خۆڕاگری، هۆی سەرکەوتنی دەستەی تەحریری شامە لە حەڵەب
ن: ئارۆن ی. زێلین*
وەرگێڕانی لە ئیگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان
چەکدارەکە بە هاوەڵەکانی وت “خوا یار بێت، جەژنی ڕەمەزان لە حەڵەب و دیمەشق دەکەین.” ئەو چەکدارە ئەبو محەمەد جۆلانی، سەرکردەی دەستەی تەحریری شام بوو – ئەو هاوپەیمانێتییە ئیسلامییەی هەفتەی ڕابردوو هەڵی کوتایە سەر حەڵەب. وەک ڕوونیش دەبێتەوە، لێدوانەکانی – کە لە مانگی نیساندا بۆ سەرکردەکانی باڵی چەکداری گرووپەکەی دوابوو – هەروا هەڵچوونێکی کاتی نەبوو. ئەو پلانی هەبوو. هێشتا جەژنی ڕەمەزان چوار مانگی ماوە.
لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا وا بڵاو ببووەوە کە دەستەی تەحریری شام دەتوانێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەست بەسەر دووەمین گەورەترین شاری سووریادا بگرێت؛ هۆیەکەیشی سەرقاڵبوونی ڕووسیا بوو بە شوێنەكانی دیکەوە، لەگەڵ ئەو زەبرەدا کە لە دوای هێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە بۆ سەر ئیسرائیل، بەر میحوەری موقاوەمە (بەرەی خۆڕاگری) کەوتووە. بێ گومان ئەمە بەشێکی چیرۆکەکەیە؛ بەشەکەی تری، ڕژێمە لاوازەکەی سووریایە. ئەگەر لە ماوەی چوار ساڵ و نیوی ڕابردوودا هەیئەتی تەحریری شام گۆڕانکاریی لە خۆیدا نەکردایە، ئەمە مەحاڵ دەبوو.
لە ئاگربڕەکەی ئاداری ٢٠٢٠ەوە تا دەگاتە مانگی ڕابردوو، لە سووریا؛ جۆلانی هەوڵێکی زۆری داوە بۆ بنیاتنانی دامەزراوەی لۆکاڵیی وەها کە مرونەتیان زیاتر بێت و ڕیفۆرم لە ئیدارەی دەستەی تەحریری شام و یەکە سەربازییەکاندا بکات. جۆلانی لەو باوەڕەدایە کە ئەو بوارەی دوای ئاگربڕ بۆی ڕەخساوە، یارمەتیدەرە لە بنیاتنانی توانا و شارەزاییی ناوخۆییی زیاتردا، لەو ناوچانەدا کە ناویان لێ ناوە “ناوچە ئازادکراوەکان”؛ بۆیە، کە کاتی گونجاو هات، هاوپەیمانێتییەکە دەتوانێت ئەم دامەزراوانە ڕەوانەی باقیی ناوچەکانی سووریا بکات، وەک جولانی خۆی لە تەممووزی ٢٠٢٢ دا ڕای گەیاندبوو. وا دیارە، لە حەڵەب توانیویانە بەخێرایی چوارچێوەی ئەم دامەزراوانە فراوان بکەنەوە؛ بە جۆرێک دوای چەند ڕۆژێک لە دەسبەسەرداگرتنی شارەکە، کەسانی مەدەنی جڵەوی فەرمانڕەوایییان گرتە دەست. تا ئێستایش پرسیاری ئەوەی دەستەی تەحریری شام تا چەند دەتوانێت دەست بەسەر خاکی زیاتردا بگرێت، بەکراوەیی ماوەتەوە. بەڵام لە هەموو حاڵێکدا، ئەو نموونەیەی لە باکووری ڕۆژاوای سووریا بنیاتیان ناوە، لەو ناوچانەیشدا کۆپی دەکەن کە ئازادیان دەکەن و کۆنترۆڵی خۆیان بەسەریاندا بەهێز دەکەن.
پێشینە (باكگراوند)
دەستەی تەحریری شام مێژوویەکی سەرنجڕاکێش و ناوازەی هەیە. کاتێک لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٢دا بە ناوی “بەرەی نوسرە”ەوە سەری هەڵدا، وەک لقێکی میراتگری دەوڵەتی ئیسلامی، دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق، دەستی پێ کرد. لەگەڵ ئەوەیشدا کاتێک لە نیسانی ٢٠١٣دا، ئەبوبەکری بەغدادی بەئاشکرا ڕێکخراوەکەی لە عێراقەوە هێنایە سووریا؛ جۆلانی خۆی لە بەغدادی بێبەریی کرد و پەیمانی دا بە ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدە، لەو کاتدا. لە پەرەسەندنێکی دواتردا، لە حوزەیرانی ٢٠١٦، جۆلانی لە قاعیدە و جیهادی جیهانی جیا بووەوە و لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧دا چووە لای دەستەی تەحریری شام و تەرکیزی لەسەر شەڕکردن بوو لە ناوچە لۆکاڵەکاندا. لەو ماوەیەدا و بەپێی مێژووی کۆمەڵەکە، گومان و پرسیار هەبوو لە مەودای واقعیبوونی ئەم هەڵوێستە. لەگەڵ ئەوەیشدا و لە هەمان کاتدا، بوونی دەستەی تەحریری شام نەک هەر بوونی دەوڵەتی ئیسلامیی لە ناوچە ئازادکراوەکاندا وێران کرد، بەڵکوو لە حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، هەوڵەکەی قاعیدەیشی پەک خست کە دەیویست لقێکی نوێ لە سووریا دابمەزرێنێت و ناوی لێ بنێت پاسەوانانی دین. لەگەڵ ئەوەیشدا، هێشتا کۆمەڵەکە دیدێکی ئیسلامییانەی جیهانیی هەیە، هەر بۆیە من وەسفی ئەندامەکانی بە جیهادیی سیاسی دەکەم، زیاتر لەوەی جیهادیی سەلەفی بن؛ ئەمەیش بەهۆی هەڵوێستی زیاتر پراگماتییانەیانەوە بەرامبەر سیاسەت و خوداناسی، نەک سەرکردایەتییەکی کردەییی دروستکردنی بڕیار، وەک ئەوەی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی یان قاعیدە، ڕاستە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە، ئەبو محەمەدی جۆلانی شوێنی خۆی قایم کرد، لە کاروباری حکوومەتی ڕزگارکردنی سووریای مەدەنی و تەکنۆکراتیدا، کە دەستەی ڕزگاریی شام و شارەوانییە ناوخۆیییەکانە لە بەڕێوەبردنی ناوچە ئازادکراوەکاندا. حکوومەتی ڕزگارکردنی سووریا لە ئەنجامی سەپاندنی کۆنترۆڵی تەواوەتیی دەستەی تەحریری شام بەسەر ئەو ناوچانەدا کە لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠١٧وە کاریان تێدا دەکات، لەدایک بوو. پێش دامەزراندنی حکوومەتی ڕزگارکردنی سووریا، زنجیرەیەک ئەنجومەنی ناوخۆییی سەربەخۆ (گەرچی هەندێکیان سەر بە حکوومەتی کاتیی سووریا بوون) یارمەتیدەری بوون لە فەرمانڕەواییکردنی ئەو شار و گوندانەی دوای شۆڕشی سووریا لە ساڵی ٢٠١١دا دامەزرێنران؛ واتە ئەو کاتەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد کۆنترۆڵی هەرێمیی بەسەر چەندان ناوچەی جیاوازی وڵاتدا نەما. ئەمەیش بۆشایییەکی بنەڕەتیی لە خزمەتگوزارییەکاندا پڕ کردەوە، بۆ ئەوەی دانیشتووانە لۆکاڵەکان بتوانن باشتر بگوزەرێنن لەو حاڵەی لە سایەی بارودۆخی قورسی جەنگی ناوخۆدا هەیانبوو. لەگەڵ ئەوەیشدا و بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی گۆڕاوی یاخیبوون و گۆڕینی لایەنگیرییەکانی گرووپە یاخییە جۆراوجۆرەکان، لەگەڵ تێپەڕینی کاتیشدا، هەمیشە هەوڵێک هەبوو بۆ یەکخستنی تەواوی دەزگە سەربازی و حکوومییەکان لە نێوان چالاکوان و جەنگاوەرانی دژی ڕژێمدا.
لە کاتێکدا کە ئەوە ڕاستە زۆرێک لە ئیدارەکانی ناو ئەو ناوچانەی حکوومەتی ڕزگارکردنی سووریا بەڕێوەیان دەبەن، لە بنەڕەتدا سروشتێکی تەکنۆکراتییانەیان هەیە، بەڵام هەندێک ئاوارتەیش هەن کە تێیدا سەرکردە سەرەکییەکانی ناو دەستەی تەحریری شام، دێنە مەیدان و جڵەوی كارەكان دەگرنە دەست. بۆ نموونە، کەسێتی و ئایدیۆلۆژیستی سەرەکی لەناو دەستەی تەحریری شامدا هەن، وەک عەبدولڕەحیم عەتوان، مەزهەر ئەلوەیس، ئەنەس عەیروت، کە بە پلەی جیاجیا لە دەستەی تەحریری شام و لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوەی داوەری، ئەنجومەنی باڵای فەتوا، بەشداری دەکەن و ڕۆڵی باڵایان لەناو لیژنەی باڵای داوەریکردندا هەیە، کە سەر بە وەزارەتی دادی حکوومەتی ڕزگارکردنی سووریایە و وەزارەتی ئەوقاف و دەعوەیە. هاوشێوەی ئەوان، یەکێک لە سەرکردە دامەزرێنەرەکانی دەستەی تەحریری شام، هاشم ئەلشێخ، کە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی “دارولوەحی ئەلشەریف”ە کە ئەنجومەنی قوتابخانە قورئانییەکانە، کە خەریکی پەروەردەکردن و دروستکردنی جیهانبینیی منداڵانە، لەسەر بناغەی لێکدانەوەکانی دەستەی تەحریری شام، بۆ ئیسلام.
تیۆریی جۆلانی بۆ کەیسەکە
لە ڕێی هەوڵەکانی جۆلانی و دەستەی تەحریری شامەوە بۆ ئاڕاستەکردنی چۆنێتیی بنیاتنانی دامەزراوەکان و ڕیفۆرمی بیرۆکراتیی ناوخۆیی بەرەو کامڵبوون و لێهاتووییی زیاتر، بە درێژاییی چوار ساڵ و نیوی ڕابردوو، گرووپەکە باشتر توانیوێتی سوود لە وانەکان وەربگرێت و بەرەنگاری قەیرانەکانی سەر سنوورەکانی ببێتەوە. ئەم پرۆسەیە بەکار هێنراوە بۆ باشکردنی شارەزایی و لێوەشاوەییی هەموو لایەنەکانی دامەزراوەکانی ناوچە ئازادکراوەکان؛ بە جۆرێک ئەگەر دەستەی تەحریری شام بڕیار بدات کاتی ئەوە هاتووە خاکەکەی فراوان بکاتەوە (وەک ئێستا دەیبینین)، باشر دەتوانێت ئەم جۆرە فۆرمە نوێکراوەیەی سیستەمە سیاسییەکەی خۆی لەگەڵ واقعی نوێدا ئاوێتە بکات.
زۆرێک لەو کۆبوونەوانەی لە چوارچێوەی حکوومەتی ڕزگارکردنی سووریادا ئەنجام دەدرێن و جۆلانی ئامادەیان دەبێت، بەشێکن لە هەوڵەکانی خۆی و دەستەی تەحریری شام بۆ پیشاندانی وەڵامدانەوەیان بەرامبەر پرسەکانی فەرمانڕەوایی و ئەو ترس و لەرزانەی هەیە. بۆ نموونە، لە ئابی ٢٠٢٠، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک ئاوارەی ناوخۆ لە سووریا، کە لە ناوچەی حەلەفایاوە هاتبوون، جۆلانی دانی بەوەدا نا کە دەستەی تەحریری شام دەوڵەتێکی گەورە نییە و تواناکانی بۆ یاریدەدانی خەڵک، سنووردارە، بەڵام هەرچیی پێ بکرێت درێغی ناکات. وتیشی یەکێک لە ڕێگەکانی ئەنجامدانی ئەوەیە، بابەتێک بەکار بهێنرێت کە خۆی چەندان جار وروژاندوویەتی، ئەویش کارکردنە بۆ ئەوەی خۆیان پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن. لە مایسی ٢٠٢١دا و لە دیمانەیدا لەگەڵ شاندێکی ڕیشسپییانی عەشیرەتەکان، جۆلانی وتی “ئەم قۆناغە، قۆناغی ئامادەکاری و بنیاتنانی دامەزراوەکانە و ڕێخۆشکەرە بۆ سەرکەوتنی کۆتایی.” هەر دامەزراوەیەک لە ناوچە ئازادکراوەکاندا بنیاتی دەنێین، هەنگاوێکە بەرەو دیمەشق … جەنگەکەمان لەسەر هەموو ئاستەکانە. ئەمە بەتەنیا جەنگێکی سەربازی نییە، چونکە بنیاتنان لە جەنگ قورسترە. قۆرت و تەگەرە لەبەردەمماندا زۆرن.” بۆیە شتێکی سەیر نەبوو کە بینیمان لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا، جۆلانی لە کردنەوەی ڕێگەیەکی فراوانکراودا کە بابولهەوا بە حەڵەبەوە دەبەستێتەوە، ئامادە بوو، ڕوونی کردەوە کە ئەم پڕۆژانە بەردی بناغەن بۆ بنیاتنانی ژیانێکی باشتر بۆ دانیشتووانی ناوچەکە. “ئازادی لەگەڵ هێزی سەربازیدا دێت … کەڕامەت لە پڕۆژە ئابوورییەکان و وەبەرهێنانەوە دێت، کە بەهۆیەوە گەل و هاووڵاتیان ژیانێکی سەربەرزانەیان هەبێت کە شایستەی موسڵمانانە.”
لای جۆلانی ئەم پڕۆژەیە گرنگە، چونکە باوەری وایە کە “بەرپرسیارێتییەکی دووسەرە هەیە بۆ ئازادکردنی ناوچەکان بە ڕێگە دروستەکە و بنیاتنانی دامەزراوەکانیش بە ڕێگەی دروست و شەرافەتمەندانە.” دانانی بناغەکان جەوهەری هەوڵەکانی جۆلانییە بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتن بۆ دەستەی تەحریری شام لە هەموو بەرە کاراکانی گۆڕەپانی سووریادا. ئەگەر گومان لەسەر بنەماکانی ناوچە ئازادکراوەکانی باکووری ڕۆژاوای سووریا هەبێت، ئەوە بەدڵنیایییەوە لە کاتی گوێزانەوەی ئەم دامەزراوانەدا بۆ ناوچەی دیکە، کەموکورتی دەبێت. لەبەر ئەم هۆیە، بنیاتنانی ئەم ناوچانە بە ڕێگەی دروست، وەک جۆلانی بۆی دەچێت، زۆر گرنگە بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی خۆیان لە ناوچەکانی دیکەدا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو؛ ئەمە ئەگەر دەستیان بەسەر خاکی دیکەدا گرت. جۆلانی جەخت لەسەر پێویستیی بەردەوامیدان بەم هەوڵانە دەكاتەوە، بێ ئەوەی تاکەکان وایان لێ بێت لە خۆیان ڕازی ببن: “پێویستە بەردەوام وەها بیر بکەینەوە کە پێویستیمان بنیاتنانی زیاتر و … ڕێخکستنی زیاترە.”
گەرچی دەستەی تەحریری شام باوەڕی بە دیموکراسیی لیبراڵ، یان سەروەریی گەل نییە، بەڵام جۆلانی هەوڵ دەدات پڕۆژەی بنیاتنانی دەوڵەت بە جۆرێک ئامادە بکات کە لە جەوهەردا ڕووداوێکی جەماوەری بێت. وەک لە وتارەکەیدا بۆ پیاوماقووڵانی ئیدلیب وتی: “ئێمە هەموومان یەک دامەزراوەین، هەموومان دەسەڵاتمان هەیە، هەموومان گەلین.” هەر بۆیەیشە “حکوومەتی ڕزگارکردن قۆناغێکی هەتا بڵێی گرنگە لە مێژووی شۆڕشی سووریادا”، ئەمە بەپێی وتەکانی جۆلانی لە وتارەکەیدا لە بەردەم حکوومەتی ڕزگارکردنی سووریادا. جۆلانی تەرکیزی لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ناوەڕاستە لە نێوان یارمەتییە حکوومییەکان و سووڕەکان (چەرخەكان)ی پشێویی بەردەوام کە خەڵک تێیدا دەژین. لە وتەکەیدا لە بەردەم پیاوماقوڵانی “جیسری شەغور”دا ڕوونی دەکاتەوە کە “ئێمە هەوڵ دەدەین کۆمەڵگەیەک بنیات بنێین کە بتوانێت خۆی بژیەنێت و خۆی بپارێزێت.” هەروەها لە کردنەوەی پڕۆژەی گەیاندنی ئاودا بۆ دەشتی “ئەلرۆج” دەڵێت، لای ئەو هەر شتێکی دیکە “شوورەیییە”: “ئێمە یان دەبێت پشت بە هاریکارییەکان ببەستین، یاخود خەڵکی ئێڕە بڕووتێنینەوە. یارمەتییەکان یاخود دانوساندنە نێودەوڵەتییەکان بۆ فەراهەمکردنی بڕێک فریاکەوتنی سەرەتایی یان چەند قوتوویەک شیر بۆ ناوچە ئازادکراوەکان، جۆرێکە لە زەلیلکردنی گەلی سووریا.” بۆیە پێویستە بڕێکی زیاتر لە خۆژیاندن بنیات بنێین.
ئەمەیش بەتەنیا پەیوەندیی بە فەرمانڕەوایییەوە نییە، بەڵکوو بواری جەنگیش دەگرێتەوە. لەبەر ئەم هۆیە، لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا، دەستەی تەحریری شام / حکوومەتی ڕزگارکردنی سووریا، کۆلێژێکی سەربازیی بۆ ناوچە ئازادکراوەکان دامەزراند. لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا، جۆلانی بە دەرچووانی خولی یەکەمی ئەفسەریی ڕاگەیاند کە بەهۆی پێویستیی ئەوەی پشتیوانی بۆ جەنگی دژی ڕژێمی سووریا زیاتر بکرێت، بڕیاریان دا کۆلێژی سەربازی دابمەزرێنن “تا باشترین موجاهیدەکان لە بواری زانستە سەربازی و هونەرە جەنگییەکاندا ئامادە بکەن.” دەستەی تەحریری شام وەزارەتی بەرگریی نییە، بەڵام دەستەی تەحریری شام کەم تا زۆر وەک وەزارەتی بەرگری ڕەفتار دەکات. ئەوەی کۆلێژی سەربازیی پێشکەشی کردووە، ئامڕازێک بوو بۆ چاکسازیکردن لە هەوڵەکانی پێشووتری شەڕ و پێکدادانەکانی ماوەی نیوان ساڵانی ٢٠١٦ – ٢٠٢٠ی ئەو گرووپە یاخییانەی دەستەی تەحریری شام تێکەڵاویان بووە، یاخود بە زەبری هێز دەستی بەسەردا گرتوون. بەم شێوەیە، کاتێک لە ئاییندەدا پێکەوە دەجەنگن، وەک لەم هێرشە نوێیەدا ڕووی دا، لە سەر ئاستەکانی تاکتیکی و ئۆپەراسیۆنی و ستراتیژی، هەوڵەکەیان کامڵتر و تەڕدەستتر دەبێت. ئەم کۆلێژە لە زۆر ڕووەوە یارمەتیدەر بووە بۆ بەخشینی مۆرکێکی پیشەیی و شارەزایی بەو هێزانەی دەستەی تەحریری شام سەرۆکایەتییان دەکات و لە ئێستادا لەژێر سایەی ئەوەدا کە ناویان لێ ناوە سەرکردایەتیی گشتیی ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و لە ڕۆژی ٢٧ ی تشرینی دووەمەوە هێرشیان دەست پێ کردووە، دەجەنگن.
لە هەردوو حاڵەتەکەدا، خاڵی بنەڕەتی ئەوەیە کە هەموو شتێک لەسەر ئاستی کۆمەڵگەیی کامڵ بووە، بۆیە کاتێک حاڵەتێکی نائاسایی یان گۆڕانکاری لە کۆنترۆڵی هەرێمیدا ڕوو دەدات، ئەو دامەزراوانەی جۆلانی و دەستەی تەحریری شام سەرپەرشتیی دەکەن، دەتوانن بەرنامەیەک دابڕێژن کە هەموو کۆمەڵگە بگرێتەوە – بەوەیش دەتوانن پشتیوانی و شەرعییەتی زیاتر لە دانیشتووانی ناوخۆوە بەدەست بهێنن، چونکە ئەوانیش بەشێکن لەم هەوڵانە؛ هەروەها یاریدەدەریشە بۆ ئەوەی بەخێڕایی بکەونە خۆیان بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفتێک یان پڕکردنەوەی هەر بۆشایییەک لە بەڕێوەبردندا ڕوو بدات.
لە دەستپێکردنی هێرشەکەوە، بەکردەوە خەریکی بنیاتنانی دامەزراوەکانن
لەسەر بناغەی ئەو دامەزراوانەی لە ماوەی چوار ساڵ و نیوی ڕابردوودا دروست کراون و ئەو چاکسازییانەی ئەنجام دراون، دەستەی تەحریری شام ئامادەیە بۆ سوودوەرگرتن لە هەر دەستکەوتێکی سەربازی لە مەیدانی جەنگدا. زەحمەتە بزانین ئایا ئەوان لەو باوەڕەدا بوون کە دەتوانن دەست بەسەر حەڵەبدا بگرن، بە چوار ڕۆژیش! بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەوەیش بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕووی دابێت، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ شارەزایی و بەرنامە گشتگیرەکەیان بۆ کۆمەڵگە و لێهاتوویییان لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان یان ڕووداوە نوێیەکاندا، دەزگەکانی دەستەی تەحریری شام توانییان بەخێرایی بۆشایییەکان پڕ بکەنەوە. ئەگەر نەیانتوانییایە ئاوا بەخێرایی خۆیان یەک بخەن، ئەوە لەوانەبوو دووچاری بەرەنگارییەکی زیاتر ببنەوە لەلایەن ڕژێمەکە و پشتیوانەکانییەوە، یان لەوانەبوو دانیشتووانە ناوخۆیییەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لەو هێرشە نەکردایە کە دەستەی تەحریری شام سەرکردایەتیی دەکات. لە دیوی دەرەوە، وەها دیارە کە بەڕاستی هەندێک پشتیوانییان لێ دەکرێت، گەرچی ڕێی تێ دەچێت هەندێکیش هەر گومانیان لێ بکەن. کاتێک ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری سووریا ئۆپەراسیۆنی “بەرپەرچدانەوەی دوژمنکاری”ی ڕاگەیاند، هێزە سەربازییەکانی ئەم سەرکردایەتییە کامڵە، نەک هەر بە شێوەیەکی زۆر پسپۆڕانە جەنگان، بەڵکوو میکانیزمەکانی هەڵسووڕانی سەربازیی حکوومەتەکەی ناوچە ئازادکراوەکانیش زۆر کارا بوون.
بۆ نموونە، ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنەکە، حکوومەتی ڕزگارکردنی سووریا لیژنەی وەڵامدانەوەی حاڵەتە ناکاوەکانی چالاک کردەوە، تا هاریکار بێت لە هەر ئەنجامێکدا کە لە هەڵمەتە سەربازییەکەوە دەکەوێتەوە. ئەم لیژنەیە لە ئاداری ساڵی ٢٠٢٠دا دامەزرێنرا بۆ هاوکاریکردن لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا – ١٩دا. دواتریش دوای بوومەلەرزە گەورەکەی باکووری ڕۆژاوای سووریادا چالاک کرایەوە، کە لە شوباتی ٢٠٢٣ دا ڕووی دا. ئەم لیژنەیە لە بنەڕەتدا دەزگەیەکی حاڵەتی ناکاوە، لە نێوان ئاژانسەکاندا بەهاوبەشی دروست کراوە و لە نێوان وەزارەتە جۆراوجۆرەکاندا دەسپێشخەری دەکات.
