پێنووس

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا؛ ڕه‌وش و بارى پۆپۆليزم له‌ ئه‌وروپادا (2016)

لە ٢٣ تا ٢٦ی ئەم مانگەدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە یەکێتیی ئەوروپادا بەڕێوە دەچێت. ٤١٨ ملیۆن کەس لە ٢٨ وڵاتی ئەوروپیدا مافی دەنگدانیان هەیە تا ٧٥١ نوێنەر بۆ پەرلەمانی ئەوروپا هەڵبژێرن. ژمارەی نوێنەرانی هەر وڵاتێک لە پەرلەمانی ئەوروپادا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕێژەی دانیشتووانی هەر وڵاتێکەوە هەیە، بۆ نموونە ئەڵمانیا بە ژمارەی دانیشتووانی کە زیاتر لە ٨٢ ملیۆن کەسە، ٩٦ نوێنەری هەیە و وڵاتی ماڵتا کە تەنیا ٤٧٥ هەزار دانیشتووی هەیە، ٦ نوێنەری بەر دەکەوێت. ئەو نوێنەرانە بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێن و لە دوو شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا و بروکسێل لە بەلژیکادا کار دەکەن. نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا (Council of the European Union) کە لە ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندام پێک دێت، یاساکان و بوودجەی ئەوروپا پەسند دەکەن.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو هەڵبژاردنە، گەشە و هەڵدانی پۆپۆلیزم و ڕاستئاژۆیییە لە ئەوروپا، کە بەشێک لە چاودێران و ڕاپرسییەکانی ئەوروپا باس لە ئەگەری ئەوە دەکەن کە لەوانەیە لەو هەڵبژاردنەدا ڕاستی توندئاژۆ نزیک بە ١٤٠ کورسی مسۆگەر بکات؛ واتە باس لە چوار قات گەشەی ئەو ئاراستە فکری و سیاسییە دەکەن.

لەو نێوەدا ڕاستی سەرچڵی ئەوروپی، لەسەر بەرگرتن بە هاتنی پەنابەر بۆ ئەوروپا، لاوازکردنی دەسەڵاتی یەکێتیی ئەوروپا و بەهێزکردنی دەوڵەتەکان، هەروەها دژەئیسلام یەکگرتوون. لە ١٩-٥-٢٠١٩دا، چەند حزبی نەتەوەیی و ڕاستی تۆندئاژۆی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا لە ئیتاڵیا کۆ بوونەوە. ڕێبەرانی ١١ حزبی ڕاستی سەرچڵ لە گوتارەکانیاندا، باسیان لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی یەکێتیی ئەوروپا و ڕێگەنەدان بە پەنابەران کە ڕوو لە ئەوروپا بکەن، کرد.

پۆپۆلیزم، ڕاستئاژۆیی و هزری ناسیۆنالیستی لە ئەوروپا تایبەتمەندیی ئەو خولەی هەڵبژاردنە له‌و كیشوه‌ره‌دا. ئەمەیش نیگەرانییەکی زۆری لە یەکێتیی ئەوروپادا دروست کردووە؛ هەر بەگوێرەی ڕاپرسییەکانی ئەوروپا، ٪٤٣ی ئەوروپپیەکان لەسەر ئەو ڕایەن کە بەدەسەڵاتگەیشتنی پۆپۆلیزم، هەڕەشەیە بۆ سەر چالاکیی ئەو یەکێتییە. بۆ نموونە ٪٥٦ی ئەڵمانەکان و ٪٤٨ی سویدییەکان زۆر نیگەرانی بەهێزبوونی پۆپۆلیزمن. تەنانەت لە ڕاپرسییەکی تردا کە پەیوەندیی بە چارەنووسی یەکێتیی ئەوروپاوە هەیە، هاتووە کە زیاتر لە نیوەی هاووڵاتیانی ئەوروپی باس لەو ئەگەرە بەهێزە دەکەن کە یەکێتیی ئەوروپا تا ساڵی ٢٠٤٠ نەمێنێت. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گاردییەنی بریتانی، لەو ڕاپرسییەدا، زۆرینەی هاووڵاتیانی ئەوروپا ڕایان گەیاندووە کە هەڵوەشانەوەی ئەوروپا لە ماوەی ١٠ تا ٢٠ ساڵی دیکە، ئەگەرێکی بەهێزە.

بەبێ شک بەشێکی زۆر لەو پەنابەرانەی کە ڕوو لە ئەوروپا دەکەن، هی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن کە هەر ئێستا کانگەی جه‌نگ و تیرۆرە و، ویستی بەشێک لە دانیشتووانی ئەو دەڤەرەیش ئەوەیە کە وڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن و ڕوو لە ئەوروپا بکەن. ئەمە دەتوانێت کێشەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە دەڤەری ئێمەدا بنێتەوە یان ئەوەتا لە خراپترین دۆخدا پەنابەران بکرێنە کەرەسەی گوشار بۆ سەر یەکێتیی ئەوروپا!

|

 ئاسۆ کەریم

تێڕوانينێكى گشتى

ئاراسته‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانى پشتيوانيكردن له‌ پۆپۆليزم له‌ 2016دا

ده‌كرێ له‌ گه‌لێ گۆشه‌نيگاى جوداجوداوه‌، له‌ حاڵ و بارى ئێسته‌ى پۆپۆليزم له‌نێو‌ يه‌كێتيى ئه‌وروپى (EU)دا بكۆڵرێته‌وه‌؛ له‌ هه‌موویشى به‌رچاوتر پشتيوانيى ده‌نگده‌رانه‌‌‌ له‌ حزبه‌ پۆپۆليسته‌كان و، لادان و وه‌رچه‌رخانه‌كانى ئه‌و پشتيگریيه‌يه‌. سيسته‌مى Populism Trackerى چاودێريكردن، كه‌ به‌ هۆى FEPS و Policy Solutionsه‌وه‌ پێش خراوه‌، له‌ نزيكه‌ى 80 حزبى سياسیى كۆڵيوه‌ته‌وه‌ له‌ 28 ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌ندامى EUدا، كه‌ واژه‌وار (ئه‌ده‌بيات)ى زانستى وه‌كوو حزبگه‌لێكى پۆپۆليستى ناوى بردوون. Policy Solutions داتا و زانيارى له‌باره‌ى جه‌ماوه‌رێتيى ئه‌و حزبانه‌ له‌نێو ده‌نگده‌رانى هه‌ر وڵاتێكدا له‌ ڕێگه‌ى ڕاپرسييه‌وه‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌. هه‌ر سێ مانگ جارێ، Populism Tracker، ئه‌و داتايانه‌ ئاپدێت و نوێ ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ پشتيوانييه‌كى زۆرى پۆپۆليستانيان تێدا ده‌كرێ

به‌ به‌راوردكردنى ئه‌نجامه‌كانى سه‌نته‌ره‌كانی ڕاپرسى ده‌رده‌كه‌وێ، كه‌ له‌ 2016دا ده‌وڵه‌تانى به‌رى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌وروپا و ئه‌ندام له‌ EU، پتر له‌ وڵاتانى ديكه‌ى ئه‌و يه‌كێتييه‌، پۆپۆليزم كارى تێ كردوون. ئه‌گه‌ر ئێمه له‌و‌ پشتيوانييه ورد بينه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ر وڵاتێكى ئه‌ندام له‌‌ حزبه‌ پۆپۆليسته‌كان ده‌كرێ، ده‌بينين له‌ناو 10 وڵاتدا كه‌ پۆپۆليزميان تێدا له‌ لووتكه‌دايه‌، ته‌نيا يه‌ك وڵاتى ئه‌وروپاى ڕۆژاواى تێدايه‌. سه‌يرى خشته‌ى ژماره‌ (1) بكه‌.

