1

مەترسی و دەرفەتەكانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی “ترەمپ”دا

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی بۆ جارێكی دی، عێراق و هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم قۆناغێكی نوێ؛ بەو پێیەی ئەم پانتایییە لە بازنەی گرنگیدان و ناوچە كاریگەرەكانە بە پەرەسەندنەكانی سیاسەتی ئەمریكا، هەروەها كۆمەڵێك دۆسییەی هاوبەش و دووقۆڵییشی لەگەڵ واشنتۆندا هەیە، لە پێش هەموویانەوە چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكا لەم وڵاتە و چۆنێتیی ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕكابەرە سەرەكییە ناوچەیییەكەی ئەمریكا كە ئێرانە.

ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات وێنایەكی گشتی لەسەر لێكەوتەی گەڕانەوەی ترەمپ لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان پێشكەش بكات و، مەترسی و دەرفەتەكان ئاماژە پێ بكات.

هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

نیمچە كۆدەنگییەك لەنێو شرۆڤەكارانی دنیادا هەیە، كە ترەمپ سەرۆكێكی خاوەن تێز و بۆچوونی قووڵ نییە، بەڵكوو زیاتر پیاوی سوپرایز و بڕیاری سەرپێیییە لەبەر ڕۆشناییی هەڵهێنجان و تێگەیشتنە خێرا تایبەتەكانی خۆی. هەروەها ناوبراو ڕاهاتووە لەگەڵ ئەوەی باز بەسەر دەزگە كلاسیكییەكانی دروستكردنی بڕیار بدات و پشت بە توانا و شۆ تایبەتەكانی خۆی لە حوكمڕانیدا ببەستێت؛ ئەم تایبەتەمەندییەیش وا دەكات پێشبینیكردنی هەنگاوەكانی زۆر قورس بێت. بەڵام بە گوێرەی شرۆڤەی باڵیۆزی پێشوو و توێژەری ئەمریكی “ڕۆبەرت فۆرد” كە پشتئەستوورە بە ئەزموونی ترەمپ و گوتاری هەڵمەتەكەی، دەشێت گرنگترین سیاسەتەكانی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم خاڵانەدا بخرێنە ڕوو[1]:

_ جێبەجێكردنی “پڕۆژەی 2025” كە پلانێكی گشتگیرە و بۆ ئیدارەی ترەمپ ئامادە كراوە. لە ساڵی 2022 ترەمپ خۆی ستایشی كردووە و چەند بەرپرسێكی پێشووی ئیدارەی یەكەمی، ئامادەیان كردووە. پلانەكە جەخت لەوە دەكاتەوە پێویستە هاوبەش و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا ڕۆڵی زیاتر لە پێشگیریكردن لە ئێران ببینن، لەوانەیش وڵاتانی كەنداو لەسەر ئاستی تاك و كۆ. ئەمەیش یارمەتیی ئەمریكا دەدات خۆی بۆ ئاسیا و چین یەكلایی بكاتەوە، هەروەها دەرفەت دەدات بە ئەمریكا چەكوچۆڵی زۆر بە وڵاتانی كەنداو بفرۆشێت و، لەو ڕێگەیەوە كەرتی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریكا دەبووژێتەوە.

_ سەرباری گرنگیدانی زۆر بە چین، ئێران ئاڵنگارییەكی گەورەیە بۆ ئەمریكا لە ناوچەكەدا. لە كۆنگرەی كۆمارییەكانیشدا لە تەممووزی 2024، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی كرد تاران 230 ملیار دۆلار پارەی یەدەگی هەیە و بەهۆی سووككردنی گەمارۆكانەوە دەستی كەوتووە؛ عێراقیش كە بووەتە پاشكۆی ئێران، 300 ملیار دۆلاری لەبەردەستە. بەم پێیەیش ترەمپ وەك یەك پاكێج مامەڵە لەگەڵ ئێران و عێراقدا دەكات؛ یان لانی كەم عێراق لە ڕوانگەی ئێرانەوە دەخوێنێتەوە و لای ئەو شوناسێكی سەربەخۆی نییە.

