1

دوو ئامانجی سیاسیی مەترسیدار لە پشت بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵ

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

ئەگەر بە چاوێکی تیژ و گوماناوییەوە بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی، لە ٢١ی ئەم مانگەدا لەسەر پرسی مووچە و کورسیی پێکهاتەکان شرۆڤە بکەین، دەکرێ پێشبینیی ئەوە بکەین کە لە ماوەیەکی کەمدا دوو لێکەوتەی سیایسی خراپ بە دوای خۆیدا بهێنێت:

یەکەم، بڕیاری تایبەت بە نەهێشتنی/نادەستووریی کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. وەک دەزانین یەکێک لەو خەسڵەتە سیاسی و دیموکراسییانەی کە هەمیشە هەرێمی کوردستان پێی دەنازی و وەبەرهێنانی سیاسیی تێدا دەکرد- بەرامبەر بە عێراق و ناوچەکەیش-، پرسی نوێنەرایەتیی سیاسیی پێکهاتەکان بوو لە پەرلەمانى کوردستان، کە ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر دۆخی سیاسی و ئەمنی و ژینگەی کۆمەڵایەتیی پێکهاتەکانیش لە هەرێمی کوردستان.

بە نەهێشتنی “کۆتای” پێکهاتەکان، تورکمانەکان ئەستەمە بتوانن لە دوو کورسی زیاتر بهێنن، لەبەر “فرەبازنەیی”ش ئەستەمە کریستیانەکانیش بتوانن هیچ کورسییەک بەدەست بهێنن؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە لە بەغدا پێکهاتەکان نۆ کورسییان بۆ تەرخان کراوە (کریستیانەکان ٥ کورسی، فەیلی و شەبەک و ئێزدی و سابیئەیش هەر یەکەو یەک کورسیی کۆتایان هەیە). ئەم بڕیارە بە تێپەڕبوونی کات،  وا دەکات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەو سیمایە لە هەرێمی کوردستان بستێنێتەوە کە وەک نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیان لە عێراق سەیر بکرێت؛ بەو مانایەی هیچ جیاوازییەکی نەبێت لەگەڵ دۆخی پێکهاتەکان لە عێراق و ئێران و تورکیا و ناوچەکە.

ڕاستە کورسیی پێکهاتەکان لەبەر نزیکیی جوگرافی، هەمیشە لە بەرژەوەندیی لایەنێکی سیاسی دەشکایەوە، بەڵام لە سەرێکی تریشدا وێنەیەکی جوانی بەخشیبوو بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی پێکهاتەکان و پێکەوەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و، هەروەها هۆکارێک بوو کە هاوسۆزییەکی ڕۆژاوایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت. ئەمە لە دوای جەنگی داعش بەڕوونی دیار بوو؛ تا ئاستێک لە ساڵی ٢٠٢١ باڵاترین دەسەڵاتی ئایینیی کریستیانەکان، پاپا فرانسیس کاردینال، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و، چەند جارێکیش سوپاس و ستایشی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئەو مامەڵەیەی کە لەگەڵ پێکهاتەکان دەکرێت. ڕاستە پێش هەبوونی کۆتای کەمینەکان جۆرێک لە کەلتووری پێکەوەژیان لە کوردستان هەیە کە ئەستەمە بەو بڕیارە کاڵ ببێتەوە، بەڵام لە ئاستی سیاسی  و دیپلۆماسیدا ئەمە پرسێکی ترە و دەچێتە ڕوانگەی لێدان لە وێنەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کە ڕەنگە نییەتێکی سیاسیی دووربینانەی لە پشت بێت.

دووەم، گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ سەر حکوومەتی فیدراڵ. ئەم بڕیارەیش کە بەڕووکەشی سەیری دەکەی، بەجوانی و نییەتپاکی دەردەکەوێت، بەڵام گەر بە چاوێکی سیاسی و ڕەچاوکردنی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا و نییەتی گوماناویی دادگەی باڵای فیدراڵ سەیری بکەی، وێنەیەکی تەواو جیاوازترت دەست دەکەوێ. هەڵبەتە هەرچەندە بڕیارەکەی دادگە دەڵیت کە دەبێت حکوومەتی فیدراڵ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و، نابێت پرسی پێدانی مووچە بەشێک بێت لە ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە لایەکی تریش مەرجی ئەوەی داناوە کە دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا.

وەک دەزانین پرسی گەڕاندنەوەی هەموو داهاتەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا پرسێکی ئاڵۆزە و ئاسان نییە؛ “داهاتی نانەوتی” چی دەگرێتەوە؟ چۆن دەبێت حکوومەتی هەرێم هیچ داهاتێکی بۆ خەرجیی وەزارەتەکان و خزمەتگوزارییەکان نەبێت؟ ئایا بەغدا متمانەی بە هەرێمی کوردستان هەیە کە داهاتی نانەوتی چەندە؟ ئایا بەغدا مووچەی گشت مووچەخۆران دەدات کە زیاترە لە ملیۆنێکە، یان تەنیا ٦٥٠ هەزار مووچەخۆر وەک خۆیان دەڵین و هتد. ئەمانە و کۆمەڵێک خاڵی تر هەن کە پێمان دەڵێن ئەمە خاڵێکە ئەستەمە جێبەجێ بکرێت. ئەی ئەگەر جێبەجێ نەکرا، ئایا بەغدا لە ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت؟ بە بڕوای من نەخێر!

بەغدا گەر بەردەوامیش بێت تەنیا ٢-٣ مانگ بەردەوام دەبێت و دواتر دەڵێت کە، حکوومەتی هەرێم داهاتەکانی ناگەڕێنێتەوە بەغدا، بۆیە ناچارین مووچە ڕابگرین! چونکە لەو کاتە بەغدا پاساوی ئەوەی دەبێت کە هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی جێبەجێ نەکردووە. بۆ ئەمەیش دەکرێت میکانیزمی سیاسی و یاساییی زۆر هەبن بۆ لەقاڵبدانی زیاتری هەرێمی کوردستان.

 لە دۆخی وەستانی مووچە بە پاساوی ئەوەی حکوومەتی هەرێم گشت داهاتەکانی نانێرێتەوە بۆ بەغدا، ئەمە وا دەکات لە ئاستی خەڵک و شەقامدا گشت مووچەخۆرانی هەرێم، سەیرى حکوومەتى هەرێم بکەن وەک بەربەست لە بەردەم ڕاگرتنی مووچەی خۆیاندا. بۆ ئەمەیش لە ناوەخۆدا میدیا و سۆشیال میدیا و ململانێی حزبی وا دەکات کە ئەم پرسە لە دژی یەکتر بەکار بێت، بەتایبەتیش لە دژی پارتی؛ بە حوکمی ئەوەی حکوومەتی لەژێردەستە.

بەکورتی، ئەمە دواجار دوور نییە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری، نەک تەنیا لە دەڤەری یەکێتی بەڵکوو لە دەڤەری پارتییش لە دژی حکوومەت. ئەمەیش واتا هاندانی جەماوەری و لێدان لە متمانەی خەڵک بە دەسەڵات و دامەزراوە سیاسی و یاسایییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. هەڵبەتە ئەمە دوور نییە دواجار پەکخستنی تەواوی پرۆسەی سیاسیی لێ بکەوێتەوە و دۆخێکی سیاسیی خراپ بە دوای خۆیدا بهێنێت کە لە کۆتاییدا بگاتە ئاستی “مان و نەمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان” بەو فۆڕمەی کە ئێستا هەیە. چونکە وەک دەزانین چەندان پرسی تر هەن کە چاوەڕێ دەکرێت لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنرێن، وەک: پرسی نەهێشتنی نوێنەرایەتیی سیاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، بەستنەوەی دەسەڵاتی فڕۆکەخانەکان بە بەغداوە، خاڵە سنوورییەکان و مەرزەکان و هتد.

هەموو ئەم مەترسییانە وا دەکات کە گومانت هەبێت ئەم بڕیارانەی دادگەی فیدراڵ تەنیا دیوێکی یاساییی هەبێت بە ئاراستەی چارەسەرکردنی پرسەکان، بەڵکوو گومانی ئەوە دروست دەکات کە عەقڵێکی سیاسیی بەئەزموون و نییەتێکی سیاسیی ئامانجداری لە پشتە، کە گەورەترە لەو نوخبە سیاسییە عێراقییەی کە ئێستا لە بەغدا حوکمڕانن.