1

نەتەوە چییە؟ بەشی دووەم

ئێرنێست ڕێنان

کۆنفڕانسی سۆربۆن، ١١/٣/١٨٨٢

وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: پێنووس   28, 03, 2019

دووەم:

کاتێك گوێمان لە هەندێك تیۆریدانەرە سیاسییەکان دەبێت، بۆ ئەوان نەتەوە بریتییە لە سیستەمی پاشایه‌تی، کە لە ئەنجامی داگيرکارییەکی کۆنەوە پەیدا بووە. داگيرکارییەكە قبووڵ کراوە، دواتر لە لایەن خەڵکەوە لەبير کراوە. لە ڕوانگەی ئەو کەسانەوە، کۆکردنەوەی شارەکان لە ڕێگه‌ی پاشایه‌تییه‌کەوە، لە ڕێگه‌ی جەنگەوە، لە ڕێگه‌ی هاوسەرگيرییەوە یان لە ڕێگه‌ی پەیماننامەکانەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم کۆکردنەوەیە لە کاتی کۆتاییهاتنی سیستەمی پاشایه‌تیدا کۆتاییی پێ دێت. ڕاستە، زۆربەی نەتەوە هاوچەرخەکان لە لایەن بنەماڵەیەکی دەرەبەگەوە دروست بوون، کە وەکوو گرێبەستێکی هاوسەگيری بووە لەگەڵ خاکێك و، بووە بە چەقی خاکەکەیان. سنوورەکانی فەڕەنسا لە ساڵی ١٧٨٩ نە سروشتی بوون نە پێویست بوون. ماڵی کاپێتیەن[1] ناوچەیەکی بەرفراوانیان لە ڕێگه‌ی پەیماننامەی ڤێردون[2] دەست کەوت؛ ئەم ماڵە خاوەنی ڕاستەوخۆی ئەو ناوچانە بوون.

کاتێك پاشاکانی فەڕەنسا ئەو ناوچانه‌یان خستە پاڵی خۆیان، نە بيریان لە سنووری سروشتی دەکردەوە، نە مافەکانی نەتەوە، نە ئیرادەی شارەکان. بە هەمان شێوە یەکبوونی ئینگلته‌را، ئیرلەندا و سکۆتلەندا کردەوەیەکی پاشایەنە بوو. لە ئیتاڵیا پێش ئەم سەدەیە چەندین بنەماڵە هەبوون حوکمیان دەکرد و هیچیان یەکگرتنیان به‌دی نه‌هێنا؛ هەر بۆیە زۆر کاتی خایاند تا ئیتاڵیا بوو بە نەتەوە. ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو، هەتاوەکوو دوورگەی نادیاری سەردينیا[3]، کە بەزۆری کراوە بە ئیتاڵیا، پاشایەتییەکی تایبەت بە خۆی لێ بوو. هۆڵەندا، کە بە بڕیارێکی ئازایەنە خۆی خۆی دروست کرد، کەچی ئەوانیش لەگەڵ ماڵی ئۆرەنج[4] گرێبەستیان ئەنجام دا؛ هۆڵەندییەکان بەڕاستی تووشی مەترسی دەبوونەوە ئەگەر ئەم گرێبەستە تێک بچووبایە.

ئایا ئەم جۆرە یاسایانە ڕەهان؟ بێ گومان نەخێر. سویسرا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمريکا، لە کۆبوونەوەی چەند ناوچەیەکی یەک لە دوای یەك دروست بوونە و، هیچ بناغەیەکی پاشایەتییان نەبووە. ئێمە لێرە وتووێژ لەسەر فەڕەنسا ناکەین؛ داهاتوو نهێنییەکەمان پێ دەڵێت. دەتوانین تەنیا بڵێین ئەو پاشایەتییە مەزنەی فەڕەنسا زۆر نەتەوەیی بوون؛ بە جۆرێك کە پاشایەتیش لەناو چوو، نەتەوە مایەوە، بەبێ پاشایەتی. هەموو شتەکان لە سەدەی هەژدە گۆڕدران. دوای چەندین سەدە ڕيسوابوون، مرۆڤ بووەوە بەو ڕۆحییەتەی جاران؛ مرۆڤ ڕێزی لە خۆی و مافەکانی خۆی دەگرت. وشەی نیشتمان و هاووڵاتی، واتای خۆی بەتەواوی وەرگرت. بەم شێوەیە تواندرا ئازایەتیترین کردار لە مێژوودا بكرێت؛ کردەوەیەك کە دەتوانین لە دەرووناسیدا بەو شێوەیە وەسفی بکەین: هەوڵی گەڕاندنەوەی ژیان و کەڕامەتە بۆ لاشەیەك کە مێشك و دڵی دەرکرابوو.

پێویستە ئەوە قبووڵ بکەین، کە نەتەوەیەك دەتوانێت بەبێ بنەماکانی پاشایەتی دروست ببێت؛ هەروەها نەتەوەکان دەتوانن بە ڕێگه‌ی پاشایەتییەوە دروست ببن؛ هەر ئەم نەتەوانە دەتوانن پاشایەتییەکەی خۆیان کۆتایی پێ بێنن، بەڵام نەتەوە هەر بمێنێتەوە. ئەو بنەما کۆنانەی کە تەنیا ڕەچاوی مير و پاشاکانی دەکرد باوی نەماوە؛ شان بە شانی مافەکانی پاشایەتی، مافەکانی نەتەوەیش هەیە. بە کام پێوەر مافە نەتەوەیییەکان بنیات بنێین؟ چۆن نەتەوەکان بناسینەوە؟ چی بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئەو مافانە بەدەست بێت؟

١. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، هەندێ كه‌س بەدڵنیایییەوە دەڵێن ڕەچەڵەک پێوەرە. کەواتە ئەو دابەشبوونە دەستکردانەی کە لە ئەنجامی دەرەبەگایەتی، هاوسەگيریی ميرەکان، کۆنگرەی ديپلۆماتکارەکان دەکرێت، هەموویان پووچن. ئەوی ڕاست و جێگيرە، ڕەچەڵەکی دانیشتووانەکەیە[5]. پێیان وایە ئا ئەمەیە ماف و یاسا. لە ڕوانگەی ئەم تیۆرییەوە، بنەماڵە ئەڵمانییەکان، دەتوانن هەموو ئەڵمانییەکی پەرشوبڵاو بۆ خۆیان گل بدەنەوە؛ هەرچەندە ئەو ئەڵمانییانە خۆیان نایانه‌وێت لەگەڵیاندا بن. مافی ئەڵمانیبوون لەسەر شارێك، بەهێزترە لە مافی دانیشتووانی ئەو شارە لەسەر خودی خۆیان. بەم شێوەیە مافێکی سەرەتایی دروست دەکەین کە وەکوو مافی خودایی وایە؛ بنەماکانی نەتەوە دەگۆڕینەوە بە بنەماکانی ڕەچەڵەكناسی (ئيتنۆگرافی). ئەمەیە گەورەترین هەڵە؛ ئەگەر ئەم تیۆرییه‌ سەرکەوتوو بێت، شارستانییه‌تی ئەوروپی خەسارەتێکی گەورە دەکات. چەنده‌ بنەماکانی نەتەوەبوون دروست و یاسایین، ئەوەندەیش یاسا سەرەتایییەکانی ڕەچەڵەکی، بەرتەسك و پڕن لە مەترسی بۆ پێشکەوتنی ڕاستەقینە.

ئه‌مه‌ ڕاستە كه‌ ڕەچەڵەك لە هۆز و شارە کۆنەکان، گرنگییەکی زۆری هەبوو. هۆزەکان و شارە کۆنەکان تەنیا بەرفراوانبوونی خێزان بوون. لە سپارت و ئەتینا، هاووڵاتیان پلەی خزمایەتیی دوور، یان نزیکیان هەبوو. هەروەها لای بەنی ئیسڕائیل هەر بەو شێوەیە بوو؛ ئێستایش لای هۆزە عەرەبییەکان هه‌ر بەو شێوەیەیە. با نموونەکان لە ئەتینا و سپارت و هۆزە ئیسڕائیلییەکان، بگۆڕین بۆ ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمان. لەوێ دۆخەکە تەواو جیاواز بوو. شارە گەورەکان و شارۆچکە تەواو جیاوازەکان گورزێکی توندیان لە بيرۆکەی ڕەچەڵەك دا. لە سەرەتادا ئەو شارانە بە توندوتيژی دروست بوون و دواتر بەرژوەندی، کۆی دەکردنەوە. ئایینی مەسیحی بە سروشتە جیهانییەکەی و ڕەهایییەکەی، هەر بەم ئاراستەیە کار دەکات. مەسیحییەکان هاوپەیمانییەکی گەرم لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی گرێ دەدەن. لەژێر کاریگەریی ئەو کەسانەی کە ئەم یەکگرتنەیان ساز دا، پرسی ڕەچەڵەكناسی لە حوکمکردنی مرۆڤەکان، بۆ چەندین سەده‌ بەلاوە نرا.

هێرشی بەربەرەکان[6]، سەرەڕای ڕواڵەتەکەی، هەنگاوێکی تر بوو بەم ئاڕاستەیە. پاشایەتییە پارچەپارچەبووەکانی بەربەره‌کان، هیچ پەیوەندییه‌كیان بە ڕەچەڵەکناسییه‌وه‌ نەبوو؛ پارچەپارچەبوونیان لەسەر بناغەی هێز و نازوفيزی داگيرکەره‌کە بوو. بۆ بەربەره‌کەکان ڕەچەڵەکی ئەو خەڵکەی ملکەچیان بوون، هیچ گرنگییەکی نەبوو. شارلەمان چۆنی ویست ئەوها ڕۆمای دروست کردەوە؛ شارلەمان ئیپمراتۆرییه‌تێکی یەکگرتووی هەبوو کە لە چەندین ڕەچەڵەك پێک هاتبوو؛ واژووکەرانی پەیماننامەی ڤێردون، کاتێك سنووری باکوور و باشووریان دەنەخشاند، هیچ ڕەچاوی ڕەچەڵەکی ئەو خەڵکەیان نەدەکرد كه‌ دەکەونە ئەوديو یان ئەمديوی سنوورەکان. جووڵانەوەی هێڵە سنوورییەکان لە سەردەمی چەرخی ناوەڕاست، لە دەرەوەی بيرۆکەی ڕەچەڵەکناسی بوو. سیاسەتی ماڵی کاپێتیەن وای کرد، کە زۆربەی ناوچە گۆلە کۆنەکان کۆ بکرێتەوە و ناوی لێبنرێت فەڕەنسا، بەڵام لە ئەنجامی ئەوە نەبوو کە ئەو ناوچانە هەمان ڕەچەڵەکیان هەبووە. ئەوەتا دۆفينێ، برێس، پرۆڤانس و فرەنچکۆمتێ لەبيریان نییە کە ڕەسەنایه‌تییەك کۆیان دەکاتەوە. گۆلوابوون لە سەدەی دووەمەوە هیچ باوی نەماوە، تەنیا هەندێك توێژینەوە هەیە لە ڕۆژی ئەمڕۆدا پێمان دەڵێت، کە هەندێك کەس سروشتی گۆلوایان هەیە.

ڕەوشی ڕەچەڵەكناسی، هیچ کاریگەرییه‌كی لە پێکهاتنی نەتەوەی هاوچەرخ و مۆدێرندا نەبوو. فەڕەنسا سێتلین، ئیبرین[7] و جێرمانین (ئەڵمانین). ئەڵمانیا جێرمانین، سێلتین و سڵاڤن. ئیتاڵیا ئەو وڵاتەیە کە ڕەچەڵەكناسی تووشی سەرلێشێوان دەکات. گۆلەکان، ئێتروسکەکان، پێلاسەکان و یۆنانییەکان و چەندین پێکهاتەی تریش ئەم وڵاتەیان پێک هێناوە، کە ئامارەکان لەو تێکەڵییەدا ئاستەمە. بەگشتی لە دوورگە بریتانییەکان، خوێنەکان تێکەڵ بوون؛ سێلتی و جێرمانی تێدایە و زۆر ئاستەمە ڕێژەکان دیاری بکرێن.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕەچەڵەکی بێگەرد نییە. سیاسەتمەداران ناتوانن کار لەسەر شرۆڤەی ڕەچەڵه‌کناسی بکەن؛ ئەم بابەتە بەم شێوەیە، دەخرێتە سەر پشتی ئەژدیهایەك. باشترین دەوڵەتەکان، وەك ئینگلته‌را، فەڕەنسا و ئیتاڵیا ئەو وڵاتانەن کە زیاترین خوێنیان تێدا تێکەڵ بووە. ئاخۆ ئەڵمانیا لەم بابەتەدا ڕيزپەڕە؟ ئایا دەوڵەتێکی ئەڵمانیی بێگەرد هەیە؟ چ خەیاڵێکە! هەموو باشوور گۆلوا بوو. هەموو ڕۆژهەڵات لە ئێلبەوە[8] سڵاڤن. ئەو بەشەی کە پێی دەگوترێت بێگەردی ڕاستەقینەن، ئایا بەڕاستی وان؟ لێرەدا دەست بۆ بابەتێکی هەستیار دەبەین؛ پێویستە بيرێکی پاكی لێ بکەینەوە و لە نەفامی دوور بکەوینەوە.

وتوێژ لەسەر ڕەچەڵەك كۆتایی نایه‌، چونکە وشەی ڕەچەڵەك لە لایەن مێژووی زمانناسییه‌وه‌ بە شێوەیەك وەرگيراوە و، لە لایەن مرۆڤناسی و کارئەندامناسییەکانیشه‌وه‌ بە شێوەیەك وەرگيراوە. لای مرۆڤناسەکان[9]، ڕەچەڵەك هەمان واتای لە ئاژەڵناسی[10] هەیە؛ نەوە ڕاستەقینەکان و باوباپیران لە ڕێگه‌ی خوێنەوە دیاری دەکات. بەڵام توێژینەوەكانی زمان و مێژوو، هەمان ئەنجامی کارئەندامناسییان[11] نابێت. مرۆڤە سەرکورتەکان[12]و مرۆڤە سەردرێژکۆلەکان[13]هیچ جێگه‌یه‌كیان لە مێژوو و زمانناسیدا نابێتەوە. ئەو کاتەی زمانەکان و بەشی ئارییەکان دروست بوون، مرۆڤەکان پێشتر پێک هاتبوون لە مرۆڤە سەرکورتەکان و مرۆڤە سەردرێژکۆلەکان[14]. پێویستە بۆ زمان و  دامەزراندنی سامییەکانیش، هەمان شت بڵێین.

بە واتایەکی تر، سەرچاوەی پۆلینکردنی ئاژەڵییانەی مرۆڤایەتی، زۆر کۆنترە لە ڕەسەنایەتیی ڕۆشنبيری، شارستانی و زمان. گرووپە سەرەتایییە ئارییەکان، سامییەکان و تۆرانیەکان شێوەیان تەواو جیاواز بوو. ئەم گرووپانە ڕووداوی مێژوویین کە لە سەردەمێکدا هەبوون؛ پازدە یان بيست ساڵ پێش ئێستا. سەرچاوەی پۆلينکردنی ئاژەڵییانەی مرۆڤایەتی، ژمارەیەکە تێیدا بزر دەبین. بەپێی زمانناسی و بەپێی مێژوو، ڕاستە ڕەچەڵەکی ئەڵمانییەکان خێزانێکی جیاوازە لەناو مرۆڤایەتیدا، بەڵام ئاخۆ واتای ئەم خێزانە لە ڕوانگەی مرۆڤناسییەوە هەمان شتە؟ بێ گومان نەخێر. دەرکەوتنی کەسانی ئەڵمانی (جێرمانی) لە مێژوودا، چەند سەدەیەکی کەم پێش مەسیح بووه‌. خۆ ئەڵمانەکان لەو سەردەمەدا لەژێر خاکەوە دەرنەچوونە. پێشتر، ئەڵمانەکان لەگەڵ سڵاڤەکان توابوونەوە، لە پانتایییەکی بەرفراوان ساکەکان[15]دەژیان و، کەسایەتییەکی تایبەت بە خۆیان نەبوو. ئینگليزێك جۆرە کەسێکە لەناو مرۆڤایەتیدا، بەڵام کاتێك بێئاگا دەڵێین ئەمە ڕەچەڵەکی ئەنگلۆساکسۆنە؛ ئەم ڕەچەڵەکە نە بروتۆنێکی سەردەمی سێزارە، نە ڕەچەڵه‌کی ئەنگلۆسەکسۆنێکی هێنجيست، نە دانيمارکییەکی کنوتە، نە نۆرمەندێکی گيۆمی ڕزگارکەرە، بەڵکوو ئەم ڕەچەڵەکە کۆئەنجامی گشت ئەو شتانەیە. فەڕەنسی نە گۆلوایەکە، نە فرەنکێکە، نە بورگۆندێکە. ئەمانە گشتیان دەرچووی گەرمکەرەوەیەکی مەزنن؛ لەژێر سێبەری فەرمانڕەوایه‌تیی پاشا فەڕەنسییەکاندا، گشت ئەو جیاوازییانەی تێدا بوو، پێکەوە کوڵێنران.

دانیشتووێکی ژێرسێی و گرنسێی[16] لە ڕەسەنایەتییه‌كه‌یدا، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ خەڵکی ئەوبەری نۆرماند. لە سەدەی یازدەوە چاوە ئاسایییەکان نەیانتوانی هەر دوو بەری کەناڵەکە ببينن. بارودۆخێکی بێبەها وای کرد، کە فيليپ ئۆگوست دوورگەکانی تری نۆرمەندی بۆ خۆی نەبات. حەوت سەد ساڵ دەبێت، ئەم دوو بەرەیە لە یەك جيا کراونەتەوە. هەر دوو خەڵكەکە ئێستا بوونه‌تە بیانی لەگەڵ یەکتردا؛ هیچ لە یەك ناچن. ئێمە و چەندین مێژوونووسی تریش پێمان وایە، کە ڕەچەڵەك دروست دەکرێت و کۆتاییی پێ دێت. توێژینەوە لەسەر ڕەچەڵەك گرنگە، بۆ ئەو بيرمەندانەی لە بواری مێژووی مرۆڤایەتیدا کار دەکەن؛ بەڵام ڕەچەڵەك، كاری به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نییه‌. ئەو هەستەی کە پێش دروستکردنی نەخشەی ئەوروپا هەبوو، هیچ ڕەچاوی ڕەچەڵەکی نەدەکرد؛ یەکەمین نەتەوەکانی ئەوروپا ئەو نەتەوانە بوون کە خوێنیان تێکەڵ بوو.

ڕەچەڵەك پێشتر گرنگ بوو، بەڵام ئێستا بەهای بەبەردەوامی کەم دەبێتەوە. مێژووی مرۆڤایەتی، جیاوازە لە پۆلينکردنی ئاژەڵییانە. ڕەچەڵەك هەموو شتێك نییە، هەروەک بابەتی ڕەچەڵەکی مشکەکان و پشيلەکان؛ ئێمە مافی ئەوەمان نییە بڕۆینە جيهان دەست بە سەر کەللەسەری خەڵکدا بهێنین، دوایی توند لەباوەشیان بگرین و بڵێین: “تۆ لە خوێنی ئێمەی، تۆ بەشێکی لە ئێمە!” لە دەرەوەی سروشتی مرۆڤناسی، زۆر شتی تریش هەیە بۆ هەمووان وەکوو یەکە: عەقڵ، دادپەروەری، ڕاستی، جوانی. بەڕێزان، سیاسەتی ڕەچەڵەكناسی هیچ سەرکەوتوو نابێت. دژی خەڵکی تر پاڵی پێوە دەنێیت؛ دواتر دەبينن دژی ئێوە هەڵدەستێتەوە. ئایا ئەڵمانییەکان لەوە دڵنیان کە ئاڵای ڕەچەڵەكیان بەرز کردۆتەوە؟ ئایا ڕۆژێك لە ڕۆژان سڵاڤەکان نایەن شرۆڤەی ناوی شارۆچکەی ساکس و لوزاس بکەن؟ یان بە دوای شوێنەوارەکانی ویلتز و ئۆبۆتریت ناگەڕێن؟ یان داوای قەرەبووکردنەوەی ئەو کۆمەڵکوژی و فرۆشتنە بەکۆمەڵەی  باوباپيرانی خۆیان ناکەن لە لایەن ئۆتۆنییەکانه‌وه‌[17]؟ بۆ هەمووی، پێویستە فێری لەبيرچوونەوە بین.

ڕەچەڵەكناسیم خۆش دەوێت؛ زانستێکە سوودێکی دەگمەنی هەیە؛ دەمەوێت ئەو زانستە ئازاد بێت، دەمەوێت ئەم زانستە لە سیاسیەتدا پەیڕەو نەکرێت. لە ڕەچەڵەكناسی، هەروەکوو هەر خوێندنێکی تر، سیستەمەکان دەگۆڕێن؛ ئەم گۆڕانکارییە بۆ پێشکەوتن گرنگە. بەم شێوەیە سنوورەکانی دەوڵەت، دوای پێشکەوتنە زانستییەکان دەکەون[18]. واتا نیشتمانپەروەری بە خوێندنێکی تایبەته‌وه‌ گرێ دەدرێت، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا هاودژە. بە نیشتمانپەروەرەکان دەڵێین: “هەڵەتان کرد خوێنی خۆتان لە پێناوی ئەو بابەتە ڕشت؛ لەو باوەڕەدا بوویت سێلتیت؟ نەخێر تۆ ئەڵمانیت.” ئینجا دوای دە ساڵی تر پێت دەڵێن کە تۆ سڵاڤ بوویت. بۆ ئەوەی زانست بەهەڵەدا نەبەین، واز لە زانست بهێنن با ڕای خۆی لەسەر ئه‌و کێشانه‌ دەرببڕێت، کە سوودێکی بۆ ئێمە هەبێت. دڵنیا بن ئەگەر داوا لە زانست بکەین کە ديپلۆماسییەتمان بۆ بگۆڕێت، زانست تووشی سەرسوڕمانێکی پێکەنیناویمان دەکات. زانست کاری چاكتر دەکات؛ تەنیا داوای ڕاستییەکانی لێ بکەن.

[1]– ماڵی کاپێتیەن، بنەماڵەیەک بوون کە لە ساڵی ٩٨٧ەوە بۆ ١٧٩٢ حوکمی فەڕەنسایان گرتە ده‌ست.

[2]– پەیماننامەی ڤێردون لە ساڵی ٨٤٣ واژوو کرا. ئەو پەیماننامەیە نەوەکانی ئيمپراتۆر شارلەمانی بەستیان بۆ مەبەستی دابەشکردنی خاکی ئيمپراتۆرییه‌تی کارۆلينیژیەکان؛ لە ئەنجامدا فەڕەنسای ئێستا دروست بوو.

[3] – سەردینیا، هەرێمێکی ئیتاڵییە؛ دوورگەیەکە لەناو دەریای سپیی ناوەڕاست.

[4]– ماڵی ئۆرەنج ئەو بنەماڵەیەن کە لە ساڵی ١٨١٤وە تا ئێستا پاشایەتیی هۆڵەندیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

[5]– نووسەر ڕەخنە لە بيرۆکەی ڕەچەڵەك دەگرێت وەك بناغەیەك بۆ بنیاتنانی نەتەوە.

[6]– بەربەرەکان لە سەردەمی ئيمپراتۆرییەتی ڕۆمانی، واتا ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی ئەم ئیمپراتۆرییەن. واتا بەربەرەکان مەرج نییە مانایەکی نەرێنییان هەبێت؛ ئه‌وان توانییان چەندین سەدە لە ناوچە جیاوازەکانی ئەوروپا حوکم بکەن.

[7]– خەڵکی نيمچەدوورگەی ئیبریا (ئيسپانیا، پۆرتوگال و هتد).

[8]– ئێلب ڕووبارێکە درێژییەکە هەزار کيلۆمەتر زیاتر، هەر دوو وڵاتی ئەڵمانیا و چيك دەبڕێت.

[9]– ئەنترۆپۆلۆژيست.

[10]– زوولۆژی

[11]– فيزیۆلۆژی

[12]– Brachycéphalie

[13]– Dolichocéphalie

[14] – درێژکۆلە: هەر شتێك کە سروشتێکی درێژی هەبێت.

[15]– ساکەکان: کۆمەڵە خەڵکێکی ئاریایی و ئێرانی بوون؛ پێش پەیدابوونی مەسيح لە نێوان ئەوروپا و ئاسیا بە کۆچڕەوی دەژیان.

[16]– ژێرسێی و گرنسێی دوو ناوچەن، ئێستایش سەر بە بريتانیا. لە خاکی فەڕەنسای ئێستاوه‌ زۆر نزيکن.

[17]– ئۆتۆنییەکان، ئيمپراتۆرییه‌تی کۆنی جێرمانییە؛ لە سەدەکانی دە و یازدە هەبوو.

[18] – نووسەر دەیەوێت بڵێت، مەحاڵە زانست و دیاریکردنی سنووری وڵاتان لەم بابەتەدا یەک بگرنەوە.