1

پێنج نیشانە کە ئاماژەن بۆ بەرزبوونەوەی ئەگەری جەنگی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل

نووسەر: Amir Daftari

گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکی ڕۆژی هەینی ٦(ی حوزەیران) نووسیویەتی، لە کاتێکدا کە مانۆڕە سەربازییەکانی ئیسرائیل و چەقبەستووییی دیپلۆماسی و پێکدادانە بەوەکالەتەکان بەردەوامن، هۆشدارییە ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆکانی هەردوو لا ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی مەترسیی جددی، بەتایبەتی لە ناوچەیەکدا کە لە ئێستاوە زۆر ناسەقامگیرە و لە چەندان شەڕدا تێوە گلاوە. گۆڤاری نیوزویک، بە ئاماژەدان بە پەرەسەندنی هەڕەشەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، ئاماژەی بە پێنج هۆکار و نیشانە کردووە کە بەپێی گۆڤارەکە، ئەم دوو دوژمنە ناوچەیییە هەتا ئێستا زیاتر لە پێکدادانێكی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا نزیک دەکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی نیوزویک، پێکدادانێکی هەمەلایەنە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، دەتوانێت سەقامگیریی ناسکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر تێک بدات و لێکەوتەی قورسی بۆ ئاسایشی جیهانی هەبێت. پێشکەوتنەکانی مووشەکیی ئێران و پێداگری لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم، لەگەڵ هێڵە سوورە ڕوونەکانی ئەمریکا و خاوبوونەوەی خێراییی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، گرژییەکانی زیاتر کردووە. جه‌نگێکی لەم شێوەیە دەتوانێت بازاڕی نەوتی جیهانی تێک بدات و زلهێزەکانی جیهان بکێشێتە ناو ململانێکانەوە و قەیرانی ناوچەکە قووڵتر بکاتەوە. نیوزویک لە درێژەدا باس لە پێنج نیشانەی سەرەکی دەکات کە دەری دەخات دۆخەکە چەندە ناسکە و ئامادەیە بۆ تەقینەوە:

یەکەم:  هاوردەکردنی سووتەمەنیی مووشەکی لەلایەن ئێران

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕۆژی پێنجشەممە (٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥) بە پشتبەستن بە سەرچاوەی نەناسراو لە ڕاپۆرتێکدا ڕای گەیاند کە، تاران لە نێوه‌ندی دانوستانە ئەتۆمییە گرژەکان لەگەڵ ئەمریکا، لە هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانیدایە و بە هەزاران تۆن کەرەستەی پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیک لە چینەوە هاوردە کردووە. بە گوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەو بارانە بریتین لە پەرکلۆراتی ئەمۆنیۆم (Ammonium perchlorate) کە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بگاتە ئێران. پەرکلۆراتی ئامۆنیۆم پێکهاتەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی سووتەمەنییە بۆ مووشەکی بالیستیکی ئێران. ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ده‌یشڵێت؛ پێ دەچێت بەشێک لەو ماددانە بۆ گرووپە میلیشیا هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بنێردرێت- لەنێویاندا حووسییەکان لە یەمەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی بەهێزکردنی هاوپەیمانانی ناوچەیی و بنیاتنانەوەی جبەخانەی مووشەکی لە نێوه‌ندی بەڕێوەچوونی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکایە. لە هەمان کاتدا تاران بەردەوام بووە لە فراوانکردنی کۆگه‌کانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ ئاستی پلەی دروستکردنی چەک و، بەڕوونی ئەوەی خستۆتە ڕوو کە ئامادە نییە دانوستان لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی بکات. بە گوێرەی ڕاپۆرتی نیوزویک، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی ئێران بۆ بەهێزکردنی توانا مووشەکییەکانی و هاوپەیمانییە ناوچەیییەکانی، لە کاتێکدا تاران هێشتا ئامادە نییە بەرنامەی مووشەکیی خۆی لە دانوستانە ئەتۆمییەکان سنووردار بکات.

