هەوڵەكانی نووسینی دەستوورێكی نوێ و، دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا
موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
گۆڕینی ده‌ستوور و ده‌ركه‌وتنی ئاماژه‌كانی ده‌ستپێكردنەوەی گەڕێكی نوێی كرانه‌وه به‌ڕووی دانوستان و پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا، بوونه‌ته بابه‌تی ڕۆژه‌ڤی ئه‌م دوایییه. بێ گومان دوای ئه‌وه‌ی له نێوان ساڵانی 2009 تا 2014 هه‌وڵه‌كانی پرۆسه‌ی ئاشتی و كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆزی كورد به ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان شكستی هێنا، متمانه‌ی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی توركیا لاواز بوو. دوای ئه‌م چه‌ند ساڵه دیسان له ساڵی 2023وه بابه‌تی كرانه‌وه به‌ڕووی دانوستان به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له توركیا هاتۆته ئارا، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان پێ ناچێت ده‌ستپێكردنی ئه‌م پرۆسه‌یه وه‌كوو جاری پێشوو ئاسان بێت؛ چونكه سه‌ره‌تا متمانه‌ی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان نه‌ماوه و له لایه‌كی دیكه ئیتر خه‌ڵكیش زۆر بڕوای به‌م هه‌نگاوانه نه‌ماوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، بۆچی ئه‌م بابه‌ته دووباره له‌گه‌ڵ ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی مه‌ده‌نیی نوێ سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه؟
هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌م بابه‌تەدا به شێوه‌یه‌كی گشتی تیشك بخه‌ینه سه‌ر هه‌وڵه‌كانی دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی و هه‌نگاوه‌كانی ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی مه‌ده‌نی له توركیا.
ئایا توركیا پێویستیی به نووسینی ده‌ستوورێكی نوێ هه‌یه؟
ده‌ستووری ساڵی 1982 تا ڕۆژگاری ئێستا، 24 جار له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی توركیاوه هه‌وڵ دراوه بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی، به‌ڵام ته‌نیا 19 جار توانراوه ده‌ستووره‌كه هه‌موار بكرێته‌وه. گرنگترین ئه‌و خاڵانه‌ی كه تیایدا ده‌ستووری ساڵی 1982 هه‌موار كراهوتهوه، هه‌مواره‌كه‌ی ساڵانی (1995، 2001، 2004) ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌تانه بوو كه له چوارچێوه‌ی مادده‌كانی ماف و ئازادییه گشتییه‌كان بوو. ئه‌وه‌ی تر كه له ساڵی 2010 ئه‌نجام درا، سه‌باره‌ت به دادگە و ئازادییه‌كان بوو. به‌ڵام له هه‌مووان گرنكتر ئه‌وه‌ی ساڵی 2017 بوو كه تایبه‌ت بوو به مادده‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن. به‌م شێوه‌یه به‌شێكی گرنگی ده‌ستووری ساڵی 1982 هه‌موار كراوه و گۆڕاوه؛ ئه‌مه‌یش به واتای ئه‌وه دێت كه ده‌ستووره‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، جیاوازیی زۆری به‌سه‌ردا هاتووە به‌راورد به‌و شێوازه‌ی كه یه‌كه‌م جار قبووڵ و ئاماده كرابوو.
پاش هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له ده‌ستووری توركیادا كراوه، ئایا توركیا ئێستا پێویستیی به دووباره نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی ئه‌وه‌ی ئێستا بگرێته‌وه؟ چونكه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گۆڕانكاریی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه به‌ڵام نزیكه‌ی نیوه‌ی مادده‌كانی نه‌گۆڕدراوه. بۆیه ده‌بینین حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی توركیا به‌گشتی، هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕانكاریی بنه‌ره‌تی له‌سه‌ر ده‌ستووری ئێستادا بكرێت یاخود به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستوورێكی نوێ بنووسرێت. به‌ڵام جیاوازییه‌كی به‌رچاو هه‌یه له نێوان بۆچوون و تێروانینی ئه‌و حزب و لایه‌نه سیاسییانه ده‌رباره‌ی جۆری ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه پێویسته ئاماده بكرێت.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌كرێت به‌م شێوه‌یەی خواره‌وه تێروانین و بۆچوونی لایه‌نه سیاسییه‌كانی توركیا به‌رامبه‌ر به پرۆسه‌كه بخه‌ینه ڕوو:
سه‌ره‌تا حزبی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاك پارتی)، له‌گه‌ڵ حزبی بزووتنەوەی نه‌ته‌وه‌یی (مەهەپە)، كه هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كییه‌تی له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی كۆمار (Cumhur İttifakı)، جه‌خت له‌سه‌ر نووسینی ده‌ستوورێكی نوێ و مه‌ده‌نی كه له‌گه‌ڵ قۆناغی ئێستادا گونجاو بێت، دەكاتەوە. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا چه‌ندان ساڵه ئه‌م دوو لایه‌نه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن ده‌ستوورێك ئاماده بكه‌ن كه گه‌ره‌نتیی به‌رده‌وامبوونیان بكات له مانه‌وه له ده‌سه‌ڵات، چونكه “ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان” سه‌رۆككۆماری توركیا، بۆ سێ خوڵ (2003-2014) بوو به سه‌رۆكوه‌زیران. دوای ئه‌م قۆناغه ئه‌ردۆغان به‌جددی كاری له‌سه‌ر گۆڕینی سیسته‌می سیاسیی وڵات كرد به مه‌به‌ستی دووباره گرتنبەری پۆسته سیادییه‌كانی وڵات و، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش توانیی له ساڵی 2017 پاش ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم سیسته‌می سیاسیی وڵات له په‌رله‌مانییه‌وه بگۆڕێت بۆ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی. له ساڵی 2014وه ئه‌ردۆغان توانیی ببێت به سه‌رۆككۆمار و تا ئێستایش به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ی خۆی.
دواى ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ سێ خول له دوای یه‌ك، بوو به سه‌رۆككۆماریش، ئێستا له ده‌رچه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی پێ بدات بۆ جاری چواره‌م بتوانێت ببێت به سه‌رۆككۆمار. به‌پێی گۆڕانكارییه ده‌ستوورییه‌كانی ساڵی 2007 كه له ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌وه بڕیاری له باره‌وه درا، سه‌رۆككۆمار به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه دیاری ده‌كرێت. بۆیە خولی (2014-2018) كە لەسەر بنەمای گۆڕانكارییەكانی دەستووری ساڵی (2007) ئەنجام درابوو، بە خولێك بۆی هەژمار نەكرا لە دوای ساڵی 2018.
له‌ژێر ڕۆشناییی ئه‌م پێشهاتانه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ خۆی كاندید بكات بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری ساڵی 2028، دوو ڕێگه‌ی یاسایی‌ی له‌به‌رده‌م هه‌یه كه ئه‌وانیش بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: هه‌ڵبژاردنی پێشوهختەه ئه‌نجام بدرێت و ئه‌م بڕیاره‌یش ده‌بێ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی توركیاوه بدرێت. به‌پێی مادده‌ی 116ی ده‌ستووری توركیا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان بتوانێ خۆی بۆ ساڵی 2028 كاندید بكات، ئه‌وه پێویستیی به ده‌نگی سێ له‌سه‌ر پێنجی كۆی گشتیی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی توركیا هه‌یه. به‌پێی ئهوەیش كه ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی توركیا بریتییه له 600 ئه‌ندام، ئه‌ردۆغان پێویستیی به ده‌نگی 360 ئه‌ندام هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوهختەه بدرێت. به‌ڵام ژماره‌ی كورسییه‌كانی ئاك پارتی و مه‌هه‌په بریتییه له 316 كورسی كه به‌م ژماره‌یه ناتوانرێت به‌ته‌نیا له‌لایه‌ن ئاك پارتی و مه‌هه‌په‌وه بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختە بدرێت.
له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، ده‌كرێ بڵێین لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن زه‌حمه‌ته ڕازی بن له نیوه‌ی دووه‌می ساڵی 2027 په‌رله‌مانی توركیا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختە بدات. هه‌ر له‌م نێوه‌نده‌دا سه‌رۆكی حزبی كۆماری گه‌ل (ئۆزگور ئۆزه‌ل – Özgür Özel) ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختە ڕای گه‌یاند: “با له مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2025 بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختە بده‌ین. ئه‌مه ده‌رفه‌ت ده‌داته ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار كاندید بكات. ئێمه ئه‌مه پێشنیار ده‌كه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نامانه‌وێ بڵێن نه‌تانتوانی له ئهردۆدغان ببەنه‌وه. ئامانجی ئێمه به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنه دژی ئه‌ردۆغان و، ده‌مانه‌وێ به‌م شێوه‌یه ئه‌ردۆغان بنێرینه‌وه.” پێ ناچێت ئه‌ردۆغان به‌م پێشنیاره‌ی ئۆزه‌ل ڕازی بێت و له‌وانه‌یه جێبه‌جێكردنی ئه‌م بژارده‌یه هه‌ندێك زه‌حمه‌ت بێت.
دووه‌م: ڕێگەی دووه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان بتوانێت له ساڵی 2028 خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار كاندید بكات، ئه‌نجامدانی گۆڕانكارییه له ده‌ستوور. بۆیه ده‌بینین ده‌مێكه ئه‌ردۆغان كار بۆ ئه‌م خاڵه ده‌كات و به‌جددی هه‌وڵی بۆ ده‌دات. بۆیه ده‌توانین بڵێین یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی پێشنیاركردنی نووسینی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ توركیا له‌ژێر دروشمه جیاجیاكاندا، بریتییه له‌وه‌ی كه به‌پێی ده‌ستوور ڕێگه بۆ ئه‌ردۆغان خۆش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ بۆ جارێكی دیكه خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار كاندید بكات. بۆیه بیرۆكه‌ی نووسینی ده‌ستوورێكی نوێ، زیاتر لێره‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه؛ به‌ڵام ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی نوێ كارێكی زۆر ئاسان نییه، به‌تایبه‌ت لایه‌نه سیاسییه‌كان بیروبۆچوونی جیاوازیان هه‌یه ده‌رباره‌ی ده‌ستووره نوێیەكه.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆن، حزبی گەلی كۆماریی (جه‌هه‌په) كه له دوایین هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان بو به حزبی یه‌كه‌می توركیا، تێروانین و بۆچوونی بۆ بابه‌تی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی نوێ جیاوازە. واتا ئه‌و به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه ده‌ستووره‌كه به شێوازێك ئاماده بكرێت ڕێگه خۆش بكات بۆ ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار كاندید بكات. ئه‌وه‌ی جه‌هه‌په داوای ده‌كات له ده‌ستووره نوێیه‌كه جێگیر بێت، “سیسته‌می په‌رله‌مانیی به‌هێزكراو”ە (Güçlendirilmiş Parlamenter Sistemi). جگه له‌مه یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی جه‌هه‌په (گۆكچه گۆكچەن – Gökçe Gökçen) ڕای گه‌یاند “چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به گۆڕانكاری له ده‌ستوور ئه‌نجام نادرێن، به‌ڵكوو چاره‌سه‌ر له گۆڕینی ده‌سه‌ڵاته.” لێره مه‌به‌ستی گۆكچەن لە “گۆڕینی دەسەڵات” گۆڕینی سیسته‌می سیاسییه له سه‌رۆكایه‌تی بۆ په‌رله‌مانیی به‌هێزكراو. هه‌ر لە سەروبەندی كاردانه‌وه‌كانی جه‌هه‌په به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانی گۆڕینی ده‌ستوور، سه‌رۆكی جه‌هه‌په، ئۆزەل، ده‌رباره‌ی چوار مادده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستوور بۆچوونی حزبه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند: “ئه‌و ده‌سته ده‌شكێنین كە درێژ دەكرێته سه‌ر چوار مادده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستوور.” ئه‌مه‌یش به واتای ئه‌وه دێت كه جه‌هه‌په له حاڵه‌تێك پشتگیری له نوووسینی ده‌ستووری نوێ ده‌كات، ئه‌گه‌ر بۆچوون و تێڕوانینی حزبه‌كه‌ی، كه جیاوازه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی كۆمار سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، بەهەند وەربگیرێت.
له لایه‌كی دیكه حزبی یه‌كسانی و دیموكراسیی گه‌لان (Halkların Eşitlik ve Demokrasi Partisi – DEM Parti) پشتگیری له ده‌ستوورێك ده‌كات كه بنیاتنانه‌وه‌ی “توركیایه‌كی دیموكراسی”ی لێ بكه‌وێته‌وه؛ ئه‌م په‌یامه له‌لایه‌ن هاوسه‌رۆكی ده‌م پارتی (تولای حاتم ئۆغلاری – Tülay Hatimoğulları)یه‌وه ڕاگه‌یەنرا؛ چونكه ده‌م پارتی‌یش به هه‌مان شێوه دژایه‌تیی ته‌واوی ئه‌و ده‌ستووره ده‌كات كه له‌لایه‌ن كوده‌تاچییه‌كانه‌وه دانراوه. جگه له‌مه ئه‌م حزبه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه كه پێویسته گۆڕانكارییه‌كه چوار مادده‌ی یه‌كه‌می دهستوورهكهیش بگرێته‌وه.
له ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین كه‌وا له ڕاستیدا توركیا پێویستیی به ده‌ستوورێكی مه‌ده‌نی و دیموكراسی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به‌كار ده‌هێنرێت. بۆیه كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له چوارچێوه‌ی خاڵێكی هاوبه‌ش هه‌ندێك ئه‌سته‌مه؛ له‌به‌ر ئه‌مه سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا “نو‌عمان قورتولموش” Numan Kurtulmuş)) كه لەلایەن ئەردۆغانەوە ئه‌ركی بەیەكگەیاندنی لایه‌نه‌كانی له چوارچێوه‌ی خاڵه هاوبه‌شه‌كاندا پێ سپێردراوە، ئه‌سته‌مه لە بەجێگەیاندنی ئەم ئەركەیدا سەركەوتوو بێت.
ئایا پرۆسه‌ی ئاشتی یاخود كرانه‌وه به‌ڕووی دانوستانه‌كاندا له‌گه‌ڵ كورد دووباره ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه؟
دووباره ده‌ستپێكردنەوەی پرۆسه‌ی ئاشتی كه ئاك پارتی له ساڵانی ڕابردوودا ده‌ستی پێ كرد و دواتر هه‌ر خۆیشی كۆتاییی پێ هێنا، بۆته ڕۆژهڤێكی گه‌رمی ئێستای توركیا؛ به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ بابه‌تی نووسینی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ توركیا، خراوه‌ته به‌ر باس و، لایه‌نه سیاسییه‌كان لێدوانی گرنگیان له‌م باره‌یه‌وه داوه. لێره ئەم دوو پرسیارەمان بۆ دروست ده‌بێت: ئایا هه‌وڵه نوێیه‌كانی ده‌ستپێكردنەوەی پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا جددین؟ ئایا لایه‌نه سیاسییه‌كان بە دوای پێكانی ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی بنهڕەتییەوەن بۆ ئه‌م بابه‌ته؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م دوو پرسیاره، ده‌كرێ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: دۆزی كورد به شێوه‌یه‌كی گشتی له توركیا چه‌ندان ساڵه له‌لایه‌ن لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه به مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی خۆیانەوە، به‌كار ده‌هێندرێت. ده‌توانین بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه‌وا تا ئێستا هیچ لایه‌نێكی سیاسی دهرنهكهوتووە كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه بكات، به‌ڵكوو هه‌ر لایه‌ك به‌پێی توانای خۆی هه‌وڵی داوه ڕێژه‌یه‌كی باشی ده‌نگی ده‌نگده‌ری كورد بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات و، هه‌ندێك لایه‌نیش له‌م ڕووه‌وه سه‌ركه‌وتوو بوونە. بۆیه ده‌كرێ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌م هه‌وڵانه‌ی دوایی ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته، زیاتر بۆ ڕاكێشانی زۆرترین ڕێژه‌ی ده‌نگی ده‌نگده‌ری كوردە، یاخود لایه‌نی كه‌م لاوازكردنی لایه‌نە سیاسییه كوردییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن نه‌بێت. بۆ نموونه ئاك پارتی هه‌وڵ ده‌دات زۆرترین ده‌نگی ده‌نگده‌ری كورد مسۆگه‌ر بكات و له هه‌مان كاتیش‌دا كار بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر نهیشتوانی ده‌نگه‌كان مسۆگه‌ر بكات، ئه‌وه هه‌وڵ ده‌دات لایه‌نه كوردییه‌كان لاواز بكات. چونكه ده‌نگی كورد له هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یه و ئه‌مه‌یش به‌تایبه‌ت له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا زۆر به‌ڕوونی به‌ده‌ركه‌وت، كه له ئه‌نجامدا جەهەپە توانیی بە پاڵپشتیی دەنگدەری كورد لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی گه‌وره شاره‌كانی وه‌كوو ئیستانبووڵ و ئه‌نقه‌ره سەركەوتن به‌ده‌ست بهێنێت.
دووه‌م: ناسەقامگیرییەكی بەرچاو لەسەر ئاستی هەرێمی بەدی دەكرێت؛ بەتایبەت گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران كە پێی ناوەتە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێكی سەخت و توند لە ئارادایە. ئیسرائیل زۆر بەڕوونی و ئاشكرا هەڕەشەی لە سەرجەم وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی كرد. لەم چوارچێوەیەدا سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆ ڕای گەیاند “هیچ شوێنێك نییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەتوانین بیگەینێ.” هەروەها نەتانیاهۆ بانگەشەی ئەوەی كرد كەوا دووبارە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكێشنەوە. ئەم هەڕەشانەی نەتانیاهۆ هەواڵدەری ناسەقامگیرییەكی دیكەیە لە ناوچەكەدا. بۆیە توركیا نایەوێ لەسەر ئاستی ناوخۆ زیاتر دووچاری كێشە و گرفت ببێتەوە، چونكە خۆی بەدەست قەیرانی ئابووری و دارایییەوە دەناڵێنێت؛ ڕووە كۆمەڵایەتی و نەتەوەیییەكەیش بێتە سەر، ئەوە لەسەر ئاستی ناوخۆدا تووشی قەیرانێكی فراوانتر دەبێتەوە.
لەم بەینەدا، بەتایبەت بەرپرسانی هاوپەیمانیی كۆمار، دووبارە بابەتی دەستپێكردنەوەی “ئاشتەواییی نیشتمانی”یان خستۆتە ڕوو؛ تەنانەت ئەم جارەیان توندڕەوترین حزبی سیاسیی توركی لە ڕووی نەتەوەیییەوە، دەستپێشخەرییەكی بێوێنە و مێژووییی كرد لە توركیا و، دەوڵەت باخچەڵی (Devlet Bahçeli) سەرۆكی مەهەپە لە ڕێكەوتی 22ی ئۆكتۆبەر لە میانەی ئەو وتەیەی كە لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی حزبەكەی پێشكەشی كرد، پێشنیاری ئەوەی كرد كە ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی توركیا و ڕابگەیەنێت كە “تیرۆر بەتەواوی کۆتایی هاتووە و هاوار بکات و بڵێت ڕێکخراوە تیرۆریستییەكە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە. ئەگەر ئەو زیرەکی و پێداگرییەکی وەها نیشان بدات، دەکرێت دەرفەتی بۆ بڕەخسێت بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسادا سوود لە مافی هیوا وەربگرێت. ئێمەیش ئەوكات بەتەواوەتی پشتیوانی لە دەرچوواندنی یاسای مافی هیوا دەكەین بۆ ئەوەی ئاشتی بە شێوەیەكی بەردەوام لە وڵات‌دا بەرقەرار بێت.” ئەمە پێشهاتەیەكی زۆر گرنگە چونكە هەر ئەم باخچەڵییە بوو لە ساڵانی ڕابردوودا داوای لە ئاك پارتی دەكرد، ئۆجەلان لەسێدارە بدرێت و تەنانەت لە گۆڕەپانەكاندا پەتی لەسێدارەدانی بۆ ئەردۆغان فڕێ دا و پێی وت “پارەت هەیە كەشتی بۆ كوڕەكەت بكڕی بەڵام پارەت نییە پەتی سێدارە بكڕی! فەرموو، ئەوە من پەتی سێدارەكەت دەدەمێ.” بەڵام بارودۆخی ئێستای ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی وایان لە باخچەڵی كردووە، كە بیرۆكە و تێڕوانینی بەتەواوەتی لەم بارەیەوە بگۆڕدرێ.
كەواتە هۆكاریكی دیكە بۆ ئەوەی ئەردۆغان و باخچەڵی ئەم هەنگاوە بنێن، خراپی و نالەباریی بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییە.
سێیه‌م: توركیا، بەتایبەت لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ڕووبەرووی قه‌یرانێكی دارایی و ئابووریی سەخت بۆتەوە و ئاسەوارەكانی ئەم قەیرانە زۆر بەڕوونی بەدەركەوتووە و، ئەمەیش وای لە خەڵك كردووە لە بارودۆخی ئێستا بێزار بن و لەگەڵ ئەنجامدانی گۆڕانكاریدا بن. هەروەها نەوەیەكی نوێ پێ گەیشتووە كە بەها نیشتمانی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت ئایینییشیان لا بەقەدەر “خۆشگوزەرانیی ژیان”، گرنگ نییە و پێداویستیی ئەم نەوە نوێیە زۆر جیاوازە لەوانەی ڕابردوو. سەرجەم ئەم هۆكارانە وایان لە لایەنەكانی هاوپەیمانیی كۆمار كردووە دووبارە بیر لە ئاشتەوایییەكی نیشتمانی بكەنەوە و خۆیان لانی كەم لە دەنگدەری كورد نزیك بكەنەوە، چونكە بەپێی دوایین ڕاپرسییەكان رێژەی دەنگەكانی هاوپەیمانیی كۆمار و بەتایبەت ئاك پارتی و ئەردۆغان، دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین، دەكرێ هەندێك هەنگاو بنرێت لەم بوارەدا و وەكوو جاری پێشوو بۆ ماوەیەكی باش خەڵك و لایەنەكان بەمەوە سەرقاڵ بكرێن؛ بەڵام بابەتەكە لەوانەیە لە ڕواڵەتدا بمێنێتەوە و لە ناوەڕۆكدا ئەنجامێكی وای لێ سەوز نەبێت كە بتوانرێ بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەری دۆزی كوردی پێ بكرێت.
كۆبەند
نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ و مەدەنی و دیموكراسی لە توركیا، پێداویستییەكی گرنگی لایەنە سیاسییەكانە و، تەنانەت خەڵكیش لەگەڵ ئامادەكردنی دەستوورێكی پێشكەوتوو و دیموكراسیدان، چونكە ئەم دەستوورەی ئێستا لە ئەنجامی كودەتایەكی سەربازییەوە ئامادە كراوە و تا ئێستا گۆڕانكاریی زۆری لەسەر كراوە و وای لێ هاتووە جۆرە بچڕان و ناڕێكییەك لە نێوان بابەت و ماددەكانیدا دروست ببێت. بەڵام ئەم بابەتەیش لەلایەن حزبەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار دەهێنرێت؛ هەر یەك لەم لایەنە سیاسییانە كار بۆ ئەوە دەكەن دەستوورەكە بەپێی بۆچوون و تێڕوانینی ئەوان بنووسرێت. ئەمەیش خاڵێكی زۆر مەترسیدارە و دەبێتە بەربەستێكی سەرەكی بەرامبەر نووسینی دەستوورێكی پێشكەوتوو و هاوچەرخ. بۆیە ئەگەر زۆرینەی لایەنەكان لە ئەنجامی سەودا و سەفەقاتی سیاسی بگەنە ڕێكکەوتنیش، ئەوە چاوەڕوان ناكرێت دەستوورێك بەپێی ستانداردێكی نێودەوڵەتیی هاوچەرخ و دیموكراسی ئامادە بكرێت.
لە لایەكی دیكەوە هۆكاری سەرەكیی هەوڵەكانی كرانەوە بەڕووی پرۆسەی ئاشتی، زیاتر ئامانجی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی دەنگدەری كوردە لە بری ئەوەی چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ كێشەكە بدۆزرێتەوە، چونكە پێش هەموو شتێك ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە ئەویش بریتییە لەوەی كە متمانە لە نێوان لایەنەكان لە ئاستی پێویستدا نییە. ئەزموونی ڕابردوو سەلماندوویەتی كە ئەم لایەنانە ئیرادەیەكی ڕاستەقینەیان نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە بەڵكوو لە مێژووی سیاسیی توركیا بەردەوام كار لەسەر ئەوە كراوە ڕێگەكانی چارەسەركردنی دۆزی كورد لە ڕێرەوە ڕاستەقینەكەی خۆی دەربهێنرێت؛ هەم لەلایەن ئەوانەی كە خۆیان بە نوێنەری كورد دەناسێنن و هەمیش لەلایەن لایەنەكانی دەسەڵاتدار و بڕیاربەدەستەكان.
بۆیە ئەگەر هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێ، لەوانەیە تەنها بۆ ماوەیەكی كورت بەردەوام بێت، بەڵام لە بنەڕەتدا گرفتەكە چارەسەر نەكات، چونكە نە لایەنی كوردی، نە لایەنی دەسەڵات و نە ئۆپۆزیسیۆن جددی نین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ دۆزی كورد. بۆ نموونە دەستبەسەركردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش و ئاراستەكردنی چەندان تۆمەتی جیاواز بۆی، تەنیا بەڵگەیەكی سادە و بەرچاوە كە بانگەشەكانی دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ناوەڕۆكەكەی هیچ لەخۆ ناگرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ڕاستەقینە بۆ دۆزی كورد لە توركیا؛ لە كاتێكدا تەنانەت ئەردۆغان و باخچەڵی دان بەوەدا نانێن كە شتێك بە ناوی “پرسی كورد” هەبێت.