1

کۆماری ئیسلامیی ئێران و جەنگی حەماس- ئیسرائیل

د. پەرویز ڕەحیم قادر/ دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای زانکۆ

جگە لە شرۆڤە و ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییە ڕۆژنامەوانییەکان، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەکی فەرمی و یەکلاکەرەوە ڕاستەوخۆ ئاماژە بە بەشداری و ڕۆڵی ئێران لە هێرشی ٧-١٠-٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ناکات، بەڵام ئاڵۆزیی ئەو هێرشەی حەماس کە بە ئاستێکی بەرزی ڕاهێنان، بەکارهێنانی چەک و تەکنەلۆژیا، هەواڵگری، هەماهەنگی و نهێنیپارێزی و فریودان ئەنجام دراوە، وای کردووە زۆر کەس گریمانە بکەن کە ئێران ڕۆڵی سەرەکیی لە پشتیوانی و پڕچەککردن و ڕاهێنانیان هەبووە. لە ڕاستیدا ئێران لەمێژە هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات؛ ئەم بارگرژییانە دەرفەتێکە بۆ نیشاندانی هێز و توانای ئێران و لایەنگرانی. ئەمەیش لە ڕووی بەرزکردنەوەی ورەی لایەنگرانی لە ناوچەکەدا و، هەروەها لەنێو جیهانی ئیسلام یارمەتیی چەسپاندنی بانگەشە و ئایدیۆلۆژیا و سیاسەتی ناوچەییی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئێران دەخوازێت و ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە کە، ململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەهەندی ئیسلامی-ئیسرائیلی وەربگرێت کە خۆی بانگەشەی دەکات و خۆی ڕێبەرایەتییەکەیشی بگرێتە ئەستۆ.

لەم ڕێگەیشەوە ئێران قووڵاییی ستراتیژیی خۆی لە ناوچەکە له‌ چوارچێوەی “هیلالی شیعی”دا بۆ پاراستنی نفووز و ئاسایشی خۆی و دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان لە سنوورەکانی دەستەبەر دەکات. لێرەدا ئێران هەوڵ دەدات کە ئامانجە جیۆسیاسییەکانی لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیا فارسی-شیعییەکه‌ی لە دووتوێی ململانێی ئیسلامی-ئیسرائیلی بشارێتەوە. بەم پێیەیش، جگە لە لاوازکردنی ئیسرائیل، وڵاتانی عەرەبییش به‌ لاواز و بێکاریگەر و پاشکۆ دەربخات. هەروەها ئێران و حەماس بە هەڵسەنگاندنی هەڵە بۆ دۆخەکە، پێشبینییان دەکرد بەهۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، ئەوە ئەمریکا هیچ کات ڕێگە نادات کە لە چەند کاردانەوەیەکی بچووکی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، جەنگەکە زیاتر درێژە بکێشێت و تەنانەت ئەمریکا خۆی هێزی سەربازی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگر ڕەوانەی ناوچەکە بکات. هەر بۆیە ئێران ئامانجی ئەوە بوو کە جگە لە بەبنبەستگەیاندنی پرۆژەی ئاشتیی ئیبراهیم، ئیمتیاز لە ئەمریکا و تەنانەت ڕووسیاش وەربگرێت.

  • دەرفەتی جەنگی حەماس-ئیسرائیل بۆ ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێککەوتن و ئاساییبوونەوەی پەیوه‌ندیی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل وەکوو “ڕێکكەوتنی ئاشتیی ئیبراهیم”، هەست بە مەترسی و پەراوێزکەوتن دەکات. ئەم جەنگە دەرفەتێکە کە وڵاتانی عەرەبی ناچار بکات هەڵوێست لە دژی ئیسرائیل وەربگرن و ڕێگە بە خۆیان نەدەن لە ترسی کاردانەوەی ڕای گشتییان باس لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بکەن و، ئەو پرۆسەیە گشتگیر بکەن. بۆیه‌ ئەم خاڵە زۆر بۆ ئێران جەوهەرییە کە ڕای گشتیی وڵاتانی عەرەبی لە دژی دەسەڵاتدارانیان سەبارەت بەم ڕێککەوتن و پرسە بجووڵێنێت. بەم پێیە ئەم جەنگە هەوڵ و دەرفەتێکە بۆ ئێران بۆ شکستپێهێنان و تێکدانی ئەو هەواڵبەندی یان بلۆکە نوێیەی کە لە ناوچەکەدا لە دژی ئێران دروست بووە. دانوستانەکانی سعوودیا و ئیسرائیل و ئەمریکا لە پێش هێرشی ٧-١٠-٢٠٢٣، ئێران و لایەنگرانی گەیاندە ئەو بڕوایەی، کە خەریکە دۆخەکە لەدەست دەردەچێت و ئێران و لایەنگرانی بەتەواوی لە هاوکێشەکانی ناوچەکە پەراوێز دەخرێن و پاشان ڕۆڵیان لاواز و بێکاریگەر دەبێت لە بەرامبەر جەمسەرێکی بەهێزی عەرەبی-جوو کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و تەنانەت ڕووسیا و چینیش پەیوەندییەکی ستراتیژییان لەگەڵ هەردوو بەرەدا هەیە.

بە شێوەیەکی گشتی، ئێران لە ستراتیژیی نوێی بەرگری خۆی بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ جیۆسیاسییەکان، هەروەها لە دۆکترینی سەربازی و ئاسایشی خۆی، کەڵک لە “ستراتیژیی بەرگریی ده‌سپێشخه‌رانه‌” (Preemptive Defense Strategy) و “دوکتورینی جەنگی ناهاوسەنگ”Asymmetric War Doctrine) وەردەگرێت. ئێران بە گرتنەبەری ئەم ستراتیژە هەوڵ دەدات بەرەی جەنگ لە سنوورەکانی خۆی دوور بخاتەوە و لە دوورەوە ئامرازەکانی ڕێگری و گەمارۆدان لە دژی ئیسرائیل بەکار بهێنێت. لەم چوارچێوەیەیشدا، ئامانجی سەرەکیی ئێران ئەوە بوو کە لە ڕێگەی حەماسەوە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خۆی- کە لەم ماوەیەدا چڕتر بوونەوە-سنووردار یان پووچەڵ بکاتەوە؛ بەم واتایە کە ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئێرانی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا قبووڵ ناکات و، لەوانەیە ڕاستەوخۆ هێرشی سەبازی بکاتە سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئەمەیش ئێرانی نیگەران کردووە کە ببێتە هۆی وێرانکردنی ئەو دامەزراوانە؛ وەکوو ئەوەی لە سووریا و عێراق کە ئیسرائیل لە ڕابردوودا هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان و لەناوی بردن. هەروەها ئێران لەم ڕێگەیەوە ئەو پەیامە بە ئیسرائیل دەدات کە ئەگەر ئیسرائیل ئەم چەشنە هێرشە لە دژی ئێرانیش ئەنجام بدات، ئەوە ئێران دەتوانێت لەناو خاکی خودی ئیسرائیل وه‌ڵامی بداتەوە؛ ئەمەیش بە مەبەستی پاشگەزکردنەوەی ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوو ئێران ڕووبەڕووی چەندان هێرشی سایبەریی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی (بەتایبەت دوایینیان لە نەتەنز و ئەسفەهان)، هەروەها تێکدان و تەنانەت کوشتنی زانا ئەتۆمی و مووشەکییەکانی (بەتایبەت فەخریزادە) بۆتەوە، کە لە هەموویاندا ئیسرائیل بە تۆمه‌تبار زانراوە وەکوو هەوڵێک بۆ وەپاشخستنی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و وەکوو سیاسەت و ستراتیژیی بەرگریی دەسپێشخەرانە لەلایەن ئیسرائیلەوە؛ هەرچەندە ئیسرائیل بەدەگمەن به‌رپرسیارێتیی ئەم هێرشانەی گرتۆتە ئەستۆ. هەروەها لەم ساڵانەدا لە سووریا بە سەدان هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر کۆگا‌ و  دامەزراوە مووشەکی و بنکە سەربازییەکانی ئێران و لایەنگرانی و، تەنانەت کوشتنی سەدان ئەندام و فەرماندەی پلەبەرزی سوپای قودسی ئێران لە سووریا، کە لە هەموویاندا  ئیسرائیل تۆمەتبار کراوە. بۆیە ئەم هێرشانە وەکوو وه‌ڵام و تۆڵەکردنەوەیەک دێت بۆ ئیسرائیل، هەروەها هەوڵێکیش بۆ کەمکردنەوەی ئەم هێرش و گوشارە سەربازییانه‌. لە لایەکی تریشەوە، ئێران لە بەرامبەر وه‌ڵامنەدانەوەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر دەبووەوە و زۆر بە لاواز دەردەکەوت و، ئەمەیش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر لایەنگرانی ناوچەیی و تەنانەت ڕای گشتیی ناوخۆیی لە ئێران کردبوو و ئەم هێرشانە وەکوو نمایشێکی توانای مووشەکی و هێرشبەرانەی ئێران بۆ سه‌ر خاکی ئیسرائیل، وەکوو دەرفەت و وه‌ڵامێک وایە بۆ ئەو لاوازی و ڕەخنانە.

لە ماوەی ڕابردوودا و بەهۆی کوشتنی “قاسم سولەیمانی”یەوە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە  و پێگەی سولەیمانی لەناو هێزە لایەنگرەکانی ئێران، گەورەترین گورزی سەربازی و بەم پێیەیش ستراتیژی، وەبەر ئێران کەوت. سەرەڕای هێرشی مووشەکیی ڕۆژی 8/1/2020 لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، کە چەند مووشەکێکی گرتە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و شارۆچکەی هەریر، ئێران بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە بکەرانی ئەم هێرشە بۆ سەر گەورەترین فەرماندەی سەربازیی خۆی کردووە. لە لایەکی تریشەوە، لە ڕێکەوتی (٨-٥-٢٠٢١) بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لە ماڵپەڕی “یاهوو نیوز” کە وردەکاریی کوشتنی سولەیمانی، هەروەها ڕۆڵی ئیسرائیل لەو هێرشەدا، ئێران دووبارە پرسی تۆڵەکردنەوەی بەرز کردەوە. بۆیە ئەوە باشترین دەرفەت بوو بۆ ئێران کە لە داهاتوودا ڕای بگەیه‌نێت، کە لەم ڕێگەیەوە تۆڵەی خۆی لەناو خاکی ئیسرائیلدا کردۆته‌وه‌.

ئێران ترسی لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی هەیە بەهۆی هەر هێرشێکی ئیسرائیلییەکانەوە بۆ سەر بنکە و دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی؛ بۆیە ئەمە دەرفەتێکە کە پەیام بە ئیسرائیل بدات کە جگە لە هێرشی مووشەکی، دەتوانێت بەهۆی ئەو هێرشانەوە ململانێ و ناکۆکیی عەرەب و ئیسرائیلیش بقۆزێتەوە و جەنگێکی ناوخۆیی بەهۆی پێکدادان لە نێوان عەرەب و جووەکان -وەک لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە چەند شارێکی ئیسرائلی بینیمان- دروست بکات. 

ئەم هێرشانەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و خۆبەخاوەنکردنی کێشەکانی ئەو بەشەی فەڵەستین کە لەژێر کۆنترۆڵی “بزووتنەوەی فەتح”دایە، بەشێک بوو لە وەرگرتنی ڕەوایەتی و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن لە داهاتوو و گرتنەوەدەستی دەسەڵات لەو بەشانە کە بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ فەتح لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لەژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی حەماسدا نین. لەم ڕوانگەیەوە، ئەمە دەرفەت بوو بۆ حەماس، بۆ ئەوەی جارێکی تر ببێتەوە بە دەسەڵاتداری یەکەمی فەڵەستین، بەتایبەتی پاش ئەو گۆڕانکارییە نەرێنییانە کە لە پاش هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ لە زیانی فەڵەستینییەکان و قازانجی ئیسرائیل دروست بوو. حەماس بەردەوام بزووتنەوەی فەتح بە بەرپرسیار دەزانێت. لێرەیشدا كۆماری ئیسلامیی ئێران هاودەنگە لەگەڵ حەماس و، دەسەڵاتی فەڵەستینی لە هەمبەر مافەکانی فەڵەستینییەکان بە گەندەڵ و سازشکار دەزانێت. بۆیە زۆر بە قازانجی ئێرانە کە بزووتنەوەیەکی توندڕەو بێتە سەرکار کە تاوەکوو ئێستا دەوڵەتی ئیسرائیل بەفەرمی ناناسێت. بەڵام کاردانەوەی توندی ئیسرائیل و ئەمریکا لە بەرامبەر کردەوەی سەربازی و تاوانەکانی حەماس لە بەرامبەر خەڵکی سڤیل لە ٧-١٠-٢٠٢٣، ئەم لێکدانەوەیەی پووچەڵ کردەوە، چونکە پێ دەچێت چیتر حەماس نەتوانێت وەکوو لایەنێکی سیاسیی دانپێدانراو و شەرعی، هەروەها داکۆکیکار لە فەڵەستینییەکان لە هەڵبژاردن و دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان ڕۆڵ ببینێت. بە واتایەکی دیکە، سیاسەتی سەربازی و میدیایی و تەنانەت سیاسیی ئیسرائیل ئەوەیە کە لە پاش ئەم هێرشە چیتر وڵاتانی عەرەبی یارمەتیی حەماس نەدەن، هەروەها لە ئاستی ناوخۆییش عەرەبە فەڵەستینییەکان حەماس بە هۆکاری وێرانکاریی غەززە و کوژرانی فەڵەستینییەکان و ئاوارەبوونیان بزانن.

ئەم هێرشانەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕاستیدا پەیامێکی ئێرانە بۆ ئەمریکا کە توانای تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و هەڕەشە لە نزیکترین هاوپەیمانی ئەو وڵاتەی هەیە؛ بەو واتایەی کە ئەگەر ئەمریکا نەگەڕێتەوە ناو ڕێکكەوتنی ئەتۆمی و بەم پێیەیش گەمارۆ و سزا و ئابڵووقە توندەکانی سەر ئێران لا نەبات، ئەوە کۆماری ئیسلامی دەتوانێت لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانییەوە هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندی و هاوپەیمانانی ئەمریکا. ئەم ستراتیژییە سەربازییە بۆ ئێران وەکوو سیاسەتێکی ئاساییی لێ هاتووە و تەنانەت ئێران تۆمەتبار دەکرێت کە هەموو ئامراز و میکانیزمە نائاسایی و تەنانەت نایاسایی و ناسیاسییەکان بۆ ناچارکردنی وڵاتان بۆ ئامانجەکانی بەکار دێنێت. بۆ نموونە بەبارمتەگرتنی کەسانی خاوەن ڕەگەزنامەی بیانی لە ئێران لە بەرامبەر پێدانی پارەی کاش، هەروەها گۆڕینەوەیان لەگەڵ ئەو ئێرانییانەی کە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئێران و شکاندنی گەمارۆکان و گواستنەوەی کەلوپەلی قەدەغەکراو و تەنانەت تیرۆر و سیخوڕیکردن بۆ ئێران، لە بەندیخانەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپیدان. لە ڕابردوویشدا ئەمە چەندان جار ڕووی داوە و تەنانەت ئێران گرووپە چەکدار و توندڕەوە فەڵەستینی و لوبنانییەکانی بۆ ئەم کارە و گۆڕینەوەی بارمتە و دیلەکان و تەنانەت ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی یاخود هەڵگرتن و کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر خۆی بەکار هێناوە. هەر بۆیە لە ناوخۆی ئەو وڵاتانە و لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤ، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی تۆمەتبار کراون بە لاوازی لە بەرامبەر ئێران و تەنانەت چاوپۆشی و ڕازیبوون بەم سیاسەتەی ئێران. حەماسیش هەر ئەم سیاسەتەی، لە دژی ئیسرائیل بۆ پاراستنی خۆی و پووچەڵکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بەکار هێنا.

هەڕەشەکان بۆ ئێران

بەپێچەوانەی بانگەشەکانی ڕێبەر و بەرپرسە باڵا سەربازی و سیاسییەکانی ئێران و لایەنگرانیان لە ناوچەکەدا، یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ ئێران بەرفرانبوونی جەنگه‌ لە ئاستی هەرێمایەتیدا، چونکە داواکاری و ڕاگەیاندنی ڕەخنەئامێزی حەماس لە پاش هێرش و کاردانەوەی توندی سەربازیی ئیسرائیل لە لایەک و هەڵوێستی ڕێبەری باڵا و فەرمیی ئێران لە لایەکی ترەوە، دەری خست کە ئێران بە هیچ شێوەیەک نایەوێت ئەم جەنگە چ لە ڕووی زەمەنییەوە و چ لە ڕووی مەودای جوگرافییەوە لە سنووری غەززە و ئیسرائیل دەربچێت. هۆکاری ئەمەیش بۆ خاڵێکی جەوهەری دەگەڕێتەوە کە ئەویش پەیوەندیی بە لێکدانەوەی هەڵەی ئێرانییەکان و حەماسەوە هەیە؛ بەم واتایەی کە، هەم حەماس و هەمیش پلانداڕێژەرە سەربازییەکانی ئێران، لە لایەک چاوەڕوانی دەسکەوت و سەرکەوتنێکی لەم شێوەیەیان نەدەکرد و لە لایەکی تریشەوە چاوەڕێی ئەم هەڵوێست و کاردانەوە هەمەلایەنە و تونده‌ی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژاوایان (سەرەڕای ڕەخنەیەکی ڕووکەشیانە) نەدەکرد.

ڕاستییه‌كه‌ی، ئەمەیش لە لایەک پەیوەندیی بە خودی سوپای ئیسرائیل و دەزگه‌ هەواڵگرییەکانەوە هەبوو لە ڕووی ئەزموونکردنی ئەم شکستەوە و، لە لایەکی تریشەوە پەیوەندیی بە ئاست و ڕێژەی توندوتیژیی حەماس لە هەمبەر خەڵکی سڤیل و هاووڵاتیانی ئیسرائیلەوە هەبوو کە چاوەڕواننەکراو بوو. بەم پێیە، بەرفراوانبوونی بەرەی جەنگ بە واتای تێوەگلان و بەشداریی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دێت لە جەنگەکەدا، چونکە ئەوەی کە هێزە پرۆکسییەکانی ئێران ڕەچاویان نەکردووە، ئەوەیە کە هەر هێرشێکی ئەو هێزانە بۆ سەر ئەمریکا، دەتوانێت جگە لە کاردانەوەی توندی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی بنکە و دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران، ببێتە هۆکاری تێوەگلانی ئەندامانی دیکەی ناتۆ لە چوارچێوەی ماددەی پێنجی هاوپەیمانێتییەکە کە هەموو ئەندامان پابەند دەکات کە بچنە ناو ئەو جەنگەوە.

ئەمە جگە لەوەی کە ستراتیژیی ئێران لە بواری جەنگی پرۆکسییەکان لە زۆنی خۆڵەمێشی (Grey-zone) کە ئێران لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گرتوویەتییە بەر، تەنیا لە ناوچەی خۆڵەمێشی کار دەکات و تا ئەو ئاستە کاریگەرە كه‌ نەگاتە  ئاستی پێکدادانی ڕاستەوخۆ و بەزاندنی هێڵه‌ سوورەکان؛ لە کاتێکدا ئەم جارە و لەم هێرشەدا هێڵی سوور بەزێندرا. بۆیە هەر زوو بەڕاشکاوی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەوروپییەکانیشەوە، هۆشدارییەکان درایە ئێران کە بەشداری لەم جەنگەدا نەکات. بۆیە بەرفراوانبوونی جەنگ، دوایین ستراتیژیی ئێرانە و هیچ گەرەنتییەک نییە کە تیایدا سەرکەوتوو بێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەوەی کە لە ئێستادا بۆ ئێران هەڕەشەیەکی جددییە جگە لە فراوانبوونی بەرەی جەنگ، ئەوەیە کە ئیسرائیل ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ وەرگرتنی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ڕاماڵین و لەناوبردن یان بەکاریگەرکردنی یەکێک لە گرنگترین هێزە پرۆکسییەکانی ئێران کە ئەویش حەماسە. ئێران کەوتۆتە دۆخێکی پارادۆکسیکاڵەوە؛ لە لایەک ئەگەر بەشداریی جه‌نگەکە بکات یان بەرەیەکی دیکە لە دژی ئیسرائیل بۆ نموونە لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە بکاتەوە، ئەوە خۆی ڕاستەوخۆ دەکرێتە ئامانج و تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەویش لەدەست بدات. لە لایەکی تریشەوە، ئەگەر ئێران بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان یاخود مانەوەی حەماس هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت، ئەوەتا حەماس لەدەست دەدات و، بەم پێیەیش ئێران لە قۆناغی داهاتوودا بەتەواوی لە بەرامبەر ئیسرائیل و هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی و تەنانەت لە هاوکێشە هەرێمایەتییەکاندا پێگەی لەرزۆک دەبێت و، هەمیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر هێزە پرۆکسییەکانی لایەنگری ئێران دادەنێت کە چیتر متمانەی تەواویان بە ئێران نەمێنێت و نەچنە ناو جەنگێکی دیکەوە لەگەڵ ئیسرائیل یان ئەمریکاوە. ئەم خاڵەی دوایی زۆر جێگەی نیگەرانیی ئێرانە و دەتوانین بڵێین بە جۆرێک سیناریۆکانی دهاتووی ئەم جەنگەیش دیاری دەکات و کاریگەریی لەسەر نەزمی هەرێمایەتی یاخود هاوکێشەکانی داهاتوو لە ناوچەکەدا دەبێت.

جگە لەمانەیش، هەرچەندە حەماس دەسکەوتی کاتیی هەبووە، بەڵام بۆ ئێران مەترسیی گەورە ئەوەیە کە حماس لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە بەهێز نەبووە، بەڵکوو ئەگەری سڕینەوەی لە هاوکێشەکانی داهاتووی نێوان فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان و تەنانەت بێکاریگەرکردنی لە ڕووی سەربازییەوە هەیە. ئەمەیش ئێران دەخاتە دەرەوەی هاوکێشەی فەڵەستین و ئیسرائیییەکان و، لە بەرژەوەندیی دەوڵەتانی عەرەبی دەشکێتەوە كه‌ ئامانجی ئەم هێرشانە بەپێچەوانەی ئەم لێکەوتە و دەرەنجامە چاوەڕوانکراوە بوو، چونکە ئەو کاتە سعوودیا بەهۆی سیاسەتە نوێیەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە، هەروەها لە ئاستی سەرووهەرێمی لەگەڵ چین و ئەمریکا و تەنانەت خودی ئێران، دەبێتە هێزێکی هەرێمایەتیی یەکلاکەرەوە لە هاوکێشەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل و، تەنانەت ئەوە سەر دەکێشێت بۆ هاوکێشە ناوخۆیییەکانی لوبنیانش بەهۆی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە.

لەم چوارچێوەیەدا، ڕەهەندێکی دیکەی مەترسییەکان بۆ سەر ئێران ئەوەیە کە ئەم هێرشە نەک هەر نەتیوانی کۆتایی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بهێنێت، کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشە بووە، بەڵکوو لەوانەیە پاش ماوەیەک لە هەڵپەساردن، سعوودیا و تەنانەت ئیسرائیل و ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەیش زیاتر هان بدات کە ئەو پەیوەندییانە ئاسایی بکەنەوە و گەرەنتیی ئاسایشی لە ئەمریکا وەربگرن. لە حاڵه‌تێکی گریمانەیی لەم چەشنەدا، ئەوە جگە لەوەی هێزە پرۆکسییەکانی لایەنگری ئێران دەکەونە دۆخێکی ئەستەم لە ڕووی بکەرایەتییەوە، ئەوە خودی ئێرانیش پێگەی لە ناوچەکەدا لە بەرامبەر جەمسەرێکی بەهێزی عەرەبی-جوو- ئەمریکی، لاواز و لەرزۆک دەبێت و ئەو تەنیایییە ستراتیژییە (strategic loneliness) کە ئێران لە ڕووی جیۆسیاسییەوە پێیەوە دەناڵێت، دەبێتە کردەیی.

هەڕەشەیەک کە ئێران لە پاش ئەم هێرشەی حەماس ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوەیە کە ئه‌و دانوستانە نافەرمی و نهێنییانه‌ی كه‌ لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەستی پێ کردبوو و قۆناغی باشی بڕیبوو، بەتەواوی بوەستێت. لە داهاتووشدا هیچ گەرەنتییەک نییە کە دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٤دا جارێکی دیکە بچنەوە کۆشکی سپی. لە لایەکی تریشەوە، ئەو چاوپۆشییەی کە ئیداره‌ی بایدن لە بواری فرۆشتنی نەوت بۆ ڕێککەوتنێکی نافەرمی لە بواری ئەتۆمی لەگەڵ ئێران گرتبوویە بەر، پێ ناچێت چیتر بەردەوام بێت و هەر ئەم فاکتەرەیش ئێران دەخاتە دۆخێکی زۆر نالەبار؛ بەو پێیەی کە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیی سیاسیی تێکەڵ بە دۆخی نالەباری ئابووری لە ئێران، ئەگەرێکی بەهێزە.

 هەموو ئەمانەیش نیشان دەدات کە مەترسییەکانی هێرشی حەماس، بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بەرزە. تەنانەت لە پرسی ئەتۆمیی ئێراندا، پێشووتر ئەمریکا گوشاری لە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، هەروەها ئەوروپییەکان دەکرد کە گوشارەکانی سەر ئێران کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت و مەلەفی ئەتۆمیی ئێران بەهۆی پابەندنەبوونی بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش نەکرێت، بەڵام هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و پشتیوانییەکانی لەم هێرشە، هەروەها هێرشەکانی گرووپە چەکدارە پرۆکسییەکانی لایەنگری ئێران لە ناوچەکە بۆ سەر بنکە و دامەزراوە سەربازییە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە، دەتوانێت هەموو ئەمانە پێچەوانە بکاتەوە و چاودێریی توندتری چالاکییە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران بکرێت؛ چونکە لە ڕابردوویشدا ئێران بەهۆی هەناردەکردنی درۆن بۆ ڕووسیا و بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکراینا، ڕووبەڕووی گوشاری توند و سزای ئەوروپییەکان ببووەوە. تەنانەت پێشبینی دەکرێت کە سزا و ئابڵووقەی نوێ لە دژی دامەزراوە و کەسایەتییە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپییەکانەوە دەربچێت و ئێران لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە زیاتر داتەپێنێت.

هەڕەشەیەکی دیکەی ئەم جەنگە کە لێکەوتەکانی هێرشی حەماسە ئەوەیە کە، بووە هۆی تێوەگلانی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسیی زیاتری ئەمریکا؛ بەم واتایە کە ئێران پێشووتر هەوڵی دەدا بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو ناوچەکە بۆ ئەمریکا نائەمن بکات بۆ ئەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە دەربچێت. ئەم سیاسەتەیش هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی ئیدارەی بایدن و تەنانەت پێشووتریش، باراک ئۆباما و دۆناڵد ترامپ بوو کە هەوڵیان داوە ئامادەییی سەربازییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسییەکانی چین و ڕووسیا ببنەوە. بەڵام پێ دەچێت ئەم هێرشە ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا ناچار بێت ڕۆڵ و ئامادەییی خۆی لە ناوچەکەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و میلیشیاکان بەهێزتر بکاتەوە و هەر ئەمەیش لە دژی ستراتیژیی ئاسایشی ئێران و پرۆکسییەکانە لە ناوچەکەدا و تەنانەت ئەگەری پێکدادان لە نێوانیان بەرز دەکاتەوە، چونکە دەرکەوت بەهێزبوونی ئێران جگە لە مەترسیی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕۆڵی چین و ڕووسیا.

ڕەهەندێکی دیکەی مەترسییەکان بۆ سەر ئێران ئەوەیە کە، ئەگەری هەر هێرشێکی لەناکاوی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران، دەتوانێت هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و شۆرشێکی ناوخۆیی کە تاوەکوو ئێستا سەڕەرای لاوازبوونی بەڵام بەتەواوی سەرکوت نەکراوە و دانەمرکاوەتەوە و ئەگەرێکی بەهێزە دووبارە شەپۆلێکی سەرهەڵدانی جەماوەری لەئێران دروست ببێتەوە. بۆیە لەم قۆناغەدا تێوەگلان لە جەنگێکی هەرێمایەتی وەکوو جەنگی ئێران و عێراق یارمەتی چەسپاندنی سوپا و دەسەڵاتی ئایەتۆڵڵاکان نادات، بەڵکوو بەپێچەوانەوە هیچ پشتیوانییەکی بەرفراوانی جەماوەری نییە و دەبێتە دەرفەتێک بۆ نارازییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە کە بەهۆی لێکدانەوەی هەڵەی سەرکردەکانی حەماس بینرا ئەوە بوو کە حزبوڵڵای لوبنان بەشداری دەکات و بەم پێیەیش بەهۆی ئەوەی کە ئیسرائیل نایەوێت جەنگەکە بەرفراوان بێت و توانای نییە لە دوو بەرە جەنگ بکات، ئەوە ناچار دەبێت بە وڵامدانەوەیەکی سنووردار لە غەززە و بەم پێیەیش سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ بەرەی خۆڕاگری (Axis of Resistance) تۆمار دەکرێت، بەڵام سیاسەتی ئەمریکا لە جووڵاندنی هێز و هۆشداریپێدانی سەربازی بە حزبوڵڵای لوبنان و ئێران بۆ بەشدارینەکردن لە جەنگ و تەنانەت ناڕەزایەتیی خودی لایەنە سیاسییەکانی لوبنان و دژایەتیی ڕای گشتیی لوبنان لە تێوەگلان لە جەنگ و هەڕەشەی چەندان جارەی ئیسرائیل لە وێرانکردنی لوبنان، بووە هۆی ئه‌وه‌ی کە ئەمە ڕوو نەدات. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، جگە لە تەنیامانەوەی حەماس، وای کرد کە  ئێران و پرۆکسییەکانی ڕووبەڕووی دۆخێکی نەخوازراو و نوێ ببنەوە کە بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی ڕێگەگرتن (DETERRENCE POLICY) لەلایەن ئەمریکا و کاردانەوەی توندی سەربازیی ئیسرائیله‌وه‌ پێشبینییان نەکردبوو.

لە لایەکی تریشەوە، مەترسییەکی گەورە کە ئێران ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوەیە کە ئەگەر هێرشی میلیشیاکان لە عێراق بۆ سەر ئەمریکییەکان بەردەوام بێت و یان لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بەشدار بن، ئەوە ئەمریکا بەتەواوی ئابووریی عێراق- کە به‌هۆی داهاتی نەوتەوە لەژێر کۆنترۆڵیدایە- دەڕووخێنێت. ئەمەیش جگە لەوەی هێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە عێراق لاواز دەکات، بۆ خودی ئێرانیش گەورەترین قەیرانی دارایی و ئابووری دروست دەکات، چونکە بە هۆی سزاکانی ئەمریکاوە، ئێران لە ڕێگەی عێراق گەمارۆکان دەشکێنێت و دۆلار دەست دەخات. بۆیە لەم سیناریۆیەدا لە ئاستی ناوخۆییدا ئێران ڕووبەڕووی دۆخێکی نالەباری ئابووری دەبێتەوە و، هەمیش لە ئاستی هەرێمایەتی ئاڵقەی پێکگەیشتنی هیلالی شیعی لەرزۆک دەبێت. هەر بۆیە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران تا ڕاددەیەک دەتوانن گوشار دروست بکەن و ئەگەر بەڕاستەوخۆ بچنە جەنگەوە و حکوومەتی عێراق نەتوانێت کۆنترۆڵیان بکات (کە ناتوانێت)، ئەوە گۆڕانکاریی سیاسییش لە عێراق ئەگەرێکی کراوەیە. بۆیە ڕاگەیه‌ندراوی سەدر بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، حکوومەتی عێراق و هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی خستۆتە دۆخێکی زۆر ئەستەم و پارۆدۆکسیکاڵەوە: لە لایەک دەیانەوێت هاوتەریب لەگەڵ ئێران نیشان بدەن کە دژی ئیسرائیل و ئەمریکان و لە لایەکی تریشەوە مانەوە و بەردەوامیی حکوومەتەکەیان کە سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگییە، پێویستیی بە نەبوونی بارگرژی و هه‌بوونی پەیوەندییەکی ئاسایییە لەگەڵ ئەمریکا. جگە لەمانەیش، ئەگەر ئەم کێشەیە تێ نەپەڕێنن، ئەوە موقتەدا سەدر دەتوانێت بە جووڵاندنی شەقامی تووڕە و ناڕازی بە پاساوی بەرگری لە فەڵەستینییەکان، ڕەوایەتییان بباتە ژێر پرسیارەوە و لە دەسەڵات دووریان خاتەوە یاخود پێکدادان لە نێوانیان ڕوو بدات.

کۆبەند

لە ئێستادا ئێران لە ڕووی جیۆسیاسییەوه‌ هەوڵ دەدات بە ستراتیژیی دروستکردنی “ئاڵقەی ئاگر” لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانی لە بەرەی خۆڕاگری، ئیسرائیل گەمارۆ بدات. لەم چوارچێوەیەدا، لە ئاستی کورتمەودادا ئێران لە ڕێگەی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل توانیی هەندێ ئامانجی سیاسی و ئاسایشی و تەنانەت ئابووریی وەکوو: ڕاگرتنی کۆریدۆری هندستان-کەنداو-ئەوروپا (India-Middle East-Europe Economic Corridor (IMEC، هەروەها وەپاشخستنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعوودیا و تەنانەت ڕێککەوتنی ستراتیژیی سەربازیی سعوودیا لەگەڵ ئەمریکا دەستەبەر بکات، بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان لە کۆنترۆڵی ئێران دەرچووە و بۆیە ئێستا ئێران سیاسەتی پێچەوانەی بۆ سڕینەوەی بارگرژییەکان و جووڵەی دیپلۆماسی لە ئاستی هەرێمایەتیی گرتۆتە بەر. چونکە ڕێبەری باڵای ئێران هەست دەکات کە بەم هێرشە ئامانجەکانی پێکاوە و دەسکەوتی پێویستی هەبووە، بەڵام ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت، ئەوە لە زیانی ئێران و هاوپەیمانە پرۆکسییەکانی دەشکێتەوە.

پێ دەچێت ئەگەر حەماس لە ڕووی سەربازی و حوکمڕانییه‌وه‌ لە غەززە بەپێی سیناریۆکانی ئیسرائیل کۆتاییی پێ بهندرێت یاخود دەسەڵاتێکی هاوبەشی هەرێمی و نێودەوڵەتی-عەرەبی بۆ ماوەیەک لەو کەرتە زاڵ بێت، ئەوە ئێران پێگەیەکی لاوازتری دەبێت و گوشارەکانی بۆ سەر ئێران لە پاش نەمان یاخود لاوازبوونی حەماس لە ڕووی حوکمڕانی و سەربازییەوە لە غەززە بەرزتر دەبێتەوە و، هەر بۆیە ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات ئەمە ڕوو نەدات. هەروەها ئێران تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە ئیمتیاز لە ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی وەربگرێت، بەڵکوو ترسی لەناو دەوڵەتانی ناوچەکەیش دروست کردووە کە لە داهاتوودا زیاتر لە ئەمریکا و ئیسرائیل نزیک ببنەوە و لە بواری سەربازیدا ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵیان واژۆ بکەن.

ئەگەر لە ئێستادا بمانەوێت ستراتیژیی ئێران ڕوون بکەینەوە ئەوەیە: دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت کێشەکە بکاتە کێشەیەکی عەرەبی-ئیسلامی لە لایەک و جوو و ئەمریکی-ڕۆژاوایی لە لایەکی دیکەوە. بەم واتایە ڕای گشتیی وڵاتان لە دژی دەسەڵاتدارە عەرەبەکان، هەروەها ئەمریکا و ئەوروپییەکان و بەتایبەتی جووەکان بجووڵێنێت و بەرەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە لە دژی ئیسرائیل دروست بکات؛ بەڵام پێ دەچێت ئەمە کورتخایەن بێت و هاوکێشە ئاسایشی و جیۆسیاسییەکان جارێکی دیکە زاڵ بێتەوە و، ئەمەیش بە زیانی ئێران دەشکێتەوە. هەروەها ئەگەرێکی کراوە ئەوەیە کە لە پاش کۆتاییهاتنی سەربازی یاخود بێکاریگەرکردنی سەربازیی حەماس، ئیسرائیل بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی هێرشێکی هاوشێوەی ٧-١٠-٢٠٢٣، هەوڵی لاوازکردنی حزبوڵڵای لوبنان بدات و ئەمەیش ئێران دەخاتە ناو جەنگێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل. تەنیا یەک ڕووداو یاخود سیاسەت هەموو ئەمانە پێچەوانە دەکاتەوە، کە ئەویش ئەوەیە کە ئێران بگاتە ئەو بڕوایەی کە لە پاش بێکاریگەرکردنی سەربازیی حەماس، ئەوە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئێران؛ ئەو کاتە ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانه‌وه‌ بڕیاری بەرفراوانکردنی جەنگەکە دەدات و لەم حاڵەتەیشدا هەموو ناوچەکە دەکەوێتە ناو جه‌نگ، کە تا ئێستا ئێران خۆی لەمە بەدوور گرتووە، بەڵام وەکوو دوایین سیناریۆ ناکرێت پشگوێ بخرێت.