خشته‌ى ژماره‌ (1):

پشتيوانيى حزبه‌ پۆپۆليسته‌كان له‌ناو ده‌نگده‌راندا (10 وڵات كه‌‌ سه‌رى سه‌ره‌وه‌ى ليستى وڵاتانى ئه‌نداميان له‌ EU گرتووه‌)

ناوى وڵات رێژه‌ى پشتيوانى
سلۆڤاكيا
%40
ليتوانيا %40
قوبرس %40
يۆنان
%42
ئيتاڵیا %47
چيك
%47
فه‌ڕه‌نسا
%48
پۆلۆنيا
%51
بولگاریا
%51
هه‌نگاريا %67

له‌ سێ ده‌وڵه‌تدا له‌ كۆى 28 ده‌وڵه‌تى ئه‌ندامى EUدا، زێتر له‌ نيوه‌ى ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌گوێنه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگ بده‌ن، ده‌نگ به‌ حزبه‌ پۆپۆليسته‌كان ده‌ده‌ن و له‌نێو ئه‌و سێ ده‌وڵه‌ته‌یشدا، هه‌نگاريا پێشقه‌ره‌وڵێكى ڕه‌هايه‌ و دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌وانه‌ى به‌ته‌مان ده‌نگى خۆيان بده‌ن، هێزێكى پۆپۆليست هه‌ڵده‌بژێرن. له‌ بولگاریا و پۆلۆنيایشدا، ديسان زۆرينه‌ى ده‌نگده‌ران به‌ ڕێژه‌ى %51، به‌هه‌ست و سۆز له‌گه‌ڵ حزبه‌ ناسه‌ره‌كى و ناباڵاده‌سته‌كاندان [له‌گه‌ڵ پۆپۆليسته‌كاندان]‌. حاڵى حازر، له‌و سێ وڵاته‌دا، هێزه‌ پۆپۆليسته‌كان ده‌سه‌ڵاتڕانن- فيدسز (Fidesz) له‌ هه‌نگاريا، GERB واته‌ حزبى هاووڵاتييه‌ ميانڕۆكان بۆ په‌ره‌پێدانى ئه‌وروپييانه‌ى بولگاریا، حزبى “یاسا و دادپه‌روه‌رى” (PiS) له‌ پۆلۆنيا- ئه‌م سێ حزبه‌ چ له‌ وڵاته‌كانى خۆياندا و چ له‌ سه‌رانسه‌رى ئه‌وروپادا هێزگه‌لێكى پۆپۆليستیى هه‌ره‌ جاماوه‌رين. هه‌روا له‌ كۆمارى  چيك، فه‌ڕه‌نسا و ئيتاڵيایشدا، نزيكه‌ى نيوه‌ى ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ى كه‌ به‌ته‌مان ده‌نگى خۆيان به‌ حزبه‌ سياسييه‌كان بده‌ن، پۆپۆليسته‌كانيان پێ باشتره‌. به‌تايبه‌تى ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ى دوايیيان، فه‌ڕه‌نسا و ئيتاڵيا، له‌ ڕووى دانيشتووان و قه‌باره‌وه‌، دوو ده‌وڵه‌تى به‌رچاو و ديارن [له‌ حوزه‌يرانى 2018وه‌ بزووتنه‌وه‌ى 5 ئه‌ستێره‌ و هه‌ڤاڵبه‌ندى باكوور حكوومه‌تيان پێك هێنا. له‌ فه‌ڕه‌نسایش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌ماندا كه‌ له‌ 10ى 6ى 2017دا به‌ڕێوه‌ چوو، حزبى به‌ره‌ى ميللى به‌ سه‌ركردايه‌تیى “مارين لوپان” %13.2ى ده‌نگه‌كانى به‌ده‌ست هێنا و بووه‌ سێيه‌مين حزب- ئاسۆ]. له‌نێو 10 وڵاتدا كه‌ پۆپۆليزميان تێدا به‌رچاوه‌،‌ قوبرس، يۆنان، ليتوانيا و سلۆڤاكياشيان تێدايه‌ كه‌ %40ى ده‌نگده‌ران له‌گه‌ڵ پۆپۆليسته‌كاندان.

له‌باره‌ى زێده‌بوون و په‌ره‌گرتنى پشتيوانيكردن له‌ پۆپۆليزم، ليستى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ زۆرترين پشتيوانيیان له‌ پۆپۆليزم تێدايه‌، كه‌مێك له‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌ جودايه‌. له‌وه‌یش زێتر، وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاواى ئه‌وروپا زۆر زۆرتر به‌ شێوه‌يه‌كى يه‌كسان شان به ‌شانى يه‌كتر له‌ناو ئه‌و ليسته‌دان. سه‌يرى خشته‌ى ژماره‌ (2) بكه‌.

خشته‌ى (2): ڕێژه‌ى زۆربوونى ده‌نگدان به‌ حزبێكى پۆپۆليستى له‌ وڵاتانى ئه‌ندامى يه‌كێتيى ئه‌وروپيدا له‌ ماوه‌ى ساڵێكدا (ماوه‌ى توێژينه‌وه‌كه‌ 2015- 2016)

ناوى وڵات ڕێژه‌ى زۆربوون
كرواتيا %3
نه‌مسا %3
ئه‌ڵمانيا %3
لوگزامبۆرگ %4
ليتوانيا %8
فه‌ڕه‌نسا %9
لاتڤيا %10
سلۆڤاكيا %26

وه‌ك له‌ خشته‌كه‌دا ده‌بيندرێ، ڕێكخراوه‌ پۆپۆليسته‌كان نه‌شونمايه‌كى ئێكجار به‌رچاويان له‌ سلۆڤاكيادا كردووه‌ كه‌‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌وروپادا بێوێنه‌يه و به‌ ڕێژه‌ى %26 پشتيوانييان زێده ‌بووه‌ و له‌ ماوه‌ى ساڵێكدا سێ قات بووه‌‌. هه‌روا حزبه‌ پۆپۆليسته‌كان، له‌ لاتڤيا و فينله‌نددا، پشتيوانييان زێتر بووه ‌و ئه‌و گرووپانه‌ى ده‌نگيان بۆ ده‌ده‌ن به‌ ڕێژه‌ى %10 له‌ ليتوانيا و به ‌ڕێژه‌ى %9 له‌ فينله‌ند به‌رفره‌تر بوون. سه‌رباريش، ده‌كرێ تێبينیى زێده‌بوونێكى به‌رچاويش له‌ ليتوانيا بكرێ كه‌ ئێستا ژماره‌ى ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ى كه‌ پۆپۆليسته‌كانيان پێ باشتره‌، به‌ ڕێژه‌ى %8 زۆرتره‌ به‌ به‌راورد به‌ ساڵێك له‌مه‌و پێش. بێ له‌م چوار ده‌وڵه‌ته‌، نه‌شونمايه‌كى گرنگى پۆپۆليستى له‌ هيچ شوێنێكى ديكه‌دا نابينرێ. له‌ لوگزامبۆرگ، ئه‌ڵمانيا و نه‌مسا، ئه‌و پشتيوانييه‌ شتيكى وه‌ها زێده‌ نه‌بووه ‌و، پشتيوانيى گشتيیش بۆ ئه‌و ڕێكخراونه‌ ته‌نانه‌ت به‌ پله‌يه‌كى كه‌متريش له‌ وڵاتانى ديكه‌ى ئه‌ندام له‌ EUدا ده‌بينرێ.

