عێراقی پاش هەڵبژاردن: چارەنووسی سەرۆکوەزیران و چەکی گرووپە شیعەکان
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق
لە 11/11/2025 عێراق دەچێتە نێو تاقیکردنەوەی هەڵبژاردنی گشتییەوە. ئەم پرۆسەیە، کە دەستوور چوار ساڵ جارێک بڕیاری لێ داوە، هەمیشە وێستگەیەکە بۆ دابەشکردنەوەی سەنگی هێز و پۆست و بڕیار لە عێراقدا.
ئەم شڕۆڤەیە هەڵوەستە لەسەر گرنگترین پێشهاتەکانی پاش هەڵبژاردن دەکات، بەتایبەتی پۆستی سەرۆکوەزیران و چارەنووسی چەکی گرووپە شیعەکانی سەر بە میحوەری ئێران.
گرێی سەرۆکوەزیران و هۆشدارییەکانی سوودانی
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هۆشداریی دا کە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، یان دەبێتە هۆیەک بۆ ئۆقرەیی یان پاشەکشە و لەدەستدانی دەستکەوتەکان[1]. هەرچەندە مەبەستی سوودانی مانەوە یان بەربەرهکانێكردنی خۆیەتی لە پۆستەکەیدا، بەڵام بەپێی ئەزموونەکانی پێشوو، دەشێت هەڵبژاردن قەیرانی سیاسیی قووڵ بەدوای خۆیدا بهێنێت؛ هاوشێوەی 2010 کە درێژترین دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی لە عێراقی نوێدا تۆمار کرد، هەروەها هەڵبژاردنی ٢٠٢١ کە هەوڵی پێکهێنانی «حکومەتی زۆرینە»ی بەدوادا هات، بوو بەهۆی گرژییەکی توند لە نێو ماڵی شیعە و شەڕ و پێکدادانیشی لە ناوچەی سەوز لێ کەوتەوە و، بە کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان کۆتایی هات.
تەوەری سەرەکیی ململانێی پاش هەڵبژاردن، دیاریکردنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقە. ئەم پۆستە بەپێی سیستهمی پەرلەمانیی 2005 لە عێراق، سەرۆکی کردەییی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لە وڵاتدا. ئەگەرچی لە ڕووی عورفی سیاسییەوە بەربژێرەكەی لەنێو هێزە شیعەکاندا دەبێت، بەو پێیەی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان پڕ دەکەنەوە (سەروو 180 لە کۆی 329 کورسی)، بەڵام بەتەنیا ئەوان لە دیاریكردنیدا بڕیاردەر نین. جگە لە ڕەزامەندیی پێکهاتە ناوخۆیییە سەرەکییەکان (سوننە و کورد)، یەكلاییكردنەوەی كۆتایی، ملکەچی بڕیار و ویستی هاوکێشەی تاران-واشنتۆن و ڕەزامەندی یان لارینەبوونی مەرجەعییەتی باڵای نەجەف و، لە دەرەوەی ئەویش هەڵوێست یان بێدەنگیكردنی “موقتەدا سەدر”ە كە له كۆتا هەڵبژاردندا لە 2021 زیاتر لە 22%ی دەنگەكانی بەدەست هێنا.
بەپێی ماددەی 76ی دەستوور، کاندیدی سەرۆکوەزیران لە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی دەبێت[2]، بەڵام بەهۆی مشتومڕ لەبارەی ئەوەی ئاخۆ گەورەترین فراکسیۆن براوەی هەڵبژاردنە یان ئەوەی لەپاش پرۆسەكە بە هاوپەیمانی پێک هێنرێت، پرسەکە کۆنکرێتی نییە و بەڕووی ئەگەری جۆراوجۆردا كراوەیە. لە ئەزموونەکانی پێشوودا، بەتایبەت 2010، دوورخستنەوەی “ئەیاد عەلاوی”، لە کاتێکدا براوەی هەڵبژاردن بوو، بەرامبەر دەوڵەتی یاسای مالیکی (91: 89 کورسی)، ئەم پرەنسیپە دەستوورییە بە ئاقارێکی دیکەدا براوە و لە 2021دا زۆرینەی براوە (سەدر) حكوومەتی پێ پێك نەهێنرا.
سەرۆکوەزیرانی ئێستا، محەمەد شیاع سوودانی، کە نیازمەند و خوازیاری یەکەمبوونە، چ وەک کاندید لەسەر ئاستی بەغدا (زياتر لە 4 ملیۆن دەنگدەر و نزیكەی 70 كورسی)، چ وەک لیستی هەڵبژاردن (ئاوەدانی و پەرەپێدان) لەسەر ئاستی عێراق، لەپاش پرۆسەکە، جگە لە ئەگەری بچووککردنەوەی لیستەکەی بە هاوپەیمانیی شیعیی دژبەر، مەترسییەکی دیکەی لەبەردەمدایە کە ئەگەری هەڵوەشانەوە یان بڵاوەپێکردنی کاندیدە براوەکانییەتی؛ چ بە گوشاری چەکداری و نفووزی ئەمنی بێت یان لە ڕێگەی تەماعخستنە بەردەم کاندیدەکان- بەتایبەت کە لیستەکەی سوودانی تەنیا بۆ هەڵبژاردن پێک هێنراوە و پێشتر هیچ ژێرخانێکی عەقیدەیی یان هزریی نییە و تێکەڵەیەکە لە خەڵکی تەکنۆکرات و بەرپرسی حکوومی و عەشایەر و گرووپی چەکدار و، زیاتر هەمەچەشنە.
ڕکابەری سەرەکیی سوودانی لە پۆستی سەرۆکوەزیران، “نووری مالیکی”یە. ناوبراو کە لە نێوان (2006-2014) بۆ ماوەی دوو خول سەرۆکوەزیران بووە، بەرامبەر بە لیستەكەی سوودانی (ئاوەدانی و پەرەپێدان) دروشمی “ڕاستکردنەوەی ڕاڕەوی پرۆسەی سیاسی”ی هەڵگرتووە. زۆربەی هۆشدارییەکانیشی لەبارەی “پاشماوەکانی هزری بەعس”ه[3]. هەرچەندە لیستەکەیشی سوورن لەسەر ئەوەی بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران بەربژێری بکەن، بەڵام بەهۆی ڤیتۆی پێشووتری سیستانی (2014) و کێشە قووڵەکانی لەگەڵ سەدر، هەروەها پەیوەستبوونی ناوی بە قۆناغی شکستەکانی سەردەمی داعش (2014)، ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە. بەم هۆیەیشەوە دەشێت مالیکی هەوڵ بۆ ئەوە بدات وەک ژمارەیەکی گەورەی ڕێبەرایەتیی شیعە بمێنێتەوە لە قۆناغی داهاتوودا، یان ڕۆڵێکی بنەڕەتیی لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوودا هەبێت؛ پاش ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئێستا محەمەد شیاع سوودانی لە بازنەی حزبی دەعوە چووە دەرەوە و، بوو بە خاوەن پرۆژەی تایبەتی خۆی.
لە پەنا هەردوو جەمسەری سوودانی-مالیکیدا، باس لە لیستێکی چەندکەسی دەکرێت کە بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران بن، لەوانەیش: قاسم ئەعرەجی، عەدنان زورفی، حەمید شەتری، عەبدولحسێن عەبتان[4]؛ دەشێت هەندێک ناوی دیکەی وەک ئەسعەد عیدانی، عەبدولئەمیر شەممەری، فالح فەیاز، نەعیم عەبودی، هادی عامری، حەیدەر عەبادی، محەمەد مەیاحی، بۆ ئەم لیستە زیاد بکرێت کە لە سالۆنە سیاسییەکاندا ناویان دەهێنرێت [5]. هەرچەندە ئەم فرەبەربژێرییە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا هەیە، بەڵام دەکرێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە (2025) ببێتە هۆی دواخستنی زیاتری پێکهێنانی حکوومەت و قووڵکردنەوەی کێبڕکێ لەسەر پۆستەکە؛ بەتایبەت کە هەندێک لە جەمسەرە شیعییەکان خوازیاری گۆڕینی شێوازی کارکردنی حکوومەتن، هەندێکیشیان مکوڕن لەسەر بەرگریكردن لە سوودانی، چونکە ئەگەر خولی دووەم بە دەنگی خۆی وەرگرێتەوە، ئەوە بە شێوەیەکی ئاسایی دەبێتە جێگرەوەی ئەوان.
ئەم هێزە شیعانە قۆناغی سوودانی و میکانیزمی کارکردنی بە مەترسی لەسەر سیستهمی سیاسی دەزانن، چونکە حکوومەتی کەسایەتییە، لە کاتێکدا پێش ئەو حکوومەتی عێراق هی حزبەکان بووە؛ پێشتریش بەپێی پێکهاتەکان و هاوپەیمانیی نیشتمانی پێك دەهێنرا. بەم جۆرەیش بە بۆچوونی ئەوان پاشەکشەی زۆر ڕووی داوە و، ئێستا دەیانەوێت بە هەر نرخ و جۆرێک بێت بنکە سیاسییەکەی شیعە، زەمینەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران بێت، نەک دەستکەوت و پرۆژەی کەسایەتی، وەک ئەوەی ئێستا سوودانی خوازیارییەتی[6].
لە دەرەوەی هاوکێشە ناوخۆیییەکانی عێراق و ململانێی هێڵی سەرکردە شیعە کلاسیکییەکان و سەرکردەکانی هێڵی دووەم و سێیەمی ئەم پێکهاتەیە، دیاریکردنی سەرۆکوەزیران لە عێراق هاوکات دەبێت لەگەڵ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش جهنگی غەززە؛ هەروەها ملکەچ دەبێت بۆ هەڵبەز و دابەزی ململانێی ئەمریکی و ئێرانی. ئەمەیش بۆچوونێکی وای تەنانەت لەنێو لیستەکەی سوودانییشدا دروست کردووە کە پێکهێنانی حکوومەتی ئاییندە و یەکلاییکردنەوەی شوناسی سەرۆکوەزیرانی نوێ دوا بکەوێت[7].
چەكی گرووپە چەكدارەكان
هاوشانی شوناس و پرسی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، چەکی گرووپە شیعەکان و پێگەی عێراق لە هاوپەیمانییە هەرێمایەتییەکاندا دوای هەڵبژاردن، جێگەی پرسیار و مشتومڕن. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای کردووە “هەرچی زووە” گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لەچەک دابماڵێت. بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمیی ئەمریکی، “مارک ڕۆبیۆ” جەختی کردووەتەوە کە “میلیشیاکان سەروەریی عێراق دەشێوێنن، هەڕەشە لە ژیان و کاری ئەمریکییەکان و عێراقییەکان دەکەن، سەرچاوەکانی عێراق بۆ ئێران تاڵان دەکەن”[8]. بەرامبەر بەمەیش، سەرچاوەکانی نزیک لە “بەرەی مقاومە”ی ئێرانی باس لەوە دەکەن “ئیسماعیل قائانی” فەرماندەی فەیلەقی قودس، هاتووەتە بەغدا و سەرکردەکانی چوارچێوەی شیعەی لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە ڕێگە بە سوودانی نەدەن بچێتە ژێر باری گوشارەکانی بەڵێنەکانی ئەمریکا “لەبارەی پێدانی ویلایەتی دووەم بە سوودانی بەرانبەر بە تەنگپێهەڵچنینی گرووپە شیعەکان”[9]. هەرچەندە هێزە شیعەکان بێزارن لە ئاشکراکردنی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سوودانی و باسکردنی لەقاڵبدانی گرووپە چەکدارەکان و ئەمەیش بە پێشێلکردنی سەروەری دەبینن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا کەشی هەڵبژاردن زاڵە و سەرجەم هێزەکان سەرقاڵی بانگەشە و کۆکردنەوەی دەنگن، ناتوانن هەڵوێستێکی سیاسیی کردەیی بگرنە بەر؛ بەتایبەت کە پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا بە قۆناغێکی ناڕوونیدا گوزەر دەکات و واشنتۆن لە بری باڵیۆز، نێردەیەکی تایبەتی بۆ عێراق دەستنیشان کردووە بە ناوی “مارک ساڤایا” کە بە ڕەچەڵەک کلدانی و عێراقی و “بازرگانی ماریوانا”یە و مشتومڕی زۆریش هەن کە ئاخۆ ئەمە لەبەر گرنگیدانی زیاترە یان بەنائاسایی تەماشاکردنی ڕەوشی عێراق هاوشێوەی سووریا و لوبنان.
بەپێی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ڕۆبیۆ و سوودانی، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەرەسەندنی ئابووریی نێوان خۆی و عێراق لە داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکاندا دەبینێت، بەو پێیەی ئەو گرووپانە لەمپەرن لە بەردەم وەبەرهێنان؛ بەڵام وەک هەندێک خوێندنەوە ئاماژەی پێ دەدەن، ئەم هۆشدارییە لە کاتێکی هەستیاردا بووە کە تەنیا سێ هەفتە بەر لە کۆتاییهاتنی تەمەنی حکوومەت و پرۆسەی هەڵبژاردندایە کە ئەگەری هەیە گرووپەکان دەنگ و سەنگی خۆیانی تێدا زیاد بکەن، هەندێک لەوانەیش لە لیستی سزاکانی ئەمریکادان. هەندێک سەرچاوەی ئاگاداریش باس لەوە دەکەن هێزە شیعەکان بۆ دەرچوون لەم تەنگەژەیە گفتوگۆی ئەوە دەکەن سەرۆکوەزیرانێک بەربژێر بکەن سەربەخۆ و پسپۆڕی ئابووری بێت، بۆ ئەوەی گوشاری ئەمریکایان لەسەر کەم بکاتەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی دەنگۆ هەیە لیستەکانی سزادانی کەسایەتییە عێراقییەکان لە داهاتوودا زیاتر بکرێن[10].
نێردەكەی ترەمپ و جۆری پەیوەندیی لەگەڵ عێراق
بە گەڕانەوەیش بۆ دیاریکردنی “مارک ساڤایا” بە نێردراوی تایبەتیی ئەمریکا بۆ عێراق، بە شێوەیەکی گشتی بۆچوونەکان دەربارەی ئەجێندای داهاتووی، جۆراوجۆرن. ناوبراو مەسیحییەکی کلدانی بە ڕەچەڵەک عێراقییە و نزیکە لە ترەمپ، بەشێک بووە لە هەڵمەتی ترەمپ و بزنسمانێکی بازرگانییە. خۆیشی لە دیمانەیەکدا باسی لەوە کردووە ئەركی ئەو بریتی دەبێت لە: دروستکردنەوەی متمانە، بەهێزکردنی شەراکەتی ستراتیژیی نێوان واشنتۆن و بەغدا. ئەوەیشی ڕەت کردووەتەوە ئەمریکا هیچ ئەجێندایەک بەسەر عێراقدا بسەپێنێت بەڵکوو “پشتیوانیی حکوومەتێکی سەربەخۆ دەکات کە توانای بڕیاردانی هەبێت”. هەروەها هاوبەشێکی ڕاستەقینەی ئەمریکا بێت، دوور لە ململانێ هەرێمایەتییەکان[11].
لە دەرەوەی لێدوانە دیپلۆماسییەکانیش، بەگشتی دوو بۆچوون لەبارەی ئەركی ئەم نێردە نوێیەی ترەمپ هەن کە بریتین لە:
بۆچوونی یەکەم: ئەركی ئەم نێردراوەی ترەمپ دابڕینی عێراق دەبێت لە ئێران، لە ڕێگەی سەفقە (مامهڵه/ سهودا)یەکی سیاسیی گشتگیرەوە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان؛ بەتایبەت پاش ئەوەی ترەمپ لە “شهرم ئەلشێخ”ی میسر و لە دەمی ئاگربەستی غەززەدا باسی لەوە کرد عێراقییەکان نازانن چۆن سوود لە نەوتەکەیان وەرگرن[12].
بۆچوونی دووەم: هەندێکی تر پێیان وایە ناوبراو دۆستی سوودانییە و پەیوەندیی لەگەڵ گرووپە شیعەکان باشە، بە بەڵگەی ئەوەی لە دۆسیەی توێژەرە بارمتە ئیسرائیلییەکەی عێراق، “تسۆرکۆف”، لەگەڵیاندا نەرم بووە. ئەمەیش ئاماژەی دڵنیایییە بۆ پەیوەندییەکانی هەردوو لا لە داهاتوودا[13].
دەشێت دانانی “ساڤایا” ئاماژە بێت بۆ زاڵکردنی لۆژیکی سەفقە بەسەر لۆژیکی وەزارەتی دەرەوە و دیپلۆماسییەتدا و، لە قۆناغی پاش هەڵبژاردنیشدا ڕۆڵ و ئەركی ئەو لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیران و، هەروەها پێگەی عێراق لە هاوکێشە هەرێمایەتییەکان و دۆسیەی گرووپە چەکدارەکانی شیعەدا زەقتر دەردەکەوێت.
كۆبەند
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، هۆشداری دەدات کە هەڵبژاردنەکە یان دەبێتە هۆی سەقامگیری یان پاشەکشە. دیاریکردنی سەرۆکوەزیران ئاڵۆزە و تەنیا لەسەر دەنگی شیعەکان ناوەستێت، بەڵکوو پێویستیی بە ڕەزامەندیی سوننە و کورد و کاریگەریی هاوکێشەی تاران-واشنتۆن و مەرجەعییەتی نەجەفیشە. سوودانی خۆی خوازیاری مانەوەیە، بەڵام مەترسیی بچووکبوونەوەی لیستەکەی و هەڵوەشانەوەی کاندیدەکانی لەسەرە، بەتایبەتی کە لیستەکەی ژێرخانێکی فیکریی پتەوی نییە. ڕکابەری سەرەکیی سوودانی، نووری مالیکییە، کە بەهۆی ڤیتۆی سیستانی و کێشەکانی لەگەڵ سەدر و قۆناغی داعش، ئاستەنگی زۆری لەبەردەمە بۆ گەیشتنەوە بە پۆستەکە. ژمارەیەکی زۆر کاندیدی دیکەیش هەن کە دەکرێت ببنە هۆی دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت. هەندێک لە هێزە شیعەکان دەیانەوێت حکوومەتێکی حزبی بێت نەک کەسایەتی و، ترسیان لەوە هەیە مانەوەی سوودانی کاریگەرییان کەم بکاتەوە. ئەم پۆستە بەستراوەتەوە بە نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێی ئەمریکا و ئێران.
بەپێی وتەی “مارک ڕۆبیۆ”، ئەمریکا داوای لە سوودانی کردووە کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لەچەک دابماڵێت، چونکە بە سەرچاوەی تێکدانی سەروەریی عێراق و هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق دەزانرێن. لە لایەکی ترەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، هۆشداریی داوە بە سەرکردەکانی چوارچێوەی شیعە، کە ڕێگە بە سوودانی نەدەن بچێتە ژێر باری گوشارەکانی ئەمریکا. دەنگۆی ئەوە هەیە سوودانی لە پێناو وەرگرتنەوەی پۆستەکەدا، نزیک بێت لە جێبەجێکردنی داواکەی ئەمریکا؛ کە ئەمەیش تووڕەییی گرووپەکان و ئێرانی لێ دەکەوێتەوە.
پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا ناڕوونە و، ئەمریکا نێردەیەکی تایبەتی بۆ عێراق دەستنیشان کردووە بە ناوی “مارک ساڤایا”. ئەمریکا گەشەی ئابووریی عێراق بەند دەکاتەوە بە داماڵینی چەکی ئەو گرووپانە. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە هێزە شیعەکان بیر لە دانانی سەرۆکوەزیرانێکی سەربەخۆ و پسپۆڕی ئابووری دەکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا.