1

تواناسازیی نەتەوەیی بە یەکگرتن و سیاسەتی كه‌لتووری

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان

پوختە

چۆنێتیی تواناسازیی نەتەوەیی، لە ڕێگەی دانانی سیاسەتی كه‌لتووری و یەکگرتن لەناو کۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، پرسی سەرەکیی ئەم نووسینەیە. ئامانج کێشانەوەی ڕەوت و ڕێی سیاسەتی ڕزگاریی نەتەوەیییە لە قۆناغی پێش دەوڵەتسازی. بابەتەکە بە دیدێکی خەسارناسی (زیانناسی/پاتۆلۆژی) و داهاتووبینی، بە گوێرەی نیشاندەرەکانی تیۆری دەوڵەت-نەتەوەسازی، بە میتۆدی وەسفی شی کراوەتەوە. لە ئاکامدا دەردەکەوێ کە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە قۆناغی پێش سەربەخۆییدا دەتوانێ ستراتیژی نەتەوەیی، بە یەکگرتنی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هاوگریی کۆمەڵگە، سیاسەتی كه‌لتووری و تواناسازی دابڕێژێت.

پێشەکی

بەو تێگەیشتنەی کە ئێستا بابەتی ناسیۆنالیزم لە جیهاندا لە بەرگێکی نوێدا تۆخ بۆتەوە، بابەتی سەرەکی، بەهێزکردنی توانا نەتەوەیییەکانە بۆ ئەوەی بتوانین دەوڵەتێک دابمەزرێنین و لەژێر چەتری ئەو دەوڵەتەدا پارێزراو بین و ناسنامەی فەرمیمان هەبێ و چوارچێوەیەکی یاساییمان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی باشتر هەبێت. دیارە، دامەزراندنی دەوڵەت هەمیشە لێکەوتەی نەتەوەسازیی نییە؛ زۆر جار بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی، دەوڵەتێک ساز دەکات و دواتر دەوڵەتەکە کاری نەتەوەسازی دەکات. ئەگەرچی پێویستەی نەتەوەسازی، دەوڵەتسازییە و دامەزراندنی دەوڵەتیش کارێکی ئاسان نییە، بەڵام کاری نەتەوەیی بەر لە بەرپابوونی دەوڵەتێک لە هەرێمی کوردستان، کە جگە لە دەوڵەت، هەموو کەرەستەیەکی جوگرافی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی-كه‌لتووری و یاسایی و ئیداریی بۆ نەتەوەسازی هەیە، دەکرێت. کەواتە، ماده‌م کورد توانا و مافی ئەوەی هەبێ وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ خۆی بناسێنێ، پێویستە بەر لەسەربەخۆییش ستراتیژ و سیاسەتی ڕزگاریی نەتەوەییی بۆ دابڕێژرێت.

بەتایبەتی، لەو هەلومەرجە دێفاکتۆیەی هەرێمی کوردستاندا کە حکوومەتێکی شه‌رعی (ڕه‌وا)یە لەسەر خاکی خۆی بە توانایەکی ئابووریی بەرچاو، دەکرێ سیاسەتی توانامه‌ندی (تواناسازی) بە مەبەستی ڕزگاریی نەتەوەیی دابڕێژێت. بەو سەرنجەی کە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشی نێوان گەلێک، نەتەوە پێک دێنێت، دەکرێ ئەو گەلە بە ئامانجی گەیشتن بە ژیانێکی باشتر یەکگرتووتر بێت و بە سیاسەتی كه‌لتووری، مۆری توانامەندبوون لە ناسنامەی خۆی بدات تاکوو نەمامی نەتەوایەتی ڕەگاژۆ بکات.

بەو ڕوانگەیەوە، پرسی سەرەکی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان، وێڕای هەلی جیۆپۆلیتیکی، لە ناوخۆدا لە هەڕەشەیەکی زیانباردایە، ئەویش سستبوونی هەست و ئیرادەی نەتەوەیییە کە هۆیەکەی بۆ قەیرانی پێکەوەژیانی سیاسی، لاوازبوونی سیاسەتی كه‌لتووری و کەمتوانایی دەگەڕێتەوە. لێرەدا، پرسیار ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێ توانای نەتەوەییی خۆی بەرز بکاتەوە؟ گریمانەی وتار، بە ودموەرگرتن (ئیلهام) لە تیۆرەکانی دەوڵەت-نەتەوەسازی، ئەوەیە کە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەتوانێ، بە ئامرازی دەسەڵاتی سیاسی-یاسایی و توانای ئابووریی خۆی، لە ئاستی سەرەوەدا، بە ڕێگەی کارکردن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان و یەکگریی نەتەوەیی و پێکەوەژیانی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا و، هەروەها لە ئاستی خوارەوەدا بە ڕێگەی سیاسەتی كه‌لتووری و تواناسازییه‌وه‌ بەستێنی سیاسەتی ڕزگاریی نەتەوەیی هەموار بکات.

چەمک و چوارچێوەی تیۆری

لە بنچینەدا چەمکی نەتەوە (Nation) سازکراوەیەکی زەینییه‌ کە لێکەوتەی دۆخێکی دیسکۆرسی و ماددییە و لە بەستێنی جوگرافیا، مێژوو، كه‌لتوور و سیاسەتدا بە ئیرادەی گەلێک شێوه‌ دەگرێت. بەو ئیرادەیە، لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵناسانه‌دا (Sociological)، کۆمەڵێک خەڵک گرێدراوێتیی هۆز، زمان، زاراوە، ناوچە و وردەشوناسی دیکە کاڵ دەکەنەوە و پێکەوە دەگەنە هاوبەشی و هاوگرییەکی گەورەتر. لەو پڕۆسەیەدا، نەتەوەسازی دروستکردنی شوناس (ناسنامه‌)یه‌کی فەرمییە لەلایەن دەسەڵاتێک بۆ کۆمەڵێک خەڵک (Bremmer, 2003: 29) لەسەر خاکێکی دیاریکراو کە خاڵی وێکچوویان زۆرە و، دەکرێ پێکەوە لە دامەزراندنی ژیان و چارەنووسێکی هاوبەشدا هاوگر بن. واتە، ئەو سیاسەتە دەوڵەتییانەی کە دەبنە هۆی بەهێزبوونی هاوگریی کۆمەڵگە، بە کاری نەتەوەسازانە لەقەڵەم دەدرێن. لەو دەستوەردانەدا، کاری دەوڵەت لەناوبردنی جیاوازییەکان نییە، بەڵکوو تەنیا ئەرکی ئاسایشی مرۆیی و فیزیکی و دابینکردنی ژیانێکی باش و پاراستنی ئەندامانی کۆمەڵگەکەیە. ئەو سیاسەتانە، لە کەشێکی مۆدێرندا، دامەزراندنی ئینیستیتیۆتی نەتەوەیی، پەیوەندیی هاوبەش و دامەزراوەی یەکگرتوویان لێ دەکەوێتەوە. زۆر جاریش دەوڵەتەکان هەوڵیان داوە بە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە نەتەوەیەکی یەکدەست (Hobsbawm, 1990: 10-12)، بە هەستی هاوبەش و وەفادار بە دەوڵەت، بونیاد بنێن. (Binder et al, 2015)

بە تێڕامان لە ماکەی تیۆری دەوڵەت-نەتەوەسازی (Nation-State Building)، دەبینین کە دەوڵەتەکان هۆکار و بکەری سەرەکیی نەتەوەسازین و بە سیاسەتی جۆراوجۆر شوناسێکی فەرمی لە نێوان کۆمەڵانی خەڵکدا دروست دەکەن یان شوناسێک بەهێز دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا، لە سەدەی هەڤدەیەمدا، پەیماننامەی وێستفالیا (1648) خاڵی وەرچەرخانی پەیدابوونی دەوڵەت بوو بە سیمایەکی نوێوه‌. لە سەدەی هەژدەیه‌مدا، بە بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزم، چەمکی نوێی نەتەوە بە ڕەوڕەوەی دەوڵەت پێی گرت. لە سەدەی نۆزدەیەمدا، نەتەوەگەرایی پێ گەییشت. بەو جۆرە دەوڵەت-نەتەوە، لەناو ڕەوتی مێژووی ئەوروپا و پێستەی کەلتووری ڕۆژاوادا، ئاونگی دا.

هەرچەندە بە هاتنی گلۆبالیزاسیۆنێکی هەراو، پلانی دەوڵەت-نەتەوەسازی تووشی پلاران بوو، بەڵام هەرچەندی شتەکانیش گلۆباڵیزە بوون، گلۆباڵبوون ئیدارە نەدەکرا و دەوڵەتی گلۆباڵیش دروست نەبوو؛ لەو کەشەدا حوکمڕانیی سیاسی هەر لە ئاستی دەوڵەت و ناسیۆنالیزمدا مایەوە. (Kordnajad, 2024) هەروەها لەبەر ئەوەی نەتەوە ڕیشەی مێژوویی و فەرهەنگیی هەیە، وەک ئێستا لە کاژەی کەلتووریی خۆیدا کۆژە دەداتەوە.

خه‌سارناسیی سیاسەتی نەتەوەیی

لە ڕۆهەڵاتی ناڤیندا، بەبێ هەڵسەنگاندنی جیاوازیی مێژوویی و کەلتووری، سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە بۆ دەوڵەتانی نوێ لەو ناوچەیە دانرا. سەرەنجام نەتەوەسازی لە دەرەوەڕا، کە پینەیەکی نابەروێک بوو، سەری نەگرت و تەنانەت کارەساتی مرۆییشی لێ کەوتەوە. لەو دۆخەدا کورد بەدوای چارەنووسی نەتەوەییی خۆیدا دەستی بە خەبات کرد. بەڵام، یەکێک لە گرێ ئامرازییەکانی نەتەوەسازی بۆ کورد ئەوەیە کە گەلێکی بێدەوڵەتە و وەک پێویست توانای دانانی سیاسەتی نەتەوەسازیی نییە. یەکێکیش لەو هۆکارانەی کە کورد نەبۆتە خاوەن دەوڵەت، ئەوە بوو کە توانای ڕزگاربوونی نەبووە. لە سەدەی بیستەمیشدا، هەبوونی ڕەنگڕێژیی جۆراوجۆری حزبی، بەبێ دیاریکردنی خاڵی هاوبەش و دانانی هێڵی سوور، هۆیەکی تر بوو بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەیی سیس بێت. لەو کەشەدا، نەبوونی پێکەوەژیانی سیاسیی حزبەکان بۆتە هۆی درزی نەتەوەیی کە نەیار پێی زانیوە و هەوڵ دەدات قەڵشەی وەک پارچە، ناوچە، زاراوە، عه‌شیره‌ت و حزب لەناو کورددا لە ڕووی زەینی و كه‌لتوورییەوە قووڵتر بکات. لە بەرانبەردا کورد، کە لەناو بنی كه‌لتووری خۆیدا خڵتەی پێکەوەژیانی دیموکراتیکی هەیە، نەیتوانیوە ئەو كه‌لتووره‌، کە زادەی نەریتی ئەرێنیی کوردەوارییە، بێنێتە ناو دامەزراوەی مۆدێرن و ئینیستیتیۆشناڵیزەی بکات بۆ ئەوەی گه‌لتووری پێکەوەژیانی سیاسیی لێ بکەوێتەوە.

لە مێژووی کۆندا، لە کاتێکدا جوگرافیای کوردستان هەر هەبووە و ئەو جوگرافیایە هەر کوردی لەسەر بووە و زۆر جار ئەو خاکە بەدەستی خان و سەردارانی کوردەوە بووە، بەڵام بە بیر و هزرێکی هۆزەکی و عەشایه‌ری؛ بە جۆرێک کە هێز و وزەی لە شەڕی ناوخۆی نێوان میراندا بێهوودە بەهەدەر چووە.

دوای ئەوەی کوردستان پارچە کرا، دەوڵەتانی دەستکردی نامۆدێرن نەیانتوانی کورد بکەنە بەشێک لە دەوڵەت-نەتەوەی خۆیان. بەڵام کوردیش نەیتوانیوە توانا نەتەوەیەکانی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەپارێز بەرز بکاتەوە. هۆی سەرەکییشی ئەوەیە کە کاتێک دەوڵەت-نەتەوە سەری هەڵدا، لەناو کورددا هزر ساز نەبوو. بەتایبەتی کاتێک بیری دەوڵەت-نەتەوە لە جیهاندا پەرەی گرت، وڵاتانی کۆلۆنیالیستی بابەتی “ئاغا” و “شێخ”یان کردە بابەتی سەرەکیی ناکۆکی، بۆیە کاری نەتەوەیی نەکرا.

لە مێژووی هاوچەرخدا به‌ ناوی ئه‌وه‌ی كه‌ ئەگەر تیشکی مۆدێرنیتە نەگاتە شوێنێک، کێشە ستراکچەرییەکانیشیان چارەسەر نابن، لەو وڵاتانەدا کە لە دوای کۆلۆنیالیزم سەربەست کران، لە سەدەی نۆزدە و بیستدا مۆدێرنیزمێک (Modernism)، بەبێ هەبوونی كه‌لتووری مۆدێرنیتە (Modernity)، بە شێوەی کۆپی هاتە ناو ئەو وڵاتانە. ئەم دیاردەیە لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا، لە دوای نەمانی کۆلۆنیالیزم پەیدا بوو و وەک مەرجی سەرەکیی مۆدێرنبوون و پەرەسەندن دادەنرا (Bashiriyeh, 2004: 791-794) کە دواجار چەقینی لێ کەوتەوە؛ چونکە ئەگەر كه‌لتوور نەکرێتە بناغە و پێوەر، هەرچی بۆ وڵاتێک بێنی هەرسی ناکات و خەسار دەبێت.

کاتێک هزری مۆدێرنیش لەناو گۆڕانکارییە زنجیرەیییەکانی ئەوروپادا سەری هەڵدا و، تێیدا عەقڵ بووە ئۆتۆریتەی سەرەکیی مرۆڤ، ئامۆژگاریی وەک زانست، سێکۆلاریزم، تاکگەرایی، ئازادی، دەوڵەت و نەتەوەخوازی بوونە بابەتی پلە یەک، ئەوکات دامەزراوەی مۆدێرن ساز بوون. کەچی ئەمانە هیچیان هەڵقووڵاوی هزر و بەرهەمی فەرهەنگی کۆمەڵگەکانی ئێمە نین، بەڵکوو بە شێوەی کۆپی هێنراون و وەک هەیکەلێک دانراون. هەرچەندە هەبوونی مۆدێرنیزمێکی کۆپیکراویش لە نەبوونەکەی باشترە. واتە، ناکرێ دامەزراوەی مۆدێڕن فڕێ بدەین، بەڵکوو پێویستە لەگەڵیدا هەڵبکەین و بۆ چارە دەستبەدامانی دایکی پەروەردە بین و پەنا بەرینە بەر فێرکاری.

بە هەوای مۆدێرنایەتی، کاتێک حزب وەک هاوردەیەکی مۆدێڕن لە کوردستاندا دروست کران، خاڵی بوون لە بیری مۆدێڕن و، تەنیا بینا و دامەزاروەیەکی هەیکەلییان هەبوو. لەو كه‌شه‌دا، دیسان کۆمەڵگەی کاستی (Caste society) و عێلەکی هاتەوە ناو دامەزراوەی مۆدێڕنی ئینیستیتیۆشناڵیزەنەکراو (Non- institutionalized)، بۆیە حزبی هەمەگر (Catch-all party) دروست نەبوون و شایستەیی (لێوه‌شاوه‌یی)ش لەناو ئەو حزبانەدا نەبووە پێوەر. ئەو جۆرە حزبانە، بەپێی دابی سوننەتی و کەلتووری هۆزەکی، پشتیان بە یەک کەس بەستووە؛ بە جۆرێک ئەگەر کەسەکە بەهێز بێت ئەو حزبە ماوەیەک دەستەڕۆ دەبێت و ئەگەر کەسەکە لاواز بێت حزبەکە لە ڕمێن دەکەوێ و بەرەو ڕمان و نەمان دەچێت.

هەروەها وێڕای تێکۆشانی لایەن و کەسایەتییەکانی بەرێ، بەڵام لە یەکگرسازیی نەتەوەییدا لاواز بوون. لە بەستێنێکی وەها خەسارگردا بەرژەوەندیی تاکەکەسی، بنەماڵەیی، عەشیرەیی و حزبی لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی گرینگتر دەبێت. لەو کەلێنەوە نەیارانیش ئەو خەسارگەیەیان دۆزیوەتەوە؛ بەو درزەدا دزە دەکەنە ناو مەیدانی سیاسەتی کوردی. بەهۆی ئەو بەرژەوەندییە تایبەتییانە و نەبوونی هێڵی سوور لەناو حزبەکاندا و ڕەچاونەکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، مەیدانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان بە خاکەکەیەوە، بە شێوەیەکی کرداری، دابەش بووە. لە کاتێکدا نەتەوەسازی کاتێک ئاسان دەبێ کە ناحەزی دەرەکی هەبێت و ئەو ناحەزە چاوی بڕیبێتە خاک؛ لە بەرانبەردا مەرجی نەتەوەسازی ئەوەیە هیچ مەترسییەک بۆ سەر خاک نەبێت،  کەچی ئێمە بە دەستی خۆمان بووینەتە هەڕەشە بۆ سەر خاکی خۆمان.

یەکێکی تر لە خەسارەکانمان ئەوەیە کە ناتوانین تەنانەت مێژووی کەسایەتی و لایەنەکانی کورد، کە لە کەمینگەکانی مێژوودا سەربڵند بوون، بکەینە دیسکۆرسی سەردەست. ئەو بابەتە توێژینەوەی زانستیی لێ نەکەوتۆتەوە و کاری هونەرییشی لێ ساز نەکراوە بۆ ئەوەی بە نەوەی نوێ بناسێنرێن و بۆ بەرەی داهاتوو بگوازرێنەوە. لە کاتێکدا، بە نیگایەکی کۆمەڵناسانه‌ی مێرمنداڵ و مێمنداڵ، بەتایبەتی بەرەی زێد (Generation Z)، نەوەی ئێستا هەڵگری دیسکۆرسی سەردەست نین؛ ئەوان زیاتر دەچنە ژێر کاریگەریی سێلێبریتەکان. ئەم نەوەیە زێدە سۆزاوین و کاری مەترسیداریش دەکەن، تەنیا بۆ ئەوەی دیار بن و “سەرێک بن لەنێو سەران”. بۆ ئەوان سەدان بیری هونەری هەن کە تەنیا بە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک و تێچووی ماددی، دەکرێ وەک گەیم و فیلم بەرهەم بێنەوە. بەو بەرهەمە هونەرییانە، دەکرێ کارێک بکرێ ئەو نەوەیە بە شێوەیەکی ئەرێنی شاییی بە خۆی بێت و خۆی لە ئاستێکی بەرزتردا ببینێتەوە و هەستی گرێدراوێتی بە نیشتمانی خۆی پتەوتر بێت. هەروەها، زۆربەی دامەزراوەکانمان بنەمانامەیەکیان نییە و وێنە و وەڵامێکی ڕوونیشیان بۆ ئاییندە نییە. بەم جۆرە لە سیاسەتی كه‌لتووریدا دادەمێنین و پارە، کات و وزەی تێدا بەهەدەر دەدەین و دواجار متمانەی گشتی لەناو دەبەین و زیان لە ناوبانگیشمان دەدەین.

مەیدانی سیاسەتی نەتەوەیی

لە دوای ڕووخانی سۆڤیەت وڵاتانی دەستکردی فرەگەل ڕووخەکتر بوون و لەو دۆخەدا گەلە سەرکوتکراوەکانی وەک کورد، شانسی ئەوەیان هەبوو وەک شوناسی جیاواز سەر دەربێننەوە. کاتێک بابەتی نەتەوەسازی لە دوای جەنگی سارد گرنگییەکی زۆری پەیدا کرد، بەتایبەتی لە دوای ڕاپەڕین و، تێپەڕین لە مەترسییە گەورەکان، دەبوو کاری نەتەوەیی بۆ کورد گرنگییەکی زۆرتری هەبا. لە جەنگی یەکەمی کەنداودا، کورد بە تەکنەلۆژیایەکی سادە و توانایەکی کەمەوە گەیشتە بوون و کیانێک بە ناوی هەرێمی کوردستان؛ ئێستا لەو تەکنەلۆژیا نوێیەدا و لەو بەختە جیۆپۆلیتیکییەی کە هەیەتی، پێویستە خێراتر و چاوکراوەتر بەرەوپێشەوە هەنگاو بنێت.

سەرباری لاوازییان، هەرێمی کوردستان لەچاو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین باشتر دەتوانێ کاری نەتەوەیی بکات. چونکە بەشێک لە وڵاتانی فرەئیتنیکی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم لەسەر کۆڵەکەی کێشە دروست کران (Sariolghalam, 2017: 127)، سەرەڕای هەبوونی شارستانییەتە کۆنەکان، هێز و دەسەڵات و سەرچاوە ژێرزەمینییەکانیان زۆرترین شەڕیان بەخۆیانەوە دیوە لە ڕووی نەتەوەسازییەوە بە وڵاتی ناهاوتا و پسۆک دادەنرێن، چونکە جگە لەوەی وڵاتگەلی ساختەیین، مۆدێرنیتەیان تێدا جێگیر نەبوو، بۆیە ئاییندەیەکی ڕوونیشیان نییە.

کورد بەبێ هەبوونی دەوڵەت، لە ناوخۆدا توانای مێژوویی و فەرهەنگیی بۆ کاری نەتەوەیی هەیە، ئه‌ویش بەبێ ساختەکاری و نەهێشتنی جیاوازییەکان. بەو پێیەی کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە خواستی خەڵک دروست بووە، بەبێ پاکتاوکردنی وردەشوناسەکان، کاری نەتەوەییی تێدا ئاسانترە. دەوڵەتانی ناهاوڕەنگ (Heterogeneous) ستراتیژیی نەتەوەسازی بۆ پڕکڕدنەوەی کەلێنی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان دادەنێن، کە بەشێکن لە مێژووی مرۆڤایەتی؛ بە بەراورد، کۆمەڵگەی کوردستان ئەو کەلێنانە هێندە نییە، تەنیا ئەگەر بتوانێت دیواربەندیی نێوان حزبەکان و دوورگەبەندیی ناوچەکان، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانا نەتەوەیییەکان، بە هێزی باوەڕەوە نەهێڵێ، سەر دەکەوێت.

ئەگەر بە چاوێکی کوانتۆمی (Quantum) سەیری مێژوو بکەین، دەبینین پێکهاتەی نەتەوەکان بە شێوەیەکی سروشتی پێکهاتەیەکی پڕ لە جیاوازی و پارچەپارچەیییە (Fragmentation). واتە، لە جیهاندا کەم وڵاتی وەک ژاپۆن هەن کە نەتەوەیەکی یەکدەست بن. لە دونیادا تەنیا بیست وڵاتی وەک ئەڵمانیا هەن کە زۆرینەیەکی یەکدەستن و دەوڵەت-نەتەوەیان بەئاسانی تێدا دروست بووە.

لەو ناوەدا کورد، وەک گەلێکی ڕەسەن و گەورە لەسەر خاکی خۆی، تا ڕاددەیەکی زۆر لە بن و ڕیشەدا یەکدەستە و لە ڕووی كه‌لتووری و چارەنووس و هەستی هاوبەشه‌وه‌ یەکڕەنگە و لە ڕووی ئیتنیکییەوە، بە وێنەی گەلی ئەرمینیا، گەلێکی یەکسانە (Homogeneous). بۆیە لە سیاسەتی نەتەوەییدا دەست و مەیدانێکی کراوەی هەیە.

بەبێ ڕەچاوکردنی نۆستاڵژیای دەوڵەتی ماد و کۆماری کوردستان، لەم دوایییەدا، کورد پێش هەبوونی حکوومەت و دەوڵەت، حزبی ناسیۆنالیستیی هەبووە کە لەناو خەڵکدا خەباتی بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەی کردووە. کورد ئێستا لەسەر خاکی خۆی حکوومەتێکی هەرێمی و دەسەڵاتێکی فیدڕاڵی هەیە و خاوەن دامەزراوەگەلێکە کە لە سیاسەتی كه‌لتووریدا سەربەخۆیە، بۆیە دەتوانێ هاوبەشییەکی کۆیی ساز بکات و دواجار بە تواناسازی بە دەستی سیاسەتمەدارانی ناسیۆنالیست، بە ئامانجی بەرژەوەندیی گشتی دەوڵەتێکی ڕەوا بونیاد بنێت؛ بە شێوەیەک کە بڕیاری ژیان و چارەنووسی خۆی لەدەستی خۆیدا بێت. بەو ڕوانگەیەوە، گرنگە یەکێک لە ئەرکە نەنووسراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامرازی حوکمڕانییەکی باش (Good Governance)، نەتەوەسازی بێت. هەندێک لەو کارانە بریتین لە: یەکگرتووییی نەتەوەیی، سیاسەتی كه‌لتووری و تواناسازیی نەتەوەیی.

  1. یەکگرتووییی نەتەوەیی

کوردبوون میراتێکی مێژوویی و كه‌لتوورییه‌، بەڵام بۆ ئێستا و ئاییندە پێویستە بەبێ ئاسیمیلاندنی وردەشوناسەکان، لە چوارچێوەی پێکەوەژیانی سیاسیدا، وەک نەتەوە زیاتر پێ بگات. واتە، دەکرێ لەسەر ئامانجە گشتییەکان و خاڵە هاوبەشەکان بە مەبەستی پاراستنی خۆمان و دابینکردنی ژیانێکی باشتر کۆک و تەبا بێت و سیاسەتی نەتەوەییی لەسەر دابڕێژێت.

ئەگەرچی جیاوازی و تەنانەت ناکۆکییش، وەک شتێکی سروشتی و ئاسایی، سرشتی هەموو کۆمەڵگەیەکە، بەڵام لەو قۆناغەدا ڕەنگاڵەی نەتەوەیی، توانای نەتەوەیی بەرز دەکاتەوە. ڕاستە پێویستە ڕەنگی جیاواز هەبن، بەڵام گرنگە ئەو ڕەنگانە لەژێر سایەی ئاڵای کوردستاندا کار بکەن و ئەو ئاڵایە ڕەنگاوڕەنگە بکەنە ڕەنگی سەرەکی. لەو دۆخەی کورددا، هەبوونی حزب پردێکە بۆ پێشکەوتن، بەڵام گرنگە ئەو ڕەنگبەندییە حزبییەی ئێستا تا ئەو جێگەیە ڕێگەی پێ بدرێ کە تەنیا بۆ کاروباری ناوخۆیی بەکار بێت. واتا کێ زیاتر و باشتر دەتوانێ خزمەت بکات، نەک ڕەنگە حزبییەکان ببنە مەترسی بۆ سەر ئامانجی گەورەتر.

لە دۆخی سەقامگیری و شانسی جیۆپۆلیتیکدا بە یەکڕەنگی توانای نەتەوەییمان بەرزتر دەبێتەوە. بۆیە بۆ ڕەچاوکردنی هەموو دۆخێک، گرنگە یەکگرتووییی نەتەوەیی و یەکدەنگی لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا هەبێت و بەو ڕەنگە حکوومەتی یەکگرتوو لەسەر بنەمای خاڵە هاوبەشەکان، بە ئامانجی پاراستنی گەل و دابینکردنی ژیانێکی خۆش بۆ خەڵک، دروست بکرێت. بەو جۆرە هێزی یەکگرتووییی کورد سەرمایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی دەخاتە ڕووی جیهان و دەبێتە شیاوی ئەوەی سەرمایەی دەرەکیی بۆ ڕابکێشرێت.

بەو تێڕامانە، گرنگە حزب و دەسەڵاتەکان بەستێنی پێکەوەژیانی سیاسی خۆش بکەن و نەبنە بەربەست لەبەردەم یەکگریی نەتەوەیی. لێرەدا، کاری بەجێ ئەوەیە حزبەکان، وێڕای ڕکەبەرایەتی لەگەڵ یەکتر، لە جیاتی دێوسازی (Demonize) لە یەکتر، کەشی مرۆیی نیشاندان (Humanize) لە یەکتر بڵاو بکەنەوە.

بەو دیدەی کە حکوومەتی لاواز کۆمەڵگەی لاوازیشی دەبێت، سیاسەتی نەتەوەیی بە هاوگریی خەڵک دەگاتە ئامانج و مەیدانی پەرەسەندنیش (Development) بەرینتر دەکەن. ئەم کارە بە بەڕێوەبردنی دروستی ناوخۆیی دەکرێت کە تێیدا نوخبە و کۆمەڵگەی مەدەنی گەشە دەکەن و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دەرەکییش دەبێت. ئەگەر ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵی جیۆپۆلیتیکدا لە دۆخی هەستانەوەدا بێت لە ئەگەری نشێوەدا، کە تێیدا جیۆپۆلیتیکیش دەچێتە ژێر کاریگەریی ئابووری و کایە نێودەوڵەتییەکان دەگۆڕدرێن، بەبێ هەبوونی پشتیوانیی خەڵک تووشی ترازانی نەتەوەیی دەبێت.

بەو نیگایەی کە لە هەموو سەردەمێکدا هێزی خەڵک بە پایەیەکی دەسەڵات دانراوە، گرنگە حکوومەت وەک حوکمڕانییەکی خاکەڕا (Humble Governance) کۆمەڵگەی بۆ گرنگ بێت و ببێتە وڵاتی هەموو کوردێک و تێیدا هاووڵاتی تەوەرەی سەرەکی بێت. ئەگەر ئەو ئامانجە لە ڕێگەی دامەزراوەی دیموکراتیک بنیات بنرێت لە پرۆسەیەکدا ناسیۆنالیزمی مەدەنی (Civic Nationalism) لەسەر بنەمای هاووڵاتی پێ دەگرێت و پێ دەگات- کە ئەمەیە ئامانجی سەرەکی. هەر کاتێکیش هاووڵاتی بووە تەوەر و سەروەر (Sovereign Citizen)، ئەودەم تاک و ڕەنگە جیاوازەکانیش بە نەتەوەوە گرێ دەدرێن و ناسیۆنالیزمی مەدەنی لەسەر بنەمای هاووڵاتی ساز دەبێت. (Kordnajad, 2024) بەو ڕستەیەدا خەڵک لەگەڵ حکوومەت لە پەیوەندیدا دەبن و لەبن بانێکدا حکوومەتی دڵسۆزی خەڵک دروست دەبێت و خەڵکی وەفادار بە حکوومەتیش دروست دەبن.

  1. سیاسەتی كه‌لتووری

نەتەوەسازی تەنیا بە دەوڵەت، دەستوور و یاسای دیموکراتیک ناکرێت و بەستێنە و مێکانیزمی گەرەکە. واتە، بەستێنی وەک ڕزگاربوونی خاک، سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و، هاوگریی کۆمەڵگەی دەوێ. جگە لەوەی پێویستە گەشەپێدان و پەرەپێدان بە شێوەیەکی هاوسەنگ بچێتە پێش، گرنگە سیاسەتی ڕزگاریی نەتەوەیی وەک بابەتی سەرەکی دابنرێت. یەکێک لەو کارانە سیاسەتی كه‌لتوورییە کە دەتوانێ نەتەوەیەک دەوڵەمەند بکات بۆ ئەوەی لە ئاستی ناوخۆییدا بەتوانا بێت و لە ئاستی نێونەتەوەییشدا خۆی بڕازێنێتەوە. بەو چاوە، پێویستە دامەزراوەکان بیر لە بابەتی كه‌لتووری و پسپۆڕی بکەنەوە و بەو ڕێگەیەوە توانای سیاسەتی نەتەوەیی بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، لە واری فەرهەنگ و زانست و ئابووریدا، قسەیەکمان پێ بێت.

کورد لە ڕابردوودا خاوەن شارستانییەت و میراتی فەرهەنگی بووە، بەڵام گرنگە بیر لەوە بکەینەوە کە ئێستا چیمان هەیە و بەو توانایەی ئەمڕۆ چیمان بۆ داهاتوو پێ دەکرێت. بەو پێیەی لە ڕووی سیاسەتی كه‌لتوورییەوە، کاری نەتەوەسازی لەناو دەسەڵاتێکی فیدڕاڵی و ئۆتۆنۆمییشدا دەکرێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێ بە سیاسەتی كه‌لتووری خەباتی نەتەوەیی بکات. بەتایبەتی، لایەنە نەتەوەیییەکان دەتوانن کاری كه‌لتووریی درێژمەودا بکەن. ئەگەر لایەنە نەتەوەیییەکان خۆیان ببنە لیدەری ئەو ڕەوت و ئامانجانە، لەوانەیە ترووسکایییەکی هیوابەخش لە سوێ وەدەرکەوێ.

ئەمڕۆ ئەوەندەی پێویستە کار لەسەر هێما نەتەوەیییەکان بکرێت، پێویست نییە کار لەسەر شتێک بکرێت کە بابەتی سەرەکی نییە. بۆیە جێی خۆیەتی لە ڕۆژنامە و سایتەکانیشدا بابەتی تواناکانی یەکگرتووییی نەتەوەیی بکرێنە دیسکۆرسی نێوان ڕووناکبیران. هەروەها گرنگە سیمبولی وەک خاک، مێژووی هاوبەش، زمان، خەبات، کەسایەتیی مێژوویی، كه‌لتوور و تەنانەت ستەمی مێژوویی وەک توانای نەتەوەیی بکرێنە هێما و ئەستوورەیەک بۆ یەکگرتووییی نەتەوەیی. ئەم کارانە بە خۆماندووکردن و بەرهەمهێنان دەکرێن نەک بە کۆپیکردن. بۆ ئەم مەبەستە، گرنگە دامەزراوەی فەرهەنگیمان هەبن کە لەگەڵ نەریتەکاندا بێنەوە و ئەرکی نەتەوەسازی و چۆنێتیی کارەکەیان بزانن. پێویستە ئەمانجەکان دیاری بکرێن و بکرێنە پێوەر بۆ دامەزراوەکان کە پێ دەچێ ئەو پێوەرانە لەبیر کرابن. دواتر پێویستە زیانەکان بناسین بۆ ئەوەی بزانین دامەزراوەکان تا چەند توانیویانە ئامانجە نەتەوەیییەکان بپێکن. بۆ ئەم کارە پێویستە کەڵک لە پسپۆڕە ڕاستەقینەکان وەربگیرێت کە کەمیش نین، بەڵام مەیدانیان نییە و دڵشکاون.

هەروەها پێویستە کاری هونەری بکرێت چونکە لەناو کەشی گشتیدا کاریگەری و کاراییی هونەر لە چەندان کتێب زیاترە. هونەر ئەوەندە بەهێزە کە شتی زۆر گەورە هەڵدەگرێت و دەیگێڕێ، بەڵام بەو مەرجەی بۆن و بۆچوونی سیاسی، بە پشتبەستن بە زانست و بەڕێوەبردنی هونەر، تێدا هەبێت و هونەرمەندی ڕەسەن و ڕاهاتوو بە کارەکە ڕابن. وەک ماددەی خاو، فەکت و فۆلکلۆری ئەرێنی لەناو کورددا زۆرە؛ تەنیا پێویستیی بە زانین، زانست و بەڕێوەبردن هەیە کە تەیار بکرێن و نیشان بدرێنەوە. دواجار ئەم کارانە لە پاڵاوگەی ڕاستیدا دەپاڵێورێن و ڕاستییەکان دەردەکەون. کوردیش پێویستیی بە زیادەڕەوی نییە چونکە مێژووی خەباتەکەی ڕاستە و، لە بناوانیدا دەردەکەوێ کە گەلێکی ئازادیخواز بووە و تەنیا ژیان و پێشکەوتنی دەوێ.

  1. توانامەندیی نەتەوەیی

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گرنگە توانای نەتەوەییی کورد ببینرێت. بەڵام تا ئێستا کورد وەک گەلێک دەناسرێ کە ستەمی لێ کراوە. جینۆسایدی وەک ئەنفال دەتوانێ ببێتە ئوستوورەی یەکێتیی کورد و وەک میكانیزمی یاسایی بۆ ئەستاندنی مافێک لە کاتی خۆیدا بەکەڵکە، بەڵام ناکرێ ببێتە شوناسی سەرەکی. هەروەها کورد بە وەفادار ناسراوە و پێکەوەژیان لەناو کەلتووری کوردیدا بەهای جیهانیی هەیە؛ بەڵام، ئەمانە به‌شی ئامانجەکان ناکەن چونکە کورد وەک گەلێکی بەتوانا کە بتوانێ خزمەت بە مرۆڤایەتی و جیهان بکات، نابینرێت.

بە مەبەستی تواناسازی بۆ بەجێنەمان لە شارستانییەتی نوێی مرۆڤایەتی و بۆ بەهێزترکردنی سیاسەتی ڕزگاریخوازی، گرنگە جەوهەری شایستەسالاری (Meritocracy) بکرێتە بنەما و، بە ئیرادەیەکی بوێرانە نوخبە ڕاستەقینەکان بهێنرێنە ناو مەیدانی بەشداری. کورد ئێلیتی شیاوی هەیە و دەشێن توانای نەتەوەییی کورد نیشانی جیهان بدەن. ئەو کەسایەتییە زانستی و فەرهەنگییانە دەتوانن لە سەردەمی پەرەسەندن و زانیاری (شەبەکەیی)دا شارستانییەتی نوێ ساز بکەن و خۆیەکی نوێ و بەتوانا بە دونیا نیشان بدەن. لە ئاستی ناوخۆییشدا ئەو کەسایەتییانە دەتوانن وێڕای نەتەوەخوازان، بە بەڵگەی مێژوویی و بە هونەر، کاری نەتەوەیی بکەن. بۆیە گرنگە کەسایەتییە گەورەکانی کورد بە ناوی هەرێمی کوردستان قسە بکەن و حکوومەتیش خۆی بکاتە خاوەنیان.

دەرەنجام

بە ئاراستەی ئامانجی نووسیندا، دوای تاوتوێی تیۆری دەوڵەت-نەتەوەسازی، بە سەرنجدان بە گۆڕانە جیۆپۆلیتیکییەکان، کە تێیدا کورد وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە ناوچەکەدا سەنگی خۆی هەیە، ئەو گریمانەیە دەسەلمێ کە ئەگەرچی هەرێمی کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام بەهۆی هەبوونی دەسەڵات و توانا كه‌لتووری و مێژوویییەکەیه‌وه‌ دەتوانێ لە چوارچێوەی حکوومەت-نەتەوەدا، بە یەکگرتووییی نەتەوەیی، سیاسەتی كه‌لتووری و تواناسازی، سیاسەتی ڕزگاریی نەتەوەییی خۆی بەرێتە پێش و لە ئاستی نێونەتەوەییدا پێناسی نەتەوەیەکی توانمەند بەخۆیەوە بلکێنێت. لەو هەلومەرجەدا، کورد دەوڵەتی هەبێ یان نەبێ، لە پڕۆسەیەکی نەتەوەسازیدایە، بەڵام بە هەبوونی کێشەی ناوخۆیی و بەبێ ئیرادەی سیاسی و لاوازبوونی سیاسەتی كه‌لتووری، پڕۆسەکە ناگاتە جێ. بۆیە بە ئامانجی بەهێزترکردنی سیاسەتی ڕزگاریی نەتەوەیی، پێویستە کێشە ناوخۆیییەکانی ناو کورد کاڵتر بکرێنەوە و حکوومەتیش بەسەر خاڵە لاوازەکانی سیاسەتی كه‌لتووریدا زاڵ بێت و بیر لە توانمەندبوون بکاتەوە.

سەرچاوەکان:

Bashirieh, Hossein. (2004). Reason in Politics: Thirty-Five Essays on Philosophy, Sociology, and Political Development. Tehran: Negah-e Moaser. [In Persian].

Binder, L., Coleman, J. S., La Palombara, J., Pye, L. W., Verba, S., & Weiner, M. (2015). Crises and sequences in political development (SPD-7). Princeton University Press.

Bremmer, I. (2003). Nation and state bulding in eurasia. Georgtown Journal of International Affairs.

Hobsbawm, E. J. (1990). Nations and nationalism since 1780: Programme, myth, reality. Cambridge University Press.

Kordnejad, H. (2024). Note Day, “Social order as the primary priority”. Institute for Research and Development (IRDK). [In Kurdish].

SariolQalam, .Mahmud. (2017). The International System and the New Geopolitics of the Middle East, Journal of Political Science. 12(1),101-139. [In Persian].