ئێران و ئەمریکا: پلانی C
د. پەرویز ڕەحیم قادر– دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان و مامۆستا لە بەشی سیستەمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی، زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر
ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ لە ڕێکەوتی ٢٥-٨-٢٠٢٣ لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: چەند مانگێک دیپلۆماسیی نهێنی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و نوێنەرانی حکوومەتی بایدن نەک تەنیا بووەتە هۆی ڕێککەوتنێک بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، هەروەها ئازادکردنی سەروەت و سامانی دەستبەسەرداگیراو لە ئێران و، ئەگەری گۆڕانکاری لە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی کۆماری ئیسلامیدا، بەڵکوو وا دیارە حکوومەتی بایدن ڕێگەی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە کە بە پشتگوێخستنی گەمارۆکان، لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت، داهاتی زیاتر بەدەست بهێنێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی ئەمریکا بە شێوەی تایبەتی، دانیان بەوەدا ناوە کە وردە وردە گەمارۆی نەوتی ئێرانیان کەم کردووەتەوە؛ ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە فرۆشتنی نەوتی ئێران بۆ بەرزترین ئاست بەرز ببێتەوە لە دوای گەڕاندنەوەی سزاکانی ساڵی ٢٠١٨ لە ئیدارەی ترامپ، هەروەها زۆرترین بڕی نەوتیش بە چین فرۆشراوە. پاڵنەری دەسەڵاتدارانی ئەمریکاش ئەوەیە کە ڕەوانەکردنی نەوتی ئێران بۆ بازاڕی جیهانی، نرخەکەی کەم دەکاتەوە. ئەمەیش یارمەتیی بایدن دەدات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ساڵی داهاتوو لە ئەمریکا.
لە ڕاستیدا، لەم ماوەی دواییدا (١٠-٨-٢٠٢٣) هەواڵێک لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە کە هەردوو وڵات گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ ئاڵوگۆڕی دەستبەسەرکراوانی ئەمریکی-ئێرانی (کە بە بارمتە دادەنرێن) لە تاران و، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا هەم زیندانییە ئێرانییەکان لە ئەمریکا ئازاد بکات کە یارمەتیی ئەو وڵاتەیان داوە لە شکاندنی ئابڵووقە و گەمارۆکان، هەمیش ئەمریکا ڕێگە دەدات کە ٦ ملیار دۆلار لە دارایییەکانی ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوور ئازاد بکرێت و بگوازرێتەوە وڵاتی سێیەم کە بەپێی زانیارییەکان ئەو وڵاتە قەتەرە.[1] بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، موراد تاهباز، سیامەک نەمازی و عیماد شەرقی لەو زیندانیانەن کە بڕیار دراوە ئێران ئازادیان بکات؛ هەرچەندە لە ئێستادا گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی گرتووخانە و لە هۆتێلێکی پارێزراو لەژێر چاودێریدان و بەم پێیەش تاوەکوو ئێستا دەستبەسەرن. تا ئێستا ناوی ئەو ٢ زیندانییەی دیکە ئاشکرا نەکراوە. بەڵام دەوترێت یەکێک لەو ٢ زیندانییە نەناسراوەی کە ئازادکراون “زانا” و ئەوی دیکەیان “بازرگان”ە. هەروەها زیندانی پێنجەم کە ژنێکە پێشتر ئازاد کرابوو و ئێستا لە ژێر چاودێری نیشتەجێبووندایە.[2]
سەبارەت بە ئازاداکردنی بڕی ٦ ملیار دۆلاری ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوور، وتەی پێکناکۆک و دژبەیەک دەوترێت، بەم واتایە کە ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم بڕە پارەیە کە بە چەند قۆناغێک دەخرێتە سەر هەژماری بانکی ناوەندیی قەتەر، ئێران ئیتر ئازاد و سەربەستە کە جۆنی بیەوێت بەکاری بێنێت و پارەکە کراوەتە یۆرۆ، بەڵام لە بەرامبەردا لایەنی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پارەیە، پاش ڕەزامەندیی لایەنی پەیوەندیداری ئەمریکی (بەهۆی سزا و ئابڵووقەکانی دارایی و ئابووریی ئەمریکا لەسەر ئێران)، دەتوانرێت بۆ کڕینی پێداویستیی مرۆیی وەکوو؛ دەرمان و خۆراک و پێداویستیی پزیشکی بەکار بێت، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە. لە لایەکی تریشەوە، زانیاریی نافەرمی هەیە کە بڕی پارەکە بەپێی ڕێککەوتنێکی نهێنیی نێوان ئێران و ئەمریکا ٢٣ ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت. بەم واتایە کە جگە لە ٦ ملیار دۆلارەکەی ئێران لە کۆریای باشوور، ئەوە زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلاری قەرزی ئێران لە عێراق و، هەروەها ٥ ملیار دۆلاری ئێران لە ژاپۆنیش هەر بەم شێوەیە ئازاد کراون، کە هەردوو لایەن ئەمەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە. جێگەی ئاماژەیە کە ئەم ڕێککەوتنە بە نێوەندگیریی قەتەر و عومان و سویسرا و تەنانەت دەوترێت عێراق ئەنجام دراوە.
- ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پلانی C
ئەوەی کە جێگەی گرنگ و سەرنجە ئەمەیە کە ئێران سەرەرای ڕێککەوتن، بەڵام ڕازی نەبووە کە زیندانییە ئازادکراوەکان ئێران بەجێ بێڵن، چونکە لە ڕابردوودا هاوشێوەی ئەمە ئەنجام دراوە[3]؛ بەڵام لە ئێستادا دەوترێت کە ئێران مەرجی ئەوەی داناوە کە تاوەکوو هەموو پارەکە نەگوازرێتەوە بۆ قەتەر و دڵنیا نەبێتەوە، ئەم کارە ئەنجام نادات و، بۆیە پێ دەچێت کە بەهۆی پێویستیی ماوەی زەمەنیی ٤ بۆ ٦ هەفتە، ئەوە لە مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ ڕێگە بدات کە ئەو زیندانیانە ئازاد بکرێن و ئێران جێ بێڵن. بەڵام هەندێ لە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران ئەو زیاندانیانە لەژێر جاودێریدا دێڵێتەوە تاوەکوو لە لایەک دڵنیا بێتەوە کە دەتوانێت پارەکە سەرف بکات و لە لایەکی تریشەوە ئێران نیگەرانە کە لە مانگی ئۆکتۆبەر ئەوە ئەمریکا، بریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا هان بدات کە ئابڵووقە و سزاکانی سەر ئێران سەبارەت بە بەرنامەی سەربازی و بەتایبەتی مووشەکیی ئەو وڵاتە کە لە پاش ڕێککەوتنی ٢٠١٥ و بەپێی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش، لە ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لەسەری هەڵدەگیرێت، بهێڵنەوە یاخود سزاکانی خۆیان لەسەر ئێران لەم بارەیەوە، هەڵنەگرن. هەرچەندە بەپێی شرۆڤە و زانیارییەکان ئێران زیاتر نیگەرانیی لە چالاککردنی میکانیزمی Snapback هەبوو، کە وای دەکرد هەموو بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش (1696، 1737، 1747، 1803، و 1929) بە شێوەی ئۆتۆماتیکی لە دژی ئێران بگەڕێتەوە و چالاک بکرێتەوە، بەڵام پێ ناچێت وڵاتانی ئەوروپی-سەرەڕای نیگەرانییەکانیان لە یارمەتیدانی ڕووسیا لەلایەن ئێرانەوە لە جەنگی ئۆکراینا-ڕووسیا، لە ڕوویدابینکردنیفرۆکەی بێفرۆکەوان، هەوڵی دروستکردنی بارگرژیی لەم شێوەیە بدەن و ئێران بەرەو پیتاندنی زیاتر و بەرزتر بە مەبەستی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بڕوات.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەڵام بەپێچەوانەکەی ئێران هەوڵی داوە کە لە ئاستی بارگرژییەکان کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا لە لایەک ئەم گوشارە لە ئەوروپییەکان نەکات و لە لایەکی تریشەوە، ئەمریکا بەردەوام بێت لە دانوستانەکانی لەسەر زیندووکردنەوە یاخود ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ و لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ، تاکلایەنە لەم ڕێککەوتنە دەرچوو. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئەم جارە سیاسەتی ئێران پێچەوانە بۆتەوە؛ بەم واتایە کە لە ڕابردوو هەوڵی دەدا لە ڕێگەی ئەوروپییەکان گوشار بخاتە سەر ئەمریکا یاخود لێکترازان لە نێوان ئەوروپا و ئەمریکادا سەبارەت بە سیاسەتیان لە هەمبەر ئێران دروست بکات و تا ڕاددەیەکی زۆریش لەمەدا سەرکەوتوو بوو، چونکە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ، بارگرژی لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی دروست بوو؛ بەڵام لە ئێستادا و لە سەردەمی بایدن، ئاماژە و زیانیارییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەمریکا ڕێگەی لەوە گرتووە کە ئەوروپییەکان هەڵوێست یاخود کاردانەوەی زۆر توندیان لە دژی ئێران هەبێت. باشترین نموونەیش لە سەردەمی شۆڕشی ئێرانییەکان لە دژی ڕژێمی ئێستای کۆماری ئیسلامی بوو، کە ئەمریکا ڕێگەی نەدا سوپای پاسداران بخرێتە ناو لیستی ڕێکخراوە بیانییە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و، تەنانەت ئێستایش ڕێگەی لە بریتانیا گرتووە کە ئەم کارە ئەنجام بدات بە پاساوی دروستبوونی بارگرژی لە ناوچەکە و ئەگەرەکانی کۆتاییهاتنی ڕێککەونتی ئەتۆمی و هەنگاونان بەرەو پێکدادانی نەخوازراو. ئەمە لە کاتێکدایە کە خودی ئەمریکا سوپای پاسدارانی خستۆتە ناو لیستی ڕێکخراوە بیانییە تیرۆریستییەکانی ئەو وڵاتە.
یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئێران لە گرتنەبەری ئەم سیاسەتە نوێیە لە هەمبەر ئەمریکا-بەو پێیەی کە ئەم کابینەیە لەلایەن کەسانی توندڕەوەوە بەڕێوە دەچێت و لە ڕابردوودا دژی هەرچەشنە دانوستاندن و ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا و تەنانەت خودی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ بوون- هەروەها ئامانج لەم ڕێککەوتنە ئەوە بوو لە گوشاری بێوێنەی ئابووری و دارایی کە بەرۆكی کابینەی “ڕەئیسی”ی گرتووە، ڕزگاری بێت. ئەمەیش نیشان دەدات کە ڕێبەری باڵای ئێران هەموو هەوڵێک دەدات کە ئەم کابینەیە لە گوشارەکان دەرباز بکات، چونکە ئەم کابینەیە بە حکوومەتێکی نزیک لە ئایەتۆڵڵا خامنەیی دادەنرێت کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی کۆنترۆڵکراو و پڕ لە مشتومڕ و جێگەی گوماندا بە بەراورد بە ڕابردوو، هاتۆتە سەر کار.
لە لایەکی تریشەوە بەو پێیەی کە سیاسەتی دەرەکی و بەتایبەتی پرسی ئەتۆمی و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بەتەواوی لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە چاودێری و کۆنترۆڵ دەکرێت و لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی خۆیدایە، ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم سیاسەت و ڕێککەوتنە بە فەرمانی ڕاستەوخۆ و گڵۆپی سەوزی ئایەتۆڵڵا خامنەیی ئەنجام دراوە. هەر بۆیە چاودێران پێشبینی دەکەن ئەمە سەرەتای ڕێککەوتنێکی نەنووسراوە لە نێوان ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی و ڕێککەوتننامەی ساڵی ٢٠١٥ کە تاوەکوو ئێستا لە نێوان ئێران و ئەمریکا نەگەیشتۆتە ئەنجامی کۆتایی. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئەم سیاسەتە لەلایەن خامنەیی و ئیدارەی جۆ بایدن بە پلانی (C) دادەنرێت؛ بەو پێیەی کە ئێران و ئەمریکا نەیانتوانیوە بە هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی، ڕێککەوتنەکە زیندوو بکەنەوە (پلانی A) و لە لایەکی تریشەوە، گوشار و سزا و ئابڵووقەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران وەکوو چاوەڕوان و پێشبینی دەکرا نەیتوانی ئێران ناچار بکات کە بە هەموو مەرجەکانی ئەمریکا ڕازی بێت یاخود ئێران کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت (پلانی B)، بۆیە ئەم سیاسەتەی ئێستا بە پلانی C دادەنرێت کە کۆنترۆڵی بارگرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئەم سیاسەتە (پلانی C) هەم ڕێگە لە ئێران دەگرێت کە لەمە زیاتر پەرە بە توانا ئەتۆمییەکانی لە بواری بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دەدات و هەمیش ڕێگە لە دروستبوونی جەنگێکی نەویستراو و نەخوازراو دەگرێت. لە بەرامبەریشدا، ئێران دەستی بە سەرچاوە دارایییەکانی-هەرچەندە سنووردار و تەنیا لە بواری مرۆڤدۆستانە- ڕادەگات و لەمەیش گرنگتر مەترسیی جەنگ و هێرش بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی دوور دەخاتەوە. جگە لەمانەیش، لە ڕێگەی ئەمریکاوە دەوڵەتانی ئەوروپی کۆنترۆڵ دەکات.
جگە لەم هۆکارانەی سەرەوە، ئێران لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) نزیک دەبێتەوە و هەر بەم هۆیەیش ترسێكی زۆری هەیە لەوەی کە جارێکی دیکە ئەم ناڕەزایەتییە کەڵەکەبوووانە سەر هەڵبداتەوە، چونکە ئێران هەم لەرووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی زۆر نالەباردایە و ترسی ئەوەی هەیە کە ئەم جارە ناڕەزایەتییە ئابوورییەکانیش بێنە پاڵ ناڕەزایەتییە سیاسییەکانی ساڵی ڕابردوو و، شۆڕشی برسییەکانیش لە پاڵ شۆڕشی ژینا ڕژێمی ئێران بەرەو هەڵدێر و مەترسیی ڕووخان ببات. چونکە لە ڕووی دەروونییەوە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەتوانێت تا ڕاددەیەک- هەرچەندە کاتی- بازاڕی ئێران ئارام بکاتەوە و ڕێگە لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکان یاخود دابەزینی نرخی تومەنی ئێرانی کە کاریگەریی لەسەر کۆی سێکتەرەکانی ئابووری و دارایی و تەنانەت ژیانی تاکەکانی ئێران هەیە، بەسەر ئەم مەترسی و کێشەیە زاڵ بێت.
لە لایەکی تریشەوە، ئێران بە پەیڕەوکردنی سیاسەت یاخود (پلانی C)، لە ڕۆژەکانی نزیکبوونەوە لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا، دەیەوێت ڕێگە لەوە بگرێت کە ئەمریکا بە یارمەتیی ئەوروپییەکان لە ئەگەری سەرهەڵدانێکی چاوەروانکراوی جەماوەری وەکوو ساڵی ڕابردوو، پاڵپشتی لە ڕاپەڕیو و ناڕازیانی ئێرانی لە ناوخۆ و دەرەوە بکات. بەم واتایە کە ئێران لە ڕێگەی (پلانی C)، هەم تا ڕاددەیەک و بە شێوەیەکی کاتی کێشە ئابوورییەکانی چارەسەر بکات و هەمیش ڕێگە لە دەستوەردانی ڕۆژاوایییەکان لە ئێران بگرێت بۆ ئەوەی خۆی بۆ ئەگەری سەرهەڵدان یان ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بەرفراوان ئامادە بکات و بتوانێت کۆنترۆڵ یان سەرکوتی بکات.
جێگەی ئاماژەیە کە تەنانەت (پلانی C)، لەوەیش بەرفراوانترە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعوودیاش دەگرێتە خۆ. چونکە لە ڕاپەڕینی ساڵی ڕابردوو بەهۆی قەیرانی وزە لە ئاستی جیهانی، پێگەی سعوودیا بەرز ببووەوە و، هەمیش بەهۆی ڕێککەوتنی ئیبراهیم، وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل وەکوو جەمسەرێک دەردەکەوتن کە دەتوانن ئێران بخەنە مەترسییەوە و پاڵپشتی لە سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی ئێرانییەکان و ڕووخانی ڕژێمی ئێران بکەن. بۆیە ئێران بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە، هەوڵی دا کە خۆی بۆ گەڕێکی نوێی ناڕەزایەتی ئامادە بکات، چونکە بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان وڵاتی سعوودیا (لە ڕێگەی کەسانی بازرگان و دەوڵەمەند)، پارەدارکردنی گرنگترین و کاریگەرترین میدیای دژەڕژێمی ئێرانی بە ناوی (ایران اینترنشنال) کە ڕۆڵی سەرەکیی لە هاندانی خۆپیشاندانەکانی ئێران هەبوو، لە ئەستۆ گرتبوو؛ هەر بۆیە بەپێی زانیارییەکان یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەونتی نێوان ئێران و سعوودیا و، هەروەها مەرجی ئێران بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی، کۆتاییهێنان بووە بەم پاڵپشتییە دارایییە و تەنانەت ڕاوەستانی دەستوەردانی سعوودییەکان لە ڕێگەی پچڕانی پاڵپشتی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی.
هەروەها دەتوانین ئاماژە بە هۆکارێکی دیکەی گرتنەبەری ئەم پلانە لەلایەن ئێرانەوە بکەین کە بریتییە لەوەی کە ئێران نایەوێت جارێکی دیکە لە ڕێگەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە (IAEA) گوشاری بخرێتە سەر و مەلەفی ئەتۆمیی ئێران بەهۆی بەزاندنی سنووردارییەکانی ناو رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥، هەروەها یاسا نێودەوڵەتییەکان بچێتەوە ئەنجومەنی ئاسایش، هەروەکوو لە رابردوو و پێش ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٥ ڕووی دا و ئێران کەوتە ژێر فەسڵی ٧ی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان.[4]
ستراتیژیی ئەمریکا و (پلانی C)
هەرچەندە ئەم ڕێککەوتنەی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئازادکردنی ٦ ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران نارەزایەتی و توورەیی کۆمارییەکانی لێ کەوتۆتەوە، و بە تەسلیمبوون لە بەرامبەر سیاسەتی تۆقاندن و بارمتەگرتنی ئێران و، هەروەها بە پارەدارکردنی تیرۆریزم هەژمار کراوە[5]، تەنانەت نەیارانی ئەم رێککەوتنە پێیان وایە یەکێک لە زیانەکانی ڕێککەوتنەکەی بایدن ئەوەیە کە لە کاتێکی گرنگدا متمانە بە یەکێک لە مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان دەکات و ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی دەدات کە بازنەی نفووزی خۆی فراوانتر بکات. هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، نمایشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانە، کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە هێرشەکانی پووتین بۆ سەر شارەکانی ئۆکراینا. تاران بە سەرپێچیکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ڕووسیا، خۆی خستۆتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ ڕۆژاوا. هەروەها پێیان وایە کە لە کەنداو، هێزی دەریاییی کۆماری ئیسلامی دەست بەسەر تانکەرە بازرگانییەکان دەگرێت و هەڕەشە لە هاتوچۆی دەریاییی جیهان دەکات.
جگە لەوەیش سوپای پاسداران بە ئامادەبوونی لە سووریا، یەمەن و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەچێتە ناو وڵاتانی ڕۆژاواوە. بۆ نموونە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، سۆیلا براڤەرمان (Suella Braverman)، وەزیری ناوخۆی بریتانیا، سوپای پاسدارانی بە جددیترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتەکەی ناو برد. سەرەڕای داواکارییە بەرفراوانەکان، ئەوروپا هێشتا نەیتوانیوە سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانەوە، لە کاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەکان دەستوپێوندەکانی ئەم ڕێکخراوە بە قووڵاییی چوونەتە ناو بریتانیا. هەروەها ڕێکخراوی ئاسایشی ناوخۆی بریتانیا (MI5) تا ئێستا 15 پلانی سوپای پاسداران بۆ تیرۆرکردن یان ڕفاندنی ئێرانییەکانی دانیشتووی بریتانیای پووچەڵ کردۆنەتەوە. هەروەکوو لە راپۆرتێکی گۆڤاری فۆرن ئەفێرزدا سەبارەت بە سیاسەتی نوێی بایدن لە هەمبەر ئێراندا کە بە “قومار”ی شوپهانووە، هاتووە کە؛ واشنتۆن لە ئێستادا پلانی C لە پێوەندی لەگەڵ ئێران جێبەجێ دەکات کە ئامانجی، پاراستنی شانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاران و لە هەمان کاتدا کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتەیە. پێ دەچێت ئیدارەی بایدن گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی کە زیندووکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنە لەدەست دەرچووە؛ هەروەها جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لەم دوایییانەدا ڕای گەیاند کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی JCPOA مردووە.
لەم نێوەندەدا بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەک هەر لە هەندێک بواردا پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە و تەنانەت گەیشتۆتە ئاستێک کە گەڕانەوەی ئەستەمە، بەڵام ئێران هیچ باجی ئەم سەرکەشیانەی نەداوە، بەڵکوو پێگەی جیۆپۆلیتیکی وڵاتیش بەهێزتر بووە. بۆ نموونە، ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیا پەره پێ داوه و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشێک له وڵاتانی دراوسێی له نێویاندا سعوودیا ئاسایی کردۆتەوە. راپۆرتێکی گۆڤاری فۆرن ئەفێرز دەڵێت: ئەگەر ئیدارەی بایدن دەستبەرداری پلانی B بێت – بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی JCPOA – ڕوو لە پلانی B دەکات کە لەلایەن زۆرێک لە شرۆڤەکاران و، هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیلەوە پێشنیار کراوە، لەنێویاندا بەرزکردنەوەی گوشار و گەمارۆی زیاتری ئابووری و سیاسی و سەربازی کە بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار ناسراوە؛ بەڵام ئیدارەی بایدن خۆی لە هێرشکردنە سەر تاران بەدوور گرتووە. لە بری ئەوە، ئەمریکا پلانی Cی هەڵبژاردووە، کە بریتی بووە لە هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە خراپترین دەرەنجامەکانی ململانێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و لە هەمان کاتدا، پاراستنی ئەگەری چارەسەرکردنی لە داهاتوودا. واشنتن هەوڵ دەدات ڕێگری لە ئێران بکات کە بچێتە ناو یانەی وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و، دوور بکەوێتەوە لە هەڵکشانی مەترسیدار کە دەتوانێت گوشارەکان زیاتر بکات و چارەسەرێکی دیپلۆماسی تێک بدات؛ بەو هیوایەی کە مەرجەکان بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ جێگرتنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی JCPOA بە تێپەڕبوونی کات لەبارتر بن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی ١٥-٨-٢٠٢٣ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سیاسەتی گشتیی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئێران “هیچ گۆڕانکاریی تێدا نەکراوە” و تەنانەت واشنتۆن بەردەوامە لە پەیڕەوکردنی ستراتیژیی “ڕێگریکردن و گوشار و دیپلۆماسی”. بلینکن ڕای گەیاند کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەرپرسیارکردنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کردەوە ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە و، هەروەها دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا لە شەڕی لەگەڵ ئۆکرانیا.
ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرای کردووە کە ڕاگرتنی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ڕووسیا، مەرجێکی دیکەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا سەرچاوە دارایییە دەستبەسەرداگیراوەکانی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە بەتەواوی ئازاد بکات. بە گوێرەی ئەم ڕۆژنامە بریتانییە، لە چوارچێوەی “تێگەیشتنی نەنووسراو”ی نێوان واشنتۆن و تاران بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی ئەتۆمی، بەرپرسانی حکوومەتی بایدن گوشاریان خستۆتە سەر ئێران بۆ ئەوەی بە زووترین کات فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی بە ڕووسیا ڕابگرێت. بە وتەی بەرپرسێکی ئێرانی و سەرچاوەیەکی دیکە، ئیدارەی بایدن لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانیدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە قەتەر و عومان ئەم بابەتەی وروژاندووە. لە درێژەی ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمزدا، بە گێڕانەوەی ئەو دوو بەرپرسە سیاسییە ئاگادارە، هاتووە: “پێ دەچێت ئێران ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی 60%، هەروەها باشترکردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، و تەنانەت بەڵێنی داوە کە بەرژەوەندییەکانی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکە نەکاتە ئامانج.” سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێران لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە: واشنتۆن بەڵێنی داوە خۆی لە سەپاندنی سزای نوێ لە هەندێک بواردا بەدوور بگرێت، جگە لە سزاکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و تەنانەت ئەو سزایانەی کە پێشتر لەسەر فرۆشتنی نەوت سەپێندرا بوون، چیتر بەچڕی و توندی کۆنترۆڵیان نەکات. هەروەها کۆماری ئیسلامی دەیەوێت ئەمریکا هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ڕازی بکات کە گوشارەکانی سەر ئێران کەم بکەنەوە، چونکە ئابووریی ئەم وڵاتە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە داتەپێنراوە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئیدارەی بایدن پێی وایە کە ئەم پلانە ئاستی بارگرژییەکان لەگەڵ ئێران لەم کاتە هەستیارەدا کە ئەمریکا و ئەروپییەکان سەرقاڵی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیان، دادەبەزێنێت. جگە لەمانەیش ئیدارەی بایدن پێی باشە کە بەبێ ڕێککەوتنێکی کۆنکریتی، ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی کەم بکاتەوە، بۆ نموونە، ڕۆژی ١١-٨-٢٠٢٣، ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، ئێران بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە کە پێشووتر گەیشتبووە ئاستێک کە نزیکە لە بەکارهێنانی بۆ مەبەستی سەربازی. لەم ڕاپۆرتەدا بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵییەکانی ئەم ڕۆژنامەیە باس لەوە کراوە کە تەنانەت بەشێک لە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە پرۆسەی پێچەوانەدایە. ئەم ڕاپۆرتە ڕۆژی هەینی و ڕۆژێک دوای هەواڵی ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا بڵاو کرایەوە. ئەم کارەی تاران دەتوانێت ئاستی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا کەم بکاتەوە و ڕێگە بدات دانوستانی بەرفراوانتر سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەست پێ بکاتەوە. ڕۆژنامەکە دەشڵێت، تا ئێران بڕێکی کەمتر لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەی بەرز (سەروو ٦٠%) هەڵبگرێت، ئەوا کەرەستەی خاوی کەمتر دەبێت بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی پێشتر ئاماژەمان پێ دا، بەرپرسانی ئەمریکا و ئەوروپی ڕایان گەیاندووە، ئەگەر ئێران لە هاویندا گرژییەکان کەم بکاتەوە، ئەوا ئامادەن لە کۆتاییی ئەمساڵدا گفتوگۆی فراوانتر ئەنجام بدەن، لەوانەیش: سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ڕەخنەگران لە سیاسەتی ئیدارەی بایدن و بەم پێیەیش لە پلانی سی، پێیان وایە کە ئەگەر پلانی C سەرکەوتووش بێت، ئەوا تێچووی زۆری دەبێت. ئەم پلانە ڕێگە بە ئێران دەدات کە بە شێوەیەکی بەردەوام پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات و لە هەمان کاتدا خۆی لە ئابڵووقە و گەمارۆی ئابووری و سیاسی ڕزگار بکات. هەروەها ئەم ستراتیژییە، مەترسیی چەسپاندنی پێگەی ئێرانی هەیە وەک وڵاتێک کە لە لێواری ئەتۆمیبووندایە، لە بری ئەوەی زەمینەسازی بۆ ڕێککەوتنێک بێنێتە ئاراوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران سنووردار بکات. بەڵام لە ڕاستیدا ئیدارەی جۆ بایدن دەیەوێت لە ڕێگەی پلانی سی، خۆی لە بارگرژی لەگەڵ ئێران تاوەکوو پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤ بەدوور بگرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا نایەوێت هیچ ڕێککەوتنێک بکات کە ببێتە هۆکاری ناڕەزایەتیی توندی کۆمارییەکان و بەشێک لە دیموکراتەکانی دژبەری ئێران. هەر بۆیە لە کاتێکدا سیاسەتی “ئەوپەری گوشار“(maximum pressure) بۆ ناچارکردنی ئێران و پاشەکشەی لە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی شکستی خواردووە و تەنانەت ئێران یارمەتیی سەربازیی ڕووسیا دەدات، هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیشە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات بەم میکانیزمە ئێران کۆنترۆڵ بکات. هەروەها نایەوێت ڕێککەوتنێک بکات کە پێویستی بە ڕەزامەندیی کۆنگرێسی ئەمریکا هەبێت. لە لایەکی تریشەوە، ئەمریکا دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە ئەگەرەکانی ڕێککەوتنی سعوودیا و ئیسرائیل بەرز بکاتەوە بەبێ ئەوەی کە ئێران کاردانەوەیەکی ئەوتۆی هەبێت. ئەمەیش بەشێکە لە سیاسەتی باڵای ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەم ئێران نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و هەمیش نەتوانێت هیج کاردانەوەیەکی ئەوتۆی لە هەمبەر جەمسەرگیرییە هەرێمایەتییەکان هەبێت و تەنانەت هاوسەنگگیەکی نوێ بێتە ئاراوە و لەم ڕێگەیشەوە ئەمریکا ئێران کۆنترۆڵ بکات؛ واتە لە ڕێگەی بەهێزکردن و نزیککردنەوەی تۆڕ یاخود جەمسەری وڵاتانی هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا.
کۆبەند
گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایییەی ناوچەکە لە ڕووی بەرزبوونەوەی ژمارەی چەکدارانی هێزی دەریاییی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو لە لایەک و ئاڵوگۆڕەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە لایەکی ترەوە، ئەوەی زیاتر دەرخست کە بۆچی ئەمریکا لە لووتکەی شۆڕشی ئێرانییەکان هیچ سیاسەت و کردەوەیەکی ئەوتۆی نەگرتە بەر لە دژی ئێران و تەنانەت دەرکەوت لە لووتکەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ ئێرانییەکان کۆ بوونەتەوە. پێ دەچێت ئیدارەی بایدن هیوای لەسەر ئەوە هەڵچنیبێت کە پێویستییەکانی ئێران بە سڕینەوەی بارگرژی لەگەڵ ئەمریکا بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران و، هەروەها ترسی ئێران لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکانی ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، ئەوە دەتوانێت تاوەکوو پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران کۆنترۆڵ بکات و ئیمتیازێکی ئەوتۆ نەداتە ئێران و تەنانەت بە میکانیزمی دیپلۆماسیی ئێران لە ڕووسیا و چین دوور بکاتەوە. لە ڕاستیدا، ئەمە پاش ئەوە هات کە ئەمریکا بێهیوا بوو لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و، هەروەها کاریگەربوونی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری سیاسی و ئابووری لە دژی ئێران و، تەنانەت بێهوا بووە کە بتوانێت وەکوو پێش ساڵی ٢٠١٥ هەماهەنگی و کۆدەنگییەکی جیهانی لە دژی ئێران بێنێتە ئاراوە. لە لایەکی تریشەوە ئیدارەی بایدن پێی وایە کە لە ڕێی دیپلۆماسییەوە دەتوانێت ڕۆڵی ئێران لە جەنگی ڕووسیا لە دژی ئۆکراینا کەم بکاتەوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەمریکا نە دەیەوێت ئێران ببێتە خاوەن توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و، نە ئەوەی کە جەنگێک لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕوو بدات، بۆیە دیپلۆماسیی بە ئەولەوییەتی سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر ئێران داناوە و لە هەلومەرجێکی لەم چەشنەدا، تاکە ڕێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان ڕێککەوتنێکی سنووردارە. بەو مانایەی هەردوو وڵات ڕێک دەکەون لەسەر ئەوەی خۆیان لەو کارانە بەدوور بگرن کە بە هێڵی سووری لایەنی بەرامبەر دادەنرێت؛ ئەمەیش بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، کە پێ دەچێت کۆتاییی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا بێت. بەڵام زۆر ئەستەم نییە کە پێشبینی بکرێت کە بەردەوامبوونی ئەمریکا لەم سیاسەتەی ئێستا، تێچووی داهاتووی ئەو وڵاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئێرانی ئەتۆمی، چەندە بەرز دەکاتەوە.
ئێرانیش بە خوێندنەوەی سیاسەت و عەقڵییەتی ڕۆژاوایییەکان، سیاسەتی بەبارمتەگرتنی ئەمریکی و ڕۆژاوایییەکانی کە لە ڕاستیدا بەڕەچەڵەک ئێرانین، گرتۆتە بەر؛ بەم واتایە کە ئەمریکا و ئەوروپا چەندان ملیار دۆلار پارە دەدەنەوە ئێران، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی خۆی ئازاد بکات. لەم نێوەندەیشدا وەکوو دەوترێت، کۆماری ئیسلامی نرخی بارمتەکانی خۆی بەرز کردۆتەوە!
لە کۆتاییدا، زۆر بەهەڵەدا نەچووینە ئەگەر بڵێین كە ئێران زیاتر لەوەی دڵەڕواکێی لە هەمبەر هێرشی دەرەکی یان ئابڵووقە و سزاکان هەبێت، ترسی لە ئاڵوگۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەتایبەتی ڕاپەڕین و شۆڕشی ناوخۆیە و، هەر بۆیەیش لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هێرشبەرانەی ئەتۆمی و مووشەکی و تەنانەت میلیشیاکانەوە، دەیەوێت لە دەرەوە بارگرژی دروست بکات تاوەکوو بەسانایی لە ئاستی ناوخۆ کۆنترۆڵ و سەرکوت بکات و بەم پێیەیش دەیەوێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنی جۆراوجۆرەوە، وڵاتانی جیهان پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکان نەکەن و پلان و بژاردەی وەرچەرخان و گۆڕینی ڕژێمی سیاسی بەیەکجاری وەلاوە بنێن.
[1]- تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاریی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانیانی ئێرانی لەگەڵ پێنج زیندانیی ئێرانی-ئەمریکی لە ئێران خستووەتە ڕوو، نووسیویەتی: بە گوتەی دیپلۆماتکارانی قەتەر، شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە هۆتێلە جیاجیاکان لە دۆحە کۆ بوونەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە ئازادکردنی پێنج ئێرانی-ئەمریکی کە لە ئێران زیندانی کرابوون. بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسێکی ئەمریکی کە لە وردەکاریی دانوستانەکان ئاگادار کرایەوە، هیچ بەشێک لە دانوستانەکان کە زیاتر لە ساڵێکی خایاند لەم هۆتێلانە لە دۆحە، بە شێوەی دانیشتن و دانوستانی ڕووبەڕوو نەبووە، بەڵکوو بەرپرسانی قەتەر تا ئەو جێگایەی کە دەکرا بەوریایییەوە پەیامیان بە ڕەچاوکردنی هەستیاریی لۆجستیکی دەگەیاند؛ بە وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، دیپلۆماتکارانی قەتەر و ئەمریکی پەیامی نووسراویان ئاڵوگۆڕ کردووە. بەپێی ئەم تۆڕە، دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەم بوارەدا پرۆسەیەکی دوو ساڵە بووە کە بووە هۆی ڕێککەوتن لە ماوەی ڕابردوودا و بە کرانەوەیەکی دیپلۆماسی لە نێوان دوو ڕکابەری توند دادەنرێت کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکتری گفتوگۆ ناکەن. هێڵکاریی نەخشەڕێگەی ئەم ڕێککەوتنە، نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر لە دۆحە و دوای دوو ساڵ و نیو دانوستانی چڕی نێوان واشنتۆن و تاران دیاری کراوە. لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، بە ئاماژەدان بەوەی کە نەبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆن، ڕێگەی ئەم دانوستانانەی قورستر کردووە. ئەمریکا دەبوو ڕێگەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ دانوستانەکان هەڵبژێرێت، بۆیە پشتی بە هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، وەکوو؛ قەتەر و عومان و ئینگلتەرا و سویسرا بەستبوو. ئەم وڵاتانە لەم ماوەیەدا وەک ناوبژیوان مامەڵەیان کردووە. هەڕوه ها بە وتەی سەڕچاوەیەکی ئاگادار، بەڕپرسانی ئەمریکا بەباشی ئاگادار بوون که “هیچ گەڕەنتییەک لەلایەن ئێرانەوه نییه” و چوونەته ناو ئەو دانوستانانەوه و دواتر، که ڕێگەکه هەموار کرا، کۆنگرێس و ئەندامانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە ئێرانی-ئەمریکییانەیان ئاگادار کردەوه. لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار کە لە پڕۆسەی ڕێککەوتنەکەدایە ڕای گەیاند کە پێ دەچێت گواستنەوەی ئەو پارانە بۆ قەتەر ٣٠ بۆ ٤٥ ڕۆژ بخایەنێت، هەروەها دوو سەرچاوەی ئاگادار ڕایان گەیاندووە کە پێش گواستنەوەی ئەو پارانە بۆ قەتەر، پارەکە دەگوازرێتەوە بۆ سویسرا. بەرپرسانی ئەمریکا ڕایان گەیاند، دانوستانی ناڕاستەوخۆ بە بەشداریی وەزارەتە جۆربەجۆرەکانی حکوومەتی ئەمریکا، لەوانە وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی ئەنجام دراوە و، هەروەها وەزارەتی خەزێنەیان ئاگادار کردۆتەوە. بە وتەی ئەو بەرپرسانە، ڕۆڵی وەزارەتی خەزێنە لەم پڕۆسەیەدا هەندێک جار کارەکەی قورستر دەکرد، بەڵام پێویست بوو دڵنیا بکرێتەوە کە لە هەر ڕێککەوتنێکدا چاودێریی جددی لەسەر پارەی ئێران دەکرێت.
بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
A: Possible deal to free American prisoners in Iran called for shuttle diplomacy – from hotel to hotel: https://edition.cnn.com/2023/08/12/politics/iran-prisoner-deal-took-shuttle-diplomacy-from-hotel-to-hotel/index.html
B: Americans moved out of prison in deal that could see US releasing Iranian funds and prisoners
https://edition.cnn.com/2023/08/10/politics/americans-released-from-iranian-prison-house-arrest/index.html
[2]– “موراد تاهباز”، بازرگان و چالاکی ژینگەپارێزی تەمەن ٦٧ ساڵە و بە ڕەچەڵەک ئێرانییە و هەم ڕەگەزنامەی ئەمریکی و هەم ڕەگەزنامەی بریتانیای هەیە. موراد تەهباز لە زستانی ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ هەشت هاوکارانی دیکەی لە دامەزراوەی گیانلەبەرە کێوییەکانی میراتی پارس دەستبەسەر کران. سەرەڕای ئەوەی کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بەڕاشکاوی تۆمەتی سیخوڕیکردنی موراد تاهباز و چالاکانی دیکەی ژینگەپارێزی ڕەت کردبووەوە، بەڵام ناوبراو بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمنکاری ئەمریکا” بە دە ساڵ زیندانی سزا درا.” “سیامەک نەمازی” بازرگانێکی ئێرانی-ئەمریکی بوو کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی “حەسەن ڕۆحانی”دا وەک یەکێک لە کەسایەتییە گەنجەکانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لەلایەن “دەزگەی نوخبەکان”ەوە بانگهێشتی ئێران کرابوو. نەمازی لە ساڵی ٢٠١٥ دەستبەسەر و دە ساڵ زیندانی سزای بەسەردا سەپێندرا. هەروەها “باقر نەمازی”ی باوکی، لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ بینینی کوڕەکەی چووەتە ئێران و ئەویش دەستگیر کراوە. باقر نەمازی پێش شۆڕشی ئێران پارێزگاری خوزستان و بریکاری وەزیری ناوخۆ بووە، دواتر وەک نوێنەری یونیسێف لە وڵاتانی وەک سۆماڵ، کینیا و میسر کاری کردووە. دوای دوو ساڵ باقر نەمازی لە زیندان هاتە دەرەوە و چووە مۆڵەتی پزیشکی، بەڵام ڕێگەی پێ نەدرا بچێتە دەرەوەی ئێران، بەڵام پاشان لە ساڵی ٢٠٢٢ بە نێوەندگیریی عومان ئێرانی بەجێ هێشت” .عیماد شەرقی”، بازرگانێکی ئێرانی-ئەمریکی تەمەن ٥٨ ساڵە و لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕیکردن تۆمەتبار کراوە.عیماد شەرقی لە ساڵی ٢٠١٨ دەستگیر کرا و دوای ماوەیەک ئازاد کرا، بەڵام پاسپۆرتەکەی، دەستی بەسەردا گیرا. لە ساڵی ٢٠٢٠ جارێکی تر دەستگیر کرایەوە.عیماد شەرقی لە وڵاتی ئێران لەدایک بووە بەڵام لە منداڵییەوە لە ئەمریکا گەورە بووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری ئابووری لە زانکۆی میریلاند و بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن لە واشنتۆن دی سی هەیە.عیماد شەرقی بەر لە سەفەرکردن بۆ ئێران ساڵانێکی زۆر لە ئیمارات و لە دوبەی لە کۆمپانیایەکی تایبەت بە فرۆشتنی فڕۆکەی تایبەتی جێت کاری کردووە.جێگەی ئاماژەیە کە جگە لە نەمازی و شەرقی و تاهباز کە حکوومەتی ئەمریکا ئازادکردنیانی دەویست، ڕۆژنامەی شەرق چاپی تاران بڵاوی کردەوە، کەسێک بە ناوی شەهاب دەلیلی وەک ئەندامێکی دیکەی لیستی زیندانییەکان لە ئاڵوگۆڕەکەدا بوونی هەیە.
[3]– لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فارس، بەرپرسێکی باڵای ئەمنی سەبارەت بە جیاوازیی نێوان ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان کە لەگەڵ ئەمریکا لەم ماوەیەدا ئەنجام درا و ئاڵوگۆڕەکەی ساڵی ٢٠١٥، کە بووە هۆی ئازادکردنی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار لە سامانە بلۆککراوەکانی ئێران، ئاماژەی بەوە دا کە پێداگریی لایەنی ئەمریکی و پشتیوانیی تەواوی حکوومەتی ئەوکاتی ئێران، یەکێک بوو لە هاوپێچەکانی نەنووسراوی JCPOA. لە ڕاستیدا ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانیان کردە مەرجێکی پێویست بۆ ڕێککەوتن لەسەر JCPOA، بەڵام لەم ماوەیەدا، ئاڵوگۆڕکردنەکە کەیسێکی سەربەخۆ بوو. ئەم بەرپرسە ئەمنییە گوتیشی: ڕوانگەی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٥ لە ڕاستیدا ئەوە بوو کە ئێران زۆرێک لە پابەندبوونەکانی JCPOAی قبووڵ کردووە و هەندێک لە زیندانییە ئەمریکییەکان ئازاد بکات و ئێمەیش وەکوو ئەمریکا یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار لە سامانە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکەین. بەڵام لە دۆسیەی ئاڵوگۆڕە نوێیەکەدا، ژمارەیەک زیندانیی ئێرانی لە بەرامبەر ژمارەیەک زیندانیی ئەمریکی ئازاد دەکرێن، جگە لە چەند ملیار دۆلار سەرچاوەی بلۆککراوی ئێران. ئەم بەرپرسە ئەمنییە وتی: ئەو بڕە پارەیەی پێشوو کە یەک ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بوو، یەکێک بوو لەو سەرچاوانەی کە بە فەرمانی نایاساییی دادوەریی ئەمریکا دەستی بەسەردا گیرابوو، بەڵام ئەو سەرچاوانەی ئەم دوایییە کە ئازاد دەکرێن، دەرئەنجامی فەرمانی ڕاستەوخۆی سزاکانی سەرۆکی ئەمریکایە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش گرنگە. ئاماژەی بەوەیش کرد: خاڵێکی بەهێز لە ئاڵوگۆڕی پێشوودا وەرگرتنی پارەی نەختینە بوو لەلایەن لایەنی ئێرانییەوە لە فڕۆکەخانەی مێهرابادی تاران، لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، کە ڕەنگە ئەم جارە بەهۆی ئەو بڕە زۆرەی پارە ئازادکراوەکان مومکین بووبێت، هەروەها بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی ئەمریکا و ئەزموونی پێشووی ئەمریکییەکان ڕێگر بوو لەمە.لە کۆتاییدا ئەم بەرپرسە ئەمنییە وتی: ئەم ئۆپراسیۆنەی ئاڵوگۆڕە لە ڕاستیدا یەکێکە لەو دانوستانە سەرکەوتوو و سوودبەخشانەی کە تا ئێستا بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هاتووە و لە ڕاستیدا چەند زیندانییەکمان ئازاد کرد کە ماوەی زیاندانییەکەیان تەواو بووە، لە بەرامبەر چەند زیندانییەک کە لەلایەن ئەمریکاوە حوکمیان بەسەردا سەپێنراوە ئازاد دەکرێن؛ لە لایەکی دیکەوە توانیمان ملیارەها دۆلار لە سەرچاوە بلۆککراوەکانمان ئازاد بکەین بەبێ ئەوەی هیچ بەڵێنێکی دیکە بدەین.
https://www.farsnews.ir/news/14020521000725/زندانیان-ایران-و-آمریکا-با-چه-شرایطی-مبادله-شدند
[4]– بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
Legal analysis of the performance of the United Nations Security Council in the nuclear case of the Islamic Republic of Iran, before and after the JCPOA
سید باقر میرعباسی و عبدالستار نوذری (٢٠٢٣)، تحلیل حقوقی عملکرد شورای امنیت سازمان ملل متحد در پرونده هستهای جمهوری اسلامی ایران، قبل و بعد از برجام،فصلنامه ڕاهبرد سیاسی سال ششم، شماره 4، پیاپی 32، زمستان 1411 صفحات: 22-1.
https://www.rahbordsyasi.ir/article_167448_ab4ab5f8a56f87f51ff6c122d8f6f152.pdf
[5]– بۆ نموونە، سیناتۆر تام کاتن ڕێککەوتنەکەی بە “سەمای حکوومەتی بایدن بە ئاوازی ئێران” ناو برد و مایک پێنس، جێگری سەرۆک لە ئیدارەی پێشووتریش ڕای گەیاند: ئەمە گەورەترین باجستاندنە کە تا ئێستا بە ئێرانمان داوە. مایک پۆمپیۆ هەروەها دەڵێت: “ئازادکردنی شەش ملیار دۆلار بۆ ئێران ڕێککەوتنێکی ترسناکە”. هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاندووە، ئەم ڕێککەوتنە بەشێکە لە “تێگەیشتنێکی فراوانتر”ی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ نێوەندگیریی پاشایەتیی عومان بەدەستیان هێناوە .