1

گەشە و بەهێزیی تاک

(چۆن تووشی تەمبەڵیی فکری نەبین؟)

قەرەنی قادری

بۆ ئەوەی لە کارەکانتدا سەرکەوتوو و بەهێز بیت، خۆت لەگەڵ هیچ کەسێکدا بەراورد مەکە، چونکە لە دۆخی بەرواردکردندا بەر بە چالاکیی زەینت دەگریت، تەمبەڵی دەکەیت و ئاستی خۆیشت دادەبەزێنیت؛ هەروەها هەندێک لە تایبەتمەندییە باشەکانیشت لەو بەراوردکردندا لەدەست دەدەیت یان ئەوەتا خۆت بزریان دەکەیت. “وەیین دایر” نووسەر و گوتاربێژی هاندەر دەڵێت: “بەراوردکردنی خۆت لە هەموو کات و دۆخێکدا، کارێکی بێمانا و گەمژانەیە.” بۆیە بە کردەوەی خۆت لێهاتوویی و توانای خۆت بسەلمێنە، نەک بە بەراورد لەگەڵی کەسانی تردا.

ئەگەر خۆت لەگەڵ کەسانی تردا بەروارد بکەیت، ئەوە بەو مانایەیە کە بە ڕەفتار، توانا و لێهاتووییی خۆتەوە خۆت دەرناخەیت و خۆت ناسەلمێنیت، بەڵکوو بە گوێرەی “ئاستنزمی” یان نکۆڵیی لایەنی بەرامبەر توانایی بۆ خۆت چێ دەکەیت.

لە لایەکی تریشەوە لەوانەیە بڵێی ئەو “هیچ نییە”، “قەت حزبایەتیی نەکردووە”، یان “لە ژیانیدا فیشەکێکی نەتەقاندووە” و … یان ئەوەتا “بۆ گرینگیی پێ دەدەن؟”؛ ئەوەیش ڕێک بەو مانایەیە کە خۆت لەگەڵ کەسێکی “ئاستنزم” و “هیچ نییە”دا بەراورد دەکەیت؛ لە کاتێکدا نابێت وا بێت، چونکە ئاستی خۆت دادەبەزێنیت.

بۆیە “زیگمۆند فرۆید” (١٨٥٦-١٩٣٦) دەڵێت: “ئێمە لە ڕابردوودا کێ بووین، تەنیا دەبێ خۆمانی لەگەڵ ئەودا بەراورد بکەین و، تەنیا کەسێک کە دەبێ لەو باشتر بین، خودى ئێمەین کە ئێستا هەین.” “فرۆید” لێرەدا باس لە ڕەوتی ژیان و گەشەی تاک دەکات، کە لە ڕابردوودا چۆن بووە و ئێستا چۆنە. بنەما و کاکڵی بۆچوونی فرۆید دەگەڕێتەوە بۆ خۆناسین و، لێمان دەکاتە پێوەر کە لە بەرامبەر کارێکدا چەندە لێهاتوو و بەتواناین و چەندە گەشەمان کردووە. لە وەها دۆخێکدا هەم ئاستی کار و بەرهەم بەرز دەبێتەوە و، هەمیش لە کۆمەڵگەدا ڕەچاوی پۆلێنکردنی کار، پیشە، توانا و لێهاتوویی دەکرێت، کە ئەمەیان کۆڵەکەی سەرەکیی گەشەسەندن و پێشکەوتنە.

“بوودا” (دیدراتا گووتاما بوودا ٤٨٣-٤٠٠ پ ز): بە دیوێکی تردا بیر لە کێشەی بەراوردکردن دەکاتەوە: “دوو شت بەر بە خۆشبەختیی ئێمە دەگرن؛ ژیان بە ڕابردووە و بەرواردکردنی خۆمان لەگەڵ ئەوانی تردا.”

کە خۆمان لەگەڵ ڕابردووی خۆمان بەراورد بکەین و سەیری هێز و توانای خۆمان بکەین، ئەوکات دەتوانین باس لە کارێک بکەین کە حەزمان لێیە یان ئەوەتا پیشنیازمان پێ دەکەن کە ڕای پەڕێنین. ڕێک لێرەدا دەتوانین بگەین بەو بڕیارە، کە ئەو توانایەمان هەیە ئەرکەکە وەستۆ بگرین یان ئەوەتا بەپێچەواونەکەی، لە هێز و توانای ئێمەدا نییە. بنەمای ئەمەیش بۆ خۆناسین دەگەڕێتەوە، جا ئەوکات دەتوانین خاڵی لاواز و بەهێزی خۆمان دەستنیشان بکەین و ئاستی بەرهەمی کاریشمان بەرز دەبێتەوە. بەڵام لە خۆبەراوردکردن لەگەڵ کەسانی تردا دەرگە بەڕووی خۆناسین (خاڵی لاواز و هێز)ی خۆماندا گاڵە دەدەین.

کاتێک خۆمان لەگەڵ کەسانی تردا بەراورد دەکەین، لێرە هەوڵ نادەین خۆمان بناسین و دەستنیشانی خاڵی لاواز و بەهێزی خۆمان بکەین، بەڵکوو تەنیا هەوڵ دەدەین “خاڵی لاواز”ی لایەنی بەرامبەر بدۆزینەوە و بەو ئاکامە هەڵەیە دەگەین، کە ئێمە لەو باشتر و بەتواناترین. بەڵام ئەنجامی ئەو چەشنە بەراوردکردنە- کە هەڵەیە- هەم ئاستی چۆنایەتیی کار دادەبەزێنێت، هەمیش شتێک بە ناوی گەشە و هەڵدان نامێنێت. لە کۆتاییدا خۆمان لەگەڵ کەسێک بەراورد دەکەین کە پێمان وایە هیچ نییە، بەڵام کاتێک ئەم بۆچوونە توێکاری دەکەین، دەگەین بەو ڕاستییەى کە ئێمەیش هیچ نین، چونکە خۆمان لەگەڵ “هیچ”دا بەراورد دەکەین!

ترس، بەغیلی و نەبوونی ئاسایشی هزری، کە بۆ تەمبەڵیی فکری دەگەڕێتەوە، دەوری گرینگ لە بەرواردکردندا دەگێڕێت. دەروونناسەکان نەبوونی متمانەبەخۆبوون وەکوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو بەراوردە دەگەڕێننەوە. ئەوەندی بیر لەوانی تر دەکەیتەوە، کات بۆ خۆ دابنێ، بیر لە خۆت بکەوە و کار لەسەر خۆت بکە بۆ ئەوەی بەهێز، بەتوانا و لێهاتوو بیت؛ بەڵام ئەگەر بیر لەوانی تر بکەیتەوە، خۆتت لەبیر دەچێتەوە و هیچ دەرفەتێک بۆ خۆت ناهێڵیتەوە کە گەشە بکەیت و کار لەسەر هزر و تواناکانی خۆت بکەیت.

بەداخەوە تا ئاستی خۆبەراوردکردن لەگەڵ ئەوانی تردا بەرز بێت، بێ شک بیرکردنەوەی نەرێنی لە مرۆڤدا زیاتر دەبێت، بۆیە ئەوکات بە شکست یان کەموکورتیی لایەنی بەرامبەر دڵخۆش دەبى و بە سەرکەوتنی خۆتى دەزانی؛ ئەوەیش لە کاتێکدایە ئەو کەیفخۆشی و سەرکەوتنەی کە لە هزری خۆتدا وێنات کردووە، هیچ پەیوەندییەکی بە هەوڵ و تێکۆشانی تۆوە نییە.

بەراوردی خۆمان لەگەڵ کەسانی تر، دەرگە بەڕووی ئاستنزمی لە کار و هزردا دەکاتەوە، کە حوکمڕانییەکی لاواز و ناڕێک و هاووڵاتیی چاولەدەست و تەمبەڵ بەرهەم دێنێت و، کەسانی بەتوانایش دەخرێنە پەراوێزەوە. ئەمە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی گەندەڵی و گەشەنەسەندن، جا چ لەناو حکوومەتدا بێت یان ئەوەتا لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی حزب و حزبایەتیدا.