لە چەند سەعاتی دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا، وەزارەتی گەشەپێدان و کاروباری مرۆیی، دەستی کرد بە ئامادەکردنی چادری نوێ بۆ ئەوانەی لەناوخۆدا و بەهۆی بۆردوومانەکانی ڕژێمەوە ئاوارە دەبن؛ چەند ژمارە تەلەفۆنێكیشی لەسەر ئاستی گوند / شارەکان ئامادە کرد بۆ ئەوەی بەئاسانی پەیوەندییان پێوە بکرێت. لیژنەکە هەوڵیشی دا تەواوی تواناکان و سەرچاوە پزیشکییەکان بۆ برینداران فەراهەم بکات و کاری نانەواکان خێراتر بکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووانی ناوخۆ. بۆیە شتێکی سەیر نەبوو کە دوای ئەوەی هێرشەکەی دەستەی تەحریری شام دەستی بەسەر حەڵەبدا گرت، لیژنەی وەڵامدانەوەی حاڵەتە ناکاوەکان دەیتوانی بەخێرایی قەیرانی نان کەم بکاتەوە و نانەواخانەکانی ئیدلیب ١٠٠ هەزار نانیان ڕەوانەی حەڵەب کرد، دوای ئەوەیش وەزیری ئابووری و سەرچاوەکان بەڵێنی دا کە حکوومەتی ڕزگارکردنی سووریا پێداویستی بۆ نانەواخانە ناوخۆیییەکان دابین دەکات تا بتوانن پەیوەندی بکەن. هەروەها، لیژنەی وەڵامدانەوەی حاڵەتە ناکاوەکان بەخێرایی دامەزراوەی E – Cleanی بڵاو کردەوە، نەک تەنیا بۆ پاکكردنەوەی داروپەردووی ڕووخاو لە ئەنجامی پەلامارە ئاسمانییەکانی ڕژێمدا، بەڵکوو پاکكردنەوەی شەقامەکانی ئەو ناوچانەی تازە ئازاد کراون بۆ سەلماندنی توانا و بەتەنگەوەهاتنی.
ئەمانە هەوڵی پێشوەختن، بەڵام دوای ئەوەی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، دەستەی تەحریری شام دەستی بەسەر چەند ناوچەیەکی سوپای نیشتمانیی سووریادا گرت، کە تورکیا پشتیوانیی لێ دەکات، گرووپەکە دەستی کرد بە چالاکیی پێشکەوتووتری وەک پڕۆژەکانی کاری گشتی بۆ چاکكردنەوەی ڕێگەکانی ناوچەکە بەتەواوەتی. کەواتە، سەرت نەسوڕمێت لەوەی ئەگەر ئەم چالاکییە دوای دەستبەسەرداگرتنی سوپای نیشتمانیی سووریاش ئەنجام بدرێت. ئێمە بینیمان کە دەستەی تەحریری شام هێزەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە هەر لە بەڕێوەبردنی خاڵەکانی پشکنینەوە، تا دەگاتە ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی دزراویان گەڕاندەوە بۆ خاوەنەکەی. لەبەر ئەم هۆیە، بۆ پەرەپێدانی هەندێک لایەنی بونیادی نوێی ئاسایش لە حەڵەب، هەر بۆ ڕۆژی دوای داخڵبوونی شارەکە، چەند کەسێک خاڵی پشکنینیان لە شوێنی جیاجیای شارەکەدا دانا.
نیشانەی پێشوەختیش هەن بۆ ئەوەی ئەنجومەنە شارەوانییە ناوخۆیییەکان (ئیدارەی ناوچە ئازادکراوەکان) دەستی کرد بە فراوانکردنەوەی چوارچێوەی دەزگەی فەرمانڕەواییکردنی نوێ بەرەو شاری حەڵەب تا هاریکار بێت لە گوێزانەوەی سیستەمێکی ناوخۆیی بۆ ناوچە ئازادکراوەکان. لە یەکی کانوونی یەکەمدا، بەڕێوەبەری ئیدارەی ناوچە ئازادکراوەکانی حەڵەب، ڕای گەیاند کە ئەنجومەنی شارەوانی دەست بە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی دەکات. بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە حکوومەتی ڕزگارکردنی سووریا، عەبدولڕەحمان محەمەد، بەڵێنی بە دانیشتووانە ناوخۆیییەکە دا کە “دەست دەکەین بە چاکكردنەوەی دەلاقەکان و، کەرتەکانی خزمەتگوزاری دەخەینەوە گەڕ، وەک کەرتی پەیوەندیکردن و کارەبا و ئاو و کاروباری خاوێنکردنەوە؛ پشتیوانی لە نانەواکان دەکەین و هاتوچۆ دەست پێ دەکەینەوە و پاشماوەکانی داروپەردووی تەقێنراوە لەلایەن ڕژێمە تاوانکارەکەوە، لا دەبەین.” کات پێمان دەڵێت تا چەند سەرکەوتوو دەبن، بەڵام بەپێی ئەو تۆمارەی لە ناوچە ئازادکراوەکاندا هەیانە، بەپێی توانای خۆیان، هەرچییان لەدەست بێت، دەیکەن. جۆلانی وتی، ئێمە “دەوڵەتێکی گەورە” نین، بۆیە ماقووڵ نییە چاوەڕوانیی شتێکمان لێ بکەن کە دەوڵەتی ئاسایی دەیکات، بەتایبەتی کە هێشتاکە لای گەلێک لە حکوومەتەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیاشەوە، هێزە شەڕکەرە سەرەکییەکەیان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریست پۆلێن کراوە.
