لەسەربەستییەوە بۆ داوای ژێردەستەیی: وەرچەرخان لە شانازییەکان و هەنگاونان بەرەو هەڵدێر لە باشووری کوردستان
د. محەمەد مەحموود ساڵح (وەلەدبەگی)، دکتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستا لە کۆلیژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەددین
جۆزێف نای (Joseph S. Nye)، زانای گەورەی بواری سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە کتێبی “داهاتووی هێز” بانگەشە بۆ گرنگیی ستراتیژیی پەیوەندکردن یان گفتوگۆ دەکات؛ بەو پێیەی لەم سەردەمە بردنەوەی گێڕانەوە یان چیرۆکی لایەنەکان بە ئەندازەی بردنەوەی سەربازی لە مەیدانی جەنگدا گرنگە بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامی ململانێکان.
لە باشوور بارودۆخێك هاتۆتە ئاراوە کە سووکایەتی و تەنانەت جنێودان بە ڕەمز و هێماکانی کوردایەتی و کوردبوون و داواکاریی ژێردەستەییی بەغدا، بووەتە شانازی! ئەوەی نەیارانی کورد لەسەر کورد بە جیهانیان دەوت و کورد نکۆڵیی لێ دەکرد، ئێستا هەندێك نوخبە و جەماوەری کورد بەشانازی و بەئاشکرا دەیڵێن. ئەمە تەنیا ڕەخنە لە حزب و کەسایەتییەکان ناگرێتەوە و تەنانەت وەك لە سۆشیالمیدیا بەئاشکرا لە نووسین و کۆمێنت و ڤیدیۆکان دەردەکەوێت، پەرەی سەندووە بۆ بێمتمانەیی بەوەی، کورد چ وەك تاك یان نەتەوە توانای خۆبەڕێوەبردن و حکوومەتی هەبێت و هیچ جیاکارییەك ناکرێت لە نێوان ئیدارە و حکوومەتی هەرێم و کورد وەکوو نەتەوە. وای لێ هاتووە کوردی باشوور لە پاش ٢٠١٧ نەك تەنیا لەلایەنی سەربازی لە پاشەکشە و دۆڕان بێت، بەڵکوو تەنانەت لەوەی جۆزێف نای باسی کردووە، واتا لە گێڕانەوە و چیرۆکی کوردایەتییەکەیشی لە پاشەکشە و دۆڕان بێت. ئەم کورتە شڕۆڤەیە هەوڵ دەدات تیشك بخاتە سەر ئەم پەرەسەندنە و، هۆکار و دەرەنجامەکانی بخاتە ڕوو.
پێشەکی
شانازیکردن پاڵنەرێکی سەرەکیی چالاکی و کرداری تاك و کۆمەڵەکانە. گرنگیی شانازی لەو ئاستەیە کە تۆماس هۆبز (Thomas Hobbes) لە کتێبی لێڤیاتان (Leviathan) شانازی (لە پاڵ ترس و پێشبڕکێ)، بە یەکێك لە سێ پاڵنەرە سەرەکییەکەی ڕوودانی ململانێ و شەڕ لە نێوان مرۆڤەکان دەستنیشان دەکات. مرۆڤ شانازی بە چی بکات، ئامادەیە خزمەتی بکات و تەنانەت قوربانییشی لە پێناو بدات؛ هەر بۆیە ئاسان نییە مرۆڤێك، گرووپێك یان کۆمەڵگەیەك بگەیەنرێتە ئەو بڕوایەی، كە شانازی بە چی بکات یان واز لە شانازیکردن بە چی بهێنێت.
