1

فراوانبوونی نائاساییی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ژمارە

 

مايكل نايتس و ئەمیر ئەلكەعبی*

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

حەشدی شەعبی بە هەموو پێوەرێك بەخێرایی گەشە دەکات، هەر لە بوودجەوە بگرە تا دەگاتە هێزی مرۆییی ڕێپێدراو تا پرۆگرامەکانی مەشقکردن و ئابووری؛ هەرچەندە وا پێ دەچێت سەرکردە میلیشیاکان لە تیشکخستە سەر ئەم گەشەکردنەدا نیگەران بن.

هێشتا پەرلەمان بەتەواوەتی ڕەشنووسی نوێی بوودجەی عێراقی بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣-٢٠٢٥ پەسەند نەکردووە، بەڵام زۆر نزیکە پڕۆژەکە بەرفراوانبوونێکی گەورەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەخۆ بگرێت، ئەو هێزە ئەمنییە نوێیەی لە دوای ٢٠١٤ پێک هێنراوە بە سەرکردایەتیی هەر یەکە لە فالح فەیاز کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ناوی لە لیستی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ دانراوە، هەروەها عەبدولعەزیز محەمەداوی، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنی هێزەکە و ئەبو فەدەك، ڕابەری کەتائیبی حزبوڵڵا.

هەندێك ناکۆکی سەبارەت بەخێرا گەشەکردنی هێزی مرۆییی ڕێگەپێدراوی حەشدی شەعبی بەئاشکرا بڵاو بوونەوە. ڕاپۆرتێکی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی ١٧ی نیسانی ڕابردوو ئاماژەی داوە بەوەی هێزی مرۆییی ڕێپێدراو لە حەشدی شەعبی لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی ٩٥٪ زیادی کردووە؛ واتا بەکردار دوو هێندەی خۆی زیادی کردووە لە ١٢٢ هەزار کارمەند بۆ ٢٣٨ هەزار. لەگەڵ ئەمەیشدا فالح فەیاز لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی UTVدا گومان دەخاتە سەر ئەم ژمارەیە، دوای ئەوەی ڕای گەیاند کە بڕی تەرخانکردنی هێزی مرۆیی لە ساڵی ٢٠٢١ (دوایین بوودجەی پەسەندکراوی پێش ئەم بوودجەیە) تەنیا لە ١٧٠ هەزارەوە بۆ ٢٠٤ هەزار زیاد کراوە، کە هێشتا ساڵانە زیادکردنێکی زۆرە بە ڕێژەی ٢٠٪. (لە بەرامبەردا لە پڕۆژەی بوودجەکەدا ژمارەی کارمەندانی وەزارەتی بەرگری بە ڕێژەی ٦٪ و هی وەزارەتی ناوخۆش بە ڕێژەی ٣٪ زیادی کردووە).

ناکۆکی لەسەر قەبارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی- هێزی مرۆییی ڕێپیدراو و هێزی بەکردار ئامادەکراو، ماوەیەکی دوورودرێژە هەیە؛ هەروەك بەوردی لە بەشی سێیەمی (لاپەڕەکانی ٥٥-٦٤)ی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگەی واشنتۆندا تاوتوێ کراوە؛ هەمیشە ژمارە تۆمارکراوەکانی تێ پەڕاندووە. ئەوەی جێی سەرنجە تەنانەت لەم بوودجەیەیشدا، لە سایەی “حکوومەتی مقاوەمەدا” بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، هێزەکانی حەشدی شەعبی بە هەوڵەکانی تۆمارکردنی ١٦٠ تا ١٧٠ هەزار کارمەند ڕازی بوون؛ ئامانجی سەرەکییش بەدەستهێنانی نزیکەی ٢٥ تا ٣٥ هەزار چەکداری تۆمارنەکراو بوو لە لیستی فەرمیی مووچەدا، جا چ بەرفراوانکردن بووبێت  بۆ ٢٠٤٠٠٠ (هەروەك فەیاز ڕای دەگەیەنێت) یان بە ئەگەری زۆری ٢٣٨٠٠٠ بێت (هەروەك پەرلەمان ڕای دەگەیەنێت و ڕەشنووەکەی دەستوور ڕوونی دەکاتەوە)، ئەوا حەشدی شەعبی بە شێوەیەك گەشە دەکات هیوا و ئاواتەکانی پێشووی تێ پەڕاندبێت.

هەروەها بوودجەی حەشدی شەعبی لە زیادبووندایە، ئەگەرچی بە هەمان خێراییی زیادبوونی ئەندامەکانی نییە. لە بوودجەی پەسەندکراوی (ساڵی ٢٠٢١)، ٢.١ ملیار دۆلار بووە و لە ٢٠٢٣ بووە بە ٢.١ ملیار؛ بڕیاریش وایە دوو جار دووبارە ببێتەوە بۆ هەردوو ساڵی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥. ئەم زیادەیە بە ڕێژەی ٢٣٪ ڕەنگە (لانیکەم) کەمتر بێت لە زیادەی ٤٠-٩٥٪ی هێزی کار، چونکە هەندێك لە ئەندامە تۆمارکراوە زیادکراوەکان پێشتر لە چوارچێوەی بوودجەکەدا بە شێوەی “پارت تایم” (نیوە دەوام) تۆمار کراون.

لەگەڵ ئەوەیشدا ڕەنگە ئەمڕۆ کرێی کارمەندان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز نەبێتەوە، بەڵام بەرفراوانکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی شوێنەوارێکی درێژخایەنی دەبێت لە ڕووی پابەندبوونی نوێی خانەنشینی بۆ چەکدارانی حەشد. فەیاز لە ٢٥ی ئایاردا ئەوەی بەبیر بینەرانی تەلەڤزیۆن هێنایەوە کە یاسای خزمەت و خانەنشینیی تایبەت بە هێزەکانی حەشدی شەعبی، خەریکە کۆتایی دێت و ئاماژەیشی دا بەوەی یاساکە “ماف و پۆست و مووچەی چەکدارەکان مسۆگەر دەکات و دەیانکاتە فەرمانبەری هەمیشەیی”.

هێشتا ڕوون نییە بۆچی ناکرێت هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێك بن لە هێزەکانی ئەمن و ئاسایشی عێراق و، لە چوارچێوەی یاسای خزمەتگوزاریی سەربازی و خانەنشینیی ئێستای عێراقدا بن (یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٠). یەکێك لە لێکدانەوەکان پێی وایە “بە گوێرەی یاسا نوێیەکە چەکدارانی حەشدی شەعبی بە جیهادی ناو دەبرێن.. حەشدی شەعبی دەبێتە ئەو دامەزراوە حکوومییەی، وەسفە جیهادی و پاشخانە ئایینییەکەی خۆی دەمێنێت.” لێکدانەوەیەکی تر پێی وایە حەشد دەیەوێت جیاواز بمێنێتەوە و بە بەراورد لەگەڵ هێزەکانی دیکەدا لە سیستەمەکانی خزمەت و خانەنشینیدا ماف و ئیمتیازاتی زیاتری هەبێت، هەروەك چۆن سیستەمێکی دادوەریی سەربازیی جیاواز و دابڕاوی پەرە پێ داوە بۆ جیاکردنەوەی ئەندامەکانی لە لێپرسینەوەی دەرەکیدا.

لە پرسی فراوانکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا دوو لایەنی دیکەی جێی سەرنج و بایەخ هەن، ئەوانیش بریتین لە وەبەرهێنانی سەرمایە و پارەدارکردنی نهێنیی ئەو هێزە. عەباس زاملی، سەرۆکی فراکسیۆنی ڕێکخراوی بەدر لە پەرلەمان لە ٢٢ی ئایاردا ئاشکرای کرد، کە بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری عێراقی (٣٠٥ ملیۆن دۆلار) خراوەتە سەر بوودجەی وەبەرهێنانی حەشدی شەعبی بۆ بەکارهێنانی کۆمپانیا نوێیەکەی بە ناوی “کۆمپانیای گشتیی موهەندیس”.

ڕۆژێك لە دوای ئەمە، باسم ئەلعوزی، وتەبێژ بە ناوی حکوومەتی عێراقی ڕای گەیاند، ئەنجومەنی وەزیران بە دەنگدان ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر تەرخانکردنی بڕی ١.٥ملیار دیناری عێراقی (١.٢ ملیۆن دۆلار)، “خەرجیی نهێنیی هێزەکانی حەشدی شەعبی”؛ ئەم ئیمتیازەیش تا ئێستا تەنیا بۆ یەك ڕێکخراو تەرخان کراوە، ئەویش “دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقی”یە.

بەگشتی، ئەم پێشهاتانە ئاماژەن بۆ دووهێندە زیادبوونی چەکدارە تۆمارکراوەکانی حەشدی شەعبی و دابینکردنی یارمەتییە درێژخایەنە حکوومییەکان، لەگەڵ بەرفراوانکردنی کاری مەدەنی و بنەما پیشەسازییەکانی حەشدی شەعبی؛ لە کۆتاییشدا ڕێکخستنی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی بێوێنە و بێچاودێری. هەروەك ئەو یاریکردنەی فالح فەیاز بە ژمارەی دامەزراندنەکان دەری دەخات، حەشدی شەعبی ترسی هەیە وا ببینرێت زۆر بەخێرایی فراوان دەبێت؛ تەنانەت لە پاڵ ئەو بوودجە زەبەلاحە بێوێنەیەیشەوە بێت، لەگەڵ ئەمەیشدا مەحاڵە خێرا فراوانبوونی ئەم هێزە بشاردرێتەوە.

* مایکڵ نایتس” (Michael Knights) لە پەیمانگه‌ی واشنتۆن لێکۆڵەرە و پسپۆڕە لە کاروباری سەربازی، ئەمنیی عێراق و ئێران و وڵاتانی کەنداو و، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پلاتفۆرمی میلیشیا سپۆتڵایت.

ئەمیر ئەلكەعبی“، شارەزایەکی عێراقییە لە کاروباری گرووپە چەکدارییە شیعییەکانی عێراق و سووریا.

سەرچاوە:

https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/extraordinary-popular-mobilization-force-expansion-numbers