هەڵکشانی کەمینەکان لە سووریا؛ وەک گۆڕاوێکی ستراتیژیى ململانێی ناوچەیی
(ئەوەى لە پارێزگاى سوەیدا ڕووی دا، دهبێته پارسهنگ)
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
هاوکێشەکانى وەرچەرخانى ناوچەکە، ئاڵۆز و تاقەتپڕووکێنن
چیدی سووریاى جاران نەماوە، بەتایبەت لە ساڵی 2011وە بە هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆ لە سووریا و تەشەنەکردنى پریشکەکەى بۆ تەواوى دونیا. هەر لەوێشەوە باس لە وەرچەرخانێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کرا و، سەرلەنوێ تاوتوێی داڕشتنەوەى جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە سەری هەڵدایەوە؛ بەو مانایەى نەخشەى ڕۆژهەڵاتى نوێ، شوێنی “سایکس-بیکۆ”ى جاران بگرێتەوە. بەڵام پێش هەموویان، ئێستا سووریا لەبەردەم هەڵتەکانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوخۆییدایە؛ نەتەوەى عەرەب 85-90%، کوردیش 9-10%، تورکمانیش 1%؛ لە ڕووی ئایینییەوە 74% ەڵات سوننەمەزهەبن (65% عەرەب و 10% کورد)، عەلەوییەکان 10%، مەسیحییەکانیش 8-10% و، درووزییەکانیش 3%. سوورییەکان هیچ کاتێک لە مێژووى سیاسییاندا سەقامگیری و مەدەنییەت و دیموکراسییان نەبینیوە و بێئەزموونن لەو بارەیەوە. لە سەربەخۆبوونییەوە (ساڵی 1946) تا ئێستا زیاتر لە 13 جەنگى ناوخۆیییان بینییوە، بەڵام خوێناویترین و درێژترینیان لە ڕووى کاتەوە، ئەوەى ساڵی 2011 – 2024 بوو.
کاتێک سەرنجی هاوکێشەى سیاسیی سووریا دهدەین، دەبێ وێنە گەوەرەکەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ببینین، بهتایبەت دواى جەنگى غەززە و لوبنان و ڕووخانى ڕژێمی بەعس لە سووریا و جەنگى دوازده ڕۆژهكهی نێوان ئیسرائیل و ئێران و، سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکەى عێراقیش لە ئاییندەیەکى نزیکدا. بهتایبەت، دەکرێ جەخت لەسەر قۆناغی جەنگى دوازدە ڕۆژەکە بکەینەوە؛ ئەو جەنگە وەرچەرخانێکی بونیادیی لە ستراتیژییەت و ئاسایشی وڵاتانى دونیا و ناوچەکە هێنایە کایەوە: پێویستى کرد کە پێداچوونەوەیەک بە تيۆریى ڕێگریکردنى کلاسیکی (Traditional Deterrence Theory) و ستراتیژییەتى ئاسایشی هەرێمی بکرێتەوە. لەو تیۆرییەدا جەخت لەسەر دوو ڕەهەندی سەرەکی کراوە: بەرەنجامى جەنگ، ئاسەوار و لێکەوتەیەکی نەرێنیی خەیاڵیی لێ دەکەوێتەوە کە زۆر لە سوودەکانى زیاترە. ڕەهەندی دووەمیش بەکارهێنانى جۆرى چەکە؛ بەوەى کە لەو جەنگە نوێیەدا هیچ کام لە تۆپ و تانک و سەرباز بەکار نەهێنران، بەڵکوو تەنیا مووشەکى دوورهاوێژ و هێزى ئاسمانى و درۆن و شانە چالاکەکانى دەزگه هەواڵگرییەکان و، ڕۆڵی میلیشیاکانیش کە کاریگەرییان لەسەر هاوکێشەى جەنگ هەبوو- ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە ئەمریکا بەڕاستەوخۆیی و دیاریکراو هاتە ناو جەنگەکەوە. هاوکێشەکانى جەنگەکە ئەوەیشی دا بەدەستەوە، کە سەرلەنوێ پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوە بە هاوپەیمانێتییە دەوڵەتییەکاندا لە ناوچەکە و جیهان بکرێتەوە.
لە لایەکی تریشەوە، جەنگەکە وەرچەرخانێکی لە بوارى ئابوورى و جیوپۆلیتیکیی خستەوە، بەوەى کە: جارێکی تر ئابوورى، بووەوە بە تەوەرەى سەرەکیی سیاسەتى نێودەوڵەتی و گەڕان بەدواى فرەچەشنیى سەرچاوەکانى هێز و، جارێکی تر بە نەخشەیەکی نوێوە دەوڵەتانى ناوچەکە بەیەکەوە بەسترانەوە، بەڵام ئەم جارە میحوەرى سەرەکی درایە ئیسرائیل و لاوازکردنى تەواوى هەندێ دەوڵەتى ناوچەکە- لە سەرووى هەموویانەوە ئێران. ئەم وەرچەرخانە، گۆشەنیگایەکمان پێ دەدا سەبارەت بە ئاییندەى سیاسەتى هەرێمی و جیهانى، سەرەکیترینیان: لاوازکردنى ئێران و جارێکی داڕشتنەوەى هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە. ئیسرائیلیش گەرچی لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا ڕۆڵی سەرەکیی پێ دراوە، بەڵام ناتوانێ بەتەنیا ئەو ئەرکە بگرێته ئهستۆ، بهتایبەت بێ هاوکاریى ئەمریکا. ئەمەیش هەستیارییەکی زۆر دەنێتەوە بۆ ئەمریکا و، ئاسان نییە. لەوەیش زیاتر، پارسەنگی هاوکێشەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ناوچەکە لەبەر نەخشەیەکی نوێی داڕشتنەوەدایە، بەڵام مەرج نییە ئەو داڕشتنەوەیە دروستبوونى دەوڵەتى نوێ بێ. بەڵام پێ دەچێ یەکێک لە ڕەگەزەکانى نەخشەى داڕشتنەوە، “مەرگی سێنترالیزمى دەوڵەتانى ناوچەکە” بێت- ئەمەیش ئاسۆیەکی گەشە بۆ هەڵکشانى کەمینەکان بەرەو دەستخستنى مافەکانیان.
کەواتە ئەوەى دەگوزەرێ: تاقەتپڕووکێنە، پلانبۆدانراوە، ئاژاوهی تر بەڕێوەیە، جەنگى ئێران-ئیسرائیل ئامانجەکانى سەبارەت بە ئیسرائیل نەهاتوونەتە دی و کۆتایی نەهاتووە، هاوکێشەى نوێ بەڕێوەیە- بەڵام دەبێ بە دانایی مامەڵەى لەگەڵ بکرێ و ئامادەباشی و خوێندنەوەى ورد بۆ هاوکێشەکان بکرێ.
ئەوەى دژ بە درووزەکان دەکرێ، وێنەیەکی بەرجەستەبووە لە هاوکێشە ئاڵۆزهكه
ڕووبەرى وڵاتى سووریا (185180کم2)ه، بەسەر 14 پارێزگادا دابەش بووە و، ژمارەى دانیشتووانى لە ساڵی 2023 نزیکەى 24 ملیۆن کەس بووه. سوەیدا یەکێک لەو پارێزگایانەیه، كه ڕووبەرى جوگرافییەکەى (5550کم2)ه، واتە 3%ی تەواوى ڕووبەرى وڵات. دانیشتووانى زیاترن لە 540 هەزار کەس، واتە 2.25%ی دانیشتووانى وڵات؛ بەڵام ڕوخسارى ئیتنیی پارێزگاکە درووزییە. درووزییەکان لە تەواوى سووریا نزیکەى ملیۆنێک دەبن، کە 3%ی کۆى دانیشتووانى وڵاتن. بەڵام لە سوهیدا 87.6%ی دانیشتووانى پارێزگاکە پێک دەهێنن، 11%ی مەسیحیی ڕۆم- ئەرسۆدۆکسین، تەنیا 2%ی پارێزگاکە موسڵمانى سوننەمەزهەبن. لەو پارێزگایە هیچ حزبێکی عەرەبی سوننەى تێدا هەڵنەکەوتووە. پارێزگاى سوەیدا تا سنوورى ئیسرائیل، هەر پارێزگاى دڕعا و قنهیترە هەن، کە بە هەردووکیانهوه بەقەدەر ڕووبەرى سوەیدا دەبن، بەڵام بە هەرسێکیان 6.8%ی دانیشتووانى سووریا پێک دەهێنن، کە نزیکەى 50%ی ئەو سێ پارێزگایە درووزین. هەروەها بە هەرسێکیان لە ڕووی جوگرافییەوە ڕووبهریان (10480کم2)ه کە دەکاتە 5.65%ی تەواوى ڕووبەرى وڵاتى سووریا. سنوورى درێژى ڕووبەرى ئەو سێ پارێزگایە تا دەگاتە ئیسرائیل، نزیکەى (200کم) دهبێت ( سوەیدا 120کم، دڕعا 67کم، قنەیترە 61 ). هەرچەندە پارێزگاى قنەیترە ئێستا نزیکەى دوو لەسەر سێی لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ کراوە، لە کاتى کەوتنى سوەیدا لە بەرژەوەندیى ئۆپۆزیسیۆن هەرسێ پارێزگاکەى سوەیدا و دڕعا و قنەیترە، دەچنە ژێر هەژموونى ئیسرائیلەوە. بەمەیش ئیسرائیل تەنیا لەو سێ پارێزگایە- بێجگە لە چیاى ئەلشەیخ- کۆنترۆڵی 10480کم2 لە خاکی سووریا دەکات و تەنیا 58 میل لە پایتەختى سووریاوە دووره؛ ئەمەیش بۆ ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل زۆر بەسوودە-ئەمە بێجگە لەوەى کە سوەیدا نزیکەى 320 کم لە ڕووبارى فوراتەوە دوورە، کە پڕۆژە گەورەکەى جوولەکە زۆر بایەخ بە گەیشتن بەو سنوورە دەدا.
درووزەکان لە مێژوودا هەمیشە به جۆرێک لە هەستیارى و بێلایەنی مامەڵەیان لەگەڵ دەسەڵاتى سیاسی لە سووریا کردووە و، زۆر ڕۆ نەچوون لە پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵات؛ بە شێوەیەک کە هەمیشە هەستێکیان بۆ سەربەخۆییی سیاسی هەبووە و، حهزیان له هاوکارى و پەیوەندیی تەکتیکییه لەگەڵ کورد و عەلەوییەکان بەرانبەر دەسەڵاتى زۆرینەى سوننە. ئەوان هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتى نوێیان ڕەت کردەوە، بەوەى کە بێجگە لەوەى درێژکراوەى دەسەڵاتى پێشووە، هیچی تر نییە. ئەوەى کە دەسەڵاتیش دژیان دەیکا، هەوڵێکە بۆ پەراوێزخستنیان.
گرنگیى ئەو داتایانە لە چیدایه؟
- هەڵگەڕانەوەى سوەیدا بەرانبەر پایتەخت، واتە کەوتنى دوو پارێزگاکەى تر: دڕعا و قنەیترە.
- بڕیاردان لە سیستهمى لامەرکەزیى سیاسی، بەتایبەت لە سووریا، ئەو سێ پارێزگایە دەکاتە هەرێمێکی سەربەخۆ، کە زیاتر لە 50%ی هەرسێ پارێزگاکە درووزن- واتە فەرمانڕەواییی هەرێمەکە لە درووزەکان دەبێ.
- دەرفەتێکە بۆ دابەشکردنى سووریا لەسەر بنەماى سیستهمى فیدراڵی، کە لە بەرژەوەندیى کەمینەکانە و دەسەڵات و پێگەیان بەرەو هەڵکشان دەچێ.
- نیشاندانى مامەڵەیەکی نەرێنیی دەسەڵاتى نوێیە بەرانبەر کەمینەکان و، بوونى سیستهمى سێنترالیزم لەو وڵاتە.
- هەوڵێکە بۆ دروستکردنى گوشار بەرانبەر مەترسیی هەژموونى تورکیا، هەروەک چۆن هەوڵێکە بۆ هاتنەکایەى هاوپەیمانێتى لە نێوان کورد و درووز و عەلەوى و مەسیحییەکان لە بەرانبەر دەسەڵاتى سێنترالیزمی نوێی سووریا.
- کەوتنى سوەیدا لە بەرژەوەندیى دەسەڵاتى نوێی سووریا و، بە سوودی سێنترالیزم و هەژموونى تورکیا دەکەوێـتەوە.
بەڵام ئایا ستراتیژییەتى نوێی ئیسرائیل لە سووریا چییە؟
یان بە مانایەکی دی: ئایا ئیسرائیل چیی لە دەسەڵاتى سووریاى نوێ دەوێ؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لاى سەرانی سووریاى نوێ ڕوونە. ئامانجەکانیش ئهمانهن:
- دروستکردنى زۆنێکی داماڵڕاو لە چەک و، بوونى سوپاى سووریا لە باشوورى ئەو وڵاتە، کە هەرسێ پارێزگاى سوەیدا و دڕعا و قنەیترە دەگرێتەوە، کە درێژیى ئەو ڕووبەرە، زیاترە لە 200کم؛ لە کۆی گشتییش 10480کم2 لە خاکی سووریا.
- کۆنترۆڵکردنى تەواوى پێگە ستراتیژییەکانى ناوچەکە، وەک: چیاى ئەلشەیخ و تەواوى جۆلان و هەژموون بەسەر هەرسێ پارێزگاکەى باشوورى سووریا کە باسمان کردن.
- بوارنەدان بە سەرهەڵدانەوەى هەژموونى ئێران و حزبوڵڵا لە ناوچەکە.
- دەرفەتنەدان بە دەسەڵاتى سێنترالیزمى نوێی سووریا، کە پێگەى خۆى لە سووریا بە هاوکاریى تورکیا قایم بکات، بەڵکوو کار لەسەر ناناوەندێتیى سیاسی دەکات بۆ کەمینەکان.
- بەهەندوەرگرتنى مەترسیی ئیسلامی سیاسی لە سووریا، بهتایبەت لەسەر ئاستى دەسەڵاتى سیاسیی نوێ کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانى دەکرێ.
- بەئامانجگرتنى هەر مەترسییەک کە هێڵی سوور بەرانبەر ئیسرائیل ببەزێنێ، ئەگەرچی لەسەر ئاستى سەرۆکایەتیى و سەروەریى سووریاش بێت؛ بۆ نموونە بەئامانجگرتنى فەرماندەى سوپاسالارى سووریا لە دیمەشق.
- دەستگرتن بەو ناوچانەوە کە لەناو خاکی سووریا کۆنترۆڵی کردوون، بەوەى هیچ نیازێکێ گەڕاندنەوەیان بۆ سووریا نییە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
- ئەوپەڕی لاوازکردنى سووریاى نوێ لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە، تا جارێکی دی ئەو وڵاتە دەرفەتى ئەوەى پێ نەدرێ کە ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل.
- وەبەرهێنان لەو ئاژاوهە تائیفەگەرییەى کە ئێستا لە سووریا هەیە، بۆ بەرژەوەندیی پڕۆژەى ئیسرائیلی گەورە.
- ناچارکردنى دەسەڵاتى نوێی سووریا بە جێبەجێکردنى ئەجێنداى ستراتیژیى نوێی ئیسرائیل لە ناوچەکە و بەستنى ڕێکكەوتننامەى ئیبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیل و دەرفەتڕەخساندن بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە مەبەستى وەبەرهێنان لەو وڵاتە.
ئایا لەگەڵ ئەو بارودۆخە ناهەموارەیشدا، ئەگەرى هێرشکردنە سەر ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى خۆسەر هەیە؟
گەرچی جۆرێک لە ڕێکكەوتننامە لە نێوان کوردى ڕۆژاوا و دەسەڵاتى نوێی سووریا هەیە، بەڵام تا هەنووکە ئاڕاستەى مافە مەدەنی و سیاسییەکانى کورد لەو وڵاتە دیار نین، چونکە زۆر ڕاشکاوانە لەلایەن دەسەڵاتى نوێوە هەموو جۆرەکانى ناناوەندێتیی سیاسی بەهۆى گوشارى تورکیاوه، ڕەت دەکاتەوە. هیچ دانپێدانانێکیش نە بە نەتەوەى کورد و نە بە زمانى کوردى و نە بە دەسەڵاتى خۆسەریش لە ناوچە کوردییەکان نییە؛ ئەوەى کە لە پلانی دیمەشقدایە، گێڕانەوەى هەژموونى دەسەڵاتى سێنتراڵە بۆ تەواوى سووریا، بە ناوچە کوردییەکانیشەوە. لە هەوڵی ئەوەیشدایە هێزەکانى خۆسەر بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و هێزى کوردى لە چەک دابماڵێ؛ هەر بۆیە ململانێی خۆسەر و دیمەشق لە هەڵکشاندایە. گەرچی ڕێکكەوتننامەیەکی سادەش لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتى سیاسیی نوێ پابەندی پەیمانەکانى نەبووە و بەردەوام لە دەرفەت دەگەڕێ بۆ گێڕانەوەى هەژموون بۆ ناوچە کوردییەکان- چونکە هەرگیز دەسەڵاتى نوێ، نە بەهێز دەبێ و نە سەقامگیر دەبێ، بەبێ ڕێکكەوتنى لەگەڵ کوردى ڕۆژاوا. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە هەر دەمێنێ: ئایا ئەگەرى پەلاماردان هەیە لەلایەن سوپاى سووریا دژ بە خۆسەر؟ تا هەنووکە هاوکێشەکە ئاڵۆزە و، نه لە بەرژەوەندیی تورکیایە و نە دیمەشق، بەڵام ئەو ڕۆڵی پەلاماردانە بە هەندێ میلیشیاى پرۆکسی لە دژى خۆسەر دەسپێرن؛ هەروەک چۆن ئەوەى کە لە دژى هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات.
پەیامی ململانێی سوەیدا بۆ کوردى ڕۆژاوا چییە؟
ئەوەى کە لە سوەیدا ڕووی دا، پووچەڵی دەسەڵاتى سێنترالیزمە لە سووریاى نوێ. جارێکی تر بەبەهێزییەوە دۆسیەى فیدراڵییەت یان ناناوەندێتیی سیاسیی بۆ چارەسەرى گرفتى دەسەڵاتى نوێی سووریا، هێنایەوە سەر مێزی گفتوگۆ؛ چونکە ئەوەى کە لە سوەیدا ڕووی دا، ڕوخسارێکی دڕندانەى توندوتیژیى دەسەڵات بوو بەرانبەر بە کەمینەکان و ڕەتکردنەوەى قبووڵکردنى فرەییی سیاسی بوو. ئەمەیش ئەوەمان پێ دەڵێ کە، هیچ گهرەنتییەک بۆ کەمینەکان لەسەر ئاستى پرۆسە و دەسەڵاتى سیاسیی نوێی سووریا نییە- ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە هیچ نیازێک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ دابەشکردنى سووریا نییە و، تەنیا جەخت لەسەر مافە مەدەنی و سیاسییەکانى کەمینەکان دەکاتەوە.
دەکرێ لەو بارەیەوە پرسیارێکی دی بکەین: ئایا ئەگەرى بەقوربانیبوونى کوردى ڕۆژاوا لە ئارادایە؟ وەڵامی پرسیارەکە ئاسان نییە، بەڵام دەکرێ له دووتوێی چەند ئاماژەیەکەوە، بڵێین كه لەوانەیە ئەگەرى ڕوودانى هەبێت، ئەویش ئەگەر: پشتیوانیی نێودەوڵەتى بۆ کورد ڕووى لە داکشان کرد و گوشارەکان بۆ سەر دەسەڵاتى نوێی سووریا کەم بوونەوە، هیچ جۆرە تایبەتمەندییەکی مەدەنى و سیاسی بە کوردى ڕۆژاوا نەدرا؛ ئەگەر کوردى ڕۆژاوا پەرتەوازە بن و ئەجێندایەکی نەتەوەییی یەکگرتوویان لە بەرانبەر دیمەشق پێ نەبێ، مامەڵەى بکەرە نێودەوڵەتییەکانیش لەگەڵ کورد تەنیا وەک کارتى گوشار بێت نەک بکەرێکی کاریگەر، بهتایبەت لە هاوسەنگیی نێوان هێزە ناوچەیییەکان.
جارێکی دی دەکرێ بپرسین: ئایا کوردی ڕۆژاوا چۆن دەتوانن هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان بگۆڕن؟ ئەمە مەحاڵ نییە، بەڵام پلان و کار و شەونخونیى دەوێ. کوردستانی ڕۆژاوا نزیکەى 14-16 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، واتە نزیکەى 8-9%ی ڕووبەرى گشتیى خاکی سووریا؛ ژمارەیشیان لە دوو ملیۆن و نیو زیاترە، کە ئەویش نزیکەى 9%ی کۆى گشتیى دانیشتووانى سووریایە. هەر بۆیە لە پێناو سەرکەوتن، دەبێ ئەم هەنگاوانە بنێن: یەکڕیزى، پاراستنى تایبەتمەندیى ئێستایان لە ڕووی دەسەڵات و هێز و جوگرافییەوە، ئەجێندایەکی نەتەوەییی یەکگرتوو، جەختکردنەوە لەسەر دەستوورێکی مەدەنی، کە دان بە نەتەوەی کوردا بنێت وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنى وڵاتەکە و ناناوەندێتیی سیاسی بۆ کوردى ڕۆژاوا لە ناوچەکانى خۆیان، پەرەدان بە گفتوگۆى نیشتمانى لە سووریا، بەوەى وڵاتێک هەیە کە لە هەموویان پێک هاتووە، پەیداکردنى پشتیوانیی نێودەوڵەتى و گوشار بۆ سەر دەسەڵاتى نوێی سووریا تا بە دیموکراسییەت و ناناوەندێتیی سیاسی ڕازی بێت.
بەڵام ئایا دەرفەتەکانى ئەو حاڵەتە سیاسییەى سوەیدا چین، کە کورد لێیان سوودمەند ببێ؟
لەو بارەیەوە دەتوانین بەپوختى بڵێین: پتەوکردنى یەکڕیزی و پێداچوونەوە بە پەیوەندییە نەتەوەیییەکانماندا لەگەڵ یەکترى، هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان هەرێمى کوردستان و خۆسەر و پێکهاتەکانى سووریا، زیادکردنى پشتیوانیى نێودەوڵەتى بۆ ناناوەندێتیی سیاسی بۆ سووریاى نوێ، قۆستنەوەى پشتیوانیی ئیسرائیل لەسەر ئاستى دەوڵەتانى ئەوروپا و ئەمریکا سەبارەت بە پرسی کورد، پێکهێنانى ژوورێکی هاوبەشی بەڕێوەبردنى قەیران لە نێوان هەرێم و کوردى ڕۆژاوا بەگشتى، هەوڵدان بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا، بەوەى کوردی ڕۆژاوا هەروەک هەرێمی کوردستان مەترسی نین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا، ئاماکردنى دۆسیەیەکی تایبەت بە ناناوەندێتیی سیاسی بۆ سووریاى نوێ، تا لهوێوه چارەسەرى دەسەڵات و دابەشکردنى داهات و بەشداریى سیاسی بێتە ئاراوە.
کەواتە ڕەنگدانەوەى ڕووداوەکانى سووریا لەسەر هەرێمى کوردستان چین؟
- پاشەکشەى چارەسەرى ناناوەندێتى یان فیدراڵییەت بۆ سووریا، کاریگەریى نەرێنى بۆ هەرێمى کوردستان دەنێـتەوە. هەر بۆیە پێداگرتن لەسەر ئەو بابەتە بۆ تەواوى چوار پارچەى کوردستان بەسوودە و، ئەوەى لە هەرێمی کوردستانە وەک قەوارەیەکی سیاسی-دەستوورى، دەبێـتە مۆدێلێکی سیاسی بۆ دەوڵەتەکانى تر.
- بەرپرسیارێتیی هەرێمی کوردستان بەرانبەر کوردى ڕۆژاوا قورستر دەکات و، دەبێ زیاتر پشتیوانییان لێ بکات.
- هەر ئاژاوهیهک لە کوردستانی سووریا بکەوێتەوە، پارسەنگەکەى لە هەرێمەوە دەردەچێ، بهتایبەت لە ڕووى مرۆیی و نەتەوەیییەوە- لەوانەیە زۆرێک لە خەڵکی ئەوێ سەرلەنوێ بەرەو هەرێم ئاوارە ببنەوە.
- دەبێ هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستى سەرۆکایەتیى هەرێم، بۆ بەدەستهێنانى پشتیوانیی نێودەوڵەتى لە جووڵەى دیپلۆماسیی خۆى بەردەوام بێ، بهتایبەت لەگەڵ تورکیا؛ تا هاوکێشەکان بەرەو هەڵکشان و توندوتیژى نەچن.
ئایا هاوکێشەى ململانێى نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەسەر سووریا بەرەو هەڵکشان دەچێ، یان دەکرێ بگەنە ڕێکكەوتن؟
ئەگەر پێکدادانى نێوان ئەو دوو دەوڵەتە دوورە، بهتایبەت کە تورکیا ئەندامێکی هاوپەیمانى ناتۆیە، بەڵام پێکدادانى پرۆکسی بەردەوامە. هەردووکیان ستراتیژییەتى تایبەتى ناوچەییی خۆیان هەیە و سووریا بە بەشێک لە درێژکراوەى ئاسایشی نەتەوەییی خۆیان دەبینن، هەر بۆیە کاتەکە سەبارەت بە هەردوو لا زۆر هەستیارە و، هەردوو لا خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازى دەپارێزن و، دهبێت هەوڵی لێكتێگەیشتن بدەن بۆ ئهوهی لەم ساتەوەختەدا جەنگی ناوخۆ لە سووریا ڕوو نەدا.
تا ئێستا لە ئازەربایجان چوار گێمی دانوستان لە نێوانیاندا ئەنجام دراون. ئەوەى ئیسرائیل مەبەستیەتى بگاته ڕێکكەوتن لەگەڵ تورکیا، ئەوەیە: بڵاوبونەوەى هێزەکانى تورکیا لە سووریا لەو ناوچانە بێت کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست نەکەن و چەکی قورسیشیان پێ نەبێ، تا هێزە ئاسمانییەکانى ئیسرائیل، بێ مەترسی، دەرچوونەکانیان بکەن، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەسەڵاتى سیاسیی سووریاى نوێ دابنێن تا ڕازی بێ بەوەى باشوورى سووریا بکاتە ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک، پێویستیشە بارەگا و پێگەى هێزەکانى تورکیا لە باکوورى وڵات تێپەڕ نەکەن و لە ناوچە کوردییەکانیش نەبن. ئێستا هێزەکانى تورکیا له زیاتر لە 13 وڵات ههن و ژمارەیان لە 40 هەزاریش زیاترە.
لەو نێوەندەدا ئەحمەد ئەلشەرع پشتى بە کێ قایمە؟
نەخشەى ئەو دەوڵەتانەى کە کار لەسەر دەسەڵاتى نوێی سووریا دەکەن ئاڵۆزه؛ تا ئێستا ئاییندەى ڕوون نییە و ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە یەکلایی نەبۆتەوە. دەسەڵاتى نوێ لەژێر ئەزمووندایە. زۆربەى دەوڵەتانى جیهان لە ڕووی عورفى نێودەوڵەتییەوە مامەڵەى لەگەڵدا دەکەن و زۆر کەمیان بەفەرمی دانیان بە دەسەڵاتى نوێدا ناوە. ئەجێنداى تورکیا ڕۆشنە؛ تا ئەوپەڕی ئاستەکان، پشتیوانی له ئەلشەرع دەکات و هاوکاریی دهكات و بە درێژکراوەى ستراتیژیى خۆى دەزانێ، تا لهوێوه سنوورێک بۆ هەژموونى ئێران و ئیسرائیل دابنێ و وەبەرهێنانى سیاسی-ئابووریى تێدا بکات.
وڵاتانى عەرەبی زۆر پشتیوانی لە ئەلشەرع ناکەن، بێجگە لە عەرەبستانی سعوودی و قەتەر. هەرچەندە دەوڵەتە عەرەبییەکانى وەک ئیمارات و کوێت و سەڵتەنەى عوممان و ئوردن و یەمەن و فەڵەستین و بەحرێن، بەفەرمی دانیان بە دەسەڵاتى نوێدا ناوە، بەڵام وەک قەتەر و سعوودیا پشتگیریی ئەلشەرع ناکەن. سعوودیا دەسەڵاتى نوێ وەک پشتێنەیەک بۆ هەژموونى تورکیا و ئیسرائیل و ئێران دەبینێ، سەرەڕاى ئەوەى کە دەرفەتێکی باشە بۆ وەبەرهێنان لەو وڵاتە و بەگەڕخستنى کۆمپانیاکانى خۆى لە ڕەوڕەوەى ئاوەدانکردنەوەى سووریا؛ هەر بۆیە پشتیوانیی سیاسی و ئابوورى و دیپلۆماسی و هەواڵگریى تەواو لە دەسەڵاتى نوێ دەکات. میسر و جەزائیر و مەغریب تەنانەت پیرۆزباییی فەرمییشیان لە دەسەڵاتى نوێ نەکردووە؛ هەرچەندە سووریاى نوێ وەک ئەندام گەڕایەوە ناو کۆمکارى عەرەبی.
ئەمریکییهكان لەسەر بنەماى ناڕوونیى بنیاتنەر (constructive ambiguity) مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی سووریا دەکهن. پەلەیان نییە و، تا ئێستا بەفەرمی دانیان بەو دەسەڵاتە نوێیەدا نەناوە؛ نە تەواو ڕەتی دەکەنەوە، نە تەواو پشتیوانیی لێ دەکەن. هەر بۆیە سیاسەتى چاوەڕوانى و پەلەنەکردن پیادە دەکەن. هەرچەندە ئەمریکا داواى ئەنجامدانى پرۆسەیەکی هەڵبژاردنى بێگەردی لە دەسەڵاتى نوێ کردووە، بەڵام لە بەرانبەردا دەسەڵاتى نوێی سووریا ڕای گەیاندووە کە تا چوار ساڵی ئاییندە هیچ هەڵبژاردنێک لە سووریا ناکرێت.
ئەمریکا دەیەوێ سووریا بڕیارى 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکات، بەڵام ئەلشەرع ئاماژەی دا بهوهی کە، جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە مەحاڵە. سەرەڕاى ئەوەى کە ئەمریکا چەندان مەرجی ترى هەیە بۆ سووریا تا لە بەرانبەردا بەفەرمی دانی پێدا بنرێ، وەک: ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان و واژۆکردنى ڕێکكەوتننامەى ئیبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیل، جۆلان بخرێتە سەر سنوورى ئیسرائیل، دوورکەوتنەوە لە ئێران و حزبوڵڵا، مافی کەمینەکان بپارێزێ بەپێی هەردوو ڕێکكەوتننامەى نێودەوڵەتیى ساڵی 1966 بۆ مافە سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابوورییەکان، دەرکردنى ئەو تیرۆریستانەى کە ئەلشەرعیان گەیاندە دەسەڵات کە لە ڕەگەزنامەى 31 وڵاتن و ژمارەیان نزیکەى 27 هەزار شەڕکەر دەبێ، قەڵاچۆکردنى ڕێکخراوى تیرۆریستیی داعش، دواتریش زەمینەسازی بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکرێ تا وەبەرهێنان لە سووریا بکەن.
ئایا کورد بەگشتى چۆن لەو هاوکێشهیه و پشتیوانیی ئەمریکا سوودمەند و بەردەوام دەبێت؟
ململانێکان لە هەڵکشاندان و، جەنگى ئێران و ئیسرائیل جارێکی دی دێتەوە بەردەرگه، بەڵام ئەم جارەیان زۆر توندتر دەبێ لە جارى پێشوو. ئەگەر ڕژێمەکەش نەڕووخێنن، ئەوا تەواو لاوازى دەکەن و بە دەردى “سەددام حسێن”ی دەبەن و ڕێکكەوتننامەیەکی جەنگیى بەسەردا دەسەپێنن، کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەوێـتەوە.
لە گێمی داهاتووى جەنگ، عێراقیش تێوە دەگلێ، هەرێمی کوردستانیش پریشکی کاریگەریى بەردەکەوێ؛ دەبێ خۆى بۆ قۆناغەکە ئامادە بکا. دەبێ سەرکردایەتیى کورد بەگشتى لەوە تێ بگا، کە تا ئەم قۆناغە، بیرۆکەى دروستکردنى دەوڵەت بۆ کورد لە ستراتیژییەتى ئەمریکادا نییە. پێویستە لەم قۆناغەدا کورد جەخت لەسەر چەسپاندنى بیرۆکەى فیدراڵییەت بکاتەوە لەو دەوڵەتانەى کە تێیدا دەژین، چونکە تەواوى پشتیوانییەکانى ئەمریکا بۆ کورد لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوا، پەیوەستن بە بابەتێکەوە (چ بابهتێك؟)، نەک پشتیوانیی پرسێکى نەتەوەییی ستەملێکراو. یەکێک لە سەرەکێترین ڕەگەزەکانى بیردۆزى ئاژاوەى بنیاتنەر بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، چەسپاندنى پڕهنسیپی فیدراڵییەتە، بەڵام ئەو جۆرەى کە هەرێمەکان لە حکوومەتى فیدراڵ سەرەکیترن لە پرۆسەى دروستکردنى سیاسەتى گشتیى وڵات، کورد لەو ڕوانگەیەوە باشترین سوود دەبینێ. کەواتە پشتیوانییەکەى ئەمریکا گهرەنتى نییە و مەرجدارە و، پێ دەچێ بەسترابێتەوە بە وادەیەک کە خۆیان دهیزانن. هەر بۆیە هەڵوێستى تورکیا کاریگەریى لەسەر سەرۆک ترهمپ هەیە. کەواتە کورد دەبێ بزانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ تورکیا دەکات؛ بەڵام هەرێمی کوردستان تا هەنووکە لە کارتێکى گوشار زیاترە لەنێو هاوسەنگیی هێزی دەوڵەتانى ناوچەکە و بکەرێکی نادەوڵەتیى کاریگەرە.
کورد دەبێ باش لە هاوکێشەکانى پڕۆژەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورە و بیردۆزی ئاژاوەى بنیاتنەر ورد بێتەوە، تا زۆرترین سوود لە پارسەنگی هاوکێشەکان وەربگرێ؛ بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێ بە لاى سەرکردایەتیى کوردەوە فیدراڵییەت هێڵی سوور بێت. هەر لەو بارەیەوە دەبێ پلانی ورد و تایبەتى هەبێت کە چۆن پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا- بە ئیسرائیلیشەوە- بقۆزێتەوە و پشتێنەى ئاسایشیی زیاتر بۆ قەوارەکەى دابین بکات. ئەمەیش ئەرکی یەکەمى سەرۆکی هەرێمی کوردستانە کە لەنێو ئەو هاوکێشە قهرهباڵغ و ئاڵۆزەدا، بۆ چارەنووسی هەرێمێک گهرەنتی پەیدا دەکات.
کەواتە سێکوچکەى کارى نەتەوەییی قۆناغەکە: یەکڕیزی، دابینکردنى بژێوی و، پێکهێنانى کابینەى حکوومەتى نوێ دهبێت کە بەرپرسیارێتیی نەتەوەییی قۆناغەکە بەیەکگرتوویی تاو بدا و، هەوڵیش بۆ گهرەنتیى مانەوەى پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بدات، بهتایبەت ئەمریکا و تورکیا.