1

بانکی نێودەوڵەتی: ئەگەر چاکسازی نەکرێت، بووژانەوەی نەوتی عێراق هەرەس دێنێت

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

دوای پاشەکشەی پەتای کۆڕۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠، ئابووریی عێراق لە بووژانەوەی خۆی بەردەوامە، ئەمەیش بەهۆی بازدان و گەشەکردنی خێرای نەوتەوەیە؛ بەڵام کەرتە نانەوتییەکان هێشتا بەدەست پاشەکشەی ئابوورییەوە دەناڵێنن و بەهۆیەوە ئاستەنگەکانی گەشەکردن دووبارە دەرکەوتنەوە. سەرەڕای دەسکەوتی چاوەڕواننەکراوی پێوانەییی داهاتی نەوتی و پەسەندکردنی بوودجەی نوێ، کە ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێی بوون، هێشتا عێراق مەترسیی لەسەرە نەوەك دەرفەتی جێبەجێکردنی چاکسازیی پێویست لەدەست بدات، کە دەمێکە چاوەڕوان دەکرێت و گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ باشترکردنی گەشەی کەرتی تایبەت و دابینکردنی ملیۆنان هەلی کار لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا.

ڕاپۆرتەکەی بەهار و هاوینی 2023ی ڕوانگەی ئابووریی عێراق لەژێر ناونیشانی “دووبارە سەرهەڵدانەوەی گوشارەکان: بووژانەوەی عێراق لە مەترسیدایە”، ئاماژە بە گەشەی ڕاستەقینەی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٢٢ دەدات، کە بە ڕێژەیەکی خێرا بۆ 7% بەرز بووەتەوە، ئەمەیش بەهۆی بووژانەوەی کەرتی نەوتەوە بووە، بەڵام لە چارەگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا لەسەر بنەمای ساڵانە بۆ 2.6% دابەزیوە. هەرچی تێکڕای هەڵاوسانی نرخی بەکاربەریش كە لە ساڵی 2022دا لە ئاستی مامناوەندیدا بوو، لە سەرەتای ساڵی 2023وە بەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی لە بازاڕی هاوتەریبدا بەرز بووەتەوە.

جووڵەی بازاڕی نەوت لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا، کۆی یەدەگی بەبێ زێڕ بەرز کردەوە بۆ ئاستی پێوانەییی ٨٩ ملیار دۆلار، بەڵام ئەم ئاراستەیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا خاو بووەوە. بەم دوایییانەیش، بوودجەی نوێی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٥ کە پەسەند کراوە، ئاماژە بە فراوانبوونێکی زۆری داراییی گشتی دەدات کە ڕەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی خێرا بەدەستهێنانی داهاتی نەوت و سەرهەڵدانەوەی گوشار لەسەر داراییی گشتی. هەروەها ڕەنگە ئەو چاکسازییە پێکهاتەیییانە دوا بخات کە لەمێژساڵە بۆ پەرەپێدانی ئابوورییەکی زیندوو و بەردەوام پێویستن.

ڕوانگەی ئابووریی عێراقی لە کۆتاییی ڕاپۆرتەکەیدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی بڵێت: تا چاکسازیی پەیکەربەندی و پێکهاتەیی ئەنجام نەدرێت، مۆدێلی گەشەپێدانی عێراق لەسەر بنەمای نەوت زیانێکی زۆری پێ دەگات. پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ناوخۆییی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی ١.١% کەم ببێتەوە، بەهۆی کەمبوونەوەی پێشبینیکراوی بەرهەمی ناوخۆییی نەوت بە ڕێژەی ٤.٤% بە پشتبەستن و لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئۆپێك+ بۆ ئەمساڵ. تەنانەت لاوازیی ویستی ئەنجامدانی چاکسازی، لە سایەی دابەزینی نرخی نەوتیشدا، یارمەتیدەر نابێت بۆ کەمکردنەوەی کۆنترۆڵی کەرتی گشتی و زیادکردنی ئەگەری گەشەی بەرهەمی نانەوتی و ڕەخساندنی هەلی کار لە ئابووریی عێراقدا. هەموو ئەمانەیش وا دەکەن لە دوورمەودادا سنوور بۆ ئاسۆی گەشەی ئابووری دابنرێت. هەروەها مەترسیی گەورەتر لەسەر ئابووریی عێراق دێتە ئاراوە، کە تا ڕاددەیەکی زۆر بریتی دەبێت لە ئاڵنگارییەکانی بونیادیی چارەسەرنەکراو؛ ئەمەیش سیستەمی ئابووریی عێراق بەتوندی بەرەوڕووی مەترسییەکانی شۆکی کەرتی نەوت و گوشارەکانی هەڵاوسان و پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی ناجێگیری نرخی کاڵاکانی دەکاتەوە، کە لەوانەیە ئاراستەکانی دۆخەکە بەرەو هەژاری ببەن و مەینەتیی ئاسایشی خۆراك زیاتر بکات.

لەم بارەیەوە ژان کریستۆف کارێ، بەڕێوەبەری هەرێمی فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بانکی نێودەوڵەتی ڕای گەیاند، عێراق دوای چەندان ساڵ ئاژاوە، زۆر بەبەهێزی دەبووژێتەوە، بەڵام ناتوانێت بەردەوام بێت بۆ بووژانەوە لە ماوەیەکی کورتدا ئەگەر بەتەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت. بەهۆی پابەندنەبوونی سیاسییش لەبارەی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییە پێویستانەی کە عێراق زۆر دەمێکە داوایان دەکات، زۆر بەخێرایی و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ڕووبەڕووی مەترسیی کەمکردنەوەی یەدەگەکانی دەبێتەوە و، دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم. هەروەها دەڵێت “پێویستە ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ خێراکردنی هەنگاوەکان بەرەو هەمەچەشنکردنی چالاکییە ئابوورییەکان و چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانە بگیرێتە بەر، کە دەبنە هۆی زیادبوونی نالەباریی ئابووری و بەرگرتن لە ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە دۆخەکە و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانیی درێژخایەنی گەلانی عێراق.”

بەشێکی تایبەتی ڕاپۆرتەکە بە ناونیشانی “نێوەندگیریی دارایی لە عێراق” باس لە کەرتی داراییی عێراق دەکات و دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە نەبوونی سەرمایە لە بانکە باڵادەستەکانی سەر بە دەوڵەت و لاوازیی کەرتی بانکی بازرگانیی ئەهلی، دوو لە ئاستەنگەکانن بۆ بەدەستهێنانی هەمەچەشنکردنی چالاکییە ئابوورییەکان. ڕاپۆرتەکە جەخت لە گرنگیی چاکسازی لە کەرتی بانکی و پێشخستنی خزمەتگوزارییە دارایییە دیجیتاڵییەکان دەکاتەوە؛ مەبەست لەمەیش زیادکردنی چالاکییەکانی نێوەندگیریی دارایی و بەرەوپێشبردنی گشتگیریی دارایییە. ئامانج لەم پێشنیارانەیش گۆڕینی کەرتی دارایییە بۆ هاندانی هەمەچەشنکردنی ئابووری.

سەرچاوە:

https://www.iraqinews.com/iraq/iraqs-oil-boom-could-collapse-if-no-reforms-occur-world-bank/