_ كۆمارییەكان لە “پڕۆژەی 2025″دا هانی ترەمپ دەدەن دەستبەرداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێت، چونكە بەجێهێشتنی وا دەكات “ناوچەكە بچێتە ناو پاشاگەردانی و، دەبێتە نێچیری ڕكابەرەكانی ئەمریكا.” پرۆژەكە پێشنیاری هاوپەیمانییەكی چوارقۆڵی دەكات لە نێوان ئیسرائیل، میسر و وڵاتانی كەنداو، لەگەڵ ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران. ئەمەیش هاوشێوەی هاوپەیمانیی چوارقۆڵیی ئەمریكا، ژاپۆن، كۆریا و هیندستانە دژی هەژموونی چین.

_ پشتیوانیكردنی كراوە لە ئیسرائیل و پابەندیی ڕەها بە پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی عیبری لە ڕێگەی بەهێزكردنییەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر هەڕەشەكانی ئێران و حەماس و حزبوڵڵادا زاڵ بێت. لەم نێوەیشدا ترەمپ خۆی پەیوەست ناكات بە “چارەسەری دوو دەوڵەت” و، زیاتر بە لای پرۆژەی دابەشكردنی فەلەستینییەكاندا دەچێت. سەرباری ئەمەیش ترەمپ لایەنگری كۆتاییپێهێنانی بەپەلەی جەنگی غەززەیە[2]، بەڵام وردەكاریی ئەو كۆتاییهێنانە هێشتا ئاشكرا نییە.

_ بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ توركیا بۆ هێشتنەوەی لە بەرەی ڕۆژاوا لە كێبركێ لەگەڵ ڕووسیا و چین. ئەگەر ئەمەیش بچێتە سەر، ئەوە ئەگەری زۆر بۆ كشانەوەی سوپای ئەمریکا لە باكووری سووریا و ڕۆژهەڵاتی فورات (ڕۆژاوا) هەیە.

بەپێی خەمڵاندنی نێردراوی پێشووی ترەمپیش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، “جیسۆن گرینبلات”، پایەكانی سیاسەتی ترەمپ لە ئیدارەی دووەمیدا بەم جۆرە دەبن[3]:

_ كۆتاییهێنانی بەپەلەی جەنگەكان پاش بەدیهێنانی سەركەوتن.

_ گرنگیدان بە سعوودیا وەك هاوبەشی سەرەكی لە ناوچەكە.

_ ڕۆڵبینینی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فەراهەمكردنی ئاشتی و پەرەپێدان.

_  دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی جیهانی عەرەبی.

_ پشتیوانیكردنی ئەو هێزانەی كە پاڵپشتیی خۆیان دەكەن و بەرژەوەندیی ئەمریكا دەپارێزن.

_ بەرەنگاربوونەوەی ڕوونی مەترسییە ئێرانییەكان بەبێ هەوڵدان بۆ جەنگی ڕووبەڕوو، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران دوور نییە.

_ بەگژداچوونەوەی لەمپەرەكانی بەردەم پرۆژەكانی ترەمپ لەلایەن باڵە ئێرانییەكانەوە.

_ دانوستانكردن لە پێگەی هێزەوە لەگەڵ هەڕەشەكردنی ناواخندار بە بەكارهێنانی هەر هێزێك كە گونجاو بێت بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە جیهان.

لە لایەكی دیكەوە ئەو ئەنجامگیرییە ئەمریكییانەی لەبارەی كۆی سیاسەتی پێشبینیكراوی ترەمپ هەن، جەخت لە دوو خاڵی سەرەكی دەكەنەوە:

یەكەم: دروستبوونی ڕكابەری لە نێوان دەزگەكانی ئەمریكا لەسەر دەستڕۆیشتوویی (نفووز)؛ لەم نێوەندەیشدا ڕادیكاڵەكان و كلاسیكییەكان بەریەك دەكەون و چانسی سەركەوتنیش بۆ توندڕەوەكانە و، میانڕەوەكان دەكەونە دڵەخورتێ و نیگەرانی.

دووەم: كرۆكی سیاسەتی دەرەكیی ترەمپ بەرژەوەندیخوازیی پەتی دەبێت (naked transactionalism)، ئەویش لە ڕێگەی سەفقە و ڕێككەوتنەوە[4].

گرێ گەورەكەی عێراق لەگەڵ ترەمپدا

پاش ئەوەی لەسەر فەرمانی ترەمپ هێزەكانی ئەمریكا جەنەڕاڵ “قاسم سولەیمانی” فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و “ئەبو مەهدی موهەندیس”ی سوپاسالاری حەشدی شەعبیی عێراقییان لە فڕۆكەخانەی بەغدا كوشت (2020)، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لە سەرەتای 2021دا فەرمانی گرتنی بەپێی ماددەی (406)ی یاسای سزادان بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكان دەركرد[5]. ناوەڕۆكی ماددە یاسایییەكەیش كوشتنی بەئەنقەستە لەگەڵ پلاندانانی پێشوەختە كە سزاكەی دەگاتە دەركردنی حوكمی لەسێدارەدان لە حاڵەتی ساغبوونەوەی تۆمەتەكە[6]. ئەم فەرمانەیش لە ئێستادا بووەتە جێگەی پرسیار و مقۆمقۆ، كە ئاخۆ حكوومەتی عێراق چۆن دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ سەرۆكێكدا بكات لە دەسەڵاتە قەزایییەكانی وڵاتەكەیدا داواكراوە. هەندێك پێیان وایە ئەگەر فەرمانی گرتنەكە تەنیا لەلایەن دادگەیەكی لێكۆڵینەوەوە دەركرایە، دەرفەت هەبوو بۆ پەردەپۆشكردنی، بەڵام پاش ئەوەی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری “فایەق زێدان” لە كاتی خۆیدا ڕاگەیاندنی فەرمانی گرتنەكەی لەئەستۆ گرت و جەختی كردەوە “هیچ دوودڵی ناكەن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی ترەمپ[7]“، پەردەپۆشكردنی بڕێك ناخۆشترە؛ بەڵام یاسایییەكان باس لەوە دەكەن بەپێی ڕێككەوتنەكانی ڤیەننا ئەوانەی دەبنە سەرۆكی دەوڵەت، خاوەن پارێزبەندیی یاسایین و ناكرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت[8]. ئەمەیش دەرچەیەكی قوتاربوونە و تەنانەت لە نێوخۆی ئەمریكاش ترەمپ داوا و سكاڵاكانی سەری ڕادەگیرێن و حاڵەتەكە تەنیا عێراق نییە.

لە پاش ڕاگەیاندنی سەركەوتنی ترەمپیشەوە عێراق بەفەرمی و خێرا لە ڕێگەی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانەوە پیرۆزباییی پرۆتۆكۆڵییان لە ترەمپ كرد؛ لە پەیامەكانیشیاندا هیوای كاركردنی هاوبەشیان لەگەڵدا خواست. ئەمەیش دەشێت فەرامۆشكردنی كردەیییانەی ئەو فەرمانی گرتنە بێت كە لە بەغدا دژی ترەمپ دەرچووە.

لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی سەرۆكوەزیران، “محەمەد شیاع سوودانی”دا لەگەڵ ترەمپ، بەپێی بەیاننامەی فەرمیی بەغدا، ناوبراو ئامادەییی كاری هاوبەشی دەربڕیوە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی؛ چ لەبارەی دۆسییە هاوبەشەكان، چ بارودۆخی ناوچەكە. نەك هەر ئەوە بەڵكوو خوازیاریش بووە سوودانی لە دەرفەتێكی نزیكدا سەردانی واشنتۆن بكات[9]؛ هەر بەپێی بەیاننامەكەی حكوومەتی عێراق.

گرفت و مەترسییەكانی سەر عێراق لە ئیدارەی ترەمپدا

بەپێی پێدراوە بەردەستەكان، گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی، عێراق دەخاتە بەردەم كۆمەڵێك ئاستەنگ و پێشهات كە گرنگترینیان دەشێت ئەمانەی خوارەوە بن:

_ بەو پێیەی دروشمی سەرەكیی هەڵمەتی ترەمپ گێڕانەوەی ناوبانگی ئەمریكا بووە، باوەڕێك هەیە كە ناوبراو چاوپۆشی لە بەكارهێنانی عێراق نەكات وەك پانتایییەكی پشتیوانی لە ئێران لە ڕێگەی هەژموونی گرووپە شیعەكانەوە. لە لێدوانەكانیشیدا ترەمپ ئاماژەی بەوە كردووە پارە و سامانی عێراق بۆ بەهێزكردنی ئێران ئاراستە دەكرێت. ئەمەیش دەیخاتە بەردەم ئەگەری سزادان و بەئامانجگرتن، لە حاڵەتێكدا كە ترەمپ بڕیار بدات بەتوندی بەرپەرچی ئێران و باڵەكانی بداتەوە.

_ عێراق ئەزموونێكی باش و ئەرێنیی نییە لەگەڵ ویلایەتی یەكەمی ترەمپ (2016_2020)، بەتایبەت كە ناوبراو بە شێوەیەكی كتوپڕ سەردانی سەربازگەی ئەمریكای كرد لە ڕۆژاوای عێراق، بێ ئەوەی لە بەغداوە بڕوات (2018). ئەوكاتيش ئەمە بە “پێشێلكردنی سەروەریی خاكەكەی” لێك درایەوە و دەگوترا هاتن و چوونەوەكەی بەبێ ئاگاداریی حكوومەتی عێراق بووە و هیچ ڕێزی لە سەروەریی وڵاتەكە نەگرتووە[10].

_ ترەمپ لە ئیدارەی یەكەمیدا (2016_2020) هەڕەشەی زۆری لە عێراق كردووە ئەگەر خاكەكەی ببێتە گۆڕەپانی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا. لە ئێستایشدا عێراق كەوتووەتە ناوەڕاستی جوگرافیای جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل و، پاڵێوراوە بۆ ئەوەی بۆ هەمان مەبەست بەكار بهێنرێت.

_ پشتیوانیی ڕەهای ترەمپ لە ئیسرائیل پێچەوانە و دژە لەگەڵ سیاسەت و خواستی میللی و فەرمیی عێراق كە پشتیوانیكردنە لە غەززە و باشووری لوبنان. بەم هۆیەیشەوە هەر چەشنە نزیكبوونەوەیەكی حكوومەتی عێراق لە ئیدارەی ترەمپ، بەر ناڕەزاییی بنكەی جەماوەریی شیعی و ڕای گشتیی عێراقی دەكەوێت كە بەشێكن لە تووڕەییی شەقامی عەرەبی و ئیسلامی دەربارەی كاولكارییەكانی فەلەستین و لوبنان. هەروەها مەترسییەك هەیە لە ئیدارەی ترەمپدا پرۆژەی گریمانكراوی ڕاگواستنی شیعەی لوبنان بۆ عێراق سەر بگرێت. زەمینەی ئەمەیش پاش كاولكردنی باشووری لوبنان، لەبارتر بووە[11].

_ هەرچەندە ترەمپ لایەنگری كەمكردنەوەی دەستوەردانی سەربازی بووە لە عێراق و ئەفغانستان، بەڵام هیچ كات سڵ لە بەكارهێنانی هێز بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ناكاتەوە. ئەمەیش باوەڕی كەسانی نزیك لە ترەمپە و بەدووری نازانن هێز بەرامبەر ئێران بەكار بهێنێت ئەگەر لە پرۆژە ئەتۆمییەكەی بچێتە پێشەوە[12]. ئەم ئامادەیییەیش بۆ عێراق حاڵەتێكی نەرێنییە كە توانای كۆنترۆڵكردنی باڵە ئێرانییەكانی ناوخۆی نییە لەو حاڵەتەدا.

_ پێداگریی ترەمپ لەسەر جێبەجێكردنی گەمارۆكانی سەر ئێران بەبێ هەڵاواردن، وا دەكات چاوپۆشی ئەمریكا لەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران بە چین هەڵگرێت. ئەم ئاسانكارییەیش لە سەردەمی بایدندا بەرامبەر بە ڕاگرتنی هێرشی باڵە ئێرانییەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا بە ئێران بەخشراوە[13]. لە حاڵەتی هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنە ناڕاستەوخۆكەیشدا ئەگەری گەڕانەوەی گرژی بۆ عێراق هەیە.

_ چاوەڕوان دەكرێت ترەمپ ڕێچكەیەكی توند بەرامبەر عێراق بگرێتە بەر، ئەگەر بەردەوام بێت لە كڕینی سووتەمەنی لە ئێران و ڕەنگە ڕێگەپێدانەكانی بۆ نوێ نەكاتەوە[14]. ئەگەریش ترەمپ سەرچاوەكانی وزەی ئێرانی بكاتە ئامانج، لێكەوتەی خراپی لەسەر عێراق دەبێت، چونكە 50%ی سەرچاوەكانی گازی سروشتیی عێراق لە ئێرانەوەیە[15].

_ باوەرێك هەیە كە ئیدارەی ترەمپ چیدی یاریكردنی گرووپەكانی عێراق لە ناوچەی خۆڵەمێشی قبووڵ نەكات و عێراق بخاتە بەردەم دوو بەرداش: دۆست و دوژمن. ئەم خۆیەكلاكردنەوەیەیش بۆ عێراق لێكەوتەی هەیە[16].

_ گرووپە شیعەكان عێراقیان خستووەتە بەرەی دژەئەمریكا و، ئەوەیان یەكلایی كردووەتەوە ئەوان بەشێكن لە “بەرەی موقاوەمە” بەبێ ڕەچاوكردنی ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ.

_ وڵاتانی كەنداو بۆ ڕازیكردنی ترەمپ سیاسەتی هەرزانكردنی نرخی نەوت پەیڕەو دەكەن بۆ سووككردنی باری سەرشانی واشنتۆن و بازاڕەكانی ئەمریكا. ئەمەیش لێكەوتەی لەسەر داراییی عێراق دەبێت.

دەرفەتە هاوبەشەكانی عێراق و ئیدارەی ترەمپ

سەرباری هەڕەشە و مەترسییەكانی سەرەوە، هەندێك دەرفەتی هاوبەشیش هەن بۆ كاركردنی عێراق لەگەڵ ترەمپ، كە دەشێت لەم خاڵانەدا كورت بكرێنەوە:

_ عێراق پانتایییەكی گرنگە بۆ ستراتیژییەتی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت پاش ئەو خەرجی و قوربانییانەی ئەمریكا لە پاش 2003 داویەتی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی پێشوو. هەروەها عێراق گرنگە بۆ ئاسایشی وزە و، 5%ی نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنێت؛ جگە لەوەیش بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوپەیمانانی ئەمریكا گرنگە[17].

_ عێراق و ئەمریكا ڕێككەوتننامەیەكی چوارچێوەیییان هەیە بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییەكانیان (صوفا)، هەروەها چەند لیژنەیەكی ئەمنیی هاوبەشیان هەیە لەبارەی پێداچوونەوەی دۆخی سەربازی و چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكا. هەر لەم بەینەیشدا بەشی هەرە زۆری چەك و تەقەمەنیی عێراقی و ڕاهێنان و مەشقی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی، ئەمریكین و ئاسمان و سیستەمە هەواڵگری و سەربازییەكەی، پەیوەستە بە سوپای ئەمریكاوە. ئەمەیش وا دەكات هیچ سەرۆكێكی ئەمریكی نەتوانێت دەستبەرداری ببێت.

_ عێراق دەتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان ئەمریكا و ئێران ببینێت و پەیامی واشنتۆن بە تاران بگەیەنێت. هەندێك سەرچاوەیش باس لەوە دەكەن لە دوا پەیوەندیی تەلەفۆنیی سوودانی و ترەمپدا ئەوە ڕووی داوە[18].

_ باوەڕ وایە ترەمپی 2024 جیاوازتر بێت لە ترەمپی 2016. لە خولی یەكەمدا ئەزموونی كەمتر بووە و كەمتر پێگەیشتوو بوو؛ جگە لەوەیش ئەزموونی ویلایەتی یەكەمی بەردەستە و، دەشێت بەرچاوڕوونیی تێدا بێت. لە ئێستایشدا ترەمپ دەور دراوە بە ڕاوێژكاری جۆراوجۆر و، سەیری بەرژەوەندیی ئەمریكا دەكات[19].

_ دەشێت ترەمپ ڕازی بێت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هەنگاو بە هەنگاو لە ساڵانی 2025 و 2026؛ ڕەنگە ئەم خشتەیەیش خێراتر بكات لە سۆنگەی پێداگریكردن لەسەر گرنگیدان بە ناوخۆی ئەمریكا و كەمكردنەوەی دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە دەرەوە[20]. ئەمەیش بۆ هێزە شیعە عێراقییەكان گرنگ و ئامانجە.

_ عێراق دەتوانێت دەرگەی وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیا ئەمریكییەكان واڵا بكات و ئەوەیشی تا ئێستا لە كەسانی نزیكی سەرۆكوەزیرانەوە دەرچووە، باس لەوە دەكەن سوودانی خواستی هەیە زیاتر لە پەیوەندیی ئەمنی لەگەڵ واشنتۆندا بچێتە پێش و لێكگەیشتنی نوێ لەگەڵ كۆشكی سپیدا بكات، بەتایبەت لە كەرتی وزەدا[21].

_ لەناو تیمی ترەمپدا ژنە پارێزەرێكی كلدانیی عێراقی هەیە بە ناوی “ئیلینا حەببە”. ئەم ژنە 39 ساڵانەیە سەرپەرشتیی كاروباری یاساییی ترەمپ دەكات و بریكاری بووە لە چەند دۆسییەیەكی هەستیاردا؛ هەروەها شانازی بە ڕەچەڵەكی باوك و دایكی خۆیشییەوە كردووە، كە بەر لە 40 ساڵ لە عێراق هەڵهاتوون[22]. دەشێت ئەم ژنە بەكار بهێنرێت بۆ پەیوەندیكردنی بەرپرسانی عێراق و ترەمپ. هەروەها جێگری سەرۆكی ئەمریكا “جی دی ڤانس” پێشتر لە نێوان 2003_2007 لە هێزەكانی پیادەی دەریایی خزمەتی لە عێراقدا كردووە[23]. بەم هۆیەیشەوە بە كێشەكانی عێراق ئاشنایە و، دەشێت هاوشێوەی بایدن لە سەردەمی ئۆباما لە دۆسییەی عێراقدا كار بكات.

هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری كوردستان

دەرهەق بە هەرێمی كوردستان، لە سایەی گەڕانەوەی ترەمپدا بۆچوونێك هەیە پێی وایە ترەمپ دەستكاریی بنەڕەتیی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر كورد ناكات[24]؛ سیاسەتی ڕاگەیەنراوی ئەمریكاش “پشتیوانیكردنی هەرێمێكی كوردستانی بەهێزە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا.”  بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ئیدارەی ترەمپدا 16ی ئۆكتۆبەری كەركووك و كەوتنی عفرین و دروستكردنی پشتێنەی ئەمنیی توركی لە ڕۆژهەڵاتی فورات (ڕۆژاوا) ڕوویان دا، مەترسییەك هەیە كە ترەمپ هاوشێوەی ئیدارەی دیموكراتەكان بەتەنگ كێشەی كەمایەتییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی دیموكراسییەوە نەیەت و زیاتر فۆكەس بخاتە سەر هێزە گەورە و خاوەن بەرژەوەندییەكان لە ناوچەكەدا. لەم نێوەندەیشدا بۆچوونێك هەیە پێی وایە دەشێت ترەمپ كشاندنەوەی سوپای وڵاتەكەی لە عێراق و باكووری سووریا خێراتر بكات. بەپێی ئەو ئاماژانەیشی بەردەستن، كشانەوەی ئەمریكا لە زیانی پێكهاتەكانی كورد و سوننە و هاوپەیمانەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا، هەروەها بۆشاییی ئەمریكاش لەلایەن ڕكابەرانی واشنتۆنەوە پڕ دەكرێتەوە. ئەمەیش لەدەستدانی خاڵە لەلایەن ئەمریكاوە بەرامبەر بەرەی چین و ڕووسیا و، ڕوودانی جێگەی گومان و ئەگەری زۆرە[25]؛ بەڵام پێشهاتێكە دەبێت هەرێمی كوردستان ڕەچاوی بكات.

لە ئۆكتۆبەری 2019 كە ترەمپ لەپڕ بڕیاری كشاندنەوەی سوپاكەی دا لە باكووری سووریا و ڕۆژهەڵاتی فورات، هەندێك میدیای بریتانی هەنگاوەكەیان بە “خیانەت” لە قوربانییەكانی كورد دژی داعش لە قەڵەم دا[26]. لەو ماوەیەیشدا ترەمپ “شەش لێدوانی چەواشەكارانەی” دەربارەی ڕۆژهەڵاتی فورات و جەنگی داعش و پەیوەندیی كورد و توركیا ڕاگەیاند [27]؛  پێشتریش لە هەرێمی كوردستان هەمان هەست و دڵشكان بەرامبەر بە تەماشاكەرمانەوەی ئەمریكا هەبوون لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری كەركووك، لە كاتێكدا هێزە فیدراڵییەكان و پێكهاتەكانی نێو دەزگەی حەشدی شەعبی  بەرەو سنوورەكانی هەرێم جموجۆڵیان پێ كرا.

سەرباری ئەمانەیش دەشێت هەرێمی كوردستان لە ویلایەتی دووەمی ترەمپدا بتوانێت لەبەر ڕۆشناییی ئەزموونی ویلایەتی یەكەم، لە سیستەمی نوێی هەرێمایەتیدا خۆی بگونجێنێت و هاوكار بێت لە بەرقەراركردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئەمنییانەی لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیەتی[28]؛ بەتایبەت كە لە دوا دیداری میدیاییی باڵیۆزی ئەمریكاشدا لە هەولێر “ئەلینا ڕۆمانۆڤسكی” جەخت لەوە كراوەتەوە ئەمریكا پابەندی و ئامادەییی بەهێزی لە كوردستان هەیە. هەرێم پردی ژمارەیەك كۆمپانیای ئەمریكییە لە ناوچەكە و جێپێیەكە بۆ وەبەرهێنان لە ناوچەكە و عێراق؛ هەندێك لەو وەبەرهێنانانەیش بەرهەمیان هەبووە و لقیان گواستراوەتەوە بۆ بەغدا[29]. بەڵام سیاسەتی ترەمپ تا ڕاددەیەکی زۆر پەیوەستە بەو ستافەی کە بۆ ئیدارەکەی دیاری دەکات.

لە پاش ڕاگەیاندنی سەركەوتنی ترەمپیشەوە ئیسرائیل هەوڵ دەدات كورد وەك هاوپەیمان وێنا بكات بۆ هەراسانكردنی توركیا و سووریا و ئێران. لەم بارەیشەوە وەزیری نوێی دەرەوە لە تەلئەبیب “گەدعون ساعر” لە بەیاننامەیەكدا نووسیویەتی: “گەلی كورد هاوپەیمانێكی سروشتیی ئێمەن.” هەروەها دەڵێت: “پێویستە دەستی یارمەتییان بۆ درێژ بكەین و پەیوەندییان لەگەڵدا بەهێز بكەین. ئەم كارە ڕەهەندی سیاسی و ئەمنییشی هەیە”[30]. ئەم بانگەوازە ئەگەرچی لە بەرژەوەندیی دۆخی هەرێمی كوردستاندا نییە و زیاتر هەراسانكردنی میدیاییی ڕكابەرانی ئیسرائیلە، بەڵام بە دیوێكی تردا گرنگیی هەڵكەوتەی جوگرافیای كوردستان لە گۆڕەپانی ململانێ ناوچەیییەكەدا دەردەخات و دەشێت وەبەرهێنانی تێدا بكرێت.

سەرباری ڕەشبینییەكانیش لە هەنگاوەكانی ترەمپ، مەرج نییە هەموو پلان و بەرنامەكانی سەرۆكی ژمارە 47ی ئەمریكا ڕێگە بدۆزنەوە بۆ جێبەجێكردن؛ هەروەها مەرج نییە بڕیارە كتوپڕەكانی لەسەر ئەرز زەمینەیان هەبێت بۆ پراكتیزەكردن؛ ئەمەیش لە ئەزموونی ئیدارەی یەكەمدا (2016_2020) بەڕوونی دیار بوو. هەندێك لە بڕیارەكانیش بەر دیواری دەزگە ئەمنی و سەربازییە دێرین و كلاسیكییەكانی ئەمریكا كەوتن و ڕاگیران، وەك: بڕیای كشاندنەوەی سوپاكەی لە ڕۆژهەڵاتی فورات لە سووریا.

كۆبەند

گەڕانەوەی ترەمپ، جیهان و ناوچەكە و عێراقی خستووەتە بەردەم پێشهات و پێشبینیی نوێ. ناونیشانی سەرەكیی قۆناغی داهاتوویش دەشێت “ناڕوونی” بێت، چونكە سروشتی سەركردایەتیی ترەمپ وایە لە بری كاری دەزگەیی و پەنابردن بۆ دامەزراوەكانی بڕیار، تاكلایەنە و لەپڕدا بڕیار دەدات و زیاتر پشت بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ سەركردەكانی جیهان دەبەستێت.

دەربارەی عێراق دۆخەكە هەستیارترە چونكە هێشتا كێشەی قووڵ هەیە كە ئایا ئەمریكا هاوپەیمان و دۆست یان دوژمنی عێراقە؟ ئەمەیش وا دەكات دۆخی ئەم وڵاتە بەڕووی كاردانەوەی جۆراوجۆری ترەمپدا كراوە بێت؛ لەگەڵ ئەوەیشدا عێراق هەندێك كەرەستە و ڕایەڵی هەیە بۆ گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی نوێ، ئەگەر زەمینەی نێوخۆیی لەبار بێت و بتوانێت لەگەڵ ئەمریكای ترەمپ بەركاریان بكات. لەنێو ئەم ئاڵۆزییەیشدا هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی كوردستان دەكەونە ژێر كاریگەرییەوە و؛ وریایی و چاوكراوەیی پێویستە بۆ پەیوەستكردنەوەی هەرێم بەو بلۆكبەندییە سیاسی و ئەمنییانەی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ سیستەمی نوێی زاڵ و باڵادەست لە ناوچەكە، پێك دەهێنرێت.

[1].  https://bit.ly/4fn8YBW

[2].  https://bit.ly/4epRVxG

[3].  https://bit.ly/4fJn6Fv

[4].   https://2u.pw/BhZGXcFn

[5].  https://bit.ly/40Fhwzq

[6].  https://bit.ly/4emYIZe

[7].  https://bit.ly/4fiAKj6

[8].  https://bit.ly/40Fhwzq

[9].  https://bit.ly/4fh3GI4

[10].  https://bit.ly/48FyArb

[11].  https://2u.pw/jgNB4GEE

[12].  https://bit.ly/3UJjLxY

[13].  https://2u.pw/ciGimAu6

[14].  https://2u.pw/ciGimAu6

[15]. https://2u.pw/UNyQYVJ9

[16].  https://2u.pw/0qrbNNLC

[17].  https://2u.pw/HM1vHoMp

[18].  https://2u.pw/wCLz4O21

[19].  https://bit.ly/3O3hqug

[20] . https://2u.pw/ciGimAu6

[21].  https://bit.ly/48FyArb

[22].  https://2u.pw/hWsUrALB

[23].  https://2u.pw/qskZ6OXV

[24].  https://2u.pw/yKV9OwQ7

[25].  https://2u.pw/a29uApsd

[26].  https://2u.pw/J06X14SB

[27].  https://2u.pw/WdBcrRO6

[28].  https://2u.pw/pR9KBb1f

[29].  https://2u.pw/UcltND6f

[30] . https://2u.pw/bd3y5bKI