1

هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤

موەفه‌ق عادل عومەر، دكتۆرا له‌ سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستا له‌ به‌شی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشەكی

هەرێمی كوردستان بەهۆی پێگە جیۆسیاسییە ستراتیژییەكەیەوە بە درێژاییی مێژوو هەمیشە گه‌یشتۆته‌ ئاستی ناوچەیەكی گرنگ و حیساببۆكراو لە هاوكێشە نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا. لەبەر ئەم هۆكارەیشە دەبینین بەردەوام ئەم ناوچە جوگرافییە بۆتە ئامانجی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییە جیاوازەكان. بەهۆی ئەوەی جیهان لە ئەنجامی جەنگی ئۆكراینا و غەززەوە بەرەو قۆناغێكی جیاواز هەنگاوی ناوە، چاوەڕێ دەكرێت لە قۆناغەكانی داهاتوودا پانتاییی ململانێكان فراوانتر بێت، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەم چوارچێوەیەدا ئەم گۆڕانكاری و قەیران و ململانێیانە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان دەبێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان؛ بۆیە زۆر گرنگە هەرێمی كوردستان ئەم مەترسییانە بەهەند وەربگرێت و، كار بكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان بە مەبەستی خۆڕزگاركردن لە دەرهاوێشتە نەرێنییەكانی یان لانی كەم كەمكردنی ئەو زیانانەی كە بەری دەكەوێت. لە بابەتی ئەم جارەمان بە شێوەیەكی گشتی هەوڵ دەدەین گرنگترین ئەو هەڕەشە و مەترسییانە بخەینە ڕوو كە چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی 2024 ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان ببنەوە.

گرنگترین هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆییدا کامانەن؟

هەرێمی كوردستان پێش هەموو شتێك لەسەر ئاستی ناوخۆیی ڕووبەڕووی چەندان هەڕەشە بۆتەوە و، چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی 2024یش ئەم هەڕەشانە درێژەیان پێ بدرێت و، لەوانەیە جۆر و ژمارەی هەڕەشەكان ڕوو له‌ زیادبوون بكات. بە شێوەیەكی گشتی، ده‌كرێ گرنگترین هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2024 بەم شێوەیەی خوارەوە پێشبینی بۆ بكرێت:

یەكەم: ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی ئەگەر بەم شێوازەی كە ئێستا هەیە درێژەی پێی بدرێت، ئەوە ئەم خاڵە دەبێتە گرنگترین هەڕەشە كە لەسەر ئاستی ناوخۆیی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە؛ چونكە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان ئەم دوو حزبە سیاسییە زۆر زیانی پێ گەیشتووە. ئەم ناكۆكییە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن نەیارەكانی كورد و هەرێمی كوردستان زۆر بەباشی سوودی لێ بینراوە؛ ئەوەی جێگەی تێڕامانە، تا ئێستا هیچ ئاسۆیەك نییە بۆ چارەسەركردنی ئەم ناكۆكییانە، سەرەڕای ئەو هەموو زیانەى كە بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە. ئەگەر پارتی و یەكێتی ئامادەییی جددی نیشان نەدەن بۆ واژۆكردنی ڕێككەوتنێكی ستراتیژی و درێژخایەن، ئەوە پێشبینی دەكرێت هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2024 ڕووبەڕووی ناسەقامگیرییەكی سیاسی ببێتەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ، كە ئەمەیش كاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر سەرجەم سێكتەرەكانی دیكە.

دووەم: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لەو هەڕەشانەى كە چاوەڕێ دەكرێت هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی ببێتەوە؛ چونكە ئەم هەڵبژاردنە جیاوازتر دەبێت لەگەڵ ئەوانەی پێشووتر، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئەم جارە هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوە دەچێت. ئەگەر هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە لە 18ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2023 بەڕێوە چوو، لەبەرچاو بگرین، ئەوە پێشبینی دەكرێت كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش كە بڕیارە ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، پێشێلكاریی جددی بكرێت و دەستكاریی ئەنجامە ڕاستەقینەكان بكرێت لە بەرژەوەندیی هەندێك لایەنی دیار كە ڕاستەوخۆ له‌لایه‌ن لایەنە شیعەكانی عێراقی نزیك ئێران، پاڵپشتی دەكرێن. دەستكاریكردنی ئەنجامەكان لەوانەیە پەرلەمانێك بهێنێتە بەرهەم كە تیایدا مەحاڵ بێت یاساكان بەبێ كێشە دەربچوێنرێت و لەوانەیە پێكهێنانی حكوومەتیش گرفت و كێشەی جددی بێنێتە بەردەم. چونكە هەندێك هێزی هەرێمی، هیچ كاتێك نایانەوێت و نەیانویستووە لە هەرێمی كوردستان هێزێكی نیشتمانی یاخود هێزێك كە سەد لە سەد لەژێر كۆنترۆڵی خۆیان نەبێت، باڵادەست بێت وكونترۆڵی ژیانی سیاسی بكات. بۆیە ئەم هەڵبژاردنە ئەوەندە بۆ هەرێمی كوردستان چارەنووسسازه‌، تەنانەت ئەگەر بە سیاسەتێكی حەكیمانە مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت، ئەوە زۆر بە زیانی هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە.

سێیەم: قەیرانی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە ئاستێك كە چیتر دەرفەتی تەحەمول و بەرگەرگرتنی نەماوە لەلایەن خەڵكەوە، بە گشت توێژەكانییەوە؛ چونكە ئەوانەی فەرمانبەرانی حكوومین لە هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2014وە تا ئێستا مووچەكانیان بەتەواوەتی نەدراوە. ئەمەیش گرفتێكی گەورەی داراییی لە هەرێمی كوردستان دروست كردووە؛ چاوەڕێش دەكرێت ئەم گرفتە لە ساڵی 2024 درێژەی هەبێت. هەرچەندە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە لە ساڵی 2024 چڕ كردۆتەوە، بەڵام لایەنە سیاسییە شیعەكانی عێراق كە نزیكن لە ئێران، هیچ كاتێك جێگەی متمانە نەبوونە و چەندان جار دوای ڕێکكەوتن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پاشگەز بوونەتەوە لەو ڕێكکەوتنەی كە پێشتر كردوویانە. ئێستایش بارودۆخەكە جیاواز نییە لەوانەی پێشووتر و، چاوەڕوان ناكرێت گرفتەكە بەئاسانی چارەسەر بكرێت. بۆیە دەتوانین بڵێین كێشە و گرفتی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی 2024یش بەردەوام دەبێت.

چوارەم: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەژێر چەندان ناوی جیاوازدا ڕێژەی ئەو ڕسوومات و باجانەی كە بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا سەپاندووە، بەراورد بەوانەی شارەكانی دیكەی عێراق زۆر بەرزترە. ئەمەیش قەیرانێكی زۆر گەورەی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە و بارودۆخەكە گەیشتۆتە ئاستێك هاووڵاتیان هەست بەوە بكەن كە حكوومەت ستەمیان لێ دەكات و خەریكە متمانەیان بە حكوومەت نەمێنێت. بەرزیی ڕێژەی باج و ڕسووماتی سەپێنراو لەسەر پرۆژە بازرگانییەكان بەتایبەت و چالاكییە بازرگانییەكان به‌گشتی، وای كردووە كە وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لە جیاتی شارەكانی هەرێمی كوردستان، ڕوو بكەنە شارەكانی دیكەی عێراق. ئەگەر ئەم بارودۆخە بەم شێوازە لە ساڵی 2024یش درێژەی پێ بدرێت، ئەوە قەیرانە دارایی و ئابوورییەكەی هەرێمی كوردستان قووڵتر دەبێت و وەكوو هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئابووریی هەرێمی كوردستان دەمێنێت و بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆیش كاریگەریی دەبێت بۆ سەر سەقامگیریی سیاسیی هەرێمی كوردستان.

پێنجەم: نەوەیەكی تازەی گەنج لە هەرێمی كوردستان پێ ڕاگەیشتووە كە پێداویستی و ئامانجەكانیان لە نەوەكانی پێشووتر زۆر جیاوازترە. بەداخەوە پێ ناچێت تا ئێستا نە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نە حزبە سیاسییەكان لە هەرێم، ستراتیژییەت و بەرنامەی كاری تایبەتیان هەبێت بەم چینە تازەپێگەیشتووە. ئەگەر ڕەفتار و هەڵوێستی حكوومەت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بەرامبەر بەم نەوە نوێیە گەنجە لە چوارچێوەیەكی زانستی و پراكتیكیدا نەبێت، ئەوە پێشبینی دەكرێت لە ساڵی 2024 كێشە و گرفتەكانی ئەم چینە زیاتر و ئاڵۆتر بێت و، ئەم گرفتە زۆریش لەبارە بۆ دەستوەردانی دەرەكی، كە لەوانەیە زەمینەی گونجاو ئامادە بكات بۆ قووڵتركردنی بۆشایییەكانی نێوان حكوومەت (بەرپرسە سیاسییەكان) و چینی گەنجان.

هەڕەشەکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان کامانەن؟

هەڕەشەیەكی دیكەی گرنگ كە چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی 2024یش بەردەوام بێت، هەڕەشە و مەترسییەكانی بەغدایە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، عێراق لە دوای ساڵی 2003وە تا ئێستا هیچ كاتێك نەیویستووە “هەرێمی كوردستانێكی بەهێز” دروست ببێت؛ ئەوەی كە تا ئەمڕۆیش هەیە بەهۆی ئەمری واقع و گوشاری ئەمریكا و ئیرادە و قورساییی خودی هەرێمی كوردستانە. بۆیە هیچ كاتێك هەڕەشەكانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی كوردستان كۆتاییی پێ نەهاتووە؛ ئەوەی ڕووی داوە تەنیا گۆڕانكاری بووە لە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێمی كوردستان و لەناوبردن و لاوازكردنی. ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە، ئەویش بریتییە لەوەى كە دۆزی كورد لەو ڕۆژەی كە عێراقی هاوچەرخ دامەزراوە تا ئێستا كۆتاییی پێ نەهاتووە و چەندان حكوومەتی عێراقی بەهێز و خاوەن چەك و تەقەمەنی نەیانتوانیوە كورد لەناو بەرن و نایشتوانن لەناوی بەرن، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایەت ستەم و ناهەقی بەرامبەر كورد نەكراوە و ناكرێت؛ بەپێچەوانەوە سەرجەم دەسەڵاتەكان لە عێراق ستەمیان لە كورد كردووە و بەردەوامیشن لەم ستەمە.

لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین گرنگترین ئەو هەڕەشانەی خوارەوە بخەینە ڕوو كە لە ساڵی 2024 له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە:

یەكەم: پێشبینی دەكرێت ئەگەر هەلومەرجە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بەم شێوەیە درێژەیان پێ بدرێت، ئەوە گوشارە سیاسییەكانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، بە سوننە و شیعەوە، لە ساڵی 2024 بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت؛ چونكە لایەنە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەت لایەنە شیعەكان، بە هیچ شێوەیەك قبووڵیان نییە هەرێمی كوردستان بەبێ خزمەتكردنی ئەجێندا سیاسییەكانی ئەوان هەڵسوكەوت بكات. جگە لەمە، ئیسلامی سیاسیی شیعە لە عێراق لە دوای قۆناغی ڕووخانی ڕژێمی بەعس، دووچاری شكستێكی گەورە بۆتەوە و بە هیچ شێوەیەك حوكمڕانیی ئیسلامی سیاسیی شیعە نەیتوانیوە وڵاتێكی پێشكەوتوو لە عێراق بنیات بنێت؛ ئەوەی ڕووی داوە سەرجەم سیاسییەكانی ڕه‌وتی ئیسلامی سیاسیی شیعه‌، تا ئێسقان لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی وڵات تێوە گلاون. ئەم دەرفەتە زێڕینەی دوای ساڵی 2003 كە بۆ لایەنە سیاسییە ئیسلامییە شیعەكانی عێراق ڕەخسا، نەتوانرا وەك پێویست و بە شێوەیەكی تەندروست ڕەفتاری لەگەڵدا بكرێت. بۆیە شارەكانی دیكەی عێراق بەراورد بە هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوو سەرەڕای بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، زۆر دواكەوتوون و نەتوانرا بەپێی ئەو بوودجە زەبەلاحانەی كە بۆ عێراق دابین كراوە، ژێرخانێكی تەندروست بنیات بنرێت. بۆیە لایەنە سیاسییە ئیسلامییە شیعەكانی عێراق پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بە مەترسییەكی ڕاستەوخۆ دەبینین بۆ سەر پێگەی خۆیان لە عێراق. هەر لەبەر ئەم هۆكارەیە دەبینین بەردەوام سیاسەتمەدارانی شیعە، بەشەبوودجە و شێوازی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان وەك بابەتێكی كاریگەر لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكانی خۆیان بەكار دەهێنن و، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌م گوشاره‌ له‌ ساڵی 2024 به‌رده‌وام بێت.

لە لایەكی دیكە نەوەیەكی نوێی سەركردە سیاسییەكان لە عێراق گەیشتوونەتە دەسەڵات و بیربۆچوونیان زۆر جیاوازه‌ بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی كورد و تەنانەت بۆ دۆزی كوردیش لە عێراق. كاركردن و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم جۆرە سەركردایەتییە نوێیە بەراورد بەوانەی پێشتر، سەختترە؛ لەوانەیە ئەمە یەكێك بێت لە هۆكارەكانی خراپیی پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر. بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەم كێشەیە لە ساڵی 20024یش بەردەوام بێت و زۆر زەحمەتە ئەم گرفتە بەئاسانی چارەسەر بكرێت.

دووەم: هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵەی 2014وە لەلایەن بەغداوە ڕووبەڕووی جۆرێكی دیكەی هەڕەشە بۆتەوە، ئەویش بریتییە لە بە كارهێنانی دادگەی باڵای فیدراڵی لە دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان لەژێر بیانووی نادەستووریبوونی بڕیار و یاسا به‌ركاره‌كانی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا. بەكارهێنانی دادگە بە مەبەست و ئامانجی سیاسی دژی هەرێمی كوردستان، هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ و كاریگەر و مەترسیدارە بۆ سەر قەوارەكەی. تێبینی كراوە زۆربەی بڕیارەكانی ئەم دادگەیە ڕاستەوخۆ قەوارەی هەرێمی كوردستانی كردۆتە ئامانج و لە چوارچێوەیەكی سیاسیدا بڕیارەكانی دەركردووە؛ بۆ نموونە نادەستووریبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، نادەستووریبوونی بڕیاری درێژكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و كۆتاییهێنان و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم، گرنگترین و سەرنجڕاكێشترین ئەو بڕیارانەن كە دادگەكە دەری كردووە. یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانیش ئێستا لە بەردەم ئەم دادگەیەدایە كە تا ئێستا بە بیانووی جۆراوجۆر دانیشتنەكانی لەبارەی یاساكەوە دوا خستووە كە لە كۆتا دانیشتنەكەی بۆ 21ی كانوونی دووەمی ساڵی 2024 دوا خراوەتەوە. كەواتە لە ساڵی 2024یش پێشبینی دەكرێت هەڕەشەكانی ئەم دادگەیە لە دژی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت. ئەم هەنگاوەی لایەنە سیاسییە عێراقییەكانی نزیك ئێران، دەرى دەخات کە لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێ چوارچێوەیەكی یاسایی بدەنە ئەو ستەم و ناهەقییانەی كە دەرهەق هەرێمی كوردستان دەكرێت و تا ڕاددەیەكیش لەم كارەیان سەركەوتوو بوونە.

سێیەم: بەغدا تەنیا بە گوشاری سیاسی نەوەستاوە بەڵكوو لە سەرجەم سێكتەركان درێژەی بەم گوشارەی داوە، بۆ نموونە لە ڕووی دارایییەوە كار بۆ ئەوە كراوە هەرێمی كوردستان بخەنە ژێر قەرزێكی زۆر بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا كۆنترۆڵی بكەن و خۆیان بەسەر هەموو شتێكدا زاڵ بن؛ تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە شێوەی قەرز خەرج كراوە. خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەی قەرز لە هیچ شوێنێكی ئەم جیهانە نەبینراوە. جگە لەمە سەرەڕای ئەوەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە وەرزی زستان ساردە و بەراورد بە شارەكانی دیكەی عێراق بەفر و بارانی زۆرتری لێ دەبارێت، بەڵام حكوومەتی عێراق فەرق و جیاوازییەكی زۆر و نادادپەروەرییه‌كی گه‌وره‌ی كردووە لە بابەتی پاڵپشتیكردن لە نرخی سووتەمەنییەكان بە گشت جۆرەكانییەوە. بۆ نموونە: نەوتی سپیی ماڵان و بەنزین بە نرخی پاڵپشتیلێكراو بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە بەو شێوەیەی كە بۆ شارەكانی دیكەی عێراق دابین دەكرێت؛ هەروەها هیچ فەرمانبەر و هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان ناتوانێ سوودمەند بێت لەو قەرزانەی كە لەلایەن بانكە حكوومییە عێراقییەكانه‌وه‌ بۆ فەرانبەر و هاووڵاتیانی شارەكانی دیكەی عێراق دابین كراوە. ئەم كێشە و قەیرانانە چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی 2024یش بەردەوام بێت؛ واتە گرفتی مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان وەكوو “هاووڵاتیی دەرەجە دوو” لەلایەن لایەنە سیاسییەكانی عێراق درێژەی پێ دەدرێت. ئەمەیش یەكێكی دیكەیە لەو هەڕەشانەى بەغدا بەرامبەر بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

چوارەم: سەركردایەتیی كورد و لایەنە سیاسییە كوردییەكان لە پرۆسەی دەركردنی بڕیار له‌سه‌ر ئاستی عێراق دوور خراونەتەوە. بە هیچ شێوەیەك بڕیارەكان لە بەغدا بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان نادرێت، بەڵكوو تاكلایەنانە و تەنانەت جاروبار بڕیارەكان لە دژی هەرێمی كوردستانە. لەبەر ئەم هۆكارە دەتوانین بانگەشەی ئەوە بكەین كە دوورخستنەوەی كورد لە پرۆسەی دەركردنی بڕیارەكان لە بەغدا، هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، چونكە یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی سیستەمی فیدڕاڵی بریتییە لە بەشداریپێكردنی یەكە پێكهێنەرەكانی لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار.

