1

ئایا ئێران و ئیسرائیل لە لێواری جەنگێکی تەواودان؟

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: پێنووس

لەم چەند ڕۆژەدا بنیامین نەتانیاهۆ وتی: “گەلی ئێران زووتر لەوەی بیری لێ دەکەنەوە، لەدەست حکوومەتەکەیان ڕزگاریان دەبێت.” زۆر کەس ئەم قسانەیان بە سەرووتر لە ڕیتۆریکی سیاسیی ئاسایی دەزانی. پێش ئەوە ڕێبەری ئێران ڕای گەیاندبوو کە “ڕووداوێکی هاوشێوەی جەنگی ئێران و عێراق لە فەلەستین و لوبنان ڕوو دەدات.” بنیامین نەتانیاهۆ لە پەیامێکدا بۆ گەلی ئێران، ڕۆژانی داهاتووی بە “ساتێکی گرنگ” ناو بردبوو و ڕای گەیاندبوو کە حکوومەتی ئێران گەلەکەی گەیاندووەتە لێواری “ڕووخان”. ئەم وتانەی نەتانیاهۆ دوای ئەوە هات کە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: “دەستدرێژی” بۆ سەر خاکی ئێران بەو مانایەیە کە “ئەگەر هەلومەرجەکە پێویستی پێی بێت و ئەگەر کاتی هات، ئێمە تا خودی قودس بەردەوام دەبین.”

مەبەستی کەنعانی، ئاماژەدان بوو بە ئۆپەراسیۆنی “بیت‌المقدس” کە بووە هۆی ئازادکردنی شاری خوڕەمشەهر لە (ئایاری ١٩٨٢). هەر دوای ئازادکردنی خوڕەمشەهر بوو کە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر لوبنان و دواتر ئایەتوڵڵا خامنەیی، سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ئێران، داوای لە موحسین ڕەزایی، فەرماندەی ئەو کاتەی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کرد ژمارەیەک هێزی ئێرانی ڕەوانەی ناوچەکە بکات بۆ پشتیوانی لە لوبنان. بەڵام بە دژایەتیی ئایەتوڵڵا خومەینی، لیوای ٢٧ی محەمەد ڕەسولوڵڵای تاران کە چووبووە دیمەشق، گەڕایەوە ئێران.

دوای 26 ساڵ و لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی 2006، ئەم جارەیان ئایەتوڵڵا خامنەیی، وەک ڕێبەری ئێران، کە ئاسۆی سەرکەوتنی لە شەڕی 33 ڕۆژەدا نەبینیبوو، بەنهێنی داوای لە قاسم سولەیمانی کرد پشتیوانیی لوبنان بکات. فەرماندەی سوپای قودس کە لە ناوەڕاستی هێرشی ئیسرائیل بۆ پێدانی ڕاپۆرت و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی گەڕابووەوە بۆ ئێران، جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ لوبنان.

ئێستا دوای ١٨ ساڵ، هەر لەو ڕۆژەی کە ئیسرائیل خەریک بوو هێرشێکی زەمینی بكاتە سەر لوبنان، ئێران هێرشەکەی دەست پێ کرد. ئەمە سێیەم جارە کە ئایەتوڵڵا خامنەیی بڕیار دەدات لە یەک کاتدا لەگەڵ هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە. ئایەتوڵڵا خامنەیی لە دوایین وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە بارودۆخەکە هاوشێوەی یەکەمین جەنگی ئێران و عێراقە و ئیسرائیل “زۆرترین چەکی” هەیە.