به‌گشتى، پشتيوانيكردن له‌ پۆپۆليزم ته‌نيا له‌ 4 ده‌وڵه‌تى ئه‌ندام له‌ EUدا، به‌ شێوه‌يه‌كى به‌رچاو نه‌شونماى كردووه‌ كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى ڕوون ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ 2016دا ناتوانين قسه له‌‌ پێشكه‌وتنێكى وه‌سا بكه‌ين، وه‌كوو له‌ 2015دا ده‌مانتوانى قسه‌ى لێ بكه‌ين، به‌ڵكه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى پۆپۆليزم له‌م كيشوه‌ره‌دا له‌ جێگه‌ى خۆيدا ڕه‌ق ڕاوه‌ستاوه‌ و پێ ڕاوكه‌ ده‌كا‌.

حزبه‌ پۆپۆليسته‌ هه‌ره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان

سێ حزبى هه‌ره‌ جه‌ماوه‌رى و پۆپۆليستيى ئه‌وروپى، سێ حزبى حوكمڕان له‌ سێ ده‌وڵه‌تى ئه‌ندام كه‌ ئاستێكى به‌رزى سۆزيان له ‌به‌رانبه‌ردا هه‌يه‌. هه‌نووكه‌ (5) له‌و ‌ (10)‌ ڕێكخراوه‌ پۆپۆليستييه‌ به‌هێز و پشتگيريلێكراوانه‌، به‌شێكى حكوومه‌تى وڵاته‌كانيان پێك ده‌هێنن. سه‌يرى خشته‌ى ژماره‌ (3) بكه‌.

خشته‌ى ژماره‌ (3): ده‌ حزبى هه‌ره‌ به‌هێز و پشتگيريكراو له‌ ده‌ وڵاتى ئه‌ندام له‌ يه‌كێتيى ئه‌وروپادا كه‌ زۆرترين پشتيوانييان له‌ناو ده‌نگده‌رانى وڵاته‌كانياندا هه‌يه‌

ناوى وڵات (حزب) رێژه‌ى پشتيوانى
يۆنان (سيريزا) %22
ئيستونيا (EK) %23
فه‌ڕه‌نسا (به‌ره‌ى نه‌ته‌وه‌يى FN) %28
چيك (ANO 2011) %30
قوبرس (ئاكيل) %30
ئيتاڵيا (M5S) %30
نه‌مسا (FPÖ) %35
پۆلۆنيا (PiS) %41
بولگاریا (GERB) %42
هه‌نگاريا (فيدسز- FIDESZ) %46

فيدسز، حزبى حوكمڕانى هه‌نگاريا تاكه‌ هێزێكى هه‌ره‌ جه‌ماوه‌رى و پۆپۆليستييه‌ له‌ ئه‌وروپا و %46ى ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ى كه‌ له‌گوينه‌ ده‌نگ بده‌ن، پشتيوانيى لێ ده‌كه‌ن. هه‌ر دوو حزبى حوكمڕانى بولگاریا و پۆلۆنيايش بنكه‌ى گه‌وره‌ و هاوشێوه‌يان هه‌يه‌ (%41-42)  و به‌م شێوه‌يه‌ PiS و GERB بوونه‌ته‌ دوو هێزى سياسيى هه‌ره‌ جه‌ماوه‌رى له‌ وڵاته‌كانى خۆياندا. حزبى ئازاديى نه‌مسايى (FPÖ) چواره‌مين هێزى پۆپۆليستيى به‌هێزه‌ له‌ EU و نزيكه‌ى يه‌ك له‌سه‌ر سێى ده‌نگده‌ران پشتيوانيى لێ ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا به‌گوێره‌ى ڕاپرسييه‌كان، هه‌ر يه‌ك له‌ بزووتنه‌وه‌ى پێنج ئه‌ستێره‌ى ئيتاڵى (M5S) و حزبى پێشكه‌وتنخوازى خه‌ڵكى كارگه‌ر (AKEL)ى قوبرسى و حزبى ئانۆى 2011/ ANO 2011، 30% ده‌نگده‌رى خۆيان هه‌يه‌ و به‌م شێوه‌يه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ڕێزى پێشه‌وه‌ى بوارى ئه‌وروپى. به‌ره‌ى نيشتمانيى فه‌ڕه‌نسى (FN) بنكه‌يه‌كى به‌ ڕێژه‌ى له‌ سه‌رووى %25 هه‌يه‌. سه‌رباريش، له‌ناو ليستى ئه‌و 10 حزبه‌ پۆپۆليسته‌ ئه‌وروپييه‌دايه‌ كه‌ له‌ سه‌رى سه‌ره‌وه‌ن، حزبى ناوه‌ڕاست و ميانڕۆى ئيستونيا (Eesti Keskerakond) و حزبى حوكمڕانيى يۆنان (Syriza)- ئه‌وانيش هه‌ر يه‌كه‌يان له‌ سه‌رووى %20 پشتيوانييان هه‌يه‌. هه‌ر له‌نێو ئه‌و 10 حزبه‌ هه‌ره‌ ميللى و جه‌ماوه‌رييه‌دا، حزبه‌ پۆپۆليسته‌ ڕاستڕه‌وه‌كان كه‌ 6 حزب نوێنه‌رايه‌تيیان ده‌كه‌ن، باڵاده‌ستن، له‌ كاتێكدا پۆپۆليزمى چه‌پڕه‌و ته‌نيا دوو حزب نوێنه‌رايه‌تيیان ده‌كه‌ن: ئه‌كيلى قوبرسى و سيريزاى يۆنانى. هه‌رچى بزووتنه‌وه‌ى 5 ئه‌ستێره‌ى ئيتاڵى و ئه‌ى ئێن ئۆى 2011ى “كۆمارى چيكى”ن، ناكرێ وا ئاسان بخرێنه‌ ناو دابه‌شبه‌نديى نه‌ریتییانه‌ی چه‌پ- ڕاسته‌وه‌، به‌ڵكه‌ به‌گوێره‌ى شوێنيان له‌ناو ليسته‌كه‌دا ده‌كرێ بێژين،‌ پۆپۆليزمى ميانڕه‌ويش نوێنه‌رايه‌تييه‌كى سه‌ركه‌وتووانه‌ى له‌ ئه‌وروپادا هه‌يه‌.

هه‌روا ليستى ئه‌و حزبانه‌ى كه‌ توانيويانه‌ نه‌شونمايه‌كى له‌ ماوه‌ى نێوان (2015 و 2016)دا گرنگ بكه‌ن و له‌ ڕووى جه‌ماوه‌رييه‌وه‌ ديسان شايانى سه‌رنج بن، سه‌يرى شكڵى 4 بكه‌.

وڵات (ناوى حزب) ڕێژه‌ى زێده‌بوون
لوگزامبۆرگ ( DÉL LÉNK ) %4
سلۆڤاكيا ( OĹANO ) %4
ئه‌ڵمانيا ( AFD ) %4
چيك (ANO 2011) %6
سلۆڤينيا ( SNE RODINA ) %6
سلۆڤاكيا ( SNS ) %7
سلۆڤاكيا ( KOTLEBA ) %7
فه‌ڕه‌نسا ( FRONT DE GAUCHE ) %10
لاتڤيا ( KDM PIEDER VALSTS ) %10
ليتوانيا ( LVŽS ) %10

له‌م باره‌وه‌، باڵاده‌ستیى ئه‌وروپاى ڕۆژهه‌ڵات خويا و ڕوونه‌- زۆرينه‌ى ئه‌و 10 حزبه‌ى كه‌ زۆرترين نه‌شونمايان كردووه،‌ له‌ به‌شى ڕۆژهه‌ڵاتى EUدان و، ته‌نيا سێ حزبيان هى‌ ئه‌وروپاى ڕۆژاوان. حزبى جووتيارانى كشتوكاڵ و يه‌كێتييه‌كانى سه‌وزان له‌ ليتوانيا (LVŽS) حزبێكى زۆرتر دايناميكيى په‌ره‌سه‌ندوو بووه‌ له‌ 2016دا و به‌ ڕێژه‌ى %10 و دوو هه‌نده‌ جه‌ماوه‌رى زياد بووه‌. ڕێكخراوێكى نوێى ده‌رياى به‌لتيك، حزبى لاتڤيايبى‌ خودان ده‌وڵه‌ت‌ (Kam pieder valsts) به‌ هه‌مان پله‌ زيادى كردووه. ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنێكى باڵكێشه‌ كاتێ له‌ بارى زه‌مانييه‌وه‌ هه‌ڵبسه‌نگێندرێ، چونكه‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌ له‌ ئايارى 2016دا دامه‌زراوه‌ و له‌ چه‌ند مانگێكى كه‌مدا توانیى بنكه‌يه‌كى %10 بۆ خۆى دابمه‌زرێنێ. له‌ فه‌ڕه‌نسا، به‌ره‌ى چه‌پ (Front de gauche) نزيكه‌ى %10 نه‌شونماى كردووه‌ و ده‌توانێ شانازى به‌خۆيه‌وه‌ بكا و بووه‌ته‌ سێيه‌مين حزبى دايناميكيى پۆپۆليست له ‌نێوان كۆتاييى 2015 و 2016دا.

ڕوونه‌ لێره‌دا كه‌ سلۆڤاكيا به‌ تاقيكردنه‌وه‌يه‌كى گه‌وره‌ى پۆپۆليستيدا ده‌ڕوا و‌ به‌كورتى 4 حزب نوێنه‌رايه‌تیى ده‌كه‌ن و، ئه‌وه‌یش ئاماژه‌يه‌كه‌‌ بۆ وه‌رچه‌رخان له‌ سيسته‌مى سياسيى سلۆڤاكيا به‌ ئاراسته‌ى پۆپۆليزم. حزبى گه‌لى سلۆڤاكياى ئێمه‌ (Kotleba)ى هه‌ره‌ ڕاستڕه‌و به‌ ڕێژه‌ى %9 نه‌شونماى كردووه‌، له‌ كاتێكدا حزبى نه‌ته‌وه‌يیى سلۆڤاكيى ڕاستڕه‌و (SNS) و حزبى ئێمه‌ خێزانێكين (Sme Rodina) هه‌ر يه‌كه‌يان به ‌ڕێژه‌ى %7 زياديان كردووه‌ و، حزبى خه‌ڵكى خواسايى (OĽaNO) كه‌مێك كه‌متر له‌وان به ‌ڕێژه‌ى %4 زيادى كردووه‌. حزبى ئه‌ى ئێن ئۆى 2011ى كۆمارى چيك بنكه‌ى خۆى به ‌ڕێژه‌ى %6 زێده‌ كردووه‌ و حزبى ئه‌لته‌رناتيڤى ئه‌ڵمانى (AfD) به ‌ڕێژه‌ى %4 زياد بووه‌. حزبى چه‌پى لوگزامبۆرگ (Déi Lénk) هه‌وڵى داوه‌ جێگه‌يه‌ك‌ له‌ ليستى 10 حزبى لووتكه‌دا بۆ خۆى بگرێ و به ‌ڕێژه‌ى %4 زياد بووه‌. به‌كورتى، شه‌ش حزبى ڕاستڕه‌و و دوو حزبى چه‌پڕه‌و (به‌ره‌ى چه‌پى فه‌ڕه‌نسى و چه‌پى لوگزامبۆرگى) و دوو ڕێكخراوى نه‌ چه‌پ نه ‌ڕاست (LVŽS)ى ليتوانى و ئه‌ى ئێن ئۆى 2011ى چيكى له ‌ڕێزى هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ى حزبه‌ هه‌ره‌ په‌ره‌سه‌ندوو و گه‌شه‌كردووه‌كانى يه‌كێتيى ئه‌وروپان.

پۆپۆليسته‌كان له‌ حكوومه‌تدا

له‌ 28 ده‌وڵه‌تى ئه‌ندامى EU، له‌ (9) وڵاتدا، حزبه‌ پۆپۆليسته‌كان به‌شێكى حكوومه‌ت پێك ده‌هێنن. له‌ دوو وڵاتيشدا پۆپۆليسته‌كان ڕۆڵى پشتيوانيكردن له‌ حكوومه‌ت ده‌بينن. ئه‌گه‌ر خێرا چاوێ به‌و 9 وڵاته‌دا بگێڕدرێ، ئێمه‌ نموونه‌گه‌لێگى گه‌لێ فره‌وان ده‌بينين له‌‌ ئه‌داى هێزه‌ پۆپۆليسته‌كاندا له‌ناو حكوومه‌تدا. پۆپۆليسته‌كان له‌ناو ئه‌ندامانى گرووپى Visegrádدا، به‌شێكى حكوومه‌ت له‌م وڵاتانه‌دا پێك ده‌هێنن: هه‌نگاريا، پۆلۆنيا، كۆمارى چيك و سلۆڤاكيا. له‌ هه‌نگاريا له‌ 2003وه‌، حزبى Fidesz حزبێكى حوكمڕانه‌ و له‌م ده‌ ساڵه‌ى دواييدا هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌ نيشتمانييه‌كانى بردووه‌ته‌وه‌ (دوو هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى، سێ هه‌ڵبژاردنى خۆجێ و دوو هه‌ڵبژاردنيش بۆ په‌رله‌مانى ئه‌وروپى). جه‌ماوه‌رێتيى حزبى Fidesz زێتره‌ له‌ بنكه ‌و پشتگيريى بهه‌ڤڕاى دوو حزبى هه‌ره‌ گرنگ و سه‌ره‌كيى ئۆپۆزيسيۆن. پۆلۆنيا وڵاتێكى ديكه‌يه‌ كه‌ پۆپۆليسته‌ ڕاستڕه‌وه‌كان به‌بێ ئيئتلافكردن له‌گه‌ڵ حزبى ديكه‌دا حوكمڕانیى تێدا ده‌كه‌ن. له‌ 2005دا بۆ هه‌وه‌ڵ جار PiS هه‌ڵبژاردنى‌ په‌رله‌مانى برده‌وه‌، به‌ڵام نه‌يتوانى چوار ساڵه‌كه‌ى خۆى ته‌واو بكا. به‌ هه‌ر حاڵ، له‌ 2015دا، ئه‌و حزبه‌ به ‌ڕێژه‌ى %37.6ى ده‌نگه‌كان هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه ‌‌و له‌و كاته‌وه‌ پرۆگرامێكى سياسيى ناليبراڵ جێبه‌جێ ده‌كا. يۆنان هه‌روا له‌ 2015‌وه‌ چه‌ند هێزێكى پۆپۆليستى حوكمڕانیى تێدا ده‌كه‌ن. وێڕاى كه‌ ئه‌ى ئێن ئۆى 2011 ته‌نيا شه‌ريكێكى بچووكى حزبى سۆسيال- ديمو‌كراتى چيكييه‌ (ČSSD) له‌ حكوومه‌تێكى ئيئتلافيدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌و حزبه‌ 6 وه‌زاره‌تى به‌ده‌سته‌وه‌يه‌ و، سه‌ركرده‌ى حزبه‌كه‌بیش‌ “ئه‌ندرێژ بابيس”، جێگرى يه‌كه‌مى سه‌رۆكوه‌زيرانه‌. له‌وه‌یش زێتر، ئاستى جه‌ماوه‌رێتيى ئه‌ى ئێن ئۆ ئێستاكه‌ دوو هه‌نده‌ى هاوپه‌يمانه‌كه‌ى لێ هاتووه‌. ديماهييه‌كه‌ى، كابينه‌ى فيكۆى سلۆڤاكى به‌ شێوه‌يه‌كى پاژه‌كى له‌سه‌ر پۆپۆليزم دامه‌زراوه‌. حزبى SNS وه‌كوو چواره‌مين حزبى به‌هێز له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2016دا ده‌ركه‌وت و ئێستا سێ وه‌زيرى له‌ناو حكوومه‌تدا هه‌يه‌.

به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى ئه‌وروپا، پۆپۆليسته‌كان حكوومه‌تگه‌لێك له‌ ناوچه‌ى “به‌لكان”يش پێك ده‌هێنن. حزبى GERBى بولگارى، هه‌وه‌ڵ جار هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانيى له‌ 2009دا برده‌وه‌ و له‌ 2014وه‌ جارێكى ديكه‌ حكوومه‌تى پێك هێنايه‌وه‌. به‌ هه‌ر حاڵ، دامه‌زرێنه‌رى GERB، دوو جار سه‌رۆكوه‌زيران، بۆيكۆ بۆريسۆڤ، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى له‌ نۆڤه‌مبه‌رى 2016دا پێشكه‌ش كرد. له‌ يۆنان، سيريزاى ئه‌لكسيس تسيبراس دوو جار له‌ دواى يه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كانى له‌ 2015دا برده‌وه‌ و، له‌و ده‌مه‌وه‌ سه‌ركردايه‌تیى وڵات ده‌كا له‌گه‌ڵ حزبێكى پۆپۆليستى ڕاستڕه‌ودا، واته‌ له‌گه‌ڵ يۆنانييه‌ سه‌ربه‌خۆخوازه‌كاندا (ANEL). يۆنان تاكه‌ وڵاتى يه‌كێتيى ئه‌وروپييه‌ كه‌ دوو حزبى پۆپۆليستى پێكه‌وه‌ هاوپه‌يمانێتيیان كردووه ‌و ئه‌وه‌یش نيشانى ده‌دا كه‌ وێڕاى جياوازييه‌ ئايديۆلۆژييه‌كانيان، هێزه دژه‌-‌ ناته‌قليدييه‌كانى يۆنان، به ‌ئه‌گه‌رى زۆره‌وه‌ ده‌كارن له‌گه‌ڵ يه‌كتردا هاوكار بن له ‌برى ئيئتلافكردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى ناوه‌ڕاستدا. وێڕاى كه‌ به‌ده‌گمه‌ن له‌ ڕۆژنامه‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون، حزبه‌ پۆپۆليسته‌كان له‌ناو ئيئتلافى دوو حكوومه‌تدان له‌ دوو ده‌وڵه‌تى ده‌رياى بالتيكدا. له‌ لاتڤيا، هاوپه‌يمانيى نه‌ته‌وه‌يیى ڕاستڕه‌و (NA) بووه‌ته‌ ئه‌ندامێكى حكوومه‌ت بۆ سێيه‌مين جار له‌ 2016دا، پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆكوه‌زيران، لايمدۆتا ستراو ژۆما. حزبى نيزام و دادپه‌روه‌رييش يه‌كێكه‌ له‌ حزبه‌ حوكمڕانه‌كان له‌ ليتوانيا تا 2016 و يه‌ك وه‌زيرى له‌ كابينه‌كه‌ى بۆتكيڤيشيه‌سدا هه‌بووه‌. به‌ هه‌ر حاڵ، له‌ ئۆكتۆبه‌رى 2016دا، حزبێكى ديكه‌ى پۆپۆليستى (LVŽS)، به‌ شێوه‌يه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراو هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى برده‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا سياسه‌توانى هه‌ره‌ جه‌ماوه‌ريى ئه‌و حزبه‌، ساوليۆس سكڤرنليس وه‌كوو سێزده‌یه‌مين سه‌رۆكوه‌زيرانى ليتوانيا ديارى كرا. له‌ فينله‌ندا، حزبى فينه‌كانى ڕاستڕۆى پۆپۆليست له‌ 2015‌وه‌ به‌شدارى له‌ حكوومه‌تدا ده‌كا و، زۆر ڕه‌خنه‌ى لێ گيراوه‌ كاتێ كه‌ سه‌رۆكوه‌زيران جوها سپليا كابينه‌كه‌ى دامه‌زراندووه‌. به‌ هه‌ر حاڵ، له‌ ماوه‌ى 18 مانگى پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2015، بنكه‌ى ده‌نگده‌رانى حزبى فينه‌كان بووه‌ته‌‌ نيوه‌ و، ئه‌وه‌یش نيشانى ئه‌و سه‌ختيیانه ‌ده‌دا كه‌ حزبێكى پۆپۆليست ڕووبه‌ڕوويان ده‌بێته‌وه‌ كاتێ كه‌ ئيئتلاف له‌گه‌ڵ هێزه‌ سه‌ره‌كييه‌ ته‌قليدييه‌كاندا ده‌كا. ئاخيره‌كه‌ى، له‌ دوو ده‌وڵه‌تى ديكه‌ى ئه‌ندامدا، دانيمارك و پورتۆگاڵ، حزبى پۆپۆليستى هه‌م ڕاستڕه‌و هه‌م چه‌پڕه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ى كابينه‌، پشتيوانى له‌ حكوومه‌ت ده‌كه‌ن.

حزبه‌ پۆپۆليسته‌كان له‌ ده‌وڵه‌تانى ئه‌ندامى‌ EUدا

بۆ ئه‌وه‌ى تێڕوانينێكى زۆر قووڵتڕمان له‌باره‌ى ئاراسته ‌و سه‌مته‌ پۆپۆليسته‌كانى ناو وڵاتانى EUدا هه‌بێ، هه‌ر 28 ئه‌ندامى ئه‌و يه‌كێتييه‌، سۆنگه‌ى‌ سه‌رنجخستنه‌ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌يه‌ن، جگه‌ له‌و ليسته،‌ 10 حزبه‌ پۆپۆليستييه‌ى ساڵى 2016، كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ خرايه‌ به‌رچاو (بۆ ليستى ته‌واوى حزبه‌ پۆپۆليسته‌كان له‌ناو يه‌كێتيى ئه‌وروپيدا، سه‌يرى پاشكۆى ژماره‌ II بكه‌). له‌ 2016دا، حزبه‌ پۆپۆليسته‌كان له‌ هه‌ندێ وڵاتدا به‌ره‌وپێش چوون، له‌ كاتێكدا له‌ هه‌ندێ ده‌وڵه‌تى ئه‌ندامى ديكه‌دا – به‌ هه‌ندێ وڵاتى ئابووريى زه‌به‌لاحيشه‌وه‌- ڕه‌نگه‌ پۆپۆليسته‌كان له‌ چه‌ند مانگێكى داهاتوودا، جێگه‌ى و پێگه‌يه‌كى له‌پێشتر بگرن. له‌وه‌یش زێتر، حزبه‌ پۆپۆليسته‌كان ده‌توانن كار له‌ حوكمڕانيى هه‌ر وڵاتێكدا بكه‌ن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانيشدا شتێكيان به‌ده‌ست نه‌هێنابێ و سه‌ركه‌وتوویش نه‌بن؛ ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بنيادى حزبايه‌تى، سيسته‌مگه‌لى هه‌ڵبژاردن، گوشارى هاوپه‌يمانێتى يان ساتوسه‌وداى سياسى كه‌ له‌ناو ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامدا باوه‌. ئه‌م پێداچوونه‌وه‌ى خواره‌وه‌ ياريده‌مان ده‌دا كه‌ پێ بكه‌وين، داخوا هه‌نووكه‌ كامه‌ هێزى پۆپۆليستى،‌ كاريگه‌ريى بۆ سه‌ر سياسه‌ته‌كانى ئه‌وروپا هه‌يه‌.

ئه‌وروپاى ڕۆژاوا

ئه‌وروپاى ڕۆژاوا تاكه‌ ناوچه‌يه‌كه‌ له‌ناو EUدا، كه‌ هێزه‌ پۆپۆليسته‌كان به‌شێك نين له‌ حكوومه‌تى هيچ وڵاتێكدا. به‌ هه‌ر حاڵ، هه‌ستى دژه‌داموده‌زگه‌يى تا ڕادده‌يه‌ك و هاوشێوه‌ى وڵاتانى ديكه‌‌ له‌ زۆربه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌دا هێدى هێدى زێده‌ بووه‌- به‌تايبه‌تى له‌ فه‌ڕه‌نسا كه‌ ڕووبه‌ڕووى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى له‌ 2017دا ده‌بێته‌وه‌.

فه‌ڕه‌نسا: له‌ فه‌ڕه‌نسادا، له‌ته‌ك بوونى حزبێكى پۆپۆليستى ڕاستڕه‌وى به‌هێزدا، پۆپۆليزمێكى چه‌پڕه‌وى دياريش بوونى هه‌يه‌. ئه‌مه‌یش به‌شێكى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و گۆڕانكارييانه‌ى له‌ ساڵى ڕابردوودا هاتنه‌ دى. له‌وێ، كه‌‌ دوومين وڵاتى پڕدانيشتووانى EUه‌، پشتيوانيكردن له‌ پۆپۆلۆيسته‌كان به‌ شێوه‌يه‌كى به‌رچاو و به ‌ڕێژه‌ى %9 زياد بووه‌؛ به‌و مانايه‌ى كه‌ نزيكه‌ نيوه‌ى ئه‌وانه‌ى مافى ده‌نگدانيان هه‌يه‌ ئێستاكه‌ پشتيوانى له‌ حزبه‌ ناسه‌ره‌كى و خواساييیه‌كان ده‌كه‌ن. بنكه‌ى ده‌نگده‌رانى به‌هێزترين و ناسراوترين هێزى پۆپۆليستیى فه‌ڕه‌نسا، FNى ئه‌وپه‌ڕى ڕاستڕه‌و، له ‌نێوان كۆتايیى 2015 و كۆتايیى 2016دا جێگيریى به‌خۆوه‌ ديتووه‌ و بنكه‌ى حزبه‌كه‌ى مارين لو پان له‌و ماوه‌يه‌دا، كه‌مێ له‌ خوار %30 بووه‌. ئێستاكه‌ FN چاوه‌ڕوان ده‌كرێ %28ى ده‌نگه‌كان بهێنێ، به‌و مانايه‌ى كه‌ ده‌كرێ بێژين ناونيشانى گه‌وره‌ترين حزبى پۆپۆليستيى فه‌ڕه‌نساى به‌رده‌كه‌وێ. هه‌روا ديسان جێگيری، سه‌روسيمايه‌كى حزبى “هه‌ستانه‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا” (Debout la France)يه‌ له‌ هه‌مان ماوه‌دا. ئه‌م حزبه‌، حزبێكى پۆپۆليستیى ڕاستڕۆى بچووكه‌ و به ‌ڕێژه‌ى %4 پشتيوانیى لێ ده‌كرێ. هه‌روا پشتيوانيكردن له‌ حزبێكى چه‌پڕه‌وى په‌راوێزكه‌وتووى وه‌ك حزبی نوێى ئه‌نتى-سه‌رمايه‌دارى (NPA) له ‌نێوان %1-2 وه‌كوو خۆى ماوه‌ته‌وه‌. لێ ده‌كرێ زێتر وه‌رچه‌رخانى گرنگ و به‌رچاو له‌ پشتيوانيكردن بخرێته‌ پاڵ به‌ره‌ى چه‌پ كه‌ له‌ ماوه‌ى ساڵێكدا، بنكه‌ى ده‌نگده‌رانى خۆى سێ قات لێ كردووه‌ له‌ %4ه‌وه‌ بۆ %14 و له‌ حزبێكى بچووكه‌وه‌ بووه‌ته‌ حزبێكى قه‌باره‌ مامناوه‌ند. له‌ته‌ك هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى و له‌ جێگه‌ى خۆ وه‌ستانى  FN دا [له‌ هه‌ڵبژاردنى 2017دا ئه‌و حزبه‌ ته‌نيا 8 كورسیى له‌ په‌رله‌مان هێنا- ئاسۆ]، په‌ره‌سه‌ندنێكى هه‌ره‌ گرينگى ئه‌م ماوه‌يه‌ى دوايى، به‌هێزبوونى به‌رچاوى پۆپۆليزمى به‌ره‌ى چه‌پ بووه‌. [به‌ره‌ى چه‌پ له‌ 2017دا، 27 كورسييان هێنا كه‌ 10 كورسى هى شيوعييه‌كانه ‌و 17یش هى ڕێكخراوى فه‌ڕه‌نساى ياخييه‌- ئاسۆ]،.

ليستى حزبه‌ پۆپۆليسته‌كان له‌ يه‌كێتيى ئه‌وروپيدا

نه‌مسا:

  • حزبى ئازاديى نه‌مسا كه‌ به‌ FPÖ ناسراوه‌ و‌ له‌ناو گرووپى سياسیى ANFدايه‌ له په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %12.7ى هێنابوو، له‌ 20014دا كرديیه‌ %19.5.
  • هاوپه‌يمانێتيى بۆ ئایينده‌ى نه‌مسا كه‌ به‌ BZÖ ناسراوه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا، %12.7ى هێنابوو، له‌ 20014دا كردیيه‌ %19.5.

به‌لژيكا:

  • به‌رژه‌وه‌نديى فله‌منكى كه‌ به‌ VB ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى ANFى په‌رله‌مانيى ئه‌وروپيدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %9.85ى هێنا، له‌ ساڵى 2014دا بووه‌ %4.16.
  • ليست ديدكه‌ر كه‌ به‌ LDD ناسراوه‌،‌ له‌ناو گرووپى سياسيى ECRدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %4.51ى هێنا. له‌ 2014دا هيچ ده‌نگێكى نه‌هێنا‌.

بولگاريا:

  • هێرش (Ataka)، له‌ هه‌ڵبژاردنى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا ڕێژه‌ى %11.96 ده‌نگه‌كانى هێنا، له‌ 2014دا بووه‌ %2.96.
  • بولگاريا بێسانسۆر (BBC)له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا، %10.64ى ده‌نگه‌كانى هێنا.
  • به‌ره‌ى نيشتمانى (NFSD) كه‌ له‌نێو گرووپى سياسیى NFDدايه‌ له‌ په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا، له‌ 2014دا %3.05ى ده‌نگه‌كانى هێنا.
  • هاووڵاتيان بۆ گه‌شه‌ى ئه‌وروپييانه‌ى بولگاريا (GERB) كه‌ له‌ناو گرووپى سياسیى EPPدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %24.36ى هێنا و له‌ 2014دا بووه‌ %30.40.

كرواتيا:

  • كارگه‌رانى كرواتى- حزبى كار (HL) له‌ناو گرووپى سياسيى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه ‌و له‌ هه‌ڵبژارنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %5.77ى ده‌نگه‌كانى هێنا و له‌ 2014دا بووه‌ %3.40.
  • قه‌ڵغانى مرۆيى (Zivi Zid)
  • هاوپه‌يمانيى ديموكراتيى كرواتى بۆ سلاڤۆنيا و بارانژا (HDSSD)
  • ميلان بانديچ 365-حزبى كار و هاوكارى (Milan Bandic 365)

قوبرس:

  • حزبى پێشكه‌وتووى گه‌لى كارگه‌ر (AKEL) كه‌ له‌ناو گرووپى سياسيى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009 بۆ په‌رله‌مانى ئه‌وروپى %34.9ى ده‌نگه‌كانى هێنا، له‌ 2014دا بووه‌ %26.9.
  • هاوپه‌يمانيى هاووڵاتييان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ساڵى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %6.78ى ده‌نگه‌كانى هێنا و له‌ 2014دا كردیيه‌ %8.
  • به‌ره‌ى نه‌ته‌وه‌يیى ميللى (ELAM).

چيك:

  • حزبى كۆمۆنيستى چيك (KSČM) كه‌ له‌ناو گرووپى سياسيى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %14.18ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌، به‌ڵام له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %10.98.
  • حزبى هاووڵاتيانى ئازاد (Svobodni) كه‌ له‌ناو گرووپى سياسیى EFDى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه،‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %1.26 ده‌نگه‌كانى هێناوه‌ و له‌ 2014دا پترى هێناوه ‌و بووه‌ به‌ %5.24.
  • هاوپه‌يمانيى نه‌ته‌وه‌يى- شه‌فه‌ق (Úsvit) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %3.12ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌.
  • ئازادى و ديموكراسيى ڕاسته‌وخۆ (SPD).
  • ئانۆى )2001 ANO ( كه‌ له‌ناو گرووپى ALDEى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه،‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014دا %16.13ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌.

دانيمارك

  • حزبى گه‌لى دانيمارك كه‌ به‌ O ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسيى ECRى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه،‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %15.3ى هێنا و له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %26.6.
  • حزبى گه‌لى دژ به‌ يه‌كێتيى ئه‌وروپى كه‌ به‌ N ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسیى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه،‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %7.2 ده‌نگه‌كانى هێناوه‌ و له‌ 2014دا پترى هێناوه‌ و بووه‌ به‌ %8.

ئيستونيا:

  • حزبى كۆنه‌پارێزى گه‌لى ئيستونيا كه‌ به‌ EKRE ناسراوه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ساڵى 2014ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %4ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌.
  • حزبى سه‌نته‌رى ئيستونى كه‌ به‌ EK ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسیى ALDEى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه،‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %26.07ى ده‌نگه‌كانى هێنابوو له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %22.4.

فينله‌ند:

  • حزبى فينه‌كان كه‌ به‌ PS ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسيى ECRى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %9.8ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌ و له‌ 2014دا بووه‌ته‌ %12.
  • هاوپه‌يمانيى چه‌په‌كان كه‌ به‌ VAS ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسيى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه،‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %5.9ى ده‌نگه‌كانى هێناوه ‌و له‌ 2014دا بووه‌ته‌ %9.3.

فه‌ڕه‌نسا:

  • به‌ره‌ى ميللى كه‌ به‌ FN ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسيى ENFى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %6.3ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌ و له‌ 2014دا بووه‌ته‌ %24.95.
  • لايبرتييه‌كان (بزووتنه‌وه‌ له ‌پێناو فه‌ڕه‌نسادا) كه‌ به‌ Libertas (MPFCPNT) ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى EFDى په‌رله‌مانى ئه‌وروپیدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %4.6ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌.
  • به‌ره‌ى چه‌پ كه‌ به‌ FG ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسيى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه،‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %6ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌ و له‌ 2014دا بووه‌ته‌ %6.3.
  • حزبى نوێى دژه‌سه‌رمايه‌دارى كه‌ به‌ NPA ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى NAى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه ‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %4.9ى هێنابوو، له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %0.3.
  • ڕابوونى فه‌ڕه‌نسا كه‌ به‌ DLF ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى EFDى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %1.77ى ده‌نگه‌كانى هێنابوو، له‌ 2014دا كردى به‌ %3.62.

ئه‌ڵمانيا:

  • چه‌پ كه‌ به‌ DIE LINKE ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسيى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه،‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %7.5ى ده‌نگه‌كانى هێناوه ‌و له‌ 2014دا بووه‌ته‌ %7.4.
  • ئه‌لته‌رناتيڤ بۆ ئه‌ڵمانيا كه‌ به‌ AfD ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسيى ECRى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %7.1ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌ و له‌ 2014دا بووه‌ته‌ %8.
  • حزبى نه‌ته‌وه‌يیى ديموكراتى بۆ ئه‌ڵمانيا كه‌ به‌ NPD ناسراوه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا، ته‌نيا %1ى هێناوه‌.

يۆنان:

  • گردبوونه‌وه‌ى ميلليى ئۆرتۆدۆكس كه‌ به‌ LAOS ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسيى EFDى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا، %7.15ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌.
  • حزبى كۆمۆنيست كه‌ به‌ KKE ناسراوه ‌و له‌ناو گرووپى سياسيى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه،‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %8.35ى ده‌نگه‌كانى هێناوه ‌و له‌ 2014دا بووه‌ته‌ %6.07.
  • هاوپه‌يمانيى چه‌پى ڕاديكاڵ كه‌ به‌ SYRIZA ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسيى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %4.7ى ده‌نگه‌كانى هێناوه ‌و له‌ 2014دا بووه‌ته‌ %26.57.
  • شه‌فه‌قى زێڕين كه‌ به‌ XA ناسراوه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا، %9.38ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌.
  • يۆنانييه‌ سه‌ربه‌خۆكان كه‌ به‌ ANEL ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى EFDى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا، %3.45ى هێناوه‌.
  • يه‌كێتيى ميللى كه‌ به‌ LAE ناسراوه‌.

هه‌نگاريا:

  • ژۆبيك، بزووتنه‌وه‌ بۆ هه‌نگاريايه‌كى باشتر كه‌ به‌ Jobbik ناسراوه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانييه‌كه‌ى 2009ى ئه‌وروپيدا %14.77ى هێناوه‌ و له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %14.68.
  • فيدسز/هاوپه‌يمانيى مه‌ده‌نيى هه‌نگارى كه‌ به‌ Fidesz ناسراوه ‌و له‌ناو گرووپى سياسيى EPPى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %56.36ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌ و له‌ 2014دا بووه‌ته‌ %51.48.

ئيرله‌ند:

  • حزبى سۆسياليست كه‌ به‌ SOC ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسيى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %2.76ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌.
  • شين فين كه‌ به‌ SF ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى سياسیى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپیدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %11.1ى هێناوه‌ و له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %17.
  • هاوپه‌يمانيى دژى لێگرتنه‌وه‌ (ته‌قه‌شوف)- خه‌ڵك به‌ر له‌ سوود، به‌ AAA-PBP ناسراوه‌.

ئيتاڵيا:

  • هه‌ڤاڵبه‌ندیى باكوور كه‌ به‌ LN ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى ENFى په‌رله‌مانى ئه‌وروپیدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %10.2 هێناوه ‌و له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %6.15.
  • حزبى ڕێكخستنه‌وه‌ى كۆمۆنيستى/چه‌پى ئه‌وروپى/كۆمۆنيسته‌كانى ئيتاڵيا كه‌ به‌ PRC, SE, PDCI ناسراون و له‌ناو گرووپى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپیدان، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا ته‌نيا %3.38يان هێناوه‌.
  • بزووتنه‌وه‌ى پێنج ئه‌ستێره‌ كه‌ به‌ M5S ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى EFDى په‌رله‌مانى ئه‌وروپیدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %21.15ى هێناوه،‌ له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %29.
  • بۆ ئه‌وروپايه‌كى ديكه‌ كه‌ له‌ناو گرووپى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپیدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014دا ته‌نيا %4.03ى هێناوه‌.

لاتڤيا:

  • بۆ خاكى بابان و ئازادى/هاوپه‌يمانيى نه‌ته‌وه‌يى له‌ 2014 كه‌ به‌ NA-LNNT ناسراوه ‌و له‌ گرووپى سياسيى ECRى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %7.45ى هێناوه ‌و له‌ 2014دا بووه‌ته‌ %14.25.
  • له‌ دڵه‌وه‌ بۆ لاتڤيا كه‌ به‌ NSL ناسراوه‌ و له‌ناو گرووپى ECRى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌.
  • ده‌وڵه‌ت هى كێيه‌؟ كه‌ به‌ KPVLV ناسراوه‌.

ليتوانيا:

  • نيزام و عه‌داڵه‌ت كه‌ به‌ TT ناسراوه‌ و له ‌گرووپى GFDى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %12.2ى هێناوه‌ و له‌ 2014دا بووه‌ به‌ 14.27.
  • حزبى كار كه‌ به‌ DP ناسراوه‌ و له‌ گرووپى ALDEى په‌رله‌مانيى ئه‌وروپيدايه‌.
  • جووتيارانى ليتوانى و يه‌كێتيى سه‌وزه‌كان كه‌ به‌ LVŽS ناسراوه‌ و له‌ گرووپى G/EFAى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له هه‌ڵبژاردنه‌كانى‌ 2014دا %6.62ى ده‌نگه‌كانى هێناوه‌.

لوگزامبۆرگ:

  • چه‌پ كه‌ به‌ Déi Lénkى ناسراوه ‌و له‌ گرووپى سياسیى NAى په‌رله‌مانيى ئه‌وروپيدايه ‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %3.41ى هێناوه ‌و له‌ 2014دا بووه‌ته‌ %5.76.

مالتا: هيچ حزبێكى پۆپۆليستیى تێدا نييه‌.

هۆڵه‌ندا:

  • حزبى ئازادى كه‌ به‌ PVVى ناسراوه‌ و له‌‌ گرووپى ENFى په‌رله‌مانيى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %16.22 و له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %13.2.
  • حزبى سۆسياليست (SP) كه‌ له‌ گرووپى GUE/NELى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %7.1ى هێنا و له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %9.6.

پۆلۆنيا:

  • حزبى یاسا و عه‌داڵه‌ت (PiS) كه‌ له‌ گرووپى ERCى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %27.4 و له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %32.33.
  • كۆنگره‌ى ڕاستڕه‌وى نوێ كه‌ به‌ KNP ناسراوه ‌و له‌ گرووپى ENFى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014دا ڕێژه‌ى %7.06ى هێناوه‌.
  • كۆكيز 15 كه‌ به‌ K15 ناسراوه‌.
  • هاوپه‌يمانى بۆ نوێكردنه‌وه‌ى كۆمار-ئازادى و هيوا كه‌ به‌ KORWin ناسراوه‌.

پورتۆگال:

  • بلۆكى چه‌پ (BE) كه‌ له‌ گرووپى سياسیى GUE/NGL ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه ‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %10.73 و له‌ 2014دا %4.93ى هێنا.
  • هاوپه‌يمانيى ديموكراتيى يه‌كگرتوو (CDU) كه‌ له‌ گرووپى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %10.66ى به‌ده‌ست هێناوه ‌و له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %12.69.
  • حزبى كۆمۆنيستى كرێكارى (PCTP) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %1.2ى هێناوه‌ و له‌ 2014دا بووه‌ به‌ %1.67.

رۆمانيا:

  • حزبى ڕۆمانياى گه‌وره‌ كه‌ به‌ PKM ناسراوه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %8.66ى هێنا و له‌ 2014دا بووه‌ %2.70.
  • يه‌كێتيى ڕزگاريى ڕۆمانى.

سلۆڤاكيا:

  • كوتليبا- حزبى گه‌لى سلۆڤاكياى ئێمه‌ كه‌ به‌ LSNS ناسراوه ‌و له‌ گرووپى سياسیى APFى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014دا، %1.73ى ده‌نگه‌كانى برده‌وه‌.
  • گه‌لى ئاسايى كه‌ به‌ OLaNO ناسراوه‌ و له‌ گرووپى ECRى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه ‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014دا، %7.46ى هێناوه‌.
  • حزبى نه‌ته‌وه‌يیى سلۆڤاكى كه‌ به‌ SNS ناسراوه‌ و له‌ گرووپى EFDى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه ‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009دا %5.55ى ده‌نگه‌كانى هێنا و له‌ 2014دا بووه‌ %3.61.
  • ئێمه‌ خێزانێكين به‌ sme Rodina ناسراوه‌.

سلۆڤينيا:

  • حزبى نه‌ته‌وه‌يیى سلۆڤينى كه‌ به‌ SNS ناسراوه‌ و له‌ 2014دا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا، %2.88ى هێنا.
  • چه‌پى يه‌كگرتوو كه‌ به‌ ZL ناسراوه‌ و له‌ گرووپى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014دا، %5.47ى هێناوه‌.

ئیسپانيا:

  • چه‌پى يه‌كگرتوو- ده‌ستپێشخه‌رى بۆ سه‌وزه‌كانى كه‌ته‌لۆنيا- بلۆكى چه‌پ كه‌ به‌ IU-ICU-EUIA-BA ناسراوه‌ و له‌ G/EFA/GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %3.73 هێناوه‌ و له‌ 2014دا بووه‌ %9.99.
  • پۆديمۆس كه‌ به‌ UP ناسراوه‌ و له‌ گرووپى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2014ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا، %7.97 هێناوه‌.

سوید:

  • ديموكراته‌كانى سوید كه‌ به‌ SD ناسراوه‌ و له‌ گرووپى EFDى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه ‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %3.27ى هێناوه‌ و له‌ 2014دا بووه‌ %9.7.
  • حزبى چه‌پ كه‌ به‌ V ناسراوه‌ و له‌ گرووپى GUE/NGLى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2009 په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدا %5.66ى هێناوه‌ و له‌ 2014دا بووه‌ %6.3.

شانشينى يه‌كگرتوو:

  • حزبى سه‌ربه‌خۆيیى شانشينى يه‌كگرتوو كه‌ به‌ UKIP ناسراوه‌ و له‌ گرووپى EFDى په‌رله‌مانى ئه‌وروپيدايه ‌و له هه‌ڵبژاردنه‌كانى‌ 2009 بۆ په‌رله‌مانى ئه‌وروپى ڕێژه‌ى %16.5ى ده‌نگه‌كانى هێنا و له‌ 2014 دا كردیيه‌ %27.5.
image_pdfimage_print