1

هەنگاوێک تا جەنگی هەرێمایەتی: ستراتیژیی سەربازیی ئیسرائیل و ئێران بۆ مانەوە

د. پەرویز ڕەحیم قادر/ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی/مامۆستای زانکۆ

پێشەکی

بە تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی حزبوڵڵا، ناسراو بە “پەیجەر” لە لوبنان و سووریا، ئاستی بارگرژییەکان بەگشتی و شێواز، سنوور، بوارەکانی جەنگ چووە قۆناغێکی نوێ و بەرزترەوە. بەم پێیەیش، پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە لە چوارچێوەی جەنگی حەماس-ئیسرائیلدا دەردەچێت و، تەنانەت زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین بەرەو جەنگێکی هەرێمایەتی دەچێت. بەڵام وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک دەتوانێت یارمەتیدەر بێت کە: ئایا ئەم جەنگە ڕوو دەدات؟ هەروەها ئامانجەکانی چییە و کام ئەکتەر دەیەوێت ئەم جەنگە ڕوو بدات و کامەیان خۆیانی لێ دەبوێرن؟ هەروەها ئەگەر جەنگ ڕوو بدات ئەو ئەکتەر و لایەنانە کامانەن کە لە جەنگەکەدا تێوە دەگلێن؟ لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر، لێکەوتەکانی چی دەبێت؟ سەرەڕای ئەو پرسیارانەیش، ئەمە گرنگە ڕوون بکرێتەوە کە، چی وا دەکات ئەم جەنگە سنوورداردار بێت؟

بە شێوەیەکی سەرەتایی دەتوانین بڵێین کە ئەوەی لە ئێستادا فاکتەرێکی کاریگەرە و ئەو ڕووداوانە ئاراستە دەکات، ستراتیژیی نوێی سوپای ئیسرائیلە بۆ چەسپاندنی دەستکەوتەکان؛ یاخود وردتر بڵێین دڵنیابوونەوە لە دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان لە ئیسرائیل و بەتایبەتی هەڕەشەکانی حزبوڵڵای لوبنان کە لەپاڵ بەرنامەی مووشەکی و درۆنی و، هەروەها بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بە گەورەترین سامانی ستراتیژیی ئێران لە ناوچەکەدا بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی ڕێگریکردنی (deterrence policy)ی کۆماری ئیسلامی، دادەنرێت.

یەکەم: ئیسرائیل و هاوکێشەی ئاڵۆزی ئەکتەرەکان

ئیسرائیل وەکوو ئەکتەری سەرەکیی هاوکێشەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدایە؛ بەم واتایەی بەهۆی ئەوەی کە ستراتیژییە نەریتییە سەربازی و ئاسایشییەکەی لەپاش هێڕشی حەماس لە ڕووی زەمەنییەوە درێژخایەنییان نەبووە و تەنانەت دکتۆرینی سەربازیی خۆیشیان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراندبوو کە بە هێرشی پێشدەستانە و پێشگیرانە ڕێگری لە هێرشی ئەکتەرەکانی دیکە بکەن و لە هەمان کاتیشدا لە کورتترین ماوە و بە هەموو توانا و هێزی سەربازی و کەڵکوەرگرتن لە جەنگێکی خێرا، دوژمن لەناو ببەن یاخود تواناکانی ئیفلیج بکەن. جگە لە جەنگی چوارەمی عەرەب-ئیسرائیل، ناسراو بە جەنگی یۆم کیپور (Yom Kippur War) لە نێوان ٦ بۆ ٢٥ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٧٣، کە میسر و سووریا هێرشی لەناکاویان كردە سەر ئیسرائیل، لە هەموو جەنگەکاندا ئیسرائیل ئامادە بووە و پێشدەستیی کردووە؛ هەرچەندە لەو جەنگەیشدا ئیسرائیل بەخێرایی بە هێرشی پێچەوانە، توانیی سەرکەوتنێکی خێرا مسۆگەر بکات و کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت و لێکەوتەی ئەو جەنگە بۆ دەیان ساڵ، باڵی کێشا بەسەر هاوکێشە سیاسی و سەربازی و ئاسایشییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا.

پاش ٥٠ ساڵ “حەماس” دووبارە هەمان ستراتیژیی پەیڕەو کرد، بەڵام ئەم جارەیش ئیسرائیل بەسەر بارودۆخەکەدا زاڵ بوو؛ بەم جیاوازییەوە کە ئیتر هەم ماوەی جەنگەكە چەند ڕۆژێک نەبوو و ئیسرائیل نەیتوانی کۆتاییی پێ بێنێت، هەم لەمەیش گرنگتر، دوژمنەکە ئەکتەرێکی دەوڵەتی نەبوو. دەتوانین بڵێین کە ئەم فاکتەرەی دوایی، واتە ئەکتەری نادەوڵەتی و جەنگی ناهاوتەریب یاخود “حرب غير متكافئة” (asymmetric warfare)، وێنا و سیمای هاوکێشەکانی ناوچەکە و جیاوازییەکانی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ دوژمنە نوێیەکانی دەستنیشان دەکات. هەرچەندە جەنگی ٣٣ ڕۆژەی ساڵی ٢٠٠٦ی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان، وێکچوونی هەیە و حزبوڵڵا بە ئەکتەری نادەوڵەتی هەژمار دەکرێت، بەڵام هاوسەنگیی هێز، بارودۆخی ناوخۆی لوبنان، سروشتی سیاسی-سەربازیی خودی حزبوڵڵا، هاوکێشەکانی ناوچەکە لەو ساڵ و سەردەمەدا بەتەواوی جیاوازییان هەیە لەگەڵ ئێستا.

لە ئێستادا پێ دەچێت ئیسرائیل بیەوێت بەتەواوی کۆتایی بە بوونی سەربازیی حەماس بهێنێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هەمان مەترسی نەبێتەوە و هەر ئەمەیش یەکێکە لە هۆکارەکانی لادان لە ستراتیژیی نەریتیی سەربازیی ئیسرائیل سەبارەت بە خێراییی کۆتاییهێنان بە جەنگەکان. جگە لەمانەیش شرۆڤە و گۆڕانکارییەکان دەری دەخەن کە چونکە ستراتیژیی کوشتن بە هەزار برینی چەقۆ (death by a thousand knife wounds) و، هەروەها ئەوەی بە جەنگی سێبەر (Shadow War) ناسراوە، تاوەکوو ئێستا شکستی خواردووە یان لە باشترین حاڵەتدا ئەنجامەکەی ڕوون نییە کە بتوانێت مەترسییەکانی ئێران لەسەر ئیسرائیل بڕەوێنێتەوە، بەم پێیە ئیسرائیل درکی بەوە کردووە کە پاش ئەم ئاڵوگۆڕ و پێشهاتە جیۆسیاسی و ئاسایشییانە لە بەردەم دوو سیناریۆی سەرەکیدایە:

١- سیناریۆی یەکەم ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ ئەکتەرە دەوڵەتییەکەی دوژمنی کە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بەکار دێنێت و جەنگی بەنوێنەرایەتی (Proxy war) لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، بکاتە ئامانج کە ئەویش “کۆماری ئیسلامیی ئێران”ە، کە لە لای ئیسرائیلییەکان بە “سەری هەشتپێ” دادەنرێت.

٢- سیناریۆی دووەم ئەوەیە کە سەرەتا باڵ و قاچەکانی هەشتپێ (octopus)ەکە ببڕێت، کە ستراتیژیی ئەڵقەی ئاگر (Ring of Fire)ی ئێران، کە لە هێزە پرۆکسییەکان و ناوچە نائارامەکان لە لوبنان و غەززە و سووریا و عێراق و یەمەن پێک دێت و گەمارۆی ئیسرائیلیان داوە، لەناویان ببات و بە ڕەواندنەوەی هەڕەشە نزیک و سنوورییەکان بەتەواوی ناکاریگەر و لاوازیان بکات، خۆی بۆ ئاستێکی بەرزتر لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ئامادە بکات.

ئاماژەکان دەری دەخەن ئیسرائیل لە ڕێگەی جەنگ و هێرشی هایبریدی (hybrid attack) هەردوو سیناریۆكە هاوکات بەڕێوە دەبات، بەڵام قورسایییەکی زیاتری خستۆتە سەر مەترسییە نزیک و هەنووکەیییەکان و لەمەیش گرنگتر، بۆ لێدان لە ئەکتەرە دەوڵەتییەکە پێ دەچێت ستراتیژیستە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ نا-کاریگەرکردنی پرۆکسییەکانی ئێران و ڕاگرتنی فراوانخوازییەکانی ئێران لە ناوچەکە، کەڵکی لە دۆکترینی مابام (MABAM) ناسراو بە Campaign between the Wars وەرگرتووە و دۆکترینی ناسراو بە Dahiya Doctrine کە لەپاش جەنگی ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان گرتییە بەر، لە دژی حەماس و لەوانەیە لە داهاتوودا لە دژی حزبوڵڵا بگرێتە بەر. هەر بۆیە ئاستی بارگرژییەکان بەرز دەکاتەوە و ئەوەی کە جێگەی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە ئێران و پرۆکسییەکانی دەیانەوێت کۆتایی بە جەنگەكە بێت. هۆکاری ئەمەیش ئەوەیە کە ئەو ئەکتەرانە دەزانن لێدان و لاوازکردن و نا-کاریگەرکردنی پرۆکسییەکانی ئێران، ئامانجەکەی تەنیا ئەو هێزانە نییە، بەڵکوو لاوازکردنی ئێران و پاشان بردنی جەنگە بۆ ناوخۆی ئێران.

دووەم:  ئێران و گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەکان

 ئێرانییەکان لە ئێستادا دوو سیناریۆی سەرەکییان لەبەردەمدایە:

١- بکەونە ناو جەنگێکی بەرفراوان و گشتگیری ناوچەیی و لانی کەم لە حەوت بەرەوە (غەززە-کەرتی ڕۆژاوا-لوبنان-سووریا-عێراق-یەمەن-ئێران) هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل؛ کە ئەمە سەرەڕای مەترسییەکانی، هەمان شتە کە لە ئێستادا ئیسرائیلییەکان بۆ تێوەگلاندنی ئەمریکا و ڕۆژاوایییەکان لە جەنگدا دەیانەوێت و، هەر بۆیە ئێران زۆر نیگەرانە لەم سیناریۆیە و هەموو هەوڵی خۆی داوە کە لەگەڵ ئەمریکییەکان ڕێگری لەم سیناریۆیە بكرێت و تەنانەت ستراتیژیست و شرۆڤەکارانی ئێرانی بە “تەڵەی ناتانیاهۆ” یان “داوی ئیسرائیل”ی دادەنێن و تەنانەت کوشتنی “ئیسمائیل هەنییە” لە تارانیش بە پلانی ئیسرائیل بۆ ڕاکێشانی پێی ئێران بۆ ناو جەنگی ڕاستەوخۆ دەزانن و هەر ئەمەیش نهێنیی درەنگکەوتنی وەڵامدانەوەی ئێرانە بۆ ئیسرائیل کە لە سەرەتادا بەتوندی بەڵێنیان دابوو ئەم تۆڵەیە لە ئیسرائیل بکەنەوە.

٢- سیناریۆی دووەم ئەوەیە کە گوشار بخەنە سەر ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت وڵاتانی عەرەبی، کە ئەوانیش گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل و، لەم سنوورەدا جەنگ بوەستێت؛ چونکە ئێرانییەکان ئاگا و وشیارن بەوەی کە پلان و ستراتیژیی نوێی سەربازیی ئیسرائیل لە لێدان لە پرۆکسییەکان، دەگۆڕدرێت بۆ لێدانی سەربازی لە ئەکتەری دەوڵەتی (کۆماری ئیسلامیی ئێران). هەر بۆیە دەبینین ئێرانییەکان- سەرەڕای سزا و ئابڵووقەکانی ئەمریکا و ئەوروپییەکان- لە پێناوی بەدیهێنانی ئەم سیناریۆیەدا ڕیسکی ئەوە دەکەن مووشەک بۆ ڕووسیا دەنێرن، بۆ ئەوەی بیکەنە مەرج بۆ ڕاوەستاندنی جەنگ، چونکە پێیان وایە جەنگی ئۆکراینا-ڕووسیا، بۆ ئەمریکا و ئەوروپییەکان گرنگتر و هەستیارترە لە جەنگی حەماس- ئیسرائیل و بە هیچ شێوەیەک ئیدارەی بایدن لە ئەمریکا ئەوەیان ناوێت و، بۆیە لێرەدا ئێران و ئەمریکییەکان یەک ئامانجیان هەیە کە کۆتایی بە جەنگەكە بێت.

لە لایەکی دیکەوە، هاتنەسەرکاری پزیشکیان لەپاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و، هەروەها ناردنی پەیامی دانوستان لەگەڵ ڕۆژاوا و چارەسەرکردنی کێشەکان، هاوتەریب لەگەڵ چڕکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکان، بۆ ڕێگریکردن و خۆپاراستنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە سەرکەوتنی ئیسرائیل لە هێنانەدیی سیناریۆی یەکەم و بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیناریۆیەیە کە، بەهۆی ناهاوسەنگی لە توانا مرۆیی، ئابووری، سەربازی و تەکنەلۆژییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگێکی گریمانکراودا، کارەسات و تەنانەت شکستی گەورەی بۆ ئێرانییەکان لێ دەکەوێتەوە. هەر بۆیە وەکوو دوایین فاکتەر و میکانیزمی مانەوە و ڕێگریکردن، ئێران بەرەو ئەتۆمیبوون-یش دەچێت، ئەگەر ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان و جەنگی ناهاوسەنگ و بەنوێنەرایەتی لە زۆنی خۆڵەمێشی وەڵامدەر نەبێت.

سێیەم: ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی لایەنگری ئێران و هاوکێشە ئاسایشییەکان

١- حەماس:

 بۆ بزووتنەوەی حەماس هەڵەیەکی ستراتیژی بوو کە کەوتە ناو یارییەک کە لە قەبارە و هێزی ئەو ئەکتەرە گەورەتر بوو. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەتوانین بڵێین کە پێشبینی و لێکدانەوەی حەماس کە لەسەر ئەوە بنات نرابوو کە ئەم جەنگە دەتوانێت پرسی فەڵەستین بکاتە پرسێکی نێودەوڵەتی و بەم پێیەیش حەماس ببێتە ئەکتەری سەرەکیی خاوەن ڕەوایەتی و تاکە ئەکتەری خاوەن پرسەکە و تەنانەت لە گەمارۆ و پەراوێزخستن ڕزگاری دەکات و لە لایەکی دیکەیشەوە، حەماس پێی وا بوو کە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بەتەواوی دێنە ناو هاوکێشەی جەنگەوە، لە کاتێکدا دەبینین کە ئەمە ڕووی نەدا و سەرەڕای ناڕەزایەتیی ڕای گشتیی جیهانی لە دژی جەنگ و ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل و کوژرانی دەیان هەزار کەسی سڤیل و بەبارمتەگرتنی ئیسرائیلییەکان، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە چالاکییە سەربازییەکانی دژی حەماس و، تەنانەت لە ئێستادا ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابێت بە سیناریۆی پاش جەنگی حەماس-ئیسرائیل، کە پێگە و شوێنێکی سیاسی- سەربازی بۆ حەماس لە کەرتی غەززە و پرسی فەڵەستین لە ئارادا بێت. چونکە جگە لەوەی مانەوەی سیاسی و سەربازیی حەماس لەم قۆناغەدا کۆتاییی پێ هاتووە، لە هەمان کاتیشدا، ئەکتەرەکانی دیکە چارەنووسی حەماس بە چارەنووسی خۆیان دەبینن لە ئەگەری بەردەوامیی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و، هەر ئەمەیش نهێنیی درێژەکێشانی جەنگ و گۆڕینی ستراتیژیی سەربازیی ئیسرائیلە کە پێشووتر بەخێرایی کۆتاییی بە جەنگەکان دەهێنا.

٢- حزبوڵڵای لوبنان:

 یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین ئەکتەرە نادەوڵەتەکانی ناوچەکە و لایەنگری ئێران، حزبوڵڵای لوبنانە. لەوانەیە لە لێکدانەوە و پێشبینییەکانی پێش ٧ی ئۆکتۆبەری حەماسدا، وەکوو ئەکتەرێک کە دەتوانێت حەماس لە لەناوچوون بپارێزێت، حسابی لەسەر کرابوو، بەڵام ئاست و قەبارەی بەشداریی حزبوڵڵای لوبنان لە سەرەتای جەنگەکەوە و لە ڕێکەوتی ٨ی ئۆکتۆبەرەوە، نیشانی دا کە ئەم ئەکتەرە سەرەڕای توانا مرۆیی و سەربازی و مووشەکییەکانی، دوو کێشەی لەبەردەمدایە: ١- ئێرانە کە بڕیاری بەشداریی تەواو یان سنوورداری دەدات. ٢- چارەنووسی حەماس و ئاستی بارگرژییەکان و، هەروەها لاوازیی ئێران و خۆبەدوورگرتنی لە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل، دەری خست کە حزبوڵڵای لوبنانیش بۆ مانەوەی خۆی، حەز دەكات جەنگەکە لەم قۆناغەدا کۆتاییی پێ بێت.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، حزبوڵڵای لوبنان سەرەڕای مەترسییەکانی بۆ ئیسرائیل بەهۆی توانا مووشەکییەکانی لەپاش ساڵی ٢٠٠٦ەوە و ئەزموونی لە جەنگی سووریا، بەڵام ناتوانێت بەبێ پشتیوانیی ئەکتەرێکی دەوڵەتیی وەکوو ئێران، لە جەنگێکەوە تێوە بگلێت کە ئەنجامەکەی بە شکست و لەناوچوونی توانا سەربازی و مرۆیییەکانی بشکێتەوە. هەر بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە ئیسرائیل بەردەوام ئاستی پێکدادان و بارگرژییەکان لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان بەرز دەکاتەوە و بەرزترین فەرماندەکانی لەناو دەبات، حزبوڵڵای لوبنان بەوریایییەوە مامەڵە دەکات و وەڵامدانەوەکانی سنووردارە. لەم سەروبەندەیشدا تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی حزبوڵڵا وای کردووە کە هەموو ئەکتەرەکانی دیکە، بە ئێرانیشەوە، درک بە مەترسیی پەرەسەندنی بارگرژییەکان و تواناکانی ئیسرائیل بکەن. جگە لەمانەیش، حزبوڵڵای لوبنان ئەو ڕاستییەیش دەزانێت کە ئیسرائیلییەکان بۆ لەناوبردنی تواناکانی ئێران پێویستیان بەوە هەیە کە مەترسییەکانی ئەم ئەکتەرە لەناو ببەن یاخود نا-کاریگەری بکەن، هەر بۆیە هەم ئێران و هەم حزبوڵڵای لوبنان لەسەر ئەو بنەمایە ڕەفتار دەکەن کە جەنگەکە گەورە نەکرێتەوە و حزبوڵڵای لوبنان بەم شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە. بەڵام ئیسرائیلییەکان بارودۆخەکە بە دەرفەت دەزانن کە گەورەترین مەترسیی نزیک و جوگرافییان و، هەروەها بەهێزترین ئەکتەری لایەنگری ئێران لاواز و ناکاریگەر بکەن و ئاسایش بگەڕێننەوە بۆ ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل و پاشەکشە بە حزبوڵڵا بکەن بۆ سنووری دەستنیشانکراو بەپێی بڕیاری 1701ی ساڵی ٢٠٠٦ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئیسرائیلییەکان ئەو ڕاستییە باش دەزانن، ئەو فاکتەر و ئەکتەرەی کە دەتوانێت لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی ئێران یاخود لێدان لە بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هەڕەشەی ڕاستەقینەیان لێ بکات، حزبوڵڵای لوبنانە؛ بۆیە دەیانەوێت بۆ لێدان لە ئێران، لە حزبوڵڵاوە دەست پێ بکەن. هەر بۆیەیش ئێرانییەکان هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە بە هێرشکردنە سەر حزبوڵڵای لوبنان، جەنگەکە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە و ئەمریکییەکانیش لەم خاڵەدا لەگەڵ ئێرانییەکان هاوڕان و ئەمە خاڵی بەهێزی ئێرانە کە لەگەڵ ئەمریکییەکان نایانەوێت جەنگ تەشەنە بسەنێت. بۆیە ئیسرائیلییەکان هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە کە یان ئێران بێتە ناو جەنگەکە و بەم بیانوویە لە حزبوڵڵای لوبنان بدەن و بەتەواوی لاوازی بکەن یاخود بە کوشتنی فەرماندە سەربازییە باڵاکانی، حزبوڵڵای لوبنان ناچار بکەن پەیڕەوی لە سیاسەتی دانبەخۆداگرتنی ئێرانییەکان نەکات و کاردانەوەی هەبێت و هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

لەم سیناریۆیەیشدا، ئەگەر ئێران پشتیوانی لە حزبوڵڵا نەکات، ئەوە بە قازانجی ئیسرائیلییەکانە و بەتەواوی دەتوانن حزبوڵڵا پەك بخەن و نا-کاریگەری بکەن و بەم پێیەیش پرۆکسییەکانی لایەنگری ئێران کە ئەمە ببینن، بەتەواوی لە ئێران دوور دەکەونەوە. لە لایەکی دیکەیشەوە، ئەگەر ئێران پشتیوانی لە حزبوڵڵا نەکات و نەیەتە ناو جەنگەکەوە، ئەوە پاش ئەم قۆناغە ئیسرائیلییەکان بە ڕەواندنەوەی مەترسییە مووشەکییەکانی حزبوڵڵا بۆ قووڵاییی خاکی ئیسرائیل، دەستیان کراوەتر دەبێت بۆ لێدان لە هەموو ئەکتەرەکانی دیکە بەهۆی دووریی جوگرافی و باڵادەستیی تەکنەلۆژی و سەربازیی ئیسرائیل و لە کۆتاییشدا لێدان لە بنکە مووشەکی و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر کەمتێچووتر دەبێت بۆ ئیسرائیلییەکان.

٣- حووسییەکانی یەمەن و میلیشیاکانی عێراقی و میلیشیاکانی سووریا:

 ئەم ئەکتەرانە ئەرکیان جیاوازە و ئاست و ڕێژەی مەترسییان بۆ ئیسرائیل زۆر نزمترە؛ بۆ نموونە سەرەڕای ئەوەی کە هەموو ئەو ئەکتەرانە بەشدارییان کردووە لە کردنەئامانجی ئیسرائیل بە مووشەک و درۆن، بەڵام  بەهۆی مەودا و دووریی جوگرافی و هاوسنوورنەبوون لەگەڵ ئیسرائیل و جیاوازی لە قەبارە و توانا سەربازییەکانیان، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر گۆڕینی هاوکێشە سەربازی و ئاسایشییەکان نییە. بەڵام ئەم هێزانە ئەرکی دیکەیان هەبووە؛ بۆ نموونە، حووسییەکانی یەمەن زیاتر ئامرازی ڕێگریکردنی ئێرانییەکانن بۆ دروستکردنی مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی کە لە هەر ئەگەرێکدا نەچنە پاڵ ئیسرائیل و، گوشار لە ئەمریکا و ئیسرائیل بکەن بۆ بەرفراواننەکردنی جەنگ و کۆتاییهێنان بە جەنگ. لە لایەکی دیکەیشەوە، لە ڕێگەی پەکخستنی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان و، هەروەها لێدان لە ئاسایشی گواستنەوەی نێودەوڵەتی و بازرگانیی جیهانییەوە، هەوڵ دەدەن تێچووی بەرفراوانبوونی جەنگ بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەی گوشارەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و تەنانەت ڕای گشتیی ئەو وڵاتانە لەسەر ئیسرائیل بەرز ببێتەوە.

لە لایەکی ترەوە، میلیشیاکانی عێراق هەرچەندە چەند جارێک هێرشی سنووردارداریان کردۆتە سەر شارەکانی ئیسرائیل، بەڵام زیاتر ئەرکیان هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ ئەوەی ئەمریکا ناچار بێت بەهۆی بارودۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە لە جەنگەكە تێوە نەگلێت و، گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئاگربەست لەگەڵ حەماس و تەنانەت بۆ ئەوەی کە ئیسرائیل هێرشی ڕاستەوخۆ نەکاتە سەر حزبوڵڵای لوبنان و تەنانەت ناوخۆی ئێران. بەم پێیە ئەرکی میلیشیاکانی عێراقی ئەرکێکی یەکجار گرنگە بۆ ئێرانییەکان، چونکە تاکە هێزن کە سەرەڕای وەڵامدانەوەی ئەمریکا، بەڵام ئەمریکا بەهۆی هاوکێشەکانی عێراق و ناوچەکە، ناچارە ڕازی بێت بە ئەجێنداکانیان ئەگەر بەنهێنی و ناڕاستەوخۆیش بێت و تەنانەت دەردەکەوێت کە تاوەکوو ئێستا ئێران سەرکەوتوو بووە لەم ستراتیژییەدا و توانیوییەتی بە هێرشی ئەم گرووپە میلیشیایانە بۆ سەر ئەمریکییەکان و، هەروەها هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان، لانی کەم بەشێک لە ئامانجەکانی بێنێتە دی. تەنانەت وەڵامدانەوەی سەربازیی ئەمریکاش بۆ ئەم گرووپانە دوای هێرشکردنیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کوشتنی ئەمریکییەکان، بەپێی چاوەڕوانیی شرۆڤەکار و ستراتیژیستەکانی ئەمریکی نەبووە و هەر ئەمەیش نیشان لە سەرکەوتووییی ستراتیژیی ئێران دەدات لەم بارەیەوە.

هەروەها ڕۆڵی میلیشیاکانی وەکوو زەینەبییون و فاتمییون لە سووریا زیاتر بۆ سەرقاڵکردنی ئەمریکا و ڕۆژاوای کوردستانە، هاوشێوەی ڕۆڵی میلیشیاکانی عێراقی، بەڵام بە ئاست و قەبارەی بچووکتر. بەم واتایەی کە ئەو پەیامە دەدەنە ئەمریکا، كە لە سووریاش پارێزراو نابن ئەگەر جەنگ پەرە بسێنێت و، هێرشیان دەکرێتە سەر.

٤- ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە:

ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی، حەز ناكەن جەنگ پەرە بستێنێت و بە مەترسییەکی گەورەی دەزانن بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکان و، هەروەها سەقامگیری و داهاتووی ناوچەکە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و، هەروەها مەترسییەکانی چین بۆ ئەو وڵاتانە ئەولەوییەتی هەیە و پرسە ناوخۆیییەکانیان وەکوو قەیرانی کۆچبەران و بەهێزبوونی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و پرسە ئابوورییەکان و بێکاری و هەڵاوسان و دابینکردنی وزە و بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی جیهانی لە ناوچەکە، لە لووتکەی پرس و بابەتەکانیاندایە. کۆماری ئیسلامییش ئەم ڕاستییە دەزانێت و کاری لەسەر دەکات. بەڵام ئەوەی کە دەتوانێت ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکاتەوە سەرکەوتنی “دۆناڵد ترامپ”ە لە ئەمریکا وەکوو سەرۆککۆمار؛ ئیسرائیلیش بۆیە جەنگەكە درێژە پێ دەدات.

بە شێوەیەکی گشتی ئەم وڵاتانە پەرەسەندنی جەنگ و تێوەگلانیان، بە قازانجی ڕووسیا و تا ڕاددەیەکیش چین دەبینن. وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەیش، چ بەهۆی پێگە و هێز و تواناکانی ئێران و چ بەهۆی ڕۆڵی ئەکتەرە نادەوڵەتەکانی لایەنگری ئێران لە ناوچەکە و، هەروەها ڕای گشتیی عەرەبی-ئیسلامی، ئەم جەنگە بە زیانی خۆیان دەبینن، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە؛ بۆ نموونە سعوودیا و پلانەکانی شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە “محەممەد بن سەلمان” بە هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان و بەتایبەتی ئێران و ئیسرائیل، پووچەڵ دەبێتەوە و ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە و کاریگەریی لەسەر پێگە سیاسییەکەیشی لە ناوخۆ و دەرەوە دەبێت. چونکە هەموو ئەو وڵاتانە دەزانن کە ئێرانییەکان بۆ دەربازبوونیان لە ڕووخانی سیستەمەکەیان، هەوڵ دەدەن لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی تەواو و گشتگیر لەگەڵ ئیسرائیل، بۆ گوشارخستنە سەر ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە، هەموو وڵاتانی دیکەیش لەو جەنگە تێوە بگلێنن.

کۆبەند

ئەوەی ڕاستی بێت، بەو پێیەی ئەمریکا کێشەی گەورەتری لە ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتیدا وەکوو چین و جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا هەیە، وای کردووە کە ئێرانییەکان دەستیان کراوەتر بێت و جگە لەوەی مەترسیی ئەمریکا بۆ سەر خۆیان بڕەوێننەوە، لە هەمان کاتیشدا ئەم هاوڕابوونەیان لە ڕێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگ لە ناوچەکە بووەتە هۆی ئەوەی كە، ئەمریکا وەکوو پێویست گوشار نەخاتە سەر ئێران و پرۆکسییەکانی و تەنانەت وەکوو پێویست دەستی ئیسرائیل کراوە نەبێت یاخود دڵنیا نەبێت لە ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران وەکوو سەری ئۆکتاپووسەکە و ڕەواندنەوەی مەترسییە وجوودییەکانی سەر خۆی کە لە لووتکەی ئەو هەڕەشانەدا پرسی ئەتۆمیی ئێرانە و پاشان هێزە میلیشیایی و بەنوێنەرایەتییەکانی ئێرانە لە سنوورەکانی ئیسرائیل و بەتایبەتی حزبوڵڵای لوبنان.

هەموو ئەم هاوکێشانەیش بۆ ئەوەیە کە ئێران بمێنێتەوە و جەنگ لە سنوورەکانی دوور بخاتەوە و ئیسرائیلیش هەمان مەبەستی ئێرانی هەیە، بەڵام بەم جیاوازییەوە کە ئێران ڕەوایەتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییشی لەژێر کاریگەریی ئەم ستراتیژییە سەربازییە و دەستوەردانە ناوچەیییەکانی و، هەوروەها لەژێر کاریگەریی توندی ئابڵووقە و سزا نێودەوڵەتییەکاندایە و ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی نوێ و تەنانەت سەرکێشانی بۆ ڕووخانی ڕژێمەکەی زۆر بەرزە. هەر بۆیە ئێران لە لایەک دەیەوێت جەنگەكە ببڕێتەوە و لە لایەکی دیکەیشەوە گوشار دەخاتە سەر ئەمریكا و دانوستانی لەگەڵ دەکات و لە هەمان کاتیشدا بەنهێنی لەگەڵ ڕووسیا پەرە بە هاوپەیمانێتیی ستراتیژیی سەربازی و سیاسی دەدات و لە هەموویشیان گرنگتر ئەوەیە کە، بەهۆی ئەزموونی جەنگی ئیسرائیل-حەماس و گۆڕانکاری لە دۆکترینی سەربازی و ئاسایشی ئیسرائیل و دەرکەوتنی لاوازییەکانی دۆکترینی بەرگریی ئێران لەسەر بنەمای مووشەک و درۆن لە هەمبەر ئیسرائیل و ئەمریکا، خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکات کە دۆکترینی سەربازیی خۆی بگۆڕێت و لە کاتی مەترسی بۆ سەر وجوودییەتی خۆی، خاوەندارێتیی چەکی ئەتۆمی ڕابگەیەنێت؛ هەرچەندە ئەمە هاوکێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی دەگۆڕێت و، مەترسیی گەورەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە ڕووخانی سیستەمەکە دەکاتە ئەولەوییەتی ڕۆژاوا، کە لە ئێستادا لە ئەجێندا و ئەولەوییەتی ڕۆژاواییەکان و بەتایبەتی ئەمریکادا نییە.

لە کۆتاییدا، بەپێی زانیاری و ئاماژەکان ڕووداوەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و ئەگەری هەڵگیرسانی ئەم جەنگە هەرێمایەتییە، کاریگەریی لەسەر هاوکێشە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبووە و لە داهاتوودا ئەم لێکەوتانە زیاتر دەردەکەوێت و بە هاتنەسەرکاری پزیشکیان ناوەستێت.