1

 سیناریۆی جەنگی حزبوڵڵا-ئیسرائیل و لێکەوتە جیۆسیاسییەکانی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان-عێراق

د. پەرویز ڕەحیم قادر/ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان-لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی/مامۆستای زانکۆ

پاش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، زۆربەی شرۆڤەکاران و پسپۆرانی کارباوری ناوچەکە لە لایەک و، سیاسییەکانی ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان لە لایەکی دیکەوە لەسەر ئەو بڕوایەن کە هاوکێشە جیۆسیاسییەکان گۆڕانی بەسەردا دێت. لەم نێوەندەیشدا هەرێمی کوردستان وەکوو ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە چوارچێوەی عێراق، پێشبینی دەکرێت بەناچاری هەم ڕۆڵی لەم گۆڕانکارییانەدا هەبێت و، هەمیش دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو هاوکێشانەوە و لە هەردوو دۆخیشدا ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی سیاسی و سەربازی و ئابووری و تەنانەت ژینگەییش دەکەوێتە مەترسییەوە. تەنانەت هاتنەپێشەوەی ئێران بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پێشوازیی لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەم چوارچێوەیەدا شرۆڤە دەکرێت و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. بە واتایەکی دیکە، هەموو لایەنەکان لە ناوچە، بە ئەکتەرە هەرێمی و سەرووهەرێمایەتییەکانیشەوە، جگە لەوەی خۆیان بۆ ئەم گۆڕانکارییانە ئامادە دەکەن، لە هەمان کاتیشدا دەیانەوێت بەرژەوەندی و ئاسایش و پێگەیان پارێزراو و تەنانەت بەرز ببێتەوە. ئەمەیش هەم بۆ شوێندانەری و هەمیش کۆنترۆڵی بارودۆخەکە، لە قازانج و بەرژەوەندیی خۆیانە.

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین بەکورتی و پوختی، گرنگترین فاکتەرەکانی کاریگەری لەسەر هاوکێشە چاوەڕوانکراوەکان بخەینە ڕوو کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت.

  • پەرەسەندنی جەنگ و تێوەگلانی ڕاستەوخۆی حزبوڵڵای لوبنان

لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، نزیکەی هەشت مانگ لەمەوبەر، ململانێی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان توندتر بووەوە. ئێستا سوپای ئیسرائیل بڕیاری لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر لوبنان داوە. دوای ئەوە حزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێت، ڕۆژی ١٩-٦-٢٠٢٤ هەڕەشەی كرد كە هێرش دەكاتە سەر تەواوی خاکی ئیسرائیل و تەنانەت قوبرس. لە ئێستایشدا، ئەمریکا هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان دەدات. دوایین شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە تەممووزی ٢٠٠٦ دەستی پێ کرد. لە ماوەی ٣٤ ڕۆژدا نزیکەی هەزار و ٤٠٠ کەس کوژران کە ١٢٠٠ کەسیان لە لوبنان بوون کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون.

هەرچەندە لە پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ هێرش و وەڵامدانەوەی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل لە ئارادا بووە و، بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیل، لانی کەم ١٥ سەرباز و ١١ کەسی مەدەنی لە باکووری ئیسرائیل کوژراون، بەڵام هەردوو لایەن بەعەقڵانییەتەوە ڕێگرییان کردووە کە جەنگێکی سەرتاسەری و گشتگیر لە نێوانیاندا دروست ببێت. چونکە یەکێک لە مەترسیدارترین سیناریۆکان بۆ ئێستا، پەرەسەندنی جەنگی ئیسرائیل-حەماسە بۆ جەنگی ئیسرائیل-حزبوڵڵای لوبنان، چونکە لە لایەک جەنگی حەماس-ئیسرائیل گەیشتۆتە بنبەست و تەنانەت سوپای ئیسرائیل ڕای گەیاندووە ناتوانرێت حەماس بەتەواوی لەناو ببردرێت و لە لایەکی دیکەیشەوە هەم لە ئاستی ناوخۆییی ئیسرائیل لە هەردوو لایەنی ڕای گشتی و حکوومی و هەمیش لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، گوشارەکان بەرەو ئەوە دەچن کە کۆتاییی پێ بهێنرێت. هەرچەندە تاوەکوو ئێستا کۆتایینەهاتنی جەنگ لە غەززە و تێچووی دارایی و  گوشاری ئابووری[1] و دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی لەسەر کابینە و سوپای ئیسرائیل، پێگەی حزبوڵڵا بۆ ئێران و جیاوازیی تواناکانی حزبوڵڵا لە حەماس لە ڕووی چەک و ڕاهێنان، دژایەتیی ئەمریکا و ئیدارەی بایدن، خۆبەدوورگرتنی کۆماری ئیسلامی لە تێوەگلاندنی حزبوڵڵا لە جەنگ، مەترسییەکانی لەکۆنترۆڵ دەرچوونی جەنگەکە و بوون بە جەنگێکی هەرێمایەتی، گەورەترین کۆتوبەندەکان و ڕێگری بوونە لە پەرەسەندنی جەنگ، بەڵام ئەم دۆخە لەرزۆکە و هەر ڕەفتار و هەڵەیەک لە لێکدانەوە یاخود بەزاندنی هێڵی سووری ئەکتەرەکان دەتوانێت ئەم جەنگە هەڵگیرسێنێت.

جگە لەمانەیش، داهاتووی سیاسیی نەتانیاهۆ و ئەگەری لێپێچینەوە لە ناوبراو، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران و ڕێگری لە کاردانەوەی ئەو وڵاتە لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل، بەڵێنەکانی حکوومەت و سوپای ئیسرائیل بۆ دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتیانی ئیسرائیلی کە ڕێگە نادەن جارێکی دیکە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر دووبارە ببێتەوە، وای کردووە کە پاراستن و دڵنیابوون لە ئاسایشی سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل ببێتە ئەولەوییەتی ئاسایشی- سەربازیی سوپا و سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە. هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە حزبوڵڵای لوبنان ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ پشتەوەی سنوورەکانی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠٠٦ بەپێی بڕیاری ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایش. هەروەها پرسی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئیسرائیل مەترسییە و بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. جگە لەمانەیش هێرش و هەڕەشەکانی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراقەوە بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە.

بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بەبێ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حزبوڵڵا کە بە هەمان شێوە مەرجە خوازراوەکانی ئیسرائیل جێبەجێ بکات، هێرشی بەرفراوان حەتمییە. بە پشتبەستن بە داتای سەنتەری توێژینەوە و پەروەردەی ئەلما (Alma Research and Education Center)، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ژمارەی هێرشی درۆنەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر لە دوازدە هێندە زیادی کردووە. ڕاپۆرتەکان دەری دەخەن لە مانگی ئایاردا ٨٥ درۆن، لە مانگی نیساندا ٤٢ درۆن، لە مانگی ئازاردا ٢٤ درۆن و، لە مانگی شوباتی ٢٠٢٤دا ٧ درۆن هاتوونەتە ناو ئیسرائیلەوە. بە گوێرەی ئەم پەیمانگایە، “حزبوڵڵا لە 8ی تشرینی یەکەمی 2023 تا 31ی ئایاری 2024 نزیکەی هەزار و 954 هێرشی بۆ سەر سنووری باکووری ئیسرائیل ئەنجام داوە؛ لەسەدا ٤٦ی ئەو هێرشانە بۆ سەر ژێرخان و ناوچە مەدەنییەکان بووە.”  پێ دەچێت کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی زیاتر لە دژی ئیسرائیل هەماهەنگ بکات. هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی بارگرژییەکان و هێرشی حزبوڵڵا، حەماسیش بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرش دژی سوپای ئیسرائیل لە غەززە.

لەم بەینەیشدا دروستبوونی پێکدادان لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان، ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئاسایشیی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە؛ هەرێمی کوردستان هاوسنووری ئێرانە و کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری تێوەگلانی حزبوڵڵای لوبنان لە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل بێدەنگ نابێت، چونکە کاریگەرترین هێزی پرۆکسی و ئەکتەری هاوسنووری ئیسرائیل و دوایین قەڵای بەرگریی ئێران لە دەرەوە، حزبوڵڵای لوبنانە؛ تەنانەت زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین کە بە لاوزبوونی حزبوڵڵا، ئێران بەتەواوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشەکشە دەکات و سیاسەتی ڕێگریکردن (deterrence policy)، ئێران بەتەواوی دادەڕمێت.

هێڕشی مووشەکی و درۆنی و بالیستیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی سنوورداری ئیسرائیل، ئەوەی سەلماند کە تواناکانی مووشەکی و درۆنی و هێرشبەرانەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل بەراورد ناکرێت و ئەوە هێزە پرۆکسییەکان و بەتایبەتی حزبوڵڵای لوبنانن کە بە گەورەترین سەرمایەی ئێران لە دەرەوە دادەنرێن بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی؛ هەروەها ئێران ئەو ڕاستییە دەزانێت کە نەمانی حزبوڵڵا یاخود لانی کەم لاوازبوونی، دەستی ئیسرائیل و ئەمریکا واڵا دەکات بۆ هێرشکردنە سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئەوەی کە وا دەکات هێرش نەکرێتە سەر ئەو دامەزراوانە، هێزی بەرگری و تەنانە بەرگریکارانەی سەربازیی ئێران نییە، بەڵکوو سەرچاوەی لە هێزی پرۆکسی و تواناکانی ئێرانە لە جەنگی ناهاوتەریب یاخود ناهاوسەنگ (asymmetric warfare). لەم چوارچێوەیەیشدایە کە ئێران هەوڵی داوە کە لە هەرێمی کوردستان نزیک ببێتەوە و هەر بۆیە هەردوو ئامراز و سیاسەتی “گۆچان و گێزەر”ی بەکار هێناوە، چ لە هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکی و میلیشیاکان و چ لە ڕێگەی دیپلۆماسی و بانگهێشت و پێشوازیی ئاستبەرز لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بارگرژییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تەنانەت گوشارخستنە سەر بەغدا بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی یاسایی و ئابووری و دارایی و سیاسی و ئاسایشی و هتد. بەڵام ئەم بارودۆخە دەتوانێ بەخێرایی بگۆڕدرێت ئەگەر جەنگێکی ناوچەیی ڕوو بدات کە سەرەتاکەی لە تێوەگلانی حزبوڵڵای لوبنانەوە دەست پێ دەکات. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامییش هەوڵی داوە هەردوو سیاسەتی “گۆچان و گێزەر” (carrot and stick) بگرێتە بەر، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ ڕوودانی جەنگێکی لەم شێوەیە بکات.

  • بارگرژییەکانی ئێران- ئەمریکا لە لایەک و پرسی ئەتۆمیی ئێران لە لایەکی دیکەوە

ڕاستییەكەی، گەورەترین پرس بۆ ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران و تەنانەت هەڕەشە بۆ ئیسرائیلیش پرسی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامییە. هەرچەندە ئێران و ئیدارەی بایدن لە ئەمریکا چەندان خول بەنهێنی دانیشتن و گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی سزا و ئابڵووقەکان و ئازادکردنی پارەی بلۆککراوی ئێران لە بانکەکانی عێراق و کۆریای باشوور و، هەروەها هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر ئەمریکییەکان و تەنانەت جەنگی ئیسرائیل حەماس و هێرشی حووسییەکان لە دەریای سوور، بەڵام بەدڵنیایییەوە گرنگترینیان پرسی ئەتۆمی و پەرەسەندنەکانی مەترسیداری پیتاندنی یۆرانیۆم لە سەروو ٦٠% لەلایەن ئێران بووە کە گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان تا ڕاددەیەک ئەو گفتوگۆیانەی وەستاند یان لانی کەم خاو کردەوە. چونکە هەم ئێرانییەکان چاوەڕێی هاتنەسەرکاری سەرۆککۆماری نوێ دەکەن و هەمیش ئەمریکییەکان چاودێریی ئاڵوگۆڕەکان و دۆخەکە دەکەن کە بزانن سەرۆککۆمار میانڕەوە یان توندڕەوە و، بەم پێیەیش سیاسەتی سەرۆککۆماری داهاتوو لەم بارەیەوە چی دەبێت و ئایا ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی دەرگەی گفتوگۆکان واڵاتر دەکات و بڕیار لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە پرسە هەڵپەسێردراوەکان دەدات یاخود نا؟ چونکە ئەمریکییەکان بەپێی ئەزموونی دانوستان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئێرانییەکان، هەروەها خوێندنەوەیان بۆ گۆڕانکارییە ناوخۆیییەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە هاتنەسەرکاری کەسێکی توندڕەو، بە واتای بەرزکردنەوەی بارگرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەکیی هێڕشبەرانەی دژەئەمریکییە و، بەپێچەوانەیشەوە هاتنەسەرکاری کەسێکی ڕیفۆرمخواز و میانڕەو، بە سیگنال و پەیامی ڕێبەری ئێران تێ دەگەن بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا، هەرچەندە کاتی و تەکتیکییش بێت. چونکە بۆ ئەمریکییەکانیش پێش هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی، گرنگە کە لەگەڵ ئێران هیچ پێکدادان و بارگرژییەکی نوێ لە ناوچەکەدا دروست نەبێت و بۆ ئێرانیش هەر بە هەمان شێوە چاوەڕێی هاتنەسەرکاری سەرۆککۆماری نوێ دەکات لە کۆشکی سپی کە ئایا کۆمارییە یان دیموکرات. هەر بۆیە هەردوو لایەن چاوەڕێی گۆڕانکارییە ناوخۆیییەکانی دەوڵەتی بەرامبەر دەکەن و تەنیا دەیانەوێت کە لەو کاتەدا بەجددی هەوڵی دانوستان یاخود چارەسەری کێشەکان بدەن.

لەم چوارچێوەیەدا هەر بارگرژییەک لە ناوچەکە کاریگەریی لەسەر ئەو دانوستانانە دەبێت و بەپێچەوانەیشەوە، کاتێک دانوستانەکان دەگەنە بنبەست ئەوە هێزە پرۆکسییەکان بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە دانوستانەکان و وەرگرتنی ئیمتیاز لە لایەنی ئەمریکی، هەوڵ دەدەن پەرە بە بارگرژییەکان بدەن. لەم نێوەندەیشدا، هەرێمی کوردستانیش وەکوو ئەکتەرێکی ناسراو یاخود نزیک لە ئەمریکا  لە ناوچەی خۆڵەمێشی (Gray Zone) دەکەوێتە بەر هێرش و پەلاماری ئەو میلیشیایانە. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، جگە لەوەی کە ئەم بارگرژییانەی نێوان ئەمریکا و ئێران کاریگەریی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەبێت، لە هەمان کاتیشدا پرسی ئەتۆمیی ئێرانیش ناڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایش یاخود نائاسایشی لە هەرێمی کوردستان؛ چونکە جگە لە  هەڕەشە و مەترسیی هێرشی میلیشیاکان، ترسی ئێران لە هێرشکردنە سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە وا دەکات، بەردەوام گوشار لە هەرێمی کوردستان بکات، چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ و، لە ڕێگەی هێزە سیاسییەكانی بەغدا و حکوومەتی بەغداوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ ئێران لە ڕووی جوگرافییەوە، نەبێتە بەشێک لەو هاوکێشەیە.

هەروەها کاتێک پرسی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دێتە ڕۆژەڤەوە، ئەوە دووبارە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر گوشارەوە. ئەم گوشارەیش دووڕەهەندی یاخود دوولایەنەیە؛ هەم لەلایەن میلیشیا و شیعەکانەوە لە بەغدا و هەمیش لەلایەن ئێرانەوە بەڕاستەوخۆ، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان توانا و بڕیاری مانەوە و دەرچوونی ئەم هێزە سەربازییانەی نییە و لە ڕەهەندێکی دیکەیشەوە دەرچوونی ئەمریکییەکان بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر مانەوە و بەردەوامی و بەگشتی ئاسایشی وجودیی خۆی.

  • هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە ئێران و لێکەوتە دەرەکییەکانی

هەڵبژاردنەکانی خولی چواردەیەمی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئێران سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی سنووردارە و لە چوارچێوەی بەڵگەنامە و سیاسەتە داڕێژراوەکانی باڵاوە کە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە پەسند کراوە، بەڕێوە دەچێت، بەڵام بۆ ئەمریکییەکان و وڵاتانی دەرەوە وەکوو ئاماژە و پەیامێکیش دەبینرێت؛ بەم واتایە کە هاتنەسەرکاری سەرۆککۆمارێکی میانڕەوتر یان توندڕەوتر، دەڕبری بڕیار و ڕوانگەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە سەبارەت بە گۆڕانکاریی هەرچەندە سنووردار لە ئاستی دەرەوە بەپێی تێگەیشتن لە هەڕەشە و مەترسییەکان یاخود تێپەڕاندنی بارودۆخی نالەباری ئابووریی ناوخۆیی و شکاندنی سزاکان و تەنانەت ڕێککەوتن لەسەر پرسەکانی دەرەوە و، لە لایەکی دیکەیشەوە پێویستییەکانی سیستەم (نیزام) بە وەرگرتنی ڕەوایەتیی ناوخۆیی بەهۆی قەیرانە بونیادی بەردەوامەکانی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان. لە ئێستایشدا، سەرەڕای تێگەیشتنی بڕیاردەرانی جیهانی و، هەروەها وڵاتانی دراوسێ لە هەڕەمی دەسەڵات و چۆنێتیی داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی، بەڵام هاتنەسەرکاری ستافێکی نوێ لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، وەکوو ئاماژەیەک دەخوێندرێتەوە بۆ هەموارکردنەوەی سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەمکردنەوەی گوشارەکان و جۆرێک لە سازان لە ئاستی نێودەوڵەتی؛ وەك چۆن کۆماری ئیسلامییش سەرەڕای تێگەیشتنی لە سیاسەتداڕشتن لە ئەمریکا و ڕۆڵی دامەزراوەکانی دیکەی وەکوو یاسادانان و چاودێری، بەڵام چاوەڕێی هاتنەسەرکاری سەرۆککۆماری نوێیە لە ئەمریکا.

بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە کە کەسێکی توندڕەو یاخود میانڕەوتر لەسەرکار بێت، چونکە ئەوە بەو واتایە نییە کە سەرۆککۆمار یان وەزیری دەرەوە دەتوانێت سیاسەتی ئێران بەرامبەر هەرێمی کوردستان بگۆڕێت، بەڵکوو بۆ هەرێمی کوردستانیش وەکوو ئاماژە و سیگناڵێکی ڕێبەری باڵا دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، هاتنەسەرکاری کەسێکی میانڕەوتر، دەتوانێت وەکوو سیاسەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بخوێندرێتەوە کە دەیەوێت باڵانسێک لە نێوان مەیدان (هێزی ڕەق) و دیپلۆماسی (هێزی نەرم)دا دروست بکات بۆ تێپەڕاندنی دۆخە ناوخۆیی و هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان. لە هەمان کاتیشدا، دەتوانێت دەرفەتێکیش بێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و، ئێران بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر خۆی، گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە. ئەمەیش دەتوانێت هەم بەهۆی پێویستیی سیاسی و ئابووری و ئاسایشیی ئێران بێت کە بەلاوازییەوە نەچێتە دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکانەوە و هەمیش بۆ خۆئامادەکردن و شوێندانەری لە هاوکێشە چاوەڕوانکراوەکان لە عێراق و ئاستی ناوچەکە لە پاش جەنگی ٧ی ئۆکتۆبەری نێوان حەماس و ئیسرائیل و تەنانەت جەنگی گریمانەکراوی نێوان حزبوڵڵا  و ئیسرائیل، بگەڕێتەوە.  چونکە نابێت دۆخی سیاسی و ئابووریی ناوخۆییی ئێرانیش پشگوێ بخرێت کە دۆخێکی ئاسایی نییە و تەنانەت بەپێی هۆشداریی پسۆرانی ناوخۆییی ئێران لە بوارە جیاجیاکان و بەتایبەتی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە لێواری تەقینەوەدایە.

  • بارودۆخی سیاسیی عێراق و هاوسەنگیی نێوان هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان

سەرەڕای ململانێی توند، ئاڵۆزی و ناهاوسەنگیی دۆخی عێراق و بەتایبەتی نێوان شیعە و سوننە و هەرێمی کوردستان و بەغدا، لە پێش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، بارودۆخەکەی بەتەواوی ئاڵۆزتر کرد و ململانێکانی بردە ئاستێکی دیکە. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، لە پاش جەنگی حەماس-ئیسرائیل، هاوکێشەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی عێراق بەتەواوی لەژێر کاریگەریی ئەو جەنگەدایە و تەنانەت بەناڕاستەوخۆ سەرەڕای هەوڵەکانی کابینەی سوودانی، بەشێکی زۆر لە هێزە شیعییەکان و میلیشیاکان و تەنانەت لەسەر ئاستی ڕای گشتیی سوننەکان، بۆتە بەشێک لەو جەنگە؛ چ لە ڕووی هێرشی میلیشیاکان بۆ ئەمریکییەکان بە مەبەستی گوشارخستنە سەر ئەمریکا بۆ ڕاوەستاندنی جەنگ و، چ لە ڕووی هێرشی میلیشیاکان بەڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل.

لەم نێوەندەیشدا، ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان چەندان جار کراونەتە ئامانج و تەنانەت هەرێمی کوردستان بە پاساوی بوونی بنکەی مووسادی ئیسرائیل لە درەنگانی شەوی دووشەممە (15ی کانوونی دووەمی 2024) ڕاستەوخۆ کرایە ئامانجی مووشەکەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی. ئەوەی ڕاستی بێت کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە کە خۆی ڕاستەوخۆ لەم جەنگەوە تێوە نەگلێت، هەر بۆیە هێزە پرۆکسییەکانی، ئەم ئەرکەیان گرتۆتە ئەستۆ و لەم نێوەندەیشدا ئاگری ئەم جەنگە ڕاستەوخۆ بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە. چونکە بۆ کۆماری ئیسلامی باڵادەستی لە عێراق دەتوانێت جگە لە سوودە ئابوورییەکانی، لە ڕووی سیاسەتی بەرگری و ئاسایشی لە چوارچێوەی ناسراوی بەرەی خۆڕاگری (محور مقاومت) و کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر حەماس و گوشارخستنە سەر ئەمریکا و بەتایبەتی دوورکردنەوەی حزبوڵڵا و ڕێگریکردن لە تێوەگلانی و، هەروەها کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە کە نەبێتە هۆکاری پەرەسەندنی جەنگ و تێوەگلانی خودی کۆماری ئیسلامی، چونکە ئێران نیگەرانی دەرچوونی “دۆناڵد ترامپ”ە، کە ئەگەر جەنگ درێژە بکێشێت، ئەوە ترامپ بەرامبەر حزبوڵڵا و تەنانەت ئێران وەڵامی سەربازیی توند و ڕاستەوخۆی هەبێ. هەر بۆیە عێراق و هەرێمی کوردستان بوونەتە گەرمترین ناوچە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە لایەکی دیکەیشەوە، پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە و چۆنێتیی گەڕانەوەی سەدر بۆ پرۆسەی سیاسی و بەشداری لە هەڵبژاردنەکان و داهاتووی حکوومەت و پێکهاتەکەی، چۆنێتیی پەیوەندیی نێوان هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و، هەروەها پەیوەندیی نێوان کورد و شیعە و لە لایەکی دیکەوە سوننە و شیعەکان، لەژێر کاریگەریی هاوکێشە هەرێمایەتییەکاندایە. ئەم هاوکێشەیەیش دەتوانێت بە هاتنەسەرکاری ترامپ لە ئەمریکا و، هەروەها چارەنووسی جەنگی حەماس-ئیسرائیل لە لایەک و ئەگەری دروستبوونی جەنگ یان بارگرژیی نوێ لە نێوان ئیسرائیل-حزبوڵڵا بگۆڕدرێت، چونکە ئەگەر ئێران بیەوێت ئیسرائیل سەرقاڵ بکات یان گوشار بۆ سەر ئەمریکا دروست بکات کە ڕێگە لە ئیسرائیل بگرێت هێرش بکاتە سەر باشووری لوبنان و هێزەکانی حزبوڵڵا تاوەکوو باکووری رووباری لیتانی لە باشووری لوبنان و هێڵی شین، پاشەکشە پێ بکات، ئەوە ململانێکانی لە ڕێگەی عێراق و میلیشیاکانەوە بەڕێوە دەبات و هەر بۆیە هەرێمی کوردستانیش دەبێتە بەشێک لەو پێکدادانە. جگە لەمانەیش، لە ڕووی سیاسییەوە حکوومەتی داهاتووی بەغدا و ڕۆڵی شیعەکان بۆ ئێران هێڵی سوورە و هەرێمی کوردستان دووبارە دەکەوێتە ژێر گوشاری تاران و هێزە شیعییەکان لە بەغدا؛ ئەوە جگە لە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە مووچە و بوودجە و ماددەی ١٤٠ و دادگەی فیدراڵی و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی نەوت و گاز و هتد. هەموو ئەمانەیش، لەژێر کاریگەریی ململانێی نێوان ئەمریکا- ئێران، ئیسرائیل-ئێران، تورکیا-ئێران، وڵاتانی عەرەبی-ئێران، ئەمریکا-ڕووسیا، چین-ئەمریکادایە.

کۆبەند

پێ دەچێت ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها دانیشتنی نهێنی و بەردەوامی ئێران لەگەڵ ئەمریکییەکان، ئامادەکارییەک بێت بۆ گۆڕانکاری لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە لە پاش جەنگی حەماس و ئیسرائیل. تەنانەت ئەگەر ئێران شکستی بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعوودیا هێنا، بەڵام ئێستا ئێران دڵەڕاوکێی ئەوەی هەیە کە لە نێوان سعوودیا و ئەمریکا رێککەوتنێکی ستراتیژیی بەرگری-ئاسایشی واژۆ بکرێت و هاوسەنگیی هێز لە زیانی ئێران تێک بچێت.

لە لایەکی دیکەوە، هەم ئێرانییەکان و هەمیش ئەمریکییەکان چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمارین لە وڵاتەکەیان و وڵاتی بەرامبەر، هەر بۆیە لەم ماوەیەدا هەوڵی کەمکردنەوەی بارگرژییەکان دەدەن. ئەوەی کە ئەم هاوسەنگییە لەرزۆکە تێک دەدات، هێرشی ئیسرائیل بۆ حزبوڵڵای لوبنان و ڕازینەبوونی حزبوڵڵایە بۆ پاشەکشەکردن لە سنوورەکانی باشووری لوبنان. سەڕەرای ئەوانەیش، ئێران گوشاری لە شیعەکان کردووە کە گفتوگۆکانی دەرچوونی ئەمریکییەکان لە عێراق بەخێرایی کۆتایی پێ بێنن و هەر ئەمەیش ناکۆکیی لە ناوماڵی شیعەکان دروست کردووە. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات گەڕێکی دیکەی بارگرژی و پێکدادان لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراق ڕوو دەدات و لەم بەینەیشدا هەرێمی کوردستان بەهۆی بەشداریپێکردنی میلیشیاکان لە عێراق، ڕووبەڕووی مەترسیی ئاسایشی دەبێتەوە، ئەگەر ئێران و ئەمریکا لەسەر کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان نەگەنە ڕێککەوتن؛ ئەوە جگە لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان کە ڕەهەندێکی دیکەی مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

 ئەوەی جێگەی ئاماژەیە بریتییە لە گرێدراوبوونی پرسی ئەتۆمیی ئێران و پرسەکانی دیکە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی داهاتوو و چارەنووسی حزبوڵڵای لوبنان؛ بەم واتایە کە ئەگەر ئێران هەست بکات کاریگەریی ئەو کارتە لەدەست دەدات، بەرەو ئەتۆمیبوون دەچێت و ئەگەریش بەرەو ئەتۆمیبوون بچێت، ئەوە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی یاخود هەوڵ دەدرێت لە ناوخۆ بڕووخێندرێت؛ کە هەڵوێستی دەوڵەتان لە هەمبەر ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران دەری دەخات کە تاوەکوو ئێستا بە کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز، پلان و ئەجێندای جددیی هیچ دەوڵەتێکی ڕۆژاوایی نەبووە. چونکە تاوەکوو ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٥ دەرفەت بۆ سێ وڵاتی ئەوروپی هەیە کە میکانیزمی ماشە یاخود (snapback) چالاک بکەن و هەموو ئابڵووقە و سزاکان لە چوارچێوەی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش بگەڕێتەوە[2]. لە هەموو ئەگەر و سیناریۆکانیشدا ئێران نایەوێت لە عێراق هێز و ئەکتەرێک لایەنگری ڕۆژاوا و ئەمریکا هەبێت کە مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی ئێران؛ چونکە هەم پێگەی ئێران لە دانوستانەکانی بەرز دەبێتەوە و هەمیش لە کاتی بارگرژی و پێکدادانی پرۆکسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، لە هەرێمی کوردستانەوە هەست بە مەترسیی ئاسایشی ناکات. ئەم هاوکێشەیەیش بۆ بارودۆخ و هاوسەنگیی لەرزۆکی ئێستا دروستە و کار دەکات، بەڵام لە ئەگەری گۆڕانی هاوکێشە جیۆسیاسییەکان، ئەوە ئەگەر هەرێمی کوردستان هیچ کارتێکی ئاسایشیی بەدەستەوە نەبێت، لە هەمبەر هەموو ئەم گۆڕانکارییانەدا لاواز و، ئاسایشی لەژێر مەترسیدا دەبێت. هەر بۆیە لە ڕوانگەی ڕیالیستی و لۆژیکی هاوسەنگیی هێزەوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان تەنیا لە ڕووی ئاسایشییەوە پەیوەندیی لەگەڵ ئێران ئاسایی بکاتەوە و هەموو مەرجەکانی ئێران جێبەجێ بکات، ئەوە بە تێکچوونی ئەم هاوسەنگییە، هاوکێشەکان لە زیانی ئەکتەری بچووکتر و لاوازتر دەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر پەیوەندییەکان فرەڕەهەند (بەتایبەتی ئابووری و سیاسی) و بەگشتی نا-ئاسایشی بێت، ئەوە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز نابێتە هۆکاری گەڕانەوە بۆ خاڵی یەکەم و لە زیانی ئەکتەری بچووک و لاوازتر بشکێتەوە. بەم پێیە، لۆژیکییە ئەگەر بڵێین، پاڵەپەستۆ و گوشاری زیاتر لەوەی ئێستا لە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لە زیانی گەورەی نەتەوەیی لە درێژمەودادا و ئەگەری کاردانەوەی جەماوەری لەودیوی سنوورەکان و لەدەستدان و نەمانی قووڵاییی ستراتیژی، ئاسایشی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی ڕێگریکردن (policy of deterrence ) دەخاتە مەترسییەوە و بەم پێیەیش فاکتەرەکانی هێزی هەرێمی کوردستان لە هەمبەر ئێران، بێکاریگەر دەکات.

[1] – تێچووی ئابورویی ڕاستەوخۆی جەنگ لە غەززە لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی جەنگەکەدا نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار بووە و، بۆتە هۆی دابەزینی ٢٢%ی بەرهەمی ناوخۆی ئیسرائیل.

[2] – بەپێی بڕگەی ٣٦ و ٣٧ی JCPOA، هەر یەک لە لایەنەکانی ڕێککەوتنەکەی ساڵى ٢٠١٥ دەتوانن سکاڵا لە کۆمیسیۆنی هاوبەش بکەن و ئەم کۆمیسیۆنەیش پازدە ڕۆژی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە؛ کێشە چارەسەرنەکراوەکان ڕەوانەی وەزیرەکانی دەرەوە دەکرێن، کە پازدە ڕۆژی دیکەیان لەبەردەمدایە. پاشان کۆمیسیۆنی هاوبەش پێنج ڕۆژی دیکەی لەبەردەمدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. ئەگەر دوای ئەم پرۆسەیە ٣٥ ڕۆژییە، لایەنی سکاڵاکار هێشتا ڕازی نەبوو، دەتوانێت بابەتەکە وەکوو پێشێلکارییەکی بەرچاوی ڕێککەوتنەکە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش بکات، کە دەبێت لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا دەنگ لەسەر بڕیارنامەیەک بدات بۆ بەردەوامبوون لە ڕاگرتنی سزاکان – بڕیارێک کە لایەنی سکاڵاکار دەتوانێت ڤیتۆی بکات (جگە لە ئەڵمانیا کە ئەندامی هەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایش نییە) و، بەم شێوەیە سزاکان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

هاوپێچی یەکەمی JCPOA میکانیزمێکی ناوازەی بۆ ئاژانس دیاری کردووە بۆ ئەوەی لە ماوەی ٢٤ ڕۆژدا لە ڕێگەی کۆمیسیۆنی هاوبەشەوە بتوانێت دەستڕاگەیشتن بە شوێنە گوماناوییەکان بکات و بەپێی ئەو میکانیزمە، ئەنجامی هاوکارینەکردنی ئێران چالاککردنی میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت. ئەم دوو مەرجە کە لە JCPOAدا باس کراون، پێیان دەوترێت میکانیزمی ماشە (Trigger Mechanism) یان گەڕانەوەی سزاکان (Snapback). لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، پرۆسەی سناپباک کاتێک دەست پێ دەکات کە “دەوڵەتێکی بەشداربووی JCPOA” – وەک لە UNSCR 2231دا پێناسە کراوە- ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرسێک ئاگادار دەکاتەوە کە “جێبەجێنەکردنی بەرچاوی بەڵێننامەکان بەپێی JCPOA”ە. ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێک لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا پەسەند دەکات بۆ سکاڵاکە و، هەموو بڕگەکانی UNSCR 1696 (2006)، 1737 (2006)، 1747 (2007)، 1803 (2008)، 1835 (2008) و 1929 (2010)) کە بە بڕیاری UNSCR 2231 کۆتاییی پێ هاتبوو، دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پرۆسەیە پێی دەوترێت “سناپباک” چونکە هەموو سنووردارکردنەکانی پێشوو لەسەر ئێران دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.