1

لە “تیۆریی پیاوە شێتەکە”ی نیکسۆنەوە تا جه‌نگی ترەمپ لەگەڵ ئێران؛ ئایا چارەنووسی جه‌نگی ڤێتنام دووبارە دەبێتەوە؟

جه‌نگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەگەری زۆرە هاوشێوەی جه‌نگی ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٣دا کۆتایی بێت؛ واتە بە ڕێککەوتنێکی ناسەقامگیر کە بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات بەڵام زۆرێک لە پرسە گرنگەکان بەهەڵپەسێردراوی دەهێڵێتەوە. هەروەک چۆن چارەنووسی کۆتاییی ڤێتنامی باشوور بۆ داهاتوو دوا خرا، چارەنووسی کۆماری ئیسلامی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش بۆ کاتێکی دیکە دوا دەخرێت.

گۆڤاری ‘فارین ئەفێرز’ (‘Foreign Affairs‘) لە وتارێکی شیکاریدا بە بەراوردکردنی جه‌نگی ئەمریکا و ئیسرائیل  دژی ئێران لەگەڵ جه‌نگی ڤێتنام، ئەو ئارگیومێنتە دەخاتە ڕوو کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تەنیا لە چەند مانگێکدا ئەو ڕێڕەوەی بڕیوە کە ئەمریکا لە ڤێتنامدا بە چەند ساڵێک بڕیبووی؛ لە چوونەناو جه‌نگ و پەرەپێدانی ململانێکانەوە تا گەیشتن بە چەقبەستوویی و هەوڵدان بۆ چوونەدەرەوە لە ڕێگەی دانوستانەوە. نووسەری وتارەکە پێی وایە جه‌نگی ئێران، هاوشێوەی ڤێتنام، ئەگەری زۆرە نەک بە سەرکەوتنی تەواوەتیی لایەنێک، بەڵکوو بە ڕێککەوتنێکی ناسەقامگیر و یەکلایینەکراوە کۆتایی بێت.

گۆڤارەکە لە درێژەی وتارەکەدا کە بە قەڵەمی گیدئۆن ڕۆز (Gideon Rose)، ئەندامی باڵای ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا (Council on Foreign Relations) و نووسەری كتێبی “چۆن جه‌نگەکان کۆتایییان دێت (‘How Wars End’)”ە، دەنووسێت: ئێستا ئیدارەی ترەمپ پێی ناوەتە قۆناغێکەوە کە زیاتر لە سەردەمی ڕیچارد نیکسۆن دەچێت: سەرەتا هەڕەشەوگوڕه‌شه‌ و، پاشان تێگەیشتنی پلەبەپلە لەو ڕاستییەی کە دەبێت لە جه‌نگەکە بێتە دەرەوە، ئەویش لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی نەک زۆر جێی ڕەزامەندییەوە. ئەگەر ئەم ڕەوتە بەم خێرایییە بەردەوام بێت، دەستوەردان لە ئێران ئەگەری هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا کۆتایی بێت؛ کاتێک کە تا ئەو دەمە، شەپۆلی لۆمەکردن و تاوانبارکردنی یەکتریش دەستی پێ کردووە.

بێ گومان هیچ لێکچوونێکی مێژوویی بەتەواوی ورد نییە و جیاوازیی ئاشکرا لەنێوان جه‌نگی ئێران و ڤێتنامدا هەیە؛ لە جیاوازیی ناوچەکە و ئایدیۆلۆژیاکانەوە بگرە تا کورتتربوونی بڕگه‌ی زه‌مه‌نی، نەبوونی هێزی زەمینی و سەربازیی زۆرەملێی ئەمریکا، نەگۆڕانی ئیدارە لە واشنتۆن و، هەروەها کاریگەریی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە سەربازییه‌كان. لەگەڵ ئەوەیشدا، لێکچوونی گرنگ لە پێکهاتەی هەردوو جه‌نگەکەدا دەبینرێت. له‌وێوه‌ كه‌ پێکهاتەی جه‌نگەکان بژاردەی سیاسەتمەداران سنووردار دەکات، تێگەیشتن لەم مۆدێلانە دەتوانێت سەرەداومان سەبارەت بە شێوازی کۆتاییهاتنی ئەم ململانێیانە پێ بدات.

جه‌نگی ئەمریکا و ئیسرائیل  دژی ئێران ئەگەری زۆرە هاوشێوەی جه‌نگی ڤێتنام  لە ساڵی ١٩٧٣دا کۆتایی بێت؛ واتە بە ڕێککەوتنێکی ناسەقامگیر کە بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات بەڵام زۆرێک لە پرسە گرنگەکان بەهەڵپەسێردراوی دەهێڵێتەوە. هەروەک چۆن چارەنووسی کۆتاییی ڤێتنامی باشوور بۆ داهاتوو دوا خرا، چارەنووسی کۆماری ئیسلامی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش بۆ کاتێکی دیکە دوا دەخرێت.

نیوەی ڕێگه‌ لەگەڵ لیندۆن جۆنسۆن

لە تشرینی دووەمی ١٩٦٣دا، سەرکردەکانی هەردوو وڵاتی ڤێتنامی باشوور و ئەمریکا تیرۆر کران و، لیندۆن جۆنسۆن لەناکاو بەڕێوەبردنی دوو وڵاتی قەیراناویی گرتە ئەستۆ. لە ڤێتنام، هێزە ڕێکخراو و خاوەن ئیرادەکانی باکوور، شانبەشانی هێزە گەریلاکانی هاوپەیمانیان لە باشوور، پلەبەپلە بەسەر حکوومەتە بێتواناکەی ڤێتنامی باشووردا پێشڕەوییان دەکرد. ئەگەر واشنتۆن هەنگاوێکی بۆ گۆڕینی ئەم ڕەوتە نەنابا، وا دەردەکەوت کە سایگۆن لە کۆتاییدا دەڕووخێت و وڵاتەکە لەژێر حوکمڕانیی کۆمۆنیستەکاندا یەک دەگرێتەوە.

جۆنسۆن و تیمەکەی زۆر گەشبین نەبوون بە سەرکەوتن لە جه‌نگەکەدا، بەڵام لە دەرەنجامە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی شکست دەترسان. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش بڕیاریان دا پشتگیرییەکانیان بۆ حکوومەتی سایگۆن زیاد بکەن؛ بەو ئومێدەی نمایشکردنی هێز، “هانۆی” ناچار بە پاشەکشە بکات.

سەرەتا ئەم پشتگیرییە تەنیا ناردنی هاوکاریی ئابووری و ڕاوێژکاری سەربازیی لەخۆ دەگرت. دواتر نۆرەی بۆردوومان هات. پاشان هێزی زەمینی ڕەوانە کرا و دواتریش هەموو شتێک پەرەی سەند. لەگەڵ ئەوەیشدا، هانۆی لە ئامانجە سەرەکییەکانی پاشەکشەی نەکرد و خۆی بەدەستەوە نەدا. تا ساڵی ١٩٦٨، جه‌نگەکە هێندە تێچووی دارایی و گیانیی هەبوو و هێندە قەوارەی قەیرانی ناوخۆییی لە ئەمریکا گەورە کردبوو کە واشنتۆن بەدوای ڕێگەی چوونەدەرەوەدا دەگەڕا. خودی جۆنسۆن هەرگیز شکستی قبووڵ نەکرد، بەڵام ڕەوتی پەرەسەندنی جه‌نگەکەی ڕاگرت، بە شێوەیەکی تاکلایەنە کۆتاییی بە بۆردوومانەکان هێنا، لە سیاسەت کشایەوە و کێشەکەی بۆ جێگرەوەکەی جێ هێشت.

لە کۆتاییدا، ڕیچارد نیکسۆن بووە جێگرەوەی جۆنسۆن؛ ئەو کەسەی کە لەگەڵ هێنری کیسینجەری ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، ئەرکی کۆتاییهێنان بە جه‌نگەکەیان بۆ مابووەوە، بەڵام سەرمایەی سیاسیی ئەوتۆیان بۆ سەرکێشییە نوێیەکان نەبوو. نە نیکسۆن و نە کیسینجەر هەرگیز بیریان لە وازهێنانی ئاسانی ڤێتنامی باشوور نەکردەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەدوای پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان زلهێزەکاندا دەگەڕان و دەیانزانی ئەمریکا دەبێت تا ڕاددەیەک زوو ئەم جه‌نگە تێ پەڕێنێت؛ بێ گومان پێش هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی.

ئەوان سەرەتا هەوڵیان دا ئامانجە کۆنەکان بە تێکەڵەیەکی نوێ لە بەکارهێنانی هێز و فێڵکردن (بڵۆف) بەدی بهێنن. ئومێدیان ئەوە بوو ڤێتنامی باکوور بە بۆردوومانی قورس و هەڕەشەی توند پاشەکشە بکات، سۆڤیەت و چین بۆ یارمەتیدان بکەونە ژێر گوشارەوە و ڕای گشتیی ئەمریکاش بە کەمکردنەوەی سنوورداری ژمارەی هێزەکان هێور ببێتەوە؛ هەروەها کۆی ئەم هەنگاوانە ببنە هۆی ڕێککەوتنێک کە کشانەوەی ئەمریکا، مانەوەی ڤێتنامی باشوور و پاشەکشەی هێزەکانی باکوور دەستەبەر بکات.

ئەمە هەمان ئەو قۆناغە بوو کە ئێچ ئاڕ هاڵدمان (H. R. Haldeman)، سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی، دواتر لە بیرەوەرییەکانیدا وتی: “نیکسۆن دڵنیا بوو کە لە کۆتاییدا دەتوانێت ڤێتنامی باکوور ناچار بە دانوستانی ڕاستەقینەی ئاشتی بکات. هەڕەشەکردن، ڕەگەزە سەرەکییەکە بوو و ناوی بۆ تیۆرییەکەیشی هەڵبژاردبوو. ئەو گوتی: من ناوم ناوە تیۆریی پیاوە شێتەکە. دەمەوێت ڤێتنامی باکوور بڕوا بکات کە من گەیشتوومەتە قۆناغێک کە ڕەنگە بۆ کۆتاییهێنان بە جه‌نگەکە هەر کارێک بکەم. تەنیا بەسە پێیان بگەیەنین لەبەر خودا، نیکسۆن بەرامبەر کۆمۆنیزم هه‌ستیاره‌. کاتێک تووڕە دەبێت کەس ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات و پەنجەیشی لەسەر دوگمە ئەتۆمییەکەیە؛ ئەوکات خودی هۆ شی مین (Ho Chi Minh) لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە پاریس دەبێت و، بۆ ئاشتی دەپاڕێتەوە.”

بەڵام ئەم ستراتیژییە شکستی هێنا. سۆڤیەت نەیدەتوانی یان نەیدەویست گوشاری پێویست بخاتە سەر ڤێتنامی باکوور بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە قبووڵ بکات، هێزە کۆمۆنیستەکانیش نە داڕمان و نە پاشەکشەیان کرد و جه‌نگەکەیش بەردەوام بوو. تا پاییزی ١٩٦٩، حکوومەتی ئەمریکا تا ڕاددەیەک گەڕابووەوە هەمان خاڵی سەرەتا، بەو جیاوازییەی کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەستی پێ کردبوو؛ پرسێک کە هەم ئارەزووی ڕای گشتیی ئەمریکای بۆ کشانەوەی زیاتر بەرزتر دەکردەوە و هەم پاڵنەری دەدا بە هانۆی تا چاوەڕێی بێهێزبوونی واشنتۆن بکات.

بێئومێدی لە کۆشکی سپیدا زیاتر بوو. کیسینجەر فەرمانی بە تیمەکەی دا پلانێک بۆ وەشاندنی “گورزێکی دڕندانە و سزادەرانە” لە دوژمن ئامادە بکەن. ئەو پێی گوتن: “ناتوانم بڕوا بکەم وڵاتێکی پلەچواری وەک ڤێتنامی باکوور خاڵی داڕمانی نەبێت.”

پێش هێرشەکە، بەرپرسانی حکوومەتی ئەمریکا مۆڵەتی کۆتایی (ئۆڵتیماتۆم)یان بە سۆڤیەت و ڤێتنامی باکوور دا کە سازش بکەن؛ ئەگەرنا ڕووبەڕووی دەرەنجامەکان دەبنەوە. بەڵام کاتێک لایەنی بەرامبەر گوێی بەم ئۆڵتیماتۆمە نەدا، واشنتۆنیش هەڕەشەکانی جێبەجێ نەکرد. لە کۆتاییدا، نیکسۆن و کیسینجەر گەیشتنە ستراتیژیی دووەم بۆ چوونەدەرەوە لە جه‌نگ؛ تێکەڵەیەک لە کشانەوەی پلەبەپلەی هێزەکانی ئەمریکا، زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ حکوومەتی نگوین ڤان تیو (Nguyen Van Thieu) لە سایگۆن و بەدواداچوونی چڕوپڕی دانوستانەکان.

ئەم ڕەوتە لە ساڵی ١٩٧٣دا بووە هۆی ڕێککەوتنێک کە ئەو دەرفەتەی بە ئەمریکا دا تا جه‌نگەکە ڕابگرێت و دیلەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ وڵات، بەبێ ئەوەی بەفەرمی خیانەتی لە هاوپەیمانەکەی کردبێت. بەڵام وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە ڕێگەی بە هێزە کۆمۆنیستەکان دا لەو ناوچانەی باشووردا بمێننەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بوو؛ پرسێک کە دەرفەتی پێ دان دوای کشانەوەی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنەکانیان دەست پێ بکەنەوە. هەر ئەم کێشەیە، لەگەڵ ئەو کۆتوبەندانەی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ دەستوەردانی دووبارە سەپاندی، دوای دوو ساڵ بووە هۆی ڕووخانی ڤێتنامی باشوور.

ترەمپ و دووبارەبوونەوەی مۆدێلی ڤێتنام لە ئێران

هەروەک چۆن جۆنسۆن لە ڤێتنام مامەڵەی کرد، دۆناڵد ترەمپیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕەوتانەی جێگەی نیگەرانی بوون، چووە ناو جه‌نگ لەگەڵ ئێران. هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا زیانێکی قورسیان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران گەیاندبوو. بەڵام دوای ئەوە، تاران دەستی بە دروستکردنەوەی توانای سەربازیی تەقلیدیی خۆی کرد و ئیسرائیل و ئەمریکا نیگەران بوون لەوەی ئەم ڕەوتە لە کۆتاییدا قەڵغانێکی بەهێز دروست بکات کە تاران بتوانێت لە سێبەریدا درێژە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.

ترەمپ گەرەنتییەکانی ئیسرائیلی قبووڵ کرد؛ بەوەی کە هێرشێکی قورس بۆ لەناوبردنی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت حکوومەتی ئێران بڕووخێنێت و کێشەکە بۆ یەکجارەکی چارەسەر بکات. هەر لەبەر ئەوەیش، لە کۆتاییی مانگی شوباتدا ڕەزامەندیی لەسەر هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دا. ئەم هێرشانە بەشێکی گەورەی توانای سەربازیی ئێرانیان وێران کرد و ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی ئێرانی کوشت، لەوانە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی. بەڵام موجتەبا خامنەیی جێگەی باوکی گرتەوە و پێکهاتە ڕەگداکوتاوەکەی کۆماری ئیسلامییش بەردەوام بوو لە کارەکانی. لەوەیش خراپتر، ئێران هێرشی کردە سەر وڵاتانی دراوسێ لە کەنداوی فارس و بە سنووردارکردنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، قەیرانێکی وزەی جیهانیی دروست کرد.

لە مانگی نیساندا، ترەمپ کە لە هەنگاوەکانی هاوشێوەی جۆنسۆن نائومێد ببوو، ڕووی لە مۆدێلەکەی نیکسۆن کرد و ستراتیژییەکی نوێی لەسەر بنەمای گوشاری زیاتر، مۆڵەتی کۆتایی (ئۆڵتیماتۆم)، هەڕەشە و پێشنیازی دانوستان گرتە بەر.

زیندووکردنەوەی “تیۆریی پیاوە شێتەکە” بووە هۆی ئاگربەستی هەشتی نیسان و دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، بەڵام نەبووە هۆی بەدەستهێنانی ئەو سازشانەی کە واشنتۆن مەبەستی بوو. گەرووی هورمز هەر بەداخراوی مایەوە و داواکارییەکانی هەردوو لایەنیش مەودایەکی زۆریان لەنێواندا بوو.

ترەمپ کە هەرگیز پلانی بۆ جه‌نگێکی درێژخایەن دانەنابوو و ئێستا ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووەکان و دابەزینی پشتگیریی ناوخۆیی بووەتەوە، بەڕوونی بەدوای ڕێگەیەکی ئابڕوومەندانەدا دەگەڕێت بۆ چوونەدەرەوە؛ ڕێک هاوشێوەی نیکسۆن و کیسینجەر لە سەرەتای حەفتاکاندا. بەڵام ئێرانییەکانیش وەک ڤێتنامی باکوور، سەرسەختانە بەرگری دەکەن و بڕوایان وایە دەتوانن لە ململانێیەکی پڕووکێنەردا خۆڕاگر بن.

ئەوەی پێ دەچێت لە داهاتوودا ڕوو بدات، ڕێککەوتنێکە کە جه‌نگەکە دەوەستێنێت، هاتوچۆی کەشتییەکان دەست پێ دەکاتەوە و چارەسەرکردنی زۆرێک لە ناکۆکییەکانی دیکە بەناڕوونی دەهێڵێتەوە یان بۆ داهاتوو دوای دەخات. هەروەک چۆن چارەنووسی ڤێتنامی باشوور دواتر دیاری کرا، چارەنووسی کۆتاییی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و تەنانەت خودی کۆماری ئیسلامییش ئەگەری زۆرە بۆ کاتێکی دیکە دوا بخرێت.

یاریی پۆکەر

لە هەمان کاتدا، ئەو هێزانەی کۆریای باکوور کە شانبەشانی ڕووسیا لە ئۆکراینا دەجەنگن، پێ دەچێت هەستی “دیژاڤو (Déjà vu)”یان هەبێت؛ وەک ئەوەی مۆتەکەی نەوەی پێش خۆیان دووبارە ئەزموون بکەنەوە و لە گۆماوێکی خوێنی پڕووکێنەردا بووبێتنە قوربانیی مرۆیی.

لە کۆتایییەکانی حوزەیرانی ١٩٥٠دا، هێزەکانی کۆریای باکوور لە هێرشێکی کتوپڕدا هێڵی پانیی ٣٨ پلەیان تێ پەڕاند؛ هێرشێک کە ئامانج لێی خستنەژێر کۆنترۆڵی تەواوی نیمچەدوورگەی کۆریا بوو بۆ ژێر دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان. ئیدارەی هاری ترومەن ئەم هەنگاوەی بە یەکێک لە گرنگترین هێرشەکان لە کاتی هەڵکشانەکانی جەنگی سارددا دانا و، ئەمریکای پابەند کرد بە بەرگریکردن لە کۆریای باشوور؛ هەنگاوێک کە بە پشتگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ کرا.

هێزەکانی کۆریای باکوور بە درێژاییی هاوین پێشڕەوییان کرد و لە کۆتاییدا هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە ناوچەیەکی بچووکی دەوروبەری بەندەری بوسان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆریا گەمارۆ دا. بەڵام لە مانگی ئەیلوولدا، ئۆپەراسیۆنە ئاوی-وشکانییە سەرکەوتووەکەی جەنەڕاڵ دۆگلاس مەک ئارسەر (Douglas MacArthur) لە بەندەری ئینچۆن، لەپشت هێڵەکانی دوژمنەوە، ڕەوتی جه‌نگەکەی گۆڕی و ئەم جارە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون کە کۆریای باکووریان پاشەکشە پێ دەکرد.

لە مانگی تشرینی یەکەمدا، سەرکردەکانی ئەمریکا کە بەهۆی سەرکەوتنەکەوە سەرمەست ببوون و دەرفەتێکی چاوەڕواننەکراویان بۆ یەکخستنەوەی نیمچەدوورگەکە لەژێر حوکمڕانیی کۆریای باشووردا دەبینی، مۆڵەتیان بە مەک ئارسەر دا تا ئۆپەراسیۆنەکە قووڵتر لەناو خاکی کۆریای باکووردا درێژە پێ بدات؛ دەسەڵاتێک کە تا پێی كرا، بەکاری هێنا. بەڵام هەرچەندە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر بەرەو باکوور پێشڕەوییان کرد، جه‌نگەکە جارێکی دیکە ئاراستەی خۆی گۆڕی. هێزەکانی چین بۆ یارمەتیدانی کۆریای باکوور چوونە ناو جه‌نگەکەوە و سوپای نەتەوە یەکگرتووەکانیان ناچار بە پاشەکشەی خێرا بەرەو باشوور کرد.

هیندستان و بریتانیا ئەمریکایان خستە ژێر گوشارەوە کە دانوستانەکان دەست پێ بکات؛ بۆ ڕێککەوتنێک کە دەستبەرداربوونی تایوان و قبووڵکردنی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکانی لەخۆ دەگرت. بەڵام ئیدارەی ترومەن ئەم پێشنیازەی ڕەت کردەوە و بڕیاری دا جارێکی دیکە چانسی خۆی لە گۆڕەپانی جەنگدا تاقی بکاتەوە و، بەڕاستییش لەژێر فەرماندەییی نوێی ماتیۆ ڕیجوەی (Matthew Ridgway)، هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە ڕەوتی جه‌نگەکەیان گۆڕی و سەرەتای ساڵی ١٩٥١ دووبارە بەرەو باکووری نیمچەدوورگەکە پێشڕەوییان کرد.

لەم قۆناغەدا، هەردوو لایەنی جه‌نگەکە گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە تێپەڕاندنی چەقبەستووییی هەنووکەیی، لەڕاددەبەدەر قورس و تێچووی زۆر دەبێت. لەبەر ئەوەیش، وردە وردە بیریان لە کۆتاییهێنان بە جه‌نگەکە لە ڕێگەی دانوستان و لەسەر بنەمای پاراستنی دۆخی هەنووکەیی (Status quo) کردەوە. بەڵام جەنەڕاڵ دۆگلاس مەک ئارسەر دژی ئەم بڕیارە بوو و بەئەنقەست هەوڵی دا شکستی پێ بهێنێت. ئەو ئاشکرایە هەڵوێستی جەنگخوازانەی دەگرتە بەر و لە وتووێژ لەگەڵ کۆمارییەکانی کۆنگرێسدا ڕەخنەی لە حکوومەت دەگرت. لە کاردانەوەی ئەمەدا، هاری ترومەن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە مانگی نیساندا مەک ئارسەری لە فەرماندەییی گشتی دوور خستەوە و “ماتیۆ ڕیجوەی”ی خستە شوێنی.

لە مانگی حوزەیراندا، دوای ئەوەی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشێکی بەرفراوانی چینیان تێک شکاند، نوێنەری سۆڤیەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارێکی ڕادیۆییدا پێشنیازی کرد هەردوو لایەن لەسەر ئاگربەست لە هێڵی پانیی ٣٨ پلەدا ڕێک بکەون و لە مانگی تەممووزدا دانوستانی ڕاستەوخۆ بۆ ئاگربەست دەستی پێ کرد. چاودێرانی ئەو کاتە پێیان وا بوو ڕێککەوتنەکە لە چەند هەفتەیەکدا بەدەست دێت. یەکەمین دانوستانکارانی ئەمریکا تەنانەت جلی فەرمیی ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردبوو و یەکەمین دانوستانکارانی چینیش تەنیا جلی هاوینەیان هێنابوو. بەڵام دانوستانەکان گەیشتنە چەقبەستوویی و، جه‌نگە خوێناوییەکە دوو ساڵی دیکەیش بەردەوام بوو. لە کۆتاییدا، ئاگربەست لە تەممووزی ١٩٥٣ و نزیکەی لەسەر هەمان ئەو هێڵانە واژۆ کرا کە هەردوو لایەن لە سەرەتای دانوستانەکاندا تێیدا جێگیر ببوون.

لێکچوونەکانی جه‌نگی کۆریا و ئۆکراینا

لێکچوونەکانی نێوان جه‌نگی کۆریا  و جه‌نگی ئۆکراینا بەرچاون. جه‌نگی ئێستای ئۆکراینا بە هێرشی کتوپڕی ڕووسیا لە کۆتاییی شوباتی ٢٠٢٢ دەستی پێ کرد. هەروەک چۆن کۆریای باکوور لە ساڵی ١٩٥٠ هەوڵی دەدا ئەو خاکەی بە هی خۆی دەزانی داگیری بکاتەوە، ڕووسیاش پێشڕەوییەکی بەرفراوانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە دەست پێ کرد کە بە بەشێک لە خاکی مێژووییی خۆی دەزانێت و دیسانیش هاوشێوەی جه‌نگی کۆریا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی پابەندبوونی خۆیان دەربڕی بۆ پشتگیریکردن لەو وڵاتەی کراوەتە ئامانجی هێرشەکە.

هەروەک ئەوەی لە کۆریا ڕووی دا، ساڵی یەکەمی جه‌نگی ئۆکراینا گۆڕانکاریی گەورەی مەیدانی و جێگۆڕکێی بەرفراوانی هێڵەکانی شەڕی بەخۆیەوە بینی؛ بەڵام دوای ئەوە، جه‌نگەکە بۆ چەند ساڵێک پێی نایە ناو چەقبەستوویییەکی قورس و پڕووکێنەر بە درێژاییی هێڵە تا ڕاددەیەک جێگیرەکان. کاتێک ترەمپ لە ساڵی ٢٠٢٥ دەسەڵاتی گرتە دەست، هەوڵی دا لایەنەکان ناچار بە ڕێککەوتن بکات؛ ئەو لە لایەکەوە بە ورووژاندنی ئەگەری پاراستنی دەستکەوتە زەمینییەکانی ڕووسیا، مۆسکۆی هان دەدا و لە لایەکی دیکەیشەوە بە کەمکردنەوەی پشتگیرییەکان بۆ ئۆکراینا، “کیێڤ”ی خستە ژێر گوشارەوە. بەڵام هیچ یەک لە دوو لایەنەکە ئامادە نەبوون ڕێککەوتنەکە قبووڵ بکەن و جه‌نگ بەردەوام بوو. لەگەڵ ئەوەیشدا، تا لایەنەکان زیاتر شەکەت و نائومێد ببن، ئەگەری ئەو ڕێککەوتنەی کە ئەم چەقبەستوویییەی ئێستا بەفەرمی بناسێنێت، زیاتر دەبێت.

هاوشێوەی جه‌نگی کۆریا، جه‌نگی ئۆکرایناش لەڕاددەبەدەر خوێناوی بووە؛ بە سەدان هەزار کوژراوی سەربازی و ملیۆنان بریندار و قوربانیی مرۆیی. لە جه‌نگی کۆریاشدا ملیۆنان مەدەنی کوژران یان بریندار بوون. کاتێک تێچوویەکی هێندە زەبەلاح بۆ دەستکەوتگەلێکی تا ئەم ڕاددەیە سنووردار دەدرێت، کاریگەرییەکەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەمێنێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، هەروەک چۆن دوای جه‌نگی کۆریا ململانێکان سەریان هەڵنەدایەوە، لە ئۆکرایناش ئەگەر جه‌نگەکە بوەستێت، دوورە بەم زووانە دووبارە بڵێسە بسەنێتەوە؛ بەتایبەتی لەبەر ئەوەی هێڵی سنووریی نوێ بەوردی و بەهەستیارییەکی توندەوە دەپارێزرێت.

ئەم جارەیش جیاواز نییە

هەر چوار جه‌نگەکە بە هەڕەشەی ئەتۆمییەوە ئاوێتە بوون. ئەم مۆدێلە یەکەم جار لە جه‌نگی کۆریا  دەرکەوت؛ یەکەمین جه‌نگ کە تێیدا ئەگەری ڕوودانی جه‌نگێکی بەرفراوانی ئەتۆمی لەنێوان دوو بلۆکەکەدا هەبوو. زلهێزە ئەتۆمییەکان لەم جه‌نگانەدا چەندان جار هەڕەشەی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمییان کرد تا لایەنی بەرامبەر ناچار بە پاشەکشە بکەن، بەڵام هیچ کات بەکردەیی ئەو هەڕەشەیەیان جێبەجێ نەکرد.

ئەمریکا لە کۆریا و ڤێتنام چەکی ئەتۆمیی بەکار نەهێنا، ڕووسیا لە ئۆکراینا کارێکی لەو شێوەیەی نەکردووە و ئەمریکا و ئیسرائیلیش لە جه‌نگی ئێراندا، وێڕای هەر جۆرە لێدوانێکی ئاپۆکالیپتی (Apocalyptic)، چەکی ئەتۆمی بەکار ناهێنن. بەڵام پاڵنەرەکان بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بێ گومان زیاتر دەبن. بۆ هیچ وڵاتێک ئەو ڕاستییە شاراوە نابێت کە ئۆکراینا تەنیا دوای دەستبەرداربوون لە توانای ئەتۆمیی خۆی کرایە ئامانجی هێرش و، لە کاتێکدا کۆریای باکووری خاوەن چەکی ئەتۆمی لە ئاسایشدایە، ئێرانی بێ چەکی ئەتۆمی بووەتە وێرانە. هەروەها هەر چوار جه‌نگەکە نەک تەنیا کێشە و گرژیی نێوان دوژمنەکانیان تێدا بوو، بەڵکوو لەنێوان هاوپەیمانەکانیشدا؛ بابەتێک کە زۆر سەیر نییە، چونکە زلهێزە گەورە و بچووکەکان بەرژەوەندی و بەرپرسیارێتیی جیاوازیان هەیە.

دیسانیش ئەم مۆدێلە یەکەم جار لە جه‌نگی کۆریا بینرا. کاتێک زلهێزە گەورەکان بڕیاریان دا کاتی کۆتاییهاتنی جه‌نگەکە نزیک بووەتەوە، هاوبەشە بچووکەکانیشیان ناچار بە هاوڕایی کرد. دوای مردنی ستالین، سەرکردە نوێیەکانی سۆڤیەت بڕیاریان دا تێچووەکان کەم بکەنەوە و ڕێگە بدەن ئاگربەست بەرەوپێش بچێت، لە کاتێکدا واشنتۆنیش سێئۆلی ناچار کرد ڕێککەوتنێک قبووڵ بکات کە دژی بوو.

بیست ساڵ دواتر، ئەمریکا هەمان کاری لەگەڵ سایگۆن کرد. ئۆکراینا تا ئەمڕۆ لە بەرامبەر گوشارێکی لەو جۆرەدا خۆڕاگریی کردووە، بەڵام ئەگەر ڕووسیا ڕۆژێک ئامادە بێت ڕێککەوتنێکی قبووڵکراو پەسەند بکات، ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ڕێگەیەک دەدۆزنەوە تا کیێڤ پێی ڕازی بکەن.

هەمان پرس سەبارەت بە ئێرانیش ڕاستە؛ کاتێک ئیدارەی ترەمپ و ئێران دەگەنە خاڵێکی هاوبەش، ئەمریکا داواکارییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیی کەنداو بۆ بەردەوامبوونی ئەوپەڕی گوشارەکان (Maximum pressure)  وەلا دەنێت. لەم ڕۆژانەدا قسەوباسێکی زۆر لەسەر ئەوە دەکرێت کە شکستی واشنتۆن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ئێران، نیشانەی داکشانی حەتمیی هێزی ئەمریکایە.

بۆ نموونە، یەکێک لە مانشێتەکانی ئەم دوایییەی ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز (‘New York Times’)” نووسیبووی: “چین زیاتر لە جاران ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا وەک ئیمپراتۆرییەتێکی لە دۆخی داڕماندا دەبینێت.” زۆر کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکاش هەمان بۆچوونیان هەیە. بەڵام هەمان ئەم قسانە دوای شکستی ئەمریکاش لە ڤێتنام دەکران؛ لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەمریکا تەنیا چەند ساڵێک دواتر دووبارە بەهێز بووەوە و بۆ چەندان دەیە هەژموونی جیهانیی ئەزموون کرد.

هیچ گەرەنتییەک نییە کە بووژانەوەیەکی جیۆپۆلیتیکیی لەم شێوەیە دووبارە ببێتەوە، بەڵام داینامیکی داهێنەرانەی سەرمایەداریی ئەمریکا و توانای خۆنوێکردنەوەی دیموکراسیی ئەمریکی بە درێژاییی سەدەکان چەندان جار هەلومەرجە مەحاڵەکانی گۆڕیوە و، دوورە ئێستا بوەستێت.

ڕەنگە گرنگترین لێکچوونی مێژوویی لە تەواوی ئەم جه‌نگانەدا، گەشبینیی ساویلکانەی سەرکردەکان بێت لە کاتی جه‌نگدا؛ ئەو سەرکردانەی کە پێیان وایە دەکرێت بەسادەیی بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی ئامانجە سیاسییەکان بەدەست بهێنرێن، دوژمن کاردانەوەی جددیی نابێت و هیچ پێویستییەک بە پلاندانانی ستراتیژیی ورد نییە.

لە جه‌نگیشدا، ڕێک وەک بازاڕ، ڕەنگە مەترسیدارترین ڕستە ئەمە بێت: “ئەم جارە جیاوازە.”

سەرچاوە:

https://parsi.euronews.com/2026/05/21/from-nixons-mad-man-theory-to-trumps-war-with-iran-will-the-fate-of-the-vietnam-war-r




دیپلۆماسییەتی پراگماتیکیی ئەکتەرێکی نادەوڵەتی:  ڕەهەند و ئامانجەکانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆما و ڤاتیکان

 

پێنووس

لە کۆتایییەکانی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاوکێشە ئەمنییەکانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داڕشتووەتەوە. عێراق — کە دەکەوێتە نێوان هێزە کێبڕکێکارەکان — بووەتە گۆڕەپانێکی لاوەکیی ئەم ململانێیە. لە هەمان کاتدا، هەرێمی کوردستان لە ناوخۆدا لەبەردەم پرۆسەی چەقبەستووییی سیاسی، پێکهێنانی حکوومەت و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی خۆیدایە و، لەسەر ئاستی بەغدا و ناوچەکەیش ڕووبەڕووی چەندان ئاڵنگاریی سیاسی و ئابووری بووەتەوە.

هەر بۆیە سەردانی دوو ڕۆژەی (١٨ و ١٩ی ئایار)ی “نێچیرڤان بارزانی”، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆما و ڤاتیکان لە بۆشاییدا دروست نەبووە، بەڵکوو لەناو یەکێک لە ناجێگیرترین دۆخە هەرێمییەکانی ناوچەکە و لە کاتێکی هەستیاری ناوخۆییدا ئەنجام دەدرێت. کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئیتاڵی و دەوڵەتی ڤاتیکان (قەداسەتی پاپا ليۆى چوارده‌ پاپای ڤاتیکان، هەروەها کاردیناڵ پیێترۆ پارۆلین، سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان، سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا و ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە، ویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و…)، ڕووداوێکی دیپلۆماسیی پڕبایەخە بۆ هەرێمێکی نادەوڵەتی، کە دەیەوێت لەم ژینگە سەختەی جیۆپۆلیتیکی و پڕ لە ململانێیەدا وەک قەوارەیەکی سەقامگیر و ناوچەیەکی ئارام بۆ پێکەوەژیانی سیاسی و ئایینی لە عێراق و ناوچەکەدا دەربکەوێت.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە بۆچی ئێستا و بۆچی ئیتاڵیا؟

ڕەنگە نەخشە جوگرافییەکان پێمان بڵێن “ڕۆما” و “هەولێر” هەزاران کیلۆمەتر لێکەوە دوورن، لێ کاتێک پەردە لەسەر دۆسیەکانی ئاسایش، وزە، ئابووری و، پرسە که‌لتوورییەکان لا دەدەین، دەبینین ئیتاڵیا یەکێکە لە هاوبەشە نزیکەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا. ڕۆما بەوردی لە برینە مێژوویییەکانی ناوچەکە تێ دەگات و کێشەی کوردی زۆر باش خوێندووەتەوە؛ تا ئەو ڕاددەیەی ئێستا بووەتە زمانحاڵ و پێشەنگی دیپلۆماسیی وڵاتانی باشووری ئەوروپا، کاتێک بابەتەکە دێتە سەر پرسی عێراق.

ئەم سەردانە سێ تەوەری سەرەکیی لەخۆ گرتووە کە تەواوی ڕەهەندەکانی پەیوەندییەکانی هەولێر و ڕۆما دادەپۆشن و مەبەستەکانی گەشتەکە ڕوون دەکەنەوە:

یەکەم: ڕەهەندی ئەمنی و سەربازی (گۆڕانکارییە ستراتیژییەکان)

مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٦ وەرچەرخانێکی ستراتیژیی گەورەی تۆمار کرد. بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە، هاوپەیمانیی ناتۆ بڕیاری دا سەرجەم ستافی ئەرکەکەی لە عێراق، لە بەغداوە بگوازێتەوە بۆ فەرماندەییی هێزی هاوبەشی هاوپەیمانان لە ناپۆلی (Allied Joint Force Command Naples) لە ئیتاڵیا. هەرچەندە پاڵنەری سەرەکیی ئەم هەنگاوە پاراستنی گیانی هێزەکان بوو، بەڵام لێکەوتەیەکی بونیادیی قووڵی بەدوای خۆیدا هێنا: لەمەودوا ئیتاڵیا چەقی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆن و جووڵەکانی ناتۆیە لە عێراق.

لە لایەکی دیکەوە، ئیتاڵیا یەکێکە لە ئەندامە چالاکەکانی “هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش”. دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیتاڵیا دووەم گەورەترین وڵاتە کە هێزی بۆ ئەرکی ناتۆ لە عێراق دابین کردووە (بە زیاتر لە ١,٢٦٠ سەرباز)، کە کرۆکی ئەم جێگیرکردنە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ دەستی پێ کردووە و بارەگا سەرەکییەکەی لە هەولێرە. سەربازانی ئیتاڵی لەو سەردەمەی تارماییی داعش باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو، هاوکاریی پێشمەرگەیان کرد؛ کە ئەمە خۆی پردێکی ئەمنی و دیپلۆماسیی بەهێزی دروست کردووە و، پەیوەندیی نێوان پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئیتاڵیا مێژوویەکی سەرکەوتووی هەیە.

لەپاڵ ئەمانەدا، ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە کۆتاییی ئەمساڵدا (٢٠٢٦) هەمیشە لە ڕۆژەڤ و پلاندایە؛ بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا هەوڵی خۆی بدات و هەموو هێلکەکانی لە یەک سەبەتەدا حەشار نەدات. کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، مەبەست لێی دڵنیابوونەوەیە لە بەردەوامیی پشتگیرییە سەربازی، ڕاوێژکاری و، مەشقەکانی سوپای ئیتاڵیا، بەتایبەت کە مەترسییەکانی تیرۆر هێشتا بەتەواوی کۆتایییان نەهاتووە. بەدەستهێنانی بەڵێنی نوێ لە وەزیری بەرگری بۆ بەردەوامیی مەشق و ڕاهێنانەکان، یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا؛ کە ئەمە هەمیشە لە ئەجێندا و کاری سەرەکیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە. ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی تەنیا بەسەرکردنەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو دانوستانە لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کە ئێستا لەسەر خاکەکەی خۆیەوە جڵەوی ئەو ئەرکە سەربازییەی گرتووەتە دەست کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و دانەبڕاوی بە داهاتووی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

دووەم: ڕەهەندی سیاسی و ئابووری-بارزگانی 

لە کاتێکدا هەوڵێک هەیە بۆ لاوازکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکردنی سەرۆکی هەرێم لەلایەن لووتکەی دەسەڵاتی وڵاتێکی وەک ئیتاڵیا (کە ئەندامی کارای یەکێتیی ئەوروپا و کۆمەڵەی G7یە)، نامەیەکی ڕوونە بۆ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە، کە هەرێمی کوردستان هێشتا وەک ئەکتەرێکی سەرەکی، فەرمی و جێگەی متمانە لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو پەیامە بەگوێی دۆست و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا بدات کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای بوونی کێشەکان، ڕژدە لەسەر دۆزینەوەی ڕێگه‌چارەیەک.

لەپاڵ سیاسەتدا، پرسی نەوت و غاز و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان قسەی یەکەم دەکەن. وڵاتێکی وەک ئیتاڵیا کە بەردەوام تینووی سەرچاوەی وزەیە، لە ڕێگەی زەبەلاحێکی وەک کۆمپانیای ENIیەوە زۆرترین سەرمایەی لەسەر خاکی عێراق و کوردستاندا خستووەتە گەڕ. بەگوێرەی ئامارەکانی پەیمانگه‌ی ئیتاڵی بۆ لێکۆڵینەوە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان (ISPI)، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا عێراق بڕی ١٣.٣٪ی کۆی خواستی نەوتی خاوی ئیتاڵیای دابین کردووە؛ ئەمەیش عێراق دەکاتە چوارەم گەورەترین دابینکەری نەوت بۆ ئەو وڵاتە. ئەم ژمارەیە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و پێویستییە خێراکەی ئیتاڵیا بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە، گرنگییەکی زۆری پەیدا کرد. بۆ ڕۆما، سەقامگیری و توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان چەمکێکی گریمانەیی نییە، بەڵکوو گۆڕاوێکی ڕاستەوخۆیە لە هاوکێشەی ئاسایشی نەتەوەییی وزەی ئیتاڵیادا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر ژیرانە پرسەکانی بازرگانی و ئابووری دەخاتە پێش سیاسەتەوە، چونکە دەزانێت کاتێک بەرژەوەندیی ئابووریت لەگەڵ وڵاتێکدا گرێ دا، سیاسەتەکەیشیان خۆبەخۆ دەکەوێتە خزمەتتەوە. جێگەی ئاماژەیە لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئەنتۆنیۆ تایانی (Antonio Tajani)، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، لە ڕۆما لەگەڵ سەرۆک “مەسعوود بارزانی” کۆ بووەوە و جەختی لەسەر ئارەزووی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان کردەوە بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان لە کەرتەکانی وزە، ژێرخان، دەرمانسازی و خۆراکی کشتوکاڵی. بەیاننامەکەی ئەوکات بەڕوونی ئاماژەی بە کۆڕبەندێکی پێشووتری کارسازیی ئیتاڵیا-کوردستان دا و هاوبەشییەکەی بە هاوبەشییەکی ئابووریی گەشەسەندوو و هاریکارییەکی بەرهەمداری بەرگری وەسف کرد.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئیتاڵیا لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگی بە مۆدێلی پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان (SMEs)  دەرکردووە، ئەم سەردانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت ڕێگه‌ خۆش بکات بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و هێنانی تەکنه‌لۆژیای نوێی ئیتاڵی لە بوارەکانی شوێنەوارناسی، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و پیشەسازی بۆ هەرێمی کوردستان؛ کە ئامانج لێی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتە لە دەرەوەی کەرتی نەوت.

سێیەم: ڕەهەندی مرۆیی و ئایینی (پاپای ڤاتیکان)

دیدار لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، مەبەستی سەرەکی لێی دووپاتکردنەوەی پابەندیی هەرێمی کوردستانە بە پاراستنی فرەییی ئایینی و نەتەوەیی، بەتایبەت پاراستنی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمدا؛ هەروەها نیشاندانی ڕۆڵی هەرێم وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەرانی پێکهاتە جیاوازەکان دوای جه‌نگی داعش.

ڤاتیکان پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ ١٨٣ وڵاتدا هەیە و هێزێکی نەرمی کەموێنە وەک ناوبژیوانێکی ئەخلاقی لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا بەکار دەهێنێت. بۆ هەرێمێک کە میوانداریی ئاشووری، کلدانی و سریانییەکان دەکات، سەرنجی ڤاتیکان جۆرێکە لە داکۆکیکردن کە هیچ دامەزراوەیەکی دیکە ناتوانێت هاوشێوەی بێت. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک دیپلۆماتکارێکی باڵای ناوچەکە زۆر باش لە کۆد و گرنگییەکانی ئەو پەیامە تێ گەیشتووە و دەزانێت پاپا کاریگەرییەکی ڕۆحی و مەعنەویی گەورەی بەسەر بڕیاری سیاسیی وڵاتانی ڕۆژاوادا هەیە.

ستایشکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن پاپاوە بەهۆی پاراستنی کەمینە ئایینییەکان، ناوبانگی جیهانیی هەرێم وەک ”پایتەختی پێکەوەژیانی ئاشتییانە” لە ناوچەیەکی پشێو و ئاڵۆزدا بەرز دەکاتەوە. لە ڕێگەی ئەمەیشەوە، بارزانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕێکی جیهانیی وڵاتانی زۆرینە کاسۆلیکەوە دەبەستێتەوە؛ کە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی هاوسۆزیی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ بەربەست و کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا.

دیپلۆماسیی پراگماتیکیی تۆڕی: دۆکترینی نێچیرڤان بارزانی

ئەگەر قووڵتر سەرنج بدەینە شێوازی کارکردنی دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی، ڕووبەڕووی ستایلێکی دیپلۆماسی دەبینەوە کە کەموێنەیە و لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بە ”دیپلۆماسیی پراگماتیکیی تۆڕیی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان” پێناسە دەکرێت. نێچیرڤان بارزانی دەزانێت بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتی چەندە ئەستەمە لەنێوان دەوڵەتانی خاوەن سەروەریدا بەرژەوەندی و ئاسایشی خۆی بپارێزێت؛ بۆیە زۆر واقعبینانە هەنگاو دەنێت. لەبری ئەوەی بە دروشمی گەورە داوای ناواقعی لە دەوڵەتان بکات و دراوسێ و زلهێزەکان هەستیار بکات، ئەو لە دەرگه‌ی ئابووری، ئاسایشی هاوبەش و که‌لتوورەوە دەچێتە ژوورەوە و بە زمانێکی دیپلۆماسیی نەرم و هێمنانە بە ئەوروپا دەڵێت: ”ئێمە هاوبەشێکی بەسوود و جێی متمانەین بۆ ئێوە”.

لە نێوه‌ندی ئەم سەردانەدا، یەکێکی تر لە تایبەتمەندییە دیارەکانی دۆکترینی دیپلۆماسییەکەی دەرکەوت، ئەویش فراوانکردنی بازنەی دۆستەکانێتی. ئەو تەنیا لە دەرگه‌ی کۆشکی سەرۆکوەزیران نادات، بەڵکوو دەچێتە ناو پەرلەمان، لەگەڵ گەورە بازرگانان دادەنیشێت و، تا دەگاتە ڤاتیکان. تەنانەت لەبەر ئەوەی ئیتاڵیا خۆی مێژوویەکی ئاڵۆزی لەگەڵ پرسی ناوچە ئۆتۆنۆمییەکانی وەک سیسیلیا (Sicily) و سەردینیا (Sardinia) هەیە، بارزانی بە زمانێک قسەیان لەگەڵ دەکات کە پرس و کێشە مێژوویییەکانی خۆیانیان بیر دەهێنێتەوە. هەروەها کەسایەتیی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی وا دەکات کە بۆ پرسە هەستیارەکانی وەک “مافی مرۆڤ” و “ئازادییەکان”یش لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، هەمیشە بە لۆژیک و سینگێكی فراوانەوە ئامادەیە بەرسڤیان بداتەوە.

لە ئێستادا کە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بەدەست ئاگری جەنگ و ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنن — لە قەیرانی ئۆکرانیاوە بگرە تا ئاڵۆزییەکانی ئێران — پەیامەکەی هەولێر زۆر سادە و کاریگەرە: ئێمە دوورگەیەکی ئارامین لەناو زەریایەک لە پشێویدا.

کۆبەند

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین لەم دۆخەدا — کشانەوەی هێزەکانی ئیتاڵیا، مەترسیی کشانەوەی ئەمریکا، پەرەسەندنی جەنگی هەرێمی و دروستبوونی گوشار لەسەر هاوبەشییە درێژخایەنەکان — پەیامی سەردانەکەی بارزانی بۆ ڕۆما دیپلۆماسی، خێرا و ستراتیژی بوو. ئامانجەکە دڵنیاییدان بوو بە ئیتاڵیا کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی جێی متمانەیە، لەگەڵ مسۆگەرکردنی ئەوەی پەیوەندییە ئابووری، سەربازی و ئەمنییەکان لەژێر گوشاری کورتخایەندا دانەڕمێن.

ئیتاڵییەکان زۆر باش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا، پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان گه‌رەنتییەکی زۆر زیاتری تێدایە تا مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسەتی هەڵبەز و دابەزی بەغدا. ئەم باوەڕەیش وای کردووە ئیتاڵی و ئەوروپییەکان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک سەردانیکەرێکی کاتی نەبینن، بەڵکوو وەک میواندار و هاوپەیمانێکی هەمیشەیی حیسابی بۆ بکەن؛ کە ئەمەیش مامەڵەکردنی لە ڕۆژە سەختەکاندا زۆر ئاسانتر کردووە.

ئەم سەردانە نیشانی دا کە هەرێمی کوردستان تەنیا لە بوارێکی جیۆپۆلیتیکیی ناوخۆییی عێراقیدا زنجیر نەکراوە، بەڵکوو دۆستێکی ستراتیژیی ڕۆژاوایە لە پاراستنی سەقامگیری، جه‌نگی دژی تیرۆر و، پاراستنی مافی مرۆڤ و کەمینەکاندا. گرنگیی گەورەی ئەم سەردانە لەوەدایە کە بەبێ ئەوەی تێچوویەکی سیاسیی گەورەی بوێت، قورساییی سیاسیی هەرێمی کوردستانی لەسەر ئاستی ئەوروپا دووپات کردەوە و هێزێکی نوێی دایە پێگەی دانوستانکاری هەولێر لە ناوخۆ و دەرەوەدا؛ سەرەڕای ئەو دۆخە سیاسییە ناوخۆیییەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە و مەترسییەکانی جه‌نگی ئێران و ئەمریکاش لە ناوچەکەدا.

بەکورتی، دیپلۆماسییەکەی نێچیرڤان بارزانی پشت بە هونەری ”دروستکردنی پرد لە دوای پرد” دەبەستێت، کە هەر پردێکیان تەنیا دیدارێکی وشک نییە، بەڵکوو بە دروستکردنی پەیوەندیی دووقۆڵی و فرەقۆڵی، هەرێمی کوردستان ئاوێتەی تۆڕی بەرژەوەندی و ئاسایشیان دەکات و، شوێنپێی کورد لە کیشوەری ئەوروپادا قایمتر دەکات تا ببێتە سەرمایەیەک بۆ داهاتوو.




حکوومەتی زەیدی؛ نەخشەڕێگەی نوێی شیعە لەنێوان مانۆڕی سیاسی و گرەوی مانەوەدا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

دەسپێك

پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لەلایەن “عەلی زەیدی”یەوە، پێشهاتێکی نوێ و جێگەی ‌سەرنجە لە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتدا. زەیدی وەک کاندیدێکی نائاسایی و لەدەرەوەی چوارچێوە و نەریتە کلاسیکییەکانی ناوماڵی شیعە دەرکەوتووە؛ ئەمەیش ئاماژەیە بۆ گۆڕانی شێوازی بیرکردنەوەی جەمسەرە سیاسییەکان. لەگەڵ ‌ئەوەیشدا، ئەم پێشهاتە لایەنە شیعەکان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەکی ورد لەنێوان “داخوازییە ناوخۆیییەکان” و “هاوکێشە ئاڵۆزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا”. ئەم شرۆڤەیە تیشک دەخاتە سەر پاشخان و ڕەهەندە سیاسییەکانی دیاریکردنی “عەلی زەیدی” بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران، میکانیزمی کاری ئێستای هێزە شیعەکان و ئەگەرەکانی سەرکەوتن یان شکستهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا.

یەکەم: کابینەی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەمریكا

پاش پێنج ‌مانگ لە ناکۆکی و ململانێی‌ ناوخۆییی دوای هەڵبژاردن و، لە سایەی جۆرێک لە “ئاگربەستی سارد”ی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، عێراق چووە قۆناغی پێکهێنانی دەیەمین کابینەی حکوومەت لەدوای ٢٠٠٣. ئەم قۆناغە بە ڕاسپاردنی “عەلی زەیدی”، بازرگانێکی تەمەن ٤٠ ساڵان، دەستی ‌پێ کرد؛ کاندیدێک کە وەک وەڵامێکی ناچاریی هێزە شیعەکان بۆ گۆڕانی هاوکێشە هەرێمایەتی و دەرەکییەکان دەبینرێت. ئەم هەنگاوە، کە دوای دوو مانگ لە پێشێلکردنی وادە دەستوورییەکان و بە دەنگدانێکی “نیوەچڵ” تێ پەڕی، دەشێت وەک وەرچەرخان لە ڕەفتاری سیاسیی شیعەدا تەماشا بکرێت؛ بەتایبەت لەپاش ئەزموونی ڕاسپاردنی “مستەفا کازمی” بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەنێو گێژاوی لێکەوتەکانی تشرین و پەتای کۆرۆنادا (٢٠٢٠). تێپەڕاندنی حکوومەتی زەیدی، بەکردەیی “چەمانەوە بوو لەبەردەم گەردەلوولی گوشارەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ”دا؛ کە ئەمەیش لەم ئاماژانەی‌خوارەوەدا بەڕوونی دیارە:

* ترەمپ بەئاشکرا و لە هەژماری‌خۆیەوە لە “تروس سۆشال”دا، ڤیتۆی لەسەر “نووری مالیکی” هەبوو پاش ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن چوارچێوەی شیعییەوە؛ هاوکات ئیدارەکەیشی لە زنجیرەیەک بەیاننامەی وەزارەتی‌ دەرەوە و باڵیۆزخانەی بەغدادا، ناڕەزایەتییەکی قووڵی بەرامبەر “محەمەد شیاع سوودانی” نیشان دەدا. ئەم ناڕەزایەتییە بەتایبەت پاش ئەوە هات کە لە “جەنگی چل‌ ڕۆژەی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێراندا”، سوودانی نەیتوانی جڵەوی گرووپە چەکدارە وەلائییەکان بگرێت؛ ئەمەیش وای کرد چانسی نوێکردنەوەی ویلایەتەکەی لای ئەمریکییەکان لەبار بچێت و بەڕاشکاوی بێهیوای ‌بکەن و، ئەم پەیامەیش بە هێزە شیعەكان بگەیەنن (الشمري ، ٢٠٢٦). هەر ئەمەیش هێزە شیعەکانی ناچار کرد ناوی “عەلی زەیدی” وەک کاندید بۆ ئەمریکا پێشنیاز بکەن و ڕەزامەندیی پێشوەختەی بۆ وەرگرن.

* دیاریکردنی “عەلی زەیدی” وەک کاندیدێکی نائاسایی بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران، لادان بوو لە بژاردە سیاسییە باوەکان. کاتێک ڕژێمی پێشوو لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕووخا و بناغەی عێراقی نوێ داڕێژرا، عەلی فالح زەیدی (تەمەن ٤١ ساڵ) تەنیا قوتابییەکی قۆناغی ئامادەیی بوو. ئەو بەشێک ‌نییە لەو نەوە سیاسی و ڕێکخراوەیییەی کە خۆیان بە “باوکانی دامەزرێنەر”ی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەزانن، بەڵام لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، خۆی لەنێو جەرگەی یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانەکانی عێراقدا بینییەوە.

زەیدی، کە خەڵکی پارێزگای “زیقار”ە، پێشتر هیچ پۆستێکی فەرمیی نەبووە. کاندیدبوونی، بەرهەمی تەوافوقێکی ناچاریی ناوخۆیی و گوشاری واشنتۆن بووە بۆ تێپەڕاندنی کەسایەتییەکی “دوور لە تاران”. زەیدی لە دەساڵی ڕابردوودا وەک یەکێک لە سەرمایەدارە هەرە دیارەکانی عێراق ناسراوە. ئەو خاوەنی تۆڕێکی دارایی و خزمەتگوزارییە کە بریتین ‌لە: بانکی باشوور بۆ وەبەرهێنان، زانکۆی شەعب، کۆمپانیای نیشتمانیی هۆڵدینگ -سەرپەرشتیاری زنجیرە هایپەرمارکێتەکان-، چەندان ناوەندی پزیشکی و بازرگانی، لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی دیجلە (بڕوانە: الجزيرة نت، 2026). ئەم پاشخانەیشی بەتەواوی جیاوازە لە گوتاری باوی “شیعەی سیاسی” لە عێراقدا، کە هەمیشە سەرمایە ڕەمزی و سیاسییەکەی لەسەر چەمکەکانی وەک “جیهاد”، ئاوارەیی، بەرهەڵستکاریی ڕژێمی بەعس و جەنگی دژ بە قاعیدە و داعش بونیاد ناوە.

لەم چوارچێوەیەدا، یەکێک لە پەرلەمانتارە شیعەکان بەسەرسوڕمانەوە دەڵێت: “ڕەنگە زەیدی لە ژیانی سیاسییدا تەنانەت بەشداریی دەنگدانیشی نەکردبێت”، بەڵام پێی وایە چونکە ئەو “کوڕی بازاڕە”، دەشێت لەم‌ قۆناغەدا سەرکەوتوو بێت (شبكة 964، 2026). پاشخانی زەیدی وەک بازرگان و خاوەنکارێک، وای کردووە هێنانەپێشەوەی وەک سەرۆکوەزیران زیاتر وەک “دیزاینکردنی وێنەیەکی نوێی دەسەڵات” تەماشا بکرێت. ئەمە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ڕوخسارێکی مۆدێرن و بێلایەن بە جیهان، بەبێ ئەوەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە جەوهەری دەسەڵاتدا ڕوو بدات؛ چونکە هێشتا وەزارەتەکان لەسەر بنەمای “پشکپشکێنەی حزبی” دابەش دەکرێن و هێزە شیعە کلاسیکییەکان جومگە گرنگەکانی بڕیاریان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

لایەنە شیعەکان وەک “پردی ‌پەیوەندی” و ئامرازێکی “پراگماتی” سەیری زەیدی دەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ و وڵاتانی کەنداودا، کە لەم قۆناغەدا زیاتر گرنگی بە بازرگانی و دارایی دەدەن. بەهۆی ئەوەیشی زەیدی هیچ ئەزموونێکی ئەمنی و سەربازیی نییە، کۆنترۆڵکردنی بڕیاری ئاسایش لەلایەن هێزە شیعە چەکدارەکانەوە ئاسانتر دەبێت.

* بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، واشنتۆن مەرجی پێشوەختەی هەبووە کە نابێت شەش گرووپی سەرەکیی شیعە لە کابینەی زەیدیدا پشکیان هەبێت، كه‌ بریتین له‌: کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەییدولشوهەدا، بزووتنەوەی عەسائیب، ئەنساروڵڵای ئەوفیا و، کەتائیبی ئیمام عەلی. ئەمە لە کاتێکدا گرووپە چەکدارە شیعەکان خاوەنی ٨٠ کورسیی پەرلەمانین (الحرة، 2026)، لە کۆی دەوروبەری ١٨٧ کورسیی پێکهاتەی شیعە کە ١٦٣یان لەنێو “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا خۆیان ڕێک خستووە. لە پێکهێنانی حکوومەتیشدا ئەم خواستەی ئەمریکا لەبەرچاو گیرا و لە قۆناغی یەكەمی حکوومەتدا ئەم گرووپانە بەشدارییان پێ نەکرا.

* بزووتنەوەی عەسائیب کە یەکێکە لە دیارترین گرووپە چەکدارەکانی شیعە، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گوشارەکانی ئەمریکادا جۆرێک لە “نەرمیی پۆپۆلیستی” نیشان دەدات. سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە، لەوانەیش یاریدەدەری سیاسیی ئەمیندار، باس لە ئامادەییی خۆیان دەکەن بۆ “کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا” و ڕووکردنە کاری سیاسیی پەتی (العبودي، 2026). ئەم گۆڕانکارییە تاکتیکییە، ئامانجەکەی بەدەستهێنانی پۆستی باڵایە؛ چونکە چاویان لەوەیە “لەیس خەزعەلی” (برای قەیس خەزعەلی)، پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران وەرگرێت؛ ئەوەیش لە ڕێگەی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئەمریکاوە ئەنجام دەدرێت.

* سەرچاوە شیعەكان ئاشکرای دەکەن کە هۆکاری بەتاڵهێشتنەوەی ٨ پۆستی وەزاری لە کابینەی زەیدیدا، هەوڵێکی زەیدی بووە بۆ “خۆلادان لە پێکدادان لەگەڵ ترەمپدا”. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ڕاسپێردراوە بۆ “فڵتەرکردنی” ناوی وەزیرەکان، تا دڵنیا بن لەوەی هیچ کەسایەتییەکی سەر بە ئێران تێ ناپەڕێت. تەنانەت باس لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی دەکرێت چەند کاتژمێرێک پێش دانیشتنی پەرلەمان، کە تێیدا زەیدی لیستی کاندیدەکانی نیشانی تیمێکی دیپلۆماسیی ئەمریکی داوە بۆ وەرگرتنی “تیشكی سەوز” ( بڕوانە: شبكة 964، 2026).

* پێش ڕاسپاردنی زەیدی، ناوماڵی شیعە لە عێراقدا دابەش بووبوو بەسەر دوو جەمسەردا: یەکەمیان جەختی لە پێکهێنانی حکوومەت لە وادە دەستوورییەکاندا دەکردەوە تا دەوڵەت لە پەککەوتن و بۆشاییی دەستووری و یاسایی ڕزگار بکات. دووەمیشیان، بە پاڵپشتیی تاران، داوای دواخستنی پڕۆسەکەیان دەکرد تا کۆتاییهاتنی جەنگ. تاران دۆسیەی حکوومەتی عێراقی وەک “کارتێکی گوشار” بۆ سەر ئەمریکا دەبینی و، دەیویست لە ڕێگەی بۆشاییی سیاسییەوە دڵنیا بێتەوە کە بەغدا هیچ هەنگاوێکی دژبە بەرژەوەندییەکانی تاران نانێت (مركز الإمارات للسیاسات، 2026).

لە کۆتاییدا، ئاراستەی پێکهێنانی حکوومەت سەرکەوتنی بەدەست هێنا و پێکهێنانی کابینەکە لەژێر سێبەری “عەلی زەیدی”دا، عێراقی بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە بارمتەگرتنی تاران دوور خستەوە و لە هاوکێشەی جەنگی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێرانیش دەرهێنا، یان لانی کەم توانیی عێراق لەو چەقە مەترسیدارە دەرباز بکات. هەر ئەمەیش دەشێت هۆکار بێت کە ئێران پاش وڵاتانی دیکە و تەنیا لە ڕێگەی پەیامێکی سۆشیاڵ میدیاییی “عەباس عێراقچی” وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە، پیرۆزباییی ڕاسپاردنی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت بکات.

ئەم “خۆگونجاندنانەی” سەرەوە، ئاماژەیەکی ڕوونه‌ کە هێزە شیعەکان لە ترسی سزا دارایییە توندەکان و بۆ پاراستنی مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا، ئامادەن یەک هەنگاو لە ئەجێنداکانی تاران دوور بکەونەوە و بەرەو واشنتۆن هەنگاو بنێن. ستایشی ئاشکرای ترەمپ بۆ دیاریکردنی زەیدی و بانگهێشتکردنی بۆ کۆشکی سپی، دەشێت ئاماژەیەکی ڕوون بێت کە ئەم کابینەیە، کابینەی “ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا”یە لەسەر حیسابی “هەژموونی ئێران”.

دووەم: دەرفەتەكانی سەركەوتن و ئەگەرەكانی شكستی كابینەی زەیدی

ئەلف: دەرفەتەكانی سەركەوتنی حکوومەت

جگە لە سازانی ناوخۆیی، حکوومەتی نوێی عێراق لەسەر ئاستێکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی پێشوازیی لێ کرا؛ کە ئەمەیش یەکێکە لە ئەگەرە بەهێزەکانی گریمانەكردنی سەرکەوتنی “عەلی زەیدی”. پاشخانی دارایی و بازرگانیی زەیدی، هیوای ئەوەی لای چاودێران دروست کردووە کە بتوانێت عێراق لە قەیرانێکی خنکێنەری دارایی دەرباز بکات؛ بەتایبەت دوای ئەوەی جەنگی چل ڕۆژە هەناردەی نەوتی عێراقی بۆ نزمترین ئاست دابەزاند و وڵاتی خستە بەردەم مەترسیی مایەپووچبوونی خەزێنە و پەنابردن بۆ قەرزی دەرەکیی قورس.

لە یەکەم ئاماژەی ئەرێنیی واشنتۆن بۆ ئەم کابینەیە، “تۆم باراک”، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری عێراق، پەیامێکی گەرمی ئاراستەی زەیدی کرد و ڕای گەیاند: “سەرۆک ترەمپ و مارکۆ ڕۆبیۆ و ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەن لەنزیکەوە کار لەگەڵ ئێوە و حکوومەتەکەتان بکەن، بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان، کە خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق و شکستی تیرۆر بەدی بهێنێت” (توم براک، 2026). ئەم پەیامە نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن ئامادەیە “لاپەڕەیەکی نوێ” لەگەڵ بەغدا بکاتەوە، بەو مەرجەی زەیدی بتوانێت هاوسەنگییەکان بپارێزێت.

شان بە شانی ئەمەیش گرنگترین وەرچەرخان لە ڕەفتاری گرووپە وەلائییەکاندا دەردەکەوێت. ڕاوێژکارێک کە وەک نوێنەری سوودانی لە خولەکانی گفتوگۆدا لەگەڵ هێزە سیاسییەکان بەشدار بووە، بۆ کەناڵی “الحرة” ئاشکرای کردووە کە “هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەکردەیی دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای ناوبژیوانی هەرێمی و ناوخۆیی بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان؛ بەو ئومێدەی بگەڕێنەوە بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت یان بەدەستهێنانی پۆستی جێبەجێکردن لە قۆناغی داهاتوودا” (الحرة، 2026). ئەم گرووپانە درک بەوە دەکەن کە واشنتۆن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاودێریی پێکهاتەی حکوومەتە نوێیەکە دەکات، بەتایبەت ئەو پۆستانەی پەیوەندییان بە دۆسیە ئەمنی و ئابوورییەکانەوە هەیە.

سەرچاوە ئاگادارەکانی ناوخۆی شیعە باس لەوە دەكەن لای بەشێک لە هێزە چەكدارەکانی شیعە ئەو قەناعەتە دروست بووە کە بەرگریکردن لە بەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکادا بووەتە کارێکی “سەخت”. هەندێک لەو گرووپانەیش بەکردەوە دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای “دەرچەی سیاسیی واقعی”دا؛ بە جۆرێک ڕێگەیان پێ بدات بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ لە هاوکێشەی “چەک و دەسەڵات” بکشێنەوە، لە بەرانبەر پاراستنی پێگە و هەژموونی پەرلەمانی و سیاسیی خۆیان (الشرق الأوسط، 2026).

ئەم ئاماژانەیش دەرفەت دەدەنە زەیدی تاوەکوو بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، جڵەوی بڕیاری سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا بگرێتەوە دەست و وڵات لە بازنەی ململانێیەکی بێهوودە دەرباز بکات.

با: لەمپەرەكانی بەردەم كابینەی زەیدی و ئەگەرەكانی شكست

سەرەڕای ئەو کەشە گەشبینانەی لە سەرەتای ڕاسپاردنیدا دروست بوو، بەڵام حکوومەتەکەی “عەلی زەیدی” ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری (نه‌حه‌ددا)ی بنەڕەتی دەبێتەوە کە ڕەنگە تەمەنی کابینەکەی کورت بکەنەوە. ئەم بەربەستانە لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازدا کورت دەبنەوە، لەوانەیش:

*  تێپەڕاندنی وەزارەتەکان لەناو “چوارچێوەی‌ هەماهەنگی”دا، زیاتر لە “ڕێککەوتنێکی ناچاریی کاتی” دەچێت نەک ستراتیژییەکی درێژخایەن. دابەشکردنی پۆستەکان نەخشەیەکی نوێی لە ململانێ و هاوسەنگیی هێز لە ناوماڵی شیعەدا کێشا؛ بە جۆرێک هەندێک لە هێزە شیعەکان توانییان پۆستەکانیان مسۆگەر بکەن (وەک ڕەوتی حیكمە، نەهجی نیشتمانی و ڕێکخراوی بەدر)، بەڵام ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، سەرەڕای قورساییی “نووری مالیکی”، نەیتوانی لە گەڕی یەکەمی پێکهێنانی حکوومەتدا دەستکەوتێکی ئەوتۆی هەبێت. تەنانەت سەرباری ئامادەبوونی مالیکی لە هۆڵی پەرلەماندا، هیچ وەزارەتێکی لە پشکی ئەو تێپەڕ نەکرا.

هەندێکی دیکەیش لە هێزە شیعەکانی وەک “عەسائیب”، بەهۆی ڤیتۆی ‌ئەمریکاوە لە پەراوێزی چاوەڕوانیدان و هەندێکی تریش وەک هاوپەیمانییەکەی “موحسین مەندەلاوی” لە گەڕی یەكەمدا هیچ پۆستێکیان بەرنەکەوتووە. ئەم دۆخە وای کردووە ڕێک دوای دانیشتنی متمانەدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرەتاکانی لێکترازان لەناو “چوارچێوەی‌هەماهەنگی”دا دەربکەون و ئەو درزانە قووڵتر بن کە پێش دەنگدانە پەرلەمانییەکە هەبوون. لە لایەکی ‌دیکەیشەوە، متمانەدان بە ١٤ وەزیر و هێشتنەوەی ٩ وەزارەتی سیادی و گرنگ (وەک ناوخۆ، بەرگری و خوێندنی باڵا) بەهەڵپەسێردراوی، ئاماژەیەکی ڕوونە کە ناکۆکییە قووڵەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.

جگە لە ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی ناوماڵی شیعە، هەندێک لە هێزە سیاسییە شیعەکان چوونەتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە، لەوانەیش: “اشراقة كانون” و “حقوق”؛ ئەمەیش گوشارە پەرلەمانییەکان لەسەر زەیدی زیاتر دەکات (شبكة 964، ٢٠٢٦)، بەتایبەت پاش ‌ئەوەی پێشبینی دەکرێت بەهۆی بێبەشبوون لە پشکەکان، لە ڕۆژانی داهاتوودا لیستی سیاسیی دیکەیش بچێتە پاڵیان.

* دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان گەورەترین بەربەستە لەبەردەم سەرکەوتنی کابینەی زەیدیدا. بەپێی هەندێک زانیاریی بەردەست، حکوومەتی نوێ ڕووبەڕووی پێنج مەرجی توندی ئەمریکا بووەتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان “دەوڵەت و چەک”؛ ئەوانیش بریتین ‌لە: بەرتەسککردنەوەی بڵاوبوونەوەی چەکدارانی حەشد و چۆڵکردنی پێگەکانیان بۆ سوپا، ڕادەستکردنی چەکی قورس و درۆن بە سوپای عێراق، سنووردارکردنی چالاکییە ئابوورییەکانی “کۆمپانیای موهەندیس” (کە هی حەشدی شەعبییە)، دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە پۆستە ئەمنییەکان و دەرکردنی یاسا و ڕێنماییی قەدەغەکردنی چەکی نایاسایی (مركز الإمارات للسیاسات، 2026). یەکێک لە قورسترین مەرجەکانی واشنتۆنیش بۆ سڕینه‌وه‌ی ناوی گرووپە چەکدارەکان لە لیستی تیرۆر، “ڕادەستکردنی چەکە قورسەکان”ە، بەتایبەت مووشەکی دوورهاوێژ و درۆنەکان. هەرچەندە لایەنەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” داوای کاتیان کردووە، بەڵام ئەمریکا بە هەڕەشەی “بڕینی ناردنی دۆلار” و “ڕاگرتنی پاڵپشتیی تەکنیکی بۆ فڕۆکەکانی F-16” وەڵامی داونەتەوە (صحيح العراق، 2026). ئەمەیش بە واتای پەکخستنی تەواوی هێزی ئاسمانی و داراییی عێراق دێت.

بەرپرسانی واشنتۆن چیتر بە لێدوانە دیپلۆماسییەکان ڕازی ‌نین. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دامەزراوەکانیان لە عێراق ڕووبەڕووی زیاتر لە ٦٠٠ هێرش بوونەتەوە؛ ئەمەیش وای کردووە ئیدارەی نوێ گوشار بخاتەسەر زەیدی تاوەکوو بە هەنگاوی مەیدانی، “جیابوونەوەی دەوڵەت لە میلیشیا” بسەلمێنێت. داواکارییەکانی ئەمریکا ڕاشکاون: دەرکردنی گرووپە وەلائییەکان لە جومگەکانی حکوومەت، بڕینی بوودجە و مووچەی ئەو هێزانە و، ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەوەی کە ئەم گرووپانە هیچ شەرعییەتێکیان لەناو دەوڵەتدا نییە  (The National, 2026). لەم به‌ینه‌یشدا وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی‌ کردووەتەوە کە واشنتۆن تەنیا چاوەڕێی “ئەنجامی بەرجەستە” دەکات. مامەڵەی داهاتووی ئەمریکا لەگەڵ بەغدادا، بەستراوەتەوە بە ئاستی بێبەشکردنی میلیشیاکان لە پارەی گشتی و دامەزراوەکانی دەوڵەت (الحرة، 2026).

لەم بەرانبەرەیشدا و لە لایەکی‌ دیکەوە، تاران بەنیگەرانییەکی زۆرەوە سەیری “ستایشی ترەمپ بۆ زەیدی” دەکات. “ئیسماعیل قائانی” لە پەیامێکی بڕاوەدا بۆ لایەنە شیعەکان، هێڵە سوورەکانی دیاری کردووە: “هیچ جۆرە سازشێک لەسەر چەکی گرووپەکان و پەیکەری حەشدی شەعبی ناکرێت.” قائانی هۆشداریی داوە بە حکوومەتەکەی زەیدی، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک بەرەو داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ حەسرکردنی چەک هەنگاو بنێت و پێویستە “هاوسەنگی” بپارێزێت (الحرة، 2026).

لە یەکەم تاقیکردنەوەی کردەییشدا بۆ حکوومەتی نوێ، “نازم سەعدی” سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بزووتنەوەی “نوجەبا” ڕای گەیاند کە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، تەنیا “چەکی بێسەروبەر و دەرچوولەیاسا” دەگرێتەوە، نەک “چەکی مقاوەمە”. ناوبراو جەختی ‌لەوه‌ کردەوە کە چەکی ئەو هێزانەی بەرگرییان لە عێراق و پیرۆزییەکان کردووە، بە هیچ شێوەیەک ناخرێتە خانەی پشێوی و پاشاگەردانییەوە (الشرق الأوسط، 2026).

بەم‌ جۆرەیش مانەوەی عێراق وەک گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی ئەمریکا و ئێران، سەربەخۆییی بڕیاری سیاسی لە زەیدی زەوت دەکات. هەروەها لەبەرامبەر هەڕەشەی سزای ئابووریی سەر بانکی ناوەندی و کۆمپانیای “سۆمۆ”، هێزە شیعەکان کەوتوونەتە دۆخێکی شڵەژاوەوە. ئەوان بەکارهێنانی هێز دژی گرووپە چەکدارەکان بە “خۆکوژی” و سەرەتای جەنگی ناوخۆ دەبینن. لە کۆتاییشدا ڕەنگە زەیدی ناچار بێت پەنا بۆ “مەرجەعییەتی نەجەف” ببات؛ وەک تەنیا هێزێک کە بتوانێت بە فەتوایەک یان هەڵوێستێک، چارەسەری پرسی چەکی گرووپەکان بکات و دامەزراوە دارایییەکانی عێراق لە تووڕه‌یی و سزاکانی واشنتۆن بپارێزێت.

*  عێراق لەناو قەیرانێکی خنکێنەری ئابووریدایە؛ پشتبەستنی ڕەها بە نەوت و تەشەنەسەندنی گەندەڵی بوونەتە هۆی لاوازیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان؛ ئەمەیش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زەیدی نەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا هیچ “موعجیزەیەک” پێشکەش ‌بکات. یەکەم وتاری زەیدی وەک سەرۆکوەزیران، کورت و پڕ بوو لە پەیامی نیگەرانی و هۆشداری؛ تێیدا تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک تەنگژەی بنەڕەتیی وەک: دۆخی شڵەژاوی دەوڵەت، قورسبوونی بارگرانییە دارایییەکان، قەیرانی خزمەتگوزارییەکان، قووڵبوونەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان و پاشەکشەی عێراق لە چوارچێوەی دەوروبەرە سروشتی و ناوچەیییەکەیدا. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەدەست میراتی قورسی بیرۆکراسی، ئاڵۆزیی کارگێڕی و گەندەڵییەوە دەناڵێنن (بڕوانە: واع، 2026).

هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی زەیدیدا، ئاژانسی “ڕۆیتەرز” ئاشکرای کردووە کە عێراق سەرقاڵی پەیوەندیکردنە بە سندووقی دراوی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەوەی قەرز بکات. بەپێی لێدوانی وەزیری نوێی نەوتیش، لە ماوەی یەک‌ مانگدا عێراق تەنیا ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە گەرووی هورمزەوە بۆ دەرباز کراوە؛ لە کاتێکدا پێشتر ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیلی لەم گەرووە ئاوییەوە هەناردە دەکرد.

*  لە دەرەوەی هۆڵەکانی پەرلەمان، “موقتەدا سەدر” وەک “هەڕەشەیەکی ئامادە” خۆی مەڵاس داوە. سەدر کە ئێستا ڕێبەرایەتیی “ڕەوتی نیشتمانیی شیعە” دەکات، بەتەواوی بنەمای “پشکپشکێنە” (خەڵتەی عەتار) ڕەت دەکاتەوە. ئەو مۆڵەتێکی ٩٠ ڕۆژەی بۆ چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دیاری کردووە (الشرق، 2026). ئەم مۆڵەتە وەک “ژماردنی پێچەوانە” دەبینرێت؛ ئەگەر زەیدی نەتوانێت لەم ماوەیەدا گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بکات، دەشێت سەدر شەقام بجووڵێنێت و کۆتایی بە تەمەنی حکوومەتەکەی بهێنێت، یان خۆی وەک جێگرەوە نمایش بكات.