لە بەرەکانی جەنگیش، ئیزافە زۆر گرنگەکە بۆ هێرشکردن، بریتییە لە بەکارهێنانی درۆنەکان لەلایەن هەڵمەتەکەوە، هەروەها دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، درۆنی خۆکوژیش دژی ئامانجگەلێکی ڕژێمەکە بەکار هێنراوە. بەڵگەیش بۆ مەودای سەرکەوتنیان ئەوەیە کاتێک لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا، هێرشی درۆنی کرایە سەر ئاهەنگی دەرچوونی سەربازیی سەر بە ڕژێمەکە لە حومس، کە بووە هۆی کوژرانی ٨٠ کەسێک، هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی ڕانەگەیاند. ئەگەر سەیری دواوە بکەین، ڕێی تێ دەچێت متمانەی زیاتر درابێت بەم ئۆپەراسیۆنە و ئەو سەرکەوتنە شیاوانەی لە گۆڕەپانی جەنگدا بەدەستیان دەهێنێت.
جێگەی بایەخپێدانە، کە لە پاڵ کردە دینامیکییەکانی جووڵە سەربازییەکاندا، ڕەنگە ئەمە یەکەمین جار بێت کە دەزگەیەکی کارای ناحکوومی بە درۆن بەیان و بڵاوکراوە بەسەر دانیشتووانە ناوخۆیییەکانی ئەو ناوچانەدا کە خەریکە دەچنە ناویانەوە، بەربداتەوە. ئەوانە کارتی بچووک بوون لە ناوەندی حکوومەتی ڕزگارکردنی سووریاوە، بۆ سەلامەتی و جیابوونەوەی کەسەکان لە ڕژێمەکە، کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا دامەزرێنراوە. داوایان لەو کەسانە کرد کە بەشێک بوون لە ڕژێمەکە، هەڵبێن یاخود لە ڕژێمەکە جیا ببنەوە. چەند ژمارەیەکیشیان بۆ پەیوەندیکردن دەربارەی چۆنێتیی ئەنجامدانی ئەو کارە، پێشکەش کرد. جێگەی بایەخدانە کە تەنیا نۆ ڕۆژ پێش هێرشەکە، ناوەندەکە گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە چیرۆکی کەسێکی هەڵگەڕاوە لە ڕژێمەکە دەگێڕێتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ڕەنگە لە ئاییندەدا ڕوو بدات. بۆ هاندانی خەڵکی تریش تا لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی حەڵەبدا هەمان ڕێگە بگرنە بەر، لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ناوەندەکە لە ڕێگەی پیادەکردنی FaceTimeەوە گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە گفتوگۆیەک بوو لەگەڵ یەکێک لە پیاوەکانی ڕژێم کە لە فڕۆکەخانەی حەڵەب خۆیان قایم کردبوو. گەرچی ژمارەی ئەوانەی لە بری هەڵاتن لە ڕژێمەکە یاخی دەبن، ژمارەیان کەمە، بەڵام هەوڵەکە ئاستێکی پلاندانانمان پیشان دەدات کە پێشتر نەمانبینیوە.
هەڵمەتی نامە بۆ کەمکردنەوەی ترس
لە پاڵ چالاکییەکانیاندا لەسەر ئەرزی واقع، جۆلانی و بەشی کاروباری سیاسی لە دەستەی تەحریری شام، هەوڵیان داوە شەرعییەت بدەن بە پڕۆژەکەیان و دڵنیابوون لەوەی بکەرە دەرەکییەکان واقعی نوێ قبووڵ دەکەن. بۆ نموونە، لە ٢٩ی تشرینی دووەمدا، جۆلانی ژمارەیەک ڕاسپاردەی بە سەربازەکانی بەرەی جەنگ و دەستبەسەرداگرتنی حەڵەب، ڕاگەیاند کە پەیوەندییان بە دانیشتووانی ناوخۆیییەوە هەیە، باسی لە پێشینەییی پاراستنی سەر و ماڵی مەدەنییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و کەمکردنەوەی ترسی خەڵکی سەر بە هەموو تائیفەکانی بۆ کردن. ئاماژەی کرد بۆ ئەوەی حەڵەب شوێنی بەیەکگەیشتنی شارستانێتی و هەمەجۆریی کەلتووری و دینیی هەموو سوورییەکانە، هەر کەس لە ڕژێم هەڵبگەڕێتەوە سەلامەتیی پارێزراوە. دوای ئەوە، ڕۆژی دواتر زنجیرەیەک ڕاسپاردەی دیکەی پێ دان کە جەخت دەکەنە سەر پێویستیی پاراستنی سەر و ماڵ و بیروباوەڕی مەدەنییەکان، کە زۆر پێویستە سەلامەتیی جەنگاوەرەکان بپارێزرێت و تۆڵەیان لێ نەکرێتەوە، مامەڵەی مرۆیی لەگەڵ دیل و بریندارەکاندا بکرێت، خۆ لا بدرێت لە توندوتیژیی زۆر یان تۆڵەکردنەوە. جۆلانی بیری شۆڕشگێڕەکانی هێنایەوە کە سەرکەوتنی ڕاستەقینە تەنیا لەم جەنگەی ئێستادا نییە، بەڵکوو لە کارەکانی دواتردایە (بەڕێوەبردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووان). هاوشێوەی ئەمە، ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە دەستەی تەحریری شام سەرکردایەتیی دەکات، لە سەرەتای کانوونی یەکەمدا، نامەیەکی ئاڕاستەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و دانیشتووانە کوردەکەی حەڵەب کرد و ڕوونی کردەوە شەڕی ئەوان لەگەڵ ڕژێم و میلیشیاکانی سەر بە ئێراندایە، نەک هێزەکانی سووریای دیموکرات، پێشنیاری بۆ کردن حەڵەب بە چەکەکانیانەوە بەرەو باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا جێ بهێڵن، بێ ئەوەی کەس دەست بهێنێتە ڕێگەیان؛ جەختیشی کردەوە کە کورد بەشێکی جیانەکراوەی سووریایە، هەمان ئەو مافانەیان هەیە کە هەر کەسێکی دیکەی وڵاتەکە هەیەتی، بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستن و زامنکردنی ژیانێکی سەربەرزانە بۆیان، ڕاگەیاند.
هەمووی بەسەریەکەوە، ئەم هەوڵانە بە مەبەستی هێورکردنەوەی ترس و لەرزی کەمینەکانە کە لە ئێستادا ملکەچن بۆ فەرمانڕەواییی ناوچە ئازادکراوەکان. لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت ببینین پرسەکان چۆن بەرەو مەودایەکی دوورتر تێ دەپەڕن. تا ئێستا، دانیشتووانە ناوخۆیییەکان ڕایان گەیاندووە، کە دەست بۆ مەسیحییەکان نەبراوە. نابێت ئەمە شتێکی نائاسایی بیت، چونکە لە حوزەیرانی ٢٠٢٢دا چۆتە لای مەسیحییەکانی ناوچەی ئیدلیب و لە ئەیلوولی ٢٠٢٣دا لەگەڵ پیاوماقووڵانی دەروز کۆ بۆتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، لە ڕووی سیاسییەوە، هێشتا لە ناوچە ئازادکراوەکاندا، هەردوو گرووپەکە هاووڵاتیی پلە دوون، چونکە هیچ نوێنەرایەتییەکی سیاسییان لە ئەنجومەنی گشتیی شوورادا نییە. وێڕای ئەوەیش، بەڕێوەبەرێتیی کاروباری کەمینەکان هەیە و، کار دەکات بۆ بەشدارکردنی ئەم گرووپانە و لەم ڕۆژانەی دواییدا ئاماژەی کرد بۆ ئەوەی مەسیحییەکان سەلامەت دەبن. بۆیە، ڕەنگە دووچاری بێزارکردن و زۆربۆهێنان نەبن، بەڵام پێداویستییەکانیشیان بە شێوەیەکی سنووردار بۆ دابین دەکرێت. بەڵام لە پاڵ ئەوەیشدا، ئەم نامەیە بەس نییە. لەوانەیە داواکارییەکانی زۆرینەی سوننەش جێبەجێ نەکرێن؛ یان لانی کەم بە هەمان ئەو ئاستەی داواکارییەکانی زۆرینەی سوننە جێبەجێ دەکرێت، هی ئەوانیش دابین نەکرێت.
دوور لە دانیشتووانی ناوخۆ، بەشی کاروباری سیاسی هەوڵی دا ڕۆشنایی بخاتە سەر بکەرە دەرەکییەکان، بەوەی شەڕەکەیان لەگەڵ ئەواندا نییە؛ دەبێت ئەوانە ئامادە بن بۆ ئەوەی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. بۆ نموونە، لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیادا، بەشەکە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتبوو: “داوا لە ڕووسیا دەکەین بەرژەوەندییەکانی خۆی نەبەستێتەوە بە ڕژێمەکەی ئەسەد یان خودی بەشارەوە، بەڵکوو بە گەلی سووریا و مێژوو و شارستانێتی و ئاییندەیەوە. ئێمە جەخت دەکەین کە گەلی سووریا تێ دەکۆشێت بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی ئەرێنی لەسەر بناغەی ڕێزگرتنی ئاڵوگۆڕ و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ هەموو دەوڵەتانی دنیادا، بە ڕووسیاشەوە، کە بە شەریکێکی شیاوی دادەنێت لە بنیاتنانی ئاییندەیەکی پرشنگداردا بۆ سووریای ئازاد.” نامەیەکی هاوشێوەیش ئاڕاستەی عێراق کرا، کە ڕەنگە هۆیەکەی ئەو دەنگۆیانە بێت کە دەڵێن جارێکی تریش میلیشیا شیعەکان بانگ دەکرێنەوە بۆ یارمەتیدانی ڕژێمەکەی ئەسەد تا ئەو خاکانە وەربگرێتەوە. جێگەی گرنگیپێدانە کە بە دەستپێک لە سەرەتای کانوونی یەکەمەوە، ئەم بەشە چەند ژمارەیەکی داوە بەو بیانییانەی لە ناوخۆدا هەن لەگەڵ دیپلۆماتکارانی حەڵەبدا، بۆ ئەوەی ئەگەر لە بواری سەلامەتیدا پێویستییان بە یارمەتی هەبوو، پەیوەندییان پێوە بکەن. ڕایشی گەیاند کە پاسەوانێتیی کونسوڵگەرییەکانی حەڵەب لە ئەستۆ دەگرێت. بە هەمان شێوە، دەستەی تەحریری شام هەماهەنگیی بە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کرد لە هەوڵیدا بۆ پاراستنی بنکەکانیان و ئاسانکاری بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت شارەکە جێ بهێڵێت.
هەموو ئەمە بەسەریەکەوە، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەوەی هەڵمەتی نامەکان باشتر کار دەکات و، دەری دەخات کە دەستەی تەحریری شام بەرەی نوسرەی دوێنێ نییە – تەنانەت بانگهێشتی ڕۆژنامەوانان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشی کرد تا لە ڕێگەی ناوەندی خزمەتگوزارییەکانی میدیاوە، سەردانی ناوچە ئازادکراوەکان بکەن، تا بە چاوی خۆیان واقعی حاڵەکە ببینن. ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و قاعیدە هەرگیز نامەی لەم جۆرە ئاڕاستەی کەمینەکان یان دەوڵەتە بیانییەکان ناکەن؛ ئەمەیش ڕۆشنایی دەخاتە سەر بوونی جیاوازییەکی زۆر لە گوتاری دەیەیەک پێشتردا. دەریشی دەخات کە ئەوان دەیانەوێت وەک بکەر و وتووێژکەری جددی لە قەڵەم بدرێن.
لەگەڵ ئەوەیشدا، هێشتا مەسەلەیەک هەیە سەبارەت بەوەی هێشتا شەڕکەرە بیانییەکان و گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکان، هێشتا لە ڕیزەکانی پەلاماردان، جگە لە ڕاستیی ئەوەی کە دەستەی تەحریری شام پشتیوانیی لە هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس کرد کە لە ٧ی تشرینی یەکەمدا دژی ئیسرائیل ئەنجامی دا و ستایشی ئیسماعیل هەنییە و یەحیا سینواری کرد. لەبەر ئەم هۆیە کۆشکی سپی خۆی لە هەر پەیوەندییەک بە ئۆپەراسیۆنەکەوە بەدوور گرت و بەردەوام بوو لەوەی گرووپەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریست لە قەڵەم بدات.
کەوتنەڕێ بەرەو پێشەوە
ڕێی تێ دەچێت دەستەی تەحریری شام بۆ پتەوکردنی کۆنترۆڵی خۆی بە شێوەیەکی زیاتر و چەسپاندنی دامەزراوەکانی لە ناوچەکانی تری سووریادا، پشت بە دوو دەستە ببەستێت تا یاریدەی بدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرای ئەو ناوچانە و بەڕێوەبردنیان: ئەنجومەنە جیاجیاکانی ئاوارەکانی ناوچە جیاجیاکانی سووریا، ئەنجومەنی هۆز و عەشرەتەکان، کە لە ناوچە تازە ئازادکراوەکاندا هەیە. لەبەر ئەوەی كە دەستەی تەحریری شام سیستەمێک پێڕەو دەکات کە زۆرێک لە پیاوماقووڵان و کەسێتییە عەشایەرییەکان بەشداریی تێدا دەکەن، ئاسان دەبێت ئەوانەی لەناو سیستەمەکەدا هەن بە شار و گوندەکانی خۆیاندا بڵاو بکاتەوە تا هەمان ئەو بەرنامەیە پیادە بکەن کە دەستەی تەحریری شام لە خاکی ژێردەستی خۆیدا پیادەی کردووە. هەروەها ئەمە سیمایەکی ناوخۆیی بۆ ئەو دانیشتووانە فەراهەم دەکات کە لە پێنج تا دە ساڵی ڕابردوودا لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمدا بوون. بەم شێوەیە مەسەلەکە وەک ئەوە دەرناکەوێت کە کەسێکی “بێگانە” لە بەشێکی دیکەی سووریاوە هاتبێت تا شتێک بەسەر دانیشتووانی ناوخۆییدا بسەپێنێت؛ بەڵکوو ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر ئەم دانیشتووانە ناوخۆیییە لەناو سیستەمی ناوچە ئازادکراوەکاندا ئاوێتە بکەن. زیاد لەوەیش، ڕێی تێ دەچێت کە کۆمپانیای ئەلڕاقی بۆ خانووبەرەی سەر بە دەستەی تەحریری شام گرێبەستی دیسان بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانە وەربگرێت کە ڕژێم هەرگیز دروستی نەکردوونەتەوە، یان ئەوانەی لەم دوایییانەدا زەبری ئاسمانییان بەرکەوتووە. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەم کۆمپانیایە داروپەردووی ڕووخاوی لا دەبرد، ڕێگەی نوێ و ڕێگەی خێرای درووست دەکرد، چەندان خانووبەرەی نیشتەجێبوون و بازرگانی و سەنتەری بازاڕ و ناوچەی پیشەسازیی لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شامدا دروست کردووە.
هەرچۆنێک بێت، دینامیزمەکانی ئێستا هەرچی بن، من پێم وا نییە کەس بتوانێت پێشبینیی ئەوە بکات کە ڕوو دەدات. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەگەر ئەو خاکە نوێیەی دەستەی تەحریری شام بەدەستی هێناوە، سەقامگیر بێت و بتوانێت بیرۆکراسیی خۆی و دامەزراوەکانی فراوان بکاتەوە و بیانگەیەنێتە ناوچەی دیکەی سووریا، ئەوە شتێکی ماقووڵە لە ئاییندەدا دەستەی تەحریری شام درێژە بە ڕەوتەکەی بدات. بەڵام ئایا ئەگەر لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزاندا، دیمەشق هاتە جێگەی حەڵەب، مەسەلەکە زیاتر مایەی سەرسامی دەبێت؟ لەگەڵ ئەوەیشدا، یەکێک لە وانە سەرەکییەکانی حاڵەتی دەستەی تەحریری شام ئەوەیە گەرچی زۆر کەس هێشتا هەر لە توێی چاویلکە کۆنەکەوە بۆی دەڕوانن و بە بەشێک لە ڕێکخراوی قاعیدە و ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە قەڵەمی دەدەن، گرووپەکە و ئەو حکوومەتەی لە باکووری ڕۆژاوای سووریا بنیاتی ناوە، لە ماوەی چوار ساڵ و نیوی ڕابردوودا، گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا هاتووە. تێگەیشتن لەم واقعە نوێیە، زۆر گرنگە بۆ دیاریکردنی ئەگەرەکانی پەرەسەندنی پرسەکان لە ئاییندەدا. ڕێیشی تێ ناچێت مەسەلەکە زۆر جێگەی سەرسوڕمان بێت، کاتێک درک بە مەودای ئاڵۆزیی دامەزراوەی سیاسیی لەبیرکراوی دەستەی تەحریری شام دەکەین. تێگەیشتن لە هەموو ئەمانە وا دەکات ئەوەی لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕووی دا، ماقووڵتر بێتە بەرچاو.
***
- ئارۆن وای زێلین هاوکاری دێرینی بەرنامەی گلۆریا و کێن لیڤییە لە پەیمانگەی واشینتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی دوور؛ بەڕێوەبەری پڕۆژەی نەخشەی چالاکیی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامییە لە سەرانسەری جیهاندا. زێلین توێژەریشە لە بەشی سیاسەت لە زانکۆی براندێز، ئەندامی سەنتەری ئاشتی و ئاسایشی جیهانییە لە زانکۆی مۆناش، دامەزرێنەری ماڵپەڕی جیهادۆلۆژیی نێودارە. نووسەری چەندان کتێبە، لەوانە: “کوڕەکانت لە خزمەتتدا: مزگێنیدەرانی جیهاد لە تونس (خانەی بڵاوکردنەوەی زانکۆی کۆڵۆمبیا)”، “سەردەمی جیهادی سیاسی: لێکۆڵینەوەیەک لە دەستەی تەحریری شام (خانەی بڵاوکردنەوەی ڕۆمان و لیتڵفیڵد)”. لە ئێستادا کار لەسەر کتێبێکی سێیەمین دەکات بە ناونیشانی “دڵی باوەڕداران: مێژووی جیهادیزمی سووری.”
سەرچاوە: