1

پلانی نوێی ئەکتەرە بیانییەکان لە ململانێی ١٥ ساڵەی سووریا؛ ئایا بەشار ئەسەد دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت؟

ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس

هێزە یاخیبووەکان و نەیارانی ڕژێمی سووریا بە پێشەنگایەتیی میلیشیا ئیسلامییە توندڕەوەکانی تەحریر شام، لەم دوایییەدا بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر، هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی زیاتری سووریا دەدەن؛ هەرچەندە دۆخی سووریا لە هەلومەرجی جیاوازدا جارێکی دیکە بەرەو ئەو ئاراستەیە چووە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەو پرسیارەی هێنایە ئاراوە: ئایا بەشار ئەسەد دەتوانێت دەسەڵات بپارێزێت؟

وەڵامی ئەوەی کە چۆن ئەم قەیرانە نوێیە لە ململانێی ١٥ ساڵەی سووریادا تێ دەپەڕێنرێت و دوای ئەوە چ ڕوو دەدات، لە سەرووی هەموو شتێکەوە پەیوەستە بە پلانی ئەکتەرە بیانییە بەهێزەکانی سووریاوە.

بۆ ئەسەدی تەمەن ٥٩ ساڵ، لە لایەک مەبەستی لەم ئەکتەرانە ئێرانە کە سووریا بە بەشێک لە میحوەرەکەی بە ناوی “بەرەی بەرخۆدان” (میحوەری موقاوەمە) لە دژی ئیسرائیل و ڕۆژاوا دەزانێت و ساڵانێکە بەشێکی زۆری هێزەکانی لەم وڵاتە جێگیر کردووە، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا، لەژێر هێرشی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێزی سەربازیی پێشوویان لە سووریا لەدەست داوە؛ لە لایەکی ترەوە بە مانای ڕووسیا دێت کە وەک هاوپەیمانێکی کۆنی جەنگی سارد لە ساڵی ٢٠١٥دا بەهانای ڕژێمەکەیەوە هات.

هەرچەندە ڕووسیا وەک ٩ ساڵ لەمەوبەر بنکەیەکی ئاسمانیی لە سووریا هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرقاڵی جەنگی ئۆکراینایە، ڕەنگە نەتوانێت بە بۆردوومانی ئاسمانیی بەرفراوان دژی یاخیبووان وەک لەو ساڵانە ئەنجامی دا، دۆخە لە قازانجی ئەسەد بگۆڕێت.

هاوکات لەم ڕۆژانەدا، دوای گرتنەوەی حەلەب، لە کاتێکدا کە یاخیبووان بەرەو دڵی سووریا، واتە حەما دەڕۆن، گەلی سووریا زیاتر لە جاران لەگەڵ هەژاری و کەمی و پچڕانی کارەبادا ڕووبەڕوون. بەپێی ڕاگەیاندنی دەزگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی سووریا، جەنگ و ململانێ درێژخایەنەکانی ئەم وڵاتە تا ئێستا لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار کوژراو و زیاتر لە ٧ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی و لانی کەم ٦.٤ ملیۆن پەنابەر و نزیکەی ٥٠٠ ملیار دۆلار زیانی بەجێ هێشتووە.

ئایا کۆتاییی ئەسەد نزیکە؟

هیچ ئاماژەیەکی جددی نییە کە ئەسەد سازش لەگەڵ نەیارەکانی بکات. خێزانەکەی بۆ دەیان ساڵ کۆنترۆڵی سووریایان کردووە و لە کاتی جەنگی ناوخۆدا دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو. دەوترێت ئەسەد دوای کشانەوەی هێزەکانی سوپا لە بەرامبەر هێرشێکی کتوپڕی یاخیبووان، چووەتە مۆسکۆ، بەڵام ڕۆژی ١-١٢-٢٠٢٤ لە دیمەشق دەرکەوتەوە؛ کاتێک لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ بووەوە.

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژی ٢-١٢-٢٠٢٤ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەسەد ئەنجام دا و میدیاکانی دەوڵەتی ئێرانیش ڕایان گەیاند کە تاران هێزێکی بەئەزموونی سوپای پاسدارانی ڕەوانەی سووریا کردووە.

سوپای سووریا کە وا دیارە بەهۆش خۆی هاتۆتەوە، پێگەکانی یاخیبووانی لە شاری حەلەب بۆردوومان کرد و کۆمەڵێک میلیشیای هاوپەیمانی ئەسەدی لە ناوچەی باکووری شاری حەما کۆ کردەوە بۆ ئەوەی پێشڕەوییە خێراکانی دەستەی تەحریر شام بوەستێنن. هەروەها سوپای سووریا بارەگاکانی یاخیبووانی لە پارێزگای ئیدلب لە نزیک سنووری تورکیا کردە ئامانج، کە بە بنکە و قەڵای ئۆپۆزیسیۆن دادەنرێت.

ئایا ئەسەد دەتوانێت بە پێدانی ئیمتیاز دەسەڵاتەکەی بپارێزێت؟

پێش هێرشی یاخیبووان، ئەسەد لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و زلهێزە ڕۆژاوایییەکان و تەنانەت مۆسکۆوە گوشاری زۆری لەسەر بوو بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییە سیاسییەکان بۆ ئەوەی پشکێک لە دەسەڵاتی سیاسی بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بدرێت؛ لە هەمان کاتدا ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ بکات.

سەرۆککۆماری سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم داواکارییانە، کە بریتین لە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی وڵاتەکەی وەک ڕێڕەوێک بۆ گواستنەوەی چەک بۆ میلیشیاکانی سەر بە تاران، لەنێویاندا حزبوڵڵا، پشتی بە ئێران بەستووە. بەڵام لە هەلومەرجی ئێستادا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێ دەچێت سوپای سووریا و هێزەکانی لایەنگری حکوومەت بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا لە بەرامبەر هێرشبەرەکاندا لاوازتر بوونە، ڕوون نییە کە کشانەوە و قبووڵکردنی چاکسازییە سیاسییەکانی بەشار ئەسەد بتوانێت یاخیبووان بێنێتە سەر مێزی دانوستان.

ئایا ڕووخانی ئەسەد دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییی دەسەڵات لە سووریا؟

ئەگەری ئەوە هەیە ئەگەر دیمەشق لەلایەن هێزەکانی ژێر فەرماندەییی تەحریر شامەوە بگیرێت، حکوومەتی بەشار ئەسەد بڕووخێنرێت و پشێوی و ئاژاوە بەسەر سووریادا بڵاو بێتەوە و سووریاش پارچەپارچە بێت. بەڵام بەکردەوە پێ دەچێت دڵسۆزانی حکوومەتی مەزهەبیی عەلەوی بەخۆشییەوە، پەنا ببەنە بەر بنکە جەماوەرییەکانیان لە شارەکانی کەنار دەریای لازقیە و تەرتوس و دەوروبەری و پاشان پلانی گەڕانەوەیان بۆ سەر دەسەڵات دابنێن.

هەروەها ئەو یاخیبووانەی کە لەلایەن ئەو کەسانەی لە دەسەڵات دوور خراونەتەوە پشتیوانی دەکرێن، دەتوانن پێکهاتەیەکی جێگرەوەی دەسەڵات بۆ پاراستنی ئەو وڵاتە وێرانبووە بەهۆی جەنگەوە، دروست بکەن. بۆیە یەکێک لە سیناریۆکانی دوای ئەسەد، پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سەربازیی کاتییە کە پشتیوانی لە دەستەیەکی حوکمڕانیی مەدەنی دەکات.

ڕووسیا چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟

ئەگەر بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، گرنگترین هۆکاری یەکلاکەرەوەی هاوکێشەکان ڕووسیا دەبێت؛ چونکە ناتوانرێت ئەو ڕاستییە بشاردرێتەوە کە لەم ساڵانەی دواییدا بە کەمبوونەوەی ڕۆڵ و کاریگەریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە سووریا، مۆسکۆ بووبوو بە زلهێزی سەرەکی لە سووریادا.

هەروەها ئەوە ڕووسیا بوو کە دانوستانی لەگەڵ ئێران و تورکیا کرد بۆ ئەوەی ئەسەد بتوانێت حەلەب و ناوچەکانی دیکە بەدەست بهێنێتەوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دەسەڵاتی دارایی و سەربازیی ڤلادیمیر پووتین لەم ڕۆژانەدا، ڕەنگە ئێستا گوشار بخاتە سەر بەشار ئەسەد بۆ ئەوەی ئیمتیازاتی گەورە وەربگرێت. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەسەد وەکوو کارتێک بەکار بهێنێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و لە کۆتاییدا بیکاتە قوربانی.

بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە بەشار ئەسەد هێشتا بە هاوپەیمانێکی گرنگ بۆ مۆسکۆ دادەنرێت و سووریاش میوانداریی بنکەیەکی سەربازیی گرنگی ڕووسیا دەکات؛ بۆیە پێشبینیکردنی یارییەکەی داهاتووی پووتین لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەوەندە ئاسان نییە.

ئەکتەرە دەرەکییەکانی دیکە چی دەکەن؟

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە کۆکردنەوەی میلیشیا عێراقییەکان (حەشدی شەعبی) بە پاڵپشتیی تاران بۆ پشتیوانی لە سوپای سووریا، ڕوونە کە تا ئێستا ئێران ئیرادەی خۆی نیشان داوە بۆ بەردەوامبوون لە پشتگیریكردنی ئەسەد.

دوو سەرچاوەی ئاگادار بە “ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ”یان ڕاگەیاندووە، تورکیا وەک ئەکتەری باڵادەست لە باکووری سووریا، سەرەتا دژی هێرشی سەرکردایەتیی توندڕەوی تەحریر شام وەستایەوە، بەڵام دوای ئەوەی بەشار ئەسەد ئەوەی ڕەت كردەوە لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆ ببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چاکسازییە سیاسییەکان و، گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریای ڕەت کردەوە، ئەنقەرە هەڵوێست و بیرۆکەکەی خۆی گۆڕیوە.

تورکیا لە نێوەندی پێشهاتەکانی ئەم دوایییەی سووریادا، هیوادارە سەرکەوتنێکی دیکە بەدەست بهێنێت و ئەویش دەرکردنی هێزە کوردەکانە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن لە حەلەب و شاری تەل ڕەفعەت، کە ئەنقەرە بە تیرۆریستیان دەزانێت.

ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی چی دەکەن؟

هاوکات ئەمریکا نزیکەی دە ساڵە لەگەڵ کوردەکانی سووریا لە جەنگی داعشدا کار دەکات و تا ئێستایش 900 سەربازی لەو وڵاتەدا هەیە. لەلایەکی دیکەوە، وڵاتانی عەرەبی کە لەم دوایییانەدا پەیوەندییەكی گەرمیان لەگەڵ بەشار ئەسەد دامەزراندووە، هیوادارن پشتبەستنی ئەسەد بە تاران کەم بکەنەوە تا بتوانن زەمینە بۆ ئاشتەواییی ئەسەد لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دەستەبەر بکەن. لە هەمان کاتدا ئامادەن لەگەڵ ئەمریکا کار بکەن بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناغێکی ئینتقالی لە سووریا.

ئیسرائیل کە دوای هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئێران و حزبوڵڵا لە سووریا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هیوادارە بە بنبڕکردنی نفووزی کۆماری ئیسلامی لە سووریا، بتوانێت ئاستی ئەمنیی خۆی بەرز بکاتەوە و، بەم پێیەیش پێ ناچێت کە زۆر بەتوندی دژی دوورخستنەوەی بەشار ئەسەد بێت.

ئایا سووریا ئامانجی داهاتووی ئیسرائیلە؟

شرۆڤەکاران پێیان وایە هێرشە کتوپڕەکەی نەیارانی بەشار ئەسەد لە سووریا دوای ئاگربەست لە لوبنان لە کاتێکدا ڕووی دا کە ئێران بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل و لاوازبوونی حزبوڵڵای هاوپەیمانی لە لوبنان، هەروەها ڕووسیاش بەهۆی تێوەگلانی لە جەنگ لە ئۆکراینا، کەمتر توانای پاڵپشتی لە بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی هەیە.

بۆیە ئەو پرسیارەی ئێستا هاتۆتە ئاراوە ئەوەیە: ئایا ئیسرائیل کە لە یەک کاتدا لە چەند بەرەیەکدا لە جەنگدا بووە، بیر لە پێکدادانێکی سەخت و کردنەوەی بەرەیەکی دیکە دەکاتەوە، بەڵام ئەم جارەیان لە بەرەیەکدا بە ناوی سووریا؟

ماڵپەڕی هەواڵی “عەرەبی نوێ” لە ڕاپۆرتێکدا ئەگەری ئەوەی خستۆتە ڕوو کە ئیسرائیل دوای ئاگربەست لە لوبنان شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی لە ناوچەکە دژی سووریا دەست پێ بکات. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پێ دەچێت دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی لوبنان، هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر ببێت؛ هاوکات بنیامین نەتانیاهۆ پێشتر هۆشداریی داوە بە بەشار ئەسەد سەبارەت بە “یاریکردن بە ئاگر”. پاشان نووسەری ڕاپۆرتەکە گریمانەی ئەوە دەکات کە ڕەنگە شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان لە سنوورەکانی لوبنان زیاتریش درێژ بێتەوە؛ هاوکات ئاماژە بەوە کراوە کە بەشار ئەسەد بەخێرایی پشتیوانیی لایەنگرانی لەدەست دەدات کە لە ئێستادا هێزی جارانیان نەماوە.

سوورییەکان پێشتر هەستیان بە ئازار و مەینەتییەکانی جەنگی لوبنان کردبوو، کاتێک لانی کەم ١١١ پەنابەر، کە ٣٩یان منداڵ بوون، لە توندترین قۆناغی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ٢٣ی ئەیلوول تا ٢٨ی ئەیلوول کوژران. ئەم هێرشانە هەزاران خێزانی ئاوارەی لوبنانی ناچار کرد بەدوودڵییەوە بەرەو سووریا هەڵبێن، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی حزبوڵڵا پشتیوانییان لە ڕژێمی ئەسەد کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، دەوترێت ئاگربەستی لوبنان پاشکۆیەکی نهێنی و جیای لە نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب لەخۆ گرتووە کە ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی حزبوڵڵا لە ناوخۆی سووریا؛ لەنێویاندا زنجیرەی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو هێزە.

لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل چەندان جار هێرشی لەو شێوەیەی ئەنجام داوە، هەرچەندە بەدەگمەن بەرپرسیارێتیی خۆی قبووڵ کردووە؛ بەڵام له ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەی ئەم هێرشانە بەرز بووەوه و چاودێران پێیان وایە کە ڕەنگه ئیسرائیل له ئێستا بەدواوه به دوای ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان، چڕیی هێرشەکانی بۆ سەر سووریا زیاد بکات.

ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل چییە؟

دوای ماوەیەکی کەم لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی لوبنان، بنیامین نەتانیاهۆ هۆشدارییەکی دەگمەن و ڕاشکاوانەی بە بەشار ئەسەد دا و ڕای گەیاند، “یاری بە ئاگر دەکات”. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها سوپای سووریای بە تۆڕی حزبوڵڵا و چەکدارانی ئێرانەوە گرێ دا؛ ئەمەیش ئەگەری ئەوە دێنێتە ئاراوە کە لەگەڵ پێشڕەویی یاخیبووان لە باکوور، سووریا ڕووبەڕووی هێرشی نوێی ئیسرائیل ببێتەوە.

موهەنەد عەلی، لێکۆڵەری باڵای “ناوەندی کارنێگی”ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێدوانەکانی نەتانیاهۆ بە گرنگ دەزانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم لێدوانانە هاوکاتە لەگەڵ پێشڕەویی هاوپەیمانەکانی تورکیا لە باکووری سووریا. دەیشڵێت: بەدڵنیایییەوە ئەمڕۆ ئەسەد لاوازترە و پاشەکشەی لە باکوور بێ گومان کاریگەریی لەسەر هەر بڕیارێک دەبێت سەبارەت بە ئێران و حزبوڵڵای لوبنان.

لە کاتێکدا کە تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل لە هێرشی یاخیبووانی سووریا بۆ سەر حەلەب نابینرێت، لانی کەم لەم کاتەدا لاوازیی هاوپەیمانیی ناوچەییی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئێران- کە پێشتر ئەسەد بۆ هەموو سەرکەوتنەکانی لە دژی یاخیبووان پشتی پێ بەستبوو- بوێریی داوەتە یاخیبووان. لە ڕاپۆرتی عەرەبی نوێدا هاتووە: حزبوڵڵا، ئەو هێزەی کە سەردەمانێک کلیلی مانەوەی ئەسەد بووە، ئێستا بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا بووەتە خاڵی لاوازی ئەسەد.

میحوەری بەرخۆدان (موقاوەمە)

حزبوڵڵای لوبنان و ڕاوێژکارانی سوپای پاسداران کە بۆ پشتیوانی لە ڕژێمی ئەسەد ڕەوانەی سووریا دەکرێن، بەدەگمەن لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێنە ئامانج، بەڵام ئەوانەی دەستیان لە زنجیرەی دابینکردنی سەربازیی حزبوڵڵای لوبنان و ئێراندا هەیە، لەنێویاندا یەکینەکانی سوپای سووریا، چەندان جار، بەتایبەتی لە دەوروبەری سنوورەکانی سووریا و عێراق و، هەروەها سنوورەکانی سووریا و لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج.

بینێت شێلەر، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دامەزراوەی هاینریش بۆڵ دەڵێت: میحوەری بەرخۆدان هاوپەیمانییەکی ئاسایی نییە لە نێوان ئەو لایەنانەی کە لە هەمان ئاستی یەکتردان، بەڵکوو دەرەنجامی پشتیوانیی دەسەڵاتی ئێرانە لە ناوچەکەدا، بۆیە حزبوڵڵای لوبنان ناتوانێت بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ تاران چالاکی بکات و تا ڕاددەیەک هەمان شت بۆ ڕژێمی سووریاش دەگونجێت. دەیشڵێت: پێم وایە ئێران گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کە لە ڕێگەی سەرکەوتندایە، چونکە بە درێژاییی ساڵان زۆر سەرکەوتوو بوو لە بەهێزکردنی نفووزی خۆی لە ناوچەکەدا. بۆیە ئێرانییەکان ناچار بوون ئەسەد لە دەسەڵاتدا بهێڵنەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کە کۆریدۆرە وشکانییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە حزبوڵڵای لوبنان بەکراوەیی بمێننەوە.

دوای ئەوەی ڕووسیا و ئێران لە هێرشێکی بەرپەرچدانەوەی هاوبەشی گەورەدا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەشێکی زۆری خاکی سووریایان کۆنترۆڵ کرد، پێ دەچێت تاران بە کوشتنی خێرای فەرماندەکانی حزبوڵڵای لوبنان و سوپای پاسداران لەلایەن ئیسرائیلەوە و، هەروەها سەرکەوتنە سەربازییەکانی دیکە لە شامدا، سەری سوڕ مابێت. شێلەر دەشڵێت: “کاتێک مووسڵ و ڕەقە و حەلەب کەوتنە دەست هێزەکانی عێراق و دیمەشق و کوردەکانی سووریا، تاران هەستی بەوە کرد کە هیچ شارێکی گەورەی گرنگی تری سوننە لە باکوور (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی باکووری ئەفریقا) نەماوە، بۆیە بێباکییان کرد و “ئەوان بێئاگا بوون لەوەی کە چی ڕوو دەدات.”

سەرچاوە:

1- https://parsi.euronews.com

2- https://parsi.euronews.com