کۆبەند

حکوومەتی عەلی زەیدی (٢٠٢٦) گوزارشت لە قۆناغێکی نوێی “پراگماتیزمی ناچاری”ی هێزە شیعەکان دەکات لە عێراق. دوای ساڵانێک لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی مانەوە لە ناوچەی خۆڵەمێشی، ناوەندی سیاسیی شیعە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە پاراستنی “مانەوەی دەسەڵات” و “سەقامگیریی دارایی”، پێویستی بە گۆڕینی ڕوخسار و زمانەوانیی سیاسی هەیە. لێرەوە، عەلی زەیدی وەک “کاندیدێکی زەروورەت” و “پردێکی پەیوەندی” لەنێوان تاران و واشنتۆندا هاتە کایەوە.

لەبەر ڕۆشناییی ئەو زانیاری و شیکارییانەی لەم پەیپەرەدا خرانە ڕوو، دەکرێت دەرەنجامەکان لەم سێ خاڵەدا کۆ بکەینەوە:

1_  سەرکەوتنی سەپاندنی کاندیدێکی بازرگان و دەرەوەی بازنەی ٢٠٠٣ (عەلی زەیدی)، نیشانەی پاشەکشەی نەوەی کلاسیکیی شیعە و سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا “بایەخی ئابووری و سەقامگیریی دەوڵەت” پێش “بایەخی ئایدیۆلۆژی و مێژوویی” دەکەوێت.

2_ حکوومەتی زەیدی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەكی قورسدایە. واشنتۆن لە ڕێگەی گوشارخستنە سەر بانکی ناوەندی و سۆمۆ و پەکخستنی تەکنیکیی فڕۆکەکانی F-16، حکوومەتی خستووەتە بەردەم بژاردەی یەکلایەنە: یان “دەوڵەتێکی بێمیلیشیا” یان “دەوڵەتێکی مایەپووچی گۆشەگیر”. لە بەرامبەریشدا، هێڵە سوورەکانی تاران و هەڕەشەی گرووپە چەکدارە وەلائییەکان، مەودای مانۆڕی زەیدییان بۆ کەمترین ئاست کورت کردووەتەوە.

3_  مانەوەی موقتەدا سەدر لە دەرەوەی حکوومەت و دیاریکردنی مۆڵەتی “٩٠ ڕۆژ” بۆ چاکسازی، وەک “بۆمبێکی چێنراو” لەژێر پێی کابینەی زەیدیدا دەبینرێت. ئەم مۆڵەتە وا دەکات حکوومەت نەتوانێت تەنیا بە بەڵێن و لێدوانی دیپلۆماسی کات بکوژێت، بەڵکوو ناچارە لە ناوەڕاستی کێڵگەی مینی “ئەمریکا-ئێران”دا، ئەنجامی بەرجەستە بۆ شەقام و بۆ تاران و بۆ واشنتۆنیش پیشان بدات.

لە كۆتاییدا حکوومەتی عەلی زەیدی گەورەترین و ڕەنگە “دوایین گرەوی” ماڵی شیعە بێت بۆ پاراستنی سیستەمی سیاسیی عێراق لە داڕمانێکی گشتگیر. سەرکەوتنی ئەم حکوومەتە، بەندە بە توانای زەیدی لە گۆڕینی عێراق بۆ “وڵاتێکی هاوبەش”؛ بەڵام ئەگەر زەیدی نەتوانێت ململانێی “چەک و دەوڵەت” یەکلا بکاتەوە، ئەوا کابینەکەی تەنیا دەبێتە “پردێکی لەرزۆک” کە وڵات بەرەو قۆناغێکی نادیارتر و پڕ لە پێکدادان پەلکێش دەکات.

سەرچاوەکان: 

براك، ت. (2026). منشور حول التنسيق مع حكومة علي الزيدي. [X] متاح على: https://2h.ae/GXsFZ تاريخ الاطلاع: 15 مايو 2026].

الجزيرة نت. (2026). من هو علي الزيدي المكلف برئاسة الحكومة العراقية؟. متاح على: https://2h.ae/qCmPN   [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].

الحرة. (2026أ). خاص بـ”الحرة”.. قاآني يطرح “ثلاثة شروط” على حكومة الزيدي. متاح على: https://2h.ae/zSXgQ  [تاريخ الاطلاع: 13 مايو 2026].

الحرة. (2026ب). العراق.. الزيدي يبدأ ولايته من دون حلفاء إيران. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/FmjNj [تاريخ الاطلاع: 15 مايو 2026].

الحرة. (2026ج). حكومة جزئیة في بغداد. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/XaXqz  [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].

الحرة. (2026د). خاص: واشنطن تحدد مطالبها من الحكومة العراقية. [على الإنترنت] متاح على:  https://2h.ae/CnzkW  تاريخ الاطلاع: 7 مايو 2026[.

شبكة 964 الإعلامية. (2026أ). الأميركان يدققون أسماء كابينة الزيدي.. زهراء لقمان متأكدة.  متاح على: https://2h.ae/tBOkH  [تاريخ الاطلاع: 15 مايو 2026].

شبكة 964 الإعلامية. (2026ب). كتلة حقوق تختار مقاعد المعارضة وتنتقد “الأعراف الخطيرة. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/oOdhB تاريخ الاطلاع: 15 مايو 2026].

شبكة 964 الإعلامية. (2026ج). خبر/تقرير إخباري حول تشكيل الحكومة. [على الإنترنت] متاح على: https://2h.ae/AcPPi  [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].

الشمري، ف. (2026). لقاء حول التطورات السياسية في العراق. [X] قناة العهد الفضائية، متاح على: https://2h.ae/sgAsX  [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].

صحيح العراق. (2026). منشور حول شروط واشنطن لتسليح الطيران العراقي. [X] متاح على: https://2h.ae/rQuej  [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].

صحيفة الشرق الأوسط (2026). بترايوس في بغداد… وضغط أميركي متزايد على الفصائل. متاح على الرابط: https://2h.ae/FUByt  ]تاريخ الاطلاع: 16 مايو 202 . (aawsat.com)[

العالم الجديد. (2026). المنهاج الوزاري للزيدي: عقل الدولة أم عبء التسويات؟ متاح على: https://2h.ae/edYiG  [تاريخ الاطلاع: 13 مايو 2026].

العبودي، ن. (2026). لقاء حول حصر السلاح بيد الدولة والعمل السياسي. [X] قناة العهد الفضائية، متاح على: https://2h.ae/rQuej   [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].

العربي الجديد. (2026). خاص | شروط أميركية قاسية وولاءات بوجه حكومة علي الزيدي.  متاح على: https://2h.ae/IlIGY ، تاريخ الاطلاع: 13 مايو 2026[.

قناة الشرق. (2026). العراق.. الصدر يدعو لحل الفصائل المسلحة وإبعادها عن الحكومة. متاح على:  https://2h.ae/dwytP  [تاريخ الاطلاع: 10 مايو 2026].

المدن. (2026). تمرير حكومة ناقصة في العراق.. دققها ترامب اسماً اسماً.  متاح علی: https://2h.ae/ZhcOy  [تاريخ الاطلاع: 14 مايو 2026].

مركز الإمارات للسياسات. (2026). التحديات أمام المرشح لرئاسة الحكومة العراقية الجديدة: علي الزيدي. متاح على الرابط: https://2h.ae/CthjA  [تاريخ الاطلاع: 25 أبريل 2026].

مونت كارلو الدولية. (2026). العراق: اتفاق داخل الإطار الشيعي على خطة لنزع سلاح فصائل مسلحة. متاح على: https://2h.ae/aAhmF  [رابط التقرير] [تاريخ الاطلاع: 10 مايو 2026].

وكالة الأنباء العراقية (واع) (2026). خبر/بيان سياسي منشور على وكالة الأنباء العراقية. متاح على الرابط:
https://2h.ae/szTQS  ]تاريخ الاطلاع: 16 مايو 2026[.

The National. (2026). US facilities in Iraq have been hit more than 600 times since war with Iran started. [Online] Available at: [Link] [Accessed: 6 May 2026].




دیدى یاسا سەبارەت بە هەڵەى پزیشکى

د. ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

 

پێـشەکى

بوارى پزیشکی و دەرمان و ڕێگه‌کانى چارەسەرکردن، یەکێکە لە هەستیارترین و گرنگترین بوارەکانى ژیانی مرۆڤ، چونکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پاراستنی ژیان و تەندروستى و سەلامەتیى مرۆڤەکانەوە هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا، وەک هەر پیشەیەکی دیکە، کارى پزیشکی لە هەموو بارودۆخێکدا لە هەڵە بەدەر نییە، بەتایبەتی کاتێک کە بڕیارە پزیشکییەکان لەژێر گوشار، یان بەپەلە، یان لە ئەنجامى ناشارەزایى، یان بەهۆى کەمتەرخەمى، یان لە بارودۆخێکى ئاڵۆزی تەندروستیدا دەدرێـن.

دەبێ دان بەوەدا بنێین کەوا بابەتی “هەڵەی پزیشکی” یەکێکە لە بابەتە هەستیار و ئاڵۆزەکانی یاسا و بوارى تەندروستى، چونکە لە یەک کاتدا پەیوەندیی بە مافی نەخۆش لە پاراستنی تەندروستی و بەدەستهێنانی چارەسەری دادپەروەرانە هەیە و، لە هەمان کاتدا پەیوەندیى بە پاراستنى کارمەندانى تەندروستی (بەتایبەتى پزیشکەکان)ەوە هەیە لە بەرانبەر تاوانبارکردنیان بە شێوەیەکى نادروست لە کاتى پیادەکردنى پیشەکەیاندا؛ چونکە هەر زیانێک کە بە نەخۆش دەگات، بە مانای هەبوونی هەڵەی پزیشکی نییە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هەندێک لە ئاڵۆزکانە نەخوازراوەکان (المضاعفات غیر المرغوبة)، دەکرێت بەهۆی سروشتی جەستەى نەخۆش، یان کاریگەریی لاوەکیی چارەسەرکردن، یان مەترسییە پێشبینیکراوەکانى دەستێوەردانی کارى پزیشکی بێت.

بۆیە لێرەدا، زۆر گرنگە هەڵەى پزیشکى و ئاڵۆزکانە نەخوازراوەکان لەیەکتر جیا بکرێنەوە، چونکە دیاریکردنی چەمکی “هەڵەی پزیشکی” و مەرج و پێوەرەکانى، یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکان بۆ دڵنیابوون لە هەبوونى هاوسەنگی لەنێوان پاراستنی مافی نەخۆش و دابینکردنی ئاسایشی یاسایی بۆ پزیشک.

یەکەم: دەرکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخـۆش

دەرکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان ژمارە 4 بۆ ساڵى 2020 (لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە 256 لە 15/10/2020 بڵاو کراوەتەوە) هەنگاوێکى یەکجار گرنگ بوو، چونکە یەکەمین یاسا بوو لە هەرێمى کوردستان، بگرە لە عێراقیش، کە بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکانى نەخۆش و دەستەبەرکردنى مافەکانى لەنێو کەرتى تەندروستیدا بە هەرسێ جۆرەکەیەوە (کەرتى تایبەت و کەرتى گشتى و کەرتى تێکەڵاو)، دەربچێت.

لە ماددە (2)ى یاساکە هاتووە، دەرکردنى ئەم یاسایە هەوڵێکە بۆ بەدیهێنانى چەند ئامانجێک کە ئەمانەى خوارەوە گرنگترینیانن:

  1. پاراستنی ته‌ندروستیی گشتی له‌ ڕێگه‌ی پاراستنی مافه‌كانی نه‌خۆش و دیاریكردنی ئه‌ركه‌كانی؛هەروەها پاراستنی مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی هاووڵاتیانی هه‌رێم له‌ سوودوه‌رگرتنیان له‌ باشترین خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
  2. پاراستنی شكۆمه‌ندی و سه‌لامه‌تی و نهێنییه‌كانی نه‌خۆش و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی سوودمه‌ندبوون لە خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
  3. به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی نه‌خۆش ده‌رباره‌ی ماف و ئه‌ركه‌كانی له‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان؛هەروەها كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی مردن و په‌ككه‌وته‌یی و زیانه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
  4. پته‌وكردنی متمانه‌ی نێوان نه‌خۆش و کارمەندە تەندروستییەکان، کە هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ دەگرێتەوە كه‌وا پیشه‌ی پزیشكی و ته‌ندروستی به‌گوێره‌ی یاسا به‌ركاره‌كان پیاده‌ ده‌كه‌ن.

لەدواى تێپەڕبوونى پتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر دەرچوونى ئەم یاسایە، وەزارەتى تەندروستیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە بڕیارى ژمارە (9779) لە (07/06/2022) ڕێنماییى ژمارە 4 بۆ ساڵى 2022ی ده‌ركرد (لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە 287 لە 11/08/2022 بڵاو کراوەتەوە) کە تایبەتە بە ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان.

یەکێک لەو بابەتە گرنگانەى کە لە یاسا و ڕێنماییى ئاماژه‌پێکراو بە چەند ماددەیەکى یاسایى ڕێک خراوە، بریتییە لە بابەتى “هەڵەى پزیشکى”. لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: لەدواى تێپەڕبوونى زیاتر لە پێنج ساڵ بەسەر یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان، ئایا ڕێژەى ڕوودانى حاڵەتەکانى هەڵەى پزیشکى لە هەرێمى کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا لێژنەکانى لێکۆڵینەوە لە هەڵەى پزیشکى وەک پێویست ڕاستییەکان دەچەسپێنن؟ لە پێنج ساڵى ڕابردوودا چەند نەخۆش و بە چ شێوازێک قەرەبوو کراونەتەوە؟ ڕۆڵى دادگه‌کانى هەرێم لە چەسپاندنى هەڵەى پزیشکى و گێڕانەوەى ماف بۆ نەخۆشى زیانلێکەوتوو لە چ ئاستێکدایە؟

ئەم پرسیارانە، لەگەڵ چەندان پرسیاری تری هاوشێـوە، پێویستیان بە وردبینی و توێژینەوەیەکی قووڵ هەیە، تاکووو بگەین بە وێنەیەکی ڕاست و دروست لەو بارودۆخەی کە هەیە لەبارەی شێوازی مامەڵەی یاسا لەگەڵ هەڵەی پزیشکی. ئەمەیش لەبەر ئەوەیە کە زیادبوونی هەڵە پزیشکییەکان، لەگەڵ نەبوونی میکانیزمێکی کارا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، نەک تەنیا مافەکانی نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکوو کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی متمانەی هاووڵاتیان بە کەرتی تەندروستی، جێ دەهێڵێت.

دووەم: کێشەى پێناسەکردنى چەمکى “هەڵەى پزیشکى”

بە شێوەیکى گشتى، هەڵەی پزیشکی بریتییە لەو هەڵانەی کە لەلایەن کارمەندانى تەندروستییەوە لە کاتى پیادەکردنى کارى پزیشکى و تەندروستییەوە ڕوو دەدەن و دەبنە هۆکارێک بۆ تێکچوونی زیاتری دۆخی تەندروستیی نەخۆش. لە باوترین هەڵە پزیشکییەکان کە لەلایەن کارمەندانى تەندروستییەوە ئەنجام دەدرێن بریتین لە: هەڵەکردن لە پێدانى دەرمان، هەڵەکردن لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی یاخود درەنگ دەستنیشانکردنی، هەڵەکردن لە وەرگرتنی پێشینەی نەخۆشی یان رابردووی تەندروستیی نەخۆش- “التاريخ المرضي” یان “السيرة المَرَضية” -، هەڵەکانى پەیوەست بە نەشتەرگەرى، وەک: ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ بەشێکی هەڵەی جەستە یاخود جێهێشتنی کەرەستەی نەشتەرگەرى لەناو جەستەی نەخۆشەکە لەدواى تەواوبوونى نەشتەرگەرى یاخود ئەنجامدانی نەشتەرگەرى بە شێوەیەکی ناتەواو و نادروست یاخود پیسبوونى کەرەستەکانى نەشتەرگەرى، تێکەڵکردنی نەخۆشەکان، گواستنەوەی ناپێویستی خوێن، پێدانى چارەسەرى پزیشکى بەبێ ڕەزامەندیى نەخۆش یاخود بەبێ پێدانى زانیاریى تەواو و ورد لەسەر شێواز و جۆر و ماوەی چارەسەرییەکە بە نەخۆشەکە، هەروەها پێنەدانى زانیاریى تەواو بە نەخۆش بۆ چۆنێتیى مامەڵەکردن لەدواى وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى و هتد.

یاسادانەر لە هەرێمى کوردستان لە ماددە (1/یازدەیەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، پێناسەى هەڵەى پزیشکیى کردووە، کە تێیدا هاتووە: “هه‌ڵه‌ی پزیشكی: ئه‌و ئاڵۆزكانه‌ نه‌خوازراوانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی پیشه‌یی یان ته‌كنیكی یان ناشاره‌زایی یان پشتگوێخستن ڕوو ده‌دات و، له‌گه‌ڵ ڕێساكانی پیادەکردنى پیشه‌ی پزیشكی و چاره‌سه‌ری ناگونجێت و ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ زیانگه‌یاندن یان دروستبوونی په‌ككه‌وته‌یی یان مردنی نه‌خۆش.” هەمان ئەم پێناسەیە، بە هەندێک دەستکاریی سنووردار لە ڕووی داڕشتنەوە، لە ماددە (1/یازدەیەم) لە ڕێنماییى ژمارە 4 بۆ ساڵى 2022دا دووبارە کراوەتەوە.

بەپێی ئەم پێناسەیە، دەتوانرێت بگوترێت هەڵەی پزیشکی بریتییە لەو ئاڵۆزکانە نەخوازراوانەی کە نەخۆش لە ئەنجامی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و بەهۆی بڕیار یان ڕەفتارێکى کارمەندى تەندروستییه‌وه‌ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بە مەرجێک، ئەم دوو مەرجەی خوارەوە تێدا بێت:

  1. پێویستە کارمەندى تەندروستى لە کاتى ئەنجامدانى کارى پزیشکى،لە ڕووى پیشەیى یان تەکنیکییەوە کەمتەرخەم بووبێت، یاخود بەناشارەزایى یان بەبێ گرنگیدان و بە پشتگوێخستن کارە پزیشکییەکانى ئەنجام دابێت.
  2. پێویستە ئەو کارە پزیشکییەى کە لە مەرجى یەکەمدا ئاماژەی پێکراوە، لەگەڵ ڕێساکان و بنەماکانی پیادەکردنى پیشەی پزیشکی و چارەسەریدا نەگونجاو بێت. مەبەستیش لەم ڕێسایانە، هەروەک لە ماددە (1/دوازدەیەم) لە هەمان یاسادا هاتووە، ئه‌و ڕێسایانه‌ن كه‌ بۆ پیادەکردنى كاری چاره‌سه‌ری پزیشكی و ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمدا به‌ركارن.

ئەم جۆرە داڕشتنە یاسایییانەی کە بە شێوەیەکی لاستیکى و فراوان و ناڕوون داڕێـژراون، هەمیشە لە ئاستی جێبەجێکردندا سەرچاوەی کێشە و ناهاوسەنگى بوون. لە بنەڕەتدا، کاتێک یاسادانەر دەیەوێت بابەتێک بە شێوەیەکی کارا ڕێک بخات و چارەسەری بکات، پێویستە دەقە یاسایییەکە بە داڕشتنێکی ڕوون، دیاریکراو و دوور لە هەر جۆرە لێکدانەوەی جیاواز بنووسێت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر یاسادانەر نەیەوێت خۆی بە چارەسەرکردنی وردی بابەتێکەوە پابەند بکات، یان بابەتەکە لە ڕوانگەی تەکنیکی یان پراکتیکییەوە ئاڵۆز بێت، زۆر جار پەنا بۆ بەکارهێنانی دەستەواژە گشتی و لاستیکی دەبات؛ دەستەواژەیەک کە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە یەک مانا و لێکدانەوەیان هەبێت.

بە بۆچوونی ئێمە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامبوونی دیاردەی هەڵەی پزیشکی و نەبوونی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆی لە هەرێمی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو داڕشتنە یاسایییەى کە بابەتى هەڵەى پزیشکیى پێ ڕێک خراوە، چونکە ناڕوونیی دەقەکان، لەبری ئەوەی سنوور و پێوەرى ڕوون بۆ دیاریکردنی هەڵەی پزیشکی دابنێت، مەیدان بۆ لێکدانەوەی جیاواز و دژبەیەک خۆش دەکات.

 لەم سۆنگەیەوە، ئەم پرسیارانە خۆیان دەسەپێنن بۆ ئەوەى بۆمان بسەلمێنن کە هۆکارى سەرەکیى بنبڕنەکردن یان سنووردارنەکردنى دیاردەى هەڵەى پزیشکى بریتییە لە شێوازى ڕێکخستنى یاساییى ئەم بابەتە لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش و ئەو یاسایانەى کە لەپێش ئەویشدا بەرکار بوون:

  • مەبەست لە هەڵەی پیشەیی چییە؟ هەڵەی پیشەیی بە چ پێوەرێک لە هەڵەی ناپیشەیی جیا دەکرێتەوە؟
  • مەبەست لە هەڵەی تەکنیکی چییە؟ هەڵەی تەکنیکی بە چ بنەمایەک لە هەڵەی ناتەکنیکی جیا دەکرێتەوە؟ بێگومان، ئەگەر هەڵەی پزیشکی لە ئەنجامی هەڵەیەکی تەکنیکی بووبێت، ئەوا مانای ئەوەیە کە پزیشک سەرپێچیی لەو کۆمەڵە ڕێسا، پێوەر و بنەما هونەری و زانستییانە کردووە کە تا ڕاددەیەکی زۆر لە زانستە پزیشکییەکاندا جێگیر بوون و وەک سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ جێبەجێکردنی کارى پزیشکی ناسراون. ئەم بنەمایانە پێویستە لە کاتی دەستنیشانکردنى نەخۆشی، دانانی پلانی چارەسەرکردن، یان هەر جۆرە دەستێوەردانێکی پزیشکیدا، وەک ئەنجامدانى نەشتەرگەى ڕەچاو بکرێن. سەرچاوەی ئەمانەیش بریتییە لە زانیارییە پزیشکییە باوەڕپێکراوەکان، ڕێنمایی و پڕۆتۆکۆلە پیشەیییەکان و، ئەو شێوازە چارەسەرییانەی کە لە ڕووی زانستییەوە قبووڵکراون.

ئەم ڕێسا و پێوەر و بنەما هونەرى و زانستییانەیش دەقگەلێکی نەگۆڕ نین، بەڵکوو گەشەسەندوون کە لەگەڵ پێشکەوتنی زانیاری و کارى پزیشکی دەگۆڕدرێن. بۆیە، هەڵسەنگاندنی هەڵەی پزیشکی دەبێت بەگوێرەی ئاستی ئەو زانست و زانیارییە بکرێت کە لە کاتی ڕوودانى واقعەکەدا بەردەست بووە، نەک بەپێی ئەو پێشکەوتنانەی کە دواتر دێنە کایەوە.

  • پزیشکی شارەزا و پزیشکی ناشارەزا کێن؟ پێوەری دیاریکردنی ناشارەزایی چییە؟ ئایا تەنیا ئەوەی کە بابەتی نەخۆشییەکە لە چوارچێوەی پسپۆڕیی پزیشکدا بێت، بەسە بۆ ئەوەى پزیشک بە شارەزا دابنرێت، یان پێویستە مەرج و پێوەری تریش هەبن؟
  • مەبەست لە گرنگینەدان و پشتگوێخستن لە جێبەجێکردنی کاری پزیشکیدا چییە؟ پێوەری دیاریکردنی ئەم دوو دۆخە چییە و، بە کام مەرج دەتوانرێت ڕەفتارێکى پزیشکی وەک گرنگینەدان یان پشتگوێخستن هەژمار بکرێت؟
  • پێوەری هەڵسەنگاندنی ڕەفتارى پزیشک چییە؟ ئایا یاسادانەر،پزیشک بەپێی ڕەفتارى پزیشکێکی ئاسایی هەڵدەسەنگێنێت، یان بەپێی ڕەفتارى پزیشکێکی زۆر وریا؟ ئەم بابەتە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە هەڵەی پزیشکی تەنیا هەڵەیەکی ئاسایی یان مامەڵەیەکی ڕۆتینی نییە، بەڵکوو ڕووداوەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیان و سەلامەتیی مرۆڤەکانەوە هەیە. بۆیە، دیاریکردنی پێوەری هەڵسەنگاندن لەم بابەتەدا، نابێت بە شێوەیەکی ناڕوون یان گشتی جێ بهێڵرێت، چونکە جیاوازیی نێوان ئەم دوو پێوەرە دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر دیاریکردنی هەبوون یان نەبوونی هەڵەی پزیشکی هەبێت.
  • هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ڕێساکانی پیشە بەوە پێناسە کراون کە ئەو ڕێسایانەن بۆ جێبەجێکردنی کاری چارەسەری پزیشکی و تەندروستى لە هەرێمدا بەرکارن و پەیڕەو دەکرێن. بەڵام کاتێک قسە لەسەر وشەى “ڕێسا” دەکرێت، لە ڕوانگەی یاسایییەوە زۆر جار ئەو مانایە دەدات کە باس لە پێوەرێکی نووسراو، دیاریکراو و، بەردەست دەکرێت. لێرەوە ئەم پرسیارە بنەڕەتییە خۆی دەسەپێنێت: ئایا هەموو ڕێساکانى کارى و پیشەى پزیشکى نووسراونەتەوە؟ ئەگەر وا بێت، لە کوێ بەردەستن تاکوو لێژنەکانى لێکۆڵینەوە و دادگه‌کان بۆى بگەڕێنەوە و پشتى پێ ببەستن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتى بڕیارە پزیشکییەکان؟
  • خودی دەستەواژەی “ڕێساکانی پیادەکردنى پیشەی پزیشکی و چارەسەرى” ناڕوونە، چونکە نادیارە یاسادانەر کام جۆرە ڕێسای مەبەست بووە. ئایا مەبەست لێى ئەو ڕێنمایی و پێوەرانەن کە لەلایەن سەندیکا پزیشکییە تایبەتمەندەکانەوە دەردەکرێن؟ یان ئەو ڕێنمایی و پڕۆتۆکۆلانەن کە وەزارەتی تەندروستی دایدەنێت؟ یان ئەو بنەما و ئەحکامە یاسایییانەن کە لە خودی یاساکان و ڕێنمایییە فەرمییەکاندا هاتوون؟ یاخود مەبەست لێى ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەن کە لەلایەن ڕێکخراو و دامەزراوە پزیشکییە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکانەوە پەسند کراون؟ هەروەها، ئەگەر هیچ دەقێکی ڕوون لەم بارەیەوه‌ نەبێت، ئایا دەتوانرێت پشت بە عورفی پیشەیی لە بوارە پزیشکییەکاندا ببەسترێت؟

 

ئەم هەموو پرسیارانە تەنیا بابەتێکی تیۆریی سادە نین، بەڵکوو ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پاراستنی مافەکانی هەردوو لایەن، نەخۆش و کارمەندى تەندروستی هەیە، چونکە لە غیابی پێوەر و مەرجە ڕوون و دیاریکراوەکان، هەڵسەنگاندنی هەبوون یان نەبوونى هەڵەی پزیشکی دەبێتە بابەتێکی جیاواز بەپێی لێکدانەوەی تاکەکەسی، نەک بەپێی پێوەر و مەرجى یەکگرتوو و دیاریکراو. هەر بۆیە، تێبینی دەکرێت کە یاسادانەر لە یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆشدا، سەرکەوتوو نەبووە لە دانانی چوارچێوەیەکی یاساییی ڕوون و کارا بۆ دیاریکردنی مانا و سنوورەکانی چەمکی “هەڵەی پزیشکی”؛ بە شێوەیەک کە بتوانێت هەم ڕێگر بێت لە ڕوودانی ئەم جۆرە هەڵانە و، هەم کاتێکیش ڕوو دەدەن، میکانیزمێکی دادپەروەرانە و کارا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان دابین بکات؛ بە جۆرێک کە نەبێتە هۆی فەوتانی مافەکانی نەخۆش. ئەم لاوازییەیش تەنیا بابەتێکی تیۆری نییە، بەڵکوو لە واقعدا کاریگەرییەکانی دەردەکەون، چونکە کەم تا زۆر، لە ڕێگەی میدیاکانەوە، بەردەوام هەواڵ دەبینرێن و دەبیسترێن کە ئاماژە بە ڕوودانی هەڵەی پزیشکی دەکەن.

 

سێیەم: ڕێکارە یاسایییەکانى قەرەبـووکردنەوەى هەڵەى پزیشکى

بەپێى ماددە (4/یەکەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، نه‌خۆش یان شوێنگره‌وه‌ یاسایییه‌كه‌ی له‌ كاتی په‌ككه‌وته‌یی و، میراتگرى نەخۆش له‌كاتی مردنی نەخۆشدا، ده‌توانێت داوای زانینی هۆكاری په‌ككه‌وته‌یی یان مردنه‌کە‌ بكات. لەم بارەیەوە، دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی یان کارمەندى تەندروستیى تایبەتمەند، پابه‌ند ده‌بێت به‌ خستنه‌ڕووی ڕاستییه‌كان و پێدانی به‌ڵگه‌نامه‌ ته‌ندروستی و پزیشكییه‌كان بە نەخۆش یان شوێنگره‌وه‌ یاسایییه‌كه‌ی، یاخود میراتگرەکەى. هەر کاتێکیش گومانیان لە وەڵامى دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی یان کارمەندى تەندروستیى تایبەتمەند هەبوو یان پێى ڕازی نەبوون، ئەوا بۆیان هەیە سكاڵا پێشکەش بە وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بکەن و، پێویسته‌ له ‌ماوه‌ی حه‌وت (7) ڕۆژدا، ئەم سکاڵایە ئاڕاسته‌ی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت کە لە پزیشکانى پسپۆڕ پێک دێت.

هەر بەپێى ماددە (4/دووەم) لە هەمان یاسا، لەسەر لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ پێویستە ده‌ست به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكات لە ماوەیەک کە لە حەفت (7) ڕۆژ تێپەڕ نەکات و، هەروەها له‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ سى (30) ڕۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و پیشه‌یی سه‌باره‌ت به‌ ناوەڕۆکى سكاڵاكه‌ ته‌واو ‌بكات و ڕاسپارده‌كانی بخاته‌ به‌رده‌م وه‌زیرى تەندروستی بۆ وه‌رگرتنی ڕێوشوێنی یاسایی به‌رانبه‌ر دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی یان کارمەندى تەندروستى لە ماوەیەک لە حەفت (7) ڕۆژ تێپەڕ نەکات. ئەمە جگە لەوەى، نەخۆشى زیانلێكه‌وتوو ده‌توانێت داوای وه‌رگرتنی وێنه‌یه‌كی ڕاپۆرتی كۆتاییی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بكات.

به ‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی قه‌ره‌بوویش، بەپێى ماددە (4/سێیەم) لە هەمان یاسا، نەخۆشى زیانلێكه‌وتوو ده‌توانێت له ‌به‌رده‌م دادگه‌ی تایبه‌تمه‌ند داوای یاسایی تۆمار بكات و، دادگه‌ ده‌توانێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناوەڕۆکى داواكه، پشت به‌ ڕاپۆرتی په‌سه‌ندكراوی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وەى وەزارەتى تەندروستی‌ ببه‌ستێت، یاخود پشت بە شارەزایانى تر لەم بوارەدا ببەستێت؛ بێ گومان ئەو شارەزایانەیش هەر پزیشکى پسپۆڕن و کارى پزیشکى پیادە دەکەن.

ئەگەر سەرنجێکى وردى ئەو چارەسەرە یاساکارییەى ماددە (4)دا بدەین کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەى پزیشکى دیاری کراوە، ئەوا تێبینى دەکرێت هیچى نوێى تێدا نییە و هەر هەمان شێوازى کۆنە بە داڕشتنێکى تازەوە نووسراوەتەوە کە بەهۆیەوە قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى هەڵەى پزیشکى ئەستەمە، چونکە سەلماندنى هەبوونى هەڵەى پزیشکى کارێکى یەکجار ئەستەمە، لەبەر ئەو هۆکارانەى کە لە سەرەوەدا ئاماژەمان پێی داوە.

یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی یاسادانەر لە عێراق بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، ئەوەیە کە زۆر جار بیرکردنەوەی یاساکاری لە چوارچێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکان دەسووڕێتەوە، نەک پێشگرتن لە هۆکارەکان؛ چونکە زۆربەی دەقە یاسایییەکان بەو ئاراستەیە دادەڕێژرێن کە چۆن دوای ڕوودانی کێشە، مامەڵە لەگەڵ لێکەوتەکانی بکرێت، نەک ئەوەی چۆن میکانیزمێکی کارا و پراکتیکی دابنرێت بۆ ئەوەی خودی کێشەکە لە بنەڕەتەوە ڕوو نەدات.

ئەگەر بەوردی بەنێو یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆشدا گوزەر بکەین، بەڕوونى دەبینین کە سەرەڕای ئەوەی یاساکە لە بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەی پزیشکی دوای ڕوودانی، هەندێک میکانیزمی فەرمیی داناوە، بەڵام دەقێکی ڕوون و کارای تێدا نادۆزرێتەوە کە میکانیزمێکی پراکتیکیی دانابێت بۆ ئەوەى ڕێگرى لە ڕوودانی هەڵەی پزیشکی بکات. بەم مانایە، یاسادانەر زیاتر خۆی بە چارەسەرکردنی لێکەوتەکان لە دوای ڕوودانیان سەرقاڵ کردووە، نەک بە چارەسەرکردنی هۆکار و سەرچاوەکانیان پێش ڕوودانیان.

لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە یاسادانەری ئێمە، نەک تەنیا لەم بابەتەدا، بەڵکوو لە هەموو بوارەکاندا، لە مۆدێلی “یاسادانانى وەڵامدانەوەیى” بکشێتەوە بۆ “مۆدێلی یاسادانانی پێشلێگرتن”، چونکە بنبڕکردنی هەر دیاردەیەک تەنیا لە کاتێکدا دەستەبەر دەبێت کە مامەڵە لەگەڵ هۆکارەکان بکرێت، نەک لەگەڵ ئەنجامەکان. بەگوێرەی ئەم بنەمایە، چارەسەری ڕاستەقینەی هەڵەی پزیشکی، لە زیادکردنی لێژنەی لێکۆڵینەوە یان توندترکردنی میکانیزمی قەرەبووکردنەوەدا نییە، بەڵکوو لە دروستکردنی سیستەمێکی کارایە بۆ پێشگرتن لە ڕوودانی هەڵە پزیشکییەکان.

بە بۆچوونی ئێمە، ئەو چارەسەرە یاساکارییانەی کە یاسادانەر لە یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆش لەمەڕ بابەتی هەڵەی پزیشکیدا پەسندی کردووە، لە بنەڕەتدا بیرۆکە و میکانیزمى کۆنن و دووبارە کراونەتەوە و، بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام بەکار هاتوون، بەڵام نەبوونەتە هۆی سنووردارکردنی ڕوودانى هەڵەى پزیشکى؛ چونکە ئاماژەکانى واقــعى ئێستا، بە شێوەیەکی ڕوون، پێمان دەڵێن کە دیاردەی هەڵەی پزیشکی هێشتا وەک کێشەیەکی بەردەوام لە هەرێمى کوردستان بوونی هەیە و میکانیزمە یاسایییە بەردەستەکان نەیانتوانیوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە:

  • بەدەگمەن بینیومانە لێژنه‌ى لێکۆڵینەوەى تایبەتمەند لە کەیسى هەڵەى پزیشکى،بڕیار بە هەبوونى هەڵەى پزیشکى بدات، چونکە ئەندامانى لێژنه‌ى لێکۆڵینەوە (کە ئەوانیش پزیشکن) ڕەنگە لە داهاتوودا تووشى هەمان هەڵەى پزیشکى ببنەوە، یان پەیوەندیی کەسی یان بەژەوەندییان هەبێت لەگەڵ پزیشکى تۆمەتبار بە ئەنجامدانى هەڵەى پزیشکى. هەر بۆیە ئەوەى لە واقعدا بەڕوونى هەستى پێ دەکرێت ئەوەیە: لە زۆربەى حاڵەتەکاندا، پزیشکەکان لە ڕێگەى لێژنه‌ى لێکۆڵینەوەوە، هەڵەى یەکتر پەردەپۆش دەکەن؛ کە ئەمەیش بۆتە هۆى ئەوەى تاوەکوو ئێستا مافى نەخۆشى زیانلێکەتوو لە ڕوودانى هەڵەى پزیشکى، وەک پێویست دەستەبەر نەکراوە.
  • بەپێى ماددە (9/یەکەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، پێویستە ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى پێكهاته‌ و ئه‌ركه‌كانی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه دەربکات‌.ئەم پەیڕەوە تاوەکوو ئێستا دەرنەکراوە؛ ئەمەیش ڕێگر بووە لە پێکهێنانى لێـژنەیەکى لێکۆڵینەوەى کارا لە چوارچێـوەى یاسادا.
  • بەپێى ماددە (3/دەیەم) لە ڕێنماییى ژمارە 4 بۆ ساڵى 2022، دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی پابەندکراون بە دڵنیاییکردن (التأمین) لە بەرانبەر هەڵەی پزیشکی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی داراییی نەخۆشی زیانلێکەوتوو لە حاڵەتی جێبەجێکردنی یاسای بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان. بە بۆچوونی ئێمە، بوونی ئەم دەقە یاسایییە لەم ڕێنمایییەدا، خەوشێکی یاساییی زەقە، چونکە ئەم یاسایە هێشتا بوونى نییە؛ ئەمە جگە لەوەى یاساکان لە کاتی دەرچوونیاندا، سنوور و مەودا و چوارچێوەی جێبەجێکردنی خۆیان بەڕوونی لەنێو دەقە یاسایییەکانى خۆیاندا دیاری دەکەن، نەوەک بە ڕێنمایییەک دیاری بکرێت کە هێشتا خودى یاساکە دەرنەچووە. ئەمە، جگە لەوەى یاساى بیمەى تەندروستى، پەیوەندیى بە قەرەبووکردنەوەى هەڵەى پزیشکییەوە نییە، چونکە ئامانج لە یاساى بیمەى تەندروستى، داپۆشینى تێچووى داراییى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى و چارەسەرى پزیشکییە، بەڵام قەرەبووکردنەوەى هەڵەى پزیشکى لە ڕێگەى بیمەوە، بەپێى ڕێساى تر دەبێت کە پەیوەستە بە بیمەکردن لە دژى بەرپرسیارێتیى مەدەنى. بۆیە، تێکەڵکردنی ئەم دوو چوارچێوە یاسایییە جیاوازە، لە ڕووی یاسایییەوە دروست نییە.
  • لە بوارە پزیشکییەکاندا، پزیشکەکان بەهۆی هاوبەشییان لە زانست و زمان و تێگەیشتنی تەکنیکییەوە، بەئاسانی لەیەکتر تێدەگەن، بەڵام لە بەرانبەردا، نەخۆش، ئەگەر خۆی لە بواری پزیشکیدا پسپۆڕ نەبێت، زۆر جار یاخود بەتەواوی لە ڕێکار و بڕیار و دەستێوەردانە پزیشکییەکان تێ ناگات، یان تێگەیشتنێکی سنوورداری دەبێت. ئەم جیاوازییەیش لە زانیاری و تێگەیشتن، ناهاوسەنگییەکی ڕوون لەنێوان هەردوو لایەن دروست دەکات؛ کە دەرەنجامەکەی ئەوەیە نەخۆش لە زۆر حاڵەتدا ناتوانێت بە شێوەیەکی کارا پارێزگاری لە مافەکانی خۆی بکات، بەتایبەتی لە کاتی وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختە بۆ  وەرگرتنى چارەسەری پزیشکى، یان کاتێک دوای دەستێوەردانی پزیشکی هەندێک ڕوونکردنەوەى پێ دەدرێت. هەر بۆیە، یاسادانەر، لە ماددە (3/پێنجەم-1) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، ده‌سكه‌وتنی زانیاریی ته‌واو له‌ پزیشكی چاره‌سه‌ركار و دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی، له‌باره‌ی پلانی چاره‌سه‌ری و جێگره‌وه‌كان و ئه‌گه‌ره‌كانی ئاڵۆز‌كان به ‌زمانێكی ڕوون و ئاشكرا بە مافێکى سەرەکیى نەخۆش هەژماری کردووە، بەڵام میکانیزمەکانى جێبەجێکردن و چاودێریکردنى ئەم مافە ڕوون نییە.
  • لەبەر ئەوەی تێگەیشتن لە بابەتە پزیشکییەکان بۆ کەسانی ناپسپۆڕ، لەوانە دادگه‌کان، زۆر جار کارێکی زەحمەت و ئاڵۆزە، بۆیە چاودێریی دادگه‌ى تایبەتمەند لە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکی بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی هەڵەى پزیشکى یان نەبوونی، لە ڕووی پراکتیکییەوە سنووردار دەبێت، چونکە دادگه ناچار دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی بابەتەکە پشت بە ڕاپۆرت و بۆچوونی پسپۆڕانی بوارى پزیشکیی تایبەتمەند ببەستێت و؛لێرەدا هەمان ئەو کێشانە سەر هەڵدەدەن کە لە لێژنەکانى لێکۆڵینەوەدا ئاماژەمان پێیان دا.
  • گەیشتن بە بەڵگە پزیشکییەکان یەکێکە لە ئاڵنگارییەکانى بەردەم سەلماندنی هەبوونى هەڵەی پزیشکی، چونکە زۆربەی بەڵگە بنەڕەتییەکانی ئەم جۆرە کەیسانە، وەک ئەنجامی پشکنینەکان، تۆمار و تێنووسەکانی نەخۆش، ڕاپۆرتە پزیشکییەکان و،بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار، لەژێر دەستی دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانى تەندروستیدان و بە دەستوخەت دەنووسرێنەوە و، لە غیابی هەبوونى سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی پارێـزراو، مەترسیی دەستکاریکردن یان گۆڕانکاری یان کەم و زیادکردنی بەڵگەکان لە ئارادایە. هەروەها، تا ئێستایش لە زۆرێک لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا، بەتایبەتی لە هۆڵەکانی نەشتەرگەری، میکانیزمەکانی چاودێری، وەک هەبوونى کامێرای چاودێرى بە شێوەیەکی سیستەماتیک، بوونیان نییە. لە دەرەنجامى هەموو ئەمانەدا، نەخۆش زۆر جار ڕووبەڕووی چەندان کێشەی پراکتیکی دەبێتەوە، لەوانە: دەستکاریکردنی بەڵگەکان، درەنگگەیشتن بە بەڵگە پێویستەکان، یان هەبوونی کەموکوڕی و ناتەواوی لەناو بەڵگەنامەکاندا؛ کە هەموویان دەتوانن ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنییان لەسەر توانای نەخۆش بۆ سەلماندنی مافەکانی هەبێت.
  • یەکێک لە لاوازییە بنەڕەتییەکانى پڕۆسەی کارکردنی لێژنەکانی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکیدا ئەوەیە کە،نەخۆش، یان نوێنەرە یاسایییەکەى و، لە حاڵەتی مردنیدا میراتگرەکانی، هیچ ڕۆڵێکی کارایان پێ نەدراوە و ناتوانن بە شێوەیەکی فەرمی ئامادەى دانیشتنەکانى لێکۆڵینەوە ببن. لە واقعدا، کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی ئەم لێژنانە زۆر جار لە چوارچێوەیەکی داخراو و دوور لە چاودێریی دەرەکی ئەنجام دەدرێن؛ بە جۆرێک کە شەفافییەت لە ئاستێکی زۆر سنوورداردا دەبێت و، تەنانەت پڕۆسەی لێکۆڵینەوەیش بە ڤیدیۆ تۆمار ناکرێت. کەواتە، نەخۆش هیچ دەرفەتێکی ڕاستەوخۆی نییە بۆ ئەوەی لەسەر بەڵگە و ڕاپۆرتەکان گفتوگۆ بکات و لێکدانەوەی خۆی پێشکەش بکات، یان تەنانەت لە حاڵەتی هەبوونی هۆکاری مەعقووڵ بۆ گومان لە بێلایەنی، داوای گۆڕینی ئەندامێک یان زیاتر لە ئەندامانی لێژنەکە بکات. بەم شێوەیە، پڕۆسەی لێکۆڵینەوە، لەبری ئەوەی وەک میکانیزمێکی شەفاف و دادپەروەرانە بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان کار بکات، ڕەنگە ببێتە ئامرازێکى ناشەفاف و یەکلایەنە کە تیایدا نەخۆش لە مافەکانى بێبەش دەکرێت.
  • زۆر جار مافى نەخۆش دەفەوتێت و ڕەفتارى کارمەندى تەندروستی بە هەڵە هەژمار ناکرێت،بە بیانووى ئەوەى کە، ئه‌وه‌ی ڕووی داوە دەچێتە ژێر بارى ئاڵۆزکانى ئاسایی، کە لە ماددە (1/دەیەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش پێناسە کراوە و، تیایدا هاتووە: “ئاڵۆزكانه‌ ئاسایییه‌كان (ماك): ئه‌و ئاڵۆزكانه‌ن كه‌ له‌وانه‌یه‌ له ‌كاتی چاره‌سه‌ر یان دوای چاره‌سه‌ر ڕوو بده‌ن و له‌ تۆماره‌ پزیشكییه‌كان باسیان لێوه‌ كراوه‌ و، ناچنه‌ ناو بازنه‌ی هه‌ڵه‌ی پزیشكییه‌وە.”
  • بەپێی میکانیزمە یاسایییەکان، لەو ڕۆژەی سکاڵاکە پێشکەش دەکرێت، لێژنەی لێکۆڵینەوە ماوەى  حەوت(7) ڕۆژى لەبەردەستە بۆ دەستپێکردن بە کارەکانی و، هەروەها ماوەی سی (30) ڕۆژی هەیە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە. بە بۆچوونی ئێمە، ئەم دوو ماوەیە لە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکیدا زۆرن و جێگه‌ی نیگەرانییە، چونکە ئەم دوو ماوەیە بەسە بۆ ئەوەی بەڵگە بنەڕەتییەکان بزر ببن، یان لەبیر بکرێن، یان دەستکاری بکرێن و ناوەڕۆکیان بگۆڕدرێت؛ بە شێوەیەک ببێتە هۆکارێک بۆ لاوازکردنی توانای نەخۆش لە سەلماندن و سەندنەوەى مافەکانی.
  • هەڵەى پزیشکى تەنیا بابەتێکى پزیشکى نییە، بەڵکوو بابەتێکى یاسایییە. لەمبارەیەوە، بەپێى ماددە (9/دووەم) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش، پێویستە کارەکانى لێژنەى لێكۆڵینه‌وه‌ لە کەیسى هەڵەى پزیشکى‌ به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری داواكاری گشتی و سه‌ندیكاى پزیشکیى تایبەتمەند، كۆمه‌ڵه‌ په‌یوه‌نداره‌كان لە کاتى پێویستدا، ئه‌نجام بدرێت. هەرچەندە ئەم دەقە لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ فراوانکردنی بازنەی چاودێری و بەشداری لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوە، بەڵام لە واقعدا پرسیاری بنەڕەتى ئەمەیە: ئایا ئامادەبوونی ئەم لایەنانە بەتەنیا دەتوانێت بێلایەنی و شەفافییەت و پاراستنی مافی نەخۆش دەستەبەر بکات، لە کاتێکدا کە خودی نەخۆش یان نوێنەرە یاسایییەکەى لە پڕۆسەکەدا ڕۆڵێکی کارایان نییە؟ ئەمەیش ئەوە نیشان دەدات کە هێشتا هاوسەنگیی ڕاستەقینە لەنێوان لایەنەکان بەتەواوی دابین نەکراوە.

چوارەم: پێشنیازەکان بۆ مامەڵەکـردن لەگەڵ هەڵەى پزیشکى

لە ئەنجامی ئەو باس و لێکۆڵینەوانەی کە لەم وتارەدا خرانە ڕوو، ڕوون دەبێتەوە کە بابەتی هەڵەی پزیشکی تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی یان پیشەیی نییە، بەڵکوو بابەتێکی ئاڵۆزی یاسایی و مرۆیی و کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە پاراستنی ژیان و سەلامەتیی جەستەیی و مافە بنەڕەتییەکانی نەخۆشەوە هەیە.

لەبەر ئەو لاوازی و کەلێنانەی کە لە چوارچێوەی یاسایی و میکانیزمە پراکتیکییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەی پزیشکیدا هەیە، پێویستە هەنگاوى ڕاستەقینە و کارا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بنرێن. لەم سۆنگەیەوە، چەند پێشنیازێکى یاسایى دەخرێنە ڕوو کە دەتوانن ببنە بنەمایەک بۆ باشترکردنی شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەی پزیشکی و پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان مافەکانی نەخۆش و پاراستنی کارمەندانى تەندروستی لە کاتى پیادەکردنى کارەکانیاندا:

  1. بەپێویستى دەزانین پێناسەی یاساییی هەڵەی پزیشکی بە شێوەیەکی ورد و ڕوون هەموار بکرێتەوە، بە جۆرێک کە هەموو مەرج و پێوەر و بنەماکانی دیاریکردنی هەڵەی پزیشکی بە شێوەیەکی ئاشکرا لەخۆ بگرێت و، دەقە یاسایییەکە بە جۆرێک دابڕێژرێت کە مەیدانی لێکدانەوەی فراوان یان هەڵگرتنی زیاتر لە یەک مانا نەهێڵێت؛چونکە ناڕوونی لە پێناسەی چەمکێکی یاسایى بەو گرنگییە، دەبێتە سەرچاوەی ناکۆکی لە جێبەجێکردن و هۆکارێک بۆ فەوتاندنی مافى زیانلێکەوتووان.
  2. پێویستە ڕێسا و بنەما سەرەکییەکانی پیادەکردنى کاری پزیشکی بە شێوەیەکی ڕوون و فەرمی دیاری بکرێن و بەردەست بن، بە جۆرێک کە هەموو پڕۆتۆکۆل و ڕێنمایی و پێوەرە بنەڕەتییە پەیوەندیدارەکان بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانە دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانى تەندروستى و لێـژنەکانی لێکۆڵینەوە و دادگه‌کان، ئاشکرا و ناسراو بن؛چونکە تەنیا لە کاتى هەبوونى پێوەر و مەرجى ڕوون و یەکگرتوو، دەتوانرێت کەمتەرخەمی، یان ناشارەزایی، یان هەر جۆرە لادانێکى پیشەییی تر بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ورد دەستنیشان بکرێت.
  3. هەتا ڕێسا و پێوەر و بنەماکانی پیادەکردنى کارى پزیشکى لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕوون و دیاریکراو و یەکگرتوو نەنووسرێنەوە، ئەوا هەمیشە هەڵسەگاندنى هەبوون یان نەبوونى هەڵەى پزیشکى لەژێر کاریگەریی ناڕوونی و لێکدانەوەی جیاواز و هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی دەبێت. لە دۆخێکی ئاوادا، کە نەخۆش بەهۆی لاوازیی میکانیزمی سەلماندن و ناڕوونیی پێوەرە یاسایییەکانه‌وه‌ناتوانێت بەئاسانی هەڵە بسەلمێنێت، ئەوا مەترسیی فەوتانی مافەکانی نەخۆشى زیانلێکەوتوو زیاتر دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، ئەگەر بارى ئێستا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ڕەنگە یاسادانەر ناچار بێت هەنگاو بەرەو مۆدێلێکی جیاواز بنێت، کە تیایدا بەرپرسیارێتیى دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی، نەک لەسەر بنەمای هەڵە، بەڵکوو لەسەر بنەمای زەرەر بونیاد بنێت. لەم مۆدێلەدا سەلماندنى ئەوەى نەخۆش لە ئەنجامى وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکىیه‌وه‌ زەرەرى پێ گەیشتووە، بەس دەبێت بۆ دروستبوونی مافی قەرەبووکردنەوە، بەبێ ئەوەی نەخۆشى زیانلێکەوتوو ناچار بێت هەڵەی تەکنیکی، پیشەیى یان کەمتەرخەمیی کارمەندى تەندروستى بسەلمێنێت. هەرچەندە ئەم ڕێکارە مۆدێلێکی ئاستبەرزە و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە فەلسەفەی بەرپرسیارێتیى مەدەنی، بەڵام لە دۆخێکدا کە سیستەمی هەنووکەیی ناتوانێت هاوسەنگیی دادپەروەرانە لەنێوان پاراستنی نەخۆش و بەرگریی کارمەندى تەندروستیدا دابین بکات، ئەم بیرۆکەیە دەتوانێت وەک بژاردەیەکی یاساکاری، جێی باس و لێکۆڵینەوە بێت.
  4. پێشنیاز دەکەین کەوا بابەتی “بەرپرسیارێتىییاساییی دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی” وەک بابەتێـکی سەرەکی لە پڕۆگرامەکانى خوێندنى هەموو کۆلێـژە پزیشکی و تەندروستییەکاندا جێگیر بکرێت و بخوێنرێت، چونکە زانیاریی تەکنیکی و پزیشکی بەتەنیا بۆ پیادەکردنى کار و پیشەی پزیشکی بە شێوەیەکی دروست و دادپەروەرانە و بەرپرسیارانە بەس نییە، بەڵکوو پێویستە کارمەندانی تەندروستی لە سنوور و ئەرک و دەرەنجامە یاسایییەکانی ڕەفتارە پیشەیییەکانیان ئاگادار بن. ئەم جۆرە فێرکردنە، ڕۆڵێکی گرنگى دەبێت لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی یاسایی و کەمکردنەوەی هەڵەی پزیشکی و چەسپاندنی کەلتووری بەرپرسیارێتى و ڕێزگرتن لە مافەکانی نەخۆش.
  5. لێژنەکانی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکی، بە شێوەیەکی تێکەڵاو و هاوسەنگ پێکبهێنرێن، نەک تەنیا لە چەند ئەندامێکى هەمان بوارى پزیشکی بێت، چونکە سپاردنی دیاریکردنی هەڵەی پزیشکی تەنیا بە گرووپێکی هاوپیشە، مەترسیى لایەنگیرى و نەبوونى شەفافییەت زیاتر دەکات. لەبەر ئەوە، باشتر وایە ئەم لێژنانە لە پزیشکێکی پسپۆڕ لە هەمان بوارەی پەیوەندیدار بە کەیسەکە و، چەند پزیشکێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی دامەزراوەی تەندروستیى پەیوەندیدار (باشتر وایە لە دەرەوەى پارێزگا بێت) و، نوێنەری داواکاری گشتی و، نوێنەری نەخۆش و، نوێنەری دامەزراوەی تەندروستیی پەیوەندیدار و، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و، لێکۆڵەرێکى دادى سەر بە ئەنجومەنى دادوەرى و، نوێنەری سەندیکای پزیشکیی تایبەتمەند و، نوێنەرى دەستەى گشتیى مافى مرۆڤ پێک بهێنرێن. ئەم جۆرە پێکهاتە پێشنیازکراوە، دەتوانێت زیاتر دڵنیایی لە بێلایەنی، شەفافییەت، فرەڕەهەندیی هەڵسەنگاندن و، پاراستنی هاوسەنگیی مافەکانی هەموو لایەنەکان دابین بکات.
  6. پەلە بکرێت لە دەرکردنى پەیڕەوى ڕێکخستنى پێكهاته‌ و ئه‌ركه‌كانی لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وە، تاوەکوو کارەکانى ئەم لێـژنەیە لە چوارچێوەى یاسادا بە شێوەیەکى کارا ئەنجام بدرێت.
  7. بە شێوەیەکی ڕوون ڕێگرى لە هەبوونى دژیەکبوونى بەرژەوەندییەکان بکرێت؛بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەندامێک لە ئەندامانی لێژنەکە، هاوپیشەی نزیک، هاوکار، خزم، ناسیاو، یان کەسێک بێت کە هەر جۆرە پەیوەندییەکی کەسی، پیشەیی، ئیداری یان بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ پزیشک یان دامەزراوەی تەندروستیی پەیوەندیدار بە کەیسەکەوە هەبێت، چونکە بوونی ئەم جۆرە پەیوەندییانە، تەنانەت ئەگەر کاریگەریی ڕاستەوخۆشیان لەسەر بڕیارەکە نەبێت، خۆی بەتەنیا دەتوانێت گومان لە بێلایەنی و دادپەروەریی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە دروست بکات و متمانە بە ئەنجامەکانی لاواز بکات. لەبەر ئەوە، پێویستە هەموو ئەندامانی لێژنە پێش دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە، بە شێوەیەکی فەرمی بەڵێننامەى نەبوونی دژیەکبوونى بەرژەوەندییەکان پێشکەش بکەن و، هەروەها بۆ نەخۆش یان نوێنەری یاسایییەکەى مافی ئەوە دابین بکرێت کە لە حاڵەتی هەبوونی هۆکاری مەعقووڵ، داوای گۆڕینی هەر ئەندامێک بکات.
  8. کاتى ئەوە هاتووە دۆسیەی تەندروستیی نەخۆش بەئەلیکترۆنی بکرێت و لەسەر بنەمای سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی مۆدێرن و پارێزراو بەڕێوەببردرێت و هەر نەخۆشێک کۆدێکى ئەلیکترۆنیى تایبەت بە خۆى هەبێت و مێژووى تەندروستیى خۆى تێدا تۆمار کرابێت؛ بە شێوەیەک کە دەستکاریکردن، یان گۆڕانکاریکردن، یان سڕینەوە، یان هەر زیادکردنێکى ناڕەوا لە ناوەڕۆکەکەیدا بەئاسانی نەکرێت. ئەم دۆسیە ئەلیکترۆنییە، پێویستە هەموو زانیاری و بەڵگە بنەڕەتییە پەیوەندیدارەکان بگرێتەوە، لەوانە: ئەنجامی پشکنینەکان، زانیاریی پەیوەندیدار بە چۆنێتیی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکى، دەستێوەردانە پزیشکییەکان، تێبینی و تۆمارەکانی کارمەندانی تەندروستی، شێوازی وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختەى نەخۆش پێش هەر دەستێوەردانێکی پزیشکی و، هەر ڕاپۆرت یان بەڵگەنامەیەکی پزیشکیی تری پەیوەندیدار.

هەروەها، بۆ دابینکردنی شەفافییەت و پاراستنی مافى لایەنەکان، پێویستە نەخۆش یان نوێنەرە یاسایییەکەى و، هەروەها وەزارەتى تەندروستى و لایەنە چاودێرییە پەیوەندیدارەکانى دیكه‌، مافی گەیشتن بە ئەم دۆسیە ئەلیکترۆنییەیان هەبێت لە چەند حاڵەتێکى دیاریکراودا؛ بە جۆرێک ئەم سیستەمە نەک تەنیا ئامرازێک بێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، بەڵکوو ببێتە میکانیزمێکی گرنگ بۆ پاراستنی بەڵگەکان و دابینکردنی دادپەروەری لە کەیسەکانی هەڵەی پزیشکیدا.

  1. بەزەروورى دەزانین کەوا هەموو کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە بە ڤیدیۆ تۆمار بکرێن و بە شێوەیەکی فەرمی بپارێزرێن، بۆ ئەوەى شەفافییەت لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەدا فەراهه‌م ببێت و، لە هەر کاتێکدا بزانرێت گفتوگۆکان لەسەر چ بنەمایەک کراون و، بە پشتبەستن بە کام بەڵگە و بە چ لۆژیکێکی پیشەیی و یاسایی ڕاسپاردەکان دەرکراون. ئەمە نەک تەنیا بۆ پاراستنی مافەکانی نەخۆش گرنگە، بەڵکوو بۆ پاراستنی خودی ئەندامانی لێژنە و دڵنیابوون لە دروستی و بێلایەنیی پڕۆسەکەیش گرنگییەکی زۆری هەیە. هەروەها، پێویستە ڕاسپاردە و ڕاپۆرتی کۆتاییی لێژنە، تەنیا لە شێوەی ئەنجامی گشتی نەبێت، بەڵکوو پێویستە بەڕوونی دیار بێتكه‌ لە بڕیارداندا پشتیان بە چ بەڵگەیەک بەستووە و، بەپێى چ بنەمایەکى یاسایی و پزیشکی گەیشتوونەتە ئەو بڕیارە.
  2. پێویستە ماوە یاسایییەکانی پەیوەندیدار بە کاری لێژنەی لێکۆڵینەوە کورت بکرێنەوە،بە شێوەیەک کە لەگەڵ سروشت و هەستیاریى کەیسەکانی هەڵەی پزیشکیدا بگونجێن. بۆیە، پێویستە لێژنە لە ماوەی دوو (2) ڕۆژ لە ڕێکەوتى پێکهێنانى فەرمیی خۆیدا دەست بە کاری خۆی بکات و یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات. هەروەها پابەند بکرێت کە لە ماوەی دە (10) ڕۆژدا لێکۆڵینەوەکان تەواو بکات و ڕاپۆرتی کۆتاییی خۆی پێشکەش بکات، مەگەر لە هەندێ حاڵەتدا کە پێویستی بە درێژکردنەوەی ماوەکە هەبێت بە هۆکارێکی یاسایی و ڕوون و ڕەوا.
  3. دەکرێت، بە مەرجی وەرگرتنی ڕەزامەندیی ڕوون و پێشوەختەى نەخۆش، کامێرای چاودێری لە ژووری نەشتەرگەریدا دابنرێت بۆ تۆمارکردنی پڕۆسەی دەستێوەردانی پزیشکی؛ بە جۆرێک کە بتوانێت لە کاتی پێویستدا وەک بەڵگەیەکی بابەتی بۆ دیاریکردنی چۆنێتیی ئەنجامدانی دەستێوەردانەکە و هەڵسەنگاندنی هەبوونی هەڵەی پزیشکی یان نەبوونی بەکاربهێنرێت. ئەم ڕێکارە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرزکردنەوەی شەفافییەت، پاراستنی بەڵگە، کەمکردنەوەی ناکۆکی لەسەر ڕووداوەکان و، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرپرسیارێتى و وریاییی پیشەیی هەبێت.

بەڵام، جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمە، پێویستە لە چوارچێوەی پاراستنی مافی تایبەتمەندی و شکۆى نەخۆشدا ڕێک بخرێت؛ بە جۆرێک کە تۆمارکردنەکە تەنیا بۆ مەبەستی یاسایی، چاودێری و هەڵسەنگاندنی کەیسە پەیوەندیدارەکان بەکار بهێنرێت و، دەستگەیشتن بەم تۆمارانە سنووردار و بە ڕێسا بێت، بۆ ئەوەی ئەم ڕێکارە لە ئامرازێکی پاراستنی دادپەروەرییه‌وه‌، نەگۆڕدرێت بۆ هۆکارێکی پێشێلکردنی تایبەتمەندی.

  1. کاتی ئەوە هاتووە کە کارمەندانى تەندروستى و دامەزراوە تەندروستییەکان،پابەند بکرێـن بە بیمەکردن لە دژی بەرپرسیارێتیى مەدەنییان لە بەرامبەر نەخۆشەکان؛ چونکە پێویستە میکانیزمێکی کارا و دڵنیابەخش بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان هەبێت. ئەم جۆرە بیمەیە دەتوانێت دڵنیایی لەوە بدات کە ئەگەر هەڵەی پزیشکی ڕووی دا و بەرپرسیارێتییەکە سەلمێنرا، نەخۆش لە ماوەیەکی گونجاودا بە مافە دارایییەکانی خۆی دەگات، بەبێ ئەوەی چارەنووسی قەرەبووکردنەوەکەی بە توانای داراییی کارمەندى تەندروستى یان دامەزراوەی تەندروستییه‌وه‌ ببەسترێته‌وه‌. هەروەها، ئەم میکانیزمە نەک تەنیا ئامرازێکە بۆ پاراستنی نەخۆش، بەڵکوو دەتوانێت کەلتووری بەرپرسیارێتى و وریاییی پیشەیی بەرز بکاته‌وه‌، چونکە کاتێک کارمەندانى تەندروستی و دامەزراوە تەندروستییەکان بزانن کە بەرپرسیارێتىی یاسایی و داراییی ڕاستەقینە لەپشت ڕەفتارە پیشەیییەکانیانە، ئەوا باشتر پابەند دەبن بە پێوەر و پڕۆتۆکۆل و ڕێساکانی پیشەیی. بۆیە، پابەندکردن بە بیمەی بەرپرسیارێتیى مەدەنی، نابێت وەک بارێکی ئیداری و دارایى سەیر بکرێت، بەڵکوو یەکێکە لە بنەماکانی دانانى سیستەمێکی مۆدێرن بۆ پاراستنی مافەکانی نەخۆش و دابینکردنی دادپەروەری لە بواری تەندروستیدا.
  2. لەبەر ئەوەی زانستی پزیشکی بە شێوەیەکی بەردەوام لە گەشەسەندن و نوێبوونەوەدایە و، ئەوەی ئەمڕۆ وەک بنەمایەکی زانستیی قبووڵکراو دادەنرێت، ڕەنگە لە داهاتوودا گۆڕانکاریی بەسەردابێت و شێوازى نوێتر و باشتر بێتە کایەوە؛ بۆیە نابێت مۆڵەتی کارکردنی پزیشکی بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بێ هەڵسەنگاندنی بەردەوام مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە مۆڵەتی پیادەکردنى پیشەی پزیشکی لە ماوەیەکی دیاریکراودا نوێ بکرێتەوە و، نوێکردنەوەکەیش بەستراو بێت بە جێبەجێکردنی چەند مەرج و پێوەرێكی پیشەیی و زانستی، نەک تەنیا بە تێپەڕبوونی کات و پێدانى ڕسووماتى نوێکردنەوە. لە گرنگترین ئەم مەرجانەیش: بەشداریکردن لە ڕاهێنان، وەرگرتنى کۆرسی نوێکردنەوەی زانیارییەکان، وەرگرتنی بڕوانامەى تر لە بوارى پسپۆڕیى خۆى، بەشداریکردن لە سمینار و کۆنفرانسە زانستییەکان، ئەنجامدانی توێژینەوە یان هەبوونی چالاکیی ئەکادیمی و پیشەیی و، هەڵسەنگاندنی بەردەوامی لێهاتوویى و توانا و شایستەییی پیشەیی.
  3. پێویستە میکانیزمێکی یاساییی تۆکمە و کارا بۆ پاراستنی هەواڵدەرەکان-ئەوانەی کە هەواڵ لە هەبوونی کەیسێکی گومانلێکراوی هەڵەی پزیشکی دەدەن، یان ئامادە دەبن وەک گەواهیدەر یان سەرچاوەی زانیاری لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەدا هاوکار و بەشدار بن- دابنرێت، چونکە لە غیابی پاراستنی یاساییی کارا، زۆر جار ئەم کەسانە لە ترسی گوشار، تۆڵەسەندنەوەی پیشەیی، زیانگەیاندنى کارگێڕى، یان تەنانەت گوشاری کۆمەڵایەتی، خۆیان لە هەواڵدان یان گەواهیدان دەدزنەوە. بۆیە، پێویستە یاسادانەر بە میکانیزمێکى کارا، نهێنیى ناسنامەى ئەم جۆرە کەسانە بپارێزێت و زانیاری لەسەریان بەردەست نەبێت و، هەروەها هەموو جۆرە ڕەفتارێکى تۆڵەسەندنەوە یان زیانگەیاندن بەرامبەریان بە شێوەیەکی یاسایی قەدەغە بکرێت. ئەم جۆرە میکانیزمە دەبێتە ئامرازێک بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان، چونکە زۆر جار زانیاریی سەرەتایی لەسەر هەڵەی پزیشکی، لەلایەن هەمان ئەو کەسانەوە دێت کە لەناو سیستەمەکەدان و ئەوەیان بە چاوی خۆیان بینیوە.

کـۆبــەنــد

چوارچێوەی یاساییى مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەبوونی هەندێک دەق و میکانیزمی فەرمی، هێشتا ناتوانێت بە شێوەیەکى کارا و دادپەروەرانە ئەم دیاردەیە بنبڕ یان سنووردار بکات. ناڕوونی لە پێناسە و پێوەرە یاسایییەکان و، لاوازیی میکانیزمەکانی لێکۆڵینەوە و، نەبوونى هاوسەنگیی ڕاستەقینە لە پاراستنی مافەکانی نەخۆش و کارمەندانى تەندروستى، هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەن کە چارەسەرە یاسایییە هەنووکەیییەکان بەشێک نین لە چارەسەر، بەڵکوو بەشێکن لە بەردەوامبوونى کێشەکە.

هەڵەی پزیشکی نابێت تەنیا بە دیدێکی پیشەییی داخراو سەیر بکرێت، چونکە ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا بابەتێکی یاسایی و مرۆیی و کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندیی بە ژیان و سەلامەتیی مرۆڤەوە هەیە. بۆیە، ئەگەر ئامانجمان بریتى بێت لە بنبڕکردن یان کەمکردنەوەى دیاردەى هەڵەى پزیشکى، ئەوا پێویستە لە بیرکردنەوەی کۆن و میکانیزمە ناچالاکەکان دوور بکەوینەوە و بە ئاراستەی سیستەمێکی ڕوونتر، شەفافتر و بەرپرسیارانەتر هەنگاو بنێین؛ چونکە ئەگەر وا نەکەین، هەڵەی پزیشکی هەر بەردەوام دەبێت و متمانەی هاووڵاتیانیش بە کەرتی تەندروستی کەمتر دەبێت.

سەرچاوەکان:

  1. یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان ژمارە (4) بۆ ساڵى (2020).
  2. ڕێنماییى ژمارە (4) بۆ ساڵى (2022) تایبەت بە ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش لە هەرێمى کوردستان.
  3. بڕیارى وەزارەتى تەندروستیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ژمارە (9779) لە (07/06/2022).
  4. ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان، ژمارە (256) لە (15/10/2020).
  5. ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان، ژمارە (287) لە (11/08/2022).




وابەستەیی بە گەرووی هورمز: لاوازییەکی پێکهاتەیی لە ستراتیژیی هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا

شەهریار شێخلەر، توێژەر لە بواری سیاسەتی وزە- ماستەر لە بەڕێوەبردنی بیزینس- ستراتیژی و، هەروەها ماستەر لە بەڕێوەبردنی ئیجرائییە.

پێشەکی

عێراق بە ١٤٥ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوت، خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی سەلمێنراوی نەوتی خاوی جیهانە و، بە هەرێمی کوردستانەوە توانای ڕۆژانە بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٤،٥٠٠،٠٠٠ بەرمیل و هەناردەکردنی زیاتر لە ٣،٣٠٠،٠٠٠ بەرمیل نەوتی خاوی هەیە و، بەوەیش لە پلەی دوومی وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نەوت لەناو ڕێکخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت (ئۆپێک) دەوەستێت.

ئەو یەدەگە گەورەیە و توانای بەرهەمهێنان و داهاتی هەناردەکردنە، وای کردووە کە لە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و بە درێژاییی سەد ساڵی ڕابردوو ڕۆڵی نەوت وەک بڕبڕەی پشتی ئابووریی عێراقی زیاتر و بەهێزتر بێت داهاتی نەوت زیاتر لە ٩٣%ی کۆی داهاتی حکوومەت و زیاتر لە ٩٥%ی هەناردەکردنی وڵات پێک دەهێنێت. ئەم پشتبەستنە زۆرە بە یەک کاڵا، بۆتە ئەوەی عێراق لە ڕێزی ئەو وڵاتانە دابنرێت کە ئابووریناسان بە “ئابووریی کرێچی” ناوی دەبەن- ئابوورییەک کە دەوڵەت زۆربەی داهاتەکەی لە فرۆشتنی سەرچاوە سروشتییەکان (وەک نەوت، گاز و…) وەردەگرێت، نەک لە ڕێگه‌ی باج یان بەرهەمهێنانی ئابووری لە ناوخۆی وڵات. ئەم ئاستی وابەستەیییە لە چەند ڕووەوە لاوازیی پێکهاتەییی بەرچاوی لەناو ئابووریی عێراقدا دروست کردووە.

یەکێک لە لاوازییە جددییەکان، پەیوەندیی بە سیاسەتی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و پشتبەستنی زۆری بە ڕێگه‌کانی هەناردەکردنی دەریایی لە باشوورەوە هەیە، کە بەستراونەتەوە بە گەرووی هورمزەوە. هەر بەو ئاستەی داهاتی حکوومەت بە داهاتی نەوت گرێ دراوە، هەناردەکردنی زیاتر لە ٩٣%ی نەوتی عێراقیش تەنیا بە یەک ڕێڕەو پەیوەستە کە هەمیشە لەژێر مەترسی و هەڕەشەی داخراندا بووە. بەوهۆیەوە گرژییە جیۆپۆلیتیکییە ناوچەیییەکان، ململانێ سەربازییەکان و نائەمنیی دەریایی، ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە سەقامگیریی ئابووری و توانای داراییی عێراق دەکەن.

ململانێکانی ئەم دوایییەی ناوچەکە (لە ئازاری ساڵی ٢٠٢٦)، گەورەییی ئەم لاوازییەیان ئاشکرا کرد. پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەی کەنداو، هاتوچۆی تانکەرەکانی بە گەرووی هورمزدا ​​پەک خست؛ ئەمەیش بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٠% و، وەزارەتی نەوتی ناچار کرد ئاستی بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە و بە پشتبەستن بە خاڵی “فۆرس ماژۆر” (Force majeure)، بەرهەمهێنانی نەوت لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی کە لەلایەن بیانییەکانەوە بەڕێوە دەبردرێن ڕابگرێت.

ئەم بابەتە لێکۆڵینەوە لە لاوازییە ستراتیژییە شاراوەکانی ناو سیاسەتی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەکات و لەسەر سێ ڕەهەندی پەیوەندیدار بەیەکەوە توێژینەوە دەکات: لاوازییە تەکنیکییەکان، لاوازییە دارایییەکان و لاوازییە کارگێڕییەکان. هەروەها لێکەوتە بەرفراوانەکانی پشتبەستنی عێراق بە گەرووی هورمز شی دەکاتەوە و جێگره‌وه (به‌دیل)‌ی ستراتیژی پێشنیاردەکات کە توانای باشترکردنی ئاسایشی وزەی عێراق و خۆڕاگریی هەناردەکردنی هەبێت.

١. کرۆکی قەیرانی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق

مێژووی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، داستانێکی پڕ لە بژاردەی ئاڵۆز و هەڵەی ستراتیژییە، بەتایبەت پاش بەنیشتمانیکردنی کەرتی نەوت لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشوو. لە ڕووی مێژوویییەوە، عێراق پشتی بە دوو ڕێڕەوی سەرەکیی هەناردەکردن بەستووە: “تێرمیناڵی باشوور لە کەنداو”، “تێرمیناڵی نەوتی ئەلبەسرە و خورئەلئەمایە” و “هێڵی بۆڕیی عێراق-تورکیا” (ITP)  کە لە کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان دەڕوات. هەرچەنده‌ لە سەرەتادا، نەوتی کەرکووک لە ڕێگه‌ی بۆڕییەوە بۆ حەیفا (لە ئیسرائیلی ئێستا) و دواتر بۆ بانیاس دەگوازرایەوە، بەڵام زۆر خێرا و بەهۆی کێشە سیاسییەکانه‌وه‌ هەردوو بۆڕی وەلا نران و لە کۆتاییی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووە، ڕوو کرایە بۆڕیی نەوتی کەروکووک-جەیهان. هەڵبەت دواتر ئەو بۆڕییەیش وەستا و، لە ئێستادا بۆڕیی نەوتی کوردستان لە خۆڕماڵەوە وەک جێگرەوەی بۆڕییەکە کار دەکات.

١.١. ئاڵنگاری تەنگەبەری باشوور: زۆرینەی ڕەهای نەوتی خاوی عێراق-ڕۆژانە تاکوو ٤ ملیۆن بەرمیل و بەگشتی بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٣%ی نەوتی هەناردەکراوی عێراق (لە بارودۆخی ئاساییدا) بە تێرمیناڵە دەریایییەکانی پارێزگای بەسرەدا تێپەڕ دەبێت و ڕادەستی کەشتیگەلی کڕیار دەکرێت. لەوێیشەوە دەبێت کەشتییە تانکەرەکان بە گەرووی هورمزدا ​​بڕۆن، کە ڕێڕەوێکی تەسکە لەنێوان عومان و ئێراندا و نزیکەی لەسەدا ٢٠ی نەوتی دەریاییی جیهانی پێیدا تێپەڕ دەبێت. ئەم چڕبوونەوەی توانای هەناردەکردن لە ڕێگەی یەک خاڵی مەترسیلەسەری دەریایییەوە، وێنای لاوازییەکی ستراتیژیی نائاسایی دەکات. کاتێک ململانێی ناوچەیی لەم دوایییانەدا گەرووەکەی داخست، هەناردەی عێراق لە ماوەیه‌كی زۆرخێرا بەتەواوی ڕاوەستا و دواتر تەنیا کەمتر لە ١٠%ی و بەشێکی بە شێوازی نائابوورییانە دەستی پێ کردەوە.

سەرەڕای ئەوەیش، بەندەرەکانی باشووری عێراق، خۆیان هەڵگری کۆمەڵێک کێشە و ئاڵنگارین. توێژینەوە ئەکادیمییەکان “مەترسیی ئاسایشی گواستنەوە، لاوازیی توانای بەندەر و ڕێگه‌کان” و “ئاستی نزم لە بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی تەکنیکی”یان وەک کێشەی بەردەوام لەو بەندەرانە دەستنیشان کردووە.

١.٢. په‌ككه‌وتن (ئیفلیج)ی بۆڕیی کەرکووکجەیهان: ئەو بۆڕییە هەرچەند بە توانای سنووردار، بەڵام سەردەمانێک ڕێگه‌یەکی جێگره‌وه‌ی گرنگی دابین دەکرد و نەوتی خاوی کەرکووکی لەسەر دەریای ناوەڕاست ‌دەگواستەوە بۆ جەیهان. بەڵام ئەم بۆڕییە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ڕاددەیەکی له‌كار كه‌وتووه‌. هەرچەنده‌ لە ٢٠١٤وە بۆڕیی نەوتی کوردستان وەک جێگرەوەی ئەو بۆڕییە ڕاکێشراوە، بەڵام ئەویش ماوەیەک بەهۆی بڕیارێکی “ژووری ناوبژیوانیی بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریس” ڕاگیرا و دواتریش بەهۆی خواستی بەغدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەرگیز بەپێی پێویست و توانای بۆڕییەکە سوودی لێ وەرنەگیراوە.

