1

ئۆرشەلیم پۆست: لە ڕوانگەی چینەوە، کۆماری ئیسلامی لە لێواری ڕووخاندایە

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لەبارەی ڕۆڵی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەنووسێت: دوای جه‌نگی ١٢ ڕۆژە، “پەکین” لەسەر بنەمای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی چیتر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ناکات، پێداچوونەوە بە ستراتیژیی خۆی لە ناوچەکە دەکات.

وەرگێڕان: پێنووس

بەپێی شیکارییەکانی ئۆرشەلیم پۆست، ستراتیژیی ناوچەییی پەکین بە شێوەیەکی نەریتی لەسەر دەستەبەرکردنی وزە و بەرژەوەندییە ئابوورییە درێژخایەنەکان بووە: دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە گرنگەکانی وزە، پاراستنی کۆریدۆرە بازرگانییە نێودەوڵەتییە گەورەکان و، وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری، تەکنەلۆژیا و کەرتەکانی وزە، بەتایبەتی لە کەنداوی فارس. ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاسایشی وزە پایەیەکی ناوەندیی دیدگه‌ی ستراتیژیی چینە، چونکە لەسەدا ٤٠ی نەوتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاوردە دەکات. لە هەمان کاتدا پەکین هەوڵ دەدات لە گۆڕەپانە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت و جگە لەوەی كە لەگەڵ عەرەبستاندا هاوکاری بکات، لە هەمان کاتیشدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەرەوپێش ببات. سەرەڕای ئەم پابەندییە ستراتیژییانە، چین بەردەوامە لە پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی دوولایەنە و فرەڕەهەند بەڵام بەمەبەست بەرامبەر بە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی ئێران و ئیسرائیل.

ململانێی ئیسرائیل و ئێران: وەرچەرخانێکی گرنگ

بە گوێرەی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، بە چاوخشاندنێکی وردتر دردەکەوێت که ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئەم دوایییەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، که له مانگی حوزەیران ڕووی دا و هاوکات لەگەڵ هێرشه سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، گۆڕانکارییەکی بەرچاوی له تێڕوانینی چین بۆ هەر دوو ئەکتەرەکەدا هێناوه. ئەم گۆڕانکارییە ئێستا ئاڵنگاریی بۆ سیاسەت و هەڵوێستی چین دروست کردووە کە پێشتر بێلایەنی بووە؛ ئەمەیش وا دەکات کە پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و توانای مانۆڕکردنی لە نێوانیاندا بکەوێتە ژێر تاقیکردنەوەوە. جگە لەوەیش، ئەم پێشهاتە، وابەستەییی چین بە زلهێزە نەوتییەکان زیاد دەکات و پێویستییەکەی بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و ڕێگه‌کانی بازرگانی و دابینکردنی جێگرەوە، لە ڕێگەی دروستکردنی پەیوەندیی جۆراوجۆر لەگەڵ دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست، توندتر دەکات.

هاوکات لەگەڵ پابەندبوونی چین بە وەبەرهێنانی نزیکەی ٤٠٠ ملیار دۆلار لە پەرەپێدانی ژێرخانی لە سەرانسەری ئێران، لەوانەیش دروستکردنی ڕێڕەوی لۆجستی و بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنی و ئابوورییەکان لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگه‌ (BRI)، پەکین لە هەمان کاتدا هاوبەشیی ئابووری و ستراتیژیی لەگەڵ ئیسرائیلدا لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و ئاستبەرز، داهێنان و زانست، پەرە پێ داوە.

ڕاپۆرتەکانی ئەم دوایییە دەری دەخەن کە قەبارەی بازرگانیی دوولایەنەی نێوان چین و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتووەتە 16.27 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتووەتە 14.56 ملیار دۆلار. جگە لەوەیش لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا هەناردەی چین بۆ ئیسرائیل گەیشتووەتە 1.45 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا هاوردەکردن لە ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە 1.7 ملیار دۆلار – ئەو ژمارانەیش کە ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی گرنگیی ئیسرائیل لە سیاسەت و هاوکێشەکانی پەکین.

جگە لەوەیش، لەگەڵ هەوڵەکانی بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی ئێران و مۆدێرنکردنی سیسته‌مە مووشەکییەکانی کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە زیانیان بەرکەوتووە، چین – کە بۆ یەکەم جار هەڵوێستێکی تا ڕاددەیەک میانڕەو و ئاشتییانەی بەرامبەر بە ئیسرائیل گرتۆتە بەر – بەتوندی ڕەخنەی لە سەرکردایەتیی کۆماری ئیسلامی گرتووە و تۆمەتباری کردووە بە دۆگماتیزمی ئایدیۆلۆژی و پابەندبوون بە هەڵوێستێکی سیاسیی توندڕەوانە.

وه‌ك ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست ده‌ڵێت: لە ڕوانگەی پەکینەوە، جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل دەری خستووە کە کۆماری ئیسلامی – کە بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە – چیتر لەگەڵ پێشهاتە جیهانییەکان هاوتەریب نییە و “میحوەری خۆڕاگری”، لەوانەیش تۆڕی هێزە پرۆکسییەکانی، کە ساڵانێکە ئێران لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەبەرهێنانی تێدا کردووە، وردە وردە بەرەو ڕووخان دەڕوات. تەنانەت لێکۆڵەرە باڵا چینییەکان دەڵێن کە ڕژێمی ئایەتوڵڵاکان (کۆماری ئیسلامی) کە ئێستا وا چاوەڕوان دەکرێت کە لە لێواری داڕماندایە، چیتر خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی سەرکردایەتیی چین لە ناوچەکەدا ناکات.

گۆڕانکاریی ستراتیژی

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست دەڵێت: لەم دوایییانەدا سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی کە لەلایەن ئەمریکا سەپێنراوە، لە ئیسرائیل زیاتر داوای هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین دەکرێت. ئەمەیش دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ گرتنەبەری ڕێبازێکی نوێ و پراگماتیک بۆ سیاسەتی دەرەوە- ڕێبازێک کە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە چین، لە سەرانسەری ئاسیا و بە شێوەیەکی فراوانتر لە نێوان وڵاتانی “باشووری جیهانی” بەرەوپێش دەبات. لە هەمان کاتدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە تێکەڵکردنی چین لەگەڵ دەستپێشخەرییەکان بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانەیش داهاتووی کەرتی غەززە. هه‌موو ئەمانه‌یش بەتایبەتی لە ئیمڕۆدا، له نێوان بەرزبوونەوەی ڕەخنەی جیهانی له ئیسرائیل و دەستپێکردنەوەی دانوستانه ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران و سیاسەتی دەرەوەی پێشبینینەکراوی سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئیسرائیل گرنگن.

لە ڕوانگەیەکی جیۆپۆلیتیکی و ستراتیژیی فراوانترەوە، ئێستا ڕوونە کە تەنانەت گۆڕانکارییەکی بچووک یان سنووردار لە هەڵوێستی چین بەرامبەر بە ئیسرائیل، ئاماژەیەکی دیپلۆماسیی گرنگە- ئاماژەیەک کە لە کۆتاییدا دەتوانێت ببێتە هۆی وەرچەرخانێکی ستراتیژیی بەرچاو. لە دەرەوەی سوودە سروشتییەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ڕۆڵی پەکین وەک نێوەندگیرێک لە نێوان نەیارانی ئیسرائیل له‌ ناوچەکەدا، بەشداریکردنی قووڵتری چین دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کۆنتڕۆڵکردنی ئێران، یان لانی کەم بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی؛ لە هەمان کاتدا مەترسییەکانی پەرەسەندنی ئاسایشی ناوچەکە کەم دەکاتەوە.

بێجگه‌ له‌وه‌یش، دانپێدانانی چین بە ئیسرائیل دەتوانێت متمانە و وێنەی جیهانیی ئیسرائیل بەرز بکاتەوە، نەک تەنیا وەک ئەندامێکی بلۆکی ئەمریکی-ڕۆژاوا و هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا، بەڵکوو وەک ئەکتەرێکی بەهێز و شەرعی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی. بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەتوانێت ببێتە هۆی هەمەچەشنکردن و فراوانکردنی وەبەرهێنان و هاوبەشی لە بوارەکانی وەک: تەکنەلۆژیا، داهێنان (ژیریی دەستکرد)، کشتوکاڵ و چاودێریی تەندروستی. ئەمەیش هەناردەی ئیسرائیل بۆ بازاڕی فراوانی چین زیاد دەکات و یارمەتیی ئیسرائیل دەدات خۆی وەک زلهێزێکی ناوچەیی جێگیر بکات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش، پەیوەندییە توندوتۆڵەکان و گرتنەبەری ڕێبازێکی هاوسەنگتر لە ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین لەلایەن چینەوە، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر جیهانی باشوور” هەبێت و پێگەی ئیسرائیل لە ڕوانگەی ئەوانەوە، باشتر بکات.

سیاسەتی واقعیی چین

لە ڕوانگەیەکی فراوانتری چینییەوە، ڕوونە کە وەرچەرخانی دیپلۆماسیی چین هەنگاوێکی ئاڵۆز و حیسابکراوە- ڕەهەندێکی دیکە لە ستراتیژیی جیۆپۆلیتیکی چین لە جیهانیدا. لە دەرەوەی فراوانکردنی کاریگەرییە سیاسی و ئابوورییەکانی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێشبینی دەکرێت بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل یارمەتیی چین بدات خۆی وەک هێزێکی جیهانیی بەرپرسیار و میانڕەو و هاوسەنگ پێناسە بکات- هێزێک کە توانای ئەوەی هەبێت ڕۆڵی نێوەندگیری لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا بگێڕێت (وەک ناکۆکیی حەماس و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین، جه‌نگی دژی حووسییەکان و جه‌نگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا).

چین لە ڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە هەوڵ دەدات تۆڕێکی پەیوەندیی دوولایەنە و فرەلایەنە بنیات بنێت کە توانای مانۆڕی جیۆپۆلیتیکی پێ ببەخشێت و پشتبەستنی بە هەر وڵاتێکی دیاریکراو کەم بکاتەوە و پێگە و وێنەی خۆی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بەرز بکاتەوە. لە کاتێکدا کە ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگە ڕووبەڕووی دژایەتیی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی دیکەی موسڵمان ببێتەوە- هەروەها ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڕۆژاوا ببێتەوە کە چین هاوسەنگیی هێزی ناوچەیی تێک دەدات- بەڵام سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە، بەندە بە چۆنێتیی خستنەڕوو یاخود جێبەجێکردنی ئەم ڕێبازە نوێیەی چین. ئەگەر پەکین جەخت لەسەر هەڵوێستی پراگماتیکی خۆی بکاتەوە و بەڕوونی بڵێت کە ئامانجی دروستکردنی نەزمێکی نوێی ئاسایشی ناوچەیی یان جێگرتنەوەی ئەمریکا نییە لە ناوچەکەدا، ئەوا دەتوانێت بەقووڵی دیمەنی هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێتەوە و یارمەتیی هاتنەئارای هاوسەنگیی  جیۆپۆلیتیکیی ناوچەیی و جیهانی بدات.

سەرچاوە:

https://www.jpost.com

https://www.independentpersian.com