بەسەرنجدان بە مێژوو بۆمان دەردەکەوێت کە فاکتەری شانازی، کاریگەرییەکی گەورەی لە ژیانی کوردیش هەم وەکوو تاك و هەم وەکوو کۆمەڵگەی کوردی هەبووە و هەیە. ژمارەیەکی زۆر کورد ئامادە بوون تەنانەت بە گیان قوربانی بدەن بۆ پاراستنی ئەو شتەی شانازییان پێوە کردووە و لایان پیرۆز بووە؛ جا ئەم شانازییە بە کەسایەتیی خۆی وەکوو تاك، بە خێزان، بنەماڵە، هۆز، دەڤەر، سەرکردە، نیشتمان، ئایین، کەلتوور و زمان و پڕەنسیپەکان یان بە هەر شتێکی دیکە بووبێت.
ئەوەی ئێستا بەدی دەکرێت و جێگەی هەڵوێستە و تێڕامانە، گۆڕانی شانازییەکان یان هاتنەکایەی فاکتەری شانازیی نوێ و سەیرە، کە ڕەنگە جگە لە کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر تاکی کورد، کۆمەڵگەی کوردی و قەوارە سیاسییەکەیشی بەرەو هەڵدێر و نەمان ببات؛ بە جۆرێك کە نەك تەنیا ببێتە هۆی کۆتایی و شکستی سەربازی، بەڵکوو چیرۆکەکەیش کۆتایی بێت و کوردبوون و کوردایەتی لە فاکتەری جێگەی شانازی، ببنە فاکتەری شەرمەزاری و عەیبە. سەرهەڵدانی نوخبەیەکی کوردی کە وشەی ناشیرین و جوێن لە لێدوان و نووسینەکانیان بەکار دەهێنن و پاڵپشتییان لەلایەن ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵك، بەتایبەت گەنجان، پەرەسەندنی شانازی بە شار و حزب و کەسایەتییەکان و هۆز (لەسەر حسابی نەتەوە) و بانگەشە بۆ ئاڵوگۆڕی سەربەستی بەرامبەر بە دراو، تەنیا چەند نموونەیەکن لەم تەوژمە نوێیە.
لە کوردێکی سەربەست و حوکمی ناڕاستەوخۆ بۆ داوای ژێردەستەیی
بە درێژاییی مێژوو، سەربەستی و جەنگاوەری تایبەتمەندی و جێگەی شانازیی تاکی کورد بوون و ئامادە بووە بۆ پاراستنی بجەنگێت و قوربانی بدات؛ هەر بۆیە یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی ئەو هێز و ئیمپڕاتۆرییەتانەی خاکی کوردیان داگیر کردووە، سەپاندنی حوکمی ڕاستەوخۆ بووە بەسەر کورد. ئەمە شتێکی نوێ نییە و هەزاران ساڵە سەربەستی و ئازایەتی پێناسە و مایەی شانازیی کورد بووە. بۆ نموونە سێ سەدە پێش زایین (واتا ٢٣٩٣ ساڵ پێش)، کاتێك زەینەفۆن، مێژوونووس و فەرماندەی سەربازیی یۆنانی لە کتێبەکەیدا باسی کاردۆکی یان کاردۆخییەکان (Carduchians/ Karduchians) دەکات کە دکتۆر کایپرت (Dr. Kiepert) و زۆر نووسەری دیکە پێمان دەڵێن کاردۆخی هەمان کوردە، لە دوو شوێن بەئاشکرا دەڵێت “کاردۆخییەکان ژێردەستەی پاشا (مەبەست پاشای فارسە ئەخمینییەکان) نەبوون” و، لە چەند شوێنی دیکە بەگرنگی و وردی باسی سەربەخۆیی و جەنگاوەرییان دەکات.
لە سایەی هۆکاری جیۆستراتیژیی جیاجیا، بەتایبەت سروشت و هەڵکەوتەی جوگرافیی کوردستان و ویستی سەربەستیخوازی و جەنگاوەرییان، کوردەکان توانیویانە بەردەوام بن لە خۆبەڕێوەبردن بە شێواز و سیستەمی جیاجیا و خاوەنی یەکەی سیاسیی خۆیان بوون. تەنانەت لە سەردەمی دوا ئیمپڕاتۆرییەتە بەهێزەکانی ناوچەکە، واتا عوسمانی و سەفەوییەکان، کورد خاوەنی یەکەی سیاسیی تایبەت بە خۆیان بوون. لە ناوچەی نفووزی عوسمانییەکان و بەتایبەت پاش پەسەندکردنی پلانەکەی مەولانا ئیدریس بەتلیسی، کورد بووە خاوەن چەند میرنشین یان ئیمارەتی کوردیی بەهێز کە هەندێ کات تەنانەت هەوڵی سەربەخۆییی تەواویان داوە. تەنانەت لە پاش پاشگەزبوونی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی لە جێبەجێکردنی پلانەکەی بەتلیسی و ڕووخانی میرنشینە کوردییەکان، ناوچە کوردییەکان زیاتر بەناڕاستەوخۆ و لەلایەن سەرۆكهۆزەکان یان شێخەکان بەڕێوە دەبران و ئەمانەیش هەندێك جار بە هۆکار و مەبەستی جیاواز هەوڵی شۆڕش و سەربەخۆیییان دەدا، وەكوو شۆڕشەکەی شێخ عوبەیدۆلای نەهری.
لای سەفەوییەکانیش بە هەمان شێوە میرنشینی کوردی هاتە کایەوە؛ تەنانەت تا ئەو ڕاددەیەی کە میرنشینی ئەردەلان لە پاش سەفەوییەکان و لە سەردەمی حوکمی قاجاڕەکان کۆتاییی پێ هات و پاش نەمانی میرەکانی ئەردەلان، ڕۆڵی سەرۆكهۆز و شێخەکان لە ئێرانی قاجاڕ بەرجەستە بوو. لە پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆرییەکان و دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەکانیش، کورد بەردەوام بووە لە هەوڵی خۆبەڕێوەبردن و دژی حوکمی ڕاستەوخۆی ئەو دەوڵەتانە وەستاوەتەوە کە کوردی بەسەردا دابەش کراوە. هەرچەند لە سەرەتاوە ئەم شۆڕشانە لەلایەن شێخ و سەرۆكهۆزەکان ڕێبەرایەتی دەکران (وەك لە شۆڕشەکانی شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحموودی بەرزنجی و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و سمکۆی شکاك)، بەڵام دواتر کورد دەستی کرد بە دامەزراندنی حزبی سیاسی و، ئەم حزبانە دەستیان كرد بە ڕێبەرایەتیی شۆڕش و خستنەڕووی داواکارییەکانی کورد، بەتایبەت خۆبەڕێوەبردن و سەربەخۆیی.
ئەوەی گرنگە، لە مێژووی کورد (بەتایبەت لە مێژووی هاوچەرخی)، کورد دەیان جار تووشی نسکۆ و شکست بووە و خاکی داگیر کراوە، بەڵام لە پاش هەر شکستێك دیسان هەستاوەتەوە و ئامادە نەبووە پاشەکشە لە ناسنامە و کەلتوور و زمان و ویستی سەربەخۆیی یان خۆبەڕێوەبردن بکات. ئەمانە جێی شانازیی زۆرینەی تاکی کورد بوون و (لە پاڵ هۆکارەکانی دیکە)، هەر ئەمەیش بووەتە هۆی مانەوەی کورد و زمان و کەلتوورەکەی و هەستانەوەی پاش شکست و کارەساتەکان. داگیرکەرانی کوردستان لەمێژە هەوڵ دەدەن کوردەکان وەك مرۆڤی دواکەوتوو و ناشارستانی و بێتوانا لە بەڕێوەبردن نیشانی جیهان بدەن، بەڵام کورد و بەتایبەت نوخبەکانی لە دەیەکانی پێشوو هەموو کات بەتوندی بەرپەچی ئەم بانگەشانەیان داوەتەوە و بەوپەڕی شانازی بەخۆکردن دەستبەرداری ویستی سەربەستی و خۆبەڕێوەبردنیان نەبوون.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە، ئەو وەرچەرخانەیە کە لەم ساڵانەی دوایی بەزەقی دەرکەوتووە و هەندێك لە نوخبەکانی کورد لە باشووری کوردستان زۆر لەو شتانەی جیلەکانی پێشوو شانازییان پێ دەکرد و بۆی دەجەنگان، لایان گرنگ نییە و تەنانەت لارییان نییە چ نەتەوەیەك حوکمیان بکات؛ بەڵکوو بەئاشکرا داوای حوکم و بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی بەغدا دەکەن و، سەیرتر ئەوەیە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکیش هاوڕایانن و پاڵپشتیان دەکەن و شوێنیان دەکەون. کەواتە، ئێستا لە باتی ئەوەی نەیار بڵێت کورد بەکەڵکی حوکمڕانی نایەت، ژمارەیەك لە نوخبە و جەماوەری کورد خۆی بە دەنگی خۆی و بەئاشکرا هاوار دەکات کە حوکمی عەرەب و تورك و فارسم پێ باشترە لە هی کورد و، کورد و حکوومەتیان نەگوتووە. تەنانەت هەندێك تا ئەو ئاستە چوونەتە پێش کە پاساو بۆ تاوانەکانی دوژمن بەرامبەر نەتەوەی کورد بهێننەوە و کورد بە تاوانباری سەرەکی لە ڕوودانی ئەو کارەساتانە ناوزەد بکەن. پێش ئەوەی زیاتر تیشك بخەمە سەر جۆرەکانی نوێی شانازیکردن و هۆکارەکان، بە باشی دەزانم هەڵوێستەیەك بکەم لەسەر ئەوەی بۆچی ئەم گۆڕانە بۆ ئەم سەردەمە، تەواو سەیر و ناسروشتی دەردەکەوێت.
لەوانەیە لای لایەنگرانی ئەم وەرچەرخانە لە کوردستان، دید و بۆچوونەکانیان هیچ سەیر و جێگەی هەڵوەستە نەبێت و بە ئاسایی و تەنانەت پەسەندیشی بزانن، بەڵام گێڕانەوەی چەند نموونەیەك دەتوانێت هاوکار بێت لەوەی بۆچی ئەم وەرچەرخانە ناسروشتییە. وەك ئاشکرایە، سەرجەم نزیکەی ٢ ملیۆن عەرەب لە ئیسرائیل دەژین، کە ٢١٪ی دانیشتووانی ئیسرائیل پێك دەهێنن. بەڵام لەم ژمارەیە نزیکەی ملیۆنێك و شەش سەد هەزاریان، کە دەکاتە ١٧.٢٪ی ئەو عەرەبانە دانیشتوانی ئیسرائیل پێك دەهێنن و هاووڵاتینامەی ئیسرائیلیان هەیە واتە (هاووڵاتیی ئیسرائیلن) و ئەوانی دیکە کە بەشێکی زۆریان نیشتەجێی قودسن، نشینگەی (ئیقامەی) هەمیشەیییان هەیە. بارودۆخی ژیان و ئابووریی ناوچەکانی ژێردەستی جووەکان لە ئیسرائیل و ناوچەکانی ژێردەستی بزووتنەوەکانی حەماس و فەتح لە کەرتی غەزە و کەناراوەکانی ڕۆژاواش بەراورد ناکرێت و ئاشکرایە چەند جیاوازە. تەنیا ئەو زانیارییە کە خاوەنی پاسپۆرتی ئیسرائیلی لە ساڵی ٢٠٢٣ دەتوانێت بۆ ١٦٠ وڵات بەبێ ڤیزە سەفەر بکات، بەسە بۆ ئەوەی تێ بگەین جیاوازیی ئاستی ژیان و ئازادیی هاتوچۆ لە ئیسرائیل بە بەراورد بە ناوچە فەڵەستینییەکانی ژێردەستی حەماس و فەتح چۆنە. بەڵام ئایا تا ئێستا بیستراوە نوخبە و جەماوەری فەڵەستینی بە پاساوی باشتربوونی ژیان و گوزەران لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی جووەکان و بوونی گەندەڵی لە ناوچە فەڵەستینییەکان، داوای حوکمی ڕاستەوخۆی جوو و چوونە باوەشی ئیسرائیل بکەن و تەنانەت بیر لە وازهێنانی داواکاریی دەرچوونی جووەکان لەوەی بە خاکی خۆیانی دەزانن، بکەن؟ بەپێچەوانە، تەنانەت زۆر لە عەرەبەکانی دانیشتووی ئیسرائیل ئامادە نین وڵاتینامەی ئیسرائیل وەرگرن و خۆیان بە فەڵەستینی پێناسە دەکەن.
لە هەمان کاتدا، زۆر جار ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشی مووشەکی یان خۆکوژیی گرووپە فەڵەستینییەکان، هێرش و بۆمبارانی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی فەڵەستینییەکان دەکات، بەڵام ئایا تا ئێستا بیستراوە فەڵەستینییەکان یان تەنانەت عەرەبەکان، خۆیان تاوانبار بکەن و پاساو بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بهێننەوە و بڵێن مافی خۆیەتی؟ کە خۆپیشاندانیش دەکەن، بەردەوام بەرد دەگرنە سەربازە ئیسرائیلییەکان و شانازیی پێوە دەکەن، بەڵام کە سەربازە ئیسرائیلییەکان تەقەیان لێ دەکەن و دەیانکوژن یان برینداریان دەکەن، قەت بیستراوە فەلەستینییەك بڵێت سووچی خۆمان بوو و سەربازە ئیسراییلییەکان لەسەر حەقن کە بمانکوژن و بریندارمان بکەن، چونکە ئێمە سەرەتا بەردمان لەوان گرت؟ بەدڵنیایییەوە فەڵەستینییەکان هەموو کات ئیسرائیل بە داگیرکەر ناو دەبەن و ئامادە نین گەندەڵی یان ناکارامەییی ڕێبەر و حزبەکانیان بکەنە پاساو و بیانوو بۆ قبووڵکردنی ژێردەستەییی ئیسرائیل؛ لەگەڵ ئەوەی لە لایەنی ئابووری لەوانەیە زۆر بە قازانجیشیان بێت. نەك تەنیا فەڵەستینییەکان، لای هەموو نەتەوەیەکی دیکەیش زۆر نامۆ دەبێت ئەگەر هاوزمانێکیان بانگەشەی ژێردەستەییی نەتەوەیەکی دیکەیان بۆ بکات بە پاساوی گەندەڵبوونی بەرپرسەکانیان یان باشتربوونی گوزەرانی ژیانیان ئەگەر ژێردەستەیی قبووڵ بکەن.
نموونەیەکی دیکە دەهێنمەوە بۆ ئەوەی بابەتەکە ڕوونتر بێت: ڕووسیا بە کۆمەڵێك بیانوو هێرشی کردە سەر ئۆکڕاینا و کۆمەڵێك ناوچەی ئەو وڵاتەی داگیر کردووە. لەگەڵ ئەوەی هەر لە سەرەتای هێرشەکە تەنانەت ئەمریکا دەیوت ڕووسیا کیێڤی پایتەختی ئۆکڕاینا دەگرێت و لەگەڵ ئەوەی ئۆکڕاینا و ڕووسەکان کەلتوور و مێژووی نزیك و هاوبەشیان هەیە، گەلی ئۆکڕاینا قارەمانانە بەرەنگاری هێرشی ڕووسەکان بووەوە و نەیانهێشت پایتەختەکەیان داگیر بکرێت. ئۆکڕاینییەکان دەستیان نەکرد بە پاساوهێنانەوە بۆ هێرشی ڕووسەکان و نەیانوت خەتای خۆمانە چونکە بووینە هاوپەیمانی ڕۆژاوا و بووینە مەترسی بۆ سەر ڕووسیا و، ئەوە مۆسکۆ مافی خۆیەتی هێرشمان بکاتە سەر. دەبێت لەم کاتەدا هەڵسەنگاندنی ئۆکڕاینییەکان چۆن بێت بۆ ئۆکڕاینییەك کە پاساو بۆ هێرشی ڕووسیا بهێنێتەوە بۆ سەر وڵاتەکەیان و خۆیان تاوانبار بکات؟
میژووی هاوچەرخ پڕاوپڕە لە نموونەی دیکە کە نەتەوەی ژێردەست یان دەوڵەتی داگیرکراو ئامادە بووە بەشانازییەوە خۆشگوزەرانیی ئابووری و تەنانەت ژیانی، بکاتە قوربانی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و سەربەستی یان بۆبەرگری لە بەها و پیرۆزییەکانی؛ ئەمە بەراورد بکە بە پاساوهێنانەوەی هەندێك کورد بۆ شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران، بۆ ڕووخاندنی گوند و شاری کوردستان و بەندکردن و ئازار و ئەشکەنجەی کوردەکان؛ یان بەراوردی بکە بە پاساوهێنانەوە بۆ شەهیدکردنی چوار لاوی کورد لە کەرکووك لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایییەی شارەکە؛ یاخود وێنای ئەوە بکە ئەگەر دەوڵەتی عێراق- کە لە یەکەمەکانە لە ئاستی جیهان لە گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریی شایستە و هەژاری و بێکاریی دانیشتووان- خاوەن پاسپۆرتێکی بەهێز و دامەزراوەی دوور لە گەندەڵی بایە، ئەوانەی تەنیا بە پاساوی مووچە و بەنزینی هەرزان بانگەشەی ژێردەستەییی بەغدا دەکەن، دەبوایە چییان بکردایە و چییان بوتایە؟
بۆیە دووپاتی دەکەمەوە، ئەوەی لە باشوور ڕوو دەدات زۆر ناسروشتییە، چونكە زۆر زەحمەتە هیچ نەتەوەیەك ئامادە بێت بە پاساوی گەندەڵیی حکوومەت و ئیدارەکەی، بانگەشەی ژێردەستەییی نەتەوەیەك بکات و بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی نەتەوەی خۆی، لەوانە ئاڵا و مێژوو و توانای خۆبەڕێوەبردنی هاوزمانەکانی بکات. بۆ نموونە تەنانەت لە خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، هەرگیز نەبینراوە عەرەبێکی لوبنانی، عێراقی، میسری یان بەحرێنی، یان گەنجێکی تورك یان ئێرانیی تووڕە لە سەرکردە و حکوومەتەکانیان، ئاڵای وڵاتەکەیان بسووتێنن و بێڕێزی بە نەتەوەکەی خۆیان بکەن. ئەمە لە کاتێك ئاڵای هەموو وڵاتێك لە ڕاستیدا تەنیا پارچە پەڕۆیەكە و لەوانەیە حکوومەتی ئەو وڵاتانە شکستیان هێنابێت لە دابینکردنی ژیانی ئەو گەنجانەی خۆپیشاندان دەکەن و ناڕازین، بەڵام بەپێچەوانەی هەندێك گەنجی کورد کە ئاڵای کوردستان بە پارچە پەڕۆ ناو دەبەن و دەڵێن هیچمان بۆ نەکراوە و هیچ نامانبەستێتەوە بەم خاکە، ئەوە ئەوان شانازی بەو پارچە پەڕۆیە دەکەن و وەك شکۆی نەتەوەکەیان سەیری دەکەن و قبووڵیش ناکەن کەس بێڕێزیی پێ بکات.
هۆکارەکان و کاریگەرییەکان
بەدڵنیایییەوە ئەم دیاردەیەی لە باشوور سەری هەڵداوە هۆکاری زۆرە و فرەچەشنە، بەڵام گرنگترینیان بریتییە لە شکستی کورد لە دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەی خۆی، ململانێی کەسی و حزبی، پیلانەکانی نەیارانی کورد و ئاستی وشیاریی تاکەکان. لە کاتێکدا لە سیستەمی جیهانیی نوێ، زۆرینەی نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە، سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان، کورد نەیتوانی ئەم ئامانجە بەدی بهێنێت و بەدابەشبوویی مایەوە. لە هەندێك حاڵەت تەنانەت نەتەوەیەکی یەکگرتوو بوونی نەبووە و، پاش دروستبوونی دەوڵەت هەوڵ بۆ دروستکردنی شوناسی نەتەوەیی و نەتەوە دراوە، وەك لە: کوێت، ئۆردن، عێراق و زۆر وڵاتی دیکە. نەتەوە بەبێ دەوڵەت هەموو کات لە بەردەم مەترسیی لەناوچوونە و ناتوانێت وەك نەتەوەکانی خاوەن دەوڵەت، مێژوو و شوناس و ڕەمزی هاوبەش و زمانی ستاندارد بەرهەم بهێنێت. ئەمەیش وای کردووە کورد لە ڕووی نەتەوەسازی، لە نەتەوەکانی دەوروپشتی لەو بوارانە لە پاش بێت و ئەو هەستە قووڵە لەناو خەیاڵی گشتیی کۆمەڵگەی کوردی دروست نەبووبێت کە هەمووان کوردن و ئەندامی یەك نەتەوەن و یەك قەدەریان هەیە.
بەداخەوە ئەم کەلێن و پەرتەوازییە، لە باتی ئەوەی لەلایەن حزب و کەسایەتییەکان پڕ بکرێتەوە و هەوڵی یەکگرتوویی بدرێت، خراپتر کراوە و پەرە بە ڕق و قین و بێمتمانەیی دراوە. لە مێژووی پێنج دەیەی ڕابردوو، سەرەتاکانی کەلتووری بێڕێزی بە بەرامبەر و سەرکردە و پیرۆزییەکانی، دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ و شەڕی نێوان حزب و گرووپە کوردییەکان. ئاکاری ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی لە پاش بەهاری عەرەبی، بارودۆخەکەی خراپتر کرد و، وای لێ هات جنێو و بێڕێزی لای هەندێك کەس تەنانەت ببێت بە نیشانەی تێگەیشتوویی و ئازادبوون. لەم پڕۆسەیە حزبەکان هیچ شتێکیان بە پیرۆزی نەهێشت و لە ئەنجامی هەوڵدانیان بۆ ناشیرینکردنی نەیارەکانیان، بە تایبەت بە ئاشکراکردنی گەندەڵی و خراپەکانی ڕکابەرەکانیان بە ئامانجی دەسکەوتی تایبەت، بوونە هۆی ئەوەی هاووڵاتی و بە تایبەت گەنجان متمانەیان بە هیچ لایەك نەمێنێت و گومان لە هەموو شتێك بکەن. هیچ شتێك لە مێژوو و خەبات و کردەوەی حزب و کەسایەتییەکان نەمایەوە ڕەخنەی لێ نەگیرێت و ناشیرین نەکرێت و، ئەمەیش وای کرد زۆرینە، کۆی ئەزموونی حکوومەتداریی کوردی و حزبە کوردستانییەکان لە باشوور بە ڕەشی و ناشیرینی ببینن و متمانە بە هیچ بڕیار و داتا و گێڕانەوەیەکی سەرکردە و حزبەکان نەکەن.
ئەم دەرفەتە بە باشترین شێواز لەلایەن نەیارانی کورد قۆزراوەتەوە و بە بەرنامە هەواڵ و زانیاریی هەڵەیان بە مەبەستی شیرینکردنی خۆیان و ناشیرینکردنی کورد و لەناوبردنی متمانەی تاکی کورد بە خۆی و تواناکانی و دەستکەوتەکانی خەبات و حکوومەتەکەی بڵاو کردووەتەوە و تا ڕاددەیەکی باشیش سەرکەوتوو بوون. ئاستی وشیاریی کۆمەڵگەی کوردییش، بەتایبەت جیلی گەنج، تا ڕاددەیەك هاوکاریان بووە، بەوەی زۆرینەیان وزەی خۆیان تەرخان کردووە بۆ بابەت و ململانێ لۆکاڵی و بچووکەکان و، خوێندنەوەیەکی دروستیان نییە بۆ مێژووی کورد و ڕووداو و بابەتە گرنگ و گەورەکان و ئەوەی لە ناوچەکە و جیهان دەگوزەرێت. خوێندنەوەی ڕەش و سپییانەی بابەتەکان لەلایەن ئەم گەنجانە، ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ دروستبوونی ئەم وەرچەرخانە نێگەتیڤە.
دەرەنجام
سەرەتاکانی کاریگەریی وەرچەرخان لە شانازی بە کوردبوون و ڕەوشتی بەرزی کوردەواری، بۆ شانازی بە بانگەشەی چوونە ژێر حوکمی ڕاستەوخۆی بەغدا و بێڕێزیکردن بە بەرامبەر و ڕەمز و هێماکانی کوردبوون، لە دروستبوونی تاکی کوردی نامۆ بە نەتەوەکەی و بێزار لە خۆ و خاك و بێهیوا لە داهاتووەکەی دەردەکەوێت. تاکێکی کورد کە هیچ شتێکی نەتەوەکەی لا پیرۆز نییە و، بێڕێزی بە مێژوو و ڕەمز و سەرکردەکانی و حزبەکان و حکوومەتی کوردستانی، لای هێمای تێگەیشتوویی و ئازادی و تەنانەت ڕۆشنبیرییە، یەکەم ئەنجامی ئەم وەرچەرخانە، نەمانی ئینتما و ڕێزە بۆ خاك و ژینگە و ڕووچوونی هەستی نەتەوەیی و یەکگرتوویی و هاوخەمی لەناو کورددا. گەشەسەندنی زیاتری ئەم دیاردەیە وا دەکات بەپێچەوانەی ڕابردوو لە ئەگەری نسکۆیەکی دیکە، کورد توانای هەستانەوەیەکی دیکەی نەمێنێت، چونکە ئەم جارە مەترسی تەنیا لەسەر لایەنی سەربازی نییە، بەڵکوو خودی داستان یان چیڕۆکی کوردایەتی و نەتەوەی کورد لە مەترسیدایە.
کاتێك تاکی کورد خۆی بڕوا بەوە بهێنێت کە کورد توانای بەڕێوەبردنی نییە و باشتر وایە بەڕێوە ببرێت، ئەوە نەیارانی کورد پێویست ناکات هیچ شتێکی دیکە بکەن، چونكە کورد و نەتەوەکەی و کوردایەتی، خۆی بە شێوازێکی ئۆتۆماتیکی دەپووکێتەوە. وەکوو لە سەرەوە باس کرا، حزبە کوردستانییەکان، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، ڕۆڵێکی گەورەیان لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە هەبووە. بۆیە ئەگەر هەر ئەمڕۆ بیر لە چارەسەری ئەم دۆخە نەکەنەوە و پلان و ستراتیژیی تایبەت دانەڕێژن، لەوانەیە سبەی هیچ دەرفەتێکی دیکەیان نەبێت بۆ ئەم مەبەستە.
سەرچاوەکان
Haj-Yahya, Dr.N.H. (2022) Statistical report on arab society in Israel :2021, Statistical Report on Arab Society in Israel :2021 – The Israel Democracy Institute. Available at: https://en.idi.org.il/articles/38540 (Accessed: 06 September 2023).
Hobbes, T. & A., G.J.C., 2008. Leviathan, New York: Oxford University Press.
Kiepert, H. and Macmillan, G.A. (1881) A Manual of Ancient Geography. London: Macmillan & Co.
Nye, J.S. (2012) The Future of Power. New York: PublicAffairs.
Xenophon, Brownson, C.L. and Dillery, J. (2006) Anabasis. Cambridge, MA: Harvard Univ. Pr.