1

ئابوورییە وێرانبووەکەی ئێران بەهۆی جەنگەوە تا کەی دەتوانێت بەرەنگاری گەمارۆی هورمز ببێتەوە؟

جۆناسان گۆرناڵ (JONATHAN GORNALL)، ٢١ی نیسانی ٢٠٢٦

ماڵپەڕی عەرەب نیوز (Arab News)

ئابوورییە وێرانبووەکەی ئێران بەهۆی جەنگەوە تا کەی دەتوانێت لەبەرامبەر گەمارۆی هورمز خۆڕاگری بکات؟
ماڵپەڕی عەرەب نیوز (Arab News) لە ڕاپۆرتێکدا لەم بارەیەوە دەنووسێت؛ تەنانەت پێش هەڵگیرسانی دوایین جەنگیش، ئێران لە کێشەیەکی قووڵی ئابووریدا بوو.

دەستبەجێ دوای جەنگی ١٢ ڕۆژەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی ساڵی ڕابردوو، کە تێیدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، شیکارییەکی ڕێکخراوی قازانجنەویستی سەربەخۆی فۆکەسی ئێران (Iran Focus) ڕاستییەکانی ئەوەی ئاشکرا کرد کە ناوی نابوو “ئابوورییە ئیفلیجبووەکەی ئێران.”

ڕاپۆرتەکەی، ئەوەی خستە ڕوو کە لەم ساڵانەی دواییدا ئابووریی ئێران ڕووبەڕووی زنجیرەیەک “قەیرانی ئاڵۆز بووەتەوە، کە هەر یەکێکیان دەتوانێت تەواوی سیسته‌مێکی ئابووری تێک بدات. لە ناسەقامگیریی وزە و سزای نێودەوڵەتییەوە بگرە، تا دەگاتە سیاسەتی ناوخۆییی ناسەقامگیر و هەڵاوسانی وەستاو (stagflation)، هەموو ئەم ئاڵنگارییانە بەتوندی زنجیرەی دابینکردن، بەرهەمهێنان و بازرگانیی دەرەکیی ئێرانیان تێک داوه‌.”

هەروەها کاریگەرییە لاوەکییەکان بەرچاو بوون؛ بۆ نموونە، کەمیی غاز و کارەبا کاریگەریی کردووەتە سەر ئەو پیشەسازییانەی کە زۆر پشت بە وزە دەبەستن، وەک: پۆڵا، چیمەنتۆ و پترۆکیمیایی. تەنانەت پێش جەنگی ساڵی ٢٠٢٥یش، ئابوورییەکە بەهۆی سیسته‌می سزاکانی نێودەوڵەتییەوە کە چەندان ساڵە بەردەوامە، زنجیرەیەک گورزی بەرکەوتبوو.

شیکاریی ڕاپۆرتە گومرگییەکان ئەوەی دەرخستووە کە تەنیا لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٥دا، بەهای هەناردە نانەوتییەکان بە ڕێژەی ١٤.٤ لەسەد دابەزیبوو، لە کاتێکدا قەبارەی هەناردەی پترۆکیمیایی نزیکەی ٣٠ لەسەد دابەزیبوو. هاوردەکردنیش دابەزیبوو، لە کاتێکدا تەرکیزی ناچاریی ئێران لەسەر هاوبەشە بازرگانییە ئاسیایییەکان “و کورتهێنانی ١.٣٧٤ ملیار دۆلاریی لە بازرگانیی نانەوتیدا، گوشاری سەر یەدەگەکانی دراوی بیانییان زیاد کردووە و هاندەری هەڵاوسان بوون.”

سەبارەت بە ڕژێمی ئێستا، فۆکەسی ئێران بەم جۆرە ئەنجامگیریی کردووە: “ئابووریی ئێران لە گێژاوی قەیرانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا گیری خواردووە. ناسەقامگیریی وزە، سزاکان، سیاسەتە ناسەقامگیرەکان و هەڵاوسانی وەستاو، زنجیرەکانی دابینکردن و بازرگانییان ئیفلیج کردووە.” دابەزینی هەناردەکردن، کەمبوونەوەی توانای کێبڕکێ و کورتهێنانی بازرگانی، نیشانەی ڕوونی داهاتوویەکی تاریکن، مەگەر ئەوەی ڕژێمەکە بە حکوومەتێک جێگە بگرێتەوە کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەل بکات.”

 دوایین هەڵگیرسانی جەنگ، کە لە ٢٨ی شوبات دەستی پێ کرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی نوێیان بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد، دۆخەکەی زۆر خراپتر کردووە. ئێران بە شێوەیەکی کردەیی گەرووی هورمزی داخست، کە تێیدا نزیکەی ٢٠ لەسەدی وزەی جیهان تێپەڕ دەبێت؛ بەو هیوایەی ئازارە ئابوورییە جیهانییەکانی دەرەنجامی ئەمە، وەک ئامرازێک بەکار بهێنێت بۆ سەپاندنی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

دوای ئەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست لە پاکستان شکستیان هێنا، دۆناڵد ترەمپ (Donald Trump)، سەرۆکی ئەمریکا ڕای گەیاند کە هێزی دەریاییی ئەمریکا گەمارۆی ئەو کەشتییانە دەدات کە دەچنە ناو گەرووەکە یان لێی دەردەچن و، گوتی مەبەست لەم هەنگاوە ئەوەیە تاران ناچار بکرێت ڕێڕەوە ئاوییەکە بکاتەوە. توانای مانەوەی ئابووریی بەرگریی ئێران، ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی وجوودیی بێپێشینە دەبێتەوە بەهۆی گەمارۆی دەریاییی ئەمریکا بۆ سەر گەرووەکە، کە زیاتر لە ٩٠ لەسەدی بازرگانییە ساڵانەیییەکەی ئێران پێک دەهێنێت کە بەهای ١٠٩.٧ ملیار دۆلارە.

لە زنجیرە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس (X) لە ١٢ی نیسان، میعاد مالێکی (Miad Maleki)، گەورە توێژەر لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان  (Foundation for Defense of Democracies)، گوتی كه‌ پێشبینی دەکات گەمارۆکە ڕۆژانە ٤٣٥ ملیۆن دۆلار زیانی ئابووریی تێکەڵاو بگەیەنێت، کە بەگشتی دەکاتە نزیکەی ١٣ ملیار دۆلار لە مانگێکدا.

لە کاتێکدا نەوت و غاز ٨٠ لەسەدی داهاتی هەناردەکردنی حکوومەت پێک دەهێنن، لەکارخستنی ناوەندە سەرەکییەکانی وەک دوورگەی خارگ – کە ٩٢ لەسەدی هەناردەی نەوتی خاو لەخۆ دەگرێت – بە شێوەیەکی کردەیی لە شەو و ڕۆژێکدا ڕۆژانە ١٣٩ ملیۆن دۆلار داهات سفر دەکاتەوە. ئەمەیش بارگرانییەکەی زیاتر دەبێت بەهۆی لەدەستدانی ڕۆژانە نزیکەی ٥٤ ملیۆن دۆلار لە هەناردەی پترۆکیمیایی و ٧٩ ملیۆن دۆلار لە کاڵای نانەوتی، کە هیچ جێگرەوەیەکی گونجاوی وشکانییان بۆ نییە.

لە دەرەوەی لەدەستدانی دەستبەجێی داهات، گەمارۆکە “کاتژمێرێکی کۆگه‌کردنی” کارەساتبار بۆ ژێرخانی وزەی ئێران دروست دەکات. بە هەبوونی تەنیا نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل توانای کۆگه‌کردنی یەدەگی وشکانی و زێدە بەرهەمهێنانی ١.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، تانکەکانی وڵاتەکە تەنیا لە ١٣ ڕۆژدا پڕ دەبن.

کاتێک تانکەکانی کۆگه‌کردن پڕ دەبن، ئێران هیچ بژاردەیەکی دیکەی نابێت جگە لە وەستاندنی هەڵهێنجانی نەوت لە هەندێک لە کێڵگە کۆنەکانی. ڕەنگە ئەمە کاتی بێته‌ پێش چاو، بەڵام دەتوانێت زیانی هەمیشەیی لەژێر زەویدا دروست بکات. کاتێک بەرهەمهێنان دەوەستێت، ئەو ئاوەی کە بە شێوەیەکی سروشتی لەژێر نەوتەکەدا دەمێنێتەوە، دەتوانێت بەرەو سەرەوە پاڵ بنێت بۆ ناو بیرەکە – کێشەیەک کە پێی دەگوترێت water coning.

کاتێک ئەمە ڕوو دەدات، دەرھێنانی نەوتەکە زۆر سەختتر دەبێت و، هەندێک جار مەحاڵ دەبێت، لەبەر ئەوەی لە کونیلە بچووکەکانی بەردەکەدا گیر دەخوات. دەرەنجامەکە تەنیا پچڕانێکی کورتخایەن نییە بەڵکوو لەدەستدانی هەمیشەییی بەرهەمهێنانە. لە کەیسی ئێراندا، ئەمە دەتوانێت تا ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە توانای بەرهەمهێنانی داهاتوو بسڕێتەوە – کە یەکسانە بە نزیکەی ١٥ ملیار دۆلار لە داهاتی لەدەستچووی هەر ساڵێک کە ناتوانرێت قەرەبوو بکرێتەوە.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی، گەمارۆکە ئابوورییەکی لە بنەڕەتدا فشەڵ بەرەو هەڵاوسانێکی لەڕاددەبەدەری کوشندە پاڵ دەنێت. لە کاتێکدا تا مانگی شوباتی ٢٠٢٦، ڕیاڵ بۆ ١.٣ ملیۆن بەرامبەر بە دۆلارێک داڕماوە و هەڵاوسانی خۆراک گەیشتووەتە ١٠٥ لەسەد، لەدەستدانی تەواوەتیی داهاتی دراوی بیانی، ڕژێمەکە بە چەند ئامرازێکی کەمەوە دەهێڵێتەوە کە بتوانێت بەکاریان بهێنێت.

ژێرخانی دەرەوەی گەرووەکە، وەکوو ڕێگه‌ی لاوەکیی جاسک و بەندەرەکانی ده‌ریای خەزەر، دەتوانن کەمتر لە ١٠ لەسەدی توانای تێپەڕبوونی کەنداو قەرەبوو بکەنەوە. لە کاتێکدا ڕژێم دراوی کاغەزی ١٠ ملیۆن ڕیاڵی دەردەکات کە بەهاکەی تەنیا ٧ دۆلارە، خۆڕاگریی ئابووریی درێژخایەن زیاتر و زیاتر وەک مەحاڵ دەردەکەوێت. هەروەها “گەمارۆکە بەردەوامیی بەرگری لە ڕووی ئابوورییەوە مەحاڵ دەکات.” بە هەستکردن بەوەی کە ئێران ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر خۆڕاگر بێت، ئێرانییە ده‌ستڕۆیشتووه‌كان داوای سازش دەکەن.

مەحەمەد جەواد زەریف (Mohammad Javad Zarif)، لە گۆڤاری فۆرین ئەفێرز (Foreign Affairs) لە ٣ی نیسان نووسیویەتی: “بەردەوامیدان بە شەڕکردن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل “ڕەنگە لە ڕووی دەروونییەوە قایلکەر بێت، بەڵام تەنیا دەبێتە هۆی وێرانکاریی زیاتری ژیانی خەڵکی مەدەنی و ژێرخان”، لەنێویاندا “شوێنە ژیارییەکانی دەرمانسازی، وزە و پیشەسازی.” بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی زیاتر، زەریف ئاماژەی بەوە کرد کە کاتی ئەوە هاتووە تاران “پێشنیاری دانانی سنوور بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی و کردنەوەی گەرووی هورمز بکات لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە سەرجەم سزاکان.”

دابەشبوونە ناوخۆیییەکانیش سەر هەڵدەدەن. لە مانگی شوباتدا ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە درزەکانی نێو پەرلەمانی وڵاتەکە لەسەر ئابوورییە لەناوچووەکە دەرکەوتن. بەپێی ڕاپۆرتەکان په‌رله‌مانتارێكی ئێران، نیگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی داهاتی دراوی بیانی لە دەستی “چەند سەد هەناردەکارێکی گەورەدا” دەمێنێتەوە.

حوسێن سەمسامی (Hossein Samsami) کە ئابووریناسێکە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە نێوان ساڵی ٢٠١٨ بۆ شوباتی ئەمساڵ، دراوی بیانی بە بەهای نزیکەی ٨٥ ملیار دۆلار نەگەیشتووەتە گەنجینەی دەوڵەت. سەمسامی دەپرسێ: “ئایا بەرپرسانی جێبەجێکاری وڵاتەکە دەزانن کە ئابووری و گوزەرانی خەڵک لە ئێستادا بەرەو کوێ دەڕوات؟”

سیاسەتەکانی دەوڵەت بوونەتە هۆی “بەرزبوونەوەی لەسەدا ٣٠ بۆ ٥٠ی نزیکەی هەموو کاڵاکان، لە کەرەستەی پاککەرەوە تا دەگاتە بەرهەمە تەندروستییەکان، خواردنەوە جۆراوجۆرەکان، ڕۆنی ماتۆڕ، تایەی ئۆتۆمبێل، ئۆتۆمبێل و، کەرەستەی بیناسازی. ”هەروەها سەمسامی ئاماژەی بەوە کرد کە تێکڕاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە بۆ ئابووریی ئێران لەبار نین، لە ڕاستیدا لەلایەن یاریكه‌رانی بازاڕە بیانییەکانەوە دیاری دەکرێن، لەوانەیش سلێمانی (لە هەرێمی کوردستانی عێراق) و هیرات لە ئەفغانستان. بەپێی ڕاپۆرتەکان گوتوویەتی، تێکڕای ئاڵوگۆڕی دراوی وڵاتەکە “بە شێوەیەکی کردەیی لەلایەن چەند کەسێکەوە لە دەرەوەی سنوورەکانەوە دیاری دەکرێت و، تەواوی دەزگه‌ی حوکمڕانی، خۆی لەگەڵیدا دەگونجێنێت.”

سەرەڕای نەهامەتییەکان، سەنەم وەکیل (Sanam Vakil)، بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە چاتام هاوس (Chatham House) دەڵێت كه‌، به‌دوور ده‌بینرێت ڕژێمەکە بە لۆژیکی ئابووری بجووڵێتەوە. سەنەم گوتی: “ئەمە پەیوەندیی بە بەردەوامیی ئابوورییەوە نییە — بەڵکوو پەیوەندیی بە مانەوەی ڕژێمەکەوە هەیە. لەبەر ئەوەی ڕژێمەکە ئەم جەنگە بە جەنگێکی بوونەکی (وجوودی) دەبینێت، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە جگە لە درێژەدان بە ململانێکان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، کە لە بنەڕەتدا ئاراستەی مانەوەی کۆماری ئیسلامی دەکرێن.” وەکیل ئاماژە بەوە دەکات کە هەر ”دەستکەوتێکی کتوپڕی” کورتخایەن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت یان باجەکان ”بەس نییە بۆ ئەوەی ببێتە هۆی گەشەکردن یان جۆرێک لە وەرچەرخانی گەورە لە ئابووریی ئێراندا.”

جگە لەوەیش، “تێچووی ئابووریی جەنگەکە زۆر گەورەیە، کاتێک سەیری ئەو هەوڵی ئاوەدانکردنەوەیە دەکەیت کە پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکرێت. بێ گومان، تێچوویەکی گەورە و پووکانەوەیەک لە بەرهەمی ناوخۆییی گشتیی ئێراندا دەبێت.” هەروەها جەنگەکە چەندە درێژە بکێشێت، به‌دوور ده‌بینرێت ئێرانییەکان کردەوەکانی ڕژێمێک “ببەخشن و لەبیری بکەن” کە لە مانگی کانوونی دووەمدا وەڵامی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی دایەوە کە بەهۆی کێشە ئابوورییەکانەوە سەریان هەڵدابوو، ئەویش لە ڕێگەی کوشتنی هەزاران کەس کە ڕژانە سەر شەقامەکان.

وەکیل لەسەر چۆنێتیی کاریگەریی جەنگەکە لەسەر داڕشتنی هەڵوێستی خەڵک بەرامبەر بە ڕژێمەکە گوتی: “بەڕاستی زۆر زووە بۆ ئەوەی بزانین کاریگەریی ناڕەزایەتییەکان چی دەبێت.” “بەڵام پێم وا نییە كه‌ لەبەر ئەوەی ئێرانییەکان ڕەنگە تووڕە بن لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی ئەم جەنگە لەلایەن ئەمریکاوە، ئەوە کێشە و گلەیییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەسڕێتەوە. ئەو کێشە و گلەیییانە هێشتا بەڕوونی لەوێن.” ئەوەیشی گوت، بۆ ڕژێمەکە “گەورەترین ئاڵنگاری کاتێک دروست دەبێت کە جەنگ کۆتایی دێت، لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە، نۆژەنکردنەوە — ئەگەر تەنانەت بتوانیت بیر لەوە بکەیتەوە — و ئابوورییەوە.”

لە شیکارییەکدا کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن پەیمانگه‌ی شاهانەی خزمەتگوزارییە یەکگرتووەکان (Royal United Services Institute)ی بریتانیا بڵاو کرایەوە، گەورە توێژەر بورجو ئۆزچەلیک (Burcu Ozcelik) هاوڕا بوو لەگەڵ ئەوەی کە “تاقیکردنەوە ڕاستەقینەکە بۆ ئێران دوای جەنگ دێت.” لەم شیکارەدا نووسیویەتی، وێنەی دوای جەنگ لە ئێران، “پێ دەچێت نەک تەنیا بە زیانە سەربازییەکان یان پاراستنی توانا هێرشبەرییەکان دابڕێژرێت، بەڵکوو بە شتێک کە لە کورتخایەندا کەمتر دەبینرێت.” “قەبارەی زیانەکانی ژێرخانی ئابووری، قورساییی سەر بووژانەوەی پیشەسازی و، داهاتووی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە ژینگەی دارایی و بازرگانیی ناوچەیی کە یارمەتیی داوە تا ئێستا گوشارەکان لەخۆ بگرێت.” زیاتریش گوتی: “دەرەنجامە ئابوورییەکانی جەنگەکە، چ ئیفلیجکەر بن یان لەژێر ڕێککەوتنێکی دانوستانکراودا، تا ڕاددەیەک پێچەوانە ببنەوە، ڕەنگە لە خودی قۆناغە سەربازییەکە لێکەوتەی زیاتریان هەبێت.”

هەروەها پێ دەچێت هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دراوسێیەکانی لە کەنداو، دەرەنجامی درێژخایەنی زۆر خراپی بۆ ئابووریی وڵاتەکە هەبێت. هەزاران بازرگان و بزنسی ئێرانی لە ئیماڕاتن و، وەکیل گوتی، “ڕۆڵی ئیماڕات بەتایبەتی، لە دابینکردنی بازاڕێکی زۆر گرنگی دووبارە هەناردەکردنەوە بۆ ئێران بۆ تێپه‌ڕبوون له‌ گه‌مارۆ و سزاكان، بێ گومان وەک خۆی نامێنێت.

ئۆزچەلیک دەڵێت؛ “پێم وایە هیچ گەڕانەوەیەکی خێرا بۆ دۆخی پێشوو (status quo) بۆ ئیماڕات نابێت و، دیسانەوە ئەمە باس لە سروشتی بوونەکیی ئەم جەنگە بۆ ئێران دەکات، کە تێیدا ناچار بوون بەڕاستی پردەکانی دوای خۆیان بڕووخێنن. ”وه‌ك خۆم، پێم وایە زۆر قورس دەبێت بۆیان، كه‌ لەم بژاردە تۆڵەسەندنەوەیە کە بەرامبەر وڵاتانی کەنداو پەیڕەویان کردووە، به‌سه‌لامه‌تی ده‌ربچن.” ئۆزچەلیک هاوڕایە لەسەر ئەوەی “یەکێک لە خێراترین بەربەستەکانی تاران لە دوای جەنگ، بریتی دەبێت لە پێویستیی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.” ئەو گوتیشی، ئەوەی زۆر گرنگە، “ژینگە دارایییەکەیە — کە بەتایبەتی لە ئیماڕات چڕ بووەتەوە — کە هێڵەکانی مانەوەی داراییی ئێرانی، سەرباری سزاکان، ئاسان کردووە.”

پێش جەنگەکە، ئیماڕات ناوەندێکی سەرەکیی بازرگانیی ئێران بوو. لە نیسانی ٢٠٢٤، ئاژانسی ڕۆیتەرز (Reuters)  بڵاوی کردەوە کە لە ساڵی دارایی کە لە ئاداری ٢٠٢٤ کۆتایی دێت، ئێران بڕی ٢٠.٨ ملیار دۆلار کاڵای لە ئیماڕاتەوە هاوردە کردووە؛ بەمەیش دەبێتە سەرچاوەی یەکەمی هاوردەکردنی ئێران. هەروەها ئیماڕات سێیەم گەورەترین وێستگەی هەناردەکردنی ئێران بوو، کە بە بەهای ٦.٦ ملیار دۆلار کاڵای لە دراوسێکەی لە ئەوبەری کەنداوەوە هاوردە کردووە.

ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاكێشیشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ئەنجومەنی کارسازانی ئێرانی لە دوبەی لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا دەڵێت كه‌، ئەرکییەتی “پەیوەندییە ئابووری، که‌لتووری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ئیماڕات بەهێزتر بکات” و “ناوبانگی ئێران باشتر بکات” لە سەرتاسەری ئیماڕاتدا. لە پاش بۆردوومانەکانی ئێران بۆ سەر دوبەی و شارەکانی دیکەی سەرتاسەری کەنداو لە مانگی ڕابردوودا، ئێستا ئەمە زیاتر و زیاتر وەک ئەرکێکی مەحاڵ دەردەکەوێت.

سەرچاوە:

https://www.arabnews.com/node/2640654/middle-east




پرسەنامە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: بۆ کۆچی دوایی نووسەر و لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری کورد مامۆستا قەرەنی قادری، سەرەخۆشی لە خانەوادەی بەڕێزیان و هاوڕێ و هاوکارانی دەکەم. هاوسۆز و هاوخەمیانم.

 




داڕمانی هەژموون و داڕشتنەوەی پەیکەربەندیی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی

ئامادەکردن و توێژینەوە: پێنووس

 

تێگەیشتن لە لۆژیکی ستراتیژیی واشنتۆن، پێویستی بە جیاکردنەوەی نێوان پێویستییە پێکهاتەیییەکانی ستراتیژیی گەورەی ئەمریکا — کە لە نێوان ئیدارەکاندا بەردەوامن — و پەسەندکردنە تاکتیکییە تایبەتەکانی ژینگەی سیاسیی تڕەمپ هەیە. پێویستییە پێکهاتەیییەکە، کە لە دوای “دۆکترینی کارتەر” (Carter Doctrine)ەوە (١٩٨٠) بەردەوامە، ڕێگریکردنە لەوەی هەر هێزێکی هەژموونگەر کۆنترۆڵی ڕەوتی وزەی کەنداوی فارس بکات. توانای ئەتۆمیی ئێران هەم مەترسییەکی ڕاستەوخۆی بڵاوبوونەوە و هەم ڕێگرێکی شاراوە پێک دەهێنێت کە ئازادیی کرداری ئەمریکا لە ناوچەکەدا بۆ هەمیشە سنووردار دەکات. لەناوبردنی ئەو توانایە، بەرژەوەندییەکی پێکهاتەییی ئەمریکایە بەبێ گوێدانە هیچ ئیدارەیەکی تایبەت.

واشنتۆن لەژێر سەرکردایەتیی تڕەمپدا، لۆژیکی “ئەوپەڕی گوشار”ی گۆڕیوە بۆ ستراتیژیی “ئەوپەڕی لەناوبردن و لەکارخستن”. ئامانجی سەرەکی، ڕووخانی ڕژێم نییە بە مانا کلاسیکییەکەی، بەڵکوو داماڵینی تەواوەتیی تواناکانییەتی لە دروستکردنی هەڕەشە. تڕەمپ دەیەوێت بە کەمترین تێچووی هێزی پیادە، سیستەمی بەرگری و ئابووریی تاران دابڕمێنێت. بەڵام لە تەلئەبیب هاوکێشەکە پەیوەستە بە مانەوەی وجوودی. ئیسرائیل ئەم جەنگە وەک دوایین دەرفەت دەبینێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گۆڕەپانە سەربازییانەی کە لە ڕێگەی پرۆکسییەکانی ئێران لە لوبنان، سووریا و عێراق دروست کراون.

لەناوبردنی تەواوەتیی پرۆگرامی ئەتۆمی و تێکشکاندنی توانای دروستکردنی مووشەکی بالیستیک، خاڵی هاوبەشی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا پێک دەهێنن. ئەم دووانە پێیان وایە لاوازکردنی ئێران دەبێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بەرژەوەندیی هاوپەیمانێتییەکی نوێ لە چوارچێوەی پەیماننامەی ئیبراهیم (Abraham Accords).

لەبەرامبەردا، کۆماری ئیسلامی لێکدانەوەکانی لەسەر بنەمای جه‌نگی ناهاوسەنگ یاخود ناهاوتا (Asymmetric warfare) داڕشتووە. تاران پێی وایە -پێ دەچێت بۆچوونەکەیشی ڕاست بێت- کە ئەگەر بتوانێت لەژێر بۆردوومانەکاندا خۆی ڕابگرێت و بمێنێتەوە، دەتوانێت زۆرێک لە ئامانجەکانی بپێکێت. هەر بۆیە تاران تەسلیمبوون وەک بژاردەیەک نابینێت، بەڵکوو هەوڵ دەدات جەنگەکە بکاتە ململانێیەکی درێژخایەنی پڕتێچوو بۆ ئەمریکا بۆ مانەوەی خۆی. بەرژەوەندیی سەرەکیی سوپای پاسداران مانەوەی سیستەمەکەیە، تەنانەت ئەگەر بە نرخی وێرانبوونی تەواوی ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکەیش بێت.

ستراتیژیی ئێران پشت بە سێ کۆڵەکە دەبەستێت:

 ١- داخستن یان تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز بۆ دروستکردنی شۆکێکی قووڵی وزە لە جیهاندا.

 ٢- ئاراستەکردنی هێرشی وێرانکەر بۆ سەر وێستگەکانی نەوت و دامەزراوە و ژێرخانەکانی دارایی و سەربازیی وڵاتانی کەنداو.

٣- بەکارهێنانی میلیشیاکانی عێراق و سووریا بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و حووسییەکان و حزبوڵڵا لەهەمبەر ئیسرائیل. لەم چوارچێوەیەدا ستراتیژیی تاران بەم شێوەیەیە کە دەیەوێت قەیرانەکە ئەوەندە پڕتێچوو و هەرێمایەتی و تەنانەت نێودەوڵەتی و فراوان بکات تاوەکوو وڵاتان و زلهێزەکانی تر ناچار بە دەستێوەردان و ڕاگرتنی جەنگەکە بکات.

لە لایەکی دیکەیشەوە، وڵاتانی عەرەبیی کەنداو لە دۆخێکی هەستیاردان؛ لە لایەکەوە پێشوازی لە لاوازبوونی بنچینەییی ئێران دەکەن، لە لایەکی تریشەوە هەوڵی پاراستنی بێلایەنییەکی ڕواڵەتی دەدەن، چونکە بەرژەوەندییەکانیان لە مسۆگەرکردنی پاراستنی ژێرخانەکانیاندایە.

وڵاتانی ئەوروپی بەنیگەرانییەوە دەڕواننە گۆڕەپانەکە؛ نایانەوێت تێوە گلێن. لێکدانەوەکانیان پێشان دەدات هەر داڕمانێکی دەوڵەت لە ئێران یان عێراق، شەپۆلێکی ملیۆنیی کۆچبەران بەرەو کیشوەرەکەیان بەڕێ دەخات. هاوکات پرسی وزە، دەکرێت ئابوورییەکه‌یان تووشی قەیرانی گەورە بکات.

کاریگەری و لێکەوتە نێودەوڵەتییەکانی جەنگ و دۆخی وڵاتانی عەرەبی

داهاتووی هاوسەنگیی هێز و بەم پێیەیش نەخشەی جیۆپۆلیتیکی لە ناوچەکەدا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە دەبینێت. ئەگەر ئێران بەلاوازی بمێنێتەوە، سعوودیا و ئیسرائیل دەبنە دوو جەمسەری بێڕکابەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە لایەکی دیکەیشەوە دۆخی سیاسی و ئابووریی وڵاتانی عەرەبی پاش جەنگەکە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت. لە ڕووی سیاسییەوە، ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل خێراتر دەبن، چونکە هەڕەشەی ئێران نامێنێت تا وڵاتانی کەنداو پێویستیان بە بەکارهێنانی دۆزی فەڵەستین بێت بۆ هاوسەنگی. هەرچەندە لە ڕووی ئابوورییەوە، وێرانبوونی دامەزراوە نەوتییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم کەشتیوانی لە کەنداو، شۆکێکی کورتخایەنی وزە دروست دەکات کە زیان بە ژێرخانیان دەگەیەنێت؛ بەڵام لە درێژخایەندا، نەبوونی کێبڕکێی نەوتی ئێران بازاڕەکانیان بۆ قۆرخ دەکات. پەیوەندیی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئێرانێکی لاوازکراودا، دەگۆڕێت بۆ سەپاندنی هەژموون بەسەریدا، نەک مامەڵەکردن وەک هێزێکی هاوتا. لەم چوارچێوەیەدا، ئەمریکا هەژموونی تاکجەمسەریی خۆی لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی لێدانی گورزی سەربازییەوە دەسەلمێنێتەوە. بەڵام ڕووسیا بەهۆی لەدەستدانی درۆن و پاڵپشتییەکانی تاران، لە قەیرانی ئۆکراینادا دۆخێکی جیاوازتر لە ڕابردووی دەبێت. بۆیە ئەگەر ئەو هاوکێشەیە یاخود گریمانەیە بێتە دی، ئەوە چین گەورەترین زەرەرمەند دەبێت؛ سەرچاوەی وزە هەرزانەکەی لەدەست دەدات و دەبێت پشت بە وزەی کەنداو ببەستێت کە ڕاستەوخۆ لەژێر کۆنترۆڵی ئەمنیی واشنتۆندایە.

هەر بۆیە بەشێک لە ستراتیژیستەکان ئەم جەنگە بە جەنگی ئەمریکا لە دژی چین دەبینن لە درێژخایەندا نەک جەنگی ئەمریکا و ئێران؛ هەرچەندە داخرانی گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەکان، براوەیەکی ڕوونی هەبوو کە ئەویش تەکنەلۆژیاکانی وزەی نوێبۆوە وەک “خۆر، با و پاترییەکان”ن کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەدەستی چیندان. پێش جەنگیش کێبڕکێی جیهانیی وزە لە نێوان “وڵاتانی نەوتی” (Petrostates) بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا و “وڵاتانی کارەبایی” (Electrostates) بە ناوەندێتیی چین- ئەو وڵاتەی کە زیاتر لە ٧٠٪ی کەرەستەکانی وزەی سەوزی جیهان دابین دەکات- پێناسە دەکرا؛ بەڵام جەنگ جارێکی دیکە ناسکی و له‌رزۆكییی ئابووریی جیهانی لە بەرامبەر شۆکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرخستووە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هەڕەشەی پچڕانی دابینکردنی گاز، مەترسیی سستبوونەوەی ئابووریی جیهانی (Global Recession)ی زیاد کردووە. هەر بۆیە، خواستی بژاردە جێگرەوەکان زیادی کردووە و کۆمپانیا چینییەکان لە بواری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و پاترییشدا، لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی بەهای پشکەکانیان و جەختکردنەوە لەسەر بازاڕە دەرەکییەکان، لەم بارودۆخە سوودمەند دەبن. بەڵام ئەوروپا، سەرەڕای پێویستییان بە وزەی سەوز، لە زیادبوونی وابەستەیی بە چین نیگەرانن. نیگەرانییەکانیشیان سەبارەت بە ئاسایش، کێبڕکێی پیشەسازی و ئەگەری بەکارهێنانی سیاسییانەی ئەم وابەستەیییانەیه‌.

جگە لەمانەیش، خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە چین موگناتیسەکانی ناو “ئینتەرسێپتەر” (Interceptor)ی مووشەکەکانی بەرگریی “ئارۆ” دابین دەکات کە بەرگری لە تەلئەبیب دەکات. لە لایەکی دیکەیشەوە، چین سیسته‌می سەتەلایتی “بایدۆ” (BeiDou) لەناو مووشەکی “فەتاح-٢”دا دابین دەکات کە هێرش دەکاتە سەر تەلئەبیب.

“پەیمانگه‌ی سیاسەتی ستراتیژیی ئۆسترالی”(ASPI)  دوو هەفتە لەمەوبەر پشتڕاستی کردەوە کە مووشەکە بەرگریکارەکانی ئەمریکا، لەوانە پاتریۆت، تاد (THAAD)، ئارۆ و، قۆچەقانی داوود (David’s Sling)، وابەستەی ئەو توخمە دەگمەنە پاڵفتەکراوانەی زەوین (rare earth elements) کە لە چینەوە دێن، بۆ دروستکردنی موگناتیسەکانی “نیۆدیمیۆم” و “ساماریۆم-کۆباڵت” کە سیسته‌می ڕێپیشاندەر ئاراستە دەکەن، وزە بە بزوێنەرەکان دەدەن و کۆنترۆڵی گەڕانکەرەکان (seekers) دەکەن.

هەروەها مووشەکەکانی ئێران، لەوانە “فەتاح-٢”ی هایپەرسۆنیک، “خەیبەرشكێن”، “عیماد” و هەموو درۆنەکانی “شاهید” لەم هێرشانەی ئێستادا، سیگناڵە سەربازییە کۆدکراوەکانی سەتەلایتی “بایدۆ-٣”ی چین بۆ پێکانی ئامانجەکان بەکار دەهێنن و، بە سووتەمەنیی پاڵنەری “پێرکلۆرایتی ئەمۆنیۆم”ی چینی کار دەکەن، هەستەوەر و نیمچەگەیەنەر و بگۆڕی ڤۆڵتەی چینییان تێدایە و، لە ڕێگەی وێنەکانی سەتەلایتی “خەیام”ی ڕووسی و کۆمەڵەسەتەلایتی “جی لین-١”ی چینییەوە ئاراستە دەکرێن.  لەم نێوەندەیشدا، لەپاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، ئیسرائیلیش ئاسایش و ئامانجە جیۆستراتیژییەکانی بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەستەبەر دەکات؛ ئەگەر بۆ هەمیشەییش نەبێت.

سیناریۆکانی جەنگ و ململانێ لەنێوان هەژموون و مانەوەدا

تاوەکوو ئێستا ئیدارەی تڕەمپ لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانیەوە (Operation Epic Fury) دەیەوێت سیستەمی بەرگری و ئابووریی ئێران تێک بشکێنێت و ئامانجە ستراتیژییەکانی بەدی بێنێت. واشنتۆن هیچ ئارەزوویەکی بۆ دووبارە بونیادنانەوە (Nation-Building) لە ئێراندا نییە. ئەمەیش وا دەکات ئێران بکەوێتە ناو قەیرانێکی درێژخایەن. بەردەوامیی جەنگ پەیوەستە بەوەی کە ئایا ئەو شۆکی وزەیەی لە بازاڕەکانی جیهاندا دروست دەبێت، تا چەند وڵاتانی وەکوو چین و ئەوروپا ناچار بە دەستێوەردانی خێرا دەکات.

لەبەرامبەریشدا، ئامانجە ستراتیژییەکانی تاران تەنیا لێدان لە ئاسایشی وزە و ئابووری-دارایی نین، بەڵکوو سیستەمەکانی پاککردنەوەی ئاو لە ئیمارات و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا لە سعوودیا بایەخی ستراتیژییان هەیە. تێکدانی ئەم سیستەمانە لە ژینگەیەکی بیابانیدا، قەیرانێکی مرۆییی خێرا دروست دەکات کە تاران وەک کارت دژ بە پایتەختە عەرەبییەکان بەکاری دەهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە چوونەناو جه‌نگەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بکات.

پێ دەچێت سیناریۆی ئێستای ئەمریکا بریتی بێت لە دەستبەسەرداگرتن یاخود سەپاندنی گەمارۆیەکی دەریایی توند و کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی و ئاوی بۆ ڕێگریکردن لە هەر جووڵەیەکی سەربازیی تاران. بۆ نموونە نزیکەی نیوەی داهاتی حکوومەتی ئێران لە نەوت و گاز دابین دەکرێت و گەمارۆدان یاخود لەدەستدانی “دوورگەی خارگ”، دەکرێت گورزێکی جددی لەم سەرچاوە دارایییە بوەشێنێت. هەرچەندە نزیکایەتیی خارگ لە خاکی سەرەکیی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی هێزە جێگیرکراوەکان تێیدا بکەونە بەر هێرشی درۆنی و مووشەکی. هەروەها دابینکردنی پێداویستیی هێزەکان لەم دوورگەیەدا، بە لەبەرچاوگرتنی دووریی بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرێن، کوێت و قەتەر و نائەمنیی ڕێڕەوە دەریایییەکان، بە پڕ لە ئاڵنگاری دادەنرێت و ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی دەتوانن بە مینڕێژکردن یان هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، ئەم ڕێڕەوانە بکەنە ئامانج و تەنانەت لەوانەیە ئێران لە وەڵامدا، ژێرخانەکانی نەوت و گاز لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج؛ کە ئەمەیش دەکرێت نرخی وزە زیاتر بەرز بکاتەوە.

بەڵام بژاردەی “ئابڵووقەی دەریایی” (Naval Blockade) بۆ ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران وەک سیناریۆیەکی جێگرەوە کاری لەسەر کراوە کە ڕەنگە لە بەراورد لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی ڕاستەوخۆی دوورگەکاندا، مەترسیی کەمتری هەبێت. بەم پێیەیش، ئەمریکا بە شێوەیەکی سیسته‌ماتیک لە ژێرخانی وزە، پەیوەندییەکان و تۆڕەکانی سوپای پاسداران دەدات بۆ ئیفلیجکردنی توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت. لانی کەم لە ئێستادا، ئەوروپییەکان نایەنە ناو جەنگی ڕاستەوخۆوە، چونکە ترسیان لە قەیرانی وزە و شەپۆلی کۆچبەران هەیە. بەشداریی ئەوان تەنیا لە پێشکەشکردنی زانیاریی هەواڵگری و پاراستنی ڕێڕەوە دەریایییەکاندا سنووردار دەبێت.

ئیسرائیل تەنیا یەک ئامانجی هەیە: سڕینەوەی هەڕەشەی ئێران و پرۆکسییەکانی بۆ هەمیشە و خاپوورکردنی ژێرخانی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران، چونکە ئێران توانای بەرگەگرتنی درێژخایەنی نییە؛ سزاکانی پێشوو ستراکچەر و بونیادی ئابوورییەکەیان پووکاندووەتەوە و گورزە سەربازییەکان و لێدان لە سەرکردە و فەرماندەکانیش توانای مانەوەی ڕێکخراوەیی لە سیستەمەکە دەستێننەوە.

هەرچەندە ئێران هێشتا ژمارەیەکی زۆر مووشەکی لەبەردەستدایە و کەمبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکان زیاتر لە کەمبوونەوەی ڕێژەی تەقاندنەوە سەرچاوەی گرتووە، نەک لەناوبردنی تەواوی ئەم توانمەندییانە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاراستنی ئەم توانایە، بەکارهێنانی بەرفراوانی تۆڕە ژێرزەوییەکانی تونێل و ئەشکەوتەکانە لەلایەن ئێرانەوە بۆ شاردنەوەی کەرەستە سەربازییەکان؛ ژێرخانێک کە لە ماوەی چەندان ساڵدا بۆ بارودۆخێکی لەو شێوەیە دیزاین کراوە و ناسینەوە و به‌ئامانجگرتنی ئەستەم دەکات. هەروەها بەکارهێنانی سەکۆ گەڕۆکەکانی هەڵدانی مووشەک، شوێنپێهەڵگرتنی ئەم سیستەمانەی ئاڵۆزتر کردووە.

توانای بەرگریی ئاسمانیی ئێران ناکاریگەر کراوە، بەڵام هێشتا بەشێک لە توانای سەربازیی ئێران، لەوانە تۆڕی هێزە بریکارەکان، درۆنەکان و توانای هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی، ماونەتەوە و بۆ لەناوبردنی تەواوی ئەوانە پێویستی بە هەنگاوی زیاتر دەبێت؛ بۆ نموونە، هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی هێشتا بەشێکی بەرچاوی توانای خۆی پاراستووە و سەدان یان تەنانەت هەزاران بەلەمی خێرا و بێسەرنشینی (unmanned surface vessels) لەبەردەستدایە؛ ئامرازگه‌لێك کە بۆ دروستکردنی پەککەوتن لە هاتوچۆی دەریاییدا چەکی بەهێزن. لەبەرامبەریشدا، دراوی ئێرانی لەپاش جەنگ بەتەواوی بەهاکەی لەدەست دەدات و ئابوورییه‌كه‌ی پەکی دەکەوێت؛ کۆنترۆڵی ناوخۆیی و ناڕەزایەتییەکان ئەستەمتر و ئێران ڕەوایەتیی سیستەمەکەی، زیاتر لە ڕابردوو کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە و، مەترسیی سەرهەڵدانی بزووتنەوە نەتەوەیییەکان و چەکداربوونی پێکهاتە ناڕازییه‌کان بەهێزتر دەبێت.

ستراتیژیی ئیسرائیل و داڕشتنەوەی پەیکەربەندیی ئەمنیی ناوچەکە

لاوازبوون یاخود داڕمانی سیستەمی سیاسیی تاران بۆشایییەکی جیۆپۆلیتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێ دەهێڵێت. ناوچەکە پاش جەنگەکە پێ دەنێتە ناو قۆناغێکی نوێی ململانێ لەسەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە. تورکیا و سعوودیا دەکەونە کێبڕکێیەکی توندەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی پاشماوەی وڵاتانی عێراق و سووریا. ئیسرائیلیش باڵادەستیی سەربازیی ڕەهای خۆی دەسەپێنێت.

ئیسرائیل تێڕوانینی خۆی بۆ ململانێکان گۆڕیوە. لە قۆناغی جه‌نگی پرۆکسییەکان و پەلاماردانی سنووردارەوە، پێی ناوەتە ناو ستراتیژیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەتدا. پاش ئەو پێکدادانە سەختانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە “جەنگی دوانزە ڕۆژە” ناسرا، تەلئەبیب گەیشتە ئەو باوەڕەی کە مانەوەی ستراتیژیی خۆی، تەنیا بە خاپوورکردنی یەکجاره‌كیی دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران مسۆگەر دەبێت. ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل لاوازکردنی سوپای پاسداران و بێبەشکردنیەتی لە سەرچاوە دارایی و سەربازییەکان، بەو هیوایەی ئەم گوشارە ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم (Regime Change) یان لانی کەم شکانێکی گەورە لە ناوخۆی دەسەڵاتی تاران.

لە لایەکی ترەوە، وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت سعوودیا و ئیمارات، لەبەردەم هاوکێشەیەکی پڕمەترسیدان. تێکشکانی هەژموونی ئێران ڕێگە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیا و ئیسرائیل خۆش دەکات، بەبێ ئەوەی چیتر مەترسیی تۆڵەسەندنەوەی تارانیان لەسەر بێت. پێگەی ئەمریکا وەک تاکە پارێزەری ئاسایشی کەنداو بەهێزتر دەبێت، بەڵام مەترسییە گەورەکە لە کورتخایەندایە؛ ئێرانێکی بێهیوا کە لەژێر پەلاماری بەردەوامدایە، ئەگەری زۆرە پەنا بباتە بەر لێدان لە وێستگە نەوتییەکانی سعوودیا و ئیمارات بۆ ئەوەی قەیرانەکە بکاتە قەیرانێکی جیهانی. لە کاتێکدا دەستەبژێری سیاسی لەم وڵاتانە پێشوازی لە داڕمانی توانای مووشەکی و تەنانەت ئەتۆمیی ئێران دەکەن، بەڵام نادڵنیان لەهەمبەر گۆڕینی سیستەم و پشێوی و جەنگی ناوخۆ لە ئێران. هەروەها دڵەڕاوکێی سیاسی و ئاسایشییان لە باڵادەستیی ڕەهای ئیسرائیل و تەنانەت تورکیا هەیە.

هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکان

سەڕەرای مەترسییەکان بۆ تورکیا، ئەنقەرە ئەم جەنگە وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی نفووزی خۆی دەقۆزێتەوە. بە لاوازبوونی ڕەهای ئێران و پاشەکشەی میلیشیاکانی لە عێراق و سووریا، بۆشایییەکی ئەمنیی گەورە دروست دەبێت. تورکیا ڕاستەوخۆ ئه‌م بۆشایییه‌ پڕ دەکاتەوە، بەڵام  چه‌ند كێشه‌یه‌كی هه‌یه‌: گرفت و بەربەست و کێشەی گەورەی لەگەڵ ئیسرائیل و داهاتووی پرسی کورد لە ناوخۆ و لە ئێران هه‌یه‌ و، هەروەها نیگه‌رانه‌ له‌ دوودڵیی وڵاتە عەرەبەکان لە هەڵکشانی هەژموون و نفووزی خۆی.

لە ئاستی ململانێی نەزمی نێودەوڵەتی و سیستەمیدا، هەر یەک لە چین و ڕووسیا بە شێوەیەکی پراگماتیک خەریکی دووبارە داڕشتنەوەی پێگەی خۆیانن لەم هاوکێشە جیۆسیاسییانەدا. “پەکین” ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی ستراتیژی بووەتەوە: لە لایەکەوە دەیەوێت ئەمریکا لە زەڵكاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێز و چەکی خۆی بەتاڵ بکاتەوە، لە لایەکی تریشەوە ئابوورییەکەی بەتوندی پابەندە بە وزەی هەرزانی ئێران و کەنداو و سەدان ملیار وەبەهێنان و گرێبەست لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان.

مۆسکۆ گەورەترین سوودمەندی کورتخایەنی ئەم جەنگەیە. جگە لە قازانجە ئابوورییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی وزە بۆ ڕووسیا، هەروەها ئەم جەنگە وای کردووە سەرنجی لۆجستیی ئەمریکا و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت بەتەواوی لە بەرەی ئۆکرایناوە ڕاکێشراونەتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. مۆسکۆ بە شێوەیەکی شاراوە زانیاریی هەواڵگریی مانگدەستکردەکان و تەکنۆلۆژیای دژەتەگەرەی ئەلیکترۆنی دەداتە تاران. ئامانجی ڕووسیا سەرخستنی ئێران نییە، بەڵکوو خوێنبەربوونی ئەمریکایە لە جەنگێکی تاقەتپرووکێن و درێژخایەندا تاوەکوو هەژموونی ڕووسیا لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات جێگیر ببێت و لێکترازانی زیاتر لەنێوان وڵاتانی ئەوروپی-ناتۆ لەگەڵ ئەمریکا دروست بکات.

خۆڕاگری، سەپاندنی تێچووی زۆر و، گواستنەوەی چەقی ململانێکە بۆ دەرەوە  لەپاڵ داخستنی گەرووی هورمز و لێکترازانی دیپلۆماسی لە هاوپەیمانێتییەکانی ئەمریکادا، کاریگەرترین چەکی ئێرانن، نەک مووشەکەکانی.

  ڕاستییه‌كه‌ی، جەنگی ئێران دەکرێت ببێتە قەیرانێک لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دیوی ئەتڵەسی (Transatlantic Relations)  و تەنانەت هەڕەشە لە “پەیمانی ناتۆ” بکات؛ چونکە ڕەتکردنەوەی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی بۆ هاوکاریکردنی ئەمریکا لەم جەنگەدا و هەڕەشەی دۆناڵد تڕەمپ بۆ کشانەوە لە ناتۆ، ئەم پرسەی ورووژاندووە کە ئایا ئەم هاوپەیمانێتییە ڕووبەڕووی درزێکی جددی بووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەوروپا لە ڕووی سەربازییەوە بەتوندی وابەستەی ئەمریکایە و وەبەرهێنانی ناتەواو لە کەرتی بەرگریدا، توانای سەربەخۆی ئەم کیشوەرەی سنووردار کردووە. لاوازکردنی ناتۆ لە بارودۆخی ئێستادا، دەکرێت لێکەوتەی بەرفراوانی بۆ ئاسایشی ئەوروپا و “نەزمی نێودەوڵەتی” (International Order) هەبێت و ئەم دۆخە بە نیشانەیەک لە “لاوازیی ستراتیژی” (Strategic Weakness) دادەنرێت کە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا و چین و ئێران و کۆریای باکوردایە.

لە لایەکی دیکەیشەوە،  ئەمریکا بڕێکی زۆر لەو تەقەمەنییانەی بەکار هێناوە کە قەرەبووکردنەوەیان قورسە، وەک: مووشەکی تۆماهۆک (Tomahawk) و سیستەمی بەرگریی پاتریۆت (Patriot)؛ ئەمەیش وای کردووە بەرەکانی دیکە -لە ئەوروپا و ئاسیا- بکەونە مەترسییەوە.

ئاراستە و لێکەوتەکانی جەنگ لەسەر عێراق

عێراق و هەرێمی کوردستان ناتوانن خۆیان لە لێکەوتە و کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە بپارێزن. عێراق نزیکەی ٪٩٠ی داهاتەکەی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت. داخستنی گەرووی هورمز یان پەککەوتنی جووڵەی کەشتیوانی، ئابووریی عێراق دەخاتە سەر لێواری ئیفلیجبوون. یەدەگی دراوی قورسی عێراق تەنیا دەتوانێت بۆ چەند مانگێکی کەم مووچەی فەرمانبەران دابین بکات. دراوی عێراقی لە بەرامبەر دۆلاردا بەخێرایی بەهاکەی لەدەست دەدات و هەڵاوسانێکی گەورە باڵ بەسەر بازاڕەکاندا دەکێشێت. ئەگەر داهاتی نەوت بوەستێت، ململانێی نێوان کوتلە سیاسییەکان لە بەغدا لەسەر سەرچاوە کەمەکانی داهات توندتر دەبێت و مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی لێ دەکرێت.

 بۆ هەرێمی کوردستان، دۆخەکە لە ڕووی ئەمنییەوە مەترسیدارە. لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە، هەولێر بووەتە ئامانجی سەدان هێرشی درۆنی و مووشەکی لەلایەن ئێران و میلیشیا نزیکەکانیەوە. ئامانجی ئەم پەلامارانە دروستکردنی گوشارە لەسەر ئەمریکا، کە بنکەکانی لە هەرێم جێگیر کردووە و، هەروەها هەستکردن بە مەترسییە لە چوونەپاڵ ئەمریکا لەلایەن حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ساڵی ١٩٩١ی عێراق و دروستبوونی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمیی دیفاکتۆ لە ئێران. هەر بۆیە هێزە کوردستانییەکان سیاسەتی بێلایەنیی تەواوەتییان پەیڕەو کردووە بۆ ئەوەی نەکرێنە بەشێک لە جەنگ؛ بەڵام پێ ناچێت ڕۆڵ، ناسنامە، پێگە و جوگرافیا و، هەروەها هاوکێشەکانی عێراق دەرفەتی ئەم خۆپاراستنەیان تا کۆتایی پێ بدات.

لەم چوارچێوەیەدا، سیستەمی سیاسیی عێراق لە ئەگەری لاوازبوونی ڕەهای ئێراندا ڕووبەڕووی لێکهەڵوەشانێکی خێرا دەبێتەوە. ئەو بۆشایییە هێزەی بەهۆی پچڕانی پاڵپشتییەکانی سوپای پاسدارانەوە دروست دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جه‌نگێکی ناوخۆی سەخت لە نێوان کوتلە شیعەکاندا لەسەر کۆنترۆڵکردنی بەغدا و سەرچاوە دارایییەکان. هەروەها میلیشیاکان سەرکردایەتییەکی ناوەندییان نامێنێت و بەرەو پەرتبوون دەچن. لەم نێوەندەیشدا هێزە سوننەکان هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی نفووز و گێڕانەوەی ناوچە لەدەستچووەکانیان دەدەن. لەم هاوکێشەیەدا، هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشە و دەرفەتی گەورەدایە؛ لە لایەکەوە، کەمبوونەوەی گوشاری میلیشیاکان و ئێران پێگەی سیاسی و ئابووری و ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستان لە عێراق بەهێزتر دەکات. لە لایەکی تریشەوە، مەترسیی پەلاماردانی بەردەوامی ژێرخانەکان لەلایەن هێزە پرۆکسییەکانەوە.

کۆبەند: بەچەککردنی جوگرافیا 

لەگەڵ داڕمانی خێرای تواناکانی هێرشبەرانە و بەرگریی سوپای پاسداران، سیستەمی فەرمانڕەوایی لە تاران خەریکە دەگاتە خاڵی بێگەڕانەوە (Point of No Return). ئەگەرێکی مەترسیدار ئەوەیە کە وێرانبوونی دامەزراوە سەربازییە سەرەکییەکان وا بکات کە کۆماری ئیسلامی هەست بکات مەرگی سیاسی و پێکهاتەیییەکەی حەتمییە، هەوڵی کتوپڕ بدات بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی سەربازی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی ئەتۆمیی خێرا. ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ دروستکردنی چەک نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی قەڵغانێکی دەروونی کە واشنتۆن و تەلئەبیب ناچار بە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکانیان بکات. گەیشتن بەم لێوارە، سروشتی جەنگەکە لە ململانێیەکی هەرێمییەوە دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی نێودەوڵەتی کە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ناتەقلیدیی لێ دەکرێت.

لە ڕەهەندێکی ترەوە، ئێران لۆژیکی “بەچەککردنی دیمۆگرافیا” (Weaponizing Geography) بەکار دێنێت یاخود دەخاتە گەڕ. بە درککردن بەوەی کە زۆربەی جیهان پێویستی بە بەکارهێنانی ووزە و ئالوگۆڕی بازرگانی  و کەرەستەی خاو و بەرهەمەکانی هەیە، ئێران هەڵکەوتە جوگرافیاییەکەی لەسەر گەرووی هۆرمز وەکو چەکێکی کاریگەر کە هەندە جار بە هاوتای چەکی ئەتۆمی ئێران دەناسرێت بەکارهێنا. بەڵام لەدرێژمەودادا  گواستنەوەی ڕێرەوەکانی وزە و کۆریدۆرەکانی گواستنەوەی کاڵا لە دەرەوەی گەرووی هورمز و بەتایبەتی لە ڕێگەی سعوودیا- ئۆردن-سووریا-تورکیا-ئیسرائیل و دەریای سپیی ناوەڕاست، وا دەکات کۆی هاوکێشە جیۆستراتیژی و جیۆئێکۆنۆمی و جیۆپۆلیتیکییەکان و بەم پێیەیش پەیکەربەندیی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی لە ناوچەکەدا بۆ هەمیشە بگۆڕێت.

پەیکەربەندیی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ئەم قەیرانە، هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش نیسانی ٢٠٢٦. هەرێمی کوردستان لەناو ئەم گێژاوەدا ڕووبەڕووی مەترسیی دووانەیی دەبێتەوە. لە نەبوونی دەوڵەتێکی مەرکەزیی بەهێز لە بەغدا، ئەگەری سەرهەڵدان و بەهێزبوونی سوننەی توندڕەو هاوکێشەی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئاسایشی و تەنانەت جیۆسیاسییەوە دەخوڵقێنێت و دروستبوونی دەوڵەتەکی ناوەندیش بە واتای دوورکەوتنەوە لە بنەماکانی فیدراڵیی عێراق-سازان، هاوبەشی و هاوسەنگی- دەبێت.

بەکورتی و لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین، لەرووی جیۆپۆلیتیکییەوە، ئەم جەنگ و دانووستانە وادەکات کە نەخشەی جیۆپۆلیتیکی و جیۆئێکۆنۆمی ناوچەکە و پێگەی جیۆستراتیژی وڵاتان بە تەواوی بگۆڕدرێت، چونکە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت قورسایی گەمارۆی گەرووی هورمز پێچەوانە بکەنەوە و بیخەنە سەر چین و هەروەها ئەوروپییەکان-ناتۆ و لەبەرامبەریشدا وڵاتانی کەنداو لەرێگەی وشکایی و بەتایبەتی ئیسرائیلەوە و هەروەها دەریای سوور رێرەوی وزە بگۆرن و گەرووی هورمز لە گرنگی بخەن و لەم رێگەشەوە مەترسییەکانی ئێران زۆر لاواز دەبێت و ئیسرائیل و ئەمریکا لەهەمبەر چین و تەنانەت ئەوروپا بەهێز دەبن و دەتوانن ئاسایشی ووزەی ئەوروپا و چین بخەنە ژێر هەژموونی خۆیان. هەروەها ئەم جەنگە-ئەگەر بە سەرکەوتنی ئەمریکا کۆتایی پێبێت- بە شێوەیەکی بەرچاو لانیکەم لەرووی سەربازی و سیاسی و ئاسایشی، وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبیی کەنداو لە بەرەی ئێران و رووسیا و چین دوور دەخاتەوە و زیاتر لە ئەمریکا و ئیسرائیل نزیک دەبنەوە و تەنانەت پەیمانی ئیبراهیم دەبێتە هاوپەیمانێتییەکی بەهێز لە ناوچەکەدا. هەروەها پاش ئەم جەنگە مەترسییەکانی سەر تورکیا لەلایەن ئیسرائیلەوە بەهێزتر دەبێت. هەر بۆیە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکان چریی هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوەکانی سەربازی و ژێرخانییەکان و سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی کەم کردەوە و هاوکات ئاگربەستیش هاتە ئاراوە.

جگە لە نارەزایەتی لەهەمبەر درێژەکێشانی جەنگ و ترسی ناوەندە سیاسییەکان لە تێوەگکلانی هێزەکانی وشکایی سوپای ئەمریکا لە ئێران هاوشێوەی ئەفغانستان و عێراق و لەلایەکی دیکەشەوە بەرزبوونەوەی تێچووی مرۆیی و مادی جەنگ، و زیاتربوونی گوشارە ناوخۆییەکانی ئەمریکا بۆسەر دۆناڵد ترەمپ و هەروەها پرسی ناسەقامگیریی بازارە داراییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی ووزە، بەڵام پێدەچێت و وادیارە ویلایەتە یەکگرتووەکان مەبەستی بووە پەیامێک بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای کۆماری ئیسلامی بنێرێت کە خوازیاری سازش (Compromise) و کۆتاییهێنان بە جەنگە.

 راستییەکەی، ئەم گۆڕانکارییە لەپڕەی شێوازیکار (Change of approach) زیاتر پەیوەندیی بە نیگەرانییەکانەوە هەیە سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێنراو (Enriched uranium) و مەترسیی کۆنترۆڵی لەلایەن هێزە توندڕەو و میلیشیاکانەوە. لە ڕووی ئۆپەراسیۆنییەوە، دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆم بە ئۆپەراسیۆنێکی پڕمەترسی (High-risk) دادەنرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە سەرنجی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر رووخانی ڕژێم لەم ماددانە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و سازشەوە چڕ بووەتەوە. لەم ڕووەوە، بەپێی لێدوانە دژبەیەکەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا، نییەتی ترەمپ هەرگیز گەڕاندنەوەی ڕەوتی بازرگانی و ووزە بەشێوازی رابردوو نییە بۆ گەرووی هورمز (Strait of Hormuz). بەڵکوو ئەو دەیەوێت لە ڕێگەی داواکارییە بەردەوامەکانییەوە سەبارەت بە گەرووی هورمز، ئەو گوتار و وێنایە دروست بکات کە داخرانی گەرووەکە چەکێکی وێرانکەر و هەمیشەیی دەبێت لە دەستی ئێران؛ لە کاتێکدا کە لە درێژخایەندا ناتوانێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت.




کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا لەسەر داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران

ئەوەى کە دەبێ بگوترێ: ئايا جەنگە ڕاستەقینەکە هەڵگیرساوە؟

ئەمە پرسیارێکی سەیرە: ئایا دواى 39 ڕۆژ لە جه‌نگ، دەکرێ ئەو پرسیارە بکەینەوە؟ یان دەشێ بوترێ: ئایا جه‌نگ لە قۆناغی کۆتاییدایە؟ لە لایەکی تریشەوە پرسیارێکی گەلێک عەنتیکەیە، تایبەت دواى ڕاگەیاندنى جه‌نگ و دەستپێکردنى دانوستان… بەڵام دەکرێ تەنیا یەک پرسیار لەو بارەیەوە بکەین: ئایا دانوستانێک لەنێوان دوو لایەندا بەرەنجامی دەبێت، کە هەردووکیان خۆیان بە براوە و سەرکەوتوو بناسێنن و ئەوەیش بدرکێنن کە لە هەمان کاتدا تەواوى ئامانجەکانیان بەدی نەهێناوە؟ کەواتە: وەڵامەکە “نەخێر”ە. تا ئێستا ئەو جەنگەى کە دەبێ یەکێک لەو دوو بکەرە سیاسییە بدۆڕێ لە گۆڕەپانی جەنگ و، بۆڕ بدرێ بە پێوەرەکانى جەنگ، ڕووی نەداوە؛ ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ هزرى سیاسیی ستراتیژیى دەوڵەتداریى هەردوو لا و ئاستى هەڵکشانی جەنگ.

تا هەنووکە هەردووکیان خوازیارى ڕێکكەوتنن، بەڵام هەر یەکەو بە مەرج و ئەجێنداى خۆى. ئێران مەبەستیەتى لەگەڵ ئەمریکا ڕێک بکەوێ و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەرچاو بگرێ، تەنانەت بیشیانپارێزێ، بەڵام بەو مەرجەى سیسته‌مە سیاسییەکەى بمێنێتەوە و تایبەتمەندیی خۆى لەدەست نەدا- ئەوان بەرەنگار دەبنەوە تا بمێننەوە. ئەمریکا و ئیسرائیل مەبەستىان نەمانى ڕژێمی کۆمارى ئیسلامی نییە، بەڵکوو مەبەستەکە لاوازکردنى و خستنەژێر هەژموونى ئیسرائیلە و، دەبێت لە خولگەى ستراتیژییەتى ئەمریکادا کار بکات؛ ئیدی کێ حوکم دەکات گرفت نییە.

پێوەرەکانى هەڵگیرسانی جەنگى فراوانی نێوان ئەمریکا و ئێران چین؟

 هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەگەنە حاڵەتى بنبەست و هیوایەک بۆ ڕێکكەوتن نامێنێتەوە. کەوتنەوەى خەسارەتێکى گەورەیە، به‌تایبەت لە ئەمریکا. سیسته‌مى هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست تا هەنووکە دووچارى ئیفلیجبوونى تەواو نەبووە. تێوەگلانی گشتى ڕووی نەداوە، به‌تایبەت دەوڵەتانى کەنداو و تورکیا. کاریگەریى زۆر خراپی لەسەر ئاستى ئابوورى و وزەى جیهان، جارێ هەر لە سەرەتایدایە. ئەمریکا هیچ نیازێکی بە گۆڕینی سیسته‌مى سیاسیی ئێران نییە. هەردوو لا خوازیارى وەستاندنى جەنگەکەن، بەڵام ئەو حاڵەتە دەبێت لەگەڵ بەدیهێنانى ئامانجەکان هاوتەریب بێت. ئەمە بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە، چونکە کاریگەریى زۆر نەرێنیی لەسەر پێگەى ئەمریکا لە ناوچەکە و جیهان دەبێت؛ تەنانەت دوور نییە سیسته‌مى جیهانى لە تاکجەمسەرییەوە بۆ فرەجەمسەری بگوازێتەوە؛ به‌تایبەت ئەو بژاردەیە زۆرتر دێـتە پێش کاتێک ئەمریکا لە ناتۆ بکشێتەوە. بەڵام ئەم بژاردەیە ئەوەندە ئاسان نییە کە ڕۆژاوا بەرهەمی زیاتر لە 77 ساڵی تەمەنى سەربازی و ستراتیژیى خۆى بخاتە چنگ چین و ڕووسیاوە، کە بەدوایدا هەژموونى بلۆکی ڕۆژاوا هەرەس پێ دێنێت. هەر بۆیە دەشێ بۆ ئەم قۆناغە مەحاڵ بێت، چونکە ئەمریکا لەو بارەیەوە دوو گرفتى سەرەکیی هەیە: بەپێی ماددەى 13 لە په‌یمانی ناتۆ، دواى یەک ساڵ لە پێشکەشکردنى داواکارى، دەتوانێت لە ئەندامێتیی ناتۆ بکشێتەوە. لەسەر ئاستى ئەمریکاش ئەو کشانەوەیە پێویستى بە دوو لەسەر سێی ڕەزامەندیى ئەندامانى کۆنگرێس هەیە؛ کە ئەمەیش لەگەڵ هەڵوێست و پێگەى ئێستاى ئەمریکا یەک ناگرێتەوە.

دەکرێ بپرسین: ئایا هێڵە سوورەکانى بەرەو جەنگى فراوان بەزێنراون؟

لەگەڵ ئەوەیشدا زۆربەى هێڵە سوورەکانى ئەمریکا و ئێران لەلایەن یەکدییەوە بەزێنراون؛ لاى ئەمریکا: ملدانى ئێران بە تەسلیمبوون بە داواکارییەکانى، زەرەرلێکەوتنى زۆر لە ئەمریکا، داخستنى دەروازەکانى هاتوچۆى وزە و ئابووریى جیهان، لێدانی هاوپەیمانەکانى. ئەمانەیش زۆربەیان پێشێل کراون، بەڵام لە بەرانبەر تەسلیمبوونى ئێراندا چارەسەر دەبن. ئەو هێڵە سوورانەى کە لەلایەن ئێرانەوە کێشرابوون، ئەوانیش لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێشێل کراون، وەک: لێدانی فراوانی ڕاستەوخۆ لە ئێران، هەوڵ بۆ گۆڕینی سیسته‌مە سیاسییەکەى، گەمارۆیەکی خنکێنەرى ئابوورى و لێدان لە ژێرخانى وڵات و هتد. کەواتە تەواوى هێڵە سوورەکان بەلاى ئێرانەوە پێشێل کراون؛ ئەوەى ماوەتەوە تەنیا گۆڕینی سیسته‌مى سیاسییە. ئەوەیش تاکە خاڵی بەهێزى ئێرانە، کە تا هەنووکە ئەمریکا هیچ ئەلتەرناتیڤێکی بۆ دەسەڵاتى سیاسیی ئێران نییە؛ هەر ئەوەیشە تووشی شۆکی کردووە.

باس لە سیناریۆکانى جەنگ دواى چل ڕۆژ کارێکی ئاسان نییە، چونکە هاوکێشە و ڕایەڵەکان زۆر تێکەڵاو بوون و ڕەهەندەکان و کاریگەریشیان لە سنوورى ئاسایییان ترازاون. بێجگە لە خەمڵاندنى تراژیدییانە بۆ ئاسەوارەکانى قەیرانەکە، هیچی دی لە ئارادا نییە؛ ئەوەندە نەبێ، کە لەلایەن ئێرانەوە جەنگى مانەوەیە و لەلایەن ئەمریکاشەوە هەژموون و ئابڕوو و پێگەیەتى لەسەر ئاستى جیهان و ڕکابەرى لە بەرانبەر چین و ڕووسیا. بەڵام ئەوەى کە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ زیاتر دەکات، سێ ڕەهەندی سەرەکییە: هەڵکشانی کۆمەکییەکانى ڕووسیا و چین بۆ ئێران، لەگەڵ هاتنەناوەوەى دەوڵەتانى کەنداو و تورکیا، دواتریش کەوتنەوەى قەیرانی ئابووریى دژوار لەسەر ئاستى جیهان. دوو ڕەهەندی یەکەم و دووەم، جەنگى فراوان و دژوار و دوورمەودا و مانەوەى سیسته‌می سیاسی دەگەیەنن لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

دەبێت چۆن باس لە سیناریۆکانى جەنگ بکەین؟

دواى چل ڕۆژ لە گرژییەکان، ناکرێ باس لە سیناریۆکان بکەین لەسەر هەردوو ئاستى ئێرانی و ئەمریکا؛ لەو مەودایە ترازاوە، به‌تایبەت کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان لە گۆڕەپانی جەنگ بەتەنیا بینییەوە و بەناڕاستەوخۆیش ڕووسیا و چین دەستیان بە ئێرانەوە گرتووە تا لە بەرگرى بەردەوام بێت و دەسەڵاتە سیاسییەکەى نەکەوێت. لەو بارەیەوە دەکرێ لەسەر ئاستى چەند لایەنێک باس لە تێڕوانینیان بکەین بۆ جەنگەکە:

لاى ئەمریکا سیناریۆکانى جەنگ پوخت دەبنەوە لەمانە: تا هەنووکە ئێران تەسلیم نەبووە و بەرگرى بۆ مانەوە دەکات، لاى ئەمریکاش هیچ ئەلتەرناتیڤێکى کەمگرفت بۆ دەسەڵاتى سیاسیی ئێران لەبەردەستدا نییە. هەر بۆیە بۆچوونەکان ئەوەندەى باس لە هەڵکشان دەکەن، هێورکردنەوە ناگرنە خۆیان. هەرچی کراوە، دەبێت جەنگ لە بەرژەوەندیى ئەمریکا و ئیسرائیل کۆتاییی پێ بێت و ئەوەیش گەمەیەکی سفرییە بەلایانەوە دەرهەق بە ئێران. دەبێت ئێرانێک لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بمێنێـتەوە کە هاوبەشی ستراتیژیی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت.

سیناریۆى هەڵکشانی جەنگ لە ماوەیەکی کەمدا لە بەرژوەندیى ئەمریکایە، بەڵام ڕووسیا و چین لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەکى بۆ ئێران، بوار بە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە مەودایەکی نزیکدا نادەن. تەنانەت لە ئەنجومەنى ئاسایش دەنگیان بە پڕۆژەیاساى کردنەوەى گەرووى هورمزدا، چونکە کردنەوەى گەرووى هورمز بە بڕیارێکی نێودەوڵەتى، دوو ڕەهەندى تێدایە: بەنێودەوڵەتیکردنى دۆسیەکە، کە لە بەرژەوەندیى ئەمریکایە، دواتریش لاوازکردنى ئێران لە گۆڕەپانی جەنگدا و لێسەندنەوەى کارتە بەهێزەکەى ئێرانە بۆ گوشار.

سیناریۆى دووەم بۆ ئەمریکا: هێورکردنەوەى قۆناغبەندییە. ئەمەیش بەنێودەوڵەتیکردنى دۆسیەکەیە و، دەبێت هاتنەناوەوەى نەتەوە یەکگرتووەکانى بەدوادا بێت و بڕیارى تایبەت لە ئەنجومەنى ئاسایشەوە بۆ قەیرانەکە دەربچێت؛ هەروەها دەبێت ئێران بە زۆربەى داواکانى ئەمریکا ڕازی بێت کە ئاکامەکەى یان ڕووخانى سیسته‌مەکەیە یان دەسەڵاتێک لە ئێراندا بوونى دەبێت کە شوێنکەوتەى هەژموونى ئیسرائیل و ئەمریکا دەبێت. لەم سیناریۆیەیشدا چین و ڕووسیا بەو لێکدانەوەیەى ئەمریکا ڕازی نین و، تا بۆیان دەکرێت هەرگیز ناهێڵن ئێران بکەوێت.

سیناریۆى سێیەم لاى ئەمریکا بۆ ئەم قۆناغە، قەتماغەدانى هەژموونى ئێرانە لەسەر ئاستى ناوەوە و دەرەوە؛ بەوەى کە لەسەر ئاستى ناوەوە: ڕاگەیاندنى ئاگربەست (ئەمەیش کارێکی قورسە، ڕێکكەوتن لەسەر بنەماکانى ئاگربەست کارێکی زۆر قورسە و لایەنەکان پابەند نابن پێوەى، چونکە ئەجێنداى هەردوو لا بە سەد وهەشتا پلە لێك جیاوازن. ئاگربەست وەک ویستگەیەک بۆ پشوو و سەرلەنوێ خۆئامادەکردنەوە بۆ جەنگێکی وێرانکەر، هیچی دی نییە، تەنیا تروسکایی تێیدا ئەوەیە کە ئێران لەو ڕێگەیە بەپێی قۆناغ پرۆسەى تەسلیمبوون جێبەجێ بکات)، زیادکردنى قەیرانەکان، سەپاندنى هەندێ پرەنسیپی نێودەوڵەتى لە بوارى مافەکانى مرۆڤ و دیموکراسییەت، پتەوکردنى هاوپەیمانێتى لەگەڵ دەوڵەتانى ناوچەکە و دراوسێکانى ئێران، دروستکردنى چەند فلاى زۆنێک لەناو خاکی ئێران وەک دیفاکتۆ، تایبەت لە ناوچەکانى ئازەرنشین و کوردستانی ڕۆژهەڵات و به‌لوچستان- کە گەرووى هورمزیش دەکەوێـتە ناوییەوە-، بەڵام فلای زۆنەکان لە مۆدێلی دوورگەى تایوان دەبن نەک هەرێمی کوردستان، چونکە مۆدێلی یەکەم هیچ بڕیارێکی لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ دەرنەچووە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان بڕیارى 688 هەیە. مۆدێلی تایوان قەیرانەکە بەکراوەیی دەهێڵێتەوە، بەڵام مۆدێلی هەرێمی کوردستان جۆرێک پشتیوانیی نێودەوڵەتیى بەبەردەوامى هێشتەوە، تا ئەو ساتەى کە مافەکانى لە دەستوورى عێراقدا چەسپاند.

ئەم سیناریۆیەیش لەلایەن ڕووسیا و چین لەسەر ئاستى نەتەوە یەکگرتووەکان دژایەتى دەکرێ و هاوکاریکردنیان بۆ ئێرانیش بەردەوام دەبێت.

بەڵام بە شێوازێکی گشتى چەند ڕەهەندێک کاریگەرى لەسەر هەڵوێستى ئەمریکا دروست دەکەن: هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا، هەڵوێستى کۆنگرێس، گوشارەکانى ئەوروپا، تەسلیمنەبوونى ئێران بە مەرجەکانى ئەمریکا، جەنگ زیاتر لە دوو مانگ بخایەنێت؛ چونکە لەو حاڵەتەدا لە دەستێوەردانى سەربازیی کاتى کە لە دەسەڵاتى سەرۆکدایە لەو 60 ڕۆژەدا، دەگۆڕێ بۆ جەنگ و دەسەڵاتى کۆنگرێس.

سیناریۆکانى جەنگ لاى ئێران لە نێوان جەنگى دژوار و سەرتاسەری و ڕێکكەوتندایە. ئەوان لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەن ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت، بەسەرتاسەریى بکەن و لە هەوڵی تێوەگلانی هەموو دەوڵەتانى ناوچەکەن. ئەمەیش تێچوو و کاریگەریى جەنگ لەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل و دەوڵەتانى ناوچەکە گرانتر دەکات، لە هەمان کاتیشدا بایەخ بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەدات تا له‌وێوه‌ لە دوو ڕەهەند سوودمەند بێت: دۆزینەوەى دەرچەیەک بۆ قەیرانەکە، قۆستنەوەى کات.

لە بەرانبەر ئەوانەیشدا ئەوەى کە زۆر بایەخى پێ دەدەن، بەرەى ناوخۆیە، کە جەخت لەسەر چەند ڕەگەزێک دەکەنەوە بۆ ناوخۆ: بەڕێوەبردنى وڵات و دروستنەبوونى ئاژاوه‌، پاراستنى سیسته‌مە سیاسییەکە و نەڕووخانى، سەرکوتکردنى خۆپیشاندان، بەهێزکردنى گوتارى نیشتمانپەروەرى و بەرگرى، گرنگیدان بە پتەوهێشتنەوەى لێدانەکانى میلیشیا پرۆکسییەکان لە دژى ئیسرائیل و ئەمریکا، لێدان لە هەر ئۆپۆزیسیۆنێک کە خۆى بە ئەلتەرناتیڤی دەسەڵات بزانێت لە ئێران.

ئەوەى کە تەحەکوم لە هەڵوێستى ئێران دەکات لە مەوداى داهاتووى جەنگ، سێ ڕەهەندی سەرەکین: ئایا چین و ڕووسیا تاچەند تواناى پاراستن و هێشتنەوەى دەسەڵاتى سیاسیی ئێرانیان هەیە؟ ئایا میلیشیا پرۆکسییەکان تا کەى دەتوانن لە هێرشەکانیان لە عێراق و لوبنان و یەمەن بەردەوام بن؟ ئایا بارودۆخى ناوخۆى ئێران دواى نەمانى ژێرخانى وڵات، هەر ئاوا لە سوودى دەسەڵات دەمێنێتەوە و لە دژى ڕاناسێ؟

دەوڵەتى چین گەرچی بێلایەنێکى ئەکتیڤە: هەوڵی ڕاگرتنى جەنگ دەدات بە بڕیارێکی ئەنجومەنى ئاسایش، هێشتنەوەى پەیوەندییە ئابوورییەکانى بێ ئەوەى بخزێـتە جه‌نگەوە، هاوکاریکردنى ئێران بە شێوازی ناڕاستەوخۆ، ئەم جەنگە بە دەرفەتێک دەزانێ بۆ فراوانکردنى هەژموون و پێگەى خۆى لە ناوچەکە و وێناکردنى ئەمریکاش وەک هێزێکی شەڕانگێز، ئەو جەنگە بە دەرفەت دەزانێ تا پێگەى ئەمریکا لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى لەق بکات و وەک هێزی یەکەم لەبەرچاو نەگیرێت، ئەوەیش سیسته‌مى جیهانى لە تاکجەمسەرییەوە بەرەو فرەجەمسەرى سەر دەکێشێ. لەو حاڵەتەیشدا چین هاوشێوەى ئەمریکاى ئەمڕۆی لێ دێت و هەژموونى زیاتر دەبێت.

هەڵوێست و سیناریۆکانى ڕووسیا بۆ جەنگ زۆر لەوەى چین دەچن و بە دەرفەتێکی خوێنبەربوونى سیاسی و سەربازیی دادەنێن بۆ ئەمریکا، بە شێوەیەکیش ڕۆژاوا لە میدیاکانیاندا وێنا دەکەن کە بەرەى شەڕاگێزن، بەڵام خاڵی هاوبەشی نێوانیان: مانەوەى سیسته‌مى سیاسیی ئێران، گوتار دژى ڕۆژاوا و دزێوکردنى کەسێتییان، هەردووکیان لە هەوڵدان زۆرترین قازانجیان لەو جەنگەوە دەست کەوێت و ئاژاوه‌کەیش بۆ فراوانبوونى هەژموونیان لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان زیاد بکەن.

بەڵام لە کۆى سیناریۆکانى جەنگ، دەتوانین بڵێین: جەنگ لەو سنوورەى ئێستادا دەمێنێتەوە و کاریگەرییەکى وێرانکەرى بۆ ناوچەکە لێ ناکەوێتەوە تا ئەو کاتەى سێ ڕەهەند نەیەنە ناو هاوکێشەکەوە: بەشداربوونى دەوڵەتانى کەنداو، بەشداربوونى تورکیا، قەیرانێکی ئابووریى سنووردار لەسەر ئاستى ناوچەکە و جیهان.

 

ئایا عێراق بە سیناریۆکانى جەنگ لەوە زیاتر کاریگەر دەبێت پێیان؟

بەڵێ بۆ عێراق جەنگەکە هێشتا سەرەتاى هاوکێشە یەکلاکەرەوەکەیە، کە چارەنووسی دەسەڵاتى سیاسیی ئەم وڵاتە دەخاتە مەترسی و گۆڕانەوە. ئەو پەیامەیش ماوەیەکی زۆرە لەلایەن ئەمریکاوە بە عێراق دراوە، بەڵام لەبەر ئەوەى عێراق لە مەوداى ستراتیژییەتى ئێرانیدا زیاتر دەخولێتەوە وەک لە ئەمریکا، هیچ لە داواکانى ئەمریکایان جێبەجێ نەکرد. دواهەمین ئاگادارکردنەوەکانى ئەمریکا بۆ عێراق لەو بارەیەوە، بانگێشتى باڵیۆزی عێراق بوو لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا دواى ئاگربەستى جه‌نگی نێوان ئەمریکا و ئێران.

عێراق دوو هەڵوێستى جیاوازى لەسەر ئاستى سیاسی سەبارەت بە جەنگ هەیە: لەسەر ئاستى فەرمی، به‌تایبەت ئەنجومەنى وەزیران، لەگەڵ تێوەگلان لە جەنگ نییە، بەڵام لەسەر ئاستى هەندێ گرووپ و پەرلەمانتار، پشتیوانی ڕاستەقینەى ئێرانن. گرووپە پرۆکسییەکانیش لاى هەمووان ناسراون و بەشدارن لە حکوومەت و پەرلەمان و هاوکارییش دەکرێن. بەڵام ئەوەى دەمێنێتەوە “دەستەى حەشدی شەعبی”یە کە ڕاستەوخۆ بەپێی یاساى ژمارە 40ى ساڵی 2016 سەر بە سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیرانن؛ کەواتە لێدان لە حەشدی شەعبی، لێدانە لە یەکێک لە گرنگترین دەسەڵاتەکانى وڵات، کە دەسەڵاتى ڕاپەڕاندنە. کەواتە عێراق ناتوانێت بەو جەنگە کاریگەر نه‌بێت و تێوە نەگلێت، چونکە: گەرچی لەسەر ئاستى دامەزراوەى فەرمی نەچۆتە ناو جەنگ، بەڵام لەلایەن هەندێ گرووپی پرۆکسییەوە عێراقى کردۆتە گۆڕەپانى جەنگ و بڕیارى یەکلاکەرەوەیش هەر لاى ئەوانە نەک ئەنجومەنى وەزیران.

لە ماوەى جەنگدا بە شێوەی کردارى دەرکەوت، کە گرووپە پرۆکسییەکان دیوە ڕاستەقینەکەى وڵاتن و ئەوانەى دامەزراوەکان تەنیا کار بەڕێ دەکەن. لە لایەکی تریشەوە سروشتی جوگرافیی عێراق لەگەڵ ئێران، جیاوازە لە بەرەکانى ترى گرووپە پرۆکسییەکان؛ عێراق خۆى سنوورى بە ئێرانەوەیە و بە بەرەى پێشەوەى جه‌نگ ئەژمار دەکرێت.

لەو حاڵەتەدا عێراق تواناى ڕاگرتنى هاوسەنگیی پەیوەندی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا نییە. ناکرێ ئەو هەموو گرووپە پرۆکسییە، کە هەندێکیان خۆیان بە بەشێک لە سوپاى عێراق دەزانن و هێرش دەکەنە سەر ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، حکوومەتى فیدراڵی تواناى ڕێگریی نەبێت. ئەمەیش دووچارى گوشارى زۆرى دەکاتەوە لەلایەن ئەمریکاوە و، قەیرانی سیاسی و ئاسایش و ئابوورى بەدواى خۆیدا دێنێت. لە ئاکامیشدا پرۆسەى سیاسیی وڵات لە یەکڕیزی و تەبایییەوە بەرەو لێکترازان و دووبەرەکى دەبات.

 

ئەو سیناریۆیانەى کە لە قۆناغی نوێی جه‌نگدا پەیوەندیدارن به‌ عێراقه‌وه‌، دەکرێ بەم شێوەیە بن:

سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەى جه‌نگ. لەو حاڵەتەیشدا هێرشەکان لە هەموو بەرەکاندا وێرانکەرتر دەبن و کەمترین دەرفەت بۆ ئێران لە وەڵامدانەوە دەهێڵدرێتەوە و زۆر کاریگەر دەبن. هەر لەو سیناریۆیەیشدا هێرشەکان بۆ عێراق و لە ناوخۆدا زۆرتر دەبن و جیۆپۆلیتیکی وڵاتیش لەنیوان شیعە و سوننە و کورد گۆڕانکاریى بەسەردا دێت و، پانتاییی شیعە بەرتەسکتر دەکرێتەوە؛ بەڵام گرفتەکە ئەوەیە كه‌، ئایا ئەو حکوومەتەى کە هەیە، بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، یان زمانحاڵی هەموو لایەنەکان دەبێت؟

سیناریۆیەکی تر بۆ عێراق ئەوەیە ماوەیەک بارودۆخەکە هێور ببێتەوە. لەو حاڵەتەیشدا عێراق دەتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت. بەڵام ئەو کارە ئاسان نییە، چونکە لە لایەک لە عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەر ئەمریکا و لە لایەکی تریشەوە ئەگەر ڕۆڵی ناوبژیوانی بگێڕێت، کاریگەریى زۆر کەم دەبێت.

ئەى ئەگەر جه‌نگەکە درێژخایەن بوو؟ ئەمە بۆ عێراق تا بڵێی قورسە و بەرگەى ئەو بارودۆخە ناگرێت، چونکە ئەمریکاش بەو شێوەیەى ئێستا لە حکوومەتى عێراقی قبووڵ ناکات. لە جه‌نگی درێژخایەندا؛ شەڕی پرۆکسییەکان زۆرتر دەبێت، دامەزراوەکانى دەوڵەت لاواز دەبن، پەیوەندییەکان لەگەڵ دەرەوە و ناوخۆ تا بێت ئاڵۆز دەبن، هەژموونى گرووپە پرۆکسییەکانى ئێران بەسەر حکوومەت و بارودۆخى سیاسیی وڵات زۆرتر دەبێت، به‌تایبەت لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق، دابەشبوونى سیاسی و لێکترازان، سەرهەڵدانەوەى داعشیش ئەگەرێکی زۆرە، قەیرانى ئابوورى و هەناردەنەکردنى نەوت، بارقورسی بۆ وڵات دروست ده‌كات و هتد. هەر بۆیە ئەم سیناریۆیە لە بەرژەوەندیى عێراق نییە.

کاتێ جه‌نگ دەست پێ دەکاتەوە، لەوانەیە یەکێک لە ئەگەرەکان ڕووخانى ڕژێم بێت لە ئێران، یان پێکهێنانى حکوومەتێک بێت هەر لە سەرکردەکانى ئێستا، بەڵام بە ئەجێنداى ئەمریکا و ئیسرائیل ڕازی بن. لەو حاڵەتەدا پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێران گۆڕانى بەسەردا دێت. ئەو مەرجانەى کە ئەمریکا هەیبوو بۆ عێراق، دەبێت بێ سێ و دوو جێبەجێیان بکات و حکوومەتێک لە عێراق دێـتە ئاراوە کە شوێنکەوتەى ئەمریکایە و گرووپە پرۆکسییەکان پێگەى کاریگەریان نامێنێت، عێراقێک ده‌بێت كه‌ بە سیسته‌مى فیدراڵی بەڕێوە دەبردرێت و هتد. ئەمەیش لە بەرژەوەندیى عێراقە گەرچی هەندێ لایەنى سوننى و شیعی و کورد لێی زەرەرمەند دەبن!

لە تەواوى سیناریۆکانى تایبەت بە عێراق، ئاییندەى وڵات مسۆگەر نییە و دووچارى دابەشبوون و ئاژاوه‌ دەبێتەوە.

 

کۆبەند

  • جه‌نگ بەردەوام دەبێت، ئەمریکا هەوڵ دەدات تەواوى خاڵە بەهێزەکانى ئێران نەهێڵێت، تا ناچارى بکات خۆى بەدەستەوە بدات.
  • تا هەنووکە ئەمریکا به‌ نیازی گۆڕینی سیسته‌مى سیاسیی ئێران نییە، بەڵام تا ئەوپەڕی تواناى خۆى، گوشار دەخاتە سەر ئێران و وێرانی دەکات.
  • ئەمریکا لە گەڕی دواى هەرەسهێنانى دانوستان، توندوتیژتر و خاپوورکەرتر دەبێت، بەڵام هەوڵ دەدات زوو ئەو کارە ئەنجام بدات، تا لەو ماوە کەمەدا- کە پێ دەچێ بە لاى ئەمریکاوە دوو هەفتە بێت- چین و ڕووسیا فریاى هاوکاریى ئێران نەکەون.
  • ترەمپ هەوڵ دەدا تا دوو هەفتەى تر یەکلایی بکاتەوە، چونکە ئەوەى کە لە دەسەڵاتى سەرۆکی ئەمریکایە، بۆ ماوەى دوو مانگە و بریتییە لە دەستێوەردانى سەربازی نەک جەنگ؛ دواى ئەو ماوەیە بۆچوون بۆ دەستێوەردانە سەربازییەکە، دەگۆڕێ بۆ جەنگ و دەبێتە دەسەڵاتى کۆنگرێس. ئەوەیش هەڵوێستێکی قورسە بۆ حزبی کۆمارى و بۆ خودى ئەمریکاش.
  • ئەگەرى تێوەگلانی عێراق لە گەڕی جه‌نگی پێش دانوستان زۆرترە. بەوەیش پرۆسەى سیاسی لە عێراق دووچارى هەرەس دەبێتەوە.
  • گرووپە پرۆکسییەکان چالاکتر دەبنەوە و ئەم جارە شەڕی مان و نەمان دەبێت. هەرێمی کوردستانیش لەوانەیە لە جارێ پێشوو زیاتر زەبرى بەرکەوێت.
  • پرۆسەى سیاسیی هەرێم بەئاشکرا کاریگەریى جه‌نگی ئێران و ئەمریکاى پێوە دیارە و بەرە سیاسییەکانیش لە دژى یەکتر تا دێت ڕوونتر دەبنەوە. کەواتە هەرێم لەبەردەم قۆناغێکی دژواردایە لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە. دەیشکرێ دانانى سەرۆککۆمار وەک بۆمبێکی داڕێژراو وابێت بۆ هەرێم لەسەر ئاستى ناوخۆ و پەیوەندییەکانى لەگەڵ بەغدا، چونکە ئەوەى ئێستا لە بەغدا لەسەر ئاستى سەربازی و سیاسی و ئابوورى حوکم دەکات، بریتییە لە گرووپە پرۆکسییەکان.



ئاسایشی کەنداو لەبەردەم تاقیکردنەوەدا: پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

 

دەستپێک

بۆ وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، ئەم جەنگە لە کاتێکی زۆر خراپدا ڕووی دا، چونکە ئەم وڵاتانە لە ئێستادا سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕبایەخترین پڕۆژەکانی گۆڕانکاریی ئابوورین لە مێژووی نوێیاندا. ستراتیژییەکانی “ڕوانگە”(Vision)  و بازدانی خێرا کە هێشتا لە قۆناغێکی سەرەتا و ناسکدان، بنەمایان لەسەر وەبەرهێنان لە سامانی هایدرۆکاربۆنی، پێگەی جوگرافی و ستراتیژی و بازاڕە فراوانەکان دامەزراوە بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی، بە مەبەستی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە نەوت، تا ئابوورییەکی پێشکەوتوو بنیات بنێن. بەڵام ئەم پلانانە تەنیا لە سایەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووریدا دێتە دی؛ ڕووداوەکانی ئەم دوایییانە (جه‌نگی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران) ئەزموونی وڵاتانی کەنداویان خستۆتە ژێر گوشارێکی ئێجگار توند تا ئاستی هەڵتەکاندن. ئەم ساتەوەختە نوێنەرایەتیی تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەکات بۆ ئەو مۆدێلەی کە وڵاتانی کەنداو لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا هەوڵی بنیاتنانیان داوە.

هەرچەندە ئەوان لە دروستکردنی ئابوورییەکی خۆڕاگر و تۆڕە بەرفراوانەکانی هاوبەشی نێودەوڵەتیدا سەرکەوتوو بوون، بەڵام ژینگەی نوێی ستراتیژی، پێویستی بە وەرچەرخانێک هەیە لە “بەڕێوەبردنی مەترسییەکان”ەوە بۆ “دووبارە داڕشتنەوەی چوارچێوە و بونیادێکی ئەمنی” بۆ ئەم وڵاتانە.

ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر تەنیا کێشەیەکی دووجەمسەری نییە، بەڵکوو بووەتە چەقێک کە کاریگەریی تەواوی لەسەر هاوکێشە ئەمنی و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە. لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکان و ڕووبەڕووبوونەوە ناڕاستەوخۆکان، ئەم وتارە شیکارییە هەوڵ دەدات وێنە گەورەکە و دەرەنجامەکانی ئەم جەنگە لەسەر وڵاتانی کەندا- بە عێراقیشەوە-شیکار بکات.

تەوەری یەکەم: گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا؛ ئایا جەنگەکە هۆکارە یان ئاماژە؟

پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەمه‌یە: ئایا ئەم جەنگە سیاسەتی ئەمریکا دەگۆڕێت، یان تەنیا پەردە لەسەر گۆڕانکارییەک لا دەبات کە پێشتر دەستی پێ کردووە؟ ڕوانگەی ئەمریکا لە ئیدارەی “بایدن” و ئێستای “دۆناڵد تڕەمپ”یش تا ئاستێکی زۆر لەژێر کاریگەریی ستراتیژیی “بەرەو ئاسیا” (Pivot to Asia)دا بووە. زۆرێک لە توێژەر و سیاسیەکانیش پێیان وابوو کە ڕۆژهەڵاتی ناڤین چیتر جێگه‌ی گرنگیپێدانی ئەمریکا نییە، بەڵام ئەم جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و بریکارەکانی، ئەمریکای خستووەتە بەردەم دۆخێکی ئاڵۆز؛ لە لایەک  ئەمریکا دەیەوێت پاشەکشە بکات و سەرنجی بخاتە سەر چین، لە لایەکی ترەوە ناتوانێت دەستبەرداری ناوچەیەکی پڕوزەی وەک کەنداو بێت. ئەم جەنگە دەکرێت بۆ وڵاتانی کەنداو چەند ئاماژەیەک بدات:

١. گۆڕان لە شێوازی دەستوەردان: سیاسەتی ئەمریکا لە “گۆڕینی ڕژێم” و “بنیاتنانی دەوڵەت” (وەک ئەوەی لە ٢٠٠٣ لە عێراق ڕووی دا)، گۆڕاوە بۆ “دەورەدانی چالاک” (Active Containment). ئەم جەنگە نیشانەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا چیتر نایەوێت سوپایەکی گەورە لەسەر زەوی کۆ بکاتەوە، بەڵکوو پشت بە تەکنەلۆژیا، درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و، هاوپەیمانییە هەرێمییەکان دەبەستێت.

٢. نیشانەیەک بۆ لاوازبوونی متمانە: پەرەسەندنی جەنگەکە نیشانەی ئەوەیە کە بازنەی “بەرگری” (Deterrence)ی ئەمریکا درزی تێ کەوتووە. ئێران و گرووپە چەکدارەکان چیتر وەک جاران لە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا ناترسن؛ ئەمەیش واشنتۆنی ناچار کردووە سیاسەتەکانی خۆی لە “بەرگریی تەنیا”وە بگۆڕێت بۆ “بەرگریی هاوبەش” لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.

وڵاتانی کەنداو لە قۆناغی پێداچوونەوەیەکی قووڵدان بە هاوپەیمانێتییە مێژوویییەکەیان لەگەڵ ئەمریکا؛ ئەمەیش بەهۆی دروستبوونی درز لە متمانە و هەستکردن بەوەی کە چیتر واشنتۆن وەک جاران پابەند نییە بە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی ئەوان. ئەم دۆخە وای کردووە وڵاتانی وەک سعوودیا و ئیمارات پەنا ببەنە بەر سیاسەتی “هاوسەنگکردنی ستراتیژی” و، لە ڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان لەگەڵ جەمسەرە نوێیەکانی وەک چین و ڕووسیا، هەوڵی کەمکردنەوەی پشتبەستنی ڕەها بە ئەمریکا بدەن.

ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی گواستنەوەیە لە پاشکۆیەتییەکی ئەمنیی ڕەهاوە بۆ جۆرە مامەڵەیەکی پراگماتییانە، کە تێیدا سەرکردە نوێیەکانی کەنداو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان دەخەنە سەرووی خواستەکانی واشنتۆن. ئەمەیش لە داهاتوودا توانای مانۆڕی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنووردارتر و ئاڵۆزتر دەکات.

لە ئاستی جەماوەرییش ئەم متمانەیە بە ئەمریکا لاواز بووە. ڕاپرسییەکی پێوەرەکانی ڕای عەرەبی (Arab Opinion Index)  لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەری خستووە کە ٧٧٪ی بەشداربووان پێیان وایە سیاسەتەکانی ئەمریکا هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن، هەروەها ٨٤٪ پێیان وابووە سیاسەتەکانی ئیسرائیل ناوچەکە دەخاته‌ مەترسییەوە.

٣. هەڵوێستی قەتەر لەم نێوەندەدا پڕە لە دژبەیەکی (Paradoxical)؛ دوای ئەوەی ئیسرائیل لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە دەوحە بۆردوومان کرد — کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و یەکەم هێرشی ئیسرائیل بوو بۆ سەر وڵاتێکی ئەندام لە  ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو — قەتەر بەئاشکرا جەختی لە هاوبەشیی خۆی لەگەڵ واشنتۆن کردەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە پشت پەردەوە پرسیاری ئەوەیان دەکرد بۆچی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێگریکردن لەو هێرشە شکستی هێنا. شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، هێرشەکەی وەک “پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای سەروەری و ئاسایش و، بەزاندنێکی ڕوونی یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکان” سەرکۆنە کرد.

سەرەڕای هاوبەشیی ئێستا، وڵاتانی کەنداو گومانیان هەیە لە توانای ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ململانێکان. ئەگەر واشنتۆن نەتوانێت کۆتایییەکی گونجاو بۆ جەنگەکە بدۆزێتەوە، وڵاتانی کەنداو ڕەنگە ڕوو لە چین و ڕووسیا بکەن. ئەمەیش نەک تەنیا لە ڕووی ئەمنییەوە، بەڵکوو لە بوارە ستراتیژییەکانی وەک تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و وزەی ئەتۆمی، زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت.

٤. سەرکەوتنی سەربازی بەرامبەر ناسەقامگیریی درێژخایەن: سەرەڕای سەرکەوتنە تاکتیکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل (Operation Epic Fury)، جەنگەکە دەرگه‌ی بۆ جۆرێک لە نادیاری و دڵەڕاوکێ کردووەتەوە کە هەڕەشە لە سەقامگیری و گەشەی ئابووریی تەواوی ناوچەکە دەکات. چارەسەرکردنی ئەم دۆخە تەنیا بە کۆتاییهاتنی جەنگ تەواو نابێت، بەڵکوو پێویستی بە سەرنجی ورد و بەردەوامی ئیدارەی ئەمریکا هەیە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا.

وڵاتانی کەنداو لەم جەنگەدا نایانەوێت تەنیا وەک “بنکەیەکی سەربازی” بۆ ئەمریکا دەربکەون؛ بەڵکوو دەیانەوێت ڕۆڵی سیاسییان وەک جەمسەرێکی سەرەکی لە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکەدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بەتایبەت ڕیاز هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک ڕابگرێت کە نەبێتە ئامانجی یەکەمی تۆڵەکردنەوەی ئێران؛ ئەمەیش گوشار دەخاتە سەر ئەمریکا تاکوو بەرگرییەکی “پێشوەختە” بۆ سعوودیا دابین بکات.

تەوەری دووەم: پێشبینیی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتانی کەنداو لە دوای جەنگ

سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتانی کەنداو(GCC)، پێ دەچێت لە قۆناغی دوای جەنگ لەگەڵ ئێران، لە “بەڕێوەبردنی تەنگژەکانەوە” بگۆڕێت بۆ بنیاتنانی “سیسته‌می بەرگریی بەکۆمەڵ”. واشنتۆن هەوڵ دەدات چەترێکی ئەمنیی پێشکەوتوو (وەک بەرگریی ئاسمانیی یەکگرتوو و پاراستنی گەرووی هورمز) دابین بکات بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو لە تۆڵەی گرووپە وەلائییەکان یان پاشماوەی مووشەکەکانی “ئێرانی بریندار” بپارێزێت. ئەم گەرەنتییە ئەمنییە وەک مەرجێکی ئەمریکا دەبێت بۆ ڕێگریکردن لەوەی وڵاتانی کەنداو بۆ پڕکردنەوەی بۆشایییە ئەمنییەکانیان پەنا ببەنە بەر چین و ڕووسیا.

لە لایەکی ترەوە، ئەمریکا جەخت لەسەر “سەقامگیریی ئابووریی ستراتیژی” دەکاتەوە؛ بەو واتایەی هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی و سەربازی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی کەنداو وەک ناوەندێکی ئارام بۆ وزە و وەبەرهێنانی جیهانی بمێنێتەوە. سیاسەتی نوێی واشنتۆن زیاتر گوشارخستنە سەر وڵاتانی وەک سعوودیا و ئیمارات دەبێت تاوەکوو پەیوەندییە تەکنەلۆژی و سەربازییەکانیان لەگەڵ پەکین سنووردار بکەن. لە بەرامبەردا ئەمریکا وەک “تاکە پارێزەری هاوسەنگیی هێز” لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و، ڕێگە دەگرێت لەوەی ئێران جارێکی تر ببێتەوە بە هەڕەشەی بوونی/وجوودی (Existential Threat) بۆ سەر پایتەختەکانی کەنداو.

بەڵام لەگەڵ ئەوەیش، پێ ناچێت پەیوەندیی ئەمریکا و کەنداو لە دوای ئەم جەنگە بچێتەوە دۆخی پێشوو، لەبەر زیاتر لە هۆکارێک:

  • کۆتاییی “چەکی سپی” بۆ پاراستن:وڵاتانی کەنداو تێ گەیشتوون کە ئەمریکا چیتر ئامادە نییە بۆ پاراستنی ئەوان بچێتە ناو جەنگێکی هەمەلایەنەوە. بۆیە، بە ئەگەری زۆر ئەمریکا سیاسەتەکەی دەگۆڕێت بۆ “هاوبەشیی ئەمنی” نەک “پاسەوانی ئەمنی”.
  • سیستەمی بەرگریی هاوبەش:پێشبینی دەکرێت ئەمریکا کار بکات بۆ دروستکردنی ناتۆیەکی ناوچەیی (Middle East Air Defense – MEAD) کە تێیدا وڵاتانی کەنداو و تەنانەت ئیسرائیلیش تێیدا بەشدار بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی درۆن و مووشەکەکانی ئێران؛ هەڵبەتە ئەگەر ئێران ڕژێمەکەی هەروەک خۆی مایەوە!

بەڵام، ئەگەر ڕژێمی ئێران ڕزگاری بێت، ئەوا وڵاتانی کەنداو خۆیان لەبەردەم کۆمەڵێک پرسیاری سەختدا دەبیننەوە. هەر یەکێکیان ئارەزوو دەکات وێنەی خۆی وەک ناوەندێکی ئارام بۆ وەبەرهێنانی بیانی نۆژەن بکاتەوە؛ بەڵام گەیشتن بەوە لە سایەی هەبوونی حکوومەتێکی دوژمنکار لە تاراندا، ڕەنگە ئەستەم بێت. لەوانەیە پەنابردن بۆ توندترکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی ژینگەیەکی ڕاکێشەر بۆ کار و بازرگانی، دوای ئەو جەنگە ئاسان نەبێت؛ چونکە ئەو وەبەرهێنانە بیانییانەی لە کەرتەکانی وەک فڕۆکەوانی، دارایی و گەشتیاریدا کە پێشتر ڕوویان لە دوبەی، ئەبوزەبی و دەوحە دەکرد، ڕەنگە لە داهاتوودا پەناگەیەکی تا ڕاددەیەک ئارامتر لە ئیستانبووڵ، ڕیاز و جەددە هەڵبژێرن.

تەوەرەی سێیەم: کاریگەریی جەنگەکە لەسەر سیاسەتی وڵاتانی کەنداو بەرامبەر ئێران

هەرچەندە وڵاتانی کەنداو هەرگیز نابنەوە دۆستی ئەو ڕژێمەی کە دەستی لە هیچ کامیان نەپاراست، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش ئەم جەنگە لەوانەیە وا لە وڵاتانی کەنداو بکات هەوڵ بدەن ستراتیژییەکی دووفاقی و پڕاگماتیتر  بگرنە بەر، لە چەند پرسێکدا:

١. دیپلۆماسی وەک قەڵغان: وڵاتانی کەنداو (بەتایبەت سعوودیا و ئیمارات) گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەگەر جەنگێکی گەورە ڕوو بدات، ئەوان یەکەم قوربانی دەبن. بۆیە، سەرەڕای جەنگە ساردەکە، پەنایان بردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران (ڕێککەوتنی چین لە نێوان سعوودیا و ئێران). ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە چیتر وڵاتانی کەنداو نایانەوێت ببنە سووتەمەنیی جەنگی ئەمریکا.

٢. کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بنکە سەربازییەکان: هەندێک لە وڵاتانی کەنداو دەستیان کردووە بە پێداچوونەوە بەو ئاسانکارییانەی دەیدەنە سوپای ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. ئەوان نایانەوێت خاکی ئەوان بێتە سەرچاوەی هێرش و، دواتر ئێران وەڵامیان بداتەوە. بۆیە ڕەنگە هەوڵ بدەن بنکە سەربازییە ئەمریکییەکان کەمتر بکەنەوە، چونکە دواجار بنکە سەربازییەکانیش نەیانتوانی بەتەواوی وڵاتانی کەنداو بپارێزن، بەڵکوو لە بڕی ئەوە، بوون بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی کەنداو.

٣. ململانێی ئابووری نەک سەربازی: سیاسەتی نوێی کەنداو بەرامبەر ئێران لە “ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی”یەوە گۆڕاوە بۆ “ڕکابەریی ئابووری و نێوەندگیری”. ئەوان دەیانەوێت ئێران لە ڕێگەی ئابوورییەوە ڕازی بکەن نەک لە ڕێگەی چەک و جەنگەوە، چونکە تێچووی جەنگ بۆ ئەوان کارەساتبار بوو.

٤. سعوودیا نیگەرانە لەوەی جەنگەکە تەنیا ئێران لاواز بکات نەک کۆتاییی پێ بهێنێت. ئێرانی دوای جەنگ کە بریندار و کینەلەدڵ بێت، دەتوانێت لە ڕێگەی گرووپە وەلائییەکانی (حووسییەکان لە یەمەن، میلیشیاکانی عێراق) جەنگێکی درێژخایەنی نافەرمی دژی سعوودیا دەست پێ بکات. ئەمەیش گەورەترین مەترسییە بۆ سەر پڕۆژەی Vision 2030؛ بە جۆرێک ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت لە کاتی جەنگدا ئاسایشی تەواوی سعوودیا دابین بکات، ئەوا ئەگەری هەیە ڕیاز بۆ دۆزینەوەی هاوسەنگییەکی نوێ، بەخێرایی بەرەو پەکین و مۆسکۆ هەنگاو بنێت. ئەمەیش دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی هەژموونی ڕەهای ئەمریکا لە کەنداو.

خاڵێکی تر ئەوەیە، ئەم جه‌نگە ئەو وێنەیەی تێک شکاند کە ئیسرائیل وەک “پاسەوانێکی ناوچەیی” یان هێزێکی سەربازیی بێشکست نیشان دەدا؛ ئەمەیش پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ وڵاتانی کەنداو کە دەیانویست بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان پشت بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستن. جه‌نگەکە دەری خست کە پڕۆژەی “ئاساییکردنەوە” (ڕێککەوتنی ئەبراهام) هێشتا ناتوانێت سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا دروست بکات. ئیسرائیل-وەک توێژەرێک دەڵێت- “ئێستا لە بری ئەوەی کلیل بێت بۆ چوونەناو واشنتۆن، بۆ هەندێک لەم وڵاتانە بووەتە مایەی ئیحراجیی سیاسی.”

لە ئەنجامدا، وڵاتانی کەنداو (بەتایبەت سعوودیا) سیاسەتێکی “پراگماتییانەتر”یان گرتووەتە بەر؛ ئەوان ئێستا زیاتر هەوڵ دەدەن هاوسەنگییەک لە نێوان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و هێزە نوێیەکانی وەک چین و ڕووسیا دروست بکەن. وڵاتانی کەنداو چیتر نایانەوێت تەنیا پاشکۆی ئەجێنداکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بن، بەڵکوو دەیانەوێت وەک جەمسەرێکی سەربەخۆ لەو “سیستەمە فرەجەمسەرییە نوێیەدا” دەربکەون کە تێیدا بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی خۆیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت. بەڵام ئەمەیش دیسان ئاسان نابێت.

تەوەرەی چوارەم: کاریگەریی ئەو جەنگە لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق

هەرچەندە عێراق لەناو  ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو نییە، بەڵام هەمیشە بەشێک بووە لە کەنداو و ئاسایشی وڵاتانی کەنداو. عێراق هەمیشە گۆڕەپانی سەرەکیی تاقیکردنەوەی هێزی نێوان تاران و واشنتۆن بووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم جەنگە چەند گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بەغدا دروست کردووە:

  • گۆڕینی پێناسەی مانەوەی سەربازی:ئەمریکا چیتر لە عێراق نییە تەنیا بۆ شەڕی داعش؛ ئێستا ئەرکی سەرەکیی، “چاودێریکردنی هەژموونی ئێران” و پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی وزەیە.
  • گوشاری دارایی وەک چەک:ئەمریکا سیستەمی بانکی و دۆلاری لە عێراق وەک ئامرازێکی گوشار دژی ئێران بەکار دەهێنێت. ئەمە نیشانەی گۆڕانی سیاسەتە لە سەربازییەوە بۆ “جه‌نگی ئابووری” لەناو جەرگەی خاکی عێراقدا.
  • دۆخی حەشد و گرووپە چەکدارەکان:سیاسەتی ئەمریکا بەرەو ئەوە دەچێت کە عێراق ناچار بکات لە نێوان “دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری” یان “پاشکۆیەکی ئێران” یەکێکیان هەڵبژێرێت؛ ئەمەیش عێراقی خستووەتە ناو تونێلێکی سیاسیی تاریکەوە. لەم سۆنگەیەوە ڕەنگە ئەمریکا گوشاری توند بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی بێلایەنیی خۆی بسەلمێنێت.

ئەگەر حکوومەتی عێراق نەتوانێت ڕێگری لە گرووپە چەکدارەکان بکات، ئەوا واشنتۆن ڕەنگە پەنا بۆ سزای ئابووریی توند یان بڕینی هاوکارییە دارایییەکان بەرێت. ئەمەیش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەخاتە لێواری هەرەسپێهێنان.

  • کۆتاییهاتنیڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی: ئەمریکا چیتر عێراق وەک هاوپەیمان یان متمانپێکراو نابینێت، بۆیە هەوڵ دەدات نوخبەی سیاسیی نزیک لە ئێران لاواز بکات و پشتی ئەو نوخبەیە بگرێت کە دوورن لە ئێران.

ئەو جەنگە دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران لەناو پەرلەمانی عێراق گوشارەکان بۆ دەرکردنی یەکجاریی هێزەکانی ئەمریکا بگەیەننە لووتکە. لەم دۆخەدا، سیاسەتی “مانەوەی درێژخایەن”ی ئەمریکا لە عێراق تووشی شکستی گەورە دەبێت و ئەگەرەکانی کشانەوەی ناچاری (وەک ئەفغانستان) یان مانەوەیەک کە هاوشێوەی “داگیرکاری” بێت، زیاتر دەبن.

لەم سۆنگەیەوە، دەکرێت بڵێین کە عێراق وەک “گۆڕەپانی جێگرەوە” (Proxy Arena) دەبێت؛ لە کاتێکدا ئەمریکا نایەوێت جەنگەکە پەرە بسێنێت بۆ ناو خاکی ئێران بە شێوەیەکی بەردەوام، سیاسەتەکەی لە عێراق دەبێتە “لاوازکردنی باڵەکانی ئێران”. ئەمەیش واتە خاکی عێراق دەبێتە شوێنی تاقیکردنەوەی چەک و مووشەک و درۆنی هەردوو لا و، ئەمریکا چیتر وەک “هاوبەشێکی گەشەپێدان” سەیری عێراق ناکات، بەڵکوو وەک “ناوچەیەکی بەربەستی جەنگی ” (Buffer Zone).

دەرەنجام: دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگییە هەرێمییەکان

دەرەنجامی ئەم جەنگە هەرچییەک بێت، ئەوە ڕوونە کە ژینگەی ئەمنیی کەنداو ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو. وڵاتانی کەنداو ئەمڕۆ درک بەوە دەکەن کە چیتر “سەقامگیری” تەنیا پرسی بەڕێوەبردنی گرژییەکان نییە، بەڵکوو پرسی بنیاتنانی سیسته‌مێکی “بەرگریی فرەڕەهەند”ه‌ کە هێزی سەربازی، نەرمینواندنی ئابووری و دیپلۆماسییەکی چالاک کۆ بکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕەنگە شاهیدی وەرچەرخانی گرنگ بین لە ستراتیژیی وڵاتانی کەنداو، لەوانە: بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی، پەرەپێدانی پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆیی و، فراوانکردنی هاوبەشییە ئەمنییەکان لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەرەسەندنی گرژییەکان.

جەنگی ئێستا دەری دەخات کە کەنداو چووەتە قۆناغێکی ستراتیژیی نوێوە؛ ئەو مووشەکانەی ناوچەکەیان کردە ئامانج، تەنیا ئامرازی سەربازی نەبوون، بەڵکوو ئاماژەی ڕوون بوون بۆ ئەوەی ڕێساکانی ئاسایشی هەرێمی خەریکە دەگۆڕێن. ئێستا بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە سەقامگیری لە کەنداو چیتر تەنیا لەسەر دوورکەوتنەوە لە ململانێکان ناوەستێت، بەڵکوو لەسەر بنیاتنانی توانایەکی ڕاستەقینە بۆ “بەرپەرچدانەوە” و بەڕێوەبردنی لێکەوتەکانیان وەستاوە.

بۆ وڵاتانی کەنداو، بابەتەکە تەنیا بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکان یان پەرەپێدانی توانای سەربازی نییە، بەڵکوو دووبارە داڕشتنەوەی چەمکی “ئاسایشی هەرێمی”ی وڵاتانی کەنداوە. هاوکێشە نوێیەکە پێویستی بە سیسته‌مێکی بەرگریی هەمەلایەنەیە کە تێیدا یەکگرتووییی بەرگری، نەرمینواندنی ئابووری و دیپلۆماسییەکی چالاک پێکەوە کۆ ببنەوە تا ڕێگری لە خلیسکان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی فراوانتر بکەن.

 پرسیارە ڕاستەقینەکەی ئەم جەنگە ئەوە نییە کە چۆن وڵاتانی کەنداو لە مووشەکەکان بپارێزرێن، بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن سیسته‌مێکی ئەمنیی هەرێمیی سەقامگیرتر لە ناوچەیەکدا بنیات بنرێت کە جەنگەکان تێیدا چیتر بەئاسانی کۆنتڕۆڵ ناکرێن و سنوورەکان دەبەزێنن. لە جیهانێکدا کە بەرەو کێبڕکێی جیۆپۆلیتیکیی زیاتر دەچێت، ئاسایشی کەنداو وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەمێنێتەوە؛ نەک تەنیا بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو بۆ هاوسەنگیی تەواوی ئابووریی جیهانیش.

لەم سۆنگەیەوە، جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا تەنیا کێشەیەکی کاتی نییە، بەڵکوو هێمایەکە بۆ داڕشتنەوەی سه‌نتەری هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمریکای دوای جەنگی ئێران، دەیەوێت ئەرکە ئەمنییەکان دابەش بکات. عێراقیش بەشێکی دانەبڕاو دەبێت لەم جەنگە و، پێگەی بەستراوەتەوە بەوەی تاچەند دەتوانن هاوسەنگی لە نێوان هەردوو جەمسەرەکەدا ڕابگرن. لە کۆتاییدا، ئەم جەنگە بووەتە هۆی دروستبوونی ناوچەیەک کە تێیدا “ئاسایش” چیتر بەتەنیا لە واشنتۆنەوە دەستەبەر ناکرێت، بەڵکوو دەبێت لە تاران، ڕیاز و بەغدایشەوە کاری بۆ بکرێت.

سەرچاوەکان:

 




جەنگی ئێران پرۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوەی سیستەمی جیهانیی خستووەتە گەڕ

نووسینی: ڕاتکۆ ئێم. کینژۆڤیچ (Ratko M. Knežević) | Atlantic Council| March 30, 2026

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس

دەرهاوێشتە ستراتیژییەکان

  • پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وزەی کەنداو،دەری دەخەن کە “نادڵنیایی(Uncertainty) “—نەک تەنیا کەمبوونەوەی خستنەڕووی وزە — دەتوانێت شۆکێکی توند لە نرخەکانی بازاڕی جیهانیدا دروست بکات.
  • وزە لە کاڵایەکی ئابووریی ڕێکخراوەوە خەریکە دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی پێشووی وەک “چەکێکی جیۆپۆلیتیکی”؛ئەمەیش ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە لە کاتی قەیرانەکاندا هێزی ڕاستەقینە لە کوێدا چڕ بووەتەوە.
  • پێشبینی دەکرێت وڵاتانی کەنداو بەدوای خۆگونجاندنێکی تەواودا بگەڕێن لەگەڵ چەترە ئەمنییەکانی ئەمریکادا، لە کاتێکدا کە هەژموونی ئەمریکا وەک دەستەبەرکاری سەرەکیی وزە، سەقامگیریی دارایی و ئاسایشی جیهانی زیاتر دەچەسپێت.

جنێف — لە زانستی جیۆپۆلیتیکدا، چرکەساتگەلێک هەن کە تێیاندا سیستەمەکان بە شێوەیەکی پلەبەندی و هێواش گەشە ناکەن، بەڵکوو وەک بڵێی لە شەووڕۆژێکدا سەرلەنوێ دادەڕێژرێنەوە (Reset). پێ دەچێت ئێستا جیهان پێی نابێتە ناو چرکەساتێکی لەم شێوەیەوە. پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وزە لە عەرەبستانی سعوودی، کوێت و قەتەر، تەنیا لەبەر قەبارەی ئەو وێرانکارییە گرنگ نین کە لێیان کەوتووەتەوە، بەڵکوو لەبەر ئەو پەیامانە گرنگن کە هەڵیان گرتووە: وەک نیشاندانی ئەوەی کە سیستەمی وزەی جیهانی تا چەندە له‌رزۆك و هەستیار ماوەتەوە و، هەروەها جیهان بە چ خێرایییەک دەگەڕێتەوە سەر “بنەما سەرەتایییەکانی مانەوە” کاتێک ئەو سیستەمە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە.

بۆ چەندان ساڵ، بازاڕەکان وا مامەڵەیان دەکرد وەک ئەوەی وزە ماڵی یاخود “دەستەمۆ” کرابێت — واتە سەرچاوەکانی هەمەچەشن کرابن، ڕێکاری خۆپارێزییان بۆ داڕێژرابێت و، بەتەواوی خستبێتیانە ناو قاڵبی دارایییەوە. بەڵام ئێستا ئەو وەهمە خەریکە کاڵ دەبێتەوە. ئیتر نەوت تەنیا کاڵایەک نییە بۆ کڕین و فرۆشتن، بەڵکوو تا دێت زیاتر سیمای چەکێک و ئامرازێکی گەیاندنی پەیام وەردەگرێت. نەوت بەوردییەکی بێوێنەوە پێمان دەڵێت کە هێزی ڕاستەقینە هێشتا لە کوێدا نیشتەجێیە.

دروستبوونی شۆکێکی جیهانی، مەرج نییە پێویستی بە پچڕانی تەواوەتیی هێڵی دابینکردنی وزە هەبێت، بەڵکوو تەنیا پێویستی بە دروستکردنی “نادڵنیایی” هەیە. لە بازاڕیشدا، باجی نادڵنیایی زۆر قورستر و خێراترە لە باجی دەگمەنیی کاڵا. لە هەلومەرجێکی لەم جۆرەدا، نرخەکان بە شێوەیەکی هێواش بەرز نابنەوە، بەڵکوو باز دەدەن و زۆر جار سنووری بنەما ئابوورییەکان تێ دەپەڕێنن، چونکە بازاڕەکان هەوڵ دەدەن لە کاتی ڕاستەقینەدا تێچووی “مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان” بخەمڵێنن.

وڵاتانی کەنداو

وڵاتانی کەنداو بە شێوەیەکی خۆڕسک لەم ڕاستییە تێ دەگەن. بۆ چەندان ساڵ، هەندێک لەو وڵاتانە پەیڕەوییان لە سیاسەتێکی هاوسەنگیی زۆر هەستیار دەکرد؛ لە لایەکەوە پشتیان بە ئاسایشی ئەمریکی دەبەست و لە لایەکی تریشەوە پەیوەندییەکی پراگماتییان (بەرژەوەندیخوازانەیان) لەگەڵ ئێراندا دەپاراست، تەنانەت لەناو گێژاوی ئەو تۆمەتانەیشدا کە گوایە باڵگەلێک لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەدا چاوپۆشییان لە تۆڕە بریکارەکانی سەر بە ئێران کردووە یان بەناڕاستەوخۆ پاڵپشتییان کردوون. بەڵام ئەو ستراتیژییە ڕێک لەو ساتەدا دادەڕمێت کە ژێرخانی وڵاتەکانیان دەبێتە ئامانجی سەربازی. “سیاسەتی تەمومژاوی و ناڕوونی”، ئیمتیازێکە تەنیا لە سایەی سەقامگیریدا دەتوانرێت پەیڕەو بکرێت و؛ زۆر دەگمەنە بتوانێت لە کاتی بەرکەوتن لەگەڵ مەترسیدا خۆی بگرێت. ئەو دەوڵەتانەی کە گەشە و خۆشگوزەرانییان بەستراوەتەوە بە لێشاوی بێپچڕانی وزەوە، ناتوانن بەرگەی نادڵنیایییەکی درێژخایەن بگرن. لەبەر ئەوە، ئەوان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەچنە پاڵ تاکە تەلارسازییەکی ئەمنی کە سەلماندوویەتی توانای گەرەنتیکردنی سەقامگیریی هەیە، ئەویش تەلارسازییە ئەمریکییەکەیە.

