“دهبێ نيشتمان كۆكهرهوهى ههموومان بێت”
پێنوووس
ڕۆژی چوارشەممە (١٧-٤-٢٠٢٤) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له ڕێوڕهسمى كردنهوهى ههشتهمين ديدارى سلێمانيدا كه لهلايهن “زانكۆى ئهمهريكيى عێراق”هوه له سلێمانى ڕێك خرا، گوتارێکی پێشکێش کرد. گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سێ ڕەهەندی سەرەکیی لەخۆ گرتبوو: دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی لەگەڵ عێراق، دۆخی دراوسێکان و ناوچەکە، هەروەها ژینگە و کاریگەریی دۆخی نێودەوڵەتی کە ئێستا ناوچەکە بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی پێیدا تێ دەپەڕن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا بەتەواوی هەستی بە مەترسیی دابەشبوونە سیاسییەکان دەکات، بۆیە بەڕوونی وتی: “گەلی کوردستان گەلێکی یەکگرتووە، پێویستە لایەنە سیاسییەکانیش وەک گەلەکەیان بۆ بەرژەوەنديی نیشتمان، ڕێک بکەون. بەو شێوەیە دەتوانین هەڵبژاردنێکی ڕوون و دادپەروەرانە بکەین، بە ڕەزامەندى و بە بهشداريى هەموو لایەنەکان.” هەر لەو ڕوانگەیەوە، ڕوانییە گرنگیی پەرلەمانی کوردستان و جەختی لەوە کردەوە: “پەرلەمانی کوردستان ئەزموونێکی زۆر گرنگه لە ناوچەکەدا، دەبێ بیپارێزین.” سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بڕگەیەدا باسی لە خاڵی هاوبەشی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و وەکوو خاڵی کۆکەرەوە و هاوبەشی نێوان لایەنەکان سەیری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەکوو دامەزراوەیەکی نەتەوەیی و شوێنی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە گشت ڕەنگ و دەنگەکان بە هەموو جیاوازییانەوە ڕوویان لەو دامەزراوەیەیە.
ئەگەر لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا لە وتارەکەی سەرۆکی هەرێم ورد بینەوە، دەبینین کە فۆکەسی کردۆتە سەر کۆمەڵێک پرس کە جێگەی گرنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستانی هەرێمی کوردستان و عێراقن. سەرۆکی هەرێم پشتگیریی بۆ هەوڵ و چالاکییە سیاسییەکانی سوودانی دووپات کردەوە، کە ئێستا بە سەردانێک لە ئەمریکایە و، لە هەمان کاتدا پێویستی بە پشتگیریی هەرێمی کوردستان هەیە؛ ئەمەیش بێ گومان لەبەر ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی کە لە نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا هەیە، کە ڕۆڵیکی جەمسەریی بینیوە لە گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
سەرۆکی هەرێم دەزانێت کە کاراکتەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، زۆر گرنگە بۆ پەیوەندییەکی تەندروست لە نێوان هەولێر و بەغدا. پەیوەست بەمە، سەرۆکی هەرێم وتی: “سەرۆکوەزیرانی عێراقى فيدراڵى، خاوەن ڕوانگەیەکی فراوانە و باوەڕێکی زۆری بە دەستووری عێراق هەیە. ئەو ڕوانگەیە سەقامگیرییەکی باشی لە بەڕێوەبردنی حکوومەتەكەیدا لە عێراق دروست کردووە و، دەتوانێت عێراق بەرەو پێشەوە ببات. ئەوە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ عێراق.” بەڵام وەک خۆی وتی ئەم ڕوانگەیەی سوودانی، پێویستی بە پشتیوانی و زەمینەسازیی سیاسيی گونجاوە. لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئێستا لەژێر ئەو بەرپرسیارێتییەدان کە پشتیوانی لە حکوومەتی عێراقى فيدراڵى بکەن.
وەک هەمیشە نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی بەهاکانی دیموکراسی و مافی کەمینەکان و پابەندبوون بە دستوور کردەوە، چونکە ئەوەی عێراقی دوای ٢٠٠٣ جیا دەکاتەوە لە عێراقی سەردەمی ئەنفال و بەعس، ئەو بەها مرۆیی و جیهانییانەیە، کە پێویستە هەموو نوخبەی سیاسی کار بکات بۆ چەسپاندنیان بۆ ئەوەی لە ژینگەی نێودەوڵەتییش پاڵپشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن. سەرەڕای نیگەرانییەکانی سەرۆکی هەرێم، بەڵام گوتارەکە گەشبینیی زۆریشی پێوە دیار بوو، بەتایبەت کە وتی “هیچ شتێک نییە لە عێراق قابیلی چارەسەر نەبێت، ئەگەر بە ئیرادەیەکی بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.”
لەسەریەک دەتوانین لە ٩ خاڵدا وتارکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەوردی شی بکەینەوە:
یەکەم– بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەرفەتی قۆستەوە و پیرۆزباییی سەری ساڵی لە خوشك و برایانی ئێزدی کرد. ئەمە زۆر گرنگە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەڵک لە دەرفەتەکان وەردەگرێت بۆ نیشاندانی فرەییی کوردستان و فەرامۆشیان ناکات، بەتایبەتی ئێستا کە بەغدا خەریکە ناکۆکی لە نێوانیاندا دروست دەکات.
دووەم– سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر بەوردی لە کاتی پێرۆزبایی لە ئێزدییەکان وتی: “لێرەوە بە ناوی هەر هەمووتانەوە پیرۆزبایییان لێ دەكەین و هیوادارین ساڵێكی خۆشیان هەبێت.” ئەمە زۆر گرنگە کە نێچیرڤان بارزانی هەم خۆی وەکوو کەسی یەکەمی ئامادەبووان وێنا کرد، کە نوێنەرایەتییان دەکات بۆ پیرۆزباییکردن و، هەر لە ڕێگەی ئەم پیرۆزبایییەوە ئەوەی سەلماند، کە سەرۆکی هەموو پێکهاتەکانی کوردستانە.
سێیەم– خاڵێکی زۆر گرنگ ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی باس لە جەنگ و گرژيى توند لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، زۆر بەخێرایی چارەسەرەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ “دەستپێکردنی گفتوگۆ و پێکەوەدانیشتن”، هەروەها بۆ هێنانەدیی ئاشتی داوا دەکات، کە “ڕێککەوتنی هاوسەنگ” بکرێت. ئەم دوو خاڵە وێنای تەواو سەرووناوچەیی، هەروەها ئاشتیخوازانە دەداتە نێچیرڤان بارزانی. جگە لەمانەیش کاتێک کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات “بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکرێت” بۆ ڕاگرتنی بێمەرجی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان، ئەوە لە ڕاستیدا بە ڕۆحی سەردەم قسەی کردووە و، داواکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو هێز و دەوڵەتانە.
تەنانەت کاتێک باس لە “چارەسەری دوو دەوڵەت” بۆ هێنانەدیی ئاشتییەکی سەقامگیر دەکات، ئەوە هەم لە ڕووی ئەخلاقی، سیاسی، ئەمنی و یاسایییەوە بەتەواوی ورد و دروستە و، تەنانەت داواکاریی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و، هەمیش دەرگەیەک دەکاتەوە بۆ داهاتووی کوردستان. جگە لەمانەیش، وڵاتانی موسڵمان و ڕۆژاوایی و ناڕۆژاواییش هەر ئەم داواکارییەیان هەیە و، ئەمە دیسانەوە بوێریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیشان دەدات، کە بەبێ دوودڵی ئەو شتەی کە خۆی بڕوای پێ هەیە، دەیخاتە ڕوو.
چوارەم– یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی وتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بوو، کە لە پاش خستنەڕووی کێشە و قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، باسی لەوە کرد كە، ڕێگە نادەین هەرێمی کوردستان مایەی هێرش و هەڕەشە بێت بۆ سەر هیچ وڵاتێک. ئەمەیش ئەو خاڵەیە کە وا دەکات هەم پەیام بۆ دراوسێکان بێت و دڵنیایییان پێ بدات و هەمیش دووبارەکردنەوەی ئەم بابەتە وا دەکات کە وڵاتانی دراوسێ لە بوونی سیاسەتێکی ئاوا، هەست بە متمانە بکەن. جگە لەمەیش، زۆر گرنگ بوو کە دەستی خستە سەر کێشە و خاڵی لاوازی دراوسێکان، بەتایبەتی تورکیا و تەنانەت ئێرانیش کە ئەویش “پرسی ئابووری”یە و بۆیە باسی لە هاوبەشيی ئابووریی نێوان هەرێمی کوردستان و دراوسێکان کرد و بەستییەوە بە سەقامگیريی سیاسی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە. خاڵێکی ورد ئەوەیە کە نێچیرڤان بارزانی ئەو پەیامەی لە ڕێگەی خستنەڕووی ئەم پرسەوە ناردی بۆ دراوسێکان، ئەویش ئەوە بوو، “ئەگەر سەقامگیری و پێکەوەژیانتان دەوێت، دەبێت لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئابوورییەوە دەست پێ بکەن”، چونکە ئابووری دەوری زۆر گرنگ لە دانوستان و هاوکێشە سیاسییەکان و پەیوەندییەکاندا دەگیڕێت، لەبەر ئەوەی ئابووری بڕبڕەی پشتی سیاسەتە.
پێنجەم– نێچیرڤان بارزانی بە خستنەڕوو و دووبارەکردنەوەی ئەوەی کە کورد و هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی باوەڕیان بە “دیموکراسی و بە ئاشتی” هەیە، زۆر وشیارانە و ژیرانە ڕەخنەکانی ئێستای ڕەت کردەوە سەبارەت بە دواکەوتنی هەڵبژاردن؛ هەروەها ئەو پەیامەی دایە لایەنەکانی دیکە، کە زۆر لەوانیش لەپێشترین.
شەشەم– کاتێک بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باس لەوە دەکات کە بەهێزیی هەرێمی کوردستان، بەهێزیی عێراقە، جگە لە وەبیرهێنانەوەی چاکییەکانی کورد و هەرێمی کوردستان بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی، لە هەمان کاتیشدا ئەو پەیامە دەدات کە هەوڵەکانی لاوازکردنی کوردستان بوەستێنن، چونکە هەم ئێوە قەرزداری ئێمەن و هەمیش خۆتان لاواز دەبن. پێ دەچێت لایەنە عێراقییەکان بەباشی ئەم پەیامە وەربگرن.
هەروەها ئاماژەکردنی بە باوەڕمەندبوونی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی بە “ئاشتی” و “دیموکراسی” و بەستنەوەی بە پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دیسانەوە ئەم پەیامە دەدات، کە ئەم ئەزموونە دەرەنجامی باوەرمەندبوونمانە بە ئاشتی و دیموکراسی و لە هەمان کاتیشدا نیشان دەدات، کە ئێمە جیاوازین و ئێستایش لەسەر هەمان بنەما کار دەکەین و ئەگەر ڕەخنەیەکیش-بۆ نموونە دواکەوتنی هەڵبژاردن-هەبێت، ئەوە کاتییە و تەنانەت ئەو بڕوایەی ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان وای کردووە، کە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دراوسێکانماندا هەبێت. بەم پێیەیش پاراستنی ئەم ئەزموونە هەم گەرەنتیی نێودەوڵەتیی هەیە و هەمیش بەردەوامبوونی دیموکراسی و ئاشتی لە هەرێمی کوردستان ئەم پەیوەندییانە دەپارێزێت لەگەڵ ئێران و تورکیا وەکوو دوو هێزی سەرەکی لە ناوچەکەدا.
لە لایەکی دیکەیشەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەم ڕێگەیەوە ئەو پەیامەی دایە لایەنە سیاسییە ناوخۆیییەکان، کە دەبێ ئاشتی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بپارێزین، هەروەها بەهێزیی هەرێمی کوردستانیش پەیوەستە بە پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
حەفتەم– نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر بەدروستی ئەو پەیامەی دایە عێراقییەکان (بەتایبەتی دەسەڵاتداریی شیعەکان) کە ئەگەر دەتانەوێت مێژووی خوێناویی عێراق دووبارە نەبێتەوە، ئەوە واز لە “دەسەڵاتی یەکپێکهاتەیی” بێنن. هەروەها ئاماژەی بەوەیش دا کە ئەگەر ناکۆکییەکان بەردەوام بن، ئەوە ئاسایشی عێراق تێک دەچێت و، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان سەر هەڵدەدەنەوە. بۆیە ئەمە پەیامیش بوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە ئەگەر دەتانەوێت داعش و هاوشێوەکانی سەر هەڵنەدەنەوە و بەهێز نەبن، پێویستە هاوسەنگی و هاوبەشی و ڕێککەوتن لە عێراقدا هەبێت.
هەشتەم– پێداگریی بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر دەستوور، کە عێراقییەکان پەسندیان کردووە، هەروەها سیستەمی فیدراڵی و پاراستنی مافەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێکی تر بوو لە وتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەم پێداگرییە و وەبیرهێنانەوەیە وا دەکات، کە هۆکاری ناکۆکی و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور و پاشگەزبوونەوە لە فیدراڵی، بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا. بە واتایەکی تر، عێراق ئاسۆیەکی ڕووناکی هەیە ئەگەر دەستوور و سیستەمی فیدراڵی بەتەواوی جێبەجێ بکرێت. بەتایبەت هاوکێشەیەک هەیە و گرنگە کە نەوەی سیاسیی نوێی عێراق لێی تێ بگات، ئەویش ئەوەیە عێراق هەرگیز ناتوانیت سەقامگیر و بەهێز بێت، ئەگەر دژایەتیی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بکات. هەموو حکوومەتە عێراقییەکان لە سەردەمی مەلەکییەوە تا دەگاتە ڕژێمی بەعس ئەو ڕاستییە باش دەزانن، بۆیە بەڕوونی وتی “شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ سیستەمی سیاسيی نوێی عێراق. عێراقێکی بەهێز پەیوەستە بە هەبوونی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز؛ هەروەها هەرێمی کوردستانی بەهێزيش، پەیوەستە بە عێراقێکی فیدراڵ و سەقامگیر.”
نۆیەم– یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بوو کە جەختی لەسەر تێپەڕاندنی ڕابردوو و سارێژکردنی برینەکان لە ڕێگەی “رێککەوتن” کردەوە و ئەمەیشی بەستەوە لە گەورەتربوون و باڵاتربوون و هەمیشەییبوونی کوردستان و نیشتمان، هەروەها کاتیبوونی ناکۆکی و تەنانەت هێزە سیاسی و سەرکردەکان. ئەمەیش کرۆکی عەقڵانییەتی مۆدێرن، شارستانییانە و دیموکراسییانەیە کە لە وتارەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا زۆر بەرجەستە بوو. هەر بۆیە کاتێک دەڵێت: “دهبێ نيشتمان كۆكهرهوهى ههموومان بێت”، ئەوە هیچ دەرفەت، بیانوو و پاساوێک بۆ لایەنە سیاسییەکان بۆ بەردەوامی بە ناکۆکییەکانیان ناهێڵێێتەوە. جگە لەمانەیش ئەمە هەستی “هاووڵاتیبوون” لە لای هەموو پێکهاتە و تاکەکانی کۆمەڵگە دروست دەکات و، ئەو پەیامە دەدات کە ئەگەر هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوە هەموو هێزە سیاسییەکانیش دەگرێتەوە.
کۆبەند
“دهبێ نيشتمان كۆكهرهوهى ههموومان بێت“، ئەو بۆچوونە بەهێزەیە کە دەتوانێت و پێویستە دەوری سەیوانەیەک لە هەرێمی کوردستاندا بگێڕێت. “نیشتمان کە کۆکەرەوە بێت”، باس لە نیشتمانپەروەری (خۆشویستنی وڵات/patriotism) دەکات، کە خاڵی هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و داهاتووی هاوبەشە و دەتوانێت گشت حزب و لایەنەکان سەرەڕای جیاوازییان لە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە. بێ شک کە “نيشتمان كۆكهرهوهى ههموومان بێت”، بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە ناکۆکی و جیاوازییەکان نەمێنن؛ بەپێچەوانەوە ئەو پەیامە ستراتیژییە باس لە “یەکێتی و یەکگرتوویی لە چەندچەشنیدا دەکات،” نەک “یەکێتی لە یەکدەستیدا کە جیاوازییەکان بسڕێتەوە.”
ئەم پەیامە (دهبێ نيشتمان كۆكهرهوهى ههموومان بێت)، دەرگە بەڕووی قۆناغێکی ئاستبەرز لە کاری پێکەوەیی، دابینکردنی بەرژەوەندیی گشتی، ڕێکخستن، بەهێزی و سیاسەتێکی نەتەوەییی نوێ لە هەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە. ناسنامە و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە بەهێزترین هاوکێشەکانە لە مەیدانی سیاسەتدا، لەبەر ئەوەی Capacity (توانا)یەکی بەرزی هەیە بۆ یەکگرتن، جا چ لە هەرێمی کوردستاندا بێت یان ئەوەتا بۆ سیاسەت لە عێراق و ناوچەکەدا؛ چونکە بەرژەوەندیی نیشتمان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، “لەبەر ئەوەی کوردستان لە هەموومان گەورەترە و نیشتمان لە هەموو شتێكمان بەهێزترە.”