەسەر کەرتی نەوتی عێراق هەیە. خراپ بەڕێوەبردن و پاڵپشتیی سیاسی و ناکاراییی کارگێڕی، پڕۆژەکانی ژێرخانی دوا خستووە و توانای دامەزراوەییی لاواز کردووە.

چەندان پڕۆژەی هەمەچەشنکردنی ژێرخانی، لەوانەیش فراوانکردنی بۆڕی و ژێرخانی عەمبارکردنی نەوت، بەهۆی ناکۆکیی سیاسی و کەمیی بوودجە و کێشەی حوکمڕانییەوە دوا کەوتوون. ئەم جۆرە لاوازییە ئیدارییانە ڕاستەوخۆ بەشدارن لە لاوازیی ستراتیژیی عێراق لە کاتی قەیرانە جیۆسیاسییەکاندا.

٥. جێگره‌وه‌كانی ستراتیژی و پێشنیارەکانی سیاسەت

کەمکردنەوەی لاوازیی ستراتیژیی عێراق، پێویستی بە چاکسازییەکی گشتگیر هەیە کە لە یەک کاتدا هەموو ڕەهەندە تەکنیکی، دارایی و کارگێڕییەکان چارەسەر بکات.

یەکەم: پێویستە عێراق ڕێڕەوی هەناردەکردن هەمەچەشن بکات بە فراوانکردنی ژێرخانی بۆڕیی جێگره‌وه‌ لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و، هەروەها ئوردنەوە. هێڵی بۆڕیی پێشنیارکراوی بەسرە-عەقەبە دەتوانێت دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەوخۆ بۆ دەریای سوور دابین بکات و پشتبەستنی زۆر بە ڕێگه‌ دەریایییەکانی کەنداو کەم بکاتەوە.

دووەم: عێراق توانای عەمبارکردنی ستراتیژیی نەوت لەنزیک بەندەرەکانی باشوور، نزیک سنووری تورکیا لە هەرێمی کوردستان و، هەروەها نزیک لە سنووری ئوردن زیاد بکات و بە هاوچەرخکردنی ژێرخانی هەناردەکردن توانای کارکردن لە کاتی قەیرانەکاندا باشتر بکات. وەبەرهێنان لە ژێرخانی عەمبارکردن، سیستەمی چاودێریی دیجیتاڵی و چاککردنەوەی بۆڕییەکان، خۆڕاگریی تەکنیکی بەهێزتر دەکات.

سێیەم: عێراق پێویستی بە هەماهەنگیی دامەزراوەییی بەهێزتر و پلانی ستراتیژیی درێژخایەن هەیە سەبارەت بە ئاسایشی وزە. دامەزراندنی میکانیزمی یەکگرتووی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و باشترکردنی حوکمڕانی لەناو کەرتی نەوتدا، بۆ کەمکردنەوەی لاوازییە ئیدارییەکان زۆر گرنگن.

چوارەم: چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت هەمەچەشنکردنی هەناردەکردن باشتر بکات و هەماهەنگیی وزە لەسەر ئاستی  ناوخۆ بەرز بکاتەوە.

لە کۆتاییدا، عێراق دەبێت هەمەچەشنکردنی ئابووری، جددیتر پەیڕەو بکات بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی زیادەڕۆیی بە داهاتی نەوت. بەهێزکردنی کەرتە نانەوتییەکانی وەک کشتوکاڵ، بەرهەمهێنان و پیشەسازی، دەبێتە هۆی باشترکردنی خۆڕاگریی دارایی و کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە شۆکی جیۆپۆلیتیکی دەرەکی.

سەرچاوەکان:

  1. Abdulmahdi, Y. S. (2024). Petro-dependence and diversification; an analysis of Iraq’s economic strategies (Bachelor’s thesis). Luiss Guido Carli. https://tesi.luiss.it/40032/1/277021_ABDULMAHDI_YASEEN%20SALAM.pdf
  2. Al-Abadi, N. J. A. (2025). Economic Diversification to Address Oil Rent Dependency in Iraq: An Analytical Study. Lex localis – Journal of Local Self-Governmenthttps://doi.org/10.52152/801277
  3. Al-Dirawi, M. A. R. (2026). The impact of fluctuations in the international oil markets on the Iraqi economy (PhD thesis). Budapesti Corvinus Egyetem. https://doi.org/10.14267/phd.2026015
  4. Al-Saadi, T., Cherepovitsyn, A., & Semenova, T. (2022). Iraq Oil Industry Infrastructure Development in the Conditions of the Global Economy Turbulence. Energies, 15(17), 6239. https://doi.org/10.3390/en15176239
  5. AP NEWS. (MAY 11, 2026). Saudi oil giant Aramco sees 25% jump in Q1 profit after shifting exports from Strait of Hormuz. https://apnews.com/article/aramco-saudi-arabian-oil-ab384a52510f7af0c1e5629889742285
  6. Hussein, M. (2025, September 17). Facing Fiscal Pressures: Iraq’s Struggle for Reform Ahead of the 2025 Election. The Washington Institutehttps://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/facing-fiscal-pressures-iraqs-struggle-reform-ahead-2025-election
  7. Hussein Haider Muhammad Al-Jazairi. (2025, April 16). A PhD dissertation at the University of Basrah examines contemporary trends in maritime oil transport. University of Basrahhttps://en.uobasrah.edu.iq/index.php/colleges-news/41259
  8. (August 18, 2015). Iraq: Selected Issues. https://doi.org/10.5089/9781513521923.002
  9. Jun U. Shepard, Lincoln F. Pratson. (2020). Maritime piracy in the Strait of Hormuz and implications of energy export security. Energy Policy, Volume 140, May 2020, 111379. https://doi.org/10.1016/j.enpol.2020.111379
  10. Kurdistan24. (2025, September 10). Iraq, Oman Reach Preliminary Agreement on Oil Pipeline Project. https://www.reuters.com/business/energy/iraqi-oil-production-collapses-with-strait-hormuz-blocked-by-conflict-sources-2026-03-08/?utm_source=chatgpt.com
  11. (September 16, 2025). Iraq continues export focus with strategic oil link to Oman. https://newsbase.com/story/iraq-continues-export-focus-with-strategic-oil-link-to-oman-401333
  12. Pipeline Technology Journal.  (March 31, 2026). Iraq Weighs Massive Pipeline Expansion as Regional Conflict Shuts Gulf Routes. https://www.pipeline-journal.net/news/iraq-weighs-massive-pipeline-expansion-regional-conflict-shuts-gulf-routes
  13. (March 8, 2026). Iraqi oil production collapses with Strait of Hormuz blocked by conflict, sources say. https://www.reuters.com/business/energy/iraqi-oil-production-collapses-with-strait-hormuz-blocked-by-conflict-sources-2026-03-08/?utm_source=chatgpt.com
  14. (March 20, 2026). Exclusive: Iraq declares force majeure on foreign-operated oilfields over Hormuz disruption, sources say. https://www.reuters.com/business/energy/iraq-declares-force-majeure-foreign-operated-oilfields-over-hormuz-disruption-2026-03-20/?utm_source=chatgpt.com
  15. (May 11, 2026). Oil market will lose around 100 million barrels every week, if Strait of Hormuz remains closed, Aramco CEO says. https://www.reuters.com/business/energy/oil-market-will-lose-around-100-million-barrels-every-week-if-strait-hormuz-2026-05-11/?utm_source=chatgpt.com
  16. Sarit Maitra. (2023). Impact of Economic Uncertainty, Geopolitical Risk, Pandemic, Financial & Macroeconomic Factors on Crude Oil Returns — An Empirical Investigation. arxiv.org. https://doi.org/10.48550/arXiv.2310.01123
  17. WIL CRISP. (April 29, 2025). Revival of Syrian oil export route could benefit Iraq. MEED Business Review, 10(6), 42-43. https://www.meed.com/revival-of-syrian-oil-export-route-could-benefit-iraq
  18. World Bank. (November 06, 2020). Iraq Economic Monitor, Fall 2020: Protecting Vulnerable Iraqis in the Time of a Pandemic, the Case for Urgent Stimulus and Economic Reforms. © World Bank. http://hdl.handle.net/10986/34749