11 کەسایەتیی کاریگەر لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ
نووسەر: فۆریەن پۆلیســـی (foreignpolicy)
وەرگێڕان: پێنووس
ئەگەر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە بگاتە کۆشکی سپی، سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دووەمی چی دەبێت؟ کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مانگی نۆڤەمبەردا زۆر جار لە وتارەکانیدا هەڵوێستی بێپێوانە و بێئامادەکاریی خستۆتە ڕوو. بۆ نموونە لەم دوایییانەدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەتوانێت تەنیا لە یەک ڕۆژدا کۆتایی بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بهێنێت. بەڵام بەبێ گوێدانە ژاوەژاو و بانگەشەی هەڵبژاردن، یەکێک لە ڕێگەکانی هەڵسەنگاندنی کارنامەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دووەمی ترامپ، لێکۆڵینەوەیە لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە بازنەی دەوروبەری ترامپ.
ئەو ڕاوێژکارانە کێن کە ترامپ گوێ لە قسەکانیان دەگرێت؟ هەروەها سەرچاوەی ئەو بیرۆکانەی کە جیهانبینیی ئێستای سەرۆکی پێشوو پێک دەهێنن چییە و لە کوێیە؟ بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ لە ڕۆژ و هەفتەکانی پێش ٥ی تشرینی دووەم، ئەم لیستەی خوارەوە دەتوانرێت بە ڕێنمایییەکی بەسوود هەژمار بکرێت. ئەمانە ئەو کەسانەن کە بۆچوون و ڕوانگەکانیان دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ هەبێت:
ئێلبریج کۆلبی (Elbridge Colby)
ئێلبریج کۆلبی، یەکێک دەبێت لە بەرپرسە باڵاکانی بواری بەرگری لە ئیدارەی دووەمی ترامپدا. ئێلبریج کۆلبی دەنگبەرزترین و ڕەنگە قایلکەرترین دەنگە لە واشنتۆن کە بانگەشە بۆ گۆڕینی ئاراستەی ئەمریکا لە ئەوروپا و ناتۆ و ڕووسیاوە دەکات بەرەو ئالنگاریی ڕوو لە گەشەی چین. کۆلبی زیاتر لە ساڵێک لە ئیدارەی ترامپ وەک جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری کاری کردووە؛ لەو ماوەیەدا یارمەتیی وەرچەرخانی درەنگوەختی ئەمریکای داوە بەرەو ئاسیا. پاشان پەیوەندیی بە جەنگاوەرە دێرینەکانی ئیدارەی ترامپەوە کرد لە دیزاینکردنی دەستپێشخەرییەکی ماراسۆنی، کە لەلایەن دامەزراوەیەکی بیرکردنەوەی ئەمریکی لەسەر کێبڕکێی زلهێزەکان خرایە ڕوو. ئەگەر لە ئیدارەی داهاتووی ترامپدا چانسی وەرگرتنی پۆستێکی دیکەی لە بواری کاروباری بەرگری یان تەنانەت پۆستێکی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی بۆ ڕەخسا، ئەوا پێداگری لەسەر بیرۆکە سەرەکییەکەی دەکاتەوە: کە کێشەی سەرەکیی ئەمریکا، چینە نەک ڕووسیا.
ساڵانێک کۆلبی لە زنجیرە گوتار و کتێب و وتارەکانیدا داوای لە ئەمریکا کردووە کە لە سەرچاوە سنووردارەکانی بەرگریی خۆی کەڵک وەربگرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لەوە بکات کە دەسەڵاتێکی هەژموونی دوژمنکارانە دەست بەسەر ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمندا بگرێت. لە ئێستادا چین زۆرێک لە دراوسێ بچووکەکانی لە ڕووی ئابوورییەوە خستۆتە ژێر گوشارەوە و بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی هەرێمەکە لە ناوچەکانی وەک دەریای باشووری چین. بەڵام تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە تایوانە. هەوڵی چین بۆ دووبارە لکاندنی دوورگەکە بەزۆر، بە مانای ململانێ لەگەڵ ئەمریکا و لەوانەیە لەگەڵ ژاپۆنیش بێت. ئەگەر ئەمە سەر بگرێت، دەستی چین دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بەتەواوی بەسەر زەریای هێمندا زاڵ بێت کە بە گرنگترین ناوچەی ئابووری لە جیهاندا دادەنرێت.
