ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق: سیناریۆ و لێکەوتەکان
موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپەیمانان له عێراق، بابه‌تێكه له دوای ساڵی 2003وه تا ئێستا به‌رده‌وام بۆته بابه‌تی ڕۆژه‌ڤ و به‌تایبه‌ت لایه‌نه سیاسییه ئیسلامییه شیعه‌كانی عێراق، پرسی كشانه‌وه‌ی ئه‌م هێزانه‌یان وه‌ك ئامرازێك و كه‌ره‌سته‌یه‌كی زیندوو پێش و پاش هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌ورووژێنن. هه‌ر حكوومه‌تێكی نوێ له عێراق كه پێك ده‌هێندرێت، گوشاری له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ كۆتاییهێنان به ئه‌رك و چالاكییه‌كانی هێزه بیانییه‌كان له عێراق. به‌ڵام ئه‌م پرسه پێ ناچێت ئه‌وها به‌ئاسانی و له ماوه‌یه‌كی كورتدا كۆتاییی پێی بێت، چونكه ئه‌مریكا ئه‌گه‌ر خۆی بڕیار له‌م بارەیه‌وه نه‌دات، زۆر زه‌حمه‌ته ئاوا به‌ئاسانی و له ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌ته‌واوه‌تی له عێراق بكشێته‌وه. له بابه‌تی ئه‌م جاره‌مان به شێوه‌یه‌كی گشتی باس له سیناریۆ و لێكه‌وته‌كانی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان ده‌كه‌ین له عێراق، كه له ماوه‌ی ڕابردوو دیسان بۆته بابه‌تێكی گه‌رمی ڕۆژه‌ڤ.
ئایا دەرچوونی ئەمریکا و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی لە عێراق، پرسێکی جددییە؟
حوکمڕانی له‌سه‌ر بنه‌مای پشكپشكێنه (محاصصه) له عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس سه‌ری نه‌گرت و تووشی شكستێكی گه‌وره بووه‌وه؛ چونكه عه‌قڵییه‌ت و تێڕوانینی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق تا ئێستا دووره له بنه‌مای شه‌راكه‌ت و سازان و یه‌كترقبووڵكردن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه ئاراسته‌یه‌كی مه‌ترسیدار له به‌غدا به‌ده‌ركه‌وتووه كه ده‌یه‌وێت حوکمڕانی له عێراق قۆرخ بكات و هه‌ر یه‌ك له سوننه و كورد په‌راوێز بخات؛ ته‌نانه‌ت ئه‌م ئاراسته و عه‌قڵییه‌ته، دژایه‌تیی هه‌ندێك لایه‌نی شیعەیش ده‌كا. ئه‌مریكاش ده‌ركی به‌م ڕاستییه كردووه كه‌وا تا ئێستا عێراقی دوای سه‌ددام حسێن له‌بار نییه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستبه‌رداری بێت و هێزه‌كانی خۆی به‌ته‌واوه‌تی لێی بكشێنێته‌وه. بۆیه ده‌توانین بڵێین بابه‌تی ده‌رچوونی ئه‌مریكا و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له عێڕاق پرسێكی جددییه و، ئه‌م لێكه‌وتانه‌ی خواره‌وه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه:
یه‌كه‌م: بابه‌تی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق ڕابردوویه‌كی خراپی هه‌یه، به‌تایبه‌ت دوای ساڵی 2011 كه هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكا به‌پێی ڕێكکه‌وتنی نێوان به‌غدا – واشنتن له عێراق به‌ته‌واوه‌تی كشانه‌وه، دۆخی ناوخۆی عێراق به‌ته‌واوه‌تی تێك چوو. لای هه‌مووان ئاشكرایه كه چۆن سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری عێراق، نووری مالیكی، هه‌وڵی دا ده‌سه‌ڵات قۆرخ بكات و به شێوه‌یه‌كی ڕاستەوخۆیش گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر سوننه و كورد و لایه‌نە شیعه‌كانی دژی، زیاد كرد و عێراقی به‌ره‌و هه‌ڵدێر برد. ته‌نانه‌ت ده‌كرێ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش به‌هۆی خراپ به‌ڕێوه‌بردنی عێراق بوو له‌سه‌رده‌می مالیكی كه سوننه و كوردی په‌راوێز خستبوو و جۆره نامتمانهیییهك له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا سه‌ری هه‌ڵدابوو. بۆیه واشنتن ئه‌گه‌ر بیر له كشاندنەوەی هێزه‌كانی له عێراق بكاتەوە، ئه‌وه ئەو مه‌ترسییە سه‌ره‌كییە لە ئارادیە کە تێكچوونی بارودۆخی ناوخۆی عێراقی لێ بكه‌وێته‌وه و ئه‌گه‌ری دووباره ده‌ركه‌وتنی داعش تا ئه‌م ساته له ئارادایه و به‌ته‌واوه‌تی له‌ناو نەچووە.
