1

ڕۆڵی حزبی کۆمەڵایەتیی پەرەخواز لە پڕۆسەی پەرەسەندندا

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران

پوختە

ئەم وتارە لەبارەی حزبی نوێی پەرەگەرا لە چوارچێوەی تیۆریی ئەنیستیتۆشنال و ئەركگەرایی (Functionalism) دەدوێ. لەو ڕێڕەوەدا ئامانج ئەوەیە ئەرك (وەزیفە)ی حزب لەناو دیسکۆڕسی پەرەسەندندا هەڵسەنگێنێت. لە کۆتاییدا دەگاتە ئەوەی کە ئەرک و کاری حزب لەچاو دوو سەدەی پێشوو فراوانتر بووە و دەتوانێ وەک حزبێکی کۆمەڵایەتی بە تەیارکردنی خەڵک و بە ئامادەکردنی سەرمایەی مرۆیی و سەرمایەی دەسەڵات بەرنامەی پەرەسەندن دابنێت.

پێشەکی

لەسەرەتادا حزب، کە لەناو درزەکانی کۆمەڵگەوە سەری هەڵدا و نوێنەری چینە جیاوازەکان بوو، زیاتر ڕوخسارێکی سیاسیی هەبووە. لەم سەردەمەدا حزب وەک دامەزراوەیەکی سیاسی و مۆدێرن پێوەرێکی پەرەسەندنی سیاسییە لەناو حکوومەتێکی دیموکراتیکدا. لە هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی وڵاتاندا ڕێژەی ئۆرگانیزەبوون (ڕێكخراوبوون)ی خەڵک پێوەری پەرەسەندوویییە کە دەبێتە هۆی خۆڕێکخستنەوە و گەشەی حزبە سیاسییەكان. لە زۆر وڵاتی دونیادا حزب لەناو دیسکۆڕسی پەرەسەندندا لە دامەزراوەیەکی سیاسییەوە دەبێتە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و لە واری ئابوورییشدا دیمەنی پەرەسەندن وێنا دەکات. بەتایبەتی لە وڵاتانی پەرەسەندوودا حزب کۆرۆیدۆرێکە بۆ پەرەسەندن. لە زۆر وڵاتی پەرەنەسەندوویشدا ئامانجی حزب دامەزراندنی حکوومەتێکی دیموکراتیک و هەنگاونانە بەرەو پەرەسەندنی سیاسی. واتە حزب ئامرازێکە بۆ بەشداریی زیاتری خەڵک بە مەبەستی دامەزراندنی ژیانێکی دیموکراتێک. ئێستا لە هەندێک وڵاتی پەرەسەندوودا هەندێک حزبی چەپیش لەژێر چەتری ئەو دیسکۆرسەدا خۆیان بەڕۆژ (ئەبدەیت) کردەوە و حزبی سەوزیان دروست کرد.

لە کوردستان حزب وەک دامەزراوەیەکی نوێ زوو هاتە ناو کۆمەڵی کوردان، بەڵام هێشتا لە قاڵبی سەدەی نۆزدە و بیستدا ماونەتەوە و نەهاتوونەتە ناو ڕێڕەوی پەرەسەندن. لەم وێستگەیەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە، بۆچی حزبەکان لە کوردستان پێستی پێشوویان فڕێ نەداوە و چۆن دەتوانن وەک حزبی پەرەگەرا (Developmental Parties) ببنە بەستێنێک بۆ پەرەسەندن. گریمانە ئەوەیە، لەناو ئەو ستراکچەرە کۆمەڵایەتییەدا کە فەرهەنگی دیموکراسی تێیدا لاوازە و لەناو دۆخی سیاسی و ئەمنیدا حزبەکان نەبوونەتە هۆیەک بۆ مۆدێرنیزاسیۆن؛ بەڵکوو زۆرتر حزبی ڕزگاریخواز و ئازادیبەخش بوونە. ئێستا بۆ ئەوەی بتوانن بچنە ناو دیسکۆڕسی پەرەسەندن، دەبێ ڕوخسارێکی کۆمەڵایەتی وەربگرن و بە ڕوانگەی مێریتۆکراسی (شایستەسالاری) لە ڕێی دامەزراوەی تایبەت و نوخبە ڕاستەقینەکان هێزی کاریگەر و کارا بۆ گەشەی ئابووری پەروەردە بکەن.

چوارچێوەی تیۆری

بۆ ئەوەی پایەیەکی مۆدێڕن لەسەر بناغەی کلاسیک دابڕێژرێت تیۆریی ئەنیستیتۆشنالیزم (Institutionalism)، کە لەسەر کاریگەریی دامەزراوەکان لە ڕێگەی نۆڕمە فۆڕماڵ و نافۆڕماڵەکان لەسەر ڕەفتار و کۆمەڵگە دەدوێ، وەک چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ گەشەسەندن و پەرەسەندن بەکار دێت. (Mirdal, 1968) بەم ڕوانگەیە، حزبەکان دامەزراوەی پایەداری دیموکراتیک و بەکارەن کە دادپەروەریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دادەهێنن. ئەوان دەتوانن لەناو نۆڕمە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا، بە کلیلی سەرمایەی کۆمەڵایەتی (Uphoff, 1999)، گۆڕانی ئەرێنی و بنەڕەتی بکەن.

حزب وەک ئەکتەرێک لەناو ئەو ستراکچەرەی کە تیۆریی ئەركگەرایی (Functionalism) لەبارەی ڕێکخراوە سیاسییەکان و چۆنێتیی ئەرك (وەزیفە)ی دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەناو پڕۆسەی پەرەسەندندا لێی دەدوێ، کاراییی هەیە. لەو چوارچێوەیەدا حزب لە پێناو بەرژەوەندی و پێداویستییەکان، سەقامگیری و هاوگریی کۆمەڵایەتی، دابەشینی دەسەڵات و هاوسەنگی، داهێنان و گۆڕان و بەرەوپێشبردنی دیموکراسی کار دەکات. بۆ ئەم مەبەستە حزب چەندان ڕۆڵی دیاری وەک هەڵبژاردن، کاری کۆمەڵایەتی و زەمینەسازیی پەروەردە و چەندان ڕۆڵی نادیاریشی هەیە. (Naqibzadeh, 1998)

حزبەکان کۆمەڵگەی بچووکی سیاسین و وەک ڕژێم و سیستەمێکی سیاسی، ئەکشن و ستراتیژیی خۆیان هەیە. ئەوان دەتوانن نۆڕمی وەک داهێنان، سوودوەرگرتن لەسەرچاوەکان، بەرپرسیارێتی، فەرهەنگی پەرەسەندن و دیموکراسی، بکەنە شێوازێک بۆ پێشکەوتن. بەتایبەتی حزب کە بە منداڵی دیموکراسی دادەنرێت (Weber, 1946) و، بەبێ دامەزراوەیش دیموکراسی وێنا ناکرێت (Michels, 2016)، دەتوانن بەوپەڕی ئەرکناسییەوە بە گوێرەی بنەمای ئەخلاقی پرۆتستانی و ڕۆحی سەرمایەداریی ماکس وێبێر، کە فەرهەنگی کارکردنی بە مەبەستی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، هەموارکردنی بەستێنی فێرکاری و بەشداری و ئازادیی سیاسی و ئابووری تێدایە، سیاسەتی پەرەسەندن بگرنە بەر. ئێستا دەوڵەتە پەرەگەراکان بە ئامرازی سیاسەت، لە ڕێی دانانی دامەزراوەی سیاسیی پایەدار (بەردەوام و جێگیر) و تواناسازیی دامەزراوە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گرێدانی تۆڕە سیاسییەکان، بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، دەتوانن بەستێنی پەرەسەندن هەموار بکەن. (Leftwich, 2000) دروستکردنی ئەو جۆرە دەوڵەت و حکوومەتە پەرەخوازانە بە مەبەستی ئاراستەکردنی بیرۆکراسی، پێویستیان بە ئێلیت (نوخبە)ی پەرەخواز و حزبی پەرەگەرا هەیە.