بێ گومان ڕەنگە یاسادانەرانی ئەمریکی لە ئیدارەی داهاتووی ترامپ یان هاریسدا، ستراتیژییەک لە بواری بەرگریدا قبووڵ نەکەن کە تەنیا سەرنجی لەسەر ئاسیا بێت. بەڵام، بە گوێرەی کۆبەندی دەستەی لێکۆڵینەوەی بەرگریی کۆنگرێس لە مانگی تەممووزدا، ئەمریکا دەبێت خۆی بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە گرنگەکانی لە هەردوو کیشوەری ئەوروپا و ئاسیا ئامادە بکات.
فرێد فلیتز (Fred Fleitz)
سەرەڕای ئەوەی کە ئەندامێکی دێرینی کۆمەڵگەی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکایە، بەڵام فرێد فلیتز لایەنگرێکی سەرسەختی ئایدیۆلۆژیای دژەدامەزراوەیی (MAGA/ جارێکی دیکە گەورەیی بۆ ئەمریکا دەگەڕێنینەوە)ی ترامپە کە لە ماوەی چوار ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیدا واشنتۆنی تێک دا. فلیتز کەسایەتییەکی دێرینە لە ئیدارەی ترامپ؛ وەک یەکێک لە ڕاوێژکارانی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆکی پێشوو لە ڕێڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوتووە.
فلیتز، هاوشانی کیس کیلۆگ (Keith Kellogg)، ڕەشنووسی پلانێکیان بۆ ترامپ ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت ئەگەر جارێکی دیکە وەکوو سەرۆک هەڵبژێردرایەوە. ئەم پلانە پێویستی بە گوشارە لەسەر ئۆکراینا و ڕووسیا بۆ ئەوەی لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن و نێوەندگیری بکرێت بۆ ئاگربەستێکی کاتی لە بەرەکانی جەنگی ئێستا کە لە کاتی دانوستانەکاندا بەردەوام دەبێت. بەپێی ئەم پلانە، ئیدارەی داهاتووی ترامپ بە هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمریکا، گوشار دەخاتە سەر ئۆکراینا و، لەلایەکی دیکەوە بە هەڕەشەی زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکراینا، گوشار دەخاتە سەر ڕووسیاش بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکانی ئاشتی.
فلیتز زیاتر لە دوو دەیە لە پۆستەکانی سی ئای ئەی، دەزگەی هەواڵگریی بەرگری، وەزارەتی دەرەوە و لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەران کاری کردووە. هەروەها نزیکە لە کەسایەتیی مشتومڕاوی پارێزگارە نوێیەکان، جۆن بۆڵتۆن و، وەک سەرۆکی نووسینگەی بۆڵتۆن لە ئیدارەکانی جۆرج بوش و دۆناڵد ترامپ کاری کردووە کاتێک جێگری کۆنترۆڵی چەک لە وەزارەتی دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بووە. هەرچەندە ترامپ باسی لەوە نەکردووە، ئەگەر بێت و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، پێکهاتەی پۆستە سەرەکییەکانی ئیدارەکەی چۆن دەبێت، بەڵام زۆرێک لە کۆمارییەکان دەڵێن فلیتز یەکێکە لەو کەسانەی لە لووتکەی لیستەکەی ترامپدایە.
ڕیک گرێنێل (Ric Grenell)
لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای پێشکەشکردنی بڕوانامەی دیپلۆماسیی خۆی بە فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا، لە ساڵی ٢٠١٨، ڕیک گرێنێل، باڵیۆزی نوێی ترامپ لە بەرلین، لە تویتێکدا داوای کرد ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییانەی کە بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەکەن، پێویستە “دەستبەجێ کارەکانیان کۆتایی پێ بهێنن.” هەر لەوێیشەوە بوو کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو خاوبوونەوە ڕۆیشت.
ناکۆکییەکانی گرێنێل لەگەڵ حکوومەتی ئەڵمانیا کاتێک ئاشکرا بوو کە هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لەو وڵاتە کرد بەهۆی کەمیی خەرجیی بەرگریی ئەڵمانیا و سەپاندنی سزا بەسەر بۆڕیی نۆرد ستریم-2، کە دەبووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی پشتبەستنی بەرلین بە وزەی ڕووسیا. ڤۆڵفگانگ کوبیسکی (Wolfgang Kubicki)، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەڵمانیا، گرێنێلی بەوە تۆمەتبار کرد کە وەک ئەوەی ئەمریکا “هێشتا دەسەڵاتێکی داگیرکەر بێت” مامەڵە دەکات. ئەم دەرچووەی زانکۆی هارڤارد، دواتر وەک نێردەی تایبەت بۆ باڵکان دەستنیشان کرا؛ لەو شوێنەی کە تۆمەتبار کرا بە دانانی زەمینە بۆ داڕمانی حکوومەتی کۆسۆڤۆ و کاتێکیش کە بوو بە بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی لە ئەمریکا، بووە یەکەم هاوڕەگەزخواز کە پۆستێکی لەسەر ئاستی کابینەی حکوومەت بەدەست هێنابێت.
کیس کیلۆگ (Keith Kellogg)
کاتێک مایکل فلین (Michael Flynn) تەنیا پاش تێپەڕاندنی ٢٢ ڕۆژ بەسەر ئیدارەی ترامپ، لە دوای ئەوەی کە تۆمەتبار کرا بە درۆکردن سەبارەت بە گفتوگۆکانی لەگەڵ باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەمریکا، لە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دوور خرایەوە، کیس کیلۆگ، یەکێک بوو لە یەکەم کاندیدەکان بۆ جێگرتنەوەی. هەرچەندە کیس کیلۆگ بۆ ئەو پۆستە دانەنرا و لە بری ئەو جەنەڕاڵێکی تری سێ ئەستێرە بە ناوی هێربێرت مەکماستەر (H.R. McMaster)، بوو بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی. لە بری ئەوە، کیلۆگ ڕاوێژی دەدایە مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا و وەک سەرۆکی ئەرکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشان کرا. کیلۆگ لەم پێگەیەدا لە هەندێک لە گرنگترین ساتەکانی سەرۆکایەتیی ترامپدا ڕۆڵی هەبووە. کیلۆگ ئاماژەی بەوەیش کردووە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە تەممووزی ٢٠١٩دا “هیچ شتێکی هەڵە و نادروست”ی نەبیستووە کە تیایدا ترامپ داوای لە ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کردووە لێکۆڵینەوە لە بایدن بکات. هەروەها بە شێوەیەکی تایبەت داوای لە مایک پێنس کردووە کە “ئەمشەو” ڕەوایەتیی هەڵبژاردنەکە پشتڕاست بکاتەوە لە کاتێکدا کۆمەڵێک لە لایەنگرانی ترامپ هێشتا لە بینای کۆنگرێسدا بوون. بەڵام کیلۆگ لە کێبڕکێی ناوخۆییی کۆمارییەکان لە مانگی ئابی ٢٠٢٣دا ترامپی لە پێنس پێ باشتر بوو؛ ڕەخنەی لە پێنس گرت بەهۆی ئەوەی گرنگیی بە “مانۆڕکردنی سیاسی” و بەرجەستەکردنەوەی کەسیی خۆی داوە (پێنس لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی کشایەوە، بەڵام پشتیوانیی خۆی بۆ ترامپ ڕانەگەیاند).
لەو کاتەوە، کیلۆگ هەوڵی دا ببێتە ئەندامێکی سەرەکی لە دامەزراوەی هزریی سیاسەتی ئەمریکا یەکەم (America First Policy Institute)، کە ناوەندێکی بیرکردنەوە و هزریی بەشی ئاسایشی نیشتمانیی تیمی ترامپە. هەروەها کیلۆگ هەوڵی دا بە خستنەڕووی پلانێکی ورد، قورساییی زیاتر بە بەڵێنەکەی ترامپ بدات کە لە یەک ڕۆژدا کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا دەهێنێت.
ڕۆبێرت لایتهایزەر (Robert Lighthizer)
کەم ستافی ئیدارەی پێشووی ترامپ هەن کە هێشتا کاریگەرییەکی زۆریان هەبێت لە دانانی ئەو سیاسەتانەی کە ترامپ دەیەوێت. بەڵام ڕۆبێرت لایتهایزەر، نوێنەری بازرگانیی ترامپ، ڕاوێژکاری ئێستا و ڕەنگە وەزیری داهاتووی گەنجینەی ئەمریکا، توانیی پێگەیەکی کاریگەر لەم شێوەیە لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا بەدەست بهێنێت، بەتایبەتی بە گرتنەبەری ڕوانگەی بازرگانیی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، کە یارمەتیدەر بووە لە داڕشتنی سیاسەتی ئیدارەی بایدن بۆ شەڕە بازرگانییەکان.
لایتهایزەر پارێزەرێکی دێرینی کاروباری بازرگانییە و لە ئیدارەی ڕۆناڵد ڕێگان دەستی بە کاری حکوومی کردووە و بیرۆکە چەقبەستوو و نالەبارەکانی ترامپی لەبارەی بازرگانی و ئابوورییەوە، تا ڕاددەیەک کردووە بە سیستەمێکی یەکگرتوو. ئێستا لایتهایزەر بەتامەزرۆیییەوە لە ڕێگەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ترامپەوە دەیەوێت ئەو سیاسەتانە پەیڕەو بکاتەوە کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترامپدا پەیڕەوی دەکرد.
تاریفە گومرگییە بەناوبانگەکانی یەکەمین ئیدارەی ترامپ لەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆم و چەندان بەرهەمی دیکە کە لە چینەوە هاوردە دەکران، دەرەنجامی ڕوانگەی لایتهایزەر بوو و ئەمەیش تەنیا سەرەتایەک بوو. ئەو پێی وایە زیادکردنی باج لەسەر بەکاربەران و بازرگانانی ئەمریکی بۆ ئەو بەرهەمانەی کە هاوردەی دەکەن، وایان لێ دەکات کە کەمتر هاوردە بکەن. لە ڕوانگەی ئەوەوە، لە جیهانێکی ئایدیاڵدا، پێویستە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەرهەمی زیاتر بەرهەم بهێنن و هەناردەی بکەن.
جۆن مەک ئێنتی (Johnny McEntee)
لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٠ لە کاتێکدا ترامپ بۆ سەرکەوتنی دووبارە لە هەڵبژاردنەکاندا لە هەوڵدا بوو، کۆشکی سپی ئیمەیڵی بۆ بەرپرسانی پێنتاگۆن نارد بۆ ئەوەی بۆ دامەزراندن لە پۆستەکان لە ئیدارەی دووەمی ترامپ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە چاوپێکەوتن بکەن کە لەلایەن دوو کەسەوە ئەنجام دەدرا. بەڵام دوای شەپۆلێک لە دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسانی باڵا، لە کاتێکدا کۆشکی سپی هەوڵی دەدا بۆچوونەکانی بەسەر وەزارەتی بەرگریدا بسەپێنێت، بەرپرسان درکیان بەوە کرد کە ئەو چاوپێکەوتنانە هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی دڵسۆزییانەن بۆ خودی ترامپ. ئەو کەسەی کە داڕێژەری ناردنی ئیمەیڵەکە بووە، جۆن مەک ئینتی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی کارمەندانی سەرۆکایەتیی کۆشکی سپی بوو.
ئەوەی ڕاستی بێت، زۆرێک لە دامەزراندنەکان لە ئیدارەی یەکەمی ترامپ لە کەسایەتییە تەقلیدییەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆمارییەکان بوون؛ کەسانێک کە ڕوانگەیەکی نێودەوڵەتییان هەیە، کە لایەنگری بازرگانی و لایەنگری ناتۆ و لایەنگری هاوپەیمانیی ئەمریکا بوون. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، جۆن مەک ئینتی یارمەتیی ترامپی دا بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە زیاتر ئارەزووی بزووتنەوەی “گەڕاندنەوەی گەورەیی بۆ ئەمریکا”یان هەبوو، بگەیەننە پۆستە سەرەکییەکان. لەو کاتەوە تاقیکردنەوەی دڵسۆزی، بووەتە پرۆسەیەکی ستاندارد لە جیهانی ترامپدا. لە ئێستادا جۆن مەک ئینتی لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی هێریتاج (Heritage Foundation) کار دەکات؛ لەوێ یارمەتیی پێشخستنی پڕۆژەی ٢٠٢٥ دەدات، کە دەستپێشخەرییەکی سیاسییە کە ترامپ بیری لێ دەکاتەوە.
کریستۆفەر میلەر (Christopher Miller)
کریستۆفەر میلەر دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ وەک وەزیری بەرگریی ترامپ بەوەکالەت دەستنیشان کرا، هەڵەی زۆری کرد. میلەر لە سەرەتای ڕێگەی سەرکەوتن بە پەیژەکانی چوونەناو پێنتاگۆن، کەوتە سەر زەوی. پاشان دوو ڕۆژ دوای ئەوە کاتێک هەستا بۆ ئەوەی یەکەم وتاری گشتی لە مۆزەخانەی نیشتمانیی سوپای ئەمریکا پێشکەش بکات، دەقی وتارەکەی لەژێر کورسییەکەی بەجێ هێشت. ترامپ، میلەری لە ناوەندی نیشتمانیی دژەتیرۆرەوە گواستەوە بۆ وەزارەتی بەرگری، بۆ ئەوەی جێگەی ئێسپەر (Esper) بگرێتەوە. ترامپ کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دوای ئەوەی لە میدیاکانەوە بانگەوازی ئامادەبوونی بایدن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیدا دەستی پێ کرد، لە تویتێکدا ڕای گەیاند کە ئێسپەری لە کارەکەی دوور خستۆتەوە.
لە ماوەی دوو مانگدا دوای دەستبەکاربوونی میلەر، پێنتاگۆن ئەرکی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان، سووریا و سۆماڵ پێ سپێردرا. میلەر بەهۆی ئەوەی ڕێگەی نەدا بە جێگیرکردنی پاسەوانی نیشتمانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێرشکردنە سەر بینای کۆنگرێس (Capitol) لە ٦ی ١ی ٢٠٢١ لەلایەن لایەنگرانی ترامپەوە بۆ زیاتر لە سێ کاتژمێر دوای ئەوەی پێنتاگۆن ئاگاداری کردەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرفراوان بووەوە.
ستیڤن میلەر (Stephen Miller)
لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ترامپدا، ستیڤن میلەر وەک ئەندازیاری گرتنەبەری سیاسەتە توندڕەو و مشتومڕاوییەکانی کۆچبەریی سەرۆک ترامپ، ناوی خۆی تۆمار کرد. ئەگەر ترامپ لە مانگی نۆڤەمبەردا سەر بکەوێت، ئەوە چاوەڕوان دەکرێت جارێکی دیکە پشت بە میلەر ببەستێت، کە پێشتر پێشنیاری نوێ و بەرفراوانی پێشکەش کردووە بۆ چاکسازی لە سیاسەتەکانی کۆچبەریی ئەمریکا و سەرکوتکردنی کۆچبەران.
میلەر ڕۆڵێکی سەرەکیی بینی لە داڕشتنی پلانەکانی سەرۆکایەتیی ترامپ وەک ڕاوێژکاری باڵا و ڕێکخەری وتارەکانی ترامپ لەو کاتەدا. ناوبراو پاڵپشتیی هەندێک لە پلانە مشتومڕاوییەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای کردووە، لەوانە؛ سیاسەتی جیاکردنەوەی خێزانە کۆچبەرەکان و قەدەغەکردنی گەشتی هاووڵاتیانی چەند وڵاتێکی موسڵمان بۆ ئەمریکا. میلەر هەروەها داوای جێگیرکردنی هێزەکانی کرد بۆ داخستنی سنووری باشووری ئەمریکا و، پێشنیاری قەدەغەکردنی ڤیزەی خوێندکارانی بۆ هاووڵاتیانی چینی کرد.
ڕۆبێرت ئۆبراین (Robert O’Brien)
ترامپ لە دوو ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بە سێ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیدا تێ پەڕی بۆ ئەوەی دواجار بگاتە ڕاوێژکارێک کە بتوانێت تا کۆتاییی خولی چوار ساڵەی لەگەڵیدا بێت. ئەم کەسە کەسێکی تر نەبوو جگە لە ڕۆبێرت ئۆبراین. ئۆبراین کە پارێزەرێکی خەڵکی لۆس ئەنجلێسە، ڕۆڵی خۆی لە کۆشکی سپی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆک بۆ بابەتی بارمتەکان دەست پێ کرد. ئۆبراین هاوکار بوو بۆ ئازادکردنی هاووڵاتیانی ئەمریکی لە زیندانەکانی تورکیا و یەمەن؛ بەو پێیەی ئیدارەی ترامپ دۆخی نالەباری ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە دەرەوەی وڵات دەستبەسەر کرابوون، لە پێشینەی کارەکانی دانابوو.
هەروەها ئۆبراین سەرکردایەتیی هەوڵەکانی ئیدارەی ترامپی کرد بۆ لۆبیکردن لەگەڵ حکوومەتی سوید بۆ ئازادکردنی ڕاپەڕی ئەمریکی، ئاساپ ڕۆکی (A$AP Rocky) دوای ئەوەی ڕاپەڕێکی دیکەی ئەمریکی بە ناوی کانیە وێست (Kanye West) داوای کرد. بەپێی ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز، ڕۆکی بە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کەسێک سزا درابوو.
کاش پاتەل (Kash Patel)
لە ماوەی خولی یەکەمی ترامپدا، کاش پاتەل لە کارمەندێکی نەناسراوی لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بەرز بووەوە بۆ ئەوەی لە مانگەکانی کۆتاییی ئیدارەی ترامپدا ببێتە سەرۆکی ئەرکان و وەزیری بەرگری بەوەکالەت، سەرەڕای ئەوەی کە ئەزموونێکی زۆری سەربازیی نەبوو. پاتەل وەک یاریدەدەرێکی نوێنەر دیڤین نونێس (Devin Nunes) کە ئەوکات سەرۆکی لیژنەی هەواڵگریی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو تۆمەتانەی کە باس لەوە دەکەن تیمەکەی ترامپ پەیوەندییەکی نادروستیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ڕووسیا لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا هەبووە.
دوای ئەوەی ماوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وەک بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کار دەکات، لە ساڵی ٢٠٢٠ وەک سەرۆکی ڕاوێژکاری بەرپرسی هەواڵگریی نیشتمانی دەستنیشان کرا و ڕۆڵێکی گرنگی لە هێرشەکانی ترامپ بۆ سەر کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمریکی و گوشارەکانی سەر دەزگە هەواڵگرییەکان هەبوو بۆ ئاشکراکردنی بەڵگەنامەکانی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە هەوڵی ڕووسیا بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ی ئەمریکا.
مایک پۆمپیۆ (Mike Pompeo)
مایک پۆمپیۆ یەکێک بوو لەو دەگمەن بەرپرسانەی کابینەی ترامپ کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا هەبوو. ترامپ، پۆمپیۆی کە ئەوکات نوێنەرایەتیی کانزاسی لە کۆنگرێس دەکرد، لە نەناسراوی دەرهێنا و وەک بەڕێوەبەری سی ئای ئەی دەستنیشانی کرد. وەک سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا، پۆمپیۆ بە گەشتێکی نهێنی بۆ کۆریای باکوور هاتە ناو گۆڕەپانی دیپلۆماسی بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکات بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان ترامپ و سەرۆکی ئەو وڵاتە، کیم جۆنگ ئون.
لە ساڵی ٢٠١٨دا ترامپ تیلەرسۆنی لە کارەکەی دوور خستەوە و لە شوێنی ئەو، پۆمپیۆی لە وەزارەتی دەرەوە دانا. پۆمپیۆ لەم پۆستەدا وریا بوو کە وەک ئەکتەرێکی گرنگ لە بازنەی نزیکی ترامپدا بمێنێتەوە. پۆمپیۆ کۆمارییەکی سەرسەخت بوو، هەروەها کەسایەتییەکی سەرەکی بوو لە پاڵنانی ترامپ بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و ئەندازیاری سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (ترامپ) لەگەڵ چین بوو کە ئێستاکە ئەم سیاسەتە پشتیوانیی هەردوو حزبەکەی هەیە.
سەرچاوە: