ڕاپۆرتی داڤۆس ٢٠٢٤
نووسەر: مەحموود سەریعولقەڵەم
وەرگێڕانی (لە فارسییەوە): ساماڵ ئەحمەدی
پێشەکی
کۆمەڵەی جیهانیی ئابووری لە ڕۆژانی ١٥ تا ١٩ی جانیوەریی ٢٠٢٤ پەنجا و چوارەمین کۆڕبەندی خۆی لە شاری داڤۆسی سویسرا بەڕێوە برد. لەو کۆڕبەندەدا ٢٨١٢ کەس بەشدار بوون، ٨٩٩ کەس وتاریان پێشکەش کرد، هەروەها ١٤٤٨ ڕێکخراو و دەزگە و ٣٥٠ بەرپرسی حکوومی لە ١٢٥ وڵاتی جیهانەوە بەشدار بوون و ٤٥٠ کۆڕ و پانێڵ بەڕێوە چوون.
نزیکەی ٧٥٠ کەس لە بەشداربووان خەڵکی ئەمریکا بوون. ئەو وڵاتانەی دی کە زۆرترین بەشداربوویان هەبوو، بریتی بوون لە: بریتانیا، سویسرا، هیندستان، سعوودیا، ئیماڕات، چین، ئەڵمانیا و هۆڵەندا. لە دەرەوەی جیهانی ڕۆژاوا، هیندستان و سعوودیا دیارترین وڵاتانی بەشدار لە کۆڕبەندەکەدا بوون کە باسی وزە، هیوا، هەستی بەهێزی نیشتمانپەروەری، زاڵبوون بەسەر بابەتەکان و متمانەبەخۆبوون لە وتارەکانیاندا شەپۆلی دەدا. بەهۆی ئەو هەنگاوانەی حکوومەتەکەی “بایدن”ەوە کە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣دا کۆمەڵێک سنووری بۆ وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتی ئەمریکا لە چین دانابوو، بەشداربووانی چینی لە وتارەکانیاندا هەوڵیان دەدا خەڵکی جیهان هان بدەن بۆ ئەوەی لە وڵاتەکەیاندا کار و چالاکی بکەن.
لە کۆڕبەندەکەی ٢٠٢٤دا تەنانەت یەک کەسیش لە ناوخۆی ڕووسیاوە بانگهێشت نەکرابوو، کەشی کۆڕەکانیش زۆر دژەڕووسی بوون. دوای کۆتاییهاتنی وتارەکەی زێلینسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراینا، کە بەتوندی دژی ڕووسیا و سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە قسەی کرد، زیاتر لە دوو هەزار ئامادەبوو بۆ ماوەی شەش دەقە بەپێوە وەستابوون و بە چەپڵە هانیان دەدا.
لەنێو ڕێبەرانی جیهاندا وتە گشتی و تایبەتەکانی سەرۆکوەزیرانی ڤێتنام کاریگەریی لەسەر زۆر کەس دانا. ئەو گوتی وڵاتەکەی مێژوویەکی دژواری لەگەڵ ئەمریکا و چین تێ پەڕاندووە، بەڵام لە دەیەی ١٩٩٠دا دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە ڕەوشی ژیان، بەرژەوەندیی نیشتمانی و دەوڵەمەندبوونی ڤێتنامیان لە سەرووی تۆڵەکردنەوە و پاکانەحیساب (تەسفیەحیساب)ی مێژوویی لەگەڵ زلهێزەکان دانا. ئێستا ڤێتنام ڕێککەوتنی سەربازیی لەگەڵ هیچ هێزێک نییە و، لە سایەی ئەو سیاسەتانەوە کە بۆ پشتگیری لە کەرتی تایبەت و هاندانی وەبەرهێنانی بیانی گرتوونیەتە بەر، یەکێک لە (Hub)ییەکانی تەکنەلۆژی و بەرهەمهێنانە لە ئاسیادا و، هەموو دەزگەکانی IT لەم وڵاتەدا چالاکن.
ئایتی (IT)
دەتوانین بڵێین نزیکەی لەسەدا ٨٠ی باسی پانێلەکان و وۆرکشۆپەکانی داڤۆس ٢٠٢٤ لەسەر IT و ژیریی دەستکرد بوون. کەشی تیۆریکی ئەو باسانە لەژێر کاریگەریی توێژینەوەیەکی کۆمەڵەی جیهانیی ئابووری دەربارەی مەترسییەکانی سەر ئابووریی جیهانی لە دوو ساڵی دابێ لە لایەک و ١٠ ساڵی دواتر لە لایەکی دیکەوە بوو.
لیستی مەترسییەکانی دوو ساڵی دابێ لە باری گرنگایەتییەوە بەم شێوەیەی خوارەوە ڕیز کراون:
١- زانیاریی نادروست لە دنیای ئەلیکترۆنیدا (Misinformation)
٢- ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا (Extreme Weather Events)
٣- دووبەرەکایەتییە کۆمەڵایەتییەکان (Societal Polarization)
٤- نەبوونی ئاسایشی سایبێری (Cyber Insecurity)
٥- تێکهەڵچوونەکانی نێوان وڵاتان (Interstate Armed Conflict)
٦- نەبوونی دەرفەتە ئابوورییەکان (Lack of Economic Opportunities)
٧- هەڵاوسان (Inflation)
٨- کۆچی نەخوازراو (Involuntary Migration)
٩- داتەپینى ئابووری (Economic Downturn)
١٠- پیسبوونی هەوا (Pollution)
مەترسییەکانی ١٠ ساڵی داهاتووش بەم شێوەیەی خوارەوە ڕیز کراون:
١- ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا
٢- گۆڕانی بنەڕەتی لە ئێکۆسیستەمەکانی گۆی زەویدا
٣- لەناوچوونی ژیانی زیندەوەرانی کێوی و تێکدانی ئێکۆسیستەم
٤- کەموکوڕییەکانى سەرچاوە سروشتییەکان
٥- زانیارییە نادروستەکانی دنیای ئەلیکترۆنیک
٦- دەرهاوێشتە نەرێنییەکانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد
٧- کۆچی نەخوازراو
٨- نەبوونی ئاسایشی سایبێری
٩- دووبەرەکایەتییە کۆمەڵایەتییەکان
١٠- پیسبوونی هەوا
جیاوازیی نێوان وڵاتان و کەرتی تایبەتیان، لە خێراییی دەستڕاگەیشتنیان بە تەکنەلۆژییە نوێیەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکاندایە. بەپێی بۆچوونی وەزیرێکی ژیریی دەستکرد، ئەو وڵاتانەی بە ژیریی دەستکرد تەیار نین، بە گەلانی کۆتاییهاتوو هەژمار دەکرێن. ئەو کۆمەڵگەیانەی ڕاهێنانی ژیریی دەستکردیان پێ ناکرێت، بەکردەوە توانای ڕەخساندنی هەلی کار لەدەست دەدەن. ژیریی دەستکرد قازانج، داهێنانی نوێ، زیادبوونی بەرهەمهێنان، بەدەستهێنانی بازاڕی چاکتر و گەشەی ئابووریی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە، کۆمپانیایQualcomm لەگەڵ BMW گرێبەستی واژۆ کردووە بۆ ئەوەی هەموو بەشەکانی ئۆتۆمبێلێک وەکوو هۆشدارییە تەکنیکییەکان، دڵنیایی، دەستڕاگەیشتن بە سێرڤس و تەنانەت وەرگرتنی کاتی سێرڤس لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا دابنێت.
بە لەبەرچاوگرتنی پلەی گەرما لە ناوچە عەرەبییەکانی کەنداو لە دوو دەیەی داهاتوودا ئەو وڵاتانە کێبڕکێیان لە نێوان کۆمپانیاکاندا دروست کردووە بۆ ئەوەی شێوازی بەرەنگاربوونەوەی گەرما لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە بخەنە ڕوو. ئەگەر لە وڵاتێکدا برەو بە ژیریی دەستکرد نەدرێت، بەکردەوە فەرمانڕەوایییەکەی نەریتی دەبێت و لە ڕەوتی پەرەسەندنە نێودەوڵەتییەکان دوا دەکەوێت. لە ئیماڕات هەم بەرپرسان لەسەر ژیریی دەستکرد ڕاهێنراون، هەم لە پۆلی پێنجی بنەڕەتییەوە لە قوتابخانەکان ئەو تەکنەلۆژییە بە منداڵان دەناسێنرێت.
چین نزیکەی ٤٠٠ هەزار کۆمپانیای کەرتی تایبەتی لە بواری تەکنەلۆژیای نوێدا هەیە. ئەم ڕێژەی گەشەیەی کەرتی تایبەت لە چین، چینێکی ناوەندیی پێکهاتوو لە ٤٠٠ هەزار کەسی دروست کردووە، پێشبینییش دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە ٨٠٠ هەزار کەس کە سامانێکی بەرچاوی جودا لە وڵات و حکوومەتی چینیان دەبێت. چین بۆ ئاسانکاری لە بواری ئەو داهێنان و چالاکییەدا ٦٠٠ کۆنڤێنشنی نێودەوڵەتیی پەژراندووە بۆ ئەوەی خۆی بە بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنێت، بەوەیش توانیویەتی لەسەدا ٩ی وەبەرهێنانی بیانی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ خۆی ڕاکێشێت. بەشی چین لە بەرهەمهێنانی جیهانی لەسەدا ٣٠یە و لە ١٤ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە و ئێستا نرخی گەشەی ٢.٥% ئەزموون دەکات.
یەكێک لە ئاڵنگارییەکانی بابەتی ژیریی دەستکرد ئەوەیە کە بەڕوونی کامانە بەشی، کاری زیاتریان لێ دەکەوێتەوە. ئەمەیش پێوەندیی بە جۆری وەبەرهێنانی وڵاتان لەو بوارەدا دەبێت. بۆ نموونە، پرۆژەیاسای دابەزاندنی هەڵاوسان (Inflation Reduction Act) و پرۆژەیاسای تەڵەزم و زانست (The CHIPS and Science Act) لە ئەمریکا و وەبەرهێنانی ١٢٥ ملیار دۆلاریی هیندستان لە پێکهاتەی ئاواکردنەوەی دیجیتاڵیدا دەبنە پاڵنەری گەشە و پەرەسەندنی ژیریی دەستکرد.
پێشبینی دەکرێت بازاڕی ژیریی دەستکرد لە بواری تەندروستی و دەرماندا لە ساڵی ٢٠٣٠ لە ١٨٨ ملیار دۆلار تێ پەڕێت، کە ٤٩%ی لە ئەمریکای باکوور، ٢٣%ی لە ئەوروپا، ٦%ی لە ژاپۆن و ٩% لە چین بەکار دەهێنرێت. داهێنانی نوێ لە بواری ژیریی دەستکرددا تاکوو ٤٠% لە ئەمریکا، ٢٧% لە چین و ٣٢% لە وڵاتانی دیکەی جیهان تۆمار کراوە.
بە شێوەی سروشتی بەو ڕاددەیەی کە داهاتی سەرانە لە وڵاتاندا زیاد دەبێت، سوودوەرگرتن لە داهێنانەکانی ژیریی دەستکردیش زیاد دەبێت. ئێستا بەهای نیمچەگەیەنەکان (semiconductor) گەیشتۆتە سەروو ٦٠٠ ملیار دۆلار. تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕۆڵی ئەو بەرهەمهێنانانەی بەهۆی ژیریی دەستکردەوە دەکرێن، دەگاتە نزیکەی ٧.١٥ تریلیۆن دۆلار.
ژیریی دەستکرد گەلێک ئاڵنگاریی ئەمنییشی بەدوادا هاتووە. دەزگەکان بەپێی داهات و فرەوانیی چالاکی و بەشی خۆیان لە بازاڕ، تێچوویەکی یەکجار زۆر بۆ پاراستنی داتاکانیان تەرخان دەکەن. تێچووی ئاسایشی سایبێری بەردەوام هەڵدەکشێت. یەکێک لە کۆڕە گرنگەکان لەم بارەیەوە، کۆڕی خانمی نیتا فەراهانی بوو کە بابەتە یاسایی و ئەخلاقییەکانی پەیوەندیدار بە ژیریی دەستکردی لە کتێبێک بە ناوی ”The Battle for Your Brain”دا نووسیوە.
وزەی پاک
بەپێی گەشەی دانیشتووانى جیهان و گەیشتنی بە ١٠ ملیار کەس تا ساڵی ٢٠٥٠، بابەتی وزە و لێهاتوویی لە بەکارهێنانی وزەدا نەک هەر لە وڵاتانی ڕۆژاوا، بگرە لە چینیش یەکێک لە بابەتە هەرە گەورەکانی فەرمانڕەواییی نوێیە. ١٠ ساڵ لەمەوبەر لە ٢٥ ئۆتۆمبێل یەک دانەیان کارەبایی بوو، ئێستا لە پێنج ئۆتۆمبێل یەکێکیان کارەبایییە. چینییەکان ٨٠%ی باتریی ئۆتۆمبێلە کارەبایییەکانی جیهان دروست دەکەن کە لە ٢٠ ساڵ لەمەوبەرەوە دەستیان بە وەبەرهێنان لەو بوارەدا کردووە.
چوار هەزار کۆمپانیا لە جیهاندا بۆ زیادکردنی لێهاتووییی خۆیان لە بەکارهێنانی وزەدا لە کۆمەڵەی دەزگەکانی خۆیاندا لە کاتی دامەزراندنەوە تا بەرهەمهێنان دەستیان بە هەنگاوە بنەڕەتییەکان کردووە. دروستکردنی وێستگەی ناوکی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی پاک و پێشگرتن لە گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە جیهاندا بەردەوام زیاد دەکات. هەرچەندە ٧٠%ی کارەبای فەڕەنسا لە وێستگە ناوکییەکاندا بەرهەم دێت، کەچی لە هاوینی ئەمساڵەوە دەستیان بە دروستکردنی هەشت وێستگەی نوێی ناوکی کردووە.
ژیریی دەستکرد بۆ دەستپێوەگرتنی بەکارهێنانی وزە لە جیهاندا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. ٨٥%ی کارەبای کەنەدا لە وزە پاکەکان بەرهەم دەهێنرێت. ئەڵمانیا ساڵی ٢٠٢٣ توانیی ٢٠% کاربۆن لە پێکهاتەی وزەی خۆی کەم بکاتەوە. کاربۆنسڕینەوە (Decarbonization) وەکوو بزاڤێکی جیهانی، بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و بە شێوەیەکی ڕوو لە زیادبوونیش لە وڵاتانی گەشەسەندووی ئاسیاییدا ڕمێنی پەیدا کردووە.
کە کارسازێکی ژاپۆنی کارتی کۆمپانیاکەی خۆی بەم نووسەرە دا، گوتی کارتەکە لە تەکنەلۆژیای گۆڕانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ کاغەز دروست کراوە. هەروەها لە کارگەیەکی تایبەت بە کاربۆنسڕینەوە کارسازێکی ئوستراڵیایی وردەکارییەکانی تەکنەلۆژیای کۆمپانیاکەی خۆی بۆ گۆڕینی دووانەئۆکسیدی کاربۆن بە کەلوپەلی بیناسازی ڕوون کردەوە. سکرتێری ڕێکخراوی وزە جەختی کردەوە، بەرپرسیارێتیى قورسی ڕێکخستنی ستانداردە جیهانییەکانی بەڕێوەبردنی هەڵسوکەوتی دەزگەکان و خێزانەکان لە بەکارهێنانی باشتری وزەدا لە ئەستۆی حکوومەتەکانە. سکرتێری ئەو ڕێکخراوە ڕوونیشی کردەوە کە ئەو ستانداردانە لەو کۆمەڵگەیانەدا شیاوی جێبەجێکردنی ورد و یاسایین کە تێیاندا لە لایەکەوە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی-سیاسی و لە لایەکی دیکەیشەوە نرخی ڕوو لە زیادبوونی گەشەی ئابووری هەبێت.
ئەوروپییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئۆکسیدی کاربۆن دەستیان بە وەبەرهێنانێکی بەربڵاو لە پیشەسازیی گواستنەوە و گەیاندنی ڕێگەی ئاسنیدا کردووە، بە جۆرێک کە تەنیا ئەڵمانیا ٤٠ ملیار یۆرۆ بۆ ئەو مەبەستە خەرج دەکات. لە ویلایەتی یوتای ئەمریکا چەندان پرۆژەی بەرهەمهێنانی هایدرۆژن وەکوو سووتەمەنی و باتری بە داشکاندنی حکوومەتی فیدراڵ دەستیان پێ کراوە. زۆرترین وەبەرهێنان و سەرچاوەی سوودهێنەری ژیریی دەستکرد، لە کەرتی تەندروستی و دەرماندا دەکرێت. بەگشتی هەر ١٠٠ دۆلار وەبەرهێنان لە پێکهاتەی ئاوەدانیی وڵاتێکدا ٣٦٠ دۆلار سوودی لێ بەرهەم دێت.
مۆدێلی نوێی کاروکاسپی (بزنس)
لە یەکێک لە کارگەکانی حوکمڕانیدا توێژەرێک بە ناوی Andrew McAfee کتێبە نوێیەکەی خۆی بە ناونیشانى The Geek Way ناساند. لەو کتێبەدا مۆدێلەکانی بەڕێوەبردنی دەزگە مۆدێرنەکان تاوتوێ کراوە. ئەگەر لە ڕابردوودا لە ڕێگەی دیاریکردنی ئامانجەکان، بەپاژەکیکردنی ئاسۆکان، بەکردەییکردنی ئامانجەکان/ئاسۆکان و ڕاسپاردنی چەند تیمێک بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوە بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانی دەزگەکان دادەڕێژرا و بەڕێوە دەبرا، ئێستا دەزگەکان دوو گرووپی گەورەن و زۆربەی گرووپەکان و کۆبوونەوەکان و ڕێکخستنە قووچەکییەکان (هەڕەمییەکان) کۆ کراونەتەوە. ئەو دوو گرووپەیش بریتین لە: گرووپی تەکنەلۆژیا و گرووپی ڕاکێشانی سەرنجی بەکاربەران و کڕیاران (مشتەرییەکان).
کۆمپانیای Netflix که ساڵی ١٩٩٧ بە بەکرێدانی ڤیدیۆ دەستی بە کار کرد، ئێستا خۆی بەرهەمهێنەری فیلمە و لەو ڕێگەوە وەبەرهێنان دەکات و بازاڕی وەبەرهێنانەکەی (Market Capitalization) گەیشتۆتە ٢٠٠ ملیار دۆلار و، زیاتر لە ٢٠%ی فرۆشی جیهانیی فیلم و بەرهەمە هونەرییەکانی بۆ خۆی پاوان کردووە.
لەو کارگەیەدا باس لەوە کرا کە بناغەی سەرکەوتنی کۆمپانیاکانی وەکوو تێسلا، VW، ئەپڵ و SpaceX بەهۆی ئەو سەربەخۆیییەوەیە کە داویانە بە گرووپەکان بۆ ئەوەی داهێنان بکەن. لە بەڕێوەبەریی نوێی کۆمپانیا و دەزگەکاندا بەڕێوەبردن لە نووکی قووچەکەوە بەرەو سپاردنی بەرپرسیارێتى بە گرووپە بچووکەکانی تەکنەلۆژیا و سەرچاوەی داهێنان چووە. لەم ڕوانگەیەوە دەستڕاگەیشتن بەو زانیارییانەی پەیوەندییان بە هاووڵاتیان، کڕیاران و بەکارهێنەرانەوە هەیە، بووە بە چەقێک بۆ گەشەی ئابووری و پەرەسەندن لەسەر بنەمای تەکنەلۆژی.
چینییەکان لە ڕێگەی بەشداریی ئابووری (Joint Venture) لەگەڵ کۆمپانیا مامناوەندییەکانی تەکنەلۆژیا لە ژاپۆن، ئەمریکا و ڕۆژاوای ئەوروپاوە هەوڵ دەدەن لە داتاکانی بەکاربەران و خواستەکانیان و بازاڕە بەکاربەرە نوێیەکان ئاگادار بن. ئەو پەرەسەندنانە دەبنە هۆی ئەوەی ئابووریی جیهانی لە چەمکی بەجیهانیبوونەوە (Globalization) بەرەو دووبارە بەجیهانیبوون بخزێت، بە شێوەیەک کە ئیتر بەشداربوونەکان لە ڕۆژاوا نییە، بەڵکوو لە نێوان پیشەسازی و نیمچەپیشەسازی، پەرەسەندوو و لە باری پەرەسەندن، جیهانی یەکەم و جیهانی سێیەمدا سەری هەڵداوە. بۆ نموونە، هیندستان لەگەڵ ١٠٠ وڵاتی جیهانی لە بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیادا هاوبەشی (Partnership)ی هەیە.
لە هیچ قۆناغێکدا کۆمەڵگەکان و وڵاتان نەگەیشتوونەتە ئەو ڕاددەیە لە پێکەوەبەستراوەییی دوولایەنە. پێکەوەبەستراوەییی دوولایەنەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریکا بووەتە هۆی دژوارتربوونی ململانێ. بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا، وەکوو مایکرۆسۆفت، فەیسبووک، کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و بانکەکان باس لەوە دەکەن جاری وایە بەشی تەکنەلۆژییەکەیان لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی ئاگادار دەکەنەوە کە لە بەرهەمهێنانی تەڵەزمێکی تایبەتدا سێ مانگ لە پێش کۆمپانیا هاوشێوە چینی، یان غەیری چینییەکانەوەن. کەواتا، بابەتی کات و خێراییی بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیا گەیشتووەتە ئاستی کێبڕکێی چەند مانگ، لە بری چەند ساڵ.
جەوهەرى دەسەڵات لە وڵاتانی گەورەدا
ڕۆڵی وڵاتان و دەسەڵاتەکان لە بەڕێوەبردنی مەنتقیى ئەو پرۆسەیەدا، کێبڕکێیەکى دیاریکەرە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای کۆکاکۆلا کە لە هیندستان ناوەندێتیى (مەرکەزییەت)ێکى بۆ بازاڕە ئاسیایییەکانی خۆی دروست کردووە و ٣٥٠ هەزار هیندیی بۆ کارەکانی خۆی دامەزراندووە، نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار لەو وڵاتەدا وەبەرهێنانى کردووە. ئەو پێى وابوو، حکوومەتی هیندستان لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، ئاسانکاری بۆ پرۆسەکانی بەرهەمهێنان، سیستەمی پەروەردە و خێرایی لە بڕیارداندا زۆر لە پێش کۆمەڵگە و کەرتى تایبەتەوەیە.
حکوومەتی هیندستان لە سەردەمی کۆرۆنادا بۆ یەکەمین جار هەژماری بانکیی بۆ ٥١٠ ملیۆن کەس کردەوە و ناسنامەی دیجیتاڵیی بەشداری لە هەڵبژاردنی بۆ ٩٥٠ ملیۆن کەس دەرکرد. نرخی هەڵاوسانی لە نێوان ٤ بۆ ٦% ڕاگرت و نەک هەر کەشی کاروکاسپیی بۆ کەرتی تایبەتی ناوخۆی وڵاتەکە ڕەخساند، بگرە وەبەرهێنانی بیانییشی لە ڕێگەی گەشەی بێپێشێنەی تەکنەلۆژیا و پێکهاتەی دیجیتاڵییەوە ئاسان کردووە. ئێستا هیندستان لە بەشی زۆری کۆڕە نێودەوڵەتییەکاندا بە دەنگی جیهانی سێیەم هەژمار دەکرێت و لە بەدەستهێنانی مافەکان و ئاسانکاری بۆ پەرەسەندنی وڵاتانی باشوور لە چوارچێوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بەکار دێنێت و لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات ڕواڵەتێکی ئەرێنیی لە خۆی نواندووە.
چینییەکان، هیندییەکان و تەنانەت ڤێتنامییەکانیش بەگشتی پێیان وایە لە دەرەوەی سیستەمی هەنووکەییى نێودەوڵەتی، ناکرێ سامان بەرهەم بهێنرێت و کێشە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان چارە بکرێت. بنەمای ڕازیکردنی هاووڵاتیان لە ڕێگەی پێوەرە ئابوورییەکانەوەیە و بەهۆی ئەوەی ڕۆژاوا بۆ دابینکردنی ماددە سەرەکییەکان، دەستی کاری شارەزا، بازاڕی بەکارهێن، پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئەو کارگە پلاتفۆڕمانەی چەند بەشێکی هێڵی بەرهەمهێنان لە ئەستۆ دەگرن، پێویستی بە باشوور هەیە، هەلومەرجی جیهانی باشترین دەرفەتی بۆ سامانداربوونی باشوور ڕەخساندووە و لە ئەنجامدا هەلی بۆ پاراستنی سەربەخۆییی سیاسییشی دابین کردووە.
هەر وڵاتێکی سامان بەرهەم نەهێنێت، ناتوانێت سەربەخۆییی سیاسیی هەبێت. کە وڵاتێک لە چوارچێوەی بەشداریی ئابووری و ڕێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بە شێوەی بەکۆمەڵ بڕیار بدات و کار بکات، کەمتر تووشی هەڵە دەبێت. ئاسایشی نیشتمانی لە کەناڵەکانی بەرهەمهێنانی سامانەوە تێپەڕ دەبێت. ڕووسیا کە ئاسایش لە سەرووی کۆکردنەوەی سامانەوە دادەنێت، سەرەنجام هەموو پەیوەندییە تەکنەلۆژییەکانی خۆی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا لەدەست دا و بەشداریکردنە تەکنەلۆژییەکانی ڕاوەستان و ئێستا داهاتووی ئابووریی ڕووسیا لە پەکین دیاری دەکرێت. ئەگەر ڕووسیا لە ساڵی (١٩٩١)ەوە کە یەکێتیی سۆڤیەت ڕووخا، تێکەڵ بە تۆڕی تەکنەلۆژیای جیهانی ببووایە و لە زنجیرەی بەرهەمهێناندا گرێدراویی دوولایەنەی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکای باکوور پێک بێنایە، لەوانەیە ١٠ وڵات لە ناوەند و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا نەبوونایەتە ئەندامی نوێی ناتۆ و، بابەتەکە نەدەگەیشتە جەنگی ئۆکراینا و لێکەوتەکانی.
هەڵەی ستراتیژیکی ڕووسیا کە بەهۆی ناکارامەیییە تیۆریکەکانی ڕێبەرەکانییەوە تووشی بوو، ئەوەیە کە دەیەوێت ئاسایشی خۆی لە ڕێگەی چەکەوە بەدەست بێنێت، نەک بەرهەمهێنانی سامان و چوونەناو ئابووریی جیهانییەوە. ڕووسیا کە هەموو جۆرە کانزا و سەرچاوەیەکی سروشتیى کە بیرى لێ دەکەیتەوە، لەسەر گۆی زەوی لە خاکەکەیدا هەیە، توانایەکى بەرچاوى لە زانستە ئەندازیارییەکان، کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیادا هەیە، کەچی بەهۆی نەبوونی تێگەیشتنی ڕاست لەبارەی ڕەوتە جیهانییەکانەوە ئەو ماتەوزە (پوتانسیەڵ)ە مەزنەی، پێ نەکراوە بە هێز. دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراینا نزیکەی پێنج هەزار لە باشترین ئەندازیاران و زانایانی بوارەکانی زانست لە ڕووسیاوە بەرەو ئەمریکا و کەنەدا کۆچیان کردووە، لە کاتێکدا ڕووسیا دەیتوانی بە وەبەرهێنان و تێگەیشتنی قووڵ لە ڕەوتە جیهانییەکان، لە چین زووتر بەهێز ببووایە. یەکێک لەو کتێبانەی دەربارەی تواناکانی ئەمریکا لە بواری گواستنەوەی داتا لە ڕێگەی فایبری نوورییەوە کەوتە بەر سەرنج و زۆربەیشی لەو وڵاتەوە تێپەڕ دەبێت، ئەم ناونیشانەیە:
Underground Empire: How America Weaponized the World Economy, by Henry Farrell and Abraham Newman.
لەم ڕووەوە، ڕووسیا نزیکەی نیوسەدە لە تێگەیشتنی نوێ سەبارەت بە هێز لەدواوەیە. هەموو ئەو وڵاتانەی بە ئەمریکا دەڵێن ”نا” و ”ڕەنگە”، ئەوانەن کە لە باری تەکنەلۆژیا و ئابوورییەوە توانایان بەدەست هێناوە. لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەمریکا ٢٦ ملیار دۆلار سەرمایەى بیانیی بۆ وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرددا بۆ خۆی ڕاکێشا کە ئەو گوژمەیە شەش هێندەی دابینکردنی داراییی چینە لەو بوارەدا. ئەگەر توانای تەکنەلۆژیی ئەمریکا نەبووایە، نەوت و گازی Shaleبەرهەم نەدەهات و ئەمریکا لە ماوەی ساڵێکدا نەیدەتوانی لە بواری هەناردەکردنی وزەدا بۆ ئەوروپا جێگەی ڕووسیا بگرێتەوە.
