1

چەند سەرنج و پێشنیارێك دەربارەی بەئەندامبوونی عێراق لە ئەنجومەنی جێبەجێکاری يونێسکۆ

پرۆفيسۆر د. بڕیار شێرکۆ بابان

يونێسکۆ دامەزراوەیەکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە لە ڕێگەی پەروەردە و زانست و کەلتوورەوە کار بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ هەموو گەلانی جیهان دەکات. يونێسکۆ کورتکراوەی دەستەواژەی “ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ پەروەردە و زانست و کەلتوور”، کە لە ساڵی ١٩٤٥ەوە دامەزراوە. بارەگای سەرەکیی يونێسکۆ لە “پاریس”ە. پەنجا و چوار لقی لە جیهاندا هەیە؛ یەکێکیان لە بەغدایە و لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە دەستی بە کارەکانی کردووە. لە ساڵی ١٩٤٨ەوە عێراق ئەندامی يونێسکۆیە، بەڵام تا دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام حسێن، گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە. هەرچەندە يونێسکۆ گرنگی بە گشت کەلتوورەکان لە ئاستی ناوخۆی وڵاتان دەدات، بەڵام ڕێکخراوێکە تەنیا وڵاتان مافی بەئەندامبوونیان هەیە تیایدا. ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین پەیوەندیی نێوان کەلتووری کوردستانی و يونێسکۆ بدۆزینەوە؛ لەناو جەرگەى ناوچەکەیەکدا کە ئێستا بەئاسانی”هێزی ڕەق”ى تێدا بەکار دێت. ئێمە لەم بابەتەدا، وتارێك لەسەر “هێزی نەرم” دەنووسین، بەتایبەتیش لەسەر کەلتوور و زانست و پەروەردە لە چوارچێوەی يونێسکۆدا. هەڵبەت ئەم ڕێکخراوە ناوەندێكی گرنگە بۆ نیشاندانی ئەو هێزە نەرمە و پارێزگاریکردن لێی. 

يونێسکۆ و عێراق

لە دۆخی ئێستادا، يونێسکۆ چالاکییەکی بەرفراوانی لە عێراقدا هەیە، بەڵام لەچاو ئەو فرەیی و دەوڵەمەندییە کەلتووری و شوێنەوارییەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، دەبینین چالاکییەکانی يونێسکۆ لە هەرێم لە ئاستێکى نزمدایە. هۆکاری ئەم کەمچالاکییەی يونێسکۆ، بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کە  بایەخی ئەوتۆ بە هێزی نەرم نادرێت. ئەوەی گرنگە بزانرێت، چالاکیی کەلتووری و زانستی بەئاسانی بەجیهانی دەکرێت و کەرەستەیەکی زۆر گرنگە بۆ ناساندنی گەلى کوردستان.

لە کاتی دامەزراندنییەوە تاوەکوو ئێستا، لقی بەغدادی يونێسکۆ کاری لەسەر پەرەپێدانی پلاندانان کردووە لە عێراق و، لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرچاوە ئاوییەکان و کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبيری و شوێنەوار و گەشتیاری، بەردەوام لە کار و چالاکیدایە. هەر شان بە شانی ئەم لقەیش، ئەنجومەنی جێبەجێکاری يونێسکۆ لە ساڵی ٢٠٠٣ بە بڕیاری ژمارە (9.2)، کۆميتەی نێودەوڵەتیی هەماهەنگی بۆ پاراستنی سامانی کەلتووریی عێراقى دامەزراند. ئەم کۆميتەیە چەندان ڕێکخراو و کەسایەتیی نێودەوڵەتی لەخۆ دەگرێت و لەژێر سێبەرى حکوومەتی عێراقی کارەکانی ئەنجام دەدات.

هەروەها، عێراق لای خۆیەوە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٠٨ى دەرکردووە کە تایبەتە بە دامەزراندنى لیژنەی نيشتمانی بۆ پەروەردە و کەلتوور و زانست بە سەرۆکایەتیی وەزیری پەروەردەی فيدراڵ و ئەندامێتیی زۆربەی لایەنە حکوومییە پەیوەندیدارەکانی عێراق و، هەروەها نوێنەری هەرێمی کوردستانیش. ئەم لێژنە عێراقییە وەکوو وەڵامدانەوەیەك بۆ داواکانی يونێسکۆ دامەزراوە. بەپێی ماددە (٧)ی یاسای بنیاتنەری يونێسکۆ، لێژنەیەکی نیشمانیی بەرفراوان و فرەپێکهاتە، دەتوانرێت لە ئاستی ناوخۆی هەر دەوڵەتێك دابمەزرێت؛ هەرچەندە ئەم بابەتە  بەڕاستی بايەخێکی سنوورداری پێ دراوە و نەتوانراوە کەلتوور و فۆلکلۆری کوردستان لە ئاستی يونێسکۆ بپارێزرێت. نەتەوە بێوڵاتەکان بەزەحمەت دەنگیان بە يونێسکۆ دەگات.

يونێسکۆ جێبەجێکردنی چەندان ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی لە ئەستۆیە، گرنگترینیان بریتین لە: ڕێککەوتننامەی پاراستنی سامانی جیهانی کە لە ساڵی ١٩٧٢ واژۆ کراوە و ڕێککەوتننامەی پاراستنی سامانی مرۆڤایەتیی نابەرجەستە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ واژۆ کراوە. عێراق هەردوو ڕێککەوتننامەکەی پەسەند کردووە؛ یەکەمیان لە ساڵی ١٩٧٤ەوە و دووەمیان لە ساڵی ٢٠١٠وە. کۆميتەی سامانی جیهانی لە ساڵی ١٩٧٧ەوە زنجيرە کۆبوونەوەیەکى ساڵانە لە شارەکانی جیهان ئەنجام دەدات. تا ئێستا عێراق نەیتوانیوە کۆبوونەوەیەکی يونێسکۆ ڕێک بخات، کەچى وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بەردەوام لەو کۆبوونەوانەدا بەشدارن؛ دواترینیشیان لە شاری “ڕياز”ی سعوودی بوو.

نموونەیەکی تر لە چالاکییەکانی يونێسکۆ بریتییە لە بوونی (٩٥٠) سەکۆ (Chaires) لە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی جیهان. لە عێراق سێ زانکۆ ئەم سەکۆیەیان هەیە: سەکۆی ڕێگری لە توندڕەوی وبەهێزکردنی کەلتووری ئاشتی لە زانکۆی مووسڵ، سەکۆی دیراساتی ڕێگریکردن لە جينۆساید لە جیهانی ئیسلامی لە زانکۆی بەغدا و، سەکۆی دیراسات و گفتۆگۆی نێوان ئایینەکان لە جیهانی ئیسلامی لە زانکۆی کۆفە. سەرەڕای هەبوونی توانا مرۆیی و دارایییەکان لە زانکۆکانی کەرتی گشتی و تایبەتی، هیچ زانکۆیەكی هەرێمی کوردستان نەيتوانیوە سەکۆیەکی يونێسکۆ لە هەرێم، هاوشێوەی ئەوانەی عێراق دابمەزرێنێت و، دەکرێت زۆر چالاکتر بن. ئەگەر ناونیشانی ئەو سەکۆیانە بەوردی بخوێنرێتەوە و، هەروەها چالاکییەکانی تری يونێسکۆ لە عێراق و لە جیهان بەدیقەتەوە تێبنی بکرێت، ئەم ڕێکخراوە تەنیا چالاکیی پەروەردەیی و کەلتووری و زانستیی نییە، بەڵکوو لە پشت ئەم چالاکییانەوە ئەرک و مەبەستی سياسیی قووڵ هەیە.  

گرنگیی بەئەندامبوونی عێراق لە ئەنجومەنی جێبەجێکاری يونێسکۆ

سەرەڕای ئامادەییی يونێسکۆ لە ساڵی ٢٠٠٣وە، ئەم ڕێکخراوە ڕێگر نەبوو لەوەی کە داعش چەندان شوێنەوار و سامانی کەلتووریی مێزۆپۆتامیا و عێراق لەناو ببات یان لە ڕێگەی تۆڕە قاچاغچییەکانەوە لە بازاڕی ڕەشی جیهانی، ئەو پارچە شوێنەوارییانە بفرۆشرێنەوە و شوێنبزر بکرێن. يونێسکۆ وەکوو هەڵگری دروشمی “بنیاتنانی ئاشتی لە هزری مرۆڤ”، هێشتا زۆر دوورە لەوەی عەقڵییەتی عێراقی بگۆڕێت. مۆدێڵێکی فرەسوپایی دروست بووە؛ بە جۆرێکە دەیان کەتیبەی چەکداری لە بوودجەی عێراقی پارەدار دەکرێن، لە هەمان کاتدا بەشێکیان ملکەچی فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان نین. ئەوەندەی بنیاتنانی هزری شەڕ دەکرێت، نيو ئەوەندەیش بایەخ بە هزری ئاشتەوایی نادرێت. ئەگەر يونێسکۆ مامەڵە لەگەڵ جوانییەکانی دەکات لە کەلتوور و زانست، کەچی تازە بە تازە هاووڵاتیی عێراقی هیوای ئەوە دەخوازێت بۆ ساڵی ٢٠٢٤ “شەڕی هەمووان دژی هەمووان[1]” ڕوو نەدات. چل ساڵ زیاترە عێراق یان لە دۆخی شەڕە یان لە دۆخی نیوەشەڕ.

لەو باوەڕەداین، چەند عێراق نزيك بێتەوە لەو دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کە بایەخ بە مافی مرۆڤ و بابەتی ئاشتیخوازانە دەدەن، ئەوەندە ئەو وڵاتە دەکەوێتە سەر هێڵی سەقامگيری و، پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکانى تێدا بەدی دێت. ئێستا عێراق بۆ ماوەی چوار ساڵ (٢٠٢٣-٢٠٢٧) وەکوو ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری لە يونێسکۆ ئەندامە. ئەم بابەتەیش یەك دەگرێتەوە لەگەڵ داخوازییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی شاری مووسڵ و دەوروبەری. يونێسکۆ بەرنامەیەکی تێروتەسەلی بۆ شاری مووسڵ ئامادە کردووە بە ناوی زيندووکردنەوەی ڕۆحی مووسڵ (Revive Spirit of Mosul) کە پاراستنی کەلتوور و ئاشتەوایی و بنیاتنانەوە و ڕێگریکردن لە توندوتیژی لە ڕێگەی پەروەردەوە، دەگرێتەوە. لێکەوتەکانی ئەم بەرنامەیە هەستی پێ دەکرێت، بۆ نموونە: نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی ئەلنووری، منارەی حەدبا و کلێسای ساعە. بەرنامەیەکی فرەلایەنە و، چەندان دەوڵەت پشتگيریی دەکەن و کاری بۆ دەکەن.

عێراق بۆ ماوەی چوار ساڵ دەبێتە ئەندام لە ئەنجومەنی جێبەجیکاری يونێسکۆ، کە پێکهاتووە لە پەنجا و هەشت ئەندام، بەم شێوەیە تا ڕاددەیەكی زۆر ئەم وڵاتە نزيك دەبێتەوە لە ناوەندی بڕیاردانی يونێسکۆ، بەڵام گرنگیی ئەم بەئەندامبوونە بۆ خودی يونێسکۆیە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی – ئەم جارەیان لە ڕێگەی يونێسکۆە – مەبەستێتی لە عێراق و بەتایبەتی لە مووسڵ ئامادە و بەشدار بێت؛ لانەی چەندان ئایین و ئايينزا و سەرچاوەی چەندان شارستانییەتى لەناوچوو کە مێژووی مرۆڤایەتییان تێدا نووسراوەتەوە.

ئەگەر وشەی “موصل” واتاکەی “خاڵی بەیەکگەیشتن”ە، ئێستا هەرێم نزيکترین خاڵی سەقامگير و بەیەکگەیشتنە لە مووسڵ؛ شاندە بیانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی هەولێر و دهۆکەوە بەئاسانی دەگەنە مووسڵ. بەڕێوەبەری گشتیی يونێسکۆ، خاتوو ئۆدرەی ئازولای، لە مانگی (٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ سەردانی بەغدا و هەولێر و مووسڵی کرد. کەواتە ئامانجی هەرە سەرەکیی يونێسکۆ لە عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ ڕستەی دەستپێکی یاسای بنیاتنەری يونێسکۆ کە نووسراوە: “جەنگ لە هەستی مرۆڤەکانەوە لەدایک دەبێت، بۆیە پێویستە بەرگریکردن لە ئاشتی لە ناخی مرۆڤەکاندا پەروەردە بکرێت”. بەرجەستەکردنی ئەم ڕستەیە تا سەر ئێسقان بۆ عێراق و عێراقییەکان پێویستە. لە پاڵ ئەم بابەتەدا، پێویستە بە چاوێکی ترەوە تەماشای يونێسکۆ بکرێت ئەویش وەکوو سەرچاوەیەك بۆ پاراستنی کەلتووری سەنگینی کوردستانی.

يونێسکۆ وەك شوێنی پاراستنی کەلتووری کوردستان

وەک ئاشکرایە لەبەر نەبوونی دەوڵەتی کوردستان، نوێنەرایەتیی کوردستان لە ڕێکخراوێکی حکوومیی وەکوو يونێسکۆدا مەحاڵە، بەڵام بەشداربوونی سامانە کەلتوورییەکەی کوردستان و پارێزگاریکردنی لە ڕێگەی يۆنێسکۆە کارێکی مەحاڵ نییە. بەپێچەوانەی ئەو وڵاتانەی هەوڵی سڕينەوەی کەلتووری کورد و کوردستان دەدەن، يونێسکۆ ڕێگەیەكە بۆ خۆپاراستنی یاسایی و نەرمونیان. یەکێك لە پێناسە گرنگەکانی ناسنامەی نیشتمانیی هەر میللەتێك، لە ڕێگەی کەلتوورەکەی و شوێنەوارەکانی و پەروەردە و زانستەوە دەکرێت، کە يونێسکۆ ئەرکێتی بيپارێزێت. ئەم بابەتەیش دەکرێت لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام بدرێت؛ نەك پارێزگاریکردنی لە کەلتووری هەرێمی کوردستان بەتەنیا بەڵکوو پاراستنی کەلتوورە لۆکاڵییەکانی پارچەکانی ترى کوردستان بخاتە ئەستۆی، لەبەر ئەوەی سياسەتی وڵاتانی دراوسێ، دیارە کە چۆنە بەرامبەر کەلتووری کورد و کوردستان.  

يۆنێسکۆ دوو تۆماری زۆر گرنگی هەیە: یەکەمیان پەیوەستە بە تۆمارکردنی شوێنە کەلتووری و شوێنەواری و سروشتییەکان، وەکوو سامانی جیهانیی پارێزراو. دووەمیان پەیوەستە بە تۆمارکردنی سامانی کەلتووری مرۆڤایەتیی نابەرجەستە. لە چوارچێوەی خاڵی یەکەم، لە عێراق شەش شوێن وەکوو سامانی جیهانی تۆمار کراون؛ سێیانیان يۆنێسکۆ ڕای گەیاندووە کە مەترسیی لەناوچوونیان هەیە کە بریتین لە شوێنی پاشانشينی حەزر (الحضر)، شاری ئاشوور (قەڵای شەرقات) و شاری شوێنەواریی سامەرا. شاری شوێنەواریى بابل لە ساڵی ٢٠١٩ تۆمار کراوە؛ مەترسیی لەسەر نییە و ئەهوارەکانی باشووری عێراق وەکوو شوێنێکی کەلتووری و سروشتی لە ساڵی ٢٠١٦ تۆمار کراون.

تاکە شوێن کە لە يونێسکۆ لە ساڵی ٢٠١٤وە تۆمار کرابێت و بکەوێتە چوارچێوەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان، بریتییە لە قەڵای هەولێر. ئەمە دەسکەوتێکی کەلتووری و نێودەوڵەتیی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بە شێوەیەك تۆمار کراوە کە ناوی پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕوونی لە گشت بەڵگەنامەکان تۆمار کراون و بڵاو کراونەتەوە. بۆ ئەم بابەتە، “لیژنەی باڵای بووژانەوەی قەڵای هەولێر” دامەزراوە، کارێکی چڕوپڕی ئەنجام داوە و سەرکەوتوو بووە لەوەی کە شەراکەتی ستراتیژی لەگەڵ يونێسکۆ دابمەزرێنێ. تۆمارکردنی قەڵای هەولێر وەکوو سامانی جیهانیی پارێزراو کارێکى زۆر گرنگە، بەڵام چەندان ناوچەی سروشتی و کەلتووریی تر لە هەرێم هەن، پێویستە بە هەمان شێوە تۆمار بکرێن و لە مەترسیی لە ناوچوون بپارێزرێن.

پێمان باشە لێرەوە پێشنیار بکەین کە شاری هەولێر ببێت بە ئەندام لە ڕێکخراوی شارانی سامانی جیهانی (Organization of World Heritage Cities (OWHC)) کە لە ساڵی ١٩٩٣وە لە کەنەدا دامەزراوە و نزیکەی (٢٠٠) شار ئەندامن تێیدا و ساڵانە چالاکیی جۆربەجۆری هەیە[2]. ئەم جۆرە بەشداربوونە بۆ شارێکی وەکوو هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، زۆر گرنگن، کە لە ڕێگەی مێژوو و کەلتوورەوە دەنگی خۆی بگەیەنێتە جیهان. شایەنی گوتنە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە، سروشتی جوانی (١٢) گوندی هەورامانی تەختیش لە ديوی ڕۆژهەڵات، وەکوو شوێنێکی کەلتووریی جیهانی لەلایەن ئێرانەوە تۆمار کراوە.

سەبارەت بە سامانی مرۆڤایەتیی نابەرجەستە، مەترسییەك هەیە کە ئەو کەلتوور و فۆلکلۆر و هونەرە دەوڵەمەندەی کوردستان لە گشت پارچەکانی کوردستان بە ناوی دەوڵەتان و نەتەوەکانی تر تۆمار بکرێن و کوردستانیان بێبەش بکرێن و بەشێکی کەلتووری کوردستانی بسڕێتەوە کە بەشێکە لە ناسنامەى نەتەوەییی کوردستان. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٢، ئێران و ئەفغانستان “شەوی یەڵدا”یان وەکوو سامانی مرۆڤایەتیی نابەرجەستە تۆماریان کردووە، بێ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک ناوی کورد بهێنرێت. لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە مەقامی عێراقی تۆمار کراوە، کەچى “مەقامى کوردى”، کە بەشێکی کەلتووری ئاواز و گۆرانیی کوردی پێک دێنێت،. ئاماژەى پێ نەکراوە. شایەنی گوتنە، چەندان جۆری مەقام هەیە ناوی کوردییان هەیە. کاتێك دێینە سەر ماڵپەڕی سەرەکیی يونێسکۆ دەربارەی تۆمارکردنی نەورۆز وەکوو سامانی کەلتووری مرۆڤایەتی، دەبينین بە ناوی (١٢) وڵاتەوە تۆمار کراوە، لەوانە تورکیا و عێراق و ئێران، کەچی وشەی کورد و کوردستان ئاماژەی پێ نەدراوە. بۆیە ترسەکە ئەوەیە جۆرەکانی تری هونەر و فۆلکلۆر و جلوبەرگ و خواردن و چەندان بابەتی کوردستانی شوێنبزر بکرێن و بە ناوی میللەتانی دەوروبەر تۆمار بکرێن.  

