نەخشەڕێی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی فەڵەستین و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق
خانەی هزریی کوردستان
دووشەممە (٢٠-١١-٢٠٢٣) بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان – دهۆک، کرد. نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە کۆمەڵێک کێشە و پرسی ناوچە، عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام دوو پرسی سەرەکی لەناو بابەتەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەولەوییەتی سیاسەتی ڕۆژی ناوچە، عێراق هەرێمی کوردستاندا بوون.
هەر لەو پەیوەندییەدا و له چوارچێوهی حوكمی عهقڵ و لۆژیكدا نهخشهڕێی ههرێمی كوردستانی دهربارهی جهنگی ئیسرائیل-حهماس، هەروەها کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانی خستە ڕوو.
یەکەم: تێڕوانین، هەڵوێست و سیاسەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە دۆخى ناوچهكه (جەنگی ئیسرائیل و حەماس)، هەروەها چۆنێتیی مامەڵەکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو دۆخەی ئێستا کە لە ناوچەکەدا لە ئارادایە. دووەم: پرسی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدایە کە دەبێت تا زووە چارەسەر بکرێت، ئەگینا دواخستنی، نەك تەنیا هیچ لە کێشەکە ناگۆڕێت، بەڵکوو قەبارە و کاریگەریی کێشەکە زیاتریش دەکات، تا ئەو ئاستەی ڕۆژێک لەناکاو بتەقێتەوە.
تەوەری یەکەم: پرسی فەڵەستین
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەدروستی ئەوەی خستە ڕوو کە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە بەهۆی پێکەوەبەسترانی، هەڕەشە لە سەقامگیری، ئابووری و ئاسایشی جیهان دەکات؛ ئەمەیش وەک ئاماژەیەک بە جەنگی حەماس-ئیسرائیل و لێکەوتە سنووربەزێن و سەرووهەرێمایەتییەکانی. لێرەدا نێچیرڤان بارزانی هەم هۆشداریی دا لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ بە تێوەگلانی ئەکتەرە هەرێمی و سەرووهەرێمییەکان و، هەمیش بەناڕاستەوخۆ ئەو پەیامەی دایە دەسەڵاتدارانی عێراقی، ئەمریکی، ئەوروپی و…، کە ئەگەر هاوشێوەی ئەمە بۆ کورد ڕوو بدات و، هەر بەم شێوەیە بە چارەسەرنەکراوی بهێڵدرێتەوە یان هەوڵ بدرێت بە جەنگ و توندوتیژی داواکارییەکان کپ بکرێن و مافەکانی کورد پێشێل بکرێن، بە هەمان شێوە دەتوانێت ئاسایش و ئابووری و ئاشتیی نێودەوڵەتی بخاتە مەترسییەوە. بەم پێیە پەیامی نێچیرڤان بارزانی گوزارشتی لە ڕاستییەک کرد، کە چەمکی ئاسایش ڕاستەقینەیە و، پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە کەوتنە مەترسیی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی و جیهانی، دەوڵەتان خۆیان بە بەرپرس بزانن و چارەسەرکردنی کێشەکان وەکوو بەشێک لە بەرژەوەندی و ئاسایشی خۆیان هەژمار بکەن. ڕاستییەکەی، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانیش هەر ئەو سیاسەت و ڕوانگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنن.
نێچیرڤان بارزانی بە هۆشداریدان بە ئەکتەرە ناوخۆیییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەگەری تێوەگلانیان لە جەنگی حەماس-ئیسرائیل، ئەوەی بەئاشکرا و ڕاشکاوانە دەڕبری، کە عێراق و هەرێمی کوردستان زیانمەندی ئەم جەنگە دەبن، ئەگەر تەشەنە بسهنێت. ڕاستییەکەی ئەمەیش وهڵامی داواکاریی توندڕەوەکان بوو بۆ دەستێوەردان و بەرفراوانکردنی ئەم جەنگە بە بیانووی بەرگری لە فەڵەستینییەکان، کە زیاتر ڕوانگەیەکی توندڕەویی ئایینیی بەسەردا زاڵە، کە تەنیا ئەم کێشەیە لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە دەبینن، بەبێ ئەوەی ڕەهەند و لایەنە شاراوەکانی دیکەی پرسەکە هەژمار بکەن؛ لە پاڵ ئەمەیشدا باسکردن له پاراستنی ژیانی كهسانی سڤیل له ههردوو لا، کە نابێت لایهنهكان كهسانی سڤیل بكهنه ئامانج. بۆ ئهم مهبهستهیش بانگهوازی وهستاندنی جهنگهكهی كرد بۆ ئهوهی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل پارێزراو بێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە خستنەڕووی چارهسهرى “دوو دهوڵهت”- وهك له بڕياره نێودهوڵهتييهكاندا هاتووه-، لە لایەک پێداگری لەسەر سیاسەت و میکانیزم و هەڵوێستێکی دروست و یاسایی و دانپیانراوی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستانی خستە ڕوو و، لە لایەکی تریشەوە نێچیرڤان بارزانی پێگەی هەرێمی کوردستانی هاوتەریب لەگەڵ هەموو ئەکتەرە هەرێمایەتییە موسڵمانەکان و وڵاتە ڕۆژاوایییەکان و تەنانەت ڕووسیا و چینیش سەبارەت بەم پرسە، بەرز کردەوە. ئەمەیش هەم هەڵوێستێکی سیاسی و دیپلۆماسییە بە ئاراستەیەکی دروست و، هەمیش وهڵامی لایەنە ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمایەتییەکانە، کە بەردەوام ڕەخنەیان لە هەرێمی کوردستان گرتووە، کە هەڵوێستی ڕوون نەبووە و پشتیوانیی لە فەڵەستین نەکردووە. جێی ئاماژەیە، کە چارهسهركردنی كێشهی فهڵهستین به لهناوبردنی لایهك بۆ لایهكی دیكه نابێت. مێژوو ئهوهمان فێر دهكات كهوا بهكارهێنانی هێز و دهستبردن بۆ كوشتنی یهكتر و داگیركردنی خاكی یهكتر، جگه له قووڵتركردنی كێشهكان هیچ سوودێكیان نهبووه و پێش ناچێت له داهاتوودا هیچ سوودێكی ههبێت. بۆیه باشترین ڕێگهچاره بۆ بنبڕكردنی كێشه و گرفتهكان بریتییه له چارهسهرهی بنیاتنانی “دوو دهوڵهت” و “دوو نهتهوه” به شێوهیهك ڕێز له ئاسایشی ههردوو لا بگیرێت.
ئهمهیش به واتای ئهوه دێت كه له كاتی ههوڵدان بۆ چارهسهركردنی كێشهی فهڵهستین له بری ئهوهی گرفتهكه لهسهر بنهمای بیرۆكهی ئایینی (ئیسلام – جوو) خوێندنهوهی بۆ بكرێت، دهبێ ڕهههنده نهتهوهیی و ناوچهیییهكانی كێشهكه زهقتر بكرێت و، لهسهر ئهم دوو تایبهتمهندییە كێشهكان چارهسهری گونجاویان بۆ بدۆزرێتهوه. ئەم بۆچوونە عەقڵانییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێک پەیوەندیی بەو چارەسەر میانڕەوانەی نێونەوهییشەوە هەیە، کە هەر ئێستا خەریکە لە جیهاندا زیندوو دەکرێتەوە و دەبێتە چارەسەر و گوتاری زاڵ، كه ئەویش بریتییه له چارەسەری دوو دەوڵەت و دوو نەتەوە (ئیسرائیل و فەڵەستین).
لێرەیشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە دەڕبرینێکی دیپلۆماسی و نەرم بەڵام ڕاشکاوانە، هۆشدارییشی دایە ئیسرائیل، ئەمریکا و ئەوروپییەکان، کە ئەگەر کێشەی فەڵەستینییەکان لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت چارەسەر نەکەن، ئەگەری دووبارە و چەندبارەبوونەوەی کارەساتی ٧-١٠-٢٠٢٣ لە ئارادایە. ئەم دەڕبرین و ڕوانگەیە، لەسەر بنەمای ڕیالیستبوون و ئەزموونی مێژوویی بنیات نراوە. لە هەمان کاتیشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناڕاستەوخۆ هۆشداریی دایە ئەکتەرە هەرێمی و سەرووهەرێمییەکان، کە ئەگەر پرسی کوردیش بەئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی لە چوارچێوەی یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکاندا چارەسەر نەکرێت، ئەوە مێژوو دووبارە دەبێتەوە.
بە شێوەیەکی گشتی سەرۆکی هەرێمی کورستان دەرفەتەکەی قۆستهوه و، هەم هەڵوێست و سیاسەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە جەنگی حەماس و ئیسرائیل خستە ڕوو و، هەمیش پەیامی هەرێمی کوردستانی گەیاندە بەرپرسە نێودەوەڵەتییەکان؛ جگە لەمانەیش وهڵامی لایەنە توندڕەو و میلیشیا و ڕەخنە ناوخۆیییەکانی عێراقی دایەوە.
تەوەری دووەم: پرسی عێراق و هەرێمی کوردستان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرس و کێشەکانی عێراق بەگشتی، هەروەها ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئەو ڕوانگەیەی خستە ڕوو، کە ئەو ناسەقامگیری و نائارامی و ململانێیانە پەیوەندییان بە دوو بواری پێکەوەگرێدراوەوە هەیە، کە لە پاش ساڵی ٢٠٠٣وە پشگوێ خراون و جێبەجێ نەکراون: جێبهجێنهكردنى سيستهمى فيدراڵى و، پابهندنەبوون به دهستووری عێراقهوه. هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، نەخشەڕێی چارەسەرییەکانی بۆ پەرەسەندنی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی عێراقی، گەڕاندەوە بۆ ڕۆحی دەستوور، کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە و، وەکوو چارەسەرێکی ڕیشەیی خستە ڕوو و، بنهماكانى “هاوبهشى، سازان و هاوسهنگى”یشی بۆ ناوەڕۆکی دەستوور گەڕاندەوە. نێچیرڤان بارزانی بەم نەخشەڕێیە ویستی لە لایەک نەخۆشییە سیاسییەکانی ئێستای عێراق دەستنیشان بکات و، لە لایەکی تریشەوە دەرمان و چارەسەرییەکانیشی خستە ڕوو و، داوایشی کرد کە لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەم نەخشەڕێیە کار بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو بنەما بنچینەیییانەی عێراقی نوێ.
وەک چۆن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە پرسی فەڵەستین هۆشداریی دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە جەنگ و توندوتیژی، نەک تەنیا کێشەکان چارەسەر ناکات بەڵکوو ئاڵۆزتری دەکات و کاریگەریی لەسەر ئاشتی و ئاسایش و بەرژەوەندیی هەموو ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان دەبێت، بە هەمان شێوەیەیش هۆشداریی دایە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کە پەنا نەبەنە بەر پێوەر و لۆژیکی هێز.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان – دهۆک (٢٠-١١-٢٠٢٣)
لێرەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ویستی پەیامێک بە حکوومەتی بەغدا و لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگهی نێودەوڵهتییش بدات، کە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش ئەگەر هەر دوا بخرێن و چارەسەر نەکرێن، ڕۆژێک دێت بتەقنەوە؛ کە ئەوکات هەموومان باجەکەی دەدەین. بە واتایەکی تر، عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت وانەیەک لە جەنگی غەززە وەربگرن و چیتر کێشەکان دوا نەخەن، چونکە “ئاسایشی هەموومان پێکەوە بەندە”، کێشەی هەرێمی کوردستان و بەغداش وەک ئەوەی غەززە، دابڕاو نییە لە ئاسایشی هەرێمی و نێودهوڵەتی؛ بە هەمان شێوە ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی عێراق و ناوچەکە، بەتایبەت کە کێشەی کوردیش وەک پرسی فەڵەستین ڕەهەندێکی مێژوویی و هەرێمیی قووڵی هەیە.
بەڵام ئەوەی دەکرێت بکرێتە ستراتیژیی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە خۆی بەدوور بگرێت لە هێنانی کێشەکانی ناوچەکە بۆ ناوماڵی خۆی. بۆیە ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە ئەوەیە، کە “نەبێتە گۆڕەپانی ململانێکان، بەڵکوو بەشێک بێت لە چارەسەر”. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو پەیامەی بۆ عێراقیش بوو کە هەوڵ بدات بە دوای چارەسەردا بگەڕێت نەک درێژکردنەوەی کێشەکان، چونکە ستراتیژیی درێژکردنەوە و فراوانکردن و چالاککردنی ململانێکان وا دەکات هەموو لایەک بەشێک بن لە خۆشکردنی ئاگری جهنگ، ئینجا بە ویستی خۆمان بێت یان بە ویستی ئەوانی تر.
خاڵێكی دیكهی گرنگ كه له وتارهكهی سهرۆكی ههرێمی ئاماژهی پێ كراوه، جهختكردنه لهسهر سهقامگیریی عێراق؛ واتە نابێت سهقامگیریی عێراق له پێناو لایهنه دهرهكییهكان تێك بدرێت و سهرۆكی ههرێمی كوردستان ڕاستهوخۆ تیشكی خسته سهر ئهوهی، كهوا “ئێستا كاتی ئهوهیه عێراق ببێته گۆڕهپانی چارهسهركردنی كێشهكانی خهڵكی عێراق، نهك گۆڕهپانی درێژكردنهوهی شهڕ و ئاڵۆزییهكان له ناوچهكهدا.” ئهم تێبینییهی سهرۆكی ههرێمی کوردستان زۆر له جێی خۆیدا بوو، چونكه عێراق به درێژاییی مێژوو بۆته گۆڕهپانی تهسفییهكردنی حسابات و ململانێ دهرهكییهكان؛ كه ئهمهیش كاریگهریی زۆر خراپی كردۆته سهر خهڵكی عێراق. بۆیە ڕای گەیاند: ئهگهر دهتانهوێ عێراق سهقامگیر بێت، ئهوه كلیلی سهقامگیریی عێراق چارهسهركردنی كێشهكانی ههرێمی كوردستانه، ههروهها نهخشهڕیی چارهسهری ئهم كێشانهیش بهڕوونی له دهستووردا هاتووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پێداگری لەسەر فرەییی عێراق، نەخشەڕێی بەهێزبوونی عێراقیشی هەر بەستەوە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ڕێزگرتن و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان بەیەکسانی و پشتگوێنەخستنیان. ئەمەیش هەم بە ئەزموونی گەلان سەلمێنراوە و هەمیش ئەزموونی عێراق نیشاندەری ئەم ڕاستییەیە؛ بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی ئەو پێکهاتانەی لە دەسەڵات وەکوو مەرجی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری دەستنیشان کرد و ڕاستییەکەیشی هەر بەم شێوەیە، چونکە نابێت کە لە عێراقدا تەنیا پێکهاتە، ڕوانگە و گرووپێکی دیاریکراو وەکوو ڕابردوو دەسەڵاتیان هەبێت و پێکهاتەکانی دیکە بکەونە پەراوێزەوە.
جیاوازینهكردن له نێوان پێكهاتهكانی عێراق، زۆر گرنگه بۆ بنیاتنانی وڵاتێكی سهقامگیر و بێكێشه و، جهختكردن لهسهر پێكهوەژیانی ئاشتییانه یەکێک لە گرینگییەکانی تری وتارهكهی سهرۆكی ههرێمی کوردستان بوو، كه یارمهتیدهر دهبن بۆ چارهسهركردنی كێشهكانی عێراق؛ واتە بهشداریپێكردنی سهرجهم پێكهاتهكان له پرۆسهی دهركردنی بڕیاری سیاسی له عێراق. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەوردی كليلى سهقامگيريى عێراقی بەستەوە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ههرێمى كوردستان لهگهڵ حكوومهتى عێراق. واتە ناوەڕۆکی پەیامەکە ئەوەیە، کە ئێوە تەنیا خاوەنی عێراق نین، بەڵکوو دەبێ حوکمڕانی لەسەر بنەمای هاوبهشى، سازان و هاوسهنگى بێت.
نێچیرڤان بارزانی چەند جارێک لە پاڵ نەخشەڕێی چارەسەری ناکۆکی و کێشەکانی عێراق، کلیلی ئەم هاوکێشەیەیش دەبەستێتەوە بە “ئیرادە”ی لایەنە سیاسییەکانهوه و ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە تەنیا بە ئیرادەیەکی بەهێز دەتوانرێت ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن. بۆیە پێداگری لەسەر دانوستان و گفتوگۆی بەردەوام دەکاتەوە بۆ چارەسەری کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن و، بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی هەموو پرسەکانی دیکەوە دادەنێت؛ کە ئەمەیش دەڕبری ڕوانگەیەکی دەوڵەتمەداری، هەروەها ڕیالیستیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و بەناڕاستەوخۆ ئەو پەیامەیشی گەیاندە ئەو لایەنانەی کە بەپێچەوانە ڕەفتار و سیاسەت دەکەن، کە خەمی نیشتمانیان نییە و، بەرژەوەندیی خۆیان لە سەروو بەرژەوەندیی باڵای وڵات داناوە.
ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەبەستی بوو ئەوە بوو، کە دەبێت لەم دۆخە ناهەموارەی کە ناوچەکە پێیدا تێ دەپەڕێت، پردی متمانەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەهێز بکرێتەوە، چونکە بە پشتبەستن بە ئەمری واقع و یاسای هێز، پرسەکان چارەسەر نابن (وەک ئەوەی ئێستا حکوومەتی فیدڕاڵ پەیڕەوی دەکات)، بەڵکوو تەنیا دوا دەکەون؛ دواخستنی کێشەکانیش هەمیشە دەرەنجامی مەترسیداری وەک دۆخی غەززەی لێ دەکەوێتەوە، کە دواتر لەدەست دەردەچێت و چارەسەری ئەستەم دەبێت. لە لایەکی تریشەوە لە ئێستادا هێزە بچووکەکانیش دەتوانن ببنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە. جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەری خست، کە قەبارە و توانای سەربازی و لۆجستی، تەنیا پێوەر نین بۆ هێزی لایەنێک، بەڵکوو بێهێزەکانیش دەتوانن سەرئێشەی زۆر بۆ دەوڵەت، سیاسەتی هەرێمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بکەن. گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتئەستور بوو بە دیپلۆماسییەتی دانبەخۆگرتن و گەڕان بە دوای چارەسەر، نەک ئاڵۆزکردن و فراوانکردنی کێشەکان. عێراق و هەرێمی کوردستان بەشی خۆیان کێشەیان هەیە؛ دەبێت لەم دۆخە سەختەدا زیاتر بە دوای دەرفەتی ئاشتی و بنیاتنانی متمانەدا بگەڕێن، نەک پێچەوانەکەی.
نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش هەمان ئاراستەی هەیە و داوای تهبايى و یەکڕیزی و لێكتێگهیشتن و سازانی لایەنە سیاسییەکان، بە ڕێزگرتن لە فرەییی سیاسی، کەلتووری، ئایینی، ئایینزایی و، بەم پێیەیش ڕێزگرتن و بەشداریی هەموو پێکهاتەکان دەکات و، ئەمەیش دەری دەخات کە نێچیرڤان بارزانی ئەوەی سەبارەت بە پرسە نێودەوڵەتییەکان وەکوو دۆزی ڕەوای فەڵەستینییەکان بڕوای پێی هەیە، بە هەمان شێوە بۆ عێراق و پاشان ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بە ڕەوای دەزانێت و بڕوای پێی هەیە.