پێنجەم: عێراق لە دوای ساڵی 2003وە پڕیەتی لە میلیشیا لەیاسادەرچووەكان. ئەم گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانە بەردەوام هەڕەشەن لەسەر سەقامگیری و ئارامیی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەت. هەولێر بەردەوام بۆتە ئامانجی ئەم جۆرە گرووپانە و بەردەوامیش بە بیانووی هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا، فڕۆكەخانەی هەولێر و هەریر و شوێنەكانی دیكەی پارێزگای هەولێر دەكرێتە ئامانجی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە. پێشبینی دەكرێت ئەم جۆرە هێرشانە لە ساڵی 2024 درێژەی پێ بدرێت و لەوانەیە هێرشەكان چڕتر بكرێن و شوێن و ئامانجی تر بكەونە چوارچێوەی هێرشەكانیان.

گرنگترین هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە ئاستی هەرێمایەتی و نێوده‌وڵه‌تیدا چین؟

گۆڕانكارییە هەرێمایەتییەكانیش ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت. لە ساڵانی ڕابردودا چەندان ڕووداو و پێشهاتی گرنگ لەسەر ئاستی هەرێمایەتی ڕووی داوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت. جەنگی غەززە و ململانێكانی نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی و، ئێران و گرووپە پرۆكسییەكانی، گوازراوەتەوە قۆناغێكی مەترسیدار، بەتایبەت هێرشی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییە بازرگانەكانییەكان لە دەریای سوور. كاردانەوەی ئەم پێشهاتانە ڕاستەوخۆ لەسەر هەرێمی كوردستان دەبینرێت؛ چونكە ئێران كە لایەنێكی گرنگی ئەم گرفت و قەیرانانەیە، دراوسێی هەرێمی كوردستانە و هەرچەندە هەرێمی كوردستان هەوڵ بدات خۆی لەم قەیرانان و ململانێیانە بەدوور بگرێت، بەڵام بەناچارییش بێت خۆی لەنێو جەرگەی كێشمەكێشەكان دەبینێت. جگە لەمە پێشبینی دەكرێت هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی بەم شێوەی خوارەوە ڕووبەڕووی ئەم هەڕەشە و مەترسییانە ببێتەوە لە ساڵی 2024:

یەكەم: ئێران لە دوای ساڵی 2003وە تا ئێستا بەردەوام كار لەسەر ئەوە دەكات عێراق بە شێوەیەكی گشتی كۆنترۆڵ بكات. بۆ ئەم مەبەستە تاران ئامراز و ڕێگە و ستراتیژییەتی جۆراوجۆر بۆ پێكانی ئەم ئامانجەی بەكار دەهێنێت و، با ئەمە لەبەرچاو بگرێن کە هیچ كاتێك تاران نەیویوستوە و نایەوێت دەوڵەتێكی بەهێز “تەنانەت ئەگەر دەوڵەتێكی شیعییش بێت” لە عێراق هەبێت. ئەو مۆدێلەی ئێران لە عێراق مەبەستیەتی، عێراقێكە کە لاواز بێت و لەژێر كۆنترۆڵی تاران بێت. جا ئەمە بۆ هەرێمی كوردستانیش ڕاستە؛ واتا هەرێمی كوردستانێكی لاواز، ئاوات و خواستی تارانە. جا تاران بەردەوام بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئامانجەی كاری كردووە، جا چ لە ڕێگەی گوشاری سیاسی یاخود دیپلۆماسی یانیش ئابووری و تەنانەت جاروباریش ڕاستەوخۆ هەولێری بە مووشەك و درۆنەوە كردۆتە ئامانج. ئەم هەڕەشە و مەترسییانەی ئێران لە ساڵان و قۆناغەكانی پێشوو هەر هەبووە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە ساڵی 2024یش هەڕەشەكانی تاران درێژەی پێ بدرێت و، دووریش نییە شێوازەكانی دەستوەردانی تاران گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و هێرشە مووشەكی و درۆنییەكانی زیاتر بێت.

دووەم: توركیاش كه‌ یەكێكە لەو وڵاتانەی كە دراوسێی هەرێمی كوردستانە، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ و ستراتیژیی هه‌یه‌ لە عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەت، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ به‌كارهێنانی خاكی عێراق له‌لایه‌ن چەكدارانی پەكەكه‌وه‌ له‌ دژی توركیا. ئەنقەرە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی پێشوویش ئەم كێشە و گرفته‌ی هەبووە و كێشەكە تا ئێستایش درێژەی هەیە و لەمێژیشە گەیشتۆتە ڕەهەندی هێرشی سەربازی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق. هێرشە سەربازییەكانی توركیا، بەردەوام هەڕەشە بووە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و جۆرە ناسەقامگیرییەكی ئەمنیی دروست كردووە. هەروەها سەرەڕای هەوڵەكانى حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گرنگیی نەگواستنەوەی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان توركیا و چەكدارانی پەكەكە بۆ سەر خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم شەڕە گوازراوەتەوە سەر خاكی هەرێمی كوردستان. ئەم هەڕەشەیە هەروەك چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا بوونی هەبووە، لە ساڵی 2024یش بەردەوام دەبێت و ئەمەیش هەرێمی كوردستان زۆر تەریق (ئیحراح) دەكاتەوە.

سێیەم: ڕووداوەكانی سووریا لە ساڵی 2011وە تا ئێستا كۆتایییان پێ نەهاتووە و ئەم ڕووداو و پێشهاتانەی سووریا كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووە، كە گرنگترینیان ڕووكردنی ژمارەیەكی زۆری پەنابەری سوورییه‌ بۆ هەرێمی كوردستان. هەرچەندە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی بارودۆخێكی داراییی سەخت بۆتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێشوازیی لە پەنابەرە سوورییەكان كردووە و ئێستایش ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ماونه‌ته‌وه‌ و خه‌ریكه‌ به‌شێكی به‌رچاویان له‌ هه‌رێمی كوردستان جێگیر ده‌بن. جێگیربوونی په‌نابه‌ره‌ سوورییه‌كان له‌ شاره‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ئه‌منییه‌ بۆ سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م دۆخه‌ ئێستا هه‌ستی پێ ده‌كرێت به‌ڵام نیشانه‌ی زیاتری ئه‌م بارودۆخه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ساڵی 2024 زیاتر به‌ده‌ربكه‌وێت و به‌مه‌ش ناوه‌ستێت، چونكه‌ ئه‌م پرسه‌ ڕه‌هه‌ندێكی دوورمه‌ودایشی هه‌یه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ قۆناغ و ساڵانی داهاتوو زیاتر و زه‌قتر به‌ده‌ربكه‌وێت.

هه‌ر له‌ سووریاوه‌ به‌هۆی ناله‌باریی بارودۆخی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری، كاریگه‌ریی زیاتری بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت؛ چونكه‌ ڕووداو و پێشهاته‌كانی سووریا به‌رده‌وام كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ئاسایشی عێراق و هه‌رێم هه‌بووه‌ و، پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م مه‌ترسییه‌ له‌ ساڵی 2024یش درێژه‌ی پێ بدرێت.

چواره‌م: ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی چه‌ندان كێشه‌ و گرفتی هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ ساڵی داهاتوو بۆ واشنتۆن ساڵێكی سه‌خت و پڕكێشه‌ و گرفت بێت؛ چونكه‌ له‌ لایه‌ك قه‌یرانی ئۆكراینا درێژه‌ی هه‌یه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌ ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌ ڕێگه‌ی میلیشیاكانییه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ر یه‌ك عێراق، لوبنان، سووریا و یه‌مه‌ن هه‌یه‌تی، به‌رده‌وام گوشار ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌مریكا. به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌یش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له‌ ئه‌مریكا كه‌ بڕیاره‌ له‌ 5ی ئه‌یلوولی ساڵی 2024 ئه‌نجام بدرێت، گوشارێك و ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی خستۆته‌ سه‌ر لایه‌نه‌كان. بۆیه‌ ساڵی 2024 له‌وانه‌یه‌ به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابردوو جموجۆڵ و موزایه‌داتی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووریی زیاتر له‌خۆ بگرێت. هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 2024 هه‌ڵبژاردن له‌ زیاتر له‌  شه‌ست وڵاتی جیهاندا به‌رێوه ‌ده‌چێت؛ بێ گومان ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جیهان و ناوچه‌كه ده‌بێت‌، چونكه‌ چاوه‌رێی ڕوودانی هه‌ندێك گۆڕانكاریی به‌رچاو له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كان ده‌كرێت. ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ دیسان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ به‌رپرسانی حكوومی و حزبیی هه‌رێم، كاری جددی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كان بگونجێنن؛ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ و قه‌یرانی قووڵ ده‌بنه‌وه‌.

 دەرفەتەکان چین بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤؟

سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییانه‌ی كه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ببێته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێشبینی ده‌كرێت هه‌ندێك ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسێت كه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ گرنگترینیانه:

یه‌كه‌م: پێشبینی ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و خراپی و ئاڵۆزی بچێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا، ده‌كرێت هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، سیاسه‌تێكی هاوسه‌نگ په‌یڕه‌و بكات. هه‌رچه‌نده‌ زۆر سه‌خته‌ بتوانرێت له‌ كێشه‌ و گرفتێكی ئاوادا یه‌كه‌یه‌كی فیدراڵیی وه‌كوو هه‌رێم بتوانێ به‌ئاسانی ئه‌م هاوسه‌نگییه‌ ڕابگرێت، به‌ڵام بوون به‌ ته‌ره‌ف له‌ ململانێ‌كان زیانی زیاتری ده‌بێت. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران، ده‌كرێ ببێته‌ ده‌رفه‌تێك له‌ ئه‌گه‌ری په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌؛ له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر به‌باشی و له‌ چوارچێوه‌ی ستراتیژییه‌تێكی دیاریكراوی ئامانجدار هه‌ڵسوكه‌وت نه‌كرێت، ئه‌وه‌ زیانی زیاتر ده‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان و ساڵی 2024ی لێی قورستر و سه‌ختر ده‌كات.

دووه‌م: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ گوشاری ئێران لایه‌نه‌ شیعه‌كانی نزیك تاران له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌ك ڕێك خراون و حكوومه‌تیان پێك هێناوه‌ و له‌ په‌رله‌مان زۆرینه‌ی كورسییه‌كانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌ شیعانه‌ له‌ نێوخۆیاندا كۆك نین و چه‌ندان گرفت و كێشه‌ هه‌یه‌ له‌ نێوانیاندا. به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا حزبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سوودیان له‌م خاڵه‌ نه‌بینیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كوو كارتێكی گوشاری ناڕاسته‌وخۆ به‌كاری بهێنن؛ به‌پێچه‌وانه‌ی لایه‌نه‌ شیعه‌كان كه‌ توانیویانه‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی زۆر به‌باشی بقۆزنەوە و له‌ چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیاندا بەکارى بهێنن. له‌ لایه‌كی دیكه‌ هێزه‌ شیعه‌كان گوشارێكی به‌رچاویان كردۆته‌ سه‌ر لایه‌نه‌ سوننه‌كانی عێراق؛ واتە نێوانی حزب و گرووپه‌ سوننه‌كان و شیعه‌كان باش نییه‌ و پڕیه‌تی له‌ كێشه‌ و گرفت. ده‌كرێ ئه‌م خاڵه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستان له‌ دژی لایه‌نه‌ شیعه‌كان به‌كار بهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی قورسایییه‌كی به‌رچاو له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ده‌ست بهێنن. به‌ڵام بۆ جێبه‌جیكردنی ئه‌م خاڵه،‌ مه‌رجه‌ نێوماڵی كورد یه‌ك بخرێت؛ كه‌ ئه‌مه‌یش كارێكی ئاسان نییه،‌ به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا مه‌حاڵ نییه‌.

سێیه‌م: هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی پابه‌ندی مه‌رجه‌كانی به‌غدا و لایه‌نه‌ شیعه‌كان بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی مووچه‌ و بوودجه‌ی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ له‌ هیچ كات و قۆناغێکدا هه‌رێم ئه‌وه‌ندە مه‌رجه‌كانی به‌غدای جێبه‌جێ نه‌كردووه‌؛ كه‌ ده‌كرێت به‌هۆی ئه‌م خاڵه‌وه‌ زیاتر گوشار بخرێته ‌سه‌ر به‌غدا و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ شیعه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی مووچه‌ی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكه‌ن؛ به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌م دەرفەتە‌ به‌باشی له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ به‌كار بهێنریت. واتە ئێستا ده‌رفه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ دارایییه‌كانی هه‌رێم هه‌یه‌ و پاڵپشتی و هاوسۆزییه‌كی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دروست بووه‌؛ به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌كرێت پرسی مووچه‌ و بوودجه‌ی هه‌رێم له‌ ساڵی 2024 چاره‌سه‌ر بكرێت. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌مه‌یش له‌به‌رچاو بگیرێت، چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ ئاسان نابێت و پێویستی به‌ كۆششێكی چڕ و ئیراده‌یه‌كی پته‌و هه‌یه‌.

چواره‌م: به‌هۆی زۆربوونی گوشاره‌ نێوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییەکان بۆ سه‌ر هه‌رێم و دروستبوونی چه‌ندان قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی له‌ ناوچه‌كه‌دا، ئێستا بارودۆخه‌كه‌ له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و له‌ چوارچێوه‌ی “ڕێكکه‌وتننامه‌یه‌كی ستراتیژیی درێژخایه‌ن” هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتار بكه‌ن. بێ گومان ئه‌مه‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌مه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌وا ویست و ئیراده‌یه‌كی نیشتمانی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، كه‌ نابێت پارتی و یه‌كێتی فه‌رامۆشی بكه‌ن. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین بارودۆخه‌كه‌ له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی زیاتر لێك نزیك ببن و كێشه‌كانیان تا ڕادده‌یه‌كی باش چاره‌سه‌ر بكه‌ن. هه‌رچه‌نده‌ بنه‌ما و كێشه‌ی دوو-ئیداره‌یی زۆر سه‌خته‌ كۆتاییی پێ بێت، به‌ڵام لانی كه‌م ده‌كرێت به‌پێی پێشهات و گۆڕانكارییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان له‌ ساڵی 2024، خۆیان له‌گه‌ڵ دۆخه‌ تازه‌كه‌ بگونجێنن و له‌ چوارچێوه‌ی به‌ر‌ژه‌وه‌ندیی باڵای هه‌رێمی كوردستان كۆ ببنه‌وه؛‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نه‌ مێژوو و نه‌ ئه‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ گه‌نجه‌ (Z Generation) ڕه‌حه‌م به‌ هیچ لایه‌ك ناكات، چونكه‌ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتۆته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار.

پێنجه‌م: ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا هەنگاوێكی گرنگه‌ بۆ ڕاستكردنەوه‌ی ئەو هەڵانەی كە پێشتر كرابوون، وەك: ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكان لە كات و وادەی خۆیدا، كارانەكردنی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم. بۆیە ئەم دەرفەتە دەبێت بەباشی بەكار بهێنرێت بە مەبەستی دووبارەنەكردنەوەی ئەو هەڵە ستراتیژییانەی كە پێشتر كرابوو و، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ئەمە باش بزانن كە هەر كێشە و قەیرانێكی سیاسی دەبێتە مەترسییەكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و، دەكرێ دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2024، گرفتە ستراتیژییەكانی وەكوو دیاریكردنی یاسای هەڵبژاردن، بە شێوەیەك کە بۆشاییی یاساییی لێ نەكەوێتەوە، چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی دووبارە دامەزراوە فەرمی و دەستووری و یاسایییەكانی هه‌رێم نەكەوێتە ژێر ڕەحمی دادگەی باڵاى فیدراڵی لە بەغدا.

كۆبەند

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی بۆتە گۆڕەپانی ململانێی هێزه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و میلیشیا چه‌كداره‌ جۆراوجۆره‌كان. به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش كه‌وتۆته‌ نێو جه‌رگه‌ی ئه‌م ناوچه‌ گه‌رموگوڕه‌ی جیهان، ئه‌م پێشهات و ڕووداوانه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ستیان پێ ده‌كرێت و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان كاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری و داراییی هه‌رێم. بۆیه‌ سه‌ركردایه‌تیی كورد ده‌بێ ئاماده‌كارییه‌كی باش بكات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ ناله‌بارانه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ ساڵی 2024 له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی ڕوو بده‌ن؛ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان زیانێكی زۆری به‌رده‌كه‌وێت و پێ ده‌نێتە قۆناغێکەوە، كه‌ ئه‌سته‌مه‌ دووباره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخه‌ باشه‌كه‌ی جارانی. له‌ كۆتاییدا ده‌توانین بڵێین هەڕەشە سیاسی و ئەمنی و سەربازی و ئابووری و دارایییه‌كان له‌ ئاسته‌ ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئەم جارەیان زۆر جددین و مەترسیدارن؛ بە شێوەیەك ئەگەر بە عاقڵانە و بیرێكی ستراتیژی بەرەنگاری،ی نەكرێت ئەوە بەبێ هیچ یەك و دوو خەباتی دەیان ساڵی پێشمەرگە و تێكۆشەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بەهەدەر ده‌چێت و كرۆكی سەركەوتنی كورد لەم بارودۆخه‌ی‌ ئێستا و داهاتوودا ته‌نیا و ته‌نیا بریتییه‌ له‌ ڕێكخستنی نێوماڵی كورد و وەڵانانی بیری تەسكی حزبایەتی‌ لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی كوردستان.