1

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و بەڵێنی گۆڕانکاریی گەورە لە بریتانیا:

سەرۆکی حزبی کرێکارانی بریتانیا و سەرۆکوەزیرانی نوێی بریتانیا کێیە؟

ئامادەکردن و وەرگێڕانی پێنووس

لە ڕێکەوتی ٤ی تەممووزی 2024، زیاتر لە 46 ملیۆن کەس لە ئینگلاند، سکۆتلاند، وێڵز و ئایرلاندی باکوور مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ ئەوەی 650 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی شانشینی یەکگرتووی بریتانیا بۆ پێنج ساڵی دیکە هەڵبژێرن. بۆ پێکهێنانی حکوومەت حزب و هاوپەیمانێتییەکان پێویستیان بە 326 کورسیی پەرلەمانی هەیە. هەرچەندە حزبی کار زۆر لەوە زیاتری هێناوە. حزبی پارێزگاران کە پێشتر بەهۆی قەیرانەکانی پەیوەست بە تێچووی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زنجیرەیەک ئابرووچوون، جێگەی خۆیان لەناو دەنگدەرەکانیان لەدەست دابوو، تەنیا بەو هەوڵە ڕازی بوون کە تا دەتوانن قەبارەی زۆرینەی حزبی کرێکاران لە پەرلەمان کەم بکەنەوە.

  • ئەنجامی هەڵبژاردن و دەنگی حزبەکان

ئەنجومەنی نوێنەرانی بریتانیا (House of Commons) لە ٦٥٠ ئەندام پێک دێت و هەر یەکەیان لەلایەن بازنەیەکی هەڵبژاردنەوە هەڵدەبژێردرێن کە ژمارەی دانیشتووانیان نزیکەی یەکسانە. شانشینی یەکگرتوو، سیستەمی دەنگدانی “هەڵبژاردنی یەکەم” بەکار دەهێنێت؛ واتە هەر کاندیدێک زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، تەنانەت ئەگەر نەیتوانی زۆرینەی دەنگی ٥٠+١ دەنگ بەدەست بهێنێت، ڕاستەوخۆ لە بازنەی هەڵبژاردنەکەیەوە دەبێتە ئەندامی پەرلەمان. هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن تەنیا دەتوانێت یەک کورسیی پەرلەمانی هەبێت. سیستەمی دەنگدان لە بریتانیا، جیاوازە لە سیستەمی نوێنەرایەتیی “ڕێژەیی” کە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بەکاری دەهێنن. لە فەڕەنسا ئەو بازنانەی هەڵبژاردن کە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی دەنگ (٥٠+١) بە هیچ کام لە کاندیدەکان نەدەن، دەچن بۆ خولی دووەمی دەنگدان، کە ئەمساڵ خولی یەکەم لە ٣٠ی حوزەیران و خولی دووەم لە ٧ی تەممووز بەڕێوە دەچێت. لە سیستەمی دەنگدانی “ڕێژەیی” لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا، کورسییەکانی پەرلەمان بە ڕێژەی دەنگی لایەنەکان بەسەر هەر لایەنێکدا دابەش دەکرێن.

بە شێوەیەکی گشتی، ئەنجومەنی نوێنەران کە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو هەڵدەبژێرێت و بەپێی داب و نەریتی، پاشا سەرۆکی گەورەترین حزب بۆ پێکهێنانی حکوومەت بانگهێشت دەکات. بەڵام پێش ئەوە، دەبێت سەرۆکوەزیرانی داهاتوو پشتیوانیی زۆرینەی نوێنەرانی هەبێت؛ ئەمەیش ئەگەر حزبەکەی زۆرینەی گشتیی بەدەست هێنابێت یان هاوپەیمانیی لەگەڵ حزبەکانی تر پێک هێنابێت. هەروەها زۆرینەی گشتی لە ڕووی تەکنیکییەوە پێویستی بە ٣٢٦ پەرلەمانتار هەیە (نیوەی کۆی کورسییەکان لەگەڵ یەک)، بەڵام ژمارەیەکی کەم لە پەرلەمانتاران – لەنێویاندا سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی، لەگەڵ ئەندامانی حزبی شین فن (Sinn Fein)- بەزۆری دەنگ نادەن. سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی، بۆ پاراستنی بێلایەنیی خۆیان، خۆیان لە دەنگدان بەدوور دەگرن؛ ئەندامانی حزبی شین فن (Sinn Fein)ی ئێرلەندییش خۆیان لە وەرگرتنی کورسییەکانیان بەدوور دەگرن وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەسەڵاتی بریتانیا لە ئایرلاندی باکوور. ئەمەیش بەو مانایەیە کە زۆرینە بە کەمێک کەمتر لە ٥٠%ی کورسییەکان دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت.

لایەنە سەرەکییە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکان کامانە بوون؟

١- حزبی کۆنسێرڤاتیڤ یان پارێزگاران (Conservative Party) بە سەرۆکایەتیی ڕیشی سوناک (Rishi Sunak) تەمەن 44 ساڵ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بریتانیا، کە بووە یەکەم سەرۆکوەزیرانی بریتانیا بەڕەچەڵەک ئاسیایی. ئەم حزبە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ٣٦٥ کورسیی بەدەست هێنابوو.

٢- حزبی کرێکاران (Labour Party) بە سەرۆکایەتیی کیەر ستارمر (Keir Starmer)ی تەمەن ٦١ ساڵ، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و پیشە پارێزەر؛ ئەم حزبە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ٢٠٢ کورسیی بەدەست هێنابوو.

 ٣- حزبی “لیبراڵ دیموکرات” ( Liberal Party ) لەلایەن ئێد دەیڤی (Ed Davey) تەمەن 58 ساڵەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کە لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2015 خولێک وەک وەزیری وزە و گۆڕانی کەشوهەوا لە حکوومەتی هاوپەیمانیی حزبی پارێزگاران و لیبراڵ دیموکراتەکاندا بووە. ئەم حزبە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ١١ کورسی بەدەست هێنابوو.

٤- حزبی “چاکسازیی بریتانیا” (Reform UK ) بە سەرۆکایەتیی نایجل فەراج (nigel farage)ی تەمەن ٦٠ ساڵ، لایەنگری برێگزیت. ئەم حزبە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هیچ نوێنەرێکی نەبوو، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش جێگری پێشووی حزبی پارێزگاران بە ناوی لی ئەندەرسۆن، دوای ئەوەی ئەمساڵ لە حزبی پارێزگاران دوور خرایەوە، پەیوەندیی بەم حزبەوە کرد و لە ڕاستیدا کورسییەکی بە ناوی ئەو حزبە تۆمار کرد .

٥- حزبی نیشتمانیی سکۆتلاند ( Scottish National Party) لەلایەن جۆن سوینی (John Swinney) تەمەن ٦٠ ساڵەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کە بەم دوایییە لە مانگی ئایاردا وەک حەوتەمین وەزیری یەکەمی سکۆتلاند هەڵبژێردرا. ئەم حزبە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ٤٨ کورسیی بەدەست هێناوە.

٦- حزبی سەوز (Green Party of England and Wales) کە خاتوو کارلا دێنیەر (Carla Denyer) و ئادریان ڕامسی (Adrian Ramsay) بەهاوبەشی سەرۆکایەتیی دەكەن. ئەم حزبە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ١ کورسیی بەدەست هێنابوو.

بۆچی ڕیشی سوناک پێی باش بوو هەڵبژاردن لەم ڕێكەوتەدا ئەنجام بدرێت؟

هەڵبژاردنی گشتی لە بریتانیا، دەبێت بە ماوەی کەمتر لە پێنج ساڵ ئەنجام بدرێت. دوایین هەڵبژاردنی گشتی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019 ئەنجام درا؛ واتە ڕیشی سوناک تا مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەرفەتی هەبوو.

ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕازیبوونی ڕیشی سوناک بە هەڵبژاردنی پێشوەختە (لە نێوان هۆکارەکانی دیکەی وەک ئابووریدا) ئەوە بووبێت کە حکوومەتی پارێزگاران نەیانتوانی ڕێگری لە لێشاوی ژمارەیەکی پێوانەییی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناڵی ئینگلیزییەوە بكات. دوای 14 ساڵ لە دەسەڵاتی پارتی پارێزگاران، لەم هەڵبژاردنەدا پارتی کرێکاران بە سەرۆکایەتیی ستامەر توانیی سەرۆکایەتیی حکوومەت بگرێتە دەست. ئەنجامەکان دەریان خست کە پارتە چەپە ناوەڕاستەکەی ستامەر (کرێکاران) ٤١٢ کورسی بەدەست هێنا، هەرچەندە بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٧ کە تۆنی بلێر توانیی دوای ١٨ ساڵ کۆتایی بە دەسەڵاتی پارتی  پارێزگاران بهێنێت، ژمارەی کورسییەکان کەمترە، چونکە بلێر ئەو کات توانیی ٤١٨ کورسی بباتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕێژەی بەشداری لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩دا دابەزیبوو بۆ ٦٧.٣%، کە لە ساڵی ٢٠١٧دا ٦٨.٨% بوو. هەروەها لە ساڵی 1997 ڕێژەی بەشداریکردن بە ڕێژەی 71.4% بوو، هەرچەندە هێشتا لە هەڵبژاردنی پێشووی ساڵی 1992 کەمتر بوو، کە ڕێژەی بەشداریکردن لەسەدا 77.7 بوو.

لەم هەڵبژاردنەدا حزبە سیاسییەکانی شانشینی یەکگرتووی بریتانیا توانییان کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران (٦٥٠ کورسی) بەم شێوەیە دەستەبەر بکەن:

 حزبی کار (ئۆپۆزیسیۆن): 412 کورسی (63%). بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 210 کورسیی زیاد کردووە. حزبی پارێزگاران (حوکمڕان): 121 کورسی؛ بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو ٢٤٩ کورسیی لەدەست داوە و ئەم ئەنجامە لاوازترین ئەدای هەڵبژاردن لە مێژووی ئەم حزبەدا لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا نیشان دەدات. لیبراڵ دیموکراتەکان: 71 کورسی؛ بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 63 کورسیی زیاد کردووە. حزبی نیشمانیی سکۆتلاند: 9 کورسی؛ بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 38 کورسیی لەدەست داوە. سەوزەکان: 4 کورسی؛ بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو سێ کورسیی زیاد کردووە. ئەوانی دیکە: 31 کورسی؛ بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 13 کورسییان زیاد کردووە.

کیەر ستارمر، سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتوی بریتانیا، كێیه‌؟

کیەر ستارمر، پارێزەری تەمەن ٦١ ساڵ و سەرۆکی حزبی کرێکارانی بریتانیا، سەرۆکوەزیرانی نوێی بریتانیایە، دوای ئەوەی حزبەکەی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی شانشینی یەکگرتووی بریتانیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بەدەست هێنا و کۆتاییی بە ١٤ ساڵ کۆنترۆڵی پارێزگاران هێنا لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

ستامەر پارێزەری مافی مرۆڤە، لە ساڵی ١٩٦٢ لە لەندەن لەدایک بووە. کیەر ستامەر لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا پەیوەندیی بە باڵی گەنجانی ناوچەییی حزبی کرێکاران کرد. لە سەردەمێکدا سەرنووسەری گۆڤارێکی چەپی توندڕەو بووە بە ناوی ئەڵتەرناتیڤەکانی سۆسیالیستی. یەکەم ئەندامی خێزانەکەی بوو کە چووە زانکۆ. لە زانکۆکانی لیدز و ئۆکسفۆرد یاسای خوێندووە و دواتر وەک پارێزەری مافەکانی مرۆڤ دەستی بە کارکردن کردووە. لەم ماوەی کارکردنەدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە وڵاتانی کاریبی و کیشوەری ئەفریقا کاری کردووە. لە دۆسیەیەکی بەناوبانگی ساڵانی نەوەدەکاندا، بووە پارێزەری دوو چالاکوانی ژینگە کە لەلایەن زنجیرە چێشتخانەکانی ماکدۆناڵدزەوە بە تۆمەتی ناوزڕاندن سکاڵایان لەسەر تۆمار کرابوو.

لە ساڵی ٢٠٠٨دا کیەر ستامەر وەک بەڕێوەبەری داواکاری گشتی و سەرۆکی دەزگەی داواکاری گشتیی شاهانە دەستنیشان کرا و، بووە بەرزترین داواکاری گشتی لە ئینگلتەرا و وێڵز. تا ساڵی ٢٠١٣ لەم پۆستەدا مایەوە و لە ساڵی ٢٠١٤ نازناوی سێر (Sir)ی پێ درا.

ستامەر لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا چەندان جار جەختی لەسەر بنەچەی خۆی کردووەتەوە وەک ئەندامێکی خێزانێکی چینی کرێکاری بریتانی؛ چەندان جار لە دیبەیتە تەلەڤزیۆنییەکان باسی لەوە کردووە کە باوکی ئامێرساز بووە و دایکی پەرستار بووە. ستامەر لە ساڵی ٢٠٠٧ هاوسەرگیریی لەگەڵ ڤیکتۆریا کردووە و خاوەنی دوو منداڵن. باوکی ڤیکتۆریا جووە و منداڵەکانی بە فێرکارییەکانی ئایینی جوولەکە پەروەردە کردووە. ڤیکتۆریا پێشتر پارێزەر بووە و ئێستا لە بەشی تەندروستیی پیشەیی لە خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بریتانیا کار دەکات. خێزانی ستامەر لەگەڵ کچ و کوڕەکەیان لە باکووری ڕۆژاوای لەندەن لە خانوویەکدا دەژین کە بەهای یەک ملیۆن و ٧٥٠ هەزار پاوەندە.

ستامەر لە ساڵی ٢٠١٥ توانیی لە بازنەی هەڵبژاردنی کامدن لە باکووری لەندەن (Camden) ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و لە ساڵی ٢٠١٩دا جارێکی دیکە نزیکەی ٦٥%ی دەنگەکانی ئەم بازنەیەی بەدەست هێنایەوە. ستامەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا دوای شکستە زۆرەکانی حزبی کرێکاران لە هەڵبژاردنەکاندا، کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی جێرمی کۆربین وەک سەرۆکی ئەم حزبە، وەک سەرۆکی حزبەکە هەڵبژێردرا. لە کاتی هەڵبژاردنی ناوخۆی حزبەکاندا زیاتر لە ٥٦٪ی دەنگەکانی بۆ ئەم پۆستە بەدەست هێناوە؛ لە کاتێکدا دوو کاندیدی دیکەیش کێبڕکێیان لەسەر ئەم پۆستە دەکرد؛ لەنێویاندا لیزا ناندی کە وەزیری دەرەوەی حکوومەتی سێبەر بوو.

کیەر ستامەر بە بەرنامەیەکی هەڵبژاردنی چەپگەرایانە کە بەنیشتمانیکردنی کۆمپانیاکانی وزە و ئاو و خوێندنی بێبەرامبەر بۆ خوێندکارانی لەخۆ گرتبوو، سەرکردایەتیی حزبی کرێکارانی بەدەست هێنا. لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جێرمی کۆربیندا حزبی کرێکاران دابەش بوو بەسەر دوو بەشی چەپ و میانڕەوەکان. بەڵام کیەر ستامەر وتی، دەیەوێت حزبەکە یەک بخات بەڵام دەیەوێت “ڕادیکالیزم”ی “کۆربین”یش بپارێزێت. هۆشداریشی دا لەوەی، نابێت “زۆر بەرەو ناوەڕاست بچین.” لەو کاتەوە کیەر ستامەر جێرمی، کۆربینی لە حزبی کرێکاران دوور خستەوە (ئەندامێتیی هەڵپەسارد) بەهۆی گرژییەکان سەبارەت بە دژەجوولەکەگەرایی کە لە سەردەمی سەرکردایەتیی کۆربیندا سەریان هەڵدا.

لە ئێستادا کیەر ستامەر وازی لە پلانەکانی پێشووی هێناوە بۆ بەنیشتمانیکردنی کۆمپانیاکانی وزە و ئاو، بەڵام بەڵێنی داوە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا نزیکەی هەموو خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەر لەژێر کۆمپانیایەکی نوێدا بە ناوی Great British Rail بەنیشتمانی بکات. هەروەها کیەر ستارمەر وازی لە بەڵێنەکەی پێشووی هێناوە کە کرێی خوێندنی خوێندکارانی کۆلێژ هەڵبوەشێنێتەوە و، دەڵێت حکوومەت توانای ئەوەی نییە. لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤ بە “بی بی سی”ی ڕاگەیاندووە: “پێ دەچێت ئەو پابەندبوونە لا ببەین، چونکە خۆمان لە دۆخێکی داراییی جیاوازدا دەبینینەوە.” بەڵام ستامەر دەڵێت حزبی کرێکاران، باجی زیادە لەسەر تێچووی قوتابخانە ئەهلییەکانی بریتانیا دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 هەرچەندە ستامەر کەسێکی ڕووەکخۆرە و  خۆی وەکوو کەسێکی سۆسیالیست وەسف دەکات، بەڵام زۆرێک لە چەپەکان بە ڕاستڕەوی تۆمەتباری دەکەن. لە هەڵمەتەکەیدا باسی لە “10 بەڵێن” کردووە، کە گرنگترینیان بریتین لە پێداچوونەوە بە فرۆشتنی چەک و سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر دەوڵەمەندەکاندا.

  • ستامەر و یەکێتیی ئەوروپا

ستامەر لە پرسەکانی پەیوەست بە یەکێتیی ئەوروپادا چالاکانە ئامادە بووە و تەنانەت لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٠ وەک وتەبێژی کۆربین لەسەر پرسی “برێگزیت” کاری کردووە؛ واتە ئەو قۆناغەی کە کاردانەوە سیاسییەکان بەرامبەر بە ئەنجامی ڕیفراندۆمی یەکلاکەرەوەی برێگزیت (کە لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕووی دا) هێشتا لە لووتکەدا بوون. ستامەر کە داکۆکیی لە مانەوە لە یەکێتیی ئەوروپا دەکرد؛ تەنانەت گوشاری خستە سەر حکوومەتی ئەو کاتەی بریتانیا کە یان ستراتیژییەکی وردتر بۆ قۆناغی دوای دەرچوون بخاتە ڕوو، یان بیر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی دیکە لەسەر ئەو بابەتە بکاتەوە. هەرچەندە لەو پلانەی ئێستا پێشکەشی کردووە هیچ باسێک لە گەڕانەوە بۆ بازاڕی یەکپارچەی یەکێتیی ئەوروپا یان یەکێتیی گومرگی نەکراوە، بەڵام ناوبراو ڕای گەیاندووە کە حەز دەکات کێشەکانی ناو ڕێککەوتنی “برێگزیت” چارەسەر بکات کە لە سەردەمی “بۆریس جۆنسۆن”دا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

  • ڕەخنەگرانی ستامەر

زۆر جار لەلایەن ڕەخنەگرانییەوە گاڵتە بە کیەر ستامەر دەکرێت کە کەسێکی وشک و بێڕۆحە. بەڵام ستامەر حەز دەکات خۆی وەک کەسێک نیشان بدات کە پابەندە بە یاسا و ڕێساکانەوە؛ تا ئەو ڕاددەیەی یەکێک لە هاوکارەکانی ناوی لێ نا “جەنابی ڕێسا”. تەنیا جارێک لەگەڵ یاسادا تووشی کێشە بووە. لە گەنجیدا بەهۆی فرۆشتنی ئایسکرێم بەبێ مۆڵەت لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا. ئایسکرێمەکان دەستیان بەسەردا گیرا و هیچ ڕێوشوێنێکی دیکە نەگیرایە بەر. لە چاوپێکەوتنەکاندا زانیارییەکی کەم لەسەر کەسایەتیی خۆی دەدات، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە ڕۆحی کێبڕکێی هەیە. لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی وتی: ڕقم لە دۆڕاندنە. “هەندێک کەس دەڵێن بەشداریکردن گرنگە، بەڵام من لەو کەسانە نیم.”

ئێستا یەکێک لە گەورەترین ڕەخنەگرانی ستامەر، سەندیکاکان و چالاکوانانی ژینگەن، کە ڕەخنەیان لە پاشەکشەی ئەم دوایییەی گرتووە لە بەڵێنەکەی بۆ دابینکردنی بوودجە بۆ وەبەرهێنانی سەوز بە بڕی ٣٥ ملیار یۆرۆ لە ساڵێکدا. بەڵام ستامەر دەڵێت پێویست بوو هاوسەنگی لە خەرجییەکاندا هەبێت. ئەمەیش پاش ئەوە هات کە حزبی کرێکاران لە بەڵێنەکەی، کە تا ساڵی ٢٠٢١ ساڵانە ٢٨ ملیار پاوەند (٣٥ ملیار دۆلار) بۆ پڕۆژەکانی وزەی سەوز خەرج بکات، پاشگەز بووەوە، بەڵام ستامەر دەڵێت پابەند دەبێت بە بەڵێنەکانی وەک دروستکردنی وێستگەی بای دەریایی و پەرەپێدانی کارگەی پاتری بۆ ئۆتۆمبێلە کارەبایییەکان. کیەر ستارمەر لەم دوایییانەدا بەڵێنی دا کە لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی نوێ بە ناوی جی بی ئینێرجی، ٨ ملیار پاوەند وەبەرهێنان لە وزەی سەوزدا بکات. هەروەها گوتوویشیەتی کە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەتەواوی بەکارهێنانی سووتەمەنیی بەردین لە بەرهەمهێنانی کارەبای بریتانیا کۆتاییی پێ دێنێت. بەڵام زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە کە ئەم کارە ناکرێ.

هەروەها ستامەر لەناو حزبەکەیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە؛ چونکە تا ئێستا نەیتوانیوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ باڵی چەپی حزبەکەی چاک بکاتەوە، بەتایبەتی دوای دوورخستنەوەی جێرمی کۆربین لەسەر تۆمەتی دژەجوولەکەبوون. لەم هەڵبژاردنەدا جێرمی کۆربینیش وەک کاندیدێکی سەربەخۆ لە کێبڕکێ لەگەڵ حزبی کرێکاران لە یەکێک لە بازنەکانی هەڵبژاردنی لەندەن کاندید کرا.

پێشبینی دەکرێت بەو زۆرینە بەهێزەی کە حزبی کرێکاران لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستی هێنا دوای دوو شکستی یەک لە دوای یەک لە سەردەمی سەرکردایەتیی جێرمی کۆربیندا، ستامەر بەئاسانی بتوانێت ڕووبەڕووی ڕەخنە ببێتەوە؛ لەنێویاندا ڕەخنەکانی ڕەخنەگرێکی دێرین وەک کۆربین.

هاتنی حزبی کرێکاران چ جیاوازییەک بۆ کۆچبەران دروست دەکات؟

زۆر جار سیاسەتمەدارانی بریتانیا پرسی کۆچبەری بەکار دەهێنن وەک چەکێک لە دژی ڕکابەرەکانیان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بۆ خۆیان. حزبی پارێزگاران کە لەم ساڵانەدا بە بەڵێنی کەمکردنەوەی کۆچبەری، سیاسەتی دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا (برێگزیت)ی سەرکردایەتی دەکرد، نەیتوانی بەتەواوی ئامانجەکەی بەدی بهێنێت.

ڕێژەی کۆچ لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی ١٠% دابەزیوە و گەیشتووەتە ٦٨٥ هەزار کەس بە بەراورد بە ساڵی پێشوو، بەڵام لە سەرووی تێکڕای مێژوویەوە ماوەتەوە. زۆربەی ئەم کۆچبەرانە بۆ کار یان خوێندن گەشتیان بۆ بریتانیا کردووە، بەڵام نزیکەی ٣٠ هەزار کۆچبەر و پەنابەری نایاسایی، ساڵی ڕابردوو بە کەشتی و لە ڕێگەی فەڕەنساوە لە ڕێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە بەرەو بریتانیا ڕێگەیان گرتە بەر. سەرۆکوەزیرانی پێشووی بریتانیا لە حزبی پارێزگاران، وەک دەیڤید کامیرۆن و تێریزا مەی، بەڵێنیان دابوو کە  ژمارەی کۆچبەر بە ڕێژەی دەیان هەزار کەس کەم بکەنەوە، کە ئەم ئامانجە هەرگیز بەدی نەهات.

لە بەرامبەردا حزبی کرێکاران بەڵێنی داوە پلانە مشتومڕاوییەکەی پارێزگاران بۆ ڕاگواستنەوەی پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا پێچەوانە بکاتەوە. بێ گومان بەهۆی ناڕەزایەتیی یاسایی و نیگەرانییە مرۆیییەکان، تا ئێستا هیچ گەشتێک بۆ ڕواندا نەکراوە. هەرچەندە سوناک و ستامەر هەردووکیان وتوویانە کە دەیانەوێت ڕێژەی گشتیی کۆچ کەم بکەنەوە – لەنێویاندا کۆچی یاسایی – بەڵام ڕێبازی جیاوازیان هەبوو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

دکتۆر بێن بریندڵ لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بۆ یۆرۆنیوز جیاوازییەکانی ڕێبازی حزبی کرێکاران و حزبی پارێزگارانی بەرامبەر بە شەپۆلی کۆچبەران ڕوون کردەوە و وتی: حزبی پارێزگاران هەوڵ دەدەن دابینکردنی ڤیزە  بە دانانی سنوورێکی ساڵانە بۆ ژمارەی ڤیزەی کار و خێزانی، کە ساڵانە دەتوانرێت پێیان بدرێت، سنووردار بکەنەوە. لە بەرامبەردا، لە بری ئەوە حزبی کرێکاران زیاتر لەسەر سنووردارکردنی خواست لەسەر ڤیزە هەوڵی کەمکردنەوەی کۆچبەران دەدات. حزبی کرێکاران پلانی هەیە خاوەنکارەکان و ئەو کەرتانەی کە زۆر جار داوای ڤیزەی دامەزراندن دەکەن، پابەند بکات بە دابینکردنی بەرنامەی ڕاهێنان و لێهاتوویی بۆ ئەو کرێکارانەی کە ئێستا لە بریتانیان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی کارامەیی لە وڵاتەکەدا؛ بەمەیش پشکی پێدانی ڤیزا وردە وردە کەم ببێتەوە.

ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەردەم سەرۆکوەزیرانی نوێی بریتانیا

سەرۆکی حزبی کرێکاران لە کاتێکدا دەسەڵات دەگرێتە دەست، کە بریتانیا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و ئاڵنگاریی ترسناک بۆتەوە. بریتانیا ڕووبەڕووی بەرزترین ڕێژەی باج بۆتەوە لە دوای ماوەیەکی کەم لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە، قەبارەی قەرز نزیکەی یەکسانە بە بەرهەمی ساڵانەی ئابووری، ئاستی ژیان دابەزیوە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەتایبەتی خزمەتگوزاریی تەندروستیی گشتی، بەهۆی مانگرتنەکانەوە لە لێواری داڕماندایە. پێشتر ستامەر بەڵێنی داوە هەندێک لە پلانە گەورەکانی حزبی کرێکاران کەم بکاتەوە، وەک پابەندبوونەکانی خەرجکردنی سەوز؛ هەروەها جەختی لەسەر بەرزنەکردنەوەی باج بۆ چینی کرێکار کردەوە.

بەشێکی زۆری هۆکاری شکستی حزبی پارێزگاران بەهۆی زیانەکانی پاڵپشتی لەلایەن حزبی چاکسازیی پۆپۆلیستی ڕاستڕەوی بریتانیاوە بووە، کە نایجل فەراج، پاڵەوانی پێشووی برێگزیت، سەرکردایەتیی دەکات، کە سەرکردایەتیی هەڵمەتی سنووردارکردنی کۆچبەری کردووە. ستامەر بەڵێنی داوە دەستبەرداری سیاسەتە مشتومڕاوییەکەی حزبی پارێزگاران بێت بۆ ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا؛ بەڵام بە سەرنجدان بەوەی کە کۆچبەری هەمیشە پرسێکی سەرەکییە لە هەڵبژاردنەکانی بریتانیادا، ئەوا گوشارێکی زۆری لەسەر دەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەوەی بە دەیان هەزار پەنابەر نەتوانن بە بەلەمی بچووک لە ڕێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە بچنە ناو وڵاتەکەیەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی ٤ی تەممووزی ٢٠٢٤ نووسیویەتی: ستامەر، سەرۆکوەزیرانی داهاتووی شانشینی یەکگرتوو، کە بەم نزیکانە دەچێتە خانووی ژمارە 10ی داونینگ ستریت لە لەندەن، ڕووبەڕووی چەندان ئاستەنگی گرنگی ناوخۆیی و دەرەکی دەبێتەوە و چەند مانگی یەکەمیش لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، پڕن لە بڕیارە قورسەکان.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ستامەر بەنیازە گرنگی بە گەشەی ئابووریی درێژخایەن بدات بۆ بریتانیا، بەڵام دەبێت مامەڵە لەگەڵ پرسە هەستیارەکانی وەک پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا، جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بکات. ستامەر لە یەکەم وتاردا دوای سەرکەوتنی حزبی کرێکاران لە هەڵبژاردنەکاندا جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەیە لەگەڵ هەر سەرکردەیەک کار بکات کە لە ئەمریکا دەسەڵات بگرێتە دەست و جەختی لەسەر گرنگیی پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ ئەو وڵاتە کردەوە.

دوای ئەوەی حەماس لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کیەر ستامەر پشتگیریی لە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە غەززە و مافی بەرگریکردنی ئیسرائیل لە خۆی کرد. ئەم هەڵوێستە زۆرێک لە دەنگدەرانی لایەنگری فەڵەستینی تووڕە کرد و ڕووبەڕووی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی دەیان پەرلەمانتاری حزبی کرێکاران بووەوە کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێیان کرد. هەروەها لە شوباتی ٢٠٢٤ داوای ئاگربەستێکی کرد کە “بەردەوام بێت” و وتی “ئەمە ئەوەیە کە پێویستە ئێستا ڕوو بدات”. بەڵام لە ڕاپرسییەکی ڕای گشتیدا لە مانگی ئازاردا دەرکەوتووە کە لەسەدا ٥٢ی خەڵکی بریتانیا پێیان وایە مامەڵەکردنی ستامەر لەگەڵ ئەو پرسەدا خراپە. هەروەها کیەر ستارمەر پاڵپشتیی کرد لە بۆردومانکردنی بنکە حووسییەکانی یەمەن لەلایەن بریتانیاوە؛ ئەمەیش بەهۆی هێرشەکانی ئەو گرووپە بۆ سەر کەشتییەکانی پەیوەست بە ئیسرائیل. ستامەر هەروەها باسی لە ئەگەری “دانپێدانان” بە دەوڵەتی فەڵەستین کردەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم کارە “لە کاتی گونجاو و لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی”دا ئەنجام بدرێت. حزبی کرێکاران پابەندە بە پشتیوانیکردن لە چارەسەری دوو-دەوڵەتی کە ببێتە هۆی دروستکردنی ئیسرائیلێکی ئەمن و سەقامگیر لەپاڵ دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین.

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی دیکەی بریتانیا، بەهێزکردنی ئۆکراینایە. حکوومەتی ئێستای بریتانیا ڕای گەیاندووە کە پلانیان هەیە لەمساڵدا ٣ ملیار پاوند یارمەتیی سەربازی بۆ ئۆکراینا پێشکەش بکەن.

چین دەبێتە ئاڵنگارییەکی تر بۆ حکوومەتی نوێی بریتانیا. سەرەتای ئەمساڵ وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی ئێستای بریتانیا باڵیۆزی چینی بانگهێشت کرد و نیگەرانیی خۆی لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و ڕاپۆرتە سیخوڕییەکان دەربڕی. حزبی کرێکاران لەم پێوەندییەدا گوتوویەتی کە ڕوانگەیەکی درێژخایەن و ستراتیژی بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین دەگرنە بەر.

ڕۆیتەرز نووسیویەتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵنگارییە بەرفراوانانەی لە ناوخۆ و دەرەوەی بریتانیادا هەن، ستامەر دەبێت ستراتیژییەتی کاریگەر بۆ پێشکەوتن و بەهێزیی ئەم وڵاتە جێبەجێ بکات. پێویستە وەڵامی پێداویستییە ئابووری و ئەمنییەکان بداتەوە و پلان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە ڕێگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانەوە بگرێتە بەر. ڕاپۆرتەکە باسی ئەوە دەکات کە ستامەر هێشتا بڕیاری نەداوە کە ئایا پەیوەندی بە بازاڕی هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپا یان یەکێتیی گومرگییەوە بکاتەوە یان نا، بەڵام هەوڵ دەدات یارمەتیی لابردنی بەربەستە بازرگانییەکان و زیادکردنی دەرفەتەکان بۆ بازرگانییە بچووکەکان بدات. هەروەها ستامەر پێویستە هەوڵ بدات پاکێجێکی پشتیوانی بۆ پیشەسازیی پۆڵا دابین بکات و کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بریتانیا چارەسەر بکات.

سەرکەوتنی حزبی کرێکاران دەری خست کە بەپێچەوانەی فەڕەنسا کە حزبی ڕاستڕەوی توندڕەوی گردبوونەوەی نیشتمانی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا دەستکەوتی مێژووییی بەدەست هێنا، جەماوەری بریتانیا بەگشتی بە دوای حزبێکی چەپی ناوەند و میانڕەودا دەگەڕێت بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکان بهێنێتە ئاراوە.

سیاسەتی ڕێبەری حزبی کرێکاران لە زۆر بابەتی دەرەکیدا هاوشێوەی سیاسەتەکانی سوناکە.  بۆ نموونە، ستامەر بەڵێنی داوە گۆڕانکاری لە وڵاتەکەیدا بهێنێتە ئاراوە، لە کاتێکدا پێشتر بەڵێنی دابوو بەردەوام بێت لە پشتیوانیی هەمەلایەنەی لەندەن بۆ ئۆکراینا لە جەنگی ڕووسیادا.  بەڵام سەرۆکی حزبی کرێکاران و سەرۆکوەزیرانی شانشینی یەکگرتوو لە کاتێکدا هاتۆتە سەر کار کە سیاسەتمەدارە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە ئەوروپا دەنگ و بەختێکی باشیان بەدەست هێناوە؛ هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوودا ناچار بێت لەگەڵ دۆناڵد ترامپ کار بکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی سی بی ئێس نیوز، خولی هەڵبژاردنەکانی شانشینی یەکگرتووی بریتانیا و ئەمریکا بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی ١٩٩٢ەوە هاوکات بووە و گومانێکی زۆر لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کۆتاییی ئەمساڵدا هەیە. ستامەر زۆر باسی بایدن و گرنگیدانی بە ڕەخساندنی هەلی کار و وەبەرهێنان لە پیشەسازییە ناوخۆیییەکان کردووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەسایەتییە باڵاکانی حزبی کرێکاران پێش هەڵبژاردنەکان لەگەڵ هاوتا دیموکراتەکانیان لە ئەمریکا کۆبوونەوەیان هەبووە. بۆیە پێشبینی دەکرێت ستامەر هاوپەیمانێکی نزیکی بایدن بێت، ئەگەر بایدن لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە کورسیی سەرۆکایەتیدا بمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەردا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، پێ دەچێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و بریتانیا کەمتر گەرموگوڕ و دۆستانە بێت. پەیوەندییەکانی نێوان ترامپ و بۆریس جۆنسۆنی پارێزگار دۆستانەتر بوو. ڕاستییەكەی، بوونی پەیوەندییەکی درێژخایەن لەگەڵ ئەمریکا بۆ بریتانیا زۆر گرنگە لە کاتێکدا بریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا چۆتە دەرەوە، ستامەریش ڕای گەیاندووە لەندەن لەگەڵ واشنتۆن کار دەکات بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.

لە مانگی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا خشتەی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیی سەرۆکوەزیرانی نوێی بریتانیا چڕوپڕە. بە گوێرەی ئاژانسە هەواڵییەکان، ستامەر لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆ دەبێتەوە. هەفتەی داهاتوو بەشداری لە کۆبوونەوەی ناتۆ دەکات لە واشنتۆن، پاشان لە ١٨ی تەممووزدا میوانداریی کۆبوونەوەی “کۆمەڵگەی سیاسیی ئەوروپی” دەکات لە بریتانیا؛ هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و ئۆلاف شوڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش بەشداریی ئەم کۆبوونەوەیە دەکەن.

هەروەها ستارمەر بەڵێنی داوە لە ئەگەری هاتنە سەردەسەڵاتی حزبی ڕاستڕەوی “گردبوونەوەی نیشتمانی” لە فەڕەنسا، کاریان لەگەڵدا بکات و ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات جێبەجێ دەکرێن.

سەرچاوەکان:

1- https://parsi.euronews.com/my-europe/2024/07/05/who-is-keir-starmer-the-next-british-prime-minister

2- https://ir.voanews.com/a/challenges-ahead-for-uk-s-next-prime-minister-keir-starmer/7686103.html

3- https://parsi.euronews.com/2024/07/05/labor-party-came-to-power-with-the-promise-of-bringing-major-change-to-britain-what-did-s

4- https://parsi.euronews.com/2024/07/03/immigration-to-britain-amid-possible-labors-surprise-victory-in-europes-most-unique-electi

5- https://parsi.euronews.com/2024/07/04/labor-party-historic-victory-as-starmer-likely-to-become-next-uk-prime-minister

6- https://www.cbsnews.com/news/uk-election-2024-results-who-is-keir-starmer/

7-https://www.independentpersian.com/node/405606/جهان/نخست%E2%80%8Cوزیر-جدید-بریتانیا-کیست-و-بر-سیاست-خارجی-چه-تاثیری-می%E2%80%8Cگذارد؟

8- https://www.bbc.com/persian/articles/c8vd91y0yr2o