پێناسە و پایە سەرەکییەکانی حزب و ئەركی حزبی پەرەخواز

“حزب گردبوونەوەیەکی پایەداری گرووپێکی خەڵکە کە باوەڕی هاوبەش و ڕێکخراوەی سیستەماتیکیان هەیە و بە پشتیوانیی خەڵک بە مەبەستی وەدەستهێنانی دەسەڵات لە ڕێگەی یاسایییەوە خەبات دەکەن.” (Alem, 2002: 50) بەو نیگایەی کە، “حزب دەبێ پشتیوانییەکی گشتیی هەبێت،” (Naqibzadeh, 1999) “ڕاکێشانی تاک بۆ ناو گرووپ و کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی، یەکێکە لە ئامانجەکانی پەرەسەندنی سیاسی.”  (Naqibzadeh, 1998: 7) بەو نیازە حزب وەک “سەرمایەیەکی سیاسی” لە ڕێگەی کادیرە زاناکانەوە پلان و بەرنامەکانی خۆی دەگەیەنێتە خەڵک، بۆ ئەوەی بە متمانەسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریی خەڵک “سەرمایەی کۆمەڵایەتی” و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی ساز بکات. حزبە سیاسییەکان بە ڕێکخستن و ستراکچرالیزەکردنی بەشداریی سیاسی و متمانەسازی، مەودای نێوان هاووڵاتی و کۆمەڵگە بە دروستکردنی دامەزراوە و نۆڕمی تایبەت پڕ دەکەنەوە. حزب لەسەر بنەمای زانست، دەتوانێ پێشنیار و بەرنامە بۆ چۆنێتیی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵات، لە هەموو بوارەکاندا، دابنێت. بۆ پێکانی ئەو ئامانجانە پێویستە کادیری پسپۆڕ ڕاکێشێت و کادیری بەتوانا پێ بگەیەنێت تاکوو لەناو بیرۆکراسیی حکوومەت و پەرلەماندا بەرنامەکانی حزب بەرنە پێش. (Kordnejad, 2024)

حزبی سیاسی بە جیاکەرەوەی کۆمەڵگەی مۆدێڕن لە کۆمەڵگەی کلاسیک دادەنرێت. حزب بە واتا مۆدێڕنەکەی سەدەی نۆزدە، ئامانجێکی دیار و سنوورداری هەبووە، بەڵام دواتر ئامانجگەلی فراوانتر و ئاراستەیەکی دیکەی بۆ پەرەسەندن گرتۆتە بەر. بە جۆرێک کە سیاسەت لە حزبەوە سەرچاوە دەگرێت و حزبیش حکوومەت بونیاد دەنێت و حکوومەتیش پەرەسەندن، کە بابەتێکی ئێلیتمەدارە، دێنێتە ئاراوە. کەواتە، هەبوونی ئەنیستیتۆشناڵی پایەدار و بەهێز و سەربەخۆی وەک حزبی سیاسی، مەرجی گرنگی پەرەسەندنە. پەرەسەندنیش زامنی عەقڵانیبوونی دەسەڵات، جۆراوجۆربوونی ستراکچەری سیاسی، بەتایبەت بەشداریکردنە. (Huntington, 1968) لەو پێناوەدا حزبی پەرەخواز بە ڕێگەی هۆشیاركردنەوە هاڕمۆنیسازی (هەماهەنگسازی) دەکات و ڕێکخستنی سیاسی دەباتە پێش و دامودەزگەی ئەنیستیتۆشناڵ دادەمەزرێنێت، دواتر دەتوانێ بچێتە ناو بواری ئابووری بۆ ئەوەی خوێندنەوەی لەسەر مێژووی ئابووری و ئابووریی سیاسی هەبێت.

لە گۆشەنیگایەکی دیکەدا،  ئەگەر بەهاکان کەوتنە بەر هەڕەشە، ئاسایشی وڵاتیش تێک دەچێت (Wolfers, 1962)؛ یەکێک لە مەرجەکانی سەقامگیریش بەشداریی سیاسی و دامەزراوەییبوونی سیاسیی کۆمەڵگەکەیە. (Huntington, 1968) پەرەسەندنیش پێویستی بە سەقامگیرییەکی بەردەوام هەیە کە بە حزبی بەهێز دێتە ئاراوە. لە لایەکی تر، حزب بە شوناسسازی (ناسنامەسازی) و پاراستنی نۆڕم و بەهاکان و بە پەرەپێدانی فەرهەنگی، شوناسێکی گشتی ساز دەکات تاکوو بۆ زۆربەی کۆمەڵگە و دەسەڵات هێماسازی بکات بۆ ئەوەی هاوگری دروست بێت. بۆ ئەم مەبەستە شوناس و فەرهەنگ، سواری شانی دەسەڵات دەکات بۆ ئەوەی ڕیشەکانی شوناس دیار بن و لە کردەوەی حکوومەتدا ڕەنگ بداتەوە. لێرەدا نموونەی ژاپۆن جێی سەرنجە که بەبێ ئەوەی فاشیست و دۆگماتیست بێت، ئایدیا و تەکنەلۆژیای نوێ وەردەگرێت؛ لە هەمان کاتدا ڕەسانەیەتیی خۆی دەپارێزێت.

