1

دەوری کەرەسەکانی ڕاگەیاندن لە ڕێکخستنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا

(هاووڵاتیی پەیامنێر)

قەرەنی قادری

پێشەکی

ئەرکی کەرەسەکانی ڕاگەیاندن ئەوەیە کە زانیاری بە هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگ بدەن و هەر بە ڕێگەی ئەوانەوەیە کە ئێمە زانیاری و دەنگوباس وەردەگرین و لە کۆتاییدا دەبێتە خۆراکی زەینی ئێمە، لەوانەیە هەر لە لای ئێمەیش ببنە سەرچاوە بۆ بڕیاردان؛ بۆیە زۆر گرینگە کە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن بابەت (زانیاری و دەنگوباس)ی دروست، جێی بڕوا و بێلایەنانە بە خوێنەر، بینەر و گوێگری خۆیان بدەن. ئەمەیش ڕێک پەیوەندیی بە بەرپرسیارێتی و متمانەوە هەیە، کە دوو کۆڵەکەی سەرەکیی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنن. سێیەمین کۆڵەکەیش “ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی”یە، کە لەگەڵ “بەرپرسیار‌ێتی” و “متمانە”، سێکوچکەی هزری ڕاگەیاندن دروست دەکەن.

هەر بۆ وەبیرهێنانەوەیش بێت، کەرەسەکانی ڕاگەیاندن بە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاری و دەنگوباسەوە دەتوانن کارتێکەری، حەز، بێزاری، چێکردنی ڕای گشتی، بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و داواکاری لەناو هاووڵاتیاندا دروست بکەن. هەروەها بۆ بڕیاردەرانیش گەلێک گرینگە کە دەستیان بە هەواڵ و زانیاریی دروست، جێی متمانە و بێلایەنانە ڕابگات، تا بتوانن بڕیاری دروست بدەن و ئاگایان لە ویست و داخوازیی هاووڵاتیان بێت؛ ئەمە مەودای نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان کەمتر و کەمتر دەکاتەوە. بەڵام دەکرێت و بۆی هەیە پێچەوانەکەیشی ڕوو بدات؛ زانیاری و دەنگوباسی هەڵە، بڕیاری هەڵەی بەدوادا دێت و مەودای نێوان هاووڵاتیان و حکوومەت زیاتر و زیاتر دەبێتەوە.

ئێمە و کەرەسەکانی ڕاگەیاندن

شۆڕش لە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی کە بە “شۆڕشی ئەلیکترۆنی” یان “دیجیتاڵی”یش ناوی دەرکردووە، گۆڕانێکی بنەڕەتیی لە ئامێرەکانی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکاندا هێناوەتە کایەوە، تەنانەت ڕاگەیاندنی بۆ قۆناغێکی نوێ و ئاستبەرز گواستەوە؛ بۆیە دەکرێت ئەمڕۆ باس لە کەرەسەی ڕاگەیاندنی کۆن (چاپەمەنی، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن) و، نوێ (ئینترنێت، سه‌ته‌لایت، ماڵپەڕ، مۆبایل و…) بکرێت. بەڵام سەرەڕای ئەمە، لە پاڵ ئەم پۆلێنکردنەیشدا، ئینترنێت، کەرەسە کۆنەکانی ڕاگەیاندنیشی تێکەڵ بە ئامێرە نوێیەکان کردووە و، بەو پێیەی کە بە ئینترنێتەوە لکێندراون، خۆیان لەگەڵ دۆخی نوێی شۆڕشی ئەلیکترۆنیدا گونجاندووە. بەڵام بۆ ئەمەیش کەرەسەیەک پێویست بوو کە گشت ئامرازە ڕەنگاوڕەنگەکانی ڕاگەیاندن وەخۆ بگرێت.

تەلەفۆنی زیرەک (smartphone) یەکێکە لەو دەگمەن دەسکەوتانە کە گشت کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی لەخۆدا کۆ کردووەتەوە. ئەگەر بە گوێرەی کارکردی ئەو تەلەفۆنە بێت، ئیتر پێویست ناکات ڕوو لە بازاڕ بکەیت و بەجیا ڕادیۆ یان تەلەڤزیۆن بکڕیت، چونکە بە لکاندنی ئەو تەلەفۆنە بە ئینترنێتەوە، بەیەکجار دەبی بە خاوەنی ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، چاپەمەنی، YouTube، کتێبخانە، کامێرای وێنەگرتن، ئیمەیل و خێرایی لە وەرگرتن و ناردنی پەیام، ئاگاداربوون لە دۆخی کەشوهەوا و نرخی دراوە جیهانییەکان و پێشبینییەکان لەو بوارەدا، ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان (دەنگ، ڕەنگ و پیت)، هەروەها دەیان و سەدان پێداویستیی دیکەی ژیان کە لەودا چڕ کراونەتەوە، تا زانیاری وەربگریت و زانیارییەکانی خۆیشت بەوانی دیکە بدەیت. هەر ئەم تایبەتمەندییانە، “تاک”ی کردووە بە پەیامنێر و دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی زانیاری بۆ ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی. بۆیە ئازادیی ڕادەربڕین یانی گەیاندنی بیروڕا (پەیام)ی خۆت بەوانی تر.