بەبۆچوونی بەشێک لە شارەزایان “دوودڵیی بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، کەمتر پەیوەندیی بە ئاستەنگی تەکنیکی یان یاسایییەوە هەیە و زیاتر پەیوەندیی بە بەکارهێنانی پرسی بۆڕییەکەوە هەیە بە مەبەستی بەناوەندکردنی کۆنترۆڵی داهاتی نەوتی کۆی عێراق و سنووردارکردنی سەربەخۆییی ئابووریی هەرێمی کوردستان”.

١.٣. جێگره‌وه‌ دروستنەکراوەکان: لە ساڵانی ڕابردوو، حکوومەتەکانی عێراق چەندان جار بابەتی ڕێگەی جێگره‌وه‌یان بۆ هەناردەکردنی نەوت ورووژاندووە، بەڵام هیچ کامیان نەگەیشتوونەتە دۆخی کارلێکردن. عێراق هەرچەند لە ڕووی جوگرافییەوە بێجگە لە ڕێگەی کەنداو و تورکیا، بەهۆی دراوسێتی لەگەڵ سعوودیا، ئوردن و سووریا، دەیتوانی چەندان ڕێگه‌ی دیکەی جێگره‌وه‌ بۆ ڕێڕەوی هورمز بنیاد بنێت بەڵام بەهۆی نەبوونی ستراتیژییەتێکی نیشتمانیی گشتگیر، هەروەها کێشە و ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆ و لەگەڵ دراوسێکان، نەیتوانیوە پلانێکی ئابوورییانەی سەرکەوتووش دابڕێژێت.

بوودجەی پێویست بۆ ڕاکێشانی بۆڕییەکی جێگره‌وه‌ بۆ بەندەری بانیاس لە سووریا بە هەشت ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت کە هەم قەبارەی وەبەرهێنانەکە و هەم کێشە ئەمنی و جیۆپۆلیتیکییەکان، ڕێگر بوون لە دەستپێکردن و جێبەجێکردنی ئەو پلانە. بۆڕییەکی پێشنیارکراوی دیکە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن ساڵانێکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت بەڵام ئەویش بەهۆی جوگرافیا و تایبەتمەندییەکانی بەندەری عەقەبە ناتوانێت بەتەنیایی فریادڕەسی نەوتی عێراق بێت و، کاتێک دەتوانێت سوودمەند بێت کە لەگەڵ ڕێگه‌چارەکانی دیکە بەشێک بێت لە چارەسەری ئاڵنگارییەکان.

لەم دوایییانەدا عێراق ڕێککەوتنێکی سەرەتاییی لەگەڵ عومان ڕاگەیاند بۆ دروستکردنی بۆڕیی نەوتی خاو لە بەسرە بۆ بەندەری دوقم لە عومان، بە دەربازبوون لە گەرووی هورمز. پرۆژەکە سەرەتا توانای عەمبارکردنی 10 ملیۆن بەرمیل لە دوقم لەخۆ دەگرێت و نەوت بە کەشتی دەگوازرێتەوە تا تەواوبوونی ڕاکێشانی بۆڕییەکە. بەڵام پڕۆژەکە لە ڕووی ئیمکانی ئابوورییەوە پرسیاری جددیی لەسەرە. ڕێگه‌ی بەسرە بۆ عومان “بە شێوەیەکی بەرچاو درێژە و تێچووی زۆری دەوێت؛ ئەمەیش وای کردووە بە بەراورد بە جێگره‌وه‌کانی کورتتر و بەردەست، زۆر کەمتر پراکتیکی بێت” لە تورکیا، ئوردن، سووریا، ئیمارات و تەنانەت سعوودیاش. ئەمەیش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ شرۆڤه‌كاران پڕۆژەکە “کەمتر لەبارەی کارایی و زیاتر لەبارەی مانۆڕی ستراتیژییەوه‌” پێناسە بکەن و بەهۆی پاڵنەری سیاسی نەک پلانێکی ئابووریی دروسته‌وه‌ شرۆڤەی بکەن.

یەکێکی دیکە لە پلانەکانی ئێستا باس دەکرێت و وەکوو بەردی بناغەی ستراتیژیی هەمەچەشنکردنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەناسێنرێت، دروستکردنی بۆڕیی بەسرە-حەدیسەیە. ئەو بۆڕییە “بەسرە بە حەدیسە دەبەستێتەوە بە توانای پلانبۆداڕێژراوی 2.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا… و، درێژایییەکەی 700 کیلۆمەترە و نەوتی خاو دەگوازێتەوە بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی وڵاتانی دراوسێ وەک بانیاس لە سووریا، جەیهان لە تورکیا و عەقەبە لە ئوردن؛ هاوکات وەک هێڵی دابینکردنی نەوت بۆ پاڵاوگەکان لە سەرانسەری باشوور و ناوەڕاست و باکووری پارێزگاکانی عێراق کار دەکات.”

 ڕاستییه‌كه‌ی، ئەو پڕۆژەیە هەرچەند تۆڕێکی نیشتمانیی گواستنەوەی ناوخۆییی نەوت لە عێراق ساز دەکات، بەڵام کۆکەرەوەی پلانەکانی هەناردەکردن لە ڕێگه‌ی عەقەبە و بانیاسە، کە پێشتر خاڵە لاوازەکانی باس کرا. ئەوەیش پێویستیی بە چارەسەری کێشە سیاسی و ئەمنی و جیۆپۆلیتیەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق هەیە و، بێ ئەوانە چارەی کێشەکان ناکات.

٢. لاوازییە تەکنیکییەکان لە پێکهاتەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا

٢.١. چڕبوونەوەی ژێرخانی هەناردەکردن

یەکێک لە لاوازییە تەکنیکییە سەرەکییەکانی عێراق، وەک پێشتریش باس کرا، لە چڕبوونەوەی زۆری ژێرخانی هەناردەکردندایە لە باشووری عێراق و سەر کەنداو. سیاسەتی هەناردەکردنی عێراق بە پلەی یەکەم پشت بە تێرمیناڵەکانی باشوور و دامەزراوەکانی بارکردنی دەریایی دەبەستێت. ئەم چڕبوونەوەیە لەسەر یەک ڕێڕەو، بۆتە هۆی لاوازییەک کە تێیدا ڕاوەستانی هەناردەکردن لەو ڕێگه‌یە بە مانای ڕاوەستانی زۆربەی هەناردەکردنی گشتیی نەوتی عێراق دەبێت.

هەرچەنده‌ گفتوگۆکان سەبارەت بە هەمەچەشنکردنی ڕێگه‌کانی هەناردەکردن و ڕاکێشانی بۆڕییە جێگره‌وه‌كان لە ڕێگەی تورکیا، ئوردن و سووریاوە دەستی پێ کردۆتەوە بەڵام هێشتا لەسەرەتایە و تاکوو چارەسەر کاتی زۆری پێویستە. هەرچەندە هێڵی بۆڕیی هەرێمی کوردستان-تورکیا ڕێگه‌یەکی جێگره‌وه‌ لە بەندەری جەیهانەوە دابین دەکات، بەڵام ناکۆکیی سیاسی، سنوورداربوونی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لەو ڕێگه‌یەوە و تەنانەت تەحەددای ئاسایشی ناوخۆییی عێراق، ڕێگرن لەبەردەم بەکارهێنانی تەواوی توانای ئەو ڕێگه‌یە.

٢.٢. سنوورداربوونی توانای عەمبارکردن و گواستنەوە

لاوازییەکی تری تەکنیکی بریتییە لە کەمیی توانای عەمبارکردن (كۆگه‌كردن) و گواستنەوەی ستراتیژیی نەوتی خاو. لە کاتێک چڕیی ژێرخانی هەناردەکردن لە باشووری عێراقەوە لاوازییەکی مەترسیداری بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق پێک هێناوە، سنوورداربوونی توانای عەمبارکردنی پێویست بۆ کاتە هەستیارەکان، وەکوو وەستانی کاتیی هەناردەکردن، وای کردووە کە کارەکانی بەرهەمهێنان زۆر وابەستەی ڕەوتی بەردەوامی هەناردەکردن بێت.

لە ماوەی قەیرانی ئەم دوایییەی ناوچەکەدا و پاش ئەوەی هەناردەکردن لە باشوورەوە وەستا، توانای عەمبارکردنی نەوتی عێراق لە ماوەی تەنیا چەند هەفتەیەکدا گەیشتە سنووری خۆی؛ ئەمەیش وای کرد وەزارەتی نەوت بە پشتبەستن بە خاڵی فۆرس ماژۆر لە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەرکار، بەرهەمهێنان لە سەرانسەری کێڵگە نەوتییەکانی باشووردا کە لەلایه‌ن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بەڕێوە دەبردرێت ڕابگرێت، چونکە چیتر نەتوانرا نەوتی خاو بە شێوەیەکی کارا عەمبار بکرێت یان بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بگوازرێتەوە.

جگە لەوەیش، عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە پیربوونی ژێرخان و کێشەکانی چاککردنەوەی بۆڕییەکان و کەمیی کارەبا و وەبەرهێنانی تەواو لە تەکنەلۆژیای هەناردەکردنی مۆدێرندایە. ناکاراییی تەکنیکی، تێچووی کارکردن زیاد دەکات و لە کاتی باری نائاساییدا توانای چارەسەری کێشە لۆجستیکییه‌كانی نەوتی عێراق دادەبەزێنێت.

٢-٣. پشتبەستن بە کەشتیوانیی بیانی

پشتبەستنی زۆری عێراق بە کەشتیوانیی دەریایی لە ڕێگەی کەنداوەوە و نەبوونی کەشتیگەلی پێویست لەناو سیستەمی کەشتیوانیی نەوتی نیشتمانی، لاوازیی تەکنیکی زیاتر چڕ دەکاتەوە. گواستنەوەی دەریایی، زۆر هەستیارە بە ناسەقامگیریی جیۆپۆلیتیکی، ململانێ دەریایییەکان، هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان و مەترسییەکانی بیمە. ڕاوەستانی هاتوچۆی تانکەرەکان دەتوانێت بەخێرایی کارەکانی هەناردەکردن ئیفلیج بکات، تەنانەت ئەگەر دامەزراوە بەرهەمهێنانەکان بەکارایی بمێننەوە. بەڵام عێراق، نەك تەنیا پشتی بەو شێوازی گواستنەوەیە بەستووە، بەڵکوو سنوورداربوونی توانای عەمبارکرنی نەوتی خاوی عێراق و، هەروەها نەبوونی هیچ کەشتیگەلێکی گەورەی نەوتی لەناو کۆمپانیای تانکەری نەوتی عێراق، نەك تەنیا بۆتە هۆی ئەوەی کە عێراق نزیکەی تەواو لە بازاڕی گواستنەوەی نەوتی دەریاییی جیهانیدا نەمێنێت، بەڵکوو تەنانەت ناتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی کاتی نەوتی بەرهەمهاتوو، یان گواستەنەوەی نەوتی خاوی خۆی بۆ بەندەرەکانی کڕیاران؛ دۆخێک کە بێجگە لە کێشەکانی پشتبەستن بە کۆمپانیاکانی بیانی بۆ گواستنه‌وەی نەوت بە تێچووی بەرزتر، کاریگەریی هەر کێشەیەکی گرنگ لە کەرتی عەمبارکردن یان گواستەنەوە، ڕاستەوخۆ دەگوازێتەوە بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت و دەبێتە هۆی ڕاوەستانی بەرهەمهێنانی نەوت.

٣. لاوازییە دارایییەکان و دەرەنجامە ئابوورییەکان

٣.١. پشتبەستنی دارایی بە داهاتی نەوت

داراییی گشتیی عێراق تا ڕاددەیەکی زۆر بە داهاتی هەناردەکردنی نەوتەوە وابەستەیە. لە ئەنجامدا پچڕانی هەناردەکردن ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە سەقامگیریی دارایی و خەرجییەکانی حکوومەت و گەشەی ئابووری دەکات. بەپێچەوانەی ئابوورییە هەمەچەشنەکانەوە، عێراق خاوەنی سەرچاوەی داهاتی جێگره‌وه‌یه‌كی سنووردارە کە توانای قەرەبووکردنەوەی دابەزینی لەناکاوی داهاتی نەوتی نییە.

بەپێی شیکردنەوە و ڕیپۆرتەکان، پچڕانی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە لە ساڵی ٢٠٢٦دا گوشاری داراییی توندی لەسەر سیستەمی بوودجەی عێراق دروست کردووە. داهاتی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، لە کاتێکدا پابەندبوونەکانی خەرجییە گشتییەکان بەبەرزی ماونەتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە مووچە و یارمەتییەکان و خەرجییەکانی کەرتی گشتی.

ئەم وابەستەیییە پێکهاتەیییە، ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییە فراوانەکانی ئابووریی کرێچییە کە سیاسەتی دارایی، زۆر زوو و توند بەرەوڕووی شۆکی دەرەکیی پەیوەست بە نرخ و داهاتی سامانە سروشتییەکان دەبێتەوە. لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکان بەبەردەوامی نیشان دەدەن کە پشتبەستنی زۆر بە داهاتی هایدرۆکاربۆن، خۆڕاگریی ئابووری لاواز دەکات و بەرکەوتن بە ناسەقامگیریی جیۆپۆلیتیکی زیاد دەکات.

٣.٢. پێویستی بە دراوی بیانی و مەترسییە دراوییەکان

هەناردەکردنی نەوت سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی یەدەگی دراوی بیانییه‌ بۆ عێراق. بۆیە پچڕانی هەناردەکردنی نەوت گوشارێکی ڕاستەوخۆ لەسەر سەقامگیریی دراو و نرخی ئاڵوگۆڕ و دابینکردنی پارەی پێویست بۆ هاوردەکردنی کاڵا و کەلوپەل لە دەرەوە دروست دەکات. کەمبوونەوەی داهاتی نەوت توانای بانکی ناوەندی بۆ سەقامگیرکردنی بەهای دیناری عێراقی و دابینکردنی داراییی هاوردەکردنی خۆراک و کاڵای پیشەسازی و بەرهەمە بەکاربەرەکان سنووردار دەکات.

پچڕانی درێژخایەنی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت، دەتوانێت ببێتە هۆکاری گوشاری هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراو و ناسەقامگیریی ئابووری بە قەبارەیەکی گەورە و مەودای کاریگەریی فراوانتر. هەروەها نادڵنیاییی دارایی، کاریگەریی نەرێنی لەسەر وەبەرهێنانی بیانی بەگشتی و بەتایبەت لە کەرتی وزەی عێراقدا دەکات، چونکە وەبەرهێنەران بەوردی و هەستیارییه‌كی زیاتره‌وه‌ لە مەترسییەکانی کارکردن و جیۆپۆلیتیکی دەکۆڵنەوە.

٣.٣. ئاستەنگەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان

هەروەها لاوازیی ستراتیژی لە سیاسەتی هەناردەکردندا پلانی وەبەرهێنانی درێژخایەن تێک دەدات. کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان کە لە عێراق کار دەکەن، پێویستیان بە ژێرخانی هەناردەکردنی پێشبینیکراو و سەقامگیریی سیاسی هەیە بۆ بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنان و فراوانکردن. پچڕانی جیۆپۆلیتیکی بەردەوام، نادڵنیایی زیاد دەکات و پابەندبوونەکانی وەبەرهێنانی درێژخایەن سست و لاواز دەکات.

ڕاگەیاندنی باری نائاسایی (فۆرس ماژۆر) لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کە لەلایەن بیانییەکانەوە بەڕێوە دەبردرێن لە کاتی قەیرانی ئەم دوایییەی هورمزدا، قەبارەی ئەو پچڕانی دامەزراوەیی و گرێبەستییەی دەرخست کە ڕووبەڕووی کەرتی وزەی عێراق بووەتەوە.

لە ئەنجامدا ڕەنگە مۆدێرنیزاسیۆنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی تەکنەلۆژی و فراوانکردنی بەرهەمهێنان لە عێراق زیاتر وەدوا بکەوێت؛ ئەمەیش توانای ڕکابەرییەکەی لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا زیاتر لاواز دەکات.

٤. لاوازییە کارگێڕی و دامەزراوەیییەکان

٤.١. لاوازی لە پلاندانانی ستراتیژی 

لاوازییە ئیدارییەکان بەشێکی دیکە لە هۆکارەکانی لاوازیی سیاسەتی هەناردەکردنی نەوتی عێراقن. حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق چەندان جار باسیان لە ستراتیژییەکانی هەمەچەشنکردنی هەناردەکردنی نەوت کردووە، بەڵام لە جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە و داڕشتنی پلانەکان بەهۆی خاوی و ناتەبایییه‌وه‌ بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو نەهاتۆتە دی. پلاندانانی ستراتیژیی درێژخایەن سەبارەت بە ڕێگه‌کانی هەناردەکردنی جێگره‌وه‌ و ئاسایشی وزە، زۆر جار بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی، گەندەڵی و پارچەپارچەبوونی بیرۆکراسی لە عێراق سەرکەوتوو نەبووە.

٤.٢. پارچەپارچەبوونی سیاسی و ئاڵنگارییه‌كانی حوکمڕانی

ناکۆکیی سیاسیی ناوخۆیی، سیاسەتی هەناردەکردنی عێراق ئاڵۆزتر دەکات. گرژییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوت و دابەشکردنی داهات، توانای عێراقی لاواز کردووە بۆ بەکارهێنانی کاریگەریی جێگره‌وه‌كانی هەناردەکردنی لە ڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە.

چەندان شرۆڤەکار لە کاتی قەیرانی ئەم دوایییەی هورمزدا ​​ئاماژەیان بەوە کرد کە ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر توانای وه‌ڵامدانەوەی ستراتیژیی عێراقی بە ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکان سنووردار کردووە و، ڕێگر بووە لە فراوانبوونی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا.

هەروەها پارچەپارچەبوونی کارگێڕی، کاریگەریی لەسەر بەڕێوەبردنی گرێبەست، پەرەپێدانی ژێرخانی و، هەماهەنگیی وەبەرهێنانی بیانی هەیە. ئەم لاوازییانەی حوکمڕانی، کارایی و خۆڕاگریی کەرتی وزەی عێراق کەم دەکەنەوە.

٤.٣. گەندەڵی و ناکاراییی دامەزراوەیی

گەندەڵی هێشتا یەکێکە لە بەربەستە دامەزراوەیییە سەرەکییەکان کە کاریگەریی لەسەر کەرتی نەوتی عێراق هەیە. خراپ بەڕێوەبردن و پاڵپشتیی سیاسی و ناکاراییی کارگێڕی، پڕۆژەکانی ژێرخانی دوا خستووە و توانای دامەزراوەییی لاواز کردووە.

چەندان پڕۆژەی هەمەچەشنکردنی ژێرخانی، لەوانەیش فراوانکردنی بۆڕی و ژێرخانی عەمبارکردنی نەوت، بەهۆی ناکۆکیی سیاسی و کەمیی بوودجە و کێشەی حوکمڕانییەوە دوا کەوتوون. ئەم جۆرە لاوازییە ئیدارییانە ڕاستەوخۆ بەشدارن لە لاوازیی ستراتیژیی عێراق لە کاتی قەیرانە جیۆسیاسییەکاندا.

٥. جێگره‌وه‌كانی ستراتیژی و پێشنیارەکانی سیاسەت

کەمکردنەوەی لاوازیی ستراتیژیی عێراق، پێویستی بە چاکسازییەکی گشتگیر هەیە کە لە یەک کاتدا هەموو ڕەهەندە تەکنیکی، دارایی و کارگێڕییەکان چارەسەر بکات.

یەکەم: پێویستە عێراق ڕێڕەوی هەناردەکردن هەمەچەشن بکات بە فراوانکردنی ژێرخانی بۆڕیی جێگره‌وه‌ لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و، هەروەها ئوردنەوە. هێڵی بۆڕیی پێشنیارکراوی بەسرە-عەقەبە دەتوانێت دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەوخۆ بۆ دەریای سوور دابین بکات و پشتبەستنی زۆر بە ڕێگه‌ دەریایییەکانی کەنداو کەم بکاتەوە.

دووەم: عێراق توانای عەمبارکردنی ستراتیژیی نەوت لەنزیک بەندەرەکانی باشوور، نزیک سنووری تورکیا لە هەرێمی کوردستان و، هەروەها نزیک لە سنووری ئوردن زیاد بکات و بە هاوچەرخکردنی ژێرخانی هەناردەکردن توانای کارکردن لە کاتی قەیرانەکاندا باشتر بکات. وەبەرهێنان لە ژێرخانی عەمبارکردن، سیستەمی چاودێریی دیجیتاڵی و چاککردنەوەی بۆڕییەکان، خۆڕاگریی تەکنیکی بەهێزتر دەکات.

سێیەم: عێراق پێویستی بە هەماهەنگیی دامەزراوەییی بەهێزتر و پلانی ستراتیژیی درێژخایەن هەیە سەبارەت بە ئاسایشی وزە. دامەزراندنی میکانیزمی یەکگرتووی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و باشترکردنی حوکمڕانی لەناو کەرتی نەوتدا، بۆ کەمکردنەوەی لاوازییە ئیدارییەکان زۆر گرنگن.

چوارەم: چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت هەمەچەشنکردنی هەناردەکردن باشتر بکات و هەماهەنگیی وزە لەسەر ئاستی  ناوخۆ بەرز بکاتەوە.

لە کۆتاییدا، عێراق دەبێت هەمەچەشنکردنی ئابووری، جددیتر پەیڕەو بکات بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی زیادەڕۆیی بە داهاتی نەوت. بەهێزکردنی کەرتە نانەوتییەکانی وەک کشتوکاڵ، بەرهەمهێنان و پیشەسازی، دەبێتە هۆی باشترکردنی خۆڕاگریی دارایی و کەمکردنەوەی بەرکەوتن بە شۆکی جیۆپۆلیتیکی دەرەکی.

سەرچاوەکان:

  1. Abdulmahdi, Y. S. (2024). Petro-dependence and diversification; an analysis of Iraq’s economic strategies (Bachelor’s thesis). Luiss Guido Carli. https://tesi.luiss.it/40032/1/277021_ABDULMAHDI_YASEEN%20SALAM.pdf
  2. Al-Abadi, N. J. A. (2025). Economic Diversification to Address Oil Rent Dependency in Iraq: An Analytical Study. Lex localis – Journal of Local Self-Governmenthttps://doi.org/10.52152/801277
  3. Al-Dirawi, M. A. R. (2026). The impact of fluctuations in the international oil markets on the Iraqi economy (PhD thesis). Budapesti Corvinus Egyetem. https://doi.org/10.14267/phd.2026015
  4. Al-Saadi, T., Cherepovitsyn, A., & Semenova, T. (2022). Iraq Oil Industry Infrastructure Development in the Conditions of the Global Economy Turbulence. Energies, 15(17), 6239. https://doi.org/10.3390/en15176239
  5. AP NEWS. (MAY 11, 2026). Saudi oil giant Aramco sees 25% jump in Q1 profit after shifting exports from Strait of Hormuz. https://apnews.com/article/aramco-saudi-arabian-oil-ab384a52510f7af0c1e5629889742285
  6. Hussein, M. (2025, September 17). Facing Fiscal Pressures: Iraq’s Struggle for Reform Ahead of the 2025 Election. The Washington Institutehttps://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/facing-fiscal-pressures-iraqs-struggle-reform-ahead-2025-election
  7. Hussein Haider Muhammad Al-Jazairi. (2025, April 16). A PhD dissertation at the University of Basrah examines contemporary trends in maritime oil transport. University of Basrahhttps://en.uobasrah.edu.iq/index.php/colleges-news/41259
  8. (August 18, 2015). Iraq: Selected Issues. https://doi.org/10.5089/9781513521923.002
  9. Jun U. Shepard, Lincoln F. Pratson. (2020). Maritime piracy in the Strait of Hormuz and implications of energy export security. Energy Policy, Volume 140, May 2020, 111379. https://doi.org/10.1016/j.enpol.2020.111379
  10. Kurdistan24. (2025, September 10). Iraq, Oman Reach Preliminary Agreement on Oil Pipeline Project. https://www.reuters.com/business/energy/iraqi-oil-production-collapses-with-strait-hormuz-blocked-by-conflict-sources-2026-03-08/?utm_source=chatgpt.com
  11. (September 16, 2025). Iraq continues export focus with strategic oil link to Oman. https://newsbase.com/story/iraq-continues-export-focus-with-strategic-oil-link-to-oman-401333
  12. Pipeline Technology Journal.  (March 31, 2026). Iraq Weighs Massive Pipeline Expansion as Regional Conflict Shuts Gulf Routes. https://www.pipeline-journal.net/news/iraq-weighs-massive-pipeline-expansion-regional-conflict-shuts-gulf-routes
  13. (March 8, 2026). Iraqi oil production collapses with Strait of Hormuz blocked by conflict, sources say. https://www.reuters.com/business/energy/iraqi-oil-production-collapses-with-strait-hormuz-blocked-by-conflict-sources-2026-03-08/?utm_source=chatgpt.com
  14. (March 20, 2026). Exclusive: Iraq declares force majeure on foreign-operated oilfields over Hormuz disruption, sources say. https://www.reuters.com/business/energy/iraq-declares-force-majeure-foreign-operated-oilfields-over-hormuz-disruption-2026-03-20/?utm_source=chatgpt.com
  15. (May 11, 2026). Oil market will lose around 100 million barrels every week, if Strait of Hormuz remains closed, Aramco CEO says. https://www.reuters.com/business/energy/oil-market-will-lose-around-100-million-barrels-every-week-if-strait-hormuz-2026-05-11/?utm_source=chatgpt.com
  16. Sarit Maitra. (2023). Impact of Economic Uncertainty, Geopolitical Risk, Pandemic, Financial & Macroeconomic Factors on Crude Oil Returns — An Empirical Investigation. arxiv.org. https://doi.org/10.48550/arXiv.2310.01123
  17. WIL CRISP. (April 29, 2025). Revival of Syrian oil export route could benefit Iraq. MEED Business Review, 10(6), 42-43. https://www.meed.com/revival-of-syrian-oil-export-route-could-benefit-iraq
  18. World Bank. (November 06, 2020). Iraq Economic Monitor, Fall 2020: Protecting Vulnerable Iraqis in the Time of a Pandemic, the Case for Urgent Stimulus and Economic Reforms. © World Bank. http://hdl.handle.net/10986/34749




جه‌نگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران: هەرێمی کوردستان وەک بەرەیەکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە

 

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان: هۆکار و ڕەهەندەکان

لەدوای دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێرشی توندی درۆنی و مووشەکیی ئێران و میلیشیاکانی لە عێراق بووەوە. ئەمەیش لە کاتێکدا بوو کە  هەر لە سەرەتای جەنگەوە هەرێمی کوردستان بەڕوونی ڕای گەیاند کە بەشێک نییە لەم ململا‌نێیە. لەم بارەیەوە، حکوومەتی هەرێم لە ڕاگەیه‌نراوێکدا جەختی لەوە  کردووە کە هەرێم فاکتەری ئاشتی و سەقامگیرییە و، سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای بێلایەنی و دوورکەوتنەوە لە ململا‌نێ بنیات نراوە. هەروەها، جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێم هیچ کات نابێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.

ڕاستییه‌كه‌ی، لەدوای کوژرانی قاسم سوله‌یمانی لە ساڵی ٢٠٢٠، ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی هەرێمی کوردستانی کردووەتە مەیدانی شەڕ و جه‌نگ بۆ گەیاندنی پەیام بە ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان. دوای کوشتنی “ژینا ئەمینی” (مه‌هسا)، کچی کوردی ئێرانی و، دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە سێپتەمبەری ٢٠٢٣، ئێران هێرشەکانی دژی هەرێمی کوردستان توندتر کرد.

لەم چوارچێوەیەدا، سوپای پاسداران بارەگاکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵاتی لە هەرێم بۆردوومان کرد. ئەوكات، بیانووکانی ئێران ئەوە بوو کە گوایە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی دەستیان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران هەیە. تەنانەت ئیسماعیل قائانی،  فەرماندەی فه‌یله‌قی قودس، هەڕەشەی توندی لە هەرێم  کرد و ڕای گەیاند کە ئەگەر گرووپەکانی  ئۆپۆزیسیۆنی  کورد  لەناو خاکی عێراق لە چەک دانەماڵرێن، ئێران  ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات.

لەدوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، تاران و گرووپە میلیشیاکانی لە عێراق جارێکی تر هەرێمی کوردستانیان کردە مەیدانی جه‌نگ و، هێرشی بەرفراوانیان  کردە سەر هەرێم. خوێناویترین هێرش کە ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ئەنجام درا، لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦ بوو؛ کاتێک بارەگای هێزەکانی پێشمەرگەی لە سۆران لە پارێزگای هەولێر کرایە ئامانج، کە بەلایەنی کەمەوە شەش پێشمەرگە شەهید بوون و نزیکەی ٣٠ کەسیش بریندار بوون.

ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە بنکەیەکی ئەمریکی و ئیسرائیلیی لە فڕۆکەخانەی هەولێر کردووەتە ئامانج. بەڵام ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، ئێران بەئەنقەست بنکەکانی پێشمەرگەی کردە ئامانج. جگە لەوەیش، ئێران بەردەوام بووە لە به‌ئامانجگرتنی  کەمپەکانی  ئۆپۆزیسیۆنی کوردەکانی  ئێران لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها لە گه‌رمه‌ی هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی، بەرپرسانی ئێران بەردەوام هەڕەشەیان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم ده‌کرد و جەختیان لەسەر ئەوە دەکرده‌وه‌ کە ئەگەر ڕێگە بدەن گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن بچنە ناو خاکی ئێرانه‌وه‌ هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکه‌نە ئامانج. لەم ڕووەوە، لە ٦ی ئاداری ٢٠٢٦، ئەنجومەنی بەرگریی ئێران لە ڕاگەیه‌نراوێکدا جەختی لەوە کرده‌وه‌ کە ئەگەر هێزە کوردییەکان بچنە ناو سنوورەکانی ئێران، هەموو دامەزراوە و بنکەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج. هەروەها، وتەبێژی خاتەمولئه‌نبیا لە هەمان ڕۆژدا ئاگادارییەکی توندی ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و وتی، هەر هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی هێزی دوژمن لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران، ڕووبەڕووی وەڵامێکی توندی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبێتەوە.

لێرەدا پرسیاری سەرەکی و گرنگ ئەمه‌یه‌: بۆچی ئێران بەردەوام هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات؟ گرنگترین هۆکار و فاکتەرەکانی پشت توندبوونی هێرشەکانی ئێران  بۆ سەر هەرێم، بەتایبەت له‌ گه‌رمه‌ی جەنگی ئەمریکا و ئێران کامانە بوون؟ ئەوەی ڕاستی بێت فاکتەرە سەرەکییەکانی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای هێرشەکانی ئەمریکا، پەیوەندییان بە چەند خاڵێکی گرنگەوە هەیە: یەکەم، ئێران هەستی بە مەترسیی ڕاستەقینە دەکرد کە هێزە کوردییەکانی ئێران ببنە بەشێک لەو جه‌نگه‌ و لەلایەن ئەمریکاوە بۆ دژایەتیکردنی ئێران و ڕووخانی سیسته‌می سیاسیی ئەو وڵاتە بەکار بهێنرێن. بۆیە،  بەرپرسانی ئێران بەردەوام هەوڵیان دەدا کە لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر هەرێم، هەم گوشار دروست بکەن و  هەم ئەو پەیامە بە دەسەڵاتدارانی کورد بگەیەنن کە هەر بەشداربوونێکی کورد لەو جه‌نگەدا ڕووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و توندی تاران دەبێته‌وه‌؛ وەک چۆن لە ڕاگەیه‌نراوەکانیاندا ئاماژەیان پێ دەکرد. بەتایبەتی، ئێران نیگەران بوو لەو ڕاپۆرتانەی لە سەرەتای جه‌نگەکەدا بڵاو بوونەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵیان داوە هێزە کوردییەکانی ئێران بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی ئێران و هەڵگیرساندنی خۆپیشاندان لە ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بەکار بهێنن. ئەمە نیگەرانییەکی گەورەی لە تاران دروست کرد بوو؛ بەتایبەت كه‌ ئێران دانیشتووانێکی زۆری کوردی هەیە و هەر بەشداربوونێکی کورد دەتوانرا هاوکێشەکان بە شێوەیەکی گەورە گۆڕانکاریی بەسەردا بهێنێت و کێشەیەکی گەورە بۆ ڕژێمی ئێران بخوڵقێنێت.

دووەم، ئێران بەردەوام هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا لە عێراقدا دەزانێت و، وەک هێزێک سەیری دەکات کە زیان لە پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئێران دەدات؛ بەتایبەت ئێران وای دەبینێت کە هەرێمی کوردستان تەنیا ناوچەیەکە لە عێراقدا  کە لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئێراندا نییە و سیاسەتی ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا پەیڕەو ناکات. هەرێم هه‌میشه‌ هەوڵی داوە هاوسەنگی لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا بپارێزێت.

لەم بارەیەوە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم لە عێراق، جیاواز بووە لە سیاسەتی ئێران. هەرێمی کوردستان  ئەمریکا بە هاوپەیمان و هابەشی ستراتیژی دەزانێت و، لە زۆر پرسدا لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە پشتیوانیی لە سیاسەتی ئێران نەکردووە. بۆ نموونە هەرێم پاڵپشتیی له‌ سیاسەتی ئێران و هێزە شیعەکان نەکردووە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. هەروەها هەرێم بەپێچەوانەی ئێران، بەردەوام پشتگیریی لە هەوڵەکانی ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی میلیشیا شیعەکان بخرێنە ژێر دەسەڵاتی ‌حکوومەته‌وه‌ و لە دەرەوەی حکوومەت کار و چالاکی نەکەن. هەورەها هەرێم ئامادە نەبوو، ببێتە بەشێک لە بەرنامە و ئەجێندای ئێران لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە. بۆیە، ئێران به‌ردەوام کاری کردووە بۆ لێدان و لاوازکردنی پێگەی هەرێم.

سێیەم، یەکێکی تر لە ئامانجەکانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەوە بوو كه‌ پەیامێک بە ئەمریکییەکان بگەیه‌نێت کە بەئامانجگرتنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا، بێوەڵام نابێت و، ئێرانیش بە هەمان شێوە هێرش دەکاتە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان.  دیاریشه‌، بەدەر لە هێرشی ڕاستەوخۆ، ئێران چەندان ئامرازی بۆ لێدان لە پێگەی هەرێم بەکار هێناوە، لەوانەیش: هێرشی گرووپە میلیشیاکان و، هاندانی حکوومەتی عێراق کە هێزە شیعەکان بەسەریدا زاڵن، دژی  هەرێمی کوردستان.

چوارەم، وەک بەرپرسانی ئێران زۆر جاران ئاماژەیان پێ دەکرد، بەمەستیان لە هێرشکردنە سەر هەرێم و تەنانەت دەوڵەتانی عەرەبی، ئەوە بوو كه‌ جه‌نگەکە ببێتە جه‌نگێکی هەرێمی و، بۆ ئەوەیش كه‌ گوشار لەسەر ئیدارەی ترەمپ دروست بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان. بەتایبەت ئێران لە ڕێگەی هێرشە ڕاستەوخۆ و  ناڕاستەوخۆکانه‌وه‌ دەیویست زۆرترین زیان بە پێگەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بگەیه‌نێت و تێچووی سەربازی و ئابووری لەسەر ئیدارەی ترەمپ زیاتر بکەن و، ناوچەکەیش زیاتر ناسەقامگیر بکەن بۆ ئەوەی ترەمپ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکەی بەرامبەر ئێران بکات.

کردنەوەی بەرەیەکی تری جه‌نگ له‌ عێراقدا لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە  

لەدوای دەستپێکردنی جه‌نگ دژی ئێران، عێراق بووە مەیدانی سەرەکیی ئەم جه‌نگه‌. لەم ڕووەوە، گرووپە  میلیشیاکانی سەر بە ئێران، هێرشەکانیان دژی بنکە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، هەرێمی کوردستان و تەنانەت وڵاتانی کەنداویش توند کرد. بەهێزترین گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، کە بە ناوی “بەرەی بەرگریی ئیسلامی لە عێراق”  (به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌) ناسراون، بە شێوەیەکی سەرەکی لە چوارچێوەی هێزەکانی “حەشدی شەعبی”(PMF)دا ڕێک خراون، لەوانەیش: که‌تائیبی حزبوڵڵا، که‌تائیبی سەییدولشوهەدا، بزووتنه‌وه‌ی نوجەبا، عەسائیبی ئەهلی هەق. ئەم گرووپە میلیشیایانەی سەر بە ئێران، پێکهاتەی سەرەکیی “میحوەری بەرگری”ی ئێرانن لەسەر ئاستی ناوچەکەدا و ڕاستەوخۆ لەلایەن “فه‌یله‌قی قودس”ەوە سەرپەرشتی دەکرێن و فەرمانیش لە ئێران وەردەگرن.

سەرەڕای گوشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و هێنانەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، بەڵام حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە ئەم میلیشیایانه‌ لە چوارچێوەی هێزە فەرمییەکانی عێراقدا یەک بخەن، یان نه‌توانراوه‌ لەچەک دابماڵرێن.

حکوومەتی “سوودانی” کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ پێک هات، نەک هەر هیچ هەوڵێکی  نەدا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم میلیشیاکانە، بەپێچەوانەوە، لە ماوەی سەرۆكایەتییەکەیدا پێگەی میلیشیاکان بەهێزتر بووه‌وه‌. لەم ڕووەوە، سوودانی پشتگیریی لە پڕۆژەیاسای حەشدە شەعبی کرد بۆ دەرچوون له‌ پەرلەمان، هەرچەندە دواتر پڕۆژەیاساکە لەژێر گوشاری توندی ئەمریکادا ڕاگیرا. هەروەها لەژێر گوشاری ئێران و گرووپە میلیشیاکاندا، سوودانی کاری کرد بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق؛ ئەمە جگه‌ له‌وه‌ی سوودانی لە ڕێگەی پێدانی ئیمتیازاتی ماددی و ئابووریی زیاتر، پێگەی ئەو گرووپانەی بەهێزتر کرد و ئێستایش وەک دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا کار دەکەن.

لەدوای دەستپێکردنی جه‌نگی ئەمریکا و ئێران، گرووپە میلیشیاکان لە عێراقدا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە جه‌نگی به‌وه‌كاله‌ت دژی ئەمریکا تێوە گلان و، تەنانەت عێراقیشیان خستە ناو جه‌نگه‌كه‌وه‌، بێ ئەوەی دەوڵەت بڕیاری لێ دابێت. حکوومەتی “محەمەد شیاع سوودانی”یش نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێک بهاوێژێت بۆ سنووردارکردنی کار و چالاکیی ئەم گرووپانە و ڕێگەگرتن لە هێرشه‌كانیان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا، هەرێم و دەوڵەتانی عەرەبی. ئەمەیش وای کرد، لەسەر ئاستی عێراق کاردانەوەی زۆری لێ بکەوێتەوە.

لە ڕاگەیه‌نراوێكدا له‌ ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٦، فایه‌ق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، جەختی لەوە کرده‌وه‌ کە بوونی چەندان ناوەندی بڕیاردان، بەتایبەت لە ڕووی سەربازییەوە، عێراق دەخاتە ناو بازنەی جه‌نگێکی ناوخۆیی و ناوچەیییه‌وه‌. هەروەها گوتیشی کە ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی جه‌نگ لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سه‌ر سەروەری و سیادەی عێراق.

لە وەڵامی هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیاکاندا لە کاتی جه‌نگی ئەمریکا و ئێران، فڕۆکەکانی ئەمریکا چەندان جار هێرشی ئاسمانییان کردە سەر  هێزەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەناو عێراقدا. لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئەنبار، سەرکردایەتیی گرووپێکی سەر بە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانی کردە ئامانج و ١٥ کەس کوژران و ٣٠ کەسیش بریندار بوون. هەروەها لە ٢٥ی ئادار، ئەمریکا هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی سەربازیی حەبانییە، کە پەیوەست بوو بە وەزارەتی بەرگریی عێراق و، بووە هۆی کوژرانی چەند ئەندامێکی خزمەتگوزاری و برینداربوونی هەندێکی تر لە سوپای عێراق. بەپێی هەندێ سەرچاوە، هێرشەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشێکی یەکەی پزیشکیی لەناو بنکەکە کردە ئامانج کە بریندارەکانی حەشدی شه‌عبی تێیدا چارەسەر دەکران.

هێرشەکانی ئەمریکا دژی حەشدی شەعبی، کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە و حکوومەتی عێراق بەتوندی هێرشەکانی ئەمریکای شەرمه‌زار کرد. لە ڕاگەیه‌نراوێکدا لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٦، حکوومەتی عێراق ئەم هێرشانەی وەک پێشێلکردنی زەقی سەروەریی عێراق ناساند  و جەختی کردەوە کە “عێراق مافی وەڵامدانەوەی هەیە بە هەموو شێوازێکی بەردەست بەپێی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان.” هەروەها سوودانی نوێنەری ئەمریکای بانگهێشت کرد و نامەیەکی فه‌رمیی ناڕه‌زایه‌تیی پێ درا. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەم هەڵوێست و ڕاگەیه‌نراوەی سوودانی هەڵەیەکی مەزن بوو، چونکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەسەڵاتی دا بە گرووپە میلیشیاکان بۆ ئەوەی “بە ناوی خۆپاراستن” هێرش بکەنە سەر پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا؛ ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی عێراق نەیتوانی ڕێگری بکات لە هێرشەکانی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

لێرەدا، لەجیاتی ئەوەی حکوومەتی سوودانی میلیشیاکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە، ڕێگەی پێ دا بەردەوام بن لە هێرشەکانیان دژی ئەمریکا. هەر ئەمەیش وای کرد کە ئەمریکا پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی بکات بەرامبەر سوودانی و، چیتر پاڵپشتیی نەکات بۆ ئەوەی دووبارە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت و “چوارچێوەی هەماهەنگی”یش بەئاسانی توانییان سوودانی لە کاندیدبوونی بۆ ئەو پۆستە دوور بخەنەوە.

بە شێوەیەکی گشتی هۆکارە سەرەکییەکانی پشت هێرشەکانی گرووپە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، دەتوانرێت بۆ چەند فاکتەرێکی سەرەکی بگەڕێنرێتەوە: یەکەم، کردنەوەی بەرەیەکی تری جه‌نگ دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، زیادکردنی تێچووی ئابووریی جه‌نگەکە بۆ سەر  ئیدارەی ترەمپ، گوشاردروستکردن بۆ ئەوەی ئەمریکا کۆتایی بە جه‌نگەکەی دژی ئێران بهێنێت، ناچارکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ کشانەوە لە عێراق و، پاراستنی  کاریگەری و هەژموونی ئێران لە عێراق، بەو شێوەیەی کە عێراق لەناو بازنەی سیاسەتەکانی ئێراندا بمێنێتەوە.

کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جه‌نگ: هەرێمی کوردستان لەژێر هێرشی میلیشیا شیعەکاندا

له‌ گه‌رمه‌ی جه‌نگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، تاران بەتەنیا ڕاستەوخۆ هێرشی نەکردە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکوو هێزە بەوەکالەتەکانیش لە عێراق هێرشی بەرفراوانیان کردە سەر هەرێمی کوردستان. سەرچاوە کوردییەکان ئاماژەیان بەوە کرد  کە لە ٢٨ی شوبات  تا ٨ی نیسانی ٢٠٢٦، زیاتر لە ٧٠٠ درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون. هەروەها لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦، زیاتر لە ٣٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی کراونەتە سەر هەرێم.

ئامانجی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان جۆراوجۆر بوون، لەوانە: کونسوڵخانەی ئەمریکا، هۆتێل و شوێنە مەدەنییەکان، ژێرخانی ئابووری، گێڵکەکانی نەوت و گاز، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، بنکەکانی پێشمەرگە، فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تیی هەولێر و هەریر و، کەمپەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی کوردی ئێرانی (كوردانی ڕۆژهه‌ڵات).  نەک هەر ئەمە،  بەڵکوو لە ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٦، گرووپە میلیشیاکان به‌ هێرشی درۆنی، شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، “نێچیرڤان بارزانی”یان لە دهۆک كرده‌ ئامانج. ئەمە لە کاتێکدا کە پێشتر “بارەگای بارزانی” پێنج جار بەئامانج گیرابوو.

 ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە بەرامبەر ئەم هەموو هێرشانەدا، حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی جددیی دژی ئەم گرووپە میلیشیایانە نەهاوێشت. لێرەدا هۆکارەکان جۆراوجۆرن سەبارەت ئەوەی بۆچی حکوومەتی عێراق بەرامبەر ئەم هەموو هێرشانە بێدەنگ بوو: یەکەم، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە شێوەیەکی گشتی  حەز و  ئیرادەیان  نەبووە و  نییە  ڕێگری لە هێرشی میلیشیا شیعەکان  بۆ سەر هەرێم بکەن و  تەنانەت زۆر جاران پێیان خۆش بووە ئەم گرووپە میلیشیایانە هێرش بکەنە سەر هەرێم. بەتایبەت زۆر جاران  بەرپرسانی عێراق، گرووپە میلیشیاكانیان وەک ئامرازێکی گوشار دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکار هێناوه‌ بۆ سەپاندنی سیاسەتی خۆیان بەسەر هەرێمی کوردستاندا.

لە زۆر کاتدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵگەی ڕوونی داوه‌تە بەرپرسانی عێراق سەبارەت سەرچاوەی هێرشەکان و ئەوانەی هێرشەکان ئەنجام دەدەن، بەڵام، لەبری ڕێگریكردن لە هێرشەکان و دەستگیرکردنی تاوانباران، دەسەڵاتی بەغدا سیاسەتی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی گرتۆتە بەر و، هیچ ڕێوشێنێکی نەگرتۆتە بەر دژی ئەو گرووپانە.

هۆکاری دیکە، پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەم گرووپانەدا ناشكێت و، ناتوانێت هەنگاوی کاریگەر بۆ دژایەتییان بگرێتە بەر. تەنانەت له‌ كاتی جه‌نگی ئەمریکا و ئێراندا، گرووپە چەکدارەکان لە ١٤ی ئادار، هۆشدارییه‌کی توندیان دایه‌ سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ئەگەر یەک ئەندامیان دەستبەسەر بکرێت، سەرۆکوەزیرانیش دەکوژن! بۆیە، ئەم گرووپانە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار دەکەن و حکوومەتی عێراق  هیچ دەسەڵاتێکی به‌سه‌ریانه‌وه‌ نییە. ئەمە لە کاتێکدایە، حکوومەتی عێراق مووچە، چەک و پارە بەم گرووپانە دەدات. بەڵام هەمان ئەو گرووپانە هەڕەشەی کوشتنی سەرۆکوەزیران دەکەن ئەگەر سیاسەتێک پراکتیزە بکات دژی بەرژەوەندییەکانیان بێت.

بۆیە دەتوانین بڵێین لە عێراقدا دوو دەوڵەت هەیە: دەوڵەتێکی فەرمی کە زۆر شکڵییە و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی نییە و، “دەوڵەتی قووڵ” کە لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە ئاراستە دەکرێت و هەژموونی تەواوی بەسەر پرۆسەی سیاسی و سەربازیدا هەیە لە عێراق.

هۆکارێکی تریش، پەیوەندیی بەوەوه‌ هەبووە کە سوودانی خۆی هیچ نییەتێکی نەبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گرووپانە، چونکە بەشێکیان هاوپەیمانی سوودانی بوون و تەنانەت لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیشدا لە لیستەکەیدا بەشدار بوون.

لە لایەکی تریشەوە، ئەوەی بۆ سوودانی گرنگ بوو، پاریزگاریکردن بووە لە پێگە و دەسەڵاتەکەی، نەک پارێزگاریکردن لە سەروەری و سیادەی عێراق یاخود ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گرووپە میلیشیاکان. بەتایبەت  سوودانی له‌و ڕاستییە تێ گه‌یشتبوو  ئەگەر ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی گرووپە میلیشیاکان ببێتەوە، دەرفەتی بوون بە سەرۆکوەزیران بۆ جاری دووەم لەدەست دەدات. بەتایبەتی، گرووپە چەکدارەکان  تەنیا هێزی چەکدار نین، بەڵکوو لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە پێگەی گرنگیان هەیە و لە پەرلەماندا ژمارەیەکی قورسن و کاریگەرییان لەسەر تەواوی پرۆسەی سیاسی هەیە. سه‌ره‌ڕای پراکتیزەکردنی ئەم سیاسەتەیش، بەڵام سوودانی هه‌ر نەیتوانی دووبارە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێته‌وه‌ و، لە کۆتاییدا لە کێبڕكێکە دوور خرایەوە.

ئێرانی دوای کۆتاییهاتنی جه‌نگ و مەترسییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، جه‌نگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، لە داهاتوودا  کاریگەری و لێکەوتەی زۆری دەبێت بۆ هەرێم؛ بەتایبەت کە سیاسەتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕووخانی سیسته‌می سیاسی لە ئێران ڕووبەڕووی شکست بووه‌تەوە. گومانی تێدا نییە ئەگەر هاوکێشەکان بە شێوەیەی ئێستا بمێننه‌وه‌ و ئێران  وەک دەسەڵات و سیسته‌م بمێنێته‌وه‌، گوشاری زۆر ده‌خرێته‌ سه‌ر هەرێم. بەتایبەت ئێرانی دوای جه‌نگ، پێ دەچێت سیاسەتێکی زۆر توندتر بەرامبەر هەرێم بگرێتە بەر. لە لایەک چاوەڕێ دەکرێت ئێران هەوڵ بدات گوشاری زیاتر بخاته‌ سه‌ر هەرێم و تەنانەت زیاتر کار بۆ ناسەقامگیرکردنی بکات. لە لایەکی دیكه‌یشەوە ئێران  زیاتر لە جاران پاڵپشتیی هێزە پرۆکسییەکانی دەکات، بەتایبەت لە عێراقدا و، تەنانەت لەسەر ئاستی ناوچەکەیش پێ دەچێت ئێران سیاسەتێکی زۆر توندڕەوانەتر پراکتیزە بکات. لەم بارەیەوە، هەرێمی کوردستان لەوانەیە زیاتر لە هەر  لایەنێکی دیکە، بەرامبەر سیاسەتی نوێی ئێران نیگەران بێت.

یەکێک لە ئەگەرە هەرە بەهێزەکان ئەوەیە کە ئێران له‌ هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت؛ وەک ئەوەی ئێستا دەیکات، کە وێرای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام لەم ماوەیەدا ئێران بەردەوام بووە لە بۆردوومانکردنی هەرێم لە ڕێگەی درۆن و مووشه‌کەوە. هەروەها ئەو ئەگەرەیش بەهێزە، کە ئێران هەوڵ بدات ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهه‌ڵات ئەنجام بدات؛ بەتایبەتی پاش ئەوەی ڕاپۆرته‌ جیهانییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە  CIA و مۆساد، هانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێرانیان داوە بۆ چوونه‌ناو خاکی ئێران لە ماوەی جه‌نگەکەدا. بۆیە، پێ دەچێت  ئێران هەوڵ بدات هەموو ئەم مەترسییانە لە داهاتوودا نه‌هێڵێت و هەمان سیناریۆی “موجاهیدینی خەلق”  لەگەڵ هێزە کوردییەکان دووبارە بکاتەوە. جگە لەوەیش، ئێران زیاتر هێزە پرۆکسییەکانی لە عێراق هان دەدات بۆ ئەوەی  بەردەوام بن لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان. لە لایەکی تریشەوە، له‌وه‌ ده‌چێت  گوشاری زیاتر بخاتە سەر حکوومەتی عێراق- کە لەلایەن شیعەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێت- بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی توندتر بەرامبەر هەرێمی کوردستان.

 بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان خۆی بۆ ئەم سیناریۆیانە ئامادە بکات. لەم بارەیەوە، پێویستە هەرێم داوا لە ئەمریکا بکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دژەمووشەک و درۆن لە هەرێم جێگیر بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئاسمانی خۆی بپارێزێت.

سەرچاوەکان

 

 

 




ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی  سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق “عەلی ئەلزەیدی” دەبنەوە

ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی  سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق عەلی ئەلزەیدی دەبنەوە

 

نووسینی: یەکەی دیراساتی عێراق (Iraq Studies Unit)

وەرگێڕانی بۆ کوردی: پێنووس

 

پێشەکی

سەرکردەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”ی شیعە (CF)، گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، دوای چەندان مانگ لە مانۆڕی سیاسی، ڕێک کەوتن لەسەر ڕاسپاردنی بازرگان عەلی ئەلزەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ. کاندیدکردنی ئەو، بە مەبەستی شکاندنی بنبەستی سیاسی، کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان کوتلە شیعەکان و کەمکردنەوەی گوشارە ڕوولەزیادبووەکانی ئەمریکایە.

پاشخانی ئابووریی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، لایەنگرینەکردنی بۆ ناوەندە سیاسییە دەسەڵاتدارە چەسپاوەکان و، پێویستیی لایەنە جیاوازەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پێکهێنانی حکوومەت، هەموویان ئەو هۆکارانەن کە دەتوانن هەلی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی پەرلەمان بۆ زەیدی بەهێز بکەن. بەڵام ئەو هاوکێشە سیاسییە ناجێگیرەی کە لە کۆتاییدا بووە هۆی هەڵبژاردنی زەیدی، بەناچاری سروشتی بژاردەکانی حکوومەت و ئەو ستراتیژییەیش دادەڕێژێت کە زەیدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریییانەی بەردەمی بەکاری دەهێنێت.

ئەم ئاڵنگارییانە بریتین لە: قەیرانە ناوخۆیییە ئابووری، ئەمنی و سیاسییەکان، هەروەها پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق، کە بەهۆی جه‌نگی ئەم دوایییەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەتوندی تێک چوون. ئەم ململانێیە عێراقی ناچار کردووە بەرەو بژاردەی بێپێشینە بڕوات لە بواری پێگەی ناوچەییی خۆی لە نێوەندی ئەوەی کە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە وەک ململانێیەکی حەتمی دەیبینن.

ئەم توێژینەوەیە باس لەو ئاڵنگارییانە دەکات کە ڕووبەڕووی حکوومەتە چاوەڕوانکراوەکەی ئەلزەیدی دەبنەوە و لێکۆڵینەوە لەوە دەکات ئایا عێراق دەتوانێت بەرەو ڕێگه‌یەکی جیاواز لەوەی پێش خۆی ببات یان نا.

چوارچێوەی هەماهەنگی: درێژکردنەوەی قۆناغی گواستنەوە

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بەڕێوە چوو، بووە هۆی بنبەستێکی سیاسیی پێنج مانگی لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ. دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان، چەندان ڕکابەری بۆ پۆستی  سەرۆکوەزیران دروست کرد کە ئەجێندا و ئاڕاستەی فرەجۆریان هەبوو. ئەمەیش لەبەرامبەردا، بووە هۆی دروستبوونی جیاوازی لەنێوان ئەو هێزانەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کە بەرپرسیار بوون لە کاندیدکردنی  سەرۆکوەزیران.

 ململانێیەکی ئاشکرا  لەنێوان نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو (کە کاندیدبوونی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە ڕەت کرایەوە) و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر (کە دواتر ئەویش ڕووبەڕووی تێبینییەکانی ئەمریکا بووەوە) سەری هەڵدا. ئەمە وای کرد گەڕان بەدوای کاندیدی تەوافوقیدا دەست پێ بکات، کە لە ئەنجامدا لایەنە ڕکابەرەکان لەسەر کاندیدکردنی بازرگان و بانکدارێکی تەمەن ٤١ ساڵ بە ناوی “عەلی ئەلزەیدی” بۆ ئەو پۆستە ڕێک کەوتن.

لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦، سەرۆککۆماری عێراق بەفەرمی ئەلزەیدیی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکوومەتەکەی لە ماوەی یەک مانگدا و پێشکەشکردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردن.

هەڵبژاردنی ئەلزەیدی ڕەنگدانەوەی هەم ڕکابەرییە  ناوخۆیییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بوو (کە نزیکەی ١٧٥ کورسیی پەرلەمانییان هەیە و زۆربەیان بە میلیشیا لایەنگرەکانی ئێرانەوە بەستراونەتەوە) و، هەم ڕەنگدانەوەی چوارچێوە فراوانەکەی جه‌نگی نێوان ئێران لە لایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە بوو.

لە ناوخۆی عێراقدا، لایەنە شیعەکان بەسەر دوو ئاڕاستەدا دابەش ببوون: پێکهێنانی حکوومەت لە کاتی جه‌نگدا، کە ئەم هەڵوێستە لەلایەن فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە سەرکردایەتی دەکرا و داوای پابەندبوونی بە وادە دەستوورییەکان دەکرد و لەلایەن هەندێک هێزی شیعەوە پاڵپشتی دەکرا؛ یان دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت تا ئەو کاتەی ئەنجامی جه‌نگی ئێران ڕوون دەبێتەوە؛ کە  ئەمەیش هەڵوێستی زۆربەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرا، کە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی وەک کارتێکی  گوشار لە دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبینی. دەرەنجامێکی حەتمیی ئەم ئاڕاستەیە، پاراستنی ئەو بۆشایییە سیاسییە بوو کە لە کاتی جه‌نگەکەدا باڵادەست بوو،  ئەمەیش بۆ دڵنیابوون لەوەی بەغدا هەنگاوی وا نەنێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێراندا دژبەیەک بێت.

سەیر نییە کە زۆربەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بژاردەکانی خۆیان بەپێی ڕێڕەوی جه‌نگەکە هەژمار کردبوو. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئەوان ئامادە بوون یان  حکوومەتێک پێک بهێنن کە بەردەوام بێت لە تێوەگلانی عێراق لە پڕۆژەی ئێران (ئەگەر ئێران بەبێ زیان لە ڕووبەڕووبوونەوەکە دەربچێت)، یان ئاڕاستەکەیان بگۆڕن هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا (ئەگەر جه‌نگەکە ببووایە هۆی ڕووخانی ڕژێمی ئێران). کەواتە بڕیاری دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕەوتی جه‌نگی ئێران. سەرکردە دێرینەکانی شیعە – کە نەیانتوانی چوارچێوەیەکی ڕوون بۆ ئاڕاستەی حکوومەت لە کاتی جه‌نگدا دابنێن – بژاردەی کڕینی کاتیان هەڵبژارد. ئەم ستراتیژە، درێژ بووەوە بۆ قۆناغی ئاگربەستیش، کە ئەویش نەیتوانی ئەنجامی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنێت. عێراق زیانی زۆری بەرکەوت چونکە لە کۆڵەکەیەکی پاڵپشتیکاری ئابوورییە سزادراوەکەی ئێرانەوە، گۆڕدرا بۆ گۆڕەپانێک بۆ فراوانکردنی مەودای جه‌نگەکە، کاتێک میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران وڵاتانی عەرەبی دراوسێیان کردە ئامانج.

هەڵبژاردنی کۆتاییی ئەلزەیدی لەلایەن سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە – بە لەبەرچاوگرتنی پاشخانی وەک بازرگانێکی گەنج کە بەقووڵی لە دیمەنی سیاسی و گرێبەستە حکوومییەکانی عێراق تێوە گلاوە و، نەبوونی لایەنگیریی سیاسی بۆ هیچ لایەنێک، لەوانەیش گرووپە چەکدارەکان – ڕەنگدانەوەی هەم دڵنیانەبوون بوو لە ئەنجامی جه‌نگەکە و هەم ئەگەری سەرهەڵدانەوەی. هەروەها خواستی درێژکردنەوەی قۆناغی گواستنەوەی نادیاری عێراقی نیشان دا.

ئەگەر جه‌نگ لە ماوەی ئەو مانگەدا دەست پێ بکاتەوە، کە بۆ پێکهێنانی حکوومەت تەرخان کراوە، ئەمە دەکرێت یان ببێتە هۆی کشانەوەی کاندیدکردنی ئەلزەیدی لە بەرژەوەندیی کەسایەتییەکی سیاسیی دیکە، یان پێکهێنانی حکوومەتێک بە هەمان تایبەتمەندیی گواستنەوە، کە ئەگەری هەیە بۆ ساڵێک یان زیاتر بەردەوام بێت تاوەکوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت یان تاوەکوو هەڵبژاردنی داهاتوو، کە دەکەوێتە ساڵی ٢٠٢٩.

جه‌نگ و پێگەی هەڵەی عێراق

جه‌نگی ئەم دوایییەی نێوان ئێران لە لایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە – کە هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ئوردن و خودی عێراقیش لەخۆ گرتبوو – کەموکوڕییەکی بنەڕەتیی لە پێگەی ناوچەییی عێراقدا دەرخست. ئەم لاوازییە لەوانەیە هۆکاری سەرەکی بێت لەپشت زۆربەی قەیرانە  ناوخۆیییەکانی ئێستای عێراق.

ململانێکان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ئاستی دزەکردنی میلیشیا لایەنگرەکانی ئێران بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، هەروەها پڕچەککردن و توانای ئۆپەراسیۆنییان، زۆر زیاتر بوو لەوەی پێشتر لەلایەن ئەکتەرە ناوچەیییەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە مەزەندە دەکرا. ئەم ڕاستییە هەروەها پێچەوانەی دڵنیایییە فەرمییەکانی عێراق بوو کە دەیوت میلیشیاکان لە کۆتاییدا ده‌كرێت چەک بکرێن و بخرێنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت – ئەرکێک کە دەرکەوت لە توانای حکوومەتی پێشوودا نەبووە، بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەکەی و سروشتی ئەو هێزانەی پاڵپشتییان دەکرد.

ڕاستییه‌كه‌ی، لە ساڵانی یەکەمی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع  سوودانی (٢٠٢٢-٢٠٢٦)، میلیشیا شیعەکان – چ لە ڕێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی (PMF) کە پەردەی یاسایی و پاراستنی فەرمیی بۆ ئەندامەکانیان دابین دەکرد، یان لە ڕێگەی تۆڕە سەربەخۆکانی خۆیانەوە – هەژموونی خۆیان لە سەرانسەری کایەی گشتیی عێراقدا فراوانتر کرد. ئەوان خۆیان لەناو دامەزراوە ئەمنی، سەربازی، سیاسی و تەنانەت ئابووری و خزمەتگوزارییەکانیشدا جێگیر کرد.

هەرچەندە  حکوومەتەکەی  سوودانی جێگیرییەکی ڕێژەییی بەدەست هێنا، بەڵام بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوە فشەڵ بوو: یەکەم، کشانەوەی تەواوەتیی ڕەوتی سەدری (SM) – ڕکابەری سەرەکیی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە زۆربەی میلیشیاکانی سەر بەوانن – لە هاوکێشە سیاسییەکە. ئەمە ڕێگەی دا بە ئارامییەکی ڕێژەیی دوای ماوەیەک لە گرژی و پێکدادان. دووەم، تێکەڵکردنی دیارترین میلیشیاکان کە بڕبڕەی پشتی حەشدی شەعبی پێک دەهێنن – وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی هەق، جند ئیمام، بزووتنەوەی نوجەبا، ئەنساروڵڵا ئەوفەیا و، ڕێکخراوی بەدر – بۆ ناو  حکوومەتەکەی  سوودانی. ئەم تێکەڵبوونە شێوەی دامەزراندنی سیاسی و کارگێڕیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، گرێبەستی ئابووریی گەورە لەگەڵ دەوڵەت و، ئەو گرێبەستانەی گرتەوە کە کۆمپانیای “ئەلموهەندیس” بەدەستی دەهێنان؛ کە وەک باڵی ئابووریی حەشدی شەعبی لە ڕۆژانی سەرەتای  حکوومەتەکەی  سوودانی دامەزرا.

ئەو فۆرمۆلەیەی حکوومەتی پێشووی عێراقی لەسەر پێک هێنرا، لەسەر بنەمایەکی نیمچەگشتی بوو: “بەڵێنی  سوودانی بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسییانەی گرووپە چەکدارەکان و گۆڕینی ڕەفتاری سەربازییان بەرەو تێکەڵبوون لە ژیانی سیاسی و مەدەنی.” ئەم بنەمایە ڕەزامەندیی ناڕاستەوخۆی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای بەدەست هێنا، کە چاوپۆشیی لە هەبوونی ئاشکرای سەرکردەی میلیشیاکان و نوێنەرەکانیان لەناو کایەی گشتیی فەرمیدا دەکرد، هەروەها چاوپۆشیی لە دزەکردنیان بۆ ناو دامەزراوە ئەمنییە هەستیارەکان وەک دەزگه‌ی هەواڵگری، دەزگه‌ی دژەتیرۆر، سوپا و وەزارەتی ناوخۆ دەکرد.

هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بە  حکوومەتی پێشوو، هەروەها ڕێگەی بە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو دا کە بەردەوام بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ دیمەنە سیاسییە ئاڵۆزەکەی عێراق.  ئەمەیش بونیادنان لەسەر کرانەوەی سیاسی و ئابووریی پێشوو، فراوانکردنی هاوکاری، هاندانی وەبەرهێنان و، گوشارخستنە سەر عێراق بوو بۆ پەیڕەوکردنی گەشەپێدانی ناوخۆیی و پەیوەندییە دەرەکییە هاوسەنگەکان – بەتایبەتی بە کەمکردنەوەی لایەنگیرییەکەی بۆ میحوەرە ئێرانییەکە و سنووردارکردنی هەژموونی بریکارەکانی ئێران.

هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان تا ڕاددەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی ئەم ئاڕاستەیە بوون. زۆرێک توانای عێراقیان بۆ ڕێکخستنەوەی ڕۆڵی جیۆپۆلیتیکی خۆی بە ئەرێنی دەبینی؛ بەمەیش ئەو ناهاوسەنگییە ستراتیژییەی ڕاست دەکرایەوە کە بەهۆی ئامادەنەبوونی وڵاتێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەوروبەری سروشتی ناوچەییی خۆی و تێکەڵبوونی لەگەڵ میحوەرە ئێرانییەکە دروست ببوو، کە گەورەترین فراوانبوونی ناوچەییی خۆی دوای داگیرکاریی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دەست پێ کرد.

هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ دیدگه‌یەکی جیاوازی بۆ سیاسەتی ناوچەییی ئەمریکا هێنا، بەڵام وریا بوو کە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەو ئاڕاستە گشتییەدا نەکات کە ئیدارەی پێشوو بەرامبەر بە عێراق گرتبوویە بەر.  ئەمەیش بەردەوامیی پاڵپشتیی حکوومەتی بەغدا، جێبەجێکردنی خشتەی کاتیی پاشەکشەی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و، تێوەگلانی ئابووریی زیاتر لەگەڵ ئەم وڵاتەدا بوو، تەنانەت لە کاتێکدا عێراق وەک “سەرێشەیەکی درێژخایەن” بۆ داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا مابووەوە.

لە کاتێکدا واشنتۆن بەردەوام بوو لە سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی میلیشیا عێراقییەکان لە ڕێگەی سزاکانەوە، کە تۆڕە ئابوورییەکانیان و ئەو پارانەی بۆ ئێران قاچاخ دەکران دەکردە ئامانج، لە هەمان کاتدا هەوڵی دا عێراق لە “جه‌نگی دوازدە ڕۆژە” لەگەڵ ئێران لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ بپارێزێت. لەو کاتەدا هەوڵێکی چڕ درا بۆ ڕێگریکردن لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێ، لەوانە  گوشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر ئیسرائیل بۆ دوورکەوتنەوە لە بەئامانجگرتنی خاکی عێراق؛ تەنانەت دوای ئەوەی گرووپە عێراقییەکان هێرشی درۆنییان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند و، بەغدا بوو بە ناوەندێکی پاڵپشتیی لۆجستی، گواستنەوەی چەک و دابینکردنی پارە بۆ حزبوڵڵا لە لوبنان و بزووتنەوەی حووسییەکان لە یەمەن، کە هەردووکیان لەگەڵ ئیسرائیل لە ململانێدا بوون.

بەڵام گەشبینی سەبارەت بە کاریگەریی ئەم سیاسەت و هەڵوێستانە، بەخێرایی لە یەکەم ڕۆژەکانی جه‌نگی ئەم  دوایییەدا لەناو چوو، کە تێیدا میلیشیا عێراقییەکان ڕاستەوخۆ تێوە گلان بە ئەنجامدانی سەدان هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ئوردن، هەرێمی کوردستان و دامەزراوە هەواڵگری و سەربازییەکانی عێراق لە بەغدا و بەسرە.

تێوەگلانی میلیشیاکان لە جه‌نگی ئەم دوایییەی ئێراندا، بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵسەنگاندنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بۆ پێگەی فەرمیی عێراق لەناو ململانێ فراوانەکەدا و ئەو ئامرازانەی کە ئەو پێگەیەی پێ پیادە دەکرێت، گۆڕی. ئازادیی جووڵەی میلیشیاکان لە سەرانسەری خاکی عێراقدا بێتواناییی بەغدای بۆ ڕاگرتنیان دەرخست؛  ئەمەیش ئەو گریمانە پێشووانەی سەبارەت بە توانا، یەکگرتوویی و دڵسۆزیی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییە فەرمییەکانی عێراق تێک شکاند. لە ئەنجامدا، بارودۆخی عێراق ئێستا لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دووبارە هەڵسەنگاندنێکی فراوانی بۆ دەکرێت.

ئەم گۆڕانکارییە لە وتارەکانی ئەمریکادا ڕەنگ دەداتەوە کە ڕاستەوخۆ حکوومەتی عێراق تۆمەتبار دەکەن بە دابینکردنی چەتر بۆ هێرشی میلیشیاکان، هەروەها لە ناڕەزایەتییە فەرمییەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ئوردن سەبارەت بەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون.

هەموو ئەمانە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراودا ڕەنگ دەدەنەوە، کە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە لە پێناسەکردنی ڕۆڵی حکوومەتەکەی ئەلزەیدی. ئەگەر لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، سیاسەتەکانی حکوومەتە نوێیەکە وەڵامی گرنگ بۆ نیگەرانییە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی داهاتووی عێراق لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانی و کۆمەڵگەی جیهانی بەگشتی دابین دەکات. ئەو ئاڕاستەیەی دەیگرێتە بەر، دیاری دەکات کە چەندە بە کاریگەری دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەدا بکات کە ڕووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە.

ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی حکوومەتی نوێی عێراق دەبنەوە

یەکەم: دۆسیەی میلیشیاکان

یەکێک لە ئاڵنگارییه‌ هەرە بەپەلەکان، پرسی میلیشیاکانە. جه‌نگەکە هەژموونی بەرچاوی ئەم گرووپانەی لە عێراق و سەختیی تێکەڵکردنیان لەناو سیستەمی سیاسیدا دەرخست، چونکە چالاکییە چەکدارییەکانیان بە شێوەیەکی په‌ره‌سه‌ندوو لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت فراوان دەبن. هەوڵەکان بۆ جیاکردنەوەی نێوان میلیشیا یاسایییەکان و ئەوانەی لە دەرەوەی یاسا کار دەکەن، بێکاریگەربوونیانی سەلماندووە. عێراق دەبێت سنووری یاساییی ڕوون  لەنێوان قەوارەی فەرمیی حەشدی شەعبی و ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەژێر چەتری ئەودا بەردەوامن لە کارکردن، دابنێت.

چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە ڕێگەی ڕێوشوێنی یاسایی و ئەمنییەوە ئەرکێکی قورسە بۆ حکوومەتێک کە پاڵپشتییەکی سیاسیی بەهێزی نییە، وەک ئیدارە چاوەڕوانکراوەکەی ئەلزەیدی.  گوشارەکانی ئەمریکا لەدوای جه‌نگ جەختیان لەسەر ناهاوسەنگیی هێز  لەنێوان میلیشیاکان و دەوڵەتی عێراق کردووەتەوە؛ ئەمەیش ئەلزەیدی دەخاتە پێگەیەکەوە کە دەبێت داواکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ چاوەڕوانییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا هەڵسەنگێنێت. ئەم  گوشارانە ئاماژەن بۆ پێویستیی چوارچێوەیەک بۆ ئاڕاستەکردنی  حکوومەت، لەوانە:

  1. بڵاوەپێکردنی ستراتیژیی یەکەکانی حەشدی شەعبی:ڕەنگە حەشدی شەعبی ڕووبەڕووی دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی جوگرافی ببێتەوە، بە کەمکردنەوەی ئامادەیی لە ناوچە دیاریکراوەکان بۆ لەپێشینەدانی بڵاوەپێکردنی سوپای عێراق. ئەمە بەتایبەتی لە ناوەندی شارەکان و ناوچە سنوورییەکاندا گرنگە، کە هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ئوردن و هەرێمی کوردستانی عێراق لەوێوە سەرچاوەیان گرتووە. پلانەکان هەروەها دووبارە ڕێکخستنەوەی حەشدی شەعبی و دووبارە گواستنەوەی چەکدارەکان بۆ ناو دامەزراوە ئەمنییە  ناوخۆیییەکان لە ماوەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراودا دەگرێتەوە.
  2. ڕێکخستنی ئاستی پڕچەککردن:چەکەکانی حەشدی شەعبی و گرووپەكانی سەر بەوان – بەتایبەتی چەکە قورسەکانی وەک مووشەک و درۆنە دوورهاوێژەکان – دەکرێت بکەونە ژێر ڕێکخستنی توندترەوە، لەوانە: کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی سوپا بەسەر درۆن، مووشەک و چەکە قورسەکاندا.
  3. پێداچوونەوە بە چالاکییە ئابوورییەکان:گرێبەست و ئۆپەراسیۆنەکانی کۆمپانیای گشتیی “ئەلموهەندیس”ی سەر بە حەشدی شەعبی، دەبێت وردبینییان بۆ بکرێت، لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە میلیشیاکان دەستیان بەسەردا گرتووە و وەک بنکە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و، هەروەها هەرێمی کوردستان بەکاریان هێناون.
  4. جێبەجێکردنی یاسای چەک:دەسپێشخەری پێویستە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکە بێمۆڵەتەکان، هەڵوەشاندنەوەی بنکەکانی میلیشیاکان و وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر دەستی میلیشیاکاندایە.
  5. دوورخستنەوەی میلیشیاکان لە حوکمڕانی:دەبێت میلیشیاکان لە بەشداریی ڕاستەوخۆ لە  حکوومەتدا قەدەغە بکرێن، لەگەڵ گرتنەبەری هەنگاو بۆ دوورخستنەوەی ئەو ئەندامانەی میلیشیاکان کە لە سەردەمی ئیدارەی پێشوودا پۆستی سەرکردایەتییان لە دامەزراوە مەدەنی، ئەمنی و سەربازییەکاندا وەرگرتووە.

سەرکەوتنی حکوومەتەکەی ئەلزەیدی لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێوشوێنانە بەبێ پاڵپشتیی سیاسیی بەهێز، بەتایبەتی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، کارێکی سەخت دەبێت. بەڵام ئەلزەیدی توانای ئەوەی هەیە کە بەدوای چاکسازییە ئەمنی و کارگێڕییە مانادارەکاندا بگەڕێت – چ لە ناو حەشدی شەعبی یان دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەدا – کە دەتوانێت ببێتە نیشانەی پێشکەوتن لە چارەسەرکردنی کێشەی میلیشیاکان لە عێراقدا.

دووەم: قەیرانی ئابووری

عێراق ئێستا لە ململانێدایە لەگەڵ قەیرانێکی ئابووریی فرەڕەهەند، کە زۆربەیان پێکهاتەیین و ڕەگیان لە ئابوورییە ڕەیعی (ڕانتی)یەکەیدایە کە بەتوندی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. ناچالاکی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە، چونکە بەشێکی زۆری بوودجە بەبێ بەدەستهێنانی دەرەنجامی مانادار بەکار دەبردرێت.

داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە قەیرانەکەی زیاتر تەقاندەوە؛ بووە هۆی پەکخستنی هەناردەی نەوتی عێراق و، وای کرد حکوومەت لە ململانێدا بێت بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە دارایییەکانی.  گوشاری ئابووریی ئەمریکا لە ڕێگەی سزاکان بۆ سەر کەسایەتی و کۆمپانیاکان، لەگەڵ بەستنی ناردنی کاشی مانگانەی دۆلار بۆ عێراق چڕتر بووەتەوە – ڕێوشوێنێک کە لێکەوتەی قووڵی بۆ سەقامگیریی داراییی وڵاتەکە هەیە.

لە بەرامبەر ئەم پاشخانەدا، توانای ئەلزەیدی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی بنەڕەتیی ئابووریی عێراق یان چارەسەرکردنی قەیرانەکانی بە سەرچاوەی سنووردارەوە، بەسنووردار دەردەکەوێت- سەرەڕای پسپۆڕیی ئابووریی خۆی. لە قۆناغی یەکەمدا، ڕەنگە  حکوومەتەکەی هەوڵ بدات کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بکاتەوە بۆ سووکكردنی گوشارە ئابوورییەکان و ڕێگریکردن لە سزای زیاتر، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی حکوومەت بەرامبەر میلیشیاکان، کە هۆکارێکی سەرەکییە لە ئاڵنگارییه‌ ئابوورییەکانی عێراقدا.

لە قۆناغی دووەمدا، ئەلزەیدی دەتوانێت بەدوای چاکسازی لە کەرتی بانکیدا بگەڕێت، پرۆسەکانی گرێبەست ڕێک بخاتەوە و کارایی لەناو دامەزراوە بیرۆکراسییەکانی عێراقدا باشتر بکات. بەمەیش زەمینە بۆ سەقامگیریی درێژخایەن خۆش بکات.

سێیەم: دووبارە بونیادنانەوەی پەیوەندیی نێوان لایەن و هێزە سیاسییەکان

ئەگەر حکوومەتەکەی ئەلزەیدی بەسەرکەوتوویی پێک بهێنرێت، ڕووبەڕووی ئەرکێکی سەخت دەبێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە دیمەنی سیاسیی ناوخۆی عێراق و چارەسەرکردنی گرژییە مێژوویییەکانی نێوان لایەنە ڕکابەرەکان. پرسێکی ناوەندی، بڵاوەپێکردنی یەکەکانی حەشدی شەعبی دەبێت لە ناوچە سوننەنشینەکاندا، کە پێویستە حکوومەتی نوێ بەوریایییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

 هەروەها  سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو پێویستی بە پێدانی دڵنیایی هەیە بە هەرێمی کوردستان، لەوانە: ڕێککەوتنە ئابووری و دارایییەکان کە بوونەتە هۆی ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەولێر، هاوکات لەگەڵ چارەسەرکردنی گرژییە ئەمنییەکان کە لە هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرن.

لەناو بازنەی سیاسیی شیعەدا، ئاڵنگارییه‌کی سەرەکی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ “ڕەوتی سەدری”دایە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەلزەیدی بەڵێنی بە گرووپەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی داوە، ڕەنگە ڕێک کەوتبێت لەسەر ئەوەی حزبێکی سیاسیی نوێ دانەمەزرێنێت و بەشداریی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو نەکات. لە هەمان کاتدا، باس لەوە دەکرێت کە پەیوەندییەکی ئەرێنیی لەگەڵ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر دروست کردووە. ئەمە دەکرێت بە شێوەیەکی پۆتێنشیاڵ گەڕانەوەی ڕەوتەکە بۆ ناو سیاسەت ئاسان بکات – یان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە یان بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەدرییەکان لەناو سیستەمی دەوڵەتدا تاوەکوو هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوو.

لە هەفتەکانی داهاتوودا، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی زۆرترین گوشار دەخەنە سەر ئەلزەیدی بۆ مسۆگەرکردنی پۆست، وەزارەت و پشک لە  حکوومەتدا. هێزە کوردی و سوننەکانیش گوشار بۆ داواکارییەکانیان دەکەن؛  ئەمەیش  سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو ناچار دەکات بەناو پرۆسەیەکی ئاڵۆزی دانوستاندا بڕوات. پەیوەندییە سیاسییە بەهێزەکانی، ڕەنگە ڕێگەی پێ بدەن بگاتە تەوافوقێک کە هەرچەندە هەموو لایەنەکان بەتەواوی ڕازی نەکات، بەڵام بتوانێت ڕێگری لە گەڕانەوە بۆ ناسەقامگیریی سیاسی بکات.

چوارەم: دووبارە هاوسەنگکردنەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکان

گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق، بەستراوەتەوە بە شێوازی مامەڵەکردنی بەرامبەر بە ئێران. سەرەڕای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو لە کاتی جه‌نگدا، وڵاتانی عەرەبی بەدوای هەڵوێستێکی دوژمنکارانەی عێراق بەرامبەر تاراندا ناگەڕێن. لەبری ئەوە، ئەوان چاوەڕوانن بەغدا هەڵوێستێکی هاوسەنگ بگرێتە بەر کە جەخت لەسەر ڕۆڵی عێراق لەناو جیهانی عەرەبیدا بکاتەوە. بەڵام پاڵپشتیی بەغدا بۆ تاران لە ململانێکەی ئەم  دوایییەدا نیگەرانیی لای وڵاتانی عەرەبی دراوسێ دروست کردووە؛  ئەمەیش وای کردووە داوای دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بکرێت.

میلیشیا شیعەکان وەک بەربەستێکی گەورە لەبەردەم پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی عێراقدا دەمێننەوە. بۆ ناردنی ئاماژەی ئەرێنی، پێویستە  سەرۆکوەزیرانی نوێ پلانێکی کاری ڕوون بۆ چارەسەرکردنی پرسی میلیشیاکان پێشکەش بکات. لە هەفتەکانی داهاتوودا، سەرنجەکان لەسەر ئەوە دەبن ئایا حکوومەتەکەی ئەلزەیدی نوێنەری گرووپە چەکدارەکان لەخۆ دەگرێت یان نا. واشنتۆن هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ  حکوومەت بەستووەتەوە بەم مەرجە بنەڕەتییەوە. جێی ئومێده‌وارییه‌ کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ٢٩ی نیسان پێشوازیی لە دەستنیشانکردنی ئەلزەیدی کرد؛ ڕایشی گه‌یاند کە ڕەنگە لێکتێگەیشتنێكی سەرەتاییی پێشوەختە سەبارەت بە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتەکەی هەبێت.

دەرەنجامەکان

عەلی ئەلزەیدی کاندیدی دڵخوازی هیچ لایەنێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی نەبوو؛ نە گرووپە نیشتمانییەکانی دیکە و، نە تەنانەت ئەکتەرە ناوچەیی و ئەمریکییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی عێراق. بەڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌، لەلایەن ئەو لایەنانەوە ڕەتیش نەکراوەتەوە. ئەمە سوودێکی گرنگ بە  سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو دەبەخشێت چونکە ڕێگەی پێ دەدات تا ڕاددەیەک لە کۆکردنەوەی حکوومەتەکەی و دیاریکردنی ئاڕاستەکەیدا نەرمی بنوێنێت. لە هەمان کاتدا، ئەمە دەیخاتە ژێر  گوشاری هەموو لایەنەکانەوە – کە نەک تەنیا ڕووبەڕووی داواکاری لەسەر هەڵوێستە سیاسییە گشتییەکان دەبێتەوە، بەڵکوو لەسەر پۆست و بەرژەوەندییە تایبەتەکانیش.

لەنێو ئەو کۆمەڵە ئاڵنگارییه‌ی کە ڕووبەڕووی ئیدارەکەی دەبنەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی میلیشیاکان و مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییە پەیوەندیدارەکانی، وەک تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتن یان شکستی  حکوومەتەکە دەردەکەوێت. پێشکەوتن لەم بوارەدا دەتوانێت  ڕێگه خۆش بکات بۆ هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق لەسەر ئاڵنگارییه‌ بەپەلەکانی دیکە.

پێ دەچێت ئەلزەیدی ئاگاداری ئەم ڕاستییە بێت و ڕەنگە بەشێکی بەرچاوی بەرنامەی حکوومەتەکەی، تەرخان بکات بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمیی دەوڵەت. بەڵام هەر ڕێوشوێنێکی لەو شێوەیە دەکەوێتە ژێر وردبینییەکی توندەوە و، کاریگەرییەکەیان بەوردی بەرامبەر بەو بەڵێنانەی دراون هەڵدەسەنگێنرێت.

سەرکەوتن لە بڕینی بەربەستە  ناوخۆیییەکانی عێراقدا ڕەنگە ببێتە سەرەتای گەشتێکی سەخت بۆ ئەلزەیدی؛ گەشتێک کە پڕە لە قەیرانی گەورە و ململانێی ناوخۆیی. هەوڵەکان بۆ چەککردنی میلیشیاکان، ئەگەری زۆرە بەرەوڕووی بەرگرییەکی توند ببنەوە لەلایەن ئەو بلۆکە پەرلەمانییە گەورەیەی نوێنەرایەتییان دەکات، هەروەها لەلایەن لایەنە عێراقییەکانی دیکەی هاوتەریب لەگەڵ میحوەرە ئێرانییەکە. هەوڵە ڕاستەقینەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانی چەککردن، بەدڵنیایییەوە ڕووبەڕووی ڕێگری دەبنەوە.

ئەو ڕاستییەی کە دەستنیشانکردنی ئەلزەیدی لەلایەن هێزە شیعەکانەوە پەسەند کرا، ئاماژەیە بۆ قبووڵکردنێکی ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە. بەڵام تاران – کە هەژموونی بەرچاوی بەسەر ئاسایش، سیاسەت و ئابووریی عێراقدا هەیە لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە و پاڵپشتیی میلیشیاکان وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی هەر  حکوومەتێکی عێراقی دەبینێت – بەوردی چاودێریی کردارەکانی حکوومەتی نوێ دەکات. چاوەڕوان دەکرێت تاران هەر کاتێک هەست بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی بکات، دەستوەردان بکات. ئەو دەستوەردانە، دەکرێت لە کەمپەینی میدیایی و سیاسیی دژی حکوومەتەوە دەست پێ بکات تاوەکوو بەکارهێنانی هێزی میلیشیاکان بۆ تێکدانی ئەمن و ئاسایش یان هەڕەشەکردن لە سەقامگیریی حکوومەت، وەک ئەوەی لە سەردەمی “کازمی”دا ڕووی دا.

سەرچاوە:

Emirates Policy Center. (5 May 2026). Challenges facing Iraqi Prime Minister designate Ali al-Zaidi: Militias and regional positioning amid war. <<https://epc.ae/en/details/featured/challenges-facing-iraqi-prime-minister-designate-ali-al-zaidi-militias-and-regional-positioning-amid-war>>.




ئەو سەرکردە نوێیانەی جڵەوی بڕیاردانی ئێرانیان بەدەستە

نووسەر: حەمیدڕەزا عەزیزی (Hamidreza Azizi)

گۆڤاری تایم (TIME)

وەرگێڕان: پێنووس

مانگێکی درێژخایەن و پڕ لە مەترسی بەسەر ئاگربەستی ٨ی نیسانی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران تێ پەڕیوە. هەرچەندە ڕاپۆرتەکانی ئەم دوایییانە جارێکی دیکە ئاماژەیان بە هەنگاونان بەرەو ئەگەری ڕێککەوتنێک کردووە، بەڵام دانوستانەکان لەسەر کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە ململانێکان، چەندان جار بەهۆی ناکۆکییەکانی هەردوو وڵات لەسەر کۆمەڵێک پرس، لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بگرە تا دەگاتە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، پەک کەوتوون. ڕاستییه‌كه‌ی، لەم هەفتەیەدا ئیدارەی ترەمپ و بەرپرسانی ئێران بەردەوام بوون لە دەرکردنی لێدوانی دژبەیەک و خێراگۆڕاو سەبارەت بە دۆخی جەنگ و گفتوگۆکانی ئاشتی؛ کە ئەمەیش ناڕوونی و نادڵنیاییی زیاتری خستۆتە پاڵ دیمەنێک کە پێشتر خۆی ئاڵۆز بووە.

بەڵام لە سەرووی ئەم وردەکارییانەوە پرسیارێکی زۆر بنەڕەتیتر لەئارادایە: کێ بەتەواوی ئێران به‌ڕێوه‌ ده‌بات؟

لە کۆتاییدا، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەک تەنیا ڕێبەری باڵای پێشوو، “ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی”یان کوشتووە، بەڵکوو “عەلی لاریجانی”، بەرپرسی باڵاترین دامەزراوەی ئاسایشی نەتەوەییی ئێران و، هەروەها زۆرێك له‌ فەرمانده‌ باڵاكانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران (IRGC) و سوپای ئێرانیشیان کردە ئامانج. دەرەنجامەکە، بەپێی قسەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانییەکان ”هەموویان شڵەژاون.” ترەمپ لە ڕێگه‌ی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەم دوایییەیدا لەگەڵMS NOW  ڕای گەیاند: ”ئەوان هه‌ر نازانن ڕێبه‌ره‌کەیان کێیە.”

بە لای هەندێکەوە، ئەم دۆخە بە واتای چەسپاندنی باڵادەستیی ئەمریکایە لە ڕێگەی بەردەوامبوون لە بەئامانجگرتنی ئەو سەرکردانەی کە دژی چارەسەری دانوستانکارانەن؛ ئەم گریمانە ڕوونەیش ئەوەیە کە گوشاری بەردەوامی ئابووری و سەربازی، لە کۆتاییدا دابەشبوونەکان لە تاران قووڵتر دەکاتەوە و دەرەنجامێکی لەبارتر لە گفتوگۆ دووقۆڵییەکاندا دەسەپێنێت.

هەرچەندە ئەمە تێڕوانینێکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام چاوپۆشی لە ڕاستییەکی دیکە دەکات کە لە ئەنجامی چەندان ساڵ لێکۆڵینەوەم لەسەر دامەزراوەکانی ئێران بۆم ڕوون بووەتەوە: ڕەنگە جەنگەکە كۆمه‌ڵێك سەرکردەی ئێرانی لە گۆڕەپانەکە دوور خستبێتەوە، بەڵام دەوڵەتی ئێرانی ئیفلیج نەکردووە. سەرەڕای ململانێکان، پێکهاتەکانی فەرماندەییی ئێران دووبارە پێک هێنراونەتەوە، بڕیارەکان بەردەوام دەدرێن و، ئێران خۆی لەگەڵ گوشارە بەردەوامەکاندا گونجاندووە.

هەموو ئەمانە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە ئاشکرا دەکەن: لە واقعی پاش عەلی خامنەییدا، چیتر دەسەڵات لە تاران لە دەوری یەک سەرکردەی زاڵ و باڵادەستدا ڕێک نەخراوەتەوە. ڕاستە، ”موجتەبا خامنەیی” وەک ڕێبەری نوێ، بە فەرمی لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتدایە، بەڵام ئەو وەک باوکی نییە؛ ئەو دەسەڵاتەی پێشتر لە نووسینگەی ڕێبەردا چڕ ببووەوە، ئێستا بەسەر بازنەیەکی تەسکی کەسایەتییە سەربازی، ئەمنی و سیاسییەکاندا دابەش بووە، کە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان تا دێت زیاتر تێکهەڵکێشی یەکدی دەبن.

بە دەربڕینێکی دیکە، لە گه‌رمه‌ی جەنگەکەدا، ئەوەی لە ئێران دەرکەوتووە پێکهاتەیەکی جیاوازی سەرکردایەتییە، کە تێیدا دەسەڵات لە ڕێگەی دامەزراوە و تۆڕەکانەوە پیادە دەکرێت کە خۆیان دووبارە داڕشتووەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی درێژخایەندا بگونجێن.

ئەو ڕێبەرەی سەردەمانێک باڵا بوو

کەواتە پرسیار ئەمەیە: ئەی پێگەی خامنەیی کوڕ لەم پێکهاتە نوێیەی دەسەڵاتدا لە کوێدایە؟ بێ گومان موجتەبا، کە جەنگاوەرێکی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بووە و خاوەنی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییە لەگەڵ کارەکتەرە باڵا سەربازی و ئەمنییەکان، لە چەق و ناوەندی ئەم نەخشە نوێیەی دەسەڵاتدایە. بایەخی ئەو لەوەدایە کە لە ناو جەرگەی قەیرانە قووڵەکاندا، گەرەنتیی مانەوەی هەمان ڕێچکەی باوکی دەکات، چونکە لە کاتێکی ئاوادا، کۆماری ئیسلامی ناتوانێت و ڕێگەش نادات هیچ جۆرە تەمومژ و ناڕوونییەک لە دەوری جەمسەری ئایدۆلۆژییەکەی دروست ببێت.

بەڵام ڕۆڵ و دەسەڵاتی موجتەبا بەراورد ناکرێت بە باوکی، عەلی خامنەیی، کە لە ماوەی چەندان دەیەی ڕابردوودا دەسەڵاتی خۆی لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە پێگەی ئایینی، کۆنترۆڵی دامەزراوەیی و، ئاشنایەتیی کەسی لەگەڵ سەرجەم کوتلە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی کۆ کردبووەوە.

لە زۆربەی ژیانیدا، موجتەبا وەک زانایەکی ئایینیی خاوەن دەسەڵاتێکی گەورەی فیقهی یان پێگەیەکی بەرزی زانستی سەیر نەدەکرا. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بوو، کاتێک گفتوگۆکان سەبارەت بە جێنشینی باوکە بەساڵاچوو و نەخۆشەکەی زیاتر هەستیار و پەلەیان تێ کەوت، نازناوی ئایەتوڵڵای پێ بەخشرا، کە مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ پۆستی ڕێبەری باڵا. وێنا گشتییەکەی موجتەبا، کەمتر لە ڕێگەی پۆستی فەرمییەوە نەخشێنراوە، بەڵکوو زیاتر بەهۆی هەژموونی لەناو بازنەی ناوخۆییی باوکی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تۆڕە ئەمنییەکانی وڵاتەکە پێک هاتووە. بەرزکردنەوەی ئەو، بەردەوامی بۆ سیستەمەکە دابین دەکات، بەڵام سەرکردەیەکی تاکڕەو و فەرماندە دەستەبەر ناکات.

لەگەڵ ئەوەیشدا، بەڕێوەبردنی کردارییانەی دەسەڵات بەرەو کۆمەڵێک کەسایەتی ڕۆیشتووە کە دەسەڵاتەکەیان لە دامەزراوە جیاوازەکانەوە سەرچاوەی گرتووە و ڕۆڵەکانیان زیاتر تەواوکەری یەکترن نەک کێبڕکێکار. سیستەمەکە بە شێوەیەکی کارا هاوپەیمانییەکی سەردەمی جەنگی لە سەرکردە سەربازی، ئەمنی و، سیاسییەکان لە دەوری موجتەبا کۆ کردووەتەوە. زۆرێک لەو سەرکردانە سەر بەو نەوەیەن کە لە جەنگی هەشتاکانی ئێران و عێراق و سەردەمی سەرەتاییی جێگیربوونی سوپای پاسدارانەوە دروست کراون.

کۆڵەکەکانی دەسەڵات

لە کاتێکدا کە ڕێبەری باڵا ئیتر تاکە دەسەڵاتدار نییە، ئەو پیاوەی کە وەک پردێک لەنێوان کایە سەربازی و سیاسییەکانی ئەم پێکهاتە نوێیەی بڕیاردان لە ئێراندا کار دەکات بریتییە لە محەمەدباقر قالیباف (Mohammad Bagher Ghalibaf)، کە چەندان جار ناسنامە گشتییەکەی خۆی لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکەدا گونجاندووە. ئەو لە زۆربەی دامەزراوە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیدا خزمەتی کردووە: فەرماندەی سوپای پاسداران لە سەردەمی جەنگی ئێران-عێراق، سەرۆکی پۆلیسی ئێران، سەرۆکی شارەوانیی تاران بۆ ماوەی ١٢ ساڵ، کاندیدی سەرۆکایەتی و، سەرۆکی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە.

قالیباف بە ئەزموونە درێژ و قووڵەکەیەوە لەوە تێ دەگات کە چۆن ئەولەوییەتەکانی دامەزراوەی ئەمنی بۆ زمانێکی سیاسی وەربگێڕێت و چۆن لەناو دامەزراوەکاندا کار بکات بەبێ ئەوەی وەک کەسایەتییەکی تەواو سەربازی دەربکەوێت؛ ئەمەیش کۆمەڵێک تایبەتمەندین کە لە کاتی جەنگدا زۆر بەنرخن چونکە کۆماری ئیسلامی پێویستی بە کەسایەتییەک هەیە کە بتوانێت لە یەک کاتدا لەگەڵ چەندان پێکهاتەی جیاواز بدوێت—لە فەرماندە سەربازییەکانەوە بۆ یاسادانەران، لە بیرۆکراتەکانەوە بۆ دانوستانکارە دیپلۆماتییەکان تا دەگاتە سەرکردەکانی دەسەڵاتی دادوەری.

قالیباف کەسێکی خاوەن تمووح و ده‌سه‌ڵاتخوازە و ڕێڕەوە پیشەیییەکەی نیشانی دەدات کە ماوەیەکی زۆرە هەوڵی گەیشتن بە پۆستە باڵاکان دەدات. بەپێچەوانەی ئەوەی کە زۆرێک لە دەرەوەی وڵات—و هەندێک ئێرانیش—ڕەنگە خەیاڵی بۆ بکەن، گرنگیی ئەو لەم پێکهاتەیەی ئێستادا لە توانای خۆسەپاندنی بەسەر کەسانی دیکەدا سەرچاوە ناگرێت؛ بەڵکوو ئەو بەهۆی تواناکانییه‌وه‌ بۆ خستنەگەڕی بەشە جیاوازەکانی سیستەمەکە گرنگیی هەیە تا پێکەوە کار بکەن. قالیباف دەتوانێت کارەکتەرە پراگماتیکترەکانی ناو دەوڵەت بەشداریی پێ بکات، لە کاتێکدا متمانەی لای دامەزراوەی ئەمنی- کە پێکهاتەیەکی هەستیارە لە ئێراندا- دەپارێزێت.

دەنگێکی دیکەی یەکلاکەرەوە لەو دامەزراوەیەدا لە کاتێکدا ئێران بەناو ئەم جەنگەدا تێ دەپەڕێت، عەمید ئەحمەد وەحیدی (Ahmad Vahidi)، فەرماندەی گشتیی بەوەکالەتی سوپای پاسدارانە. وەحیدی کە سەر بە باڵی توندڕەوە، پۆستی باڵای هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی لەناو لقی سەربازیدا بەدەستەوە بووە. ئەو فەرماندەی دامەزرێنەری فەیلەقی قودس (Quds Force) بوو، کە لقێکی بەهێز و بژاردەی سوپای پاسدارانە و بەرپرسیارە لە ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها وەک وەزیری بەرگری و ناوخۆی ئێرانیش کاری کردووە.

دوای ئەوەی جەنگی ١٢ ڕۆژەی حوزەیرانی ٢٠٢٥ زیانێکی زۆری بە کۆماری ئیسلامی گەیاند، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، گۆڕانکاریی لە سەرکردایەتیی سوپای پاسداراندا کرد و محەمەد پاکپوور  (Mohammad Pakpour)ی وەک فەرماندەی گشتی دانا و، وەحیدیشی وەک جێگری فەرماندە دەستنیشان کرد؛ پۆستێک کە بەدەستیەوە بوو تا کوژرانی پاکپوور لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە ٢٨ی شوبات. ئێستا کە سوپای پاسداران لە لووتکەدایە، وەحیدی نوێنەرایەتیی ڕوویەکی دیکەی پێکهاتە نوێیەکەی دەسەڵات لە ئێران دەکات. بەپێچەوانەی قالیباف، ئەو هەرگیز هەوڵی نەداوە ناسنامەی خۆی وەک پیاوێکی سەر بە دامەزراوەی ئەمنی بشارێتەوە.

بەڵام هەژموونی وەحیدییش سنووری خۆی هەیە. ئەو قورسایییەکی زۆری لەنێوان کوتلە توندڕەوەکانی سوپای پاسداران و دامەزراوە ئەمنییە بەرفراوانەکەدا هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو کەسایەتییەکی وا نییە کە بەئاسانی بتوانێت وەلائی تەواوەتیی هەموو دامەزراوەکە بەدەست بهێنێت، چ جای ئەرتەش (Artesh)- واتە سوپای ئاسایی- یان بیرۆکراسییەتە مەدەنییەکەیش بە هەمان شێوەیە. لەبەر ئەوە، دەبێت وەحیدی شانبەشانی قالیباف کار بکات. وەحیدی ئیرادەیەکی سەربازی بە پێکهاتەی فەرماندەیی دەبەخشێت؛ لە بەرامبەردا قالیباف یەکگرتووییی سیاسی پێشکەش دەکات. ڕۆڵەکانیان جێگەی یەکتر ناگرنەوە، بەڵام لە بارودۆخی جەنگدا، هەر یەکەیان ئەویتر بەسوودتر دەکات.

نەخشاندنی ڕێڕەوی ئێران

لە دەرەوەی کەسایەتییە تاکەکەسییەکان، گرنگترین دامەزراوە کە لە گه‌رمه‌ی جەنگدا هەماهەنگیی ئەولەوییەتەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکات، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیییە. پێشتر ئەم ئەنجومەنە لەلایەن “عەلی لاریجانی”یەوە بەڕێوە دەبردرا، کە کارگێڕێکی سیاسیی لێهاتوو و کەسێکی متمانەپێکراوی عەلی خامنەیی بوو، کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە مانگی ئازاردا کوژرا. جێگرەوەکەی، محەمەدباقر زولقەدر (Mohammad Bagher Zolghadr)، بەرجەستەکاری گۆڕانکارییەکی دیکەیە لە ناوەندی قورساییی سیستەمی ئێرانیدا، کە بەرەو دوورکەوتنەوە لە بەڕێوەبردنی سیاسی و نزیکبوونەوە لە هەماهەنگیی ئەمنی-بیرۆکراسی هەنگاو دەنێت.

زولقەدر ئەفسەرێکی دێرینی سوپای پاسدارانە و، پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ بارەگای ڕەمەزان (Ramazan Headquarters)  هەیە، کە یەکەیەکی ئۆپەراسیۆنی نهێنیی سوپای پاسدارانە و، دواتر تۆڕەکانی یارمەتیدەر بوون بۆ دروستکردنی فەیلەقی قودس. لە ماوەی کارکردنیدا، وەک جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران خزمەتی کردووە، دۆسیە ئەمنییەکانی لەناو وەزارەتی ناوخۆدا بەدەستەوە بووە، لەناو دەسەڵاتی دادوەریدا کاری کردووە و، لە کۆتاییدا بووەتە سکرتێری ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم (Expediency Council)، کە دەستەیەکی ڕاوێژکارییە و ئەرکی نێوەندگیرییە لەنێوان پەرلەمانی ئێران و ئیدارەی مەدەنیدا.

ڕێڕەوەکەی زولقەدر کەمتر پەیوەندیی بە فەرماندەییی مەیدانی جەنگەوە هەبووە و زیاتر پەیوەستە بە بابەتێک کە ڕەنگە هەمیشەییتر بێت: جێگیرکردنی لۆژیکی ئەمنی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. لەم پێکهاتەیەی ئێستادا، ئەمە بەتەواوی سەنگی زولقەدر دەردەخات. زولقەدر شانەی بەستنەەوەی سیستەمەکەیە؛ کەسایەتییەکە کە ڕۆڵی ئەوەیە دڵنیایی بدات لەوەی باڵە سیاسی، دادوەری، سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بەیەکگرتوویی لەگەڵ یەکتردا دەمێننەوە.

کاتێک دێتە سەر جێبەجێکردنی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئەمریکا، ستراتیژیی وڵاتەکە لە جەنگی ناهاوسەنگدا (asymmetric warfare)  گرێدراوە بە سەپاندنی زیانی سزائامێز بەسەر ئابووریی جیهانیدا، ئەویش لە ڕێگەی سنووردارکردنی ڕۆیشتنی نەوت و گازی سروشتیی شلەوە لە گەرووی هورمزەوە و هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو.

یەکێک لەو کەسانەی کە یارمەتیدەر بوو لە پەرەپێدانی ئەم ستراتیژە، عەلیئەکبەر ئەحمەدیان (Ali Akbar Ahmadian)ە. ئەو وەک فەرماندەیەکی هێزی دەریایی لە سوپای پاسداران خزمەتی کردووە، بۆ چەندان ساڵ سەرکردایەتیی ناوەندی ستراتیژیی ڕێکخراوەکەی کردووە و، وەک بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییی ئێرانیش کاری کردووە. دوای جەنگی ١٢ ڕۆژەکە، کۆماری ئیسلامی ئەنجومەنی بەرگری (Defense Council)ی دامەزراند بۆ بەدامەزراوەییکردنی پلاندانانی جەنگ—کە دەستەیەکە ئەحمەدیان تێیدا وەک سکرتێری بەوەکالەت کار دەکات. ئەو نوێنەرایەتیی چینی عەقیدەییی سیستەمەکە دەکات و ڕۆڵێکی زیاتر ستراتیژی دەگێڕێت.

راستییەکەی، دوو چەک سەلماندوویانە کە گرنگییەکی بێوێنەیان هەیە لە جێبەجێکردنی ستراتیژییەتی سەربازیی ئێران بە درێژاییی جەنگەکە: درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و مووشەکەکان. هێزی ئاسمانی-بۆشایی  (Aerospace Force)ی سوپای پاسداران ئەم چەکانەی بەکار هێناوە بۆ سەپاندنی تێچوو بەسەر وڵاتانی عەرەبی کەنداو، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەکە و، ئیسرائیلدا. هێزی ئاسمانی-بۆشایی وەک گرنگترین لقی سوپای پاسداران دەرکەوتووە و، فەرماندەکەی، مەجید مووسەوی (Majid Mousavi)، لەناو تۆڕەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا وەک کەسایەتییەکی ناوەندی پێگەی بەرزبووەتەوە. مووسەوی و هێزە ئاسمانییەکەی، ئێستا بۆ پیشاندانی توانای بەرپەرچدانەوەی ئێران چارەنووسسازن. لە ناوخۆی ئێراندا، مووسەوی بەراورد بە پێشەنگەکانی پێشووی، وەک کەسێک سەیر دەکرێت کە زیاتر ئامادەیە بەکارهێنانی مووشەکەکان بۆ دەرەوەی ئامانجە سەربازییەکان فراوانتر بکات. زیاتر لە هەموو کەسایەتییەکی دیکە، هەژموونی مووسەوی خێراییی سەربازی و قەبارەی  هەڵکشانی گرژییەکان دەستنیشان دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، جەنگەکان پێویستیان بە میكانیزمێكی ئاڵۆزتر هەیە. ئەو دامەزراوەیەی کە بەرپرسیارە لە هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی نێوان سوپای پاسداران و سوپای ئاساییی ئێران لە کاتی جەنگدا، بە بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا (Khatam al-Anbiya Central Headquarters) ناسراوە. ئەو پیاوەی بەڕێوەی دەبات و، چینی ئۆپەراسیۆنی ئەم پێکهاتەی فەرماندەیییە تەواو دەکات، عەلی عەبدوڵڵاهی (Ali Abdollahi)یە، کە ئەفسەرێکە ڕێڕەوە پیشەیییەکەی سوپای پاسداران، پۆلیسی نیشتمانی، وەزارەتی ناوخۆ و، بیرۆکراسییەتەکانی لۆجستیک و هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنەکان دەگرێتەوە کە لە کاتی جەنگدا دەوڵەتێک پێکەوە دەبەستنەوە. عەبدوڵڵاهی ستراتیژی دانانێت، بەڵکوو ستراتیژییەکە دەخاتە گه‌ڕ.

ئەوەی لەم ڕێکخستنە دەردەکەوێت، پێکهاتەیەکە کە تێیدا هیچ کەسایەتییەک وەکوو تاک پێویست ناکات هەموو شتێک بکات. هەر فەرماندەیەک لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ڕۆڵی دیاریکراودا کار دەکات کە جیاوازن، بەڵام تەواوکەری یەکترن؛ کە ئەمەیش ڕێگە بە سیستەمەکە دەدات بەبێ پشتبەستن بە تەنیا یەک ناوەندی دەسەڵات، کار بکات. هەرچەندە جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە و، ڕەنگە ئەم جیاوازییانە دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە زیاتر دەربکەون. بەڵام لە ئێستادا، ئەوان لەناو چوارچێوەیەکی هاوبەشدا کار دەکەن کە بەهۆی پێویستیی مانەوە، یەکگرتووییی دامەزراوەیی و، پاراستنی کرۆکی سەربازیی کۆماری ئیسلامییەوە پێکەوە بەستراوەتەوە.

هۆکاری خۆڕاگریی ناوەندی دەسەڵات

دڵنیابوون لەوەی کە چوارچێوە ئەمنییەکە بۆ ئامانجه‌كه‌ گونجاوه‌، بە واتای کۆنترۆڵکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆییش دێت لە نێوەندی جەنگدا—کە ئەمەیش ئەرکێکە ئێستا دەکەوێتە ئەستۆی غولامحوسێن موحسینی ئێژەیی (Gholam-Hossein Mohseni-Ejei)، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکە. بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، ئەو، سیستەمە یاسایییە بەربڵاو و بەچەککراوە سیاسییەکەی ئێرانی بەکار هێناوە بۆ دادگه‌ییکردنی خۆپیشاندەران و ناڕازییان، دەرکردنی هۆشداری دژی نەیارەکان، هەڕەشەکردن لە سزای توندتری سەردەمی جەنگ و، لەسێدارەدانی زیندانییەکان.

چینێکی دیکە و کۆتایی لە سیستەمی نوێی سەرکردایەتیی ئێران لە کاتی جەنگدا، هەرچەندە پێناسەکردنیان ئاسان نییە، بەڵام لەلایەن کۆمەڵێک لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسدارانەوە پێک دەهێنرێت کە پەیوەندیدارییان بە ناوەندی دەسەڵات و بڕیاردان بەئاسانی هەڵناسەنگێنرێت. موحسین ڕەزایی (Mohsen Rezaei)، یەحیا ڕەحیم سەفەوی  (Yahya Rahim Safavi) و، محەمەدعەلی جەعفەری (Mohammad Ali Jafari) لە دەرەوەی ئێران زۆر ناسراو نین و، سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ڕۆژانەیش ناکەن. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوان پێكه‌وه‌ شتێکی هەمیشەییتر بەرجەستە دەکەن: بیرەوەریی دامەزراوەیی، تۆڕە کەسییەکان کە لە ماوەی چەندان دەیەدا گەشەیان پێ دراوە و، متمانەیەک لەنێوان کادیرە کۆنەکانی سوپای پاسداراندا کە هیچ دانانێکی فەرمی ناتوانێت دروستی بکات یان هەڵی بوەشێنێتەوە.

بۆ من ڕوونە کە سەرکردایەتیی ئێستا بەردەوام پرس و ڕاوێژیان پێ دەکات، کە ئەمەیش جارێکی دیکە یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا تەنیا پشت بە پۆستی فەرمی نابەستێت. لە سیستەمێکدا کە فەرماندە باڵاکان لە هێرشی ئامانجداردا کوژراون و هەندێک پۆست بەئەنقەست بەناڕوونی هێڵراونەتەوە، هێشتا دەکرێت هەژموون لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییانەوە تێ پەڕێت کە لە ماوەی چەندان دەیەدا دروست کراون.

ئەوەیش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە دەستمان پێ کرد: لۆژیکی جێی پرسیاری پشت پێداگری لەسەر لەناوبردنی لووتکەی سەرکردایەتی. لەناوبردنی فەرماندەیەک لەوانەیە زنجیرەیەکی دیاریکراوی فەرماندەیی تێک بدات، بەڵام مەرج نییە توانای فراوانتری سیستەمەکە بۆ گرتنەخۆی گورزەکە و خۆگونجاندن لاواز بکات- لانی کەم بۆ ئێستا وا نییە.

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی وەڵامی گوشارەکانی داوەتەوە، نەک بە سادەکردنەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتەکەی، بەڵکوو بە زیادکردن و شاراوەکردنی ئەو کەناڵانەی کە دەسەڵاتیان لە ڕێگەوە پیادە دەکرێت. هەندێک پۆست بەخێرایی پڕ کراونەتەوە؛ هەندێکی دیکە بەفەرمی بەبەتاڵی هێڵراونەتەوە و ئەرکەکانیان بەبێدەنگی دووبارە دابەش کراونەتەوە و؛ دەستە نوێیەکان یان دەستە زیندووکراوەکانی سەردەمی جەنگیش گرنگییەکی وایان وەرگرتووە کە کەمدەرکەوتنیان پێچەوانەکەی نیشان دەدات. مەبەستەکەیش پاراستنی بەردەوامیی دامەزراوەیی بووە لە کاتی کەمکردنەوەی ئەو لاوازییەی کە بەهۆی کۆکردنەوەی دەسەڵات لە هەر خاڵێکی تاکەکەسییەوە دروست دەبێت.

دەرەنجامەکە سیستەمێکی زیاتر بەسەربازیکراوە، بەڵام نەک ئەنجومەنێکی حوکمڕانیی سەربازی بەو مانا باوەی کە هەیە. دامەزراوە مەدەنییەکان هێشتا گرنگی خۆیان هەیە. پەرلەمان، سەرۆکایەتیی کۆمار، دەسەڵاتی دادوەری و، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وەک بەشێک لەم پێکهاتەیە ماونەتەوە. بەڵام ئەو لۆژیکەی ئێستا سەرجەم ئەم دامەزراوانە ڕێک دەخات، تا دێت زیاتر لەلایەن فەرماندە ئەمنییەکان و ئەفسەرە دێرینەکانی مەیدانی جەنگەوە لەقاڵب دەدرێت، کە ئەزموونە پێگەیشتنیان نەک لە رێگەی دانوستان، بەڵکوو بە ڕووبەڕووبوونەوە پێناسە دەکرێن. دەوڵەت دەستبەرداری پێکهاتە فەرمییەکانی خۆی نەبووە، بەڵکوو بەبێ هیچ ڕاگەیاندنێک، بەرەو پێداویستییەکانی ململانێی درێژخایەن چەماندوونیەتییەوە (ئاراستەی گۆڕیون).

هەر لەبەر ئەم هۆکارەیشە کە جیاوازییە ناوخۆیییەکانی ناو سیستەمەکە ناگەنە ئاستی ئیفلیجی و په‌ككه‌وتن. بەڵام لەژێر بارودۆخی جەنگدا، ئەم جیاوازییانە لەلایەن کۆدەنگییەکی بنەڕەتییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن: سیستەمەکە دەبێت بمێنێتەوە، سوپای پاسداران دەبێت بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە و، جەنگەکە نابێت بە شێوەیەک کۆتایی بێت کە خولێکی دیکەی هێرشەکان به‌دوای خۆیدا بێنێت. ڕەنگە ناکۆکییەکان دوای جەنگەکە توندتر ببنەوە، بەتایبەتی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لەنێوان کوتلە جیاوازەکاندا. بەڵام بۆ ئێستا، ئەوان لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا کار دەکەن لەجیاتی ئەوەی دژی بن.

پرسی نەوەکان وەک گرنگترین کێشەی چارەسەرنەکراو لە سیاسەتی ئێرانیدا دەمێنێتەوە. سیستەمی ئێستای ئێران لەلایەن پیاوانێکەوە قۆرخ کراوە کە بەهۆی جەنگی ئێران و عێراق و دەیە سەرەتایییەکانی سوپای پاسدارانەوە پێک هاتوون. ئەوان تێگەیشتنێکی قووڵ و بونیادییان هه‌م بۆ پێویستی و هەم سنوورەکانی بەکارهێنانی هێز هەیە. ئەفسەرە گەنجەکان، کە لە ناو جەنگ و چاوەڕوانیی جیاوازدا پێگەیشتوون، لەوانەیە نەوەی پێش خۆیان وەک کەسانێکی زیاد لە پێویست پارێزکار و خەمخۆری تۆڕەکانی خۆیان ببینن. لەوانەیە دوای شەڕ، موجتەبا خامنەیی هەوڵ بدات لە ڕێگەی ڕاکێشان و پەروەردەکردنی ئەو نەوە گەنجە، پێگەی خۆی بەهێزتر بکات؛ بەڵام ئەو کێبڕکێیە هێشتا کاتی نەهاتووە و پەیوەندی بە داهاتووەوە هەیە.

لە ئێستادا، ئێران لەلایەن تەنیا یەک کەسەوە بەڕێوە نابرێت کە بەرامبەر فشار، گۆشەگیری، یان لابردن لاواز بێت. بەڵکو لەلایەن تۆڕێکی تاقیکراوە و توندوتۆڵەوە بەڕێوە دەبرێت کە خۆی کەمتر دەردەخات، لە بڕیاردانەکانیدا زیاتر بەکۆمەڵ دەردەکەوێت و، بۆیە ملکەچکردنی زەحمەتترە. هەر بۆیە تێگەیشتن لەم ”پێکهاتە”یە بایەخێکی زۆر زیاتری هەیە وەک لە ژماردنی ئەو ناوانەی لە لووتکەی دەسەڵاتدان.

حەمیدڕەزا عەزیزی (Hamidreza Azizi) توێژەری میوانە (Visiting Fellow) لە پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش (German Institute for International and Security Affairs).

سەرچاوە:

https://time.com/article/2026/05/06/irans-new-leaders/




لە هەڵپەساردنی قەیرانەکانەوە بۆ کرانەوەى ستراتیژی لەگەڵ بەغدا

 

موه‌فه‌ق عادل عومه‌ر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له‌ به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی/ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر

پێشەکی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان “نێچیرڤان بارزانی” بە سەردانێکی فەرمی لە ٤ی ئایاری ٢٠٢٦ گەیشتە بەغدا. ئەم هەنگاوە لەم ساتەوەختەدا بە جووڵەیەکی سیاسیی گرنگ لە چوارچێوەى پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دادەنرێت.

سەردانەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە  قۆناغێکدایە کە تێیدا گەشێکی پڕ لە بێمتمانەیی زاڵە و، ئاستی نیگەرانییە ناوخۆیییەکان لە عێراقدا ڕووی لە هەڵکشان کردووە. دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغە بریتین لە بەرزبوونەوەى ئەو گوشارە ئابووری و ئەمنییانەى کە ڕووبەڕووی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بوونەتەوە.

لەبەر ئەم هۆکارانە، ناکرێت ئەم سەردانە تەنیا وەک سەردانێکی پرۆتۆکۆڵیی سادە یاخود جووڵەیەکی سیاسیی ئاسایی سەیر بکرێت، بەڵکوو دەبێت وەک هەنگاوێکی ستراتیژیی بنیاتنەر بخوێنرێتەوە؛ کە ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداوە.

لەم سۆنگەیەوە، ئەم پرسیارە جەوهەرییە دێتە پێشەوە: ئایا ئەم هەنگاوە دەستپێکێکە بۆ “کرانەوەیەکی ستراتیژیی نوێ” لەنێوان هەردوو لادا، کە ئامانج لێی داڕشتنەوەى پەیوەندییە فیدراڵییەکان بێت لەسەر بنەمایەکی سەقامگیر، دواى قۆناغەکانی پێشوو کە پڕە لە کێشە و گرفت و ئاڵۆزی.

لەم وتارە هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر هەنگاوەکانی کرانەوەى ستراتیژی لەگەڵ بەغدا.

لە “ئیدارەدانی کاتیی قەیرانە کەڵەکەبووەکانەوە” بۆ “کرانەوەیەکی ستراتیژیی نوێ”

پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەى سەرۆکایەتیی ئەنجومەنى نوێنەران و سەرۆککۆمارى عێراق، گرژى و ئاڵۆزییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراقی گەیاندە لووتکە، بەتایبەتیش لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی “پارتی دیموکراتی کوردستان” لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە شیعە و سوننەکان لە لایەک و، پەیوەندییەکانی لەگەڵ “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان” لە لایەکی دیکەوە. پەرەسەندنی ئەم گرژییانە، پارتی دیموکراتی کوردستانی گەیاندە ئاستێک کە بڕیار بدات ئەندامانی فراکسیۆنەکەى لە ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق بانگهێشت بکاتەوە؛ ئەمەیش بە مەبەستی ڕاوێژپێکردنیان. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە هاوشانی لایەنە شیعە و سوننەکان، نێوماڵی کوردیش بە دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و نالەباردا تێ دەپەڕێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەیش، ئەم دۆخە پڕ لە ململانێیە لە کاتێکدایە کە چەندان پێشهاتی ئەرێنی و ئاماژەى گۆڕانکاری لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەروەها ناوچەکە بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی گرتووەتەوە.

لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزی لەم شێوەیەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەردانێکی ستراتیژیی گرنگی بۆ بەغدا ئەنجام دا. ئەم سەردانە تەنیا جووڵەیەک و چالاکییەکی سیاسیی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو ڕەنگدانەوەى ستراتیژییەتێکی گشتگیرتر بوو کە ئەم چوار ئامانجە سەرەکییەى دەپێکا: ڕێگریکردن لە داڕمانی یەکجارەکیی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کۆنترۆڵکردنی گرژییە سیاسی و میدیایییەکان، پاراستنی هاوسەنگی لەناو پرۆسەى سیاسیی عێراقدا، کەمکردنەوەى مەترسیی گۆڕانی ناکۆکییەکان بۆ پێکدادانی سیاسی یان ئەمنیی کراوە.

دواى ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان لە ساڵى ٢٠١٧، ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە ژینگەی سیاسیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ڕێگرە لەوەى کە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی بەغدا ببێتەوە. ئەزموونی ئەو قۆناغە سەلماندی، کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیر و ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا، دەرەنجامی نەرێنیی وەک (گۆشەگیرکردنی سیاسی، گوشارى ئابوورى، کەمبوونەوەى پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، لاوازکردنی پێگەى هەرێمی کوردستان لەناو هاوکێشەکانی عێراقدا)ی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە پێویستە ستراتیژیی هەرێمی کوردستان لە “ڕووبەڕووبوونەوەى سیاسیی ڕاستەوخۆ“وە بەرەو “سیاسەتی خۆگونجاندن و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان” بگۆڕدرێت.

لێرەدا ڕۆڵ و هەنگاوەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەرجەستە دەبێت و ئەزموونیش سەلماندوویەتی کە کەسایەتییەکی وەک به‌ڕێزیان، توانای جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتەى هەیە. چونکە بەگشتی گوتارە سیاسییەکانی، بەمە جیا دەکرێنەوە کە ڕەهەندی: (پراگماتیکی، هێورکردنەوە، دیپلۆماسییەتی نەرم، دوورکەوتنەوە لە گوتاری گرژیئامێز)یان پێوە دیارە. ئەم تایبەتمەندییانەیش وای کردووە ببێتە کەسایەتییەکی قبووڵکراو لەلایەن هێزە شیعە و سوننەکانی عێراق؛ تەنانەت لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا ئەمە بووەتە خاڵێکی بەهێز بۆ پاراستن و دروستکردنی هاوسەنگی.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانەى سەرەوە، دەتوانین گرنگیی هەنگاوەکانی کرانەوەى سترایتژیی ئەم دوایییەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەم خاڵانەى خوارەوە بخەینە ڕوو:

یەکەم: جێگیرکردنی بنەمای دیالۆگی سیاسی لە جێگەى گرژى و ئاڵۆزی. سەردانەکە جەخت لەسەر دیالۆگی سیاسیی ڕاستەوخۆ دەکات، کە تا ئێستا دەرکەوتووە ئەم بنەمایە کاریگەرترین و چالاکترین ئامرازە بۆ بەڕێوەبردنی گرژى و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

سەرەڕاى قووڵیی کێشەکانی نێوان هەردوو لا، بەڵام سەردانەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ئەمەى بۆمان خستە ڕوو کە تەنانەت سەرکردە شیعە و سوننەکان بڕوایان بەوە هەیە کە دەکرێت کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەى دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێن. بۆ نموونە ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی هەقی شیعی “قەیس خەزعەلی”، دەربارەى سەردانەکەى سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ڕای گەیاند کە ئەم سەردانە هەنگاوێکی باشە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەسایەتییەکی قبووڵکراوە و، ئەمە نییەتباشیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەخاتە ڕوو؛ هەروەها لێدوانەکانی “موحەممەد حەلبووسی”یش بەنزیکەیی لە هەمان ئاراستەدا بوو.

 بۆیە دەتوانین بڵێین، ئەمە بەڵگەیەکی گرنگە بۆ ئەوە کە دەکرێ لەگەڵ سەرسەختترین نەیاردا گفتوگۆ و دانوستاندن بکرێت و ژینگەیەکی ئاوای بۆ ئامادە بکرێت کە بۆچوونە نەرێنییەکانی خۆى دەربارەى هەرێم و کورد و پارتی بگۆڕێت.

دووەم: وێناکردنی هەرێمی کوردستان بەوەی کە هاوبەشێکی سەرەکییە لە عێراق. بەهۆی گرژى و ناکۆکییە ناوخۆیییەکانی لایەنە کوردستانییەکان، لە قۆناغی ڕابردوودا کورد لە بەغدا زۆر بەلاوازی دەرکەوت و تەنانەت ئەو پۆستانەى کە مافی کوردە، لایەنە شیعەکان بڕیاریان لەبارەوە دا. جا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، سەردانەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ڕاستەوخۆ و کاریگەر بوو کە هەرێمی کوردستان تا ئێستایش هاوبەشێکی سەرەکی و ستراتیژییە لە هاوکێشە سیاسییەکەى عێراقدا. هەروەها ئەم هەنگاوە پەیامێکی ڕاستەوخۆیشی لەخۆ گرتووە کە بریتییە لەوەى سەقامگیریی عێراق لە ئاستێکی بەرزدا، بە سروشتی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداوه‌ بەستراوەتەوە.

جگە لەمە، جووڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی سەرکردایەتیی کورد، بەتایبەتی سەرۆکی هەرێم، ئەوەى لێ دەخوێنرێتەوە کە مامەڵەى هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، لە چوارچێوەى سیاسەتەکانی بایکۆتکردن نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای پێگەى هاوبەشی سیاسییە لە چوارچێوەى دەوڵەتێکی فیدراڵی و دەستووریدا.

سێیەم: چەسپاندنی دیپلۆماسیەتی ناوخۆیی لە عێراق. هەوڵە دوایییەکانی سەرکردایەتیی کورد، بەتایبەتی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کورستان، جەختی لەوە کرده‌وه‌ بەڕێوەبردنی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستی بە ئامرازە دیپلۆماسییە ناوخۆیییەکان هەیە کە لەسەر بنەمای دانوستاندن و دیالۆگی بەردەوام بنیات نراوە، نەک لەسەر سیاسەتی فەرزکردنی ئیرادە یاخود هەڕەشە و هێرشە میدیایییەکان.

ئەمەیش بەرەوپێشڤەچوونێکی ڕێژەیییە لە سروشتی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە ناوخۆی عێراقدا دوای ساڵانێکی زۆر لە گرژیی سیاسی.

چوارەم: پاڵپشتیکردن لە پێکهێنانی حکوومەتى عێراق کە دەست بە ڕیکارە دەستوورییەکانی پێکهێنانی کراوە؛ سەرەڕای ئەوەى ئەم خاڵە گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە و سەردانەکە وا دەرکەوتووە کە تەنیا بۆ ئەم مەبەستە بووە، بەڵام پێداگریکردن لە بوونی کورد و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کابینەى داهاتووی حکوومەتی عێراق، پەیامێکی قووڵتر و ستراتیژیتری هەیە کە ئەویش بریتییە لەوەى کە کورد، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هاوکێشە نوێیەکەى عێراقدا بوونی هەیە و، لە پێشهاتەکانی عێراق لە چوارچێوەى گۆڕانکارییە هەرێمی و نیودەوڵەتییەکاندا دوور نەکەوتۆتەوە. ئەم پەیامەیش لە ڕێگەى سەردانەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا بەڕوونی و ئاشکرا و ڕاستەوخۆ خراوه‌تە ڕوو.

پێنجەم: هەرێمی کوردستان لە لایەک بەهۆی گەمارۆکانی بەغدا و لە لایەکی دیکەوە بەهۆی پێشهاتە هەرێمییەکانەوە، ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و ئابووری بووەتەوە؛ بۆیە دەکرێت خوێندنەوە بۆ جووڵە دیپلۆماسییەکانی ئەم دوایییەى هەرێم بەو شێوەیە بکرێت کە ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەى گوشارە ئابووری و سیاسییەکان، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی لاوازکردنی قەوارەى دەستووریی هەرێم. ئەم ستراتیژییەیش لە ڕێگەى دووبارە ڕێکخستنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی پراگماتیکی و نواندنی نەرمیی زیاتر جێبەجێ دەکرێت.

 

کۆبەند

پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی لە سەرەتاکانی ساڵى ٢٠١٣وە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە خراپی کردووە و ماوە ماوەیش گەیشتۆتە بنبەست. بەڵام جووڵەى ئەم دوایییەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوزارشت لە تێپەڕینێکی هەنگاو بە هەنگاو دەکات لە سیاسەتێکەوە کە لەسەر بنەمای “بەڕێوەبردنی قەیرانەکان دواى ڕوودانیان”، بەرەو سیاسەتێک کە ئامانجی “ڕێگریکردنە لە تەقینەوەى دۆخەکە بەر لە ڕوودانی” لە ڕێگەى بەکارهێنانی ئامرازەکانی دیپلۆماسییەتی ناوخۆ، دیالۆگی سیاسی، بەڕێوەبردنی هاوسەنگییەکان، پراگماتیکی ستراتیژی.

هەروەها لە هەنگاوەکانی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەتایبەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ئەوەى لێ تێ دەگەین کەوا پاراستنی هەرێمی کوردستان تەنیا پشت بە نفووزی ناوخۆیی نابه‌ستێت، بەڵکوو لە هەمان کاتدا پشت بە تواناکانی لەسەر پاراستنی پەیوەندییەکی بەردەوام لەگەڵ بەغدا، بەڕێوەبردنی تۆڕێک لە هاوپەیمانییەتی لەسەر ئاستی عێراق، کەمکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ هێزە شیعەکان، پاراستنی هاوسەنگی لەگەڵ هێزە سوننەکان و، ڕێگریکردن لە پەراوێزخستنی هەرێم لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا ده‌بەستێت.

لەم سۆنگەیەوە، لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگیی سەردانەکەى سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا تەنیا لە ڕووی تاوتوێکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراو و ڕاستەوخۆکانی وەکوو (مووچە، بوودجەى گشتی، نەوت و غاز، هەماهەنگیی ئەمنی) گرنگ نییە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا گرنگییەکەى لەوەدایە کە ئەمە هەوڵێکە بۆ دووبارە پێناسەکردنه‌وه‌ی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەى لۆژیکێکی نوێ کە لەسەر “هاوبەشیی پێویست” بنیات نراوە لەجیاتی “پێکەوەژیانی ناجێگیر و کاتی”.

لە ئەنجامدا دەتوانین ئەوە بڵێین، کەوا سەردانەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا تەنیا هەوڵێک نەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی کاتی و لەناکاو، بەڵکوو دەڕبرینێکە لە قۆناغێکی سیاسیی نوێ، کە تێیدا سەرکردایەتیی کورد  هەوڵ دەدات بۆ دووبارە چەسپاندنه‌وه‌ی پێگەی خۆی لە چوارچێوەى هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا لەژێر ڕۆشناییی (واقعبینیی سیاسی، بەڕێوەبردنی هاوسەنگییەکان، پاراستنی سەقامگیری) لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێی ڕاستەوخۆ.




لێکەوتەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان

لێکەوتەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان

پ. ی. د. هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی/زانکۆی بەنگۆر

پێشەکی

بۆ جاری دووەم، لە کەمتر لە ساڵێكدا، هێرشە کتوپڕەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ڕێکەوتی ٢٨/٢/٢٠٢٦ کە پتر لە پێنج هەفتەی خایاند، ناکرێ وەک جەنگێک هەژمار بکرێت کە تەنیا لێکەوتەی لەسەر کۆی گشتیی کەرتەکانی ئێرانی دەبێت، بەڵکوو ئەم جەنگە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دوولایەنەی نێوان ئەمریکا و ئێران، لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لێکەوتەکانی، بەتایبەت لەسەر کەرتی وزە، دارایی، ئابووری و کشتوکاڵی دەوڵەتانی دەرەوەی ئەم جەنگە، بەردەوامە. عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە حوکمی ئەوەی کە درواسێی ئێرانن، لە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە، چ لە کورتخایەن و چ لە دوورمەودادا بێبەش نابن. لەم گوتارەدا تیشک دەخرێتە سەر ڕەنگدانەوەی ئەم جەنگە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان.

یەکەم، لێکەوتەکانی ئەم جەنگە لەسەر عێراق

  • لێکەوتە ئابوورییه‌كان:

بەپێی داتاکان، سەرووی ٩٠٪ داهاتی عێراق پشت بە کەرتی هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت. ئەم جەنگە بووە هۆی داخستنی گەرووی هورمز. ئەگەرچی تاران لە سەرەتای جەنگەوە ڕای گەیاند کە وڵاتانی دۆست، لەنێویشیاندا عێراق، دەتوانن نەوتەکەیان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە بکەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع وەها دەرنەچوو؛ هەر بۆیەش عێراق هەوڵی دا لە ڕێگەی سووریا و هەرێمی کوردستانەوە بەشێک لە هەناردەکردنی نەوتەکەی قەرەبوو بکاتەوە. بەڵام ئەو بۆڕییەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە نەوت دەگوازێتەوە، لە ئێستادا تەنیا توانای گواستنەوەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە یەک ڕۆژدا هەیە. ئەو نەوتەی کە بە سووریا لە ڕێگەی تەنکەرەوە هەناردە دەبێت، ١٥-٢٠٪ی داهاتەکەی بۆ بەهای گواستنەوە دەچێت، جیا لەو پارەیەی کە دەبێ بۆ ترانزیت بە حکوومەتی دیمەشق بدرێت و تەنانەت نەوتەکە لەژێر نرخی ستاندەردی جیهانییەوە بفرۆشرێت.

بەپێی داتاکان، ڕۆژانە عێراق نزیکەی ٤٣٠ ملیۆن دۆلار بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز تەنیا لە هەناردەکردنی نەوت زیان دەکات[1]. داخستنی گەرووی هورمز بووە هۆی ئەوەی کە عێراق نەتوانێت ڕۆژانە پتر لە یەک ملیۆن و نیو بەرمیل لە بەسرەوە هەناردە بکات[2]. ئەمەیش بە واتای کورتهێنانی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دێت.

بە واتایەکی تر ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بەغدا دەتوانێت تەنیا مووچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکات و کەرتە خزمەتگوزارییەکان پەک دەکەون. ئەگەرچی عێراق باس لەوە دەکات کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ نزیکەی ٩٧ ملیار دۆلار وەک نەختینەی یەدەکی هەیە[3]، بەڵام دەوڵەت ناتوانێت بەبێ بوونی نەختینە پاڵپشتیی بەهێزی دراوەکەی بکات، گەشە بە کەرتی ئابوورییەکەی بدات. ئەمەو سەرەڕای پەککەوتنی کەرتەکانی تری داهات بۆ عێراق؛ بۆ نموونە، نەمانی داهاتی کەرتی فڕۆکەوانی کە عێراق لە سەرتاسەری جەنگەکەدا ئاسمانەکەی بەڕووی فڕۆکە مەدەنییەکان دابخرێت. زیاد لەمەیش هەر لە سەرەتای جەنگەوە، نرخی کاڵا سەره‌تایی و خۆراکییەکان لە عێراق بە ڕێژەی ١٥-٢٥٪ بەرز بووەتەوە[4]. ئەمەیش چەند گرفتی سەرەکی لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ عێراق دروست دەکات:

یەکەم، بەهای دراوی دینار و داهاتی عێراق دادەبەزێت.

دووەم، بەهای کاڵاکان بەرز دەبێتەوە؛ بەتایبەت کە نزیکەی ٩٠٪ هاوردەی کاڵای خۆراکی، پەینی کیمیایی بۆ کشتوکاڵ و، دەرمان بۆ نه‌خۆشخانەکان لە گەرووی هورمزەوە هاوردە دەکرێت.

سێیەم، بەرفراوانبوونی ڕێژەی بێکاری و هەژاری.

ئەم گرفتانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە نایەکسانی لەنێوان ئاستی داهاتی تاکەسی و ئاستی بژێوی ژیان سەر هەڵبدات؛ واتە هاووڵاتی نەتوانێت بەئاسانی پێداویستییە سەرەکییەکانی دابین بکات. بۆ نموونە، بەهای فەرمیی سەد دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ١٣٢ هەزر دینار دیاری کراوە، کەچی لە ئێستادا بەهای سەد دۆلار لە بازاڕەکان سەرووی ١٥٥ هەزار دینارە. خودی ئەمەیش گرفتێکی تری بۆ بازاڕ و کاری بازرگانی دروست کردووە، کە جۆرێک لە بازاڕی ڕەشی لە سەرتاسەری عێراق بەرهەم هێناوە.

لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین کە ئەگەر قەیرانی داخستنی گەرووی هورمز و هەناردەنەکردنی نەوتی عێراق بەردەوام بێت، دەبێ چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و ڕێژەی هەژاری لە عێراق بکەین. لێکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم نایەکسانییەیش، واتە تێکچوونی نەزمی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیریی سیاسی بەهۆی بچووکبوونەوەی سفرەی هاووڵاتیی عێراقی.

  • لێکەوتەی سیاسی:

یەکەمین لێکەوتەی سیاسیی ئەم جەنگە بریتی بوو لەوەی کە بەپێچەوانەی جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەم جارە عێراق لە دەرەوەی مەیدانی جەنگ نەبوو، بەڵکوو گرووپە چەکدارەکانی عێراق، لە ڕێگەی هێرشی درۆنییه‌وه‌ بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، بەشدارییەکی کارایان له‌ جه‌نگه‌كه‌دا كرد.

ئەم جەنگە ئەوەی خستە ڕوو کە هەر گۆڕانکارییەک لە ئێران ڕوو بدات، چ بە ئەرینی بێت یاخود نەرێنی، کاریگەری لەسەر عێراق دروست دەکات. ئەگەرچی حکوومەتی بەغدا چەندان جار بەیاننامەی دەرکرد کە عێراق بەشێک نییە لەم جەنگە، بەڵام گرووپە چەکدارەکان ئەمەیان سەلماند کە حکوومەتی بەغدا، توانای کۆنتڕۆڵکردنی هێزە چەکدارەکانی نییە؛ کەچی خودی ئەم هێزە چەکدارانە باڵی سەربازیی ئەو لایەنە سیاسییانەن کە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە پێک دێنن و خودی چوارچێوەی هەماهەنگییش پێکهێنەری سەرەکیی حکوومەتە.

ئەم جەنگە ئەوەی سەلماند کە لە عێراقدا چەندان حکوومەت لەناو یەک دەوڵەتدا حوکمڕانی دەکەن و لە حکوومەتە فەرمییەکەی بەغدا بەهێزتریشن. ئەم حکوومەتە هاوتەریبانە (الحکومات الموازیة) دواجار هەم لە ڕووی پەیوەندییە هەرێمییەکان و هەمیش لە ئاستی نێودەوڵەتی، دەبنە هۆی لاوازکردنی حکوومەتی فەرمیی بەغدا و ئەگەری تێکچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە ئەگەرێکی بەهێزە. بۆ نموونە، هەر لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە گشت وڵاتانی کەنداو ناڕەزایەتییان لەهەمبەر حکوومەتی بەغدا دەربڕی و داوایان کرد کە حکوومەتی بەغدا ڕێگری لە کردەوە دوژمنکارییەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بکات.

لە لایەکی ترەوە خودی ئەمریکاش ئەم ناڕەزایەتییەی حکوومەتی واشنتۆنی گەیاندە بەغدا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە کاریگەریی بەسەر گشت کەرتە سیاسی، ئەمنی، ئابووری، سەربازی و داراییی عێراقدا هەیە، کەچی لە میانەی ئەم جەنگەدا چەندان جار هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی. دەکرێ ئەم کردەوانە سەرتایەک بن بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ جیهانی دەرەوە کە دواجار ناسەقامگیریی عێراقی لێ دەکەوێتەوە.

جەنگی ئەمریکا و ئێران، دەرخەری ئەوە بوو کە عێراق نە توانای پاراستنی سەروەری و سەقامگیریی ناوخۆییی هەیە و نە دەرەکی، بەڵکوو ئەمە تارانە کە نەخشەی سیاسی و سەربازیی عێراق دادەڕێژێت[5]. بەڵام پرسیارە قورسەکە ئەوەیە کە، ئایا بەغدا دەتوانێت لەهەمبەر گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە پاڵپشتیکردنی ئێران بەردەوام بێت؟

دووەمین لێکەوتەی سیاسیی ئەم جەنگە، هەڵبەز و دابەزینە لەنێوان پەراوێزخستن و لەخۆگرتنی سیاسیی عێراق. واتە، عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و بە نەمانی ڕژێمی بەعس، کە لە ڕێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە ئەم ڕژێمە ڕووخا، وێنای ئەوە دەکرا کە عێراق بگەڕێتەوە نێو باوەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەم وێناکردنە هەڵە دەرچوو و عێراق کەوتە ژێر هەژموونی تاران؛ کە خودی تارانیش بەدەست پەراوێزخستنی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لەلایەن کۆمەڵگە سیاسییەکانی ڕۆژاواوە دەیناڵاند. بە واتایەکی تر، بەغدا کەوتە باوشی دەوڵەتێکی پەراوێزخراو کە ئەویش ئێران بوو؛ واتە دوو جار عێراق تووشی پەراوێزخستن بۆته‌وه‌.

ئەگەرچی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە درێژاییی ئەم ساڵانە، هەوڵیان داوە کە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرە پێ بده‌ن، بەڵام تا ئێستا بەهۆی هەژموونی تاران بەسەر عێراق و هەبوونی کێشە لەنێوان تاران و زۆربەی دەوڵەتانی دراوسێی عێراق، بەغدا نەیتوانیوە سیاسەتێکی سەرکەوتووانەی دراوسێتیی باش و هاوسەنگ پەیڕەو بکات.

ئەگەرچی لە دوای هۆشدارییە توندەکانی ئیدارەی دۆناڵد تره‌مپ بۆ حکوومەتی بەغدا، بەغدا هەوڵی داوە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی تر فرەڕەهەند و فره‌سەرچاوە بکات، بەڵام دەکرێت بڵێین قورساییی میلیشیاکان، هەژموونی تاران و ئایدیۆلۆژیای “بەرەی موقاوەمە” بەربەستی سەرەکین لەبەردەم حکوومەتی بەغدا بۆ فرەسەرچاوەکردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە. هەر بۆیەش هەر لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، بەغدا بەدەست کێشەزایی لەخۆگرتن و پەراوێزخستنی سیاسییه‌وه‌ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ده‌ناڵێنێت.

دەکرێت دوای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، پرۆسەی پەراوێزخستنی عێراق توندتر بکرێت، ئەگەر بێت و بەغدا گوێ بۆ داواکارییەکانی ئیدارەی دۆناڵد تره‌مپ نەگرێت؛ بۆ نموونە هەر لە دوای ئەم جەنگە، واشنتۆن ناوی حەفت سەرکردەی حەشدی شەعبیی خستە ناو لیستی ڕەشەوە، یاخود ڕێگەی نەدا نووری مالیکی ببێتەوه‌ سەرۆکوەزیرانی عێراق[6]؛ تەنانەت ئەگەری هەیە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تا کۆتاییی سێپتەمبەری ٢٠٢٦، هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی بەرفراوانتر بێت و ئەگەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی وەک ئێستا ببنە سەرچاوەی پەیداکردنی دۆلار بۆ ئێران، دوور نییە بانکی ناوەندیی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆی بخرێتە سەر. ئەمەیش به‌ واتای داتەپینی تەواوەتیی سیستەمی ئابووری و سیاسیی عێراق دێت.

سێیەم، لە ناوخۆی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی، کە پێکهێنەری سەرەکیی حکوومەتە، تووشی دووڕییانێکی قورس بووە، کە ئایا پاڵپشتی لە ئێران بکات و دژی ئەمریکا بوەستێتەوە یاخود لە جەنگەکە تێوه‌ نەگڵێت و خۆی لە سزا و هێرشەکانی ئەمریکا بپارێزێت، کە دواجار لە ئاستی حکوومییەوە بڕیاری بێلایەنیی لە جەنگەکەی دەرکرد. ڕاستییه‌كه‌ی، لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی خوازیار نییە عێراق بچێتە ناو هەر جۆرە ناکۆکییەکی نێوان ئێران-ئەمریکا و ئێران-ئیسرائیل، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی داتەپینی بەهای دیناری عێراقی و تەنانەت بلۆککردنی پارەکانی عێراق لە ئەمریکا (بۆ نموونە لە دوای ئاگربەست، واشنتۆن نیو ملیار دۆلار پارەی عێراقی بلۆک کرد) یاخود ڕێگەنەدان بە عێراق کە چیتر گاز لە ئێران بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق هاوردە نه‌کات. بۆیە ئەگەر دۆخی عێراق لێک بدەینەوە، بەم دەرەنجامە دەگەین کە  بەغدا لەنێوان چەکوشی ئەمریکا و بزماری ئێران گیری خواردووە، کەچی دەسەڵاتی حکوومەت بەسەر حەشدی شەعبی ناشکێتەوە و ئەمریکاش داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکات.

ئەم دۆخە وا لە عێراق دەکات بیر لە تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپای عێراق بکاتەوە تا هەم ئەمریکا و هەمیش ئێران ڕازی بکات. هەر بۆیەش لە دوای ئەم دۆخە، ئەگەری زۆرە حەشدی شەعبی ببێتە بەشێک لە سوپای عێراق بەڵام بە هەمان پەیکەر و پێکهاتە و، وەک هێزێکی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بکات.

  • لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان:

جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لە دژی ئێران، بووە هۆی ئەوەی کە شەقامی سیاسیی عێراقی، بەتایبەت شەقامی شیعە، بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببێت: بەرەیه‌ک دژی ئەمریکا وەستانەوە و پشتیوانییان لە تاران دەکرد و بەرەیەکیش هاوپەیمانی ئەمریکا نەبوون بەڵام پشتیوانیی ئێرانیشیان نەکرد و داوایان کرد کە عێراق خۆی لە تێوەگڵان لە جەنگەکە بەدوور بگرێت. تەنانەت هەرێمی کوردستانیش ڕای گەیاند کە بەشێک نییە لە جەنگەکە. لە ئاست شەقامی شیعە، “موقتەدا سەدر” داوای کرد کە عێراق نەبێتە بەشێک لە جەنگەکە و “عەلی سیستانی”، گەورە مەرجەعی شیعەیش، داوای کرد کە لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەرمەبنای یاسای نێودەوڵەتی کێشەکان چارەسەر بکرێت.

ئەم دوو ئاراستە سیاسییە، دواجار ڕەنگدانەوەی لەسەر بیرکردنەوەی باوی کۆمەڵگەیش دەبێت، چونکە تا ئێستا حزبە سیاسییەکان لە عێراق، حزبی جەماوەرین و هەر جۆرە هەڵوێستێکی سیاسیی سەرکردەکان کاریگەری لەسەر لایەنگرەکانیشی دروست دەکات؛ بۆیە ئەم جەنگە سەرەتایەک بوو بۆ لێکترازانی کۆمەڵایەتی لە عێراق، بەتایبەت لە ناوماڵی شیعە کە ڕەوتێک زۆرتر پابەندیی شیعەگەرایی-عێراقچێتییە، ڕەوتێکیش پابەندی شیعەگەرایی-ناوچەگەرایییە (واتە ئەوەی کە بە بەرەی موقاوەمە دەناسرێت).

ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەگەری هەیە لە خولەکانی داهاتووی هەڵبژاردن، ئەو دروشمانە زۆرتر باو بن کە خزمەت بە عێراق بکات وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، نەک خزمەت بە ئایدیۆلۆژیا؛ چونکە ئەگەر لە کابینەی ڕابردوو ورد ببینەوە، دەبینین ئەوەی کە بووە هۆی سەرخستنی لیستی “محەمەد شیاع سوودانی” بریتی بوو لە دابینکردنی ئەو ئاستە خزمەتگوزارییەی کە بۆ عێراق دابینی کرد، جا چ کەم بێت یاخود زۆر. هەر بۆیەش ناوی لیستەکەی بریتی بوو لە ”گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە”.

دووەم، لێکەوتەکانی جەنگەکە لەسەر هەرێمی کوردستان

ئەو لێکەوتانەی کە لەسەرەوە لەسەر عێراق باسمان کرد، بەزیادەوە لەسەر هەرێمی کوردستان ده‌کەوێتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەشێکە لە عێراق و کار بە دیناری عێراقی دەکات. بۆ نموونە هەر گەمارۆیەکی ئابووری کە بەسەر عێراقدا بسەپێنرێت، هه‌رێمی کوردستانیش چونکە بەشێکە لە عێراق، لێکەوتەی نەرێنیی بەسەر ئه‌ویشدا دەبێت.

لە لایەکی ترەوە ئەگەری ئه‌وه‌ هەیە هەمدیس بەغداش هەرێمی کوردستان گەمارۆ بدات. واتە ئەگەر دۆخی ئابووریی عێراق لاواز بێت، بەغدا زۆر بەئاسانی دەتوانێت بیانوو به‌ هەرێمی کوردستان بگرێت و بۆ ئەوەی کە بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی سەربازی و مەدەنیی خۆی دابین بکات، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببڕێت. کەواتە لە ڕووی بژێوی ژیانەوە، هەرێمی کوردستان گرێدراوە بە جۆری ئەو سیاسەتەی کە بەغدا لەگەڵ جیهانی دەرەوە پەیڕەوی دەکات کە ئایا سیاسەتێکی عەقڵانی و بنیاتنەری نیشتمان دەبێت یاخود سیاسەتێکی سەر بە بەرەی موقاوەمە؟

لە لایەکی دیكەوە، گوتاری “کوردستان ئیسرائیلی دووەمە”، لە ئێران و عێراق، لەلایەن زۆربەی نوخبەی سیاسییەوە، گوتارێکی باوە. ئەم گوتارە پاساوێکی باشە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و لە میانەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم گوتارە زۆر بەزەقی لە لێدوانی بەرپرسانی ئێران و فەرماندەکانی حەشدی شەعبی دووبارە دەکرایەوە؛ وەک پاساودانێک بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان. دەکرێت ئەم بیانوو ساختەیە، بۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، بیانوویه‌کی بەهێزیش بێت، چونکە پەرلەمانی بەغدا لە ساڵی ٢٠٢٢، یاسای ژمارە ١ی دەرکرد، کە ڕێگری لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیل دەکات و ڕێگەیش بە هیچ تاک، ڕێکخراو و حکوومەت و لایەنێكی سیاسی لە عێراق نادات کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت[7]. زۆر بەئاسانی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بە بیانووی هەبوونی بنکە و بارەگاکانی مۆساد لە هەرێمی کوردستان یاخود دژایەتیکردنی بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا، هێرشی بەردەوام بکەنە سەر هەرێمی کوردستان؛ خودی تارانیش لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەردەوامە لە هێرشی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت کەمپەکانی تایبەت بە خێزانی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان.

بە واتایەکی تر، چاوەڕوان دەکرێت کە تەنانەت لە دوای گەیشتن بە ڕێکكەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئەمریکا، تاران بەردەوام بێت لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چونکە لە ئیستادا تاران، هەرێمی کوردستان وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی هەژمار دەکات.

لێکەوتەیەکی تری ئەم جەنگە لەسەر هەرێمی کوردستان، دەکرێ بریتی بێت لە قووڵکردنەوەی ناکۆکی و ململانێکان لەنێوان حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. ئاشکرایە کە “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان” کە ناوچەی دەستڕۆیشتوویی (نفووز)ی بەرفراوانی هەیە، پەیوەندیی باشتری لەگەڵ لایەنە شیعەکانی عێراق و گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، وەک بابلیۆن و ئەسحابی ئەهلی هەقی سەر بە قەیس خەزعەلی و تاران هەیە؛ بۆیە دەکرێت بۆ گوشارخستنە سەر “پارتی دیموکراتی کوردستان”، ئەم لایەنانە و تاران گوشار بخەنە سەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەوەی کە ناکۆکییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان قووڵتر بکاتەوە، چونکە لە ئێستادا لەنێوان ئەم دوو حزبە سیاسییە، ناکۆکیی قووڵ لەسەر چۆنێتیی بەشداریکردن لە بەغدا و پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لە ئارادایە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت یەکێک لە لێکەوتەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا، لێکترازانی زۆرتری سیاسی بێت لە هەرێمی کوردستان؛ بە واتایەکی تر، ئیدارەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تووشی قەیران ببێتەوە.

کۆبەند

ئەم جەنگە بووە هۆی تەواوەتیی گۆڕانی هاوکێشەی هێز لە ناوچەکە و  بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بە کەمترین تێچوو لەم دۆخە دەرباز بێت، باشترە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پایتەختی وڵاتانی ناوچەکە هاوسەنگ و فرەڕەهەند بکات، چونکە لە ئێستادا پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ زۆربەی وڵاتان، جیا لە بەغدا، تا ڕاددەیەکی زۆر تێک چووە و ئێرانیش دەزانێت کە دۆخی ناوچەکە بەتەواوەتی لە کۆنترۆڵی دەرچووە. بۆیە ئێران زۆرتر کار لەسەر عێراق دەکات وەک باڵانسی هێز لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە. بۆیە بۆ لێکنزیکبوونەوەی شیعە و کورد، ئێرانیش یارمەتیدەر دەبێت؛ چونکە هەرێمی کوردستانی بەهێز و هەماهەنگ لەگەڵ بەغدا، زۆر بەسوودترە بۆ ئێران بە بەراورد لەگەڵ بەغدایەکی لاواز.

زیاد لەمەیش سیاسەتی ئێستای ئیدارەی دۆناڵد تره‌مپ زۆرتر مامەڵەکردنە لەگەڵ دەوڵەت نەک ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان؛ بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان ڕەچاوی ئەم خاڵە بکات. بەڵام ئەمەیش بەو مانایە نایەت کە ئیدارەی تره‌مپ ئەولەوییەت بە بەغدایەکی ژێر هەژموونی تاران بدات نەک حکوومەتێکی هەرێمی کوردستانی یەکگرتوو و بەهێز و هاوڕا لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

[1] MUFLIH HIDAYAT, ON APRIL 7, 2026, Iraq’s Hormuz Oil Export Crisis: Strategic Vulnerability Analysis, https://discoveryalert.com.au/iraq-oil-export-crisis-2026-geopolitical-chokepoints/

[2] Abdurahmonov, Asilbek, THE ECONOMIC IMPACT OF CONFLICT AGAINST IRAN: Sanctions, Military Escalation, and the Global Economy (March 09, 2026). Available at SSRN: https://ssrn.com/abstract=6377738 or http://dx.doi.org/10.2139/ssrn.6377738

[3] , Reuters S&P places Iraq at risk of downgrade as Hormuz shutdown hurts oil output, March 18, 202612:46 AM GMT+3Updated March 18, 2026. https://www.reuters.com/world/middle-east/sp-places-iraq-risk-downgrade-hormuz-shutdown-hurts-oil-output-2026-03-17/

[4]اقتصاد عربي، تعقيدات المشهد العراقي: خنق صادرات النفط وتصاعد الغلاء، https://www.alaraby.co.uk/economy/%D8%AA%D8%B9%D9%82%D9%8A%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B4%D9%87%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82%D9%8A-%D8%AE%D9%86%D9%82-%D8%B5%D8%A7%D8%AF%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%81%D8%B7-%D9%88%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%B9%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%BA%D9%84%D8%A7%D8%A1

[5] By Bilgay Duman, April 22, 2026, Where Is the Israel/US–Iran War Dragging Iraq? https://politicstoday.org/where-is-the-israel-us-iran-war-dragging-iraq/

[6] K24, Iraq’s Coordination Framework Deadlocked as U.S. Sanctions Reshape Political Calculations, 18/4/2026, https://www.kurdistan24.net/en/story/908856/iraqs-coordination-framework-deadlocked-as-us-sanctions-reshape-political-calculations

[7] بڕوانە الوقایع العراقیة، العدد ٤٦٨٠، تجريم التطبيع مع الكيان الصهيوني  https://www.moj.gov.iq/upload/pdf/4680.pdf