بەو ئامانجانە، لە وڵاتانی پەرەسەندوودا حزبی پەرەگەرا هەوڵی تەیارکردنی خەڵک بۆ بەشداریی سیاسی و ئابووری دەدات بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی پەرەسەندوو و حکوومەتێکی پەرەگەرا ساز بکات. هەروەها بە مەبەستی ڕەوگرتنی دیموکراسی، ڕای گشتی ئاراستە دەکەن و هەوڵ دەدەن ئاستی ئاگاییی خەڵک بەرز بێتەوە و، بەستێنی گفتوگۆ و ڕەخنە لە حکوومەت خۆش دەکەن و کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرلەمان بەهێز دەکەن.

ڕەفتاری حزب لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا

ئەگەرچی کۆمەڵگە پەرەنەسەندووەکان بە لاساییکردنەوەی کۆمەڵگە پیشەسازییەکان زوو حزبیان ساز کردووە، بەڵام حزبی سیاسی لە وڵاتانی بەناو “جیهانی سێیەم” زۆرتر تووشی لاوازی و ناکاراییی ستراکچەری و وەزیفی دەبن. یەکێک لە خاڵە لاوازەکانیان ناپایەداری (نابەردەوامی)ی ئەو حزبانەیە. هەرچەندە لە هەندێک وڵاتی پەرەنەسەندوودا حزبە وەرزییە بەهێزەکان بەردەوامییەکیان هەبووە، بەڵام لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا حزبە سیاسییەکان لە کاتی هەڵبژاردندا لەگەڵ ڕەوتە کاتییەکان سەر هەڵدەدەن و ماوەیەکیش چالاکی دەکەن، کەچی زۆر ناخایەنێت کە مەیدانبەدەر دەبن.

لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا کۆمەڵێک حزب هەن کە نوێنەرایەتیی گرووپێکی ئیتنیکی دەکەن و دەیانەوێ وێڕای پاراستنی گرووپی خۆیان، شوناسێکی سیاسییش پەیدا بکەن، بەڵام ئەوان ناتوانن سیستەمی حزبی پێک بێنن. (Naqibzadeh, 1999: 167) دروستبوونی حزبی کارا و کاریگەر کە کۆمەڵگەی سیاسی پەسەندی بکات (Political Socialisation) و بە ئاراستەی پەرەسەندندا بڕوات، لە کۆمەڵگەی نەریتی (تەقلیدی)دا کارێکی ئەستەمە. لەو جۆرە کۆمەڵگەدا حزب لەسەر بناغەی قەبیلە و مەزهەب ڕوواوەتەوە و هێشتا فەرهەنگی سیاسیی خەڵک نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە شوناسی عەشیرەیی ببێتە شوناسێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی.

ئەو حزبانەی کە لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا لە دژی “کۆلۆنیالیزم”یش دروست بوون، سیمایەکی پۆپۆلیستییان هەبوو کە ئەویش لێکەوتی نەرێنیی دیموکراسی بوو. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئەم حزبانە زیاتر ببوونە ئاوێنەی فەرهەنگی پێکهاتەیەکی تایبەت و پاراستنی گرووپێک، یان ببوونە نوێنەری ئایدیۆلۆژیایەک.

لەو وڵاتانەی کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم سەربەخۆیییان وەرگرت و تێیاندا خەڵک چوونە ناو حزبی سیاسی، لە جیاتی ئەوەی ببنە هۆی بەدیموکراتیکردنی کۆمەڵگە و پەرەسەندنی سیاسی، درزی ناوخۆیییان بەرینتر کرد. ئێستا لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا ئەندامبوون لە حزبێکدا باری نەرێنیی هەیە، لە کاتێکدا حزبایەتی داڵانێکی پەرەسەندنە. هەرچەندە لەو جۆرە وڵاتانەدا بەشداریی سیاسی هەیە، بەڵام بەهۆی لاوازبوونی ستراکچەری سیاسی و بنەجێنەبوونی نۆڕمی سیاسی (نەریتی سیاسی)، کێشە لە نێوان هێزەکاندا ڕوو دەدات. (Huntington, 1968)

لە ڕووی سیاسییەوە، لە بەشێک لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا حزبەکان کە زیاتر نوێنەری بەرژەوەندییەکانی ئیتنیک یان ئۆلیگارشییەکی هاوبەرژەوەندن، بەرنامەیەکیان بۆ حوکمڕانی نییە. هەروەها لە پەروەردەکردن و ڕاکێشانی کادیری زانادا لاوازن و کەسی شایستە و پسپۆڕیان بۆ سیاسەتدانان و بەڕێوەبردن نییە. بۆیە لە ڕکەبەرایەتیی حزبی و هەڵبژاردندا تووشی ڕیداکشینیزم (بچووككردنەوەخوازی/دابەزاندن بۆ شتی بچووكتر و سادەتر) دەبن (Kordnejad, 2024)  کە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی متمانە و پرێستیژ (شكۆ)ی کۆمەڵگە و حکوومەت. لەو دۆخەدا پێوەری هەموو شتێک دەبێتە وەفاداری، لە کاتێکدا وەفاداری مەرجێکی تەواو نییە. هەروەها مەیدان بۆ بڕوانامەدارە بێناوەرۆک و چەنەبازانێک خۆش دەبێت کە بە ژێستی وەفادارییەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک خزاونەتە ناو کاری حکوومەت و خەریکی کۆکردنەوەی سەرمایەی ناڕەوان و، دواجار دەبنە کۆسپ لە پێش پەرەسەندن. لە کاتێکدا حزبی دیسکۆڕسساز (گوتارساز) کە متمانەیەکی مێژووییی هەبێت و خاوەنی ڕێبەرێكی کاریزماتیک بێت و ئێلیتی ڕاستەقینەی وەهای هەبن کە پسپۆڕ و خاوەن پرەنسیپ و نۆڕمی جێگیر و وەفادار و دەروەست بن بە زانست و پیشەیانەوە، دەتوانێ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دابنێت، لە ڕکەبەرایەتیدا سەر بکەوێ و بەرنامەی حوکمڕانی دابنێت و حکوومەتی پەرەگەرا دامەزرێنێت.

حزبی کۆمەڵایەتیی پەرەگەرا

حزب شێوە حکوومەتێکی سێبەرە، کە کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی هەیە و دەتوانێ لەناو کارگەی کۆمەڵگەوە گەشە بکات. حزب لە ڕێگەی گۆڕینی پێویستیی کۆمەڵایەتی بۆ دیاردەی سیاسی، دەبێتە بەرهەمێنەری دەسەڵات. ئێستا مەیدانی یاریی حزب فراوانتر بووە لەچاو کۆرۆیدۆرەکانی فەرمی و چوارچێوەکانی پێشوو. حزب وەک بەرهەمهێنێک، هێزی نوێی کۆمەڵایەتیی زیاتر دەستەبەر دەکات و پایەدارێتیی کۆمەڵایەتی – سیاسی لە دەروونی خانەکانی کۆمەڵگەوە بەرهەم دێنێت و دەیانهێنێتە ناو مەیدانی سیاسی (Politics) و سیاسەتی (Policy). ئیتر حزب خۆی لەناو قاڵبی ئایدیۆلۆژیای کلاسیکدا دیوارکێش ناکات و، ئەوجار دابەزینی کوالیتیی شمەک، باج، ڕەفتاری هێزە ئەمنییەکانیش لە بابەتی سیاسەتییەوە دەبنە پرسی سیاسی. لەو کەشەدا حزبی ئۆپۆزیسیۆنیش دەتوانێت كێماسییەكانی دەوڵەت بخاتە ڕوو و خەڵکی پێ تەیار بکات. بۆیە ناکرێ چاو لە دەشتی بەرینی بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی ببەسترێ و، پێمان وا بێت ژیانی کۆمەڵایەتی، ژیانی سیاسی نییە. (Ashtariyan, 2021)

فۆرمالیزمی حزبی یان فۆرمالیزمی دەسەڵات واتە پشتبەستن بە خەبات بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی فەرمی و، دەسەڵاتیش بە ئێلیت بەڕێوە دەبردرێت. مەیدانی سیاسەتدانان لە ئایدیۆلۆژیا بانترە و هیچ ئایدیۆلۆژیایەک ناتوانێ بەقەد تەکنیکی سیاسەت خۆشگوزەرانی (Welfare)ی پێوە بێت. تەنانەت لەسەر بنەمای ئەنباری دەیتا (بۆكس ئۆفیسی داتا) لە سەردەمی دیجیتاڵیدا مەرگی ئایدیۆلۆژیا دێتە پێش و ئاتڵانتیکی تەکنەلۆژیای زانیاری جێی ئایدیۆلۆگی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە. ئەگەر ئەو مەیدانە کۆمەڵایەتییانە نەناسرێن، حکوومەتێک تووشی پراگماتیزمی سیاسی دەبێت. بۆیە گرنگە حزبی دەسەڵاتدار و حزبی ئۆپۆزیسیۆن لە قاڵبی فۆرمالیتەی حزبی و کۆرۆیدۆری وەزارەتخانە و پەرلەمان بێنە دەرێ و لە شەقامی سیاسەتی گشتیدا (Public Policy)، کە “سەرمایەی سیاسی”ی حزبەکان لەوێدایە سەیری دۆخی سیاسی و دەسەڵات بکەنەوە. ئەم سووڕانەوەی سیاسەت لە ئایدیۆلۆژیاوە بۆ سیاسەتی کۆمەڵایەتی، تانوپۆی سیاسەتی کۆن هەڵدەوەشێنێتەوە و وا دەکات حزب پێیەکی لەناو دەسەڵات و پێیەکی لەناو ئۆپۆزیسیۆندا بێت. (Ashtariyan, 2021)

حزبایەتی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا

لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەدا کورد بە مەبەستی پاراستنی شوناسی خۆی و دروستبوونی کیانێک، توانیی بەبێ هەبوونی دەوڵەت و پەرلەمان ڕێکخراوی سیاسی و سەربازی دامەزرێنێت. واتە، حزبەکان لە بەرامبەر داگیرکاران بە هیوای ڕزگاری و ئازادی هاتنە مەیدان. دواتر لە “هەرێمی کوردستانی ئازادکراو”دا حزبەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست و حکوومەتیان دروست کرد. ئێستا ئامانجی سەرەکیی حزبەکان بەهێزکردنی پێگەی نەتەوەییی کوردە لە عێراقدا.

ئەگەرچی پەیدابوونی حزب لە کوردستاندا قۆناغێکی بازدانە لە کۆمەڵگەی نەریتی و ترادیسیۆناڵەوە بۆ دونیای مۆدێڕن، بەڵام بەهۆی ئەوەی حزب لە کوردستاندا لەچاو وڵاتانی پەرەسەندوو درەنگتر دروست بوون و وەک ئەنیستیتۆشناڵیش بنەجێ نەبوون، بۆیە هەنبانەی هزری سیاسییش لەناو کۆمەڵگەدا تێروپڕ نییە. هەرچەندە زانستی سیاسی لەناو بژاردەکانی کورددا هەیە، بەڵام بەهۆی لاوازیی ڕەفتاری و لەبەر ئەوەی هەموو شتەکان بە ڕەش و سپی دەبینرێن، حزبی پەرەگەرا ساز نەبوون. هەروەها نەبوونی ئایدیۆلۆژیای ڕکەبەر و ناهەمواربوونی بەستێنی دیسکۆڕسی سیاسی لەناو خەڵک و گرووپە پێنەگەیشتووەکان و بژاردەکانی حکوومەتیدا کێشەی ناو کۆمەڵگە قووڵ دەکەنەوە و خەڵک تووشی نائومێدی و بێمتمانەیی دەکەن و دواجار سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لاواز دەبێت. بەهۆی ئەو ڕەفتارە نەرێنییانە لە دوای قۆناغی ڕزگاری، بەشێکی زۆری خەڵک ئەو کەسەی لە دەرەوەی حزبە بە پەسەندتری دادەنێن و پێیان وایە کە ئەو هەموو حزبە زیادەن و یەکڕیزی بە واتای ئەوە دەزانن کە نابێ ئەو هەموو حزبە هەبن. لە کاتێکدا ئەوەی زیان لە یەکگری دەدات فرەکۆمەڵگەییبوونە نەک فرەحزبیبوون.

دروستکردنی حزب وەک سەرمایەی سیاسی، هەلێکی گرنگی بۆ پێشکەوتن و هۆشیاری ڕەخساندووە. تەنانەت بۆ گەیشتن بە پەرەسەندنی سیاسی، پێویستە لەناو کەشی پلۆرالیزمدا حزبی مۆدێڕن و بەهێزی ئێلیتتەوەر زیاتر هەبن؛ چونکە هەبوونی حزب و سەندیکا و ڕێکخراوەی جەماوەری، ڕێگەی دیموکراسی و مۆدێرنیزاسیۆن خۆش دەکەن. هەڵبەت پەرەسەندنی سیاسی تەنیا بە زۆربوونی حزب و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نایەنە دی، بەڵکوو حزبێک ئەگەر بتوانێ جیاوازی لەناو کۆمەڵگەدا دابەزێنێت ئەوکات ئاسۆی پەرەسەندن دەردەکەوێت. بەتایبەتی ئەگەر حزبێک بەپێی خواستی سەردەم بچێتە پێش، ڕەوایەتیی سیاسی وەدەست دێنێت. ئێستا کە گرێدراوێتی (ئینتیما)ی کۆن جێی خۆی داوەتە نۆڕم (نەریت) و بەها تاکەکەسییەکان، گرنگە حزب وەڵامگۆی خواستی نوێی خەڵک بێت.

بەپێی ئەو خواستانە تا ئێستا هەڵبژاردنەکانی کوردستان دەریان خستووە کە حزبە سەرەکییەکان، وەک گەورەترین کەمینە، لەناو ڕێژەیەکی بەشداری خاوەن بەرژەوەندیدا سەرکەوتوون. پێشتر کاری حزب شکڵپێدانی ڕای گشتیی هەڵبژاردن و ڕاکێشانی کەسایەتییەکان و کاری کۆمەڵایەتی و ئاگاییپێدان (هۆشیاركردنەوە) بوو، بەڵام ئێستا کاری حزب تەنیا هەڵبژاردن و بەرهەمهێنانی نۆڕم و ئایدیۆلۆژیا نییە، بەڵکوو ئامادەکردنی خەڵکە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان. لێرەدا حزبی شۆڕشگێڕی کۆمەڵەگەڕا بە خەباتی پەرلەمانی دەتوانن پێیەکیان لەناو پۆزیسیۆن و پێیەکیان لەناو ئۆپۆزیسیۆندا بێت. حکوومەت کە بەرهەمی حزبە، لە ڕێگەی دامەزراوەکانییەوە دەخزێتە ناو کۆمەڵگە و ڕەوایەتییش لە خەڵکەوە وەردەگرێت. لێرەدا خەباتی حزبەکان بۆ بەرزکردنەوەی چۆنایەتیی ئەم دامەزراوانە و ئەرك و ئەدایان، فاکتۆرێکی کاریگەرە. هەروەها ڕاددە و ڕێژەی ئەم خزینە (شۆڕبوونەوەیە) ئەوە دیاری دەکات، کە حکوومەت چەندە بەهێزە. ئەگەر ئەو خزینە لە ڕێگەی تەیارکردنی خەڵکەوە بێت، ئەگەری شکانی هەیە، بەڵام ئەگەر حزب و دامەزراوەکان ئەنیستیتۆشناڵ (بەدامەزراوەییكراو) بن، حکوومەت پایەدارتر دەبێت.

هەروەها چاکسازی و ڕیفۆرم وەک هۆکارێکی گرنگ بۆ گەشە و نمۆی سیستەمی ئابووری و سیاسی، دەچێتە ژێر کاریگەریی فەرهەنگی سیاسییەوە. بەپێچەوانەوە، ئاڵۆزی و نائارامیی ناوخۆیی و ناسەقامگیریی سیاسی، کە پەیوەندیی بە چۆنایەتیی فەرهەنگی سیاسییەوە هەیە، پڕۆسەی پەرەسەندن تووشی وەستان دەکات. بۆیە ئۆپۆزیسیۆنی کوردییش، کە زیاتر مەیلێکی ئانارشیک و شارشێوێنی هەیە، دەتوانێ لەناو خەڵک و لەناو دەسەڵاتدا کار بکات و ببێتە ئاوێنەیەک تاکوو حکوومەت ڕێگەی چاکسازیی تێدا ببینێتەوە.

ئەو سەردەمە گۆڕاوە کە حزبی چەپ یان ڕاست هەبوون؛ ئێستا حزبێکی ناوەندی، میانڕەو و هەمەگیر، کە هەموو کەس شوناسی خۆی تێدا دەبینێتەوە و چین و ئایدیاکان جێیان تێدا دەبێتەوە، سەرکەوتووتر دەبێت. ئەو جۆرە حزبە ئەگەر دیسکۆرسی بنەڕەتی و ناوەندی ئاگاییبەخشی (هۆشیاركردنەوە) بۆ کۆمەڵگە و حکوومەت بێت و هێزی مرۆیی بە ئامرازی سەردەم  و دەزگەی تایبەت پەروەردە بکات، دەبێتە هۆی پێشکەوتن. ئەو حزبەی ئێلیتە ڕاستەقینەکان، کە زیرەك و هۆشمەند، ڕەوشتمەند، زانا و پسپۆڕ بن و خوێندەوارییەکی ئاییندەبینیان (Futures Literacy) هەبێ، ڕابکێشێت و تێیدا دابەشینی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر بنەمای مێریتۆکراتیک )شایستەسالاری/(meritocratic  بێت، دەبێتە حزبی خاوەن سەرمایەی دەسەڵات و سەرمایەی سیاسیی پایەدار (بەردەوام و جێگیر). بەو جۆرە سەرمایە مرۆیییە، حزب دەتوانێ مۆنۆپۆل و کۆمپانیای گەورە ساز بکات و ڕۆڵی لە پەرەسەندنی ئابوورییشدا هەبێت. بەتایبەتی ئەو حزبەی لە دەسەڵاتە یان دەچێتە دەسەڵات، گرنگە بیرۆکەی ئابووریی هەبێت؛ بۆ ئەوەی بتوانێ بەرهەم بێنێت، دابەشێتەوە و بەدروستی بەکار بێنێت. هەورەها بتوانێ خۆی لە ئابووریی نێودەوڵەتی ببەستێتەوە و ببێتە ئەندامی دامەرزاوە ئابوورییەکانی نێودەوڵەتی و سوود لە سنوورەکان وەربگرێت تاکوو بتوانێ لە ئابووریی جیهانیدا یەکپارچە بێت و پەرەسەندن بێنێتە ئارا.

سەرچاوەکان

Alem, A. (2009). Foundations of Political Science (Persian). Tehran: Ney Publishing. (Persian)

Ashtariyan, K. (2021, November 7). Party formalism and power conflict. Sharq Newspaper, No. 4137. (Persian)

Huntington, S. P. (1968). Political Order in Changing Societies. New Haven: Yale University Press.

Kordnejad, H. (2024). Note Day, Parties and Analysis of Elections. Institute for Research and Development (IRDK) (kurdish)

Leftwich, Adrian, (2000), States of Development, On the Primacy of Politics in Development, Cambridge: Polity Press.

Michels, R. (2016). Political Parties: A Sociological Study of the Oligarchical Tendencies of Modern Democracy (E. & C. Paul, Trans.). Wentworth Press.

Myrdal, G. (1968). Asian Drama: An Inquiry into the Poverty of Nations. New York: Pantheon.

Naqibzadeh, A. (1998). The role, behavior, and performance of parties in today’s societies. Journal of Political and Economic Information, No. 135 & 136. (Persian)

Naqibzadeh, A. (1999). Political parties and their performance in today’s societies. Tehran: Dadgostar Publications. (Persian)

Uphoff, N. (1999). Understanding social capital: Learning from the analysis and experiences of participation. In D. Dasgupta & I. Serageldin (Eds.), Social Capital: A Multifaceted Perspective (pp. 217-249). Washington, DC: World Bank.

Weber, M. (1946). Political Parties: A Sociological Study of the Oligarchical Tendencies of Modern Democracy (E. B. Ashton, Trans.). The Free Press.

Weber, M. (2001). The Protestant Ethic and the Spirit of Capitalism (T. Parsons, Trans.). Routledge.

Wolfers, A. (1962). Discord and Collaboration: Essays on International Politics. Baltimore: The Johns Hopkins Press.