دووه‌م: جگه له تێكچوونی سه‌قامگیریی ناوخۆی عێراق، ئاسایشی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره ده‌بێته‌وه له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له عێراق؛ چونكه له حاڵه‌تی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا، ئه‌وه جووڵه و چالاكییه‌كانی میلیشیا له‌یاساده‌رچووه‌كان- هه‌رچه‌نده ئێستایش هه‌ندێك جووڵه و هه‌نگاوی بێزاركه‌ریان هه‌یه كه سه‌قامگیریی عێراق ده‌خاته مه‌ترسی- زیاتر ده‌بێت و ڕه‌هه‌ندێكی فراوانتر و مه‌ترسیدارتر له‌خۆ ده‌گرێت. ته‌نانه‌ت مه‌ترسیی ئهوەیش دێته ئارا كه ئه‌م میلیشیا له‌یاساده‌رچووانه كاریگه‌ریی خراپیان بۆ سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه ده‌بێت. واتا ده‌توانین بڵێین عێراقی بێ ئه‌مریكا، ده‌بێته گۆڕه‌پانێكی كراوه بۆ چالاكیی گرووپه چه‌كداره‌كانی دژی ئه‌مریكا.
سێیه‌م: عێراق ئه‌گه‌ر گوشار بخاته سه‌ر ئه‌مریكا بۆ كشاندنەوەی هێزه‌كانی، ئه‌وه هه‌رچه‌نده واشنتن ئاوا بەئاسانی ناكه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی گوشاره‌كانی به‌غدا (لایه‌نە شیعه‌كانی نزیك لە تاران)، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وەیشدا ئه‌گه‌ر ناچار كرا بكشێته‌وه، ئه‌وه ئه‌وكات كاردانه‌وه‌ی واشنتن به‌رامبه‌ر به‌م دۆخه له‌وانه‌یه زۆر توند بێت، به‌تایبه‌ت له ڕووه دارایی و ئابوورییه‌كه‌وه؛ چونكه بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌ركه‌وت كه‌وا به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر به دۆلاری ئه‌مریكی به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌مریكادایه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره ده‌توانین بڵێین یه‌كێك له مه‌ترسییه‌كانی ناچاركردنی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له عێراق، بریتییه له گوشاره ئابووری و دارایییه‌كانی واشنتن بۆ سه‌ر به‌غدا.
چواره‌م: عێراقی ئێستا به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رگه‌ی سزا ئابووری و بازرگانی و سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ناگرێته‌وه، چونكه بارودۆخه ناوخۆیییهكهی ئه‌وه‌نده شله‌ژاو و لاوازه، له هیچ بوارێكدا سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌تێكی ڕاست و دروستی نییه. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی ناچار بكرێن له كشاندنەوەی هێزه‌كانیان له عێراق، پێشبینی ده‌كرێت ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی له هه‌ندێك بواردا جگه له گوشاره دارایی و ئابوورییه‌كان، كه له خاڵی سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێیان كرد، هه‌ندێك جۆری دیكه‌ی سزا (وه‌كوو سزاى سیاسی، دیپلۆماسی، سه‌ربازی و هتد) بسه‌پێننه سه‌ر عێراق.
پێنجه‌م: هاوكێشه و نه‌خشه‌ی سیاسیی عێراق، به‌تایبه‌ت دوای ساڵی 2011، به‌ره‌و تاكڕەویی لایه‌ن و گرووپه سیاسییه شیعه‌كانی نزیك تاران هه‌نگاوی ناوه. هه‌رچه‌نده عێراقی دوای 2003 زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای سازان “ته‌وافوق”ى لایه‌نه سیاسییه هه‌مه‌جۆره‌كان بنیاد نراوه به‌ڵام دوای كشانه‌وه‌ی هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكا له عێراق له ساڵی 2011، كه‌شوهه‌وایه‌كی سیاسیی ناله‌بار دروست بووه. بۆیه ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان ناچار به كشانه‌وه بكرێن، ئه‌وه نه‌خشه سیاسییه ناوخۆیییهكهی عێراق تێك ده‌چێت و ئاڵۆزتر ده‌بێت و گرووپه شیعه‌كانی نزیك ئێران به‌ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵی عێراق ده‌كه‌ن و ڕێگه به لایه‌نه سیاسییه سوننی و كوردییه‌كانی عێراق ناده‌ن به‌شداری له پرۆسه‌ی سیاسیی وڵات‌دا بكه‌ن. واتا پێشبینیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی مه‌ترسیی دووباره قۆرخكردنهوهی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن گرووپێكی دیاریكراوه‌وه هەیە ئه‌گه‌ر واشنتن له عێراق كشایه‌وه.
شه‌شه‌م: ڕووسیا و چین دوو هێزی ڕكابه‌ری ئه‌مریكا و وڵاتانی ڕۆژاوان له عێراق و ناوچه‌كه‌دا. هه‌ر بۆشایییهكی ئه‌منی و سه‌ربازی و ئابووری و بازرگانی له عێراق دروست ببێت، ئه‌وه پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م دوو هێزه ڕوو بكه‌نه عێراق و ناوچه‌كه به مه‌به‌ستی پركردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایییه. هه‌رچه‌نده ئێستایش به چه‌ند شێوازێكی جیاواز كار كراوه كه ئه‌م دوو هێزه ڕوو له عێراق و ناوچه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له عێراق و ناوچه‌كه‌دا به‌ربه‌ستێكی كاریگه‌ره له به‌رده‌م فراوانبوونی ئه‌م دوو زلهێزه. واتا مه‌ترسیی ده‌ستاوده‌ستكردنی ناوچه‌كه له ئارادایه له نێوان ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی له‌گه‌ڵ ڕووسیا و چیندا له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ناچاریی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی له عێراق.
له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه، پێ ناچێت ئه‌مریكا ئه‌وها به‌ئاسانی عێراق به‌جێ بهێڵێت و گۆڕه‌پانه‌كه بۆ هه‌ر یه‌ك له ئێران و ڕووسیا و چین چۆڵ بكات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وەیشدا زۆر ئاماژه به دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئه‌فغانستان ده‌كرێت له عێراق. سه‌ره‌تا با ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین كه‌وا عێراق، ئه‌فغانستان نییه. ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌كی مێژووی ئه‌فغانستان بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه كۆنترۆڵكردنی ئه‌م وڵاته كارێكی سه‌خته و ده‌بێته كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی كه ده‌یه‌وێت داگیر و كۆنترۆڵی بكات؛ ته‌نانه‌ت یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ڕووخانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو داگیركردنی ئه‌فغانستان بوو. ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی دیكه له ساڵی 2020 واشنتن به ڕێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ تالیبان بڕیاری كشاندنەوەی هێزه‌كانی دا له ئه‌فغانستان؛ واتا ئه‌مریكا له ئه‌فغانستان ده‌رنه‌كرا به‌ڵكوو له ئه‌نجامی كارێكی هاوبه‌ش و له چوارچێوه‌ی ستراتیژییه‌تێكی دیاریكراو له‌گه‌ڵ تالیبان هێزه‌كانی خۆی كشانده‌وه. جگه له‌مه، بوونی تالیبان له ئه‌فغانستان به‌م فۆرم و شێوازه‌ی ئێستا وه‌كوو گوشارێكیش بۆ سه‌ر ئێران ده‌بینرێت. بۆیه به‌راوردكردن له نێوان عێراق و ئه‌فغانستان كارێكی زانستی و لۆژیكی نییه.
لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە لەسەر هه‌رێمی كوردستان و عێراق چی دەبێت و چ كاریگه‌رییه‌كی ده‌بێت له‌سه‌ر پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا؟
لێكه‌وته‌كانی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له عێراق زۆرن، جا ئه‌م كشانه‌وه ئاره‌زوومه‌ندانه بێت یاخود له ئه‌نجامی گوشاری گرووپه چه‌كداره‌كان و ئێران بێت؛ چونكه چۆڵكردنی گۆڕه‌پانه‌كه خۆی له خۆیدا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه. بێ گومان له ئه‌گه‌ری ده‌رچوونی بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مریكا پێ ده‌نێته قۆناغێكی تازه و جیاواز. لێره ده‌توانین ده‌رباره‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه ئاماژه بەم دوو سیناریۆیەی خوارەوە بكه‌ین:
سیناریۆی یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به ڕێكکه‌وتن و به ئاره‌زووی خۆی بڕیاری دا پێداچوونه‌وه به په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ عێراقدا بكات، ئه‌وه شێوازی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییهكه ده‌چێته قۆناغێكی نوێوە. واتا دووباره په‌یوه‌ندییه‌كه داده‌ڕێژرێت و واشنتن به شێوازێكی جیاوازتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كات. بێ گومان ئه‌گه‌ر تێبینییه گشتییه‌كانی ئه‌مریكا له‌م ڕێكکه‌وتنه له‌به‌رچاو بگیرێت، ئه‌وه له‌وانه‌یه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو لا سوودی هه‌بێت. هه‌ر بۆیه ئێستایش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ئه‌نجامی گفتوگۆی دووقۆڵیی نێوان واشنتن و به‌غدا له چوارچێوه‌ی پارێزگاریكردن له به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌ردوو وڵات به په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا بچنه‌وه؛ به شێوه‌یه‌ك له چوارچێوه‌یه‌كی یاساییدا درێژه به بوونی ئه‌مریكا بدرێت له عێراق. لەبەر ئەم هۆكارەیە ده‌بینین “پاتریك ڕایده‌ر” وته‌بێژی فه‌رمیی پێنتاگۆن ڕای گه‌یاند كه‌وا كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق له پلانیاندا نییه. ئه‌مەیش زیاتر ئه‌م سیناریۆیه پشتڕاست ده‌كاتەوە. لە لایەكی تر هه‌رێمی كوردستان له ئه‌گه‌ری ڕوودانی ئه‌م سیناریۆیه، ده‌بێت خۆی له‌گه‌ڵ عێراق بگونجێنێت له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری ساڵی 2005. بێ گومان گوشاره‌كانی لایه‌نه شیعه‌كانی نزیك تاران له‌سه‌ر هه‌ولێر كۆتایی‌یان پێ نایەت و زیاتر كار له‌سه‌ر تێكدانی سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و سه‌ربازیی هه‌رێمی كوردستان ده‌کرێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای گشت لایه‌نه نه‌رێنییه‌كانی ئه‌م سیناریۆیه، بوونی ئه‌مریكا به هه‌ر شێوه‌یه‌ك له سوودی هه‌رێمی كوردستانه، چونكه هه‌ولێر هاوپه‌یمان و دۆستی واشنتنه؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زاراوه‌ی هاوپهیمانیبوونی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مریكا مشتومڕی زۆری له‌سه‌ره كە ئایا هەرێمی كوردستان بەڕاستی هاوپەیمانی ئەمریكایە یاخود نا؟ چونكە هەندێك جار ئەمریكا وەكوو هاوپەیمان ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی كوردستان ناكات.
سیناریۆی دووم: ئه‌م سیناریۆیه زیاتر به‌نده به‌و گوشارانه‌ى كه له‌لایه‌ن گرووپه شیعه‌كانی نزیك تاران ده‌كرێنه سه‌ر ئه‌مریكا. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا ناچار كرا له عێراق بكشێته‌وه، ئه‌وه په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كه‌ی عێراق و ئه‌مریكا بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێت لە دوای ساڵی 2003. له‌م حاڵه‌ته‌دا دوور نییه واشنتن تۆڵه له‌و لایه‌نه سیاسییانه بكاته‌وه كه دژایه‌تییان ده‌كرد. هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌م سیناریۆیه، كورد و سوننه له عێراق ڕووبه‌ڕووی كێشه و گرفتی زیاتر ده‌بنه‌وه و پێشبینیش ده‌كرێت، كورد بكه‌وێته ژێر ڕه‌حمی گرووپ و لایه‌نه سیاسییه شیعه‌كانی نزیك تاران. له‌م حاڵه‌ته‌یشدا سه‌قامگیریی عێراق به‌ته‌واوه‌تی تێك ده‌چێت و ده‌گاته ئاستێكی مه‌ترسیدار. ڕوودانی سیناریۆی دووەم، یه‌كپارچه‌ییی خاكی عێراق ده‌خاته مه‌ترسی و جۆرێك له ناسه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و ئه‌منی و سه‌ربازی له عێراق سه‌ر هه‌ڵده‌دات و ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌یه زیاتر هه‌وڵ ده‌درێت ئه‌م سیناریۆیه دروست نه‌بێت. ته‌نانه‌ت ئێرانیش له‌گه‌ڵ تێكچوونی ڕه‌وشی ئه‌منیی عێراقدا نییه به‌ته‌واوه‌تی، چونكە مۆدێلی عێراقێكی لاواز و له‌ژێر هه‌ژموونی تاران، یه‌كێكه له ستراتیژییه‌ته وازنههێنراوهكانی ئێران.
پەیوەندییەکانی کورد و سوننە و شیعە لە پاش دەرچوونی ئەمریکا لە عێراق بە چ شێوەیەک دەبێت؟
كورد و سوننه دوو پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی عێراقن و له دوای ساڵی 2003وه هه‌وڵ دراوه له ڕێگه‌ی سازانه‌وه ئه‌م دوو پێكهاته سه‌ره‌كییه‌ی عێراق ڕازی بكرێن. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی سوننه له‌سه‌ره‌تادا دژایه‌تیی خۆیان بۆ سیسته‌می فیدراڵی له عێراق ڕاگه‌یاند، بۆیه تا ئێستا نه‌توانراوه هه‌رێمێكی سوننه له عێراق پێك بهێنرێت؛ هەروەها به‌هۆی ناته‌باییی لایه‌نه سیاسییه سوننه‌كان و نه‌بوونی سه‌ركردایه‌تییه‌كی قبووڵكراو له‌لایه‌ن شه‌قامی شاره سوننهنشینهكانهوه، پێگەی سوننە له عێراق زۆر لاواز بووه و كه‌وتۆته ژێر ڕكێفی لایه‌نە شیعه‌كانه‌وه. به‌رامبه‌ر ئه‌مه، كورد له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا به‌ته‌نیا ماوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت قه‌واره دهستوورییهكەیشی كه‌وتۆته ژێر مه‌ترسی؛ ئه‌مانه سه‌ره‌ڕای بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی ڕوویان داوه. ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزانه له عێراق نه‌مینێن هه‌ردوو پێكهاته‌ی سوننه و كورد ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كه‌ی گه‌وره ده‌بنه‌وه. بۆیه زۆر گرنگه لایه‌نه سیاسییه سوننه‌كان و حزبه سیاسییه كوردییه‌كان له‌م ڕاستییه تێ بگه‌ن كه‌وا ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی كاتیش بێت، مه‌رجه به‌یه‌كه‌وه له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌كان كۆك بن و هه‌ڵوێسته‌كانیان ڕێك بخه‌ن بۆ ڕووبهڕووبونەوەی مه‌ترسییه‌كانی گرووپه شیعه‌كانی نزیك تاران. به‌ڵام ئه‌م یه‌ك هه‌ڵوێستیه ئاوا به‌ئاسانی نایەتە دی و پێویستی به كار و هه‌نگاوی گرنگ هه‌یه؛ مه‌حاڵ نییه به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا ئاسان نییه. هه‌ر بۆ نموونه دوایین دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌رباره‌ی تاوتوێكردنی ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له عێراق، كورد و سوننه به‌شدارییان تێدا نه‌كرد و، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یش قورسایی و پێگه و په‌یامی گرنگی له‌خۆ گرتبوو. جگه له‌م بابه‌ته ده‌كرێ له بابەتەكانی وەكوو پێكهێنانی هه‌رێمێكی سوننه، به‌شداریپێكردنی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار له عێراق و دانانی سنوورێك بۆ پێشێلكارییه‌كانی گرووپه له‌یاساده‌رچووه‌كان، ببنه گرنگترینی ئه‌و خاڵانه‌ى كه كورد و سوننه به‌یه‌كه‌وه كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.
بەگشتی دەتوانین بڵێین پەیوەندییەكانی شیعە لەگەڵ سوننە و كورد زۆر خراپ دەبێت و ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوە ئەم پرسە كاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت بۆ سەر سەقامگیریی عێراق.
سیاسەتی ئێران و تورکیا لە پاش کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا چی دەبێت؟
كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له عێراق، ته‌نیا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ نابێت به‌ڵكوو كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمییش ده‌بێت. یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی كه له‌وانه‌یه زۆر سودمه‌ند بێت له ده‌رچوونی ئه‌م هێزانه، توركیایه؛ چونكه ئه‌نقه‌ره به شێوه‌یه‌كی گشتی له عێراق په‌راوێز خراوه. دروستبوونی هه‌ر بۆشایییه‌ك له عێراق، ئه‌وه ده‌كرێ به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر توركیا تیایدا ڕۆڵ بگێڕێت بۆ پركردنه‌وه‌ی هەر بۆشایییەك كە لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق دروست ببێت. ئه‌نقه‌ره به‌رده‌وام نیگه‌رانییه‌كانی خۆی ده‌رباره‌ی بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له عێراق ڕاگه‌یاندووه. هه‌روه‌ها توركیا له سووریاش كێشه و گرفتی جددیی هه‌یه له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌مریكا لە سووریا و پاڵپشتیكردنی هه‌ندێك لایه‌نی كوردی لەلایەن واشنتنەوە كه ئه‌نقه‌ره به تیرۆریست ناوزه‌دیان ده‌كات. ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌نقه‌ره سوودمه‌نترین لایه‌ن ده‌بێت له كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له عێراق و سووریا.
ئێرانیش یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه ئه‌م بابه‌ته ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌بێت. سه‌ره‌تا تاران له دوای ساڵی 2003وه توانیویه‌تی كۆنترۆڵی جومگه سه‌ره‌كییه‌كان عێراق له بكات و چه‌ندان گرووپ و لایه‌نی چه‌كداری نزیك خۆی دابمه‌زرێنێت، به‌ڵام ڕاستییه‌كی حاشهههڵنهگر هه‌یه ئه‌ویش بریتییە لەوەی سه‌ره‌ڕای ئه‌و كار و چالاكییه چڕانه‌ی تاران له عێراق، بارودۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزه و ماڵی شیعه‌یش یه‌كگرتوو نییه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی شه‌قام. دوای تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی بیست ساڵ به‌سه‌ر حوکمڕانیی حزب و گرووپه سیاسییه شیعه‌كانی عێراق و شكستهێنانیان له‌سه‌ر ئاستی خزمه‌تگوزاری و دابینكردنی سه‌قامگیری و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه، ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆر بوونه‌ته‌وه كه ئه‌مه‌یش بۆته هۆی دابه‌زینی ئاستی پاڵپشتیی شه‌قامی شیعه بۆ ئه‌م حزب و لایه‌نە سیاسییانه. بۆیه پێ ناچێت دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی، تاران بتوانێ شه‌قامی عێراق به‌گشتی و شیعه‌كان به‌تایبه‌ت كۆنترۆڵ بكات، چونكه نێوماڵی شیعه‌یش دابه‌شی چه‌ندان ڕه‌وت و گرووپ و بۆچوون بوونه‌ته‌وه و پێش ناچێت كۆنترۆڵكردنی عێراق له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه دوای ده‌رچوونی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان، كارێكی ئاسان بێت؛ چونكە جگه له ناته‌باییی لایه‌نه شیعه‌كان و بوونی جیاوازیی بنهڕەتی له نێوان پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق (كورد و سوننه و شیعه)، توركیاش به‌چڕی هه‌وڵ ده‌دات بێته نێو هاوكێشه سیاسییه‌كانی عێراق. جگه له توركیاش دوو هێزی به‌رچاوی ناوچه‌كه و جیهانیش ده‌سته‌وه‌ستان نابن به‌رامبه‌ر ئه‌م پێشهاتانه، كه ئه‌وانیش بریتین له ڕووسیا و چین.
تاران له سووریاش خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی به‌رچاوه؛ دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌م وڵاته، تاران ڕووبه‌ڕووی ڕكابه‌رێكی به‌رچاو ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له توركیا و ڕووسیا و چین. واتا ئه‌و ناوچانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه كۆنترۆڵ كراون كه ئه‌مریكا ڕاسته‌وخۆ پاڵپشتییان لێ ده‌كات، دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له سووریا، تاران ڕووبه‌ڕووی ململانێیه‌كی زۆر ده‌بێته‌وه له‌م ناوچانه؛ چونكه لایەنی كاریگەری دیكەی زۆر هه‌ن كه چاوه‌ڕێی ساتی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.
به‌كورتی ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه بوونی ئه‌مریكا له عێراق و سووریا، زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندیی تاراندایه، چونكه ستراتیژییه‌تی ئێستای ئه‌مریكا له ناوچه‌كه ڕاسته‌وخۆ بریتی نییه له ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئێران، به‌ڵكوو ڕابردوو ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ كه تاران و واشنتن سوود له‌و ڕكابه‌ری و ململانێ ده‌ستكرده ده‌كه‌ن كه له ناوچه‌كه‌دا نمایشی ده‌كه‌ن. ئه‌م نمایشه‌یش له‌لایه‌ن سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا “دۆناڵد ترامپ”وه به‌ئاشكرا ڕاگه‌یەنرا كه چۆن دوای كوشتنی “قاسم سوله‌یمانی” له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه، تاران به واشنتنی ڕاگه‌یاندووه كه ده‌بێت بنكه‌ی سه‌ربازیی “عین الأسد” مووشەكباران بكه‌ن و به ڕێكکه‌وتنی هه‌ردوو لا به 18 مووشەك ئه‌م بنكه سه‌ربازییه مووشه‌كباران كرا به‌ڵام هیچ كام له مووشه‌كه‌كان له بنكه‌كه نه‌درا به‌ڵكوو مووشه‌كه‌كان كه‌وتنه ده‌وروبه‌ری بنكه‌كه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێكیان هه‌بێت. كه‌واتە ئه‌مه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، زۆر سوودی هه‌یه بۆ تاران و بووەته سه‌رچاوه‌یه‌كی هێز بۆی و به شێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، هه‌ردوو لا سوودیان بۆ ئه‌وه‌ی تر هه‌یه و ئەو ململانێیەی نێوانیان ته‌نیا شتێكی شكڵییە و هیچ بنه‌مایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی نییه. با ئهوەیشمان له‌یاد نه‌چێت كه ئه‌مریكا له ساڵی 2003 عێراقی داگیر كرد، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی واشنتن له‌لایه‌ن تارانه‌وه پاڵپشتیی لێ كرا و ته‌نانه‌ت مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان له شاری نه‌جه‌ف فه‌توای بهحەرامكردنی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كانی دا به بیانووی ئه‌وه‌ی شاری نه‌جه‌ف شارێكی پیرۆزه و نابێت تیایدا خوێن بڕێژرێت.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه فاكته‌رێكی زۆر گرنگ له ناوچه‌كه هه‌یه، ئه‌ویش “ئیسرائیل”ه. ئیسرائیل به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه نادات كه‌شوهه‌وایه‌كی ئاوا له ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت له عێراق دروست بێت، كه ببێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر قه‌واره‌كه‌ی. چیای شنگاڵ ئه‌و شوێنه بوو كه ڕژێمی پێشووی عێراق له ڕێگه‌یه‌وه بۆردوومانی ئیسرائیلی كرد، بۆیه ئیسرائیل به هه‌ر به‌هایه‌ك بێت ئه‌وه قبووڵ ناكات عێراق و ئه‌م ناوچانه بكه‌وێته ژێر كۆنترۆڵی ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه كه له‌وانه‌یه ببنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی خۆی. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارەیه كه ده‌بێت له كاتی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵوێست و تێڕوانین و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئیسرائیلیش له‌به‌رچاو بگیرێن. چونكه ئه‌گه‌ر ئێستا جه‌نگی غه‌ززه نه‌بوایه، هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌وانه‌یه له‌باره‌ی مانه‌وه و یاخود كشانه‌وه‌ی له عێراق و سووریا جیاوازتر بایه؛ به‌ڵام تا ڕادده‌یه‌كیش بێت گوشاره‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئه‌مریكا وای له واشنتن كردووه ئاوا به‌ئاسانی له ناوچه‌كه نه‌كشێته‌وه.
له لایه‌كی دیكەوە كۆتاییهێنان به جه‌نگی غه‌ززه، پێ ناچێت ئاوا كارێكی ئاسان بێت و ئه‌م جاره ئیسرائیل كار بۆ ئه‌وه ده‌كات كه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و موسڵمان ئاسایی بكاته‌وه؛ ته‌نانه‌ت ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه‌وا یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی ئیسرائیل بۆ كۆتاییهێنان به جه‌نگی غه‌ززه، ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی بێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو و عه‌ره‌بی و موسڵمان. ئه‌م جه‌نگه‌یش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی كردۆته سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا.
كۆبەند
ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رده‌وام كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی هه‌بووه له‌سه‌ر سه‌قامگیریی جیهان، بۆیه هه‌ر ڕووداوێكی نه‌خوازراو تیایدا یاخود قووڵتربوونی ناكۆكی و گرفته‌كان ده‌بێته جێگەی سه‌رنج و بایه‌خی وڵاته زلهێزه‌كان و هێزه هه‌رێمییه‌كان؛ عێراقیش به‌هۆی پێگه جیوستراتیژییه‌كه‌یه‌وه له ناوچه‌كه‌دا ڕۆڵ و كاریگه‌رییه‌كی بەرچاوی هه‌یه؛ تێكچوونی، یانیش به‌رپابوونی سه‌قامگیری له‌م وڵاته‌دا كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت و له‌سه‌ر جیهان به‌گشتی. بۆیه هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌سه‌ر ئاستی عێراق ڕوو بدات، ئه‌وه كاردانه‌وه‌ی ئه‌كته‌ره نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌روه‌ها ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه ئه‌مریكا جارێ بڕیاری کشاندنەوەى هێزه‌كانی خۆی نه‌داوه له عێراق و سووریا، پێش ناچێت به‌ئاسانی عێراق به‌جێ بهێڵێت. دانوستانه‌كانی ئه‌م دوایییه‌ی واشنتن و به‌غدایش بریتییه له تاوتوێكردنی بابه‌تی داڕشتنەوە په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و عێراق؛ واتە په‌یوه‌ندیی دووقۆڵیی نێوان ئه‌مریكا و عێراق به‌پێی ڕێكکه‌وتنی چوارچێوه‌ی ستراتیژی كه له ساڵی 2008 واژوو كرا و، دووباره داده‌ڕێژرێته‌وه. لەبەر ئەمە دەكرێ بڵێین دانوستانه‌كانی ئێستای نێوان عێراق و ئه‌مریكا له‌مه‌ڕ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا نییه، به‌ڵكوو له‌سه‌ر بنه‌مای دووباره داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌یه.
له كۆتاییدا دەكرێ ئه‌وه بڵێین كه ئێستا دوو فاكته‌ری سه‌ره‌كیی كاریگه‌ر هه‌یه له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق: یەكەمیان بریتییە له جه‌نگی غه‌ززه كه به‌هۆی ئه‌م جه‌نگه‌وه ئیسرائیل گوشار ده‌خاته سه‌ر ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا به‌ته‌نیا به‌جێی نه‌هێڵێ و به‌ره‌ی تر له دژی ئیسرائیل نه‌كرێته‌وه. ئه‌وه‌ی دووه‌میان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تییه له ئه‌مریكا كه بڕیاره له مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت. ئەم دوو فاكتەرە وایان كردووە لانی كەم ئێستا واشنتن بیر لە كشانەوە لە عێراق و سووریا نەكاتەوە.