دۆلار لە ٩٠%ی ئاڵوگۆڕە جیهانییەکاندا بەکار دەهێنرێت و تەنانەت چینییەکان سەرباری ١٩ تریلیۆن دۆلار تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی، هێشتا ڕێگەیەکی دووریان لەپێشە تاکوو پێوەری دراوی دەرەکییان توانای ئاڵوگۆڕی بەربڵاوی جیهانی پەیدا بکات. هێزى ئابووریی چین هێشتا هاوپەیمانێکی بەهێزی پڕبەپێستى خۆى لە بواری سەربازی و ئەمنیدا نەکردووەتە دیاری بۆ وڵاتەکە. کۆریای باکوور بە وڵاتی پرۆکسیی چین هەژمار دەکرێت. لە کاتێکدا ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان ٥٤ هاوپەیمانی سەربازی-ئەمنیی هەیە. ئەو واتایەی هێز کە ڕەگی لە تەکنەلۆژیا، ڕاهێنان و زنجیرەی بەرهەمهێناندا هەیە، لەنێو هەموو وڵاتاندا بێجگە لە کۆریای باکوور، کووبا، بیلاڕووس و ڕووسیا گشتێنراوە.
هەڵبژاردنەکان لە ساڵی ٢٠٢٤
لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی سێ ملیار کەس لە ٤٠ وڵات بەرپرسانی جێبەجێکاری خۆیان هەڵدەبژێرن. ئەو جەماوەرە نزیکەی ٦٥%ی تێکڕای بەرهەمی جیهان بەرهەم دێنن. لە هیچ ساڵێکی مێژووی دیموکراسیدا – کە ئەمساڵ (٢٠٢٤) بوو بە سەدەیەک- هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بەقەدەر ئەمساڵ دیاریکەر نەبووە. بەهۆی ئەوەی ئەوروپییەکان نیگەرانی لێکەوتەکانی جەنگی ئۆکراینا، کەمبوونەوەی نرخی گەشەی ئابووری و بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ژینگەوەن، ئەگەری ئەوەی ڕوو بکەنە حزبە ڕاستڕەوەکان لەو کیشوەرەدا زیادی کردووە. هاوکات ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر دۆخی هەموو وڵاتێک دادەنێت.
یەکێک لەو وتارانەی لە کۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆسدا (٢٠٢٤) دەنگدانەوەی لێ کەوتەوە، بەرگریی سەرۆککۆماری ئەڕژەنتین(Javier Milei) لە سیستەمی سەرمایەداری و ئازادییە کۆمەڵایەتی، مەدەنی و سیاسییەکان وەک دەرهاوێشتەی سەرمایەداری بوو. ئەو لە وتارە تێروتەسەلەکەیدا بە زمانی ئیسپانی کە بە ژیریی دەستکرد وەرگێڕدرابووەوە، باسی لە بێئاکامیی سیاسەتی چەپەکان لە بەڕێوەبردنی بوارەکانی ئابووری و سیاسی، نەک هەر لە ئەمریکای لاتین، بگرە لە هەموو جیهاندا کرد.
هەرچەندە وتارەکەی سەرۆکی ئەڕژەنتین بەپێی پۆلێنبەندیی وردی ئەکادیمی نەبوو، بەڵام هەم لەگەڵ ڕاستەقینە مێژوویییەکان و هەم لەگەڵ لێکەوتەکانی سیستەمی سەرمایەداری بۆ زانیاری، زانین، ڕاهێنان، ڕێکخستن و بەرهەمهێنانی سامان لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا دەگونجا. هەرچەندە سەرمایەداری هەوراز و نشێوی زۆر بووە، بەڵام بۆ گونجان لەگەڵ هەلومەرجدا، هاوسەنگی و نەرمییەکی زۆری نواندووە. بابەت و چەمکەکانی وەکوو ڕێکخراو، پسپۆڕی، سیستەم، لێهاتوویی، واقعبینی، وردی، ئاییندەبینی (دووربینى)، پلاندانان و زنجیرەیی، لە سەرمایەدارییەوە هاتوونەتە ناو بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە.
لە کاتێکدا سەرمایەداری زیاتر لە سێ سەدە پێشینەی مێژووییی هەیە، بەڵام ئەنجامە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی، واتا سیستەمی حزبی، دەستاودەستکردنی دەسەڵات، هەڵبژاردنەکان، لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، وەڵامدەربوون، ڕەوایی و پەسندی، تەنیا یەک سەدەیە لایەنی جیهانیی لەخۆ گرتووە و بڵاو بووەتەوە. لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین کە سەرمایەداریی نیوەچڵ و مشەخۆرانە (Parasite Capitalism) یان ئەزموون کردووە، کەرتی تایبەتیان دەستی لە بەڕکی حکوومەتدا بووە و، لە گەندەڵی، بێکەڵکی و بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان زیاتری لێ نەکەوتووەتەوە. وتاری سەرککۆماری ئەڕژەنتین و وتەکانی بەشێک لە وڵاتانی بچووکی ئەمریکای ناوەندی و ئەمریکای باشوور لە داڤۆس، دەرخەری گرنگیی پاڕادایمی هزری-فەلسەفیی ڕێبەران، خاوەندارێتیی تایبەت، سنووردارکردنی حکوومەت و لکاندنی بە جیهانەوە بۆ شەفافییەت، یاسامەندی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بوو.
ئاڵنگارییەکانی ئاڵوگۆڕە جیهانییەکان
یەکێک لەو کەسانەی لە کۆڕە ئابوورییەکانی داڤۆسدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەردەکەوت، خانمی نگۆزی ئۆکۆنجۆ- ئیویالا (Ngozi Okonjo-Iweala)، سکرتێری ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO) بوو. ئەو خانمە بۆ ئەوەی وڵاتانی باشوور هان بدات لەگەڵ بزووتنەوەی وزەی پاک بکەون، ئاماژەی بەوە دا کاربۆنسڕینەوە (De-carbonization) بە واتای پیشەسازیسڕینەوە (De-industrialization) نییە، بەڵکوو بە واتای سوودوەرگرتن لە وزەیە لە پرۆسەکانی بەرهەمهێناندا. سکرتێری ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ڕۆژاوا گرت و پێی وابوو ڕۆژاوا کەمتر ئامادە بووە بەپێی ڕێساکان کار بکات (Rule-based International System)، بگرە زیاتر بەپێی دەسەڵاتی کەڵەکەبووی خۆی (Power-based International System) بەڕێوەبەرایەتی دەکات. ئەو جەختی لە سەرمایەدارییەک کردەوە کە کێبڕکێی تێدا بێت و پشت بە دابەشکردنی دەرفەتەکان لە ڕێکخراوێکدا ببەستێت کە لەسەدا ٧٥ی بازرگانیی جیهانی بەپێی ڕێساکان ڕێک دەخات.
بەرپرسان و کەسانی ئەکادیمیی هیندی، چینی و ئەوروپی پێداگرییان لەسەر فرەلایەنەخوازی (Multilateralism) بە لێڕوانینی یەکسانخوازی لە بەڕێوەبردنی ئابووریی جیهانیدا دەکرد. ئەمریکا بەهۆی دەسەڵاتە تایبەتەکەی خۆی لەنێو وڵاتانی گەورە و نیونجیی جیهاندا برەو بە جۆرێک لە فرەلایەنەخوازی دەدات کە بە شێوەی سروشتی بەرژەوەندییەکانی کەرتی تایبەت و زیادکردنی سامان و باڵادەستیى تەکنەلۆژیی خۆی دەپارێزێت. وا باوە ئەو ئابوورییانەی قەبارەی ٣-٦ تریلیۆن دۆلارییان هەیە ڕوو لە فرەلایەنەخوازی دەکەن و ئەمریکا بە نزیکەی ٢٦ تریلیۆن دۆلار تێکڕای بەرهەمی ناوخۆوە، پێگەیەکی جیاواز بۆ خۆی لەبەرچاو دەگرێت.
پۆلێنبەندی لە جیهاندا هەروا لەسەر بناغەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆ و ئاستی تێچووەکانی R&Dیە. ئەمریکا لە خولی پێشووی سەرۆکایەتیی کۆماردا سیاسەتی جوداسازی (Decoupling)ی بەکار دێنا، بەڵام ئێستا زیاتر لەسەر بنەمای سیاسەتی مەترسی-سڕینەوە (De-risking) کار دەکات و لانی کەم لە بواری تەکنەلۆژییە پێچەڵپێچەکانی تەڵەزمەکان و نیمچەگەیەنەرەکان (Hedging) پارێزگاری لە خۆی دەکات. یەکێک لە بابەتە ناڕوونەکانی نێوان ئاڵوگۆڕی کاڵا/خزمەتگوزارییەکان، تەکنەلۆژیا و بەرهەمهێنان ئەوەیە کە چۆن بازاڕەکان بپارێزرێن، بەڵام تەکنەلۆژیای تایبەتی وڵاتانی بەهێز لە زنجیرەی بەرهەمهێناندا بەپاوانکراوی بمێننەوە.
شەڕی باجەکان لە نێوان ئەمریکا و چیندا ئەو بابەتەی کردووەتە بابەتێکی فرەڕەهەند و، بواری سیاسەتدانانی تووشی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی زیاتر کردووە. بۆ نموونە، کۆمپانیای Nipponی ژاپۆن کە خوازیاری کڕینی کۆمپانیای پۆڵای ئەمریکا US Steel بوو، بەهۆی هەندێک چالاکیی ئەو کۆمپانیایە لە چین، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە پەسند نەکرا، ئەوەیش لە کاتێکدا بوو کە ژاپۆن وەکوو هاوپەیمانێکی ستراتیژیکی ئەمریکا دەیویست ئەو کۆمپانیایە بکڕێت. ئەمریکییەکان نیگەرانی ئەوە بوون کە چین لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیا ژاپۆنییەوە دەستیان بە تەکنەلۆژیا نوێیەکانی ئەمریکا ڕابگات.
لە ڕوویەکی دیکەوە، لەم دوایییەدا وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕێگەی نەدا (Merging & Acquisition) و دوو کۆمپانیای فڕۆکەوانییJetBlue و Spirit تێکەڵ بە یەک ببن، چونکە توانیی لە دادگە بیسەلمێنێت تێکەڵبوونى ئەو دوو کۆمپانیایە بە گوژمەی ٨.٣ ملیار دۆلار کە بڕیار بوو لەلایەن JetBlue جێبەجێ بکرێت، پاوانکردنی بازاڕ و هەڵکشانی نرخەکانی لێ دەکەوتەوە. ئەم جۆرە بابەتانە دەرخەری بنەباس (Theme)ێکی چەسپاو لە هەموو کۆڕە ئابوورییەکانی داڤۆسدا بوون سەبارەت بەوەی حکوومەت (State) تا چ ڕاددەیەک بەسەر ڕەوتە ئابوورییەکان و جێبەجێکردنی یاساکاندا زاڵە.
ستانداردسازیی حکوومەت لە بەڕێوەبردنى ئابووریدا پێشنیاری هاوبەشی سیاسەتمەداران، یاسادانەران و سەرۆکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بوو. لە ئابووریی جیهاندا پشکدار و خاوەن بەرژەوەندی (Stakeholders) هێندە زۆر بوون کە تێگەیشتنی دوولایەنە و دروستکردنی متمانە لە نێوان وڵات، حکوومەت، تێکڕای خەڵک، بانکەکان، بەرهەمهێنەران و ئەوانەی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش دەکەن لە داڕشتنی سیاسەتی لۆژیکی و جێبەجێکردنی یاسادا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بە ڕاددەیەک کە بنەباس (تێم)ی کۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆس، متمانەسازی (Building Trust) بوو. ئەو متمانەیە لە هاوکاریدا کاتێک زیاتر زەق دەبێتەوە کە قەرز لە جیهاندا لەسەدا ٣٠٠ی تێکڕای بەرهەمی جیهانییە و بەبێ هاوکاری و هەماهەنگی، بەڕێوەبردنی بەشی زۆری ئاڵنگارییەکان مەیسەر نابێت.
هەموو ئابووریزانان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون، لە ساڵی ٢٠٢٤دا جیهان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت. هۆکارێکی ئەوەیش زیادبوونی دانیشتووانە لە ئەفریقا و ئاسیا. هاوکات خواست لەسەر سەفەر و گواستنەوەی کاڵاش دەرخەری باشبوونی دۆخی گەشەیە. تەنیا دوو کۆمپانیای فڕۆکەوانیی هیندی (Air India & IndiGo) ٧٥٠ فڕۆکەیان داوا کردووە. ئەیرباس بە ڕاداندانی ٥٦٢٦ و بوویینگیش بە ڕاداندانی ٨٦٠٠ فڕۆکەیان لە بەرنامەی کاری خۆیاندا هەیە.
ئێستا کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ٢٧ هەزار و ٤٠٠ فڕۆکەی گواستنەوەی گەشتیاریان هەیە کە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٢ بگاتە ٣٦ هەزار فڕۆکە. دوو کۆمپانیای گەورەی جیهانی (Maersk / Hapag-Llyod) کە بەسەریەکەوە ٩٠٤ کەشتیی زەریاپێویان هەیە لە ڕێگەی هاوکارییە بەربڵاوە نوێیەکان و تێکەڵکردنی پلانەکانیانەوە لە هەوڵی ئەوەدان هەرزانتر و خێراتر کاڵا بگوازنەوە.
دوورخستنەوەی ئابووری لە سیاسەت
لە داڤۆسی ٢٠٢٤دا لە ٤٥٠ کۆڕ و پانێل تەنیا لە نزیکەی ١٠ کۆڕدا باسی کاروباری سیاسی، ئەمنی، ناوچەیی و جیۆپۆلیتیک کرا و بەگشتی ئەو بۆچوونە لە گۆڕێدا بوو کە سەرباری قەیرانی جەنگ لە سێ ناوچەی جیهان (تایوان، ئۆکراینا و غەززە) ئابووریی جیهان لە پێشکەوتندایە. تەنانەت نائەمنییەکانی ناوچەی دەریای سوور و کەناڵی سویز نەبوونەتە هۆی هەڵکشانی نرخی نەوت، چونکە خستنەڕووی نەوت لەو خواستە زیاترە کە لەسەری هەیە و لە پاڵ ئەو قەیرانە ئەمنی و جیۆپۆلیتیکییانەدا گەشە و پەرەسەندنی ئابووری خەریکی بەدیهاتنە. ناوچەی عەرەبیی کەنداو بە سەدان پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە و سندووقی دراوی زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار، سەرچاوەیەکی گرنگی وەبەرهێنان، کاری هاوبەش و تەنانەت گەشەی تەکنەلۆژیا نوێیەکان و لێدانی ستارتەکانە.
پێنج سەرۆکوەزیری ناوچەی (ASEAN) لەسەر ئەو باوەڕەن کە هاوتەریبی کێبڕکێ سەربازی-ئەمنییەکانی ئەمریکا-چین لە ناوچەی دەریای چینی باشوور و پاسیفیک، ئابووریی هەموو وڵاتەکان لە گەشەکردندایە. بازاڕەکانی ASEAN پڕن لە کاڵای چینی و، وەبەرهێنانی دوولایەنە و فرەلایەنەی نێوان ئاسیا، ئەوروپا، وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و ئەوروپای ڕۆژاوا ڕووی لە فرەوانبوونە. بە واتایەکی دیکە، لە جیهانێکدا دەژین کە حکوومەتەکان ڕێگە نادەن ڕێگەی ئاسنی گەشەی ئابووری و ڕێگەی ئاسنی قەیرانە سیاسی-ئەمنییەکان تێک هەڵئەنگوون، بەڵکوو لە ڕێگەی دیپلۆماسی و ڕێزگرتن لە دراوسییەتیی یەکتر، ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی لە گرژی و قەیرانەکان دوور کەونەوە.
چەند خاڵی کۆتایی
داڤۆس ٢٠٢٤ سێگۆشەی ژیریی دەستکرد، کێبڕکێ و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بوو. مەزندەی نووسەری ئەم وتارە لەوەی دوور و نزیک لە ڕێڕەوەکانی کۆڕبەندەکەدا بەرچاوی کەوتن ئەوەیە کە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا نزیکەی دوو هەزار چاوپێکەوتن لە نێوان وڵاتان و کۆمپانیا جیاوازەکانی جیهاندا بۆ سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکانی داڕشتنی سیاسەت و کاری هاوبەش بەڕێوە چوو. هەمووان لەدووی هاوکاری، پێکەوەهەڵکردن، کەمکردنەوەی گرژییەکان، ڕەواندنەوەی هەڵەتێکگەیشتنەکان و زیادکردنی سامانی نیشتمانی بوون.
سەرۆکوەزیری ڤێتنام دەیگوت پەندێکی وڵاتەکەی ئەو دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت خێرا بڕۆی، بەتەنیا بڕۆ، بەڵام ئەگەر گەرەکتە بگەیتە ئاسۆ دوورەدەستەکان، پێکەوە و لەگەڵ دیتران وەڕێ بکەوە. ئەو جەختی کردەوە لەوەی گەشە و پەرەسەندن بابەتێکی بەکۆمەڵە و بەبێ هەڵکردن و ڕاهاتن لەگەڵ دراوسێ و نادراوسێ، بەختەوەریی گەلان مەیسەر نابێت.
یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکانی داڤۆس ئەوە بوو کە پێنج سەرۆکی بانکی ناوەندی لە پانێلێکدا بەشدار بوون و تەنیا لە ماوەی ٤٥ خولەکدا پێچەڵپێچترین، وردترین، قووڵترین و دووربینانەترین وشەکان، ڕستەکان، فۆڕمۆڵەکردنەکان و شرۆڤەکانی خۆیان دەربڕی. پێکەوە گفتوگۆ دەکەن، گوێ لە یەکدی دەگرن، لێکدی فێر دەبن، کاریگەری لەسەر یەکتر دادەنێن، کاریگەری لێک وەردەگرن، ڕادەمێنن و بیر لە چل ساڵی داهاتوو دەکەنەوە.