تەنانەت تەلەفۆنی زیرەک کەرەسەیەکی گەلێک گونجاوە بەدەست خۆپیشاندەران و بەڕێوەبەرانی خۆپیشاندان، چونکە دەتوانن کاری ڕێکخستنی خۆپیشاندانی پێ بکەن، دەنگوباسی جموجۆڵی هێزە حکوومییەکان بە یەکتر بگەیەنن، هەروەها ڕای گشتی و ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتیی ناوەوە و دەرەوەی لێ ئاگادار بکەنەوە.

ڕەوتی كامڵبوون (گووران/ تکامل)، ئەوەی کە فەلسەفە باسی لێوە دەکات؛ گەشە و هەڵدان لە سادەوە بەرەو ئاڵۆزی بەڵام بە شێوەیەکی چڕکراوەوە، بەئاسانی لە کەرەسەکانی سەردەمدا بەرچاوە. ئینترنێت، ناخی کۆمەڵگەی کێڵاوە و پەیوەندییەکی بەرفراوان و ئاسانی بە جڤاک بەخشیوە کە، دەستپیڕاگەیشتن بە زانیاری لە لووتکەی ئەو شۆڕشەدایە. به‌گشتی ئینترنێت، ئازادیی چاپەمەنی و ئازادیی ڕادەربڕین لێک جیا ناکرێنەوە و، سێکوچکەیەکی گەلێگ چالاک و زیندووە و، هەر بەو پێیە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی گەشەی کۆمەڵگە.

کەرەسە مۆدێڕنەکان گەلێک بەتوانان، هەر ئەوەیش هێز بە تاک، گرووپ و دەوڵەتەکان دەبەخشێت، بەڵام دەوڵەتەکانیشی ڕووبەڕووی کێشە کردووەتەوە. ئەگەر جاران لە زەوییەوە بە ڕێگەی سوپاوە و لە ئاسمانیشەوە بە زەبری فڕۆکەوە بەر بە دزەی گرووپە خەنیمەکان و زانیاری دەگیرا، شۆڕشی ئەلیکترۆنی ئەو هاوکێشەیەی تێک داوە.

تاکێک کە خاوەنی تەلەفۆنی زیرەک بێت، هەر لە چیا، دۆڵ، سەیرانگە یان ئەوەتا لە پاڵ دارێکدا لێی تخێڵ دەبێت و، بۆ بینینی بەرنامەی حەزی خۆی، پێویست ناکات بەرەو ماڵ ڕابکات، چونکە لە مۆبایلەکەیدا و بە ڕێگەی ڕاستەوخۆوە تەلەڤزیۆنی لەبەردەستە. بۆیە کۆکردنەوەی سه‌ته‌لایت (مانگی ده‌ستكرد) وەک جاران بڕەوی نامێنێت کە سەرکوتکەرەکان شەو دەرگەی ماڵان بشکێنن و زەندەقی هاووڵاتیان ببەن. لەو بوارەدا تەلەفۆنی زیرەک ڕێکخەرە، خاوەنی قسەیە و خەنیمە!

جاران بەشە سەرەکییەکەی ئامڕازی ڕاگەیاندنی گشتی (ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن) لەدەست حکوومەتەکاندا بوو و، هەر ئەوانیش کاروباری ئەو کەرەسانەیان بەدەستەوە بوو و، چۆنی پێیان خۆش با ئاوایان داژۆت. لە پاڵ ئەمەیشدا هەر کاتێک شۆڕش کرابا یان ئەوەتا خەنیمی دەسەڵاتداران بە ڕێگەی کودەتاوە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتبا، یەکێک لەو مەتەرێزانەی کە خێرا دەستیان بەسەردا دەگرت، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن بوو. گەرچی ئێستایش لە دەڤەری ئێمەدا ئەو تێڕوانینە کلاسیک و خۆبەخاوەنکردن و پاوانکردنە هەر وا زاڵە، بەڵام شۆڕشی دیجیتاڵی/ شۆڕش لە ڕاگەیاندن و ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی گشتی یان ئەوەی پێی دەڵێن تەقینەوەی زانیاری و دەستاودەستکردنی، گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەسەر ڕاگەیاندندا هێنا، بەڵام لە پاڵ ئەمەدا کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی کلاسیک تاکلایەنە بوون و، دەور، دەوری پەیامنێر (ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامە) و پەیاموەرگر (هاووڵاتی) بوو، کە کەرەسەکان پەیامیان دەنارد و هاووڵاتیان وەریان دەگرت؛ بەڵام ئێستا سەردەمی هاووڵاتیی پەیامنێرە و کۆتایی بەو هاوکێشەیە (ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن/ گوێگر و بینەر/ تاکلایەنە) هاتووە، چونکە هاووڵاتیانیش خاوەنی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی خۆیانن و پەیوەندییەکان لە تاکلایەنەوە بۆ فرەلایەنی گوازراونەتەوە.

ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان نموونەی زیندوو و چالاکن لەو بوارەدا، هەروەها لە بری ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی حکوومی و حزبی (حزبی میدیایی) لە دەڤەری ئێمەدا، مۆبایلی زیرەک، کە هەڵگری گشت کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و چەندلایەنەیە، باس لە جیهانێکی تر دەکات کە بەتەواوی لەگەڵ ڕابردوو جیاوازە. هەر بۆیە ناکرێت و هەڵەیە بەپێی تێڕوانین و بۆچوونەکانی ڕابردوو سەیری جیهانی ڕاگەیاندنی ئێستا و هاووڵاتیان بکرێت، یان هەوڵ بدرێت دەستیان بەسەردا بگیرێت یان ئەوەتا کۆنتڕۆڵ بکرێن.

باشترین ڕێگە ئەوەیە کە حوکمڕانان و حزبە سیاسییەکانی خۆمان خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن و کەڵکی لێوەر بگرن و، بە شێویەکی عەقڵانی و بەپێی بنەماکانی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی بەکاری بێنن و تێکەڵ بە پرۆسەکە بن، کە بڵاوکردنەوەی زانیاری و دەستاودەستکردنی، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم چاخە. بەڵام لە پاڵ ئەم تایبەتمەندییە ئەرێنییانەدا، ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی وەکوو “قڕژاڵ” وایە و بە دوو سەر دەڕوات. چونکە هەر کەرەسەیەک وەکوو ئەوانی تر دەتوانێت هەڵگری زانیاری و هەواڵی ساختە، هەواڵی نادروست/ هەڵە، دەنگۆ و جەنگی دەروونی بێت، کە ئەمەیشیان ڕێک بۆ شێوەی بەکارهێنانی دەگەڕێتەوە، کە بەکاربەران (دەوڵەتی، گرووپی، حزبی، مافیا، توندئاژۆ ڕەنگاوڕەنگەکان) بە دوای چیدا دەگەڕێن. بۆیە کێشەکە لە کەرەسەکاندا نییە، بەڵکوو گرفتەکە لە چۆنێتیی بەکارهێنانی ئەو ئامرازانەدایە، کە بەکارهێنەران (هاوکێشەی مرۆڤی) بەکاری دێنن. هەر لەبەر ئەوە جاروبار و لێرە و لەوێ ئەوەمان بەرگوێ دەکەوێت، کە دەڵێن “کەرەسەکانی ڕاگەیاندن لەوانە “سۆشیال میدیا” بۆتە دۆڵپای گیانی کۆمەڵگە.” ڕێک لەبەر ئەوە پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و بەکاربەران و مەبەستیان. دەکرێت لەو بوارەدا ئاماژە بە دوو ڕوانگە بکرێت: یەکەم، ئەوانەی کە شارەزایییان لەبارەی کەرەسە نوێیەکانی ڕاگەیاندن و ئازادیی ڕادەربڕین کەمە. دووەم، ئەوانەی کە هەم شارەزای کەرەسەکانی ڕاگەیاندنن و هەمیش دەزانن کە چەمکێک هەیە بە ناوی ئازادیی ڕادەربڕین. بۆیە ئەوان بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و چێکردنی بەربەست لە بەردەم کەرەسەکانی ڕاگەیاندن، سەرەتا دوو چەمکی کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و چۆنێتیی بەکاربردنی ئەو کەرەسانە تێکەڵ بە یەک دەکەن و دەیشێوێنن، بۆ ئەوەی بە ئامانجیان بگەن، کە ئەویش سنووردارکردن و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانە. لەبەر ئەوە بۆ شوێنەونکە و شاردنەوەی مەبەستیان سەره‌تا هێرش دەبەنە سەر کەرەسەکانی ڕاگەیاندن تا بەم ڕێگەیەوە دەنگی ئازاد، ڕەخنەگر و پرسیارچێکەر کۆنتڕۆڵ بکەن. کۆمەڵگەی بەهێز، لە گرەوی هاووڵاتیی بەهێزدایە!

تەلەفۆنی زیرەک  (smartphone) نەک تەنیا شوێنی گشت کەرەسەکانی ڕاگەیاندنە و دەرفەتێکی باشە بۆ دەستاودەستکردنی زانیاری و هەواڵ، بەڵکوو بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان لایەنەکانی تری ژیانی خۆیانی پێ ڕێک دەخەن و، بۆتە بەشێکی گرینگ و دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان. دروشمی “مۆبایل بەشێکە لە من“، “هەر کەسەو مۆبایلێک“، یانی بەزاندنی سنووری کلاسیکی ڕاگەیاندنەکانە و، هەر ئێستا لە سەردەمی هاووڵاتیی پەیامنێردا دەژین؛ بۆیە ناکرێت بە هزری کۆنەوە ڕووبەڕووی کەرەسە نوێیەکانی ڕاگەیاندن ببینەوە یان ئەوەتا بیر لە دژایەتی و کەویکردنی بکرێتەوە. تەلەفۆنی زیرەک کەرەسەی پەیوەندیکردنە لە نێوان دوو یان کۆمەڵێک کەس، کەرەسەی ڕاگەیاندنە بۆ وەرگرتن و ناردنی هەواڵ و زانیاری، هەروەها بۆ ڕێکخستنی کاروباری لایەنەکانی تری ژیان و، لە کۆتاییدا ئامرازی سەرگەرمییە. کۆی ئەمانە سەرچاوەن بۆ ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، کە چەشنێکی تر لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هێناوەتە کایەوە. تەلەفۆنی زیرەک، وەکوو سوپه‌رمارکێت (بازاڕێکی گەورە و گەڕۆک)ە کە پڕە لە کەلوپەلی پێویست و، شەو و ڕۆژ بەدەست هاووڵاتیانەوەیە.

ئەو ئامرازە بۆ هاووڵاتیان بۆتە “سندووقێکی سیحراوی” و هەموو شتی بەدەست دەگات، چونکە جیهان بچووک کراوەتەوە و دە مۆبایلێکیان ئاخنیوە و، بۆ نموونەوە لە گوندێکی کەلاکەوتووی کوردستانەوە دەتوانێت ڕێک لە چرکەیەکدا پەیوەندی بە دۆستەکانەوە لە ستۆکهۆڵم، واشگنتۆن، تۆکیۆ و … بکەیت. ڕێک لەبەر ئەوەیە کە دیکتاتۆرەکان ناتوانن سنوورەکان بە شێوەی کلاسیک بپارێزن و دەرەقەتی ئەو ئاڵوگۆڕە جیهانییە نایەن، تەنیا دەتوانن ئەوە بکەن؛ هێڵی ئینترنێت بپچڕێنن یان خاوی بکەنەوە، یان ئەوەتا زنجیرەیەک کەرەسەی ڕاگەیاندن (زۆر و بۆر/ چەواشەکار و هەڵخەڵتێنەر) دروست دەکەن، هەروەها بە ڕێگەی “هەککەرەکانیانەوە” کێشە بنێنەوە کە، کۆی ئەمەیش دەچێتە خانەی پێشێلکردنی ئازادییەکان لە کۆمەڵگەدا.

هەر ئێستا و بە بوونی بەردەوامیی شۆڕشی ئەلیکترۆنی کە زۆر بەئاسانی زانیاری تێیدا دەستاودەست دەکرێت، تاکێک، شان لە شانی گرووپ و حزبە سیاسییەکان دەدات. کەس بەرگەی ئەو شەپۆلە ناگرێت. ئەوی (تاک، گرووپ، نەتەوە و حکوومەت) خۆی لەگەڵدا نەگونجێنێت، دەوری کۆسپی سەر ڕێگەی گەشەسەندن (بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان) لە کۆمەڵگەدا دەگێڕێت. “ئەرک و بەرپرسیارێتیی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنە، کە دیمەنێکی دروست و بێلایەنانە لە ڕووداوەکانی ناوخۆ، ناوچە و جیهان بە هاووڵاتیان بدەن.” ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، هێز و دەسەڵاتی هەیە؛ هەر ئەمەیش شەپۆل و ڕای گشتی چێ دەکات و ڕێکخەرە.