بـەرەو نوێـکردنەوەى سیستـەمى دڵنیاییى جـۆرى لە زانکـۆکان
ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین
پێشەکى
نزیکەى پازدە سـاڵە لە زانکـۆکانى هەرێمى کوردستان سیستـەمێـک پەیـڕەو دەکرێت بە ناوى سیسـتەمى “دڵنیاییى جـۆرى”، کە ئامانـج لێى بەرەوپێشبردنى ئاستى زانستى و ئەکادیمیى زانکۆکان و زیـادکردنى ڕۆڵ و کاریگەرییانە لە پێشخستن و خزمەتکردنى کۆمەڵـگە. ئەمەیش بەدی دێت لە ڕێگەى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و مەعریفیى مامۆستایان و توێژەرەکان و، باشترکردنى ژینگەى خوێندن و، بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و بیرکردنەوەى قوتابیان و، پێشخستنى ئاست و کواڵێتیى دەستەى کارگێڕیى زانکۆ و کۆلێژەکان و، فراوانکردنى هاوبەشیى ئەکادیمى و زانستى لە نێوان زانکۆکان.
لە دواى پەیڕەوکردنى ئەم سیستەمە لە ساڵانى ڕابردوودا، پرسیار ئاراستەى خۆمان دەکەین بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى زانستییانە بە دواى وەڵامدا بگەڕێین و، دەپـرسین:
- ڕۆڵى زانکۆکان بۆ پێشخستنى کۆمەڵگەى کوردستانى لە چ ئاستێکدایە؟
- قەبارەى کاریگەریى زانکۆکان لە گۆڕینى ئاراستەى کۆمەڵگەى کوردستانى چەندە؟
- ئاستى مەعریفى و زانستیى مامۆستایانى زانکۆ لە کوێدایە؟
- توێژەرەکانى زانکۆ ڕەچاوى دەستپاکیى ئەکادیمى دەکەن و، ئایا زانکۆکان پێوەرى دەستپاکیى ئەکادیمیى تایبەت بە خۆیان هەیە؟
- کۆمەڵگەى کوردستانى تا چەند متمانەى بە قوتابییە دەرچووەکانى زانکۆکان هەیە؟
- قوتابیى زانکۆ تا چەند ڕازییە لە ئاستى زانستى و کارگێڕیى زانکۆکان؟
- مامۆستایان تا چەند ڕازین لە ئاستى بەجێگەیاندنى دەستەى کارگێڕیى زانکۆکان؟
- ئەو چالاکییە زانستى و ئەکادیمى و کارگێڕییانەى کە لە زانکۆکان ئەنجام دەدرێن تا چەند کاریگەرییان هەیە بۆ بەرزکردنەوەى ئاست و بیرکردنەوە؟
ئەم پرسیارانە و چەندان پرسیارى ترى پەیوەندیدار، پێویستییان بەوە هەیە بە شێوەیەکى زانستى وەڵام بدرێنەوە، بەڵام وەڵامدانەوەکە پێویستە لە چوارچێوەى سیستەمى دڵنیاییى جـۆریى زانکۆکان بێت بۆ ئەوەى بزانین ئەم سیستەمە تا چەند کاریگەریى ماوە بۆ پێشخستنى زانکۆ و مامۆستا و قوتابى و کۆمەڵگە.
پێناسەى سیستەمى دڵنیاییى جـۆرى
دڵنیاییى جۆرى لە بوارى زانکۆکاندا، سیستەمێکە بەهۆیەوە زانکۆ دەتوانێت بەوپەڕى متمانەوە دڵنیا بێتەوە کە پێوەرەکان و کواڵێتیى خزمەتگوزارییە فێرکارییەکان و ئەکادیمییەکانى دەپارێزرێن و پێش دەخرێن، چونکە ئەم سیستەمە هەوڵ دەدات هەڵسەنگاندن بۆ ئاستى بەجێگەیاندن بکات بۆ بەدەستهێنانى باشترین ئەنجام لە ڕێگەى کۆکردنەوە و تەرخانکردنى تواناکانى زانکۆ و سەرچاوە مرۆیییەکانى بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و داخوازییەکانی بازاڕی کار بەپێی ستانداردە نیشتمانی و جیهانییەکان. لە ئێستادا، ئەم سیستەمە لە سێ بەشى سەرەکى پێک دێت:
- زانستخوازیى بەردەوام (CAD) – (Continue Academic Development).
- هەگبەى مامۆستا (TP) – (Teacher Portfolio).
- فیدباکى قوتابى (STF) – (Student Feedback)
“زانستخوازیی بەردەوام” فۆڕمێکە کە کۆى گشتیى چالاکییە زانستییەکانى مامۆستا لە ماوەى یەک ساڵى خوێندنى ئەکادیمیدا تێیدا دەنووسرێت و تۆمار دەکرێت. هەرچى “هەگبەى مامۆستایە” ئەویشیان فۆڕمێکە کە کۆى گشتیى چالاکییە کارگێڕییەکانى مامۆستا تێیدا تۆمار دەکرێت و، هەروەها لەم فۆڕمەدا پێوەرەکانى هەڵسەنگاندنى مامۆستایانى زانکۆ لەلایەن ئیدارەى دڵنیاییى جۆرى و سەرۆکى بەشى زانستییەوە دیارى کراون و ئەنجامیش دەدرێت. هەرچى ” فیدباکى قوتابى”یە، بە هەمان شێوە، ئەویش فۆڕمێکە کە بە چەند پێوەرێکى دیاریکراودا هەڵسەنگاندن بۆ ئاستى بەجێگەیاندنى مامۆستایانى زانکۆ لەلایەن قوتابییەکانى خۆیەوە ئەنجام دەدرێت.
جێبەجێکردنى ئەم سیستەمە لە زانکۆکاندا
هەروەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، نزیکەى پازدە ساڵە سیستەمى دڵنیاییى جۆرى لە گشت زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بە یەک شێوە و شێواز، پەیڕەو دەکرێن، لەگەڵ هەبوونى جیاوازییەکى کەم، چونکە ئەم سیستەمە لە بنەڕەتەوە بە بڕیارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەپێنرا و، هەموو ڕێساکانى بە شێوەیەکى ناوەندى بۆ زانکۆکان شـۆڕ کرایەوە. ئەم سیستەمە لە سەرەتاوە بەو شێوەى ئێستا نەبوو، بەڵکوو چەندان گۆڕانکاریى بەسەردا هاتووە بە مەبەستى پێشخستن و خۆگونجاندن لەگەڵ پێشهات و نوێکارییەکان.
لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: سیستەمى دڵنیاییى جۆرى، بەو شێوەى کە لە ڕابردوودا پەیڕەو کراوە و بەو شێوەى کە لە ئێستادا پەیڕەو دەکرێت، تا چەند ڕۆڵ و کاریگەریى پۆزەتیڤى هەبووە یان هەیەتى لە بەرەوپێشبردن و پێشخستنى ئاستى زانستى و مەعریفى و کارامەییى مامۆستایان و قوتابیان و بەشە زانستییەکان و کۆلێژەکان و بگرە زانکۆکانیش؟
وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانە بۆ خودى زانکۆکان جێ دەهێڵین بۆ ئەوەى خۆیان بە داتا و زانیاریى ورد و دروست هەڵسەنگاندن بۆ ئاستى خـۆیان بکەن و، هەروەها بزانن لە چاوى کۆمەڵگە بەها و کاریگەرییان چەندە و، دڵنیا ببنەوە لە ڕۆڵ و کاریگەریى ئەم سیستەمە لە گەیشتن بەو ئەنجامە؛ جا باش بێت یان خراپ.
بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، لە دواى هەوڵ و ماندووبوونێکى کەسى، بۆمان دەرکەوتووە کە سیستەمى دڵنیاییى جۆرى وەک باڵندەیەکى بێسەر بە ئاسمانى زانکۆکاندا دەفڕێت و دەسووڕێتەوە و، مامۆستا و قوتابییەکانیش بە دوایدا کەوتوون، بێ ئەوەى بزانرێت ئاراستەى ئەو باڵندەیە بۆ کوێیە؟!
بە بۆچوونى ئێمە، سەرکەوتنى هەر سیستەمێک بەندە بە دیاربوونى ئامانجەکانى و، ڕوونیى پێوەرەکانى و، دادپەرەوەرى لە جێبەجێکردنى و، لکاندنى بە سزا و پاداشتەوە. لەم سۆنگەیەوە، پێمان وایە سیستەمى دڵنیاییى جۆرى لە زانکۆکان سیستەمێکى زۆر باشە و پێویستە هەبێت، بەڵام لە ئێستادا ئەم سیستەمە بەساڵاچووە، کۆن بووە و، پێویستیى بە نوێکردنەوە و گەنجبوونەوە هەیە. بۆیە، هەندێ تێبینى لەسەر ئەم سیستەمە دەخەمە ڕوو بە ئامانجى نوێکردنەوە و باشترکردنى ئەم سیستەمە لە زانکۆکاندا. تێبینییەکان دابەش دەکەین بۆ چوار بەش؛ سێ بەشى تێبینییەکان پەیوەستن بە سێ بەشەکەى سیستەمى دڵنیاییى جۆرى و، بەشى چوارەم و کۆتاییش تەرخان دەکەین بۆ تێبینیى گشتى لەسەر کۆى گشتیى سیستەمەکە، بەم شـێـوەى خـوارەوە:
یەکەم – تێبینییەکان سەبارەت بە زانستخوازیى بەردەوام
هەروەک پێشتر ئاماژەم پێی دا، لە فۆڕمى زانستخوازیى بەردەوامـدا چالاکییە زانستییەکانى مامـۆسـتا تـۆمار دەکرێن کە لە ماوەى یەک ساڵى خوێندنى ئەکادیمیدا ئەنجامى داون و، لە بەرامبەر ئەنجامدانى هەر چالاکییەک مامۆستا خاڵ وەردەگرێت و، کۆى گشتیى ئەم خاڵە کۆکراوانەیش هۆکارە بۆ دەرچوون یان دەرنەچوونى مامۆستاى زانکۆ لەم فۆڕمــەدا.
