هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا چۆن بەڕێوە دەچێت؟
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس
لە 6 تا 9ی مانگی شەشی ساڵی 2024، ملیۆنان ئەوروپی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکەن بۆ ئەوەی داهاتووی دیموکراسیی یەکێتیی ئەوروپا دەستنیشان بکەن. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە خەڵکی کام وڵاتان ڕێژەیان بەرزترە و لەم هەڵبژاردنانەدا کاریگەریی زیاتریان هەیە؟
هەموو وڵاتانی ئەوروپا نەریتی هەڵبژاردنیان وەک یەک نییە، بۆیە هەڵبژاردنی ئەوروپا لە چوار ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت. هۆڵەندا ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی حوزەیران، ئیرلەندا و کۆماری چیک ڕۆژی هەینی ٧ی حوزەیران و لە ڕۆژی شەممە ٨ی حوزەیران لاتڤیا، ماڵتا و سلۆڤاکیا دەنگ دەدەن، وڵاتانی دیکەیش بریتین لە نەمسا، بەلجیکا، فەڕەنسا، بولگاریا، قوبرس، کرواتیا، دانیمارک ، ئیستۆنیا، فینلاند، یۆنان، و هەنگاریا. لە ئیتاڵیا، لیتوانیا، لۆکسمبۆرگ، پۆڵەندا، پۆرتوگال، ڕۆمانیا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا، سوید ڕۆژی یەکشەممە ٩ی حوزەیرانیان بۆ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنانە دیاری کردووە. لە لایەکی دیکەوە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە یەکسانی، ئێوارەی یەکشەممە ٩ی حوزەیران سەرجەم ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن. بۆیە بۆ نموونە هۆڵەندییەکان دەبێت زیاتر لە سێ ڕۆژ چاوەڕێ بکەن تا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیان ئاگادار بکرێنەوە.
ئێستا حەوت گرووپ لە پەرلەمانی ئەوروپادا هەن: چەپ (چەپی ڕادیکاڵ، 37 ئەندام)، سەوزەکان/هاوپەیمانیی ئازادی ئەوروپی (ژینگەدۆستان و ناوچەگەرەکان، 71 ئەندام)، هاوپەیمانیی پێشکەوتنخوازی سۆسیالیست و دیموکراتەکان (سۆسیال دیموکراتەکان، 140 ئەندام)، نوێبوونەوەی ئەوروپا (ڕاستی لیبراڵ، 102 ئەندام)، حزبی گەلی ئەوروپا (ڕاستی پارێزگار، 178 ئەندام)، پارێزگار و چاکسازیخوازانی ئەوروپا (ڕاستی پارێزگاری ئەوروپی، 68 ئەندام) و ناسنامە و دیموکراسی (ناسیونالیستی ڕاستی توندڕەو، 59 ئەندام). لە ئێستادا ٥٠ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا ئەندامی هیچ گرووپێکی سیاسی نین.
ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنجومەنی ئەوروپا سەبارەت بەو دەقە یاسایییانەی کە کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشنیارى کردوون، تاوتوێ دەکەن، هەموار دەکەنەوە و دەنگی پێ دەدەن. هەروەها بوودجەی ساڵانەی یەکێتیی ئەوروپا دادەنێن و خەرجییەکانی کۆنترۆڵ دەکەن، هەروەها بڕیار لەسەر پەیماننامه نێودەوڵەتییەکان و فراوانکردنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەدەن. هەروەها ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لە 24 کۆمیسیۆنی تایبەتمەنددا کار دەکەن، لەوانە: کاروباری کار و کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ و گەشەپێدانی گوندەکان، بەرهەمە دەریایییەکان، مافی ژنان و یەکسانیی جێندەری و هتد.
و لە کۆتاییدا نوێنەرانی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر بنەمای پێشنیاری ئەنجومەنی ئەوروپا سەرۆکی خۆیان و، هەروەها سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا هەڵدەبژێرن. لە کاتی گوێگرتن لە قسەی کۆمیسارەکانی یەکێتییەکە، بە دەنگدانی ناوخۆ دەستبەکاربوونیان پەسەند دەکەن. ئەگەر کۆمیسارییەک لەلایەن نوێنەرانەوە ڕەت کرایەوە، دەنگدانەکە دوا دەخرێت. کۆمیسێرەکان بۆ یەکێتی هەمان ڕۆڵی وەزیرێکیان هەیە بۆ حکوومەتی وڵاتێک.
پەرلەمانی ئەوروپا
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا چارەنووسی نەک هەر ئەم هەرێمە بەڵکوو پەیوەندییەکانی ئەم بلۆکە لەگەڵ باقیی جیهان دیاری دەکات. پەرلەمانی ئەوروپا یاسا دەردەکات کە کاریگەریی لەسەر هەموو لایەنێک هەیە، لەوانەیش: وڵاتە گەورەکان و کۆمەڵگە بچووکەکان، کۆمپانیا بەهێزەکان و گەنجە دەستپێشخەرەکان، تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانی و خۆجێیی.
یەکێتیی ئەوروپا بە ٢٧ وڵاتی ئەندام، گەورەترین بازاڕی هاوبەشی ئابوورییە لە جیهاندا و وەک هەناردەکار و هاوردەکاری سەرەکی لە ئاستی جیهانیدا ڕۆڵی هەیە. لە ساڵی ٢٠١٨دا بەرهەمی گشتیی ناوخۆی یەکێتیی ئەوروپا کە ٢٧ وڵاتی ئەندامە، یەکسان بووە بە ١٨.٦%ی کۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆییی جیهان (بە پشتبەستن بە نرخەکانی ئێستا). ئەمریکا و چین بە ڕێژەی 24% و 15.9%ی گەورەترین وڵاتانی دیکەی جیهان بوون. هەروەها ئەم بلۆکە لە دوای ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٢دا دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان بووە و بەرهەمی ناوخۆیی نزیکەی ١٦.٧ تریلیۆن دۆلار بووە. بەڵام لە خودی یەکێتیی ئەوروپادا ٥ وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و هۆڵەندا گەورەترین ئابووریی یەکێتیی ئەوروپان کە نزیکەی ٦٠%ی کۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆی یەکێتیی ئەوروپا پێک دەهێنن.
هەروەها ئەم ناوچەیە لە دوای چین و هیندستان، سێیەم ناوچەی جیهانە بە زۆرترین دانیشتووانی جیهان و ژمارەی دانیشتووانی لە ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٤٤٨ ملیۆن کەس بووە. بەڵام کاتێک باس لە ژمارەی دانیشتووان دەکرێت، ژمارەکان بۆ گەورەترین وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا دەگۆڕدرێن. لە ڕاستیدا ئەڵمانیا زۆرترین دانیشتووانی یەکێتیی ئەوروپای هەیە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٨٤ ملیۆن کەسە لە ساڵی ٢٠٢٣دا. ئەم وڵاتە نزیکەی ١٨.٨%ی کۆی دانیشتووانی یەکێتیی ئەوروپا پێک دەهێنێت. لە بەرامبەردا، ماڵتا کەمترین دانیشتووانی یەکێتیی ئەوروپای هەیە. ئەم وڵاتە بە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٥٤٢ هەزار کەس لە ساڵی ٢٠٢٣دا، خاوەن کەمترین دانیشتووانی یەکێتیی ئەوروپا بوو. ماڵتا تەنیا 0.12%ی کۆی دانیشتووانی یەکێتیی ئەوروپا پێک دەهێنێت.
فەڕەنسا گەورەترین وڵاتی یەکێتیی ئەوروپایە و زیاتر لە 15%ی کۆی ڕووبەری یەکێتیی ئەوروپا پێک دەهێنێت. لە لایەکی ترەوە، ماڵتا بچووکترین وڵاتی ئەم بلۆکەیە. ئەم وڵاتە تەنیا 0.02%ی کۆی ڕووبەری یەکێتیی ئەوروپا پێک دێنێت.
ئێستا ٦ وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا بە سیستەمی دەسەڵاتی پاشایەتی بەڕێوە دەبردرێن. لوکسمبۆرگ، سوید، بەلجیکا، دانیمارک، هۆڵەندا و ئیسپانیا ئەو وڵاتانەن کە سیستەمی سیاسیی شاهانەیان هەیە. لەم وڵاتانەدا پاشا، یان شاژن وەک سەرۆکی دەوڵەت مامەڵە دەکات، بەڵام دەسەڵاتێکی سیاسیی کەمی هەیە. ئەگەر بریتانیا هێشتا ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا بووایە، ٧ وڵاتی ناو بلۆکەکە بە دەسەڵاتی پاشایەتی بەڕێوە دەبردران. لە لایەکی دیکەوە ٢١ وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا بە کۆمارەکانی سەرۆکایەتی یان پەرلەمانی بەڕێوە دەبردرێن. بولگاریا، کرواتیا، کۆماری چیک، ئیستۆنیا، یۆنان، هەنگاریا، ئێرلەندا، لاتڤیا، ماڵتا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا، نەمسا، ئەڵمانیا، فینلاند، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، لیتوانیا، پۆڵەندا، پۆرتوگال، ڕۆمانیا و یۆنان ئەم ٢١ وڵاتە پێک دەهێنن.
لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا بەگشتی ٧٢٠ نوێنەر بۆ پەرلەمانی ئەوروپا هەڵدەبژێردرێن، کە ١٥ نوێنەر زیاترە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو. لە پەرلەمانی ئەوروپادا ئەڵمانیا زۆرترین نوێنەری هەیە و 96 کورسیی هەیە. فەڕەنسا لە پلەی دووەمدایە کە ٨١ نوێنەری هەیە. ئیتاڵیا بە ٧٦ نوێنەرەوە لە پلەی سێیەمدایە.
دوای ئەوە؛ ئیسپانیا (61)، پۆڵەندا (53)، ڕۆمانیا (33)، هۆڵەندا (31)، و بەلجیکا (22)، یۆنان، کۆماری چیک، سوید، پۆرتوگال، هەنگاریا هەر یەکەیان ٢١ نوێنەریان لە پەرلەمانی ئەوروپا هەیە. پاشان نەمسا بە 20 نوێنەر لە پلەی 14دایە و بولگاریا 17 نوێنەری هەیە. هەر یەک لە وڵاتانی دانیمارک و فینلاند و سلۆڤاکیا ١٥ نوێنەریان هەیە. 9 وڵاتی دیکە کە کەمتر لە 15 کورسییان لە پەرلەمانی ئەوروپادا هەیە بریتین لە: ئێرلەندا (14 کورسی)، کرواتیا (12 کورسی)، لیتوانیا (11)، سلۆڤینیا (9)، لاتڤیا (9)، ئیستۆنیا (7)، قوبرس (6)، لۆکسمبۆرگ (٦) و ماڵتا (٦).
هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی ئەوروپا پێنج ساڵ جارێک و بە دەنگی ڕاستەوخۆی دەنگدەران لە یەک خولدا بەڕێوە دەچێت. نوێنەران بە شێوازی دەنگدانی ڕێژەیی هەڵدەبژێردرێن. لە زۆربەی وڵاتان حزبەکان لیستێک دەخەنە ڕوو کە ژمارەی کاندیدەکانی تێدایە کە دەتوانن هەڵی بژێرن. بۆ نموونە حزبە سیاسییەکانی فەڕەنسا دەبێت لیستی ٨١ کاندید پێشکەش بکەن. بەڵام وڵاتان ئازادن لە دانانی ئاستی پێویست بۆ بەدەستهێنانی نوێنەری هەڵبژێردراو، بۆ نموونە لە فەڕەنسا ڕێژەی یاسایی بۆ بەدەستهێنانی لیستی نوێنەران بە ڕێژەی 5% دانراوە. بە واتایەکی تر، لیستێک کە تەنیا ٤٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، هیچ نوێنەرێکی لە پەرلەمانی ئەوروپا نابێت. لە وڵاتانی دیکەیشدا ڕێژەی کەمتر تا 4% جێبەجێ دەکرێت و لە حاڵەتی قوبرسدا تەنانەت دەگاتە 1.8%. ١٣ وڵاتی ئەندامی یەکێتییەکە هیچ ئاستێکیان بۆ لیستی دەنگدان دانەناوە.
ئەوروپییەکان لە وڵاتی نیشتەجێبوونیان دەنگ دەدەن و کەمترین تەمەنی دەنگدان لە هەر وڵاتێکدا جیاوازە. لە زۆربەی وڵاتان بە فەڕەنسایشەوە کەمترین تەمەنی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ١٨ ساڵە. ئەم تەمەنە لە یۆنان ١٧ ساڵە و لە ئەڵمانیا و نەمسا و بەلجیکا و ماڵتا ١٦ ساڵە.
سەرچاوەکان: