سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس: فەڕەنسا و تەنیاییی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان
د. پەرویز ڕەحیم قادر\دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای زانکۆ
ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی بە دۆخێکی ئاڵۆز و مەترسیدار و هەستیاردا تێ دەپەڕێت، لەم نێوەندەیشدا جەنگی حەماس و ئیسرائیل تا ڕاددەیەک ئەگەری تەشەنەسەندن و توندبوونەوەی بارگرژییەکانی بەرز کردۆتەوە، کە هەموو سەرنجەکانی لەسەر جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرسووڕاندووە. ئەمەیش بەو واتایە دێت کە لە لایەک خودی ناوچەکە هەرێمێکی گرنگ و پڕ لە کێشەیە کە وەکوو بەرمیلێکی باڕووت لە هەر ئانوساتێکدا ئەگەری تەقینەوەی هەیە و، لە لایەکی تریشەوە ئەکتەرەکانی بەشدار بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەکتەری سەرووهەرێمی و هەرێمایەتیی گرنگن، چ لە ڕووی هاوکێشە جیۆسیاسییەکانەوە بێت و چ لە ڕووی ئاسایشی وزە و جیۆئێکۆنۆمییەوە. تەنانەت بەپێچەوانەی سنووردارێتیی شوێن و هەڵکەوتەی جوگرافیایی و گۆڕەپانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، ئەم جەنگەی حەماس و ئیسرائیل بەهۆی بەشداریی ئەکتەرێکی وەکوو ئێران یان ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەک حزبوڵڵای لوبنان، ئەگەری بەنێودەوڵەتیبوونی دێنێتە ئاراوە.
هەموو ئەمانە وای کردووە کە هەموو ئەکتەرەکان بەهەستیارییەوە مامەڵە بکەن و ئاگاداری ئەوە بن کە هیچ ئەکتەرێک بەتەنیایی نەکەوێتە ناو ئەو جەنگەوە، چونکە نە ئیسرائیل بەتەنیا دەتوانێت سەرکەتوو بێت و نە حەماس بەبێ پشتیوانیی ڕای گشتیی جیهانی عەرەبی و پاڵپشتیی ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی، توانای ئەوەی هەیە؛ هەر ئەم فاکتەرەیش وای کردووە ئەم جەنگە لە بچووکترین هەڵە یان ڕووداوێکی نەخوازراو یان لێکدانەوەی حساباتی هەڵە، ببێتە جەنگێکی هەرێمایەتی و تەنانەت نێودەوڵەتی. لەم چوارچێوەیەدا تاکە ئەکتەری نادەوڵەتی، هەرێمی کوردستانە لە ناوچەکەدا کە بهدهست تەنیاییی ستراتیژیک (strategic loneliness)هوه دەناڵێنێت؛ بەو واتایەی کە بەپێچەوانەی ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا، کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ناتوانێت پشت بە هیچ دەوڵەت یان ئەکتەرێکی هەرێمایەتی بە شێوەیەکی ستراتیژی ببەستێت؛ تەنانەت ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەکوو حزبوڵڵا، حەماس، حەشدی شەعبی و حووسییەکانی یەمەن، جگە لەوەی کە لە ڕووی نەتەوایەتییەوە زۆرینەن، لە هەمان کاتیشدا لەلایەن ئەکتەرێکی دەوڵەتی و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی هاوشێوەی خۆیان پاڵپشتی دەکرێن؛ دوایین نموونەیش پشتیوانیی ئێران و گروپە چەکدارە میلیشیاییەکانە لە حەماس و، تەنانەت پشتیوانیی دەوڵەتانی عەرەبی لە خەڵکی غەززە و، لە ئاستی نێودەوڵەتییش گوشار و داواکارییەکان بۆ ڕاوەستانی جەنگ.
لەم چوارچێوەیەدا، هەرێمی کوردستان جگە لە گوشارەکانی ڕابردوو لە عێراق و ناوچەکەدا، هەروەها ناڕوونیی چارەنووسی ڕۆژاوای کوردستان، لەم جەنگەدا ڕووبەڕووی مەتەسیی گەورە بۆتەوە، چونکە لە لایەک لەژێر گوشاری بەغدا و هەڕەشەی بەردەوامی هێزە میلیشیایییەکانە و لە لایەکی تریشەوە لە ئەگەرەی بەرفراوانبوونی جەنگ، بەهۆی درواسێیەتیی لەگەڵ ئێران و بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، دەبێتە گۆڕەپانی جەنگەکە. هەر بۆیە فەڕەنسا لە پاڵ ئەمریکا، وەکوو ئەکتەرێکی سەرووهەرێمی و ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەو دەوڵەتەیە کە لە قۆناغە وەرچارخانییەکانی ڕابردوو وەکوو ساڵی ١٩٩١ و جەنگی دژی داعش و تەنانەت لە پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ توانیویەتی هەرێمی کوردستان لەو تەنیایییە ستراتیژییە ناوچەیییە ڕزگار بکات. هەر بۆیە بوونی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ فەڕەنسا، چ لە ڕووی مێژوویییەوە و چ لە ڕووی بەرژەوەندیی فەڕەنسا لە ناوچەکە، دەتوانێت وا بکات هەرێمی کوردستان بەرزترین ئاستی ئەولەوییەتی ئاسایشی خۆی دەستەبەر بکات؛ کە ئەویش مانەوەیە.
بۆیە ئەگەر بۆ ئەکتەرە دەوڵەتییەکان، بوونی پەیوەندیی سەرووهەرێمی دەستەبەری هێز و پێگەی جیۆسیاسی و بەرژەوەندیی ئابووری بکات، بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەکوو هەرێمی کوردستان، کە لە تەنیاییی ستراتیژیدا دەژیت، پرسێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو پرسێکی ژیانییە و لە سەرووی هەموو پرسەکانی دیکەوەیە. هەر بۆیە لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی سەرۆککۆماری فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها پێشوازیکردنی ئاستبەرز لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوانگەی فەڕەنسا بۆ هاوکێشەکانی ناوچەکە و گرنگیی هەرێمی کوردستان لە ستراتیژیی ئەو دەوڵەتەدا نیشان دەدات. لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند خاڵ و فاکتەرێک دەکەین کە لە ئێستادا هەردوو لایەن سوود لەم پەیوەندییانە دەبینن:
- فەڕەنسا:
١- فەڕەنسا لەگەڵ بەرفراوانبوونی جەنگەکە نییە و، هەر بۆیە نایەوێت ئەم جەنگە فراوان بێت و بەم پێیەیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، دەتوانێت لە هاوکێشەکانی عێراق وەکوو هێزێکی باڵانسەر لە حکوومەتی عێراق ڕێگە لەو پلانە بگرێت کە عێراق بکەوێتە ناو ئەو جەنگەوە.
٢- فەڕەنسا لە ماوەی ڕابردوو ڕێککەوتنێکی بە بەهای ٢٧ ملیار دۆلار لەگەڵ بەغدا واژۆ کردووە؛ هەر بۆیە هەر ناسەقامگیری و نائاسایشییەک لە عێراق و ناوچەکە، لە ڕووی ئابوورییەوە زیان بە بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسا دەگەیهنێت.
٣- جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا وای کردووە کە وڵاتانی ئەوروپی بە دوای جێگرەوەی وزەی ڕووسیا بگەڕێن و، بەم پێیەیش هەر جەنگ و پشێوییەک لە ناوچەکە و بەتایبەتی تێوەگلانی عێراق یاخود میلیشیا شیعەکان، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هەڵکشانی نرخی نەوت لە ئاستی جیهانی هەبێت. ئەمەیش قەیرانێکی گەورە لە ناوخۆی فەڕەنسا دروست دەکات.
٤- بەشێکی سەرەکی لە جەنگ و پشێوی و ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانەوە بەڕێوە دەچێت و تەنانهت ئەم جەنگەی دوایییش هەر بەم شێوەیەیە و ئەگهری تەشەنەسەندنی جەنگەکەیش هەر بەهۆی بەشداری و تێوەگلانی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانەوە دەبێت کە دەتوانێت وا بکات لە کۆتاییدا ئەکتەرە دەوڵەتییەکانیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان ناچار بن بەشداریی جەنگەکە بکەن؛ هەر بۆیە بۆ فەڕەنسا زۆر گرنگە کە پشت بە ئەکتەرێکی متمانەپێکراوی وەکوو هەرێمی کوردستان ببەستێت. ئەم خاڵە، یەکجار گرنگە؛ کە وای کردووە هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕۆژاوایییەکانەوە بپارێزرێت.
٥- هەڵکەوتهی جوگرافیی هەرێمی کوردستان لە لایەک و ئامادەییی هێزەکانی فەڕەنسا لە ڕۆژاوای کوردستان و گرنگیی ئەو ناوچەیە بۆ فەڕەنسا، وا دەکات کە هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فەڕەنسادا پێگەیەکی دیاری هەبێت.
٦- فەڕەنسا هەمیشە یەکەم دەوڵەتی ئەوروپی یان ڕۆژاوایی بووە کە ڕووبەڕووی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان بۆتەوە و بەهۆی بوونی بەرزترین ڕێژەی موسڵمانان، بەتایبەتی جەزائیری و مەغربییەکان لەو دەوڵەتەدا، هەمیشە هەستیار بووە بە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر بۆیە جەنگی دژی تیرۆر و توندڕەوی، ئەولەوییەتی سەرەکیی فەڕەنسییەکانە، چونکە زۆرینەی کۆمەڵگە و بڕیاڕبەدەستەکانی ئەو دەوڵەتە، هاوڕان کە ئەگەر لە سەرچاوەوە ڕووبەڕوو یاخود بەرەنگاری هێزە توندڕەوەکان نەبینەوە و سەرچاوەکانیان وشک نەکرێت، ئەوە دەبێت لە پاریس ئەم کارە ئەنجام بدەین. لەم چوارچێوەیەیشدا هەرێمی کوردستان بەهۆی پێگە و هەڵکەوتەی جوگرافی، هەروەها ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەوە، ڕۆڵێکی کارای لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش هەبووە و هەیە. بۆیە فەڕەنسا دەیەوێت ئەم ڕۆڵە بەردەوام بێت و، ئەم بەردەوامییەیش له ڕێگەی بههێزبوونی هەرێمی کوردستانهوه دەکرێت، نەک بەپێچەوانەکەی.
٧- بۆ فەڕەنسا و تەنانەت دەوڵەتانی دیکەی ئەوروپییش ناسەقامگیری و توندوتیژی و نائاسایشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە واتای کۆچبەر و لێشاوی پەنابەران دێت؛ ئەمەیش قەیرانێکی گەورەی سیاسی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کەلتووری و ئاسایشیی لەو دەوڵەتانە دروست کردووە و جەنگی حەماس و ئیسرائیل و کاردانەوەی موسڵمانانی ئەو دەوڵەتانە و بەتایبەتی فەڕەنسا، زیاتر ئەمەی دەرخست. هەر بۆیە بۆ فەڕەنسا زۆر گرنگە کە ناوچەیەکی پارێزراو هەبێت کە ڕێگە لە لێشاوی سەدان هەزار پەنابەر و کۆچبەر بگرێت- وەکوو ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ و شەپۆلی کۆچبەران و پەنابەرانی سووریا بۆ ئەوروپا. ڕاستییهكهی، ئەوروپییەکان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین و توانای ئەوەیان نییە کە جارێکی دیکە هاوشێوەکەی ڕوو بدات، چونکە جگە لە قەیرانی مرۆیی و کۆچبەرانی ئۆکراینا، تاوەکوو ئێستا لێکەوتە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لە سیاسەتی ناوخۆییی ئەو دەوڵەتانەدا بەهۆی بەهێزبوونی ڕاستڕەوە توندڕەوەکانهوه دەبینرێت. بۆیە ئەگەر ئەم جارەیش هەر قەیران و جەنگێکی نوێ لە ناوچەکەدا ڕوو بدات، بە سەدان هەزار کەس دەگەنە دەروازەکانی ئەوروپا و ئەمەیش قەیرانێکی گەورە بۆ ئەوروپییەکان و بەتایبەتی فەڕەنسا دروست دەکات کە تاوەکوو ئێستا مشتومڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە موسڵمانان لەو دەوڵەتە و لێکەوتە ئاسایشی و کەلتووری و ئابوورییەکانی هەر بەردەوامە و، ئەگەری بەهێزبوونی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە ئەوروپا بەگشتی و فەڕەنسا بەتایبەتی بەرز دەکاتەوە، کە تاوەکوو ئێستا تەنیا هاوسەنگییەکی لەرزۆک ڕای گرتوون کە دەست بەسەر هەموو دەوڵەتانی ئەوروپیدا بگرن و هەر قەیرانێکی نوێ دەتوانێت ئەم هاوسەنگییە لەرزۆکە بگۆڕێت. هەر بۆیە دەسەڵاتدارە ئەوروپییەکان و فەڕەنسییەکان بەتوندی دژی بەرفراوانبوونی ئەم جەنگەن. لەم نێوەندەیشدا هەرێمی کوردستان وەکوو ناوچەیەکی ئارام، وەکوو قەڵغانێکی جوگرافی و ئاسایشی بۆ ئەوروپییەکان کار دەکات کە جگە لەوەی چەند ملیۆن کەسی کورد ئاوارە نابن، مانەوە و بەردەوامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ڕێگە لە ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکەیش دەگرێت.
٨- بۆ فەڕەنسا پرسەکانی مافی مرۆڤ و فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان پرسێکی گرنگ و هەستیارە و تەنانەت فەڕەنسا دەیەوێت لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان پەیوەندیی هەبێت؛ هەر بۆیە هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا جێگەی سەرنج و بایەخی ڕۆژاوایییەکانە و فەڕەنساش دەیەوێت ئەم پێگەیە بپارێزرێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لەم بوارەدا لە ئاستی نێودەوڵەتی، هەوڵی داوە کە سیمای کۆمەڵگەیەکی میانڕەو و شارستانی و مۆدێرن لە هەرێمی کوردستان وێنا بکات. بۆ فەڕەنسییەکان ئەم ڕەهەندەی هەرێمی کوردستان هەم گرنگ و هەسیتارە و هەمیش دەتوانێت بەڵگە و پاساوێک بێت بۆ فەڕەنسییەکان بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پاراستنی هەرێمی کوردستان.
- هەرێمی کوردستان:
١- بەهۆی ئەم تەنیایییە ستراتیژییە (strategic loneliness)ی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا، بوونی ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی و سەرووهەرێمیی وەکوو فەڕەنسا، دەتوانێت ئابڵووقە و گەمارۆ جیۆسیاسیەکان بشکێنێت و هەرێمی کوردستان لەم ڕێگەیەوە بتوانێت لە هاوکێشەکاندا ڕۆڵ و پێگەی خۆی بپارێزێت. تەنانەت ئەم پێشوازییە ئاستبەرزە دەتوانێت پەیامێک بێت بۆ ئەکتەرەکانی دیکەی هەرێمایەتی کە هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی تەنیا نییە و پاڵپشتیی نێودەوڵەتیی هەیە لە ئەگەری هەر ململانێ و جەنگێکی چاوەڕوانکراودا.
٢- ئەم جەنگەی حەماس و ئیسرائیل و ئەگەرەکانی، وا دەکات هەرێمی کوردستان لە ململانێ و جەنگە گریمانەکراوەکانی ناوچەکەدا پێویستیی بە ئەکتەرێکی وەکوو فەڕەنسا هەبێت؛ بەتایبەتی کە فەڕەنسا لە پاش دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا تاکە دەوڵەتی “یەکێتیی ئەوروپی”یە کە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش بێت.
٣- عێراق لە ڕووی وەبەرهێنانی دەرەکی و تەکنەلۆژییەوە و، هەروەها پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز، پێویستیی بە فەڕەنسا هەیە و ئەم دەوڵەتە بە بەراورد بە دەوڵەتانی دیکەوە کەمترین دژایەتیی دەکرێت؛ هەر بۆیە فەڕەنسا دەتوانێت لە ئاستی عێراق پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز بکات و پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە و، فەڕەنسا لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەتوانێت بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسا، کاریگەریی لەسەر هاوکێشەکانی بەغدا هەبێت. هەروەها فەڕەنسا بەردەوام ناوبژیوانیی لە نێوان ئێران و ئەمریکا کردووە؛ هەر بۆیە لە کاتی پێویستیش دەتوانێت هەمان ڕۆڵ بۆ هەرێمی کوردستان و بەغدا بگێڕێت.
٤- تاوەکوو ئێستا جەنگی دژی داعش هەر بەردەوامە و هەرێمی کوردستان پێویستیی بە یارمەتییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش هەیە. فەڕەنساش وەکوو ئەکتەرێکی کاریگەر و بەشدار لەم هاوپەیمانێتییە، لە ڕووی سەربازی و ئاسایشییەوە ڕۆڵێکی کارای لە جەنگی دژی داعش و پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
٥- پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا ئاسایی نییە و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێکی نالەباری ئابووری بۆتەوە لە پاش ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ. هەر بۆیە فەڕەنسا چ بۆ بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەکانی عێراق، چ بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی، دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت و هەر بۆیە یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی گفتوگۆی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەڕەنسا ئەم پرسەیە، کە بۆ دووبارە بەهێزبوونەوەی هەرێمی کوردستان ئەولەوییەتی سەرەکی هەیە.
٦- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییانەوە دەتوانێت لە ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان بەغدا و پاریس بەشدار بێت و بەشێک بێت لەو پەیوەندییە بازرگانی و ئابووری و سەربازی و ئاسایشییانە و، ئەمەیش بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە چوارچێوەی عێراقدا زۆر گرنگ و پڕبایەخە.
کۆبەند
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکی هەستیاری ناوچەیی و عێراقی و کوردستانیدا لە پاریس پێشوازیی لێ کرا. ئەمەیش دەری دەخات کە هەرێمی کوردستان پێویستیی بە گەڕ یاخود جووڵەیەکی بەرفراوانی دیپلۆماسی لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی هەیە بۆ خۆپاراستن لە لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکە و، هەروەها دەستەبەرکردنی پشتیوانیی نێودەڵەوتی لە هاوکێشەکانی بەغدا و هەولێر. شکاندنی ئابڵووقە و گەمارۆ جیۆسیاسییەکان بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر تەنیاییی ستراتیژی بۆ ئەکتەرێکی دەوڵەتیی وەکوو ئێران لە ڕێگەی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەکوو حەماس و حزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و ئەنساروڵڵا لە یەمەن و…، دەبێت و بۆ دەربازبوون لە تەنیاییی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان، وای کردووە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەنا بۆ ئەکتەرە دەوڵەتییە سەرووهەرێمایەتییەکان ببات. بۆیە دەتوانین کرۆکی ئەم سەردانە لەم چوارچێوەیەدا پۆلین و خوێندنەوەی بۆ بکەین. هەروەها ئەزموونی ڕابردووی هەرێمی کوردستانیش سەرکەوتنی ئەم سیاسەتەی سەلماندووە.