گۆڕانکاری و بەردەواميی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێران لە سەردەمی پاش ڕەئیسی
د. پەرویز ڕەحیم قادر/ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان-لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی/مامۆستای زانکۆ
گیانلەدەستدانی لەناکاوی “ئیبراهیم ڕەئیسی” بۆ کۆماری ئیسلامی، ساتێکی گرنگە؛ چونکە سەرۆکایەتییەکەی لە سەردەمێکی نوێدا بۆ ئێران ڕووی دا، کە بە زیادبوونی میلیتاریزم لە ئاستی نێودەوڵەتی و نائارامییەکانی ناوخۆی ئێران دەناسرێتەوە. هەروەها گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و نوێنەری وەلی فەقیھ لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و شاندی یاوەری لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەر لە ناوچەی “وەرزەقان”ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی هاوسنووری وڵاتی ئازەربایجان، جارێکی دیکە جگە لە پرسی جێگرەوەی ڕەئیسی و پاشان وەزیری دەرەوە، پرسێکی دیکەی هێنایەوە ڕۆژەڤەوە کە ئەویش پرسی جەنشینی یان شوێنگرەوەی “ئایەتوڵڵا خامنەیی”، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە. لەم نێوەندەیشدا، هاوتەریببوونی ئەم دوو پرسە وای کردووە کە گریمانە و سیناریۆی جۆراوجۆر بۆ سەردەمی پاش ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو ئامادەکاری و ڕێگەخۆشکەرێک بۆ سەردەمی پاش ئایەتوڵڵا خامنەیی بێتەوە ئاراوە. ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ شرۆڤە و تێشکخستنە سەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی کۆماری ئسیلامیی ئێران لە سەردەمی پاش ڕەئیسی و تاوتوێکردنی ئەگەری بەردەوامی یاخود گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان.
بەردەوامی و گۆڕانکارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان
لە ڕاستیدا هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی لە هەڵبژاردنێک کە کەمترین ڕێژەی بەشداریی مێژووی کۆماری ئیسلامیی تۆمار کردووە، وەکوو بەشێک لە سیاسەتی باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامی سەیر دەکرا بۆ یەکدەستکردنی دەسەڵات. هەر بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە سەرۆککۆمارەکانی پێشووتری ئێرانیش لە فیلتەری ئەنجومەنی پارێزەران (شورای نگهبان) تێ دەپەڕین و بە جۆرێک بەهۆی پێکهاتەی ئەنجومەنەکە کە هەر ١٢ ئەندامەکەی بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێبەری باڵاوە دەستنیشان دەکرێت، جۆرێک لە ڕەزامەندیی ڕێبەری هەبووە، بەڵام ئیبراهیم ڕەئیسی بەهۆی ڕابردوو و، هەروەها پلە فەرمییەکانی لە دەسەڵات بە نزیکترین کەسایەتی و، هەروەها بێکێشەترین سەرۆککۆمار دەناسرا کە تاوەکوو ئێستا هاتبێتە سەر کار. بەم پێیەیش لەدەستدانی، جۆرێک لە شڵەژانی ناوخۆیی لەناو بەرەی توندڕەوەکان و، هەروەها دروستبوونی ڕکابەرایەتی لەناو ئوسووڵگەراکان دروست دەکات. چونکە ئەزموونی سەرۆکایەتیی ئیبراهیم ڕەئیسی دەری دەخات کە، یەکدەستکردنی دەسەڵات کە لەلایەن ئێرانییەکانەوە بە پڕۆژەی یەکخستنی حوکمڕانی (پروژه یکدست سازی حاکمیت) و لەلایەن نەیاران و ڕکابەرەکانەوە بە “پاکسازیی دەسەڵات” دەناسرێت، وای کرد کە نیگەرانی لەناو خودی کەمپی توندڕەوەکانی لێ بکەوێتەوە؛ بەو پێیەی کە هاتنەسەرکاری ڕەئیسی، بە جۆرێک بە پەراوێزخستنی کەسایەتی و ئەکتەرە بەهێزەکانی گۆڕەپانی سیاسیی کۆماری ئیسلامی، کە بە میانڕەوتر و نزیک لە بەرەی بناژۆخوازەکان، وەکوو حەسەن ڕۆحانی و عەلی لاریجانی و… دادەنران، پێناسە کرا.
هەر بۆیە ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە بە ئامادەکارییەک بۆ سەردەمی پاش نەمانی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران و ڕێگەخۆشکردن بۆ جێنشینی ناوبراو لەلایەن یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی “موجتەبا خامنەیی” و تەنانەت بەڕێبەربوونی خودی ئیبراهیم ڕەئیسی، وێنا کرا. بەم پێیەیش ئەم ئاڵوگۆڕە ناوخۆیییە و ڕەتکردنەوەی شیاوێتیی کاندیدە بەهێزەکان بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری (مجلس خبرگان رهبری) و تەنانەت خولی دوازدەیەمی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی (مجلس شورای اسلامی) لە ساڵی ٢٠٢٤دا، لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەران لەلایەن ڕکابەرە ناوخۆیییەکان و نەیارە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، وا لێک درایەوە کە ئایەتوڵڵا خامنەیی هەوڵی داوە بۆ زاڵبوون بەسەر هاوکێشە ناوخۆیی و بەرەنگاریی مەترسییە دەرەکییەکان، دەسەڵاتێکی یەکدەستی نزیک لە “بەیتی ڕێبەری” بێنێتە سەر کار و لەم ڕێگەیەوە لە هەر ئەگەر و سیناریۆیەکدا ڕەوتی ڕووداوەکان لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت.
بێ گومان، دەکرێ “حەسەن ڕۆحانی” بە گرنگترین کاندیدی بێبەشکراوی ئەم خولەی هەڵبژاردنی مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەری هەژمار بکرێت. ڕۆحانی کە پێشینەی کاندیدبوون و ئەندامێتیی لە سێ خولی کۆتاییی ئەم ئەنجومەنەدا هەیە، بۆ خولی شەشەم لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەرانەوە بێبەش کرا؛ بێ گومان ئەمەیش بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناوخۆیی و دەرەکیی کۆماری ئیسلامی، تا ڕاددەیەک چاوەڕوان نەکراو بوو و هەر ئەمەیش ئەو گریمانەیەی بەهێز کرد کە کۆماری ئیسلامی خۆی بۆ گۆڕانکاریی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکی ئامادە دەکات.
یەکێک لە سەیرترین بێبەشکردنەکانی ئەم قۆناغەی هەڵبژاردنی مەجلیسی شارەزایانی ڕێبەری لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا “حوجەتولئیسلام مورتەزەوی موقەدەم” بوو. بەرپرسێکی باڵای دادوەری کە ٣٨ ساڵ خزمەتی لە دەسەڵاتی دادوەریدا هەبوو و لە ٣ی ئایاری ٢٠١٩وە بە فەرمانی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی (ئەوکات سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری) بۆ پۆستی سەرۆکی دادگەی باڵای کۆماری ئیسلامی دەستنیشان کرابوو.
هەروەها “مستەفا پووڕمحەممەدی” کەسایەتییەکی دیکەی ناسراوە کە نەیتوانی مۆڵەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان لە ئەنجومەنی پارێزەران وەربگرێت. پووڕمحەممەدی جگە لە پۆستە دادوەرییەکان لە ساڵانی ١٩٩٧-١٩٩٩ بریکاری وەزیری هەواڵگری (اطلاعات) و لە کابینەی نۆیەمی “مەحموود ئەحمەدینەژاد”، بووە وەزیری ناوخۆ (٢٠٠٥-٢٠٠٨) و دوای دوورخستنەوەی لەلایەن ناوبراوەوە، بە فەرمانی “هاشمی شاهروودی” (سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری)، بووە بە سەرۆکی ڕێکخراوی پشکنینی گشتیی کۆماری ئیسلامی (٢٠٠٨-٢٠١٣) و پاشان لە نێوان ساڵانی (٢٠١٣-٢٠١٧)وەزیری داد بووە لە کابینەی حەسەن ڕۆحانی.
ئەم ڕەتکردنەوەی شیاوێتییانە و بەتایبەتی بێبەشکردنی سەرجەم ڕکابەرەکانی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە بازنەی خوراسانی باشوور بۆ ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری، لە پاڵ ڕەتکردنەوەی کاندیدە بەهێزەکان و تەنانەت پاشەکشەیان بە قازانجی ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ٢٠٢١ وای کرد کە ئاراستەی خوێندەوە و پێشبینییەکان بۆ ئەوە بڕوات کە هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە کە ڕەئیسی، چ لە ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری و چ لە سەرۆکایەتیی کۆماری، هیج بەربەستێکی لەبەردەمدا نەمێنێت و، ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی لە سەردەمی پاش ئایەتوڵڵا خامنەیی پۆستی ڕێبەری باڵای ئێران وەربگرێت. تەنانەت ئەگەر گریمانەکان سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ بەڕێبەربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی ڕەت بکرێتەوە و گریمانەکان بۆ ئامادەکاری بووبێت بۆ بەڕێبەرکردنی موجتەبا خامنەیی، ئەوە دەکرێت بەرزکردنەوەی پلە و پێگەی ئیبراهیم ڕەئیسی هەر لەم چوارچێوەیەدا بخوێندرێتەوە و لەدەستدانی لە ئێستادا وەکوو بۆشایییەک لە پلانەكەدا ببینرێت، چونکە بەپێی ماددەی 111ی دەستوور، لە ئەگەری دوورخستنەوە یان دەستلەکارکێشانەوەی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، تا دیاریکردنی سەرکردەیەکی نوێ، ئەنجومەنێکی کاتی پێک دێت لە سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و یەکێک لە فەقیهەکانی ئەنجومەنی پارێزەران کە لەلایەن “ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم”ەوە هەڵدەبژێردرێت و ئەم ئەنجومەنە کاتییە هەموو ئەرکەکانی ڕێبەر لە ئەستۆ دەگرێت.
بۆیە هەڵبژاردنی ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆمار لە ساڵی ٢٠٢١ لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی کاندیدە بەهێزەکان وەکوو (مەحموود ئەحمەدینژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی مەجلیسی شوورای ئیسلامی و ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار ڕۆحانی) و، هەروەها (عزەتوڵڵا زەرغامی، موحسن هاشمی ڕەفسەنجانی، محەممەد شەریعەتمەداری، مەسعوود پزیشکیان، سەعید محەممەد، عەلی موتەهەری، مەحممود سادقی، مستەفا کەواکبیان، شەمسەددین حوسێنی و مستەفا تاجزاده) و تەنانەت پاشەکشەی کاندیدە بەهێزەکان لە بەرژەوەندیی ڕەئیسی، ئەو ئەگەر و سیناریۆیەی بەهێزتر کرد.
سەبارەت بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەدا، ڕەئیسی لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا ستراتیژیی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکەم”ی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی لە سیاسەتی دەرەوەدا پەیڕەو کرد. زۆرێک لەو دەستکەوتانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ڕەئیسی، هیچ پەیوەندییەکیان بە بڕیارەکانییەوە نەبووە. بۆ نموونە پەیوەندییە نوێیەکانی ئێران لەگەڵ چین و ڕووسیا، بەرهەمی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین، هەروەها لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بووە، نەک گۆڕانکاری لە سیاسەتی تاران.
لە دوایین لێدواندا سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە بە شێوەیەکی کاتی لە جێگەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دەستنیشان کراوە دەڵێت: سیاسەتی دەرەوەی نیزام لەسەر بنەمای عەقڵانییەتێکی ستراتیژی داڕێژراوە و، وەزارەتی دەرەوەیش لەسەر بنەمای ئەو چوارچێوەیە کار دەکات کە کێشراوە و چوارچێوە گشتییەکەی دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و ڕێبەری باڵای شۆڕشەوە پەسەند بکرێت. بەم پێیەیش ئەم قسەیە ڕاستە و ئەوە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییە کە بەپێی گۆڕانکارییەکان بڕیار لەسەر ئاڵوگۆڕە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە دەدات. گرنگترین پرسە دەرەکییەکانیش داهاتووی پرسی ئەتۆمیی ئێران و، هەروەها کۆنترۆڵی میلیشیا و پرۆکسییەکانی لایەنگری ئێران لە ناوچەکە و پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ڕۆژاوا و بەرزکردنەوەی بارگرژییەکان یاخود بەپێچەوانەوە سڕینەوەی ئەم بارگرژییانەیە.
کەوتنەخوارەوەی ئەو هەلیکۆپتەرەی هەڵگری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە خراپترین کات و لە هەستیارترین هەلومەرجدا ڕووی دا و گرنگترین کەسایەتیی لە بازنەی بڕیارە چارەنووسسازەکان بۆ ئاییندەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوور خستنەوە. قۆناغە سەختەکەی ئێستا دەکرێ بە “قۆناغی ئینتقالی” ناو ببرێت. لە ئێستادا و لە پاش نەمانی ڕەئیسی، کۆماری ئیسلامی و ئایەتوڵڵا خامنەیی لە بەردەم دووڕێیانێکی مێژووییدان؛ بەو واتایەی کە هەم دەرفەت هاتۆتە ئاراوە بۆ ئەوەی کە سیستەم یان ئەو شتەی لە کۆماری ئیسلامی بە “نیزام” یان “حاکمییەت” دەناسرێت، لە هەڵەکانی ئەم سێ ساڵە وانە وەربگرێت و بۆ مانەوە و بەردەوامیی سیستەمە سیاسییەکە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کرانەوە بکاتە ستراتیژیی خۆی یاخود بۆ دوورکەوتنەوە لە ئەگەری گۆڕانکارییەکی هەرچەندە سنووردار لە سیستەم لە پاش نەمانی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، کەسێکی هاوشێوەی ڕەئیسی یان کەسایەتییەکی توندڕەو بێنێتە سەر کار و بەردەوام بێت لە پرۆژەی یەکدەستسازیی سیستەم. لە هەردوو ئەگەرەکەدا ئامانج مانەوە و بەردەوامیی ئەم سیستەمەیە کە بەپێی ڕوانگەی ڕێبەری باڵا و، هەروەها گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بڕیار دەدرێت کە ئایا مانەوەی سیستەم لە گرەوی گۆڕانکارییەکی سنووردارە لە دەستەی سەرکردایەتیی ئێران یاخود لە دەستپێوەگرتن و داخرانی بازنەی سەرکردایەتی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە لەنێوان کەسە نزیکەکانی بەیتی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی.
جێگەی ئاماژەیە کە سەرۆککۆمار هەرچەندە بەپێی هەرەمی دەسەڵات لە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران کەسی دووەمە لە دوای ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بەڵام لە ڕووی واقعی و پراکتیکییەوە، بەتەواوی لەژێر هەژموونی کەسی یەکەمی کۆماری ئیسلامی و دامەزراوەکانی سەر بە ناوبراوە. بەڵام دڵەڕاوکێ و مەترسییەکان لە هاتنەسەرکاری کەسێکی سەربەخۆ یاخود تا ڕاددەیەک دوور لە ئایەتوڵڵا خامنەیی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە لایەک ئەم سەرۆککۆمارە دەتوانێت لە کاتی هەر بۆشایییەك لە پۆستی ڕێبەری، دەسەڵاتێکی گەورەی لە گواستنەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەردەمی ڕێبەری نوێ هەبێت و لە لایەکی دیکەیشەوە ترسی ئەوە هەیە کە خودی ئەم کەسە بەهۆی پێگەکەیەوە لەگەڵ ناوەندەکانی دیکەی دەسەڵات و هێز لە کۆماری ئیسلامی، بتوانێت پرۆسەی بەڕێبەربوونی خۆی یان کەسێکی نزیک لە خۆی جێبەجێ بکات.
قۆناغی ڕاگوزەر کە ئاماژەمان پێ دا، قۆناغێکی گرنگە بۆ ڕژێمی ئێران، چونکە لە کۆتاییی ئەم قۆناغەدا، پێکهاتەی سیاسیی نوێی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دیاری دەکرێت و لە داهاتوودا ڕێبەرێکی نوێ بۆ جێنشینیی ئایەتوڵڵا خامنەیی دەستنیشان دەکرێت.
پێش ئەوەی کە سیناریۆکانی سەردەمی پاش ڕەئیسی بخەینە ڕوو، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەوەی کە ئەم پرسەی پڕمشتومڕ کردووە، گومانەکانە لە چۆنێتی و هۆکاری مردنی ڕەئیسی و شاندی یاوەری؛ چونکە راپۆرتی میدیا ناوخۆیییەکان و دژبەیەکییەکانی وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ڕووداوەکە، گومانەکانی زیاتر کرد. ئەم جۆرە ڕاپۆرتکردنە وای کرد زۆر کەس گومانیان هەبێت لەوەی چی ڕوو دەدات. دۆخی هەواڵ بڵاوکردنەوە دواتر ئاڵۆزتر بوو، چونکە لە هەواڵە ناوخۆیییەکانی ئێراندا پشتڕاستکردنەوە و ئینکاریی زۆر هەبوو. ئەوەی بەرپرسان وتوویانە، لەلایەن بەرپرسێکی ترەوە ڕەت کراونەتەوە یان لێدوانەکان دژبەیەک بوون. ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەی زۆر کەس گومانیان هەبێت کە ڕووداوێکی “سروشتی” بێت. ڕەنگە بەهۆی ئەمەوە، هەندێک شرۆڤەکار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە “کودەتا”یان زانیوە و هەندێکی دیکەیشیان بە “لابردنی” ئیبراهیم ڕەئیسی لە گۆڕەپانی سیاسیدا زانیوە. بەڵام ئەو کەسانەیش کەم نەبوون کە ئەم ڕووداوەیان دایە پاڵ دەستی دەرەکی. هەروەها شیکاری شرۆڤەکارانی بیانی لە پاڵ کێشە و ململانێ ناوخۆیییەکان لە بەرەی ئوسووڵگەراکان لە لایەک و شوێنی کەوتنی کۆپتەرەکە کە نزیکە لە سنووری ئازەربایجان و، پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل و ڕووداوەکانی ناوخۆی ئیسرائیل لە پاش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و هێڕشی مووشەکیی ئێران و میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئەم وڵاتە، وای کردووە کە زیاتر لە سیناریۆ و گریمانەیەک بێتە ئاراوە؛ هەرچەندە ئەو لێژنەیەی کە سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی پێکی هێنابوو، ڕای گەیاند کە هیچ ئاسەوارێکی گولـلە و بەئامانجگرتنیش لەسەر پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکە نەدۆزراوەتەوە و کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و بەرکەوتنی لەگەڵ لووتکەی چیا بووە و تەنانەت هیچ شتێکی گوماناوی نەدۆزراوەتەوە.
لێرەدا دەکرێت بەپێی هەموو شرۆڤە و ئەگەرەکان چەند سیناریۆیەک بخرێتە ڕوو:
یەکەم- ڕووداوێکی تەکنیکی و ئاسایی؛ بەهۆی کەموکوڕیی تەکنیکی (چونکە هێلیکۆپتەرەکە کۆن بووە)، هەروەها هەڵەی فڕۆکەوانەکە، بەهۆی بارودۆخی خراپی کەشوهەوا و هتد. ئەم سیناریۆیە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پێداگریی لەسەر کراوە و تەنانەت تاوەکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی پێچەوانەی نەدۆزراوەتەوە و پشتڕاست نەکراوەتەوە.
دووەم- تیرۆر و خۆکوژی؛ ئەمەیش لە ڕێگەی زیانگەیاندن بە سیستەمی سیگناڵی جی پی ئێس و سیستەمی ئەلکترۆنیی هێلیکۆپتەرەکە یاخود گواستنەوەی بۆمب یان تەقەمەنی لە ناوەوە و، هەروەها لێدانی هێلیکۆپتەرەکە بە تەقەکردن یان هێرشێکی هاوشێوە لە ئاستی ناوخۆیی یان دەستی دەرەکی وەکوو ئیسرائیل. هەروەها ئەم گریمانەیەیش بەهێز بووە کە یەکێک لە فڕۆکەوانەکان بە ناوی “بێهرۆز قەدیمی” (بهروز قدیمی) خزمایەتیی لەگەڵ قوربانییەکی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩ بە ناوی “پۆیا بەختیاری” (پویا بختیاری) هەبووە و بەم پێیەیش ئەم سیناریۆیەیان خستە ڕوو کە ئەم فڕۆکەوانە لە تۆڵەی کوژرانی خزمی خۆی لە ڕێگەی کردەوەیەکی خۆکوژی ئەم کارەی ئەنجام داوە. ئەوەی ڕاستی بێت گومان لەسەر ئەم سیناریۆیە هەیە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا کردەوەیەکی لەم شێوەیە بە دەستی ناوخۆیی بووە یان دەرەکی؟ چونکە لە ئاستی ناوخۆیی پێویستی بە نفووز و هەماهەنگییەکی زۆر باڵا و بڕیارێکی نهێنی هەیە لە سەرووی سەرۆککۆمار و دامەزراوەکانی ژێردەسەڵاتی. ئەم سیناریۆیە لەلایەن ئەو کەسانەوە پاڵپشتی دەکرێت کە بڕوایان وایە جەنگی دەسەڵات لە ناوخۆی کۆماری ئیسلامی، بۆتە هۆکاری ئەم کردەوەیە و، هەروەها بەشێک لە گریمانەکانیش بۆ پاکسازیی ناوخۆیی دەیگەڕێننەوە.
لە لایەکی دیکەیشەوە، بەشێک لە شرۆڤەکان بۆ کەوتنەخوارەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە بەهۆی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر دەیگەڕێننەوە، چونکە لە سنووری ئازەربایجان بووە و ئیسرائیل لەم وڵاتەدا خاوەن نفووز و ئامادەییی هەواڵگرییە؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا پێ ناچێت لەم قۆناغەدا ئیسرائیل بیەوێت بە ئۆپەراسیۆنێکی لەم شێوەیە و کوشتنی کەسێکی لەم پلەیە، جەنگێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەست پێ بکات. بەڵگەیش بۆ ئەمە لە پاش کوشتنی پلەدارە سەربازییەکانی ئێران لە باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق و لە بەرامبەردا هێرشی ئێران لە ڕێکەوتی ١٤-٤-٢٠٢٤ بە درۆن و مووشەکی کرووز و بالیستی (١٨٥ درۆن و ٣٦ مووشەکی کرووز و زیاتر لە ١١٠ مووشەکی بالیستی) بۆ سەر ئیسرائیل و لە کاردانەوەیشدا هێرشی ئیسرائیل لە ١٩-٤-٢٠٢٤ بۆ سەر “بنکەی سەربازیی ئیسفەهان”، دەری خست کە هەردوو وڵات بەخۆپارێزییەوە وەڵامیان دایەوە و لەم قۆناغەدا جەنگی ڕاستەوخۆ بەهۆی نەبوونی سنووری هاوبەش بە گونجاو نازانن و بەردەوام دەبن لە شێوازەکانی ڕابردوویان بۆ لاوازکردن و کۆنترۆڵکردنی مەترسییەکانی یەکتری.
لە پاڵ هەموو ئەم ئەگەرە پشتڕاستنەکراوانەدا، پرسی جێنشینی ئایەتوڵڵا خامنەیی هاوتەریب لەگەڵ ئەم سیناریۆ و ئەگەرانە خراوەتە ڕوو. لێرەدا سیناریۆکانی سەردەمی پاش ڕەئیسی دەخەینە ڕوو:
یەکەم: سیناریۆی بەردەوامیی دۆخی ئێستا
لەم سیناریۆیەدا ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و، هەروەها بەردەوامی بە پلان و ستراتیژییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بەناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی بڕیاری نهێنی و دامەزراوە بەهێزەکانی وەک ئەنجومەنی پارێزەران و سوپای پاسداران و میدیا و ناوەندەکانی دەسەڵات، پاڵپشتی لە کەسێکی نزیک لە خۆی و هاوشێوەی ئیبراهیم ڕەئیسی دەکات کە ببێتە سەرۆککۆمار. لەم حاڵەتەدا ململانێ و ڕکابەرایەتییە کۆنترۆڵکراوەکان زیاتر لە بەرەی ئوسووڵگەرا نوێیەکان (نو اصولگرایی) دەبێت. هەر ئەمەیش وا دەکات کە بەشێک لە گومانەکانی کوژرانی ڕەئیسی بڕەوێتەوە، چونکە لەم حاڵەتەدا دەردەکەوێت کە ڕەئیسی مەترسییەك نەبووە بۆ ستراتیژییە باڵاکانی سیستەم و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و، ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە تەنیا ڕووداوێکی تەکنیکی و سروشتی بووە. بەم پێیەیش لە ئاستی ناوخۆییدا کۆماری ئیسلامی لە پرۆسەی یەکدەستکردنی سیستەم یان حاکمییەت بەردەوام دەبێت. ئەم سیناریۆیە دەری دەخات کە کۆماری ئیسلامی لەم ڕێگەیەوە خۆی بۆ سەردەمی پاش نەمانی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئامادە دەکات کە تاوەکوو ئێستا بەهێزترین کاندید-هەرچەند بەنهێنی- موجتەبا خامنەیی، کوڕی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بێت و جومگەکانی دیکەی دەسەڵات وەکوو سوپای پاسداران و ئەنجومەنی پارێزەران و ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی و سەرۆکایەتیی کۆمار و کابینەی حکوومەت و ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری و کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم، هاوکار و هاوڕای ئەم گواستنەوەیە دەبن.
لەم سیناریۆ و حاڵەتەدا پێ ناچێت هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە سیاسەتی ناوخۆییی کۆماری ئیسلامی ڕوو بدات؛ هەرچەندە پێ دەچێت کە داخرانی ناوخۆیی لەگەڵ کرانەوەیەکی دەرەکی هاوتەریب بێت. مێژووی کۆماری ئیسلامی دەری دەخات کە گوشاری ناوخۆیی، پێدانی ئیمتیازی دەرەکی و کرانەوەیەک لە ئاستی دەرەوە و سڕینەوەی بارگرژییەکانی لە ئاستی دەرەوە بە شێوەی کاتی لێ کەوتۆتەوە، چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کەمکردنەوەی گوشارە ناوخۆیییەکان باڵانسی لەم ڕێگەیەوە گۆڕیوە. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، گوشارە ناوخۆیییەکانی ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠٢٢ وای لە دەسەڵاتداران کردووە کە لە ئاستی ناوخۆیی زیاتر داخرابن، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان لە ئاستی دەرەکیدا هەوڵی سڕینەوەی بارگرژییەکان بدەن، چونکە پێیان وایە بەردەوامیی بارگرژیی دەرەکی لە حاڵەتی شۆڕشی ناوخۆییدا، دەتوانێت ببێتە هۆکاری یارمەتیدانی ناڕەزایەتییەکان، بەم پێیەیش ڕووخانی سیستەم. بۆ نموونە لەم ماوەیەدا بەردەوام گفتوگۆی نهێنی سەرەڕای هەموو بارگرژییەکان لە ناوچەکە، لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەبووە.
دووەم: سیناریۆی گۆڕانکاری و کرانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی
ئەگەر کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی ڕێبەری باڵا گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی کە یەکدەستکردنی دەسەڵات (حاکمییەت) بۆتە هۆکاری ئەوەی کە هەموو ڕەخنەکان ئاراستەی ئەو بکرێت و ئەم یەکدەستییە وای کردبێت کە بنکە جەماوەرییەکەی دابەزێت و بەشێک لەو کەسە ناڕازییانەی ناو سیستەم بچنە پاڵ ئۆپۆزیسیۆن، ئەوە پێ دەچێت ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆککۆمار دەرفەت بێت بۆ ئەوەی کە لانی کەم بازنەی لایەنگرانی جارێکی دیکە فراوانتر بکاتەوە بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر دۆخەکە و کەمکردنەوەی گوشارە ناوخۆیییەکان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی گوشارە دەرەکییەکان کە بەهۆی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر و تەنانەت جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا و، هەروەها شۆڕشی ژینا لە ئاستی ناوخۆیی هاتۆتە ئاراوە کە بەشێکی جگە لە لێدان لە ڕەوایەتیی سیستەم، بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئابوورییەوە بووە و، بۆتە هۆکاری ناڕەزایەتیی بەرفراوانی جەماوەری و، ئەمەیش گەڕێندراوەتەوە بە دەسەڵاتی یەکدەست و ناکارامەییی ئەو کەسەی کە سەرۆککۆمار بووە و بە سەرۆککۆماری نزیک لە ڕێبەری باڵا دادەنرا. ئەم سیناریۆیە کاتێک ئاماژەکانی دەردەکەوێت کە لیستی ئەو کەسانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەران شیاوێتییان پەسند دەکرێت بەرفراوانتر و هەمەجۆرتر بن. هەرچەندە لە کۆتاییدا هەموویان لەژێر هەژموونی ڕێبەری کۆماری ئیسلامین، بەڵام پەراوێزێکی بچووک بۆ مانۆڕی سیاسیی لایەنە ناوخۆیییەکان و گوتارە میانڕەوەکان دەمێنێتەوە.
ئەگەر ئەم سیناریۆیە بێتە دی، ئەوە ڕەنگبێ ڕێبەری باڵا خۆی بۆ گۆڕانکارییە دەرەکییەکان ئامادە بکات و ئەمەیش لە ڕێگەی ئامادەکاریی سیاسیی سنووردار لە سیستەمەوە دەبێت. بەم پێیەیش قۆناغی پاش ڕەئیسی دەتوانێت ببێتە سەرەتای گۆڕانکاری لەناو سیستەم بۆ مانەوە و ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە سەردەمی پاش نەمانی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی؛ ئەمەیش بە مەبەستی کۆکردنەوەی تواناکانی سیستەم و، هەروەها دەستەبەرکردنی پاڵپشتییەکی فراوانتری لایەنە سیاسییە ناوخۆیییەکانی ناو سیستەم و پاڵپشتییان لە جێگرەوەی ڕێبەری باڵا. هەرچەندە ئەم سیناریۆیە مەترسیی گەورەیشی بۆ سیستەم (نیزام) هەیە، ئەویش بریتییە لە لەکۆنترۆڵدەرچوونی کرانەوە و، هەروەها دەسەڵاتخوازیی لایەنەکانی ناو سیستەم و ئامادەکارییان بۆ بردنەوەی پشکی شێری دەسەڵات و دروستبوونی ململانێیەکی توندی ناوخۆیی لەسەر داهاتووی سیستەم و ڕێبەری باڵا. لەم نێوەیشدا جەنەراڵەکانی سوپای پاسداران و ئەفسەرە باڵاکان، زیانمەندی سەرەکی دەبن؛ بەو پێیەی لە ئێستادا زۆربەی جومگە سیاسی و ئابووری و سەربازی و هەوڵگری و تەنانەت بواری سیاسەتی دەرەکی و دۆسیە گرنگەکان لەژێر کۆنترۆڵیدایە.
ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەرەو ئەم سیناریۆیە بڕوات، ئەوە دەڕبری خوێندنەوەی ڕێبەری باڵا و ڕاوێژکارەکانییەتی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و ئەگەری هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ و، هەروەها نیشاندەری ئەوەیە کە ڕێبەری باڵا دەیەوێت لانی کەم بەشێک لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بۆ مانەوەی سیستەمەکە لە پاش نەمانی خۆی چارەسەر بکات کە گرنگترینیان پرسی ئەتۆمییە کە وەکوو ئامرازێک بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە پاڵ هێزە پرۆکسییەکان و بەرنامەی مووشەکی و درۆنیی کۆماری ئیسلامی کەڵکی لێ وەردەگیرێت. بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان لە سێ مانگی ڕابردوودا، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا خامنەیی، “عەلی شەمخانی”، سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، کراوەتە بەرپرسی دانوستانەکانی دۆسیەی ئەتۆمی و، ئەم پرسە لە دەسەڵاتی کابینەی ڕەئیسی نەبووە.
ڕاستییەكەی، ئامرازە دەرەکییەکان بۆ مانەوەی سیستەمەکەیە و ڕێگەگرتنە لە گەمارۆدانی ئێران و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و گۆڕینی سیستەمە سیاسییەکەیە. لەم ئەگەرەدا ڕێگە بە کەسانی ڕیفۆرمخواز و میانڕەوتر دەدرێت کە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، چونکە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی یەکدەستکردنی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی، دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتیانی ئێرانی بووە لە دوایین هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و، هەروەها ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری و ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی (پەرلەمان)؛ هەر ئەمەیش ڕەوایەتیی سیستەم و بژاردەکانی بردۆتە ژێر پرسیاری جددییەوە. بۆیە کۆماری ئیسلامی پێویستی بە بەشدارییەکی فراوانتری جەماوەرییە کە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا کەڵکی لێ وەربگرێت. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕیسکی ئەوە دەکات کە بۆ بەرزکردنەوەی بەشداریی سیاسیی هاووڵاتیان، ڕێگە بە کاندیدبوونی بەرفراوانی لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتی کەسانی بەهێز و سەربەخۆتر لە بەرەی پارێزگارەکانی نزیک لە خۆی بدات؟
ئەنجام
ئەوەی لە ئێران بە بڕیاری نیزام یاخود سیستەم دەناسرێت بریتییە لە بڕیای ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی. بەم پێیەیش ئەگەر نیزام نەتوانێت دڵنیایی لە ئەمریکا وەربگرێت، ئەوە بەرەو داخرانی زیاتر لە ناوخۆ و تەنانەت بەرەو ئەتۆمیبوون دەچێت، بەڵام ئەگەر دڵنیا بێت لەوەی کە گواستنەوەی دەسەڵات بەبێ کێشە تێ دەپەڕێت و دەوڵەتانی دەرەکی هەوڵی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یاخود لاوازکردنی سیستەم و تەنانەت پاڵپشتی لە ئۆپۆزیسۆن و ناڕەزایەتییەکان بۆ ڕووخانی سیستەم نادەن، ئەوە لە ئاستی دەرەکی کرانەوە لە پەیوەندییەکان ڕوو دەدات و تەنانەت لەوانەیە لە ئاستی ناوخۆیش بەرەو گۆڕانکارییەکی سنووردار و کرانەوە بڕوات. لە لایەکی دیکەوە، هەرچەندە نەمانی ئیبراهیم ڕەئیسی، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر گۆڕانکاری لە سیستەم و سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران نابێت، بەڵام بەناڕاستەوخۆ ململانێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ گەیشتن بە جومگەکانی دەسەڵات و ئامادەکاری بۆ سەردەمی پاش ئایەتوڵڵا خامنەیی لە بەرەی ئوسووڵگەران بەرز دەکاتەوە. بەم پێیەیش، بەهۆی ئەوەی کە ئایەتوڵڵا خامنەیی لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی پێویستیی بە نیشاندانی ڕەوایەتیی سیستەم هەیە، ئەوە لە ڕێگەی بەشداریی بەرچاوی جەماوەری ئەم کارە ئەنجام دەدات. هەر بۆیە کاندیدە چاوەڕوانكراوەكانی بناژۆخوازە توندڕەوەکان بریتی دەبن لە: محەممەد موخبیر، سەید پەرویز فەتاح، سەعید جەلیلی، موحسین ڕەزایی، عەلیڕەزا زاکانی، سەید محەممەدسادق مەحسوولی؛ تەنانەت ئەگەر بڕیار وا بێت کە کەسێکی ئایینی بێت، ئەوە غولامحوسێن موحسینی ئێژەیی دەتوانێت دەرفەتی گەورەی هەبێت. هەروەها کاندیدەکانی میانڕەوکان بریتی دەبن لە: حەسەن ڕۆحانی، عەلی ئەردەشیر لاریجانی، محەممددباقر نۆبەخت. جگە لەمانەیش ڕەنگە کاندیدە ڕیفۆرمخوازەکان لە ئەگەری ڕەزامەندیی ئایەتوڵڵا خامنەیی بۆ بەشدارییان، بریتی بن لە: ئیسحاق جەهانگیری، عەبدولناسر هیممەتی و تەنانەت مەجید ئەنساری و محەممەدجەواد زەريف.
بەم پێیەیش لە کاندیدەکانەوە دەتوانین بزانین کە ئایا ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بڕیاری کرانەوەی سیستەمی لە ئاستی ناوخۆیی یان دەرەکی داوە یاخود نا؟ هەرچەندە بەهۆی قۆناغی هەستیاری گواستنەوەی سەردەمی پاش ئایەتوڵڵا خامنەیی و ئەگەرەکانی ناوخۆیی لەم چوار ساڵە و بەرزبوونەوەی تەمەنی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و، هەروەها گوشارە دەرەکییەکان، دەستنیشانکردنی کەسایەتییەکی ئایینی وەک سەرۆککۆمار یان کەسایەتییەکی سیاسی و نا-ئایینی، وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە سەردەمی دوای ئایەتوڵڵا خامنەیی چ سیمایەکی دەبێت؛ ئەمەیش بەهۆی ڕۆڵی ڕێبەرایەتیی کاتی لە پاش ئەگەری نەمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە قۆناغی گواستنەوەدا. تەنانەت داهاتووی پرسی ئەتۆمیی ئێران و ئەگەری بەئەتۆمیبوونی ئەو وڵاتە لە لایەک و پرسی بەرەی خۆڕاگری (محور مقاومت) پەیوەندیی بەم هەڵبژاردنەوە هەیە؛ بەم واتایەی کە دەستنیشانکردنی ئەو کەسە بۆ سەرۆککۆماری داهاتووی ئێران ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئایا مەیدان بەسەر دیپلۆماسیدا زاڵ دەبێت یان بەپێچەوانەکەی. بەڵام ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە پێ ناچێت کۆماری ئیسلامی بۆ بەردەوامی و مانەوەی خۆی لە “سیاسەتی بەرەو ڕۆژهەڵات” (Look to the East policy) و دژایەتیی ئیسرائیل و یارمەتیدانی پرۆکسییەکان و بەتایبەتی بەرنامە مووشەکی و درۆنییەکانی پاشگەز ببێتەوە؛ هەرچەندە بەپێی زانیارییەکان ئێران لە گفتوگۆی نهێنیدایە لەگەڵ ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنێکی سنوورداری ئەتۆمی بە مەبەستی لابردنی ئابڵووقە و سزاکان لەگەڵ ئیدارەی بایدن پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەمریکا. لەم نێوەندەیشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامی بە سیاسەتی نزیکایەتی لەگەڵ دراوسێکان دەدات بۆ گۆڕینی باڵانسی هێز لە هەمبەر ئەمریکا و ئیسرائیل. چونکە ئەم سیاسەتانە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بڕیاری لەسەر نادرێت و ئەوە بە سیاسەتی سیستەم (نیزام) دادەنرێت کە لەلایەن ئایەتوڵڵا خامنەیییەوە بڕیاری کۆتاییی لەسەر دەدرێت. کۆی ئەم پرسانەیش تاوەکوو ئایەتوڵڵا خامنەیی لە ژیاندا مابێت، بنەمایەکی نەگۆڕی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە سەرۆککۆمار ئاوێنەی ڕوانگەی ستراتیژیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییە بۆ پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و، هەروەها هەستکردنی بە هەڕەشە و مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. هەر بۆیە هاتنەسەرکاری کەسێک وەک سەرۆککۆمار زیاتر لەوەی کە خۆی خاوەن دۆکترینی تایبەت بێت، ئەوە نیشان دەدات کە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی چ ڕوانگەیەکی هەیە لە هەمبەر کێشە و پرسەکان. بەم پێیەیش، ئەم هەڵبژاردنە و دەرچوونی کەسێکی وەکوو موخبیر نیشان لە بەردەوامیی سیاسەتەکانی ئێستا و ئامادەکارییە لە ڕێوشوێنەکان بۆ جێگرەوەی ڕێبەری باڵا؛ بەڵام هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی دیکە، نیشانە و ئاماژەیەکە بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی کۆماری ئیسلامی، هەرچەندە سنووردار بێت.