1

تاوتوێی دۆخی سەرمایەی سیاسی و ڕێکخستنی لە هەرێمی کوردستان

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان

پوختە

پرسی سەرەکیی ئەم نووسینە، چۆنێتیی کەڵەکەکردنی سەرمایەی سیاسی و دیاریکردنی ئامرازەکانی بەهێزتربوونییەتی لە هەرێمی کوردستان. بەو پێیەی بۆشایییەکی توێژینەوەیی لەو بابەتەوە بە زمانی کوردی هەیە، ئامانجی وتار نیشاندانی گرنگایەتی، کارایی و کاریگەریی سەرمایەی سیاسییە لە چوارچێوەیەکی تیۆریک بە میتۆدی وەسف و ڕوونکردنەوە. لێرەدا ئەوە نیشان دەدرێ کە ئەگەر سەرمایەی سیاسی ڕێک بخرێت، لە ئاستی ناوخۆییدا یەکپارچەسازیی سیاسی، بەهێزتربوونی سیاسەتی نەتەوەیی، حوکمڕانیی پەسەند (باش) و پەرەسەندن ئاسانتر دەبێت و، لە ئاستی نێونەتەوەییشدا ناسنامەی توانامەندبوونی نەتەوەییی پێوەیە.

پێشەکی

وڵاتانی جیهان سەرمایەی سروشتی و مرۆییی جۆراوجۆریان هەیە و بەپێی ئەو سەرچاوە جیاوازانە هەنگاوی سیاسی و سیاسەتی داوێن. ئەم هەنگاوانە بە مەبەستی وێناکردنی ستراتیژ، پێویستییان بە سەرمایەی سیاسی (Political Capital) هەیە. هەروەها ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسی لە سیاسەتی پەرەپێدانی گشتیدا پێگەیەکی گرنگی هەیە و وڵاتانی پەرەسەندوو گرنگییەکی زۆری پێ دەدەن. دەتوانین بڵێین، یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی وڵاتانی پەرەسەندوو، سەرمایەی سیاسییە کە خۆیان دایان هێناوە و پێشیان خستووە.

سەرمایەی سیاسی، جگە لەوەی سەرچاوەکانی دیکە بەڕێوە دەبات، دەبێتە هۆی ئەوەی کارگەی سیاسەتی گشتی و بڕیارسازییش دەوڵەمەند بێت. واتە، بەو پێیەی زانستی سیاسەت پەیوەندیی بە هەموو وارەکانی ژیانەوە هەیە، سەرمایەی سیاسی دەتوانێ سەرمایەی زانستی، ئابووری، مرۆیی، کۆمەڵایەتی و كه‌لتووری (فەرهەنگی) وەگەڕ بخات و بە باشترین شێوە ئاراستەیان بکات. بۆیە تاک، گرووپ، حزب و حکوومەتەکان سەرمایەی سیاسیی خۆیان کەڵەکە دەکەن. ئەوان هەرچەندی ئەو سەرمایەیە دەوڵەمەندتر بکەن و زیاتر دەستی بەسەردا بگرن و پتر وەپێشی بخەن، سوودی زۆرتری لێ وەردەگرن.

بۆ وێنە، هەندێک وڵاتی وەک ژاپۆن، ئەگەر لەسەرچاوەکانی تریشدا کەمیان هەبێ، لە ڕێگەی کەڵەکە و ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسییه‌وه‌ کۆمەڵێک سەرمایەی دیکە ڕادەکێشن و بەو ڕێیەدا پەرە دەستێنن. بۆ وانە، تەنانەت لەناوخۆی وڵاتێكی وەک ئیتاڵیادا سەرمایەی سیاسی لەناوچەیەکدا بۆتە هۆی پەرەسەندنی بەشێک و، لە بەرانبەردا ئەو ناوچەیەی کە سەرمایەی سیاسیی تێدا کزترە کەمتر پەرەی سه‌ندووە. (Putnam, 1993) ئەم وانەیە پێمان دەڵێ هەرچەندی هەنبانی سەرمایەی سیاسی پڕتر و تەیارتر بێت، سیاسەت و پلاندانانیش ئەوەندە سەرکەوتووتر دەبێت. هەرچەندی سیاسەتیش سەرکەوتووتر بێت، بەستێنی پەرەسەندن هەموارتر و پێکانی ئامانجەکانیش خۆشتر دەبێت. لەسەر ئەو پایەیە ئاستی ڕەوایەتییش بەرز دەبێتەوە و مۆری توانامەندی لە ناسنامەی نەتەوەیی دەدرێت. چونکە سەرمایەی سیاسی لە چوارچێوەی لۆژیکی جیۆپۆلیتیکیشەوە هەڵدەسەنگێنرێ. بەڵام، بەپێچەوانەی ئەو فۆرمۆڵە، زیان لە ڕەوایەتی و ناوبانگ دەدرێت و دواجار ئەو سەرمایە سیاسییەی کە هەیە وردە وردە بەفیڕۆ دەچێت.

هەرێمی کوردستان، وێڕای سەرچاوەگەلێکی سروشتی و مرۆیی، سەرمایەی سیاسییشی هەیە کە لە دیدی ئەکتەرانی نێودەوڵەتییەوە سێرەی لێ گیراوە. بۆیە هەرچەندی ئەم سەرمایەیە کەڵەکە و تەیارتر و ڕێک بخرێت، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کورد بە ئه‌كته‌رێكی توانمەندتر دەناسرێت. لێرەدا دەبێ بپرسین سەرمایەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە چ دۆخێکدایە و چۆن تەیار و ڕێک دەخرێت؟ لە وەڵامدا، پێ دەچێ گرنگیی سەرمایەی سیاسی وەک پێویست نەناسرابێت و لە دۆخێکی لاوازدا بێت. بەهێزنەبوونیشی بۆ هۆکاری وەک خووی ئیرەیی، کێشەی ڕەفتاری، لاوازبوونی زانست، ناهەماهەنگیی نوخبەکان و ڕکابەرایەتیی نادروست دەگەڕێتەوە.

بەو ڕوانینەوە، بۆ ئەوەی سەرمایەی سیاسی، بێمایە نەبێ و سیاسەتەکان نەبنە سیاسەتی ڕۆتینی ڕۆژانە و حوکمڕانیی پەسەندیش پێ بگرێت تاکوو حکوومەتێکی بەهێز و پەرەپێدەر ساز بێت، پێویستە ئەو سەرمایەیە پڕبار و ڕێک بخرێت. بۆ تەیار و ڕێکخستنیشی گرنگە لە ئاستی تاکدا، پەیوەندییەکی ستوونی لەگەڵ ئیلیتەکان (نوخبه‌كان)دا گرێ بدرێت و دەستەبژێرە خاوەن پرەنسیپەکان بۆ هەموو بوارەکان ڕابکێشرێن؛ لە ئاستی کۆمەڵگەدا، پەیوەندییەکی ئاسۆیی لەگەڵ خەڵکدا ببەسترێت؛ لە ئاستی حزبیدا، تۆڕی سیاسی بەرین بکرێت و وێڕای ڕکابەرایەتی، پەیوەندییەکی پتەو و پایەدار لە نێوان لایەنەکاندا هەبێت؛ لە ئاستی حکوومەتدا، دامەزراوەکان پڕ بکرێن لە زانست بۆ ئەوەی ئاستی توانایی، کارایی و متمانە بەرزتر بکرێتەوە و بەو جۆرە ئاستی ڕەوایەتی هەڵکشێت.

بەستێنی واتایی و لۆژیکی تیۆری

سەرمایە (Capital) سەروەت و هێزێکی کەڵەکەبوو، بەرهەمهێنەر و بزێیە (مولد/Generative) کە بە شێوەی سروشتی، مرۆیی و ماددی هەیە و دەتوانێ سەرمایەی تر وەبەر بێنێت. چونکە سەرمایە لە ڕێگەی بەشداریی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هەموو بوارەکانی تر دەبێت. یەکێک لەو سەرمایە دیار و کاریگەرانە، “سەرمایەی سیاسی”یە کە بونیادی سیاسیی کۆمەڵگە و دەسەڵات دەپارێزێت.

چەمکی سەرمایەی سیاسی چەمکێکی سادە نییە، بەڵکوو وەک چەمکێکی ئاڵۆز و ڕێژەیی (Relative) بەرهەمێکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابوورییە، هەروەها لێکەوتەی ئەو سیاسەتانەیە کە لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا پەیڕەو دەکرێت. (Kordnejad, 2024) لە ڕووی کۆنایەتییەوە، ئەم چەمکە هاوپێی چەمکی سیاسەتە، بەڵام لە قاڵبی ئەکادیمیکدا بە بەرگ و واتایەکی نوێ لە کۆتاییی سەدەی بیستەمدا هاتە سەر زاران. واتە، وەک چەمکێکی مێتافۆڕیک بەهای سیاسی و سیمبولیکیشی هەڵگرتووە (Bourdieu, 1986) بۆیە بۆتە بابەتێکی نوێی ناو توێژینەوەکانی پەیوەندیدار بە حوکمڕانی. دەتوانین بڵێین ئەم چەمکە بەپێی گۆڕانی كه‌لتوور (فەرهەنگ)ی سیاسی، گۆڕانی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی زانست گەشەی کردووە و بۆتە بابەتێکی سیاسەتی سەردەم، کە بریتییه له کەڵەکەی سەرمایەی دەسەڵات بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەوایەتیی سیاسی.

ئەم سەرمایەیە ئاستێک لەسەرمایەی مرۆیی، کە گرێدراوی تاکە و ئاستێک لەسەرمایەی کۆمەڵایەتی، کە گرێدراوی گرووپە، بەرزترە؛ چونکە جۆرێکە لە کار و کردەوەی سیاسی کە بە شێوەیەکی ئاگایانە لەسەر پڕۆسەی سیاسەت (Policy) و سیستەمی سیاسی کاریگەری دادەنێت. (Booth & Richard, 1997) واتە سەرمایەکان تێکڕا دەبنە پاکێج و بانکی دەسەڵاتی سیاسی. (Shugurenskyc, 2000: 4) بۆیە سەرمایەی سیاسی بە سەرمایەیەکی ژێرخانی دادەنرێت و سیمبولی سەرمایەکانی دیکەیە و وەک دەسەڵاتی سیاسی دەناسرێت. (Bourdieu, 1991: 192)

سەرمایەی سیاسیی وڵات و نەتەوەیەک، لەسەر ڕەگی نفووز و پەیوەندی دەڕوێ و بە بەشدارییەکی سیستەماتیک گەشە دەکات (Booth and Richard, 1998: 782) و لە ڕێگەی هەماهەنگی و كه‌لتووری سیاسییەوە بەروبوومی دەبێت. (Casey, 2008: 7) ئەم سەرمایەیە دوو ڕەهەندی زەینی (Subjective) و دیاری (Objective) هەیە. ڕەهەندە زەینییەکەی بریتییە لە: نۆڕم، بەها، متمانە، باوەڕ، هیوا، ئاگایی، زانست و لێزانی. ڕەهەندە دیارەکەی بە شێوەی کۆمەڵە، گرووپی کۆمەڵایەتی-سیاسی، یاسا، پڕۆسەکان  و ستراکچەرەکان دەردەکەون. (Uphof, 2000: 219) نیشاندەرە سەرەکییەکانی بریتین لە: متمانەی گشتی، ڕەوایەتی، باوەڕ، ئامانج، تۆڕی پەیوەندی و یەکێتی، پێگەی دامەزراوەیی، توانای تەیارکردن و توانای ڕیسک؛ کە کۆی ئەوانە هێزی ڕاستین دیاری دەکەن و کاریگەرییان لەسەر بڕیاردان دەبێت. (Joudaki, 2021) جۆرەکانی سەرمایەی سیاسی لە کۆی تواناکانی تر بەرهەم دێت کە لە سەرمایەی دامەزراوەیی، کاریزمایی، حزبی و سەرمایەی سیمبولیک پێک هاتوون.

سەرمایەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان

کورد چەندان سەرمایەی ماددی و ناماددیی سروشتی، ئابووری، کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی و مرۆییی هەیە؛ بەڵام سەرەڕای ئەو سەرمایانە نەک هەر پەرەی نەسەندووە، بەڵکوو لەناو ڕەوتی مێژوو و شەپۆلەکانی سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیدا، بۆتە کەڵەکی سەرئاو و نەیتوانیوە وەک پێویست لەناو گەمەی ڕۆژگاردا گەمیەکەی خۆی بەرەو ئەو کەنارە ڕاستاوێژ بکات کە دەبوو لەنگەری لێ بگرێت. وەک هەموو شوێنە پەرەنەسەندووەکان یەکێک لە هۆیە مەتەڵینەکانی ئەو سەرگەردانییە، لاوازبوون و ڕێکنەخستنی سەرمایەی سیاسییە. هەروەها جگە لە نەبوونی دەرفەت و هۆکاری فەرهەنگی، یەکێک لە هۆیەکانی لاوازبوونی سەرمایەی سیاسی ئەوەیە کە هێزی مرۆییی کارامەمان کەمە؛ بۆیە مەترسیی ئەوە هەیە کە ناشایستەیی ببێتە دیاردەیەکی هەراو و هەوسارپساو.

ئەم دۆخە، ڕێگەی گوزار بۆ سیستەمێکی یاساسەروەر سەختتر دەکات. ئەگەر ئەو ڕەوتە نەرێنییە کۆنتڕۆڵ نەکرێت دەبێتە هۆی ئەوەی تاکی شیاو پەراوێز بخرێت و لە ئاستی حزبییشدا ناحەزایەتییەکی مەترسیدار بێتە ئارا و حزبە کوردییەکان یەکتر بە نەیاری دێرینە و دێوینەی یەکتر دابنێن و سەقامگیریی سیاسی لەرزۆک بکەن. لەو دۆخە نەخوازراوەدا دامەزراوە حکوومییەکانیش، کە لەسەر بنەمای ناتەباییی نێوان حزبەکان دابەش دەکرێن، بۆیە لەگەڵ یەکتر ناهەماهەنگ دەبن. بەو جۆرە لەناو دامەزراوە گشتییەکانیشدا لە جیاتی ئەوەی پشت بە زانست ببەسترێت، پشت بە سەرچاوە کۆنەکان دەبەسترێت. بەو کەلێنەدا دەستی نافەرمییش دزە دەکاتە ناو کاروباری فەرمی. لە کەشێکی ئاوادا دامەزراوە ناحکوومییەکانیش، لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەتی، تووشی هاوتەریبکاری دەبن؛ لە ئاکامدا سەرمایەی سیاسی، بێمایە و لاواز دەبێت.

بەو حاڵەیش، ناکرێ بڵێین کورد سەرمایەی سیاسیی هەر نییە؛ چونکە بزووتنەوە و شۆڕشەکانی بەر لە پەیدابوونی حزب و دامەزراوەکان متمانە، ڕەزامەندی و پشتیوانیی خەڵکیان، وەک سەرمایەی کۆمەڵایەتی هەبووە کە بەپێی پێناسەی یۆنانی کەونارا بە سەرمایەی سیاسی دەهاتە هەژمار.

بەپێی پێناسەی سەردەمی مۆدێڕنیتە، کورد لە دوای شۆڕشی پیشەسازی بەبێ هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، وێڕای هەموو کێماسییەک، لە دەرەوەی حکوومەت و پەرلەماندا ڕێکخراوی سیاسیی هەبووە کە بە سەرمایەی سیاسی دادەنرێت. ئێستا دەسەڵاتێکی فەرمی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە سەرمایەیەکی گرنگی دەسەڵاتی سیاسی دادەنرێت. لە ئاستی تاکیشدا کورد سەرمایەی سیاسەتزانی لێرە و لەوێ هەن. بەو حاڵەیشەوە لەو چەرخە کێمایەتیدارەدا هێشتا سەرمایەی سیاسی پڕبەپێستی خۆی کەڵەکە نەبووە؛ ئەوەندە سەرمایە سیاسییەی کە هەیە، بەهۆی ئەوەی کە ستراتیژێکی نەتەوەیی وێنا نەکراوە، سەرمایەیەکی بڵاو، ناکۆک، ناتەیارە و پێویستی بە ڕێکخستن هەیە.

ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسی

دیارە سەرمایەی سیاسی لەناو بیرگەی نەتەوەییدا بەرهەم دێت و لەسەر ئەو ویست و بنەمایە ستراتیژیش وێنا دەکرێت. لەو وێنەیەدا دروشمی شۆڕشگێڕی و نیگای ئەمنییەتی بەتەنیا وەڵامگۆی گۆڕانکارییە خێرا و ئاڵۆزەکانی جیهانی ئەمڕۆ نییە. بۆیە بۆ لایەنە نەتەوەیییەکان سەرمایەی سیاسی، بە مەبەستی دانانی ستراتیژیی نەتەوەیی، پێویستییەکی سەرەکییە. ئەمڕۆ ئەو سەرمایەیە بەرهەمهێنانی هێز و دەسەڵات و نفووزی کۆمەڵایەتییە لە ڕێگەی کەسایەتیی سیاسی، حزبەکان، دامەزراوەکانی هەڵبژاردن، حکوومەت، پەرلەمان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، گەشەی ئابووری و یاسایی و شتگەلێکی تر بە مەبەستی پاراستنی چوارچێوەی سەروەریی نەتەوەیی.

ئەو سەرمایە و سەرچاوانە بەیەکەوە سەرمایەی دەسەڵات پێک دێنن و پێکەوە دەتوانن ببنە شوورەی بەرگرەوە لە بەردەم هەڕەشەکان و، بەو ئامرازانەوە گرێکوێرەکانی قەیرانیش بە شێوەیەکی ئاسانتر دەبنەوە. بۆیە هەر سیستەمێکی سیاسی، پێویستیی بە پاراستنی سەرمایەکانی دەسەڵاتی خۆیەتی. ئەگەر ئەو سەرمایانە لەدەست بچن، لە کاتی قەیراندا خەزێنەی سەرمایەی نەتەوەیی بەتاڵ دەبێت و کۆی سەروەری دەکەوێتە بەر مەترسی. (Ashtariyan, 2025) شایانی گرنگیپێدانە، ئەگەر لە دۆخی ئاساییشدا ئەو سەرمایانە بەباشی نەناسین، لە وێستگه‌ هەستیارەکاندا سەرمایەی دەسەڵات ئەستەویر دەبێ و بەری نابێت.

بۆیە بۆ ئەوەی کورد بتوانێ سیاسەتی ڕزگاریی نەتەوەیی و پەرەسەندن بە شێوەیەکی هاوتەریب لە ئاستی تاک، گرووپ، دامەزراوە و حکوومەتدا دابڕێژێ، پێویستی بە ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسی هەیە.

ئاستی تاک:

بەو ڕوانگەیەی کە سەرمایەی هزری لە دیالێکتیکی تێز و ئه‌نتی تێزی نێوان هزرمەنداندا سەنتێزێکی لێ پەیدا دەبێ و هزرەکە شۆڕ دەبێتەوە ناو خەڵک، یەکێک لە پێویستییەکانی سەرمایەی سیاسی، سەرمایەی تاکی پێگەییو و شیاوە کە خاوەن هەژموونی هزری بن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە دروست بکەن. لە کوردستاندا بەشێک لە تاکەکان بە خۆئاگایی و تێگەیشتنێکی تیۆریکئاسا، کە ڕۆحی سیاسەتە، کەسایەتیی سیاسیی پاک و پتەویان لێ ساز بووە و دەتوانن ببنە سەرمایەی سیاسی. کەواتە، بۆ ئەوەی ئەنباری سەرمایەی سیاسی پڕ بێت، پێویستە شایستەدۆزی، شایستەناسی، شایستەبژێری و شایستەسالاری (Meritocracy) لە هەموو بوار و دامەزراوەکاندا بکرێتە کارێکی سەرەکی و، بەو شێوەیە سەرمایەی تاک ئۆرگانیزە بکرێت تاکوو ئۆرگانی بۆچوون و بڕیارسازی بینا بنرێت.

ئەم شێوازەکارە هێزی کارناس بەرهەم دێنێت و بانکی سەرمایەی سیاسی و سەرمایەی سیاسەتی پڕ دەکات. بەو تێگەیشتنە گرنگە، ئەگەر کەسی شایستە لە حزبێکی دەرەوەی دەسەڵاتیشدا بوو، لە سیاسەتی گشتیدا بەشدار بێت. بەپێچەوانەوە ئەسپاردنی مەیدانی سیاسەت بە موریدانی وەفاداری کەم شارەزا، کە تایبەتمەندییەکی نەرێنیی شاهانی بەرێ بوو، ڕادەستکردنی فەرمانی عەقڵ و ڕۆحی سیاسەتە بە کەسانی ناشارەزا کە دەبێتە هۆی لاڕێبوون و هەڵەنگوتن. جێی ئاماژەیە ئەو دیاردەیە کەلێنی ئەمنییەتییشی لێ دەکەوێتەوە و لە ئاکامدا جۆرێک لە جیاکاریی سێکتاریزم (Sectarianism)ی لێ دەکەوێتەوە.

لە هەڵبژاردنەکاندا ئەوە دەردەکەوێ کە زۆربەی حزبەکان لە جیاتی نیشاندانی وەزنی سەرمایەی سیاسیی خۆیان، بە دوای هەندێک پێگەی کۆمەڵایەتیدا دەگەڕێن، کە هیچ ناسنامە و تابڵۆیەکی سیاسییان نییە. لە کاتێکدا دەکرێ، بە شێوەیەکی ئۆلگۆریتمیک، بە ڕوونکردنەوە و پارسەنگهێنانەوە هێز و پێگە کۆمەڵایەتییەکانیش بۆ بەهێزکردنی سەرمایەی سیاسی، تەبا و تەیار بکرێن. هەرچەندە زۆر کەس ڕەخنە لە ڕەفتاری حزبەکان لە کاتی هەڵبژاردندا دەگرن- کە ڕەنگە بەڕواڵەت ڕەخنەی بەجێ بن- بەڵام ئەم جۆرە ڕەفتارانە لە زۆربەی ئەو سیستەمانەدا هەیە کە سەرەنجامیان بۆ لە ناوبانگی باش گرنگترە؛ ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگترە ئەوەیە کە، دانانی سیاسەت بە کەسی ناشارەزا نەسپێردرێت. ئەو کارە نەزۆکە وەک ئەوە وایە کە ڕەوتی بەرهەمهێنانی ئابووری لە جیاتی بدرێتە دەست ئابووریناسان، بدرێتە دەستی بازاڕیان.

ئاستی کۆمەڵگە:

هەرچەندە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی دادەنرێن، بەڵام ئەگەر ببنە سەرمایەی سیاسی، کاریگەرییان زیاتر دەبێت. گۆڕینی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بۆ سەرمایەی سیاسی، پێویستیی بە دانانی سیاسەتە لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و كه‌لتووریدا.

ئەگەر متمانەی کۆمەڵایەتی لەناو تۆڕی گرووپەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگەی نفووز، هاوکاری، شەفافییەت، وەڵامگۆیی و بەرپرسیارێتی بەهێز بکرێت، ئاستی بەشداری بەرز دەبێتەوە و ڕەوایەتییەکی زیاتر ساز دەبێت. ئەگەر متمانەکە لەسەر بناغەی هاوگری و سەقامگیری داڕژابێ، باوەڕ بە سیستەم و دامەزراوەکان و کەسایەتییەکان زۆرتر دەبێت و ئاستی بەشدارییش زیاتر بەرز دەبێتەوە. لەسەر ئەو بناغەیە جگە لە ئاگاسازی و تواناسازیی کۆمەڵایەتی، یەکێک لە کارە کاریگەرەکان بەهێزکردنی ئۆرگانەکانی حکوومەتە کە مەودای نێوان تاک و کۆمەڵگە پڕ دەکەنەوە. بەو جۆرە هاودەنگیی نێوان دامەزراوەکان و هێزە سیاسییەکان و تەباییی نێوان کۆمەڵگە پتەوتر دەبێت.

ئاستی حزبی:

لە کەشی مۆدێرنیتەدا هەبوونی ڕێکخراو و حزب، سەرمایەیەکی سیاسییە کە دەتوانێ ببێتە پردی پەرەسەندنی سیاسی. بە گوێرەی دۆخ و ئەزموونی حزبە کوردییەکان، ئەوە دەردەکەوێ کە حزب تەنیا لەناو حکوومەتدا گەشە ناکات، بەڵکوو دەتوانێ لە دەرەوەی حکوومەتیشدا، لە مەیدانێکی بەرینتری وەک کۆمەڵگە، گەشە بکات و ببێتە سەرمایەی سیاسی. ئەگەر ئەو سەرمایە سیاسییە لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەوە، لەسەر بنەمای دامەزراوە وەدەست بێت، تەمەندرێژترە. (بوردیو، 1981: 18)

بەو ڕێگوزەرەدا، گرنگە هەڵبژاردنەکانیش بەو مەبەستە بکرێن کە سەرمایەی سیاسی لەناو کۆمەڵگەدا بەهێز بکرێت نەک لەناو دەسەڵاتدا. (Ashtariyan, 2025) ئەوە بەو مانایە نییە کە ڕکابەرایەتی نەبێت؛ بەڵکوو پێویستە دۆستایەتی و ڕکابەرایەتی هاوشانی یەکتر بچنە پێش. چونکە بەشداری و ڕکابەرایەتی، دوو تای تەرازووی پەرەسەندنی سیاسین کە سەرمایەی سیاسییان لێ دەزێ. بەڵام کاتێک ڕکابەرایەتی بە دوژمنایەتی دابنرێت، سەرمایەی سیاسی لەکیس دەچێت.

کەواتە، پێویستە لەگەڵ ڕکابەرایەتی، ڕیشەی پێکەوەژیانی سیاسی قووڵتر بکرێت بۆ ئەوەی سەرمایەی سیاسی بەهۆی دامەزراوە دیموکراتیکەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێزتر بێت. بەهێزکردنی پێکەوەژیانی سیاسییش تەنیا بەستنەوەی خاڵە هاوبەشەکان نییە پێکەوە، بەڵکوو پێویستیی بە دامەزراوە و ئەنیستیتوشناڵی گشتی هەیە تاکوو ڕەنگە جۆراوجۆرەکان بەیەکەوە دەرکەون. لە پەیوەندیی نێوان ئەو دامەزراوانەیە کە سەرمایەی سیاسی پشکۆژە دەکات.

بەو نیگایە، گرنگە حزبەکان جوگرافیای کاری سیاسی زۆر بەرینتر لە ململانێی نەریتیی نێوان خۆیان دابنێن. سەرەنجام هاوگریی سیاسی دەتوانێ سەرمایەی سیاسی پتەوتر بکات و دواجار تۆڕی سیاسی بەرینتر دەبێت. کۆی ئەمانە كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگی سیاسی لەسەر پایەیەکی ڕاست و دروست بونیاد دەنێت و دواجار سەرمایەی سیاسی کەڵەکە دەبێت.

ئاستی حکوومی:

ئەگەرچی سیستەمی دیموکراسی وەک هەیکەل بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە و، هەروەها ڕێبەرایەتیی سیاسی و حزبەکان لە ئاستی تاک و گرووپدا خاوەنی سەرمایەی مرۆیی و کۆمەڵایەتین و سەرمایەیەکی نەگۆڕی سیاسییشیان هەیە، بەڵام سەرمایە سیاسییەکەی حکوومەت لە ڕووی هێزی مرۆیی و زانست وەک پێویست ساز و تەیار نییە. ئەوەندە سەرمایەیەی کە هەیە، ئەویش کۆک و هاودەنگ نییە بۆ ئەوەی سەرمایەی سیاسی لەسەر ڕێک بخرێت تاکوو ستراتیژییەکی پێ وێنا بکرێت و بۆ هەموو گرفت و ئامانجێک بڕیاری باشتر و هەڵسەنگاوتر بدرێت. بۆیە حکوومەت بە مەبەستی بەهێزترکردنی خۆی و ئەنگاوتنی ئامانجە سەرەکییەکانی، پێویستی بە ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسییە. هەروەها بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە و نیشاندانی توانا، پێویستە لە ئاستی حکوومەتدا سەرمایەی سیاسی بە جۆرێک تەیار و ڕێک بخرێت، کە توانای بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ گرفت و قەیراناندا هەبێت. (Ashtariyan, 2025)

ئەم بەرەنگاربوونەوەیە کاتێک دەکرێت کە حکوومەتێکی خاکەڕا لەسەر بنەمای ڕاوێژ و ڕاپرسی بونیاد بنرێت و گرنگی بە سەرمایەی زانستی و فەرهەنگی بدات؛ ئەوکات هەنبانەی سەرمایەی دەسەڵات دەوڵەمەند دەبێت و حکوومەت دەبێتە خاوەن ئۆتۆریتە و ڕەوایەتییەکی پتر پەیدا دەکات. حکوومەت لە ڕێگەی ڕێکخستنی سەرمایەی سیاسییه‌وه‌ دەتوانێ ببێتە حکوومەتێکی کارا و پێکراو. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، گرنگترین ئەرک و کاری حکوومەت پڕکردنی دامەزراوەکانییەتی لە زانست و ڕاکێشانی بەڕێوەبەرانی لێهاتوو. بەپێچەوانەوە، ئەگەر هەموو دامەزراوەکانی دەسەڵات پڕ نەکرێن لە زانست و کۆی سەرمایەی سیاسی ڕێک نەخرێت، جگە لەوەی بانکی سەرمایەی سیاسی دەوڵەمەند نابێت، جێی پێی حکوومەت قایم نابێت و لە دۆخە ناسکەکاندا ژێرپێی سیاسەت خاڵی دەبێت.

دەرەنجام

بە نیگایەکی تیۆریک ئەوە دەرکەوت کە سەرمایەی سیاسی لە ئاستی تاک، کۆمەڵگە و دامەزراوەدا، وەک سەرمایەی بناغەیی دەتوانێ سەرمایەکانی دیکە بەڕێوە ببات. سەرمایەی سیاسی، وەک گرێدراوێکی ستراکچەری سیاسی-کۆمەڵایەتی، مەرجی کارایی و بەهێزبوونی سیستەمی حوکمڕانییە. بەڵام لە وڵاتانی پەرەنەسەندوودا بەهۆی گرفتگەلێک، دەرفەتی کەڵەکەکردنی ئەو سەرمایەیە وەک پێویست نەبووە.

 هەرێمی کوردستانیش ئەو سەرمایەیەی کە هەیەتی، تێری ئامانجەکانی ناکات. کورد سەرەڕای کێشەی ڕەفتاری، کەمبوونی هێزی کارامە، دیاردەی ناشایستەیی، ڕانت و میراتی نابەجێ، دوژمنایەتییە حزبییەکان و لاوازبوونی دامەزراوەکانی حکوومەت، بە شێوەیەکی بەربڵاو سەرمایەی سیاسیی هەیە، بەڵام سەرمایەکەی بۆ ئامانجی پەرەسەندن ڕێک نەخراوە و پێویستی بە کار و مشەقەتێکی زۆرتر هەیە.

بە بیرکردنەوەیەکی نەتەوەیی بۆ دانانی ستراتیژی درێژمەودا و پاراستنی سەرمایەی دەسەڵات، پێویستە لە گشت ئاستەکاندا گرنگی بە سەرمایەی سیاسی بدرێت. بەرینکردنی تۆڕی سیاسی، نزیکبوونەوە لە خەڵک و دانانی پردی پەیوەندی لەگەڵ ئیلیتەکان و، پڕکردنی دامەزراوەکان بە زانست، کەڵەکەبوونی سەرمایەی سیاسیی لێ دەکەوێتەوە، کە ئەمە کلیلی کارایی و بەرزکردنەوەی متمانە و ئاستی ڕەوایەتییە.

بەو ئاراستەیەدا لە ئاستی تاکدا پێویستە گرنگی بە شایستەیی بدرێت؛ لە ئاستی کۆمەڵگەدا لە ڕێگەی شەفافییەت، وەڵامگۆیی و بەسەروەردانانی هاووڵاتییه‌وه‌ ئاستی متمانە و بەشداری بەرز بکرێتەوە. گرنگە حزب و ڕێکخراوەکان وەک سەرمایە دابنرێن. پێویستە لەناو دامەزراوەکانی حکوومەتدا پشت بە زانست ببەسترێت بۆ ئەوەی بانکی سەرمایەی سیاسی دەوڵەمەند بێت. بەو ڕوانگەیە، ئەگەر سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بیەوێ ببێتە خاوەنی سەرمایەی نەتەوەیی، پێویستە سەرمایە سیاسییەکانی خۆی وەک سەرمایەی دەسەڵات بناسێت و بیانهێنێتە ناو مەیدانی سیاسەتی گشتی بۆ ئەوەی پەرەسەندنی سیاسی بە شێوەیەکی تەندروست پێ بگرێت.

بەو ڕێگەیەدا جگە لەوەی ئاستی توانای بەرەنگاربووونەوەی قەیرانەکان بەرزتر دەبێتەوە، ئاستی دانانی سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییش بەرزتر دەبێتەوە. دواجار ڕەنگی تواناییی نەتەوەیی تۆختر دەبێتەوە و لە ئاستی نێونەتەوەییدا کورد ناسنامەی توانامەندبوون وەردەگرێت. بەم ڕێڕەوەدا، بە جێبەجێکردنی ئەرکی مێژوویی و نەتەوەیی، له‌ قۆناغێکی تر لە ئامانجە ڕەواکانمان نزیک دەبینەوە.

سەرچاوەکان:

Alcántara-Sáez, M. (2017). Political career and political capital [La carrera política y el capital político]. Convergencia: Revista de Ciencias Sociales, 24(73), 187–204. https://doi.org/10.29101/crcs.v0i73.4243

Ashtariyan, K. (2025) Intellectual coherence and the political capital of civil society, Sahrq Newspaper, (25, October 5) [In Persian].

Booth, J. A., & Richard, P. B. (1997). Civil society, political capital, and democratization in Central America. Prepared for presentation at the XXI International Congress of the Latin American Studies. Association, Guadalajara, Mexico, April 17-19.

Booth, J. A., & Richard, P. B. (2007). Social and political capital in Latin American democracies, In Annual meeting of the Midwest Political Science Association, Palmer House Hotel, Chicago, IL.

Bourdieu, P. (1981). Political representation. Social Science Research Proceedings, 36 (1), 3-24. Bretzer, Noreen, (2002), How Can Institutions Better Explain Political Trust than Capitals Do, PHD Thesis, University of Gothenburg, Sweden.

Bourdieu, P. (1986). The forms of capital. In J. G. Richardson (Ed.), Handbook of Theory and Research for the Sociology of Education (pp. 241–258). Greenwood.

Casey, K. L. (2008). Defining political capital: A reconsideration of Bourdieu’s interconvertibility theory. Critique: A Worldwide Student Journal of Politics.

Johnson, W. D, Johnson .T. R & Stanne .B. M (2000). Analysis-Meta A: Methods Learning Cooperative. http:// www.tablelearning.com /uploads/File/B-EXHIBIT.pdf

Joudaki, A. (2021). From capital to political capital. Political Studies & Humanities Knowledge, 4(2), 54–78.

Kordnejad, H. (2024). Note Day, “The individual and the nation are historical products”. Institute for Research and Development (IRDK). [In Kurdish].

Putnam, R.D. (1993). Making Democracy work. Civic traditions in modern Itally, NJ: Princeton University Press, Pronceton.

Schugurnesky, D. (2000). Citizenship learning and democratic engagement: Political capital revisited, Adult Edeucation Research Confrance, Vancouver.

Uphoff, N. (2000). Understanding social capital: learning from the analysis and experience of participation. Social capital: A multifaceted perspective, 215-249, Washington, DC: World Bank.