پێداچوونەوەیەکی گشتی لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆن و هێرشانەی ناوخۆی ئێران کە دەدرێنە پاڵ ئیسرائیل
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس
بە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی گرووپی توندڕەوی حەماس، لە تاران، جارێکی دیکە پەنجەکان ئاراستەی ئیسرائیل کران؛ هەرچەندە هێشتا ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی خۆی لەم هێرشە ڕانەگەیاندووە.
ئیسماعیل هەنییە کە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعوود پزیشکیان لە پایتەختی ئێران ئامادە بوو، وەک ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کاتژمێر دووی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣١-٧-٢٠٢٤، “لە یەکێک لە ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی تایبەت بۆ پەککەوتووانی جەنگ لە باکووری تاران لە ڕێگەی هێرشێکی ئاسمانی” کوژرا.
ئەم هەواڵە هەر زوو، بوو بە مانشێتی میدیاکانی جیهان و لە زۆربەی کاردانەوەکانی دەسەڵاتدارانی وڵاتان و میدیاکاندا جارێکی دیکە ناوی ئیسرائیل وەک بکەری سەرەکیی ئەم تیرۆرە هاتە گۆڕێ.
دوژمنایەتیی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس (گرووپێک کە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بە تیرۆریستیان ناساندووە) و دوژمنایەتیی ئیسرائیل لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە تاكە هۆکاری دانەپاڵی ئەم ئۆپەراسیۆنە نین بە ئیسرائیلەوە؛ لە دەیەی ڕابردوودا، چالاکییەکانی تێکدەرانە و، هەروەها تیرۆرکردنی كۆمەڵێك کەسایەتی و بەرپرسی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە پڕۆژەی ئەتۆمییەوە هەیە لە ئێران، خراونەتە ملی ئیسرائیل. هاوکات ئیسرائیل بەفەرمی و بەئاشکرا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هیچ کام لەو هێرشانە لە ئەستۆ نەگرتووە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە لە ماوەی یەک دەیە یان دوو دەیەدا، کام کەسایەتیی سیاسی و سەربازیی ئێران لە ئۆپەراسیۆن و هێرشەکاندا کوژراون کە دەدرێنە پاڵ ئیسرائیل؟
موحسین فەخریزادە، “پیاوی تەمومژاوی”ی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، ٢٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٠
موحسین فەخریزادە، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوو ساڵ و نیو پێش تیرۆرکردنی، بە “باوکی بۆمبی ئەتۆمیی ئێران” ناوی بردووە و وتی “ئەم ناوەتان لەبیر بێت”، لە ٢٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٠، لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەیدا لەسەر ڕێگەی ئابسەرد لە نزیک تاران کوژرا. ئەم ئەفسەرە باڵایەی سوپای پاسداران، کە ناوی لە لیستی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو، بە “کەسی سەرەکی” و “بەڕێوەبەری باڵا”ی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران ناو دەبرا، کە لە ساڵی ٢٠٠١ تا کۆچی دوایی، ئەو بەرپرسیارێتییە گرنگەی لە ئەستۆدا بوو.
میدیاکان لە ئێران بە “زانایەک کە لە وەزارەتی بەرگری کار دەکات و بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی توێژینەوەی فیزیا” یان “مامۆستای زانکۆ” ناویان بردووە. هەروەها بە “پیاوی نهێنیئامێزی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران” ناو دەبردرێت و جارێکیش گۆڤاری فۆرن پۆڵسی، ناوی ئەوی خستە لیستی 500 کەسی بەهێز لە جیهاندا. هەرچەندە ئێران پێشتر کوشتنی زانایان و بەشێک لە بەرپرسانی دیکەی بۆ ئیسرائیل گەڕاندبووەوە، بەڵام فەخریزادە گرنگترین بەرپرسی ئێرانییە کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە دەدرێتە پاڵ ئیسرائیل، لەسەر خاکی ئێران کوژرابێت. هەرچەندە ئیسرائیل هەرگیز بەرپرسیارێتیی تیرۆرکردنی ئەم بەرپرسە ئێرانییەی لە ئەستۆ نەگرت، بەڵام یۆسی کۆهین، سەرۆکی ئەوکاتی مۆساد، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل لە بەهاری ساڵی ٢٠٢١دا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی ئیسرائیلی لە تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە پشتڕاست کردەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز سێ ساڵ لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکدا کە وردەکارییەکانی ئەم هێرشە بڵاو دەکاتەوە، نووسیویەتی ئیسرائیل چەکێکی زیرەکی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هەڵبژارد، کە تێکەڵەیەک بووە لە چەکێکی ئۆتۆماتیکی دروستکراوی بەلجیکا لە جۆری FN MAG، كە سیستەمێکی ڕۆبۆتی پێشکەوتووی لەسەری دانرابوو، کە کردی بە چەکێکی هاوشێوەی چەکی ئۆتۆماتیک بە ناوی “سەنتینێل ٢٠”، کە لەلایەن کارگەی چەکی ئیسپانیایی “سکریبنۆ”وە دروست کراوە. تەواوی ئۆپەراسیۆنەکە خۆی یەک خولەکی خایاند و سەرەڕای توانای تەقاندنی ٦٠٠ گوللە لە یەک خولەکدا لە تەقەکردندا، لەم ئۆپەراسیۆنەدا لە ١٥ گوللە زیاتر بەکار نەهات.
تیرۆرکردنی پیاوی ژمارە دووی ئەلقاعیدە و بووکەکەی بن لادن لە تاران، ئۆگۆستی ساڵی ٢٠٢٠
ئیسماعیل هەنییە تاکە کارەکتەری غەیرە ئێرانی نییە کە لەسەر خاکی ئێران لە هێرشەکاندا دەکوژرێت و بەرپرسیارێتییەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئیسرائیل. میدیاکانی ئێران لە ٧-٨-٢٠٢٠ بڵاویان کردەوە، دوو هاووڵاتیی لوبنانی بە ناوەکانی حەبیب داود، مامۆستای مێژوو تەمەن 58 ساڵ و مریەمی کچی تەمەن 27 ساڵ، لە نزیک گەڕەکێک لە نزیك گوڵستانی یەکەم لە شەقامی پاسدارانی تاران بە چوار گوللە کوژراون.
دواتر دەرکەوت کە ئەو دوو کەسە بریتین لە عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە ئەبو محەمەد ئەلمیسری، پیاوی ژمارە دووی ئەلقاعیدە و کچەکەی مریەم، هاوسەری کوڕی ئوسامە بن لادن سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدە. ئاژانسی هەواڵی مێهر نووسیویەتی، لەم ڕووداوەدا لە لای شۆفێرەوە و لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە، پێنج گوللە هاوێژراوە و “چوار گوللە بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە” و “گوللەی پێنجەم بەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە کەوتووە کە بەلایدا تێ دەپەڕی.”
سەرەڕای ڕەتکردنەوەی هەواڵی ئەم تیرۆرە لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو کاتەدا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە مانگی نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا بە پشتبەستن بە کاربەدەستانی هەواڵگریی ئەمریکا، ڕای گەیاند کە بە دەستی دوو ماتۆڕسوار لە شەقامی پاسداران لە تاران کوژراوە. هەروەها ئەمریکا لەم ئۆپەراسیۆنەدا هاوکاریی ئیسرائیلی کرد و زانیاریی سەبارەت بە شوێن و ناسنامەی پیاوی ژمارە دووی ئەلقاعیدە بە بریکارەکانی مۆساد دا.
ئەبومحەمەد ئەلمیسری، لەلایەن یەکەی تایبەتی دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل، مۆسادەوە کوژرا؛ ئەم یەکە تایبەتە ناوی “کیدون” (KIDON)ە کە بە زمانی عیبری بە واتای “سەری ڕم” دێت و دەوترێت بە درێژاییی ساڵان، بەرپرسیار بووە لە شێوازێکی ناوازەی دزەکردنە ناو وڵاتانی دوژمنکار و کوشتن (اغتیالات)ی نەیارانی ئیسرائیل. هەروەها کچی ئەبومحەمەد ئەلمیسری و بێوەژنەکەی کوڕەکەی بن لادن بە ناوی مریەم، بوونە ئامانج. کچی ئەبومحەمەد ئەلمیسری، هاوسەری حەمزە بن لادن بوو کە جێنشینی ئوسامە بن لادن بوو. حەمزە بن لادن پێشتر لە ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆری ئەمریکا لە سنووری پاکستان و ئەفغانستان کوژرابوو.
دەزگە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا هیچ لێدوانێکیان لەو بارەیەوە نەدا. کوژرانی ئەم بەرپرسەی قاعیدە لە تاران لە کاتێکدا دەدرایە پاڵ ئیسرائیل، کە لە ساڵانی پێشووتردا هەوڵی تیرۆرکردنی ئەو کەسانەی دەستیان هەبوو لە پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران کە بە “زانایانی ئەتۆمی” ناسراون، دەخرایە ملی ئیسرائیلەوە.
ئەردەشیر حسێن پوور، یەکەمین تیرۆری “زانایانی ئەتۆمی” لە ئێران، ساڵی ٢٠٠٧
هەواڵی کوژرانی ئەردەشیر حسێن پوور، زانای ئەتۆمیی ئێران، بەهۆی radioactive gas و “لەلایەن مۆسادەوە” بۆ یەکەم جار لەلایەن پەیمانگەی سترافۆرەوە لە ٢-٢-٢٠٠٧، واتە 17 ڕۆژ دوای مردنی بڵاو کرایەوە. ئەم هەواڵە دوو ڕۆژ دواتریش لە ڕۆژنامەی سەندەی تایمز بڵاو کرایەوە.
هەواڵی کۆچی دواییی حسێن پوور لەو کاتەدا درەنگ بڵاو بووەوە و بۆ یەکەم جار ڕۆژنامەی “جمهوری اسلامی” لە سەرەتای جانیوەریی هەمان ساڵدا نووسیبووی، کە ئەردەشیر حسێن پوور بەهۆی “غاز” کۆچی دواییی کردووە. کەمتر لە دوو هەفتە دوای مردنی حسێن پوور لە ساڵی ٢٠٠٧، هەواڵەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی لەلایەن مۆسادەوە بڵاو کرانەوە، بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لەو کاتەدا ڕایان گەیاند: “مۆساد توانا و هێزی ئۆپەراسیۆنی لە ناوخۆی ئێراندا نییە.”
هەروەها لەم چوارچێوەیەدا ئاژانسی هەواڵی فارس، نزیک لە سوپای پاسداران، نووسیبووی کە حسێن پوور “هیچ پەیوەندییەکی بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهانەوە نەبووە” و “ئەم جۆرە هەواڵە بە مەبەستی جەنگی دەروونی و دروستکردنی کەشێکی پڕوپاگەندەیی دروست کراوە.” لەو سەردەمەدا غوڵامحسێن موحسنی ئێژەیی (غلامحسین محسنی اژەی) وەزیری هەواڵگریی ئێران بوو و وەزارەتی هەواڵگرییش بەرپرسیاری پاراستنی زانایانی ئەتۆمی بووە. بەڵام مستەفا موعین، وەزیری زانستی حکوومەتی خاتەمی لە ساڵی ٢٠٢٠ و دوای 14 ساڵ لە بانگەشەی دامەزراوە ئەمنییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام نووسیویەتی؛ ئەو بانگەشانە درۆن و، ئەردەشیر حسێن پوور بە “غازی تیشکدەر” لەلایەن بریکارەکانی مۆسادەوە تیرۆر کراوە.
بێ گومان سیناریۆیەکی تر سەبارەت بە کۆچی دواییی حسێن پوور خرایە ڕوو. مەحبووبە حسێن پوور، خوشکی ئەردەشیر حسێن پوور، کە لە ئەمریکا نیشتەجێیە، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندان چاوپێکەوتنی ئەنجام داوە و ڕای گەیاندووە کە براکەی بەهۆی ئەوەی هاوکار نەبووە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کوژراوە.
“زانایانی ئەتۆمی”ی دیکە!
ناوی کەسانی وەک مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن، مەسعوود عەلیمحەمەدی و مەجید شەهریاری لەگەڵ ناوی ئەردەشیر حسێن پوور وەک “زانای ئەتۆمی” هاتووە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە و لەسەر خاکی ئێران کوژراون. بوونی لێکچوونێکی زۆر لە نێوان شێوازی کوشتنی ئەم کەسانەدا، ئەو گریمانەیەی لای شارەزایان بەهێزتر کردووە کە ئەم کردەوانە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراون.
مەسعوود عەلیمحەمەدی، مامۆستای فیزیای کوانتۆم لە زانکۆی تاران، لە زستانی ٢٠٠٩دا و لە کاتی دەرهێنانی ئۆتۆمبێلەکەی لە پارکینگی ماڵەکەی لە ناوچەی قەیتەریە لە تاران، بەهۆی تەقینەوەیەکەوە گیانی لەدەست دا. دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایان گەیاند کە لە کاتی ڕۆیشتنی عەلیمحەمەدی ماتۆرێک تەقیوەتەوە، بەڵام توندیی تەقینەوەکە هێندە بەهێز بوو کە پەنجەرەی باڵەخانەکانی دەوروبەریشی شکاند.
هەروەها مەجید شەهریاری، زانای فیزیا و مامۆستای زانکۆی “بەهەشتی” (بهشتی)ی تاران، کە دەگوترا پەیوەندیی بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە هەیە، هەروەها فەرەیدوون عەباسی دەوانی، مامۆستایەکی دیکەی فیزیای ئەتۆمی لە زانکۆی بەهەشتی، هەردووکیان لە ٢٩-١١-٢٠٠٩ لە باکووری تاران کە دوور نەبوو لە یەکترەوە، بە ڕێگەی دوو بۆمبی لکێنراوەوە، هەوڵی تیرۆرکردنیان درا.
بە وتەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەردوو هەوڵی تیرۆرکردنەکە لەلایەن کەسانی ماتۆڕسکیلسوارەوە ئەنجام دراون و لە هەردوو حاڵەتەکەدا بۆمبێکی موگناتیسی بە ئۆتۆمبێلی ئەو کەسانەوە لکێنراوە. لەو تیرۆرانەدا مەجید شەهریاری کوژرا، بەڵام فەرەیدوون عەباسی دەوانی، دوای چاکبوونەوەی لە برینەکەی، وەک سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دەستنیشان کرا.
مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن، تەمەن ٣٢ ساڵ، لە زستانی ٢٠١١ و دوای دوو ساڵ لە کوژرانی عەلیمحەمەدی، لە شەقامی گۆڵنەبی نزیک گۆڕەپانی کتابیی تاران، لە کاتێکدا لەگەڵ پاسەوان و شۆفێرەکەی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دانیشتبوو، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک کە بەئۆتۆمبێلەکەیەوە لکێنرابوو، کوژرا.
گۆڤاری ئەمریکی تایم (TIME) بە ئاماژەدان بە “سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ڕۆژاوا”، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت، نووسیویەتی کە مۆساد بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی ئەم کوشتنە. لێکچوون لە شێوازی کوشتنی ئەم کەسانە، بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران دوای تیرۆرکردنی ئەحمەدی ڕۆشەن، پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل ڕابکێشن.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژێک دوای کوژرانی مستەفا ئەحمەدی ڕۆشەن لە پەیامێکدا بەدڵنیایییەوە، ئەم کارەی بۆ مۆسادی ئیسرائیل و سی ئای ئەی ئەمریکی گەڕاندەوە و جەختی لەوە کردەوە کە دەستبەرداری تۆڵەسەندنەوە نابێت. دوای چەند ڕۆژێک، حکوومەتەکەی مەحموود ئەحمەدی نژادیش پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا و بریتانیا کرد و داوای ڕوونکردنەوەی دەستبەجێی لێ کردن سەبارەت بەم کوشتنە و، بانگەشەی ئەوەی کرد کە “بەڵگەنامە”ی دەست کەوتووە سەبارەت بە تێوەگلانی ئەو وڵاتانە لەم بابەتەدا. بەڵام وەزیرانی بەرگری و کاروباری دەرەوەی ئەمریکا “بەتوندی” هەر جۆرە دەستوەردانێکی وڵاتەکەیان لەم هەوڵەدا ڕەت کردەوە. شیمۆن پێرێز، سەرۆکی ئیسرائیل لەو کاتەدا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی ئیسپانیی کەناڵی سی ئێن ئێن ڕای گەیاند؛ “ئەوەندەی بزانێت”، وڵاتەکەی دەستی لەم کوشتنەدا نەبووە.
سەرچاوە: