ئاڵۆزییەکانی کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و دەرەنجامەکانی
د. چنار بابەکر محەمەد، دکتۆرا لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، مامۆستای زانکۆ
دەسپێك
ئیدارە جیاجیاکان لە ئەمریکا بە درێژاییی تەمەنی دەسەڵاتدارێتییان، گرنگییان بە ستراتیژیی بەهێزکردنی تواناکانی وڵاتەکەیان داوە بۆ ئەوەی هێزێکی کاریگەر بن لە جیهانێکی پڕکێبڕکی و ململانێی نێوان دەوڵەتە زلهێزەکان. ئەمڕۆ ئەمریکا جیاواز لە چەند دەیەی ڕابردوو بەڕاستی لەناو ژینگەیەکی پڕ لە ململانێیە و، ململانێکان تا ڕاددەیەك بوون بە مایەی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو زلهێزە؛ بۆیە پێویستە ئەمریکا بۆ مانەوەی وەکوو زلهێزێکی جیهانی، بەردەوام بەهۆشیارییەوە هەنگاو بنێ و هەنگاوەکانی نەبن بە مایەی زیان بۆ سەر بەرژەوەندییە باڵاکانی.
دەبینین بۆ زیاتر پەیڕەوکردنی ئەم بیرۆکەیە پاش سەردەمی جۆرج بۆش، کە تێوەگڵانی ڕاستەوخۆی، کرد بە ئامراز، هەر لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیدارەی باراك ئۆباما تاوەکوو ئەمڕۆ، ئەمریکا نەچۆتە ناو جەنگی ڕاستەوخۆ؛ جا ئایا هۆکارەکان ناوخۆیی بوون یان هۆکارە نێودەوڵەتییەکان هاندەر بوون بۆ خۆبەدوورگرتن لە جەنگی ڕاستەوخۆ، ئەمەیش وای لە ئەمریکا کردووە خوێندنەوەی ورد بۆ هەموو هەنگاوەکانی بکات، تا بتوانێ بە تێچوویەکی کەم، پێگەی خۆی وەکوو هێزێکی کاریگەر لە جیهان بپارێزێ.
ئەمڕۆ لە پاڵ ئەو ململانێیەی، کە لە نێوان زلهێزەکان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بەرچاوە، سەرهەڵدانی هێزە هەرێمییەکان بووە بە مایەی نیگەرانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ ئایا ئەم هێزە هەرێمییانە تا چەند دەتوانن زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمریکا بگەیەنن؟ بە خۆیندنەوی وردی ستراتیژیی ئەمریکا دەردەکەوێ، چۆن بەپێی جوگرافیای جیاواز، ئەمریکا سیاسەتەکانی پەیڕەو دەکات. ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە گۆڕەپانێکی ئاڵۆز، بەتایبەتی کاتێ دەبینرێ، چۆن کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی باڵە میلیشیایییەکانییەوە هەڕەشەی بۆ سەر بەرژەوەندی و هاوپەیمانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دروست کردووە.
گفتوگۆ و شرۆڤەی زۆر لەسەر ئەوە دەکرێ، ئایا ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە عێراق دەکشێتەوە؟ ئایا ئەمریکا وەکوو زلهێزێکی جیهانی لەم ناوچەیە، واز لە هەموو ئەو ستراتیژە درێژخایەنانەی خۆی دەهێنێ؟ ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیە بکشێتەوە، کێ جێگەی پڕ دەکاتەوە و، ئایا ئەو کشانەوەیە چ سوودێکی بۆ ئەمریکا دەبێ؟
بەکارهێنانی هێزی زیرەك بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان
“جۆزیف نای” لە کتێبی “داهاتووی هێز” ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەمریکا وەکوو هێزێکی سەرەکی لە جیهان دەمێنێتەوە، نەک وەکوو هێزەکی سەردەست (The dominant power). بۆیە پێویستە لەسەر ئەم هێزە سەرەکییە، بەوردی خوێندنەوە بۆ بارودۆخى جیهان بکات و لە هەڵسوکەوتەکانی جەخت لەسەر بەکارهێنانی هێزی سمارت (زیرەک) بکاتەوە و تێکەڵی هێزی نەرم و ڕەقی بکات، تاوەکوو بەردەوام بێت لە پاراستنی ئەو سیستەمە لیبراڵییەی، کە خودی ئەمریکا دای مەزراندووە. واتا ئەمریکا چیتر پەل بو هێزی ڕەق و تێوەگڵانی ڕاستەوخۆ نەهاوێژێت.
لەم جیهانەدا بۆ ئەمریکا مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هێزە ناودەوڵەتییانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی نێودەوڵەتی، قورستر و مەترسیدارترە لەسەر پێشەنگێتیی ئەمریکا، تاوەکوو مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتەکان. بۆیە ئەمریکا لە چارەسەرکردنی کێشەی ئەکتەرە ناودەوڵەتییەکان و بەرەنگاربوونەوەیان، پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی دەبێت.
ئەگەر بە گوێرەی ستراتیژیی بنەڕەتیی ئەمریکا خوێندنەوە بۆ ئەم بابەتە بکەین، ئەوا ئەمریکا هیچ مەبەستی نییە لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە لە جیهاندا پاشەکەشەی پێ بکرێ و هەر جارێ لە شوێنێک هێزی کشاندبێتەوە، هێزێکی تری هاوپەیمانی شوێنی پڕ کردۆتەوە؛ چونکە ئەمریکا نایەوێ مەترسی بۆ سەرکردایەتیبوونی و پێشەنگێتی دروست بێت.
گرنگیی عێراق بۆ ئەمریکا و کێشەی میلیشیاکان
ئەمڕۆ عێراق بووە بە ناوچەیەکی گرنگ لەناو ستراتیژیی دەرەوەی ئەمریکا؛ هەرچەندە دەکرێ تێوەگڵانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، جیاوازیی هەبێ لە تێوەگڵانی ئەو وڵاتە لە سووریا، چونکە نابێت ئەو تێچووە ماددی و گیانییەی، کە ئەمریکا بۆ ڕزگارکردنی عێراق خەرجی کردبوو، نادیدە بگیرێ و دواجار عێراقیش ببێ بە مایەی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژ دوای ڕۆژ کێشە و ئاڵۆزییەکان بەهۆی جەنگ و هێرشەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران زیاتر بن.
ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دوای ٧ى ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و بەهۆی جەنگی حەماس و ئیسرائیل ڕووی لە زیادبوون کردووە و کاریگەریی لەسەر بوونی هێزە هاوپەیمانەکان لە عێراق دروست کردووە، کە لەلایەن ئەمریکا سەرکردایەتی دەکرێ. میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران، نزیکەی ١٥٠ هێرشی درۆنی و مووشەکییان دژ بە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ئەنجام داوە و لای خۆیەوە ئەمریکا وەڵامی ئەم هێڕشانەی بە هێرشکردن بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو میلشیایانە داوەتەوە.
ئەمەیش وای کردووە، گوشارەکانی ئەو میلیشیایانە بۆ سەر حکوومەتی سوودانی زیاد بکات، تاوەکوو داوا لە هێزەکانی ئەمریکا بکات، لە عێراق بکشێنەوە. بەتایبەتی کاتێ هێزەکانی ئەمریکا لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ هێرشیان کردە سەر بارەگای “حەرەکەت ئەلنوجەبا”ی سەر بە حەشدى شەعبی، ئەم گرووپە- کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران هاوکاریی لۆجیستی دەکرێ-، فەرماندەیەکی بە ناوی “ئەبو تەقوا” لە ئەنجامی ئەو هێرشە کوژرا، بۆیە حکوومەتی عێراق ناچار بوو، داوا لە هێزەکانی ئەمریکا بکات کۆتایی بە مانەوەیان لە عێراق بهێنن.
هۆکارەکان بۆ نەکشانەوەی ئەمریکا لە عێراق
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئێستا ژمارەیان ٢٥٠٠ کەسە و لە دوای ٢٠١٨ بەفەرمی ئەرکیان بۆ ڕاوێژکاری گۆڕاوە. هەرچەندە ئەم گوشارانە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا زیاد بووە و ئەمەیش نوێ نییە، چونکە پێشووتر لە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ ڕێژەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق- بێجگە لە ئەندامانی کورد و سوننە- دەنگیان لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق داوە. بەڵام دوای ئەو، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، هەڕەشەی لە عێراق کرد و وتی: “ئێمە ٣٥ ملیار دۆلاری عێراقمان لە لایە؛ یان ئەوەتا دەبێ لە بەرامبەر کشانەوە پارەمان بدەنێ، یان ئێمە ناکشێینەوە و ئەگەر بکرێ سزاش دەخەینە سەر عێراق.”
بۆیە ئەم کشانەوەیە وەک ئەو گوشارانەی ناوخۆی عێراق سەرى نەگرت، بەڵام ئەوەی کە ئێستا دووبارە داوای کشانەوەی ئەمریکا دەکەن- بەتایبەت دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی حزبوڵڵا و حەشدی شەعبیی سەر بە سوپای پاسداران لە عێراق- و دیسان گفتگۆ دەستی پێ کردەوە، ئەم جارە لەسەردەمی ئیدارەی بایدن ڕووی دا. ئێمە پێمان وایە ئەم کشانەوەیە ڕوو نادات. ڕاستە دیالۆگ کراوە لەسەر ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ ئەم کشانەوەیە ئەنجام بدرێ، یان پەیوەندییەکان ببنە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر ئاستی ئاسایشی لە عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوی تیرۆر، بەڵام دوای ئەوەی لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، واتە سێ ڕۆژ دوای دیالۆگی دوولایەنە بۆ ڕێککەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانەکان لە عێراق، کەتائیبی حزبوڵڵای سەر بە ئێران لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن لە نزیکی سنوورەکانی عێراق و سووریا، هێرشی درۆنییان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هێرشەکان کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی و زیاتر لە ٤٠ سەربازی بریندارى لێ کەوتەوە، کاریگەری دروست بوو لەسەر بڕیارەکان بۆ کشانەوەی هێزی ئەمریکا. دەرەنجام ئەمریکا لە ڕێکەوتی ٢ لەسەر ٣ی شوباتی ٢٠٢٤ لە ڕێگەی هێزی زیرەکی خۆی بەرپەچی ئێران و باڵەکانی دایەوە؛ ئەوەیش لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی بنکەکانی سەر بە حەشدی شەعبی و حزبوڵڵا لە عێراق و سووریا. دیارە ئەو هێرشانە تا نووسینی ئەم ڕاپۆرتە بەردەوامە؛ ئەگەرچی ڕاستەوخۆ هێرش نەکراوەتە سەر خاکی ئێران. ئەمەیش دەچێتە ناو چوارچێوەی سیاسەتی تەنیا چاوترساندن و تۆڵەکردنەوە، چونکە ئەمریکا نایەوێ ڕاستەوخۆ بچێتە ناو جەنگێکی سەختەوە. هەر ئەم کاردانەوە و گرژییانەیش دەبێتە مایەی دروستبوونی سستینواندن لە ئەنجامدانی دیالۆگ سەبارەت بە کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.
هەرچەندە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویەتى لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە، لە ناوچەکە ناسەقامگیری دروست بکات و ڕێگری بکات لەوەی هێرشەکان بێتە ناو خاکی ئێران، بەڵام سەرقاڵکردنی هێزەکانی ئەمریکا بەم هێرشکردنە سەر ئەم میلیشیایانە وای کردووە، ئەمریکا نەک تەنیا مەبەستی کشانەوەی نەبێ، بەڵکوو لە ئێستادا کار بۆ ئەوە بکات هێزەکانی لە ناوچەکە وەکوو خۆیان بمێننەوە. لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ئێستا لەو باوەڕەدایە ئێران ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا دروست کردووە- بەتایبەتی لە ڕێگەی هێرشەکانی حووسییەکانی یەمەن گرفتی بۆ ڕێرەوە ئاوی و بازرگانییەکان دروست کردووە-، بۆیە لێدانی ئەم میلیشیایانە شەرعییەتی پەیدا کردووە و ئەگەر ئەمەیش بەردەوام بێت، ئەوا ئێران لە داهاتوودا ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ناو بازنەی جەنگی ئەمریکا؛ ئەگەرچی ئەم بابەتە لە ئێستادا نەچۆتە سەر مێزی گفتوگۆ و پلاندانان.
هەڵسەنگاندی ئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دوای ٢٠١١
لە ١٣ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٧ جۆرج بۆش ڕای گەیاند، “ئێمە داواکارین لە دراوسێکانی عێراق لە ڕێگەی پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە سەقامگیری بۆ عێراق و ناوچەکە بگەڕێننەوە و، نابێ سپۆنسەری ئەو گرووپە توندڕەوانە بکەن، کە مەبەستیانە سەقامگیریی ناوچەکە تێک بدەن.” ئەم وتارەی بۆش دەری دەخات، کە ئەمریکا بڕیاری دابوو هێزەکانی لە عێراق کەم بکاتەوە، بۆیە لە ١٤ى کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ ڕێککەوتننامەی دووقۆڵی، کە بە “سۆفا” (Status of forces Agreement (SOFA)) ناسراوە، واتە ڕێککەوتننامەی ڕەوشی هێزەکان، لە نێوان نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی عێراق و جۆرج دەبلیۆ بۆش، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا واژۆ کرا، بۆ ئەوەی گۆاستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و بەجێهشتنی عێراق جێبەجێ بکرێ. ئەم ڕێککەوتننامەیە لە ئیدارەی ئۆباما بەردەوامیی هەبوو، تا ئەو کاتەی لە ساڵی ٢٠١٠ ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا بە ناوی ڕاوێژکار و مەشقی سەربازی، بوون بە ٥٠ هەزار. لە ساڵی ٢٠١١ دەبوو ٢٠ تا ٢٤ هزار کەس لەو هێزانە بمابانەوە، بەڵام ئیدارەی ئۆباما پێداگر بوو لەوەی، بەپێی ڕێککەوتنی سۆفا، دەبێ مانەوەی هێز بە ڕەزامەندیی پەرلەمانی عێراق جێبەجێ بکرێ. بەڵام ڕێککەوتننامەکە لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا سەرکەوتوو نەبوو، جا ئایا بە هۆکاری گوشارەکانی ناوخۆی ئەمریکا بووبێت لەسەر ئیدارەی ئۆباما، یان بە هۆکاری گوشارەکانی ناوخۆی عێراق بووبێت لەسەر حکومەتی مالیکی؛ چونکە ئەو کاتە مالیکی مەبەستی بوو خۆی دووبارە بۆ سەرۆکایەتی حکومەت کاندید بکاتەوە، بۆیە دەبوو بەپێی خواستی ناوخۆ بجووڵێ. ئەمەیش وای کرد ئۆباما لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١١ بە مالیکی ڕابگەیەنێت، کەوا ئەمریکا تا کۆتاییی ساڵی ٢٠١١ هێزەکانی لە عێراق بۆ “سفر سەرباز” کەم دەکاتەوە؛ واتا هەموویان دەکشێنێتەوە. دواجار هەموو هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی ئۆباما لە عێراق کشانەوە.
لە ئاکامی ئەو بۆشایییەی کە ئەمریکا لە عێراق بەجێی هێشت، گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئەلقاعیدە لە ڕێگەی ئەبوبەکر بەغدادی، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، ناسراو بە “داعش”یان دامەزراند. بەڵام لە ئەیلوولی ٢٠١٤ ئیدارەی ئۆباما ڕێگەی دا، هاوپەیمانان بەشدار بن لە جەنگی دژ بە تیرۆر. دواتر ژمارەیەك لە هێزی هاوپەیمانان لەژێر ناوی ڕاوێژکار و ڕاهێنەری سەربازی هاتنە ناو خاکی عێراق. ئەمریکا لەو کاتەدا ڕاستەوخۆ لە جەنگ تێوە نەگڵابوو و، هێزەکانی ئەمریکا بۆ جەنگ بەکار نەدەهێنران؛ تەنیا لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانیی دژ بە داعش، هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سووریای ئازاد، هەسەدە و یەپەگە و هێزە عێراقییەکانی دەکرد.
بۆیە ستراتیژیی ئەو سەردەمەی ئیدارەی ئەمریکا بۆ جەنگ، ستراتیژیی دەستێوەرنەدان بوو. ئەمەیش وای کرد هێزە میلیشیاکان سەر هەڵبدەن و بەهێز بن؛ تەنانەت ئەو ستراتیژە بووە هۆکاری زیادکردنی هەژموون و فراوانخوازییەکانی ئێران لە عێراق و ناوچەکە. بەدڵنیایییەوە ئەو سیاسەتەی ئەمریکا کە لە ڕاپۆرتی “بیکەر هامیلتۆن”ی ساڵی ٢٠٠٦ ئاماژە و پێشنیاری کردبوو بۆ کرانەوەی دەرگەی دیپلۆماسی بەسەر ئێران و هاتنی ئێران بۆ ناو عێراق بە بیانووی ڕێگریکردن لە ناسەقامگیری و سپۆنسەرنەکردنی گرووپە توندڕەو و میلیشیاکان، سەرکەوتوو نەبوو.
ئێران نەک تەنیا نەیتوانی ببێت بە مایە سەقامگیری بۆ عێراق، بەڵکوو لە ڕێگەی سپۆنسەرکردنی میلیشیاکان و دامەزراندنی گرووپە چەکدارە جیاوازەکان لە عێراق، فراوانخوازییەکانی باڵی کێشا بۆ سەر یەمەن، سووریا، لوبنان و غەززە. ئەمەیش وای کرد ئێران ببێت بە هێزێکی دروستکەری ناسەقامگیری و تەنانەت ببێ بە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکە و کێشە بۆ ڕێرەوە ئاوی و بازرگانییەکان دروست بکات، تا ئەو ڕاددەیەی بەبەردەوامی هێرش بکرێتە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و لە ڕێگەی چەکدارە حووسییەکانی لە یەمەن هێرش بکرێتە سەر کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان. لە ئێستادا لە پاڵ هەڕەشەی تیرۆر، کە هێشتا بوونی هەیە، ئێران و میلیشیاکانی، بەتایبەتی دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بوون بە فاکتەرێکی تری هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق
یەکەم: عێراق وڵاتێکی ناسەقامگیرە و پڕە لە ناکۆکیی ئێتنی و مەزهەبی. عێراق لە ئێستادا بەتەواوی کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١١، کاتێ ئەمریکا لە عێراق کشایەوە، ئێران ئەو ڕۆڵە بەرفراوانەی ئێستای نەبوو. ئێستا ئێران نەک تەنیا وەکوو ئەمریکا پێی وابوو نەیتوانی سەقامگیری لە عێراق دروست بکات، بگرە بووە مایە ناسەقامگیری و هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. بۆیە لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا، ئەم بۆشایییە لە ڕێگەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران پڕ دەکرێتەوە و چارەنووسی ئەم ناوچەیە دەکەوێتە بەر مەترسی؛ بەتایبەتی چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسی، کە تاوەکوو ئێستا لە بەرامبەر هەڕەشە و سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئێران خۆڕاگر بووە و بەرگریی کردووە.
دووەم: بەرەی مقاوەمە بەهێزتر دەبێت. ئەوەیش وا دەکات، دووبارە ڕێکخراوێکی تۆندڕەوی ئیسلامی، هاوشێوەی داعش، یان دووبارە خودی داعش سەر هەڵبدات و جارێکی تر ناوچەکە بکەوێتە ناو تەنگژەیەکی ترەوە.
سێیەم: ستراتیژیی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین و ڕووسیا، خاڵێکی تری مانەوەی ئەمریکایە لەم ناوچەیە. ئەگەر ئەمریکا لە ناوچەکە بکشێتەوە، ئەوا بۆشایی دروست دەبێت؛ چین و ڕووسیا کار بۆ دەکەن. ئەو کاتە تەواوی ناوچەکە- بە ڕێرەوە بازرگانی، ئەمنی و جیۆپۆلیتیکییەکانەوە- دەکەوێتە ژێر دەست ئەم زلهێزانە.
چوارەم: لەگەڵ بەهێزتربوونی ئێران و پڕکردنەوەی بۆشایییەکان لەلایەن ڕووسیا و چین و بەهێزبوونی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە، دەکرێ مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست بێ؛ ئاشکرایە کەوا، ئاسایشی ئیسرائیل لەناو بەرژەوەندی و ستراتیژیی نیشتمانی و بەرگریی ئەمریکادایە و دەیان ساڵە ئەو ستراتیژە هەیە و، دەبێ بپارێزرێت.
کۆبەند
پێم وایە لە دەرەنجامی ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، سیناریۆکانی ئاماژەم پێ کرد، ڕوو دەدەن. لە ئێستادا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیا، ئەمریکا لە ئەوروپا سەرقاڵە. لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی فراوانخوازییەکانی چین، ئەمریکا چالاکە. هەروەها ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حەماس و پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل و ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بێجگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، سەرقاڵە. لە پاڵ ئەو هەموو تێوەگڵانە ئەمریکا لە عێراق ناکشێتەوە، چونکە ئەمریکا عێراق بە ناوەندی ستراتیژیی سیاسەتەکانی دەزانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، عێراقی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە دەستنیشان کردووە. بۆیە لە پاڵ هەموو ئەرکەکانی تر، ئەمریکا بۆشایی بۆ چین و ڕووسیا بەجێ ناهێڵێ.
تا ئەو کاتەی ئێران هەڕەشەیەکی زۆر گەورە نەبێ بۆ سەر بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەمریکا، ئەوا ئەمریکا ڕاستەوخۆ ناکەوێتە ناو جەنگ لەگەڵ ئێران و، ئەمریکا بەو شێوەیەی ئێستا لە بەرپەرچدانەوە و ترساندنی ئێران بەردەوام دەبێ. زەرەرمەندی سەرەکی لەم کایە هەرێمی و نێودەوڵەتییە، ئەو دەوڵەتانەن کە بوون بە لانەی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران، وەکوو: عێراق، سووریا، یەمەن، لۆبنان و فەڵەستین. ئەم ناوچانە لە ئێستادا چوونەتە ناو نەخشەی ستراتیژیی ئەمریکا بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئێران. تا ئەو کاتەی سەروەریی عێراق بۆ خودی عێراقییەکان نەگەڕێتەوە، سەقامگیری لە عێراق دەستەبەر ناکرێت و عێراق بەبەردەوامی دەبێتە ناوچەی یەکلاکردنەوەی کێشەکان و جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل.
سەرچاوەکان:
“U.S. signals it is open to withdrawing some troops from Iraq” washingtonpost, Jan 25, 2024, available at; https://www.washingtonpost.com/national-security/2024/01/25/iraq-syria-pentagon-military/
Al Makhzoomi, Khairudeen & Minatullah Al obaidi, “ The dangerouse concequences of U.S. withdrawal from Iraq” Washingtoonpost, Feb 3, 2020, retrieved Feb 3, 2024, available at; https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/dangerous-consequences-us-withdrawal-iraq
Brands, Hal, “Barack and dilemmas of American strategy” in American grand strategy in the age of Trump” Brookings institution press, 2018, pp. 135-141
CNBC, “State Department tells Iraq it will not discuss US troop withdrawal” January 10, 2020, retrieved Feb 3, 2024, available at; https://www.cnbc.com/2020/01/10/state-department-tells-iraq-it-will-not-discuss-us-troop-withdrawal.html
Friedman, Thomas L. “A Biden Doctrine for the Middle East Is Forming and It’s Big” New York Times, Jan 31, 2024, available at: https://www.nytimes.com/2024/01/31/opinion/biden-iran-israel.html
Security Council Report, “February 2024 Monthly Forecast” retrieved January 3, 2024, available at: https://www.securitycouncilreport.org/monthly-forecast/2024-02/iraq-22.php
Trump, J. Donald, “Trump tells Ingraham Iraq should pay US back if troops leave country” FOXNEWS, Jan 10, 2020, Retrieved 5, 2024, available at: https://www.foxnews.com/media/trump-tells-ingraham-iraq-should-pay-u-s-back-otherwise-well-stay-there