بازنەی کارکردن لەگەڵ يونێسکۆ بەرفراوانە؛ یەکێك لە کارە گرنگەکانی يونێسکۆ بریتییە لە دامەزراندنی تۆڕی شارە داهێنەرەکان[3]. شاری سلێمانی، کە لە هەرێمی کوردستان بە “پایتەختی ڕۆشنبيری” ناسراوە، هەوڵی خۆتۆمارکردنی داوە لەم تۆڕە وەکوو شاری ئەدەبیات. ئەم دەستپێشخەرییە لە ساڵی ٢٠١٩ دەستی پێ کردووە، بەڵام لەگەڵ هاتنی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەم بابەتە دامرکایەوە. چاوەڕێی هەنگاوی گەورە دەکرێت لە پێناوی جێگيرکردنی شاری سلێمانی لە نەخشەی ئەدەبیاتی جیهانی، بەتایبەتی لە ڕێگەی يۆنێسكۆوە. ئەم تۆڕە کارێکی ڕێکخراو و گرنگە. دەکرێت هەر ناوچەیەکی هەرێم (مەرج نییە لە بواری ئەدەبیات، بەڵکوو لە بابەتێك کە دەچێتە چوارچێوەی کاری يونێسکۆ) خۆی تۆمار بکات؛ بۆ نموونە لە بواری مۆسيقا، کاری دەستی، شانۆ، جلوبەرگ، خواردن و هتد.

بە شێوەیەکی گشتی، پەیوەندیی نێوان يونێسکۆ و هەرێم لە ئاستی چاوەڕانیدا نییە؛ پێویستە دەرگەکانی هەرێم بۆ ئەم ڕێکخراوە واڵا بکرێن و بنکە و لقی زیاتریان لە هەرێم هەبێت. دەبێ زانکۆکانی هەرێم سەکۆی زانستیی هاوبەش لەگەڵ يونێسکۆ بکەنەوە و شوێنە کەلتووری و سروشتییەکانی کوردستان زیاتر لە لیستی سامانی جیهانی و کەلتوور و فۆلکلۆر و هونەر و داب و نەريتە ڕەسەکانی کورد و کوردستان و بە ناوی کوردەوە تۆمار بکرێن؛ با لە بەرچاوی خۆمانەوە بە ناوی کەلتووری ميللەتێکی تر تۆمار نەکرێن. ئەوانەیشی بە ناوی میللەتانی ترەوە تۆمار کراون، هەوڵ بدرێت ناوی “کورد” و “کوردستان”یشیان بۆ زیاد بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە چەندان ڕێبەر و میکانیزمی ئامادەکراو هەن کە پێویستە لەلایەن دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بگيرێتە بەر. يونێسکۆ باشترین دامەزراوەی نێودەوڵەتییە کە کەلتووری سەنگینی کوردستانی تێیدا تۆمار بکرێت و بۆ هەميشە لە هەر شوێنبزربوونێك بپارێزرێت.

[1]  دەستەواژەی “شەڕی هەمووان دژی هەمووان” لە ساڵی ١٦٥١، لەلایەن “تۆماس هۆبز”ەوە بەکار هێنراوە بۆ باسکردنى دۆخی شەڕى ناوخۆ و نەمانی دەسەڵاتی دەوڵەت لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا.

[2] OWHC (ovpm.org)

[3] https://en.unesco.org/creative-cities/home