1

دەور و گرینگیی تاک لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا

قەرەنی قادری

یەکێک لە خاڵە هەرە گرینگەکانی ئەم سەردەمە لەناو ڕاگەیاندنی مودێڕندا ئەوەیە، کە دەوری تاک گەلێک بەهێز دەکات و چەشنێک لە تاکی سیاسی و ئاگادار سەبارەت بە ڕووداوەکان بەرهەم دێنێت، کە بەبێ ئەوەی ترسی لە سانسۆر ببێت، خۆی دەردەخات و بیروبۆچوونی خۆی دەردەبڕێت. فیلیپ ئێن هاوارد(١) لەم بارەیەوە دەڵێت: “ڕاگەیاندنەکان و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییە دیجیتاڵییه‌كان، کەرەسەی پەیوەندیکردن و ڕێکخستن دەده‌نه‌ دەست هاووڵاتیان و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە. ئەم کەرەسانە گۆڕەپانێکن بۆ گەڵاڵەکردن و هێنانەگۆڕێی ڕا و، دەربڕینی بەرهەڵستکاریش دروست دەکه‌ن، کە ئەوەیشیان مەیل بۆ دیموکراسیی سیاسی، بەهێز دەکات.” بەڵام هاوکاتیش دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت کە هەم ڕاستەوخۆ و هەمیش ناڕاستەوخۆ “تاک” لەگەڵ گرووپی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و نەتەوەییدا زانیاری و هەواڵ دەستاودەست دەکات، هەروەها لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشداری لە خۆپیشاندانی ئەلیکترۆنی بۆ “بەڵێ” یان بۆ “نا”دا دەکات. بەو پێیەیش دەرفەتی گەشە بۆ “تاک”، جا هەم بە تاک و هەمیش بە گرووپ/تیم، دەڕەخسێت، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەو تاکە لە گرووپدا بتوێتەوە؛ واتە هەم تاکە و هەمیش بەشێکە لە گرووپ.

ئاشکرایە، یەکێک لە مەرجەکانی گەشەی تاک ئەوەیە کە یەک یان چەند بوارێک بۆ خۆی تەرخان بکات و کاریان تێدا بکات،  تا لێی شارەزا ببێت، نەک نوقمی فرەکارکرد (فره‌ئه‌رك/وه‌زیفه‌) یان خۆی دە هەموو شتێکەوە هەڵقورتێنێت و لەسەر هەموو شتێکیش قسێ بکات و ڕای خۆی دەرببڕێت، چونکە لە جڤاکی ئێمەدا بەداخەوە بەشێکی بەرچاو حەزیان لێیە لەسەر هەموو بوارێکدا ڕای خۆیان دەرببڕن و قسێ بکەن؛ کە ئەمەیان ڕێک بەپێچەوانەی هەڵدان و گەشەی تاکە و، “تاک”یش بەو سروشتەوە بە هیچ شوێنێک ناگات. جیا لەوە کە تاکی بەو چەشنە هیچ جۆرێک گەشەی نابێت، بەڵکوو تەنانەت لە جڤاکدا جۆرێک لە پاشاگەردانییش دروست دەبێت، هەروەها کەسی نەشیاویش ڕوو لە شوێنی شیاو دەکات و، لێهاتوویی، لێوەشاویی و لێزانی دەچنە پەراوێزی کەس و کەسانی لێنەهاتوو؛ کە ئەمەیشیان هەڕەشەیە بۆ سەر کاروباری ئێستا و داهاتووی وڵات. بۆیە وا باشترە کە تاک و تاکەکان بەپێی پێوەری “نان بۆ نانەوا و گۆشتیش بۆ قساب” بجووڵێنەوە، تا تاکەکان گەشەی پێویست بکەن و ئاڕاستەی داهاتووی خۆیان دیاری بکەن!

گەرچی ئینترنێت ئەم دەرفەتەی بۆ تاک خوڵقاندووە تا سەربەستانە ڕای خۆی بەوانی تر بگەیەنێت، بەڵام لە بەکارهێنانیدا ئەو لایەنەیشی هەیە کە تاک- جا بە هەر هۆیەک بێت- بەبێ ئەوەی خۆ بناسێنێت، خۆی حەشار دەدات، یان لە هەڵخلیسکانێکدا دوور لە یاسا و ڕێسای ڕاگەیاندن، بە شێوەیەکی خراپ کەڵک لەو کەرەسانە وەردەگرێت.

گرووپە تیرۆریستییەکانیش تێکەڵ بە شەپۆڵی ڕاگەیاندنی مۆدێرن بوونە و، هەر بەم ڕێگەیەوە هێزی تایبەت بە خۆیان ڕێک دەخەن. هەندێک لە کارناسانی کاروباری ڕاگەیاندن “پەیام”ی ئەم هێزانە بە “جیهادی ئەلیکترۆنی”، “تیرۆریزمی ئەلیکترۆنی” و “فەتوای دیجیتاڵی” پۆلێن دەکەن.

سیاسەتوانان، هاووڵاتیان و ڕای گشتی

دەرفەتێکی دیكه‌، کە ئینترنێت خوڵقاندوویەتی، لەدایکبوونی هەندێک ڕایەڵی بەهێزی کۆمەڵایەتیی وەک “فەیسبووک” و “تویتێر” (X)ە، کە ئەمانە کەرەسەی بەهێزی بەتواناکردنی تاک و گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین. ئەم ڕایەڵانە سنووری نەتەوەیییان بەزاندووە و توانیویانە ململانێ لەگەڵ ڕاگەیاندنە ڕەسمی و حکوومییەکاندا بکەن. کاتێک تاک یان گرووپە کۆمەڵایەتییەکان هەست بکەن کە گوێیان لێ ناگیرێت یان خراونەتە پەراوێزە، ئەو ڕایەڵە کۆمەڵایەتییانە، بە هانای ئەوانەوە دەچن، پەیامی خۆیان دەگەیه‌نن و هەر لەوێدا ڕای گشتی پێک دێنن.

کەڵکوەرگرتنیش لەو ڕایەڵانە، بە گوێرەی ناوچە یان وڵات جیاوازیی هەیە. بێ شک بیروڕای سیاسی و خۆڕێکخستن لەو ڕایەڵانەدا دەوری سەره‌کی دەگێڕن. بۆ نموونە ڕووداوەکانی چەند ساڵ بەر لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- ئەوەی کە بە “بەهاری عەرەبی” ناوی دەرکرد- ئەوەی سەلماند کە ئەو ڕایەڵە کۆمەڵایەتییانە دەوری گرینگیان لە دەستاودەستکردنی زانیاری و هەواڵدا گێڕا.

ئەو کەرەسانە کە بۆ ڕێکخستن، پەیوەندیکردن و خۆپیشاندانی ئەلیکترۆنی کەڵکیان لێ وەرگیرا و لێی وەردەگیرێت، بنەمایەکی بەهێزی گەیاندنی زانیارین و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیش بەهێز دەکەن. ئەگەر بێت و، بە شێوەیەکی باش کەڵک لەم ڕایەڵانە وەربگیرێت، بێ شک دەورێکی باشیان لە بەهێزکردنی دیموکراسی و پەرەدان بە ئازادیی ڕادەربرین و نووسیندا دەبێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئینترنێت بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئازادیی دەربڕین. بێ شک بەربەستدروستکردن لەسەر ڕێی ئینترنێت، یان تەنانەت خاویی هێڵی ئینترنێت، کار ده‌كاته‌ سەر ئازادیی دەربڕین و دەستاودەستکردنی زانیاری لە جڤاکدا. ڕێک بەو پێیە، بوونی ئینترنێت و ئازادیی ڕادەربڕین (دەستاودەستکردنی زانیاری) دووانەن!

کەرەسە نوێیەکان و هاووڵاتیی مودێڕن

تەلەفۆنی زیرەک (smartphone) یەکێکە لەو دەگمەن دەسکەوتانە کە گشت کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی لەخۆدا کۆ کردووەتەوە. ئەگەر بە گوێرەی کارکردی ئەو تەلەفۆنە بێت، ئیتر پێویست ناکات ڕوو لە بازاڕ بکەیت و بەجیا ڕادیۆ یان تەلەڤزیۆن بکڕیت، چونکە بە لکاندنی ئەو تەلەفۆنەوە بە ئینترنێت، بەیەکجار دەبی بە خاوەنی ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، چاپەمەنی، YouTube، کتێبخانە، کامێرای وێنەگری، ئیمەیل، ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان (دەنگ، وێنە و پیت)، هەروەها دەیان و سەدان پێداویستیی دیکە کە لەودا چڕ کراونەتەوە، تا زانیاری وەربگریت و زانیارییەکانی خۆیشت بەوانی دیکە بدەیت. ئامرازی نوێی ڕاگەیاندن، حکوومەتی بچووک (حکوومەتی هاووڵاتیان)ی هێناوەتە کایەوە، هەروەها ئاستی داواکاریشی بەرز کردۆتەوە.

تاکێک کە خاوەنی تەلەفۆنی زیرەک بێت، هەر لە سەیرانگەیەکدا ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساوە کە دەستی بە چەشنەکانی زانیاری ڕابگات. تەنانەت کۆکردنەوەی ساتێلایت- کە دژ بە ئازادیی دەربڕین و پێشێلکردنی مافی مرۆڤە- یان بەربەستدروستکردن لەسەر ڕێگەی مۆبایلی زیرەک وەک جاران باوی نەماوە، بەڵام بۆ تێکدانی باری دەروونی و کارتێکەری لەسەر هاووڵاتیان، پەنا بۆ ساختەکاری و ئەکاونتی ساختە، هەواڵی چەواشە، ڕایەڵەی سیخوڕی، نانەوەی ئاژاوە بەهۆی دەستوپێوه‌ندەکانیانەوە و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان دەبەن تا هاووڵاتیان چەواشە بکەن و، گۆڕەپانی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکانیشیان لێ بەرتەسک بکەنەوە و دەست بەسەر ئەوانیشدا بگرن.

هەر لەبەر ئەم هۆیانە، پێویستە تاکیش زۆر وشیار بێت و، بەپێی توانای خۆی دەرفەت بە تاک و گرووپی تێکدەر نەدات- جا چ ناوخۆیی بن یان سەر بە دەوروبەر- کە ئەو مەیدانەی لێ سنووردار بکه‌نه‌وە یان بەهۆی بابەتی چەواشە، بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، جنێوفرۆشی و بێڕێزی، هەروەها پڕوپاگەندەی سەرچڵانە، مەیدانی چالاکییه‌كه‌ی ژەهراوی بکه‌ن!

بە زمانێکی ڕەوان و بە وشە و ڕستەی بەهێز، هەروەها بەوریایییەوە، پەیامی خۆت بەوانی دیکە بگەیه‌نە- بێ شک سەرکەوتن بۆ تۆیە!

کوردستانی بەهێز، لە گرەوی تاکی بەهێزدایە!

١- کتاب دستکاری در رسانه

نویسنده: ساموئل سی. وولی، فیلیپ ان. هاوارد

مترجم: عباس رضایی ثمرین، رسول صفر آهنگ