 چارەنووسی “میحوەری بەرخۆدان (موقاوەمە)”؛ سەرانی ئێران و ئیسرائیل بەڵێنی سەرکەوتنیان داوە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بە لێدانی بێوێنە و تیرۆرکردنی سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی دوژمنە نزیکەکانی، واتە حەماس و حزبوڵڵا، ئیسرائیل بە بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر متمانەیەکی بەرزی بە خۆی بەدەست هێنابوو. لە دەیەی ڕابردوودا، هەر جارێک کە مەترسیی جەنگی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا بەرز دەبووەوە، بە مانای ڕاگەیاندنی جەنگ بوو لە دژی هاوپەیمان و چەکدارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. بەڵام ئەم جارەیان سیناریۆیەکی جیاواز ڕووی داوە؛ گرووپە سەرەکییەکانی “میحوەری بەرخۆدان” لە ئێستاوە خەریکی شەڕێکن بە تێچوویەكی بەرز. ئیسرائیل سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی بزوووتنەوەی حەماس و حزبوڵڵای لوبنان، دوو لە دوژمنە نزیکەکانی، ئیسماعیل هەنییە و محەمەد زەیف، سەرکردەکانی باڵی سیاسیی حەماس، هەروەها حەسەن نەسروڵڵا و فوئاد شوکر، سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی حزبوڵڵای لوبنانی کوشتووە.

تەنانەت زۆرێک لە ناوخۆی ئیسرائیل هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماسیان بە “شکستێکی ئەمنی”ی کارەساتبار بۆ ئیسرائیل وەسف کرد. بەڵام دوای نزیکەی ساڵێک و تەنیا لە ماوەی هەشت ڕۆژدا، ئەو زنجیرە ڕووداوانەی کە بە تەقینەوەی پەیجەرەکان دەستی پێ کرد و تا کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا بەردەوام بوو، ئیسرائیل هەوڵی دا ئەم وێنەیە بگەڕێنێتەوە. لە سەرەتای دروستبوونی ئەو شتەی کە پێی دەوترێت “میحوەری بەرخۆدان” یان “هیلالی شیعی”، ئیعتباری ئەم هاوپەیمانییە تا ئەو ڕاددەیە نەخراوبووە بەر تەحەددا. ڕێکخراوی سیاسی و سەربازیی حزبوڵڵا کە تەمەنی ٤٠ ساڵە، لەنێو گرووپەکانی دیکەی “میحوەری بەرخۆدان”دا بە خاوەن بەهێزترین کەرەستە و چەک ناسرابوو.

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران، لە یەکەم و دوا چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە شەڕی ٣٣ ڕۆژەی ساڵی ٢٠٠٦ ڕای گەیاندبوو، ئیسرائیل بۆ ئەوەی خۆی لە هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان بەدوور بگرێت، بەنیاز بوو هێزەکانی حزبوڵڵا لەکار بخات و ئەمەیش بە بۆردوومانی وردی ئاسمانی و ” کوشتنی سەرکردەکانی حزبوڵڵا” و لەناوبردنی  توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵا” و، هەروەها لە ڕێگەی “کۆچپێکردنی شیعەکانی لایەنگری حزبوڵڵا “،  تواناکانیان بگەیەنێتە خاڵی سفر.

لەو شەڕەدا، عیماد موغنییە و حەسەن نەسروڵڵا، سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی حزبوڵڵا، ڕزگاریان بوو و تەنانەت بەهێزتر لە جاران خۆیان ڕێک خستەوە. بەڵام ئەم جارەیان بە وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، زۆرێک لە ئامانجەکانی ئیسرائیل لە پێکدادان لەگەڵ حزبوڵڵادا بەدی هاتووە: “چەکە پێشکەوتووەکانی ئێران کە لەدەستی حزبوڵڵادا بوو، لەناو بردران و فەرماندەکانیش کوژران” و تەنانەت بە وتەی سەرۆکوەزیرانی لوبنان، گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون، بەتایبەت بۆ دانیشتووانی شیعە کە دەکەوێتە باشووری لوبنان، هاتۆتە ئاراوە. بەڵام دیسانەوە ئیسرائیل بڕیاری داوە لەشکرکێشییەکی زەمینی ئەنجام بدات کە بە وتەی خۆی “سنووردارە”.

ئیسرائیل کە ئێستا ورەی بەرزە و متمانەی زۆری بە خۆی هەیە، دەزانێت کە لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی تەواو لەگەڵ ئێراندا، پشتیوانیی ئاشکرای هاوپەیمانە ڕۆژاوایییەکانی هەیە. لە ئێستادا لە بێدەنگیی درێژخایەنی وڵاتانی ناوچەکەدا، ڕۆژانی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر پەیوەستە بە بڕیاری ڕێبەرانی ئێران و ئیسرائیلەوە نەک بە هەوڵە دیپلۆماسییە شکستخواردووەکان. هەروەها لە ئەگەری ڕوودانی جەنگدا، “حکوومەتی کۆماری ئیسلامی” و “ئێران” لێك جیا ناکرێتەوە.

لە ساڵی ١٩٦٧ کاتێک شەڕی شەش ڕۆژەی ئیسرائیل لەگەڵ ئوردن و سووریا و میسر کۆتایی هات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم ڕوخسارێکی جیاوازی بەخۆیەوە بینی. جگە لە لەدەستدانی قودسی ڕۆژهەڵات و کەرتی ڕۆژاوا و بەرزایییەکانی جۆلان، شکستی وڵاتانی عەرەبییش مانایەکی دیکەی هەبوو: سەرەتای کۆتاییهاتنی بزوووتنەوە ناسیۆنالیستییە دژەکۆلۆنیالیستەکان و ئەو ڕەوتەی کە بە حزبەکانی “بەعس”  و “ناسریزم” گەیشتبووە لووتکە. بەڵام پێ دەچێت شەڕ لەگەڵ هاوپەیمانانی ئێران لە “میحوەری بەرخۆدان”، بۆ ئیسرائیل زۆر درێژتر بووبێتەوە. هێرشە مووشەکییە بەرفراوانەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل دەتوانێت سەرکەوتنە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل پەردەپۆش بکات و بیخاتە ژێر سێبەری خۆیەوە. هەرچەندە، زنجیرەی تیرۆرکردنی فەرماندەکانی حزبوڵڵا و حەماس بەهۆی هێرشی سوپای پاسداران وەستێنراوە، بەڵام ئاگری ململانێکان لەژێر خۆڵەمێشدا هەروا بەگەشاوەیی ماوەتەوە.

بێ گومان بۆ ئێران ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕووی دا، بەتایبەتی لە لوبنان، زۆر دڵخۆشکەر نەبوو. بەڵام ئیسرائیل هێشتا بە تەواوی ئامانجە ڕاگەیەنراوەکانی لە جەنگەکەدا نەگەیشتووە. ئێستا هەردوو ڕێبەری ئێران و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی سەرکەوتنیان داوە. ئایا باسی جەنگێک دەکەن کە بەڕێوەیە؟

هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل تا چەند سەرکەوتوو بوو؟

لە کاتێکدا  کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێرشە مووشەکییەکانی ١-١٠-٢٠٢٤ بۆ سەر خاکی ئیسرائیل ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆی پێکاوە، ئیسرائیل دەڵێت زۆربەی مووشەکەکانی خستۆتە خوارەوەوە؛ بەڵام ئێران ناچار دەکات باجی ئەو هێرشە بدات.

هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە بە وتەی بەرپرسانی سوپای پاسداران ٢٠٠ مووشەکی بالیستیک بووە، بووە هۆی ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیل لێ بدرێت و ڕەنگی پرتەقاڵیی مووشەکەکان ئاسمانی بەشێک لە وڵاتەکە ڕووناک بکاتەوە. لەنێو ئەو بانگەشە دوولایەنەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، ئەستەمە بتوانین بزانین هێرشەکان چەندە سەرکەوتوو بوون و ئایا ئیسرائیل دەستبەجێ تۆڵەی خۆی دەکاتەوە یان نا.

چەند مووشەک تەقێنراوە؟

لە سەرەتادا هەواڵێک بڵاو بووەوە کە ٤٠٠ مووشەک لە ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە. بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی سەرلەبەیانیی ٢-١٠-٢٠٢٤  دووسەد مووشەکیان پشتڕاست کردەوە. هاوکات ئیسرائیل ژمارەی مووشەکەکانی بە 180 مووشەک ڕاگەیاندووە. دوا بە دوای تەقاندنی ئەو مووشەکانە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری وڵات لێ درا و زۆربەی مووشەکەکان پێش ئەوەی بگەنە خاکەکەیان، لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل یان هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و بریتانیاوە ڕێگرییان لێ کرا. فەڕەنساش ڕای گەیاندووە کە بەشداریی لە بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانەی کە لەلایەن ئێرانەوە هاوێژراوە، کردووە.

مووشەکەکان بەرەو چ ئامانجێک ئاراستە کران؟

میدیای دەوڵەتی ئێران وێنەی ئەو مووشەكانەی كە ئاراستەی ئیسرائیل كران نیشان دا. سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ڕای گەیاند کە مووشەکەکان چەند شوێنێكیان کردۆتە ئامانج، لەوانە “سێ بنکەی سەربازی” لە دەوروبەری تەلئەبیب و، بانگەشەی ئەوەیشیان کردووە کە لەسەدا ٩٠ی ئەو مووشەکانە “ئامانجەکانیان پێكاوە”. محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕای گەیاندووە، مووشەکەکانی ئێران بنکەی ئاسمانیی نەواتیم، بنکەی ئاسمانیی هاتریم و بارەگاکانی مۆسادیان کردۆتە ئامانج. ئیسرائیل ئەم بانگەشەیە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت تەنیا 20 مووشەک کەوتوونەتە سەرزەوی و ئەوانی دیکە ڕێگرییان لێ کراوە. ئێران لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بڵاوی کردۆتەوە، قسەکانی حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی سەبارەت بە ژمارەی  ئەو مووشەکانەی کە ئامانجەکانیان پێکاوە، سانسۆر کردووە. لەم گرتە ڤیدیۆیییەدا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، دەڵێت: “جەنابی دکتۆر! بە فەزڵی خودا لە کۆی ٢٠٠ مووشەک کە تەقێندرا…….. سەرکەوتوو بوو.”

کاربەدەستانی ئیسرائیل پێشتر ڕایان گەیاندبوو کە سیستەمی سەربازیی “قوبەی ئاسنین” لەسەر بنەمای ئەلگۆریتمێکی ئاڵۆز کار دەکات کە مەترسیی مووشەکەکان بە پشتبەستن بە شوێن و خاڵی لێدانی ئامانجەکان پێوانە دەکات. ئەمەیش بەو مانایەیە کە ئەگەر خاڵی بەرزەویکەوتنی مووشەکەکە، جگە لە ناوچە سەربازییەکان یان مەدەنییەکان دەستنیشان بکرێت (و بۆ نموونە ناوچەیەکی بێدانیشتوو یان بیابان بێت)، سیستەمی بەرگری وازی لێ دەهێنێ، چونکە بەئامانجگرتنی، پاساوی ئابووری و ئەمنیی نییە. هەروەها ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە هێرشەکەی شەوی ڕابردوودا بارەگای مۆساد، دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج. بەڵام ئیسرائیل ئەمەی ڕەت کردۆتەوە و ڕای گەیاندووە کە بەشێک لە مووشەکەکان لەسەر زەوییەکی چۆڵ بەر زەوی کەوتووە. بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، تەنیا یەک مووشەک بەر زەوی کەوتووە و ئەوەیش بە دووریی 500 مەتر لە بینای ئەم بینایە.

ئێران چ جۆرە مووشەکێکی تەقاندووە؟

دوێنێ ئێران ڕای گەیاند کە مووشەکی سەروودەنگ (Hypersonic)ی “فەتاح”ی بەکار هێناوە بۆ کردنەئامانجی دامەزراوە سەربازییەکان لە ئیسرائیل؛ ئەمەیش سەرکەوتوو بووە. هەروەها ئێران دوو بانگەشەی دژبەیەکی لەم بارەیەوە بڵاو کردۆتەوە؛ لە لایەک ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ڕێگریکردن لە مووشەکی فەتاح ئەستەمە و، هەر بۆیەیش لە ئامانجە دیاریکراوەکانی داوە و، لە لایەکی دیکەیشەوە هەندێک میدیای نزیک لە سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە هەمان کاتدا لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران، سیستەمی دژەمووشەکی ئیسرائیل بەهۆی ئۆپەراسیۆنی ئەلیکترۆنیی ئێرانەوە لەکار کەوتووە. بەڵام ئەم ئیدیعایانە لەلایەن ئیسرائیلەوە جێی مشتومڕ بوون و ئیسرائیلیش دەڵێت زۆربەی ئەو مووشەکانەی کە ئاراستە کراون ڕێگرییان لێ کردووە. هەروەها، بەرپرسانی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە فەتاح مووشەکێکی هایپەرسۆنیکە و مەودای ١٤٠٠ کم و خێرایییەکی لە نێوان ١٣-١٥ “ماخ” (Mach-Zahl) دەبێت. بەپێی میدیاکانی ئێران، ناوی ئەم مووشەکە لەلایەن عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی تایبەت هەڵبژێردراوە.

قوربانییەکان و زیانەکانەکانی هێرشەکە

ئیسرائیل ڕای گەیاندووە کە لەم هێرشانەدا فەلەستینییەک کوژراوە و سێ کەسی دیکەیش بریندار بوون. بە گوێرەی گرتەیەکی سی سی تی ڤی کە لە سۆشیال میدیا بڵاو کراوەتەوە، پاشماوەی مووشەکێکی بالیستیک کەوتۆتە سەر کەسێک کە لە شاری ئەریکۆ لە کەناری ڕۆژاوا بە پێ دەڕۆیشت و بەو هۆیەوە کەوتۆتە سەر سەری و کوشتوویەتی. لە هەمان کاتدا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە كرد، ئەو شەپۆلە شۆکانەی بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانەوە دروست بوون، زیانیان بە ماڵەکان لە ناوەندی ئیسرائیل گەیاندووە. بەرپرسانی شارەوانیی شاری هۆد هاشارۆن، کە دەکەوێتە نزیک تەلئەبیب، وتوویانە کە هاوکاریی نزیکەی ١٠٠ ماڵی زیانلێکەوتوو دەکەن. بەڵام ئاماژەیان بەوەیش کردووە، کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گەورەی بەدواوە نەبووە.

بۆیە ئێستا پرسیار ئەوەیە کە، ڕەنگە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر چ ئامانجێک لە ئێران؟

دوای هێرشە مووشەکییەکەی ١-١٠-٢٠٢٤ ئێران، ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە وەڵامی توند دەداتەوە. ئێران هۆکاری هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل، بە کاردانەوەی بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی حەماس و کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حزبوڵڵا لە لوبنان و عەباس نیلفرۆشان، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای قودس ناو بردووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، نزیکەی ١٨٠ مووشەکی ئێرانی چوونەتە ناو ئاسمانی وڵاتەکەوە. ئەمە لە كاتێكدا کە پێ دەچێت بەشێک لەو مووشەکانەی ئێران ئاراستەی کردوون، پێش ئەوەی بگەنە ئیسرائیل لەلایەن وڵاتانی دیکەوە خراونەتە خوارەوە.

 هێرشە مووشەکییەکەی ئێران ئێستا ئەو پرسیارە دەورووژێنێت کە وەڵامی ئیسرائیل چی دەبێت. هاوکات تاران جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر ئیسرائیل کاردانەوەی هەبێت، وەڵامێکی “تێکشکێنەرتر” دەداتەوە. بەم شێوەیە ڕەنگە دوو وڵات بچنە ناو سووڕێکی هێرشی ئاسمانی و مووشەکی بۆ سەر خاکی یەکتر.

یەکێک لە بژاردە چاوەڕوانكراوەكانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران، دەتوانێت ئەو ناوەندانە بێت کە شەوی سێشەممە (١-١٠-٢٠٢٤) مووشەکەکان بەرەو ئیسرائیل لێیەوە هەڵدران. هەروەها ڕەنگە ئیسرائیل بیەوێت ژمارەیەک فەرماندە و هێزی بەشدار لە هێرشەکەدا بکاتە ئامانج. لێکۆڵینەوە لە کاردانەوەی دەسەڵاتداران و میدیاکانی ئیسرائیل دەری دەخات کە، وەڵامدانەوەی ئەو وڵاتە بۆ هێرشەکەی ئەم دوایییەی ئێران، توندتر دەبێت لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشێکی هاوشێوەی مانگی نیسانی ڕابردوو.

 

سەرچاوەکان: