کاریگەریی ئاشتی و پێکەوەژیانی سیاسی لەسەر گەشەپێدان
محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران
پوختە
بەو پێیەی ئاشتی و گەشەپێدان (پەرەپێدان/ Development) کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە، ئەم نووسینە بە ڕوانین لە ئاسۆی گەشەپێدان و پاڕادایمی ئاشتی، پەیوەندیی نێوان سەقامگیری و گەشەپێدان ڕوون دەکاتەوە. دواتر بە چاوێکی زیانبینانە قەیرانی پێکەوەژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی تاوتوێ دەکات. لە دەرەنجامدا دەگاتە ئەوەی کە ئاشتی پێشمەرجی گەشەپێدانی بەردەوامە و، گەشەپێدانیش وەک چەمکێکی پڕبار بازگەیەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی کورد. بۆیە گرنگە بە ئاشتیی ئەرێنی، لە چوارچێوەی ئەخلاق و نەریتی کوردانە و نۆڕمی نووسراو و نەنووسراوەوە، بە پشتوانیی تیۆر و دانانی بەستێن و میکانیزمێک، ڕێگەی گەشەپێدان خۆش بکرێت.
پێشەکی
لە مێژووی دیارەوە جەنگ بەشێکی پچڕپچڕ بووە لە هۆكاری گۆڕانکاریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، بۆیە دەیان ئەکادیمیای سەربازی دامەزراون. زۆر جاریش جەنگ لە پێناو ئاشتیدا دەبیسرێ، بۆیە هەندێک وڵاتی هەژموونخواز دەیانەوێ لە سەنگەری چەکی ئەتۆمیدا ئاشتیی نێوان دەوڵەتان بێتە دی. لەگەڵ ئەوەدا چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەت لە ژیاری نوێدا، شتێکی خوازراوی هیۆمانیستییە، بۆیە دوای وێرانکارییەکانی جەنگی جیهانیی دووەم ئەوروپا کۆتاییی بە جەنگی هەمەلایەکی هێنا و بەرەو شارستانییەتێکی نوێ و گەشەپێدان چوو. لەو پێناوەدا سەرنجەکان لە واری زانست، سیاسەت، ئابووری و یاسا تا دەگاتە فەرهەنگ و هونەر، چوونەتە سەر بابەتی ئاشتی، چونکە ئاشتی دەبێتە هۆی ئارامی و داهێنان؛ کە ئەوانیش مەرجی گەشەپێدانن. (Sareeolqalam, 2018: 93) واتە، سەقامگیریی سیاسی بە کلیلی ئاشتی و پێکەوەژیان (Coexistence)ی سیاسیی گشتگیر، دێتە دی. لەو کەشەدا سەرمایە دەبێتە هۆی گەشەکردن. بەتایبەتی لە سەردەمی بەجیهانیبووندا کاریگەریی ئاشتی و ئاسایش، وەک ماف و پێویستییەکی سەرەکیی مرۆڤ، لەسەر گەشەپێدانی ئابووری زیاتر دەبینرێت، بە جۆرێک کە بەهاكانی مێتافیزیکیش خەریکە جێگەی خۆیان دەدەنە ئابووری.
بەو مەبەستانەوە، گەشەپێدان و ژیانی دیموکراتیکتر لە کۆمەڵگە مۆدێرن و سەرمایەدارییەکان، بە هاوکاریی نێودەوڵەتی، وەدی هاتن. پەیمانی ماستریخت و دروستبوونی یەکێتیی ئەوروپا، کە سەرەتا لە ئاڵوگۆڕی خەڵۆز و پۆڵا دەستی پێ کرد، نموونەی ئەو هاوکارییانەن. بەڵام لە بناواندا بەستێنسازییەکە لە پەروەردەوە دەستی پێ کرد؛ پاشان لە داهێنانی ئۆلەمپیکی وەرزشییشدا ئاشتیی نێوان ڕەنگ و زمان و نەژادیان ڕەچاو کرد و لە پزیشکییشدا دەروونناسیی ئاشتییان داهێنا. ئەوان سەرەڕای هەموو کێشە و قەیرانەکانیان، لە وڵاتی خۆیاندا خەڵکی بیانییان کردە دەسەڵاتدار و بەرپرس. بەم ڕێڕەوەدا وڵاتانی پێشکەوتوو لە کەناری گەشەپێداندا لەنگەریان گرت.
بە وێنە و وانەی گەشەسەندووان، لەناو هەندێک وڵاتی گەشەنەسەندوویشدا، کە شەڕ و جەنگیان تێدا نەبووە و لەگەڵ جیهاندا سازاوتر بوون، تا ڕاددەیەک گەیشتوونەتە ژیانێکی باشتر و ئاستێکی بەرچاوی گەشەپێدان. ئەگەرچی پەیوەندیی نێوان دیموکراسی و گەشەی ئابووری، پەیوەندییەکی دوولایەنەیە (Rodric, 2000: 3) بەڵام لە وڵاتانی گەشەسەندووی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کە تا ڕاددەیەک نادیموکراتیكیشن، ئاشتییەکی بەردەوامیان تێدایە. هەروەها، کۆریای باشوور دوای شەڕی ناوخۆیی و دەرەکی و بەبێ ئابوورییەکی ڕانتیەر و هەبوونی چۆڕە نەفتێک پەرەی سەندووە. نموونەی بەرچاوی دیکە چوار بەورەکەی ئاسیان کە بە یەکگرتووییی (Coalition) ناوخۆیی و هاوکاریی ئەمریکا گەشەیان سەندووە.
تیۆریزەکردنی ستراتیژیی گەشەپێدانی ئاشتییانەی چین لە دوای مردنی “ماو”، لە سەردەمی “چۆئێن لای” و “شیاو پینگ”، لە ماوەی سی ساڵدا نموونەیەکی دیارە. هەروەها، “لی کوان یوو” بۆ هاوپێبوونی سەنگاپوور لەگەڵ زلهێزاندا گۆڕینەوەی بیروڕای ئازادانەی کردە سەرمەشق. ئەو دەڵێ: گرنگترین سەرچاوەی گەشەپێدان، سەرچاوەی مرۆیییە؛ لە کۆنیشدا ئەو ئیمپڕاتۆرییەتانە سەركەوتنیان بەدەست هێنا کە توانییان زمان و نەژادی جۆراوجۆر بێننە لای خۆیان. ئێستا بۆ گەیشتن بە دیموکراسی، دەبێ ڕێگە بدەن دەنگی جیاواز هەبن. بە هەمان شێوە، “مەهاتیر” لە مالیزیا بە ڕێڕەوی ئاشتیدا گەیشتە گەشەپێدان. وڵاتێکی ڕانتیەری وەک “ئیماڕات”یش، کە نەفتی کردە وزەی گەشەپێدانی ئابووری، بە یاسا کەلتووری نەهێشتنی جیاکاری بنەجێ دەکەن. ئەوان لە ساڵی 2014دا “بونیادی ئیماڕاتی بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتی”یان داناوە و ساڵانە خەڵاتی تایبەت بە ئاشتی پێشکەش دەکەن. بە دوای ئەوانەوە، “بن سەلمان” وانەی لە وڵاتانی کەنداو وەرگرتووە و دەیەوێ تەنانەت لەگەڵ دوژمنە مێژوویییەکانی سعوودیادا بسازێ بۆ ئەوەی سەرمایەگوزارییەکانی داهاتووی وڵاتەکەی تووشی هەڕەشە نەبن.
بەو پێیەی ئابوورییە گەشەستێنەكان و ئابووریی بچووک بەبێ سەقامگیریی سیاسی ئەستەمە بتوانن گەشە بکەن، وڵاتانی ناسەقامگیر لە گەیشتن بە گەشەپێدان پەکیان دەکەوێت. تەنانەت ئەگەر سەقامگیرییەکیش لەو وڵاتانەدا هەبێت، بەقەد ئاشتی توانای ئەوەی نییە کە هاڕمۆنیای یەکێتی و پلۆرالیزم بهۆننەوە. بەتایبەتی هۆیەکی پێشنەکەوتنی ئەو وڵاتانە شەڕی ناوخۆیی و ناکۆکیی دەرەکی و قەیرانی پێکەوەژیانی سیاسییە (Coexistence). لەو بارەوە قەیرانەکانی ئەفغانستان و ناساندنی سۆماڵی بە دەوڵەتێکی داماو لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وانەی پەندئامێزن.
پرسی سەرەکی
چەمکی گەشەپێدان لایەنێكی چەمكییانەی واتاداری هەیە بەبێ ئەوەی هەستیارییەک دروست بکات. ئەگەر لە سەرێکەوە گەشەپێدان لە بەستێنی سەربەخۆیی، ئاشتەوایی، گەشەی ئابووری و حوکمڕانییەکی باشدا سەری هەڵدابێت، لە سەری تر، سەربەخۆیی، دیموکراسی، بە دوای گەشەپێداندا دێن. گەشەپێدان چوارچێوە و بانوبەرێکی دیاریکراوی نییە و لە هەر کات و شوێن و بەستێنێکدا ئامانجێکی هەیە. وڵاتانی پەرسەندوو ئامانجیان ستانداردی ژیان و خۆشگوزەرانیی زیاترە و، وڵاتانی پەرەنەسەندوو ئامانجیان بنبڕکردنی هەژاری و دابینکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە. گەشەپێدانی کوردستان جگە لەو ئامانجانە، دەتوانێ ئامانجێکی نەتەوەییشی هەبێ. دەشێ بە کلیلی گەشەپێدان، پەیوەندیی نێوان خەڵک و حکوومەت و پەیوەندیی کوردستان لەگەڵ جیهاندا توندوبەندتر بێت. کەچی ئێستا هەرێمی کوردستان لە قەید و سندمی قەیرانی پێکەوەژیانی سیاسیدا گیری خواردووە کە گەشەپێدان لەپێ دەخات و لە ئامانجە ڕەواکانیشی دوور دەبێتەوە. ئەم قەیرانە بەهۆی نەبوونی دامەزراوەی نۆڕمدار (Institution) و سیستەم لە کاتی “ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی”دا سەری لە سیپەر دەرهێنا و نەیهێشت دیسکۆڕسی پێکەوەژیانی سیاسی ساز بێت. ئەم چاڵەی بەردەم گەشەپێدان لە لایەک بۆتە کەلێنی دزەكردنی نەیاران، لە لایەکی دیکە بۆتە هۆی دڵهێشانی دۆستان.
هەندێک وڵاتی پێشنەکەوتووی وەک عێراق و یەمەن هەن کە ئەگەر ناسەقامگیریش بن، بەڵام سەرچاوە جوگرافی و ئابوورییەکانیان ئەوەندە بەهێزە کە ڕەنگە وڵاتانی پێشکەوتوو، کات و تێچووی بۆ دابنێن تاکوو دەیانخەنە سەرپێ. بەڵام هەرێمی کوردستان ئەو شانسەی کزە، بۆیە دەبێ بە سیاسەتێکی دروستتر پێگەی جیۆپۆلیتیکیی خۆی بەهێزتر بکات. هەرچەندە لە بنەڕەتدا “پەیدابوونی هەرێمی کوردستان بەهۆی گۆڕانی جیۆپۆلیتیکی بووە و پاراستنیشی لەسەر ئەو هێڵە جیۆپۆلیتیکییەیە،” (Kordnajad, 2022) بەڵام جیۆپۆلیتیکیش دەچێتە ژێر کاریگەریی ئابوورییەوە. ئەگەر دۆخی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندیی کورددا بێت، لەوانەیە لە ململانێکانی داهاتوودا دۆخەکە بگۆڕدرێ. بۆیە کورد پێویستی بە بەهێزکردنی ئابووری هەیە. ئابوورییەکی بەهێزیش پەیوەندیی بە ڕاددەی گەشەپێدانەوە هەیە. یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی گەشەپێدانیش، گەشەپێدانی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە بە ئاشتییەکی ئەرێنی و بەردەوام دادەمەزرێ و دەپارێزرێت.
لێرەدا بۆ ئەوەی کورد بتوانێ پێگەی جیۆپۆلیتیکی خۆی بەهێزتر بکات پێویستە بە كامێرای ئاشتی لە ئاسۆی گەشەپێدانی ئابووری بڕوانێت و بە جیۆپۆلیتیکی ئاشتی، بە سەرنجدان بە ئافریقای باشوور، مەیدان بداتە گەشەپێدان. کورد بەهۆی دۆخی جوگرافیا و باری نەتەوەییی خۆی، چارەنووسێکی میراتی و ستراکچراڵی هەیە. چارەنووسێکی دیکەی هەیە کە پەیوەندیی بە حکوومەتەوە هەیە؛ تەنانەت ژیانی خەڵک و کێشەکانی تایبەتی تاکیش پەیوەندییان بە حکوومەتەوە هەیە. پەیدابوونی ئەم هەرێمە، کە بەهۆی گۆڕانی جیۆپۆلیتیکیییەوە بووە و ڕەوایەتییەکەی بۆ خەڵک و لایەنە سیاسییەکانیش دەگەڕێتەوە، پاراستنی ئەو هێڵە جیۆپۆلیتیکییە و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان لایەنەکان و خەڵک و حکوومەت مەرجی مانەوەن.
بە تێگەیشتن لە پرسی ئاشتی و پێکەوەژیانی سیاسی، پرسیاری سەرەکیی ئەم نووسینە ئەوەیە کە، گرنگیی ئاشتی و پێکەوەژیانی سیاسی بۆ گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان چییە؟ هەرچەندە داڕشتنی سیاسەت بۆ گەشەپێدان، دەوڵەتێکی سەربەخۆی سەقامگرتووی دەوێ، بەڵام، لە پێناو ژیانێکی باشتردا، هەرێمی کوردستانیش لە میراتی مافی گەشەپێداندا (right to development) پشکی هەیە. بەو دیدەی کە سەقامگیری و گەشەپێدان کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە و مرۆڤ گرنگترین سەرچاوەی گەشەپێدانە و ئاشتییش دینامیزمی گەشەپێدانە، کوردستان بە دانانی بەستێنی ئاشتییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی، دەتوانێ قەیرانی پێکەوەژیانی سیاسی نەهێڵێ و ڕێگەی دروستی گەشەپێدان هەڵبژێرێت و لە ئامانجە ڕەواکانیشی نزیکتر بێتەوە. ئاشتی و گەشەپێدان جگە لەوەی ژیانێکی خۆش دادەهێنن، دەبنە دیوارێکی ئەمنییەتییش لە بەرامبەر پیلانی دەرەکی. بە نەبوونی ئاشتییش ڕیسکی هەر سیاسەت و پلاندانانێكیش بۆ گەشەپێدانی دوورمەودا هەڵدەکشێت. هەروەها جگە لەوەی هەل و کاتی لەدەست دەچێت، تووشی هەڕەشەی گەورەتریش دەبێتەوە. ئەو هەڕەشەیە هەوکردنی سیاسیی لێ دەکەوێتەوە و لەوانەیە بگاتە دۆخێکی ناسكتر. ئەم قەیرانە نەک هەر ئاسۆی ڕزگاری و ئازادی لێڵ دەکات، بەڵکوو مەترسیی وەک لاوازکردنی شەرعییەتی حکوومەت و تەنانەت مەترسیی بۆ سەر ئەو بڕیارە نێودەوڵەتییانە دەبێ کە لە بەرژەوەندیی کورددا دروان.
پاڕادایمی ئاشتی و گەشەپێدان
لە نەریتی “ئەرستۆ”ییدا، ئاشتی لە ئابوورییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو پێی وایە ئابووری دەبێ هاوپێی ئەخلاق و فەزیلەت بێت. “ئەفلاتوون”یش داڕمانی ئابووری بەهۆی جەنگ دادەنێت. بیرمەندانی وەک “پولانی”، “گیدنز” و “ئامارتیاسێن” لەو چوارچێوەیەدا بیر دەکەنەوە. بەپێی تیۆریی کلاسیکیی ئاشتیی بەردەوام، کە ڕیشەی فەرهەنگیی هەیە و “کانت” (1795) لێی دەدوێ و “ئاگۆستین” گەیاندوویەتییە لووتکە، ئارامی لە منداڵدانی ئاشتییەوە دێتە دەر. “سیسڕۆن” ئاشتی بەو ئازادییانە دادەنێ کە لە ئارامیخوازییەوە سەرچاوە دەگرێت. “مۆنتسکیۆ” مێژووی مرۆڤایەتی بە مێژووی هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن ناو دەبات و دەڵێ هەر کاتێک ئاشتی توانیی ئارامی ساز بکات، ئەوا ئازادییش دابین دەبێت. ئەو ئازادییەیش دەبێتە زەمینەی ژیانێکی دیموکراتیکتر.
بهپێی تیۆریی ئاشتیی دیموکراتیک، وڵاتە دیموکراسییەکان شهڕخواز نین. هەرچەندە ئاشتی وەک بەشێک لە نۆڕم و ئەخلاق یارمەتیدەری دیموکراسی و گەشەپێدانی مرۆیییە، بەڵام هێشتا تێری گەشەپێدانێکی گشتبین ناکات. چونکە ئاشتی بە مانای ئازادی و سازدانی ژیانێکی شاد و بێکێشە (Cambridge Dictionary, 2021) لە دیموکراسی جیا ناکرێتەوە. لەناو زۆربەی کەلتوورەکانیشدا ئاشتی واتایەکی قووڵی پۆزەتیڤی هەیە کە ئامانجی بەرزی لەپشتە. (Kuper,1987:163)
بەشێکی زۆری تیۆرییەکانی ئاشتی لەناو زانستی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئاشتییان بە نەهێشتنی جەنگ داناوە. ئەم جۆر ئاشتییە نەرێنییە شتێکی کاتییە و بەرهەمی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکان و زەبرە کە تەنیا نەزمێکی کاتی دروست دەکات. (Bonisch, 1981) لەو بارەوە، “کارڵ شمیت” نەمانی جەنگ بە مانای هەبوونی ئاشتی دانانێ. نموونەی مێژوویی، “ڕێككەوتننامەی ڤێرسا”یە (1919) لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم کە “کینز”ی ئابووریناس بە ئاشتییەکی کارتاژی ناوی دەبات و تێیدا “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی پڕکێشە لەدایک بوو.” (Fromkin, 1989) چونکە ئاشتییەکی سەرخانیی بێژێرخان بوو کە براوەکان ڕێکیان خستبوو و ناوەرۆکەکەی پیادە نەکرا، بۆیە بووە هۆیەکی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی دووەم.
بە سەرنجدان لە هەردوو تیۆریی کلاسیک و مۆدێڕنی ئاشتی، دەتوانرێ تانوپۆی ئاشتی و پێکەوەژیانی سیاسی لەگەڵ دۆستان و تەنانەت دوژمنانی دوێنێ بە ئامانجی گەشەپێدان بتەنرێ و ئەو تێگەیشتنە دروست بێت کە تۆڵە تێچووی هەیە و ئاشتییش پێشکەوتنی بەدواوەیە. لەو بارەوە، ئابووریناسانی کلاسیک لە “ئادام سمیت” تا “مارکس” لەسەر ئەو بۆچوونە بوون کە شۆڕشەکانی پیشەسازی لە ئەوروپای ڕۆژاوا لە ئاکامی کەڵەکەبوونی درێژمەودای سەرمایە بووە، کەچی لە زۆر وڵاتدا کە سەرمایەیشیان هەبووە، بەهۆی کورتماوەبوونی سەرمایە و نەبوونی ئاسایشی دارایی، شۆڕشێکی وەک شۆڕشی پیشەسازی و گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەهاتۆتە دی.” (Katuziyan, 2003)
سەقامگیریی سیاسی، سەروەریی یاسا، کۆنتڕۆڵی گەندەڵی، مافی خاوەندارێتی، چارەسەرکردنی کێشەی نێوان پێکهاتەکان و نەبوونی جیاکاری و ئاشتی و ئاسایش، ئەو هۆکارانەن کە یارمەتیی گەشەپێدانی ئابووری دەدەن. گەشەپێدانی ئابووری وەک پایەیەکی سەرەکیی گەشەپێدانی بەردەوام (Sustainable Development) گەشەی کوانتیتیی ئابووری هەڵدەکشێنێت، بەڵام لە ڕووی کوالێتییەوە هاوشانی خۆی دامەزراوە و نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانیش دەگۆڕێت. بۆ ئەو گۆڕانە بەردەوامە، پێویستە ئاشتییەکی پۆزەتیڤی ستراکچراڵ هەبێ تاکوو لەگەڵ گەشەپێدان و بەردەوامیدا یەکگرتوویییان هەبێت و دۆكترینی وەک دادپەروەری، حوكمڕانیی باش، مافی مرۆڤ و دیموکراسی، کەشی کارێکی تەندروست، شادی و هیوا بە داهاتووی تێدا بێت و دامەزراوەکانیش بەو ئاراستەیەدا بڕۆن. ئامانجی ئەو جۆرە ئاشتییە کە چاوێکی ئاییندەبین، ستراتیژیک و پەرەسەندووگەرای هەیە، دروستکردنی کۆمەڵگە و دامەزراوەی زیندوو و بەهیوایە. (Tilahun, 2015: 251-258)
گەشەپێدانی بەردەوام جگە لە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، پەرەدانە بە ستاندەرەکانی دیکەی ژیان، وەک تەندروستی، پەروەردە، بیمە، خزمەتگوزاری لە شار و دێهاتەکان. (Waters, 1995: 5) ئەگەر ئامانجی حکوومەتێک دابینکردنی ئەو پێداویستییانە نەبێت، ئاشتی لە نێوان حکوومەت و خەڵکدا ساز نابێت. زۆربەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانیش حکوومەتی شایستە (Good Governance) بە حکوومەتێک دادەنێن کە ئاشتی و ئاسایشی تێدا مسۆگەر بێت. بۆیە حکوومەتێکی گەشەخواز بەر لەوەی پڕۆژەی ئابووری و بەرنامەی گەشەپێدان دابنێت، ڕێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی خۆش دەکات؛ بۆ نموونە، پێکەوەژیانی سیاسی نەک هەر لەگەڵ نەتەوە و ئایینەکان، بەڵکوو لە نێوان ئایدیا و گرووپەکانیشدا دێنێتە دی. (Bar-Tal & Bennink, 2004: 3)
بەو ڕوانگەیەوە وشەی ئاشتی لە وشەیەکی مۆراڵسازڕا دەتوانێ ببێتە چەمکێکی ڕیال بۆ ئەوەی لە خزمەت گەشەپێدانی ئابووریدا بێت. بە ئاراستەی ئەو پێناسە کۆمەڵناسییانەی کە ئاشتی بە ژیانێکی باشتر بۆ هەموو کەس دادەنێت لە سەردەمی گەشەپێدانگەراییدا ئاشتییەکی بەردەوامی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر بنەمای عەقڵێکی کارا شتێکی یۆتۆپیانیستی و ئایدیالیزەکراوی چەپ نییە، بەڵکوو شتێکی تەواو ڕیالیستییە کە دەتوانێ ئاشتی و گەشەپێدان بۆ نەوەی داهاتوویش مسۆگەر بکات.
ناوکی گەشەپێدان
گەشەپێدان دوو پایەی سەرەکیی هەیە: یەکەمیان گۆڕینی ستراکچراڵی (Structural Change)یە کە مەبەستی گواستنەوەی خەڵکە بۆ کاری تەکنیکیی بەرزتر و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندەواری لە واری پیشەسازی و گواستنەی هێزی کار بۆ کاری کۆمپلێکس. دووەمیان، گەشەی بنەماکان (Development of Fundamentals)ە کە بە واتای گەشەی مرۆیی دێت و کات و سەرمایەی فرەی دەوێ. لە گەشەی بنەماییدا پێشخستنی نۆڕمەکان (Institution) و ماکی یاسایی بنەجێ دەبێت. بەشی گۆڕینی ستراکچراڵی و گەشەی بنەماکان پەیوەندییان پێکەوە هەیە. بۆ ڕاکێشانی پیشەسازیی نوێ، پێویستە هێزی کاری مرۆیی ڕاهێنرا بێ، نەک بڕوانامەگەراییی زانکۆ نزمەکان ببنە سەرباری حکوومەت. دەبێ حکوومەت بەپێی ئامانج و پێداویستیی خۆی هێزی مرۆیی پەروەردە بکات و ژیانیشیان بۆ دابین بکات. (Kordnajad, 2022) لێرەدا، دوو چین مەكینەی سەرەکیی گەشەپێدانن: چینی پیشەوەران (پیشەگەران) و ئەندازیاران و چینی سیاسەتزانان. چینی یەکەم، مەکینەی گۆڕینی ستراکچراڵیان گەڕ داوە و چینی سیاسەتزانانیش، وێڕای ئاراستەکردنی تەکنیککاران، بنەماکانیان گەشە پێ داوە.
هەرچەندە ئاشتی و گەشەپێدان یەك پاکێجە، بەڵام بە گوتەی “گۆتە”، “ئاشتی لە سەرووی هەموو شتێکە” و پێشمەرجە بۆ گۆڕانکاریی ستراکچراڵی و گەشەی بنەماکان. لە بەشی گۆڕینی ستراکچراڵدا کە ئاسانترە لە گەشەپێدانی بنەماکان، دەبێ ئاشتی هەبێت تاکوو کارخانەیەکی گەورە و پیشەسازییەک دابنرێت و سەرچاوەکانی ئابووریی جیهانییش یارمەتیدەری بن. (Kordnajad, 2022) بەتایبەتی بۆ وڵاتانی هەژار، دەبێ سەقامگیری هەبێت تاکوو پیشەسازییەکەیان بکەوێتە ڕێ. (North, 1990) لە بەشی بنەماکانیشدا حوکمڕانی، گەشەی كەلتووری، گەشەی مرۆیی، گەشەی سیاسی بە ئامرازی ئاشتی دەکرێن. بۆ ئەمە دەبێ یاساکان لە خزمەت گەشەپێداندا بن. بەپێچەوانەوە، قۆرخکاری لەگەڵ یاسادا ناسازە و نەبوونی یاسا دەبێتە هۆی هەڵاتنی سەرمایە. (Kordnajad, 2022)
بەگشتی ئاشتی پەیوەندییەکی فرەلایەنە؛ (Galtung,1967:50-55) هەر کات ئاشتی و ئارامی و ئازادی هەبێ، ئەوا بەستێنی گەشەپێدانیش هەموار دەبێت؛ چونکە گەشەپێدان بە پڕۆسەی دۆستایەتی و توانای مرۆیی دادەنرێت. (Sen, 1999) تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان ئاشتیسازی و گەشەپێدان (Peacebuilding and Development) وەک بەهایەک هەستی ئاشتیخوازی لە پێناو گەشەپێداندا بەرز دەکاتەوە.
یەکێک لە پێوەرەکانی گەشەپێدانی ئابووری، ئاستی ئاشتییە (Global Peace Index) کە هەم ئامانجە و هەم پڕۆسەیە. بەپێی ئەم پاڕامەتر و پێوەرە (GPI)، هەر دەوڵەتێک ئاستی ئاشتییەکەی لەبانتر و لەبارتر بێت ئەوەندەیش سەرمایەگوزاریی لێ دەکرێت. بەو پێیەی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئاشتی و کەڵەکەبوونی سەرمایەی فیزیکیدا هەیە، (Santhirasegaram) سەرمایەی دەرەکی ڕوو لە ناوچە ناسەقامگیرەکان ناکا. (5: Alesina, 1992) وەک چۆن “کەشی ئاشتی، یارمەتیدەری گەشەپێدانە” (Movatheqhi, 2021) بە هەمان شێوە گەشەپێدانیش ڕێخۆشکەری ئاشتییەکی بەردەوامە. ڕمانی ئابووری ئەگەری سەرهەڵدانی پاشاگەردانی (فەوزا)ی هەیە. لانی کەم ناسەقامگیری لەناو ستراکچەری ئابووریی وڵاتاندا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر چالاکییە ئابوورییەکانی خەڵک دەبێت و لە ئاکامدا “کۆمەڵگە لاواز دەبێت و لەگەڵ خۆیدا حکوومەتیش لاواز دەکات.” (Kordnajad, 2022)
قەیرانی پێکەوەژیانی سیاسی
لە کاتێکدا لە مەیدانی مانۆڕی هێز و کەشی ئەنارشیک (فەوزەوی)ی ناوچەکەدا لە پەیوەندیی نێوان گەشەپێدان و ئاشتی دەدوێین کە یەکێک لە قەیرانە هەڕاشاوییەکانی هەرێمی کوردستان، وەک زۆربەی قەیرانەکانی وڵاتانی دوای ڕزگاربوون لە کۆلۆنیالیزم، ناسەقامگیری و قەیرانی پێکەوەژیانی سیاسییە کە کاریگەریی خراپی لەسەر پێگەی جیۆپۆلیتیک و هەستی کۆمەڵگە هەیە و دۆڕانی “جەنگی نەرم”ی بەدواوەیە. هەروەها یەکێک لە قەیرانەکانی تر، “قەیرانی گفتوگۆی مەدەنی”یە کە ڕیشاڵەی فەرهەنگیی هەیە و دەتوانێ کورد تووشی هەڵەی ستراتیژی بکات.
خاکی کوردستان کە بە زەبری هێز و یاسای سەپاو پارچە کراوە، بەڵام لە ڕووی زەینی و فەرهەنگییەوە هێشتا ڕایەڵەکانی پێکەوە بەستراونەتەوە، کەچی لە بەشێکی ڕزگارکراویدا بەهۆی نەبوونی ئاشتی، نەک هەر گەشەپێدان پێ ناگرێ، بەڵکوو سنووری زەینییش لە نێوان دوو بەشی هەرێمدا دروست کراوە کە مەترسیدارترە لە پارچەکردن بە یاسای بێدادانە. ئەوەی ئێستا هەیە ئاشتییەکی تۆزکاڵییە کە دوای ڕێککەوتننامەی واشینتۆن (1998) لە هزری دیموکراتیکی بیل کلینتۆن، کە پێی وابوو دیموکراسی دەبێتە هۆی ئاشتیی نێودەوڵەتی، هاتۆتە دی. دوای ئەو ڕێککەوتننامەیە ئەگەرچی جەنگ نییە، بەڵام ئاشتییش بەپێی پێویستیی گەشەپێدان نییە. ئەم قەیرانە ئەگەر هۆکاری دەرەکی و دەستی نەیاری تێدا دیار بێت، بەڵام هۆکاری لاوازیی ناوخۆییشی هەیە.
لە کاتێکدا هەموو لایەنەکان لە مەشقی دیموکراسیدا بەشدارن، ئەوە بەو مانایەیە کە دیموکراسییان لەلا پەسەندە، بەڵام پێکەوەژیانی ئاشتییانە وەک پێویست نییە. ئەگەر دیموکراسی هەر بۆ ئەوەیە کە وێنەیەکی دیموکراتیک نیشان بدرێت و لەو ڕێیەوە پۆستەکانی خوارتر دەستاودەست بن، ئەو شێوە دیموکراسیە ئاشتی و پێکەوەژیانی سیاسی ناهێنێتە دی. بۆیە جگە لەوەی گرنگە قەیرانی پێکەوەژیانی سیاسی چارە بکرێت بۆ ئەوەی نەگاتە هەڵدێر، دەبێ دیدێکی هۆلیستیک لەسەر پەیوەندیی نێوان ئاشتی و گەشەپێدان هەبێت تاکوو بەستێن بۆ ئاشتی ڕابخرێت.
بەستێنسازیی ئاشتی
ئاشتی وەک چەمکێکی فەرهەنگی، بەشێک نییە لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت، بەڵکوو تایبەتمەندیی کۆمەڵگەکانە، بەڵام دەوڵەت دەتوانێ بەستێنێک دروست بکات تاکوو فەرهەنگی ئاشتی پێ بگرێت. بەو پێیەی ئاشتی دەبێ لە ناخی کۆمەڵگەوە سەرچاوە بگرێت، ( Mitrany, 1946) باشترین حکوومەت ئەو حکوومەتەیە کە خۆی لەناو پڕۆسەکانی ئاشتیسازیدا ببینێتەوە. بەستێنسازی (زەمینەسازی) بۆ ئاشتی، بە تەکنیکێکی جۆراوجۆر دەکرێت. بۆ وێنە، بەپێچەوانەی بونیادگەرایی، ڕەوتی نوێگەراییی ئایینی و موعتەزیلەی هاوچەرخ زیاتر پێکەوەژیان دروست دەکات. ئەم ڕەوتە له میسر بەستێنێکی ستراکچراڵی ههیه. له سیستهمی خوێندنی میسردا قوتابی دهیتوانی له قوتابخانهی ئایینی بۆ قوتابخانهی مودێڕن ئهمبهروئهوبهر بکات. ئهمه بووه هۆی ئهوهی پیاوانی ئایینییش دیمەنی زانست ببینن بۆ ئەوەی بیر و هزریان له قاڵبی “دۆگم” دهربچێت.
لە نموونەیەکی دیکەدا، وێڕای ئەوەی کورد کەلتوورێکی هاوبەشیان هەیە، بەڵام پارچەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا جیاوازییان لەگەڵ پارچەی باکوور و باشووردا هەیە. جیاوازیی دیمۆگڕافی، زانینی زمانێکی دیکە، سیستەمی پەروەردە هۆکاری ئەم جیاوازییە ئەرێنییانەن. بەڵام یەکێک لە فاکتەرەکانی ئەو جیاوازییانە نەبوونی شەڕ و هاتوچۆ و مانەوەی قوتابیان و سەربازانە لە شارەکان، کە گۆڕانکاری بەسەر ڕووبەری دید و پانتاییی بیریاندا هێناوە و لە ئاشتی نزیکتری کردوونەتەوە.
بەستێنسازی واتە، لە شارسازییشدا دەبێ بیر لە ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی بکرێتەوە. بۆ نموونە، ئەو بیناسازییە هێلانەیی و بەرزانەی کە لە شارەکاندا دروست دەکرێت جگە لە مەترسیی گۆڕانی دیمۆگڕافی، پچڕانی پەیوەندی و کزبوونی هەستی نیشتمانپەروەری، لەدەستدانی هەستی خۆشەویستیی شار، دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندی و نۆستالژییش لەناو بچێت و لە کاتی ئاژاوەدا گەڕەکە جیاوازەکان تووشی هەڕەشە بن.
بە سەرنجدان بۆ ئەم نموونانە ئەم ڕێکارانە بۆ بەستێنسازیی ئاشتی لەو سەردەمە لە کوردستاندا کاری کردەیی و گرنگن:
– شایستەسالاری و پسپۆڕ-تەوەری بکرێتە پێوەر بۆ ئەوەی هاووڵاتییەکی بەڵێندەری زانستمەند لە پڕۆسەی کێبڕکێیەکی بێخەوشدا بتوانێ خزمەت بکات.
– پەیوەندی و گفتوگۆ لە نێوان نوخبەی هزری و نوخبەی بڕیاردەر هەبێت.
– دادپەروەری پێویستیی بە یاسا هەیە، (Kelly, 1992: 26) بۆیە دانانی یاسا و دەستوورێکی شایستە و دانانی جاڕنامەیەك بۆ ئاشتی، بە پابهندبوون بە کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەكان، گرنگن.
– بە کەمکردنەوەی درز (كەلێن)ە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕینی ستراکچەری کۆمەڵگە، پێکەوەژیانی سیاسییش ئاسانتر دەبێت. بۆیە نابێ ئۆلیگۆپۆلی (Oligopoli) ببێتە مۆرکی بازاڕ؛ بەڵکوو پێویستە لێکگرێدانەوەی ئابووریی ناوچەکان و مسۆگەرکردنی هەلی ئابووری بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی، تەنانەت بۆ کوردی پارچەکانی تر، بەهەند وەربگیرێت.
– کوالێتیی ژیان بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاستی هەژاری و بێکاری دابکشێت و كەڕامەتی مرۆڤ هەڵبکشێت.
– پێکەوەژیانی ڕاستەقینەی ناوخۆیی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ئیتنیک و ئایینەکان دەتوانێ ببێتە دەرگەیەک بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکی (بیانی)؛ بە مەرجێک هەموو پێکهاتەکان بتوانن بگەنە ئاستی مافی دیاریکردنی چارەنووسی ناوخۆیی.
– دیپلۆماسیی ژینگەپارێزی و گەشتیاری دەتوانێ ببیێتە زەمینەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی کەلتووری ئاشتی. لێرەدا گەشتیاری ناوخۆیی و هاتوچۆی کوردی پارچەکان بۆ شوێنە خۆش و دڵڕفێنەكانی هەرێم گرنگە.
– لە ڕوانگەی دیپلۆماسیی گشتی له ناوخۆ و ناوچهکەدا، ئاسانکاری لە پەیوەندیی هاووڵاتیان پێکەوە و بەستنەوەی شار و وڵاتان بە یەکتر، گرنگیی خۆی هەیە.
– سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێی وەک میدیا و سۆشیال میدیا بۆ دروستکردنی دیپلۆماسیی گشتی و سازدانی فام و واتای هاوبەش لەسەر بابەتی ئاشتی و پێکەوەژیانی سیاسی و مافی مرۆڤ. بەڕێوەبردنی سیاسەتی ڕاگهیاندن ببێتە کاری سیاسەتزانان نەک میدیاکاران. پێویستە ئەدەبیاتی ڕاگەیاندنەکان بە یاسا کۆنتڕۆڵ بکرێت.
– پێویستە کەلتووری ئاشتی لەناو مێشکی منداڵاندا بچێنرێ و دامەزراوەی پەروەردە وەک دامەزراوەیەکی بەرپرس و وەڵامدەر بە هەماهەنگی لەگەڵ پاڕامەترەکانی یۆنسکۆ وانەی ئاشتی-تەوەر بخاتە ناو خوێندن (Peace Education). هەروەها وانەی ڕێکخستنی خانەوادە بۆ ئەوانەی دەچنە ناو ژیانی هاوبەش و ئەوانەی یەکەم منداڵ دێننە سەر دونیا، کارێکی کاریگەرە.
– ئەگەر هەر شارەی فاکەڵتێکی بەهێزی لێ بێت بۆ ئەوەی قوتابیان لە شارەکانی دیکە بچنە زانکۆ و زەمینەی خوێندن بۆ کوردی پارچەکانیش فەراهەم بکرێت و بە پێدانی ئیمتیازی تایبەت کارمەندان لە شارێک بچنە شارێکی دیکە، زەمینە بۆ ئاشتی ساز دەبێت.
– حکوومەتێكی خاکەڕا و لەخۆبردوو دروست بکرێت و دەزگە ئەمنییەکان بە چاودێریی یاسا ڕێز لە کەڕامەت و عیزەتی هاووڵاتیان و میوانان بگرن.
– هەوڵ بدرێ شوناس (ناسنامە)ی لۆکاڵی بکرێتە شوناسی گشتی و نەتەوە-تەوەر و ژیانی شەڕەفمەندانە بکرێتە دیسکۆڕسی گشتی و بە ڕوونکردنەوەی مێژوویی، فەرهەنگی ڕیفراندۆم بکرێتە دیسکۆڕسێکی پیرۆز.
– بە نیگای نیشانەناسی (Semotics) و ئامرازی ڕاز و کۆدناسی، دیتنەوەی خاڵی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە و فەرهەنگەکان و بەهێزکردنی ئەو خاڵە هاوبەشانە گرنگن.
– بە زەمینەسازی بۆ بەشداریی زیاتر و دروستکردنی متمانە، هەوڵ بدرێت بەشداریی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتەکان لە کاروباری سیاسیی وڵاتدا بێتە دی.
– لە باتی جیاکاریی ئەرێنی، زەمینەسازی بۆ تواناسازیی ژنان بکرێت و ژنی شایستە بێتە ناو کاروباری گشتی.
– داهێنانی دیسکۆڕسی پێکەوەژیان و نزیککردنەوە و ڕاکێشانی کەلتوورەکان لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەییدا و دیاریکردنی جەژنێک بۆ نزیککردنەوەی کەلتوورەکان، زاراوەکان، زاگرۆسنشینان ، مەیدانی ئاشتەوایی خۆشتر دەکات.
– دروستکردنی فیدڕاسیۆنی حزب و لایەنە دیموکراتەکانی کوردستانی و کۆنگرەی ئاشتیی ناوخۆیی وەک زەمینەیەک بۆ کۆنگرەیەکی نەتەوەیی، کارێکی پێشوەختەیە.
– ناساندنەوەی فەرهەنگی مێژوویی لە سەردەمی “دیاکۆ”دا، کە دێهاتەکانی بۆ یەک ئامانج کۆ کردۆتەوە و، بریقاندنی واتای ئاشتی-تەوەرانەی نەورۆز کە جەژنێکی جیهانپێوە و زیندووکردنەوەی ڕەگی پێکەوەژیان لەناو ئایینی زەدەشتدا کاریگەریی فەرهەنگیی دەبێت.
– بەو چاوەی زانست سهرچاوهی هێزه و دیپلۆماسیی زانستی و فەرهەنگی یارمەتیدەرێکی گرنگی ئاشتییە، پێویستە بونیادی ئاشتی لهسهر بنهمای زانست دابنرێت. بۆیە گرنگە ناوهندی دیراساتی ئاشتی و دانانی پانێلێکی ئەزموونداران و نوخبە ڕاستەقینەکان بکرێتەوە و دانیشتنی بەردەوامی زانستی لە نێوان ئەکادیمیسیەنە ناوخۆیی و دەرەکییەكان بکرێت و بەشی توێژینەوەی ئاشتی و ئەنجومەنی توێژینەوەی ئاشتی لە زانکۆیەکی هەرێم بکرێتەوە. بەتایبەتی گرنگە سوود لە سەرمایە زانستی و فەرهەنگییەكانی پارچەکانی دیکە وەربگیردرێت و ئەم هەرێمە بکرێتە ناوەندی هەموو کوردستان.
– کردنەوەی بەشی تاوتوێی ئاشتیی ناوچەیی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم. کردنەوەی بەشی کەلتووری ئاشتی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و گرنگیدانی زیاتر بە هونەری ماناگەرا و واتایی و مۆسیقای نەتەوە و پێکهاتەکان.
– دروستکردنی دامەزراوەیەكی ناحکوومی (NGO) بە بەشداریی خەڵکی ناوچە جیاوازەکان بە مەبەستی ئاشتی و سازان بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن لە ئاشتیدا ڕۆڵیان هەبێ و بەشدار بن.
– ئەنجومەنی ئاشتی لە پەرلەمان دابندرێ و دیپلۆماسیی ئاشتی لە نێوان پەرلەمانتارانی کورد لە وڵاتانی جیهان و ئەنجومەنی پەرلەمانەکانی ئاشتیخوازی ئاسیا (APA) و ئەنجومەنی پەرلەمانانی جیهان (IPU) پتەو بکرێت.
– دانانی یەکێتیی ئاشتیپارێزانی کوردستان کە پێک هاتبێ لە کەسایەتییە ئاشتیخوازەکانی ناو حزبەکان.
– گرنگیدان بە ڕۆژی ئاشتیی جیهانی و چالاکیی هونەری لەو ڕۆژەدا و دانانی خەڵاتی ئاشتی و دروستکردنی مۆزەی ئاشتی و سازکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی مۆزە (ICOM) و سازدانی کەمپینی ئاشتی و دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاشتیپارێزانی ئەنفال و ڕێکخراوی ژنانی ئاشتیخواز و… .
– ئەگەر کورد بتوانێ “باڵیۆزی ئاشتی”ی هەبێت یان بژاردەیەکی زانستی یان سیاسیی خەڵاتێکی وەک نۆبڵ لە ئاشتیدا بەدەست بێنێت، ئەوە شوناسی کورد لە جیهاندا دەگۆڕدرێت.
– گرێدانی کوردستان بە دامەزراوەکانی ئاشتیپارێزی وەک دامەزراوەی ئابووری و ئاشتی (IEP) بە دیدێکی جیهان-شاری و پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە ناوچەیییەکانی وەک دامەزراوەی جاڕنامەی کۆنڤانسیۆنی ئەوروپیی مافی مرۆڤ، کۆنڤانسیۆنی ئەمریکیی مافی مرۆڤ، کۆنڤانسیۆنی عەڕەبیی مافی مرۆڤ، ڕاگەیەنراوی ئیسلامیی مافی مرۆڤ و هتد.
– دروستکردنی ڕێکخراوێکی ئاشتیساز و هێزێکی ئاشتیپارێزی ناوخۆیی، بە وێنەی سوپای ئاشتیی “جۆن کەنێدی”.
– پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی نەرویج، بە مەبەستی ئەزموونوەرگرتن لە پێكهاتەی ئاشتی لەو وڵاتەدا گرنگە.
دەرەنجام
بە ئاراستەی گریمانەدا، بە نموونەی وڵاتانی پێشکەوتوو و پێشنەکەوتوو ئەوە دەردەکەوێ کە ئاشتی، پێشمەرجی گەشەپێدانی بەردەوام و بەهێزبوونە. گەشەپێدان وەک مافێک ئامانجی کوردە کە دەتوانێ لە ئاواتە نەتەوەیییەکانیشی نزیک بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە حکوومەتی کوردستان بههێز و گەشەخواز بێت. ئەو بەهێزبوون و گەشەپێدانە بە كەش و دیسکۆڕس (گوتار/ خطاب)ی ئاشتی ساز دەبێت و دەبێ کورد بهو چاو و پێیه بێته ناو شارستانییەتی نوێی مرۆڤایهتییەوە. بە گوێرەی تێگەیشتن لە چەمکی ئاشتی و پێکەوەژیانی سیاسی وەک بەستێنی گەشەپێدان، نەک هەر گرنگە ئێستا ئاشتی هەبێ، بەڵکوو دەبێ ڕێگەی ئاشتی بۆ نەوەی داهاتووش خۆش بکرێت. بۆ ئەو بەستێنسازییە ڕۆڵی ڕێبەرایەتی لە هەرێمی کوردستاندا، کە لەچاو پارچەکانی دیکە خاوەن ئۆتۆریتەیە، گرنگە. بەو شێوەیە ڕەنگە کورد بتوانێ ئاشتی بنەجێ بکات و ببێتە نموونەی ناوچەکە.
بەپێچەوانەوە لاوازبوونی ئاشتی و بەردەوامبوونی قەیرانی پێکەوەژیانی سیاسی نەک هەر گەشەپێدان لە پەڕوپۆ دەخات، بەڵکوو مەترسیی گەورەتری ئەمنییشی بەدواوە دەبێت. کورد ئەگەر نەتوانێ ئاشتەواییی ناوخۆیی و دەروونی، کە لە زەینەوە سەرچاوەی گرتبێ، بنەجێی بکات، ناتوانێت لەگەڵ جیهانیشدا بکەوێتە گفتوگۆیەکی کارساز و كاریگەر.
سەرچاوەکان:
Bar-Tal, D., & Bennink, G. H. (2004). The nature of reconciliation as an outcome and as a process. In Y. Bar-Siman- Tov (Ed.). From conflict resolution to reconciliation (11-38). Oxford: Oxford University Press.
Bonisch, Alfred (1987), Element of the Modern Concept of Peace, Journal of peace Research, Vol. 18 (Jun 1.1987).
Fromkin, David (1989), A Peace to End All Peace: The Fall of the Ottoman Empire and the Creation of the Modern Middle East, Olw Books, New York.
Galtung, Johan; and Paul D. Scott. (2008) Democracy, Peace, Development. Oslo: Kolofon Press.
Katouzian, Homa, (2003) Iranian History and Politics: The Dialectic of State and Society. London, UK: Routledge.
Kordnajad, Hosain, (2022) Kurdistan Regional Government’s Economic Policy, Department of Coordination and Follow-up. In Kurdish.
Kuper, Jessica (1987), Political science and political Theory, Rutledge& Kegan Paul.
Movatheqhi, Seyyed Ahmed, “Peace-oriented development and its pillars”, (Tehran: Politics Quarterly, Journal of Faculty of Law and Political Sciences of Tehran University, No 2, 2021). In Persian.
North, D. C. (1990), “Institutions, Institutional Change and Economic Performance”, Cambridge, MA.
Rodric, D. (2000). “Institutions for High-Quality Growth: What They are and How to Acquire Them”. NBER Working Paper, No. 7540, PP. 1-50.
Sareeolqalam, Mahmoud, (1396) Development, the Third World and the International System, (Tehran: Safir Publishing, 1375).In Persian.
Sareeolqalam, Mahmoud, Obstacles to the Realization of Peace, (Tehran: Lecture, 2018). In Persian.
Sen, Amartya (1999). Development as freedom, New York: Oxford University Press.
Tilahun, Temesgen (2015); “Johan Galtung’s Concept of Positive and Negative Peace in the Contemporary Ethiopia: An Appraisal”, International Journal of Political Science and Development, Vol. 3(6), June.
Waters. Malcom, Globalization (London) Routledge, 1995.