گەڕان بە دوای دابینکردنی بەرژەوەندییەکان بە ڕێگەی هێزی نەرمەوە
قەرەنی قادری
هەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی وڵاتانی ناوچەکە لە دۆخێکی ئاڵۆزدا دەژین و خەریکی یارییەکی فرەلایەنەن. هاوکێشە دەوڵەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە یاریکەری مەیدانەکەن و بە هەموو توانا و دەرفەتە سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی و ئەمنییەکانیانەوە هەر کامەیان هەوڵ دەدات ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەرژەوەندییەکانیان دابین بکەن، بەڵام ئەوەی لەو نێوەدا خەریکی یارییەکی قورسە، هاوکێشەیەکی نادەوڵەتی (هەرێمی کوردستان)ە و، ئه‌وه‌ی کە تاچەند ده‌توانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی (پاراستن و بەهێزبوونی) خۆی مسۆگەر بکات؛ بۆ ئەوەیش دەبێت بە گەلێک کۆڵان و تەنگەبەراندا دەرباز ببێت. بێ شک لەو یارییەدا هێزی نەرم (دیپلۆماسی)یەکەی هەرێمی کوردستان کە ڕووی ئاخافتنی لە جیهانی دەرەوەی خۆیەتی، دەبێ دەوری سەرەکیی تێدا بگێڕێت.
بۆیە دەڵێن سیاسەتی دەرەوە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ناوخۆ و کۆمەڵێک پێویستی، پرس و بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هاوکێشە (دەوڵەتی و نادەوڵەتی)یەکانە، کە هەوڵ دەدرێت بە ڕێگەی دیپلۆماسی (دانوستان)ەوە تا ئەو شوێنەی کە گونجاوە و، توانایی، لێهاتوویی و هێز بڕ دەکات، دابین بکرێت. سیاسەتی دەرەوە بەشێکی پەیوەندیی بە کاروباری ناوخۆوە هەیە و بەشێکیشی گرێدراوی باردۆخی ناوچە و جیهانە، هەروەها بە ڕێگەی چالاکیی دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوە، دەکرێت داخوازی، بەرژەوەندی و ئەولەوییەتەکانی وڵاتان بناسرێن. هێنری کیسێنجێر لەو بارەیەوە دەڵێت: “سیاسەتی دەرەوە هونەری ناسینی ئەولەوییەتەکانە.” واتە، هونەری ناسین و دابینکردنی بەرژەوەندییەکان پێکەوە مانا دەدەن، دەنا جیا لەوە هەوڵدانێکی بێئاکامە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەردانە ڕەسمییەکەی ڕۆژی ٣-١١-٢٠٢٣ بۆ فەڕەنسا، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، لە دانیشتنەکانیدا ڕێک باسی لە ئەولەوییەتەکان (پرسە ژیانی و هەنووکەیییەکان)ی هەرێمی کوردستان کرد.
سه‌باره‌ت به په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ده‌بێ بڵێین كه؛ پته‌وكردنى هاريكاريى نێوان فه‌ڕه‌نسا و عێراق و هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى عێراق و فه‌ڕه‌نسا، گفتوگۆى هه‌ولێر-به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى سياسى و ئه‌منى و ئابووريى عێراق و دوايين پێشهات و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه، هەروەها هه‌وڵدان بۆ ڕێگرتن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى جەنگ و پاراستنى خه‌ڵكى سڤيل (لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس)دا، هەروەها به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه”، گشتیان باس لە ئەولەوییەت و هاوبەشیی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا دەکەن.
هەروەها له دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سێباستيان لوكۆرنو، وه‌زيرى به‌رگريى فه‌ڕه‌نساش، هەر لەسەر بنەمای “ئەولەوییەت” باس لە پرسە گرینگەکانی دوو لایەن و ناوچەکە کرا و، وەزیری بەرگریی فەڕەنساش ڕاشکاوانە “جه‌ختى له پابه‌ندى و به‌رده‌واميى پشتگيريى سه‌ربازيى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه و ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى بۆ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى عێراق و فه‌ڕه‌نسا له بوارى سه‌ربازى و ئه‌منيدا دووپات كرده‌وه.” ئەم سەردانە ڕەسمییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا، هەوڵدانێکی پێشوەختەیشە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداو و ئەو ئەگەرانەی کە لە داهاتوودا ڕوو دەدەن.
له دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری فەڕەنسا، باس لە سێ تەوەر كراوه: بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان وەکوو (پته‌وكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان له چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى عێراق و فەڕەنسا)، گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، بەرژەوەندیی عێراق وەکوو دۆخى سياسى و ئه‌منى و ئابووريى عێراق، پته‌وكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان له چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى عێراق و فەڕەنسا و پاراستنی ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و لێكگه‌يشتن و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا. لە لایەنی ناوچەیی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)یشەوە، باس لە دوايين پێشهات و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه کرا؛ هەروەها تیشك خرایه سه‌ر هه‌وڵدان بۆ ڕێگرتن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى جەنگ و پاراستنى خه‌ڵكى سڤيل و گه‌يشتنى هاريكاريى مرۆيى به لێقه‌وماوان (لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس)، هەروەها به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش. ئەم سێ تەوەرە هەرێمی کوردستان، عێراق، هەروەها ناوچەکە گشتیان پێکەوە دەچنە خانەی دابینکردنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە.
بەر لەو سەردانە ڕەسمییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەڕەنسا، لە ١-١١-٢٠٢٣دا نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر پێشوازیى له ئالينا ڕۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مريكا له عێراق كرد. لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵێوزی ئەمریکا، باس لە “بره‌ودانى زياتر به په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا له چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتيژیی ئه‌مريكى ـ عێراقيدا کراوە، هەروەها هه‌ردوو لا جه‌ختيان له به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌ش و گرنگيى پاراستنى ئاسايش و سه‌لامه‌تيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و نێرده ديپلۆماسييه‌كان له ته‌واوى عێراق كرده‌وه.’ هەر لەو کۆبوونەوەیەیشدا، کە کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەشدار بوو، دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش باسی لێوە کراوە.
جێی ئاماژەیە دوو خاڵی گرینگ کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها لە فەڕەنسا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە جەختی لێ کردۆته‌وه، بریتی بوون لە “بڕه‌ودانى زياتر به په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا له چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتيژیی ئه‌مريكى ـ عێراق”، هەروەها “بڕه‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پته‌وكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان له چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى عێراق و فەڕەنسا”، کە ئەمەیان هونەری دۆزینەوەی دەرگەیەکی ترە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆڵانی ڕێککەوتنی ستراتیژیی ئەمریکا و فەڕەنسا لەگەڵ عێراق، کە هەرێمی کوردستان چۆن بتوانێت لەو مەیدانەیشدا خۆی ڕێک بخات و یاریی خۆی تێدا بکات؛ هەروەها وه‌بیر بەغدا دێنێتەوە کە پێویستە ڕەچاوی ئەو “دوو ڕێککەوتنە ستراتیژی”یه بکات!
سیاسەتی دەرەوە تەنیا “هونەری ناسینی ئەولەوییەته‌کان” نییە، بەڵکوو بۆ هەرێمی کوردستان “هونەری دابینکردنی بەرژەوەندییەکان”یشە، کە ئەویش دەبێ لە کۆڵانێکی گەلێک بەرتەسک، ئاڵۆز و پڕ لە کێشەی عێراق و ناچەکەدا دەرباز ببێت، کە بەداخەوە ئەوە دەڤەرەیش بە ناکۆکی، جەنگ و ململانێ بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە ئاڵۆزەکان بارگاوی کراوە. بۆیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە ڕەوتێکی ئاڵۆز، جەنگ و قەیرانه‌وه، کە ئاوا زوو کۆتاییی پێ نایەت. له‌به‌ر ئه‌وه لێكنزیکبوونەوە و کاری هاوبەش لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پرسێکی ژیانی و پێویستیی ڕۆژانەی وڵاتە و، یەکەمین کاریش ئەوەیە کە بۆ دابینکردنی بەرژوەندییەکان پێویستە ناکۆکییەکان وەلاوە بنرێن، ئەدەبیاتی سیاسی و ئاڕاستەی قسەکردن بگۆڕدرێت و، دەست بە خاڵی هاوبەشەوە بگیرێ، چونکە پاراستن و بەهێزیی هەرێمی کوردستان ڕێک پەیوەندیی بە خاڵە هاوبەشەکان (بەرژەوەندیی گشتی)یەوە هەیە. بۆیە مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی گشتییش هەر لەو کۆڵانەوە دەرباز دەبێت.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پێناو پاراستن و بەهێزیی هەرێمی کوردستانە. بەڵام دەبێ ئەوەیش بزانین کە بەهێزی و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی دیپلۆماسی (هێزی نەرم)ەوە ئەو کاتە هیوایەک و ڕووناکایییەک دەبەخشێت، کە هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی خۆیدا بەهێز و یەکپارچە بێت، تا هەم هەوڵە دیپلۆماسییەکان ببێته هێزێکی ماددی و بەرهەمیان هەبێت، هەمیش حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش خۆیان له‌م هەوڵانه بكه‌نه خاوه‌ن و، خۆیان بکەن بە بەشێک لە هەوڵەکە، هەروەها تێ بکۆشن کە بەشێکی سەرەکی بن بۆ ئەو یەکپارچەیییەی ناوخۆ؛ چونکە لە نەبوونی یەکپارچەیی و یەکڕیزیدا، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بڕشتیان نابێت و بەرژەوەندییە گشتییەکانیش دابین ناکرێن. بۆیە حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، نابێت وەکوو بینەری یاری یان لایەنی سێیەم چاو لە ڕووداو و هەوڵەکان بکەن، یان ئەوەتا وەکوو ڕۆژنامەنووسێک ڕووداوەکان هەڵسەنگێنن، چونکە لە دۆخە هەستیار، ئاڵۆز و پڕ لە هاوکێشەكاندا، پرسی بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی کوردستان لە گۆڕێدایە.
یەکێک لە میکانیزمە سەرەکییەکانی پاراستن و بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان لە کردەوەدا ئەوەیە، کە کاری پێکەوەیی لەسەر خاڵە هاوبەشەکان (بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی کوردستان) بکرێت، واتە ڕێک لێرەیشدا ناسینی ئەولەوییەتە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان (بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان) دەوری سەرەکی دەگێڕێت بۆ کاری هاوبەش و کۆدەنگی لە هەرێمی کوردستان. پاراستن، بەهێزیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی، لە گرەی یەکڕیزی و تەباییدایە و، شک لەوەیشدا نییە، کە ئەمە پرسی هەمووانە!