دووەم: ئامادەییی ئیسرائیل بۆ هێرشکردن

سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە دەکات؛ هەنگاوێک کە بەندە بە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن. هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل مانۆڕی بەرفراوان ئەنجام دەدات و بە ڕاهێنان بۆ هێرشێکی چەند ڕۆژە بۆ سەر ئامانجەکان لە ئێران، ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە دەکات. بنیامین نه‌تانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لە مافی بەرگریکردن لە خۆ کردەوە و هۆشداریی دا لەوەی کە هەر ڕێککەوتنێک، دەبێت بەتەواوی ڕێگری لە پیتاندنی یۆرانیۆم بکات لە ڕژێمی ئێران. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لەم دوایییانەدا هۆشداریی دایە نه‌تانیاهۆ کە هێرشکردن لەم قۆناغەدا “نەگونجاو” دەبێت، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان ڕەنگە پشتیوانی لە کردەوەی سەربازیی ئیسرائیل بکات. دوو بەرپرسی ئیسرائیل کە زانیاریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دانوستانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا هەیە، ڕۆژی پێنجشەممە (٥-٦-٢٠٢٥) بە “ماڵپەڕی ئاکسیۆس”یان ڕاگەیاندووە کە ئیسرائیل دڵنیاییی داوەتە کۆشکی سپی کە تەنیا لە حاڵەتێکدا هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەو ئەنجامە بگات کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران شکستی هێناوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئیدارەی ترەمپ نیگەرانی ئەوە بووە کە ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەکات، لە كاتێكدا دانوستانەکان بەردەوامن. لە ئەنجامدا تره‌مپ لە ٢٧ی حوزەیران ڕای گەیاند کە هۆشداریی داوەتە بنیامین نه‌تانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە لە کاتی دانوستانەکاندا هیچ هەنگاوێکی سەربازی نەگرێتە بەر. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە دەتوانێت بە “پەیوەندییەکی تەلەفۆنی” بیرۆکەکەی بگۆڕێت ئەگەر بەو ئەنجامە بگات کە گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکیان نابێت.

سێیەم:  چالاکیی میلیشیا پرۆکسییەکان کە ئێران پشتیوانییان دەکات

گرژییەکان لە ڕێگەی گرووپە بەوەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەرز بوونەتەوە. ڕۆژی ٤-٦-٢٠٢٥، ئیسرائیل بۆ یەکەم جار لە ماوەی نزیکەی مانگێکدا هێرشی ئاسمانیی كرده‌ سەر سووریا؛ ئەمەیش لە وەڵامی دوو مووشەک کە لە خاکی سووریاوە ئاراستە کرابوون. ئیسرائیل هێرشەکەی خستە ئەستۆی ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا؛ هەرچەندە دیمەشق ئه‌وه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌ ده‌ستی له‌مه‌دا هه‌بێت و تەنانەت زیانی گیانیی زۆری لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، بەرپرسێکی سووریا ئەو ئەگەرەی خستۆتە ڕوو که ئەو میلیشیایانەی ناوچەی قونەیتره که لەلایەن کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ پاڵپشتی دەکرێن، هەوڵ دەدەن به ئیستفزازی ئیسرائیل ڕەوشەکه نائارام بکەن. لە هەمان کاتدا “حووسییەکانی یەمەن“یش مووشەکێکی بالیستیکیان ئاراستەی یافا لە ئیسرائیل کرد. پەرەسەندنی هەماهەنگیی نێوان گرووپەکان نیشانەی پەرەسەندنی مەترسیدارانەی گرژییەکانە لە دەرەوەی میحوەری سەرەکیی ئێران و ئیسرائیل. سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیل بە ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە، هێرشە مووشەکییەکەی ڕۆژی چوارشەممە (٤-٦-٢٠٢٥) بۆ سەر ئیسرائیل لە باشووری سووریاوە، پێشبینی دەکرا و جەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەتی ئێستای سووریا هیچ ڕۆڵێکی لە هێرشەکەدا نەبووە. ئەو سەرچاوەیە وتی: ئێران و حزبوڵڵای لوبنان و هێزەکانی لایەنگری بەشار ئەسەد هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی سووریا دەدەن.

هاوکات، ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، لە ڕاپۆرتێکدا لە (2025/06/02)، ئاماژەی بەوە کردووە کە مەترسیی هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئارادایە و، نووسیویەتی کە کۆماری ئیسلامی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی خۆی سەرلەنوێ بنیات دەنێتەوە کە لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە. بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، وێڕای ئامادەکاریی سەربازی بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکا، لە ئەگەری بەبنبەستگەیشتنی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا، حکوومەتی ئێران هەوڵی بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی دەدات. جێگەی ئاماژەیە کە بەشێک لە پێشکەوتووترین سیستەمی مووشەکیی سەرزەوی بۆ ئاسمانی ئێران، لەوانەیش سیستەمی مەودای دووری ئێس ٣٠٠ی ڕووسی، دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە مانگەکانی ئۆکتۆبەر و نیسانی ٢٠٢٤ لەناو چوون یان زیانێکی زۆریان پێ گەیشت. هاوکات لەگەڵ هێرشە سەرکەوتووەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بریکارەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانیش حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن، ئەم دۆخە یارمەتیدەر بووە بۆ دروستکردنی ئەو تێڕوانینەی کە ڕژێمی ئێران لە دەیەکانی ڕابردوودا هەرگیز بەم شێوەیە و تا ئەم ئاستە لە بەرامبەر هێرشی ئاسمانیدا لاواز نەبووە. بەڵام شارەزایان دەڵێن بەشێکی بەرچاو لە ژێرخانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران هێشتا چالاک و کارایە یان لە چەند مانگی ڕابردوودا نۆژەن کراوەتەوە.

چوارەم: ململانێ سیاسییەکانی نەتانیاهۆ

نه‌تانیاهۆ لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی سیاسیی جددی بۆتەوه‌ و، هەر بۆیە ڕەنگە ناوبراو ئێران بە دەرفەتێک بۆ دروستکردنی کۆدەنگیی نیشتمانی و چەسپاندنی پێگەی خۆی بزانێت. نه‌تانیاهۆ هەڕەشەی ئێرانی وەک مەترسییەکی ماڵوێرانکەر خستۆتە ڕوو و بەجەختکردنەوە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی لە هەوڵی کۆکردنەوەی ڕای گشتیدایە. نه‌تانیاهۆ هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە ئێران ئێستا “بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە” و “لە لاوازترین ئاستی خۆیدایە”، بۆیە ئیسرائیل ئەمە بە دەرفەت و کاتێکی گونجاو دەزانێت بۆ لێدان لە تاران، پێش ئەوەی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە هێزی خۆی ڕێک بخاتەوە و بەدەست بهێنێتەوە.

پێنجەم:  پەراوێزکەوتنی ئیسرائیل

جه‌نگی غەززە ئیسرائیلی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی زیاتر گۆشەگیر کردووە و پێگەی ئێرانی بەهێزتر کردووە. وڵاتانی عەرەبی کە پێشتر هەوڵیان دەدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، پاشەکشەیان کردووە. ئوردن باڵیۆزی وڵاتەکەی بانگهێشت کردەوە، تورکیا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پچڕاندووە و دانوستانەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سعوودیا وەستاوە.

ڕۆژی ٤-٦-٢٠٢٥ لە کاتێکدا کە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ١٤ ئەندامی، دەنگیان بە بڕیارنامەیەک دا کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و بێمەرجی لە غەززە کرد، ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر بڕیارنامەکە کرد. دۆرۆتی شیا، باڵیۆزی ئەمریکا بەوەکالەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێش دەنگدانی ئەنجومەنی ئاسایش وتی: هەڵوێستی ئەمریکا هەمیشە ڕوون بووە؛ ئێمە پشتگیری لە هیچ بڕیارنامەیەک ناکەین کە حەماس ئیدانە نەکات و داوای داماڵینی چەک و دەرچوونی لە غەززە نەکات. هاوکات کۆماری ئیسلامی پێوەندیی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ ڕووسیا و چین پتەوتر کردووە و خۆی وەک هێزێکی کارا لە هەمبەر ئیسرائیل لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە. لەگەڵ دابەزینی پاڵپشتیی جیهانی بۆ ئیسرائیل و ناڕەزاییی هاوپەیمانانی ڕۆژاوا، تاران بوارێکی زیاتری هەیە بۆ مانۆڕکردن و، تەنانەت سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کەمتر هەست بە گوشار دەکات.

دواتر چی ڕوو دەدات؟

نیوزویک بەو ئەنجامە گەیشتووە کە پێ دەچێت هەفتەکانی داهاتوو گرژی و نائارامیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. کاربەدەستانی ئیسرائیل بەڕوونی ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر هەست بکەن ئێران لە “هێڵی سوور” نزیک دەبێتەوە، ڕەنگە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا هەنگاو بنێن. لە لایەکی دیکەوە تاران بەردەوامە لە پێداگری لەسەر “مافی مسۆگەر”ی خۆی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و، هۆشدارییشی داوە کە بەوپەڕی هێزەوە، وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە و تۆڵە دەکاته‌وە.

سەرچاوە:

https://www.iranintl.com