چاوخشاندنێکى ورد بەو چالاکییە زانستییانە و بەو خاڵانەى کە بۆیان دانراوە، دەتگەیەنێتە ئەنجامێک کەوا ئامانج و مەبەستى سیستەمى دڵنیاییى جۆریی زانکۆکان ڕوون نییە کە دەیەوێت مامۆستاى زانکۆ چى بۆ زانکۆ بکات و چیى بۆ نەکات؛ چونکە شپرزەیى بە دانانى چالاکییەکان و ناڕوونى بە دانانى خاڵەکانەوە دیارن و، نازانرێت بە دیدى زانکۆ، لەپێشینە بۆ کام جۆر چالاکییە. ئەمانەى خوارەوە تێبینییەکانى ئێمەیە لەم بارەیەوە:
- چالاکییەکان هەروەک خۆیان ماون
نزیکەى پازدە ساڵە چەند جۆرە چالاکییەک دیارى کراون بۆ ئەوەى مامۆستایانى زانکۆ ئەنجامى بدەن، بێ ئەوەى بیر لەوە بکرێتەوە کە چالاکیى تر زیاد بکرێت یاخود ئەم چالاکییانە لێك جیا بکرێنەوە یان دیتەیلى زیاتریان پێ بدرێت، بۆ نموونە:
- تا ئێستا، تەقریبەن، بە یەک چاو سەیرى کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و سیمپۆزیۆم دەکرێت، کە پێویستە بەتەواوەتى ئەم سێ چالاکییە لێك جیا بکرێنەوە و پێوەرى لێكجیاکردنەوەیشیان ڕوون بێت بۆ مامۆستایان.
- تا ئێستا ڕوون نییە ئایا جیاوازى هەیە لە نێوان چالاکیى ئۆنڵاین و چالاکییەکانى ترى ئاسایى.
- تا ئێستا زانکۆکان بە یەک چاو سەیرى چالاکییەکانى مامۆستایانیان لە ناوەوەى زانکۆ و لە دەرەوەى زانکۆ دەکەن و، دیار نییە بۆ زانکۆ کامیان گرنگترە، بۆ نموونە: جیاوازى نییە لە نێوان تاوتوێکردنى نامەیەکى ماستەر لەنێو کۆلێژێکى زانکۆ و تاوتوێکردنى نامەیەکى ماستەر لە کۆلێژێکى دەرەوەى زانکۆ. تا ڕاددەیەك بۆ گشت چالاکییەکان هەمان هەڵوێست بەدى دەکرێت. لێرەدا، ئەگەر زانکۆ بەرزکردنەوەى ئاستى شارەزاییى مامۆستاکانى و فراوانکردنى ناوبانگى خۆى پێ گرنگ بێت، ئەوا خاڵى زیاتر بە چالاکییەکانى دەرەوەى زانکـۆ دەدات.
- پێ دەچێت زانکۆ حەزى لێ بێت چالاکیی مامۆستایان لە دەرەوەى عێراق بێت، چونکە خاڵى زیاترى بۆ داناوە. ئەمە دروستە، بەڵام پێویستە زانکۆ ڕۆڵى زیاترى هەبێت لە ئاراستەکردنى ئەو مامۆستایانەى کە نازانن یان ناتوانن چالاکى لە دەرەوەى عێراق ئەنجام بدەن بۆ ئەوەى ڕێگەیان پێ نیشان بدرێت کە چۆن ئەو کارە ئەنجام بدەن.
- زانکۆ تەنیا گرنگى بە وەڕگێرانى کتێب دەدات، بۆیە دەپرسم: ئەى وەڕگێرانى توێژینەوە؟ ئەى وەڕگێڕانى وتارێک لە گۆڤارێکى نێودەوڵەتى؟
- بۆ پێشکەشکردنى سیمینار بۆ بەرزکردنەوەى پلەى زانستى هیچ خاڵێک هەژمار ناکرێت، کەچى ئەم کارە کارێکى زانستییە و، لۆژیکى تێدا نییە کە بە چالاکى هەژمار ناکرێت.
- جیاوازى نییە لە نێوان چاوپێکەوتنى میدیایى، جا تەلەڤزیۆن بێت یان ڕادیۆ یان گۆڤار یان ڕۆژنامە. بێ گومان دەبێ جیاوازییان هەبێت، لەبەر ئەوەى زانکۆ زیاتر سوود لە چاوپێکەوتنەکانى تەلەڤزیۆنى دەبینێت بۆ ناوبانگى خۆى. بۆیە پێویستە خاڵ و بەهاى زیاترى پێ بدات، چونکە ناوى زانکۆ لە کاتى چاوپێکەوتندا لەژێر ناوى مامۆستاکە دێت.
- ناهاوسەنگى لە نێوان جۆرى چالاکییەکان و خاڵى هەژمارکراو
بەدیاریکراوى ڕوون نییە کە خاڵى چالاکییەکان بە چ پێوەرێک دانراوە؛ ئایا بە پێوەرى گرنگى ئەو چالاکییە بۆ زانکۆ؟ یان بە پێـوەرى ئـەو ماوەیـەى کە پێویستە بۆ ئەنجامدانى چالاکـى؟ یان بە پێوەرى ئارەزووى مامۆستایان؟ یان بە پێوەرى بەها و نرخى ئەم چالاکییە؟ یان هەر پێوەرێکى تر، چونکە لە دانانى خاڵەکان نالۆژیکى بەدی دەکرێت، بۆ نموونە:
- بۆ پێشکەشکردنى یەک سیمینار لە زانکۆدا (3) خاڵ هەژمار دەکرێت، کەچى بە هەمان شێوە بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى کە DOI هەبێت، (3) خاڵ هەژمار دەکرێت! ئەگەر بە پێوەرى گرنگى و بە پێوەرى بەها و بە پێوەرى ماوە بێت، ئەوا بێ گومان ئەنجامدان و بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، گرنگتر و بەبەهاترە و ماوەى (30 – 90) ڕۆژى دەوێت، کەچى ئامادەکردن و پێشکەشکردنى یەک سیمینار ڕنگە ڕۆژێک تا سێ ڕۆژى پێویست بێت. بۆیە ناکرێت بە یەک چاو سەیر بکرێن و هەمان خاڵیان هەبێت.
- نووسینى پەرتووکێک لەسەر داواى زانکۆ (12) خاڵى بۆ دانراوە، کەچى نووسینى پەرتووک بەبێ داواى زانکۆ (4) چوار خاڵى بۆ دانراوە، کە هەمان چالاکییە و تەنها داواکاریى زانکۆى لەگەڵ نییە. بە بۆچوونى ئێمە پێویستە زانکۆ واز لەو عەقڵییەتە بهێنێت ئەگەر شتێک لەسەر داواکاریى زانکۆ نەبێت بەهاى نییە؛ لە بەرامبەر ئەودا پێویستە زانکۆ بە عەقڵییەتى بەبازاڕکردن (Marketing) سەیرى چالاکییەکانى مامۆستایانى بکات و، ڕێگە بە مامۆستایانى خۆى بدات کتێب، هەتا بەبێ داواى زانکۆش بێت، بڵاوبکەنەوە؛ بە مەرجێک ناو و لۆگۆى زانکۆ لەژێر ناوى نووسەر بێت. زۆر پێوەر هەن بۆ دیاریکردنى بەها و نرخى زانکۆ، یەکێک لەو پێوەرانە ژمارەى ئەو کتێبانەیە کە مامۆستایانى ئەو زانکۆیە ساڵانە بە ناو و لۆگۆى زانکۆوە دەرى دەکەن؛ ئەمە جگە لەوەى لامان ڕوون نییە بۆچى زانکۆ خاڵى کەمترى بۆ نووسینى کتێب بەبێ داواکاریى زانکۆ داناوە، چونکە خەرجى داراییى چاپکردنى نووسینى کتێبێک بەبێ داواکاریى زانکۆ لەسەر ئەستۆى نووسەرە نەوەک زانکۆ، کەچى خەرجى داراییى نووسینى کتێبێک لەسەر داواکاریى زانکۆ لەسەر خودى زانکۆ دەبێت نەوەک نووسەر، ئەمە لە کاتێکدایە کە دامودەزگا فەرمییەکانى هەرێمى کوردستان بە دەست قەیرانى دارایییەوە دەناڵێنن. لە هەموو ئەوانەیش سەیرتر ئەوەیە، لە کاتى کردنەوەى پێشانگەى کتێب، بانگەواز بۆ مامۆستایانى زانکۆ دەکرێت بۆ ئەوەى ئەو کتێبانەى کە لەسەر خەرجى داراییى خۆیان چاپیان کردووە بیهێنن بۆ خانەى زانکۆ لە پێشەنگە بۆ ئەوەى لەوێ بفرۆشرێت تا کڕیاران نەڵێن زانکۆ هیچ بڵاوکراوەى نییە. مادام زانکۆ هێندە پێویستی بەم جۆرە کتێبانە هەیە، کەواتە پێویستە هانى نووسینیان بدرێت.
لە هەموو ئەوانەیش سەیرتر ئەوەیە، لە کاتى کردنەوەى پێشانگەى کتێب، بانگەواز بۆ مامۆستایانى زانکۆ دەکرێت ئەو کتێبانەى کە خۆیان چاپیان کردووە بیهێنن بۆ خانەى زانکۆ لە پێشەنگە، بۆ ئەوەى لەوێ بفرۆشرێت بۆ ئەوەى کڕیاران نەڵێن زانکۆ هیچ بڵاوکراوەى نییە! مادەم زانکۆ هێندە پێویستی بەم جۆرە کتێبانە هەیە، کەواتە هانى نووسینیان بدەن، تکایە!
- بە هەمان شـێوەى خاڵى پێشـوو، وەڕگێران لەسەر داواى زانکۆ (8) خاڵى بۆ دانراوە، کەچى وەڕگێران بەبێ داواى زانکۆ (4) خاڵى بۆ دانراوە. هەمان ئەو تێبینییانەى کە لە خاڵى پێشوودا خستمانە ڕوو، بۆ ئەم خاڵەیش هەر دروستە.
- پێشكهشكردنی توێژینهوه له كۆنفرانسی زانستی له دەرەوەی عێراق (7) خاڵى بۆ تەرخان کراوە، کەچى پێشكهشكردنی توێژینهوه له كۆنفرانسی زانستی له ناوەوەى عێراق (3) خاڵى بۆ دانراوە. ئەمە بەکەمزانینى کۆنفرانسە نێوخۆیییەکانە، چونکە هیچ پێوەرێک بۆ کۆنفرانسى دەرەوە دانەنراوە و، ڕەنگە کۆنفرانسێکى زانستى لە ناوخۆدا ئەنجام بدرێت زۆر بەبەها و زۆر زانستیتر بێت لەچاو ئەوەى لە دەرەوەى وڵات ئەنجام دەدرێت.
- هەڵسەنگاندنى زانستیى توێژینەوەیەک کە ئەوپەڕى (30) لاپەرە دەبێت بۆ گۆڤارێکى ناوخۆ (3) خاڵى بۆ دانراوە، بەڵام هەڵسەنگاندنى زانستیى توێژینەوەیەک کە ئەوپەڕى (15) لاپەرە دەبێت بۆ گۆڤارێکى دەرەوە (4) خاڵى بۆ دانراوە. ئەمە لە کاتێـکدایە کە هەڵسەنگاندنى زانستیى تێزى دکتۆرا کە (250-300) لاپەڕەیە تەنیا (3) خاڵى بۆ دانراوە و، هەڵسەنگاندنى زانستیی نامەى ماستەر کە (120-150) لاپەڕەیە تەنیا (2) خاڵى بۆ دانراوە. بە هەر پێوەرێک ئەم خاڵانە دیارى کرابن ئەوا هەڵەیە، چونکە ئەم چالاکییانە لە ڕووى بەهاى زانستى و ماوەى ئەنجامدان و بەرپرسیارێتیى هەڵسەنگێنەر زۆر لێك جیاوازن و لەگەڵ یەکـتر بەراورد ناکرێن.
- کارکردن و ئەندامبوون لە لێژنەى تاقیکردنەوەى کۆلێژ یان لە لێژنەى نازناوى زانستى (10) خاڵى بۆ دیاری کراوە، کەچى کارکردن و ئەندامبوون لە لێژنەى دڵنیاییى جۆریى بەش یان لە لێژنەى زانستیى بەش تەنیا (2) خاڵى بۆ دانراوە. ماوەى کارکردن و بەرپرسیارێتى و ماندووبوون و ژمارەى کۆبوونەوەکانى لێژنەى دڵنیاییى جۆرى و لێژنەى زانستیى بەش، کەمتر نییە لە کارەکانى لێژنەى تاقیکردنەوە و لێژنەى نازناوى زانستى.
- پێشکەشکردنى وتارى هەینى لە مزگەوت (4) خاڵى بۆ دیارى کراوە، کەچى نووسین و بڵاوکردنەوەى وتارێکى زانستى بە ناوى زانکۆوە تەنیا (2) خاڵى بۆ دانراوە. دەپرسین: ئایا مامۆستاى ئایینى لە کاتى وتارداندا ناوى زانکۆکەى دەهێنێت؟ کەچى مامۆستاى زانکۆ لە کاتى بڵاوکردنەوەى وتاردا لەژێر ناوی خۆیدا ناوى زانکۆکەى دەنووسێت! دیسان دەپرسینەوە: کامیان بۆ ناو و ناوبانگى زانکۆ گرنگترە: وتارى هەینى یان وتارى زانستى؟
- هەر مامۆستایەک دەستاوێـژى داهێنان (براءة الاختراع) بەدەست بهێنێت ئەوا (15) خاڵى پێ دەدرێت. زۆر بەڕوونى دەیڵێین: ئەگەر ئێمە زانکۆ بین و مامۆستاکەى ئێمە دەستاوێژى داهێنانى بەدەست هێنابێت، ئەوا بۆ ماوەى پێنج ساڵ لە پێداویستییەکانى سیستەمى دڵنیاییى جۆرى دەیبەخشین و بە شتى لابەلا سەرقاڵى ناکەین و کاتى پێ دەدەین با مامۆستاکەمان هەر خەریکى داهێنان بێت. خوا بکەم مامۆستایەکى زانکۆ لە هەرێمى کوردستان داهێنان بکات!
- ئەنجامدانى چاوپێکەوتنى میدیایى، بەتایبەتى چاوپێکەوتنى تەلەڤزیۆنى کە هەموو دونیا دەیبینێت و ناوى زانکۆ لەژێر ناوى مامۆستاکە دەنووسرێت، کەچى زانکۆ تەنیا (1) خاڵى بۆ دانـاوە.
- هەر مامۆستایەکى زانکۆ ببێتە ئەندامى دەستەى نووسەرانى گۆڤارێکى زانستیى ناوخۆیى، ئەوا تەنیا (1) خاڵى بۆ هەژمار دەکرێت. سەرەڕاى گرنگیى زانستیى ئەم کارە، کەچى دانانى یەک خاڵ بۆ ئەم چالاکییە ماناى ئەوەیە زانکۆ بەها بەم کارە نادات؛ ئەمەیش کارێکى دروست نییە، چونکە لاوازیى گۆشەنیگاى بەبازاڕکردن لە عەقڵییەتى زانکۆدا نیشان دەدات.
- هەبوونى میـچ (سقف) بۆ ئەنجامدانى زۆربەى چالاکییەکان
زۆربەى هەرە زۆرى ئەو چالاکییانەى کە دانراون بۆ ئەوەى مامۆستایانى زانکۆ پیادەى بکەن و خاڵى پێ کۆ بکەنەوە، میچیان بۆ دیارى کراوە و ئەگەر ژمارەى چالاکییەکانى مامۆستا لەو میچە تێپەڕ بوو، ئەوا چالاکییە زیادەکان بۆى هەژمار ناکرێت.
بە دیدى ئێمە، هیچ پاساوێک نییە بۆ دانانى ئەو میچە و، بگرە بە کۆتوبەندى دەزانین لە بەرامبەر تواناکانى مامۆستایان و، هەروەها ڕێزنەگرتنە لە هەمەچەشنیى تواناکانى مامۆستایان، چونکە مامۆستاکان لە ڕووى تواناوە وەک یەک نین؛ ئەو مامۆستایەى کە لە نووسینى توێژینەوەدا زیرەکە، ڕەنگە لە پێشکەشکردنى سیمینار باش نەبێت، یاخود ئەو مامۆستایەى لە نووسینى وتاردا زیرەکە، ڕەنگە لە نووسینى توێژینەوە باش نەبێت، یاخود ئەو مامۆستایەى لە نووسینى کتێبدا باش بێت، ڕەنگە لە وەڕگێڕانى کتێبدا باش نەبێت. بۆیە پێویستە زانکۆ ڕێـز لەو هەمەچەشنییە لە تواناکاندا بگرێت و، بگرە سوودیان لێ ببینێت و ڕێگەیان لێ نەگرێت، لەبەر ئەوە، دەبێ ئەو میچانە هەمووى هەڵبگیرێن. ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن:
- مامۆستا لە (5) سیمینار زیاتر ئەنجام بدات، زانکۆ خاڵى بۆ هەژمار ناکات. بەئەمانەتەوە دەیڵێن؛ مامۆستایەکى زانکۆ، لە یەک ساڵدا زیاتر لە (30) سیمینارى پێشکەش کرد بۆ هۆشیارکردنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگە لە بوارى هەڵبژاردن و مافە سیاسییەکانەوە، کەچى زانکۆ تەنیا (5) سیمینارى بۆ هەژمار کرد و، زانکۆ لەوە بێئاگایە کە ئەم مامۆستایە، جگە لە پێشکەشکردنى سیمینار، بەبازاڕکردن بۆ ناوى خۆى و ناوى زانکۆ و ناوى کۆلێژەکەى خۆى دەکات و ڕۆڵ و کاریگەریى زانکۆکەى لە کۆمەڵگەدا بەرز کردۆتەوە!
- مامۆستا لە (4) داهێنان زیاتر بکات، ئەوا زانکۆ بۆى هەژمار ناکات. خوا بکا ببینە خاوەن داهێنان! ئیدى نازانم بۆچى ڕێگر بین؟!
- بەشداریکردن لە خولى ڕاهێنان وەک وانەبێژ لە (7) ڕۆژ زیاتر بۆ مامۆستا هەژمار ناکرێت. پێم سەیرە زانکۆ ڕێگرە! چونکە مامۆستاکە ناوى زانکۆکەى هەڵگرتووە لە کاتى وانەگوتنەوە لە خولەکانى ڕاهێناندا، بۆچى ڕێى لێ دەگیرێت؟!
- مامۆستا لە (3) کتێب زیاتر بنووسێ، بۆى هەژمار ناکرێت. سەیر ئەوەیە! مەعقووڵە زانکۆ کە سەرچاوەى نووسین و مەعریفەت و زانستە، ڕێگر بێت لە نووسینى کتێب؟! لە مامۆستا بگەڕێن، چەندى دەنووسێت با بنووسێت؛ ئەوە کڕۆکى کارەکەیەتى.
- مامۆستا لە (3) کتێب زیاتر وەربگێڕێت، بۆى هەژمار ناکرێت. ئەمەیان کارەساتە، چونکە لە سەردەمێکدا دەژین زۆربەى قوتابییەکانمان تەنیا زمانى کوردى دەزانن؛ هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، مامۆستاکانى زانکۆ دوو زمان یان زیاتر دەزانن. بۆیە پێویستە زانکۆ، بەو سەرچاوە مرۆیییە زانستییەى کە هەیەتى، ڕۆڵى هەبێت لە بزووتنەوەى وەرگێڕانى نوێترین کتێب بۆ سەر زمانى شیرینى کوردى. ئەگەر ئەم کارە زانکۆ نەیکات، ئەى کێ بیکات؟ دانانى میچ بۆ ئەم چالاکییە کارێکى یەکجار نالۆژیکییە.
- مامۆستا نابێت هەڵسەنگاندن بۆ زیاتر لە (10) توێژینەوەى زانستى ئەنجام بدات، ئەگینا بۆى هەژمار ناکرێت! مامۆستاى زانکۆ هەیە جێگەى متمانەى زانستیی چەندان گۆڤارى زانستییە و کاتێک نووسراوى هەڵسەنگاندن ئاراستەى مامۆستا دەکرێت، ئەوا ناوى زانکۆکەى لە تەک ناوى هەڵسەنگێنەر دێت؛ ئیدى نازانم بۆچى زانکۆ ڕێگرە لەوەى خەڵک ڕێز لە مامۆستاکانى بگرێت و متمانەیان پێ بکات؟! بۆچى حەز ناکات ئاراستەى هەڵسەنگاندنى توێژینەوەکان هەمووى بۆ مامۆستاکانى بێت؟ بۆچى ڕێگرە لەوەى خۆى و مامۆستاکانى ببن بە مەرجەعى زانستى بۆ چەندان گۆڤارى زانستى؟!
- مامۆستا نابێت هەڵسەنگاندنى زمانەوانى یان زانستى بۆ زیاتر لە (5) كتێب یان نامەى ماستەر یان تێزى دکتۆرا بکات، ئەگینا زانکۆ بۆى هەژمار ناکات. هەمان تێبینیى خاڵى پێشوو بۆ ئەم خاڵەیش دروستە!
- لە (3) وتار زیاتر بنووسرێت، ئەوا هەژمار ناکرێت؛ ئەمە لە کاتێکدایە هەندێک لە مامۆستایانى زانکۆ لە ڕێگەى وتارەکانیانەوە ئاراستەى حکوومەت، وەزارەت، پەرلەمان و دەزگەکانى ترى دەوڵەتیان گـۆڕیـوە.
- لە (7) چاوپێکەوتنى میدیایى زیاتر هەژمار ناکرێت! کێشە لەوەیە زانکۆ تا ئێستا درک بەوە ناکات کە لە ڕێگەى مامۆستاکانییەوە و لە ڕێگەى میدیاوە دەتوانێت کاریگەریى پۆزەتیڤى لەسەر کۆمەڵگە هەبێت و، بەرەوپێشى ببات و، شێوازى بیرکردنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگە بگۆڕێت.
- مامۆستا تەنیا دەتوانێت لە (30) سیمینار دابنیشێت، لەوە زیاتر بۆى هەژمار ناکرێت. سەیرە! زانکۆ بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ دوو شتمان پێ دەڵێت: یەکەمیان، فێر مەبە لە ڕێگەى دانیشتنەوە، دووەمیان زۆر دابنیشە و کەم جووڵە بکە، چونکە هەموو چالاکییەکانى تر کە جووڵەیان تێدایە میچیان ناگاتە (30)، کەچى دانیشتن (کە جووڵەى تێدا نییە و چالاکییەکى نێگەتیڤە) دەگات بە (30)!
دیاریکردنى میچى ئەنجامدانى هەندێ لە چالاکییەکان، هاوتەریبە لەگەڵ نەبوونى میچ بۆ ئەنجامدانى هەندێ چالاکیى تر کە لە بنەڕەتەوە نازانرێت بە چ پێوەرێک و بە چ هۆکارێک میچ بۆ هەندێ چالاکى دانراوە و بۆ هەندێکى تر دانەنراوە. نموونەى هەندێ لەو چالاکییانەى کە میچیان بۆ دانەنراوە، وەک:
- بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى.
- سیمینارى هاوسەنگیکردن بۆ نامەکانى ماستەر یان دکتۆراى ئەو کەسانەى کە لە دەرەوەى وڵات بەدەستیان هێناوە.
- تاوتوێکردنى نامەى ماستەر یان تێزى دکتـۆرا.
- لێژنەى ئامادەکاریى کۆنفرانس و وۆرکشـۆپ و سیمپـۆزیۆم.
- ڕەچاوکردنى تایبەتمەندیى هەندێ کۆلێژ لە هەژمارکردنى چالاكییەکان
بۆ دیاریکردنى چالاکییەکان و دانانى خاڵ، ڕەچاوى تایبەتمەندیى هەندێ کۆلێژ کراوە و هەندێکى تریش پشتگوێ خراون و، هەندێ لەو چالاکییانەیش زانستى نین و پەیوەندییان بە زانکۆوە نییە، بۆ نموونە:
- وتارى هەینى بۆ مامۆستایانى کۆلێژى شەریعەت بە چالاکى هەژمار کراوە، کەچى ئەوەی ڕاستی بێت ئەم چالاکییە، زانستى نییە و هیچ پەیوەندیى بە زانکۆوە نییە!
- سەردانى حقل یان شوێنى چالاکى بۆ مامۆستایانى کۆلێژى کشتوکاڵ و، هەروەها کۆلێژى زانست (بەشى جیۆلۆژى) بە چالاکى هەژمار کراوە.
- سەردانى شوێنە مێژوویییەکان بۆ مامۆستایانى کۆلێژى ئاداب (بەشى شوێنەوار) بە چالاکى هەژمار کراوە.
- کردنەوەى پێشانگەى نێوخۆیی و دەرەکى بۆ مامۆستایانى کۆلێژى هونەرە جوانەکان بە چالاکى هەژمار کراوە، کەچى پەیوەندیى بە زانکۆوە نییە، بەڵکوو لەسەر ئاستى کەسى ئەنجام دەدرێت.
ڕەچاوکردنى تایبەتمەندیى هەندێ کۆلێژ لە کاتێکدایە کە تایبەتمەندیى هەندێ کۆلێژى تر پشتگوێ خراوە، بۆ نموونە: چالاکییەکانى مامۆستایانى کۆلێژى یاسا لە سەردان و پێشکەشکردنى راوێژى یاسایى، یان چالاکییەکانى مامۆستایانى کۆلێژى زانستە سیاسییەکان و کۆلێژى کارگێڕى و ئابوورى و کۆلێژى ئەندازیارى و هتد.
- وەرگرتنى ڕەزامەندیى پێشوەختە
بۆ ئەوەى چالاکییەکانى دەرەوەى زانکۆ بۆت هەژمار بکرێت، بەتایبەت پێشکەشکردنى سیمینار لە دەرەوەى حەرەمى زانکۆ، پێویستە مامۆستا ڕەزامەندیى پێشوەختەى زانکۆ وەربگرێت. ئەمەیش ڕۆتینێکە لە ئاست و ژمارەى چالاکییەکانى مامۆستایان کەم دەکاتەوە.
دووەم – تێبینییەکان سەبارەت بە هەگبەى مامۆستا
فۆڕمى هەگبەى مامۆستا، لە پڕۆسەى هەڵسەنگاندنى مامۆستا پێک دێت. ئەم هەڵسەنگاندنەیش لە سێ تەوەرى سەرەکى پێک دێت: هەڵسەنگاندنى کارگێڕى و هەڵسەنگاندنى دڵنیاییى جۆرى و هەڵسەنگاندنى زانستى، کە هەموویان لەلایەن سەرۆکى بەشى زانستى و تیمى دڵنیاییى جۆرییەوە ئەنجام دەدرێت. بێ گومان ئەم فۆرمەیش بەدەر نییە لە هەبوونى کەموکوڕیى جەوهەرى، کە دەتوانین لەم خاڵانەى خوارەوە کۆیان بکەینەوە:
- بۆ پێوەرەکانى هەڵسەنگاندنى مامۆستا، دووبارە میچ دانراوە، بۆ نموونە:
- بۆ هەر جـۆرێک لە جۆرەکانى سوپاس و پێزانین، تەنیا (4) سوپاس و پێزانین بۆ مامۆستا هەژمار دەکرێت. یەکێک لەم سوپاسانە بریتییە لە سوپاس و پێزانینى سەرۆکى هەرێم. ئەگەرچى ئەستەمە مامۆستا لە ساڵێکدا زیاتر لە چوار سوپاس و پێزانینى سەرۆکى هەرێم بەدەست بهێنیت، بەڵام لۆژیک ئەوە قبووڵ ناکات کە بۆچى زانکۆ قبووڵى نییە مامۆستایەک پێنج جار سوپاس و پێزانینى سەرۆکى هەرێمى پێ ببەخشرێت؟! بۆچى زانکۆ بەبازاڕکردن بۆ ئەو سوپاسانە ناکات کە مامۆستاکانى لە لایەنە فەرمییەکانەوە وەری دەگرن؟!
- مامۆستا هەرچەند لە ڕووى کارى ڕێکخراوەیییەوە چالاک بێت، بەڵام ناتوانێت سوود لە ئەندامێتیی سەندیكا و ڕێكخراوى كوردستانی یان نێودەوڵەتی وەربگرێت ئەگەر ژمارەیان لە (3) رێکخراو زیاتر بێت. بۆ زانکۆ باشترە مامۆستاکانى لە ڕووى کارى ڕێکخراوەیییەوە چالاک بن بۆ ئەوەى ڕێژەى کاریگەریى زانکۆ لە کۆمەڵگە بەرز بکاتەوە.
- لە هەموو جیهاندا، هانى تاکەکانى کۆمەڵگە دەدرێت کە کارى خۆبەخشى ئەنجام بدەن، کەچى زانکۆ پەیامێکى ڕوون ئاراستەى مامۆستایانى دەکات کە لە ساڵێکدا تەنیا (2) چالاكیی خۆبەخشی و هاوكاری لەگەڵ دامەزراوە حكوومی و ناحكوومییەكان بۆیان هەژمار دەکرێت! چەند نالۆژیکییە کاتێک بە یاسا سنوور بۆ کارى خۆبەخشى و کەلتوورى کارى خۆبەخشى دادەنرێت! ئەسڵەن پێویستە زانکۆ پێشەنگ بێت لە هاندانى مامۆستایانى لە پیادەکردنى کارى خۆبەخشى و بڵاوکردنەوەى کەلتوورى کارى خۆبەخشى.
- یەکێک لە پێوەرەکان کە هەڵسەنگاندنى زانستى بۆ مامۆستاى زانکۆ ئەنجام دەدرێت بریتییە لە بەشداریکردن لە مەلەوانگەى زانکۆ؛ بە شێوەیەک ئەگەر مامۆستاى زانکۆ لە ڕەگەزى مێ بێت و لە مەلەوانگەى زانکۆ بەشدار بێت ئەوا (5) خاڵ وەردەگرێت و ئەگەریش لە ڕەگەزى نێر بێت ئەوا (4) خاڵ وەردەگرێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: بەشداریکردنى مامۆستاى زانکۆ لە مەلەوانگەى زانکۆ بۆچى خاڵى لەسەر بێت؟ مەلەکردن چ پەیوەندییەكی بە پێوەرى زانستییەوە هەیە؟ بۆچى جیاوازى لە نێوان ڕەگەزى نێر و مێ کراوە؟ پێویستە دەستبەجێ ئەم پێوەرە لەنێو پێوەرەکان لا بدرێت، چونکە پەیوەندیى بە بەجێگەیاندنى کارگێڕى و زانستیى مامۆستاوە نییە.
- هەڵسەنگاندنى کارگێڕى بۆ ئاستى بەجێگەیاندنى مامۆستاى زانکۆ بە چەندان پێوەرى کلاسیک ئەنجام دەدرێت کە هەرگیز لەم ڕێگەیەوە ناتوانرێت هەڵسەنگاندنێکى ڕاست و دروست بۆ مامۆستاى زانکۆ بکرێت. نموونەى ئەم جۆرە پێوەرە کۆن و کلاسیکییانە وەک:
- مامۆستا چەند سوپاس و پێزانینى وەرگرتووە؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە زانکۆ میچى بۆ وەرگرتنى سوپاس و پێزانین داناوە!
- ئایا مامۆستا سزای زانستی و كارگێڕیی وەرگرتووە؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا لەبەر قەیرانى دارایى و دەستێوەردانى لابەلا لە کاروبارى زانکۆدا بەها بۆ سـزا نەماوە، چونکە بەدەگمەن مامۆستایەک سزا دەدرێت! ئەمە جگە لەوەى جیاوازى لە نێوان سزاى سووک و سزاى توند نەکراوە.
- ئایا مامۆستا گرنگی بە كات دەدات و لە كاتی خۆی ئامادە دەبێت؟
- ئایا مامۆستا تا چەند هاوكاری بەش بووە بۆ ڕاییکردنى کارەکان؟
ئەم پێوەرانە خراپ نین، بەڵام بەتەنیا بەس نین بۆ ئەوەى هەڵسەنگاندنێکى گشتگیر و دروست بۆ ئاستى بەجێگەیاندنى مامۆستاى زانکۆ بکرێت، بەڵکوو لە تەک پێوەرەکانى سەرەوە، پێویستە پشت بە پێوەرى تریش ببەسترێت بۆ هەڵسەنگاندنى کارگێڕى و زانستیى مامۆستایانى زانکۆ، وەک:
- کواڵێتى و شێوازى وانەگوتنەوەى مامۆستا.
- توانستى مامۆستا بۆ بەڕێوەبردنى هۆڵەکانى خوێندن و تاقیکردنەوەکان.
- کواڵێتیى کەسایەتى و هەگبەى زانستى و ئەکادیمى لە هەموو ڕوویەکەوە.
- دەستپاکیى ئەکادیمیى مامۆستا لە کاتى ئەنجامدانى توێژینەوە.
- توانستى مامۆستا بۆ چارەسەرکردنـى کێشـەکان (چەند کێشەى دروست کردووە و چەندى چارەسەر کردووە).
- ڕۆڵى مامۆستا لە بەرزکردنەوەى ئاستى قوتابیان.
- ڕۆڵى مامۆستا لە پێشخستنى پڕۆگرامەکانى خوێندن و ئەو بابەتەى کە دەیڵێتەوە.
- توانستى مامۆستا بۆ نوێبوونەوە و خۆگونجاندن.
- پابەندبوونى مامۆستا بە یاسا و ڕێنمایییەکان و بڕیارەکان.
- تێکەڵنەکردنى کارى زانستى و کارى سیاسى و حزبایەتى لەگەڵ یەکتر.
- ڕێگە بە دەستێوەردانى دەرەکى نادات لە کاروبارى خوێندندا و بڕیارەکانیشى بابەتین.
- ڕێکپۆشیى مامۆستا و شێوازى قسەکردن و ڕەفتارکردنى.
- بەشداریکردنى مامۆستا لە پێدانى پێشنیار و چارەسـەرى گونجاو.
- مرونەتى مامۆستا لە کاتى کارکردن.
- پەیوەندییە پۆزەتیڤەکانى مامۆستا لەگەڵ مامۆستایانى هاوپیشە و لەگەڵ قوتابیان و لەگەڵ سەرووى خۆى (کارگێڕى).
سـێیەم – تێبینییەکان سەبارەت بە فیدباکى قوتابیان
زانکۆ، لە ڕێـگەى فۆرمێکى ئەلیکترۆنییەوە، فیدباکى قوتابیان لەسەر مامۆستایان وەردەگرێت. ئەم فیدباکە لەسەر بنەماى (10) پێوەرى سەرەکى ئەنجام دەدرێت:
- لە دەستپێکى خوێندندا مامۆستا کۆرسبووکى بابەتەکەى پێتان دا؟ بۆتانى ڕوون کردەوە؟
- ئایا مامۆستا پابەند بوو بەو سلیبەس (پلانى ساڵانەى خوێندن)ەى کە لە کۆرسبووکى بابەتەدا هەبـوو؟
- مامۆستا هەوڵی دا ئامانج و گرنگیى هەبوونى بابەتەکەى لەناو پڕۆگرامى خوێندندا ڕوون بکاتەوە؟
- شێوازى هەڵسەنگاندن و پرسیارەکانى تاقیکردنەوە لەبار و گونجاو بوون؟
- مامۆستا لە کاتى خۆیدا دەهاتە ژوورەوە و لە کاتى خۆیدا وانەکەى تەواو دەکرد؟
- لە کاتى وانەگوتنەوە مامۆستا هەوڵى دا بنەما و ناوەڕۆک و خاڵە گرنگەکانى بابەتەکە بەڕوونى و بەسادەیى شی بکاتەوە؟
- لە کاتى وانەگوتنەوەدا مامۆستا بەنەرمى و بەهێمنى و بەڕێزلێنانەوە هەڵسوکەوتى دەکرد؟
- سلایدەکانى بەکارهێنران، ڕوون و ئاشکرا و سەرنجڕاکێش بوون؟
- لە کاتى وانەگوتنەوەدا مامۆستا کاتى پرسیارکردنى هێشتەوە و هەوڵی دا پرسیارەکان بەتێروتەسەلى وەڵام بداتەوە؟
- لە کاتى وانەگوتنەوەدا، مامۆستا ئاماژەى بە سەرچاوەى نوێ دەکرد؟
تێبینییەکان لەسەر پڕۆسەى وەرگرتنى فیدباک (ڕاوبۆچوون، هەڵسەنگاندن، كاردانەوە)ى قوتابیان و هەڵسەنگاندنى مامۆستایان و پێوەرەکانى هەڵسەنگاندن بەم شێوەى خوارەوە دەخەینە ڕوو:
- ڕێژەى (30%)ى پێوەرەکان بۆ بابەتى کۆرسبووک تەرخان کراوە، هەروەک لە پێوەرى (1) و (2) و (3)دا دیارە. بە بۆچوونى ئێمە پێدانى ئەم ڕێژە بەرزە بە کۆرسبووک دروست نییە، چونکە لە ئێستادا مامۆستا کۆرسبووک نادات بە قوتابى، بەڵکوو قوتابى لە وێبسایتى مامۆستا دەستى دەکەوێت. با هەندێک ڕاست و ڕوون بین لەگەڵ خۆمان و بپرسین: کوا ئێستا مامۆستا گرنگى بە کۆرسبووک دەدات؟ چەند قوتابیى زانکۆ سەیرى کۆرسبووک دەکەن تا بزانن ئەوساڵى خوێندن چى دەخوێنن؟
- بەپێى پێوەرى ژمارە (2)، قوتابى، مامۆستاى خۆى هەڵدەسەنگێنێت لەسەر پێوەرى پابەندبوونى مامۆستا بەو سلیبەسەى کە لە کۆرسبووکى بابەتەدا هەبـووە. جارێک تێستێکمان کرد لە زانکۆ بۆ ئەوەى بزانین چەند قوتابى دەزانن “سلیبەس” چییە. بۆمان دەرکەوت ڕێژەکە هێندە کەم بوو کە شایەنى ئاماژەدان نییە، ئەمە جگە لەوەى دڵنیابوونەوە لە ڕاددەى پابەندبوونى مامۆستا بە پلانى ساڵانەى خوێندن (سلیبەس)ی نێو کۆرسبووک کارى قوتابى نییە، بەڵکوو کارى سەرۆکى بەشى زانستییە کە بەدواداچوون بۆ ئەم کارە بکات؛ نەک لە کۆتاییى ساڵ، بەڵکوو لە سەرتاى ساڵەوە. ئەمە جگە لەوەى هەندێ جار لەبەر پشـوو و تاقیکردنەوەکان، مامۆستا ناتوانێت پابەند بێت بە پلانى ساڵانەى خوێندن (سلیبەس) کە خۆى دای ناوە؛ واتا ناکرێت هەڵسەنگاندن بۆ ئاستى بەجێگەیاندنى مامۆستا بکرێت لەسەر کارێکى ئەنجامنەدراو لەبەر هۆکارى دەرەکى نەوەک لەبەر ئەوەى مامۆستاکە کەمتەرخەم بووبێت.
- بەپێى پێوەرى ژمارە (3)، مامۆستا لەسەریەتى ئامانج و گرنگیى هەبوونى بابەتەکەى لەناو پڕۆگرامى خوێندن بۆ قوتابییەکان ڕوون بکاتەوە. بێ گومان ئەم کارە شتێکى باشە، بەڵام ئەم کارە بە وانەیەکى یەک کاتژمێرى ئەنجام دەدرێت. بۆیە لۆژیکی نییە (10%)ى نمرەى هەڵسەنگاندنى لەسەر بێت، چونکە دەبێت پێوەرى هەڵسەنگاندن تایبەت بێت بە کارێک کە لەسەر مامۆستا پێویست بێت بیکات؛ هەر لە سەرەتاى ساڵەوە تاوەکوو کۆتاییى ساڵ.
- بەپێى پێوەرى ژمارە (4)، پێویستە لەسەر مامۆستا شێوازى هەڵسەنگاندن و پرسیارەکانى تاقیکردنەوەکانى لەبار و گونجاو بێت. بە ڕاى ئێمە ئەم پێوەرە دروست نییە، چونکە دانانى پرسیارى تاقیکردنەوە و شێوازى هەڵسەنگاندن دوو شتى لێكجیاوازن. بۆ نموونە: پێوەرەکانى شێوازى هەڵسەنگاندن کە پێویستە مامۆستا پێوەى پابەند بێت، جیاوازن لە پێوەرەکانى پرسیارەکانى تاقیکردنەوە. بێ گومان هەڵسەنگاندنى قوتابى لەلایەن مامۆستاوە پێوەرى خۆى هەیە و، پێویستە قوتابى مامۆستاى خۆى هەڵسەنگێنێت لەسەر بنەماى ئەم پێوەرانە، وەکوو: (نابێت مامۆستا لایەنگیر بێت، یان پێویستە شەفاف بێت، یان پێویستە لە سەرتاى ساڵەوە قوتابى بزانێت بە چ پێوەرێک هەڵسەنگاندنى بۆ دەکرێت و نمرەکانى بۆ دادەنرێت، یان هتد). ئەمە جگە لەوەى ڕوون نییە نە بۆ قوتابى و نە بۆ مامۆستاش کە مەبەست لە “پرسیارى لەبار و گونجاو” چییە؟ ئایا پرسیارى ئاسان، پرسیارى لەبار و گونجاون؟ ئایا پرسیارى قورس و ناڕوون و ئەوانەى پێویستییان بە بیرکردنەوە زیاتر دەبێت، پرسیارى باش نین؟ ئایا دروستە لە پرسیارەکاندا دژیەکبوون هەبێت؟ یان ئەگەر هەڵەى تایپ و هەڵەى زمانەوانى لە پرسیاردا هەبێت، ئایا ئەو پرسیارانە خراپن هەتا ئەگەر ڕوون و دروستیش بن؟
- بەپێى پێوەرى ژمارە (5)، قوتابى، مامۆستاکەى هەڵدەسەنگێنێت لەسەر بنەماى هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوە لە هۆڵى خوێندن لە کاتى دیاریکراودا. بێ گومان ئەم پێوەرە دروست نییە و ناکرێت ئەم هەڵسەنگاندنە بە قوتابى بسپێردرێت، چونکە هاتنەژوورەوەى مامۆستا بۆ نێو هۆڵى خوێندن و دەرچوونى، کارێکى کارگێڕییە و پەیوەست نییە بە قوتابی، بەڵکوو پەیوەستە بە سەرۆکى بەش؛ چونکە مامۆستا لە ڕووى کارگێڕى و زانستییەوە پەیوەستە بە سەرۆکى بەشەوە.
- بەپێى پێوەرى ژمارە (6)، پرسیار لە قوتابى دەکرێت: ئایا مامۆستاکەت لە کاتى وانەگوتنەوەدا هەوڵی دا بنەما و ناوەڕۆک و خاڵە گرنگەکانى بابەتەکە بەڕوونى و بەسادەیى شی بکاتەوە؟ ئەم پرسیارە بەم شێوەیە دروست نییە، چونکە مامۆستا تەنیا بۆ ڕوونکردنەوەى خاڵە گرنگەکان هەوڵ نادات، بەڵکوو لەسەریەتى هەموو خاڵەکان بە یەک ئاست و گرنگییەوە بۆ قوتابی ڕوون بکاتەوە؛ ئەمە جگە لەوەى تێگەیشتنى قوتابی، گرنگترە لە هەوڵى مامۆستا بۆ ڕوونکردنەوە. بۆیە گرنگ نییە مامۆستا چۆن وانەکە دەڵێتەوە، بەڵکوو گرنگە لە قوتابییەکان بپرسن: ئایا لە شێوازى وانەگوتنەوەى مامۆستا و لە بابەتى شڕۆڤەکراو تێ گەیشتوون؟ تێ دەگەن؟
- بەپێى پێوەرى ژمارە (7)، لەسەر مامۆستا پێویستە کە لە کاتى وانەگوتنەوەدا بەنەرمى و بەهێمنى و بەڕێزلێنانەوە ڕەفتار بکات. بەڵێ ڕاستە، لەسەر مامۆستا پێویستە ڕێزى قوتابى بگرێت، بەڵام ناکرێت هەمیشە نەرم و هێمن بێت؛ لە هەندێ شوێن و مەوقیفدا پێویستە مامۆستا توند و یەکلاییکەرەوە بێت، ئەمە جگە لەوەى دیار نییە مەبەست لە “ڕێزلێنانەوە” چییە؟ چونکە مامۆستا لەسەریەتى ڕێزى خۆى و ڕێزى قوتابى و ڕێزى بڕیارەکانى بەش و ڕێزى سەرۆکى بەش و ڕێزى ڕاگر و ڕێزى مامۆستاکانى تریش بگرێت و، لە هۆڵەکانى خوێندن لە کاتى وانەگوتنەوە بەگاڵتەجاڕییەوە ناویان نەهێنێت!
- بەپێى پێوەرى ژمارە (8)، پێویستە سلایدەکانى مامۆستا ڕوون و ئاشکرا و سەرنجڕاکێش بن. لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: مامۆستا چى بکات و تاوانى چییە ئەگەر داتاشۆى زانکۆ کۆن بێت و وێنەکەى ڕوون نەبێت یان ڕەنگەکانى تەواو نەبێت؟ ئاخۆ زانکۆ داتاى دروستى لەبەردەمە چەند هۆڵى خوێندن بێداتاشۆیە و چەند هۆڵى خوێندن داتاشۆکەى کۆنە و بەتەواوەتى کار ناکات؟ ئەمە جگە لەوەى هەبوونى ئەم پێوەرە جۆرێکە لە دانپێدانانى زانکۆ بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ بە سلایدەکان وەک مەنهەجى خوێندن و دوورکەوتنەوە لە کتێب.
- بەپێى پێوەرى ژمارە (9)، مامۆستا لەسەریەتى لە کاتى وانەگوتنەوەدا، کات بۆ پرسیارکردن بهێڵێتەوە و هەوڵیش بدات پرسیارەکان بەتێروتەسەلى وەڵام بداتەوە. ئەمە پێوەرێکى خراپ نییە، بەڵام پرسیارکردن و وەڵامدانەوە تەنیا لە هۆڵەکانى خوێندن ئەنجام نادرێت، بەڵکوو لە دواى تەواوبوونى وانەگوتنەوە هەر لەنێو هۆڵ، یان لە بەردەم دەرگەى هۆڵ، یان لە ڕێگە، یان لە ژوورى مامۆستا، یان لە ڕێگەى سۆشیال میدیاوە ئەنجام دەدرێن. ئەمە جگە لەوەى تەنیا کاتهێشتنەوە بۆ پرسیارکردن گرنگ نییە، بەڵکوو بواردان بە قوتابى بۆ ئەوەى ڕاوبۆچوون و سەرنج و تێبینیى خۆى دەرببڕێت، گرنگە کە کاتى بۆ تەرخان بکرێت.
- بەپێى پێوەرى ژمارە (10)، مامۆستا لەسەریەتى لە کاتى وانەگوتنەوەدا، ئاماژە بە سەرچـاوەى نـوێ بکات. بە ڕاى ئێمە ئاماژەدان بە سەرچاوەى نوێ هێندە گرنگ نییە، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە مامۆستا ئەبدەیت بێت و بەبەردەوامى زانیاریى نوێى پێ بێت.
- پێویستە متمانەى قوتابى بە پڕۆسەى فیدباک بگەڕێنرێتەوە، چونکە قوتابى پێی وایە کە ئەنجامى هەڵسەنگاندنى مامۆستا هیچ لێکەوتەیەكی نابێت. ئەگەر لەگەڵ خۆمان ڕاست و ڕوون بین، تا ڕاددەیەک ئەو قسەیە دروستە، چونکە دەمێکە نەمانبینیوە و نەمانبیستووە کە مامۆستایەک لە وانەگوتنەوە دوور خرابێتەوە لەبەر ئەوەى سێ ساڵ لەسەر یەکتر لە فیدباکى قوتابیان نمرەى پێویستى بەدەست نەهێناوە.
- بەشێکى زۆر لە سەرۆکبەشەکان گرنگى بە فیدباکى قوتابى نادەن ئەگەر هات و فیدباکى مامۆستا نزم بوو. ئەمەیش کارێکى دروست نییە، چونکە لەم بارەیەوە پێویستە دانیشتن لە نێوان مامۆستا و سەرۆکى بەش و دڵنیاییى جۆرى ئەنجام بدرێت بۆ زاڵبوون بەسەر خاڵە لاوازەکان لە ئاستى بەجێگەیاندنى مامۆستا لە بەرامبەر قوتابى.
- پڕۆسەى وەرگرتنى فیدباکى قوتابى بە ئەلیکترۆنى ئەنجام دەدرێت و لە زۆربەى کۆلێژ و بەشەکان قوتابى تەنیا لەسەر (10)، ژمارەیەک بە مامۆستاکەى دەدات. ئەوەى من مەبەستمە ئەوەیە، پێویستە لە فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکە بوارى بۆ کۆمێنتنووسین هەبێت؛ بگرە بکرێتە کارێکى ئیلزامى. واتا لە قوتابى قبووڵ نەکرێت تەنیا نمرە دابنێت، بەڵکوو پێویستە کۆمێنت و ڕوونکردنەوە بۆ ئەو نمرەیە بنووسێت. ئەم کۆمێنتنووسینە زۆر گرنگە، چونکە ڕوون دەبێتەوە بۆچى قوتابى ئەو نمرەیەى داوەتەوە مامۆستاکەى! لەبەر ئەوەى تەنیا ژمارەدانان، هیچ ئاماژەیەکى تێدا نییە سەبارەت بە ناخ و بیرکردنەوەى قوتابى لە بەرامبەر مامۆستاکەى.
بە بۆچوونى ئێمە ئەو (10) دە پێوەرەى کە بۆ هەڵسەنگاندنى ئاستى بەجێگەیاندنى مامۆستا لە بەرامبەر قوتابى لە پۆل دانراوە، کەموکوڕیى تێدایە و، بەس نییە بۆ ئەوەى تەواوى ڕەفتارى مامۆستا لە بەرامبەر قوتابى بگرێـتەوە. بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بەم پێوەرانە بکرێت و مامۆستا لە پۆل لەلایەن قوتابییەوە لە ڕووى زانستى و کارامەیییەوە هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت و، هەڵسەنگاندنى کارگێڕى بۆ سەرۆکایەتیى بەش جێ بهێڵرێت و، هەروەها پێوەرى نوێ و تازە دابنرێت، وەک ئەمانەى خـوارەوە:
- مامۆستا تاچەند لە شێوازەکانى وانەگوتنەوەدا فرەچەشنى دەکات؟
- مامۆستا لە کاتى وانەگوتنەوەدا تاچەند شێوازى نوێ و مۆدێرن بەکار دەهێنێت؟
- مامۆستا تاچەند شێوە و شێوازى پەیوەندیى لەگـەڵ قوتابی، پیشەیییانەیە؟
- مامۆستا تاچەند لە مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیدا میزاجییە؟
- مامۆستا تاچەند گوێ لە قوتابی دەگرێت و کاتی بۆ تەرخان دەکات؟
- مامۆستا تاچەند هانى قوتابی دەدات؟
- مامۆستا تاچەند ڕێز لە بیروبۆچوونى قوتابی دەگرێت؟
- مامۆستا تاچەند بیرى ڕەخنەگرانە لە مێشکى قوتابى دروست دەکات؟
- مامۆستا وانەکەى زیاتر بە شێوەى پراکتیکى یان تیۆرى باس و شرۆڤە دەکات؟
- مامۆستا تاچەند قوتابى فێرە ديسپلین (الانضباط) دەکات؟
- مامۆستا تاچەند لایەنگیرە لە مامەڵەکردنى لەگەڵ قوتابییەکاندا؟
- مامۆستا تاچەند کاتى وانەگوتنەوە لە قسەى لابەلا بەفیڕۆ دەدات؟
- مامۆستا تاچەند لە بەرامبەر قوتابییەکاندا ڕق لە ناخیدا هەڵدەگرێت؟
- مامۆستا تاچەند لە داواکارییەکانى لە قوتابییەکاندا شەفاف و ڕوونە؟
- مامۆستا تاچەند پرسیارەکانى تاقیکردنەوەکانى بێ هەڵەى شەکلى و بابەتین؟
- مامۆستا تاچەند ئەبدەیتە و، پڕە لە زانیاریى نوێ؟
- تاچەند لە شێوازى وانەگوتنەوەى مامۆستاکەت دەگەى؟
چوارەم – چەند تێبینییەکى گشتى
جگە لەو تێبینییانەى کە لەو سێ بەشەى دڵنیاییى جۆرى خرانە ڕوو، هەندێ تێبینى و پێشنیارى تریش دەخەینە ڕوو کە ئامانج لێیان نیشاندانى کەموکوڕییەکان و دانانى چارەسەرى گونجاوە لە سیستەمى دڵنیاییی جۆریى زانکۆکان:
- هەرگیز لەگەڵ ئەوە نین کە سیستەمى دڵنیاییى جۆرى، ناوەندى بێت لەسەر ئاستى گشت زانکۆکان، چ حکوومى بن یان تایبەت، بەڵکوو باشتر وایە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دەستى زانکۆکان واڵاتر بکات بۆ پێشخستنى سیستەمى دڵنیاییی جۆریى خۆیان بەپێى تایبەتمەندیى هەر زانکۆیەک؛ بۆ ئەوەى زانکۆ لە سیستەمى دڵنیاییى جۆریدا تایبەتمەندیى خۆى بپارێزێت؛ بە شێوەیەک وەزارەت هەندێ بنەماى سەرەکیى ئەم سیستەمە دیارى بکات و ئەوەى تر بۆ زانکۆکان جێ بهێڵێت بۆ ئەوەى بەپێى ژینگەى خۆیان دەستکاریى ناوەڕۆک و پێوەر و خاڵ و شێوازەکانى ئەم سیستەمە بکەن.
- لە ئێستادا، سیستەمى دڵنیاییى جۆرى بە هەمان شێوە و شێواز و پێوەر بەیەکسانى بەسەر هەموو مامۆستاکانى زانکۆ پەیڕەو دەکرێن، بێ ئەوەى جیاوازى بکات لە نێوان نازناوە زانستییەکان؛ کە بە ڕاى ئێمە دروست نییە، چونکە داواکاریى زانکۆکان لە پڕۆفیسۆرەکانیان، جیاوازە لە مامۆستایەکى ئاسایى، یاخود داواکاریى زانکۆکان لە پڕۆفیسۆرە یاریدەرەکان، جیاوازە لەو مامۆستایانەى کە هەڵگرى نازنازى زانستیى مامۆستاى یاریدەدەرن. بۆیە پێویستە ئاراستە و داواکارییەکانى زانکۆ لە هەر چینێک لە مامۆستایان ڕوون و جیاواز بێت و هەر لەسەر ئەو بنەمایەیش هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات. بۆ نموونە: زانکۆ پێویستیى بە پڕۆفیسۆرەکانە بۆ ئەوەى کتێبى بۆ بنووسن، یان توێژینەوەى بۆ بکەن، یان کارى سەرپەرشتیارى بکەن، یان لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان بە ناوى زانکۆوە بەشدارى بکەن؛ مەعقووڵ نییە توانا زانستییەکانى پڕۆفیسۆرەکان لە ئەنجامدانى سیمینار بەفیڕۆ بدرێت. پێچەوانەکەیشى هەر ڕاستە؛ مامۆستاى یاریدەدەر کە تازە بۆتە مامۆستا، پێویستە سەرقاڵ بکرێت بەو چالاکییانەى کە ئاست و تواناى زانستى و کارگێڕیى پێ بەرز دەبێـتەوە (وەک پێشکەشکردنى سیمینار یان بەشداریکردن لە لێژنەى تاقیکردنەوەکان) و، ناکرێت بە چالاکییەکەوە سەرقاڵ بکرێت کە لە تواناى ئەودا نەبێت پیادەیان بکات (وەک کتێبنووسین یان بەشداریکردن بە توێژینەوە لە کۆنفرانسى نێودەوڵەتى). بێ گومان دانانى خاڵیش بە هەمان شێوە، دەبێ لە نازناوێکى زانستى بۆ نازناوێکى زانستى جیاواز بێت؛ بەڵام دووبارەى دەکەمەوە، پێویستە داواکاریى زانکۆ لە هەر نازناوێکى زانستى، ڕوون و دیار بێت کە دەیەوێت بەرەو چ ئاراستەیەکیان ببات و چۆن سوود لە تواناکانیان وەربگرێت.
- لە جیهاندا هیچ سیستەمێک لەسەر پێى خۆى ناوەستێت ئەگەر بە سزا و پاداشتەوە نەلکابێت. کێشەى سیستەمى دڵنیاییى جۆرى ئەوەیە پاداشتى لەگەڵە، بەڵام سزاى لەگەڵ نییە؛ یان جێبەجێ نابێت، یان سزاکە کاریگەر نییە.
- نووسینى توێژینەوەى زانستى بۆ مامۆستایانى زانکۆ کارێکى خۆبەخشانەیە؛ دەکرێت بیکات و دەکرێت نەیکات. ئەمە دروست نییە و، پێویستە هەموو مامۆستایەکى زانکۆ لە ساڵێکدا بە لایەنى کەم، یەک توێژینەوەى زانستى ئەنجام بدات. ئەگەر زانکۆ توانیى ئەو کارە بەسەر مامۆستایان بسەپێنێت، ئەوا هەندێ زانکۆ لە ساڵێکدا دەبنە خاوەنى زیاتر لە 1500 (هەزار و پێنج سەد) توێـژینەوە.
- پێداچوونەوە بکرێت بە هەیکەلییەتى کارگێڕیى دڵنیاییى جۆرى و شێوازى کارکردن و بەدواداچوون بۆ بڕیارەکان. لەم بارەیەوە، بەپێویستى دەزانین دڵنیاییى جۆرى لە لێژنەوە بکرێـتە بەشێکى کارگێڕى لە کۆلێژ کە ستافى تایبەت بە خۆى هەبێت.
- لە ئێستادا، بەپێى سیستەمى دڵنیاییى جۆرى، سەرۆکى بەش هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستاکانى دەکات و قوتابیش هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستا دەکات و، مامۆستاش هەڵسەنگاندن بۆ قوتابى دەکات؛ واتا میحوەرى سەرەکیى هەڵسەنگاندن، تەنیا مامۆستایە. ئەمە دروست نییە. بۆ ئەوەى سیستەمى دڵنیاییی جۆرى ئامانجى خۆى بەدروستى بپێکێت، پێویستە هەڵسەنگاندن بە دوو ئاراستە و لە یەک کاتدا ئەنجام بدرێت. ئاراستەى یەکەم لە سەرەوە بۆ خوارەوە: واتا ڕاگر هەڵسەنگاندن بۆ سەرۆکى بەش بكات و، سەرۆکى بەشیش بۆ مامۆستا و، مامۆستاش بۆ قوتابى. ئاراستەى دووەم لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە: واتا قوتابى، مامۆستا هەڵدەسەنگێنێت و، مامۆستا سەرۆکى بەش و سەرۆکى بەشیش ڕاگر. پێویستە کەلتوورى هەڵسەنگاندنى یەکتر لە حەرەمى زانکۆدا بچەسپێت و کەس لە ڕەخنەى ئەوی تر نەترسێت؛ بە مەرجێک پێوەرى باش و ڕوون و زانستییانە دابنرێت.
- ئەو مامۆستایانەى کە نمرەى بەرز لە پڕۆسەى دڵنیاییى جۆرى بەدەست دەهێنن، شایەنى ئەوە دەبن کە سوپاس و پێزانینى سەرۆکى زانکۆیان پێ بدرێت. سەرۆکى زانکۆکان زۆر گرنگى نادەن و کات تەرخان ناکەن بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمى پێشکەشکردنى نووسراوى سوپاس و پێزانین بە مامۆستایان؛ هەندێ جار ڕاگر یان یاریدەدەرەکانیان دەنێرن. ئەمەیش جۆرێکە لە جۆرەکانى بەکەمزانینى پڕۆسەکە. بە ڕاى ئێمە پێویستە لەسەر سەرۆکى زانکۆکان کەوا کات بۆ بەخشینى ئەو سوپاس و پێزانینەى کە ناوى خۆیانى لەسەرە تەرخان بکەن و، لەو مەراسیمە ئامادە بن بۆ ئەوەى بەها و نرخ بدەن بە گشت پڕۆسەى دڵنیاییى جۆرى لە زانکۆکەیان.
- پێویستە پێداچوونەوە بە ڕێکار و ڕێساى پڕۆسەى هەڵسەنگاندن بکرێت؛ بە شێوەیەک شەفافتر بێت و دژیەکبوونى بەرژەوەندییەکانى تێدا نەبێت.
- پێویستە پەیجى ئەلیکترۆنیى مامۆستا سەبارەت بە دڵنیاییى جۆرى، ئەبدەیت بکرێتەوە پاڵپشت بە ڕێنمایییەکان، بۆ نموونە: بەپێى دوا ڕێنمایى، تۆمارکردنى توێژینەوە لە بەش هیچ بەهایەکى زانستى و پراکتیکیى نەماوە، بۆیە پێویستە ئەم ئایکۆنە لە پەیجى مامۆستا و لە فۆڕمەکانى هەڵسەنگاندن بسڕێـتەوە.
کـۆبـەنـد
لە ئێستادا سیستەمى دڵنیاییى جۆرى، تووشى حاڵەتى چەقبەستن بووە و هیچ هەنگاوێک بەرەو پێشەوە ناڕوات چونکە مەحاڵە بەو شێوە و شێوازەى ئێستا ئەنجامى باش و جیاوازترى لێ بکەوێتەوە. بۆیە پێویستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بوار بە زانکۆکان بدات بۆ ئەوەى، هەر یەک بەپێى ژینگە و تایبەتمەندى و پێویستیى خۆى، پێداچوونەوە بە سیستەمى دڵنیاییى جۆریى خۆى بکات بۆ ئەوەى دڵنیا ببێتەوە کە مامۆستاکانى لە چوارچێوەى ئەو سیستەمەدا پێش دەکەون و ڕۆڵ و کاریگەریی پۆزەتیڤانەیان لە کۆمەڵگەدا زیاتر و فراوانتر دەبێت، چونکە مامۆستا میحوەرى سەرەکیى پێشکەوتنە لە زانکۆدا؛ ئەگەر مامۆستات پێش خست، ئەوا قوتابیش پێش دەکەوێت و بەشى زانستى و کۆلێژ و زانکۆش لەگەڵیان پێش دەکەوێت.
بێ گومان پێداچوونەوە بەم سیستەمە، لە چوارچێوەى کۆنفرانسێکى زانستیدا دەبێت، چونکە پێشخستنى دڵنیاییى جۆرى، بە دەستپێشخەریى کەسى و بیروبۆچوونى چەند کەسانێک لە وەزارەت و لە زانکۆ پێش ناکەوێت، بەڵکوو پێویستیى بە هەوڵ و ماندووبوونى هەمووانە؛ چونکە پەیوەستە بە هەمووان.