مەسعوود پزیشکیان؛ گۆڕانخوازێکی بناژۆخواز یان ڕیفۆرمخوازێکی متمانەپێکراو لەلایەن حکوومەتەوە؟
نووسینی: هانا کاویانی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس
مەسعوود پزیشکیان بە دەربازبوونێکی سەرسوڕهێنەر لە فڵتەر و بەربەستی “ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور” (شورای نگهبان)، چووە ناو پێشبڕکێیەکەوە کە لە زۆر ڕووەوە شرۆڤەی بۆ دەکرێت. هەندێک لایەن بە گەمەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ زیادکردنی بەشداری لە هەڵبژاردن لە قەڵەمیان دا و هەندێکیشیان بە دەرکەوتنی تیشکی هیوایەک بۆ گۆڕانخوازەکان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات؛ بەتایبەتی كە ئێستا بە 42%ی دەنگەکان، یەکێکە لەو دوو کاندیدە کە سەرکەوتوو بووە بۆ قۆناغی دووەمی هەڵبژاردن، هاوشانی سەعید جەلیلی بە 38%ی دەنگەکان.
لە هەر حاڵەتێکدا، دوو هەفتە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی، مەسعوود پزیشکیانی هێنایە گۆڕەپانێکی نوێی ژیانی سیاسییەوە؛ ئەو دوو هەفتەیەی كە، بە وتەی کەسوکارەکەی، ئامۆژگاری کراوە کە “هەمان ئەو مەسعوودی پزیشکیانە بێت کە لە دەیەکانی پێشوودا بووە.” سروشتی سیاسیی ئەم سیاسەتمەدارە تەمەن ٦٩ ساڵە کە وەکوو خۆی وەسفی دەکات، بناژۆخوازییە (ئوسۆڵگەرا)؛ دەکرێت پوختەی ئەم سروشتە سیاسییەی بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە: پابەندبوون بە پڕەنسیپی “دابەشکردنی سەرچاوەکان و پێشخستنی گەشەپێدان لەسەر بنەمای دادپەروەری” بە مەبەستی چاکسازی.
پزیشکیان تاکە کاندیدی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازەکانە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا. یەکێکە لەو سیاسەتمەدارە ئێرانییانەی کە هەمیشە چاکەت و پانتۆڵ لەبەر ناکەن و بەسادەیی ناسراون. ئەم پسپۆڕەی نەشتەرگەریی دڵ، سێ منداڵی هەیە، کە دوای مردنی هاوسەرەکەی و منداڵێکی تری لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەرپرسیارێتیی گەشەکردن و پەروەردەکردنیانی گرتە ئەستۆ. لە جەنگی ئێران و عێراق و دوای ئەوەیش لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە ئامادە بووە، تەنانەت ئەگەر ئەوەندە ناسراویش نەبووبێت.
ئەمە یەکەم جار نییە کە مەسعوود پزیشکیان بچێتە ناو کێبڕکێی سەرۆکایەتییەوە. لە ساڵی ٢٠١٣ لە كێبڕكێكە کشایەوە و لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور ڕێگەی پێ نەدا بچێتە كێبڕکێکەوە. بەڵام بۆ ماوەی چوار خول نوێنەری تەورێز، ئازەرشار و ئۆسکو لە ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیدا بووە و، دەکرێ بگوترێ کە ڕاشکاوی و وتارە توندەکانی، ئەو تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشە بووە لەم ماوەیەدا؛ جا لە ساڵی ٢٠٠٩دا بووبێت، کاتێک لە وتارێکدا، دوای دەربڕینی پەرۆشیی خۆی بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، وەک هەمیشە، بە کەڵکوەرگرتن لە مێژووی کۆماری ئیسلامی، وتی “مەڵێ من ئەمیرم، فەرمان دەکەم و، ئەوانی تر دەبێت ملکەچ بن”، یان ١٤ ساڵ دواتر، لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیدا، کە ڕۆژانە ژمارەی هاوڕێ ئەندامەکانی کەم دەبووەوە و تەقریبەن بەتەنیا مابووەوە، وتی: “خەڵک دەنگیان بەرزە و ئێمە لە مەجلیسدا دەبێ بیبیستین، نەک ئەوەی ئەگەر کەسێک دەنگی بەرز بکاتەوە، لە بری ئەوەی گوێمان لە زەنگی هۆشداری و ئاگادارکردنەوە بێت، بڵێین ڕێگەتان پێ نادرێت بێنە دەرەوە… یان ئەوەی تۆمەتباریان بکەین بەوەی کە دژی ئاسایشی نیشتمانی مامەڵەیان کردووە و زیندانییان بکەین.”
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پەرێزی مەسعوود پزیشکیان، بەرپرسیارێتیی وەزارەتی تەندروستی لە کابینەی دووەمی محەممەد خاتەمی، بڕگەیەکی گرنگە لە ئەدای سیاسیی ئەودا. لە ناوەڕاستی ئەم قۆناغەدا بوو کە یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیەكانی خولی دووەمی حکوومەتی خاتەمی کرایەوە؛ گیانلەدەستدانی زەهرا کازمی، فۆتۆگرافەری ئێرانی-کەنەدی، دوای دەستگیرکردنی، کە ئەم ڕۆژانەیش دووبارە کەوتەوە بەر سەرنجی میدیاکان؛ ئەو مردنەی کە بۆ یەکەم جار دەستەواژەی “بەریەککەوتن لەگەڵ شتێکی ڕەق”ی خستە ناو ئەدەبیاتی سیاسیی ئێرانەوە (وەکوو ئاماژەیەک بۆ پەردەپۆشکردنی هۆکاری کوشتنی لە پزیشکیی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران).
لەو کاتەدا مەسعوود پزیشکیان، كە یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی لێکۆڵینەوە بوو، هەرچەندە باسی لەوە کرد کە ئەو برینانەی سەر جەستەی خاتوو کازمی پەیوەندییان بە ئەشکەنجەدانەوە نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا، لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە “کەللەسەری زەهرا کازمی ناتوانێت بەهۆی کەوتن یان بەریەککەوتنی لەگەڵ شتێکەوە بەڕێکەوت شکابێت.” لەو کاتەدا پشکنەری پزیشکی، شکانی کەللەسەری وەک هۆکاری مردنی زەهرا کازمی ڕاگەیاند، بەڵام دەیان پرسیاری پارێزەرانی بنەماڵەکەی سەبارەت بەم دۆسیەیە بێوەڵام مانەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا عەبدوڵڵا ڕەمەزانزادە، وتەبێژی حکوومەتی خاتەمی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق ڕای گەیاند کە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی حکوومەتدا، مەسعوود پزیشکیان باسی لە دڵنیابوونی لە “بەئەنقەستبوونی ڕووداوەکە” و “لێدان لە سەری زەهرا کازمی و شکانی کەللەسەر”ی کردووە.
لە دەیەكانی دواتردا مەسعوود پزیشکیان کە یاسادانەر بوو و دەیتوانی لە سەرنج و بۆچوونەکانی لە زانستی پزیشکیدا کەڵک وەربگرێت، لە حاڵەتی جۆراوجۆردا لێدوانی لەسەر ئەو جۆرە مردنە گوماناوییانە داوە. بۆ نموونه له ساڵی ٢٠٠٩ لەبارەی مردنی دەستگیرکراوەکان به ڕۆژنامەی “اعتماد ملی” گوتبووی: “ئایا دەتواندرێت کەسێک که پێشینەی هەوکردنی پەردەی مێشکی نییە، لەناکاو لە زینداندا تووشی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە بێت؟” کەواتە خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە کەسانی دەستبەسەرکراو ئەوەندە لێیان دەدرێت کە دەسەڵات ناچارە ڕای بگەیەنێت کە مردووەکە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکی هەبووە”؛ ئەو هەڵوێستانەی كە پزیشکیان تا مردنی مەهسا ئەمینی لەژێر دەستی دەوریەی ئیرشاد، بەردەوام بوون.
لە سەردەمی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا کە بەقورسی کاریگەریی لەسەر ئێرانیش هەبوو، مەسعوود پزیشکیان وەک ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی و چارەسەری پەرلەمان، چەندان جار ڕەخنەی لە سیاسەتە پەسەندکراوەکان گرت و پێی وابوو حکوومەت “دۆخەکەی بەگاڵتە وەرگرتووە.”
هەروەها ئاماری ڕۆژانەی مردن و تووشبوون بە نەخۆشیی covidی بە ناڕاست ناو برد و جارێکیش وتی کە دەبوو “ژووری جەنگ” دروست بکرایە بۆ ئەوەی هەر ئۆرگانێک بۆ خۆی بڕیار نەدات. لە هەمان کاتدا پزیشکیان سەبارەت بە فەرمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ قەدەغەکردنی هاوردەكردنی ئەو ڤاکسینانەی کە لە وڵاتانی ڕۆژاوایی دروست دەکرێن، پێی وابوو كە زانیاریی هەڵە بە خامنەیی دراوە.
پزیشکیان كە لە شاری مەهاباد لەدایک بووە و زمانی ماڵ و بنەماڵەکەی “تورکیی ئازەری”یە، “زمانی کوردی”یش باش دەزانێت و لە خولی دەیەمی مەجلیسی ئیسلامیدا سەرۆکی فراکسیۆنی ناوچە تورکنشینەکان بووە. هەرچەندە نەیاران و ڕکابەرەکانی پزیشکیان ئەم پرسە بۆ ڕەخنەگرتن لە ناوبراو بەكار دەهێنن، بەڵام لایەنگرانی دەڵێن مەسعوود پزیشکیان بە ڕوانگەی “دادپەروەریخوازی”، بە دوای دەستەبەرکردنی مافی هەموو گرووپ و لایەنەکانی ئێراندا دەگەڕێت. هەروەها پزیشکیان لە ڕوونکردنەوە و وەسفکردنی دروشمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیدا، “بۆ ئێران”، هەمان ڕوانگەی خستە ڕوو.
پزیشکیان هەمیشە هەوڵی دەدا نیشان بدات کە ئەو کەسێکە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان یان لە پشت مایکرۆفۆنی کۆبوونەوەکانەوە، “بەڵێنی درۆ” نادات، تەنانەت ئەگەر ئەم ڕێکارە نەبووبێتە هۆی هاندان و ڕازیکردنی دەنگە خۆڵەمێشییەکان و دوودڵەکان بۆ دەنگدان. لە یەکێک لە دیبەتەکان و مشتومڕە تەلەڤزیۆنییەکاندا گۆڕەپانی سیاسیی ئێرانی بە گیرۆدەبوون بە “پەتای درۆ” ناو برد. سەبارەت بەمە، پزیشکیان زۆر جار جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر هەڵبژێردرێت، نیازی هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی نییە، چونکە لە کۆماری ئیسلامیدا هەندێ بەرنامە و پلان هەن، وەک پلانی حەوتەمی گەشەپێدان، کە بە بڕوای ئەو، خۆیشی دەبێ پابەند بێت پێیەوە.
ئەم درێژەپێدانەی ڕێبازی ڕابردوو لە لایەک و دووبارەبوونەوەی پابەندبوونی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە، لەم دوو هەفتەیەدا بە جۆرێک لەلایەن نەیارانییەوە سەرنجی دراوە کە ئەم کاندیدەی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازەكان، تەنیا بە كارتێك بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هەژماری دەكەن.
هەرچۆنێك بێت، ئەو بە پشتبەستن بە خۆی-نەك لەوە زیاتر- یاخود “هەمان ئەو مەسعوود پزیشكیانەی جاران بوو” كە چووەتە نێو ئەم قۆناغە نوێیەی ژیانی سیاسییەوە.
پزیشکیان لەم پڕۆسە سیاسییە چاوەڕواننەکراوەدا گرنگ نییە چ ڕۆڵێک بگێڕێت؛ ئەگەر لە قۆناغی دووەمدا بەرامبەر سەعید جەلیلی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بگاتە بینای پاستوور (شوێنی کار و مانەوەی سەرۆککۆمار)، ئەوا ڕێگەیەکی پڕ لە ئاڵنگاریی لەپێشە؛ بەتایبەت کە خامنەیی لەم دوایییانەدا بۆ کاندیدەکان جەختی کردبووەوە، هەر کەسێک ببێتە سەرۆککۆمار، نابێت ستافەکەی لەو کەسانە دابنێت کە تەنانەت “لێکترازانێکی بچووکیشیان لەگەڵ شۆڕشدا هەیە.”
سەرچاوە: