بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە کورسیی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی تورکیا لەو بارەوە
موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشەكی
پێكەوەژیانی ئاشتییانە دروشمێكە هەرێمی كوردستان لە شارەكانی دیكەی عێراق جیا دەكاتەوە، چونكە پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق تەنانەت دوای ساڵی 2003یش ڕووبەڕووی چەندان كێشە و گرفت و توندوتیژی بوونەتەوە و هەرێمی كوردستان هەمیشە بۆتە پەناگەیەكی ئارام بۆ ئەو چین و توێژانەى، كە بەهۆی توندوتیژییەوە شارەكانی عێراقیان جێ هێشتووە؛ تەنانەت پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی وڵاتانی دراوسێیش بەهۆی ئەو ئارامییەی كە لە هەرێمی كوردستان بەرپایە، ڕوویان لە خاكی هەرێمی كوردستان كردووە. بەرامبەر ئەمە، پێكهاتەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان كە بە درێژاییی مێژوو نیشتەجێی هەرێمن و بە دانیشتووانی ڕەسەنی هەریم دادەنرێن، بە مەبەستی گەرەنتیكردنی نوێنەرایەتیكردنیان لە دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان- وەكوو پەرلەمان- بە چەند قۆناغێكی جیاوازدا (11) “كورسیی كۆتا”یان بۆ دیاری كرا، بەڵام شێوازی نوێنەرایەتیكردنی ئەم (11) كورسییەی كۆتا لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان مشتومڕی زۆری بە دوای خۆێدا هێنا؛ تا بارودۆخەكە گەیەنرایە دادگەی باڵای فیدراڵی و بە بڕیارێكی دادگەكە كۆتایی بە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان هێنرا لە ڕێگەی كورسیی كۆتاكانەوە.
له بابه‌تی ئه‌م جاره‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ین هۆكاری نه‌هێشتنی كورسیی كۆتاكان بخه‌ینه ڕوو له چوارچێوه‌ی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی و هه‌ڵوێستی توركیا بەرامبەر ئه‌م هه‌نگاوه‌ی عێراق دژی پێكهاته‌كان، به‌تایبه‌ت پێكهاته‌ی توركمان.
بۆچی كورسیی پێكهاته‌كان كرانه ئامانج؟
دادگەی باڵای فیدراڵی له ڕێكه‌وتی (21/2/2024) بڕیاری ژماره (83 و موحدتیها 131 و 185/اتحادیة/ 2023)ی ده‌ركرد كه تایبه‌ت بوو به ناده‌ستووریبوونی هه‌ندێك بڕگه و مادده‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره (1) ساڵی 1992ی هه‌مواركراو. بڕیاره‌كه جه‌ختی له‌سه‌ر دوو خاڵی گرنگ و هه‌ستیار كردەوە: یه‌كه‌میان نه‌هێشتنی (11) كورسییه‌كه‌ی كۆتا و، ئه‌وه‌ی تریان دابه‌شكردنی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ر لانی كه‌م چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن. ئه‌م بڕیاره‌ی دادگەی باڵای فیدراڵی كاردانه‌وه‌ی زۆری به دوای خۆیدا هێنایه‌وه، به‌ڵام ده‌توانین له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه وه‌ڵامی پرسیاری “بۆچی كورسیی پێكهاته‌كان كرانه ئامانج؟” بخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: ئێران به چه‌ندان ڕێكاری جۆراوجۆره‌وه هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی عێراقی داوه له دوای ساڵی 2003، به‌ڵام تاكه هێز كه تا ئێستا نه‌یتوانیوه كۆنترۆڵی بكات “پارتی دیموكراتی كوردستان”ه. بۆیه هه‌موو تواناكانی خۆی چڕ كردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر پارتی دیموكرانی كوردستاندا بسه‌پێنێت؛ جا به هه‌ر جۆر و ئامرازێك بێت. ئێستا هه‌وڵ ده‌درێت له ڕێگه‌ی دادگەی باڵای فیدراڵییه‌وه هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان لاواز بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان گۆشه‌گیر بكرێت و نه‌توانێ هه‌ڵوێست و دژایه‌تیی خۆی به شێوه‌یه‌كی فراوان و ڕه‌ها ڕابگه‌یەنێت، چونكه به بڕیاره كۆتایییهكانی ئه‌م دادگەیهوه سنووردار كراوه.
دووه‌م: له ماوه‌ی ڕابردوو پێكهاته‌كان- به توركمان و مه‌سیحی و ئه‌رمه‌نه‌وه- نه‌یانتوانیوه ئه‌م كورسییانه‌ی كه بۆیان دیاری كراوه به شێوه‌یه‌كی دروست به‌كار بهێنن، به‌ڵكوو له ڕێگه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیی سه‌ر به‌م پێكهاتانه‌وه زۆر به‌خراپی به‌كار هێنراون! ئەمەیش وای كرد كاردانه‌وه‌ی خراپی لێ بكه‌وێتەوە و له ئه‌نجامدا سه‌ره‌ڕای ناده‌ستووریبوونی بڕیاره‌كه‌ی دادگە، به‌ڵام كورسیی پێكهاته‌كانی كۆتاییی پێ هێنا و به‌م جۆره‌یش هاوپه‌یمانێكی نزیكی پارتی، كه پێكهاته‌كانن، له په‌رله‌مان و هاوكێشه سیاسییه‌كانه‌وه دوور خرانەوە.
سێیه‌م: هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق هه‌میشه له ڕووی پێكهاته جیاوازه‌كانه‌وه به پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه ناسراوه؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مافی پێكهاته‌كان به‌پێی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه نه‌گه‌یشتۆته ئاستی پێویست، به‌ڵام چه‌ندان هه‌نگاو له‌م بواره‌دا له پێش عێراقه و ته‌نانه‌ت له ناوچه‌كه‌یش له پێش چه‌ندان وڵاتی ههرێمییە. واتا هه‌رێمی كوردستان بۆته په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ پێكهاته‌كانی عێراق و هه‌ریمی كوردستان. ئه‌م خاڵه هێزێكی باشی بهخشیوەتهوه هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و، سه‌رنجی وڵاتانی جیهانی بۆ خۆی ڕاكێشاوه. ئه‌مه‌یش بێ گومان لایه‌نه سیاسییه عێراقییه‌كانی نیگه‌ران كردووه، بۆیه ده‌یانه‌وێ پێگه نێودهوڵهوتییه باشه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌م بواره‌دا عەیبدار و ناشرین بكه‌ن.
مەترسی و لێکەوتەکانی بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگەی فیدراڵی
بڕیاره‌كانی دادگەی باڵای فیدراڵی، به‌تایبه‌ت له ماوه‌ی ڕابردوودا مه‌ترسییه‌كی زۆری بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه، كه ده‌كرێ گرنگترین ئه‌م مه‌ترسییانه به‌م شێوه‌ی خواره‌وه له‌م چه‌ند خاڵه‌دا كورت بكه‌ینه‌وه:
- بڕیاره‌كانی دادگەكه له جیاتی ئه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندی یاسایی له‌خۆ بگرن، ڕه‌هه‌ندی سیاسی‌یان پێوه دیاره؛ واتا دادگە، به‌تایبه‌ت بەرامبەر هه‌رێمی كوردستان ئه‌جێندای لایه‌نێكی سیاسیی دیاریكراو په‌یڕه‌و ده‌كات. یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م بڕیاره له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بریتییه له‌وه‌ی كه چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی دراوه‌ته پاڵ گوشاره‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان؛ به شێوه‌یه‌ك نه‌توانرێ نه تانه‌ی لێ بدرێت و نه ده‌قه‌كانی یاساكه جێبه‌جێ نه‌كرێت.
- بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان زۆر شڵه‌ژاو و ناسه‌قامگیره و، كێشه و گرفتی زۆری لێیه. ئه‌م بڕیارانه نێوماڵی كورد زیاتر په‌رته‌وازه ده‌كات و هانی ئه‌وه ده‌دات لێكدابڕانێكی مه‌ترسیدار له نێوان شار و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دروست بێت. بۆیه به‌هۆی ئه‌م بڕیارانه‌وه ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دوو هێزی سه‌ره‌كی- پارتی و یه‌كێتی- پێی ناوه‌ته‌وه ناڕوونییه‌كی مه‌ترسیدار. ئه‌م بڕیارانه‌ی دادگەی باڵای فیدراڵییش به شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی كاریگه‌ریی هه‌یه بۆ سه‌ر هاوكێشه سیاسییه ناوخۆیییه‌كانی هه‌رێم.
- بڕیاره‌كانی دادگەی باڵای فیدراڵی كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه وه‌ك ده‌ره‌نجامێكی ئه‌م بڕیارانه، عێراق گوشاری زیاتری كردۆته سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی به بیانووی ناردنی مووچه‌ی مانگانه، ته‌واوی زانیارییه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كان ڕاده‌ستی به‌غدا بكرێت. واتا هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ئه‌م بڕیارانه‌وه ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی ڕاده‌ستكردنی سه‌رجه‌م نهێنییه‌كانی ده‌زگە ئه‌منییه‌كانی به به‌غدا بۆته‌وه. هه‌ولێر تا چه‌ند ده‌توانێ به‌رگه‌ی ئه‌م گوشارانه بگرێت، ئه‌وه‌یش جێگەی سه‌رنجه، چونكه تابلۆی ئێستا ئه‌وه‌مان پێ نیشان ده‌دات كه هه‌رێمی كوردستان تا سه‌ر ناتوانێت به‌رگه‌ی ئه‌م گوشارانه بگرێت؛ به‌تایبه‌ت کە به‌غدا كارتی قووتی خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك فاكته‌رێكی كاریگه‌ر به‌كار ده‌هێنێت.
- له ڕێگه‌ی بڕیاره‌كانی دادگەی باڵای فیدراڵییه‌وه هه‌وڵ ده‌درێت ڕۆح و هه‌ستی ئینتیمای نیشتمانیی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان لاواز بكرێت و، به‌غدا وه‌ك فریادڕه‌س پێشان ده‌درێت و نمایش ده‌كرێت. به‌ڵێ مه‌ترسیی لاوازبوونی هه‌ستی ئینتیمای نیشتمانی لای هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێكه له‌و مهترسییانەى كه له ئه‌نجامی بڕیاره‌كانی دادگەی باڵای فیدراڵییه‌وه ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌وه. بەرامبەر ئه‌مه هه‌وڵ ده‌درێت وه‌لا و ئینتیمای خه‌ڵك زیاتر بۆ عێراق ڕابكێشرێت.
جگه له‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه، له ڕێگه‌ی دادگەی باڵای فیدراڵییه‌وه كار بۆ ئه‌وه ده‌كرێت، به‌ته‌واوه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆنترۆڵ بكرێت و قه‌واره‌یه‌ك به ناوی هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنێت و بڕیاره‌كانی دادگەكه ده‌رباره‌ی مووچه و مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم و كورسیی پێكهاته‌كان و یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم و…، هه‌نگاوی سه‌ره‌كی و جددین بۆ سه‌ره‌تا لاوازكردنی هه‌رێم و سه‌ندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورییه‌كانی لێی به چه‌ند قۆناغێك و، له كۆتاییدا مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێم وه‌ك پارێزگایه‌كی عێراق؛ ته‌نانه‌ت چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به بیانووی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كان به‌سه‌ر ده‌روازه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم، به‌ته‌واوه‌تی هه‌رێم كۆنترۆڵ و لاواز بكرێت. جگه له‌مه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم له چوارچێوه‌ی ئامانجه‌كانی قۆناغی داهاتووی دادگەی باڵای فیدراڵییه؛ ته‌نانه‌ت جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئامانجه مه‌ترسیداره‌ی دادگە و لایه‌نه سیاسییه شیعه‌كان ده‌ستی پێ كردووه و ئه‌وه‌ته بۆ مانگی شوباتی ساڵی 2024، وه‌زاره‌تی داراییی عێراق، مووچه‌ی وه‌زراه‌تی پێشمه‌رگه و ده‌زگە ئه‌منییه‌كان و به‌شێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی نه‌ناردووه.
ئایا هەرێمی کوردستان هیچ کارتێکی بەهێز و میکانیزمێکی سیاسی و یاسایی و دەستووری و ئابووریی لەبەردەستدایە بۆ ئەم مەبەستە؟
هه‌رێمی كوردستان له قۆناغی ئێستادا له لاوازترین و بێده‌سه‌ڵاتترین قۆناغیدایه؛ چونكه له لایه‌ك لایه‌نه سیاسییه‌كانی نێوخۆی هه‌رێم ناكۆكن له‌گه‌ڵ یه‌كتر و، له لایه‌كی دیكه‌یش لایه‌نه سیاسییه شیعه‌كانی نزیك ئێران گوشارێكی بێوێنه‌یان كردۆته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش به‌تایبه‌ت. ده‌كرێ هه‌رێمی كوردستان به گرتنەبه‌ری ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی كه له خواره‌وه هاتووه ڕووبه‌ڕووی ئه‌م گوشارانه بێته‌وه:
یه‌كه‌م: یه‌كێك له گرفته هه‌ره گه‌وره‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه، له كاتی دروستبوونی كێشه‌یه‌كی یاسایی، وه‌ڵام و هه‌ڵوێستیان زۆر ساده‌یه؛ بۆ نموونه ناوه‌رۆكی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی ده‌رباره‌ی كورسیی پێكهاته‌كان و یاسای هه‌ڵبژاردنی ژماره (1) ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، بریتی بوو له نزیكه‌ی 23 لاپه‌ره، كه‌چی وه‌كوو هه‌ڵوێستێكی ناڕه‌زایی، به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان كه له ڕێكه‌وتی (13/3/2024) ده‌ركرا نزیكه‌ی 450 وشه بوو و ته‌نیا به زمانی (كوردی و عه‌ره‌بی) ڕاگه‌یەنراوه. ئه‌مه خۆی له خۆیدا كه‌موكوڕییه‌كی به‌رچاوه له هه‌ڵوێستی باڵاترین مه‌رجه‌عی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان؛ ده‌بوایه وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان لانی كه‌م به‌قه‌ده‌ر ناوه‌رۆكی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بوایه، چونكه سه‌ره‌ڕای ناده‌ستووریبوونی بڕیاره‌كه، دادگەكه كه بڕیاره‌كه‌ی ده‌ركردووه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه بیخاته چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستوورییه‌وه و زۆر به‌وردی بابه‌ته‌كه‌ی شی كردۆته‌وه و ڕاڤه‌یه‌كی دوورودرێژی له‌گه‌ڵدا خستۆته ڕوو. واتا یه‌كێك له هه‌نگاوه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێت لانی كه‌م ده‌زگە دادوه‌رییه‌كانی زۆر به‌وردی وه‌ڵامی بڕیاره‌كانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بده‌نه‌وه و ئه‌وه به ده‌قه ده‌ستوورییه‌كانه‌وه بسه‌لمێنن؛ دواتر وه‌ڵام یاخود به‌یاننامه‌كه به هه‌رسێ زمانه‌كانی (عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و كوردی) بڵاو بكرێته‌وه و هه‌وڵ بدرێت بگه‌یەنرێته باڵوێزخانه و كونسوڵخانه بیانییه‌كانی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییش كاری بۆ بكرێت و بگه‌یەنرێته وڵاتانی جیهان.
دووه‌م: كێشه‌كانی نێوماڵی شیعه له لایه‌ك و ناكۆكییه‌كانی نێوان سوننه و شیعه له لایه‌كی دیكه، ده‌بێت له‌م قۆناغه‌دا به‌باشی له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌كی باشی بۆ بكرێت و بتوانرێ له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمدا به‌كار بهێنرێت. لایه‌نه سوننه‌كانیش وه‌كوو كورد ڕووبه‌ڕووی گوشاره‌كانی دادگەی باڵای فیدراڵی بوونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت دوای بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی پێشوو “موحه‌مه‌د حه‌لبووسی”. ئه‌م پێشهاته به‌داخه‌وه له‌لایه‌ن كورد به‌باشی كاری له‌سه‌ر نه‌كرا و ده‌بوایه به‌ژیرانه زیاتر بورووژێنرێت. واتا هه‌نگاوی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان له قۆناغی ئێستادا بریتییه له سوودوه‌رگرتن له ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه شیعه‌كان له لایه‌ك و ناكۆكییه‌كانی نێوان سوننه و شیعه له لایه‌كی دیكه.
سێیه‌م: به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی كه‌یسه‌كه و ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تیكی دیپلۆماسیی فراوان له‌سه‌ر ئاستی فه‌رمیی حكوومی و حزبی؛ به‌ڵام مه‌رجه ئه‌م هه‌نگاوه گرنگه له‌لایه‌ن خودی “مه‌سعوود بارزانی”یه‌وه سه‌رپه‌رشتی بكرێت؛ چونكه پێگه و قورساییی “مه‌سعوود بارزانی” كاریگه‌رتر و جیاوازتر و سه‌رنجڕاكێشتره، هه‌روه‌ها لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان “مه‌سعوود بارزانی” وه‌كوو تاكه مه‌رجه‌عی كورد ده‌بینن. بێ گومان ئه‌م هه‌ڵمه‌ته دیپلۆماسییه‌ی “مه‌سعوود بارزانی”، ده‌بێت له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه پاڵپشتی بكرێت. پێشبینی ده‌كرێت ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه بنرێت، گوشاره‌كان بۆ سه‌ر به‌غدا زیاتر ببن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی “مه‌سعوود بارزانی” هه‌ر كاتێك هه‌وڵ بۆ كارێك بدات یاخود كار له‌سه‌ر بابه‌تێك بكات، ئه‌وه په‌یامی ئه‌وه بۆ لایه‌نه‌كان ده‌نێرێت كه بارودۆخه‌كه زۆر خراپه و پێویستی به چاره‌سه‌ری خێرا و بنه‌ڕه‌تی هه‌یه.
چواره‌م: یه‌كێك له هۆكاره‌كانی دروستبوونی ئه‌م تابلۆیه، په‌رشوبڵاویی نێوماڵی كورده، جا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌یش پێویستی به دووباره ڕێكخستنەوەى نێوماڵی كورد هه‌یه. به‌ڵام به‌داخه‌وه چاوه‌ڕوان ناكرێت له بارودۆخی ئێستادا، نێوماڵی كورد دووباره ڕێك بخرێته‌وه و یه‌كڕیزی له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌ت له نێوان پارتی و یه‌كێتی، بەدى بهێنرێت. بۆیه ده‌بێت پارتی دیموكرانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه كار بكات كه تیایدا خراپیی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌به‌رچاو بگرێت و ستراتیژییه‌تی خۆی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا دابڕێژێت؛ به‌پێچه‌وانه‌وه خولیا و ئومێده‌كانی یه‌كڕیزی له‌وانه‌یه زۆر سوودی نه‌بێت و، بارودۆخێكی ئاوا هاتۆته ئاراوه كه تیایدا لە نێوان پارتی و یه‌كێتیدا له‌سه‌ر پرس و بابه‌ت و ئامانجه ستراتیژییه‌كان ناکۆکى دروست بووه. ئه‌مه‌یش به‌ڕاشكاوانه له‌لایه‌ن “مه‌سعوود بارزانی”یەوە له چاوپێكه‌ونێكی ڕۆژنامه‌وانیدا بۆ ڕادیۆ مۆنتی كارلۆ ئاماژه‌ی پێ درا.
پێنجه‌م: گه‌نده‌ڵی یه‌كێكه له په‌تا درێژخایەن و كوشندەکان كه ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌وه. به‌داخه‌وه سه‌ره‌ڕای به‌ڵێن و هه‌وڵ و كۆششی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی، به‌ڵام نه‌توانراوە ئه‌م كێشه‌یه بنبڕ بكرێت و كۆتاییی پێ بهێنرێت. گرنگترین ده‌رهاوێشته‌كانی گه‌نده‌ڵی بریتییه له شڵه‌ژانی متمانه‌ی خه‌ڵك به حزبه سیاسییه‌كان و ته‌نانه‌ت سه‌ركرده دیاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان. تا گه‌نده‌ڵی مابێت، قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان لاوازتر ده‌كات و ده‌بێته هۆی دروستبوونی بۆچوونێك و ئاراسته‌یه‌ك به‌ره‌و ئه‌نجامدانی گۆڕانكاریی ڕاسته‌قینه و، ئه‌گه‌ر هه‌ر فه‌رامۆش بكرێت و به‌جددی كاری له‌سه‌ر نه‌كرێت، ده‌بێته هۆی گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی له سیسته‌می حوكمڕانیدا.
بۆیه یه‌كێك له هه‌نگاوه هه‌ره گرنگه‌كان بریتییه له‌وه‌ی كه‌وا كاتی ئه‌وه هاتووه حزبه سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ئاشت ببنه‌وه و پاڵپشتیی جه‌ماوه‌ریی ڕاسته‌قینه به‌ده‌ست بهێنن، چونكه هیچ لایه‌ن و حزبێكی سیاسی له جیهاندا نییه به‌بێ پاڵپشتیی خه‌ڵكه‌كه‌ی بتوانێ به‌رگه‌ی مه‌ترسییه‌كان بگرێت. بۆیه هه‌نگاوێكی دیكه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه سیاسییه‌كان، بریتییه له ئاشتكردنەوەی خه‌ڵك و ڕازیكردنیان؛ به‌پێچه‌وانه‌وه نه‌مان یاخود لاوازبوونی متمانه‌ی خه‌ڵك به حكوومه‌ت و لایه‌نه حزبییه‌كان، ده‌ره‌نجامی نه‌رێنیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و، له هیچ كات و قۆناغێكدا هیچ سه‌ركرده و لایه‌نێكی سیاسی به‌بێ پاڵپشتیی گه‌له‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه.
ڕۆڵی سەرۆککۆماری عێراق لەم پرسەدا چییە؟ ئایا هەرێمی کوردستان ده‌بێت چۆن مامەڵە لەگەڵ دادگەی فیدراڵیدا بكا؟
سه‌رۆككۆماری عێراق به‌پێی مادده‌ی (67)ی ده‌ستووری هه‌میشه‌ییی عێراق، پێویسته شه‌ونخونی بكات بۆ زامنكردنی پابه‌ندبوون به ده‌ستووری عێراق. ڕاڤه‌كردنی ئه‌م مادده‌یه‌ی ده‌ستووری عێراق مشتومڕی ئه‌وه‌ی دروست كرد كه گوایه ئێستا دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق پێشێلی ده‌ستووری كردووه و به پشتبه‌ستن به‌م مادده‌ی دەستووره، سه‌رۆككۆمار ده‌توانێ ئه‌م پێشێلكارییه‌ی دادگەی باڵاى فیدراڵی ڕابگرێت. به‌ڵام له ڕاستیدا با ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆككۆمار تهشریفین، بۆیه ده‌سه‌ڵاتی له سه‌رووی دادگەی باڵای فیدراڵی نییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌م به‌ربه‌سته به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رۆككۆمار كورده و پێویسته هه‌ڵوێستیكی ئاشكرای هه‌بێت بەرامبەر پێشێلكارییه‌كانی دادگەی باڵای فیدراڵی، ده‌بوایه لانی كه‌م ئه‌وها به‌بێده‌نگی نه‌مابایه و هه‌ڵوێستێكی نیشتمانیی له چوارچێوه‌ی مادده‌ی (67)ی ده‌ستووری عێراقه‌وه بنواندبایە. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعدا نهیشتوانێت بڕیاره‌كانی دادگەكه بگۆڕێت، به‌ڵام له ڕووی گوشاری ناوخۆ و ته‌نانه‌ت نێوده‌وڵه‌تییش، ده‌نگدانه‌وه و كاریگه‌ریی ئه‌رێنیی ده‌بوو له به‌رژه‌وه‌ندیی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان. به‌ڵام دوای “جه‌لال تاڵه‌بانی”، سه‌رۆككۆماری پێشووتری عێراق، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه كراونه‌ته سه‌رۆككۆمار، كه‌سایه‌تییه‌كه‌یان زۆر لارزۆك و لاواز بووه؛ بۆیه هیچ قورسایییهكی مه‌عنه‌وی و سیاسی‌یان نییه له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پێویسته هه‌رێمی كوردستان گوشاره‌كانی خۆی زیاد بكات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆككۆمار هه‌ڵوێستێك بنوێنێت به مه‌به‌ستی ڕاگرتنی یاخود لانی كه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م دادگەیه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. ناكرێ مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌م شێوه ناڕه‌وایه پێشێڵ بكرێت و سه‌رۆككۆمار كه پشكی كورده بێده‌نگ و بێهه‌ڵوێست بێت، چونكه زۆر به‌ئاشكرا دیاره كه دادگەكه له ڕێره‌وی یاسایی و ده‌ستووریی خۆی لای داوه و پێویسته دادگەی باڵاى فیدراڵی له شوێنێك بوه‌ستێنرێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه دیاره بارودۆخه ناوخۆیییهكهی هه‌رێمی كوردستان وای كردووه كه سهرۆككۆرمار نه‌توانێ ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی ده‌ستووریش پاڵپشتیی خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕابگه‌یەنێت.
هه‌ڵوێستی توركیا بەرامبەر به بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی سه‌باره‌ت به یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بەرامبەر عێراق و هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی سێ ڕه‌هه‌ندی ستراتیژی داڕێژراوه: یه‌كه‌میان پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا و بنبڕكردنی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی؛ دووه‌میان پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و؛ دواههمینيشیان پاراستنی ڕۆڵ و پێگه‌ی توركیايه له كه‌رتی وزه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م ڕه‌هه‌ندانه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا چه‌ندان ساڵه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت وبهجددی هه‌وڵ ده‌درێت بۆ جێبه‌جێكردنیان، به‌ڵام گرفتێكی گه‌وره له‌م بواره ڕووبه‌ڕووی ئه‌نقه‌ره بۆته‌وه ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی كه‌وا هێزه شیعه‌كانی نزیك تاران به یارمه‌تیی ئێران گوشارێكی بێوێنه ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تى پارتی. واتا هه‌وڵێكی جددی له ئارادایه بۆ لاوازكردنی پارتی كه به تاكه حزب و لایه‌نی سیاسیی عێراق داده‌نرێت له دوای 2003 نه‌كه‌وتۆته ژێر ڕكێڤی هێزه‌كانی نزیك تاران.
به‌ڵام بەرامبەر ئه‌مه هه‌وڵێكی به‌رچاویش هه‌یه له‌لایه‌ن ئێران، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره و به‌غدا لێكنزیك بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی توركیا زۆر پێویستی به پارتی نه‌بێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌ردانی شاندێكی باڵای توركی له ڕێكه‌وتی (14/3/2024) بۆ به‌غدا، بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه‌ی له‌سه‌ر خاكی عێراقی له‌لایه‌ن بهغداوهی لێ كه‌وته‌وه كه ئه‌مه‌یش به گرنگترین ده‌سكه‌وتی لایه‌نی توركی داده‌نرێت، چونكه چه‌ندان ساڵه ئه‌نقه‌ره كار بۆ ئه‌وه ده‌كات “قه‌ناعه‌ت به به‌رپرسانی عێراق بهێنێت كه‌وا په‌كه‌كه ڕێكخراوێكی تیرۆریستییه.” بۆیه ده‌كرێ ئه‌م پێشهاتانه له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی تاران بێت بۆ گۆشه‌گیركردنی پارتی و هه‌رێمی كوردستان، چونكه شانده‌كه سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان نه‌كرد و ته‌نیا وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم وه‌ك ئه‌ندامێكی شانده‌كه له كۆبوونه‌وه‌كان به‌شدار بوو.
له لایه‌كی دیكه نه‌هێشتنی كورسیی كۆتاكان بۆ ئه‌نقه‌ره زۆر گرنگ نه‌بوو، چونكه سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی “حه‌سەن تۆران” ڕای گه‌یاند كه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕای بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن چه‌ند حزبێكی توركمانی. ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌رده‌خات به‌پێچه‌وانه‌وه توركیا هه‌وڵ ده‌دات پاڵپشتیی توركمانه‌كان بكات بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی له په‌رله‌مانی كوردستان به‌بێ دیاریکردنی كورسیی كۆتا بۆیان.
پێویستە دۆخەکە زۆر به‌باشی خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت، چونكه ده‌روازه‌ی توركیا زۆر ستراتیژی و گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی هه‌ردوو لا بنیات بنرێت و، ده‌كرێ له‌م بابه‌ته‌دا به‌م شێوه‌ی خواره‌وه سوود له توركیا ببینرێت:
یه‌كه‌م: ئه‌نقه‌ره چه‌كی ئاوی له‌به‌رده‌سته و دەتوانێ ئه‌م چه‌كه به شێوه‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ر دژی عێراق به‌كار بهێنێت. له‌م خاڵه‌دا ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگییه‌ك له نێوان هەرێمی کوردستان و ئه‌نقه‌ره هه‌بێت، ئه‌وه ده‌كرێ گوشاره‌كانی ئه‌نقه‌ره بۆ سه‌ر به‌غدا سوودیان هه‌بێت.
دووه‌م: له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی، ئه‌نقه‌ره خاوه‌ن پێگه و قورسایییهكی دیاریكراوه، بۆیه زۆر گرنگه هەرێمی کوردستان له ڕێگه‌ی به‌ستنی هاوپه‌یمانییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ توركیا سوود له‌م پێگه‌یه‌ی توركیا ببینێت.
سێیه‌م: له ڕووی بازرگانییه‌وه سه‌ره‌كیترین ده‌روازه‌ی سنووریی نێوان عێراق و توركیا له هه‌رێمی كوردستانه و زۆربه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانی عێراق له “ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل”ه‌وه هاورده ده‌كرێت. پێویسته زیاتر گرنگی به‌م ده‌روازه‌یه بدرێت و ڕێگری بكرێت له دروستكردنی ئه‌لته‌رناتیڤی دیكه، به‌تایبه‌ت “پرۆژه‌ی ده‌روازه‌ی ئۆڤا كۆی”؛ چونكه دوور نییه دووباره ئه‌نقه‌رە و به‌غدا له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌روازه‌یه ڕێك بكه‌ون و ده‌ست به جێبه‌جێكردنی بكه‌ن.
كۆبه‌ند
دادگەی باڵای فیدراڵی دیارترین چه‌كی تارانه كه دژی هه‌رێمی كوردستان و پارتی به‌كار ده‌هێنرێت، بۆیه ده‌بێت به شێوه‌یه‌ك پارتی هه‌ڵوێستێكی كاریگه‌ری هه‌بێت بۆ ڕاگرتنی ئه‌م پێشێلكارییانه‌ی دادگەی باڵای فیدراڵی. هه‌نگاوی كشاندنەوەی دادوه‌ره كورده‌كه له دادگەكه و بڕیاری به‌شدارینه‌كردنی پارتی له هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانی كوردستان كه بڕیاره له 10ی حوزیران به‌ڕێوه بچێت و، هه‌ره‌شه‌ی كشانه‌وه له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق له‌لایه‌ن پارتییه‌وه هه‌نگاو و ئامرازی كاریگه‌رن بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی لایه‌نه سیاسییه ناوخۆیییه‌كانی عێراق و هه‌رێم له لایه‌ك و، هێزه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كانیش له لایه‌كی دیكه؛ چونكه پێ ناچێت دادگەى باڵای فیدراڵی ته‌نیا به‌م بڕیارانه بوه‌ستێت به‌ڵكوو پێشبینی ده‌كرێت هه‌نگاوی زیاتر له دژی پارتی و هه‌رێمی كوردستان بنێت. ئه‌وه‌ی دادگەی باڵای فیدراڵی تا ئێستا له ڕێگه‌ی بڕیارهكانییەوە ئەنجامى داوە، بریتییه له “كوده‌تایه‌كی سپی” كه نابێت بێده‌نگی بنوێنرێت بەرامبەری. ئه‌م جاره‌یش پارتی له ڕێگه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێى دا، ناڕه‌زایه‌تیی خۆی له به‌رزترین ئاست بەرامبەر به‌م كوده‌تایه ده‌ربڕی.