ئێران
لە بەرامبەردا، ئێران لە سایەی ڕژێمی ئێستایدا، كه‌وتۆته‌ به‌رده‌م مه‌ترسیی “هەڵسەنگاندنێكی هه‌ڵه‌ی مێژووییییه‌وه‌”. لەمێژە ستراتیژیی ئەم وڵاتە لەسەر بنەمای ناهاوتایی (Asymmetry) بونیاد نراوە، واتە دروستکردنی گوشار بەبێ چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی گشتگیرەوە و، نانەوەی پشێوی بەبێ ئەوەی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە وەربگرێت. بەڵام سنوورێک هەیە کە گەر تێ بپەڕێنرێت، ئەم ستراتیژییە دەبێتە هۆی لەناوبردنی خودی بونیادنەرەکەی. بەئامانجگرتنی ئەو ژێرخانەی کە بڕبڕەی پشتی هێڵەکانی گواستنەوەی وزەی جیهانە، تێپەڕاندنی ئەو سنوورەیە. نەتەوەکان زۆر کەم بەهۆی نەبوونی هێزەوە تووشی داڕمان دەبن، بەڵکوو زیاتر بەهۆی هەڵەخەمڵاندنی دەرهاوێشتەکانی بەکارهێنانی هێزەوە شکست دەهێنن. ئەگەر ئێران تەنیا وەک ڕکابەرێکی ناوچەیی سەیر نەکرێت، بەڵکوو وەک تێکدەرێکی “سیستەماتیک”ی تۆڕی وزەی جیهانی وێنا بکرێت، ئەوا ئەو کاردانەوەیەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە کاردانەوەیەکی هەنگاو-بە-هەنگاو نابێت، بەڵکوو وەڵامدانەوەیەکی پێکهاتەیی و ڕیشەیی (Structural) دەبێت.

ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور

زۆر شت نووسراوە دەربارەی دروستبوونی ڕیزبەندییەکی نوێ لە نێوان ڕووسیا، چین، ئێران و کۆریای باکووردا، وەک تەوەرەیەکی دەرکەوتوو کە دژی ڕۆژاوا دەوەستێتەوە. بەڵام لە واقعیدا، ئەمە هەمیشە زیاتر لە خەیاڵێکی سیاسی چوووە تا ڕاستییەکی بەرجەستە. چین بەتوندی پشتی بە لێشاوی سەقامگیری وزەی کەنداو بەستووە. ڕووسیا سوودمەندە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان، بەڵام هاوکات بەدوای هاوسەنگیدا دەگەڕێت نەک پشێویی ڕەها. کۆریای باکووریش تەنیا پاشکۆیەکی شوێنکەوتووە، نەک سەرکردەیەکی ئاراستەکەر. کاتێک مەترسییەکان دەبنە ڕاستییەکی مەیدانی، ئایدیۆلۆژیا پاشەکشە دەکات بۆ بەرژەوەندی؛ لەو خاڵەیشدا بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتانە بەتەواوی لێک جیا دەبنەوە.

ئەوروپا
ڕەنگە ئەوروپا قوربانییەکی تری گەورەی ئەم هاوکێشەیە بێت. ڕێک لەو ساتەوەختەدا کە پێویستییەکی زۆر بە “هێزی ڕەق”، ئاسایشی وزە و ڕوونیی ستراتیژی هەیە، ئەوروپا دەبینێت کە بە شێوەیەکی فراوان لە گۆڕەپانەکەدا غائیبە. بۆ چەندان دەیە، ئەوروپا مۆدێلێکی بونیاد نا کە پشتی بە وزەی دەرەکی، ئاسایشی پشتپێبەستراو بە ئەوانی تر (Outsourced Security) و، ئەو باوەڕە دەبەست کە گوایە هێزی نەرمی ئابووری و پێوەرە ئەخلاقییەکان دەتوانن جێگەی هێزی جیۆپۆلیتیکی بگرنەوە. ئەم مۆدێلە ئێستا درزەکانی خۆی دەردەخات و، قەیرانێکی بەردەوامی وزە دەتوانێت ڕۆڵی جیۆپۆلیتیکی ئەوروپا هێشتا زیاتر پەراوێز بخات. بەبێ بوونی توانایەکی سەربازیی یەکگرتوو یان ئاسایشی سەربەخۆی وزە، ئەوروپا تا دێت زیاتر دەبێتە لایەنێک کە تەنیا کاردانەوەی بەرامبەر ڕووداوەکان هەیە لە جیاتی ئەوەی ئاراستەیان بکات. ئەوروپا بێدەنگانە، بەڵام بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر، لە “ئەکتەرێکی بڕیاردەرەوە” دابەزیوە بۆ تەنیا “گۆڕەپانێکی ململانێ”.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

لە پشت هەموو ئەمانەوە، حەقیقەتێکی قووڵتر هەیە کە ساڵانێکە لە زەینمدا ماوەتەوە. کاتێک لە قوتابخانەی بازرگانیی لەندەن (LBS) خوێندکار بووم، پرۆفیسۆرەکەم، بەڕێز ئەندرۆ سکۆت، تێبینییەکی کرد کە لە ڕواڵەتدا زۆر سادە دیار بوو: “نەوت و دۆلار، نەختینەیی (Liquidity) جیهانن.” ئەو ڕاستی دەکرد. نەوت وەک نەختینەییی فیزیکی بۆ ئابووریی جیهان دەمێنێتەوە. دۆلاریش وەک ئەو سیستەمە دارایییە دەمێنێتەوە کە نرخ لەسەر ئەم نەختینەیییە دادەنێت و سەقامگیری دەکات. سەرەڕای ساڵانێک مشتومڕی چڕ دەربارەی گواستنەوەی وزە بۆ سەرچاوەی جێگرەوە، دراوی ئەلتەرناتیڤ و، دروستبوونی جەمسەری نوێی جیۆپۆلیتیکی، چرکەساتەکانی وەک ئێستا دەری دەخەن کە لە بنەڕەتدا چەندە کەم شت گۆڕاوە. بزوێنەری سیستەمەکە هێشتا ئەو لێشاوی وزەیەیە کە نرخەکەی بە دۆلار دیاری دەکرێت. لە دواجاردا، “نەختینەیی” هیچ جێگرەوەیەکی نییە.

هەروەها لێکچوونێکی مێژوویی هەیە کە جێگەی سەرنجە. کاتێک سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆناڵد ڕەیگن، گەیشتە کۆشکی سپی، کۆمەڵێک ئەولەوییەتی ستراتیژیی کەمی دیاری کرد. ئەم ئەولەوییەتانە بریتی بوون لە گەڕاندنەوەی هێزی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێتیی سۆڤیەت. بەڵام سەبارەت بە هەر شتێکی تر، ئەو تەنیا کاردانەوەی هەبوو. ئەم ڕوونییە ستراتیژییە وای کرد ڕووداوەکان، کە زۆربەیان پێشبینینەکراو بوون، لە بەرژەوەندیی ئەودا بشکێنەوە. پێ دەچێت ئەمڕۆش هەمان داینامیک خەریکە دووبارە دەبێتەوە. دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی نەزمی جیهانی لە ڕێگەی قەیرانەوە دەستی بە کارەکانی نەکرد. بەڵام مێژوو پرسیاری ئەوە ناکات کە ئایا سەرکردەکان پلانیان بۆ ڕووداوەکان داڕشتبوو یان نا؛ بەڵکوو پرسیاری ئەوە دەکات ئایا ئەوان لە پێگەیەکی گونجاودا بوون بۆ ئەوەی قازانج لەو ڕووداوانە بکەن.

ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بتوانێت هێزی ئابووری، کارتی گوشاری وزە و متمانەپێکراویی سەربازیی خۆی بپارێزێت، ئەوا قەیران و شۆکی لەم جۆرە نەک پێگەکەی لاواز ناکەن، بەڵکوو قایمتری دەکەن. لەبەر ئەوەی کاتێک سیستەمێکی جیهانی ناسەقامگیر دەبێت، جیهان بەدوای “کۆدەنگی”دا ناگەڕێت؛ بەڵکوو بەدوای “نەزم و ڕێکخستن”دا دەگەڕێت. نەزمیش پێویستی بە “دەستەبەرکار” (Guarantor) هەیە.

لێرەدایە کە میراتی ڕاستەقینەی سەرکردەکان پێناسە دەکرێت — نەک لە ساتەکانی ئارامیدا، بەڵکوو لەو چرکەساتانەدا کە سیستەمەکە خەریکە درزی تێ دەکەوێت، کاتێک نادڵنیایی باڵ بەسەر هەموو شتێکدا دەکێشێت و بڕیارەکان دەبنە بڕیاری نەگەڕاوە. ڕەیگن لەمە تێ گەیشتبوو. ئەو کۆنترۆڵی ڕووداوەکانی نەدەکرد، بەڵکوو ئەو ژینگەیەی ئاراستە دەکرد کە ڕووداوەکانی تێدا دەقەوما. مێژووش پاداشتی ئەمەی دایەوە. ڕەنگە ترەمپیش لە هەلومەرجێکی هاوشێوەدا بێت. ئەگەر ئەم داینامیکەی ئێستا بەردەوام بێت، ڕەنگە ئەم قۆناغە تەنیا وەک زنجیرەیەک قەیرانی دابڕاو لە مێژوودا تۆمار نەکرێت، بەڵکوو وەک ئەو چرکەساتە سەیر بکرێت کە تێیدا “تەمومژاویبوونی جیهانی” هەرەسی هێنا و توانای ئەمریکا جارێکی تر خۆی سەپاندەوە — نەک لە ڕێگەی نەخشەسازییەکی پێشوەختەوە، بەڵکوو بە حوکمی “پێویستییەکی حەتمی”.

لە زانستی جیۆپۆلیتیکدا، پێوەری هێز ئەوە نییە کە کێ دەنگی لە هەمووان بەرزترە، بەڵکوو ئەوەیە کە “کێیە جێگرەوەی نییە”. لە جیهانێکدا کە جارێکی تر لە ڕێگەی وزە، ئاسایش و نەختینەیییەوە پێناسە دەکرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک هێزێکی حاشاهەڵنەگر و بێجێگرەوە (Indispensable) دەمێنێتەوە.

 

سەرچاوە:

The Iran war has set in motion a global realignment

 




ستراتیژیی تورکیا لە سووریا و عێراق لەپاش هێرشی هێزکانی ئەحمەد شەرع بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە

موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له ‌به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشەكی

سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد چەندان ڕووداوی گرنگی بەخۆیەوە بینی و ژمارەیەكی زۆری پەیامی ستراتیژیی بۆ سەرجەم هێزە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان ناردووە، گرنگترینیان: ئاماژەكانی گۆڕانی هاوكێشە سیاسی و ستراتیژییەكەی ناوچەكەیە و دەستپێكردنی قۆناغێكی جیاوازتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەراورد بە قۆناغەكانی ڕابردوو، وا پێ دەچێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە قۆناغی ئێستادا لەگەڵ ئەوەدا نەبێت لامەركەزییەت لە سووریا پەیڕەو بكرێت و زیاتر جەخت لە سووریایەكی یەكگرتوو دەکات. كورد بێ گومان فاكتەرێكی گرنگە لە سووریا بەڵام پێشبینی دەكرێت لە گۆڕانكارییە نوێیەكاندا ئەو ڕۆڵەی پێ نادرێت كە پێشتر پێی درابوو.

لە لایەكی دیكەوه‌ گەیاندنی كەسانێكی وەكوو ئەحمەد ئەلشەرع (ئەبو موحەمەد جۆلانی) بۆ دەسەڵات، خۆی لە خۆیدا پەیامە ترسناكەكەی واشنتۆنمان بۆ دەردەخات، كە لەمەوبەدوا ئەوەی گرنگە بۆ ئەمریكا بەرژەوەندییەكانیەتی؛ واتا بەهاكانی دیموكراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ و جێگیركردنی بنەماكانی دیموكراسی لە كار و ئامانجەكانی واشنتۆن نییە. ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا بە شێوەیەكی ڕاستەخۆ كاریگەریی هەیە لەسەر ستراتیژییەتی توركیا لە سووریا و عێراق، بەتایبەت دوای دەستپێكردنی هێرشەكانی سوپای عەرەبیی سووری بۆ سەر ڕۆژاڤا.

ئەمریكا و وڵاتە هەرێمییەكان و وڵاتانی ئەوروپی بەگشتى بێدەنگییان هەڵبژارد بەرامبەر ئەم هێرشانەى هێزەکانی شەرع بۆ سەر ڕۆژاڤا، جگە لە هەندێك لێدوانی شەرمنانەی هەندێك وڵات؛ ئەمەیش بووە هۆی نیگەرانیی کورد لە ناوچەکەدا.

لە بابەتی ئەم جارەمان هەوڵ دەدەین تیشك بخەینە سەر ستراتیژییەتی توركیا دوای هێرشەكانی سوپای سووریای عەرەبی بۆ سەر ڕۆژاڤا لە سووریا و، لێكەوتەی ئەم پێشهاتانە دەخەینە ڕوو.

لە ئێستادا ستراتیژیی تورکیا لەپاش ئەم هێرشانەی سوپای عەرەبیی سووریا، پێشبینی دەکرێت چی بێت؟

توركيا هەر لەگەڵ تێكچوونی باری ئەمنیی سووریا لە ساڵی 2011وە، هەوڵی داوە و كاری بۆ ئەوە كردووە كە ڕێگە نەدات كورد بە پاڵپشتیی پەكەكە ببێتە خاوەن پێگەیەكی ستراتیژی و دیفاكتۆ. هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەم سیاسەت و ستراتیژییەتەی توركیا ئێستایش بەردەوامە و، ئەنقەرە نایەوێت بە هیچ شێوەیەك قەوارەیەكی كوردیی سەربەرخۆ لە ڕۆژاڤا سەر هەڵبدات. ئەم هەڵوێست و سیاسەتەی توركیا دوای دەستپێكردنی هێرشەكانی سوپای سووریای عەرەبی بۆ سەر ڕۆژاڤا درێژەی هەیە و، دەكرێت ئەمە بڵێین كە توركیا دەیەوێ كێشەی “هەسەدە” لە ڕێگەی حكوومەتی نوێی سووریاوە چارەسەر بكرێت؛ چارەسەریش بە تێڕوانینی ئەنقەرە بریتییە لە كۆتاییهێنان بە هەسەدە و تێكەڵكردنی ئەندامانی هەسەده‌ لەگەڵ سوپای سووریای عەرەبی. لەپاڵ ئەمەیش ئەنقەرە درێژە بە پاراستنی ئامرازەكانی گوشاری توركیا لە سووریا دەدات لە ڕێگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

  1. ئەنقەرە بەردەوامە لە پێشكەشكردنی پاڵپشتیی سیاسی و هەواڵگری بە حكوومەتی نوێی سووریا.
  2. پاڵپشتیی مەرجدار بۆ بابەتی ئاگربەست و تێكەڵكردنی ئەندامانی هەسەدە لەگەڵ سوپای دەوڵەتو، كار بۆ كۆتاییهێنان دەكات بە سەرجەم هەیكەلییەت و ڕێکخراو و  و شێوە كە پەیوەندیی بە پەكەكەوە  هەیە.
  3. توركیا كار بۆ هێشتنەوەی هێزی سەربازیی خۆی دەدات لە باكووری سووریا و تۆڕی بریكارەكانی لەم وڵاتەدا، تەنانەت گەر ئەم گرووپانە بكرێنە بەشێكیش لە هەیكەلییەتی دەوڵەتی سووریا.
  4. پاراستنی مافی “بژاردەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی”لە ڕێگەی “هێزە ئاسمانییەكان و ئۆپەراسیۆنە سنووربەزێنەكانەوە” بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە لەلایەن پەرلەمانی توركیاوە بە حكوومەتی توركیا دراوە.

ئەم هەنگاو و ستراتیژییەی تورکیا لەگەڵ پێشهاتەکانی سووریا هاوتەریبە، چونکە لە ماوەى دوو ساڵی ڕابردوو، هەندێک پێشهات ڕوویان داوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەبووە لەسەر ئاراستەکردنی سیاسەت و ستراتیژیی تورکیا لە سووریا، کە گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:

١. وەزارەتی دەرەوەى تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا بە بۆنەى واژووکردنی ڕێکكەوتنی ئاگربەس لە ١٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٦، ڕای گەیاند کە ڕووداوەکانی ماوەى نێوان ٨ی کانوونی یەکەم و مانگی ئەیلوولی ساڵى ٢٠٢٥، بۆتە هۆی دەستپێکی قۆناعێکی نوێ لە سووریا. ئەمەیش سیاسەتی ئەنقەرە دووپات دەکاتەوە لە سووریا کە بریتییە لە دووبارە بونیادنانەوەى دەوڵەتێکی یەکگرتوو و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و پاراستنی یەکێتیی خاکەکەى؛ تیرۆریش لە تێڕوانینی تورکیا بریتییە لە پەکەکە و گرووپە نزیکەکانی پەکەکە.

٢. لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵى ٢٠٢٥ پەرلەمانی تورکیا لەسەر داواکاریی سەرۆکایەتیی کۆمار، بۆ ماوەى سێ ساڵى تر بڕیاری درێژکردنه‌وه‌ی ئەنجامدانی ئۆپەراسیونە سەربازییەکانی سوپای تورکیای لە سووریا و عێراق دەرکرد. ئەمەیش هەوڵێکە بۆ ئەوەى چوارچێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەییی درێژخایەن ببەخشێتە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە دەرەوەى سنوورە جوگرافییەکانی خۆی و، ئەم هەنگاوەى ئەنقەرە ئاماژەیەکە کە تورکیا لە قۆناغەکانی داهاتوویشدا بیر لە بژاردەى سەربازی دەکاته‌وه‌ لە سووریا و عێراق؛ واتا بژاردەى دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی، بەکراوەیی جێ هێڵراوە.

٣. سەرۆککۆماری تورکیا “ڕەجەب تەییب ئەردۆغان” لە ١١ی شوباتی ٢٠٢٦ بۆچوون و تێڕوانینی ئەنقەرەی بۆ سووریای نوێ لە چەند وشەیەک کورت کرده‌وە و ڕای گەیاند “ئێمە زۆر گرنگی بە جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنەکانی ١٨ و ٣٠ی کانوونی دووەم دەدەین لەسەر بنەمای سووریایەک کە تیایدا یەک سوپا و یەک دەوڵەت و یەک سووریا بەرقەرار بێت (Tek Ordu, Tek Devlet, Tek Suriye).” ئەمەیش خۆی لە خۆیدا پەیامێکی گرنگی ئەنقەرەیە کە بە هیچ شێوەیەک بەوە ڕازی نابێت قەوارەى تر لە سووریاى نوێ لە چوارچێوەى دەوڵەتی سووریادا دروست بێت.

کەواته بەکورتی ئەنقەرە ستراتیژییەتی خۆی لەسەر بنەمای “یەک سوپا، یەک دەوڵەت، یەک سووریا” دادەڕێژێت و، ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییە گشت ئامرازەکان بخاتە گەڕ- بە بژاردەى دەستوەردانی سەربازییشەوە.

ئەم سەرکەوتنانەی ئەحمەد شەرع چ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی تورکیا لە هەمبەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت؟

سوپاى عەرەبیی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵى ٢٠٢٦وە دەستى بە جووڵەیەکی سەربازیی فراوان کرد بۆ سەر ئەو ناوچانەى کە لەژێر کۆنترۆڵى هەسەدەدا بوون لە ڕۆژاڤا. لە ئەنجامدا سوپای عەرەبیی سووریا توانیی ناوچەیەکی فراوان کۆنترۆڵ بکات و دەست بەسەر هەندێک ناوچە بگرێت کە بیرەکانی نەوت لەخۆ دەگرێت. دواتر تا ڕۆژى ١٩ی کانوونی دووەمیش توانیی ئەو ناوچانە گەمارۆ بدات کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوون. بەڵام لە ١٩ی کانوونی دووەم، شەرع ئاگربەستی ڕاگەیاند و داواى لەو هێزانەى هەسەدە کرد- کە گەمارۆ درابوون- پلانی تێکەڵبوون لەگەڵ دامودەزگه‌کانی سووریا قبووڵ بکەن.

ئەم هەنگاوەى شەرع لەلایەن واشنتۆنەوە پێشوازیی لێ کرا و داواى لە هەسەدە کرد پلانەکە قبووڵ بکات؛ چونکە واشنتۆن لە ڕێگەى تۆم باراکوە ڕای گەیاند “کەوا دەرفەتێکی گەورەتر بۆ کورد لەژێر چەترى حکوومەتە نوێیەکەى شەرعدایە و ئامانجی سەرەکیی پاڵپشتیکردنی هەسەدە لەلایەن ئەمریکاوە وەک هێزێکی شەڕکەر، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بوو، کەچی ئەمڕۆ ئەم مەترسییە تا ڕاددەیەکی زۆر، نەماوە.”

لەژێر ڕۆشناییی ئەم پێشهاتانە و دواى ئەوەى کە سوپای عەرەبیی سووریا توانیی تا ئاستێکی بەرچاو کۆنترۆڵی ڕۆژاڤا بکات، پێشبینی دەکرێت ئەم پێشهاتانە بەم شێوەیەی خوارەوە کاریگەریى هەبێت لەسەر سیاسەتى تورکیا بەرامبەر عێراق و هەرێمی کوردستان:

١. ئەنقەرە دەیەوێ زیاتر هەسەدە لە سووریا لاواز بکات، بۆ ئەوەى دەرفەتی زیاتری بۆ بڕەخسێت تا گوشارەکانی بۆ سەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر بکات. ئەم خاڵە زۆر بەڕوونی لەلایەن وەزیری دەرەوەى تورکیا هاکان فیدانەوە خرایە ڕوو و لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ڕای گەیاند “دواى سووریا، نۆرەى عێراق دێت و، دەبێت لەوێش کۆتایی بە پەکەکه‌ بهێنرێت.” بێ گومان ئەوەیش بە مانای ئەوە نایه‌ت کەوا سووریا فەرامۆش دەکرێت، بەڵکوو ئەنقەرە هەوڵ دەدات سوود لە داخستنى یاخود کەمتر خۆسەرقاڵکردنی بە بەرەیەک (سووریا) وەربگرێت و ئەو توانا و ئامرازانەى کە هەیەتی لە بەرەیەکی دیکە (عێراق و هەرێمی کوردستان) بەکار بهێنێت، کە چەندان ساڵە سەرقاڵ بووە پێی.

بۆیە پێشبینی دەکرێت لە دوای گەرەنتیکردنی لاوازبوونی ئەو مەترسییانەى کە لە سووریاوە سەرچاوە دەگرێت بۆ ئەنقەرە، قورساییی ململانێ و پێکدادانەکان بگوارزێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.

٢. سەرکەوتنی هێرشەکانی شەرع بۆ سەر ڕۆژاڤا، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریى دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغدا لە لایەک و، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و هەولێر لە لایەکی دیکەوه‌. لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر پێشهاتەکانی ئەم چەند ساڵە لەبەرچاو بگرین وەکوو: فراوانبوونی هەماهەنگیی نێوان ئەنقەرە و بەغدا لەسەر ئاستى ئەمنى/سیاسی، هەروەها بڕیارى حکوومەتى عێراق لە مانگی ئاداری ساڵى ٢٠٢٤ کە تیایدا عێراق، پەکەکەی وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند، لەگەڵ بوونی هەوڵ و ویست و ئارەزووى هاوبەش لەلایەن هەر دوو حکوومەتەکە بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییە ئابوورى و سەرەوەرییەکانیان، ئەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەنقەرە لە قۆناغەکانی داهاتوو کار بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا دەکات.

٣. لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت ئەنقەرە لەسەر دوو ئاستی هاوتەریب مامەڵە لەگەڵ هەولێر بکات: یەکەمیان پەرەپێدانی ئەو هاوبەشییە ئابوورى و لۆجستییەى کە لەنێوان ئەنقەرە و هەولێر هەیە، لە لایەکی دیکەوه‌ چاوەڕوان دەکرێت تورکیا گوشارە ئەمنییەکانی لەو ناوچانە زیاد بکات کە ئەنقەرە بە ناوچەى هەستیار دەبینێت لە ڕووی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان؛ چونکە بە شێوەیەکی گشتى تورکیا “ئامرازی ئەمنی” و “ئامرازە ئابوورییەکان” بەیەکەوە بەکار دەهێنێت. هەروەها پێویستە ئەمەیش لەبەرچاو بگیرێت کە تورکیا کار بۆ جێبەجێکردنی ڕێڕەوە ستراتیژییەکان دەکات کە گرنگترینیان “رێگەى گەشەپێدانە”.

بەم شێوەیە هەرچەندە هەماهەنگیی ئابوورى و سیاسی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان زیاتر بێت، ئەوەندە هەرێمی کوردستان دەبێتە ناوچەیەک کە توانای هاوسەنگڕاگرتنی هاوکێشەکانی لەژێر کۆنترۆڵ دەبێت.

سەرەڕای پێشبینییەکانی سەرەوە، دەبێت ئەمەیش لەبەرچاو بگیرێت، لە ئەگەرى دروستبوونی فاکتەرێکی گۆشارى لەناکاو لە ناوچەکە، بەتایبەت لە سووریا، لەوانەیە پلان و ستراتیژ و سیاسەتی تورکیا بگۆڕدرێت. ئەم فاکتەرە لەناکاوانە، دەکرێ دروستبوونی بۆشاییی ئەمنی بێت یاخود سەرلەنوێ سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بێت، چونکە تا ئێستا بە ڕێژەیەکی باش هەسەدە توانیویەتی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بوەستێنێت. ئەگەر هەسەدە لاواز بێت لەوانەیە ژینگەیەکی گونجاو بۆ دووبارە سەرهەڵدانه‌وه‌ی داعش دروست بێت یاخود بۆشایییەکی ئەمنی دروست بێت و ببێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی ئەمنی لەو ناوچانەى کە تا ئێستا لەلایەن هەسەدەوە کۆنترۆڵ کرابوون- گواستنەوەى سەدان زیندانیی ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، دەکرێ لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوەى بۆ بکرێت.

ئایا هێزەکانی میلیشیا و توندڕەو و تەنانەت داعش لە سووریا ڕووبەڕووی ناکۆکی و پێکدادانی ناوخۆیی نابنەوە؟ ئایا تورکیا دەتوانێت ئەمە کۆنترۆڵ بکات؟

هەسەدە تا ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، هێزێکی جێگه‌ی متمانەى ئەمریکا بوو، بەتایبەت لە بابەتى ڕووبەڕووبوونەوەى ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمەکەى ئەسەد و گەیشتنی ئەحمەد شەرع بە دەسەڵات، هاوکێشە ئەمنی، سەربازی، ئابووری، سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتییەکانیش گۆڕانکاریی بنەڕەتییان بەسەردا هات و لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییەیش، بەتایبەت هاوکێشە ئەمنییەکان، ڕاستەوخۆ کەوتە ژێر هەندێک مەترسی کە لەوانەیە دووبارە ببنە هۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی و سیاسیی تەواوی سووریا. گرنگترین کێشە و گرفتیش بریتییە لە ئەگەرى دروستبوونی بۆشاییی ئەمنی، بەتایبەت لەو ناوچانەى کە پێشتر لەلایەن هەسەدەوە کۆنترۆڵ کرابوون. بێ گومان ناوچەکانی دیکەی سووریایش بەدەر نین لە ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم مەترسییە.   ئەگەر تەماشایەکی مێژووى سەرهەڵدانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بکەین، جا چ ڕێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە بێت یاخود داعش، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بەهێزترین چەکیان سوودوەرگرتنە لە بۆشایییە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەکان. ئەمەیش مەترسیی سەرهەڵدانی هەندێک ڕێکخراو و گرووپ و میلیشیای چەکداریی لێ کەوتۆتەوە. لەبەر ئەمەیە یەکێک لە ئەگەر و سیناریۆکان لە سووریا، سەرهەڵدانی ململانێ و توندوتیژییە لەنێوان ئەم گرووپە توندڕەوانە.

بۆیە لە ئەگەرى لاوازبوونی هەسەدە لە سووریا ئەگەرەکانی پێکدادان و جه‌نگی ناوخۆ زیاتر دەبێت، لەبەر ئەم هۆکارانەى خوارەوە:

١. سەرەڕای چەندان تێبینی کە لەسەر هەسەدە هەیە و هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا باش بێت یان خراپ، ئەوە توانیبووی ڕۆڵی ئامێرێکی ڕێکخستن ببینێت، بۆ نموونە: چەندان خاڵی ئەمنی، تۆڕە هەواڵگرییە ناوخۆیییەکان، بەگژداچوونەوەى ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ئەستۆ بگرێت و لە هەمووان گرنکتر پاراستنی ئەو شوێنانەى کە دیلەکانی داعشی تێدا بوو  و کەمپی کەسوکاری داعشه‌كانیش هەر لەلایەن ئەم هێزانەوە دەپارێزران.

لەم چوارچێوەیەدا لە ئەگەری لاوازبوونی ڕێکخستنەکانی هەسەدە، ئەوکات بە ئەگەرێکی زۆر سێ شت ڕوو دەدات: یەکەمیان، سەرهەڵدانی ململانێ لەنێوان لایەن و هێزە ناوخۆیییەکان لەسەر داهاتەکان، بەتایبەتی خاڵە سنوورییەکان. دووەمیان، زەقتربوونی ململانێ و کێشە و گرفتەکانی نێوان هۆزەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ؛ ئەوەى کۆتایییان به‌ مانای دووبارە زیندووبوونەوەى تۆڕەکانی قاچاخچێتییه‌. ئەمانە هەرسێکیان یارمەتیدەرێکی باشن بۆ نەمانی دەسەڵات  و دروستبوونی بۆشاییی ئەمنی و زەقترکردنه‌وه‌ی ململانێ ناوخۆیییەکان.

٢. هەروەک لەسەرەوەیش ئاماژەمان پێ کرد، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هاوشێوەکانی، بەردەوام سوودیان لە بۆشایییە ئەمنییەکان بینیوە، چونکە داعش پشت بە ستراتیژییەتی “ماندووکردن و بێهێزکردنی بەرامبەر (ئیستینزاف) لە ناوچە خۆڵەمێشییەکاندا”، لە کاتی دەرکەوتنی چەندان دەسەڵات و هێزی جیاواز و لاوازبوونی حکوومەت ده‌به‌ستێت. لەم سونگەیەوە بۆمان دەرکەوتووە کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لە سووریا هەوڵی هێرشکردنی داوە بۆ سەر دەسەڵات، بۆیە پێشبینی دەکرێت هەر لە ئێستاوە داعش ئەم قوناغەى بە “قۆناغێکی نوێ” دەبینێت بۆ ئەوەى دووبارە خۆی زیندوو بکاتەوە.

بێ گومان ئەم هەوڵە تازەیە و دەرکەوتنی داعش وەکوو ساڵانى (٢٠١٤-٢٠١٩) نییە، بەڵام ئەوەى هەیە بریتییە لە هەوڵەکانی تیرۆرکردن و دانانی کەمین و ئەنجامدانی هەندێک ئۆپەراسیۆنی جۆری، بەتایبەت لە کاتی سەرقاڵبوونی هێزە ناوخۆیییەکان بە ململانێی نێوانیان.

٣. ململانێ و پێکدادانەکانی نێوان گرووپە نزیکەکانی تورکیا کێشەیەکی دیکەیە لەو ناوچانەى کە نفووزی تورکیا تیایدا باڵادەستە، چونکە چەندان جار لەم ناوچانە پێکدادان ڕووی داوە لەنێوان گرووپە نزیکەکانی ئەنقەرە پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد،  بەهۆی داهات  و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە. ئەمەیش بەڵگەى ئەوەیە کە بەڕێوەبردنی تۆڕی گرووپە چەکدارەکان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەی سەربازیی یەکگرتوو سەختر و قورسترە.

٤. بوونی ڕەوت و گرووپە ئیسلامییە جیاوازەکان، ئەگەرەکانی دابەشبوون و ململانێ زیاتر دەکات. تەنانەت ئەگەر هێزیکی دیکە کە پێشکەوتووتر بێت لە ڕووی ڕێکخستنەوە بەراورد بە هەسەدە دەرکەوێت، ئەوە ئەو کاتەیش مەترسیی دابەشبوون و ململانێ زیاترە لەنێوان ئەوانەى کە پراگماتیکن و کار بۆ شەرعییەتدان بە حوکمڕانی دەکەن و لەنێوان توندڕەوەکان، کە لەوانەیە هەندێک هەنگاو لە شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە تەنازول لە قەڵەم بدەن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا تورکیا تا ئێستایش نەیتوانیوە هەندێک لە هێزە ئیسلامییەکانی نزیکی خۆی بەتەواوەتی کۆنترۆڵ بکات و لە جیاتی کۆنترۆڵکردنێکی ڕاستەوخۆ، هەوڵی داوە بە ڕێبازی ئیحتواکردن (گرتنەخۆ) مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.

لە ئەنجامدا دەکرێ بانگەشەى ئەوە بکەین کە تورکیا بە شێوەیەکی ڕێژەیی توانای کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکانی سووریای هەیە، چونکە فاکتەرە بەهێزەکانی ئەنقەرە زیاتر بریتین لە: “توانای کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان (کە ئەمە قووڵاییی ستراتیژیى پێ دەبەخشێت)، “بوونی نفووز لەسەر هەندێک گرووپ و لایەنی سووری”، “توانای هەواڵگری و ئەنجامدانی هەندێک ئۆپەراسیۆنی ورد”. ئەمانە خاڵە بەهێزەکانی تورکیان لە سووریا کە دەکرێ لە ڕێگەیەوە هەندێک جووڵەى سنووردار ببەخشێتە ئەنقەرە.

بەرامبەر ئەمە چەندان مەترسی هەیە کە ڕووبەڕووی تورکیا دەبێتەوە لە سووریا، گرنگترینیان: “فرەییی ئەکتەرەکان و دژبەریی “بەریەککەوتنی” ئەجێنداکانیان”، “نەبوونی دەسەڵاتێکی یەکگرتوو لە ناوچە ئاڵۆزەکاندا”، “کێشەى زیندانیانی داعش”، “لێکەوتەکانی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکان”.  بەم شێوەیە دەتوانین ئەوە بڵێین کەوا تورکیا دەتوانێ تا ئاستێکی سنووردار ئیحتوای “گرتنەخۆی” بارودۆخەکانی سووریا بکات، ئەویش لە ڕێگەى سنوورەکانەوە و گوشاردروستکردن بۆ سەر هاوپەیمانان و ئەنجامدانی هەندێک ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری، بەڵام ئەنقەرە ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕەها و تەواو و فراوان کۆنترۆڵی بارودۆخی سووریا بکات و ڕووداو پێشهاتەکان ئاراستە بکات.

داهاتووی ململانێکانی ئیسرائیل و تورکیا لە سووریا چۆن پێشبینی دەکرێت؟

ستراتیریی تورکیا لە سووریا دواى ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەگشتى لەسەرەوە خراوەتە ڕوو؛ بەرامبەر ئەمە وڵاتێکی گرنگ و کاریگەرى وەکوو ئیسرائیلیش لە سووریا زۆر بەبەهێزى دەرکەوتووە، بەتایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد. ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل لە سووریا کۆتاییهێنانە بە “بەرەى بەرخودان” (به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌) و سەپاندنی واقعێکی ئەمنیى نوێ لە سووریا. لەم چوارچێوەیەدا ئیسرائیل هەر لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەستى بە هێرشێکی فراوان و چڕ کرد بۆ لەناوبردنی ژێرخانی سەربازیی سووریا؛ لە لایەکی دیکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پاڵپشتى لە هەندێک کەمینەکانی ئەم وڵاتە دەکات کە گرنگترینیان “درووزەکان”ن.

کەواته‌ ئەگەر بەکورتی و پوختی شی بکەینەوە، ئیسرائیل مۆدێلی سووریایەکی لاواز و دابەشکراوى دەوێت؛ بە شێوەیەک نە ئێران و نە تورکیا نابێت تیایدا خاوەن نفووزێکی فراوان و بەرچاو و یەکلاییکەرەوە بن. لەگەڵ ئەوەیشدا پێشبینیی ئەوە دەکرێت کە تورکیا و ئیسرائیل لەسەر دانوستاندن و دابەشکردنی نفووز ڕێک بکەون. بەپێی ئەم بارودۆخە تورکیا و ئیسرائیل بە سەرپەرشتیی ئەمریکا خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەى ڕاستەوخۆ دەپارێزن و ناوچەکانی نفووزیان بەپێی هێڵی سوور و سەوزەوە دیاری دەکرێت، بەڵام ئەوەیش بە مانای ئەوە نایەت کە ئەم حاڵەتە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت، چونکە بارودۆخی سووریا بۆ هەر ئەگەرێکی نوێ و لەناکاو، لەبارە و چاوەڕوانی هەموو جۆرە پێشهاتێکی لێ دەکرێت.

بۆیە پێش ئەوەى هەر سیناریۆیەک بخرێتە ڕوو، پێویستە ئەم خاڵە جەوهەری و بنەڕەتییە لەبەرچاو بگیرێت کە ئیسرائیل دواى ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و نەهێشتنی نفووزى ئێران تیایدا، سووریا پێشکەشی تورکیا ناکات، چونکە بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی لەسەرووی هەموو ئەو هێز و لایەن و گرووپانەوە دێت.

کۆبەند

تورکیا دواى ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هەموو هەوڵەکانی خۆی چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەى ئەو هاوکێشە نوێیەى کە لە سووریا هاتۆتە ئارا سوودی لێ ببینێت. لەم باره‌یەوە ستراتیژیى ئەنقەرە لەسەر دوو بابەتی بنەڕەتی چڕ کراوەتەوە: یەکەمیان لایەن و ڕەهەندی ئەمنیى سووریایە و نەهێشتنی ئەو مەترسییە ئەمنییانەى کە لە سووریا سەرچاوە دەگرێت؛ لە لایەکی دیکە تورکیا خۆی بۆ بەشداریکردن لە دووبارە بونیادنانەوەى سووریا ئامادە کردوە و بۆ ئەمەیش هەنگاوی جددیی ناوە. لە مانگی مایسی ساڵى ٢٠٢٥، کۆمپانیا ئەمریکی و تورکی و قەتەرییەکان بەهاوبەشی گرێبەستى جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییان لە کەرتى وزە لە سووریا بە بەهای حەوت ملیار دۆلاری ئەمریکی لەگەڵ حکوومەتى سووریا واژۆ کرد. هەروەها ئەنقەرە کار بۆ وەبەرهێنان دەکات لە کەرتی نەوتی سووریا. لەسەر ئەم بنەمایە کۆمپانیایەکی هاوبەش لەنێوان تورکیا و سووریا پێک هێنراوە بە مەبەستى گەڕان بەدوای نەوت لە سووریا.

ئەم پێشهاتانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە ئەنقەرە سووریایەکی سەقامگیری دەوێت، بە مەرجێک ئەو دەسەڵاتەى کە ئێستا هەیە بەردەوام بێت؛ واتا تورکیا لەدواى ئەم قۆناغە دەیەوێت بگاتە ئامانجەکانی و بەرژەوەندییەکانی لە سووریا بەدەست بهێنێت، هەروەها دواى ماوەیەکی دوورودرێژ لە ناسەقامگیری و کێشە و گرفتی جۆراوجۆر لەگەڵ سووریا، ئێستا دەیەوێ لەژێر دروشمی “یەک سوپا، یەک دەوڵەت و یەک سووریا” ئامانجەکانی بپێکێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت تورکیا بە شێوەیەکی ڕەها لە سووریای نوێدا دەستکراوە نەبێت، بەڵکوو ڕووبەڕووی کۆتوبەندی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداوی وەکوو عەرەبستانی سعوودیا و ئیمارات ببێتەوە.

بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ململانێیەکی سەخت لە سووریا چاوەڕێی ئەنقەرە بکات و خۆی لەژێر گوشارى شەڕى بەرژەوەندییەکانى وڵاتە هەرێمییەکان و نێودەوڵەتییەکان ببینێته‌وه‌.




ڕێبەری یان مەرجەعییەت؟ داهاتووی شیعە لە تاقیکردنەوەی پاش خامنەییدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

دەسپێک

نەمانی “ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی” وەک ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و سەرکەوتنی “موجتەبا”ی کوڕی بۆ لووتکەی هەڕەمی دەسەڵات، تەنیا گۆڕانکارییەک نییە لە کارەکتەرەکاندا، بەڵکوو ورووژاندنی پرسێکی ستراتیژییە: لە ململانێی نێوان “دەوڵەت” و “مەزهەب”دا، کێ دەبێتە قیبلەنمای نوێی شیعە لە ناوچەکە و جیهاندا؟

ئەم وەرچەرخانە تێزی “ویلایەتی فەقیهـ” دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی: ئایا ئەو سیستەمەی پاش ١٩٧٩ شەرعییەتی خۆی لە کاریزمای “وەلیی فەقیهـ”دا چڕ کردبووەوە، دەتوانێت بەبێ خامنەیی پارێزگاری لە هەژموونی خۆی بکات؟ یان لە سایەی موجتەبای كوڕیدا لەبەردەم مۆدێلە نەیار و کەنارگیرەکاندا پاشەکشە دەکات؟

ئەم شرۆڤەیە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییەکانی “نەخشەی شیعەگەری” لە قۆناغی پاش خامنەیی و سیناریۆکانی بەردەم ئەو دەسەڵاتە مەزهەبییە دەخوێنێتەوە.

ویلایەتی فەقیهـ وەك وەرچەرخانێك لە ژینگەی شیعیدا

بۆ چەندان سەدە، بیری سیاسیی شیعە لەناو کایەیەکی “کەنارگیر” و “چاوەڕوانكه‌ر”دا قەتیس بوو؛ دۆخێک کە تێیدا شەرعییەتی حوکمڕانیی ڕەها، تەنیا وەک مافێکی پیرۆز بۆ “ئیمامی دوازدەیەم” (فریادڕەسی چاوەڕوانکراو) پارێزرابوو. بەڵام ئایەتوڵڵا خومەینی، بە داڕشتنەوە و پەرەپێدانی تێزی “ویلایەتی فەقیهـ”، ئەم بێدەنگییە مێژوویییەی شکاند و دەرچەیەکی نوێی بۆ حوکمڕانیی ڕاستەوخۆی پیاوانی ئایینی کردەوە. ئەم تێزە لە ڕووی فیقهییەوە لەسەر ئەو بنەمایە دامه‌زراوە کە لە سەردەمی پەنهانیی “ئیمامی مەهدی”دا (الغیبة)، نابێت کاروباری موسڵمانان بێسەرپەرشت بمێنێتەوە، بەڵکوو پێویستە “شەرعزانێكی هەڵگری کۆمەرج” (جامع الشرائط) جڵەوی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بگرێتە دەست[1].

“لەم چوارچێوەیەدا، “فەقیهـ” یان شەرعزان تەنیا وەک ڕێبەرێکی ڕۆحی و ئایینی نامێنێتەوە، بەڵکوو دەبێتە فەرمانڕەوایەکی شەرعیی خاوەن دەسەڵات کە زۆربەی ئەرک و دەسەڵاتەكانی “ئیمامی مەعسووم”ی پێ سپێردراوە. بەپێی ئەم تێزە، “وەلیی فەقیهـ” لە ڕووی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و جێبەجێکردنی حوکمەکاندا، هەمان پێگەی ئیمامی هەیە؛ تەنیا بە یەک جیاوازیی ورد نەبێت، ئەویش پرسی “جیهادی سەرەتایی” (الجهاد الابتدائي)یە، کە بەپێی تێڕوانینی فیقهی، تەنیا لە تایبەتمەندییە پیرۆزەکانی ئیمامی مەعسوومە و شەرعزانی بریكار ناتوانێت دەستی بۆ ببات، ئەم جیهادەش بۆ فراوانخوازی و پەلهاویشتن و پەلاماردانە [2]

ئەو وەرچەرخانە فیکرییەی “ویلایەتی فەقیه” هێنایە كایەوە، تەنیا لە سنووری کایە تیۆرییەکاندا نەمایەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی پرۆسەی دامەزراوەییبوونەوە، بەڕێوەبردنی دەوڵەت و تەواوی کایەکانی ژیان دەخاتە ژێر ڕکێفی شەرعزانەوە و دەسەڵاتە سیاسییە سنووردارەكەی دەكاتە ڕەها. ئەم تیۆرە دواتر وەک بڕبڕەی پشتی بونیادی دەستووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناسێنرا و لە ماددەکانی (٥، ٥٧، ١٠٧، و ١٠٩ تا ١١٢)دا، پێگەی “ڕێبەر” وەک مەرجەعێکی باڵا و سەروودەسەڵاتەکانی وڵات چەسپێنرا[3] .

لەم ئەزموونەدا، مۆدێلێکی سیاسیی “دووفاقی” بەرجەستە بووە: کۆمارێکی شکڵی لە ئاوێتەبوونێکی ئاڵۆزدا لەگەڵ “مەرجەعییەتێکی تیۆکراسی”، کە تێیدا دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان لە پەراوێزی دەسەڵاتە باڵاکانی “وەلیی فەقیهـ”دا کار دەکەن. لەم سیستەمەدا، ڕێبەر تەنیا لووتکەی هەڕەمی سیاسی نییە، بەڵکوو قۆرخکاری ڕەهای بڕیاری کۆتایی و سەرچاوەی شەرعییەتدانە بە تەواوی جومگەکانی حوکمڕانی[4].

لە پرۆسەی پیادەکردنی ئەم مۆدێلە سیاسییەدا، دەتوانین ئاماژە بە دوو وێستگەی مێژووییی جیاواز و یەکلاکەرەوە بکەین کە سیمای دەسەڵاتیان لە ئێراندا کێشاوە؛ یەكەمیان قۆناغی دامەزراندن و دووەمیان چەسپاندن و بۆ دامەزراوەییكردنە:

١.  سەردەمی خومەینی (١٩٧٩-١٩٨٩): ئەمە قۆناغی ڕێبەریی کاریزماتیک و مەرجەعییەتە، ئایەتوڵڵا خومەینی وەک “مەرجەعێکی تەقلیدیی باڵا” و ڕێبەرێکی کاریزمای شۆڕش دەرکەوت. لەم قۆناغەدا، دەسەڵاتەکەی ئەو ئاوێتەیەکی بێوێنە بوو لە شەرعییەتی ئایینیی کلاسیک و هێزی شۆڕشگێڕی. خومەینی پێویستی بە دامەزراوەی ئاڵۆز نەبوو بۆ چەسپاندنی بڕیارەکانی، چونکە پێگەی ئایینیی ئەو وەک “مەرجەع” و پێگەی سیاسیی وەک “ڕێبەری شۆڕش”، دوو جەمسەری هێزیان بۆ دروستکردبوو، لە ڕێگەیەشەوە بوو بە خاوەن جەماوەرێكی بەرفراوان.

٢. سەردەمی خامنەیی (١٩٨٩_ ئێستا): ئەمەیان قۆناغی دامەزراوەییبوونی دەسەڵاتی سیاسییە، بە کۆچی دواییی خومەینی، سیستەمەکە ڕووبەڕووی قەیرانی شەرعییەت بووەوە، چونکە عەلی خامنەیی لە کاتی دەستنیشانکردنیدا پلەی “مەرجەعییەت”ی نەبوو و تەنیا لە ئاستی “ئیجتیهاد”دا بوو. ئەم بۆشایییە فیقهییە، بووە هۆی هەمواری دەستوور لە ساڵی ١٩٨٩، کە تێیدا مەرجی “مەرجەعبوون” بۆ ڕێبەر لا درا. لێرەوە سیستەمەکە لە مۆدێلی “مەرجەع-ڕێبەر”ەوە بەرەو مۆدێلی “ڕێبەری سیاسیی خاوەن دەسەڵاتی “ویلایەتی فەقیهـ” وەرچەرخا، هەر ئەمەش لە ئێستادا ڕێگەی خۆش كرد بۆ “موجتەبا”ی كوڕی كە بەبێ ئەوەی پلەی مەرجەعی هەبێت وەك “وەلی فەقیه” دیاری بكرێت.

خامنەیی لە ڕێگەی “ئەندازیاریی دامەزراوەیی”یەوە، توانیی جومگە ستراتیژییەکانی دەوڵەت (وەک سوپای پاسداران، ئیمپراتۆرییەتە ئابوورییەکان و دەسەڵاتی دادوەری بە جۆرێک دابڕێژێتەوە کە ببنە شوێنکەوتەی دامەزراوەی ڕێبەرایەتی. لەم قۆناغەدا، دەسەڵات لە “کاریزمای کەسی”یەوە گۆڕا بۆ “هێزی دامەزراوەیی و سەربازی”، لەم نێوەندەشدا ڕێبەر وەک فەرماندەی گشتی و چەقی بڕیارە سیاسییەکان دەركەوت [5].

ئەزموونی “ویلایەتی فەقیه”ی ئێران لە هەردوو قۆناغەكەیدا و لە مێژووی 47 ساڵەی خۆیدا لەگەڵ “قوتابخانەی نەجەف” كە ئێستا ئایەتوڵڵا سیستانی رێبەرایەتی دەكات، ڕووبەڕووی بەریەککەوتنێکی فیکری و ستراتیژی دەبێتەوە. سیستانی کە نوێنەرایەتیی مۆدێلێکی سەدان ساڵەی “نا-ڕەها” لە ویلایەتی فەقیهـ دەکات، لە ڕووی تیۆرییەوە پشتیوانی لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆی پیاوانی ئایینی لە جومگەکانی دەسەڵاتدا ناكات، لە بری ئەوەش مۆدێلێکی “مەدەنییانەتر” بۆ حوکمڕانی پێشنیار دەکات. لە دیدگه‌ی قوتابخانەی نەجەفدا، ئەرکی پیاوی ئایینی بریتی نییە لە گرتنەدەستی پۆستی فەرمی یان بەڕێوەبردنی حکوومەت، بەڵکوو پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵگە و ڕێنماییکردنی ڕەوشتییە[6]. هەرچەندە ئایەتوڵڵا سیستانی لەدوای ٢٠٠٣وە وەک کارەکتەرێکی سیاسیی یەکلاکەرەوە دەرکەوتووە (بەتایبەت لە ڕێگەی دەستوەردان لە دەستوور و فەتوای مێژووییی “جیهادی کیفائی” دژی داعش و كۆمەڵێك جومگەی دیكە)، بەڵام ئەم دەستێوەردانانە لای ئەو نەک وەک “هەوڵێک بۆ حوکمڕانی”، بەڵکوو وەک ئەرکێکی “پارێزگاری لە دەوڵەت” و قەوارەی نیشتمانی پێناسە دەکرێن.

جیاوازییەکی تری بنەڕەتی لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا، پرسی “سنوورە نیشتمانییەکان”ـە؛ مەرجەعییەتی نەجەف ڕێز لە سەروەریی دەوڵەت و سنوورە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت و ناسنامەی شیعە لە چوارچێوەی نیشتمانپەروەریدا دەبینێتەوە. لە بەرامبەردا، تیۆری ویلایەتی فەقیهی ئێرانی، تیۆرێکی “تێپەڕێنەری سنوورەکانە”؛ ئەم مۆدێلە داوای وەلائی سیاسی ڕەها لە هەموو شیعەکانی جیهان دەکات بۆ “وەلیی فەقیهـ”، بێ گوێدانە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانییان. ئەمەیش وا دەکات هەژموونی تاران لە ڕەهەندێکی ئایینییەوە بەرەو پڕۆژەیەکی جیۆپۆلیتیکیی فراوانتر هەنگاو بنێت.

ڕكابەرەكانی ویلایەتی فەقیهـ لە نەجف و قومدا

هەرچەندە تێزی “ویلایەتی فەقیهـ” وەک بەرهەمێکی ڕەسەنی حەوزەی ئایینیی قوم وێنا دەکرێت، بەڵام وردبوونەوە لە نەخشەی فیکریی شیعە نیشانی دەدات کە ئەم مۆدێلە تەنانەت لەناو جەرگەی قومیشدا بێڕکابەر نەبووە. لووتکەی مەرجەعییەتی تەقلید لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، نەک تەنیا لەگەڵ دیدگه‌ی سیاسیی خومەینی و خامنەیی تەبا نەبوون، بەڵکوو کۆمەڵێک تێزی جێگرەوە (بەدیل) یان پێشنیار کردووە کە شەرعییەتی “حوکمڕانیی ڕەهای فەقیهـ” دەخەنە ژێر پرسیارەوە. دیارترین ئەو تێڕوانینە جیاوازانە بریتین لە: تێزی “ویلایەتی ئوممەت بەسەر خۆیەوە” کە تێیدا سەرچاوەی دەسەڵات بۆ خەڵک دەگەڕێنرێتەوە؛ پرۆژەی “شوورای مەرجەعەکان” کە وەک پەرچەکردارێک دژی تاکڕەویی ڕێبەر، داوای بڕیاری بەکۆمەڵ دەکات؛ تەنانەت ڕەوتی نەریتییش لە سەردەمی پەنهانی ئیمامدا (الغیبة) لە بنەڕەتەوە لەگەڵ ویلایەتی سیاسی شەرعزاندا نییە[7]، لەم میانەیەشدا مەرجەعە هەرە باڵاکانی وەک “ئایەتوڵڵا محەمەدعەلی ئەراکی” و “ئایەتوڵڵا محەمەدڕەزا گوڵپایگانی”، سەرەڕای نیشتەجێبوونیان لە ئێران، تا کۆتاییی تەمەنیان لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكان بڕوایان بە “دەسەڵاتی ڕەهای فەقیهـ” نەبووە و پارێزگارییان لە سەربەخۆییی مەرجەعییەت کردووە. لە ئێستایشدا، “ئایەتوڵڵا وەحید خۆراسانی” کە وەک یەکێک لە پایە هەرە بەهێزەکانی حەوزەی قوم دەبینرێت، نوێنەرایەتیی ئەو دەنگە کاریگەرە دەکات کە بەتوندی دژی ئاوێتەکردنی “دامەزراوەی مەرجەعییەت”ە لەگەڵ “حوکمڕانیی سیاسی”[8].

ئەم درزە فیکرییانەی نێوان “ویلایەتی فەقیه”و دژبەرەكانی لە قوم کاتێک قووڵتر بوونەوە کە “پراگماتیزمی سیاسی”ی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی دروشمە مەزهەبییەکان وەستایەوە. دەوڵەتی ئێران لە هەندێك وێستگەدا ناچار بووە لە پێناو “بەرژەوەندیی باڵای سیسته‌م” (مصلحة النظام)، هەندێک لە بنەما فیقهییەکان پشتگوێ بخات یان مامەڵەی سیاسی لەگەڵ لایەن و دەوڵەتانێکدا بکات کە بەتەواوەتی لەگەڵ بنەما مەزهەبییەکانی تاراندا ناکۆکن.

لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، دامەزراوەی ویلایەتی فەقیهـ بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆی، پەنای بۆ ستراتیژی “پاکتاوی فیکری و سیاسی” بردووە. ئەو پێڕستەی مەرجەع و بیرمەندانەی کە بەهۆی دیدگه‌ ڕەخنەیییەکانیانەوە ڕووبەڕووی گوشاری سیسته‌ماتیک بوونەتەوە، یەکجار درێژە؛ ئەمە لە کەسایەتییە باڵاکانی وەک “ئایەتوڵڵا شەریعەتمەداری” و “ئایەتوڵڵا مونتەزیری”یەوە دەست پێ دەکات —کە ڕۆژانێک لە جەمسەرە هەرە بەهێزەکانی مەرجەعییەت بوون— و تا دەگاتە ڕۆشنبیرانی وەک “عەبدولکەریم سروش” و “موحسین کەدیوەر” و سەرجەمیان بەجۆرێك لە جۆرەكان یان دەستبەدەركراون یان خراونەتە ژێر زەبرەوە.

ئەم گوشارە بەردەوامانە بوونەتە هۆی ئەوەی حەوزەی ئایینیی قوم، وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ، پێگەی مێژووییی خۆی لەدەست بدات و تا ئاستێکی زۆر لەناو پڕۆژە سیاسییەکەی “خومەینی-خامنەیی”دا بتوێتەوە[9]. لێرەدا، حەوزە لە “ناوەندێکی بەرهەمهێنانی مەعریفەی ئایینیی سەربەخۆ”وە، گۆڕدراوە بۆ “ئامرازێکی شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی سیاسی”. لە بەرامبەردا، مۆدێلی نەجەف وەک جەمسەرێکی پێچەوانە دەردەکەوێت؛ دامەزراوەیەک کە سەرەڕای هەموو ئاڵنگاری و یەخانگیرییەكان، توانیویەتی سەربەخۆییی خۆی لە دەسەڵاتی سیاسی بپارێزێت و بە پابەندبوون بە تیۆری “ویلایەتی بەرتەسک و سنوردار” (الولایة المحددة)، ڕێگری بکات لەوەی ئایین ببێتە پاشکۆی ئەجێندا سیاسییە کاتییەکان.

 هێزی ڕاستەقینەی “ویلایەتی فەقیهـ” تەنیا لە فەتوادا نییە، بەڵکوو لە دامەزراوەییبووندایە. پڕۆژەی ئێرانی چەند سەرچاوەیەكی هێزی هەیە کە مەرجەعییەتە نەریتییەکانی وەک نەجەف تا ڕاددەیەك نییانە، ئەوانیش بریتین لە: شەرعییەتی دەستووری و یاسایی، کە دەسەڵاتی ڕەهای پێ دەدات، تۆڕی ئابووری و سەربازی، بەتایبەت سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە لەگەڵ دیسپلینی ڕێکخراوەیی؛ لە کاتێکدا مەرجەعە نەریتییەكانی تر تەنیا پشت بە “شوێنکەوتەی ئایینی” دەبەستن.

سیناریۆكانی پاش خامنەیی: جیهانی شیعە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا

نەمانی کتوپڕی ئایەتوڵڵا خامنەیی، تەنیا بۆشایییەک لە لووتکەی دەسەڵاتی تاراندا دروست ناکات، بەڵکوو لەرزە لە تەواوی ئەو جوگرافیا سیاسییەی شیعە دەدات کە لەژێر چەتری “ویلایەتی فەقیهـ”دا کۆ کراونەتەوە. هەرچەندە پشتئەستوور بە دەستوور، لە نۆیەم ڕۆژی كوژرانی ئایەتوڵڵا خامنەییدا موجتەبای كوڕی بە جێگرەوەی دیاری كرا، بەڵام دۆخەكە لەم هەنگاوە ئاڵۆزترە:

بەپێی دەستوور، ئەرکی دیاریکردنی ڕێبەری نوێ لە ئەستۆی “ئەنجومەنی شارەزایان”دایە (کە لە ٨٨ شەرعزان پێک دێت)[10]، بەڵام ئەم ئەنجومەنە لە مێژووی خۆیدا و پێش لە ڕاگەیاندنی موجتەبا وەك ڕابەر تەنیا یەک جار (لە ساڵی ١٩٨٩دا) ئەم دەسەڵاتەی بەکار هێناوە؛ ئەو کاتەیش بڕیارەکە زیاتر دەرەنجامی ڕێککەوتنێکی سیاسیی پشتپەردە بوو نەک پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی نموونەیی[11].

لە ئەزموونی دووەمیشدا کە لە سایەی دۆخی جەنگدا بەڕێوەچوو، جێبەجێکردنی ماددەی پێنجەمی دەستوور (کە داوای شەرعزانێکی “دادپەروەر، سەردەمانە، ئازا و خاوەن لێهاتوویی بەڕێوەبردن” دەکات[12]) زیاتر وەک مەیدانخوازییەک جێبەجێ کرا. لەبەر پاساوە ئەمنی و سیمبولییەکان و لەژێر هەژموونی “بەیتی ڕێبەر”دا، ئەم کەوا گەورەیە لەبەری موجتەبای کوڕی ئایەتوڵڵا خامنەیی كرا؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو سەرباری هێزە شاراوە و کاریگەرییەکانی لە پشتپەردەدا، هێشتا لەسەر ئاستی جەماوەری وەک کەسایەتییەکی دیار دەرنەکەوتووە.

  لەبەر ڕۆشناییی ئەم پێشهاتە جومگەییەش دەشێت چەند پێشهات و سیناریۆیەك لەبەردەم “ولایەتی فەقیهـ”ی ئێران و دەسەڵاتی ئایینیی شیعە لە ناوچەكەدا پێشبینی بكرێت:

یەكەم، لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران:

  1. ڕێبەرێکی پەنهان؛ تێڕوانینی ناوەندە دەرەکییەکان: ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لەگەڵ بژاردەی ڕێبەرێکی “ڕەها” بۆ ئێران نین، بەتایبەت موجتەبا و ئەمەشیان ڕاگەیاندووە[13]. ئەم ناڕازیبوونە، ئەگەری تیرۆرکردن وەک بژاردەیەکی کراوە دەهێڵێتەوە، ئەمەش وڵاتەکە بەرەو قەیرانی شەرعییەتی سەرکردایەتی دەبات. لە دۆخێکی وەهادا، پاراستنی ئاسایشی کەسی دەبێتە لەپێشینەترین ئەرکی ڕابەر، ئەمەش ناچاری دەکات لە پەنهانیدا بمێنێتەوە و لە هەموو جۆرە دەرکەوتنێکی گشتی بەدوور بگرێت.
  2. ڕێبەری میراتگر:  لەپاش كوژرانی باوكی بەبێ بیركردنەوە موجتەبا وەك جێگرەوەی باوكی تەماشا دەكرا[14]. دواتریش “ئەنجومەنی شارەزایانی سەرکردایەتی” (خبرگان) بە فەرمی وەک ڕێبەر ڕایانگەیاند؛ بەم هەنگاوەش کۆماری ئیسلامیی ئێران چووە قۆناغی “میراتگریی سیاسی” و بە کردەیی دواین تایبەتمەندییەکانی کۆماریبوونی ڕاستەقینەی لەدەستدا. لایەنی ئەرێنیی ئەم بژاردەیە بۆ سیستەمەکە ئەوەیە کە موجتەبا خامنەیی لە وردەکاریی دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکاندا نوقم بووە و خاوەن توانای بڕیاردانی خێرایە؛ ئەمەش بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە کاتی قەیرانەکاندا فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە. تەنانەت ڕزگاربوونی لە هەوڵی تیرۆرکردن، دەکرێت وەک ئاماژەیەک بۆ هەبوونی پلانێکی پێشوەختەی جێگرتنەوەی باوکی لێک بدرێتەوە. ناوبراو توانای ئەوەی هەیە باڵە کەنارگیر و شۆڕشگێڕ و خاوەن هەژموونەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، هاوکات خاوەن دەسەڵاتی سیاسییە بۆ سازش و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا. بەڵام کێشەی گەورە لەوەدایە کە موجتەبا وەک “مەرجەعێکی تەقلید” ناناسرێت و پلەی “ئایەتوڵڵا”ی بە شێوەیەکی تیۆری پێ بەخشراوە؛ ئەو بە پێچەوانەی مەرجەعەکان، خاوەنی “الرسالة العملية” نییە. بەرزکردنەوەی ئەو بۆ مەقامی ڕێبەری، دەکرێت ناڕەزایەتییەکی قووڵ لەناو حەوزە ئایینییەکاندا دروست بکات کە دژی “میراتگریی ئایینی” (تەوریس)ن.
  3.  ڕابەرێكی ڕەمزی و بێدەسەڵات:  هەر کەسێک لە جێگرەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی دا دیاری بكرایە  (جگە لە موجتەبا)، ئەگەر هەبوو زیاتر ناوێکی ڕەمزی بێت. لەم سیناریۆیەدا، کاریزمای ئایینیی ڕێبەر کاڵ دەبوویەوە و دەسەڵاتی ڕاستەقینە دەکەوتە دەست دامەزراوە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران. واتە سیستەمەکە لە “تیۆکراسییەکی مەرجەعییەت”ەوە دەگۆڕا بۆ “تاقمێكی ئەمنی و سیاسی” كە ئێستا جەنگەكە بەڕێوە دەبەن. لەم سیناریۆیەشدا موجتەبا بەدەر نییە، چونكە سەرباری ئەوەی لەسەر تواناكانی و لێوەشاوەیی دەگوترێت، جگە لە میراتگری زیاتر وەک “کاندیدی سوپای پاسداران” دەبینرێت نەک وەک مەرجەعێکی ڕۆحی ڕاستەقینەی پێگەیشتوو. 
  4. مۆدێلی نەجەف وەک پەناگە: بەهۆی ئەو تەنگژانەی ویلایەتی فەقیهـ بۆ ئێرانی دروست کردووە، دەشێت ڕەوتێکی ناوخۆیی دروست بێت کە داوای گەڕانەوە بۆ مۆدێلی ویلایەتی سنووردار یان بێدەنگ (هاوشێوەی نەجەف) بکات؛ مۆدێلێک کە تێیدا مەرجەع تەنیا ئامۆژگاریکار بێت نەک حوکمڕان. ئەمە دەبێتە هۆی بچووککردنەوەی دەسەڵاتەکانی ڕێبەر لە بەرژەوەندیی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی تردا.
  5. بووژانەوەی حەوزەی سەربەخۆ: نەمانی خامنەیی ئەگەری بووژانەوەی حەوزەی قوم دەڕەخسێنێت تا دووبارە سەربەخۆییی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. لەناو ئەم حەوزەیەدا مەرجەعی كاریگەر هەن كە ئەم ڕەوتە پێیان وایە مەرجەعییەت تەنیا لەبەردەم خودا و ئیمامدا بەرپرسیارە، نەک لەژێر ڕکێفی مەقامە سیاسییەکاندا [15]، ئەگەر موجتەبا وەك باوكی نەتوانێت پێشیان پێ بگرێت ئەوە دەشێت وەك لەمپەرێك لەبەردەم ویلایەتی فەقیهدا ببوژێنەوە.

دووەم: لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و جیهانی شیعە

نەمانی خامنەیی تەنیا لەرینەوەیەک نییە لە ناوخۆی ئێران، بەڵکوو بوومەلەرزەیەکە بۆ ئەو بونیادە “بان-نەتەوەیی”یەی کە بۆ چەندان دەیە لە لوبنان، عێراق، یەمەن، بەحرێن و تەنانەت لە نێوان شیعەکانی پاکستان و هیندستانیشدا چێنراوە، پڕكردنەوەی ئەمەش بە كوڕەكەی كە پێشتر كەس گوێی لە وتارێكی دەنگ و ڕەنگی نەبووە هەروا ئاسان نییە.

لێرەدا دەتوانین گرنگترین ئاڵۆزییەکان لە چەند خاڵێکدا چڕ بکەینەوە:

  1. هاوپەیمانیی سیاسیی شیعە “وەلائییەکان” لە ناوچەکەدا، پێوەندییەکی ڕۆحی و عەقیدییی قووڵیان بە شەخسی خامنەیییەوە هەبوو. نەمانی ئەو، دەشێت ئەم پەیوەندییە لە “تەقلیدی مەزهەبی”یەوە بگۆڕێت بۆ تەنیا “هاوپەیمانیی سیاسی”. واتە گرووپە چەکدارەکان و حزبەکان، لەمەولا ئێران وەک “سەرچاوەی شەرعییەت” نەبینن، بەڵکوو وەک “هاوبەشێکی ستراتیژی”. ئەمەیش وا دەکات پەیوەندییەکە لە “کەسی و کاریزماتیک”ەوە بەرەو “دامەزراوەییبوون” بڕوات، کە بێ گومان کاریگەری و تینی جاران نامێنێت.
  2. هەژموونی سیستانی بۆ ماوەی دوو دەیە، ململانێیەکی ساردی لەگەڵ هەژموونی خامنەییدا هەبوو. تاران لە ڕێگەی “ڕژاندنی پارە” و مووچەی فەقێیەکان و وەبەرهێنان لە نۆژەنکردنەوەی مەزارگەکاندا، هەوڵی دەدا پێگەی نەجەف لاواز بکات و قورساییی فەتوا بۆ ئێران بگوازێتەوە[16]. بەڵام نەمانی خامنەیی گوشارەکان لەسەر نەجەف کەم دەکاتەوە. جێگەی سەرنجە کە سیستانی، هەرچەندە لە عێراقە بەڵام ڕەچەڵەکی ئێرانییە و لە ناوخۆی ئێرانیشدا شوێنکەوتەیەکی زۆری هەیە. دوای خامنەیی، ئەگەری هەیە جەمسەربەندییەکە بە لای خۆیدا بشکێنێتەوە.
  3. بۆ گرووپە “ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕەکان” لە عێراق و حزبوڵڵا لە لوبنان، خامنەیی تەنیا هاوپەیمان نەبوو، بەڵکوو “سەرچاوەی شەرعییەتی کۆتایی” بوو بۆ چەکهەڵگرتن. ترسی شیعە لێرەدایە: ئایا موجتەبا خامنەیی دەتوانێت ڕێبەرێکی نوێی “کاریزماتیک” بەرهەم بهێنێت کە بتوانێت نەک تەنیا لە تاران، بەڵکوو لە “بەیرووت و بەغدا”ش گوێڕایەڵیی بۆ دروست بێت؟ ئەگەر ڕێبەری نوێ نەتوانێت ئەو شەرعییەتە لاهووتییە بەرهەم بهێنێتەوە، ئەوە میحوەرەكەی ڕووبەڕووی قەیرانی ناسنامە دەبێتەوە و لە گرووپێکی عەقیدیییەوە دەگۆڕێت بۆ گرووپێکی میلیشیاییی ناوخۆیی کە تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی شەڕ دەکات.
  4. باوەڕ وەهایە ئیسلامی سیاسیی شیعی لە عێراق، کە ساڵانێکی زۆر پشتی بە قورساییی ئێران بەستبوو، بە نەمانی خامنەیی بەشێکی زۆر لە وزە و زەبری خۆی لەدەست دەدات. ئەم گرووپانە ناچار دەبن زیاتر پشت بە “ڕەسەنایەتیی ناوخۆیی”ی خۆیان ببەستن نەک ئەو پشتیوانییە دەرەکییەی کە چوار دەیە بوو وەک دارشەقە بەکاریان دەهێنا.
  5. سیناریۆی میراتگریی ئایینی کە لە ئێراندا خرایە ڕوو، وەک پێشینەیەک سێبەر بەسەر نەجەفیشدا دروست دەکات و دەبێتە جێگەی مشتومڕ؛ چونکە لە کاتێکدا سیستانی تەمەنی ٩٦ ساڵە، محەمەد ڕەزای کوڕی پلەی موجتەهیدی هەیە و جڵەوی ئۆفیسەکەی باوکی لەدەستدایە. لەمەودوا پرسیاری سەرەکی دەبێتە ئەوەی: ئایا ئەویش وەک موجتەبا جێگەی باوکی دەگرێتەوە؟

دەرەنجامەكان

نەمانی خامنەیی و هەوڵی جێگرتنەوەی بە میراتگری تەنیا گۆڕینی کەسایەتییەک نییە، بەڵکوو کۆتاییهاتنی مۆدێلی “ڕێبەرایەتیی ڕەها”ی خاوەن كاریزمایە کە بۆ چوار دەیە جیهانی شیعە وەلائییەكانی لە دەوری چەقێكدا کۆ کردبووەوە و لە سایەی ئەم گۆڕانگارییەشدا ئەم ئەگەرانە لە رێگای شیعەدان.

_ سیستەمی “ویلایەتی فەقیهـ” ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی وجوودی دەبێتەوە. پێشبینی دەکرێت شەرعییەتی “ئایینی و شۆڕشگێڕی” جێگەی خۆی بۆ شەرعییەتی “سەربازی و ئەمنی” چۆڵ بکات، چونکە توانای موجتەبا خامنەیی بۆ كۆكردنەوەی لایەنی ئایینی و سیاسی قورسە.

_ بە نەمانی خامنەیی، پێگەی مەرجەعییەتی نەجەف (مۆدێلی سیستانی) وەک مەرجەعێکی دوورەپەرێز لە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ، چانسی بەهێزبوونی دەبێت. ئەمەیش شوێنکەوتووانی شیعە لە ناوچەکەدا بەرەو ناسنامە نیشتمانییە لۆکاڵییەکانی خۆیان دەگەڕێنێتەوە.

_ دەشێت بەرەی مقاوەمەی ئێرانی لە پاشکۆیەکی عەقیدییەوە بگۆڕێت بۆ “هاوپەیمانییەکی سیاسی”. لێرە بەدواوە، ئێران دەبێت لە ڕێگەی بەرژەوەندیی هاوبەش و پشتیوانیی دارایییەوە گرووپەکان ڕابگرێت، نەک تەنیا لە ڕێگەی فەرمانی لاهووتیی و پێگەی هەرە باڵای خودی “وەلیی فەقیهـ”ەوە.

_ کێبڕکێی نێوان “میراتگریی بنەماڵەیی” و “سەربەخۆییی حەوزە” دەبێتە خاڵی وەرچەرخان. هەرچەندە سوپای پاسداران هەوڵی پاراستنی سەقامگیری دەدات، بەڵام درزی نێوان دامەزراوەی ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی قووڵتر دەبێتەوە.

[1]   الخميني، روح الله. الحكومة الإسلامية في فكر الإمام الخميني. إعداد: جمعية المعارف الإسلامية الثقافية، متاح علی: https://2h.ae/kaNeF

[2]  مركز الإشعاع الإسلامي. “ما معنى ولاية الفقيه، وما هي حدودها؟”. [أونلاين]. متاح على: https://2h.ae/MXSSM 

[3]  غازي، وداد جابر، والبحراني، أمل عباس. “إيران وولاية الفقيه: قراءة في ضوء الدستور الإيراني.” مجلة المستنصرية للدراسات العربية والدولية، المجلد ١٥، العدد ٦٣ (شباط ٢٠١٩): ١-٢٨. متاح على:  https://2h.ae/EgPzK

[4]  بڕوانە: سامر القنشاوي، قراءة في الدستور الإيراني: ولاية الفقيه فوق القانون.” [أونلاين]. موقع درج ميديا متاح على: [https://daraj.media/قراءة-في-الدستور-الايراني-ولاية-الفقي/]

[5]  بي بي سي نيوز عربي. “خلافة خامنئي: كيف يختار مجلس الخبراء المرشد الأعلى في إيران؟.” [أونلاين]. متاح على:  https://2h.ae/vvNfq

[6] الموقع الرسمي لمكتب السيد السيستاني. “أرشيف الاستفتاءات: الشأن العراقي.” [أونلاين]. متاح على:    https://2h.ae/qdBMx

[7] الموسوعة السياسة. “ولاية الفقيه.” [أونلاين]. متاح على:   https://2h.ae/qwmWS

[8]  علي المؤمن، مبدأ ولاية الفقيه بين النجف وقم.” [أونلاين]. متاح على  https://2h.ae/swfBH 

[9] المعهد الدولي للدراسات الإيرانية (رصانة). “موقف النظام الإيراني من المراجع ورجال الدين المستقلين.” [أونلاين]. متاح على: https://2h.ae/EKRmX

[10]  الجزيرة نت. “مجلس خبراء القيادة الإيراني.” موسوعة الجزيرة. [أونلاين]. متاح على:  https://2h.ae/Doqya 

[11]  قناة الكاشف  “فيديو مسرّب | جلسة اختيار السيد الخامنائي قائداً لإيران بشكل مؤقت.” [فيديو]. يوتيوب، ١٤ يناير ٢٠١٨. متاح على:  https://2h.ae/vdCWg  

[12] الموسوعة السياسة. “ولاية الفقيه.” [أونلاين]. متاح على   https://2h.ae/qwmWS

[13]  سي إن إن بالعربية. 2026. “ماذا قالت أمريكا وإسرائيل عن مجتبى خامنئي المرشد الأعلى الجديد لإيران؟”. سي إن إن بالعربية، 9 مارس/آذار 2026 https://2h.ae/ikXyU

[14]  موقع حفريات. “مجتبى خامنئي: وريث الظل.” [أونلاين]. متاح على: [https://hafryat.com/ar/blog

[15]  قناة الكاشف (Al-Kashif). “نار تحت الرماد ! | زعيم الحوزة الشيخ الوحيد الخراساني يهدد المسؤولين والبرلمان الإيراني.” [فيديو]. يوتيوب، ١٤ يونيو ٢٠٢٠. متاح على:  https://2h.ae/KzfHv  

[16]  نون بوست  “تقرير تحليلي حول مراكز القوى في إيران.” [أونلاين]. متاح على : [https://2h.ae/tqVZr 




سووریای ئومەوی و عێراقی شیعی؛ ململانێی مێژوو لە ئاوێنەی جیۆپۆلیتیكی نوێدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

دەسپێک

کەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە کۆتاییی ٢٠٢٤دا، تەنیا گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی نەبوو، بەڵکوو وەک وەرچەرخانێکی جیۆپۆلیتیکی و “چرکەساتێکی جومگەیی” هەژمار دەکرێت کە تەواوی هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەی هەژاند. ئەم ڕووداوە مێژوویییە، لێکەوتە و شەپۆلەکانی بەخێرایی پەلیان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی سووریا هاوێشت و کاریگەریی ڕاستەوخۆ و قووڵی لەسەر پێگەی شیعە لە عێراق و ئێراندا دروست کرد.

ئەم شرۆڤەیە تیشک دەخاتە سەر سەرەتای قۆناغی هەڵوەشانەوەی ئەو “جەمسەرگیرییە مەزهەبییە سنووربڕەی” کە لەدوای ٢٠١١وە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەی کێشابوو؛ هەروەها هەڵوەستە لەسەر ئەو قەیرانە جەوهەری بونیادییە دەکات کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سووریاوە، لە ساڵی ڕابردوودا بەرۆکی “ماڵی شیعی”ی لە عێراقدا گرتووە.

سووریای پاش ئەسەد: وەرچەرخانی جیۆپۆلیتیكی و هەڵوەشانەوەی میحوەرە كۆنەكان

هەرچەندە دەسەڵاتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی “ئەحمەد شەرع” هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گوتاری “ئۆپەراسیۆنی ئازادکردن”ەوە شەرعییەت بۆ خۆی کۆ بکاتەوە، بەڵام واقعی ساڵێکی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە، ئاماژە بە پاشکۆیەکی سیاسی دەکەن. سووریای دوای ئەسەد، کە ئێستا لە هەژموونی ئێران و ڕووسیا چۆتە دەرێ، کەوتووەتە ژێر ڕکێفی سێگۆشەی (واشنتۆن، ئەنقەرە و وڵاتانی کەنداو) و پاشکۆی پێداویستییە ئەمنییەکانی ئیسرائیلە[1]. لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ڕۆڵی لە دانانی شەرع و ئاشکراکردنی مەرجە توندەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ دەسەڵاتەكەی شەرع لەلایەن “هاکان فیدان”ەوە[2]، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە سووریای نوێ بەشێکە لە ئەجێندایەکی نێودەوڵەتی کە ئامانجی گۆشەگیرکردنی میحوەری ئێرانی و قووڵکردنەوەی قەیرانی لایەنە شیعییەکانە لەناوچەکەدا.

ئەم پێشهاتە سیاسییانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە “سووریای نوێ” بەشێکە لە پڕۆژەیەکی فرەڕەهەندی نێودەوڵەتی کە ئامانجی گۆشەگیرکردنی میحوەری ئێرانییە. پاڵپشتییە دەرەکییەکانی سووریای نوێ تەنیا لە چوارچێوەی لێدواندا نەماونەتەوە، بەڵکوو وەرچەرخاونه‌ بۆ کۆمەڵێک هەنگاوی کردەیی کە قەیرانی لایەنە شیعییەکان و نەیارەکانی تری دیمەشق قووڵتر دەکەنەوە، لەوانە: هەڵگرتنی گەمارۆ مێژوویییەکانی ئەمریکا، بەڵێنی ملیارەها دۆلاری وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا بۆ ئاوەدانکردنەوە و، بەئەندامبوونی سووریا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش-ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر سەرکردەکانی ئێستای دیمەشق وەک “تیرۆریست” ناسێنرابوون-، هەروەها چڕبوونەوەی سەردانە دیپلۆماسییەکانی واشنتۆن، ئەنقەرە و ڕیاز، واژۆکردنی گرێبەستە ستراتیژییەکان و، هەماهەنگی بۆ کشانەوەی سوپای ئەمریکا و ڕادەستکردنی بنکەکان بە هێزە نوێیەکانی سووریا (کە بەشێکیان لە گرووپە جیهادییەکانی پێشوو پێک دێن)؛ هه‌موو ئه‌مانه‌ ئاماژەن بۆ داڕشتنەوەی تەواوەتیی نەخشەی هێز لەناوچەکەدا.

ئەم پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە بەرفراوانە بۆ سووریا، لە ڕاستیدا باجەکەی دابڕانی یەکجاریی دیمەشقە لە بلۆکی (ئێران – ڕووسیا)؛ ئەو میحوەرەی کە پێشتر هێزە شیعییەکانی عێراق وەک بناغەیەک بۆ پڕۆژەی حوکمڕانیی خۆیان لەناوچەکەدا سەیریان دەکرد. دوای پازدە ساڵ لە بەکارهێنانی دروشمی “پاراستنی مەزارگەکان” بۆ پاساودانی هەژموونی میلیشیاکان، ئێستا پێگەی ئێران لە سووریا بەرەو پووکانەوەی تەواوەتی دەچێت. گرووپە چەکدارە عێراقییەکان نەک هەر قوربانییەکی زۆریان داوە (کە دەگوترێت لە سێ هەزار کوژراو تێپەڕی کردووە)، بەڵکوو هەموو دەستکەوتە سیاسی و سەربازییەکانیشیان لەدەست داوە. ئەم گۆڕانکارییە بووەتە هۆی دروستبوونی دژایەتییەکی توند؛ بە جۆرێک دیمەشق وەک دوژمنێکی سەرسەخت مامەڵە لەگەڵ بەرەی ئێرانی دەکات. ئەمەیش ڕەنگدانەوەی ئەو ململانێ ئایدیۆلۆژییە قووڵەیە کە لەنێوان سەلەفیزمی سوننیی دەسەڵاتدار و شیعەی چەكدار و عەقیدەییدا هەیە.

سووریای نوێ لە ئاوێنەی “سوفیانی”دا؛ تێكەڵبوونی گێڕانەوە كەلەپوورییەكان و دڵەڕاوكێی سیاسی

لەنێو گێڕانەوە ئایینییەکان و دەقە کەلەپوورییە متمانەپێکراوەکانی شیعەدا، زۆر باس لە بزووتنەوەیەک دەکرێت بە ناوی “سوفیانی” کە وڵاتی شام کۆنترۆڵ دەکات و یەکی دەخاتەوە. بەپێی ئەم گێڕانەوانە، ئەم بزووتنەوەیە، کە کەسایەتییەک سەرۆکایەتیی دەکات، پاش شەڕی “تورک” دەچێتە نێو خاکی عێراقیشەوە و لەناوچەکانی حیجاز و فەڵەستین لەگەڵ لەشکری شیعە بە ڕێبەرایەتیی “ئیمامی دوازدەیەم” تووشی پێکدادانی سەربازیی گەورە دەبن[3]؛ ئەگەرچی لەناوەندی شیعیدا مشتومڕێکی زۆر و جیاوازیی بیروڕا هەیە لەسەر وادەی جێبەجێبوون و گونجاندنی ئەم گێڕانەوانە بەسەر ڕووداوەکانی ئێستای سووریادا، چونكە دەقە شیعییەكان باس لە شتێكی جیاوازاتر دەکەن: سەركردەی ئەم بزووتنەوەیە لە نەوەی “بەنی ئومەیە”یە و لە نزیك دیمەشق یان دەرعای باشووری سووریاوە دەردەكەوێت، تەمەنی دەسەڵاتەکەیشی  تەنیا ١٥ مانگ دەخایەنێت و پێش سەردەمی دەركەوتنی “مەهدی”یە[4].

هەندێك لە لێكدانەوەی ناوەندە ئایینییەكان پێیان وایە نیشانەکانی “سوفیانی” لە کەسایەتیی “ئەحمەد شەرع”دا بەدی ناکرێن، چونکە ئەو کارەکتەرە گریمانکراوەی ناو دەقەکان بە “کوشتن و بڕین” لە دیمەشق دەست پێ دەکات و شەڕی تورك دەكات ئەوجا شیعە؛ لە کاتێکدا گۆڕانکارییەکەی ئێستا بەو شێوەیە نەبووە[5]. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، لەنێو “بیری سیاسیی شیعی”دا، وێنای پێکدادان لەگەڵ سوننەگەراییی شام وەک بابەتێکی حەتمی و بێ ئەملاوئەولا دەبینرێت. زۆر جار لە ئێستادا گرووپە تەکفیرییەکانی سوننە لە سووریا بە “سوفیانی” ناوزەد دەکرێن، چونکە بڕوایان بە جەنگ و لەناوبردنی هەموو ئەوانە هەیە کە لەگەڵیاندا جیاوازن، کە لە سەرووی هەموویانەوە “شیعە” وەک نەیاری یەکەم دادەنێن[6].

لە لایەکی ترەوە، هەندێک کەسایەتیی نزیک لەناوەندەکانی بڕیار و سەركردە شیعەكانی عێراق باس لەوە دەكەن کە “نیوەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە” لە عێراق وا بڕوا دەکەن کە ئەحمەد شەرع هەمان کارەکتەری سوفیانییە([7])؛  ئەمەیش وا دەکات وەک دوژمن و نەیارێکی سەرسەختی مەزهەبی سەیری بکەن و وا تێ بگەن کە بەریەککەوتنی سەربازی و سیاسی لەگەڵیدا  تەنیا مەسەلەی کاتە و، هەمیشە لێی بەگومانن.

سووریای ئومەوی بەرامبەر عێراقی شیعی: ململانێی ڕابردوو لە ئاوێنەی ئێستادا

سووریا كە زیاتر لە پێنج دەیەی پێشوو مۆڵگەی حوکمڕانیی “عەلەوییەکان”ی هاوپەیمانی ئێران و شیعە بوون، بە درێژاییی مێژوو وەک یەکێک لە گرنگترین مەڵبەندە سوننییەکان ناسراوە. جگە لە میراتی دەوڵەمەندی ئومەوییەکان، شوێنەوار و ئارامگه‌ی کەسایەتییە ناودارەکانی وەک (سەڵاحەددینی ئەیوبی، ئیبن تەیمیە) و، میراتی (زەنکی، ئەیوبی، مەمالیک و عوسمانییەکان)ی تێدا کۆ بووەتەوە. گەورەترین گۆڕەپانی پایتەخت و گەورەترین مزگەوتی مێژوویی و شوێنەواریی ئەو وڵاتە هەر بە ناوی ئومەوییەکانەوەیە (الجامع الأموي).

ئەو ڕۆژەی ڕژێمی ئەسەد هەرەسی هێنا و ئەحمەد شەرع چووە ناو دیمەشق، یەکەم وتاری خۆی لە مزگەوتی ئومەوییەکان پێشکەش کرد (کە وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک لە ساڵانی ٧٠٧-٧١٥ز بنیاتی ناوە). ئێستا بۆ هەموو بۆنە نیشتمانی و ئایینییەکان، ئەو مزگەوتە ڕووگەی سەرەکیی دەسەڵاتە نەک کۆشک و گۆڕەپانە گشتییەكان[8]؛ لە ئێستایشدا لە ئەدەبیاتی سیاسی و گوتاری فەرمیی ڕژێمی نوێی سووریادا، ئاڕاستەیەکی ڕوون و بەرچاو بەرەو شانازیکردن بە میراتی ئومەوی و سەروەرییە  مێژوویییەکانی شام بەدی دەکرێت كە لە ساڵی ٦٦١ی زایینیدا، دیمەشقیان كردە پایتەختی دەسەڵاتێکی مەزنی ئومەوی بە ڕێبەرایەتیی “موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان”.

ئەم دەسەڵاتە سوننییە توانیی بۆ ماوەی نزیکەی سەدەیەک ئیمپراتۆرییەتێک بەڕێوە ببات کە سنوورەکانی لە ئیسپانیاوە تا سنوورەكانی ئێستای وڵاتی چین درێژ دەبووەوە؛ ئەمەیش بەرفراوانترین و گەورەترین پانتاییی جوگرافییە کە لە تەواوی مێژووی ئیسلامیدا تۆمار کرابێت[9]. لەم میراتە دەوڵەمەندە ئومەوییە، ئێستا لە دیمەشقدا “مزگەوتی گەورەی ئومەوی” وەک گەورەترین هێما ماوەتەوە، کە بووەتە سەنتەری چالاكییە ئایینییەکان و جێی سەرنجی سیاسیی ڕژێمی نوێ؛ ڕژێمێک کە تانوپۆکەی لەسەر بنەمای شوناسی “سوننی” و  “شامی” چنراوە.  ئەمەیش بۆ جیهانبینیی عێراقی شیعی، بووەتە سەرچاوەی نیگەرانی و دردۆنگییەکی قووڵ.

گوتاری سیاسیی نوێی دەسەڵاتدارانی دیمەشق، نایشارنەوە کە سووریا گەڕاوەتەوە بۆ ئامێزی مێژووییی ئومەویی خۆی؛ نیشانەکانی ئەم وەرچەرخانەیش لە ڕەفتارەکانی سەرۆکی دەسەڵاتی نوێ،  “ئەحمەد شەرع”دا ڕەنگی داوەتەوە، لەوانەیش: كردنی نوێژی جەماعەت لە مزگەوتی ئومەوی، گرنگیدانی تایبەت بە گۆڕی “موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان” و داگرتنی ئاڵا و دروشمە شیعییەکان لە مەزاری “سەییدە زەینەب”، هاوکات لەگەڵ ئەمانەیشدا ستایش و پەسنی بنەماڵەی ئومەوی لە میدیا سێبەرەکاندا زەق و بەرچاوە[10]. هەندێك لە سروودە جیهادییە بڵاوەكان لە سووریا بەئاشكرا پەسنی شوناسی ئومەوی و ستایشی ئیسلامەتیی عەرەبی دەكەن، لەگەڵ هێرشکردنە سەر “پاشکۆیەتیی ئێرانی مەجووسی”[11]. هەروەها لایەنگرانی ئەحمەد شەرع نازناوی “مانگەکەی بەنی ئومەیە”یان بەسەردا بڕیوە[12].

 هەرچەندە لە گوتاری باودا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە “ئومەویبوون” لای ئەوان زیاتر وەک که‌لتوور و قوتابخانەیەکی ژیاریی کراوەیە بەرەو دەرەوە، نەک  تەنیا عەقیدەیەکی ئایینیی داخراو[13]، هەروەها ئەحمەد شەرع چەند جارێك پێداگریی لە وەلانانی ناكۆكییە مێژوویییەكان كردووە[14]، بەڵام هەندێک لە سەنتەرە توێژینەوە شیعییەکان باس لەوە دەکەن کە پڕۆژەی “سووریای نوێ” لە ڕاستیدا درێژکراوەی هەمان پڕۆژەی “داعش”ە، کە ئامانجیان بوو عێراق و سووریا لەناو قەوارەیەکی سوننیی گەورەدا بتوێننەوە و دیمەشق بکەنە پایتەختەکەی، تا هاوسەنگیی هێز بەرامبەر دەسەڵاتی شیعی لە عێراق ڕابگرن[15].

ئەم پاشخانە سوننی-ئومەوییەی سووریای نوێ، لە دیدگه‌ی  مێژوویییەوە بە واتای ئەگەری بەریەککەوتنی توند لەگەڵ شیعەی عێراق دێت؛ چونکە سووریای مێژوویی و عێراقی مێژوویی هەمیشە لە ڕکابەرییەکی سەختدا بوون، وەک: موعاویە بەرامبەر ئیمام عەلی، ئومەوییەکان بەرامبەر عەباسییەکان و، تەنانەت بەعسی عێراق بەرامبەر بەعسی سووریا.  تەنیا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، شیعەکان لەگەڵ دیمەشقدا کرانەوە و پەیوەندییەکانیان گەرم بووەوە؛ پاشان لە ساڵی ٢٠١١دا بۆ بەرگریکردن لە ڕژێمی ئەسەد، بیست گرووپی چەكداری شیعی ڕوویان لە سووریا کرد كە تێكەڵەیەك بوون لە عێراقی، پاكستانی، ئەفغان (ئه‌فغانی هه‌ڵه‌یه‌؛ پاره‌ی ئه‌فغانستانه‌ مامۆستا گیان!-“ئه‌فغانستانی”یش ده‌بێت) و لوبنانی[16]. لەو ماوەیەی کە گرووپە شیعییەکان لە سووریادا باڵادەست بوون، باسکردن و گەورەکردنی میراتی ئومەوییەکان ڕووی لە كزی كرد، بەڵام لەگەڵ کەوتنی ئەسەددا، جارێکی تر سووریا و دەسەڵاتدارانی نوێ گەڕانەوە بۆ ژیاندنەوەی یاد و یادەوەرییە  مێژوویییە ئومەوییەكان[17].

ئەم گۆڕانکارییانە و كرانەوە بەڕووی میراتی ئومەویدا لە کاتێکدایە کە لە “کۆیادەوەریی شیعی”دا، بنەماڵەی ئومەوی وەک جەلاد و بکوژی زیاتر لە ٧٠ کەسی ئالوبەیت و “ئیمام حوسێن” لە کەربەلا سه‌یر ده‌كرێن و، و بە بەرپرسیار دەزانرێن لە کەنیزەککردنی ژنانی بنەماڵەی پێغەمبەر. بەر لەوەیش، بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە خیانەتیان لە “ئیمام حەسەن” کردووە و ژەهرخواردیان کردووە[18]. جگە لەوەیش، دیمەشق لە ئەدەبیاتی شیعیدا هەمیشە وەک “پایتەختی حوکمڕانیی ستەمکاران” ناوزەد کراوە، چونکە خاکی کۆمەڵێک لێکەوتەی پڕ لە ئازارە، وەک: بردنی سەری بڕدراوی ئیمام حوسێن لەسەر ڕم بۆ ئەو شارە و زیندانیکردنی نەوەکانی ئالوبەیت[19].

بەهۆی ئەم پاشخانە خوێناوییە، لە دوای ساڵی ٢٠١١وە کۆمەڵێک ڕووداوی تۆڵەئامێز لەلایەن بەرەی شیعییەوە لە سووریا ڕوویان دا، لەوانەیش: گردبوونەوەی شیعەکان لە مزگەوتی ئومەوی و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی شیوەن و گریان، هێرشکردنە سەر گۆڕی موعاویە بە پێڵاو، ڕووخاندنی مزگەوتی ئومەوی لە حەلەب و، هەڵدانەوەی گۆڕی خەلیفەی ناوداری ئومەوی، “عومەری کوڕی عەبدولعەزیز” لە نزیک ئیدلب (٢٠٢٠)، کە ناڕەزایییەکی زۆری لە ئاستی ناوخۆ و وڵاتانی عەرەبیدا لێ کەوتەوە[20].

دەرەنجامە تاڵەکانی شکست؛ سووریای نوێ و تاقیکردنەوەی شیعە لە عێراق

سەرهەڵدانی ڕژێمی نوێی سووریا، کە هەڵگری ناوەڕۆکێکی سوننییە و لەژێر چەترێکی پاڵپشتیی دەرەکیی دژەشیعیدا سەقامگیر بووە، درز و دابەشبوونی قووڵی لەناوخۆی ماڵی شیعەی عێراقدا دروست کردووە. پاش شکستی میحوەرە شیعییەکە و هەرەسی ڕژێمی ئەسەد، ئایدیۆلۆژیای “مقاوەمە” (بەرگری) کەوتە ژێر پرسیارێکی جەوهەرییەوە و ئەو گوتارە سیاسییەی کە ساڵانێک لەژێر ناوی “پاراستنی حەرەمە پیرۆزەکان”دا کۆکەرەوەی گرووپەکان بوو، تووشی پاشەکشەیەکی گەورە بوو. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، کارەکتەرە دەوڵەتییەکانی وەک “محەمەد شیاع سوودانی” ئاڕاستەیەکی پراگماتییانەیان گرتە بەر و، بەڕووی ڕژێمە نوێیەکەی دیمەشقدا کرانەوە، هەروەها “موقتەدا سەدر”یش سەرەتا بە ئەرێنی كارلێكی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سووریادا كرد. ئەمەیش مشتومڕێکی توندی لەنێوان باڵە حکوومەتی و باڵە چەکدارە نافەرمییەکانی شیعەدا لێ کەوتەوە.

جگە لەوەیش، پرسیارێکی شاراوە و بەژان لەناو جەستەی کۆمەڵگەی شیعیدا سەری هەڵداوە: “بایەخ و ئەنجامی ئەو هەموو قوربانییە مرۆیی و دارایییە زۆرەی شیعە لە سووریادا چوو، لە کاتێکدا دەرەنجامەکەی بەم شکستی و پاشەکشە گەورەیە کۆتایی هات؟” هاوکات، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە سووریا پاشەکشەیان کردووە و گەڕاونەتەوە عێراق، ئێستا بەدوای پێگەیەکی نوێدا دەگەڕێن؛ بوونی ئەم بڕە زۆرە لە چەک و تەقەمەنی لەدەستی ئەواندا، بارگرانییەکی ئەمنی و سیاسیی گەورەی بۆ دەوڵەتی عێراق دروست کردووە و چارەنووسیان بووەتە مەتەڵێکی ئاڵۆز.

ڕاستییه‌كه‌ی، لە پاش گۆڕانكارییەكانی سووریا ناوەندی شیعە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە بۆ یەکلاکردنەوەی شوناسی خۆی: “ئایا شیعەی عێراق پێکهاتەیەکی مەزهەبیی سنووربڕە، یان پێکهاتەیەکی نیشتمانییە لە چوارچێوەی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی عێراقدا؟” ئەم ململانێیە لەنێوان “مەزهەبگەراییی ناوچەیی” و “نیشتمانپەروەریی عێراقی”دا گەیشتووەتە لووتکە. ئەگەر جاران ئەم گرووپانە شەرعییەتی خۆیان لە جەنگی سووریاوە وەردەگرت، ئێستا کە سنوورەکان بەڕوویاندا داخراون، مەترسیی ئەوە هەیە ئەو چەک و هێزەی لە دەرەوە بەکار دەهات، لە ناوخۆدا ببێتە بەشێک لە ململانێ و کێشمەکێشی سیاسی؛ بەتایبەت لە غیابی دیدێکی ستراتیژیی نیشتمانی و دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز کە بتوانێت ئەم هێزانە ڕێک بخاتەوە.

گەمارۆیەکی نوێی جیۆپۆلیتیكی؛ شیعەی عێراق لەناو بازنەی جەمسەرە سوننییەكاندا

یەکێک لە ئاڵنگارییە هەرە گەورەکان بۆ شیعەی عێراق، ئەو پەیوەندی و پاڵپشتییە بێوێنەیەی تورکیا و جیهانی سوننییە بۆ ڕژێمە نوێیەکەی سووریا. ئەم دۆخە نەخشەیەکی جیۆسیاسیی نوێی لە ناوچەکەدا هێناوەتە کایەوە، کە تێیدا شیعەی عێراق خۆی لەناو بازنەیەکی سوننیی گەمارۆدراودا دەبینێتەوە: لە باکوورەوە تورکیایەک کە سوپا و بنکە سەربازییەکانی بە قووڵاییی خاکی عێراقدا بڵاو بوونەتەوە؛ لە ڕۆژاواوە سووریایەکی نوێ و، لە باشوورەوە وڵاتانی کەنداو. ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە ئێران وەک پشتیوانی سەرەکی، لەژێر قورسترین گوشار و گەمارۆدایە.

لە سیناریۆیەکی دوورمەودادا، هەر جۆرە هەماهەنگییەک لەنێوان تورکیا و سووریا لە ئاستی دۆسیەی عێراقدا، دەتوانێت گرفتێکی کوشندە بۆ پێگەی شیعە دروست بکات. هەروەها، وڵاتانی کەنداو کە بەردەوام جەخت لەسەر “گێڕانەوەی هاوسەنگی” لە عێراقدا دەکەنەوە، مەترسییەکی ناڕاستەوخۆن بۆ سەر ئەو دەستکەوتە سیاسییانەی کە شیعە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەدەستی هێناون. ئەم وڵاتانەی كەنداو ئەگەرچی ڕەنگە وەک تورکیا و سووریای سەردەمی “ئەحمەد شەرع” لە ڕووی سەربازییەوە توندوتیژ نەبن، بەڵام خاوەنی “نەرمەهێزێکی” یەکجار گەورەن لە بوارەکانی دیپلۆماسی، دارایی و میدیادا، کە دەتوانن كاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسیی عێراق دروست بكەن.

شیعەی عێراق لەبەردەم دووڕییاندا؛ سیناریۆكانی خۆگونجاندن و ململانێ

بەپێی ئەو پێدراوانەی ئاماژەیان پێ کرا، شیعەی عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەڕووی ئەم ئاڵنگاری و سیناریۆیانە دەبێتەوە:
_ گۆڕان لە هێزێکی مەزهەبیی سنووربڕەوە بۆ پێکهاتەیەکی نیشتمانیی ناوخۆیی؛ کە ئەمە تاکە ڕێگەی مانەوەیە لەژێر سایەی دەوڵەتدا.

_ چوونەناو میحوەر و بەرەی ئێرانی بە شێوەیەکی تەواوەتی؛ کە مەترسیی گەورەی لێ دەکەوێتەوە و ئەگەری هەیە شیعەی عێراق ڕووبەڕووی هەمان ئەو چارەنووسە ببێتەوە کە حووسییەکان لە یەمەن و حزبوڵڵا لە لوبنان پێیدا تێپەڕ دەبن.

_ مامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەرێک کە چیتر دەرفەتی پەلهاوێشتنی تێدا نەماوە؛ بەتایبەت لەگەڵ گەشەکردنی ڕژێمێکی سوننیی خاوەن شوناسی ئومەوی لە سووریا کە بە عەقیدە دژی هەژموونی شیعەیە.

_ تاقیكردنەوەی  توانای شیعە لە تێپەڕاندنی دابەشبوونە ستوونی و ئاسۆیییەکانی ناوخۆی خۆی، بۆ ئەوەی بتوانێت وەک یەکەیەکی یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە نێودەوڵەتییەکاندا بکات.

_  مامەڵەکردن لەگەڵ جەمسەرە جیاوازەکانی سوننە؛ ئەگەرچی لە لایەك ئەم دابەشبوونە سوننییە بە سوودی شیعەی عێراقە، بەڵام هەروایش کارێکی ئاسان نییە؛ لە لایەک میحوەری (تورکیا-قەتەر) کە پشتیوانی هێزە ئیسلامییە چەکدارەکانن و نیگەرانیی قووڵی شیعەن، لە لایەکی تر میحوەری (سعوودیا-میسر-ئوردن) و میحوەری (ئیمارات) کە پەیوەندیی ستراتیژییان لەگەڵ هێزە جیهانییەکان و تەنانەت ئیسرائیلیشدا هەیە، خوێندنەوە و مامەڵەی وردیان پێویستە.
_  ئەگەری دروستبوونی ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوان “عێراقی شیعی” بە پاڵپشتیی ئێران بەرامبەر “سووریای ئومەوی” بە پاڵپشتیی بەرە سوننییەکان؛  ئەمەیش لێكەوتە و ئەنجامی جۆراوجۆری دەبێت و وەكوو یەكێك لە ئەگەرە سیاسییەكان هەر دەمێنێته‌وه‌.

_ پێشهاتە نوێیەکانی سووریا و دروستبوونی “چواردەورە سوننییەکە”، ئەگەری پەنابردنی ناچاریی شیعە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پێکهاتەی کورد و هەرێمی کوردستان زیاد دەکات. ئەم وەرچەرخانە وەک ئامرازێک دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە دەرەکییەکان و دروستکردنی بەرەیەکی ناوخۆییی هاوسەنگ. ئەم سیناریۆیە وا دەخوازێت کە ناوەندی بڕیاری شیعی پەنا بۆ “شلکردنی” ئەو ڕێوشوێنە توند و گوشارە سیاسی، یاسایی و ئابوورییانە بەرێت کە لەدوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧وە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان پەیڕەو کراون؛ بە جۆرێک کە لە جیاتی ململانێی ناوخۆیی، کار بۆ جۆرێک لە “تەباییی سیاسی” بکرێت.

[1]  https://2h.ae/bCzxk

[2]  https://2h.ae/wooaW

[3]  https://2h.ae/pUQbS

[4]  https://2h.ae/DipiE

[5]  https://2h.ae/ZxxeI

[6]  https://2h.ae/xbmNw

[7]  https://2h.ae/ymkYl

[8]  https://2h.ae/hZzNc

[9]  https://2h.ae/zQEHE

[10]  https://2h.ae/hxCIp

[11]  https://2h.ae/ufBll

[12]  https://2h.ae/kiLue

[13]  https://2h.ae/CJteC

[14] https://2h.ae/Jpmjn

[15]  https://2h.ae/hxCIp

[16]  https://2h.ae/jeUix

[17]  https://2h.ae/CrDUl

[18]  https://2h.ae/wvPrS

[19]  https://2h.ae/UaMjB

[20]  https://2h.ae/kiLue




شکاندنی دیوارەکان؛ عێراق لەبەردەم گۆڕانکارییە نوێیەکانی سووریادا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

ئاڵوگۆڕە خێرا سیاسی و ئەمنییەکانی گۆڕەپانی سووریا، دەرگه‌یان لەسەر کۆمەڵێک ئەگەر و سیناریۆی جیاواز بۆ عێراق کردووەتەوە و هاوکێشەکانی سیاسەت و ئاسایشی بەغدایان خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیه‌كی نوێ. ئەم شرۆڤەیە بەوردی هەڵوێستە لەسەر لێکەوتە فرەڕەهەندەکانی ئەو گۆڕانکارییانە دەکات:

یەکەم: ڕەهەندە ئەمنییەکان

*  عێراق خاوەنی زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشە لەگەڵ سووریا، کە ئەم سنوورە لە هەندێک ناوچەدا خاوەنی سروشتێکی تۆپۆگرافیی ئاڵۆزە و پانتایییەکەی تێکەڵییەکی زۆری لەگەڵ قووڵاییی خاکی سووریادا هەیە. هاوکات لەگەڵ ئەم دۆخە جوگرافییەدا، ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا بەردەوام ڕوو لە لاوازییە، بەتایبەت لە بنکەی “عەین ئەلئەسەد”. هەرچەندە لە ئێستادا ئەو سنوورە بەهۆی بەربەستی کۆنکرێتی، خەندەق و کامێرای گەرمیپێو (حەراری)یەوە کۆنتڕۆڵ کراوە[1]، بەڵام گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی دیوی سووریا، سەرچاوەی نیگەرانیی بەردەوامن بۆ ئەم سنوورە بەرفراوانە .

* دۆخی گرتووخانەکانی داعش لە سووریا و کشانەوەی پاسەوانەکانیان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده/قسد‌)، عێراق دەخاتە بەردەم سیناریۆیەکی مەترسیداری هاوشێوەی ساڵی 2014، کە تێیدا داعش بە شکاندنی دیواری زیندانەکان دەستی بە پەلکێشان و فراوانخوازی کرد. لە ئەدەبیاتی ڕێکخراوی داعشدا، ستراتیژیی “ڕووخاندنی دیوارەکان” (هدم الأسوار) پرەنسیپێکی جێگیر و نەگۆڕە و بەردەوام جەختی لێ دەکرێتەوە و وەک ئەولەوییەت سه‌یر دەکرێت[2]. سەرجەم بەرپرس و “ئەمیر”ەکانی داعش ئەم وەسیەتە بۆ شوێنگرەوەکانیان دەکەن و چەکدارەکانیان ڕادەسپێرن کە زیندانەکان فەرامۆش نەکەن. پێشینەی ئەم گرووپە لە ساڵی 2004 هەوڵیان دا زیندانی ئەبوغرێب لە عێراق بکەنە ئامانج، دواتر لە 2013 بەسەرکەوتوویی و لە ڕێگەی دەربازکردنی 600 چەکدار لە عێراق، ژێرخانێکی مرۆییی بەهێزیان بۆ داعش دەستەبەر کرد کە بووە هەوێنی داگیرکارییەکانی ساڵی 2014 [3].

* پڕکردنەوەی شوێنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گرتووخانە و کەمپەکانی داعش لەلایەن هێزە نوێیەکانەوە، ئەگەری دروستبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان داعشی ناوخۆی عێراق و داعشی ناوخۆی سووریا دەکاتە ئەگەرێکی کراوە. لەم دۆخەیشدا ئەگەری بەئامانجگرتنی سنوورەکان لە ئارادایە و وەک سەرچاوەی مەترسییەکی نوێ یەخەی عێراق دەگرێت [4].

* گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لەسەر سنووری عێراق، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر حیساباتی بکەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان هەیە، بەتایبەت تورکیا و ئێران. یەکێک لە کارتەکانی دەستی ئەم دەوڵەتانەیش جووڵاندنی هێزە هاوپەیمان و پاشکۆکانیانە لە ناوخۆی عێراق کە دراوسێی سووریایە. لەم به‌ینه‌دا عێراق لەسەر دوو ئاست ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە:

_ یەکەم: ئێران هەوڵی دروستکردنی پێکدادان بدات لە نێوان باڵە سەربازییەکانی خۆی و دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لەسەر سنوورەکانی عێراق؛ لە لایەک وەک تۆڵەکردنەوە، لە لایەکی دیکەیش بۆ گواستنەوەی سەرنج لەسەر قەیرانە ناوخۆیییەکان و بابەتی بەئامانجگرتنی خودی ئێران.

_ دووەم: گواستنەوەی جه‌نگی تورکیا و پەکەکە لە سووریاوە بۆ سنوورەکانی باکووری عێراق، بەتایبەت پاش ئەوەی پەکەکە پانتایییەکی گەورەی لە سووریا لەدەست دا. ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی عێراق بەئاشکرا باسی ئەمە ناکەن، بەڵام “موقتەدا سەدر” بەڕوونی ئەم مەترسییەی ورووژاند و هۆشداریی دا لە ئەگەری تێوەگلانی پەکەکە [5].

*داواكاریی لە بەغدا هەیە بۆ ئەوەی بەرەنگاری پەکەکە ببێتەوە، تا کێشەکانی تورکیا و قەیرانی سووریا “هاوردە”ی باکووری عێراق (لەنێویشیدا هەرێمی كورستان) نەکرێن. هەندێک لە پاڵپشتیکارانی ئەم بۆچوونە پێیان وایە، ئەگەرچی پێشتر بەهۆی بەشداریی پەکەکە لە جه‌نگی داعش و هەبوونی هەژموونی بەهێزی ئێرانەوە ئەم هەنگاوە ئەستەم بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە لەبارە تا عێراق خۆی لەم ڕێکخراوە ڕزگار بکات [6].

* گواستنەوەی زیندانییەکانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق (کە ژمارەیان 7000 کەسە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە) [7]، عێراق دەخاتە بەردەم بارگرانیی جۆراوجۆری پاسەوانیکردن، سەرلەنوێ دادگه‌ییکردن و پاراستنیان. هەرچەندە گواستنەوەی ئەم گیراوانە بۆ ناوخۆی عێراق جۆرێک لە دڵنیایی دروست دەکات بەوەی وەک کارت بەکار ناهێنرێن یان ئازاد ناکرێن، بەتایبەت کە ژمارەیەکیان سەرکردەی دیارن[8]، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە ئەو زیندانییانەی گوازراونەتەوە بۆ عێراق لە “مەترسیدارترین سەرکردەکانی داعشن”؛ هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوروپی، ئاسیایی، عەرەبی و عێراقی و قەوقازین، وڵاتەکانیشیان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین وەریان بگرنەوە [9] . عێراق بۆ پاراستنی ئەم گیراوانەی داعش، پێویستی بە تێچوون و كادر و بەرەنگاربوونەوەی لێكەوتەكانی هەیە.

دووەم: لێکەوتە سیاسییەکان

* گۆڕانی دراوسێی عێراق لە سنوورەکانی ڕۆژاواوە، لە “هه‌سه‌ده‌”وە بۆ “دەسەڵاتدارانی حکوومەتی شەرع”، بژاردەیەکی ناچاری و لە هەمان کاتیشدا جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە، بەتایبەت کە گۆڕانکارییەکە کتوپڕ بوو و پێشتر بەو شێوەیە ئامادەکاریی بۆ نەکرابوو . [10].

* بەهێزبوونی سیسته‌مێکی توندڕەوی سوننی کە شانازییەکی زۆر بە میراتی ئەمەوییەکانەوە دەکات و چەکدارەکانی خاوەنی دوژمنایەتییەکی عەقیدەیی و مێژوویین لەگەڵ شیعە، مایەی نیگەرانییەکی زۆرە بۆ زۆرینەی حوکمڕانی شیعە لە عێراق. ئێستا باوەڕێکی زاڵ هەیە کە بەهێزکردنی سووریایەکی سوننیی توندڕەو، ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوە و گەمارۆدانی عێراقی شیعییە.

* بەهێزبوونی “دەسەڵاتی شەرع” لە بەری ڕۆژاوای عێراق، ئامادەییی تورکیاش لەو ناوچانە بەهێزتر دەکات[11]. ئەمەیش زیاتر عێراق دەخاتە ژێر هەژموونی تورکیاوە، لە کاتێکدا ئێران بە دۆخێکی لاوازدا تێ دەپەڕێت. ئەم هەژموونە تورکییە لەسەر سنوورەکانی عێراق تەنیا لە سیاسەت و ئاسایشدا ناوەستێت، بەڵکوو دەشێت دۆسیەی ئاویش بگرێتەوە؛ چونکە پاش ئەوەی عێراق لەسەر دیجلە مشتومڕی لەگەڵ تورکیادا هەبوو، لەمەودوا کۆنتڕۆڵکردن و ئاراستەکردنی ڕووباری فوراتیش بەتەواوی دەچێتە ژێر هەژموونی ئەنقەرە.

* دەشێت باڵادەستبوونی سوننەی سووریا، ببێتە هاندەرێک بۆ سوننەی عێراق تا سەقفی داواکاری و گوشارەکانیان بەرزتر بکەنەوە. لەم نێوه‌ندەدا هەندێک ئاماژەی ڕوون بەردەستن، لەوانە بەرگریی هەندێک سیاسەتمەداری سوننە لە ڕژێمی نوێی سووریا (بۆ نموونە خەمیس خەنجەر) [12]. هەروەها پەرلەمانتار “مەشعان جبووری” بەڕاشکاوی ڕای گەیاند کە، هەر سوننەیەک بانگەشەی ئەوە بکات بە دەسەڵاتگرتنەدەستی “جۆلانی” لە سووریا دڵخۆش نییە، ئەوا سوننەیەکی “درۆزن”ە[13]، ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە دەستەبژێری شیعە بەتووڕەیی و نیگەرانییەوە سەیری دۆخەکە دەکەن.

* ڕووداوەکانی سووریا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر تەونی کۆمەڵایەتی و ئۆقرەییی کۆمەڵگەی عێراقی هەیە. لە کاتێکدا دەستەبژێری سوننە بە مافی خۆیانی دەزانن هاوشێوەی پەیوەندیی شیعەی عێراق و ئێران، ئەوانیش هاوسۆزی سوننەی سووریا بن. بەریەککەوتنەکان توندتر دەبنەوە، بەتایبەت کە شیعەکان پێیان وایە ڕژێمە سوننەکەی سووریا ژێرخان و تانوپۆی تیرۆریستی و ئەمەوییە و قەوارەیەکی ئاسایی نییە.

*سەرباری بەڵێنەکانی دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆ باشترکردنی ڕەوشی سووریا و گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان؛ بارگرژییە ئەمنییەکان، خراپیی ژێرخانی ئابووری و دەستێوەردانی دەرەکی، ئەم وڵاتە دراوسێیەی عێراق لە دۆخێکی هەستیاردا دەهێڵێتەوە. ئەمەیش بۆ عێراق جێگەی دڵەڕاوکێ و چاودێریکردنەوە [14].

* لە کۆی 347 هەزار پەنابەر لە عێراقدا، ڕێژەی (88%)یان خەڵکی سووریان و (80%)ی ئەوانەیش لە هەرێمی کوردستاندان[15]. هەر چەشنە شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون، بارگرانیی زیاتر دەخاتە سەر عێراق کە خۆی لە بنەڕەتەوە کێشەی داراییی هەیە. جگە لەوەیش، ئەگەری زۆر هەیە ئەو ئاوارە سوورییانە کێشەکانی ناوخۆی وڵاتەکەیان بگوازنەوە بۆ عێراق.

سێیەم: لێکەوتەکانی لەسەر هەرێم و گۆڕینی نەخشەی هاوپەیمانێتی

لەپاش ڕووداوەکانی سووریا، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گرژییە درێژخایەنەکانی نێوان شیعە و کورد بەرەو خاوبوونەوە چوون. لە هەردوو لاوە بانگەواز هەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە؛ ئەوەیش لە سۆنگەی هەستکردن بە مەترسییە هاوبەشەکانی هەردوو لا لە بەهێزبوونی حوکمڕانیی “سیسته‌می شەرع” لە سووریا.

لەم به‌ینه‌دا میدیای فەرمیی عێراق (کە لەدەستی شیعەکاندایە) هاوسۆزیی بەرچاو بۆ قوربانییەكانی كوردانی ڕۆژاوا له‌ سووریا پیشان دەدات و سەرکۆنەی ڕەفتاری گرووپەکان دەکات[16]. ئەم بانگەشەیە ئەگەرچی سەرەتا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستی پێ کرد، بەڵام وردە وردە خەریکە دەبێتە باوەڕێکی زاڵ کە لەپاش سووریا، دەشێت گرووپە سوننەکانی سووریا شیعەی عێراق بکەنە ئامانج؛ بۆ ئەمەیش چەند ئاماژەیەک بەردەستن:

  1. بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی دەستبەرداربوونی هه‌سه‌ده‌ لەلایەن ئەمریکاوە، ئەوە بوو کە ئامادە نەبوون شەڕی چەکدارانی حەشد بکەن و بەگژ گرووپە شیعییەکاندا بچنەوە[17]. ئەم لێدوانە کە بڕێک جێگەی مشتومڕە، لە سەکۆ ئەلیکترۆنییەکانی شیعەدا بڵاوە و لە دۆخی بەدگومانی و ڕاڕاییی ئێستادا جێگەی هەڵوێستەیە.
  2. هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی لە دیوی سووریاوە بڵاو بوونەتەوە کە چەکدارەکان گازەرە دەکشێن (هەڕەشە دەکەن) بۆ پەڕینەوە بەرەو عێراق و بەدیاریکراوی ناوی “کەربەلا” دەهێنن[18]؛ ئەمەیش یادەوەرییەکی تاڵی مێژوویی دەکولێنێتەوە لە پەیوەندیی ئاڵۆزی مێژووییی هەردوو لادا.
  3. هەندێک شیکاری ئاماژە بەوە دەکەن، ئامانجی یەکەمی چەکدارانی دەوڵەتی نوێی سووریا، ڕووخاندنی حوکمڕانیی شیعەیە. ئەمەیش دەرفەتێكی زێڕینە بۆ یەکگرتنی دەستەبژێری شیعە لە عێراق .[19]

سەرباری ئەوانەی سەرەوەیش، هاوپەیمانیی گریمانەکراوی شیعە و کورد ئایدیۆلۆژی نییە، چونکە کورد زۆرینە بە ئایینزا سوننەن و، دەبوو لەگەڵ ڕژێمی شەرع نزیکتر بوونایە، بەڵام لە ئێستادا بەرژەوەندیی سیاسی و دەستوورییان پێکەوە گرێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی عێراق، دابەشکردنی داهات و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی هاوبەش کە جیهادییە سوننە توندڕەوەكانن. هەروەها مه‌سه‌له‌ی هه‌سه‌ده‌ و دەستبەرداربوون لەم هێزە هاوپەیمانەی ئەمریکا، جێگەی نیگەرانیی کوردی عێراق و شیعەکانیشە وەک یەکتر، چونکە لە سایەی ئیدارەی ترەمپدا ئاستی متمانە بە واشنتۆن لاوازە و “مامەڵەی سیاسی” (سەفقە) بڕیاردەرە. لەگەڵ ئەمەیشدا پەراوێزی گەمەکردنی هەرێمی کوردستان لە ئاستی بەغدا، دەشێت بەرتەسک و لاواز بێت، ئەگەر هات و ئەزموونی ڕۆژاوا بەیەکجاری و تەواوەتی لەبار برا.

كۆبەند

ئەم پەیپەرە شیکارییە تیشک دەخاتە سەر لێکەوتە فرەڕەهەندەکانی گۆڕانکارییەکانی سووریا لەسەر نەخشەی سیاسی و ئەمنیی عێراق. گرنگترین خاڵەکان بریتین لە:

  • هەڕەشەی ئەمنی و زیندووبوونەوەی داعش: گۆڕانی سیسته‌می پاراستنی زیندانەکانی سووریا، مەترسییەکی جددی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دروست دەکات. ستراتیژیی “ڕووخاندنی دیوارەکان”ی داعش و ئەگەری دەربازبوونی هەزاران چەکدار، عێراق دەخاتە بەردەم سیناریۆی ساڵی 2014.
  • داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز: گۆڕانکارییەکانی سووریا بووەتە هۆی بەهێزبوونی هەژموونی تورکیا لە ناوچەکە و لاوازبوونی پێگەی ئێران. ئەمەیش عێراق دەخاتە ژێر گوشارێکی نوێوە، بەتایبەت لە دۆسیەکانی وەک (ئاو، سنوور و، کێشەی پەکەکە).
  • جەمسەرگیریی مەزهەبی و تاقیکردنەوەی پێکەوەژیان: سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی سوننی لە سووریا، جۆرێک لە “دووفاقی”ی لە ناوخۆی عێراق دروست کردووە؛ لە کاتێکدا شیعەکان وەک هەڕەشە دەیبینن، بەشێک لە لایەنە سوننەکان وەک دەرفەتێک بۆ هاوسەنگکردنەوەی هێز لە ناوخۆی عێراق سه‌یری دەکەن. ئەمەیش مەترسییە بۆ سەر تەونی کۆمەڵایەتی.
  • نزیکبوونەوەی “تەکتیکی”ی نێوان هەولێر و بەغدا: هەستکردن بە مەترسیی هاوبەش (گرووپە توندڕەوەکان و ناسەقامگیریی سنوورەکان) وای کردووە لایەنە کوردییەکان و شیعەکان لەیەکتر نزیک ببنەوە. ئەمە دەرفەتێکی کاتییە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ناوەند و هەرێم.
  • کۆسپە مرۆیییەکان: عێراق لەبەردەم شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبووندایە کە نەک هەر بارگرانیی دارایییە، بەڵکوو دەکرێت ببێتە هۆی گواستنەوەی ململانێ ناوخۆیییەکانی سووریا بۆ ناو کەمپەکان و شارەکانی عێراق.

سه‌رچاوه‌كان:

[1]  https://2h.ae/Ywjra

[2]  https://2h.ae/ncIfy

[3]  https://2h.ae/jwTjg

[4]  https://2h.ae/sdzqA

[5]  https://2h.ae/EiAjo

[6]  https://2h.ae/AUuKe

[7]  https://2h.ae/tGefw

[8]  https://2h.ae/CDSYO

[9]  https://2h.ae/nVQdU

[10]  https://2h.ae/hlsHi

[11]  https://2h.ae/hlsHi

[12]  https://2h.ae/UHFax

[13]  https://2h.ae/xiQGk

[14]  https://2h.ae/TJsXE

[15]  https://2h.ae/yxAEb

[16]  https://2h.ae/WpTzV

[17]  https://2h.ae/JgZSX

[18]  https://2h.ae/IjHUR

[19]  https://2h.ae/rcPEk