هه‌گبه‌كه‌ی هاكان فیدان چیی تێدا بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان؟
موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی ڕابردوودا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان گرفتی جددی بووه‌وه، ته‌نانه‌ت مه‌ترسیی له‌ناوچوونیشی له نێوان ئه‌گه‌ره‌كاندا بوو؛ چونكه گوشارێكی بێوێنه خرایه سه‌ر ئه‌م قه‌واره‌یه له ڕووی ئه‌منی، ئابووری، بازرگانی و یاسایییه‌وه له‌لایه‌ن هێزه سیاسییه جیاجیاكانی عێراقه‌وه. ئه‌م گوشاره تا ئێستایش بەردەوامە. جگه له‌مه كێشه ناوخۆیییه‌كانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم گه‌یشتۆته لووتكه، کە ئه‌مه‌یش وای كردووه ده‌نگ و هێز و سه‌نگی كورد له به‌غدا زۆر لاواز بێت و، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌م قۆناغه به نه‌رێنی كاریگه‌ریی كردۆته سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێم له به‌غدا. له‌گه‌ڵ گشت ئه‌م ڕووداو و پێشهاته نه‌رێنییانه كه ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونەته‌وه، به‌ڵام هێشتا هه‌وڵه‌كانی به‌رپرسانی هه‌رێم به‌رده‌وامه بۆ پاراستنی قه‌واره ده‌ستوورییه‌كه‌ی هه‌رێم.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا یارمه‌تیده‌رێكی باشن بۆ هێشتنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم و پتەوتركردنی پێگه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا. بۆیه سه‌ردانه فه‌رمییه‌كانی به‌رپرسه باڵاكانی وڵاتانی جیهان بۆ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، خاڵێكی باش و به‌هێزە بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كوو ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تیی به‌هێز بمێنێته‌وه. له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵدا هه‌یه كه ڕۆڵ و پێگه‌ی تایبه‌تی هه‌یه له ناوچه‌كه‌دا، توركیایه.
توركیا له ڕووی ئابووری و بازرگانی و وزه و ته‌نانه‌ت له ڕووی ئه‌منییشەوە، بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه. بۆیه له كات و ساتێكی وه‌كوو ئه‌مه‌ی ئێستا، په‌ره‌دان به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا زۆر گرنگه، به‌تایبه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا شه‌وی (23/8/2023) “هاكان فیدان”، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، به سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته هه‌ولێر. ئه‌م سه‌ردانه‌ی “فیدان” زۆر جیاوازتره له سه‌ردانی به‌رپرسانی پێشووتر؛ هه‌م له ڕووی كات و ساته‌كه‌یه‌وه و هه‌میش له‌به‌ر ئه‌و قۆناغه‌ی كه ئێستا هه‌رێمی كوردستانی تێدایه. بۆیه له سه‌روبه‌ندی ئه‌م سه‌ردانه ئه‌م پرسیاره‌مان بۆ دروست ده‌بێت: “فیدان چیی پێ بوو بۆ هه‌رێمی كوردستان؟” بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، ده‌كرێ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
- فیدان به حوكمی ئه‌وه‌ی به‌وردی شاره‌زایییه‌كی باشی هه‌یه له‌سه‌ر دۆسیه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بۆیه ده‌توانین بڵێین له مێژووی ژیانی سیاسیی توركیادا، تاكه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیایه كه توانیویه‌تی هاوكێشه سیاسییه عێراقییه‌كه به‌باشی بخوێنێته‌وه و شییان بكاته‌وه. بێ گومان ئه‌وهی‌ش به هۆكاری ئه‌وه‌یه كه “فیدان” نزیكه‌ی سێزده ساڵ سه‌رۆكی ده‌زگەی هه‌واڵگریی توركیا (Milli İstihbarat Teşkilatı – MİT) بووه و چه‌ندان جاریش به‌ئاشكرا و به‌نهێنی سه‌ردانی عێراقی كردووه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارەیه “فیدان” له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نانه كۆ بووه‌وه كه پێگه و قورسایییه‌كی به‌رچاویان له ژیانی سیاسیی عێراقیدا هه‌یه. كه‌واتە په‌یامی یه‌كه‌می “فیدان” بۆ عێراق و لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراقی ئه‌وه‌یه كه‌وا “ئه‌نقه‌ره له دژی هه‌رێمی كوردستان په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا نادات.”
- “پشتیوانی له سه‌قامگیریی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین“[1] په‌یامێكی دیكه‌ی گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی فیدان بوو. ئه‌م په‌یامه زیاتر به واتای ئه‌وه دێت كه قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه پشتگیریی لێ كراوه. لانی كه‌م له قۆناغی ئێستادا ئه‌نقه‌ره نایه‌وێت به هیچ شێوه‌یه‌ك زیان به قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان بگات.
- له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی “فیدان” بۆ هه‌ولێر و ده‌ستپێكردنی چاوپێكه‌وتنه فه‌رمییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان، “ئه‌لپئا‌رسلان بایراكتار”، وه‌زیری وزه و سه‌رچاوه سروشتییه‌كانی توركیا، به سه‌ردانێكی فه‌رمی و له‌ناكاو گه‌یشته هه‌ولێر[2]. ئامانجی ئه‌م سه‌ردانه گفتوگۆكردن بوو له‌باره‌ی وزه. ئه‌مه‌یش خۆی له خۆیدا په‌یامێكی دیكه‌ی ڕاسته‌وخۆ بوو بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی، كه‌وا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه هه‌رێمی كوردستان له نه‌خشه‌ی وزه سڕاوەتەوە و هیچ بایه‌خێكی نه‌ماوه، چونكه ئه‌م سه‌ردانه به واتای ئه‌وه دێت كه هێشتا هه‌رێمی كوردستان لانی كه‌م بۆ وڵاتێكی گرنگی ناوچه‌كه- كه توركیایه- گرنگه و، ئه‌نقه‌ره ئاماده‌یه له‌سه‌ر ئاستی به‌رز، له كه‌رتی وزه په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم بدات. بێ گومان هه‌رچه‌نده ده‌بوایه حكوومه‌تی عێراق كاتێ كه “حه‌ییان عه‌بدولغه‌نی”، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیران بۆ كاروباری وزه و وه‌زیری نه‌وتی عێراق، سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ی كرد، نوێنه‌ری هه‌رێمیشی له‌گه‌ڵ خۆیدا ببات، به‌ڵام وا دیاره ئه‌وه‌ی به‌غدا نه‌یكرد، توركیا به‌فه‌رمی و ڕاسته‌وخۆ و له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رزتردا كردی. هاتنی “بایراكتار” له‌گه‌ڵ “فیدان” بۆ هه‌ولێر، خۆی له خۆیدا بریتی بوو له گه‌یاندنی په‌یامی “ئه‌نقه‌ره له بواری وزه و نه‌وت و غازدا، نایه‌وێت هه‌رێمی كوردستان په‌راوێز بخرێت” به به‌رپرسانی عێراق.
- توركیا، به‌تایبه‌ت دوای ڕاگه‌یاندنی شه‌ست و حه‌فته‌مین كابینه‌ی حكوومی له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 14ی مایس، به‌نیازه گۆڕانكارییه‌كی فراوان ئه‌نجام بدات له په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و به‌تایبه‌ت وڵاتانی كه‌نداو. بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه، توركیا پێویستیی به هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. واتا ده‌كرێ هه‌رێمی كوردستان ببێته پردێك بۆ گه‌یشتن به وڵاتانی وه‌كوو عه‌ره‌بستانی سعوودی و كوێت و وڵاتانی دیكه‌ی كه‌نداو. له‌م ڕووەیشه‌وه سه‌ردانه‌كه‌ی فیدان بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه.
- “نێچیرڤان بارزانی“، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمدا، ڕۆڵ و پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه؛ به‌تایبه‌ت له پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و توركیادا ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه. له سه‌ردانی ئه‌م جاره‌ی “فیدان” بۆ هه‌ولێر، په‌یوه‌ندیی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره به‌چڕی باسی لێوە كرا. بۆیه ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه سه‌ردانه‌كه‌ی “فیدان” تایبه‌تتر بووه بۆ پاڵپشتیكردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك لایه‌نێكی سیاسیی گرنگی عێراق.
- ده‌روازه‌ی سنووریی “ئیبراهیم خه‌لیل” كه ده‌روازه‌یه‌كی گرنگه و له ڕووی بازرگانییه‌وه توركیا به عێراق ده‌به‌ستێتەوە، ساڵانه له ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌روازه‌یه‌وه به ملیاران دۆلاری ئه‌مریكی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تیایدا ئه‌نجام ده‌درێت. “ئیبراهیم خه‌لیل” هه‌م بۆ هه‌رێمی كوردستان و هه‌میش بۆ توركیا له ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه زۆر گرنگه. پتەوكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ زیاتر په‌ره‌دان به ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان توركیا و عێراق، به‌تایبه‌ت له ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌روازه‌یه‌وه؛ چونكه به‌شێكی زۆری ئه‌م ئاڵوگۆڕه بازرگانییه له ڕێگه‌ی “ئیبراهیم خه‌لیله”وه بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌نێردرێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ڕۆژانی داهاتوودا وه‌زیری بازرگانیی توركیا سه‌ردانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بكات. سه‌ردانه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی وه‌زیری بازرگانیی توركیا به مه‌به‌ستی پتەوتركردنی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانییه له نێوان هه‌ردوو وڵات. “فیدان”یش له كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی كه له‌گه‌ڵ “فوئاد حوسێن”، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ستی، ڕای گه‌یاند كه قه‌واره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و توركیا گه‌یشتۆته نزیكه‌ی (25) ملیار دۆلاری ئه‌مریكی[3]. بۆیه “فیدان” له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان په‌یامی “فراوانتركردنی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان“ی گه‌یانده به‌رپرسانی هه‌رێم.
- بواره‌كانی ئاسایش و كۆنترۆڵكردنی ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، خاڵێكی سه‌ره‌كیی دیكه بوو كه “فیدان” گه‌یاندییه به‌رپرسانی هه‌رێم. توركیا له‌م بابه‌ته زۆر جددییه و ته‌نانه‌ت له دوایین سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق “فیدان” له به‌غدا ڕای گه‌یاند كه، “په‌كه‌كه” هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات ڕێڕه‌وێك بۆ خۆی دروست بكات كه تیایدا عێراق به سووریا ببه‌ستێتەوە. دیاره ئه‌مه‌یش نیگه‌رانی له لای به‌رپرسانی توركیا دروست كردووه. ئه‌م ئامانجه‌ی توركیا، به‌بێ عێراق، به‌تایبه‌تتر به‌بێ هه‌رێمی كوردستان ناتوانری جێبه‌جێ بكرێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌ردانه‌كه‌ی “فیدان” په‌یامی “هاوكارمان بن له بواری پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا“ی گه‌یاندۆته به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان.
- “پێكهاته‌ی توركمان”یش له به‌رنامه‌ی “فیدان”دا شوێنی خۆی كردبووە‌وه. “فیدان” جگه له به‌غدا، له هه‌ولێریش، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پێكهاته‌ی توركمان له باره‌گای به‌ره‌ی توركمانی له هه‌ولێر كۆ بووە‌وه[4]. توركیا به‌گشتی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی مافی پێكهاته‌كان ده‌كات، به‌تایبه‌ت پێكهاته‌ی توركمان. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌یان گوشارێكی زۆر هه‌یه له‌سه‌ر پێكهاته‌كان له هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی “كورسیی كۆتاكان”ه‌وه له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیی هه‌رێم، بۆیه ده‌بینین “فیدان” له ڕێگه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ توركمانه‌كانی هه‌رێم هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كه په‌یامی “ڕێز له مافه ڕه‌واكانی پێكهاته‌كان، به‌تایبه‌ت توركمانه‌كان، بگرن“، بگه‌یەنێته ئه‌و لایه‌نه سیاسییانەی، كه گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر پێكهاته‌كان، به‌تاییه‌ت پێكهاته‌ی توركمان.
له كۆتاییدا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سه‌ردانه‌كه‌ی “فیدان” ببێته هانده‌رێكی باش بۆ پتەوتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستان؛ هه‌روه‌ها له هه‌مان كاتدا ئه‌م سه‌ردانه، ئاماده‌كارییه‌كه بۆ سه‌ردانه پێشبینكراوه‌كه‌ی “ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان”، سه‌رۆككۆماری توركیا بۆ عێراق. هه‌رچه‌نده كێشه‌كانی نێوان عێراق و توركیا قووڵن و ئاوا به چه‌ند سه‌ردانیكردنێك چاره‌سه‌ر ناكرێن، به‌ڵام ئه‌نقه‌ره پێش ئه‌نجامدانی ئه‌م سه‌ردانه، ڕژده له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لانی كه‌م هه‌ندێك له كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن؛ به شێوه‌یه‌ك هه‌رێمی كوردستانیش وه‌كوو قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری له عێراق، درێژه به پارێزگاریكردن بدات له پێگه ستراتیژییه‌كه‌ی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا. بۆیه پێشبینی ده‌كرێت ڕادده و شێواز و ئاستی په‌یوه‌ندی و هاوكاریی توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر – به‌غدا هه‌بێت.
[1]. بۆ بینیی لێدوانه‌كه‌ی “فیدان” ده‌رباره‌ی پشتیوانیكردن له سه‌قامگیریی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2408202323
[2]. بۆ ورده‌كاریی زیاتر ده‌رباره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی “بایراكتار” ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: وەزیری وزەی تورکیا: لە هەولێرین بۆ گفتوگۆکردن… | رووداو.نێت (rudaw.net).
[3]. بۆ بینینی ده‌قی لێدوانه‌كه‌ی “فیدان” له به‌غدا به زمانی توركی، ده‌توانن له ڕێگه‌ی ئه‌م لینكه‌وه سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بكه‌ن: https://www.mfa.gov.tr/disisleri-bakani-sayin-hakan-fidan-in-irak-basbakan-yardimcisi-ve-disisleri-bakani-fuad-huseyin-ile-ortak-basin-toplantisi-22-8-2023.tr.mfa.
[4]. بۆ زانیاریی زیاتر ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی “فیدان” له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كانی توركمان له هه‌ولێر، ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2408202320.